چییەتی و خەسڵەتەکانی مرۆڤی باڵا
هیدایەتی عەلەوی تەبار, سەییدە ئازادە ئیمامی
و. وریا ئەحمەد
''باشتر وایە بپرسین مرۆڤیباڵا چییە، نەک کێیە؟ داخۆ مرۆڤی باڵا بنیادەمە؟ هێمایە بۆ کەسێکی دیاریکراو یان نەوەیەکەو لەداهاتوودا دێن؟ یانژی جۆرو ڕەگەزێکی بایۆلۆژیی پەرەسەندوو و جیاوازە؟ یاخۆ تەنها چەمکێکی تەجریدیو ئەبستراکەو ئاماژەیە بۆ فەزیڵەتو ئەدگارە باڵاکانی گرۆی ئادەمیزاد؟ بەهەق مرۆڤی باڵا چییە، کە نیچە لێی ڕادەبێنێت کاری نەکردە بکات؟''
خەسڵەتەکانی مرۆڤی باڵا
١. ئازادی
ئازادی، گرنگترین خەسڵەتی مرۆڤی باڵایە. هەڵبەت ئازادی لێرەدا، بەمانای پێناسە باو وبەنێوبانگەکەی دونیای مۆدێرن بۆ ئازادی نایەت، هەروەتر، بەمانای ئەو ئازادییەش نایەت، کە لەسەر بنەمای ڕووانگەی لیبراڵ، ڕۆنراوە. لەڕاڤەی ئەم چەمکەشدا، نیچە ڕێگای خۆی لە بیرمەندان و خەڵکانی هاوسەردەمی جیادەکاتەوە. ئازادیی مرۆڤی باڵا، واتا نەفیی هەژموونی نەیار و ئەویتر، واتا خۆ سەلماندن و گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆت، بەچەشنێک جێ پەنجەت بەسەر ژیانەوە دیاربێت، واتا ئافەراندنی چارەنووسی خۆت، واتا لە نواندنی (کردار)دا، بە زەبرو بەهێز بیت، نەوەک لە نواندنی (پەچەکردار)دا. ئازادیی مرۆڤی باڵا، بەمانای یاخیبوون لە بەهاکانی ڕۆژگارو خۆڕزگاردن لە ڕەشمەی پێودانگی ئەوانیتر دێت، واتە، تەنانەت دەشێت ''مرۆڤی ئازاد، مرۆڤێکی نائەخلاقی بێت، ئاخر لە گشت بوارەکاندا پشت بەخۆی دەبەستێت، نەک نەریت.''(نیچە، ٢٠٠١: ٣٩). وی، سەودای ئەوەی لەسەردایە، نەک تەنیا سەروەری خۆی، بەڵکوو سەروەری ئەوانیتریش بێت. ئەو مانایەی تا هەنووکە بۆ ئازادی داتاشراوە، لەفەرهەنگی مرۆڤی باڵادا ئاوەژوو دەکرێت؛ ئازادی لەفەرهەنگی مرۆڤی باڵادا، بەمانای ئەو جەبرە گەردوونییە نایەت، کە ڕەواقییەکان و سپینۆزا مەبەستییان بوو؛ بەمانای شوێنکەوتنی بێ چەندوچوونی فەرمانی عەقڵیش نایەت، وەک کانت پێیوابوو؛ هەروەتر، بەمانای ڕزگارکردنی ڕۆح لەچنگی لەش، یان ڕزگارکردنی هزر لەدەست غەریزە نایەت، وەک سوکرات بانگەوازی بۆ دەکرد. ئازادی لەدیدی مرۆڤی باڵاوە، بە واتای بەسووکسەیرکردنی لەشو نەفی هەموو خواستە غەریزییەکانیش نایەت، بەڵکو دەبێت لەش و خواستە باوەکانی بەرز بنرخێنرێن. لەڕێگەی سەرنگوونکردنی بەهاکانی ئێستا و ئافەراندنی بەهای تازەوە، کارئاسانی بۆ نرخاندنی جەستەو خواستە باوەکانی دەکرێتو دەرفەت دەدرێت، پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان بەدەستبهێننەوە. ئەو ئازادییەی، مرۆڤى باڵا چاوی لێیەتی، واتە پابەندبوون بە بەرپرسیارییەتی لەئاست ڕەوتارەکانی خود، واتە پاراستنی ئەو مەودایەی، کە وی لە ئەوانیتر جیادەکاتەوە، واتە بێباکی دەرهەق بە سەختی و دژوارییەکانی ژیان، واتە قووربانیدان بەهەموو تشتێک، تەنانەت بە خەڵکیش، لەپێناو ئامانجە باڵاکانی خۆدا، تەنانەت گەر پێوستبکات، دەبێت خودی خۆشت بکەیت بە قووربانی. ئازادیی لەدیدی مرۆڤى باڵادا، بەو مانایە دێت، ئەو غەریزە شاد و تژی لەجۆشوخرۆشەی، پیاوان لەدەمی جەنگدا ئەزموونیدەکەن، بەسەر غەریزەکانی دیکەی وەک غەریزەی خواستنی بەختەوەری و ئاسوودەییدا، باڵادەست بێت. بۆ گەیشتن بەم جۆرە ئازادییە، هەمیشە جۆرە بەرەنگارییەک لەسەر ڕێگەدا بوونی هەیە، کە دەبێت تێپەڕێنرێت؛ هەربۆیە ئەم ئازادییە بە پێودانگی ئەو بەرەنگارییە دەپێوردرێت، کە دەبێت تێیپەڕێنین: ''لەو شوێنەی کە باڵاترین جۆری بەرەنگاری بۆ تێپەڕاندن بوونی هەیە، دەبێت بەدوای باڵاترین جۆری ئازادیی مرۆڤی ئازاددا بگەڕێین.''(نیچە، ٢٠٠٨: ١٤١).
