A+    A-
(1,223) جار خوێندراوەتەوە

ستەمکاریی  بژاردەکان

 

 

 

 

ڕێناتا سالیکڵ

و. دێرسیم فایەق

 

 

 

 

 

لە کاتی چاوخشاندنم‌دا بەناو بەشی گەشەپێدانی-مرۆیی[1] کتێبخانەیەکی نیۆرکدا، بەر کتێبێک کەوتم بە (ناونیشانی هەموو شتێکی دەربارەى من). بەشی هەرە زۆری کتێبەکە سپی بوو. لە هەر پەڕەیەکدا لە تەنها یەک یا دوو پرسیار لە بارەی ئەوە کە خوێنەرەکە حەزی لێیەتی یا حەزی پێی نیە هەروەها بیرەوەری و پلان بۆ داهاتوو زیاتر، هیچی تری تیادا نەبوو.

ئەم بۆشاییە بەتاڵانە بەتەواوەتی ئایدۆلۆژیای باو و باڵادەستی  جیهانی گەشەسەندوو دەخاتەڕوو: تاکەکەس دواهەمین و ئەوپەڕی سەروەر[2]ـی ژیانی خۆیەتی، و ئازادە لە دیاریکردنی چارەنووسی هەموو وردەکارییەکانی. لە کۆمەڵگەی بەرخۆری و مەسرەفگەرای ئەمڕۆدا، بەتەنیا لەسەرمان پێویست نیە لەنێوان بەرهەمەکاندا هەڵبژێرین: داوای ئەوەمان لێدەکرێت هەموو ژیانمان وەک پێکهاتەیەکی گەورەی بڕیار و بژاردەکان[3] ببینین.

بۆ نموونە، لە میانەی گەشتێکی شەمەندەفەردا، چەندین جار ئەوەم بە بیرداهێنرایەوە کە من ئازادم بمەوێت چی لە ژیانم بکەم. ڕیکلامێک بۆ زانکۆیەک هانیدام "ببە بەوەی دەتەوێت ببیت". کۆمپانییەکی بیرە، زۆریلێکردم "خۆت بە".  کۆمپانیایەکی گەشتیاری ئامۆژگاری ئەوەی دەکرد، "ژیان – ئێستا حیجزی بکە". لەسەر بەرگی گۆڤاری کۆزمۆپۆلیتان [نوسراوە]: "ببە بە خۆت – بەڵام خۆیەک کە دانەیەکی باشتر بێت". کاتێک لە ئامێری چەیس مانهاتن پارەم ڕادەکێشا، شاشەی ئامێرەکە پێی وتم: "بژاردەکەت. ئەوەیە بە دوایەوەیت". تەنانەت لە وڵاتە پاش-کۆمۆنیستیەکانیشدا،  ڕیکلامەکان پێمان دەڵێن کە دەبێت بێوچان لە بڕیارداندا بین چی جۆرە ژیانێک بژین. لە سلۆڤینیادا کۆمپانییەکی جلووبەرگی ژێکراس، تەختەیەکی گەورەی ریکلامی هەڵواسیوە و دەپرسێت، "ئەمڕۆکە، چی جۆرە ژنێکت دەوێت؟" کۆمپانیایەکی تەلەفوونی بولگاریی لۆگۆی "ئەمە دەنگی تۆیە" بەکاردێنێت؛ و هاوتا کراوتییکەی وشەی پیرۆزی "خۆت بە" دووبارە دەکاتەوە!

 وا پێدەچێت ببیت بە خۆی ئەرک[4]ێکی ئاسان نەبێت. سەیرکردنێکی خێرای لیستی پڕفرۆشترینەکان، ئەوە دەخاتەڕوو کە خەڵکی کات و پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن فێربن چۆن ببن بە خۆیان. (بیرکردنەوەکانت بگۆڕە: خۆت بگۆڕە)[5]؛ (تۆ: نامیلکەی خاوەنەکەی)؛ (ئێستا تواناییەکانت بدۆزەرەوە)؛ (دووبارە پێگەی خۆت دابرێژەرەوە) – هەریەکەیان ستراتیژییەکی نوێ بۆ پێناسەکردنەوەی تەواوی ژیانی یەکێک پێشکەشدەکات. سایتە ئەنتەرنێتییە ئەستێرەناسییەکان ڕیکلام بۆ تێڕوانینی خۆڕایی بۆناو "تۆی ڕاستەقینە" دەکەن؛ ڕیکلامی تەلەڤیزیۆن هانی سەرلەنوێ درووستکردنەوەی تەواوەتی جەستە دەدەن؛ و لە هەموو بوارێکی ژیانی تایبەت و گشتیدا چەندین ڕاهێنەر ئامادەن بۆ ئەوەی یارمەتی کەسێک بدەن لەبەدەستهێنانی شێوە ژیانێکی ئایدیالدا.

سەرەڕای ئەوە، هەموو ئەم ئامۆژگارییانە زەرووریانە دڵکامی و ڕەزامەندی بەدوای خۆیاندا ناهێنن؛ بەڵکو، لە واقیعدا دەتوانن دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و نادڵنیی کەسەکە زیاد بکەن.

