A+    A-
(975) جار خوێندراوەتەوە

      وەهمە سیاسییەکان: دەربارەی "خانووە ڕەش"ەکانمان

 

 

 

ڕووشدى جەعفەر

 

 

 

 

 بەر لە هەر شتێک نابێت وەک لێکدژییەکی دوالیستی بڕوانینە وەهم و واقیع. وەهم و واقیع (یان حەقیقەت) دوو تێگەی دابڕاو و بێ ڕەبت نین. دابەشکردنی دیاردەکان بەسەر دوالیزمێکی لەم چەشنەدا، هەم جۆرە غرورێکی ناپێویستی تێدایە، گوایه ئێمە لە پێگەی دژ بە وەهمەوە دەدوێین، هەم بەلاڕێدابەریشە. وەهم، هاوتا نییە لەگەڵ خەون و پرۆژەی سیاسیدا، بەڵام ڕەگەزێکی ئامادەیە لە هەر پرۆژەیەکی واشدا. لەم سیاقەدا، وەهم وشەیەکە دەکرێت بە چەندان چەمکی تر ئاڵوگۆڕبکرێت و جێی بگیرێتەوە؛ خەوبینینی ڕۆژانە و میکانیزمێکی بەرگریی دەروونی و هتد... پەیوەندیی مرۆڤ بە جیهانەوە، لەڕێگەی زمانەوە، پەیوەندییەکی تێکەڵە بە چەندین ڕەگەز، کە ئەم ڕەگەزانەش تەنیا شایەتن لەسەر برینی سوبێکت خۆی، نەک نوێنەرەوەیەکی ئۆبێکتیڤی واقیع بن. لەم ڕووەوە، یەکێک لەو ڕەخنانەی لە ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان"ی بەختیار عەلی دەگیرێت، ئەوەیە ئەو ئینتیباعە لای خوێنەر جێدەهێڵێت کە هەمان دوالیزمی وەهم و واقیع بەرهەمدێنێتەوە، بەڵام خۆم پێموایە ئەم ڕۆمانە وەهم و واقیع وەک دوالیزمێکی بێ ڕەبت ناخاتەڕوو، بەڵکو کارکردی وەهم لەسەر واقیعدا تەرحدەکات؛ ونبوونی "دەریاس"یش لە کۆتاییدا، ونبوونی ئەو تایپەیە لە ڕۆشنبیر کە لە شەڕکردن لە دژی "وەهم"ەوە خۆی دەبێتە بەرهەمهێنەری "وەهم". جگە لەوە، خاڵێکی گرنگتر لەم ڕۆمانەدا هەیە، کە پەیوەندیدارە بە بارودۆخی ئێستاوە: "ڕزگارکردنی ڕابردوو". وەکئەوەی نوسەر لە پێشەکی بۆ چاپە فارسییەکەدا نوسیوێتی <<واڵتەر بنیامین دەڵێت: "گەر دووژمن سەربکەوێت، هەتا مردووەکانیش لە دەستی ڕزگار نابن». ئەم ڕستەیە بە کۆی فەلسەفەی بنیامینەوە بەستراوە سەبارەت بە مردووەکان. لە بیرکردنی لاشەکان مانای لە بیرکردنی ڕابردووی دوورودرێژی چەوساندنەوەی مرۆڤ. لاشەکان خودی مردووەکان نین، بەڵکوو ئەو مێژووانەن کە دەبێت لە یاد نەچنەوە، ئەو مێژووانەن کە دەبێت «وەبیر بهێنرێنەوە». بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە وەبیرهاتنەوە لای بنیماین چەمکێکی پێچەوانەی «یادەوەرییە». لێرەدا مەسەلەکە لە یاداهێشتنەوە یان لە یادا هەڵگرتن نییە، بەڵکوو مەسەلەکە بازنەدانە بەسەر ڕابوردوودا، بازنەدانە بەسەر ئەوەی کە لە ڕووی زەمەنییەوە تێدەپەڕێت، پێداگرتنە لەسەر ئەوەی کە تێنەپەڕیوە، بەڵکوو ئێستایە و ئێمە درێژکراوەی ئەوین، واتە مەسەلەکە یاد و یادکردن و یادەوەری نییە. واڵتەر بنیماین قسەیەکی ڕوونتر و گرنگتریشی لەسەر ئەوە هەیە، کاتێک دەڵێت ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە خەڵک دژ بە ناعەدالەتی ڕادەپەڕن تا منداڵەکانیان خۆشتر بژین، درووست نییە، ئەوەی وا لە خەڵک دەکات ڕاپەڕن، وێنەی پشتی چەماوەی باپیرانە لە ژێر باری چەوساندنەوەدا، واتە مرۆڤەکان شۆڕش ناکەن تەنیا بۆ ئەوەی سبەی منداڵەکانیان خۆشبەخت بن، بەڵکوو تا مێژووی