A+    A-
(421) جار خوێندراوەتەوە

تەوەرى «ئیگۆ و سوپەرئیگۆ»ی فرۆید:

 

 

عەلى ئەحمەد

 

 

 

باسکردنی چەند پەرەگرافێکی سەرەتا بەشی سێ «ئیگۆ» و «سوپەرئیگۆ»

وەرگێڕانی ئێمە لە ڕوسییەوە تەنیا بۆ ئەم چەند پەرەگرافە بچووکەی لاپەڕەکە:

 

ئیگۆ و سوپەرئیگۆ (ئایدیاڵی ئیگۆ)

[گەر «ئیگۆ» تەنیا بەشێکی «ئید»، هەموارکراو لەژێر کاریگەری سیستەمی دەرککردن بووایە — تەنیا نوێنەری جیهانی دەرەکیی واقیعی لە دەرووندا بووایە، ئەوا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ ڕەوشێکی ئاسایی شتەکان دەبوو. وەلێ هێشتا شتێکی دیکە دەخرێتە سەر ئەمە.

لە شوێنانی دیکەدا ئەو مۆتیڤانە ڕوونکراونەتەوە کە ئێمەیان بێدارکردوونەتەوە بۆ ئەوەی لە «ئیگۆ»دا هەبوونی پلەیەکی دیکە — جیاکارییەک لە ناوەوەی «ئیگۆ»دا دابنێین و ناو لەم پلەیە بنێین «ئایدیاڵی ئیگۆ» [ئیگۆی ئایدیاڵی] یان «سوپەر-ئیگۆ». ئەم مۆتیڤانە بە تەواوی پاساودارن. فاکتێک، کە داوای ڕوونکردنەوە دەکات، بریتییە لەوەی کە ئەم بەشەی «ئیگۆ» کەمتر بەتوندوتۆڵی لەگەڵ ئاگاییدا بەستراوە.

لێرەدا لەسەر ئێمە پێویستە باسەکەمان کەمێک زیاتر فراوان بکەین. ئێمە توانیمان ئازارە نەخۆشییەکانی مێلانخۆلیا بە گریمانەیەک لێکبدەینەوە، کە ئوبێکتی لەدەستچوو دووبارە لە ناوەوەی ئیگۆدا دەگیرسێتەوە، واتە پەیوەستی ئوبێکت (object-cathexis) بەڕێگەی هاوشوناسبوونەوە دەگۆڕێت. بەڵام ئەو کاتە ئێمە بەتەواوی لە مانای پڕی ئەم پرۆسەیە تێنگەیشتبووین و نەمانزانی تاچەند گشتی و نمونەییە. درەنگتر تێگەیشتین کە ئەم جێگۆڕکێیە ڕۆڵێکی گەورە لە شێوەگرتنی «ئیگۆ»دا دەگێڕێت و بە شێوەیەکی بنچینەیی بەشداری دەکات لە بونیادنانی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن "تایبەتمەندی" وی].

