ئیسلام، تەنگەژەی فۆکۆ و "ئایەتە شەیتانییەکان"
جەلال ئییجادی
و. وریا ئەحمەد
بەشى دووەم
''گرفتی فۆکۆ ئەوەبوو، لەمەڕ شۆڕشی ئیسلامیی، وڕێنەی دەڕێسا.
تەنانەت فۆکۆ پێی وابوو چیتر ئیسلام ئەفیوونی گەلان نییە، بەڵکوو
ڕۆحی جیهانێکی بێ ڕۆحە!''
دانیال بن سەعد
لەسەدەی بیستەم، لە خۆرئاواو بەتایبەت لەفەڕەنسادا، سێ دیدگای جیاواز سەبارەت بە ئیسلام لەئارادابوو؛ دیدگای کۆڵۆنیالییزم و کەنیسە، دیدگای ئاشتییانە و دۆستی و، لەگەڵ دیدگای ڕەخنەیی.
دیدگای کۆڵۆنیالییزم و کەنیسە: مەسیحییەت لە میانی ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی و ڕکابەری لەگەڵ ئیسلامدا، ئەم ئایینەی بە ''دژە مەسیح'' ناوزەدکردووە. تەنانەت مارتن لۆسەر دەیگوت ''موحەمەد کوڕی شەیتانە'' یان ''موحەمەد، ئیلهامی لە شەیتان وەرگرتووە''.
ئەوە ڕوونە، دەسەڵاتی کەنیسە تەنها لەپێناو پاراستنی ئایدۆلۆژیای خۆیدا بەرەوڕووی ئیسلام بۆتەوە و، ئامانجی چەسپاندنی دیمۆکراسی و بەدیهێنانی پێشکەوتن نەبووە. سەربار، دەبێت بزانین لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، بە نەفەسێکی کۆڵۆنیالیستی و نەژادپەرەستییەوە، زنجیرەیەک ڕەخنە ئاڕاستەی ئیسلام کرا. لەم ماوەیەدا، ئایدۆلۆژیای ''بڵاوکردنەوە و فراوانکردنی شارستانیەتی'' لەلایەن خۆرئاواوە، یان خستنەڕووی تیۆری سیاسیی سەبارەت بە پرسی کرێکارانو کۆچبەرانی عەرەب لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی، لە گیانێکی نەژادپەرەستییانە و هەژموونخوازییەوە سەرچاوەی دەگرت. (بڕوانە ''کۆچ، دژایەتی ڕەگەزی سامی و ڕەگەزپەرەستی لە فەڕەنسا لە سەدەی نۆزدە''ی ژێرارد نوارییە؛ چاپی فایار پاریس).
دیدگای ئاشتی و دۆستایەتی لەگەڵ ئیسلام: لەلایەکی ترەوە هەر لەفەڕەنسادا بیریارانێکی وەک ڕێنیە گیونۆن(Rene Guenon)، لویس ماسینۆن(Louis Massignon)، لویس گاردێ(Louis Gardel)، هێنری کۆربین(Henri Corbin) و ماکسیم ڕۆدینسۆن(Maxime Rodinson) هەبوون، کە شەیدای ئیسلام بوون و تێگەیشتنێکی ''نوێ" و "عیرفانی"، سەبارەت بە ئیسلام بە گشتی و ڕێباوەڕی شیعە بەتایبەتی، دەخەنەڕوو.
هێنری کۆربینی فەیلەسووف و خۆرهەڵاتناس(١٩٠٣_١٩٧٨)، لەمیانی دیدار وکاری پێکەوەیی لەگەڵ موحەمەد حوسێن تەباتەبایی و مورتەزا موتتەهەریدا، تاڕادەیەک دەبێت بە شیعە، بەبێ ئەوەی بە قەولی داریوشی شایگان، دەستەبەرداری ئایینی کاتۆلیک ببێت. بە بڕوای جەوادی تەباتەبایی، سەنگو قورسایی کۆربین لەوەدایە، بایەخ بە نەریت(سوونەت) دەدات: ''ئەو (کۆربین)، نووسەری بواری نەریت بوو، لایەنگرە لۆکاڵییەکانی وی، لەمە تێنەدەگەیشتن و سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی بابەتێکی گرنگی وەکو نەریت، ناشارەزا بوون. نووسینەکانی سەید نەصر گەواهیدەری ئەم ڕاستییەن.''(گۆڤاری میهرنامە، ژمارەی ١٠). ماکسیم ڕۆدینسۆن(١٩١٥_٢٠٠٤)، مێژوونووس و کۆمەڵناس بوو. پەرتووکی (موحەمەد)، یەکێکە لە نووسراوەکانی وی، کە تێیادا ژیانی پەیامبەری ئیسلام و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووریی سەرەتاکانی ئیسلامی بەرباسداوە. دواتر لەساڵی ١٩٦٦، کتێبی (ئیسلام و سەرمایەداری) بڵاودەکاتەوە. لەچێوەی ئەم کتێبەدا، ڕۆدینسۆن بە چاوێکی مارکسیستییانەوە دیاردەی ئیسلام ڕاڤە دەکات و ڕێگا بۆ هەڤپەیڤین لەگەڵ لایەنگرانی ئیسلام و موسوڵمانان خۆشدەکات.