چەوساندنەوەی نەوەکانی پێش خۆشیان لە بیر نەکەن. بە کورتی ئەوە وێنەی ڕابردووە وا دەکات بیر لە درووستکردنی پاشەڕۆژ بکەینەوە. مردووەکان، لاشەکان، ئەو تاکە شتە ڕاستەقینە کۆنکرێتەن کە لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا ماونەتەوە>>. لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ هەن؛ ئەو ڕابردووەی دەبێت ڕزگاربکرێت، ڕابردووی چەوساوەکانە نەک فڵان یان فیسار سیاسی؛ ڕزگارکرنی ڕابردوو بریتی نییە لە ئەرشیفشازی و یاداشتنوسین و تۆمارکردن، بەڵکو ڕزگارکردنێکی واقیعییە، واتە، بە زمانێکی سادە، شەڕکردن دژی ناعەدالەتییەکانی ئێستا بریتییە لە ڕزگارکردنی ڕابردوو. هەڵبەت لای ئێمە نەک هەر "ڕزگارکردنی ڕابردوو" بە مانا بنیامینیەکەی لەئارادانییە، بەڵکو گرفت و قەیرانی مێژوونوسیش هەیە. لێرەوە، پرسیارێک کە خۆی تەرحدەکات ئەوەیە: وەزیفە ئایدیۆلۆییەکانی یاداشت نوسی و مێژوونوسی، لە چاپە کوردییەکەی، کامانەن؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەکەوێتە دەرەوەی مەرامی ئەم نوسینەوە. بەڵام شیاوی ئاوڕلێدانەیەکی وردە. سلاڤۆی ژیژەک لە سەرەتای وتاری "Making use of Religion? No, thanks!" دا دەنوسێت: <<پرسیارە فەلسەفییە سەرەکی و گەوهەرییەکە ئەوە نییە چۆنچۆنی پەردەی وەهمەکان تێپەڕێنین و دەستمان بە واقیعێکی ڕاستەقینە ڕابگات، بەڵکو کتومت پرسیارە پێچەوانەکەیە: بۆچی وەهمەکان لەناو واقیعەوە سەردەردێنن؟<<. وەکئەوەی لەسەرەوەش ئاماژەی بۆکرا، وەهم تەنیا پەردە و ڕووپۆشێک نییە بەسەر واقیعەوە، بەڵکو ڕێک ئەو شتەیە، هەندێجار پەڕگیرانە، واقیع شێوەگیر دەکات. بە نیسبەت ئێمەوە، وەهمەکان هەندێجار ڕووەو هەڵوێستی سەیروسەمەرەی بردووین، بۆنمونە، لە کایە ڕۆشنبیرییەکەدا کە وەهمەکانی لە کایە سیاسییەکە کەمتر نییە، شاعیرێکی وەکو خانی لای کەسانێک کراوەتە پێشڕەوی بیری نەتەوەیی و بگرە فەیلەسوفیش... بەڵام ئەگەر وەهمە ڕۆشنبیرییەکان وەک شتێکی کۆمیدی بێنەبەرچاو، بەپێچەوانەوە وەهمە سیاسییەکان تراژیک و کارا و جووڵێنەرن. لای ئێمە هەم سیاسەت لە مۆدێلی حیزبایەتیدا و هەم ئەو لەسیاسیخستنەی کۆهۆکارێکی گڵۆباڵ و لۆکاڵی لەپشتە و کەلتوری مەسرەفگەراییش پەرەی پێدەدات، هاوشان و بەهۆی کۆمەڵێک وەهمی سیاسییەوە توانیوێتی ڕەوایەتی خۆی بەدەستبهێنێت. گەر سیاسەت لە دۆخی نۆرماڵی خۆیدا، لای ئێمە، کارگەی بەرهەمهێنانی وەهم بووبێت، دیارە شۆڕش کارگەیەکی بەبڕشتری وەهم بووە؛ بەڵام وەهم تەنیا زایەڵەیەکی نەرێنی نییە، بەڵکو بەشێکی کارا و هەڵسوڕێنەری سیاسەتە. ئەمەش بەو مانایەی وەهمبوونی لەوەی ناخات ڕۆڵێکی کارا لەناو واقیعەکەدا بگێڕێت. مادام لێرەدا تەرکیزەکە زیاتر لەسەر بەرخودی تاکەکانە لەگەڵ سیاسەتدا، واباشترە لەباتی وەهمە سیاسییەکان، چەمکی فەنتازیا سیاسییەکان بەکاربهێنین. بۆ ڕوونکردنەوەی مەسەلەی فەنتازیاش، ئاماژە بۆ چیرۆکەکەی پاتریشیا های سمیس، نوسەری ئەمریکی، دەکەینەوە، کە ژیژەک بۆ باسکردن لە کارکردی فەنتازی و دڕانی پەردەی فەنتازیا و ئەخلاقی فەنتازی باسیدەکات.

 

ئەم چیرۆکە، سەرەداوێکی گرنگمان دەخاتە بەردەست بۆ تێگەیشتن لە چەندین ڕەهەندی فەزای سیاسی ئێمە <<چیرۆکەکە دەربارەی کابرایەکی گەنجە کە باریکردووە بۆ شارێکی چکۆڵەی ئەمریکا. لە مەیخانەی شارەکەدا گوێ لەو ڕووداوانە دەگرێت کە خەڵکی ناوچەکە دەربارەی گەنجێتی خۆیان دەیگێڕنەوە گوایا لە ناوەوە و دەوروبەری ئەو خانووە ڕەش و تاریکەدا ڕوویداوە کە کەوتۆتە سەر تەپۆڵکەیەکەوە. ئەم خانووە، بینایەکی وێرانەیە و بە قسەی خەڵکەکە، تارماییەک یان شێتێکی پیاوکوژ یاخود خراپەکارێکی تیا نیشتەجێیە. کابرا گەنجەکە، بڕیار و بەڵێن بەخۆی دەدات کە پەردە لەسەر ئەم ڕازە هەڵبداتەوە. ئێوارەی ڕۆژی دواتر دەڕوات بۆ خانووەکە و هیچ نابینێت جگە لە کۆمەڵێک وێرانەی کۆن کە هیچ ترسێک و مەترسییەکی غەیبی و ئەوانەی تیا نییە. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ مەیخانەکە، زانیاری و ئەنجامەکانی خۆیانیان بۆ دەگێڕێتەوە و خەڵکەکە دەتۆقێن. بەم هۆیەوە یەکێکیان پەلاماری کابرای گەنج دەدات و هەر لەوێدا دەیکوژێت. بە وتەی ژیژەک، هۆکاری ئەم کردەوەیە ئەوەیە خانووە ڕەشەکە ڕۆڵی پەردەیەکی فەنتازی دەبینی، کە خەڵکەکە ئارەزووی نۆستالیژیی خۆیانیان تیادا دەنواندەوە. کابرا گەنجەکە بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ سەلماندی کە خانووەکە هیچ نییە جگە لە وێرانەیەکی قەدیمی، بەڵام بەم کارەی خۆی و بە نائەنقەست دەستدرێژی کردە سەر فەزای فەنتازیی ئەوان. ئەو جێیەی کە لە چاوی کابرا گەنجەکەوە تەنیا وێرانەیە، هاوکات لە چاوی فەنتازیی خەڵکی ناو مەیخانەکەشەوە جێیەکی پڕ مانا بوو کە کابراکە لێی تێنەدەگەیشت. کاردانەوەی توندوتیژانەی خەڵکەکە لەبەر ئەوە بوو کە کابرا گەنجەکە "جیاوازیی نێوان واقیع و فەزای فەنتازی"ی لەناوبرد و خەڵکەکەی لەو جێیە بێبەش کرد کە دەیانتوانی بە هۆیەوە ئارەزووی خۆیان ڕێک بخەن و دەرببڕن>>[1]

 

