فیزیای شۆك: ده‌رباره‌ی 11 ی سێپته‌مبه‌ر
كتێبی «ململانێیی شارستانیه‌ته‌كان»ی ساموێل هانتینگتۆن یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین ڕوانگه‌ی فیكری بوو كه ده‌توانرا له میانه‌یه‌وه ڕاڤه‌ی ڕووداوێكی گه‌وره‌ی وه‌ك یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر بكرێت. ئه‌م ڕووداوانه له ڕوانگه‌ی هانتینگتۆنهوه ده‌كه‌وێته سیاقی ململانێی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ شارستانیه‌تی ئیسلامی‌دا، كه‌واته ڕووداوه‌كانی سێپته‌مبه‌ر یه‌كێك له گه‌وره‌ترین نیشانه‌كانی ئه‌م پێكدادانهیه.
ده‌ستێوه‌ردانه فیكريیه ناوازه‌كه‌ی دواتر به‌شداريی بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی ئۆلیڤه‌ر ڕوا(Olivier Roy) بوو، ڕه‌خنه‌ی له ڕاڤه‌ی یهكڕهههندیی ڕووداوه‌كان گرت (نمونه‌ی هانتینگتۆن)، به‌رگريی له بوونی تۆڕێك یان سه‌به‌ته‌یه‌كی هۆكاریی (Faisceau causal) كرد، بناغه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك هۆكاری سه‌ربه‌خۆ و كارلهیهككهرن له یه‌ك كات دا:
- كاردانه‌وه‌ی كەلتوریی ئه‌و گرووپه سیاسیيانهی كەلتوری ئیسلامی له ترۆپكی ڕادیكاڵی خۆی دا ده‌قۆزنه‌وه، ئه‌وه‌ش ئسلام نیه له خۆی دا.
- كاردانه‌وه سیاسییه‌كان دژی سیاسه‌تی ئه‌مریكی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش واتای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیماكانی هه‌ژموونی سیاسه‌تی ڕۆژئاوایی به‌گشتی و ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تی، كه پێشیدهتورێت ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئیمپریالیزم له هه‌ردوو ڕووه سیاسیه‌كه‌ی و ئابووریهكهیهوه.
ئه‌م سه‌به‌ته هۆكارییه ئاماژه‌ییه(دلالیة) كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی كولتوری خاوه‌ن ڕه‌هه‌ندی ئایینی تێیدا تێكده‌ئاڵێن كه ده‌شێت به‌ره‌و ئاماژه‌بۆكراوی(مدول) ئه‌وپه‌ڕی میتافیزیكی ڕابكێشرێن و وه‌ك ته‌وه‌ره‌ی خراپه لێكبدرێنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكی كردی، ئه‌مه سه‌رباری كاریگه‌رییه سیاسی و ئابورییه‌كان.
دیارده‌یه‌كی مێژوویی
ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلیڤه‌ر ڕوا به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات بڵێت كه ڕووداوه‌كانی سێپته‌مبه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ره ڕاستهوخۆكهی خودی ئیسلام نیه و ڕه‌هه‌ندی جوگرافیش نیه(ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و قه‌یرانه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی)، ڕیشه‌یه‌كی میتافیزیكیش نیه(خراپه له‌به‌رانبه‌ر چاكه دا)، به‌ڵكو كارلێكێكی بابه‌تی و مه‌یدانی توخمه‌كانی ئه‌م سه‌به‌ته هۆكاریهیه، كه ئاڵۆزی و به‌یه‌كداچوونی دیارده‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره‌ی ئاڵۆزی وه‌ك ڕووداوه‌كانی 11 ی سێپته‌مبه‌ر ده‌نوێنێته‌وه.