ئەم پەرەگرافەی سەرەوە وەرگێڕانی یەکەم لاپەڕەی بەشی «ئیگۆ و سوپەرئیگۆ»ی پەرتووکەکەی فرۆیدە بە ناوی «ئیگۆ و ئید» (1923). دەکرێت وەرگێڕانێکی باشتر و ڕونتر بە هاومانا و هاوناوەڕۆک بۆ پەرەگرافی ناوبراو بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندییە پسپۆڕییەکەی دەروونشیکاری فرۆید بکرێت. ئەم نامیلکە بۆ زمانی کوردیش وەرگێڕاوە بە ناوی «من و ئەو» (لەلاین ناوەندی ئاوێر و گۆڤاری نما، چاپی دووەم (2020)). پێش هەموو شتێک دەمەوێت بێژم کە ئامانجی من لەم نووسینە باسکردنی چاپە کوردییە وەرگێڕاوەکە نیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا راستییەک هەیە وەکو فاکت دەبێت باسبکرێت: تەنانەت هەر لە سەرەتاوە نیوەی پێشەکییەکەی فرۆید قرتێنراوە، لە یەکەم لاپەڕەی (من و منی باڵا)ی وەرگێڕانە کوردییەکەدا نەک یەک، دوو، سێ... هەڵەکراوە، نەخێر، لێرەدا کێشەکە نەک تەنیا لەسەر هەڵەیە، بەڵکو جگە لە یەک-دوو وشە پەیوەندی بە فرۆیدەوە نیە، هەر نازانین باس چی دەکات. جگە لە ناونیشانەکە (من و منی باڵا)، هەرچەندە دەبووایە لەگەڵیدا (ئایدیاڵی ئیگۆ)ش بنووسرایە، وشەیەکی بەتەواوی ڕێکوپێک نایدۆزینەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ فرۆید. جگە لە کۆتایی پەرەگرافەکاندا هیچ (خاڵی) تێدا نیە. تەنانەت گەر لە پەرەگرافی ناوبرادا پەیڕەوی خاڵبەندیش بکرایە، هەر مانای نەدەبوو. لەم پەرەگرافەدا رێساکانی ڕێزمان بوونیان نیە. لە تەواوی پەرتووکەکەدا جگە لە چەند پەڕەیەکی سەرەتا بە دەگمەن لە ناوبەری ڕستەکاندا خاڵ دانراوە. بۆچی ئەم حاڵەتە رویداوە؟! پێدەچێت هەڵەی تەکنیکی بێت! گرفتێک لە سیستەمی کۆمپیوتەر و چاپدا ڕوویدابێت و هەموو وشە و ڕستەکانی دابێت بەسەر یەکتریدا و بێسەروبەری دروست کردبێت. من هیوام وایە هەڵەی تەکنیکی بێت. بەڵام، ئەگەر هەڵەکە بەهۆی تێکچوونی سیستەمی کۆمپیوتەر و چاپکردنەوە بێت، چۆن دەبێت بەڕێوەبەری چاپخانەیەک هەبێت پێی وابێت کە کولتووری وەرگێڕان لە وڵاتەکەیدا بەو ڕادەیە پاشاگەردانییە؟! لەگەڵ ئەوەشدا چاپخانەکە پەرپرسیاری رۆشنبیری و ئەخلاقی دەکەوێتە ئەستۆ. ئەبوایە رێگەیان نەدابایە پەرتووکی وا بکەوێتە بازاڕەوە و زیان بە پەرتووکە باشەکان بدات بەوەی کە بەرهەمی نوسراو و وەرگێڕاوی باش و خراپ لە تەنیشتی یەکتریدا دابنرێت. لە ئەنجامیشدا سەر لە خوێنەری کەم ئەزموونی دەروونشیکاری بشێوێنێت. هەر چۆن بێت، بە داخەوە، بەهۆی ئەو حاڵەتانەی باسمکرد، وەرگێڕانە کوردییەکەی ئەم پەرتووکە ئەوە هەڵناگرێت هیچی لەسەر بێژین، خۆنەخوازا ڕەخنەیبکەین. من هەر لێرەوە وازی لێدێنم و دەچمە سەر باسی گرنگی ئەو زاراوە و وشانەی کە فرۆید لەو چەند پەرەگرافە بچووکەدا قسەیان لەسەر دەکات.

لە خوارەوە من هەوڵدەدەم بە خێرایی ئاماژە بە گرنگی ئەو زاراوە و دەستەواژانە بدەم کە لەم لاپەرەدا ناویان هاتووە، وەکو (ئیگۆ، ئید، سوپەر-ئیگۆ، ئایدیاڵی ئیگۆ، ئاگایی، مێلانخۆلیا، ئوبێکتی لەدەستچوو، پەیوەستی ئوبێکت و هاوشوناسبوون). ئەوەی کە من لێرەدا باسی دەکەم، بە دڵنیایەوە ناتوانێت نەخشەی تەواو و سیستەمی دەروونشیکاری بخاتە ڕوو، بەڵام لانی کەم بە شێوەیەکی سەرەتای ڕوونکردنەوە لەسەر گەشەی دەروونشیکاری لە سیاقێکی مێژوویی و بە گشتی هەر دوو مۆدێلی دەروون لە سیستەمی دەروونشیکاری فرۆیدا دەدات، و لە کۆتایشدا ڕوونکردنەوە و زانیاریی لەسەر ئەو زاراوە گرنگانەی سەرەوە بەردەست دەخات.