دیدگای ڕەخنەیی سەبارەت بەئیسلام: لەچێوەی ئەم وتارەدا، ناخوازم و نەمویستووە سەبارەت بە دوو دیدگاکەی سەرەوە قسان بکەم. نە ویستوومە ڕاڤەی گرووپی یەکەم بکەم، نە دەخوازم کەسایەتییەکانی گرووپی دووەمیش هەڵبسەنگێنم. ئامانجی من خستنەڕووی ئەو دیدگایانەیە، کە هەڵگری باری ڕەخنەیین لە ئایینی ئیسلام. واتە دەخوازم هێما بۆ ئەو دیدوبۆچوونانە بکەم، کە لەکۆمەڵگای ئێمەدا بواری دەرکەوتنیان پێ نەدراوە. لەبەرانبەر ئەو گرووپەی شەیدای ئیسلامن و خوازیاری بەرقەرارکردنی پەیوەندی ئاشتییانەن لەگەڵ ئەم ئایینەدا، بیرمەندانێک هەبوون و هەن، کە سەبارەت بە ئیسلام ڕەخنەی ئاشکرا و ڕوون دەخەنەڕوو و، ئەم ئایینە و سیاسەتی سەرچاوەگرتوو لێوەی، بە ئاستەنگی بەردەم بەدیهاتنی ئامانجەکانی دیمۆکراسیی دەزانن. لەم بوارەدا، فەیلەسووف و نووسەر و هونەرمەند، لەسۆنگەی ئازادی تاکەکەس، بەهای گیانی مرۆیی و دیمۆکراسییەوە، ڕەخنە لە ئایینی ئیسلام دەگرن. ڕەخنە لە سیستەمی ئایینیی ئیسلام و نەریتەکانی ئەم ئایینە، لە چاخی ڕۆشنگەریدا سەریهەڵدا و لەسەدەی بیستەمیشدا درێژەیکێشا و، پێبەپێ لەنێو کۆمەڵگای فەڕەنسیدا وەک نەریتێکی بەرفراوان چەسپا. یەکێک لە هۆکارەکانی فراوانبوونی مەیلی ڕەخنە لە ئیسلام، ئەوەیە، هەموو وڵاتانی ئیسلامی خودانی تایبەتمەندی سیاسیی دیکتاتۆرییانە و داخراو بوون، تێیاندا نەریتی کۆنەپەرەستی و دەمارگیری خوورافیی و دۆگمای مەزهەبی باڵادەست بووە؛ یانژی دەشێت بوترێت، لە وڵاتانی ئیسلامیدا، مۆدێلی بەڕێوەبردن، بەگەڕانەوە بۆ نەریتی موحەمەد، ڕۆنراوە. کلۆد لێڤی شتراوس(Claude Levi Strauss)، یەکێکە لە ڕەخنەگرانی ئەم چەشنە کۆمەڵگا داخراو، وەستاو و لەپەلوپۆ کەوتووانە.
شتراوس(١٩٠٨_٢٠٠٩)، ئەنترۆپۆلۆژیست، باوکی قوتابخانەی بونیادخوازی(structuralism) و یەکێک لە گەورە هزرمەندە هاوچەرخەکانی فەڕەنسایە. لە زەمینەی ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی(social anthropology) و پێکهاتەی ئەستوورە و ئەفسانەی گەلاندا، توێژینەوەی بەرفراوانی کردووە. شتراوس، لەچێوەی یەکێک لە بەرهەمە ناسراوەکانی خۆی سەبارەت بە ڕەوتاری مرۆڤەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا، ڕەخنەی لە کۆمەڵگای ئیسلامی گرتووە و ئەوە دەخاتەڕوو کە: لەبەرانبەر سنگفراوانی ئایینی بودی و تامەزرۆیی مەسیحییەت بۆ هەڤپەیڤینی هێمنانە، ئەو زبری و ڕەقییەی لەئیسلامدا هەیە، بەشێوازی نەستەکی موسوڵمانان بۆ داخراوی هان دەدات، ئاخر موسوڵمانان هەوڵوەدای ئەوە نین، حەقیقەت لەگەڵ ئەوانیتردا بەش بکەن، موسوڵمانان ناتوانن بەرگەی هەبوونی ئەویتر بگرن. ئەوان بۆ ئەوەی خۆیان لە گومان و هەستی خۆ بەکەمزانین دابماڵن، نەبوون یان لەناوبردنی ئەویتر بە چارەسەر دەزانن. ڕاستی ئەوەیە، برایەتی ئیسلامیی ئاوازێکی ناوەکیی و خۆییە لەدژی ئەوانەی شوێنکەوتەی دیینەکە نین. من لە روبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسلامدا، هەست بە قەیرانێک دەکەم. بۆ ئەوەی لەو نەگریسییەی کە لەهەناوی ئەم ئایینەوە هەڵدەقوڵێت و هەڕەشە لە فیکری فەڕەنسی دەکات، تێبگەم، دەبوو لەگەڵ ئیسلامدا بەرەوڕووببمەوە. من ناتوانم لەئاست موسوڵمانبوونی فەڕەنسا، ئەو وڵاتەی مافی