پرسیار دەربارەی تەڵیسم و جادووی ئایین و ئایدیاکان*
دانیال دێنیت
و. وريا ئەحمەد
١
فەلسەفە پرسیارگەلێکە، پێدەچێت هەرگیز وەڵام نەدرێنەوە. ئایین وەڵامێکە، ڕەنگە هیچکات پرسیارێکی دەرهەق نەخرابێتەڕوو...
من فەیلەسووفم، بایۆلۆژیست، ئەنترۆپۆلۆژیست، کۆمەڵناس یان مێژووناس نیم. ئێمەی فەیلەسووفان، هێندەی دەزانین پرسیاربکەین، هێندە نازانین وەڵامبدەینەوە. دەشێت لەڕوانگەی هەندێک کەس، ئەمە وەک ملدانێکی گاڵتەجاڕانە بۆ بێهوودەیی، بێتەئەژماردن. ''تەماشای ئەم بەزمە بکەن، ئەو کابرایە دێژێت پسپۆڕییەکەی، پرسیارکردنە، نەوەک وەڵامدانەوە، چ کارێکی پەست و دزێو! دەترسین لە بەرانبەر ئەم کارەدا، مووچەشی بدرێتێ!''.
٢
زانست وەک ئەو کەسە زۆربڵێو دەمنەوەستاوە وایە، کە بە گێڕانەوەی کۆتایی فیلمەکە، ئەفسوونو جادووی فیلمەکە بەتاڵ دەکاتەوە.
٣
چ پێشهاتێک لە دۆخی ڕووداندایە؟
لە چەمەنزارێکدا بۆ مێروولەیەک دەڕوانیت، بەتەرزێکی تاقەتپڕوکێن بەسەر گەڵایەکدا هەڵدەگەڕێتو هەڵدەگەڕێت، دواتر دەکەوێتە خوارەوە، چەشنی سیزیفو بەردەکەی، مێروولەکەش دیسان تێهەڵدەچێتەوەو دووبارە بەسەر گەڵاکەدا هەڵدەگەڕێتەسەرێ. بۆچی مێروولە وا دەکات؟ لەم کارە پڕوکێنەرەدا، چسوودو قازانجێکی گیردەبێت؟ وادیارە پرسیارەکەمان هەڵەیە. مێروولەکە لەم کارەدا، هیچ سوودو قازانجێکی بایۆلۆژی بەنسیب نابێت. واتە مێروولەکە لەم کارەدا بەدوای ئەوەوە نییە بەشێوازێکی باشتر قەڵەمڕەوەکەی بخاتە ژێر چاودێرییەوە، یان بەدوای خوردوخۆراکدا کنەوپشکنین بکات، یاخۆ خۆی بۆ ڕەگەزی بەرانبەر بسەلمێنێت. (کەواتە بۆچی وا دەکات؟)، مێشکی ئەم مێروولەیە لەلایەن مشەخۆری جۆری دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم(Dicrocelium dendriticum)ەوە کۆنترۆڵکراوە. ئەم وردە زیندەوەرە مشەخۆرە، کە مێشکی مێروولە وەک خانەخوێ بەکاردەهێنێت، نیازیوایە لەم ڕێگەیەوە خۆی بگەیەنێتە ناو ورگی مەڕێک یان مانگایەک، تاوەکو لەوێدا سووڕی زاوزێی خۆی تەواوبکات. ئەم کرمە مشەخۆرە گچکەیەی ناو مێشک، هۆکاری بزوێنەری مێروولەکەیە بەرەو جێگایەک، کە بشێت سوودی بۆ ڕەچەڵەکی خۆی، نەوەک خێزانی مێروولەکە، هەبێت. ئەمە دیاردەیەکی دەگمەن و ناوازە نییە. لە سرووشتدا، بەزۆریو بەشێوازی جۆراوجۆر، بەر ئەم جۆرە دیاردەیە دەکەوین. چەندان جۆری کرمو مشەخۆری کاریگەر، ماسییەکان و مشکەکان و جۆرەکانی تری گیانداران، وەک خانەخوێ بەکاردەهێنن. ئەم میوانە ناوەختە بەلاشخۆرانە، دەبن بە هۆکاری ئەوەی، خانەخوێکانیان، بەشێوازێکی ناباو و دوور لەچاوەڕوانی ڕەوتار بکەنو تەنانەت دژبە خۆیان بجوڵێنەوەو خۆیان بەرەو خەرەندی لەناوبردن ببەن. هەموو ئەمانەش بە سوودی مشەخۆرەکە، نەوەک خانەخوێکە، دەشکێتەوە.
ئایا هاوشێوەی ئەم دیاردەیە لە ناو گرۆی ئادەمیزاددا ڕوودەدات؟ ڕاستی ئەوەیە، بەڵێ. زۆرجار بەر ئەو مرۆڤانە کەوتووین، کە بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان، تەندروستیو ئیمکانی خستنەوەی وەچە دەخەنەلاوەو، سەراپای ژیانیان تەرخاندەکەن بۆ پێشخستنی بەرژەوەندیی ئەو ئایدیایەی، لەناو مێشکیاندا چێنراوە. ئیسلام، وەک دەستەواژەیەکی عەرەبی، بەمانای "سەر سپاردن" و "تەسلیمبوون" دێت، ژیانی هەر موسوڵمانێکی باش، خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکە بۆ سەلماندنی ئەمە، ئاخر موسوڵمانی باش لەڕۆژێکدا پێنججاران نوێژ دەخوێنێت، خێر دەکات، لەمانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبێتو لەوەرزی حەجدا، دەچێتە زیارەتی کەعبە، هەموو ئەمانەش لەپێناو "اللە"و موحەممەدی پەیامبەریدایە. بێگومان مەسیحییەکانو جووەکانیش هەر بەم جۆرە دەجوڵێنەوەو، ژیانی خۆیان لەپێناو بڵاوکردنەوەی وتەی خودا، قوربانیدانی گەورە، ئازارکێشانی دلێرانە و گیانبازیدا، دادەنێن. هەموو ئەمانە، لەپێناو تەنیا ئایدیایەکدایە و هیچی تر. سیخییەکان، هیندۆسەکانو بودییەکانیش لەم یاسایە بەدەر نین. لەبیرتان نەچێت، چەند هەزار ئادەمیزادی هیومانیستی سیکۆلاریش، ژیانی خۆیان لەپێناو دیمۆکراسی، یان دادپەروەری، یاخۆ تەنیا لەپێناو هەقیقەتێکدا، دەکەن بەقوربانی. زۆرن ئەو ئایدیایانەی، تاکەکان لەپێناویاندا، گیان دەبەخشن.