کەواتە گرنگی نامیلکەی «ئیگۆ و ئید» (1923) فرۆید چییە؟ ئاسانترین و گشتیترین وەڵام ئەمەی خوارەوەیە: دابەشکارییەکی تازەی دەزگای دەروونە: ئیگۆ، ئید و سوپەر-ئیگۆ. واتە داهێنانی دوو زاراوەی تازە «ئیگۆ و ئید» بۆ تیۆری دەروونشیکاری. نامیلکەی "ئیگۆ و ئید" - بەرهەمهێنانێکی گرنگە، چونکە لەودا فرۆید وێنای سێنتێزی ئەو گریمانانە دەکات کە لە کاتی (ساڵانی 1920) پێشدەخرێن. لە سەرەتاوە ئەو دەیسەلمێنێت کە مۆدێلی پێشتری دابەشکاری دەروون بەسەر نائاگایی (unconscious)، پێشئاگایی (preconscious) و ئاگاییدا (conscious) [یان نەست] لەژێر ناوی «مۆدێلی تۆپۆگرافی (شوێنناسی) یەکەم»دا (دابەشکاری تۆپۆگرافی دەروون)، بەس نیە بۆ تیگەیشتن لە کارکردی دەروون و پێویستە فراوانبکرێتەوە. بۆیە فرۆید پێشنیازی دابەشکارییەکی تازەی دەروون بەسەر سێ بریکاردا دەکات: ئیگۆ، ئید و سوپەر-ئیگۆ — ئەم مۆدیلە بە ناوی «مۆدێلی تۆپۆگرافی دووەم» بەناوبانگە. ئەم دوو مۆدێلە هاودژی یەکتر نین، بە مانایەکی تر، تیۆری دووەم تیۆری یەکەم ڕەتناکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەر دوو تیۆرەکە یەکتری پڕدەکەنەوە و تێهەڵکێش دەبن. هەر دوو تیۆرییەکە باسی دەزگای دەروونی مرۆڤ دەکەن، بەڵام تیۆری دووەم بە هەندێ زارەوەی تازەوە تیۆری یەکەم دەوڵەمەندتر دەکات. واتە فرۆید وەسفی دیاردە دەروونییەکان لە گۆشە جیاوازەکانی بینینەوە دەکات. فرۆید ئیگۆ، ئید و سوپەر-ئیگۆ وەها دیاریدەکات کە هەموویان بتوانن بە شێوەی تایبەتمەندی خۆیان لە یەک کاتدا ببن بە ئاگایی و نائاگایی. تێگەی ئیگۆ (من) لە هەر لە سەرەتای کارەکانی فرۆیدەوە ئامادەی هەیە، لێ فرۆید ئەو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی مانا بە کەسێتی ئاگاییانە بدات. لە ساڵی (1923)وە فرۆید ئیگۆ وەکو «بریکاری ڕێکخەر»ی دیاردە دەروونییەکان وێنادەکات، کە پێویستە بەردەوام لەدەرەوە بە دوای هاوسەنگی و باڵانس لە نێوان داواکارییەکانی ئید — «دەفری پاڵنەرەکان» — و سوپەر-ئیگۆ بگەڕێت، واتە ئەو سوپەرئیگۆیەی کە پێشتر بە «بریکاری ڕەخنەیی» یان «ڕەخنەی ئاگایی» ناودەبرا. وەک چۆن لە زاراوەکانی مۆدێلی تۆپۆگرافی یەکەمدا، ئامانجی شیکاری پێکدێت لەوەی کە نائاگایی (نەست) بکرێت بە ئاگایی، لە زاراوەکانی مۆدێلی تۆپۆگرافی دووەمدا ئەم ئامانجە خۆی شێوەگرتوو دەکات وەکو: «لەو شوینەی کە ئیدی لێبێت، پێویستە ئیگۆشی لێببێت» (Wo Es war, soll Ich werden) [5. لاپەڕە 301].

