ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان
میشێل فۆكۆ
و. هاوار محه‌مه‌د به فايلى pdf بيخوێنهوه
(له 23ی ئازاری ساڵی 1979 دا نوێنه‌رانی 6500 كرێكاری كانه‌كانی لۆنگوای [كانی خه‌ڵوز یان هه‌ر كانێكی تر]، كه بڕیاری لهكاردهكردنیان بۆ ده‌رچووبوو، له شه‌قامه‌كانی پاریس‌دا خۆپیشاندانیان كرد. هێزی ئه‌م خۆپیشاندانه په‌یوه‌ستیش بوو به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی گشتی ئیش (C.G.T) و حیزبی سۆسیالیستییه‌وه، بۆیه (C.F.DT) ڕه‌تیكرده‌وه كه به‌شداریی تێدا بكات. هه‌ندێك له خه‌باتگێڕه توندڕه‌وه چه‌په‌كان و ڕه‌نگه هه‌ندێك حهماسهتساز و ئاژاوه‌گێڕیش كه له وه‌ختی ئه‌و هه‌رایه‌دا هاتبوونه ناوه‌وه، له كۆتایی خۆپیشاندانه‌كه‌دا شوشه‌ی هه‌ندێك له پهنجهرهیهكانی گۆڕه‌پانی ئۆپێرایان شكاند. به‌م هۆیه‌وه خه‌ڵكانێكی زۆر گیران كه نكوڵییان له‌وه ده‌كرد به‌شدارییان له كاری تێكدان و ئاژاوه‌نانه‌وه‌دا كردبێت).
من هه‌رگیز قه‌ناعه‌تم به‌و قسه‌یه نییه كه پێم ده‌ڵێن گوایه له‌م سه‌روه‌خته‌ی ئێستادا ده‌ستكاریی ئازادییه‌كان كراوه و مافه‌كان به‌ربادبوون و، شوێنه‌كان له ده‌وری هه‌ر یه‌كێكمان به‌رته‌سك كراونه‌ته‌وه. گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م كه دادپه‌روه‌ری تاوانكاری ماوه‌ی بیست ساڵه و بگره سه‌ده‌یه‌كیشه، زۆر ڕێكخراو و ڕێزلێگیراو نه‌بووه. كه‌ڵك له‌وه‌دا نییه ئێستا بتۆقێنین و سێبه‌رێكی به‌سه‌ردا درێژ بكه‌ینه‌وه به‌هۆی هه‌تاوێكی خه‌یاڵییه‌وه كه خۆی له ده‌می ئاوابووندایه.
نابێت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه لهپێشچاومان ڕووده‌ده‌ن یان هه‌ندێك كات له‌به‌رچاومان ونده‌بن، وامان لێبكه‌ن به‌سه‌ر ڕابردوودا بنوشتێینه‌وه. ئه‌وه‌نده به‌سه كه به جددی وه‌ریبگرین، واته دركی ئه‌وه بكه‌ین كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ڕوونی له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه ده‌ربخه‌ین كه بۆ داهاتوو قبوڵی به‌رده‌وامبوونیان ناكه‌ین.
له كه‌یسی خۆپیشانده‌رانی 23 ی ئازاردا هیچ شتێكی ناڕه‌وا و ڕیزپه‌ڕ ڕووینه‌دا، هه‌موو شتێك به‌پێی یاسای لێپرسینه‌وه‌كان و ڕێسا كارپێكراوه‌كان و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاریكراوی كرده‌ی تاوانكاری بوو. به‌داخه‌وه هه‌موو شتێك وابوو.