جێنیفەر نیلسن، بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤارێک، بڕیاریدا هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی ژیانی بدات، بە تەنیا بەکارهێنانی ئەو ئامۆژگارییانەی کە چەندان جۆری جۆراوجۆری کتێبەکانی گەشەپێدانی-مرۆیی پێشکەشی دەکەن و بەڵێنی یارمەتیدانی ئەو دەدەن لە دۆزینەوەی بەختەوەری و بەدیهێنانی ئاواتەکاندا. لە کتێبەکەیدا (لە پراکتیکدا  لە هەموو ڕوویەکەوە کامڵ)، نیلسن باس لەوە دەکات چۆن دوای دوو ساڵ لە شوێنکەوتنی ئەو ئامۆژگارییانەدا لەسەر چۆنیەتیی کێش‌دابەزاندن و لە گێژاو و هەڕەمەکی‌داماڵین[6]ـی ماڵەکەی و بوون بە باوان و هاوسەرێکی باشتر و دۆزینەوەی هێمنی زیاتر بە شێوەیەکی گشتی لە وجوودیدا، بووە مایەی دووچاربوونی بە ترس‌وخۆفێکی و تۆقینێکی جدیی.[7] خۆی دەبینییەوە کەمتر کامەرانە، نەک ئەوەی بە پێچەوانە بێت. نەک هەر ئەوەی ئەو هەموو هەوڵەی لە گەشەپێدانی-خۆیدا هەموو کاتەکەی بردبوو، بەڵکو ئەو دڵخۆش نەبوو و چێژی لەوە نەدەبینی کە بەدەستی هێنابوو: چێشتخانەیەکی بێ‌پەڵە و سێ ژەمی نانی لە ماڵدالێنراو لە هەر ڕۆژێکدا و کارامەیی  لە پەیوەندیگرتندا کە خۆی فێرکردبوو. تەنانەت ئەو کێشەی کە لە ڕێگەی ڕاهێنانی تاقەتپڕوکێنەوە دایبەزاندبوو لە چەند مانگێکی کەمدا درووستدەبووەوە. کاتێک کە هەمووی تەواو بوو، نیسلین باسی لە هۆکاری ئەوە کرد بۆچی پێی‌وابوو خەلک شوێنی ئەم کتێبانە دەکەون وەک لەوەی بە گوێرەی خۆیان شتەکان بگۆڕن: "لەو باوەڕەدام، هەست دەکەین بەرپرسیارین لە زۆر شتی ژیانماندا. ئیش و منداڵ  و بەرپرسیارێتیی هاوسەرێتی هەیە. گەر بگەڕێیتەوە بۆ کەسێک پێت بڵێت چێ بکەیت، ئاوا ئاسوودەتر و خۆشترە".[8]

چۆنە کە لە جیهانی گەشەسەندوودا ئەم زیادبوونە لە بژاردەدا کە گوایە دەبووایە ژیانمان ڕێکوپێک و کامڵ بکات، بەرەو قایلبوون و بەدیهاتن زیاتر ناڕوات بەڵکو دڵەڕاوکێی زیاتر و زیاتر هەستکردن بە دەستەوەستانی و تاوانی بەدواوە دەبێت؟ هەروەها بۆچی بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێییە بڕەوێنرێتەوە خەلکی ڕەزاین شوێن پارچە ئامۆژگاری هەڕەمەکییانەی خەلکانی بەبازاڕکردن یا بورجەکان بکەون و تێبینییەکان لەسەر جوانی لە پیشەسازی جوانکارییەوە وەربگرن و لە لایەن خەمڵاندنە ئابوورییەکانی ڕاوێژکارە داراییەکانەوە ڕێنوێنی بکرێن و ئامۆژگارییەکانی پەیوەندییەگرتن لە نوسەرانی کتێبە گەشەپێدانە-خودییەکان وەربگرن؟ بە ئاماژەدان بەوەی کە خەلكی زیاتر و زیاتر گوێڕایەڵی ئەم بەناو پسپۆڕانە دەبێت، وادەردەکەوێت کە ئێمە لە واقیعدا زۆر  تامەزرۆ بین بۆ ئەوەی ئەم بارگرانییەی بژاردەمان لەسەر لابچێت.

خەڵک دەکەونە داوی بازنەیەکی دزێوی داخراوەوە، کاتێک هەوڵ دەدەن ژیانیان لە ڕێی یارمەتی ئەم پسپۆرانەوە گەشەپێبدەن. بۆ نموونە، هەندێک لە دەروونشیکارەکان سەرنجی جۆرێکی تایبەتی رەفتاریان داوە لە نێو شوێنکەوتوانی ماڵپەڕی "FLYlady.com" تایبەت بە گەشەپێدانی-خود. (FLY بە واتای "لە دواجاردا خۆتت خۆشدەوێت[9]")، کە خوێنەرەکانی هاندەدرێن بۆ ئەوەی دەفتەرێکی ئەرکە ڕۆژانەییەکانیان لای خۆیان بهێڵنەوە و شوێنی ئامۆژگارییە وردەکارییەکان بکەون بۆ ئەوەی چۆن فەزاکەیان و لەشیان و هەستەکانیان و پەیوەندییەکانیان، لە هەڕەمەکێتی‌داماڵن. بەکارهێنەرانی سایتەکە دێنە لای دەروونشیکارەکان گازندەی ئەوە دەکەن کە بە بەردەوامی شکست دێنن لە بەدیهێنانی ئەو ئەرکەکانەی دایان ناوە یا ئەوەی لیستی ئەو ئەرکەکانەی دەیانەوێت بە تەواوی ئەنجامی بدەن گەورەتر و گەورەتر دەبێتەوە. هەندێکیان تەنانەت وا ڕەفتار دەکەن وەک بڵێی تەواوی ژیانیان لسیتێک بووبێت لەو دەستکەوتانەی دەبوایە بەدیانبهێنایە: کار لەسەر  ئەرک و فەرمانێکی تایبەت و لەدەستدانی بڕێکی دیاریکراوی کێش و هاوسەرگیریکردن لە تەمەنێکی دیاریکراودا و منداڵ خستنەوە و بنیادنانی ماڵێکی تەواو. لەگەڵ ئەوەشدا گازندەی بێتوانای خۆیان، هەرچەندە خۆ-دنەدەرانەش بێت، وا پیدەچێت جۆرە خۆشییەکی خۆی بە دواوەبێت.