ئەم تایبەتمەندییەی ئێمە، ئەوەی ژیانمان بۆ شتێک تەرخاندەکەین، کە لە بەختەوەریو خۆشگوزەرانیی خۆمان یان لە جەبری بایۆلۆژیی خستنەوەی وەچە بەگرنگتری دەزانین، ئێمەی لەهەموو گیاندارانیتر جیاکردۆتەوە. ورچێکی دایکانە، دلێرانە بەرگری لە خواردنەکەی خۆی دەکات، بوێرانە بێچووەکانی خۆی یان لانەوخانەی خۆی دەپارێزێت، لێ وا دەردەکەوێت ئادەمیزادەکان هێندەی بەهۆی بەرگریکردن لە دەقو شوێنە پیرۆزەکان گیانیان لەدەستداوە، هێندە بەهۆی بەرگریکردن لە کۆگاکانی ماددەی خۆراک، منداڵەکانیان یان خانووەکانیان، گیانیان لەدەستنەداوە.
هاوشێوەی گیاندارانیتر، ئێمەش خاوەنی غەریزەی وەچەخستنەوەین، ئەم غەریزەیە، وەک ئامانجێکی سرووشتی لە ناوەوەی ئێمەدا چێنراوە، لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجەدا، هەرچییەکمان لەدەستبێت، دەیکەین، وەلێ هاوزەمان ڕستێک ڕێوڕەسمو سرووتی تایبەتیشمان هەیە. ئێمە خاوەنی ئەو بەهرەیەین، چوارچێوەکانی جەبری جێنەتیکیی تێپەڕێنین. ئەم ڕاستییە، ئێمەی جیاواز بەبارهێناوە، لێ هێشتا وەک ڕاستییەکی بایۆلۆژی ئەژماردەکرێت، بەجۆرێک کە لە چنگی زانستی سرووشتیی ڕزگاری نابێتو دەرئەنجام، ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە، لەڕێگەی زانستی سرووشتییەوە ڕوونبکرێتەوە. چۆنچۆنی تەنیا یەک جۆرو ڕەگەز، کە ئەویش هۆمۆسایپینسەکانن، لەژیانی خۆیاندا خاوەندارییەتی لەم جۆرە ڕوانینە دەکەن؟
ئەوە دوورە لەچاوەڕوانیی ئێمە، کە کەسێک بڵێت گرنگترین شت لەژیاندا، هەبوونی وەچەی زیاترە لەچاو نەیاراندا، وەلێ هەر ئەم بابەتە بۆ هەرچەشنە گیاندارێکی کێوی، وەک پێشمەرجی باڵاترین پلەی سەرکەوتن دێتەئەژمار. ئەوان هەر ئاژەڵنو تەواو، لەوە زیاتریان لێ چاوەڕوان ناکرێت. دەشێت لەناو گرۆی گیانداراندا، حاڵەتێکی دەگمەنو سەیر بوونی هەبێت: سەگ! داخۆ "باشترین دۆستی مرۆڤ"، واتە سەگ، ناتوانێت جۆرە وەفادارییەک بنوێنێت، شیاوی چاولێکەری بێت؟ ئایا سەگ، لەکاتی پێویستیو لەپێناو پاراستنی خاوەنەکەیدا، نامرێت؟ بەڵێ، سەگەکانیش هاوشێوەی مرۆڤەکان، گیانو ژیانی خۆیان، لەپێناو شتانێکی بەدەر لەنیازی بایۆلۆژیا، دەخەنە مەترسییەوە. ئەمەش بەڕێکەوت نییە، کە ئەم تایبەتمەندییە جێگاستایشە، لە جۆر و ڕەگەزێکی ماڵیکراودا بەبارهاتووە. سەگەکانی ئەمڕۆ، وەچەو توخمی ئەو سەگانەن، پێشینانی ئێمە گەلەک خۆشیانویستوونو ستایشیانکردوون. پێشینانمان، تەنانەت ئەو ئامانجەیان لەبەرچاو نەگرتووە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەگەکان فێری وەفاداری بکەن، وەلێ سەرکەوتووانە ئەم کارەیان ڕاپەڕاند و باشترین بوونەوەرێکیان لەناو گرۆی گیانداراندا، پەروەردەکرد. داخۆ ئێمەش لەنواندنی وەفاو دڵسۆزی بۆ خودا، بەشێوەیەکی ناخودئاگایانە لاسایی ئەم نمونەی وەفادارییە نیسبەتبە ئاغا و سەروەر، دەکەینەوە؟ ئایا ئێمە لەوێناکردنی خۆماندا، سەگ بە نموونە وەردەگرین؟ پێدەچێت وابێت. سەگەکان وەفاو دڵسۆزی بۆ ئادەمیزاد دەنوێنن، چونکە لە پێشینانەوە بۆیان ماوەتەوە. وەلێ وەفاو دڵسۆزی ئێمە بۆ خودا، لەکوێ سەرچاوەی گرتووە؟
بەراوردەکەی سەرەتا، لەنێوان ئەو کرمە مشەخۆرەی، مێشکی مێروولە داگیردەکات و ئایدیاکان، کە مێشکی مرۆڤ داگیردەکەن، پێدەچێت وەک کارێکی دوور لەچاوەڕوانی و هەڵاساز دابنرێت. ئاخر گوایە بە پێچەوانەی کرمەکانەوە، ئایدیاکان زیندوونینو مێشک داگیرناکەن، ئایدیاکان بەرهەمی خودی زەینن. ئایدیاکان نازیندوون، ناتوانن ببینن کە بەرەو کوێ ملدەنێن، تەنانەت ئەگەر توانای بینینیشیان هەبووایە، دەستوپێو سەریان نییە، تاوەکو فەرمان بەسەر مێشکی خانەخوێکانیاندا بکەن. ڕاستە، وەلێ خۆ کرمی مشەخۆری (دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم)یش بوونەوەرێکی هۆشیارو بەئاگا نییە، هەر بەڕاستی هێندەی گێزەرێکیش هۆشیار نییە، تەنانەت مێشکیشی نییە. هەموو چانسو بەختێکی ئەم گیاندارە مشەخۆرە ئەوەیە، خاوەنی چەند تایبەتمەندییەکە، بەهۆیانەوە دەتوانێت مێشکی مێروولە وەک خانەخوێ بەکاربهێنێتو سواری ملی مێروولە ببێتو لەبەرژوەندی خۆی ئاڕاستەیبکات. (ئەم تایبەتمەندییانە، هاوشێوەی ئەو نەخشونیگارەی سەر باڵی پەپوولەکانە، کە شێوەی چاوێک دەنوێنێتەوە. هەندێکجار باڵندە ڕاوچییەکان بەهۆی ئەم نەخشونیگارەوە، دووچاری وەهمزەدەیی دەبنو وا هەستدەکەن گیاندارێکی زەبەلاح سەیریان دەکات. باڵندەکان لەم نەخشونیگارە دەترسنو پەپوولەکان لێیسوودمەند دەبن، وەلێ ئەم نەخشونیگارە هیچ هۆشو ئاگاییەکی نییە). ئایدیایەکی بێگیان، ئەگەر بە درووستی دیزاین کرابێت، بێئەوەی خۆی ئاگای لێبێت، دەشێت کاریگەریی باش بەسەر مێشکەوە بەجێبهێڵێت. ئەگەر کاریگەریی باشو بەسوود بەجێ بهێڵێت، پێدەچێت گەشەو بووژانەوەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، ئەم گەشەو بووژانەوەیەش، بۆ هێڵکاریی ڕاستو درووستی دیزاینەکەی سەرەتای دەگەڕێتەوە.