٢. ئافەراندنی بەهای نوێو نەریتی تازە
بنەمای ئافەراندنو ئیرادەی پەیوەست بە کردار، دیارترین تاییبەتمەندیی مرۆڤی باڵایە، کە وی لە گرۆی ڕەگەزە بەرزەکان جیادەکاتەوەو، پلەیەکی بەرزتری پێدەبەخشێت؛ هەر ئەوەی نیچە بە نێهیلیزمی چالاک(active nihilism) ناوی دەبات. لەدیدی مرۆڤیباڵادا، بەهاو نەریتەکانی سەردەم، هێندە لەرزۆکو بێکاریگەرن، کەڵکی ئەوەیان نییە، لە هێنانە ئارای گۆڕانکاری ئەرێنیدا، پشتیان پێببەسترێت. لێرەوە، خودی مرۆڤی باڵا دەستبەکار دەبێت و ئامانج و بەهاکانی خودی خۆی دەئافەرێنێت، هەروەتر ڕەندیی خۆی دەسەلمێنێت و فەزیڵەتەکانی خۆی دەخووڵقێنێت: '' ڕەندی و فەزیڵەتەکان، خودی خۆتانن و، تشتێکی نامۆ نییە پێتان، نە پێستێکە و نە توێژاڵێک، ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە وا لەقووڵایی ڕۆحتاندایە.''(نیچە، ٢٠١٠: ١٠٧). مرۆڤی باڵا لەدیدی نیچەدا، چەندێک دڵخوازو پەسەندە، هێندەش بەرپرسیارییەتی لەئەستۆدایە؛ پەیامی وی ئەوەیە، مانا بە زەمین و زەمان و ژیان ببەخشێت و، ئادەمیزاد لە بەرەهووتی پووچی ڕزگاربکات. پەڕاندنەوەی ئادەمیزاد لەم دۆڵی سەرگەردانییە، هێندە کارێکی دژوارە، هیمەتێکی هاوتای هیمەتی مرۆڤی باڵای گەرەکە؛ هیمەتێکی پۆڵایین و ئیرادەیەکی تۆکمە، کە بتوانێت پەڕەی بێمانایی ژیان دابخات و پەڕەیەکی نوێی تژی لە ئامانجی دڵڕفێن، بکاتەوە. هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە، ''مانا'' لە کونجێکدا شاردرابێتەوە و، مرۆڤی باڵا بێتو پەیدایبکات، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە، ئەرکی وی هەر لەبنەڕەتەوە ''مانابەخشینە'' بەژیان. ''ئەوە داهێنەر(ئافەرێنەر)ە، کە ئامانج بۆ مرۆڤ دەخوڵقێنێت و، ماناو ئاییندە بە زەوی دەبەخشێت.''(نیچە، ٢٠١٠: ٢١٣)، ئەو، لەڕێگەی بەبارهێنانی بارگۆڕانی مەزن و ئافەراندنی بەهای ئاوەژووەوە، بەم کارە هەڵدەستێت و، ''تەنیا ئەو کەسە دەتوانێت گۆڕانکاری بەباربێنێت، کە بتوانێت هەست بەوە بکات فڵان یان فیسار شت، باش نییە''(نیچە، ٢٠١٠، ٢٣٥). هەر ئەم کەسە، دەتوانێت فەزیڵەت و بەها ئاساییەکان تێپەڕێنێت و، هەر ئەوە، دەتوانێت بەگوێرەی بەهاکانی خۆی، ''چاکە''و ''خراپە'' لەیەکدی جیابکاتەوەو بەپێی ئامانجە باڵاکانی خۆی، پێگەی هەر پرسو بابەتێک پێناسەو دیارییبکات. ئاخر ''هیچ کەسێک نازانێت چاکەو خراپە چییە، مەگەر ئافەرێنەر! هەر ئەوە وا لە شتێک دەکات ببێت بە چاکە یان بە خراپە.''(نیچە، ٢٠١٠: ٢١٣). هەڵبەت لەبنەڕەتەوە هیچ شتێک خۆبەخۆ، ئەرێنی یان نەرێنیو باش یان خراپ نییە. ''چاکە''و ''خراپە''، دوو جۆرە وەسفن بۆ لێکەوتەی کاروبارەکان لەپێوەندیدا بە ئامانجە بەرزەکان، پێودانەگەکانی داهێنان و زیادبوونی هێزی مرۆڤی باڵاوە؛ بەواتایەکی تر، ئەوی دەستەبەری زیادبوونی هێزی وی بکات، لە لیستی بەهاکانی ئەودا ''لەوحە نوێیەکان''، وەک چاکە جێکەوت دەکرێت، ئەگەرنا هیچ ئەرزشو گرنگییەکی نابێت: ['' هەر شتێک زیانی بۆ من هەبێت، لەبنەڕەتەوە زیانبارە.''، بەمجۆرە بەخۆیدا هەڵدەڵێت و خۆی بە داهێنەری بەهاکان دەزانێت](نیچە، ٢٠١٠: ٢١٢). لەچێوەی ئەم دەربڕینەدا، پرەنسیپی خۆهەڵنان و خۆپەسندان بوونی هەیە، کە بەئاشکرا پێچەوانەو دژی هەموو ئەو مۆژیارییانەیە، خود نەفیدەکەن. بۆنموونە، نکۆڵیکردن و نەفیى خود، ناواخنی پەیامی مەسیح پێکدەهێنێت: '' ئەوی دەخوازێت وە دوام بکەوێت، ئەوی هەڵوەدای منە، دەبێت نکۆڵی لە نەفسی خۆی بکات''(ئینجیلی مەرقەس، بابی ٨، ئایەتی ٣٤). لەبەرانبەر ئەمەدا، زەردەشت وەها دەپەیڤێت: '' پێویستم بە هاوڕێیانێکە، هاوڕێیانێکی زیندوو، نەک هاوڕێیانێکی مردوو ولاشەگەلێک، کە بۆ هەرکوێ بخوازم، پەلکێشیان بکەم. پێویستم بە هاوڕێیانێکی زیندووی وایە، کە پەیڕەویم لێبکەن، ئاخر دەیانەوێت پەیڕەوی لەخۆیان بکەنو من ڕوو لەهەرکوێ بکەم، ئەوانیش ڕوو لەوێ دەکەن''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٢) و، ئەوی پەیڕەوی لەخۆی بکات، خۆی دەئافەرێنێت و بەهای شایستەو نوێ، لەسەر ''لەوحە نوێیەکان'' دەنووسێتەوە. ''ئەوی پەیڕەوی خۆی بێت، چیتر پەیڕەوی خودا نابێت، ئەوی هەڵوەدای خۆی بێت، چیتر هەڵوەدای خودا نابێت، ئەمەش واتە پەراوێزخستنی ئەو دەستوورو فەرمایشتانەی، لەلایەن خوداوە، لەسەر لەوحە دێرینەکان هەڵکۆڵراوە و، بۆ موسا دابەزێنراوە، تاوەکو بەسەر گرۆی ئادەمیزاددا جێبەجێیبکات.''(سوفرن، ١٩٩٧: ١١٤-١١٥). مرۆڤیباڵا، وەها لە هەستی خۆپەسەندی و سەرمەستیی تژییە، نیازی بە پێداهەڵگووتن و پێشوازیی ئەوانیتر نییە. هەر ئەوەندە بەسە، کە خۆی ڕێزو حورمەتی خۆی دەگرێت و، لەچێوەی ڕێز لەخۆ گرتندا، بەهاکانی خۆی دەئافەرێنێت. بەهاکانی وی، بەنێو بەرینی و دەوڵەمەندیی نەفسی ئەودا، ڕەگو ڕیشەیان داکوتاوە؛ بەهاگەلی وەک ''هێز''، ''سەرسەختی''، ''خۆ بەگەورە بینین''، ''شادمانی''، ''غروور''، ''دلێری''، ''سەرکەشی''و... ''ئەو، پیشاندەری شکۆمەندانەترین جۆری خۆپەسەندییە، خۆپەسەندی ڕۆحی داهێنەر، هاوتەراز بەوەی، زەردەشت بە (مرۆڤی دیۆنیسیۆسی)ی ناوی دەبات.''