A+    A-
(347) جار خوێندراوەتەوە

     دەرکەوتنی مرۆڤی­ باڵا لە خولگەى هزرى نیچەدا

 

 

 

 

هیدایەتی عەلەوی تەببار-سەییدە ئازادە ئیمامی

و. وریا ئەحمەد

بەشى یەکەم

 

 

 

''مرۆڤی باڵا سەراپای دڵی داگیرکردووم، ئەو یەکەمین­و تاقانە مەراقی منە.''

نیچە

 

 

 

 

نەخشە­ڕێی نیچە لەپێناو گەڕاندنەوەی "مانا" بۆ ژیانی ئادەمیزاد، لەخۆگری دوو هەنگاوی سەرەکییە: هەنگاوێکی نەرێنی، کە لە چێوەی­دا گشت لێکدانەوە باوەکان بۆ "بوون"­و ماناکانی "بوون" نەفی­و نکۆڵییان لێ­کراوە. هەروەتر، ئەو پێی­وایە حەکایەت­و ئایدیا باوەکان، لە کێشانی نەخشەی ژیانێکی نموونەیی بۆ گرۆی ئادەمیزاد، وڕێنەیان ڕێساوە­و بە لاڕێ­دا چوون، لەم مەیدانەدا، وێنای حەکایەت­و ئایدیا بەربڵاو و­باوەکان بۆ ژیانی نموونەیی، گەلەک ناپەسەند­و بێ­بنەمایە. لێرەوە، نیچە لەگەڵ تەواوی بەها ددان­پێدانراوەکانی ڕۆژگاری خۆی­، لەهەرچ زەمینە­و بوارێک­دا­(ئایین، فەلسەفە­و زانست)، ڕووبەڕوودەبێتەوە­و سەنگەری نکۆڵی­کردن­و داپاچینیان لێ­دەگرێت­و، ئەم­سەر تا ئەوسەری پرۆسەی فێرکاریی­ نەریتە پێشینەکان، وەک ئاستەنگێکی دزێو لەبەردەم بەدیهاتنی ئەوی وی مەبەستێتی، دەبینێت­ و دەبێت تێکبشکێنرێن­و لەناوببرێن. بەگوێرەی ئەم قسانە بێت، وا دەردەکەوێت نیچە خۆی پەستاوەتە گۆشەیەکی گەلەک مەترسیدارەوە ­و سەری دونیای لەخۆی هێناوەتەوە یەک، لەلایەکەوە هەموو پردەکانی پشتەسەری خۆی، کە بەهەق لەدێر زەمانەوە تا سەروەوختی وی، میراتی مەزنی مرۆڤایەتی بوون، وێران دەکات، لەلایەکی­ترەوە لەبەردەم بەرەهووتێکی ناکۆتا­و ئاڵۆز و، لەبەردەم ئاییندەیەک کە چیتر بە هێز­و تین­و تاوی ڕابردوو پشت­ئەستوور نییە، خۆی بە تەریک­و تەنیا دەبینێتەوە. ئەمێستاکە ئەوانەی نیگایان تەژیە لە حەپەسان­و چاوەڕوانی، مافی خۆیانە نیچە بەر سەرنجی پرسیار بدەن­و دەستەکانی بپشکنن، کە داخۆ پاش ئەم هەموو خۆهەڵنان­و جۆشوخرۆشە شۆڕشگێڕییە، چ سەوقات­و دیارییەکی بۆ گرۆی ئادەمیزاد پێیە؟! ئەوەش دەزانین لە دونیای وی­دا، تەنانەت خوداش بێ جێ­و ڕێ ماوە و بۆ دەرەوە تووڕهەڵدراوە، کەواتە پرسیارێکی بەجێیە ئەگەر بێژین، لەپاش داخرانی شەش­دەری ئاسمان­ بەڕوومان­دا، ئەو مرۆڤەی کە هێشتا تامەزرۆی بڵندی­و ئاسۆ دوورە­ دەستەکانە، لێرە بە دواوە چاوەکانی ببڕێتە کامە دەرگا؟ لێرەوە، هەمان هەنگاوی دووەم یان هەنگاوی ئەرێنیی ناو نەخشە­ڕێگاکەی نیچە، دەست پێ­دەکات. ئەو، لەم گۆڕەپانەدا، لەمیانی جووڵەیەکی هونەرمەندانەی سەیروسەمەرەوە، وەڵامێکی گونجاو بۆ چاوەڕوانییەکان دەخاتەڕوو: هەنووکە خودایان مردوون، هیچ خودایەک لەگۆڕێدا نەماوە­و بارەگای فەرمانڕەواییان، چاوەڕوانی خاوەن­شکۆیەکە، کە بێت­و لەسەر تەخت­و تاراجی خودایەتی دابنیشێت­. مرۆڤی­باڵا "Ubermensch"،"superman"،"overhuman"،"overman" یان "superhuman" هەمان ئەو جێنشینەیە، لەپاش مەرگی خودا، نیچە لە جێگەی وی دایدەنیشێنێت. هەڵبەت مرۆڤی­باڵا خاوەندارییەتی لە تایبەتمەندی مەلەکووتیی و میتافیزیکیی ناکات، بەڵکوو خودایەکە لەئاست زەوی و پێداویستییە زەمینییەکان­دا.