بەراوردی کرمی مشەخۆری (دیکرۆسلێووم دێندریتیکووم) بە وتەی خودا، مایەی نیگەرانیە، وەلێ دەبێت ئەو ڕاستیە بڵێین، بەراوردکردنی ئایدیایەک بە گیاندارێک، بابەتێکی تازە نییە. من، دەستنووسێکی دیرۆکییم لەلایە، کە لەسەدەی شانزەیەم لەسەر پێستی (گیاندار)ێک نووسراوەتەوە. ئەم دەستنووسەم نیوسەدە پێش ئێستا، لە کتێبفرۆشییەکی پاریس پەیداکرد. دەقی ئەم دەستنووسە (کە بەزمانی لاتینییە)، حەکایەتی پەندئامێزی بابای جووتیار(چێنەر) دەگێڕێتەوە(Matthew 13: Semen est verbum Dei; sator autem Christus). لێرەدا وتەی خودا وەک (تۆو)، مەسیحیش وەک جووتیار(چێنەر) وێناکراوە. تۆوەکان لەنێو زەینی ئادەمیزادەکاندا ڕەگدادەکوتن، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم ئادەمیزادانە، وتەو گوفتارەکان، لەئاستێکی بەریندا بڵاوبکەنەوەو لەبەرانبەردا، هەمان ئەم ئادەمیزادانەی کە بۆ تۆوەکان بوونبە خانەخوێ، ژیانی هەتاهەتاییان پێ دەبەخشرێت(eum qui audit manebit in sternum).
چۆنچۆنی ئایدیاکان لەلایەن زەینەوە دادەهێنرێن؟ پێدەچێت لەڕێگەی وەحیو پەرجووەوە بێت، یانیش پێدەچێت بەشێوازێکی سرووشتی بێت. ئایدیاکان لە زەینێکەوە بەرەو زەینێکی تر دەگوازرێنەوە، لەپرۆسەی وەرگێڕانی نێوان زمانەکاندا، بەسەلامەتی دەرچوون، بەسەر باڵی ئاوازەکان، هێماکان، پەیکەرەکان و سرووتەکانەوە فڕیون، لەگەڵ فۆرمو شێوەی نائاسایی نێو زەینی کەسانی تایبەت، تێکەڵبوون، لەنێو ئەم زەینانەدا پەڕوباڵی تازەیان پێبەخشراوەو ئایدیای تازەیان پێئافرێنراوە. ئەو ئایدیایانەی ڕۆژێک لەڕۆژان ئیلهامیان بە ئەم کەسە تایبەتانە بەخشی، لەنێو گەلاندا ڕەنگو بۆنی نەتەوەییان بەبەرداکرا، وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، تایبەتمەندییو هێزو وزەی تازەشیان بۆ سەربارکرا. پێدەچێت هەندێک لە ئایدیا ڕامنەکراوەکان، ئەوی لەسەرەتادا زەینی ئێمەیان داگیرکردبوو، لەدوای خۆیان، وەچەئایدیاو نەوەگەلێکیان بەجێهێشتبێت، کە ئاسان دەستەمۆو ماڵی کرابن، هەروەتر، ئێمەش هەوڵمانداوە سەروەرو ئاغای ئەم وەچەئایدیایانە بین، یان لانیکەم جڵەویانبکەین. ڕەگوڕیشەی ئایدیاکانی ئەمڕۆ، چییە؟ پێشینانی ئەو ئایدیا دەستەمۆکراوانەی لەمڕۆدا بەربڵاون، کێنو چیین؟ بۆچیو لەکوێوە سەریانهەڵدا؟ ئەو سەروەختەی پێشینانی ئێمە خەیاڵی ئەوەیان کەوتە سەر، کە نەک هەر ئایدیاکان پەروەردەو بڵاوبکەنەوە، بەڵکوو قەدرو ڕێزیشیان لێبگرن، چۆنچۆنی پرۆسەی "باوەڕهێنان بە باوەڕ" بووبەهۆی ئەوەی گۆڕان لەماهییەتی ئەم ئایدیا بەربڵاوانەدا بەباربێت؟
ئایدیا گرنگە ئایینییەکان، بەدرێژایی هەزارانساڵو بەر لە مێژووی نووسراویش، ئێمەی ئادەمیزادیان دیلو یەخسیر کردبوو، وەلێ ئەم چەردە زەمەنییە لەچاو مێژووی بایۆلۆژییدا، مەودایەکی گەلەک کورتە. ئەگەر بمانەوێت وەک دیاردەیەکی سرووشتیی، لەماهییەتی ئایینی ئەمڕۆ تێبگەین، نابێت بە تەنیا ئەوە ببینین، کە ئایین لەمڕۆدا و هەنووکە چۆنە، بەڵکو دەبێت ئەوەش ببینین، کە ئایین لە دوێنێدا چۆن بووە.
4
شکاندن یان نەشکاندن
زانست وەک ئەو مرۆڤە زۆربڵێو دەمنەوەستاوە وایە، کە بەگێڕانەوەی کۆتایی فیلمەکە، ئەفسوونو جادووی فیلمەکە بەتاڵدەکاتەوە. (نێد فلاندێرس؛ کەسایەتیی کارتۆنی لە ئەنیمەیشنی سیمپسۆن دا).
لە کۆنسێرتێکدا دانیشتوون، حەپەساو و هەناسەلەسینەدا قەتیسماو، گوێتان بۆ ئەو ژەنیارانە ڕادێراوە، کە خۆشتاندەوێن، نەوای میوزیکی دڵڕفێن، باڵتان لێدەڕوێنێتو بەرەو جێگایەکی ترتان دەبات... لەپڕ زەنگی موبایلی کەسێک لێدەدات! شکانی تەڵیسمو بەتاڵبوونەوەی ئەفسوون و جادووی کۆنسێرتەکە. مایەی نەنگە، مایەی شەرمەو هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەو کەسە گەمژەو بێئاگایە، کۆنسێرتەکەی لێتێکدان، ساتێکی گرانبەهای لەکیسدان، کە هەرگیز ناگەڕێتەوە. شکاندنی ئەفسوونو تەڵیسمی کەسێک، کارێکی قێزەونە! من نامەوێت ئەو کەسە بم، کە زەنگی موبایلەکەی لێدەدات، وەلێ زۆرباش ئاگام لەوەشە، کە بەم نووسینە، لەڕوانگەی زۆر کەسدا، هەر هەمان ئەو کەسە ڕەزاگرانەم.
