A+    A-
(351) جار خوێندراوەتەوە

 

"مەرگی حەقیقەت"

 

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

و. ڕوشدى جەعفەر

 

 

 

 

ڕەخنەگرە لیبڕاڵەکان لە وتوێژەکاندا دەرهەق بە تەشەنەسەندنی هەواڵە ساختەکان (نەک تەنیا) لە میدیای ئێمەدا، [بەڵکو لە قوژبن و کایەکانی تری کۆمەڵگاشدا]، حەزدەکەن پەنجە بۆ سێ ڕووداو ڕابکێش، کە ئەگەر ئەم ڕووداوانە پێکەوە وەربگرین، ئەوا بە تەرزێکی نەپساو زەمینه بۆ ئەو شتە سازدەکەن وا کەسانێک پێی دەڵێن "مەرگی حەقیقەت". یەکەم، سەرهەڵدانی فەندەمێنتاڵیزمە دینی و ئیتنیکییەکان (و دیوە بەرامبەرەکەشی، لیاقەتی سیاسیی زبر) [1] کە لە ئەرگۆمێنتسازیی عەقڵانی دەتەکنەوە و بێ بەزەییانە داتا و زانیارییەکان بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان دەقۆزنەوە: فەندەمێنتاڵیستە مەسیحییەکان لەپێناو عیسادا درۆدەکەن، ئەو چەپڕەوانەشی ڕەچاوی لیاقەتی سیاسی دەکەن، هەڵدەستن بە شێواندنی ئەو هەواڵانەی قوربانییە دڵپەسەندەکانی ئەوان لەژێر ڕۆشناییەکی خراپدا نیشاندەدەن (یان هەڵگر و بڵاوکەرەوەکانی ئەم جۆرە هەواڵانە بە "کەسانێکی ڕەگەزپەرستی ئیسلامۆفۆبیک" تۆمەتباردەکەن) و هتد. دواتر، سەروکارمان لەگەڵ دیجیتاڵ میدیایەکی نوێدایە توانای ئەوە بە خەڵکی دەبەخشێت جڤاتگەلێک پێکبهێنن کە بە کۆمەڵێک خولیای ئایدیۆلۆژیی تایبەت جیادەکرێنەوە، جڤاتگەلێک دەتوانن تیایاندا لە دەرەوەی فەزایەکی گشتیی یەکخراوەوە هەواڵ و بۆچوونەکان ئاڵوگۆڕبکەن، هەر لەم جڤات و کۆمیونیتیانەشدا تیۆرەکانی پیلانگێڕی و تیۆرە هاوشێوەکانی تر بەبێ هیچ کۆتوبەندێک پەرەدەستێنن (هەر تەنیا بڕوانە گەشەسەندنی ماڵپەرەکانی نازییە نوێیەکان و دژە-جووەکان).