یەکسانی بۆ هەمووان پەسەند دەکات، چاودابخەم و هیچ نەڵێم. ناکرێت ئەم هەڕەشەیە نادیدە بگیرێت. ئیسلام، تەنانەت دەکۆشێ خۆرئاوا لە خۆرهەڵات جیابکاتەوە. بەبەراورد بە ئایینی بودایی و مەسیحییەت، ئیسلام ئایینێکی پووختتر و هاوزەمان مەترسیدارترینیشە. ئیسلام، دوو دونیای خودانی شارستانییەتی لەیەکدی جوداکردۆتەوە(خۆرهەڵاتی بودایی و خۆرئاوای مەسیحیی) و بەبەراورد بە هەردوو دونیاکەش، هەزاران ساڵ لەدواوەوەیە. ئیسلام شۆڕشێکی سەرپێخست، وەلێ چونکە ئەم پێشهاتە لە نێو بەشێکی دواکەوتووی کۆمەڵگای مرۆییدا ڕوویدا، بێ ئاکام بوو. ئەو تۆوەی لەوێدا وەشاندی، چرۆی نەکرد، بگرە ئەندیشەشی نەزۆک کرد.(بڕوانە پەرتووکی ''خوولگە غەمگینەکان'' ل٣٦٤، چاپ ١٩٥٥ پاریس). لەدیدی شتراوسدا، ئیسلام هیچ هیوایەکی لەسەر هەڵناچنرێت، چونکە زڕێنەرە و سەرچاوەی مەترسییەکی کوشندەشە. شتراوس کە لەسۆنگەی مەعریفەی ئەنترۆپۆلۆژیای بەراوردکارییەوە، بزاڤ و جووڵەی کۆمەڵگا سەرەتاییەکانی بەرباسداوە، دەسەڵاتی ئیسلام بە سەرچاوەی سستی و چەقبەستوویی دەزانێت.
میشێل فۆکۆ(Michel Foucault)ی فەیلەسووفی فەڕەنسی، لەئانوساتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، هەڵوێستێک لەئاست ئیسلام دەنوێنێت، کە زیاتر لە وەهم و خەیاڵپڵاوییەوە نزیکە. لەدیدی وی، کە هەڵوەدای فەلسەفە بوو لەهەناوی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەستنەوەی ئایین بە جووڵانەوە جەماوەرییەکان، داینەمۆی بزوتن و جووڵەیە. فۆکۆ لە نۆڤەمبەری ١٩٧٨و لەپاش گەشتەکەی بۆ ئێران، زنجیرەیەک وتار سەبارەت بە شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ڕۆژنامەی ''کۆرێری دێلا سێرا''(Corriere della Sera) دەنووسێت. فۆکۆ، لەسەربنەمای ئەو ئاشنایەتییەی لەگەڵ ئایەتوڵا شەریعەتمەداریدا هەیبوو و، هەروەتر بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونەکانی هێنری کۆربین لەمەڕ شیعە، کاتێک سەبارەت بە شۆڕشی ئێران دەدوا، باسی ''مەعنەوییەتی سیاسی!'' دەکرد. سەروەختێک چ لە ئێران و چ لە پاریس، وەک (وەهم)ێک باس لە دەوڵەتی ئیسلامی دەکرا، فۆکۆش وای دەبینی لە ئێراندا ئیرادەی مەعنەوی، نابێتەهۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی بەتین لەنێوان ''مەعنەوییەت''و سیاسەتدا و ڕژێمی ئاخووندیشی لێناکەوێتەوە. ئەو دەیگوت: ''حیزبی خوومەینی نایەتە بوون، دەوڵەتی خوومەینی بوونی نابێت''. لە شوێنێکی تردا دەبێژێت، ئێرانییەکان لە هەناوی ئیسلامدا، هێز و وزەیەکی شۆڕشگێڕانەیان دۆزیوەتەوە و ''دەشێت هەر دەوڵەتێکی موسوڵماننشین، لەناوەوە و بەگوێرەی پرەنسیپەکانی سیکۆلارییزم، سەرنگون بکرێت.''(بڕوانە وتاری ''فۆکۆ و شۆڕشی ئێران''، جۆلای ٢٠٠٩). ئەویدەم ژان پۆڵ سارتەر لەدژی ڕژێمی شا هەڵوێستی دەنواند و پشتگیری لە ڕۆشنبیرانی ئێران دەکرد. فۆکۆش هەمان هەڵوێستی گرتەبەر، وەلێ فۆکۆ بەهۆکاری ئەوەی شەیدای شۆڕشی ئێران بوو و، هەروەتر ڕستێک خەیاڵپڵاوی لەمەڕ شیعە لەسەردا بوو، بۆیە تاڕادەیەک مەیلی بەلای دەسەڵاتی ئیسلامیدا دەچوو. وی لەئاست پێشهاتەکانی ئێران، ئێجگار گەشبین دەبێت و، بەبیانووی پشتیوانیکردنی خەبات دژبە ڕژێمی پەهلەوی، لە شۆڕشی ئیسلامی نزیک دەبێتەوە.