وانەکانی "مرۆڤی باڵا"، کە چەشنی تەرجیعبەند، لە کۆتایی غەزەلەکانی نیچە(زەردەشت)­دا چەندبارە دەبێتەوە، بەرهەمی ساڵانی دوورەپەرێزی­و خەڵوەت­نشینیی زەردەشتە­و، وەک فێرکارییەکی گرانبەها، پێشکەش بە مرۆڤ دەکرێت. بەڵام مرۆڤی­باڵا کێیە، کە فێرکارییەکانی نیچە ­و زەردەشتی وی، تەنیا زەمینەسازییەکی پەتیین بۆ نازڵبوونی شکۆمەندیی ئەو؟ مەگەر چ­ پەیام­وئەرکێک لە ئەستۆی ئەودایە، بەم چەشنە تا ئاستی خوداییەتی بەرزکراوەتەوە؟

زەردەشتی پەیامبەر لەئەشکەوتەکەی خۆی دادەبەزێت، تاوەکو ئەو مزگێنییە بە گرۆی ئادەمیزاد بدات، کە لەپاش مەرگی خوداو داڕووخانی ئەو بەهایانەی بە خوداوە پەیوەست­بوون، دێوەزمەی پووچی­و بێ­مانایی ناتوانێت ژیانی مرۆڤ هەڵلووشێت، چونکە ئەوەتا ئەو هاتووە، تاوەکو وانەی "مرۆڤی­باڵا" بە ئادەمیزاد بڵێتەوە: ''مرۆڤی­باڵا مانای زەمینە. دەبا ئیرادەی ئێوە بڵێت: با مرۆڤی­باڵا مانای زەمین بێت!''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٢٢).

 

 

پاتۆسی مەودا (pathos of distance)

لەسیاقی پەیڤەکانی زەردەشت­و دەربڕینەکانی نیچە­دا، مانای "ئادەمیزاد" لە نێو شەبەنگێکی بەرینی دەستەواژە­و چەمکی جۆراوجۆردا، لەهەڵبەز­و دابەزدایە و؛ چەمک­و دەستەواژەکان، کە لەڕووی باری واتاییەوە لەیەکتر جودان­و چەشنی ئەڵقەکانی زنجیرێک وان، لەنێوان خاڵی لووتکە­و خاڵی پەستی ژیان­دا کشابێت، هەریەکەیان پلەیەکن لەنێو ڕیزبەندییەک­دا، کە ددان­نان بەم ڕیزبەندییەو لەبەرچاوگرتنی مەوداکانی نێوان پلەکانی، لەهزری نیچەدا گەلەک گرنگ­و بەبایەخە. ڕوونتر بدوێین، لە چێوەی دەربڕینەکانی نیچە­و پەیڤەکانی زەردەشت­دا، بە چەند دەستەواژەیەکی جیاواز هێما بۆ ئادەمیزاد کراوە، هەریەک لەم دەستەواژانە، هەم باری ماناییان جیاوازە، هەم لەڕووی پلەبەندییەوە لەیەکتر جودان و، لەڕوانگەی ئەندێشەی نیچەشەوە، گرنگە ئەم پلەبەندییەو مەوداکان بە هەند وەربگیردرێن. ڕاستی ئەوەیە پاتۆسی مەودا (pathos of distance)، لە پرۆسەی دەرکەوتنی مرۆڤی باڵادا، ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت؛ ئاخر لەدیدی نیچەدا خودی ئەم جیاوازی و مەودایانە، وەک بەرئەنجامی جیاوازیی هێز ئەژماردەکرێن: ''ئەوی پلەو پایە یەکلادەکاتەوە، ئەوی پلەو پایە دەستنیشان دەکات، تەنیا تەرازووی هێزەو هیچی تر''(نیچە، ٢٠٠٧، ٦٥٩). هەر ئەمەش هۆکارە، تاوەکو وی، بێ پەروا پەلاماری هەموو ئەو لایانانە بدات، کە کەڵکەڵەی یەکسانی­و هاوتەرازکردنی تاکەکانی مرۆڤیان لەسەردایە. کەواتە جێگای سەرسووڕمان نییە، کە دەبینین نیچە لەئاست سیستەمە حکومڕانییەکانی دونیای مۆدێرن، هێندە بەدبین بووە. بەوەدا کە قوتابخانە سیاسییەکان­و مۆدێلەکانی حکومڕانی لە دونیای مۆدێڕن­دا و، ڕەنگدانەوەیان لەچێوەی "گشتپرسی" و "دەنگدانی گشتیی"دا، هۆکارن تاوەکو ''بشێت هەرکەس­و ناکەسێک حوکم لەبارەی هەموو کەسێک ­و هەموو تشتێکەوە بدات''(نیچە، ٢٠٠٧: ٦٥٩)، بۆیە نیچە، وەک نموونەیەکی بەرجەستەی هاوتەرازکردن­و یەکسان­سازیی ئەژمارییان­دەکات­­ و وەک ''دەسەڵاتی مرۆڤە گرگنەکان''(نیچە، ٢٠٠٧: ٦٦١) لەقەڵەمییان­دەدات. لێرەوە نیچە ''ناچارە جارێکی­تر، زنجیرەی پلەبەندییەکان دابڕێژێتەوە''(نیچە، ٢٠٠٧: ٦٥٩)، ئاخر بەدیدی وی، تا هەنووکە هەر چەشنە باڵاگرتنێکی ڕەگەزی ئادەمیزاد، وابەستەی کۆمەڵگای ئەریستۆکراتیی بووە­و هەمیشەش وا دەمێنێتەوە(نیچە، ٢٠١٠: ٢٠٨). دەبێت هەنگاو بەهەنگاو، پلەکانی ئەم قادرمەیە ببڕدرێن، تاوەکو بتوانرێت لەسەر بانی مرۆڤایەتی­و لە ئاسۆ دوور دەستەکان­دا، چاو بۆ دەرکەوتنی مرۆڤی باڵا بگێڕدرێت.