کێشەکە لەوەدایە، هەم ئەفسوونی باش هەیەو هەم ئەفسوونی خراپیش. خۆزگە دەکرا تەنیا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیو زەنگی موبایلێکەوە، ناوبڕێک یان ڕاچەنینێک لەدۆسێ کارەساتبارەکانی وەک دۆسێی جۆنیس تاون(Jonestown) و گوویانا(Guyana) لەساڵی ١٩٧٨ بەدیبهێنرایە، ئەوەی کە سەرشێتێکی وەک جیم جۆنز(Jim Jones) فەرمانی بە سەدان پەیڕەوکاری ئەفسوونزەدەو تەڵیسمکراوی خۆی کرد، خۆیان بکوژن! خۆزگە تەنیا بمانتوانیبایە، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە بووبەهۆی فریوخواردنی گرووپی ئوم_شینریکیۆ(Aum Shinrikyo)ی ژاپۆنیو بڵاوکردنەوەی گازی سارین لەناو میترۆی تۆکیۆدا، کە مەرگی دەیان کەسو برینداربوونی هەزارانی تری لێکەوتەوە! ئەگەر لەمڕۆدا بتوانین ڕێگایەک بۆ شکاندنی ئەو تەڵیسمو ئەفسوونە بدۆزینەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوڕوکاڵی موسوڵمان بەرەو قوتابخانە تووندئاژۆکان پەلکێشدەکرێن، چیدەبوو! ئەو قوتابخانانەی، لەبری ئەوەی وانەکانی دونیای مۆدێرن، دیمۆکراسیی و مێژوویان تێدا بخوێنرێت، ئەم کوڕوکاڵانە بۆ ژیانێک ئامادەدەکەن، لێوانلێوە لە مەرگو شەهیدبوون ! ئەگەر دەکرا، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە هاووڵاتیانی ئێمە بەوە تەڵقیندەکات، گوایە لەلایەن خوداوە ڕێگەیانپێدراوە، کلینیکەکانی لەباربردنی منداڵ بتەقێننەوە!
بە تەنیا گرووپە ئایینیەکانو توندڕەوە سیاسییەکان، ئەفسوونکارانو جادووگەرانی ئەمڕۆکە نین. وێنای ئەوانە بکەن، دیلو یەخسیری دەست ماددەی هۆشبەر، قومار، خواردنەوە کحولییەکان یان هەرزەگۆیین. ئەم جۆرە کەسانە، پێویستیان بە زۆرترین بڕ لە کۆمەکو هاوکاریی بەپەلە هەیە، گومانم نییە لەوەی، هیچکەس ناخوازێت پەردە بەسەر ئەم ئەفسوونزەدە_جادوولێکراوانەدا بداتو هاواربکات کە ''تکایە بێدەنگی! تەڵیسمەکە مەشکێنن!''. پێدەچێت باشترین ڕێگا، بۆ شکاندنی ئەم تەڵیسمە خراپانە، ئەوە بێت، کە کەسی تەڵیسمکراو بخەینەژێر تەڵیسمی باشی وەک تەڵیسمی خودا یان ئینجیلەوە! دەشێت ئەمە باشترین ڕێگاچارەبێت، ڕەنگە واش نەبێت. دەبێت هەوڵبدەین وەڵامەکە بەدەستبهێنین. ئەویدەم بەدوای وەڵامدا دەگەڕێین، دەبێت لەوە بکۆڵێنەوە، داخۆ ئەگەر بە چەقەنەیەک دەوای دەردی ئەوانە بکەیەن، کە بە کارکردنەوە ئالوودەبوون، دونیا باشتر دەبێت یان نا؟ وەلێ ئەمە بابەتێکی هەڵاسازە. زۆرێک لەوانەی ئالوودەی کارن، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، کە گوایە ئالوودەبوونی ئەوان نەرێنیو وێرانکەر نییە، بگرە بۆ کۆمەڵگا و ئازیزانیان بەسوودە، سەربار، ئەم جۆرە کەسانە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، لەکۆمەڵگایەکی ئازاددا، مافی ئەوەیان هەیە شوێن هەستی خۆیان بکەونو خۆیانی پێبسپێرن، هەڵبەت تا ئەو جێگەیەی زیان بە ئەوانی تر نەگات. ئەمە پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگرە؛ ئێمە، لە پێگەی ئەوانیتردا، تا ئەو دەمەی دڵنیابین لەوەی، کە ئەمانە بەنیسبەت ئێمەوە بێزیانن، ناتوانین دەست لە کارە تایبەتییەکانیان وەربدەین. لێ کاتێک پرسێکی لەم شێوەیە دێتەپێشێ، دڵنیابوونەوە، دژوارو دژوارتر دەبێت.
تاکەکان، وابەستەی زۆرشت دەبن. هەندێک وا بیردەکەنەوە، ناتوانن بەبێ ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئازاد، ژیان بەسەربەرن، لەکاتێکدا کەسانیتر پێیانوایە بەبێ جگەرە ناتوانن بژین. هەندێک لەوباوەڕەدان، ژیان بەبێ میوزیک، وێرانەیە، هەندێکیتریش ژیانی بێ ئایین، بە شتێکی بێنرخ ئەژماردەکەن. ئایا هەموو ئەمانە دەچێتە خانەی ئالوودەبوونەوە؟ یاخۆ ئەمانە نیازو پێداویستی ڕەسەننو دەبێت بەهەرچ نرخێک بووە، بیانپارێزین؟
دواجار، دەبێت دەست بۆ ئەو پرسیارانە بەرین، کە بەدەوری بەها باڵاکاندا هەڵدەسوڕێن، هەڵبەت هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیی، ناتوانێت وەڵامێک بۆ ئەم چەشنە پرسیارانە بخاتەڕوو. لەبەرانبەر ئەمەدا، ئەوەی لەدەستمانبێت، ئەوەیە کە دابنیشینو هەموو پێکەوە بیربکەینەوە. ئەم کارە، جۆرە پرۆسەیەکی سیاسیی هاوبەشو پەروەردەییە لەپێناو قنیاتپێهێناندا و، دەتوانین بە نییەت باشییەوە ڕایپەڕێنین. وەلێ بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم کارە، دەبێت سەرەتا ئەوە بزانین، بژاردەو ئۆپشنەکانی بەردەممان چینو چۆنن، هەروەتر، دەبێت پێناسەیەکی ڕوونوڕەوان بۆ ئەو بەڵگانەش بخەینەڕوو، کە بۆ سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی دیدگا جۆراوجۆرەکانی بەشداربووان، دەهێنرێنەوە. ئەوانەی خۆیان لەبەشداریکردن دەدزنەوە (ئاخر ئەمانە گوایە هەر زوو وەڵامەکانیان چنگ کەوتووە!)، سەربەو گرووپەن، کە دیدگایان لە دیدگای ئێمە جودایە، ئەمانە خۆیان بەشێکن لە کێشەکە. بۆنموونە، ئەگەر بمانەوێت لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە، دەربارەی دیاردەی ئال نینۆ(El nino)** و گەرمبوونی زەوی، گفتوگۆبکەین، کارێکی بێ هوودەمان ئەنجامداوە، لێ چ پێیان خۆشبێت یان نا، ئێمە لەوەدا لەسەر هەقین، کە بانگەواز بۆ ئەوە دەکەین، خوێندنەوەیکی جددیو قووڵ بۆ ئەم بابەتانە بکرێت. پێدەچێت ئەم جۆرە کەسانە، ڕۆژێک لەڕۆژان بۆچوونیان بگۆڕێتو بێنەڕیزی ئێمەوە، تاوەکو کۆمەکمان بکەن، پاشخانی کارکردنو ڕێوڕەسمی ئەوان باشتر بناسین، وەلێ چ بەم کارە هەستن یاخۆ نا، ئێمە دەبێت هەموو ئەوەی لەبارەیانەوە پێوێستە، بزانین، چونکە ئەمانە هەموو ئەو شتانە دەخەنەبەر مەترسیی، کە بۆ ئێمە گرنگو بەبایەخن.