 دواجاریش، میراتی "هەڵوەشاندنەوەگەرایی" و ڕێژەگەرایی مێژووخوازی پۆستمۆدێرنەمان هەیە وا بانگەشەی ئەوە دەکەن هیچ حەقیقەتێکی ڕەوا و ئۆبێکتیڤ لەئارادا نییە، گوایە هەر حەقیقەتێک لەسەر ئاسۆیەکی تایبەت ڕاوەستاوە و لەسەر گۆشەنیگایەکی شەخسیش ڕەگی داکوتاوە، ئەم گۆشەنیگایەش خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵات بەندە، و گوایە گەورەترین ئایدیۆلۆژیا دەقاودەق بانگەشەکردنە بۆ ئەوەی دەتوانین لە سنووردارییە مێژووییەکەمان بچینەدەر و به تەرزێکی ئۆبێکتیڤ و بابەتی بڕوانینه شتەکان. دیارە، دژبەری ئەم بانگەشەیەش ئەوەیە فاکتگەلێک هەن، دەکرێت به شێوازێکی بێلایەن و ئۆبێکتیڤ بەردەستمان بکەون، دەشبێت ئازادیی بیروڕا لە ئازادیی فاکتەکان جیابکەینەوە. بەم پێودانە، لیبڕاڵەکان بەمورتاحییەوە بنکی مومتازی حەقیقەتداری و ڕاستبێژی داگیردەکەن و هەردوو لایەنەکە توڕدەدەن، بەرەی ڕاستی کۆنەپارێز و پەڕگیر [2] و چەپی ڕادیکاڵ. کێشەکان لەگەڵ جیاکارییەکەی کۆتاییەوە سەرهەڵدەدەن: بە مانایەک لە ماناکان، "فاکتە جێگرەوەکان" [3]هەن- تەبعەن نەک بەو مانایەی ئاخۆ هۆڵۆکۆست ڕوویداوە یان نا. (هەر بەم بۆنەیەشەوە، هەموو ئەو نۆژەنگەرا و ڕیڤیزۆنیستانەی دەیانناسم، هەر لە دەیڤد ئێرڤینگەوە بەولاوە، باوەڕیان بە شێوازێکی توند هەیە دەرهەق بە داتا سەلمێنراوەکان- هیچ کامێکیان ڕێژەگەرایی پۆست مۆدێرنه ناورووژێنن!) "داتاکان" کایەیەکی فراوان و دزەتێنەکراون، ئێمەش هەمیشە (وەکئەوەی لە هێرمۆنتیکدا پێی دەوترێت) لە ئاسۆیەکی دیاریکراوی تێگەیشتنەوە [4] لێیان نزیکدەبینەوە، ئیمتیاز بە هەندێ داتا دەدەین و داتاکانی تریش دەسڕینەوە. تێکڕای مێژووەکانمان دەقاودەق ئەمەیە: چیرۆکگەلێک، تێکەڵەیەک لە داتای (هەڵبژێردراو) کە خراوەتە ناو حەکایەتگەلێکی یەکانگیرەوە، نەک بەرهەمهێنانەوەی فۆتۆگرافیکیانەی واقیع. بۆنمونە، مێژوونوسێکی دژە-جوو بەئاسانی دەتوانێت لێکۆڵینەوەیەکی گشتی لەبارەی ڕۆڵی جووەکان له ژیانی کۆمەڵایەتی ئەڵمانیا لە دەیەی 1920دا بنوسێت، نیشانیبدات چۆنچۆنی جووەکان لە ڕووی ژمارەییەوە هەموو پیشەکانیان (پارێزەرەکان، ڕۆژنامەنوسەکان و هونەر) خستبووە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە- تێکڕای ئەمەش (ڕەنگە