ئەم فۆرمانەی خۆ-ئەشکەنجەدان دەستە خوشکی هەوڵەکانی وێڵبوونە بە دوای هەرە نوێترین فۆرمەکانی چێژبینین[10]دا. ئایدۆلۆژیای پاش-پیشەسازی سەرمایەداری تەقەلای دەدا وەک کەسێک کە چێژبین بۆی بێسنوورە، مامەڵە لەگەڵ تاکەکەسەکاندا بکات. تاکەکەس وەک کەسێک دەنەخشێنرێت کە دەتوانێت بێکۆتا سنوورەکانی خۆشیبینین پاڵپێوە بنێت و هەروەها بەبەردەوامی ئارەزووە لە فراوانبوو و هەر چەکەرەسەندووەکانی بەدیبهێنێت و قایل بکات. سەرەڕای ئەوە، پارادۆکسانە، زۆر کەس قایلبوون و بەدیهاتن لە کۆمەڵگەیەکی لە ڕوواڵەت بێ سنووربەندیدا نادۆزنەوە؛ و زۆرجار لە جیاتی ئەوە لادەنە سەر ڕێچکەی خۆ-وێرانکردن. بەکارهێنان و مەسرەفکردنی بەرپێنەگیراو وادەکات خەڵکی بەرەو مەسرەفکردنی خۆیان بەرێت، لە ڕێی زیان گەیاندن بە خۆیانەوە و خۆ-وشکردنەوە[11] و خۆبرسیکردن[12] و ئاڵوودەبوون، کە هەرە دیارترین فۆرمەکانن.

کاتێک قەیرانە هەنووکەییەکەی ساڵی ٢٠٠٨ دەستیپێکرد، وا پێدەچوو لە دەستپێکدا وەک بڵێی خۆگرتنەوە شوێنی بژاردە و ناسۆری شوێنی بەختەوەری و ئارەزووی فیگەرێکی دەسەڵاتدار، بۆ ئەوەی بەرپسیاری هەڵبگرێت و شتەکان بخاتەوە شوێنی خۆی، شوێنی ئازادی تاکەکەسی، گرتبێتەوە. کەواسوورەکانی بەر لەشکری وەک فاینانشاڵ تایمز، وتارگەلێکیان لەسەر دۆخە ئابوورییە ‌خەمناکەکە، لە ژێر مانشێتانێکی وەک "سبەینێیەکی قەرزکراو"؛ "ساتەوەختی [قەرز]دانەوە"؛ "ۆڵستریت خەمەکانی دەڕەوێنێتەوە"، بڵاوکردبۆیەوە. شیکارییەک بۆ کۆمەڵگە بە شێوەیەکی گشتی بە بانگکردن بۆ بەبیردا هێنانەوەی واقیع، "دابڕانێکی تەواوەتی"، دەستیپێکرد. دەوترا "هەستێکی نائەقڵانی" باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو. تەنانەت لە وتارە هونەرییەکانیشدا وادەردەکەوت گوتارێکی نوێی قەدەرگەرایی لە سەرهەڵداندا بێت. بە گەڕانەوە بۆ سەر "سەروەری باڵانس و هارمۆنی[13]"، "دەنگی داهاتوو" یا "گۆرانییەکانی سادەیبوون"، وەڵامی پرسیاری "چۆن لە کۆتای 'شارستانیەت'دا زیندوو بمێنینەوە" دەدرایەوە.[14] بەڵام هەر لەگەڵ دەرکەوتنی ترووسکەیەکی هیوادا کە قەیرانەکە لەوانەیە بە مانای داڕمانی ئابووری تەواوەتی نەیەت، ئایدیای بژرادە سەر لەنوێ وەک ئامڕازێکی بەهێزی ئایدۆلۆژی کۆمەڵگەی بەرخۆری و بەکاربەریی دەرکەوتەوە. ئەمجارەیان بە دەوری مشتومڕی ئەوەدا دەخولایە ئایا خۆشگوزەرانی هەر بەڕاستی بەختەوری زیاد دەکات و ئایا بەرخۆری دیار و لەبەرچاوان باشترین ڕیگا بێت بۆ ئەوەی خەڵکی کاتە بەتاڵەکانیانی پێ بەسەربەرن. بەڵام خودی ئەم ئایدیایانە لەسەر ژیانی ساکارکراو لە نوسخەیەیکی دیکەی بژاردە هەڵکێشرا و ئاخنرایە ناوییەوە. بەکاربەر دەبوو ئەوە هەڵبژێرێت کە هەڵنەبژێرێت و زۆر جار دەبوو پارە بدات بەو ئامۆژگارییانەی لەسەر ئەنجامدانی ئەمە بوون. هەروا بە سادەیی فڕێدانی شتەکان یان بەخشینی بە کەسێکی تر هەڵبژاردەیەک نەبوو: پێویستی بە ئامۆژگاری هەبوو بۆ ئەوەی چۆن ئەمە بکرێت.