(Sedgwick, 2009: 111). بەگشتی، هەموو ئەمانە، ڕستێک تاییبەتمەندین، کە مرۆڤی باڵا بەپشت بەستن پێیان، دەتوانێت بە پێگەو مەقامێکی وا بگات، بە خەیاڵی ئاسوودەوە، ''بەڵێ'' بۆ ژیان بکاتو بەتامەزرۆییەوە، تووند لەباوەشی بگرێت، ئەویدەم، بەبێ هیچ ترسو نیگەرانییەک، لەقووڵایی وجوودییەوە، پێشوازیی لە ''گەڕانەوەی هەمیشەیی'' دەکات. بەهەق مرۆڤی باڵا، نوێنەرایەتی ''بەڵێکردن بۆ ژیان''و ''تامەزرۆیی بۆ چارەنووس'' دەکات. جۆشوخرۆشی عاشقانەی مرۆڤی باڵا دەرهەق بە بوون، پەسەندکردنی موتڵەقی ژیانی لێدەکەوێتەوە؛ بەڵێکردنێکی ڕەها بۆ ژیان، وتنی ''بەڵێ"ییەکی تەواو بۆ سەراپای واقعییەت. وەلێ ئەگەر هاوزەمان، ''ئیرادەی پەیوەست بە کردار''ی وی لەبەرچاوبگرین، ئەویدەم دەڵێین، مرۆڤی باڵا ئەو کەسە نییە، واقیع هەر بەو جۆرەی کە هەیە، قبووڵبکاتو ملی بۆ بداتو، چەشنی ''وشتر''ێکی گوێڕایەڵ، شان بداتە ژێری؛ بەپێچەوانەوە، مرۆڤی باڵا، ئیرادەی خۆی بەسەر واقیعدا دەسەپێنێت و، بەدڵخوازی خۆی، دەستکاری واقیع دەکاتو ڕەشمەی لەمل دەکات، چەشنی براوەی جەنگ، سواری دەبێتو، دەستەواژەی ''تۆ دەبێت'' دەسڕێتەوەو دەستەواژەی ''من دەمەوێت'' لەبری وی جێکەوتدەکاتو بەمەش، واقیع لەئاست کرداری ئازادی ئەودا، ملکەچ دەبێت. گرتنەبەری وەها ڕێوشوێنێک لەئاست واقیعدا، ژیان بۆ باخێکی دڵخوازو دڵڕفێن دەگۆڕێت، ژیانێک، کە دەرکەوتنەوەو دووبارەبوونەوەی، مرۆ بێزار ناکات. گرتنەبەری ئەم جۆرە ڕێوشوێنە، لەئاست هەرچ چەشنە کارو هەڵبژاردنێکدا، ژیانێکی وا بەباردێنێت، وێناکردنی ئەوەی کە بێ ئەندازە دووبارە دەبێتەوە، نەوەک هەر نابێتە مایەی وەڕسی و بێزاری، بەڵکوو وەک خەونێکی شیرین دەردەکەوێت و، خواستنی ئەم چەشنە ژیانە، وەک هەڵپەیەکی هەمیشە برسی، هیچ کات دانامرکێتەوە. ڕاستی ئەوەیە، مرۆڤی باڵا کە دەزانێت، تەنانەت وردترین ڕەوتاری، بەشێوەیەکی جاویدانە دووبارە دەبێتەوەو، گچکەترین هەڵبژاردنی، وەک تەوژمێکی ئەبەدیی، ئاسۆیەکی ناکۆتا داگیردەکات، هەربۆیە، هێندە ورد و سەختگیرانە ڕێگای خۆی هەڵدەبژێرێت و، بەچەشنێک بەپێودانگی حیکمەت و ژیری چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، لەو سەرەوە بایی ئەوە بەهاو نرخیان دەبێت، کە تا ناکۆتا دووبارە ببنەوە. بەم جۆرە مرۆڤی باڵا، وەها ڕێوشوێنێک، وەک یاسایەکی دانراوی دەستی خۆی، دەکات بە بنەمای هەموو هەنگاوەکانی و، بەبێ ئەم یاسایەش، هیچ کارێک ناکاتو هیچ بڕیارێک نادات. بەڵێکردنی مرۆڤیباڵا، بۆ ئەم ''گەڕانەوە هەمیشەییە''، لە ئیرادە و هێزەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک بەرئەنجامی پەچەکردارێک بووبێت.
مرۆڤی باڵای نیچە، لەپێناو پشتبەستن بە میتافیزیک، ڕوو لەم دونیا وەرناگێڕێت و هەمیشە زەوی بە ڕووگەی خۆی دەزانێت، ئاخر: '' مرۆڤی باڵا مانای زەوییە... سەروەختێک گوناە بەرامبەر بە خودا، گەورەترین کوفر بوو، وەلێ خودا مرد و لەگەڵیشیدا هەموو ئەم گوناهبارانە مردن. ئەمێستاکە گەورەترین کوفر، ئەو گوناهەیە دەرهەق بە زەوی دەکرێت.''(نیچە، ٢٠١٠: ٢٢). ئەو، مانای پرسێکی نوێ هەڵدەهێنێت و پەسنی بەهاگەلی تازە دەدات، ئاخر دەخوازێت خۆی ببێت بە پرسێکی نوێ.(نیچە، ٢٠١٠: ١٩٩). ڕاستی ئەوەیە، بەهاگەلێک کە مرۆڤی باڵا دایاندەهێنێت، نەک تەنیا ئاوەژوون، بەڵکوو لەسەرچاوەیەکی جیاوازیشەوە هەڵقووڵاون؛ بەهاکانی مرۆڤی باڵا، نە لە ئاسمانی مەسیحدا دەدۆزرێنەوە و، نە لە جییهانە نموونەیەکەی ئەفلاتوونیشدا، پەیدادەبن. ئەم نەمامە تازە باڵاگرتووە(بەهاکانی مرۆڤیباڵا)، ڕەگوڕیشەی لەدڵی خاکدایە. ئافەراندنی بەهاگەلێک، کە بنەمای مرۆییانەی هەبێتو زەوی زێدی بێت، خاڵی جیاکەرەوەی نێوان مرۆڤی باڵاو خودایە. هەڵبەت، بەهاکانی مرۆڤی باڵا، لەهیچەوە هەڵنەتۆقیوون و کەموزۆر پەیوەندییان بە ڕابردووەوە هەیە. وەک لە ناواخنی ئەندێشەی نیچەدا دیارە، ئەم بەهایانە، لەبەرگیراوەی بەهاو ئەدگارە باڵاکانی یۆنانی کۆن، پاڵەوانانی هۆمیرۆسیی، ڤاکینگەکانی سکەندیناڤیا، هونەرمەندانی چاخی ڕێنسیانسی ئیتاڵیا، ئەشرافزادەکانی ڕۆما، عەرەب، ئەڵمانیا، ژاپۆن و هاوتاکانییانە.(اسپینکز، ٢٠٠٩: ١٥٣). ڕوونتر بدوێین، مرۆڤی باڵا، پۆشاکێکی نوێ بە بەر ئەشرافسالاریی دێریندا دەدوورێت.
٣. وێرانبوونی بەها کۆنەکان
داهێنان یان ئافەراندن، بەناچاریی نیازمەندی ڕستێک ڕێوشوێنە؛ ئەگەرچی ڕێوشوێنەکان، هێندەی خودی کردەی داهێنان گرنگ نین، وەلێ وەک هەنگاوەی پێشوەختە بۆ چرکەساتی داهێنان، دێنەئەژماردن. ئەم ڕێوشوێنانەش، هەر هەمان داڕووخانو وێرانکردنی بەها کۆنەکانە، ئەوی وەک کۆتوپێوەند لەلاقی مرۆڤە هەڵبژاردەکان گیربووەو دیل و یەخسیری کردوون.