لەلایەکەوە بەدبینی لەئاست مرۆڤە مایەپووچەکان(گرگنەکان) و تەنانەت هیواخواستن بەوەی کە وەچە­و تۆویان لەسەر سەکۆی ژیان ببڕدرێتەوە، بەشێکە لە باوەڕە بنچینەیەکانی نیچە. ئەو چەندین­جار بێ سڵەمینەوە، ئەم بۆچوونە بەیان دەکات­و، مەسیحییەت­و ئەخلاقی مەسیحییەت سەرکۆنەدەکات، چونکە ئەم ئایینە دەکارێت ئەم چینە بپارێزێت. وەلێ لەلایەکی ترەوەو لەچەند بۆنەیەک­دا، بوون­و ئامادەیی ئەم چینە، بەپێویست دەزانێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم گۆڕانەی لەڕووانینی وی­دا ڕوودەدات، مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە بارگۆڕانێکی ڕیشەیی­و قووڵ لە بنەماکانی ئەندێشە­و ڕووانینی نیچە، لەئاست ئەم دەستەیە­دا ڕوویداوە. هەروەتر، ئەم ئاوازە تازەیە، خۆبەخۆ بە تێڕووانینی نیچە بۆ مایەپووچان­و گرگنەکان پەیوەست نییە، بەڵکوو ئەم ئاوازە تازەیە، تەنیا پاشکۆ­و پەراوێزی ئەو هەڵوێستەیە، کە وی لەئاست مرۆڤی باڵادا دەیگرێتەبەر و، تەنیا لەسیاقی ئەو نەخشەڕێگایەی بۆ دەرکەوتنی مرۆڤی باڵای داڕشتووە، مانا وەردەگرێت. ڕوونتر بدوێین، لەهزری وی­دا، ئەم چینە هیچ گرنگییەکی خۆبەخۆی نییە، بەڵکوو لەپەیوەندیدا بە مرۆڤی باڵاوە گرنگن. زۆرینەی مایەپووچ­و پاتاڵ، تا ئەو جێگەیە مایەی قبووڵکردنن، کە لەخزمەتی کەمینەی ڕەگەزباڵادا بن­و چەشنی کۆیلە، گوێڕایەڵ­و ئەڵقە لەگوێ بن. لە هەندێک بوارو بۆنەدا، مافی زۆرینەی پاتاڵ پارێزراو و رێز لێ­گیراو دەبێت، بەوەی کە بەهاو ئامانجە باڵاکانی خۆیان بپارێزن(هەرچەند بەهاکانیان خواروخێچ­و پەستن)، وەلێ بەو مەرجەی ئەوانیش سنووری خۆیان بزانن­و لەبەڕەی خۆیان زیاتر پێی لێ ڕانەکێشن­و لەهەوڵی ئەوەدا نەبن، بەهاکانی خۆیان بەسەر جییهان­و، لەوەش خراپتر بەسەر مرۆڤە مەزنەکان­دا بسەپێنن. ژیان­و بوونیان، خۆبەخۆ بەهایەکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو لەو ڕووەوە بەهای هەیە، کە ئەوان سەکۆیەکن، لێوەی گیانە شەریفەکان بەرەو بڵندی دەفڕن، ئەم گیانانەش لای خۆیانەوە ''هۆکارەکانی دەرکەوتنی ڕەگەزی باڵاتری ئادەمیزاد، فەراهەم دەکەن''(کۆپیلستون، ٢٠٠٨: ٤٠٣). لەبنەڕەتەوە، بەگوێرەی هزری نیچە، بنچینەی داوەری­کردن لەسەر بەهاو پلەی ئادەمیزاد، بەوەڵامی پرسیارێکەوە بەندە؛ داخۆ ئەو مرۆڤەی حوکمی لەسەر دەدەین، ڕوو بەرەو لووتکە هەڵدەزنێت یان بەرەو نشێو دادەکشێت؟ ئایا هەڵکشاوە یان داکشاو؟ بەواتایەکی تر، داخۆ ئاراستەی جووڵەی وی­و ڕەوتی هەنگاوەکانی، هاوتەریبی ئەو ڕێگایەیە، کە بەرەو (مرۆڤی باڵا) بەردڕێژکراوە و، هێزو وزەی لەخزمەتی مرۆڤی باڵا وئامادەکاری بۆ دەرکەوتنی مرۆڤی باڵا، بەگەڕدەخات؟ یان بەپێچەوانەوە، ئاستەنگێکە لەبەردەم دەرکەوتنی مرۆڤی باڵادا؟ ڕاستی ئەوەیە، بەهای کەسێتی یان بەهای ڕەوتارەکانی مرۆڤ، بەگوێرەی ئەو بنەما ئاکارییەی لەسەری دەڕوات، هەڵناسەنگێنرێت(بەگوێرەی هزری نیچە)، بەڵکوو بەوەوە بەندە، تا چەندێک لەچێوەی ئەو دوو دەستەیەی سەرەوە جێی دەبێتەوە(حقیقی، ٢٠٠٨: ١٠٢). دەشێت قۆناغەکانی پلەبەندی مرۆڤ، بەسەر چوار پلەدا دابەشبکرێت: مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە(human- all too human)، دواهەمین مرۆڤ(last man)، ­مرۆڤی بەرز(higher human)و مرۆڤی باڵا(superhuman)، کە هەر یەکێکیان، نوێنەرایەتی جۆرو شێوەیەکی ژیان دەکەن.