هەڵوێستەکانی فۆکۆ لەمەڕ شۆڕشی ئیسلامی، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لەنێو ڕۆشنبیرانی سیکۆلاردا بەبارهێنا. هەڵوێستەکانی وی، هەستی دژە ئایینیی ڕۆشنبیرانی فەڕەنسای بریندارکرد. لە پەسندان و پێداهەڵگوتن بە شۆڕشی ئیسلامیدا، فۆکۆ بە تەنها مایەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی فەڕەنسا، بەچاوی گومانەوە لە پێشهاتەکانیان دەڕوانی، یانژی بەئاشکرا دژی شۆڕشی ئێران بوون. لەنێو ڕۆشنبیرانی نەیاردا، مۆریاک(Claude Mauriac)ی نووسەری بەنێوبانگ هەبوو، کە بەردەوام هێمای بۆ لێکەوتە خراپەکانی تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت دەکرد. فۆکۆ بە مۆریاکی دەگوت: ''سیاسەت بەبێ مەعنەوییەت'' واتای نییە. ڕەخنەگرێکی ناسراوی وەک پێیر بلانشە لە ڕۆژنامەی (Express) لەساڵی ١٩٧٩ ڕەخنە لە فۆکۆ دەگرێت و دەنووسێت: '' میشێل فۆکۆ، نە هەوەڵین و نە کۆتا کەسی خۆرئاواییە، کە لەمەڕ شۆڕشەکان، پەرە بە وەهم و خەیاڵپڵاوی بدات. چەندینجار بینەری ئەم خەیاڵپڵاوییانە بووین، دوێنی سەبارەت بە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧و دواتر سەبارەت بە شۆڕشی مێخەک(Carnation Revolution) لە پرتوگال و ئەمڕۆش سەبارەت بە شۆڕشێک، کە تەختی فەرمانڕەوایەتی پەهلەویی سەرنگون کرد''.
یەکێکی تر لە ڕەخنەگرانی فۆکۆ، دانیال بن سەعد(Daniel Bensaid)ی فەیلەسووفی فەڕەنسایی بوو. دانیال لەپایزی ساڵی ٢٠٠٤ وتارێکی بەناونیشانی ''هەزارەیەکی نوێ، گەنگەشەیەکی ئازادانە'' نووسی و تێیدا پێشهاتەکانی ئێران و هەڵوێستەکانی فۆکۆ شەنوکەو دەکات. دانیال بن سەعد پێیوایە، دیدگای فۆکۆ جیالەوەی کاریگەری شکستی شۆڕشەکانی سەدەی بیستی بەسەرەوەیە، دیدگایەکی دووربینانەش نییە. شۆڕش لە ئێراندا سەروەختێک ڕوودەدات، کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد و بەگوێرەی پرەنسیپی مارکسیزمیش، نەدەتوانرا پێشبینی ڕوودانی بکرێت. شۆڕشی ئێران بۆ فۆکۆ، پێشهاتێکی تازە بوو. لەچێوەی ئەم جووڵانەوەیەدا، جۆرە ''عیرفانێکی شۆڕشگێڕی'' و ''ئیرادەیەکی گشتی و یەکپارچە'' کۆببوویەوە. لە ڕوانگەی ڕەخنەیی بن سەعدەوە، فۆکۆ وەها تێدەفکری ئەم بزاوتە جەماوەرییە ''لۆژیکی سادە و تاکڕەهەندی مۆدێرنیتە''ی پووچەڵ کردۆتەوە و ''سنوورەکانی عەقڵانییەتی خۆرئاوا'' تێدەپەڕێنێت. بە واتایەکی تر، چیتر ''ئیسلام ئەفیوونی گەلان نییە''، بەڵکوو دەبێت بە ''ڕۆحی جییهانێکی بێ ڕۆح''. فۆکۆ کە لە مۆدێرنیتە و پێشڤەوەچوون وەڕس بوو، بەرەو تیۆری ''مەعنەوییەتی شیعە'' و ''ئایدۆلۆژیای شەهادەت'' بادەداتەوە.