کەمتازۆر) ڕاست بێت، بەڵام ڕاستییەک کە بە زەقوزۆپی لە خزمەت درۆدایە. درۆ هەرە کاراکان، درۆگەلێکن لەگەڵ حەقیقەتدا، ئەو درۆیانەی تەنیا داتای فاکتواڵ بەرهەمدێنن. یان مێژووی وڵاتێک وەربگرە: کەسێک دەکرێت لە گۆشەنیگایەکی سیاسییەوە بیگێڕێتەوە (تەرکیز بخاتە سەر هەڵبەزودابەزه پێشبینینەکراو و بێ جڵەوەکانی دەسەڵاتی سیاسی)، لە ڕووی پێشکەوتنی ئابورییەوە، له ڕووی ململانێ ئایدیۆلۆژییەکانەوە یان له ڕووی ناڕەزایەتی و چارەڕەشییە جەماوەرییەکانەوە… دەکرێت هەر کامێک لەم شێواز و گۆشەنیگایانە لە ڕووی فاکتواڵەوە شیاو بێت، بەڵام هەر کامێکیان بە هەمان مانای جەختلێکراوە "ڕاست" نین. هیچ شتێکی ڕێژەگەرا لەو فاکتەدا نییە کە مێژووی مرۆیی هەمیشە له گۆشەنیگایەکی دیاریکراوەوە دەگێڕدرێتەوە، لەڕێگەی کۆمەڵێک خولیا [و باوەڕی] ئایدیۆلۆژیی دیاریکراویشەوە ڕادەگیرێت. شتە قورسەکە ئەوەیە نیشانیبدەین چۆنچۆنی هەندێک لەم گۆشەنیگا مەبەستدار و لایەنگیرانە سەرەنجام بە هەمان ڕادە ڕاست نین- هەندێکیان "ڕاستتر"ن لە هەندێکی تر. بۆنمونە، گەر کەسێک حەکایەتی ئەڵمانیای سەردەمی نازییەکان لە گۆشەنیگای ئەو ئازارانەی چەوساوەکان بەدەستییەوە چەشتویانە، بگێڕێتەوە، واتە با بڵێین ئەگەر لە گێڕانەوەکەماندا خولیایەک دەرهەق به ڕزگاریی گشتەکی و یونیڤێرساڵی مرۆڤ ڕێنوێنیمان بکات، ئەوا مەسەلەکە لێرەدا تەنیا گۆشەنیگایەکی سوبێکتیڤی جیاواز نییە: ئەم چەشنە گێڕانەوەیەی مێژوو به تەرزێکی خۆنشین و ئیمانێنت "ڕاستتر"ە، چونکە بە جۆرێکی گونجاوتر دینامیکیەتی ئەو گشتێتییە کۆمەڵایەتییە شیدەکاتەوە کە ڕێگەی بۆ دەرکەوتنی نازیزم خۆشکرد. هەموو "خولیا زاتی و سوبێکتیڤەکان" هاوتای یەکتر نین- نەک هەر لەبەر ئەوەی هەندێکیان لە ڕووی ئەخلاقییەوە لە هەندێکی تر پەسەندترن، بەڵکو چونکە "خولیا سوبێکتیڤەکان" ناکەونە دەرەوەی گشتێتیی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم خولیایانە خۆیان بڕێ ساتەوەختن لە گشتێتیی کۆمەڵایەتیدا، بەهۆی بەشدارە چالاک (یان ناچالاکەکان) لە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیدا پێکهاتوون. ڕەنگە ناونیشانی شاکارە بەراییەکەی هابەرماس "زانین و خولیای مرۆیی" [5] لەمڕۆدا لە هەر کاتێکی زیاتر پەیوەندیدار بێت.