 

 

1. مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە

ئادەمیزادێک، کە "زێدە مرۆڤانە"و یان بەواتایەکی تر، "زیاد لەڕادە مرۆڤە"، ئادەمیزادێکە لەنێو ژیانی ڕۆژانەدا نقووم بووە، ئاسۆی بینینی گەلەک کورت­و سنووردارە، گەوزاو لەنێو چڵپاوی بەهاگەلێکی ماوەبەسەرچوو، گیرخواردوو لەنێو بەندی باوەڕێیلی عەوام­و نەریتگەلی ڕزیو، دیلی دەست دووبارەبوونەوەیەکی عەبەسیی­و یەک ڕیتم، داماڵدراو لەهەرچ بەهرە­و داهێنانێک، ڕازی­و خۆشنوود بەو ئاسوودەییەی کە زاتی وی پەست­و نەوی دەکات، کەلەڕەق لەئاست هەرچ گۆڕانکاریی­و کایۆسێک، هەمیشە پاسیڤ­و فەرمانبەردار. ئەم تایبەتمەندییە پەست­و نەوییانە، لەچاوی زەردەشت­دا، وەک بیمارییەک وان، کە دەبێت ئێجگار ئاگاداری بین: ''زەوی پێستێکی هەیەو ئەم پێستەش نەخۆشیگەلێک، یەکێک لەو نەخۆشییانە، ناوی (مرۆڤ)ە''(نیچە، ٢٠١٠: ١٤٥). پێ­دەچێت ئەم جۆرەیان بێت، کە بەگوێرەی ڕوانینی زەردەشت ''دەبێت تێپەڕێنرێت''. ''ئەوانەی لەهەموو نیگەران­ترن، لەمڕۆدا دەپرسن: چلۆن بتوانرێت مرۆڤ بپارێزرێت؟''، وەلێ زەردەشت یەکەمین­و تاقە کەسە، کە دەپرسێت: ''چلۆن بتوانرێت مرۆڤ تێپەڕێنرێت؟''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠٦)، ئاخر مرۆڤ کۆتا هەوار نییە، بەڵکوو پردێکە، دەبێت بەسەریدا بپەڕینەوە، تاوەکوو بە هەواری ڕاستین بگەین. '' زەردەشت دەخوازێت، سەرلەنوێ بیر لەمانای مرۆڤ­بوون بکەینەوە­و مرۆڤ وەک بوونێک ببینین، کە سنووری تواناکانی لەوە بەرین­ترە، لە واقیع­دا دەبینرێت. ڕوون­تر بدوێین، عیشقی زەردەشت بۆ مرۆڤ، عیشقە بۆ تواناکانی وی، ئاخر مرۆڤ دەتوانێت چێوەکانی سرووشتی خۆی تێپەڕێنێت''(Sedgwick, 2009: 110). گەییشتن بەم پلەیە، تەنیا لەڕێگەی تێپەڕاندنی هەلومەرجی ئێستا­و ئافەراندنی بەهای تازەوە، دەبێت. هەڵبەت ڕستێک ئاستەنگ، ئەم ڕێگا هەڵکشاوە بەرەو بڵندی، دژوار دەکەن: مەسیحییەت، ئەندێشەی مۆدێرن­ و بەتایبەت مۆدێلی حکومڕانیی لیبراڵ­دیمۆکراسی و زانستی مۆدێرن، گرنگترینی ئاستەنگەکانن.

شیاوی هێما بۆکردنە، ئەمە تەنیا دیوێکی ئەندێشەی نیچەیەو لە قووڵایی ئەم نەفرەتەدا، خۆشەویستییەکی سازگار بۆ مرۆڤایەتی پەنهانە. وەک بڵێی عیشقی نیچە بۆ ئادەمیزاد، وی ناچار دەکات، مرۆڤ هەر بەو جۆرەی کە هەیە، پەسەند نەکات و، چاوەڕێی زیاتری لێ­بکات.