بە باوەڕی دانیال بن سەعد، ئەنجامگیری فۆکۆ لەمەڕ شۆڕشی ئێران، بەرئەنجامی دژایەتیکردنی بەهاکانی بەجییهانیبوون بوو. فۆکۆ هەڵوەدای ''ڕێگای سێیەم'' بوو، ڕێگایەک لەنێوان تۆتالیتاریزمی کۆمۆنیستی و تۆتالیتاریزمی فاشیستی. فۆکۆ دەیگوت: ''ئێرانییەکان هەمان تێگەیشتنی ئێمەیان بۆ هەقیقەت نییە''. بەمجۆرە فۆکۆ لە یونیڤێرسالییزم(Universalism) دووردەکەێتەوە و ڕوو بۆ ''ڕێژەگەرایی کەلتوری'' دەهێنێت. داخۆ ڕەتکردنەوەی کۆیلەداری و دژایەتیکردنی چەوسانەوەی ژنان، بەشێک لە بەها جییهانی و مرۆییەکان نین؟ داخۆ ئەو دووە، هیچ تایبەتمەندییەکی کەلتوری لۆکاڵییان تێیادایە؟ تەنانەت کەسێکی وەک ماکسیم ڕۆدینسۆن لەئاست بۆچوونەکانی فۆکۆدا، نیگەران بوو. ڕۆدینسۆن لەبەرانبەر فۆکۆدا، قسەی لەسەر ''سەرهەڵدانی فێندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی''ی دەکرد و لەمەڕ ئەگەری بادانەوە بەرەو ''فاشییزمی کۆنزێرڤاتییزم'' هۆشداری دەدا. ڕۆدینسۆن، لەهەفتەنامەی (Le nouvel Observateur)، لە ١٩\٣\١٩٧٩دا، سەبارەت بە یاسای دەوڵەتی ئیسلامی بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو و، هێما بۆ ناڕەزایەتی ژنان لەتاران لە ٨ی مارسی ١٩٧٩ دژبە حیجابی زۆرەملێ دەکات. ڕاستی ئەوەیە، میشێل فۆکۆ لەمیانی ڕەخنەگرتن لە مارکسییزم، بەلای پۆزەتیڤیزمدا بایدەداتەوە و، لێرەوە بە توولەڕێی ڕێژەگەرایی کەلتوری هەڵدەزنێت و پشتگیری لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەکات.
ئەوە ڕوونە، لێرەدا قسە لەسەر نکۆڵیکردن لە میشێل فۆکۆ و توێژینەوە و نوێگەرییەکانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، نییە. کارە مەزنەکانی ئەو لە بواری کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا، بێ پێشینە و ناوازە بوون، وەلێ سەبارەت بە شۆڕشی ئێران، قووڵ نەبوویەوە و بەلاڕێدا چوو. هەڵەبەت دەبێت بڵێین، میشێل فۆکۆ دواتر ڕەخنە لەخۆی دەگرێت و دەبێژێت، شۆڕشی ئێران نەوەک گەڕاوەتەوە سەر نەریتە مەزهەبییەکان، بەڵکوو ئەم بزاوتە مەزهەبییە بە تەواوی هێزییەوە دژبە شارستانییەتی خۆرئاوایە. ڕاستگۆیی ڕۆشنبیرییانەی وی، بەرەو پەشیمانی و ددانپێدانان پەلکێشی دەکات. فۆکۆ وەک ڕۆشنبیرێکی هەرە دیار، نەیدەتوانی تاسەر لەگەڵ دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و گەندەڵ ببێت.
لە سێپتەمبەری ١٩٨٨دا، سەلمان ڕوشدی ڕۆمانی ''ئایەتە شەیتانییەکان''ی بڵاوکردەوە. بەدوای ئەمەدا، بە هاندانی چالاکڤانە ئیسلامگەراکان، زنجیرەیەک خۆپیشاندانی تژی لەتووڕەیی و زەبروزەنگ، وڵاتانی ئیسلامیی و خۆرئاوای گرتەوە. لەمیانی ئەم خۆپیشاندانانەدا، ژمارەیەک کەس دەکوژرێن. لە چواردەی فێبریوەری ساڵی ١٩٨٩دا، ئایەتوڵا خوومەینی فتوای کوشتنی نووسەری ڕۆمانەکە دەردەچووێنێت؛ بەوەدا کە بەڕێزیان ڕۆمانەکە بە ''سووکایەتیکردن بە ئیسلام'' دەزانێت و نووسەر بە ''هەڵگەڕاوە'' ئەژماردەکات، دەخوازێت هەرچی زووە، خوێنی نووسەر بڕێژرێت. شەبیحەکان و پیاوکوژانی ئیسلامی بە دوای دەرفەتێکی زێڕیندا دەگەڕێن، تاوەکو نووسەر بێکەسکووژ بکەن، وەلێ ئەو دەرفەتەیان چنگ ناکەوێت. لەساڵی ٢٠٠٣ ئایەتوڵا حەسەنی سانعی، سەرۆکی ڕێکخراوی ''١٥ی خورداد''(بنیاد ١٥ خرداد_15 Khordad Foundation)، خەڵاتی سێ ملیۆن دۆلاریی بۆ سەری سەلمان ڕوشدی دانا. بەدوای فتواکەی ئیمام خوومەینیدا، چەندجارێک کردەی بۆمبچاندن لەدەوروبەری ناوەندی چاپوبڵاوکردنەوەی کتێبەکە لە لەندەن، ڕوودەدات. لە ساڵی ١٩٩٠، وەرگێڕی ژاپۆنی و وەرگێڕی ئیتاڵیی ڕۆمانەکە، بە چەقۆ هێرشیان دەکرێتەسەر و بریندار دەکرێن. لەساڵی ١٩٩٣، بەڕێوبەری ناوەندێکی وەشاندن لە نەرویژ، کە ڕۆمانەکە چاپ و بڵاودەکاتەوە، دەدرێتەبەر دەستڕێژی گوولە، وەلێ خۆشبەختانە بەسەلامەتی ڕزگاری دەبێت. سیوحەوت کەس لە هوتێلێکدا لە تورکیا، کە وەرگێڕی تورکیی ڕۆمانەکە لەوێندەر پشوودەدات، دەسووتێنرێن. لە ١٤ی فێبریوەری ساڵی ٢٠٠٦، ''دامەزراوەی شەهید'' لەئێران ڕایدەگەیەنێت: ''ئەم فتوایە تا ئەبەد شیاوی جێبەجێکردنە''. لەبەرانبەر ئەم هەنگاوە تیرۆریستییانەی لەدژی سەلمان ڕوشدی گیرانەبەر، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دژبە ناوەندە ئیسلامخوازەکان سەریهەڵدا. نووسەری ناسراوی وڵاتی چیک، میلان کۆندێرا، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی ئەورووپایی، لەپێناو بەرگری لە لائیستییە و سیکۆلارییزم، ڕاگەیەنراوێک بڵاودەکەنەوە. لەساڵی ١٩٩٧، ڕێکخراوی یەکێتیی جییهانیی وەرگێڕان، ڕاگەیەنراوێکی ناڕەزایەتیی سی پەڕەیی دژبە فتواکەی خوومەینی دەرکرد و کاردانەوەی ئسووڵگەراکانی سەرکۆنەکرد.
سووتاندنی ''ئایەتە شەیتانییەکان'' و بۆمبچاندن و کوشتنی ئەوی جیاواز بیربکاتەوە، زنجیرەیەک پێشهاتی بێ بنەما نین. ئەم ڕقئەستووری و زەبروزەنگە، لە ماهییەتی ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر هەمان ماهییەت، بنچینەی ئەو دیدگایەیە، کە حەلاج و ئیبن سینا و خەییام و فەخری ڕازی نەفی کرد، هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لەساڵی ١٩٨٩دا لەدژی نووسەری میسریی، نەجیب مەحفووز، فتوای دەرچوواند و هەمان ئەو خەسڵەتەیە، کە لەسەر بنەمای وی، ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و هونەرمەند و هۆزانڤان و ڕۆژنامەنووس و نەیاری کۆماری ئیسلامی، لەناوبران. ئەم پێشهاتانە، ڕێکەوت نین؛ درێژکراوەی هەمان ئەو هێڵی ئەویترکوشتنەی دووتوێی قوڕئانن. هەرچەند ئایەتی ''لا اکراە فی الدین'' لەقوڕئاندا هەیە، وەلێ ژمارەی ئەو ئایەتانەی دژبەم ئایەتەن، گەلەک زۆرن. سەبارەت بەو کەسانەی باوەڕیان هێناوە و دواتر هەڵگەڕاونەتەوە، قوڕئان ڕایدەگەیەنێت، کە تەوبەیان لێ وەرناگیرێت و پەشیمانی دادیان نادات، ئاخر ئەوانە گومڕا و سەرلێشێواون: '' ان الذین کفروا بعد ایمانهم ثم ازدادوا کفرا لن تقبل توبتهم و اولئک هم الضالون" (آل عمران – ۹۰).
لەسۆنگەی قوڕئانەوە، تەوبەی ''هەڵگەڕاوە'' بەهەند وەرناگیرێت و دەبێت سزابدرێت و سزاکەشی، مەرگە، ئاخر لەدژی ئایینی موحەمدی، واتە ئیسلام جووڵاوەتەوە و، دەبێت لە هەموو جێگەیەک وەها کەسانێک بە تووندترین شێوە سزا بدرێن. لەقوڕئاندا، تووندترین سزا بۆ هەڵگەڕاوەکان لەبەرچاوگیراوە، تاوەکو کەس بیر لە شکاندنی ''شکۆی'' ئیسلام نەکاتەوە. ئەگەر کەسی ''هەڵگەڕاوە'' پیاو بێت، ئەوا گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی پووچەڵ دەبێتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە ''تەڵاق'' بکات ژنەکەی لێ دەسەنرێتەوە و میراتەکەی لەنێو میراتگرەکانیدا دابەشدەکرێت. پەشیمان بوونەوە و تەوبە لەم دونیا دادی نادات، واتە ئەگەر بەدڵێکی پاکژ و بەهەمان ئیمانی پێشوو پەشیمانی دەرببڕێت، ئەوا خودا تەوبەکەی لێ وەردەگرێت و نوێژ و پەرەستشەکانی پێشووی بۆ دەژمێردرێت، وەلێ سزای کوشتنەکەی هەر جێبەجێدەکرێت! ئایەتی ٢١٧ لە سوورەتی ''بەقەرە''، دەبێژێت: '' و لا یزالون یقاتلونکم حتی یردوکم عن دینکم ان استطاعوا و من یرتدد منکم عن دینه فیمت و هو کافر فاولئک حبطت اعمالهم فیالدنیا والاخره و اولئک اصحابالنار هم فیها خالدون''.