له قۆناغی دواتر دا له گۆڕه‌پانه كەلتورییهكهدا لێكدانهوهگهلی فیكری ده‌ركه‌وتن، له ڕووكه‌شدا خاوه‌ن یه‌ك ڕه‌هه‌ندی بوون به‌ڵام له ورده‌كاری دا فره‌یی و فره‌لق بوون، تیایاندا باسی لێكدانه‌وه‌كانی زمان‌ناسی ئه‌مریكی نۆوم چۆمسكی ده‌كه‌ین كه هۆكاری ڕووداوه‌كانی سێپته‌مبه‌ر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ هۆكاری ئیمپریالیزمی ئه‌مریكی به مانای فراوانی زاراوه‌كه، پێیوایه تیرۆر چه‌كی هه‌ژارانه له‌به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كاندا كه ههژموونێكی گشتگیریان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كاندا سه‌پاندووه. هه‌روه‌ها لێره‌دا به پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه‌یه‌كی O Dekens له كتێبی «فه‌لسه‌فه‌ی دۆخه‌كانی هه‌نووكه» دا ناوی توێژه‌رێكی فه‌ره‌نسی تایبه‌تمه‌ند له شارستانیه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌هێنین، كه یه‌كێكه له‌و یه‌كه‌مین كه‌سانه‌ی كه زاراوه‌ی «ئیسلامی سیاسیی» به‌كارهێناوه و ڕه‌نگه ئه‌ویش دایهێنابێت، ئه‌ویش برۆنۆ ئیتینه - Bruno Etinne كه له كتێبی «عاشقه‌كانی ڕۆژی قیامه‌ت» دا ئه‌م ڕووداوانه ده‌گه‌ڕێنێـته‌وه بۆ ئه‌و شته‌ی ناویده‌نێت ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی دژ به مۆدێرنه، تیایدا جه‌خت له پێدراوی كەلتوری ده‌كاته‌وه له كاتی تێكه‌ڵبوونی له‌گه‌ڵ ویناكردنهكان و پلانه سیاسییه‌كاندا. به‌وه‌ش ئه‌و پێیوایه كه ئیسلام له خودی خۆیدا هۆكاری ڕووداوه‌كان نیه، ئه‌وه‌ش هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئیسلام به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربازییانه له جیهانی ڕۆژئاوا ده‌سه‌نێته‌وه.
شه‌پۆله‌كانی دواتری شیكردنه‌وه‌كان خاوه‌ن تام و بۆیه‌كی فلسهفیه بۆ دیارده‌ی تیرۆر له‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایدا، نمونه‌ی هه‌ریه‌ك له بۆدریار و دێرێدا.
خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزییانه
ده‌ستێوه‌ردانه‌كه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی ژان بۆدریار له به‌شدارییه یه‌كه‌مینه‌كان بوو له هه‌وڵی تێگه‌یشتنی ئه‌م ڕووداوه تێرۆریستییه‌ی خاوه‌ن ڕه‌هه‌ند و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌ردوونییه.
بۆدریار خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی پێشكه‌شده‌كات، ته‌نانه‌ت خاوه‌ن سیماگه‌لی میتافیزیكیشه(به مانای حه‌رفیی وشه‌كه) بۆ ڕووداوه‌كانی 2001. توخمه‌كانی ئه‌م خوێندنه‌وه ڕه‌مزییه له‌وه‌دا ده‌نوێنرێته‌وه كه ئه‌وه لێدانی وێنه‌ی كۆمه‌ڵگایه له خودی خۆی- به كه‌مترین كۆشش و زۆرترین كاریگه‌ری- ته‌نانه‌ت ڕهمزیهتهكهی له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌یه‌تی: كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتن، ئازادی، تێربوون و هێز تیایداجادووی ڕه‌ش (تیرۆر) جادووی سپی(كه وێنه‌ی سینه‌مایی گوزارشتی لێده‌كات) له‌ناوده‌بات. وێنه‌ی ڕووداوه‌كه و ده‌نگدانه‌وه‌كه‌ی زۆر پێش واقیعیه‌ته فیزیایی و كیمیاوییه‌كه‌ی ده‌كه‌ون. ئه‌م ده‌نگدانه‌وه ڕهمزییانهش له‌ڕووی كاریگه‌رییه ده‌روونی و ئاماژهییهكانیهوه پێدراوگهلێكن كه ناكرێت بپێورێن یان كۆنترۆڵبكرێن، نه جه‌نگ و نه چه‌وساندنه‌وه‌ی سیاسییش سوودی نیه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و سنورداركردنی.