 

 

 

٢. دواهەمین مرۆڤ

دواهەمین مرۆڤ؛ ناشیرین­ترین جۆری مرۆڤ، کە لەهەرچ کەس زیاتر شیاوی سووکایەتی پێ­کردنە­ لە نیگای زەردەشتی (نیچە)دا، مرۆڤێکی پاتاڵ­­و ناتێگەیشتوو، کە خراپ لەئامۆژگاری ''هەموو شتێک ڕەوایە''ی زەردەشت تێگەیشتووە، لە کەللەی پوکاوەی وی­دا، ئامۆژگاری ''هەموو شتێک ڕەوایە'' بەمانای ئەوە دێت، هەرچ هەڵە­و قوڕمساغییەکت لەدەست هات، درێغی نەکەیت! ­ئەو لە مەبەستی زەردەشت تێنەگەیشتووە، کە هێما بۆ توانای مرۆڤ لەڕاپەڕاندنی کاری مەزن دەکات، بەڵکوو وا تێگەیشتووە، کە ئەم دەربڕینە جۆرە ڕێگەپێدانێکە بۆ ئەنجامدانی هەر چەشنە کارێکی پەست­و نەوی­و، ئەمێستاکە پاش ''مەرگی خودا''، دڵخۆش­و شادمان بەوەی ''سەروەرێکی زێدە چاودێر و خۆ هەڵقورتێنەر'' لە گۆڕەپانەکە نەماوە، هیچ هۆکارێک بۆ خۆپارێزی نابینێت. بەوەی کە چیتر هیچ بەربەست­و ئاستەنگێک لەسەر ڕێگای تێرکردنی ڕووکەشانەترین­و سەرەتایی­ترین­و ئاژەڵییانەترین مەیل­و غەریزەکانی خۆی نابینێت، لەخۆشییان­دا فێی لێ­دێت. هەموو دەرک­و تێگەیشتنێکی وی ئەوەیە، مادام ''خودا مردووە، کەواتە ئیتر نە ئەخلاقێک بوونی هەیە، نە بەرپرسیارێتییەک و نە ئسووڵێکیش بۆ ژیان. ئەو، نەفی ڕێوڕەسمە ئەخلاقییەکان، بە بێ ئەخلاقیی تێ­دەگات''(سوفرن، ١٩٩٧: ٣٧).­ دەشێت هەر ئەم جۆرە مرۆڤە، ''بکوژی خودا'' بووبێت، ئاخر ئەم جۆرەیان، نەیتوانیووە بەرگەی کەسێک بگرێت، کە بەردەوام چاودێری کردووە، پەستی­و پاتاڵی­و ناشیرینییەکانی بینیووە، هەربۆیە بڕیاردەدات تۆڵە لەوەها ''چاودێرێک'' بکاتەوە(نیچە، ٢٠١٠: ٣٨٥). دواهەمین مرۆڤ '' خۆی لە لووتکەی ئافەراندن­دا دەبینێت، وەک بوونێک، کە خاوەندارییەتی لە بەهایەکی ڕەها دەکات، خۆی وێنادەکات، کەواتە بۆ وەها کەسێک، چیتر هیچ ئامانجێک بوونی نابێت، تاوەکو لەپێناوی­دا بکۆشێت. چونکە خۆی وەک خوداوەندی دەمی ئێستا دێتەبەرچاو، بۆیە ئاییندە تەنیا وەک موڵکی کەسیی خۆی دەزانێت­. بیرکردنەوە لە مرۆڤی باڵا لەدیدی وی­دا، تەنیا بەمانای بیرکردنەوە لە توانا­و بەهرەکانی خۆی دێت''(Hasse, 2008: 156). لەدیدی زەردەشت­دا، دواهەمین مرۆڤ هێندە بێزراوە، ڕێک بەخاڵی پێچەوانەی ''مرۆڤی باڵا''ی ئەژماردەکات و، بە هەمان ئەو ئەندازەیەی کە مژدەی دەرکەوتنی مرۆڤی باڵا دەبەخشێتەوە­و بانگ لە گرۆی ئادەمیزاد دەکات بەرەو مرۆڤی باڵا هەڵبکشێن، لە ''دواهەمین مرۆڤ''یش ئاگادارمان دەکاتەوە، ئاخر ئەگەر ئادەمیزاد ڕێگای مرۆڤی باڵا نەگرێتەبەر، بەناچاری بەرەو دۆڵی دواهەمین مرۆڤ گلۆر دەبێتەوە. ترس­و نیگەرانی زەردەشت لە دواهەمین مرۆڤ، لەو ڕووەوەیە، کە ئەم جۆرە ئادەمیزادە، باڵی فڕینی بەرەو ئاسۆی بڵند­و دوورەدەست، نییە. پانتایی ژیانە سنووردارەکەی ئەو، قەڵەمڕەوی چواردیواری ماڵەوە، خێزان، پیشە­و تەندروستی خودی خۆی تێناپەڕێنێت. نەوەک هەر کەڵکەڵەی ئەوەی لەسەردا نییە، سنوورەکانی ژیانی خۆی فراوان بکات (ئەوەی مرۆڤی باڵا هەوڵدەدات پێی هەستێت)، بگرە بەدوای ئەوەوەیە، ئەوانی­تریش لە نیگەرانییە پەست­و ڕۆژانەیەکانی خۆی، بگلێنێت. دواهەمین مرۆڤ، لەنێو خۆشنوودییەکی پەست­و نەوی­دا، لەئاست ئەم دۆخە لادەرە، گەوزاوەتەوە و، هیچ تامەزرۆییەکی بۆ دەرچوون­و فڕین، لەسەردا نییە. وەک بڵێی بەو کەمە داراییە ناچیزو پەستەی خۆی، ڕازی بێت و، هەیەجانی دەستڕاگەیشتن بە خەونی بڵند، تەزووی خرۆشێنەر ناخاتە گیانییەوە. خەڵکانی هاوسەردەمی ویش، ئەو نشێوە ئاسانەی بەرەو زەلکاوی دواهەمین مرۆڤ داکشاوە، لەو هەورازە دژوارە بەباشتر دەزانن، کە ڕووبەرەو مرۆڤی باڵا هەڵکشاوە: ''زەردەشت، ئا ئەم دواهەمین مرۆڤەمان پێ ببەخشە، ئێمە لەشێوەو بیچمی ئەم دواهەمین مرۆڤە هەڵکێشە، تاوەکو ئێمەش مرۆڤی باڵا بە تۆ ببەخشین''(نیچە، ٢٠١٠: ٢٨).    