لە موحەمەدی پەیامبەری ئیسلامەوە، دەگێڕنەوە: ''هەرکەسێک ئایینی خۆی بگۆڕێت، بیکوژن''(من بدل دینه فاقتلوه. ''ابن قدامه المقدسى، پیشین، ج ۸، ص ۱۰۳). عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبیش، وتوویەتی: ''ئەوی بە موسوڵمانی لەدایکببێت، دواتر ئایینی خۆی بگۆڕێت، دەکوژرێت و تەوبەی لێوەرناگیرێت''(عن امیرالمؤمنین (ع) امر بقتل المرتد و قال: من ولد علی الاسلام فبدل دینه قتل و لم یستتب). ئیمام سادقیش فەرموویەتی: ''هەر موسوڵمانێک لە ئیسلام هەڵگەڕێتەوە و نکۆڵی لە نبووەتی حەزرەتی موحەمەد(ص) بکات و بەدرۆی بخاتەوە، ئەوا خوێنی وی، بۆ هەر کەسێک کە گوێبیستی ئەم کوفرە دەبێت، حەڵاڵە و، لەڕۆژی هەڵگەڕانەوەوە ژنەکەی لێی جیادەبێتەوە و سەروەت و سامانی لەنێو میراتگرانیدا دابەشدەکرێت و فەرزە لەسەر ئیمام کە هەستێت بە کوشتنەوەی ئەم کەسە و تەوبەشی پێ دانەدات''(شیخ محمدبن الحسن الحر العاملى، وسایل الشیعه، بیروت، دار احیاء التراث العربى، ج ۱۸، باب ۱، من ابواب حد المرتد، حدیث ۳ / همان، باب ۱، حدیث ۳).
دەبینن، هەڵگەڕانەوە و دیینگۆڕین لە ئیسلامدا، بەتووندی سەرکۆنەکراوە. کەس بۆی نییە ئایینی خۆی بگۆڕێت یان لێی هەڵگەڕێتەوە و دەبێت لەچێوەی ئەم ئایینەدا، بەیەخسیری بمێنێتەوە. دەبینن، چلۆن لە سیاقی قوڕئان و نەریتی ئیسلامیدا، لێبووردەیی لە گۆڕێدا نییە و خوێنڕشتن وەک ئاوخواردنەوە وایە. ئەوانەی بەرگری لە ئیسلام دەکەن و ئەوانیتر بە ''سووکایەتیکردن بە ئایین'' تۆمەتباردەکەن، پێمان بڵێن، کە ئەم هەموو زەبروزەنگ و تووندوتیژییە دژبە مافەکانی مرۆڤ نییە؟
لەچێوەی ئەم سیستەمە عەقیدەییەدا، ئەو کەسەی ڕەخنە لە قوڕئان دەگرێت و کاریکاتێر لەسەر موحەمەد دروستدەکات، ئیمانی لەدەستداوە و چیتر وەک موسوڵمان ئەژمارناکرێت. ئەوی دایک و باوکی موسوڵمان بێت و بە موسوڵمانی بێتە دونیاوە، یانژی تەنیا باوکی موسوڵمان بێت، ئەوا خۆبەخۆ ئایینی ئیسلامی قبووڵکردووە و بە موسوڵمان ئەژماردەکرێت، وەلێ ئەگەر بەلای کوفردا بابداتەوە، وەک سەلمان ڕوشدی کە باوکی وی موسوڵمان بوو، ئەوا چیتر بە موسوڵمان ئەژمارناکرێت، کەواتە هەڵگەڕاوەتەوە و کوشتنی ئەرکە. هەر بۆیە سەلمان ڕوشدی هەڵدێت و پەنا بەبەر پۆلیس دەبات، تاوەکو گیانی پارێزراوبێت.