ئه‌و به‌شدارییه فیكرییانه‌ی كه بۆدریار پێشكه‌شیكرد بهشداریگهلێكه جه‌خت له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ئاماژه‌كان و ماناكان و ڕه‌هه‌نده‌كانی خودی كرداری تیرۆریستی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كان و پاڵنه‌ره‌كان یهكلاییناكهنهوه، ئه‌گه‌رچی بۆدریار خه‌ریكه به‌شێك له به‌رپرسیاریه‌ته‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی ڕۆژئاوا، چونكه زۆرینه‌ی تیرۆریسته‌كان له ڕۆژئاوا فێربوونه و ناسیویانه و ئامرازه‌كانیان دژی دوژمنكارییهكهی خۆی به‌كارهێناوه، وهكبڵێی ڕۆژئاوا له خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌رچی دێرێدا - Derridaیه خوێندنه‌وه‌یه‌ك پێكهشدهكات كه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌كه‌ی پێشوودا تێكناگیرێت، به‌شێوه‌یه‌ك جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه ڕووداوی تیرۆریستی ڕووداوێكی قایلكه‌ر(راضی) یان شۆكهێنه‌ره Traumatisant ، به مانای ئه‌وه‌ی ڕووداوێكه زیان به بونیادی گشتی كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌یه‌نێت و لهقیدهكات. یه‌كێك له سیما بنچینه‌ییه‌كانی ئه‌وه‌یه كه ته‌نها ڕووداوێكی ئێستایی و كاتی نیه، به‌ڵكو ڕووداوێكه به‌رده‌وام له داهاتووه‌وه دێت. داهاتووه‌كه‌ی له ڕابردووه‌كه‌ی ترسناكتر و تۆقێنه‌رتره. چونكه كاریگه‌ریه‌كه‌ی درێژ مه‌ودایه. ئه‌وه‌ی ڕوویدا نمونه‌یه‌كه له‌وانه‌ی كه ڕووده‌ده‌ن، شۆكه فیزیاییهكهی یه‌كه‌م شۆك و هێرشی به‌كتریایی و كیمیایی و میدیایی و ده‌روونی به‌دوادا دێت...
ئه‌وه هێرشێكه ته‌نها ماتریاڵه‌كان ناگرێته‌وه به‌ڵكو ده‌گاته لۆژیك و تێڕوانین و ڕێگاكانی تێگه‌یشتن و ڕاڤه‌كردن و پلاندانانیش، ته‌نانه‌ت ده‌گاته خودی به‌رگری خودی(المناعة الذاتية). ترسێكی كراوه‌یه به‌سه‌ر داهاتوو دا، له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام.
ئه‌م تێڕوانینه یه‌كه‌م شت داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه سیسته‌می ئاماژه‌یی(الدلالیة) باو ده‌كات له ڕووی زه‌ینی و میدیاییه‌وه، له‌قاندنی ئه‌و چه‌مكه گه‌ورانه‌ی كه فه‌رهه‌نگی سیاسیی باو به‌كاریده‌هێنێت: چه‌مكه‌كانی جه‌نگ، ده‌وڵه‌ت، سیاسه‌ت و ڕووداو ...
زایه‌ڵه
له‌ناو ئه‌م شیكردنه‌وه فه‌لسه‌فیانه‌دا ئاماژه‌یه‌كی نیمچه تێپه‌ڕ بۆ توندوتیژی كۆڵۆنیاڵی ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش گوزارهیهكه به به‌هێزی له‌لای نه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی دواتر ئاماده‌يه: ئالان بادیۆ (به پاشخانه ماركسیهكهیهوه) و میشێل ئۆنفرای به پاشخانه فیكریه لیبراڵیه ئازادیخوازهكهیهوه. به تایبه‌ت ئالان بادیۆ تا دانانی تیرۆری فه‌نده‌مێنتاڵی به زایه‌ڵه یان پاشماوه‌كانی یه‌كه‌م؛ «تیرۆری ده‌وڵه‌تی كۆڵۆنیاڵی»، دووه‌میش ئیمپریالیزم ده‌ڕوات.
شیكردنه‌وه‌كانی بادیۆ به گه‌ڕاندنه‌وه بنه‌ڕه‌ته‌كانی تیرۆر بۆ خودی ڕۆژئاوا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. تیرۆر به‌م مانایه باجه یان به‌رهه‌می توندوتیژی كۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیه. ئه‌وه توندوتیژیهكه له‌ناونه‌چووه به‌ڵكو ئه‌دگار و ڕووپۆشهكانی گۆڕاوه وه‌ك ئه‌وه‌ی له گڵۆباڵیزم دا هه‌یه كه ماسكێكی نوێی سه‌رمایه‌داریه.