تەنانەت کێشەیەکی گەورەتریش لەئارادایە دەرهەق بە پێشگریمانە ژێرەوانکێ و بنچینەییەکەی ئەو کەسانەی جاڕ بۆ "مەرگی حەقیقەت" دەدەن؛ ئەو کەسانە وا دەدوێن وەک بڵێی پێشتر (با بڵێین تاوەکو دەیەی 1980)، وێڕای ئەو هەمووە دەستکاریکرن و قۆستنەوە و شێواندنەی هەبووە، کەچی حەقیقەت بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵی بەسەر فەزاکەدا کێشابوو، و گوایه "مەرگی حەقیقەت" تەقریبەن دیاردەیەکی ئەمدواییانەیه. بەڵام هەر چاوخشانێکی خێرا [بە ساڵانی بەر لە دەیەی هەشتا] بۆمان دەسەلمێنێت دۆخەکە وەها نەبووه: ئایا چەند پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و کارەساتە مرۆییەکان لە جوغزێکی نەبینراو و شاراوەدا گیرساونەتەوە، ئیدی هەر لە جەنگی ڤێتنامەوە بگره تا داگیرکردنی عێراق. تەنیا ڕۆژگاری ڕیچارد نیکسۆن و ڕۆناڵد ڕێگان و جۆرج بۆش بیرخۆتان بهێننەوە… جیاوازییەکە ئەوە نییە ڕابردوو "زیاتر هەڵگری حەقیقەت (ڕاستتر)" بووە، بەڵکو ئەوەیه ئەوسا لەبری پێکداپژانی زۆروزەبەندی "حەقیقەت"ە بەشەکییەکانی ئەمڕۆ، یەک "حەقیقەت" (یان درووستتر، تاکه درۆیەکی زل) هەبووه کە هەموو پنت و قوژبنێکی خستبووه ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لە خۆرئاوادا، ئەمە حەقیقەتی لیبڕاڵ دیموکرات بوو (بە پێچێکی چەپڕەو یان ڕاستڕەو)ەوە. ئەو شتەی لەمڕۆدا ڕوودەدات ئەوەیە، لەگەڵ ئەو شەپۆڵە پۆپۆلیستەی دامەزراوەی سیاسیی لەقکردووه، ئەو حەقیقەت/درۆیەی وەک بناغەی ئایدیۆلۆژیی ئەم دامەزراوە سیاسییە ڕۆڵی دەگێڕا، وا لێکدەترازێت. هۆکاری دوایینی ئەم ترازانەش بریتی نییە لە سەرهەڵدانی ڕێژەگەرایی پۆستمۆدێرنە بەڵکو شکستی دامەزراوە فەرمانڕەواکەیە کە ناتوانێت چیتر هەژموونە ئایدیۆلۆژییەکەی خۆی بپارێزێت. ئێستا دەتوانین تێبگەین ئەو کەسانەی شینوشەپۆڕی "مەرگی حەقیقەت" دەگێڕن بەڕاستی دڵگرانی چین: ئەو زۆرینەیەی سەقامگیریی ئایدیۆلۆژی بۆ کۆمەڵگا دابیندەکرد کەمتازۆر ترازان و هەڵوەشانەوەی تاکە حەکایەتە گەورەکەیان قبوڵکردووە. نهێنیی ئەو کەسانەی وا نەفرەت لە "ڕێژەگەرایی مێژووخواز" دەکەن ئەوەیە ئەو کەسانە بیری ئەو بارودۆخە سەلامەتە دەکەن کە تیایدا تاکە حەقیقەتێکی گەورە (گەرچی لە درۆیەکی زل بەولاوە هیچی تریش نەبووبێت) "نەخشەیەکی ناسینەوە"ی [6] بنەڕەتی بۆ هەمووان دەستەبەردەکرد. بە کورتی، هەر ئەو کەسانەی ئەفسوس لە "مەرگی حەقیقەت" دەخۆن، بریکاره حەقیقی و هەرە ڕادیکاڵەکانی ئەم مەرگەن: درووشمەکەیان ئەو وتەیەیه کە دراوتە پاڵ گۆتەوە، "besser Unrecht als Unordung"، نادادپەروەری باشتر لە ئاژاوە، درۆیەکی گەورە باشترە لە واقیعێک کە تێکەڵەیەکە لە درۆ و حەقیقەتەکان. ئایا ئەمە بەو مانایه دێت کە ڕێژەگەرایی پۆست مۆدێرنە تاکە پێگە و هەڵوێستی ڕاستگۆیانەیه، ڕێژەگەراییەک کە جاڕ بۆ ئەوە دەدات ئێمە دەبێت تێکەڵەی درۆکان و ڕاستییە (بچووکەکان) وەک واقیعی خۆمان پەسەندبکەین، و هەر حەقیقەتێکی گەورش درۆیە؟ بێ دوو سێ لێکردن، نەخێر. بەڵکو ئەمە تەنیا ئەو مانایە دەگەیەنێت کە هیچ گەڕانەوەیەک بۆ هەژموونە ئایدیۆلۆژییە کۆنەکە لەئارادانییە- تاکە شێوازی گەڕانەوە بۆ حەقیقەت داڕشتنەوەیەتی لە پێگەیەکدا کە دەرگیرە لەگەڵ ڕزگاریی گشتەکیدا. ئەو پارادۆکسەی دەبێت قبوڵبکرێت ئەوەیە حەقیقەتی یونیڤێرساڵ و لایەنگیری یەکتر تەرەناکەن: لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا، حەقیقەتی یونیڤێرساڵ تەنیا لەبەردەستی ئەو کەسانەیە کە دەرگیر و بەشدارن لە ململانێ لەپێناو ڕزگاریدا، نەک ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن دەست بە بێباکیی "ئۆبێکتیڤ"ەوە بگرن. گەر بگەڕێینەوە بۆ نمونەکەی خۆمان: ئەنتی-سامیزم (هەروەها هەر ڕەگەزپەرستییەکی دیکەش) بە ڕەهایی هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر بێتو کۆمەڵێک "حەقیقەت"ی بەشەکی (داتای دەقیق)یش پشتگیریی لێبکەن. تەنیا داتای ڕاست و هەڵە لەئارادا نییە، بەڵکو گۆشەنیگا سوبێکتیڤە ڕاست و هەڵەکانیش هەن، چونکە ئەم گۆشەنیگایانە خۆیان بەشێکن لە واقیعی کۆمەڵایەتی.

 

 

 

[1] stiff political correctness

[2] Alt-right

 [3] alternate facts

 [4] horizon of understanding

[5] knowledge and human interest

 [6] cognitive mapping

 

 

 

 

 سەرچاوە:

 Slavoj Žižek, Sex and the failed absolute, pp. 108-110