 

 

٣. مرۆڤی بەرز

وەلێ داخۆ لەڕووانگەی زەردەشتەوە، تەنیا ئەم دوو بژاردەیە لەبەردەم ئادەمیزاددایە؟ ئایا دەرفەتی خۆ قوتارکردن لەم دووڕییانە بوونی نییە؛ ئادەمیزاد یان دەبێت بەدوای مرۆڤی باڵادا عەوداڵ بێت، یان بەرەو دۆڵی دواهەمین مرۆڤ گلۆر دەبێتەوە؟ نەخێر، ڕێگایەیکی تر لەئارادایە، لەم نێوەندەدا کەسانێک هەن، گەرچی بە پلەی مرۆڤی باڵا نەگەیشتوون، وەلێ ناتوانرێت لە ڕیزی دواهەمین مرۆڤەکانیش­دا ئەژماربکرێن. بەوتەی یاسپەرس، لەبەرئەوەی هێشتا ئایدیای مرۆڤی باڵا لە زەینی نیچەدا، نەخەمڵیبوو، بۆیە سەرەتا نیچە پایەکانی باوەڕی خۆی، لەسەر خاکی ئەم جۆرە مرۆڤە (مرۆڤی بەرز) ڕۆنابوو. لەوەش زیاتر، ئەم جۆرە مرۆڤەی وەک ''ئاڕاستەیەک ڕووبەرەو کامڵبوون، وێنادەکرد''، ئاخر نیچە ئەم چەشنە مرۆڤەی بەو کەسە دەزانی، کە خۆی لەچنگ هەموو زنجیرەکان ڕەهاکردووە؛ زنجیری وەک ''کەچ­ئەندێشی سەنگین­و واتاداری ئایین، ئەخلاق­و میتافیزیک.''(یاسپرس، ٢٠٠٨: ٢٧١). گەلێک تاییبەتمەندی لەم مرۆڤە بەرزانەدا هەن، کە میهرەبانی­و ئومێد لە هەناوی زەردەشت­دا دەبزوێنن. ''ئێوە ئەی مرۆڤە بەرزەکان، ئەوەی فێری سووکایەتیپێکردن بوون، ئومێدم پێ دەبەخشێت. ئاخر سووکایەتیپێکەرە مەزنەکان، ڕێزلێنەرانی مەزنن. ئەوەی کە ئێوە نائومێدبوون، لەنێو ئەو نائومێدییەدا، زۆرشت هەن شیاوی ڕێزن. ئاخر ئێوە فێری ڕادەستبوون نەبوون. ئێوە فێری زۆرزانییە سووک­و ڕیسواکان نەبوون.''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠٧). زەردەشت مرۆڤە بەرزەکان فێردەکات، ''سووکایەتیپێکردن'' بگۆڕن بە ''ڕێزلێگرتن''، وەلێ ڕێزگرتن لەخۆ نا، بەڵکوو ڕێزگرتن لە مرۆڤی باڵا و، ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکات، خۆیان لەپێناو مرۆڤی باڵادا بکەن بەقووربانی. زەردەشت لە ئەوان ڕازی­ و خۆشنوودە، چونکە ئەوان هەم لە بارودۆخی هەنووکە ''نائومێدبوون''و فێرنەبوون خۆ ڕادەستی بەها باوەکان بکەن، هەم ناشزانن ''دەبێت لەمڕۆدا چۆن بژین''، ئاخر ''ئەمڕۆ''، ڕۆژی ''خەڵکانی بچووک''ە، لەگەڵ ''فەزیڵەتی بچووک'' و ''زۆرزانی بچووک'' و ''ئاسوودەیی بەلەنگاز'' و ''بەختەوەریی گەلەیی''، بە پێی ئایینی زەردەشت، ئەمانە هەموو ئەو تشتانەن، کە دەبێت تێپەڕێنرێن. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەوەیە، خەڵکانی بچووک ''لەمڕۆدا سەروەرن'' و، ''ئەمانە گەورەترین مەترسین بۆسەر مرۆڤی باڵا.''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠٧). مرۆڤی بەرز، دەستبەرداری بەها باوەکانی ڕۆژگاری خۆی بووە، وەلێ هێشتا ڕێز لە گەلێ بەهاو پێودانگی ئاکاریی تایبەت دەگرێت، هەر ئەمەش ناهێڵێت وی بۆ نێو خەرەندی پاتاڵییەتی دواهەمین مرۆڤ، بەرببێتەوە. پێ­دەچێت هەر ئەم مرۆڤە بەرزانە بن، زەردەشت وەک میتافۆرێک، بە ''تەنافباز'' ناویان دەبات. بەپێچەوانەی دواهەمین مرۆڤ، کە گۆشەی سەلامەتی گرتووەو پێخەفی تەمبەڵی بەسەر خۆ داداوەو دڵی بە ژیانێکی خاڵی لە نیگەرانی خۆشە، مرۆڤی بەرز بەرەو ڕێگای هاتونەهات هەنگاو هەڵدێنێت­، هەر لەبەر ئەمەشە، زەردەشت بەڕێزەوە باسیدەکات: '' تۆ، سەرکێشیت کردووە بە پیشەو هیچ نەنگییەک لەمەدا نییە.''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠). بەڵام، لەگەڵ هەموو ئەم مەدح­و سەنایەشدا، هێشتا مرۆڤی بەرز، ناپەسەندە. زەردەشت، بەگوێرەی پێویست لەم جۆرە مرۆڤە ڕازی نییە. زەردەشت مرۆڤە بەرزەکان ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە دەکاتەوە، کە دەبێت توانای ئەوەیان هەبێت بەبێ خودا بەرپرسیارێیەتی ژیان لەئەستۆبگرن و، لەوەش ئاگاداریان دەکاتەوە، کە مل بۆ ڕووهێنانی عەوام بۆ ئایدیاو وەهمی ''خودا'' نەدەن. دەرئەنجامی وەها ئایدیایەک، یەکسانییەکی زڕە بۆ کۆمەڵانی خەڵک. وەلێ ئەو خودایەی، عەوام خۆیان پێدا هەڵواسیووە، چیتر بوونی نییە، مرۆڤی بەرز ئەمە بەباش دەزانێت، بەڵام بەوەدا کە بەهرەی ئیرادەی ئافەراندن لەودا نییە، بۆیە دواجار مەحکوومە بەشکست.