لێپرسینه‌وه‌كان: بۆ لێكۆڵینه‌وه بوون له‌و كه‌سانه‌ی له تاوانه‌وه گلابوون، واته ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له خۆپیشاندانه‌كه‌دا كردووه و به‌رگريی ناته‌واویان كردووه و، بڕیاری ڕێكه‌وت و خێرایان داوه، پێشتر ئه‌مه‌مان وتووه و هه‌رگیزیش له وتنه‌وه‌ی ده‌ستهه‌ڵناگرین. به‌ڵام واپێده‌چێت بنه‌مای "له تاوانه‌وه گلان" [به‌شداریی ڕێكه‌وت له تاواندا] خۆی بنه‌مایه‌كی قه‌ڵپ و مه‌ترسیدار بێت. له‌ڕاستیدا یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان له یاسای تاوانكارییدا ئه‌وه‌یه كه به‌دواداچوون و دادگایی نابێت هه‌ردووكیان له یه‌ك ده‌ستدا بن: ئه‌وه‌ی پارێزگاری له تۆمه‌ته‌كه ده‌كات نابێت ئه‌و كه‌سه بێت كه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ڕاستی و به‌ڵگه‌كان ڕاسپێردراوه. به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه لێپرسینه‌وه‌كانی لهتاوانهوهگلان، داوای له داواكاری گشتی كردووه كه له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباره‌كه‌دا، سه‌رجه‌م فایله‌كان و ئه‌و ڕهگهزانهیشی پێشكه‌ش بكات كه توانای ئه‌وه به‌دادگا ده‌ده‌ن كه‌یسه‌كه یه‌كلایی بكاته‌وه و بیبڕێنێته‌وه. سكاڵاكه‌ر [داواكاری گشتی] خۆی (یان زۆرجار له‌گه‌ڵ پۆلیسدا) هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی درووستكردووه. یان فه‌رمان به لێپرسینه‌وه‌كان ده‌كات كه له به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن و شایه‌تحاڵی ڕه‌تكردنه‌وه بكۆڵنه‌وه. لێره‌دا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ڕوونادات. له‌مه‌یش زیاتر هیچ شتێك نامێنێته‌وه جگه له به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن.
به‌ڵام ئه‌ی ئایا تاوانه‌كه ڕوون و ئاشكرا نییه و، به‌ڵگه‌كان به به‌رچاوه‌وه نین؟ ئیتر لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆچییه؟ لێره‌دا به‌كارهێنانی یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌بێته یاسایه‌كی زۆر مه‌ترسیدار و، ته‌واو ترسناك. ئه‌م یاسایه وا ده‌كات ته‌نیا به‌شداریكردن له خۆپیشاندانێكدا كه هه‌ندێك كاری پێویستی بۆ تاوان تێدا كرابێت، تاوان بێت. به هه‌رحاڵ به‌شداری واته ئاماده‌یی، بوون له شوێنێكدا، مانه‌وه له جێیه‌كدا.. كێ له ئێمه هه‌یه ئه‌وه نه‌زانێت كه به جێبه‌جێكردنی لێپرسینه‌وه‌ی "له تاوانه‌وه گلان" به پێی به‌ندێكی یاسای پێشێلكاری، كه زۆر به ته‌مومژاوی و لاستیكی دیاریكراوه، ده‌توانرێت هه‌ر كه‌سێك، كه به شوێنی خۆپیشاندان یان تاوانه‌كه‌دا تێپه‌ڕیبێت، وه‌ك "ئاژاوه‌گێڕ"ـێك بدرێته دادگا؟ گوایه به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه كه پۆلیس بینیوویه‌تی و ده‌ستگیری كردووه.
یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌رفه‌تی ئه‌وه به پۆلیس ده‌دات كه له هه‌مان شوێندا "تاوان" و "تاوانبار" درووست بكات، دواجار لێپرسینه‌وه‌كانی "به‌شداریكردن له تاواندا" حه‌قیقه‌تێكی بێچه‌ند و چوون به كرده‌ی پۆلیس و بڕیاری دادگا ده‌به‌خشێت.
ئه‌وه شتێكی زۆر گه‌وره‌كراوه (ژان دانیال هه‌قییه‌تی كه ئاماژه‌ی پێداوه)، دادوه‌ره‌كان به ته‌واوی ئاگایان له‌مه‌یه، به‌ڵام به‌و "فه‌لسه‌فه"یه پاساوی ده‌ده‌نه‌وه گوایه تاوانباره‌كه ورده ورده به‌ره‌و ئه‌وه ڕاكێشراوه تاوانكاری ئه‌نجامبدات. ئه‌وه "فه‌لسه‌فه"یه‌كه له‌و په‌ڕی پوختیدا و، بگره له به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌چێت. دادپه‌روه‌ری به لێكۆڵینه‌وه و سزادانی پێشێلكارییه‌كان و به ناوی زامنكردنی "به‌رگری له كۆمه‌ڵگا"وه خۆی به‌هێزده‌كات. ئه‌م بیرۆكه زۆر دێرینه و له سه‌روه‌ختی گۆڕاندایه -كه ئه‌مه‌یان شتێكی نوێیه- تاوه‌كو ببێته پره‌نسیپێكی نوێ له پره‌نسیپه‌كانی كار. له دوایین بریكاره‌وه تاوه‌كو وه‌زیری داد «هه‌ر هه‌موویان زامنی به‌رگری له كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن" و، ڕێوشوێنه‌كان له به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ئامانجانه‌دا ده‌گرنه به‌ر. ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی به‌بایه‌خی هه‌یه كه چه‌ند خاڵێكیان باس ده‌كه‌ین:
1- به‌رگریكردن له كۆمه‌ڵگا بۆته پره‌نسیپێكی پیشه‌یی له‌نێوان پۆلیس و بریكاره‌كان و دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه و دادوه‌ره‌كاندا. پشكنینه هاوبه‌شه‌كان و هاوسه‌نگییه‌كان و ناكۆكییه پێویسته‌كان له‌نێوان ڕه‌گه‌زه جۆراوجۆره‌كانی دامه‌زراوه‌كه له به‌رژه‌وه‌نديی به‌رده‌وامێتییه په‌سه‌ندكراو و قبوڵكراوهكه هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه. له‌و پیاوه خوودهلهسهر [كڵاوی ئاسنینی سه‌ربازی] و دار به‌ده‌سته‌وه [واته پۆلیس] هه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی كه به عه‌قڵ و ویژدانی خۆی حوكم ده‌رده‌كات، هه‌ر هه‌موویان به هۆی جوڵه‌یه‌كی هاوبه‌ند و لێكچووهوه هاوڕان له‌سه‌ر بینینی هه‌مان ڕۆڵ [پاراستنی كۆمه‌ڵگا].