سەرەڕای ئەوە، وەرچەرخان لە هەستکرن بە خۆشگوزەرانی و هەبووونیدا، لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووینەداوە. بەو شێوەیە نەبووە خەلک ڕۆژێک لە پڕێکدا هەڵسابن و ژیانیان بە جۆرێکی جیاواز بینیبێت. تۆوی قەیرانی  ئابوورییە داتەپیوەکە لە سەردەمێکی زۆر کۆنتردا ڕوویداوە. بە هەمان شێوە، خەمۆکی لەبارەی بەئایدۆلۆژیای بژاردەدا تەنیوەتە ناو سەردەمانیكی زۆری و زەبەندی گەورەترەوە، هەر وەک لە دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی بەرچاو و ئاشکرای ماوەی دەیەی دوایی سەرمایەداری پاش-پیشەسازیدا دیارە. ئەوە بە نزیکەیی وەک ئەوەیە قەیرانەکە بەدیهاتنی ئارەزووی نواندبێتەوە؛ و تەنیا بە نیوەناچڵی هەندێک سنووربەندی و کۆتی بۆ هەڵتۆقانی ئەو بژاردەیەی کە لە ساڵانی زیاتر دارا و هەبوویتردا بەردەست بووە، و هەروەها ئەو ئاوەڵابوونە لەو فشارەی بەدوای خۆیدا درووستی کردووە، هێناوەتەپێش. تەنانەت قەیرانەکە، لە هەندێک ڕووەوە، فۆرمێکی هێورکەرەوەی سەیری چێژبینینی بەدوایخۆیدا هێناوە، تیایدا ئارەزوو بۆ سنووردارکردنی هەندێک دەستبڵاوی – یاخود، بۆ سنووردارکردنی فرەیی ئیمکانەکان کە هەبوویی دەیخستە بەردەست – ماوەیەکی زۆر بوو هەستی پێدەکرا، بەڵام تەنها بە نیوە ناچڵی بەدیهێنرابوو. ڕؤژنامەی نیۆرک تایمز، ئەم ڕەوشە کۆتوبەندکارەی لەڕێی خستنەڕووی ڕێگەیەکی بچووکراوەی کەمتێچوو بۆ ئاهەنگێڕانی پشووەکان، لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی "ئێمە ئیتر وەک ئەوەی ساڵی ١٩٢٩ بێت ئاهەنگ دەگێڕین"، بەرجەستەکرد. وتارەکە پیشنیاری ئەوەی دەکرد چۆن خەڵکی دەتوانن ئێوارەخوانێکی سادە لەسەر بودجەیەکی خاکەڕایانە لە ناوەڕاستی قەیرانێکدا ڕێک بخەن. کەسێکی دیاری کۆمەڵایەتی کە لە وتارەکەدا هێنرابوویە بەرباس ڕای وابوو:"تاکە شت دەربارەی داڕمانە [ئابوورییە]کە، ئەوەی فشارەکە لاببرێت... ئەوە وا دەکات کە هەموو ئەو شتانەی کە گرنگ نین وەلاوە بنێیت و سەرنجی بخەیتە سەر ئەوانەی کە: هاوڕێ و خێزان پێکەوەبوونە".[15] سەرەڕای ئەوە خانەخوێیان میواندارییەکە هەستیان بەوە دەکرد پێویستیان بەوەیە ڕاوێژکارێک بە کرێ بگرن بۆ ئەوەی پێیان بڵێت چۆن لە کاتی قەیراندا کات بەسەربەرن. ڕاڕاییەکی بەرچاو هەبوو لە خواستەکانیاندا بۆ ئەوەی دەستبەرداری وروژمی بەکاربەری و بەرخۆری ببن. لەوانەیە ویستبێتیان بژاردەکانیان سنوردار بکەن، بەڵام بە ڕ ادەیەکی زۆر نا و دەیانویست کەسێکی تر ئەو ئەرکەیان بۆ ئەنجام بدات.

ئەوە پرسیارەی لێرەدا دەبێت لێیوردبینەوە، بە سادەیی ئەوە نیە خەلک بۆ بازاڕی دەکەن و شت دەکڕن یان چۆن بیر لە ژیانیان دەکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە بۆچی ئایدیای بژاردە لە ئامێز دەگرن و چی لەدەستدەدەن و بەدەستدێنن لەڕێیەوە. لەوانەیە خەڵک نیگەرانی هەڕەشەی تیرۆریستی یا ڤایرۆسە نوێکان یا کارەساتە ژینگەییەکان بن، بەڵام زۆربەی گەورەترین نیگەرانیان دەربارەی باشی و تەندرووستی ژیانی تایبەتیانە: کارەکانیان، پەیوەندییەکانیان، داراییەکانیان، پێگەیان لە جڤاتەکەدا، مانا ژیانیان یا ئەو میراسەی بەجێی دێڵن.[16] هەموو ئەمانە دەرهەق بە بژاردەکانە. هەروەها چونکە ئێمە لە تەقەلای کەماڵداین نەک هەر لێرە و لە ئێستادا، بەڵکو لە داهاتووشدا، بژاردەکان زۆر قورستریش دەبن هەڵیانبژێرین. بژاردە هەستێکی زۆر گەورەی بەرپرسیارێتی دێنێتە کایەوە؛ و ئەمە دەئاڵێت لە ترس و لە شکست و هەست بە گونا‌هـ و دڵەڕاوکێی ئەوەی کە پەشیمانی بەدواوە دەبێت گەر بژاردەیەکی هەڵە هەڵبژێرین.

ڕیچارد سێنێت‌ـی کۆمەڵناس ئاماژە بەوە دەکات:

یەکێک لە هەرە بەکارهێنانە کۆنەکانی وشەی "ستەمکاری" لە بیری سیاسیدا هاوواتایە لەگەڵ سەروەرێتی[17]دا. کاتێک هەموو مژارەکان ئاڕاستەی پرەنسیپ یا ئەقلانیەتێکی هاوبەش و سەروەر دەکرێت، ئەوا ئەو پرەنسیپە تەحەکووم و جەور و ستەم دەکات[18] بە ژیانی ڕۆژانەی ئەو کۆمەڵگەیە ... دامەزراوەیەک دەتوانێت وەک تاکە ئاخێزی دەسەلات حوکم بکات؛ باوەڕێک دەتوانێت وەک تاکە ستانداردێک بۆ پێوانەکردنی واقیع ئەرکداربێت.[19]

لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئایدیای بژرادە، وەک ئەوەی لە تیۆری بژرادەی ئەقلانیدا خراوەتەڕوو، لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا بۆتە یەکێک لەو ئایدیا ستەمکارانە.