کاتی هاتووە ئایین وەک دیاردەکی سرووشتییو وەک بابەتی توێژینەوەیەکی فرەڕەهەندو چڕوپڕ، بەرباسبدرێت، هەڵبەت بەهاوکاری باشترین پسپۆڕانی سەر ئەم هەسارەیە. بۆچی؟ ئاخر ئایین بە نیسبەت ئێمەوە، زۆر لەوە گرنگترە، کە لەبارەیەوە وەک نەزانێک بمێنینەوە. ئایین نەک تەنیا کاریگەری بەسەر تەنگەژە و ململانێ کۆمەڵایەتیی، سیاسییو ئابوورییەکانی ئێمەوە هەیە، بگرە ئەو مانایەی، کە بۆ ژیانی خۆمان دایدەتاشین، لەژێر کاریگەری ئاییندایە. بۆ زۆرینەی تاکەکان، ڕەنگە بۆ بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی گۆی زەوی، هیچ شتێک هێندەی ئایین گرنگو بەبایەخ نییە. هەر بۆیە دەبێت تا ئەو جێگایەی بۆمان دەلوێتو دەتوانین، لەبارەی ئایینەوە شت فێربین.
ئایا ئەم چەشنە پەلاماردانەو ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنی تاقەت پڕوکێن، زیان بە دیاردەی ئایین ناگەیەنێت؟ ئایا تەڵیسمو ئەفسوونی ئایین بەتاڵناکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گەلەک باشەو من وەڵامەکەی نازانم. هیچ کەس وەڵامەکەی نازانێت. بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، تاوەکو بەوردی لێکدانەوەی بۆ بکەینو دواجار، ١: بەهەڵپەهەڵپ خۆمان هەڵنەدەینە ناو بابەتێکەوە و لەو سەرەوە بە پەشیمانیو دەست لە ئەژنۆ درێژتر بێینە دەرەوە ٢: ئەو ڕاستییانە لەبەرچاوبگرین، کە دەشێت ژیانی ئێمە باشتر بکەن. دانیشتوانی ئەم هەسارەیە، لەگەڵ کێشەو ئارێشەگەلی زۆروزەبەندا دەرگیرن، هەژاری، برسییەتی، نەخۆشی، ستەم، توندوتیژیی جەنگو توندوتیژیی تاوانکارییو زۆرێک کێشەی تر، یەخەی خەڵقی سەر ئەم هەسارەیەیان گرتووە. لەسەدەی بیستویەکدا، ئێمە دەبین بە خاوەنی هێزو دەسەڵاتی بێڕکابەر، کە دەشێت بەهۆیەوە بتوانین چارەیەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزینەوە. وەلێ دەبێت چیبکەین؟
بەتەنیا نییەتی باش بەسنییە. ئەگەر پەندو وانەیەکمان لەسەدەی بیستەوە وەرگرتبێت، ئەوەیە کە لەڕێگەی باشترین نییەتەکانەوە، مەزنترین هەڵەو گەورەترین گەمژایەتیمان ئەنجامدا. لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستدا، لەڕوانگەی ملیۆنان مرۆڤی خاوەن هزرو خاوەن نییەتی باش، کۆمۆنیزم وەک ڕێچارێکی جوانو تەنانەت سەرەتاییانە، بۆ هەموو ئەو نادادییەی کە بەچاوی خۆمان دەمانبینی، ئەژماردەکرا، لێ ڕاستیی ئەوەبوو، کە ئەمانە هەموویان بەهەڵەداچووبوون. هەڵەیەکی قێزەون، کە باجێکی سەنگینی بەدواوە بوو. هەر لەو سەروەختەدا، قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، وەک ئایدیایەکی گونجاوو باش ئەژماردەکرا. گونجاوی ئەم ئایدیایە، بەتەنیا لەڕوانگەی ئەو پیاوە ئایینییە خۆپارێزانەوە نەبوو، کە هەم کوشتەی دەسەڵات بوونو هەم پێداگربوون بۆچوونی خۆیان بەسەر هاووڵاتیاندا بسەپێنن، بەڵکوو لەڕوانگەی زۆرێک لەکەسایەتییە بەڕێزەکانیشەوە، کە زیانە مەترسیدارەکانی کحولیان دەبینیو بەو ئەنجامە گەیشتن، کە قەدەغەکردنی گشتیی، باشترین دەوایە بۆ ئەم دەردە. هەڵبەت دواجار ئەوە سەلمێنرا، کە ئەمانیش بەهەڵەداچووبوون، وەک چۆن کۆمۆنیزمیش بەهەڵەداچووبوو، لێ ئێمە هێشتا لە کاریگەرییە زیانبارەکانی ئەم چەشنە لە سیاسەتی (خۆشنییەت)، ڕزگارمان نەبووە. ڕۆژگارێک، کە هێندەش دوور نییە، ئایدیای جیاکردنەوەی ڕەشپێستو سپیپێست لەیەکتر، بە دیدی زۆرێک لە کەسایەتییە ڕاستگۆکان، وەک ڕێچارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئارێشەو ململانێی ڕەگەزی، ئەژماردەکرا. دەبوو کات تێپەڕێتو پاش سەرهەڵدانی بزاڤی مافە مەدەنییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانو پاش ئەزموونی سیاسەتی پڕ لە شەرمو لێوانلێو لە ئازاری ئاپاردایتو، دواجار پاش سڕینەوەی ئەم سیاسەتە لە ئەفریقای باشوور، ئینجا ئەو بەڕێزە ڕاستگۆیانەو ئەوانەی سەروەختێک بە نییەتی باشەوە بەرگریان لەسیاسەتی ئاپاردایتو جیاکاری ڕەگەزیی دەکرد، تێگەیشتن، کە چەندە هەڵەبوون. پێدەچێت ئێستا ئێوە بڵێن، دەک داڕزێن بۆ خۆیانو سیاسەتیان، دەبوو باشتر بیریانبکردایەتەوە. ئەگەر ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان وەگەڕبخەین، ئەویدەم دەتوانین باشتر بزانینو باشتر بیربکەینەوە، هەڵبەت هیچ بیانوویەک بۆ خۆ دزینەوە لەهەوڵدان، لەئارادا نییە. یان ئایا بیانوویەک بوونی هەیە؟ بەچاوپۆشی لە لێکەوتەکان، داخۆ هەندێک لە بابەتەکان، لەو دیوی هێڵی سوورەوەن؟
