ڕانانێك بۆ كتێبی "ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خودئه‌ڤینی"
زاورایز لۆن
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
چه‌مكی خودئه‌ڤینی له ئوستورهیهكی كۆنی یۆنانی له‌باره‌ی نارسیسهوه سه‌رچاوه‌یگرتووه؛ نارسیس كوڕی خوداوه‌ندێكه و عاشقی وێنه ڕهنگدهرهوهكهی خۆی له‌ناو ئاودا ده‌بێت. نه‌رسیس، له‌ژێر بار و زه‌بری خۆخۆشویستندا، چه‌نده‌ها سعات له وێنه‌ی خۆی له‌ناو ئاودا ڕاده‌مێنێت تاوه‌كو لێوبه‌بار هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و ده‌بێته گوڵه [نەرگس]. گه‌رچی خه‌ڵكی ئیتر وهرناگهڕێنه سه‌ر گوڵ، به‌ڵام ئه‌و چه‌شنه خۆخۆشویستنهی نه‌رسیس ئهزموونیكرد، له سه‌رده‌می ئێمه‌شدا هه‌ر زاڵ و به‌بره‌وه.
له‌م ڕۆژگاره‌ی ئێستادا، مه‌ودای تێگه‌یشتنه باوه‌كه ده‌رباره‌ی خودئه‌ڤینی خولیایه‌كی سه‌رپه‌ڕانه‌ی منپهرستی یان شه‌یدابوون به خۆ و ڕواڵه‌ته جه‌سته‌ییه‌كه‌ی كه‌سه‌كه‌ش بۆ خودپه‌رستی ده‌گرێته‌وه، له‌نێویشیدا هه‌ستكردنێك به مافداری و پێڕه‌وابوون، كه‌مبوونی هاوسۆزی، و پێویستی به شه‌یدابوون و بهدڵاچوونی تێدایە.
به‌هه‌رحاڵ، زیگمۆند فرۆید شتانێكی زۆر پتری هه‌یه ده‌رهه‌ق به‌م پرسه بیڵێت، و به شێوازێكی گه‌لێك قووڵیش. له‌ڕاستیدا، فرۆید دهقهوتارێكی كامڵی بۆ ئه‌م بابه‌ته ته‌رخانكردووه، به ناونیشانی "ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خودئه‌ڤینی" (1914). له‌م ده‌قه‌دا، میكانیك و داینامیكی خودئه‌ڤینی و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به لیبیدۆ و ڕۆڵه‌كه‌شی له گه‌شه‌كردنی سایكۆسێكسواڵ (ده‌روونی-سێكسی) تاكهكهكهسدا ڕوونكردۆته‌وه.
میكانیك و داینامیكی خودئه‌ڤینی
لای فرۆید، ئیگۆ له ساوایه‌تی له‌میانه‌ی قۆناغی كۆم له ڕه‌وتی گه‌شه‌كردنی ده‌روونی-سێكسی‌دا گه‌شه‌ده‌سه‌نێت. له‌م كاته‌دا، مناڵ هێجگار ئیگۆسهنتهر و منپهرسته، باوه‌ڕیشی وایه هه‌ر ئه‌و چه‌قی جیهانه، ڕه‌نگه هۆی ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی وا ته‌قریبه‌ن تێكڕای پێویستی و ئاره‌زووه‌كانی له‌لایه‌ن دایكییه‌وه بۆ دابینده‌كرێن و پڕده‌كرێنه‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونیدا، شته‌كان ده‌گۆڕێن. مناڵه‌كه ئیدی په‌ی به‌وه ده‌بات شته‌كان هه‌میشه به كه‌یفی وی ناكه‌ونه‌وه، و هه‌موو شتێكیش بۆ ئه‌و یان له‌باره‌ی ئه‌وەوە نییه. به‌م پێودانه، خۆپه‌رستی و خود-سهنتهرییهكهی هاڕهدهكات.
فرۆید، له‌م سه‌رنجدانه گشتیییهوه، ئه‌و دهرهنجامگیرییهی هه‌ڵگۆزی كه هه‌ر هه‌موومان ڕێژه‌یه‌ك له خودئهڤینیمان هه‌یه. ئه‌م خودئهڤینییهش شتێكه له‌گه‌ڵیدا لهدایكدهبین و ڕۆڵێكی گرنگ و حه‌یاتیش له گه‌شه‌كردنی نۆرماڵماندا ده‌گێڕێت. به‌هه‌رحاڵ، هه‌ركه مناڵێتییه سهرهتاییهكهمان تێپه‌ڕاند، خۆخۆشویستنه پهڕگیرانهكهمان ده‌پوكێته‌وه و ده‌ستده‌كه‌ین به خۆشویستنی ئه‌وانیتر.
له په‌یوه‌ند به لیبیدۆوە، خودئه‌ڤینی دابه‌شده‌بێته سه‌ر دوو جۆر. ئه‌وكاته‌ی تاكه‌كه‌س له قۆناغی ساوایه‌تی یان سه‌ره‌تای مناڵیدایه، وزه و ئینێرژییه لیبیدۆییهكهی بۆ ناوه‌وه، به‌ره‌و ئیگۆ تازه گه‌شه‌كردوو و ڕسكاوهكهی ئاراسته‌ده‌كرێت. بۆیه ده‌كرێت به‌م وزه‌یه بوترێت لیبیدۆ-ئیگۆ. له‌م كاته‌دا، غه‌ریزه‌كانی ئیگۆ (پێویستی خۆپاراستن) و غه‌ریزه‌كانی سێكس (پێویستی پاراستنی جۆری مرۆیی)، دوو شتی لێكجیانهكراو و ههڵاوێردنهكراون. ئه‌م جۆره خۆخۆشویستنه، كه به‌هۆی لیبیدۆ-ئیگۆوە له سه‌ره‌تای ژیاندا به‌دیدێت، به خودئه‌ڤینیی سه‌ره‌تایی ئاماژه‌ی بۆده‌كرێت، و شتێكی زه‌رووره بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌كردنمان ڕه‌وتێكی شیاو بگرێته‌به‌ر.