تیۆری بژرادەی ئەقلانی پیشگریمانەی ئەوە دەکات خەڵک بیردەکەنەوە پێش ئەوەی بجووڵێنەوە و هەمیشە بەدوای ئەوەوەن کە سوود و قازانجەکانیان زۆر بکەن و باجی هەر دۆخێکیش کەمبکەنەوە. بۆیە خەڵک، بە گوێرەی ڕەوشە باڵادەستەکان و زانیاریی پێدراوی پێویست، هەمیشە ئەو هەڵبژاردەیە هەڵدەبژێرن کە باشترینە و زۆرترین سوودی هەیە بۆیان. لەگەڵ ئەوەدا، ڕەخنەگرانی تیۆری بژرادەی ئەقلانی، ئەوەیان خستۆتەڕوو کە خەڵک هەمیشە بە گوێرەی سوود و بەرژەوەندییەکانیان ناجووڵێنەوە تەنانەت ئەو کاتەشەی بزانن کە بەرژەوەندییەکانیان چین. لەمڕووەوە، چەندین نموونە هەن کە  خەلک بەشێویەکی خێرخوازانە و خۆنەویستانە وەک لەسەر ئەساسی پەرژوەندیخوازییەکی پەتی ڕەفتار دەنوێنن. بەهەمان شێوە دەروونشیکاری ئەوەی پیشانداوە کە زۆرجار خەڵک بەشێوەیەک ڕەفتار دەکەن کە چێژبینینەکانیان زیاد ناکات و ئازارەکانیان کەم ناکاتەوە و تەنانەت هەندێک جاریش خۆشییەکی سەمەرە لە جووڵانەوە لە دژی باشی و تەندرووستی خۆیان وەردەگرن. تەنانەت گەر خەڵک زانیاری پێویستیان هەبێت بۆ ئەوەی باشترین بژاردە هەڵبژێرن، بڕیارەکانیان بە چڕی دەکەوێتە ژێر فاکتەری دەرەکی وەک کەسانی دیکە، یا فاکتەری ناوەکی وەک ئارەزوو و داخوازە نەستییەکانیان.

لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، کە بژاردە و ئایدیا ئەوەی کە هەمیشە بژاردە لە بەرژەوەندی کەسەکەیە وەک شتێکی شکۆدار پیشاندەدات، کێشەکە هەر تەنیا ئەو پێوانەی هەبوونی بژاردە نیە بەڵکو ئەو ڕەفتارەیە کە لێوەی بژاردە پیشاندەدرێت. بژاردەکانی ژیان بە هەمان پێوەرەکانی بژاردەکانی بەرکاربەر باسی لێوەدەکرێت: ئێمە ئەرکدار کراوین ژیانی "ڕاست"، هەروەک چۆن جۆری دروستی نەخشی دیوارێک یا قژوشککەرەوەیەک دەدۆزینەوە، بدۆزینەوە. کەلتوری ئامۆژگاری ئەمڕۆکە وا‌دەیخاتەڕوو کە گەڕان بەدوای هاوسەرێکدا بەهیچ شێوەیەک جیاواز نەبێت لە گەڕان بە دوای ئوتومبێلێکدا: پێویستە یەکەمجار هەموو باشی و خراپییەکانی لێکبدەینەوە، دواتر دەبێت گرێبەستێکی پێش هاوسەرگیری فەراهەم بکەین و شتەکان راستبکەینەوە گەر بەلادا چوون و لە کۆتایشدا مۆدێلە کۆنەکان بە نوێیەکان بگۆڕینەوە، پێش ئەوەی دواجار لە هەموو خۆتەرخانکردنە بێزارکەرەکان ماندوو بین و بڕیار بدەین بچین بەلای ڕێکەوتنێکی کرێگرتەیی کاتیانەدا.