مرۆڤی بەرز، نێهیلیستە. وێڕای ئەوەی سەبارەت بە مەرگی خودا بەئاگایە، توانای ئەوەی نییە مل بۆ لێکەوتەکانی ئەم پێشهاتە بدات. هێشتان بە جۆرێک ڕەوتار دەکات، وەک بڵێی خودا زیندووە. گەرچی دەزانێت خودا مردووە، کەچی بەئومێدی دیدتنی خودای مردوو، هەر ئاوڕ بۆ ''دواوە'' دەداتەوە، هەرچەند باوەڕی بە خودا لەرزۆک بووە، وەلێ هێشتا باوەڕی بە شەیتان هەیە. ''بێ ئەوەی سەروەرێک لە گۆڕێ­دا بێت، وەک کۆیلە دەجووڵێتەوە... چیتر باوەڕی بە دونیاکەی تر نییە، وەلێ لەژێر کاریگەریی ئیرادەی نیهیلیزم­دا، باوەڕی وایە ئەم دونیایەو بوونی خۆی، بێ بەهان... ئەوەی ڕەنگ­ و ڕووی ژیانی بە ڕووخساری تەنافبازەکەوە نەهێشتووە، جۆرە هەستێکی تاییبەتی مەزهەبی­ و جۆرە هەستێکی تاییبەتی یەهوودیی_مەسیحییە، هەستی خودنەفرەتیی و ڕق لەخۆبوونەوە، خۆخواردنەوە و هەستی ئازاری ویژدان.''(سوفرن، ١٩٩٧: ١٠٣). مرۆڤی بەرز، گەرچی لەشەڕی خودای مەسیحییەت ڕزگاری بووە، وەلێ هێشتا باوەڕی وایە، دەبێت بەناچاری­ و بەهەموو توانایەکەوە، دەرهەق بە ئەخلاقی مەسیحی بەئەمەک بێت. مرۆڤە بەرزەکان، هەرچەندە متمانەیان بە بەها بڵندو مەلەکووتییەکان نەماوە و ئەمەش خۆی لەخۆی­دا هەنگاوێکە بۆ پێشەوە، وەلێ ئەگەر بۆ ئافەراندنی بەهای جیاواز، کەڵک لەم دەرفەتە نەبینن، ئەوا دووچاری سەرلێشێوان­ دەبن­و خۆیان لەگێژاوی تێگەیشتنی پاسیڤ­دا دەبیننەوە. هەوڵی ئەوان زیاتر بۆ ئەوەیە، ئەو شتەی کە لەمرۆڤایەتی ماوەتەوە، بپارێزن ­و، هێندە خەمی ئەوەیان نییە لەنێوان شێوە بەرزەفڕو نەوییەکانی ژیان­دا، جیاکاری بکەن. شیاوی ئاماژەپێدانە، کە لەسیاقی بەسەرهاتەکەی زەردەشت­دا، خەڵکی عەوام، بەهەڵە ''تەنافباز''ەکە بە مرۆڤی باڵا دەزانن. هەموو ئەو پێداهەڵگووتنانەی، زەردەشت بۆ مرۆڤی باڵای دەهۆنێتەوە، خەڵکی عەوام دەیدەنەپاڵ بابای تەنافباز! بەواتایەکی تر، بابای تەنافباز، ڕەمزی تێگەیشتنی عەوامە لە چەمکی مرۆڤی باڵا. بەڵام ڕاستی ئەوەیە، چارەنووسی تەنافبازەکە، کەوتنەخوارەوەیەکی تاڵ دەبێت، ئاخر وی لەچێوەی کەسێتیی ئێستای­دا توانای هەڵزنانی نییە بەرەو مرۆڤی باڵا و، لەنیوەی ڕێگادا دەگلێت. ئەم کەوتنە، ''وەسفێکی سەرسووڕهێنەرە بۆ داڕووخانی دواهەمین بەهاکانی ڕۆژگاری مۆدێرنیتە''(روزن، ٢٠٠٩: ١٢٦)و مەرگی تەنافبازەکە ''ڕەمزی وێرانبوونی قۆناغێکی کولتووری مرۆڤایەتییە''(روزن، ٢٠٠٩: ١٢٧). 