ئه‌و خراپه مێژووییه‌ی كه ئه‌مڕۆ له ڕۆژئاوا ده‌دات ئازار/ئێش/ خراپه (Le mal)یه‌كه له دووره‌وه دێت، ته‌نانه‌ت دوورتر له كۆچ و ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی وێران یان ئه‌فریقای تاڵانكراوهوه ... له لایه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێكشكانه مێژووییه‌كه ترسناكه‌كه‌ی یۆتۆپیای سۆشیالیستی، به‌ڵام ڕیشه دوورترهكهی بریتیه له توندوتیژی كۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیزمی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی. بادیۆ تا وتنی ئه‌وه‌ش ده‌ڕوات كه داعش به‌شێكه له ده‌ستوپێوه‌نی ناوخۆیی بونیادی سه‌رمایه‌داری به‌جیهانیبوو، چونكه لای كه‌م كۆمپانیایه‌كی بازرگانیه نه‌وت و توحفه‌ی هونه‌ری و لۆكه ده‌فرۆشێت... هه‌روه‌ها تا وتنی ئه‌وه‌ش ده‌ڕوا كه تیرۆر فه‌نده‌مێنتاڵی شێوه‌یه‌كه له شێوه‌كانی فاشیزمی هاوچه‌رخی بهرگریكردنێكه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌وزه‌ویانه له به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم دا، تیایدا ئايين به كوالێتییه‌كی به‌رز ده‌بێته سۆسێكی شوناسگهراییی(صلصة هویاتیة) به‌رهه‌مهێنراوی تیرۆر.
تیرۆر له ڕوانگه‌ی بادیۆوه كه ڕوانگه‌یه‌كی ماركسیی لایه‌نداره، ته‌نها به‌رهه‌می ململانێی كەلتورهكان و كاردانه‌وه نیه دژ به هه‌ژموونی ڕۆژئاوا نیه له هه‌موو ئاسته‌كاندا به ئاستی كەلتورییشهوه؛ بهرههمهێنراوێكیش نیه بچێته چوارچێوه‌ی ململانێی جیۆسیاسیه‌وه(تا ڕاده‌یه‌ك دێرێدا)؛ به‌ڵكو له بنچینه‌دا كرده‌یه‌كه به‌رهه‌می ململانێی سه‌رمایه‌داریی به‌جیهانیبووه له‌گه‌ڵ په‌راوێزه‌كانی تردا، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهانیشدا، پاش داڕووخانی مۆدێلی سۆسیالیستی ئه‌م ململانێیه هه‌ڵگیرساوه.
ئه‌م شیكردنه‌وانه ئه‌وپه‌ڕی هۆشیاریی مێژوویی ڕۆژئاوایی پێكده‌هێنن، پڕن به بارگه‌یه‌كی به‌هێزی ڕه‌خنه له‌خۆگرتن، ئاڵێنراویشن له هه‌ندێك مه‌به‌ستگه‌رایی له ڕاڤه‌كردندا له‌گه‌ڵ سووربوون له‌سه‌ر جیاكاریكردن له‌نێوان ئاستی ڕاڤه‌ی هۆكارگه‌رایی (گورزه یان سهبهتیهكی هۆكاری) و لێكدانه‌وه‌ی ئاماژه‌یی مه‌به‌ستگه‌را(التأویل الدلالێ الغائي)، به‌شێوه‌یه‌ك واداده‌نرێت كه تیرۆری فه‌نده‌مێنتاڵی ناڕه‌زاییه‌تیه‌كی خوێناویه یان:
- دژی ڕۆژئاوای كۆڵۆنیاڵیست.
- یان دژی ڕۆژئاوا وه‌ك سه‌رمایه‌داریه‌كی هه‌ساره‌یی دڕنده (چۆمسكی/ ئالان بادیۆ).
- یان دژی ڕوحی ڕۆژئاوا (مۆدێرنه).
هۆشیاریی مێژووی ڕه‌خنه‌یی به‌ره‌و دانپێدانان و لێپرسینه‌وه له خود ده‌ڕوات، له كاتێك دا هۆشیاری مێژوویی هاوشێوه‌یی(التطابق) له سنوری نكۆڵی‌كردن و شكۆداركردنی خود دا ده‌وه‌ستێت.
محمد سه‌بیلا
وه‌رگێڕانی: شاڵاو خالید
سه‌رچاوه:
به كه‌مێك ده‌ستكاریه‌وه له‌م سه‌رچاوه‌یه‌وه وه‌رگیراوه:
https://www.alittihad.ae/article/8150/2019/%D9%81%D9%8A%D8%B2%D9%8A%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D8%AF%D9%85%D8%A9