ئەوەی لەم چیرۆکە فێری دەبین ئەوەیە: هەندێک فەنتازیا بۆ خەڵکی لە حەقیقەت خۆی گرنگترن. خانووەکە لای کابرا گەنجەکە تەنیا وێرانەیەکە، بەڵام بۆ خەڵکی شارۆچکەکە شوێنێکی فەنتازییە و زیاترە لە خانوویەکی تەقوڕەق: شوێنی بەدیهاتنی نۆستالیژیانەی ئارەزووەکانیانە. دەکرێت لای ئێمە زۆر دیاردەی سیاسی لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو و بۆ خەڵکێکی دیاریکراو ئەم ڕۆڵە بگێڕن: گردەکە بۆ گۆڕانخوازان (وەکئەوەی وەلید عومەریش لە شوێنێکدا ئاماژەی پێداوە؛ دیارە لە دوای شکستی گۆڕانیش خانووە ڕەشەکەی پۆپۆلیستێکی میدیایی وەک شاسوار عەبدولواحید ئەم ڕۆڵەی بۆ خەڵکانێک گێڕا و دەگێڕێت)، سەری ڕەش و دەوڵەتە کوردییەکە بۆ پارتییەکان و هتد. وەک تەوسێکیش، گەر سەرنجبدەین هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی و گۆڕان بارەگا سەرەکییەکەیان لەسەر چیا یان گردێک هەڵکەوتووە، گەرچی کۆشک و تەلاری بە جاهوجەبەروت و ڕازاوەن بەڵام بەکردەیی هەمان ڕۆڵی خانووە ڕەشە چۆڵوهۆڵەکەی ناو چیرۆکەکەی های سمیس دەگێڕن. لێرەدا مەسەلەکە ئەوە نییە ئاخۆ ئەو قسانەی فڵان سیاسی لەسەر فیسار سیاسی دەیکات و بەپێچەوانەشەوە ڕاستن یان نا بەڵکو پشکنینی جێکەوتی ئەم قسانەیە لەسەر لایەنگرە دەمارگیرەکانیان. کەلتوری جوێنیش هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت: ئەوکاتەی سوبێکت هەست بە هەڕەشەیەکی حەقیقی یان گریمانەیی دەکات، زمان لوولدەداتە ناو لاڕێکانیەوە. وێڕای ئەو توندوتیژییەی لە هەناوی زمان خۆی هەیە، لای ئێمە توندوتیژیی تریشی بۆ زیاد کراوە. زمانی ژۆرناڵیستی (گەر ڕاستەوخۆش بە جوێن بار نەکرابێت) و ئەو زمانە قێزەونەی ئێستای خەڵکانێک کە دەیبینین: دوو دیوی هەمان پەیوەندیی نەخۆشانەن. پەیوەندیی تاکەکەسی ئاساییش بە سەرۆکەکانیانەوە، پەیوەندییەکی عاشقانەی تەعەسوبی و دەمارگیرە: لێرەوە هەر دەستبردنێک بۆ سەر سەرۆکەکە پاشهاتێکی وەک هەڵەی کابرا گەنجەکەی لێدەکەوێتەوە. دیسان بیرەوری و یاداشتنوسیش لای ئێمە خاڵی نییە لەو وەزیفانە: هەموومان بێ ئەوەی وردەکارییەکان بزانین، ئاگامان لە قێزەنیی ڕووداوەکانی شاخ هەیە: بۆیە کاتێک کەسانێک "بە بەڵگەوە" شتانێکی "نەهێنی" بڵاو دەکەنەوە، هەر ئەوە بە خۆمان دەڵێین نەمانوت؟ واتە شتەکە هیچ نەهێنییەکی شاراوە نییە کە تازەبەتازە کەشفکرابێت، بەڵکو کەشفکردنی کەشفکراوە. گەرچی کەشفکردنەکان جۆرە زبرییەکیان هەر تێدایە و کەشفکردنی تریش بەدوای خۆیاندا دێنن. هەر ماوەیەک لەمەوبەریش سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان باسی لەوە دەکرد ئاگاداربووە لە شاخ، مام جەلال چەندین باوڵ دەستنوس و بەڵگە و دۆکیومێنتی هەبووە کە تا ئێستا بڵاونەکراونەتەوە، بە گومانی وی هێشتا لە شوێنێکدا پارێزران و دەبێت بڵاوبکرێنەوە؛ گوایە ئەو شتانەی لە "دیداری تەمەن"دا باسکراون، شێوێنراو و ناڕاستن، با بڵێین "مام جەلالی باوڵە شاراوەکان" هەمان "مام جەلالی دیداری تەمەن" نییە. هێندە بەس نییە بڵێین لە دیدی ئەم عەقڵیەتەوە، قسەی "سەرۆک" مۆرکی کۆتایی لە شتەکان دەدات. ئەم باوڵە شاراوانەش بەر لەوەی فاکتێکی واقیعی بن، درەنگخستن و لەڕاستیدا بێ ئاکامکردنی فاکتەکانە.

 دواجاریش، لای ئێمە موقەدەس هێندەی شتێکی سیاسیە هێندە شتێکی دینی نییە. دەکرێت ئەم سەرنجەش سەربار بکرێت: لینکێکی بەهێز لەنێوان موقەدەسگەرایی و فەنتازیای سیاسیدا هەیە. لینکێک کە دەمێکە دەیبینین و بووەتە یەکێک لە سەرچاوەکان، نەک تاکە سەرچاوە، کە ئەم شێتییە گەوجانەیەی لێ کەوتۆتەوە و لێ دەکەوێتەوە. سیاسییەکان خۆیان شەڕی پێگە ڕەمزییەکەیان دەکەن و خەڵکیش شەڕی خانووە ڕەشەکەیان. دوو شەڕ کە مەحکومن بە شکست. بەکورتی، واباشە فەنتازیاکانی خۆمان بە هیچ خانوویەکی ڕەشدا هەڵنەواسین، زوو یان درەنگ باجی چۆڵوهۆڵییەکەی دەدەین... باجێکی دەروونی.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] (فەلسەفەی سلاڤۆی ژیژەک، تۆنی مایەرز، و. وەلید عومەر، لا 205)- 206