2-به‌ڵام به‌رگریكردن له كۆمه‌ڵگا دژی چی؟ دژی ناكۆكییه‌كان؟ بێگومان وایه، به‌تایبه‌تیش دژی مه‌ترسییه‌كان. مه‌ترسییه‌كان ئه‌و شته‌یه كه بایه‌خی ڕێژه‌یی ناكۆكییه‌كان پیشانده‌دات: مه‌ترسيی گه‌وره له‌و "به‌رد"هدایه كه ده‌ته‌قێنرێت و، مه‌ترسيی بچو‌وكیش گه‌نده‌ڵیی گه‌وره‌ی باج و زه‌ریبه‌یه! تۆ بلێی ناكۆكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خراپ حيسابكرابن؛ خۆ ئه‌وه گرنگ نییه كه له پشتی ئه‌م واقیعه گوماندارانه‌وه مه‌ترسییه‌كی ده‌ستكرد بكێشرێت. له‌وه‌یش دڵنیانین كه خۆپیشادهرێك ڕووبه‌ڕووی زۆرلێكردن و بێده‌نگكردن نه‌بووبێته‌وه. به هه‌رحاڵ له‌پشتی ئه‌مانه‌وه خۆپیشاندان هه‌یه، له پشتی ئه‌میشه‌وه هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانه هه‌یه كه دێن، له‌پشتی ئه‌میشه‌وه توندوتیژی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بێكاری و ئیتاڵیا و "P.38" و فه‌سیلی رۆتی چه‌كدار بوونیان هه‌یه، ده‌بێت دادپه‌روه‌ری دژی مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه نه‌ك دژی تاوانی جێگیر، مامه‌ڵه بكات.
3- به‌ڵام چۆن خۆمان [له مه‌ترسيی ڕاسته‌قینه] بپارێزین؟ به به‌دواداچوون بۆ پێشێلكاره ڕاسته‌قینه‌كان؟ به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه كاری كرده بێت. به‌ڵام ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان شتێكی چالاكتریشی هه‌یه، ئه‌ویش: بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقین، دروستكردنی په‌ند و عیبره‌ت و چاوترسێنكردن، یان وه‌ك له ڕسته‌یه‌كدا ده‌وترێت كه زۆر به باشی گوزارشتی لێده‌كات: فشارخستنه سه‌ر ئه‌م "جه‌ماوه‌ره به ئامانج گیراوه"، ئه‌م جه‌ماوه‌ره شڵه‌ژاو، فشۆڵ، به‌دگومان و دوودڵه، كه ڕه‌نگه ڕۆژێك ببنه مایه‌ی نیگه‌رانی و پشێوی: گه‌نجه بێكاره‌كان، خوێندكاران، قوتابیانی ناوه‌ندی و ..هتد
4- پاشان ئه‌وه كێیه كه ده‌بێت له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بیپارێزین؟ به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وانه‌ی كه باڵاترین و گرنگترینن و ئینجا زیاتریش ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه. جا كێ هه‌یه له‌ده‌وڵه‌ت گرنگتر، چونكه كۆمه‌ڵگه ده‌پارێزێت و كۆمه‌ڵگه زۆر پێویستی پێیه‌تی؟! به‌م جۆره ڕۆڵی دادپه‌روه‌ری بریتییه له پاراستنی ده‌وڵه‌ت دژی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن و به‌مه‌یش ئه‌و كۆمه‌ڵگه ده‌خه‌نه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه، كه ده‌بێت ده‌وڵه‌ت پارێزگاریی لێبكات. ئه‌مه ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌یه كه له‌نێوان كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تدا سنووردار كراوه. ئه‌مه شوێنه‌كه‌یه‌تی و ئه‌وه وهزیفهكهیهتی، نه‌ك وه‌ك ده‌ڵێن له‌نێوان یاسا