زاراوەی «ئید - Id»، هەر وەکو فرۆیدیش لە پەراوێزی ئەم نامیلکەدا ئاماژەی بۆ کردووە، پێشتر نیچەی فەیلەسوف بەکاریهێناوە، ئینجا جیۆرج گرۆدێک لە کارەکەیدا «پەرتووکێک لەبارەی ئیدەوە» (1923) بەکاریهێناوە، کە پێش چەند هەفتەیەک لەوەی کە بەرهەمێنانەکەی فرۆید بەر ڕووناکی بکەوێت، بڵاوبووەتەوە. نیچە بەم زاراوەیە ئاماژە بۆ «... ئەو شتە دەکات لە ناوماندا کە کەسی نیە و بگرە پێویستییەکە و لە سروشتی ئەم بوونەوەرە خۆیدا ئامادەیی هەیە». ئەم زاراوەیە سەرنجی فرۆید ڕادەکیشێت و دەیەوێت لە رێگایەوە ئەو بیرۆکەیە ڕوونبکاتەوە کە گرۆدێک فراوانتری دەکات: «... ئەوەی ئێمە پێ دەڵێین ئیگۆی تایبەتیمان لە ژیاندا بەشێوەیەکی زۆر سست دەجوڵێتەوە و (...) هەندێ هێزی نەناسراو و بەدەر لە هەموو دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی ئێمە لە ناوماندا دەژیت»، کە ئەمە تەواو لەگەڵ قسەکردنی هەڕەمەکی نەخۆشەکاندا دەگونجێت. نەخۆشەکان دەڵێن: «ئەو لە من بەهێزتر بوو، لەپڕ دایگرتم و بەسەرمدا هات... هتد» [پاشکۆی پەرتووکەکە، لاپەڕە 178]. یەکێک لە کێشەکانی وەرگێڕانی چەمک یان زارەوەکان بۆ سەر زمانی دایک نەزانین و ئاگادارنەبوونە لە سەرچاوە و بنەرەتی ئەم چەمک و زاراوانە لە دەقە ئەسڵییەکەدا. بۆ نمونە، «لەبزی Es لە زمانی ئەڵمانییدا جێناوی نیشانەی ناکەسییە، واتە جێناوێکە بۆ دەستنیشانکردن و ئاماژە بۆ "ئەوە" دەکات، ئەو شتە... نەک ئەو کەسە. بۆیە وەرگێرانی ئید بۆ "ئەو" وەرگێڕانیکی زۆر دەقیق نیە و ئید وەک راناوی کەسی وەردەگرێت نەک ناکەسی، هەر بەو جۆرەی بە "الهو" کراوەتە عەرەبی» [1. پێشەکی وەرگێڕ، لاپەڕە ٢٠].