ئەوی گیانی ئازادە، مەلی ئەندێشەی لەسەر لقی درەختە ڕزیوەکانی ڕۆژگار ئۆقرە ناگرێت و، بێجگە لە ئاسمانی بێ بن، بەهیچ ناسرەوێت. بە کەسێک دەوترێت گیانى ئازاد، کە ئەندێشەی لەقەفەسی ژینگەی باو، پێگەی کۆمەڵایەتی، پیشە، باوەڕە باوەکانی سەردەمو رەگوڕیشەی نەژادییدا دیل ناکرێت. ڕاستی ئەوەیە، لە ناواخنی بوونی گیانی ئازاددا، گرنگ نییە ئەندێشەکانی تا چەندێک دروستبن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، کە وی کارێکی مەزنی ئەنجامداوە، ئەو خۆی لەچنگی نەریتە باوەکان ڕزگارکردووە.(نیچە، ٢٠٠٦: ١٩٢-١٩١). نەریتەکان، سرووتەکان، ڕێوڕەسمەکان، بەهاکانو بەگشتی ''هەموو ئەوانەی لەڕابردوودا ڕێزیان لێگیراوە و بەرز نرخێنراون''، بۆ نموونە وەک ''پیرۆزکردنی ئەو زێدەی، تێیدا گەشەیان کردووە''، ''نرخاندنی ئەو دەستەی، ڕێنوینی کردوون''، ''ڕێزگرتن لەو شوێنە پیرۆزەی، تێیدا فێری پەرستش کراون''، گشت ئەم نەریتانە، ئادەمیزادەکان دیل و یەخسیر دەکەن. تەنانەت یادەوەری ڕابردووش، ئەوان داگیردەکات و ''هەستی بەرپرسیارییەتی''ییان تێدا دەورووژێنێت. وەلێ گیانى ئازاد، بە شکاندنی ئەم کۆتوپێوەندانە و خۆرزگارکردن لەچنگ ئەم زنجیرانە، بەدەست دێت؛ گیانی ئازاد، خواستنی ئەو سەرکێشییەیە، کە چون زەمینلەرزەیەکی وێرانکەر، پایەکانی ئەم نەریتە کۆنانە دەرووخێنێت و سەودای ئەوە لەسەری بنیادەمدا دەچێنێت، کە بەهەرچ نرخێک بووە، دەبێت ئەم بەهایانە تێپەڕێنرێت. گیانی ئازاد، واتە سووککردنی ''ئەرکو پیشە''، واتە بێزهاتنەوە لەو شتەی، تا هەنووکە لەئاستیدا، عیشق نوێنراوە و، ''ئەتککردن''ی ئەو شتەی، ڕێزی لێگیراوە. ئەوی لافی گیانی ئازاد لێدەدات، دەبێت ''بە هەڵەداوانو بەسنگەخشێ، لەڕووی بنجکۆڵیو فزووڵییەتەوە، بەرەو قەدەغەترینی کارەکان ملبنێت'' و، ڕوو بۆ ئەو کاروبارانە بێنێت کە '' ناوبانگییەکی خراپیان هەیە''، دواجار هەر ئەم ئاگرە ''مەیلی تووندی بنجکۆڵیی تژی لەمەترسیی نیسبەت بە جییهانی نەزانراو''، کە لە وجوودی ویدا تاوی سەندووە، دەستەبەری ''ڕزگاریی مەزن'' دەکات. ''ئەمە هەوەڵین سەرڕێژبوونی هێزو ئیرادەیە، بۆ دیاریکردنی چارەنووس و دەستنیشانکردنی بەهاکان، ئەمە هەمان ئەو مەیلو خواستەیە، کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئیرادەی ئازاد پێوستە... لەپشتەوەی ئەم گەشتو گەڕانەی ویدا، هەمیشە نیگەرانییەک پەنهانە، نیگەرانییەک، کە لە هەستی بنجکۆڵی تژی لەمەترسییەوە سەرچاوەی گرتووە... ئایا ناتوانرێت گشت بەهاکان سەرنگوون بکرێن؟ یان پێدەچێت چاکەو خراپە هیچ جیاوازییەکیان نەبێت؟ و دەشێت خوداش زادەی خەیاڵو لێکەوتەی دوژمنایەتی بووبێت لەگەڵ ئەهریمەندا؟ ئایا هۆکاری بنەڕەتی هەموو شتەکان، هەڵەو ناڕاست نییە؟(نیچە، ٢٠٠٦: ١٥-١٧). بە دیدی نیچە، هەموو ئەوەی لە جاڵجاڵۆکەی نەریتو خووەوە سەرچاوەی گرتووە، هەڵوەدایانی بڵندی لەنێو تارەکانی خۆیدا بەگیردەهێنێت، لە وەها هەلومەرجێکدا، ئەوان هیچ چارەیک شک نابەن، بێجگە لەوەی ''لەنێو ئەو داوەدا، دەست لەئەژنۆ دابنشینو خوێنی خۆیان نۆش بکەن''. گیانی ئازاد هەرگیز بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێتو، ئەم تەونە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، هەرچەندە لەم ڕێگایەدا ''برینی بچووکو گەورە لەسەر جەستەی دەربکەونو بەم هۆیەوە ئازار بچێژێت''. ''دەبێت فێربێت لەو شوێنەی، تا هەنووکە نەفرەتی باراندووە، خۆشەویستی ببەخشێتەوە و بەپێچەوانەشەوە. بەڵێ، بۆ ئەو، کاری نەکردە بوونی نییە و، تەنانەت لەنێو ئەو کێڵگەیەی، میهرەبانی چاندووە، دەبێت ددانێکی ئەژدیهاش بچێنێت.''(نیچە، ٢٠٠٦: ٢٨١) و '' هەرچی زووە دەبێت، لەڕێگەی هەڵتەکاندنی سەراپای ڕابردووی جییهانەوە، دەمودەست بەپلەی خودایانێکی سەربەخۆ بگات''(یاسپرس، ٢٠٠٨: ١١٥). پێدەچێت ئەم ساتە، هەمان ''ساتی سووکایەتیپێکردنی مەزن'' بێت؛ هەڵتەکاندنی هەموو ئەو بەهایانەی، کە لە منداڵدانییانەوە، ئیرادەی پاسیڤو هێزی پەچەکردار لەدایکبوون، ئەم چەشنە بەهایانە، هەوەڵین مەنزڵگەی ئەدگارە سوونەتییەکان بوون، ئەو ئەدگارانەی، بەڕەنگوڕوویەکی هەژارانە، ترسنۆکانەو ڕقاوییەوە، لەهەموو جێگایەک دەرکەوتوونو گرۆی ئادەمیزادیان، بۆ نکۆڵیکردن لەخۆ و ملکەچکردن بۆ ئەویتر، بانگهێشت کردووە، بەکورتی، ئەمە هەمان ئەخلاقی پەستو لادەرانەی هەرچیوپەرچی و مایەپووچانە و، حاشا مرۆڤی باڵا هیچ کات لەشی خۆی بە ئاوی گڵاوی ئەم ئەخلاقو ئەدگارە نەوییە، پیس ناکات. هەروەتر، دەبێت ئەو چەمکە فریودەرانەش هەڵتەکێنرێن، کە تا هەنووکە لەسەرەوەی لیستی ئامانجە ئەخلاقییەکانی مرۆڤدا جێکەوت کراون. هەوەڵین ئامانجەکان(ئەو ئامانجانەی، بەدیدی نیچە، دەبێت ڕسوابکرێن):
ڕیسواکردنی؛ بەختەوەری، بۆ پەرچەکردارێکی پاسیڤ و مایەی نەنگ، گۆڕدراوە. هەروەتر، ئەو قوتابخانانەی پایەکانی ئەخلاقی خۆیان، لەسەر بەختەوەری دامەزراندووە، بەشێوەیەک دەستیان لەڕۆحی ئەم چەمکە وەرداوەو بەچەشنێک کاریگەرییان نەهێشتووەو خەساندوویانە، شتێکی ئەوتۆی لێ نەماوەتەوە، بێجگە لە ''ئاسوودەییەکی پاسیڤ"ی ڕەواقییانە، یان ''ئارامییەکی دوورەپەرێز''ی ئەپیکۆرییانە نەبێت و، لەهەمووشی خراپتر، ئەو ڕاڤەیەیە، کە بەختەوەری دەگووشێت و ئاوەچۆڕی دەکات و بە ''خۆشبەختیی ڕۆژی پەسڵان'' مانای دەکاتەوە، کە خۆشبەختی لە ڕۆژی پەسڵاندا، هێندە لەدەستی خودادایە، هێندە بە کرداری ئازادی مرۆڤەوە پەیوەست نییە.