بابەتی بژاردە لە پێش هەموواندا مەراق و جێبایەخی چینەکانی ناوەڕاستە لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا. سەرەڕای ئەوە، تەنانەت لە وڵاتە هەژارەکانیشدا زۆرێک بە قووڵێ گیرۆدەی لێکدژییە ناوەکییەکانی ئایدۆلۆژیای بژاردە بوون. گوایە ئێستا ئازادن هەرچییەکیان بوێت لە ژیانیانی بکەن، لە واقیعدا دووچاری چەندین ڕێگری بێهەژمار دەبنەوە. وا مامەڵە لەگەڵ خەلکدا دەکرێت وەک بڵێیت لە پێگەیەکدان وەک کارێکی هونەری بەسەر ژیانیاندا بێنن و لەسەر خواستی هەموو تووخمەکانی ڕەنگڕێژ بکەن. هاندەدرێن وا بجووڵێنەوە وەک بڵێی لە جیهانێکی ئایدیالدا دەژین و وەک بڵێی ئەو بژاردانەی هەڵی دەبژێرن دەتوانرێت پێچەوانە بکرێتەوە، لە کاتێکدا واقیعەکە دۆخە ئابوورییەکانیانە کە ڕێگریان لێدەکات بە هەر شێوەیەک ئازادیی بژاردەیان هەبێت و یەک بڕیاری هەڵە دەکرێت دەرئەنجامێکی کارەساتباری بەدواوە بێت. تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانیشدا خەڵکانی هەژار توانایی ئەوەیان نیە سوود لە بژاردەکان وەربگرن کە خراوەتەڕوو بۆیان. بۆ نموونە، لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا، بوارێکی فراوانی چارەسەرکردن و تەکەنۆلۆژیا هەیە بۆ ئەوەی لێی هەڵبژێردرێت گەر تۆ بیمەی تەندرووستیت هەبێت و بتوانیت تێچووەکەی بدەیت. بەڵام بەبێ چاودێریی تەندرووستی گشتی خەلکی هەژار ناتوانن تەنانەت سەرەتاییترین چارەسەرەکانیش هەڵبژێرن. تەنانەت بۆ ئەو کەسانەشی کە پارە کێشەیەک نیە، بژاردە دەکرێت بارگرانییەک و سەرچاوی سەرلێتێکچوون بێت: لە لایەکەوە، دواهەمین لێکۆڵینەوە زانستییەکان پێیان دەڵێت جینەکانیان پێشوەختە دیاریکردووە تووشی چی نەخۆش دەبن و چەندێک دەژین؛ لە لایەکی دیکەوە، وایان لێکراوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر تەندرووستی  خۆیان لەڕێی بژاردەکانی شێوازی ژیانکردنیانەوە. ئامانجی ئەم کتێبە، پشکینینی ئەوەیە چۆن ئایدیای هەڵبژاردنی ئەوەی لەگەڵ کێدا بین  و فەرمانی "ببە بە خۆت" دەستیان کردووە بەوەی لە دژی خۆمان بجووڵێنەوە و زیاتر نیگەران و دڵەڕاوکێیان و چاوچنکۆیان کردووین وەک لەوەی ئازادی زیاترمان پێ ببەخشن. بە گوێرەی فەیلەسووفی فەرەنسی لویس ئاڵتۆسێر، لە خۆگرتنی ئایدۆلۆژیا بژاردە لە لایەن "سەرمایەداری پاش-پیشەسازیـیەوە هەروا ڕێکەوتێک نیە بەڵکو  هۆکارێکی توانای‌بەخشە پێی تا  باڵادەستییەکەی هەتاهەتایی بکاتەوە". بەلای ئاڵتۆسێرەوە کێشەکە ئەوەیە ئێمە سەرنجی ئەو فۆرمانە نادەین کە لێوەی ژیانمان بوونیاد نراوە. کۆمەڵگە وەک شتێکی ڕوون و ئاشکرا ، وەک شتێکی پێدراو و بە نزیکەیی سرووشتی، کاردەکات. بۆ ئەوەی لە فەرمانە شاراوەکانی و کۆدەکانی بوونی و ئەو پێداویستییە نهێنییەی کە فەیلەسووفان بە 'ئایدۆلۆژیاکان' ناوزەدی دەکەن، تێبگەین، دەبێت پەچەی ڕوونی و ئاشکراو و پێدراوێتی لابەرین. تەنها ئەو وەختە ئێدی سەرنجی ئەو لۆژیکە سەیر و سەمەرە بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر ڕێکخراوەکەی دەدەین کە بێ‌بیرکردنەوە لە ژیانی ڕۆژانەماندا گوێڕایەڵیین. لەوانەیە هەست بکەین خۆمان بەرهەڵستی "کۆمەڵگە" و "ئەمری واقیع"ین: سەرەڕای ئەوە، بە شێوەیەکی پارادۆکس و لێکدژانە، بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیایەک زیندووبمێنێتەوە پێویست ناکات خەلک چالاکانە پشتگیری لێبکەن یان باوەڕیان پێی بێت. شتە گرنگ و بنچینەییەکە ئەوەیە خەڵک بێ‌باوەڕییەکەیان پێی دەرنەبڕن. بەلای ئەوانەوە بۆ ملکەچپێکردنی زۆرینە، هەموو ئەوەی گرنگە باوەڕییانە بەوەی ڕاستبێت کە زۆربەی ئەوانەی لە دەوریانن باوەڕییان پێیەتی. لەبەرئەوە ئایدۆلۆژیاکان لەسەر "باوەڕی بە باوەڕی ئەوانی دیکە" دەبووژێنەوە.

ڕەنگە بەرچاوترین نموونە ئەمە لە ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی پێشوودا بێت، کە تیایدا زۆربەی خەڵک بە تەواوتی باوەڕی بە ئایدۆلۆژیای سەردەست نەبوو. هاوڵاتییەکان بەم جۆرە بەهانەیان دەهێنایەوە و خۆیان قایل دەکرد: "باوەڕم بە حیزب [ـی کۆمۆنیست] نیە، بەڵام زۆرێک هەن، زۆر زیاتر لە هەژمار و بەهێزتر لە من و ئەوانەی وەک منن (و نەک هەر تەنیا بەڕێوەبەرانی حیزب) کە باوەڕیان پێیەتی، بۆیە منیش لە سەر هێڵەکە دەمێنمەوە." (لە ئێستادا وادەردەکەوێت کە لە ڕاستیدا تەنانەت زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی حیزبیش باوەڕی ڕاستەقینەیان نەبوو بە کۆمۆنیزم. زۆر بە قووڵی گوومانیان لەوە کەسانە بوو کە دەگەڕانەوە سەر ئیشەکانی دامەزرێنەرانی سۆسیالیزم و مارکس و ئەنگڵز.) لە کۆتاییدا ئەوەی کۆمەڵگەی پێکەوە ڕاگرتووە باوەڕێک بوو بەو ئەویترە وەهمیانەی کە گووایە باوەڕیان هەبووە، و بەمشیوەیە باوەڕەکەیان بەهێزکرد و گووڕیان داوەتێ.