هەر وەکو لەسەرەوە وتمان، سوپەرئیگۆ (یان ئایدیالی ئیگۆ) بە بریکاری رەخنەیی دادەنرێت. یەکێک لە دەرکەوتەکانی نائاگایی بریتییە لە هەستی نائاگاییانەی گوناهـ (تاوانباری)، کە لای زۆرێک لە نیرۆتیکەکان (کەسی عوسابی) لە فۆرمی خۆ-سەرزەنشتکردنێکی زیاد و ئازاری ویژدانیدا سەرنجدەدرێت. فرۆید ڕیشەی ئەم هەستە نائاگاییە دەگەڕێنێتەوە بۆ بریکارێکی تایبەت، بریکارێک کە ئەو ناوی لێ دەنێت ئایدیاڵی ئیگۆ، و لەگەڵ ئیگۆدا شەڕ و پێکدادان دەکات. لە کارەکەیدا «سایکۆلۆجیای گرووپ و شیکاری ئیگۆ» (1921) فرۆید دەنووسێت: «لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووتردا بە دوای ئەو گریمانەدا چووین کە بریکارێک لە ئیگۆی ئێمەدا سەرهەڵدەدات کە رەنگە خۆی لە تەواوی ئیگۆ جیابکاتەوە و لەگەڵیدا بکەوێتە دژایەتییەوە. ئەم بریکارە بەهۆی ئەو وەزیفەی پێمانەوە لکاندووە بە (ئایدیاڵی ئیگۆ) ناومانهێناوە، هاوشێوەی خۆ کۆنترۆڵکردن، ویژدانی ئەخلاقی، سانسۆرکردنی خەونەکان و کاریگەری لەسەر چەپاندن» [3. لاپەرە 76]. وەک ئاشکرایە فرۆید لەم پەراگرافەی سەرەوەدا و پەرتووکەکە بە گشتی هێشتا زاراوەی «سوپەر-ئیگۆ»ی (یان منی باڵا) بەکارنەهێناوە. فرۆید بۆ ئەو بریکارەی کە سوبێکت ناچاردەکات کاری ئەخلاقی بنوێنێت سێ زاراوەی جیاواز بەکاردەهێنێت: ئیگۆی ئایدیاڵی (Ideal ego)، ئایدیاڵی ئیگۆ (Ego-ideal) و سوپەرئیگۆ (Super-ego). ئەو ئەم سێ زاراوە لەجیاتی یەکتر بەکاردەهێنێت و بە ئاشکرا جیاکاریان ناکات: زۆر جار دەستەواژەی (ئایدیاڵی ئیگۆ یان ئیگۆی ئایدیاڵی) بەکاردەهێنێت. [لە زمانی ڕوسییدا زۆر جار ئەم دوو زاراوە لەبری یەکتری دایدەنێن]. فرۆید بۆ یەکەم جار لە وتاری «دەربارەی نارسیسزم»دا (1914) هەر دوو تێگەی (ئایدیاڵی ئیگۆ و ئیگۆی ئایدیاڵی) بەکارهێناوە. ئەو لەوێدا دەنووسێت:" ئایدیاڵی مرۆڤ تەنیا جێگۆڕکێی نارسیسیزمی مناڵییە، ئەو کاتەی کە زارۆک لە خودی خۆیدا ئایدیاڵی دەبینی. بەڵام ژیژەک دەنووسێت: ژاک لاکان جیاکارییەکی ورد دەخاتە نێوان ئەم سێ زاراوەیەوە: ئیگۆی ئایدیاڵی نوێنەری وێنەی خەیاڵی و بەئایدیاڵبووی سوبێکتە (واتە بەو شێوەیەی کە حەزدەکەم هەبم، بەو جۆرەی کە حەزدەکەم ئەوانیتر بمبینن)، ئایدیاڵی ئیگۆ، ئەو بریکارەیە کە هەوڵدەدەم نیگا زەقەکەی بخەمە ژێر کاریگەری وێنەی ئیگۆی خۆمەوە، هەمان ئەویتری گەورە کە دەمخاتە ژێر چاودێرییەوە و ناچارم دەکات دەست لە باشترین شتی خۆم هەڵبگرم، ئەو ئایدیاڵەی کە هەوڵدەدەم بە دوایەوە بم و بیخەمە پراکتیکەوە، سوپەر-ئیگۆش هەمان بریکارە بە دیوە ڕقاوی و سادیستی و سزادەرەکەیدا [4. لاپەڕە ١٤٢].