لەمرۆدا ملیۆنان ئادەمیزاد لەپێناو بەدیهاتنی ئاشتیدا، دۆعا دەکەن، تووشی سەرسووڕمان نابم ئەگەر زۆرینەیان لە قووڵایی دڵەوە، لەوباوەڕەدا بن، باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەم دونیایەدا، ئەو ڕێگایەیە، کە بەناو پێکهاتە ئایینییەکەی ئەواندا تێدەپەڕێت. ئەم کەسانە چ مەسیحی بن یان جوو، ئیسلامبن یان هیندۆسی، بودایی بن یاخۆ سەربە سەدان سیستەمی ئایینی تر، هەر بەو چەشنە تێدەفکرن، کە ئایینەکەی ئەوان باشترین ڕێگاچارەیە. بەهەق هێشتا کەسانێک هەن، باڵاترین ئومێدو هیوای مرۆڤایەتی لەوەدا دەبینین، کە هەموو ئایینەکان لە چوارچێوەی مێزگردێکدا کۆبکرێنەوەو بواربدرێت گفتوگۆیەکی تۆڵێرانس ئەنجامبدەن، تاوەکو لەمەڕ پرسی چۆنیەتی ڕەوتارو مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا، بگەنبە ڕێککەوتنی کۆتایی. دەشێت خەونی ئەم کەسانە، جێگایستایش بێت، بەڵام ئەمە خەونە. تیینیویەتی باوەڕ، بە مێزگردو یەکتر قبووڵکردن ناشکێت. بۆ باوەڕدارێک هێندەی ئەو پرسە گرنگە، ڕۆژێک ئایینەکەی ئەو سەراپای دونیا بگرێتەوە، هێندە ئاشتی کورتخایەن یان درێژخایەن گرنگ نییە، زۆرێک بەڕاستگۆییەوە ددان بەم بابەتەدا دەنێن. هەندێک کەس ئایین، وەک تاقانە ئومێد بۆ گەیشتن بە ئاشتی، وێنادەکەن. ئایین لەدیدی ئەمانەدا، کەشتیی نەجاتەو ئێمەی ئادەمیزاد بوێری ئەوەمان نییە دەستی (ڕەخنە)ی بۆ درێژ بکەین، تا مەبادا سەرنگوون ببێتو هەموومان تیابچین. لەهەمانکاتدا، هەندێکی تر، شووناسی ئایینی وەک سەرچاوەی سەرەکی هەموو تەنگەژەو توندوتیژییەکانی جییهان ئەژماردەکەنو لێبڕاوانە پێیانوایە، کە یەقینی ئایینی لەچاو ئارامیو عەقڵانییەتی ئاگامەندانەدا، ئاڵتەرناتیڤێکی گاڵتەجاڕانەیە. هەڵبەت ئەوانەی خاوەندارییەتی لەم دوو دیدگا جیاوازە دەکەن، نییەتیان خێرە!
حەق بە کێیە؟ نازانم. ملیاران کەسی دیکەش، بە سەدان جۆری یەقینی پڕ لە هەیەجانی ئایینییەوە، نازانن. ئەو بێباوەڕانەش نازانن، کە دڵنیان دونیا بەبێ ئایین، جێگایەکی خۆشتر و باشتر دەبوو. لێرەدا هیچ لەیەکتر نزیکبوونەوەیک لەئارادا نییە. باوەڕداران و بێباوەڕان، هەریەک لە دۆڵێکەوە ئاوازی خۆیان دەچڕن. زۆرجار بێباوەڕان، بەشانو باڵی ئەو هەڵسەنگاندنە وردو بابەتییانەی خۆیاندا هەڵدەڵێن، کە بۆ دیدگاکان، کردارەکان و بەڵگەکانی دەخەنەڕوو. لەبەرانبەردا، باوەڕداران، لە پەرچەکراداریاندا لەهەمبەر بوێری، بێڕێزی کردنو سووکایەتی بە پیرۆزییەکانیانو لەئاست هەرکەسێک کە بخوازێت دیدگاکانیان هەڵبسەنگێنێت، تووڕەدەبن. دەبێت ئەم تەڵیسمە بشکێنرێتو هەر ئێستاش دەبێت بشکێنرێت. ئەوانەی ئاییندارنو لەوباوەڕەدان ئایین باشترین ئومێدو هیوای مرۆڤایەتییە، ئەگەر خۆیان ناخوازن بیروباوەڕی خۆیان هەڵبسەنگێنن، نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن، ئێمەی گوومانگەرا دەست لە گوومانکردن هەڵبگرین. ئەگەر هەق بە ئەوان بێت (بەتایبەت دوای قووڵبوونەوەی زۆر، راست و دروستی وتەکانیان بسەلمێت)، ئێمە وەک گوومانگەراکان، نەک تەنیا ئەمە پەسەنددەکەین، بگرە بەرەو هەمان ئەو دۆڵەش بنەوبارگە دەگوازینەوە، کە ئەوانی لێنیشتەجێن. ئێمە هەمان ئەو شتەمان دەوێت، کە ئەوان بە زۆری وای پیشاندەدەن بەدوایدا عەوداڵن. دونیایەکی لێوانلێو لەئاشتی، بە کەمترین ئازارەوە تا ئەو شوێنەی لەدەستمان بێت، دونیایەکی هاوتەراز لەگەڵ ئازادیو دادپەروەریو بەختەوەریو مانا، بۆ هەمووان. ئەگەر بابەتو ئامانجی ڕێگاکەیان ڕووننییە، ئەوا ئەمە پرسێکە دەبێت خۆیان بخوازنو بیانەوێت، کە بەم ناڕوونییە بزانن. ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، گوایە لە مشتومڕی پەیوەست بە پرسی ئەخلاق، دەستێکی باڵایان هەیە؛ ڕەنگە وابێتو شایستەی ئەوە بن و ڕەنگە واش نەبێت. وەرن پەردە لەسەر ئەم پرسە لابدەین.