ڕیسواکردنی عەقڵ؛ عەقڵ، یان بە مانا کانتییەکەی ''ویژدانی ئەخلاقى''، واتە ڕیسواکردنی ''بڕیارگەلی پێشبینیکراو و، نەریتوخووی ملکەچانەو چاوەڕوانکراو''. ئەو مەعریفە عەقڵگەراییەی، بنەمای فەلسەفەو زانستی ئەمڕۆیە، تامەزرۆییەکی هەڵپەکارانەی هاوتای ''هەڵپەی شێر بۆ نێچیرەکەی'' نییە. نەک هەر ئەمە، بگرە مەعریفەی عەقڵخوازیی ئەمڕۆ، لەهەرچ چەشنە ڕیسک و سەرکێشییەک داماڵدراوەو، لەئاست بابەتی پێشبینی نەکراودا، زراوی دەچێت و، هەڵوەدای گۆشیەکی تەنگ و ئارام و بێوەیە، کە بشێت تێیدا، لەسەر بنەمای گووتارگەلی تۆکمەو ڕێسامەندی وەک ''ماهییەت، عیلییەت(هۆمەندى) و غایەت''، هەموو شتێک لێکبداتەوە. بەدیدی ئەم مەعریفە گۆشەنشینە، ئەوەی هەیە، ''خواست''و ''ئافەرێنراو''ی خودایەکی ''چاکەخواز''و ''بەتوانا''یە، کە هیچ خواروخێچییەک لەودا نییە. بەمانا هیگڵییەکەی، ئەمەش هەر هەمان ئەو هەستە دڵگیرو ئارامبەخشەیە، کە لەناو ماڵدا، بۆ ئادەمیزاد دروست دەبێت، هەستی ئەوەی، کە لەنێو ماڵی خۆتدایت.
ڕیسواکردنی فەزیڵەت؛ واتە ڕیسواکردنی هەر شتێک، کە لەبری ئەوەی تژی بێت لە گەشانەوەو ژیانو هێز، کەچی لەنێو کۆتوبەندی ''چاکەو خراپە''دا گەوزاوەتەوەو ''ڕەنگو خووی ڕەعییەتی گرتووە''و بۆ ئاستی ئەوان، دابەزیووە.
ڕیسواکردنی دادپەروەری؛ کە پایەکەی لەسەر ئەوە ڕۆنراوە، جۆرو ڕەگەزە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بەیەک ئاستو بەیەکسان ببینێتو، کۆتا ئامانجیشی ئەوەیە، هەمووان هاوتەرازی یەکدی بکاتو چینە جیاوازەکان لەیەک بۆتەقەدا بتوێنێتەوە.
ڕیسواکردنی سۆزو بەزەیی؛ یان سووککردنی سۆزو دلۆڤانیی مەسیحییانە، کە ئامانجی ئەوەیە، ئەو ڕەگەز و گرووپانە بپارێزێت، کە بەهۆی پاتاڵی و لاوازییانەوە، زیاتر شیاوی مەرگن نەک ژیان(سوفرن، ١٩٩٧: ٦٥-٦٧). ئەمەش واتە ڕسواکردنی ئەو دلۆڤانییە تژی لەنەرمونیانییەی، کە ڕقو نەفرەتی زەڕدەشت دەبزوێنێت: '' واوەیلا، مەگەر لەدونیادا گەوجێتییەک هەیە گەورەتر لە گەوجێتیی دلۆڤانان؟ چ شتێکیش هێندەی گەوجێتی دلۆڤانان، بووەبە مایەی ئازار لە جییهاندا؟''(نیچە، ٢٠١٠: ١٠٣). واتە، ڕسواکردنی گشت ئەو شتانەی، لەچێوەی ئەخلاقی مایەپووچاندا بە ''چاکە'' ئەژماردەکرێن. زەڕدەشت، نەک هەر ''بەزەیی''، بە ''فەزیڵەت'' دانانێت، بەڵکوو بە ''پەستی''یشی دەزانێت، ئاخر لە ئایینی زەردەشتدا ''هەموو داهێنەران دڵڕەقن''(نیچە، ٢٠١٠: ١٠٣) و خودئەڤینی و خۆپەرستی، تایبەتمەندیی هەرە دیاری مرۆڤی باڵان. ''خۆپەرەستی، لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕۆحی باڵایە، مەبەستم باوەڕی تۆکمەیە بەوەی، کە هەموو بوونەوەران، بەسرووشتی خۆیان، دەبێت گوێڕایەڵی بوونەوەرانێکی [وەک ئێمە] بنو گیانیان لەپێناو ئێمەدا بەختبکەن''(نیچە، ٢٠١٠: ٢٢٢).
٤. دژایەتیکردنی مەسیحییەت
وێڕای هەموو ئەو چەمکە لاوەکییانە، ئەوی لەهەمووان زیاتر شیاوی وێرانکردن، وردوخاشکردن، ڕیسواکردن و سووکایەتیپێکردنە، دایەنگەیەکە، کە گشت ئەم چەمکو بەهایانە لەهەناوییەوە دەرپەڕیوونو گەشەیانکردووە، ئەویش باڵەخانە مەزنەکەی مەسیحییەتە. هۆکاری سەرەکیی ئەم نەفرەتەی نیچە دەرهەق بە مەسیحییەت، ئەوەیە، ئەم ئایینە پشت لە دونیاو ڕوو لە ئاخیرەتە. ئاشکرایە، کەشێک، تێیدا ژیانی ئەم دونیایە، نەفیو نکۆڵی لێکرابێت، بە نیسبەت جۆشوخرۆشی گەرموگوڕی مرۆڤی باڵا لە پەسەندکردنی ژیاندا، بێ ئەندازە کەشێکی سەنگینو خنکێنەرە. مەسیحییەت، بە لایەنگری لە هەر چەشنە بوونێکی بەدنیهاد و ڕزیو و ستایشکردنی ڕەگەزە پەست و نەوییەکانی ژیان، جەنگێکی عەیارە بیستوچواری دژبە ڕەگەزە پایەبەرزەکان ڕاگەیاندووە و، ''لەدژی ڕەگەزە باڵاکانی ئادەمیزاد، تا سنووری مەرگ، جەنگاوە'' و، تایبەتمەندییە بەهێز و ئەکتیڤەکانی ڕەگەزی باڵای، وەک لەڕێدەرچوون و گوناە پیشانداوە. وەکبڵێی هەموو خواست و ئامانجێکی باڵای ئەم ئایینە، لە دژایەتیکردنی ئەو غەریزانەدا کورت بووبێتەوە، کە بەرەو ژیاندۆستی سەردەکێشن. ئەم ئایینە، بە چەسپاندن و پەرەپێدانی پەندە ستایشکراوەکەی خۆی، ''ئاژەڵی ڕامکراو، ئاژەڵی گەلەییە''، تەنانەت گیانە بەهێزەکانیشی دووچاری گەنین کردووە. ''قێزەونترین نموونە، بەلاڕێدابردنی پاسکالە، کە وی، باوەڕی وابوو بەهۆی گوناهی یەکەمەوە، عەقڵی گەنیوە، لەکاتێکدا تەنیا بەهۆی مەسیحییەتەوە، عەقڵی وی، گەنیبوو!''(نیچە، ١٩٧٣: ٢٩). ''نیچە سەرکۆنەی مەسیحییەت دەکات، ئاخر کەنیسەکانی مەسیحییەت لەمیانی پیلانگێڕیی ژێربەژێر، هەرچەشنە بەهایەکیان لە بەها خستو، بەهایان بە هەموو ئەو کاروکردانە بەخشی، کە لەگەڵ تەندروستی، جوانی، دلێری، بەخشندەیی ڕۆحو خودی ژیاندا، لێکدژن''(Shacht, 2001: 357). مەسیحییەت، بە چەسپاندنی ڕێسای وشک و لە مروونەت داماڵدراو، ئاستەنگی لەبەردەم داهێنانو کردەی ئازادی مرۆڤدا درووستکرد، ئادەمیزادی بۆ بوونەوەرێکی ڕادەست و گوێڕایەڵ گۆڕی. بۆیە ''ئەو مرۆڤانەی بەڕاستی خاوەنی ئیرادەی ئازادی پەیوەست بە کردارن، لەناوەوە باوەڕیان بە مەسیحییەت نییە''(نیچە، ٢٠٠١: ١٠٤). هەروەتر، مسیحییەت بەوەی نکۆڵی لە ''پاتۆسی مەودا'' دەکاتو، جیاوازییە بنچینەیەکانی نێوان ڕەگەزە نایەکسانەکانی مرۆڤایەتی ڕەتدەکاتەوە، هەمووان لەئاستێکی گاڵتەجاڕانەو مامناوەنددا، بەشێوازێکی یەکسان جێکەوتدەکات، هەمان ئەرک و هەمان مافیش بۆ هەمووان لەبەرچاودەگرێت. ئاشکرایە، باڵایی مرۆڤی باڵا، بەندە بە پاراستنی ئەم جیاوازییانەو لەبەرچاوگرتنی مەوداکان. هەڵبەت بەپێچەوانەی تەوژمی ڕووبارەوە مەلەکردن، کاردانەوەی مێگەلی لێدەکەوێتەوە و بەرەو پیلانگێڕێ لەدژی مرۆڤیباڵا، دەیانبزوێنێت: ''ئەویدەم، ئاوازی باڵاترین بیرۆکەکانمان، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەگوێی کەسانێک بگات، کە ئامادەی بیستنی ئەم ئاوازانە نەبوون، بێگومانو دەبێت لەلای ئەوان، وەک جۆرە گەوجێتییەک و پێدەچێت وەک تاوانێکیش دەنگبداتەوە''(نیچە، ٢٠١٠: ٤٧). بۆ مرۆڤی باڵا، پاش جێبەجێکردنی ئەرکی ئاوەژووکردنەوەی بەها دێرینەکان و ئافەراندنی بەهای نوێ، ئەرکێکی تر لەگۆڕێدایە، دەبێت شێوازی ژیانی خۆی بەسەر ئەوانیتردا بگشتێنێت: ''ئەوی بۆ من پێشهات، دەبێت هەمووان ئەزموونی بکەن، هەرکەسێک کە لەئاستی خۆیدا هەست بە بەرپرسیاێیەتی دەکاتو دەخوازێت سەرلەنوێ لەدایکببێتەوە، دەبێت بیچێژێت، ئەوی من چەشتوومە''(نیچە، ٢٠٠٥: ٢١)، ئاخر، ''بە تەنێ فێرکردن بەس نییە، بەڵکوو دەبێت بە زۆر مرۆڤایەتی ئاوەژووبکرێت، تاوەکو پرۆسەی فێرکارییەکە قبووڵبکات!''(روزن، ٢٠٠٩: ٥١).