بۆ ئەوەی باشتر لە ئایدیاڵی ئیگۆ لای فرۆید تێبگەین ئەم پرسیارە دەکەین: ڕیشەی ئەم دوو بریکارە — ئیگۆ و ئایدیاڵی ئیگۆ (یان سوپەر-ئیگۆ) کامەیە؟ فرۆید گەشە بە گریمانەیەک دەدات لەبارەی ئەوەی کە ئەوان لەناو پرۆسە هاوشوناسبوونەکاندا بنەڕەتیان بەستووە و لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێت دوو دەستە هاوشوناسبوون جیابکەینەوە. لە سەرەتای ژیانی زارۆکدا، کە فرۆید لە کارەکەی خۆیدا «سایکۆلۆجیای گرووپ و شیکاری ئیگۆ» پێشانیداوە، جیاکردنەوەی هاوشوناسبوون لە پەیوەستی ئوبێکت نەکردەیە، چونکە «خۆشویستنی ئوبێکت» هاوتایی «بوون بە ئەم ئوبێکتە»یە. بە مانایەکی تر، هاوشوناسبوونە سەرەتاییەکان هاوشوناسبوونی نارسیسین، کە لە کاتی ئەواندا بە پێی میکانیزمی ناوهاوێژی میلانخۆلی، ئوبێکتی سێکسی دێتە سەر ئیگۆ، «ئەمە رێگەمان دەدات بگەین بە بەرئەنجامێک کە خەسڵەتی ئیگۆ ئەنجامی نیشتنەوەی پەیوەستی ئوبێکتە وازلێهینراوەکانە، کە ئیگۆ مێژووی هەڵبژاردنی ئوبێکت لە خۆیدا جێدەکاتەوە» [5. لاپەڕە 306]. هەروەها فرۆید لە «ئیگۆ و ئید»دا دەنووسێت: «لە سەرەتاوە لە قۆناغی دەمی تاکەکەسدا، بە هیچ شێوەیە ناکرێت پەیوەستی ئوبێکت لە هاوشوناسبوون جیابکرێتەوە، (...) پەیوەستی ئوبێکت لە «ئید»ەوە دێت، کە بۆ ئەم "ئیدە" ئارەزووە ئیرۆتیکییەکان پێویستین» [7. لاپەڕە 115]. ئێمە لەم سیاقەدا دەستەواژەی "پەیوەستی ئوبێکت"مان بۆ زاراوە فرۆیدییەکە بە ئەڵمانی (Objektbesetzung) و بە ئینگلیزی (object-cathexis) داناوە، کە مەرج نیە مانای دەقیق و پڕاوپڕی زاراوەکەی فرۆید بدات بەدەستەوە. زاراوەی "cathexis" وشەیەکی گریکییە کە واتای (هەڵگرتن، لەخۆگرتن، گلدانەوە) دەدات. فرۆید پێیوایە، لە حاڵەتی مێلانخۆلیدا، سوبێکت توانای نیە لیبیدۆکەی لە ئوبێکتی لەدەستچووەوە بکشێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەگەڵی دانەبرێت و لەگەڵی بە گشتێک بمێنێیەوە، ئیگۆی کەسی مێلانخۆلیا لە فەنتازیاکانی خۆیدا ئەم ئوبێکتە قووتدەدات، ڕێگەی هاوشوناسبوونی نارسیسی هەڵدەبژێرێت. بە پێچەوانەی ئەمەوە، لە حاڵەتی ماتەمگێڕیدا (دڵتەنگی ئاسایی) سوبێکت توانای هەیە ئوبێکتی لەدەستچوو ڕەتبکاتەوە و ئاراستەی لیبیدۆ بگۆرێت، واتە پەیوەستی ئوبێکتی خۆشەویستراو یان ئارەزووکراو ئاراستەکەی بگۆڕێت بۆ ئوبێکتێکی دیکە. لە حاڵەتی مێلانخۆلیدا، سوبێکت ئوبێکتەکەی لەدەستچووە، بەڵام لیبیدۆی وی ئاراستەکەی نەگۆڕیوە بۆ سەر ئوبێکتی دیکە، بەڵکو ئوبێکتە لەدەستچووەکە بەڕێگەی پرۆسەی هاوشوناسبوونی نارسیسیی سوبێکتەوە خۆی دەگۆرێت بۆ سەر خودی ئیگۆی سوبێکت، لە ئەنجامدا ئیگۆ بۆ دوو ئیگۆ دابەش دەبێت، یەکێک لەم ئیگۆیانە سەرزەنشتی ئیگۆکەی دیکەی خۆی دەکات.