و تاكدا كورتكرابێته‌وه. سه‌رزه‌نشته ناوزڕێنهكانی دێسرس و دیڤال و زۆرێكی تر سه‌رزه‌نشی "نائاسایی" [شاز] و ده‌ره ڕێسا نه‌بوون، واته دۆخی هه‌ڵاوێرد و ئاوارته له ڕێساكه نه‌بوون. به‌ڵكو ئه‌مه به‌وپه‌ڕی كاراییه‌وه ئه‌و گۆڕانه مه‌كربازه ده‌رده‌خات كه له‌ڕێگه‌یه‌وه دادپه‌روه‌ریی تاوانكاری به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت ببێته "دادپه‌روه‌رییه‌كی وه‌زیفی". دادپه‌روه‌ریی ئاساییش و پارێزگاری؛ دادپه‌روه‌رییش وه‌ك زۆرێك له دامه‌زراوه‌كانی تر ده‌بێت ببێته داپهروهرییهكی كۆمه‌ڵگایی و ئه‌و شتانه‌ی بۆ كهشفبكات كه زیانی پێده‌گه‌یه‌نن و، له‌و مه‌ترسییه تایبه‌تییانه ئاگاداری بكاته‌وه كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه. دادپه‌روه‌ری ئه‌ركی خۆی كردۆته شه‌ونخونی و بێداری به‌دیار كۆمه‌ڵگه‌وه له‌بری ڕێزگرتن له سوبێكته یاساییه‌كان.
ئایا باڵاده‌ستیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زیاتر بووه؟ نازانم. به‌ڵام ئه‌وه‌نده به‌سه فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بسه‌پێنرێن، هه‌ڵبه‌ت له‌ڕێگای وه‌زیفه‌كانی "پارێزگاریكردن له كۆمه‌ڵگه"وه. تۆمه‌تباره‌كانی لۆنگوی ئازادكران به‌ڵام تۆمه‌تباره‌كانی پاریس سزاكانیان زیاتر بووه... كه‌واته ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ی دادگا یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌تی خواره‌وه بێت:
یان دوو بڕیاری زۆر لێكدژی داوه له‌پێناو "كاری باش"ـی هه‌موواندا (لێبورده‌یی به‌رامبه‌ر گرووپه بێكاره‌كان، دڵڕه‌قی به‌رامبه‌ر گروپه پاریسییه‌كان). له‌م دۆخه‌دا وا پێده‌چێت سه‌رجه‌م دادپه‌روه‌ریی تاوانكاری له‌پێناو پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌ك له پێناو یاسادا، كاری كردبێت.
یاخود دادوه‌ره‌كان هه‌موویان هاوڕانین له‌سه‌ر چییه‌تی به‌رگریكردن له كۆمه‌ڵگا و، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه كه ئه‌و ڕۆڵه ببینن. له‌م دۆخه‌دا عه‌داله‌ت هاوبه‌ندی و هاوسه‌نگیی خۆی له‌ده‌ستداوه.
له ههرحاڵێكدا ئێمه له قه‌یرانێكی گه‌وره‌داین. بۆیه ده‌بێت به زووترین كات ئه‌و كه‌سانه ئازادبكرێن كه بوونه‌ته قوربانیی ئه‌م دۆخه تهحهمولنهكراوه. جا له كاتێكدا ئه‌ستۆپاكیی ئه‌وانه ده‌رناخه‌ن و ئازادیان ناكه‌ن، سه‌رۆكی كۆماریش ده‌رده‌كه‌وێت و پێشنیاری ئه‌وه ده‌كات –به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌مه بڵێت- گۆڕان له‌و دادپهروهريیدا بكرێت كه به سه‌رزه‌نشتی سته‌مكارانه ده‌كڕدرێت. هیچ كه‌سێك ناتوانێت له یه‌ك كاتدا ڕێزی یاسا بگرێت و ڕێزی ئه‌ویش بگرێت. سه‌رۆك كۆماریش هیچی له ئێمه زیاتر نییه.
سه‌رچاوه:
ميشيل فوكو: اقوال و كتابات (مختارات), ترجمة: البكاى ولد عبدالملك, جداول للنشر و التوزيع, الطبعة الأولى, الكويت, 2012, ص201-204.