ئەم لۆژیکەی باوەڕ بەسەر ئایدیا بژاردەدا جێبەجێ دەکرێت. لەوانەیە وا بیرنەکەینەوە کە بژرادەکانمان بێسنوورن، یا ئەوەی کە ئێمە بە تەواوەتی قابیلیەتی هەیە لە خەسڵەتگیرکردن  دیاریکردنی ئاڕاستەی ژیانمان و درووستکردنی خۆمان بەهەر شێوەیەک کە خۆمان بمانەوێت، بەڵکو ئێمە باوەڕ دەکەین کە کەسێکی تر باوەڕی بەم ئایدیایانە هەیە و بۆیە ئێمە بێ‌باوڕییەکەمان پێی دەرنابڕین. هەموو ئەوەی پێویستە بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیای بژاردە لە کۆمەڵگەی پاش-پیشەسازیدا وەها هێزێکی هەبێت، ئەوەیە خەڵک بێ‌باوەڕییەکانیان پێی بۆ خۆیان بهێڵنەوە.

لە پرۆسەی هەستی گوناهـ لەبارەی ئەوەی ئێمە کێین و بەردەوام کاربکەین بۆ ئەوەی خۆمان "بەرەوپێش بەرین"، ئێمە ئەو تێڕوانینەی زەروورە بۆ هێنانە ئارای هەر گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی لە دەست دەدەین. بە کارکردنی بێوچان لەسەر خۆ-گەشەپێدان وزە و توانایی بەشداریکردن لە هەرگۆڕانێکی کۆمەڵایەتی لە دەست دەدەین و بەردەوام هەست بە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی دەکەین بەوەی ئێمە بە جۆرێک شکست دەهێنین.

گەر بمانەوەێ ئەم دڵەڕاوکێیە بڕەوێنینەوە، دەبێت تێبگەین لە سەرەتاوە چۆن ڕوویدا و چۆن کار دەکات. هەروەها گەر بە هیوای گۆڕانی شێوەی کارکردی کۆمەڵگە بین، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە بەدیل و جێگرەوە هەیە بۆ ستەمکاری بژاردە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری دوایندا. لە جیاتی پیاهەڵدان بە بە بژاردە ئەقلانییەکاندا، دەبێت ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەوەی چۆن بژاردەکان زۆر جار لە ئاستی نەستدا هەڵدەبژێردرێن و چۆن کۆمەڵگە لە ئاستێکی زەبەندا کاریان تێدەکات.

لە سەردەمانی قەیرانی ئابوورییدا پرسگەلێکی دیکە سەرهەلدەدەن. چۆن لە بژاردە لە هەژمار نەهاتووی ئازادەوە بچینە سەر بژاردەی لەڕادەبەدەر سنووردار؟ چۆن لە باوەڕی بەوەی هەموو شتێک موومکینە بگوازینەوە بۆ باوەڕی بەوەی ئیتر هیچ شتێک موومکین نیە؟ چۆن دەتوانین ئەو بەڵێنە لەبیربکەین و ڕووبەڕووی واقیع ببینەوە؟ ئەم پرسیارانە دەمان‌بەنە دەووروخوولی لۆژیکی قورسی لەدەستدان[20]ـەوە. لە جیهانی گەشەسەندوودا، ئەم چەند دەیەی دوای وەهمی ئێستایەکی هەتاهەتایی درووستکردووە: ڕابردوو هیچ کێشە نیە، و داهاتووش هی خۆمانە درووستی بکەین. لە ناوەڕاستی ئەمەدا واقیعی لەدەستدان داخراوە و کوێربۆتەوە[21]. بڕیارەکان زیاتر قورستربوون بدرێن کاتێک یەکێک وەک سەروەری چارەنووسی خۆی و تەندرووستی خۆی و ئەوانەشی کە لە نزیکین، بۆ نموونە منداڵەکانی، سەیربکرێت. هەستی پەشیمانی بەهۆی بڕیارێک کە یەکێک داوێتی و ترس لە کردنی هەڵەیەکی دیکە، دەکرێت ببێتە شتێکی بەرگەنەگیراو. بۆ ئەوەی خۆ بەدووربگیرێت لە لەدەستدان و پەشیمانی و دڵەڕاوکێیەکی تەشەنەسەندوو، هەوڵی ئەوە دەدرێت ریسک و سەرکێشییەکان بگەینرێتە کەمترین ئاست یا بەلای کەمە وای لێبکرێت پێشبینی‌بکرێن. کۆمەڵگەیەک کە بە بژاردەدا هەوڵدەدات پشت بە ئایدیای ئەوە دەبەستێت کە ئێمە دەبێت بەر بە هەموو ریسکەکان بگرین یا لانی کەم پێشبینیان بکەین.

قەیران دەکرێت بە دەقیقی وەک ئەو چرکەساتە پێناسە بکرێت کە ئێمە کۆنترۆل و جڵەو لەدەست دەدەین – چرکەساتێک تیایدا ئەو جیهانەی دەیناسین تێکدەچێت و ڕووبەڕووی نەزانراو دەبینەوە. دەرئەنجامەکەی هەرچییەک بێت بۆ کۆمەڵگە و بۆ تاکەکەس، وەها قەیرانێک لەوانەیە چرکەساتێک بێت بۆ دووبارە-خەمڵاندنەوەی ئەوەی لە هەقیقەتدا جێی بایەخە. بۆ ئەوەی بپارێزیت دەبێت ئارەزوو بکەیت بە قوربانی – یاخود لانی کەم دوای بخەیت و بیخەیتە لاوە. تا ئەم دواییانە، کۆمەڵگەی بژاردە  ڕەواجی بە تێرکردنی ڕاستەوخۆ دەدا و فێری ئەوەی دەکردین لە هێچ شتێک نەسڵەمینەوە.