پرسی هاوشوناسبوونی نارسیسی، هەڵبژاردنی ئوبێکت و لەدەستچوونی ئوبێکت بابەتیکی فرەئاڵۆز و فرەڕەهەندی دەرونشیکاری فرۆیدە، کە فرۆید لە وتارە گرنگ و بنەڕەتییەکەیدا «ماتەم و میلانخۆلیا» (1917) و کەم تا زۆر لە بەرهەمەکانی دیکەیدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکات. لە دەروونشیکاری ژاک لاکانشدا مانای فراوانتر وەردەگرێت و ئاڵۆزتر دەبێت. فرۆید لە وتاری «ماتەم و میلانخۆلیا»دا لە کاتی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو مرۆڤەی کە لەدەستدراوە و بەهۆیەوە ئێمە دڵتەنگ دەبن، وشەی «ئوبێکت» دەنووسێت، نەوەکو «مرۆڤ». فرۆید دەنووسێت: «کەسی مێلانخۆلی خۆی ئاگای لەوە نیە کە چ شتیکی لەدەستداوە. ئەو دەزانێت کێی لەدەستداوە، بەڵام نازانێت چ شتێکی لە ئەودا لەدەستداوە. کەواتە، بۆ ئێمە سروشتی دەردەکەوێت کە میلانخۆلیا ببەستینەوە بە لەدەستدانی ئوبێکتەوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان نەگەیشتبێت بە ئاگایی، جیاواز لە ماتەمگێری، کە لە لەدستچوودا هیچ نائاگایییەک بوونی نیە» [157, ل. 157]. فرۆید لە پەرتووکی «سایکۆلۆجیای گرووپ و شیکاری ئیگۆ»دا ڕایدەگەیەنێت: «ئێمە هەتا ئێستا تەنیا لەو حاڵەتانە تێدەگەین کە تێیاندا ئوبێکت دوورکەوتووەتەوە و خۆی بە شایستەی خۆشەویستی نەزانیوە. پاشان ئوبێکت دووبارە لە ڕێگای هاوشوناسبوونەوە لەناو ئیگۆدا جێگیر دەبێت و ئیگۆئایدیاڵیش سەرزەنشتی دەکات. سەرزەنشتکاری و شەڕەنگێزی لەهەمبەر ئوبێکت لە شێوەی خۆسەرزەنشتکردنی مێلانخۆلی دەردەکەون» [3. لاپەڕە 120]. ژاک لاکان پێی وا بوو کە (ئوبێکتی a) داهێنانی خۆیەتی. لای لاکان، ئەمە ئوبێکتێکە کە تایبەتمەندی نووسینی وەرگرتووە بە یارمەتی هێمای یان پیتی «a». ئەم هێمایە «a» نەک یەکەم پیتی ئەلفبێ دەنوێنێتەوە، بەڵکو یەکەم پیتی وشەی (autre) فەرەنسی، واتە (ئەویتر) دەنوێنێتەوە. لە تیۆرە لاکانییەکەدا ئەویترێک هەیە کە بە پیتی بچووکی «a» دەنووسرێت، و ئەویتر «Autre» کە بە پیتی گەورەی (A) دەنووسرێت. ئەویتری گەورەیە، یەکێکە لە فیگۆرە مرۆڤگرەکان لە نەزمی ڕەمزی و دەسەڵاتی زنجیرەی دالەکاندا. هاوکات ئەویتری بچووک کە پیتەکەی «a»ـە ئوبێکتەکەمان دیاریدەکات، مانای کەسە نزیک و ئاشناکانمان، هاوتا-ئیگۆ دەدات. کەواتە داهێنانی "ئوبێکتی a" ئالیکاریمان دەکات گەلێک ئاریشە چارەسەربکەین، بەڵام بەتایبەتر وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: «ئەم ئەویترە کێیە؟ کەسە نزیکەکەم کێیە؟».