سەلیم مەنسوور، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ''ئۆنتاریۆ''ی کەنەدا، لە ١٦ی فێبریوەری ساڵی ٢٠٠٩، لە پەیوەندیدا بەو فتوایەی لەدژی سەلمان ڕوشدی دەرکرابوو، دەڵێت: ''دەوڵەتی ئینگلیس لەهەمبەر سیاسەتی دڕندانەی خوومەینی، سیاسەتی هەڵکردن و خۆگوونجاندن پیادەدەکات، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە خۆرئاوا، دەستی لەبەهێزکردنی تۆتالیتاریزمی وڵاتانی عەرەب و موسوڵماندا هەیە''. هەروەتر، سەلیم مەنسوور، لە ٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٠دا، لە ڕۆژنامەی ''پوان و باسکۆڵ'' دەنووسێت: ''ئایین سیاسەت نییە و سیاسەتیش ئایین نییە. کاتێک ئایین لەکاروباری سیاسی خۆی هەڵبقورتێنێ و سیاسەتیش لەبری ئایین ڕۆڵ بگێڕێت، بەرئەنجامی ئەم تێکەڵییە، بریتیی دەبێت لە هاتنە ئارای دەزگایەکی داپڵۆسێنی وەک دادگاکانی پشکنین. ئەمڕۆ ئێمە دەرئەنجامەکانی وەها سیاسەتێک لە دونیای عەرەب و موسوڵماناندا دەبینین. دەبینین چلۆن ئەم کۆمەڵگایانە بۆ کێڵگەی بەرهەمهێنانی هەژاری، گەندەڵی، دۆگماتییزم و جەنگ گۆڕاون. لەسەر ئاستی جییهاندا، ئیسلامگەرایی ئامانجی ئەوەیە دیمۆکراسی سەرنگون بکات و لەبری وی، ئایۆدلۆژیای شەریعەت بسەپێنێت.''
بە پێچەوانەی بۆچوونی میشێل فۆکۆ، ئیسلام مەعنەوییەتێکی ئەرێنی نییە. ئەم ئایینە توانایەکی گەلەک مەزنی لە ڕێکخستن و ئاڕاستەکردندا هەیە، وەلێ لەسەر بنەمای نەزانی و دواکەوتوویی دەبزوێت و، پرەنسیپەکانی دیمۆکراسی و پێودانەگەکانی مافی مرۆڤ، بەهەند وەرناگرێت. ئەم دیینە، لەسەر بنچینەی ئیمانی کوێرانە بە خودا، هێزەکانی سازوئامادە دەکات. توانای ڕێکخستن و ئاڕاستەکردن لە ئیسلامدا، نە لەسەر بنەمای ژیری و دانایی ئادەمیزادە، نە لەسەر بنچینەی ئاگایی مرۆڤە و نە بەرئەنجامی هەڵبژاردنی هاووڵاتییانە، بەڵکوو لەسەر بنەمای دۆگمەکان، ئەفسانەکان و باوەڕی کوێرانەیە، ئەمەش دەشێت سەرچاوەی کوشتوبڕ و وێرانکاری بێت. مەرج نییە هەر هێزێکی ڕێکخستن و ئاڕاستەکردن، ئەرێنی و پێشکەوتووخوازانە بێت، فاشییزم و ئایدۆلۆژیا و مەزهەبە دۆگماکان، توانا و هێزی ڕێکخستن و بەسیجکردنی خەڵکییان، بۆ جەنگ و وێرانکاری بەکاردەهێنا.
پەلاماری ئیسلام بۆسەر داهێنانە هونەرێیەکەی سەلمان ڕوشدی، فەزای گشتیی ئەورووپا و فەڕەنسای شپرزەکرد و، ڕۆشنیبران و هاووڵاتیانی هۆشیاری لەدژی ئیسلام بەئاگا هێنایەوە. سەربار، لەهەلومەرجێکدا، کە تاکەکان و کەسایەتییەکانی ئیسلام، لەئاست فتوواکەی خوومەینی و زەبروزەنگی فێندەمێنتاڵەکان، هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەیان نەنواند، لە نەستی خەڵکانی ئاساییدا ئەو وێنایە چەسپا، کە هەموو موسوڵمانێک ''تیرۆریستێکی گریمانەییە''. بەداخەوە لەفەڕەنسادا و لە وەها هەولومەرجێکدا، زۆرینەی گرووپە ئیسلامییە میانڕەوەکان و خوێنەوارانی موسوڵمان، لەیەکەمین کاردانەوەیاندا، دژبە سەلمان ڕوشدی هەڵوێستیان نواند و دەرهەق بە فتوای کوشتنی وی، خۆیان کەڕ کرد. لەدیدی ئەمانەدا، بەرگری کردن لە ئیسلام، ئەرکێکی گەلەک گرنگە، بۆیە ئازادیی ڕادەربڕینیان سەرکۆنەدەکرد. لەکاتێکدا دەبوو ئەم گرووپەو ڕۆشنبیرانی ئیسلام، ئایینیان لە سیاسەت جیابکردایەتەوە و، بەشیوەیەکی یەکالاکەرەوە بەرگریان لە دیمۆکراسی و ئازادیی فیکری و، دەرئەنجام بەئاشکرا بەرگریان لە مافی سەلمان ڕوشدی، بکردایە.