به‌هه‌رحاڵ، به تێپه‌ڕینی كات، ئیگۆ لێوڕێژدهبێت له وزه‌ی لیبیدۆیی، چونكه ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌م وزه‌یه‌ی له‌خۆگرتووه و سازاندوویه‌تی. هه‌ربۆیه، ده‌ستده‌كات به گه‌ڕان به‌دوای ئۆبێكته ده‌ره‌كییه‌كان تاوه‌كو ئینێرژییهكهی خۆی ئاڕاستهبكاته سه‌ریان. ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌مه‌یه غه‌ریزه‌كانی سێكس خۆیان له غه‌ریزه‌كانی ئیگۆ جیاده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ڕێك هۆكاری پشت ئه‌و ڕاستییه بێت وا هه‌ركه قۆناغی خودئهڤینیى سه‌ره‌تایی تێپه‌ڕێنین، سێكسكردن و خواردنی ژه‌مه‌نانێك ده‌بنه دوو شتی سه‌رتاپا جیا و دابڕاو.
له‌م پنته به‌ولاوه، وزه‌ی لیبیدۆیی ڕووه‌و ئۆبێكته ده‌ره‌كییه‌كانیش ئاراسته‌ده‌كرێت و به لیبیدۆ-ئۆبێکت ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت. به ده‌ربڕینێكی تر، هاوسه‌نگی و باڵانسێك له‌نێوان خودئیرۆتیزم و ئۆبێكتی خۆشه‌ویستی دێته‌ئاراوه.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هۆكارێكی دیاریكراو، ئۆبێكتی خۆشه‌ویستییه‌كه ئاڵۆگۆڕنهكراو و تاكلایه‌نه بگیرسێته‌وه یان تراومایه‌كی دیاریكراو لێشاو و قوڵپی لیبیدۆ بۆ ئۆبێكته ده‌ره‌كییه‌كه بوه‌ستێنێت، ئه‌وا تێكڕای وزه لیبدۆییهكه دیسان بۆ ئیگۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌نه‌تیجه، تاكه‌كه‌س له خۆخۆشویستنێكی ئه‌وپه‌ڕگیر و نیرۆتیكانهدا ده‌گیرسێته‌وه. فرۆید ئه‌مه ناوده‌نێت خودئه‌ڤینیی دووه‌مینی، كه ڕه‌نگه سه‌ربكێشێت به‌ره‌و پارافرینیا؛ تێكه‌ڵه‌یه‌ك له مێگالۆمانیا و وڕێنه پارانۆییهكان. بۆیه خودئه‌ڤینیی دووه‌مینی ده‌كرێت به گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی پاتۆلۆژیانهش بۆ خودئه‌ڤینیی سه‌ره‌تایی وه‌سفبكرێت، كه به‌هۆی ڕووداوێكی تراوماتیك به‌دیدێت وا لێشاو و ڕژانی وزه‌ی لیبدۆیی به‌ره‌و ئۆبێكته ده‌ره‌كییه‌كان ڕاده‌گرێت. سه‌ره‌نجام، دیدگاكه‌ی فرۆید هه‌ریه‌كه له ڕه‌هه‌نده چالاك و وزه‌به‌خشه‌كان و ڕه‌هه‌نده زه‌ره‌رمه‌نده‌كانی خودئهڤینیش ده‌خاته‌ڕوو. فرۆید ئه‌و ده‌ره‌نجامگیرییه هه‌ڵده‌هێنجێت، خه‌ڵكی له‌ڕێگه‌ی به‌خشینی خۆشه‌ویستی به ئه‌وانیتر، بڕی وزه‌ی به‌رده‌ست بۆ خۆیان كه‌مده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و جیهانیش له‌به‌رامبه‌ردا خۆشه‌ویستییان پێ نه‌به‌خشێت، ده‌ستده‌ده‌نه بیركردنه‌وه له‌وه‌ی جیهان شیاوی ئه‌وه نییه خۆشیان بوێت.
هه‌ر لێره‌وه‌ش، له‌وانه‌یه ئەم خەڵکە ڕۆبچنە ناو مژوول بوون بە خۆیانەوە چونكه شكستیانهێناوه له جیاكردنه‌وه‌ی خودی خۆیان لە ئۆبێكته ده‌ره‌كییه‌كان. ڕه‌نگه ده‌ستبكه‌ن به باوه‌ڕكردن بە شتانێك له‌باره‌ی خۆیان كه نه‌ك هه‌ر ناڕاستن به‌ڵكو وڕێنهییشن، و به‌ر له‌وه‌ی بشیزانن، هه‌ستكردنیان به خود لهبهیندهچێت.
وه‌كئه‌وه‌ی زیگمۆند فرۆید خۆی وتوێتی، هه‌ر كه‌سێك ئه‌وینداری بكات، ده‌بێته كه‌سێكی خاكه‌ڕا. با بڵێین، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وینداری ده‌كه‌ن، ده‌بێت به‌شێك له خوئهڤینییهكهیان وەلانێن.
سەرچاوە
Freud and the Nature of Narcissism٫ :Zauraiz Lone