فرۆید بنەمایەکی رەخساند بۆ ئەوەی لاکان بتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: «ئەویتر کێیە؟» و چەمکی "ئوبێکتی a" دابهێنێت. ئەم ئەویترە، خۆشویتراوە کێیە، کەچی ئێستا بزربووە (لەدەستچووە)، کە من بەهۆیەوە دڵتەنگم؟ فرۆید ناوی لێدەنێت «ئوبێکت»، لاکانیش لای خۆیەوە ناوی لێدەنێت «ئوبێکتی a». لاکان دانیپێدادەنێت و دەبێژێت: « «ماتەم و مێلانخۆلیا»م خوێندەوە، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی، من بەهۆی ئەو تێکستەوە ئوبێکتی a بدۆزمەوە» [8. لاپەڕە81]. ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەویتری لەدەستچوو بە "ئوبێکتی a" ناودەبرێت، بەڵکو مانای ئەوەیە کە "ئوبێکتی a" وەڵامی پرسیاری «ئەویتر کێیە؟» دەداتەوە. بەڵام ئایا بۆ ئەو کەسەی ئەم پرسیارە دەکات وەڵامی دەستدەکەوێت؟ ئەمە پرسیارێکی ترە و هاوکێشەکەی لاکان ئاڵۆزترە. ژیژەک بەشی زۆری پەرتووکەکەی «چۆن لاکان بخوێنینەوە؟» تەرخانکردووە بۆ فرەلایەنی و ئاڵۆزی "ئوبێکتی بچووکی a". ئەو "ئوبێکتی a" وەکو "ریاڵ" سەیردەکات، واتە "ڕیاڵ" وەک ئەو «نازانم چی»یە ڕازئامێزە، ئەو «شتە» درکنەکراوی کە دەبێتە هۆی ئەوە ئوبێکتی ئاسیایی ببێتە ئوبیکتێکی باڵا [4. لاپەڕە 118]. خوان داڤید نازیۆی دەروونشیکار دەبێژێت: «پیتی «a» ڕێگەی ناولێنانی ئاڵۆزییە; ئەو شوێنی وەڵامی نائامادەبوو دەگرێت» [8. لاپەڕە 82]. لەسەر ڕاڤەکارییەکەی ئەم دەروونشیکارە بۆ پرسیاری «ئەویتر کێیە؟» بەردەوام دەبین: ئەگەر ئێمە سەیری سێ وەڵامی پرسیاری «ئەویتر کێیە؟» بکەین، ئەوا ئێژین: ئەویتر، کە من خۆشمدەوێت وێنەی خودی منە کە خۆشمدەوێت. ئەویتر، کە خۆشمدەوێت، جەستەیەکە کە بەردەوامی دەدات بە جەستەی من. ئەویتر، کە من خۆشمدەوێت تایبەتمەندی و روخسارێکی دووبارەبووەیە، کە من لەگەڵیدا هاوشوناسبوون ئەنجامدەدەم. بەڵام لە هیچ کام لەم وەڵامانەدا — یەکەم، خەیاڵی (ئەویتر وەکو وێنە)، دووەم، فەنتازیی (ئەویتر وەکو جەستە)، سێیەم، ڕەمزی (ئەویتر خۆشویستراو وەکو ئەو تایبەتمەندییەی، کە تێیدا مێژوو کۆبووەتەوە، وەکو نوێنەری گشتێتی ئەزموونی ڕابردوو)، — ناوەرۆکی مرۆڤ ئاشکرانابێت [8. لاپەڕە 82-84]. لە کۆتایدا ئێمە نازانین، ئەو ئەویترە هەڵبژێراوە کێیە. بەدەقیقی لێرەدا ئوبێکتی a لە شوێنی وەڵامی نائامادەبوودا سەرهەڵدەدات.

 

 

 

سەرچاوەکان:

1- زیگمۆند فرۆید. هێڵە گشتییەکانی دەروونشیکاری. وەرگێڕانی وەلید عومەر. چاپخانە: ڕەهەند، سلێمانی،— 2020. 205 ل.

2- سیگمۆند فرۆید. ڕامان لە سەروەختەکانی جەنگ و مەرگ. وەرگێڕانی ئارام حەجی. ماڵی سوهرەوەردی و ناوەندی غەزەلنوس، سلێمانی،— 2015. 235 ل.

3- سیگمۆند فرۆید. دەروونناسی گرووپ و شیکاری ئیگۆ. وەرگێڕانی خدر رەسوول. جاپخانە: ناوەندی ڕەهەند، سلێمانی، 2019. 142 ل.

4- سلاڤۆی ژیژەک. چۆن لاکان بخوێنینەوە. وەرگێڕانی: وەلید عومەر. چاپخانەی سەردەم، سلێمانی، 2014. 213 ل.

5- Кинодо Ж.-М. Читая Фрейда: изучение трудов Фрейда в хронологической перспективе/ Пер. с фр. О. Я. Журавлева — М.: «Когито-Центр», 2012. — 416 с.

6- Фрейд З. Влечения и их судьба. — М:. ЗАО Изд-во ЭКСМО-Пресс, 1999,— 432 с. (Серия «Антология мудрости»).

7- Фрейд З. «Я» и «Оно»: сборник/ Пер. с нем. — СПб. : Азбука, Азбука-Аттикус, 2014, — 288 с.

8- Хуан-Давид Назио. Пять уроков по теории Жака Лакана. Пер. с фр. Инна Кушнарёва — М.: Институт общегуманитврных исследований, 2014— 176 с.