بەڵام تەنانەت لە ناوەڕاستی پرۆسەکەدا، خەڵکی سنووری نوێی قەدەغەیان درووستکردووە، بۆ ئەوەی ئارەزووەکانیان بە زیندوویی بهێڵنەوە: قەدەغەی نوێی تایبەت بە خۆیانیان داهێناوە بۆ ئەوەی ڕامی فشاری و پاڵپێوەنانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی چێژوەرگرن، بگرن. لەبەر ئەمەیە ناکۆکم لەگەڵ ئەو تیۆرسیانانەی کە پێیان وایە لە کۆمەڵگەیەکی بێ هیچ سنووربەندیەکدا دەژین. جیاوازییەک هەیە لە نێوان کۆمەڵگەیەک کە هیچ سنووربەندیەکی تیا نیە لەگەڵ ئایدۆلۆژیایەک کە وێنا و نەخشی کۆمەڵگەیەک دەکات کە بێ سنووربەندی بێت. لە کاتێکدا ئایدۆلۆژیای ئێستاکە، وەک ئەوەی لە میدیادا دەنوێردرێتەوە، کاری لەسەر بێسنووربەندی چێژ بینین کردووە، [بەڵام] تاکەکەس هێشتا لە تەقەلادایە لەگەڵ قەدەغەکانیدا.

ئیڤان کارامازۆڤی دیستۆڤیسکی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ‌دا، هۆکار بۆ ئەوە دەخاتەڕوو، گەر خودا نەبێت ئەوا هەموو شتێک ڕێپیدراوە. ژاک لاکانی دەروونشیکاری فەرەنسی ئەمەی پێچەوانە کردەوە بۆ "گەر خودا هەبێت، چیتر هیچ شتێک ڕێپێدراو نابێت"، بە واتای ئەوەی لەدەستدانی باوەڕ بە دەسەڵاتدارییەک کە کردەوەکانمان قەدەغە دەکات، دەرگا بەڕووی ئازادی ناکاتەوە بەڵکو سنووربەندی نوێ درووست دەکات. لەگەڵ ئایدۆلۆژیای بژاردەشدا ڕووبەڕووی هەموو پێچەوانەبوونەوە بووینەتەوە. ئەو بژاردە بێسنووربەندییانەی کە گوایە لە دەرهەق بە ژیانماندا هەمان بێت وەرچەرخاوەتە سەر قەدەغەکاری نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆکە ئەم سنووربەندییانە لە لایەن دەسەڵاتی دەرەکی وەک خێزان و مامۆستاوە ناسەپێنرێن بەسەرماندا بەڵکو ئێمە خۆمان سنووربەندییەکانی خۆمان درووست دەکەین.  و ئەم پیشەسازی ئامۆژگاری/گەشەپێدانی-خودە قەبەیە بەهەمان شێوە توانایی ئەوەمان پێدەبەخشن کە دیسان دەسەڵاتدارێتی زیاتر هەڵبژێرین کە دەتوانین مافی ئەوەیان پێببەخشین نوێنەرایەتی سنووردارکردنی بژاردەکانمان بکەن.

ئەم کتێبە پیشانی دەدات چەندێک ئایدلۆژیای بژرادە دەتونێت بە هەڵەماندا ببات کاتێک تاکەکە پڕ دەکات لە ئایدیای ئەوەی کە ئەو سەروەری تەواوەتی تەندرووست‌باشی و ئاڕاستەی ژیانی خۆیانن و چەندێک ئەم ئایدۆلۆژیایە شتێکی بچووک دەبەخشێت لە گۆڕانێکی توانراو لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە وەک گشتێک. چەندین ساتەوەخت هەن کە بژاردەی ئەقلانی بۆ تاکەکان بەردەستن؛ وهەروەها ساتەوەخت هەن کە ئەو بژاردانەی هەڵیاندەبژێرین نائەقلانین و هەندێ جاریش زیانبەخشن. بژاردە میکانیزمێکی بەهێزە لە دەستی خەڵکدا. لە کۆتایشدا ئەو بنچینەی هەر تەڤلیبوونێکی سیاسییە و پرۆسەیەکی سیاسییە بە گشتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک بە شان و باڵی بژرادەدا هەڵدەدرێت وەک دواهەمین و ئەوپەڕی ئامڕازێک لێوەی خەڵک بتوانن ژیانی تایبەتیانی پێ رەنگڕێژ بکەن، شتێکی زۆر کەم دەمێنێتەوە بۆ ڕەخنەی کۆمەڵایەتی. لە کاتێکدا لە کەڵکەڵەی بژاردە تاکەکەسییەکانمانداین، لەوانەیە زۆر جار شکست بێنین سەرنجی ئەوە بدەین کە هەر بە ئەستەم تاکەکەسین، بەڵكو لە ڕاستیدا زۆر بە چڕی لەژێر کاریگەریی ئەو کۆمەڵگەیەدان کە تیایدا دەژین.

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] self- help

[2] master

[3] choices

[4] task

[5] ناو کەوانەکان ناوی کتێبن

[6] Declutter

[7] Jenn ifer Niesslein, Practically Perfect in Every Way ( Putnam Adult, New York, 2007).

[8] http :/ /women .timesonline.co. uk/t o l/life_and_style/ women/the_ way_ we_live/article2467750 .ece.

[9] Finally Loving Yourself

[10] enjoyment

[11] Anorexia

[12] Bulimia

[13]  ئاماژەیە بۆ کتێبێکی تەریقەتیی ئاینی تاویی سەدەی سیانزدەهەمی وڵاتی چین. لەسەر هاوسەنگی ڕاگرتن و هتد.

[14] Financial Times (29 and 30 November 2008).

[15] The New York Times (28 November 2008).

[16] See Renata Salecl, On Anxiety (Routledge, London 2004).

[17] Sovereignty

[18] tyrannize

[19] Richard Sennett, The Fall of Public Man (Faber and Faber, London, 1986), pp. 337-8

[20] Loss

[21] occluded

 

 

 

سەرچاوە:  

پێشەکی کتێبی The Tyranny of Choice, Renata Salecl, 2010

(لە داهاتوودا کۆی وەڕگێڕانی کتێبەکە  بڵاودەکرێتەوە