٥. تێپەڕاندنی چاکە و خراپە
لەهەناوی مرۆڤی باڵادا، ڕستێک پاڵنەر هەن، کە بەرەو سەرووی ''چاکەو خراپە''ی ئەخلاقی مێگەل، دەیبزوێنن. بەڵام، بێگومان نابێت تێپەڕاندنی ئەخلاقە باوەکان، وەک دژایەتیکردنی هەرچیوپەرچییانەی ئەخلاق مانابکرێتەوە. مرۆڤی باڵا، گەرچی ئازادانە خۆی لە تەونی چەمکگەلی چاکەو خراپەی ئەخلاقی کلاسیکی، ڕزگارکردووە، وەلێ ئەمە بەو مانایە نایەت، لەنێو قوڕولیتەی چێژپەرەستیی جەستەو زێدەڕۆییکردن لە تێرکردنی غەریزە پەستەکاندا، گەوزابێتەوە و، چەشنی کۆیلە، ملی بۆ شەهوەتەکانی خۆی دابێت؛ لە شانوشکۆی گیانی ئازاد و بڵندخوازیی مرۆڤی باڵا، ئەوە دەوەشێتەوە، کە جڵەوی نەفسی خۆی بکات، نەک هاوتای دواهەمین مرۆڤەکان، ببێت بە کۆیلەی نەفسی خۆی. ''مرۆڤی باڵا، بەوەی نکۆڵی لە [چاکەو خراپەی مێگەل] دەکات، هەڵوەدای ئەوەیە، لەسەرووی بابەتی ئەخلاقیی پەتییەوە، شتانێکی تر بدۆزێتەوە و... بانگهێشتی ئەوانە بکات، کە سیستەمە ئەخلاقییەکانیان تووڕهەڵداوە، خۆیان بە کۆتوپێوەندی باڵاترو سەختتر، پابەندبکەن''(Jaspers: 110). ڕوونتر بدوێین، داوێنپاکی و ڕەسەنایەتیی مرۆڤی باڵا، بەهۆی پابەندبوونی وی بە ئەخلاقە باوەکانەوە نییە، بەڵکوو لە سرووشت و خووی جوامێرانەو گیانی ئازادی ئەوەوە سەرچاوەدەگرێت، ئەمەش لەبەهرەو توانای خۆیی ئەوەوە هەڵدەقووڵێت، کە دەتوانێت هەژموون بسەپێنێتو جڵەوبکات، دەرهەق بە خۆیو ئەوانیتر تووند بێتو لەسەر ڕێگای بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی خۆیدا، وەک ڕێبەرێک ڕەوتاربکات. ئەمەش هێمایە بۆ زیادبوونی لەڕادەبەدەری هێزی ئیرادەو هێزی هەڵکشان و داکشانی ژیان لەنێو دەمارەکانی ئەودا، ئەم تەوژمە بەهێزەی ژیان، کە گیانی مرۆڤی باڵا لە خەونو هیوای بەرزەفڕ تژی دەکات، لە زەلکاوی خەونو هیوای پەست ڕزگاریدەکات و، بەرەو ئەوەی دەبزوێنێت، بە سوودبینین لەم جۆشوخرۆشە ناوەکییە، دونیایەکی هاوسوو بە ئامانجە باڵاکانی خۆی، ئاوابکات. سەربار، مرۆڤی باڵا لەهەرچ جێگەیەکدا، چاوی بە وەها بەهرە و توانایەک بکەوێت، دەمودەست سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنێتو ستایشی دەکات. ''مرۆڤی بەرز، لەناخی خۆیدا ڕێز لە کەسی بەهێز دەگرێت، ڕێز لەو کەسەش دەگرێت، کە هێزی بەسەرخۆدازاڵبوونی هەیەو ساتی ئاخاوتن و بێدەنگبوون دەزانێت، بەتامەزۆییەوە خۆی دەپارێزێت و ڕێز لە خۆپاراستنی لەڕادەبەر دەگرێت''(نیچە، ٢٠١٠:ج ٢١٣). لەبناغەوە، خودی ''هێز''، یەکێکە لەبنچینەییترین ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کەسێتیی مرۆڤی باڵا؛ هێزی ڕۆح و لەش پێکەوە، هێزێک، کە هەم هێمایە بۆ توانای وی، لەڕاپەڕاندنی چالاکییە فیزیکییەکاندا، هەم هێماشە بۆ توانای بەسەرخۆدازاڵبوون. مرۆڤی باڵا، لەچاوی خۆدا، هێندە باڵا و شایستەیەو بەئەندازەیەک ڕێز بۆ خۆی دادەنێت، لەهیچ ئاڵەنگارییەک ناسڵەمێتەوە، لەپێناو چەشتنی ئەوپەڕی چێژی پێدراوە سرووشتییو ماددییەکان، سەرکێشی دەکاتو، هێندەش بەهێزە، بەبێ هیچ دوودڵییەک، مل بە ڕێی هاتونەهاتەوە دەنێت.