5
پێڕستی دیدگاکانی مەریخییەک
ئەگەر خودا بوویتایە، ئاخۆ پێکەنینت دەئافەراند؟
Christopher Fry, The Lady's Not for Burning
پێدەچێت هۆکاری ئەوەی ناتوانین هەڵسەنگاندێکی باش بۆ ئایین بکەین، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە گەلەک لەئایینەوە نزیکینو ئێجگار پێی ئاشناین، بەچەشنێک، ئایین بۆ بابەتێکی ئاسایی گۆردراوە. ئاشنایەتیو نزیکایەتی، ساڵیانی ساڵ، بۆ هونەرمەندانو فەیلەسووفان، بابەتێکی نامۆ نەبووە. یەکێک لە کارە تازەگەرییەکانی فەیلەسووفانو هونەرمەندان، هونەری "لەئاشنایەتییو لەناسراوی داماڵین" بوو. هەر بۆیە، بەشێک لە شاکارەکانی لووتکەی داهێنان لەم بوارەدا، چاوێکی نوێو دیدێکی تازەیان بە ئێمەومانان بەخشی، تاوەکو ژێر توێژاڵی ئەو شتەی، کە بەئاشنامان دەزانی، ببیننو، لەپشتەوەی توێکڵو توێژاڵە دەرەکییەکاندا، بۆ ناواخنی ڕاستەقینەی ئەو شتە بڕوانین، کە تاوەکو ئەو ساتە، وەک بابەتێکی ئاساییو ئاشنا بۆمان دەڕوانی. زانایان بەقووڵی لەگەڵ ئەم میتۆدو شێوازەدانو دەخوازن دیاردەکان لەتەمی ئاساییبوونەوە دابماڵدرێن. ئاساییبوونەوەی دیاردەکانو دەرکەوتنیان وەک شتانێکی ئاشناو ناسراو، نەوەک هەر پرسیاری قووڵ دەمرێنن، بگرە بوار بەوەش نادەن بە وردیو بە دروستی بناسرێن. بۆ ئەوەی حەپەسانی فەیلەسووفانە لەدەست نەدەینو لەئاست جییهانو دیاردەکاندا هێشتا هەست بە شۆکو نامۆیی بکەین، دەبێت مەودایەک دروستبکەینو نەختێک لە شتەکانو ڕووکاری ئاساییان دووربکەوینەوە. ئەوە تەنیا نامۆو غەریبەکانن لەمەڕ هەمووشت پرسیاردەکەنو هەر جوڵەیەک سەرنجیانڕادەکێشێت. چرکەساتە ئەستوورەییەکەی نیوتن، ئەویدەم بوو، کە ئەو پرسیارە سەیروسەمەرەیەی لەخۆی کرد، بۆچی سێو لەدرەختەوە ڕوو بەرەو خوار بەردەبێتەوە؟ (هەموو کەسێکی ئاساییو بێبەهرە، ئەم پرسیارە بەمجۆرە دادەڕێژێتەوە "باشە، ئەی بۆچی نەکەوێتە خوارەوە؟ خۆ نافڕێت؟" و هەر کەسێکی ئاساییو بێبەهرەش، بەمجۆرە وەڵام دەداتەوە "ئیتر قورسە قورس، بۆیە دەکەوێت!" وەک بڵێی ئەمە ئیتر ڕوونکردنەوەیەکی یەکجار نایابو حاشاهەڵنەگر بێت). ئەلبێرت ئانشتاین پرسیارێکی هاوشێوەو سەیری کرد. هەمووان دەزانن دەمی "ئێستا" چ واتایەک دەگەیەنێت، وەلێ ئانشتاین پرسی، ئایا منو ئێوە مەبەستمان لە "ئێستا"، ئەو دەمەی بەخێراییەکی نزیک لە خێرایی ڕووناکی، لەیەکتر دووردەکەویینەوە، هەر هەمان مەبەستی سەرەتایەو "ئێستا"ش هەر هەمان مانای سەرەتای هەیە؟ بایۆلۆژیاش، پرسیاری سەیروسەمەری زۆری تێدایە. ''بۆچی گیانداری نێر، شیر بەرهەمناهێنێت؟''، ئەم پرسیارە لەلایەن جۆن ماینارد سمیس(John Maynard Smith)ی ڕەحمەتییەوە، لەساڵی ١٩٧٧ خرایەڕوو، کە زانایەکی بایۆلۆژیی داروینیی بوو. ئەو، بەم پرسیارەی، ئێمەی لەخەوی دۆگماتیزمو تەسکبینی بەئاگا هێنایەوە، تاوەکو لەگەڵ پێدراوێکی سەیروسەمەردا ڕووبەڕووببینەوە. ''بۆچی ئێمە هاوکاتو پێکەوە، پێڵوی هەردوو چاوانمان دەپرتێنین؟''، ئەم پرسیارە لەلایەن جۆرج ولیامز(George Williams) و لەساڵی ١٩٩٢ خرایەڕوو. ئەمیش هەر بایۆلۆژیستێکی داروینیی بوو. هێشتا لەلایەن هیچ بایۆلۆژیستێکەوە، وەڵامی پرسیارە باشەکان نەدراوەتەوە. لێرەدا هێما بۆ چەند پرسیارێکی تر دەکەین. کاتێک شتێکی کۆمیک دەبینیت، بۆچی پێدەکەنیت؟ پێدەچێت وا بیربکەینەوە، کە بابەتێکی ئاساییە، ئەویدەم دیاردەیەکی کۆمیک یان گاڵتەجاڕانەی وەک (قڕقێنە) دەبینین، وەک پەچەکردارێکی سرووشتیی، پێبکەنین، بەڵام بۆچی بەم جۆرەیە؟ بۆچی بەشێک لە ئەندامە سێکسییەکانی ڕەگەزی مێینە، ورووژێنەرن و بەشێکی تریان وا نین؟ ئایا ئەمە ئاساییە؟ دیسان بە جوانی و بە وردی سەرنجیان بدە! لێ ئەمە کۆتایی بەسەرهاتەکە نییە. ئەو ڕێسامەندییەی لەسیاقی پەچەکردارەکانی ئێمە، لەئاست دونیای دەوروبەردا بوونی هەیە، دەستبەری ئەوە دەکات، کە دیاردەکان وەک شتانێکی ئاسایی و ئاشنا دەربکەون، هەروەتر، ئەرکی ئەم ڕێسامەندییەی، کە پەچەکردارەکانی ئێمە تێیاندا ئاڕاستەوەردەگرێت، ئەوەیە، بیسەلمێنێت کۆی پەچەکردارەکانی لای سەرەوە(پێکەنین یان ورووژان)، بەشێکن لە "سرووشتی ئادەمیزاد"، وەلێ لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا پرسیارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە؛ بۆچی پێدەکەنین؟ بۆچی دەورووژێین؟ دیارە ئەم چەشنە پرسیارانە، تایبەتمەندیی تیۆری پەرەسەندن بەسەریاندا زاڵە، لێ ئەوەی سەیرە، بەزۆری فەیلەسووفان و هونەرمەندان بەدیدێکی پڕ لە ڕقەوە بۆ ئەم چەشنە پرسیارانە دەڕوانن! جارێکیان فەیلەسووفی ناسراو، لودویگ ویتگینیشتاین(Ludwig Wittgenstein)، ڕستەیەکی بەناوبانگی هێنایە سەرزمان، ناوەڕۆکی ڕستەکە کەموزۆر بەم شێوەیە بوو: دەبێت لە شوێنێکدا پرۆسەی ڕوونکردنەوە بوەستێنرێت و درێژەی پێنەدرێت. پێدەچێت ئەم دەربڕینەی ویتگینیشتاین، هەقیقەتێکی دانسقە بێت، لێ ئەگەر ئەم هەقیقەتە حاشاهەڵنەگرە، پاڵنەرەکانی پرسیارکردن لەئێمەدا بمرێنێتو ببێتبەهۆی ئەوەی هەرچی زووتر کۆتایی بە بنجکۆڵیی خۆمان بهێنین، ئەو کات چی؟ لەم دۆخەدا ئەم هەقیقەتە ئێمەی گومڕا کردووە. بۆ نموونە، بۆچی میوزیک بوونی هەیە؟ ''چونکە سرووشتیە!''، ئەمە وەڵامێکە، تەنیا خۆمان ڕازی دەکات. زانست هیچکات دەمودەستو خێرا، هیچ دیاردەیەک بەسرووشتی ئەژمارناکات. زۆرن ئەوانەی لەسەرانسەری دونیادا، چەندان کاتژمێر(بەزۆری ژیانی پیشەیی خۆیان) لەپای ئاوازدانان، گوێ گرتن و سەماکردن لەگەڵ نەوای میوزیکدا بەسەردەبەن. بۆچی؟ کێ سوودمەند دەبێت؟ بۆچی میوزیک بوونی هەیە؟ بۆچی ئایین بوونی هەیە؟ ئایین چییەو چۆنەو کەیو بۆ دەرکەوت؟ وتنی ئەوەی، کە ئەمە دیاردەیەکی سرووشتییە، تەنیا دەستپێک و سەرەتای وەڵامە، نەوەک خاڵی کۆتا.