 

 

پێداویستییەکانی مرۆڤی باڵا

سەرەتا چەند دێڕێک سەبارەت بە مرۆڤی باڵا...

بینییمان، مرۆڤە بەرزەکان، هەرچەندێک بڵند بن­ و هەرچەندێک لە ئاستی خەڵکانی مامناوەند خۆیان ڕاپسکاندبێت ­و بەرەو سەرەوە هەڵکشابن، هێشتان نیچە بەدڵی نییە. بەوەدا کە نیچە، هیچکات بە شتگەلی سنووردار ڕازی نابێت­ و ساتێک ئارام ناگرێت، مرۆڤە بەرزەکان بە کۆتا ئامانج نازانێت ­و هێشتا چاوی لە ئامانجێکی گەلەک ڕەسەن­تر و شیاوترە. دەبێت بەدوای بابەتێکی باڵاتردا، بڵندییەکان کێوماڵ بکەین: '' تا ئێستا هەزار ئامانج لەگۆڕیدا بووە، ئاخر هەزار میللەت لەئارادا بوون. ئەوەی هێشتان بوونی نییە، کۆت­وپێوەندێکە بۆ ئەم هەزار گەردنە: ئەوەی لەگۆڕێدا نییە، یەک ئامانجە. مرۆڤایەتی هێشتا ئامانجێکی نییە''(نیچە: ٢٠١٠: ٧٢). ئامانجی نیچە(زەردەشت)، ئامانجی هەزارویەکەمیینە، کە هێشتا لەئارادا نییە، یان بە وتەی خودی خۆی، ئامانجی وی، هەمان ''هیچ کەس''ە! نیچە بە دڵنیاییەکی قووڵەوە، مژدەی دەرکەوتنی ئەم ڕەگەزە باڵایە، بە مرۆڤ دەدات. نیچە سەبارەت بە خوڵقاندنی ئەم ''گیانە ئازادانە'' لەنێو زەینی خۆی­دا، دەدوێت، سەبارەت بەوانەی کە '' تا ئێستا بوونیان نەبووەو نییە''. بەڵام لەوەدا دوودڵ نییە، ڕۆژێک لەڕۆژان، جییهان دەرفەتی دەرکەوتن بەم گیانە ئازادانە دەدات­و ''کیشوەری ئەورووپا، لەنێو ڕۆڵەکانی سبەینێ­و سبەینییەکانی خۆی­دا، ئەم جۆرە پیاوە دڵخۆش­و بێباکانە دەدۆزێتەوە و، هاتنی بەکاوەخۆوی ئەوان، بەچاوی دڵ دەبینێت­و، هیواخوازە بە قسەکردن لەمەڕ زەمینەسازی بۆدەرکەوتنیان، ناچارییان بکات خێراتر هەنگاو بنێن''(نیچە، ٢٠٠٦: ١٥). خۆری ''مرۆڤی باڵا''، هەمان ئەو نوورە درەوشاوەیەیە، کە هەتاوەکو کات­و شوێن بڕبکات، دەکشێت و، نیگاکانی نیچە بەدوای خۆی­دا ڕادەکێشێت: ''مرۆڤی باڵا سەراپای دڵی داگیرکردووم. ئەو یەکەمین­و تاقانە مەراقی منە، نەک مرۆڤ، نەک نزیکترین کەس، نەک نەدارترین کەس، نەک ئازاردیدەترین کەس­و نەک چاکترین کەس''(نیچە، ٢٠١٠: ٣٠٦). ڕستێک ئەرک و گەلێک پێداویستی، ئا ئەم ئادەمیزادە عەگید­و سرووش پاکەی نیچە، لە ڕیزی مرۆڤە بەرزەکان دەردێنێت­و بەرەو باڵاتری دەبات.

 

 

ماويەتى: لە بەشی دووەم­دا، ئەرک­و پێویستییەکانی مرۆڤی باڵا بەرباس دراوە.