مرۆڤی باڵا کێیە؟
ئەوی تا ئێرە وترا، کۆششێک بوو، لەپێناو پیشاندانی ڕووخساری مرۆڤە نمووییەکەی نیچە، ئەو مرۆڤەی، لەهەرچ شتێک زیاتر، نیچەی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد، هەروەتر بە بنچینەییترین بیرۆکەی نێو ناسراوترین بەرهەمی نیچە، واتە ''وەهای گوت زەڕدەشت''، دادەنرێت. وەها دەردەکەوێت ئەم بیرۆکەیە، تەنیا چەمکێکی نێو فێرکارییە بنچینەییەکانی نیچە بێت، کە لە پێشەکی زەردەشتەکەدا، بەرباسیداوە. لێرەدا کۆشاین، تا ئەو شوێنەی زەروورە، ئەرکو خەسڵەتەکانی بژمێرین. ئەمێستاکە، پاش ئەم هەنگاوە، پێدەچێت سەرەتاییترین و سرووشتیترین پرسێک، کە قووتببێتەوە، پرسی ''ماهییەت''و ''کەسێتی'' مرۆڤیباڵا بێت؛ پرسی چییەتی ''ماهییەت''، پرسیارە لەمەڕ ماهییەتی مرۆڤیباڵا، داخۆ دەتوانرێت لە ڕیزی گرۆی ئادەمیزاد دابنرێت؟ یان ڕەگەزێکە، جیاوازە لە ڕەگەزی ئادەمیزاد؟ ئەگەر وەڵام بەڵێیەو مرۆڤی باڵا سەر بە گرۆی ئادەمیزادە، ئەوا دەپرسین لێکچووەکانی کێن؟ ئەگەر وەڵام نەخێرەو مرۆڤی باڵا، ڕەگەزێکی جیاوازە، ئەوا دەپرسین سەر بە چ پۆلو دەستەو ڕەگەزێکە؟ بەواتایەکی تر، پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ لەبنەڕەتەوە نیچە وەک بوونێکی ئۆنتۆلۆژیی مامەڵەی مرۆڤی باڵای کردووە؟ یان ئەوەی نەخێر، مرۆڤی باڵا، تەنیا چەمکێکی هەمەکییەو دەشێت بۆ زۆر کەس بەکارببرێت؟ ئەگەر وایە، داخۆ تا هەنووکە کەس هەبووە، لێکچووی مرۆڤی باڵا بووبێت؟ یان ڕەنگە درک و تێگەیشتن لێی، شانازییەک بێت تەنیا بە مرۆڤەکانی ئاییندە بەخشرابێت؟ ئەم بابەتەش، هاوتای بابەت و پرسەکانی دیکەی نێو هزری نیچە، ئاڵۆزو تەمومژاوییە، شتێکی ئاساییە کە خوێنەر لە زاری نیچەوە وەڵامێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی گوێ لێ نەبێت. تەنانەت دەشێت بە کنەوپشکنینی قووڵتریش، لەنێو بەرهەمەکانی نیچەو لەنێو ئەو پەرتووکانەی لەسەر وی نووسراون، هێشتا دیمەنەکە ڕوون نەبێتەوە. ڕەنگە وا باشتر بێت، خۆمان لەم سەرئێشەیە بەدووربگرین، نەبادا لە نێو باڵاخانە هەزار دەرو هەزار ڕاڕەوەکەی هزری نیچە، گیربخۆین! هەمەچەشنی تێگەیشتنەکان لەسەر ئەم بابەتە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. پێشتر ئاماژەمان پێدا، مرۆڤی باڵا، ئەڵتەرناتیڤی نیچەیە بۆ خودا، ئەویش لەسەروەختێکدا، کە خۆری لاهووت ئاوابووە و خودا مردووە؛ مادام خودا مردووە، هەنووکە مرۆڤی باڵا دەرفەتی دەرکەوتن و خۆنمایشکردنی چنگکەوتووە! خودا مردووە، خودایەک، کە ''مەزنترین مەترسی'' بوو بۆسەر مرۆڤە بەرزەکانو، تەنیا بە مەرگی وی، ئەوان دەبن بە ئاغاو سەرەوەری خۆیان: ''... وەلێ ئەو خودایە مرد! ئەی مرۆڤە بەرزەکان، ئەو خودایە بۆ ئێوە گەورەترین مەترسی بوو. لەو کاتەوەی ئەو لەناو گۆڕدا ڕاکشاوە، ئێوە دیسان زیندوو بوونەتەوە. تەنها ئێستاو ئەم ساتەیە، دەمی نیوەڕۆی مەزن دێت. تەنها ئێستاو ئەم ساتەیە، مرۆڤی بەرز دەبێتە سەروەر... دەی! ئەی مرۆڤە بەرزەکان! ڕابن! تەنها ئێستاو ئەم ساتەیە، چیای ئاییندەی مرۆڤ، ژانی منداڵبوون دەچێژێت. خودا مردووە! ئێستا ئێمە دەخوازین مرۆڤی باڵا لەدایکببێت''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠٦)، یان پێدەچێت هاوکێشەکە بەم جۆرە بێت: لەبەرئەوەی دەبێت مرۆڤی باڵا دەربکەوێت، بۆیە دەبێت خوداش بمرێت(یان بکوژرێت).
بەڵام، هەرگیز لەخۆتت پرسیوە، ڕۆنانی بەهای نوێ لەسەر زەوی، تێچوونی چەندەو، چ باجدانو قووربانییەکی دەوێت؟ بۆ جێبەجێکردنی وەها ئەرکێک، دەبێت چەند واقعییەت دەرک بکرێنو لەکەدار بکرێن؟ دەبێت چەند درۆ پیرۆز بکرێن؟ دەبێت چەند ویژدان پەریشان ببنو چەندین ''خودا''، چەندانجار بکرێن بە قووربانی؟ دەبێت بۆ ڕۆنانی هەر میحرابێک، میحرابێکی دیکە وێران بکرێت: ئەمە یاساکەیە!(نیچە: ٢٠٠٩: ١٢١). بەهەرحاڵ، ئەمێستاکە بەرپرسیارێیەتی مرۆڤیباڵایە، پەیامی تەواونەکراوی خودای کۆچکردوو بە مەنزڵ بگەیەنێتو، خودائاسا دەست بۆ ئافەراندنی جییهانێکی نوێ لەسەر بناغەی ئامانجو بەهای نوێ، درێژبکات. بەم چەشنە، دەتوانێت لەڕێگەی داهێنانی بەهای تازەوە، کۆتایی بە نائومێدی و حەپەسانی مرۆڤەکان بهێنێت، ئەو نائومێدی و حەپەسانەی، بەهۆی داڕووخانی بەها کۆنەکانەوە، بەرۆکی گرتوون. ڕاستی ئەوەیە، هەر ئەم داهێنان و ئافەراندنەیە، سەودای ئەوە دەخاتە سەری نیچەوە، مرۆڤی باڵا وەک بیرۆکەیەک لەبەرامبەر خودا، یان ڕەنگە هاوئاستی خودا، بخاتەڕوو. لەچێوەی لێکدانەوەیەکی دیکەدا بۆ چەمکەکە، ''مرۆڤی باڵا، وەک ڕەمزی ڕزگاریی بەرباسدراوە، واتە وەک ئەڵتەرناتیڤی نیچە بۆ مەسیحی فریادڕەس، باسی لێکراوە''(روزن، ٢٠٠٩: ٣٣٧). نیچە لەمیانی کتێبی (زانینی شاد)دا، مرۆڤی باڵا لەڕیزی خودایان، نیمچەخودایان، پاڵەوانانی نێو ئایینە فرەخوداکانی یۆنانی کۆن و بوونەوەرە ئوستوورەییەکان دادەنێت(نیچە، ٢٠١٠: الف: ٢٠٥). ئەم داهێنانە، مژدەی ژینێکی تەواو جیاوازی پێیە، ژینێک، لەبنچینەوە لە ژیانی پێشووتری ئادەمیزاد ناچێت، ژینێک، تژی لە هێزو خۆشنوودی، لێوانلێو لە دلێری و جوانی. '' ئامانجی [ئەم داهێنانە] ئەوەیە، ڕەگەزێکی بەهێزتر بێنێتەبوون، جۆرێکی باڵاتر، کە لەهەلومەرجێکی جیاواز لەهەلومەرجی مرۆڤی مامناوەند، دەردەکەوێتو درێژە بە بوونی خۆی دەدات. بە چ چەمکو میتافۆرێک بیناسێنم؟ چەمکی من، میتافۆری من بۆ ئەم ڕەگەزو جۆرە، چەمکو میتافۆری [مرۆڤی باڵا]یە''(نیچە، ٢٠٠٧: ٦٦٨). ئەگەر نەختێک سەرسەخت بینو لەم پێناساندنەی نیچە وردببینەوە، دەبینین ئەمەش ڕوون نییەو شیاوی گەنگەشەیە. نیچە سەبارەت بە ''میتافۆربوونی'' دەستەواژەی ''مرۆڤی باڵا'' قساندەکات، هاوزەمان ئاماژە بە ''ڕەگەزی بەهێز''و ''جۆری باڵاتر'' دەدات! هەموو ئەمانە، تەمومژی سەر ماهییەتی ''مرۆڤی باڵا''، وەک خۆی دەهێڵنەوە؛ داخۆ مەبەست چییە لەوەی، ئەم ڕەگەزو جۆرە جیایە لە مرۆڤی مامناوەند؟ ئایا مەبەستی جۆرو رەگەزێکی بایۆلۆژیی تازەیە و، بە مانایەکی لۆژیکی تر، ''جۆر''ێکە بە''ڕەگەزێتیی''و ''پۆلێن''ی جیاوازەوە و لە زنجیرەی هاوشێوەکانی ئادەمیزاددایە؟ بەڵام لەئادەمیزاد باڵاتر؟ هەر وەک (سترێن)، بە خواستن لە کتێبی(تێڕامانە ناوەختەکان)، دەبێژێت: '' مەودای نێوان تاکێکی خودائاگاو باڵادەست بەسەر چارەنووسی خۆیدا، لەگەڵ مرۆڤەکانی تر، لە مەودای نێوان مرۆڤە ئاساییەکان و گیاندارانی تر، زیاترە''(سترێن، ١٩٩٤: ١١٥). یان سەرنجی ئەم پەیڤەی زەردەشت بدەن: ''من فێری مرۆڤی باڵاتان دەکەم''، دەشێت ئەم پەیڤە ئەم مانایەش بگەیەنێت: '' من، ئێوە فێری نامرۆڤ[ünmensch/ unhuman] دەکەم''، واتە، ڕاهێنانو مەشقکردن لەپێناو بوونبە تشتێک، کە ئەو تشتە چیتر بنیادەم نییە. وەک خودی نیچە دێژێت، مەیموون لەئاست مرۆڤدا چییە؟ مرۆڤیش لەئاست مرۆڤی باڵادا وەهایە.( Hasse, 2008: 154-155). یانژی نەخێر، مرۆڤی باڵا ڕەگەزێکی سەرووترو جیاواز نییە، بەڵکوو کانیاوێکی تژی لە کانزایە بە تاییبەتمەندی جیاوازەوە، هەرکەس بە ئەندازەی ئەو بڕە ئاوەی نۆشی کردووەو بارتەقای ئەو بڕە کانزایەی چووەتە لەشییەوە، لە مرۆڤی باڵا نزیک دەبێتەوە؟ وەلێ ئەم کانیاوە لەلایەن مرۆڤەکانی ئاییندەوە دەدۆزرێتەوە. ئەوی تەمومژەکە چڕتر دەکات، کرۆکی ئەم پەیڤەی زەردەشتە: ''مرۆڤ تەنافێکە، هەڵخراو لەنێوان ئاژەڵو مرۆڤی باڵادا؛ تەنافێک بەسەر هەڵدێرێکەوە''(نیچە، ٢٠١٠: ٢٤). پێدەچێت هەوەڵین بیرۆکەیەک لەم پەیڤەوە بەزەیندا بێت، ئەوەبێت، کە ئەگەر مرۆڤ ڕەگەزێکی نێوەندگیرە لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤی باڵادا، کەواتە سەربە گرۆی هیچ یەک لەو دووە نییە. ڕوونتر بدوێین، مرۆڤ، وەک چۆن ئاژەڵ نییە، مرۆڤی باڵایش نییە، یان بەدیوێکی تردا، مرۆڤی باڵا، مرۆڤ نییە. کەواتە، داخۆ دەشێت مرۆڤی باڵا، بنیادەم نەبێت؟ ئەوەی ئەم گومانە بەهێز دەکات، پێداگری زەردەشتە لەسەر تێپەڕاندنی مرۆڤ: ''مرۆڤ تشتێکە، دەبێت تێپەڕێنرێت''(نیچە، ٢٠١٠: ٢٢) و، ئەم پێداگرییەی نیچەش: ''ڕەگەزی ئادەمیزاد نا، بەڵکوو مرۆڤیباڵا ئامانجەکەیە''(نیچە، ٢٠٠٧: ٧٤٦). بەڵام، داخۆ بەهەق دەشێت مرۆڤی باڵا لەڕووی بایۆلۆژییەوە، سەربە جۆرو ڕەگەزێکیتر بێت؟ یان نەخێر، بەڵکوو چەمکێکەو دەبێت لەپەیوەندیدا بە داڕووخانی بەها کۆنەکانو مەرگی خوداوە دەرک بکرێت؟ بەواتایەکی تر، ئاخۆ دەرکەوتنی مرۆڤی باڵا، قەڵەمبازێکی بایۆلۆژییە، یان تەنها مانایەکی سیاسیی_کەلتوریی هەیەو وەک پرۆسیسێکی پەروەردەیی ئەژماردەکرێت؟ لێگەڕێن بەم جۆرە ڕوونی بکەینەوە، مرۆڤی هەنووکە کەڵافەیەکە لە کولتوور، بەها، ئەخلاق، ئایین، نەریت و هەموو سیستەمە عەقیدەییە باوەکان؛ لەگەڵ مەرگی خودایەکدا، کە پشتو پەنای ئەم سیستەمانە بوو، مرۆڤیش دەمرێت؟ ئەمێستاکە، هاوزەمان لەگەڵ داوەشانی ئەم ئامانجانەو مەرگی خوداکەیان و بەفەتارەتچوونی مرۆڤی پشتبەستوو بەم کۆبەهایانە، تۆ بڵێی جۆرو رەگەزێکی تر لەدایکببێت؟ جۆرو ڕەگەزێک، کە ناویان لێناوە ''مرۆفى باڵا''؟ مرۆڤێکی تازە، بە ڕستێک بەهای تازەوە، هیچ خودایەکی نییە، بەڵکوو خۆی خودای خۆیەتی؟ ئەگەر ئەم ڕوونکردنەوەیە قبووڵبکەین، پێدەچێت بتوانرێت ''مرۆڤی باڵا''، وەک بوونێکی ''سەروو مرۆڤ'' دابنێین، بوونێک، کە درێژکراوەی مرۆڤە، نە زیاتر!
بەڵام، وا دیارە نیچە لە کۆتاییەکانی قۆناغی سێیەمی ژیانی فیکرییدا و، لەچەند بەشێکی کتێبی (دژە مەسیح)، '' چیتر مرۆڤی باڵا وەک لێکەوتەو درێژکراوەی ئادەمیزاد ئەژمارناکات. نیچە لە سیاقی ئەو کتێبەیدا دەنووسێت: ئەو پرسەی لێرەدا دەیخەمەڕوو، ئەوە نییە کە لەنێوان زنجیرەی ئەڵتەرناتیڤەکاندا، دەبێت کامیان جێگەی ئادەمیزاد بگرنەوە، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە، دەبێت چ جۆرە مرۆڤێک لەدایکببێت، ئیرادەی هەبوونی چ جۆرە مرۆڤێک بکرێت، جۆرێکی بەنرختر، شایستەتر بۆ ژیان، دڵنیاتر بۆ ئاییندە''(Hasse, 2008: 156). لێرەدا مرۆڤی باڵا، میتافۆرێکە، بۆ بەهرە و توانا مرۆییەکان(Sedgwick, 2009: 111).
نیچە، لەمیانی زەردەشتدا، ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە دەرکەوتن و هاتنەبوونی مرڤی باڵا، پرۆسەیە