تێمپڵ گراندین(Temple Grandin)، نوسەری ژانری خەیاڵییو پسپۆڕی بواری گیانلەبەران، پێشنیازی ناونیشانێکی گەلەک نایابی بۆ یەکێک لە بەرهەمەکانی ئۆلیڤەر ساکس(Oliver Sacks)ی دەمارناس کرد: ئەنترۆپۆلۆژیستێک، لەهەسارەی مەریخ(An Anthropologist on Mars_1995). ئەم خاتوونە، تێمپڵ گراندین، هەستی بەوەکردبوو، باشترین ناونیشان بۆ بەرهەمێک لەبارەی مرۆڤی نائاساییەوە، ئەو ناونیشانەیە، هەر ئەمەی بە ئۆلیڤەر ساکسیش وتبوو، ئەمە لەکاتێکدا بەڕێزیان هەر لەسەر ئەم هەسارەی زەوییە و لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەژیا. بەگشتی ئەم جۆرە نامۆبوونە، ئەوەی وەک دانیشتوویەکی سەر هەسارەیەکی تر ڕەوتاربکەیت، خۆی لەخۆیدا کۆسپوتەگەرەی زۆر بەباردێنێت، وەلێ نەختێک دوورکەوتنەوە لە دونیای ئاساییو دروستکردنی مەودایەک، لەوەدا هاوکار دەبێت، سەرنجمان لەسەر شتێک یان دیاردەیەک چڕبکەینەوە، کە بەدەر لەمە، ئەو شتە یان ئەو دیاردەیە، هێندە ئاشنا و ئاسایی دەبوو بۆ ئێمە، نەیدەتوانی سەرنجمان ڕابکێشێت. ئەگەر بەشێوازێکی کاتی، خۆمان لەبری بوونەوەرێکی "مەریخیی" دابنێین، بەسوود دەبێت، واتە خۆمان وەک ئەندامی گرووپێکی توێژینەوە، کە بێگانەنو لە هەسارەی مەریخەوە هاتوون، وێنابکەین. ئەم گرووپە بە دیاردە و دەرکەوتە باوەکانی سەر گۆی زەوی، نامۆن.
ئەوەی سەرنجی ئەم گرووپە ڕادەکێشێت، ژمارەی دانیشتووانە شەش ملیارد و ئەوەندەکەی سەر گۆی زەوییە، کە تاڕادەیەک ڕێژەیەکی مەزنی ئەم دانیشتووانە، بەشی هەرە زۆری کاتو وزەی خۆیان لەپای جۆرە چالاکییەکی ئایینییدا بەفیڕۆدەدەن: سرووتو ڕێوڕەسمی وەک نوێژ و پاڕانەوەی ڕۆژانە(چ بەکۆمەڵ و چ بەتاک) یان ئامادەبوونی چەندبارە لە ڕێوڕەسمێکی ئایینیدا، قووربانی کردنی زۆرو پڕ لە زیادەڕەوی، پشوودانو کارنەکردن لە هەندێک لەڕۆژەکانی هەفتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، چ کارەساتێک خەریکە ڕوودەداتو دەبێت گرنگی پێبدرێت، بەفیڕۆدانی ئامراز و دارایی لەپای ڕێوڕەسمی پڕ لەزیادەڕەوی، بەشداریکردن لە گردبوونەوەی پشتیوانیکردن لە خزمەتکارانی تایبەتمەند لەناو ئەو کۆمەڵگا ئایینییە دیاریکراوەدا، پاراستنی بینا و باڵەخانەی ئاڵۆزو پڕ لە پێچوخەم، نەخواردنی چەند جۆرە خۆراکێک، پۆشینی نیقابو عەبا، بە سووکایەتی ئەژمارکردنی چەند ڕەوتارێکو...هیتد! بابای مەریخی، لەوە دڵنیا دەبێت، کە هەموو ئەوەی باسکرا، "سرووشتی"ین. ڕوونتر بدوێین، مەریخییەکە، دەزانێت هەموو ئەو ڕێوڕەسمو ڕەوتارانەی، لەسەر ئەم هەسارەیە بەرچاوی کەوتوون، لەمەنزوومەی سرووشتی هەسارەکە بەدەر نین. ئاخر ئەو، لەهەر پنتێکی سرووشتدا، کە گرۆی ئادەمیزادەکان، ئەو گیانلەبەرە دووپێ و قسەکەرانە هەبن، ئەم ڕەوتارو سرووتانەی بینیووە. وەکو هەموو دیاردەکانی تری سرووشت، مرۆڤەکانیش خاوەنی خاڵی هاوبەشو خاڵی جیاوازی جێگاسەرنجو سەرسووڕهێنەرن. مرۆڤ، لەکاتێکدا خاوەندارییەتی لە دیزاینو نەخشەی ئەفسووناویو پر لەداهێنان دەکات (نموونەی ڕیتمە ئەدەبیی، هونەریی، تەلارسازیی و کۆمەڵایەتییەکان و...هتد)، لەگەڵیدا، خاوەنی ڕازێکی پڕ لەتەمومژیشە. ئەم هەموو نەخشەو دیزاینانە لەکوێوە سەرچاوەدەگرنو چی دەبێتەهۆی ئەوەی بمێننەوەو درێژە بەخۆیان بدەن؟ وێڕای هەموو ئەو نموونەو داهێنانە ئەدەبیو هونەریو ئەندازیاریو کولتووریانەی، کە هەنووکە هەن، وێڕای ئەو هەموو تێچوونو وزەیەی، لەپێناو ڕۆنانیاندا بەفیڕۆدراوە، قەبارەیەکی مەزنتر لە نەخشەو دیزاینو داهێنان لەڕابردوودا بوونی هەبووە و وزە و تێچوونی بێئەندازەیان بۆ تەرخانکراوە.
....تیۆرە دڵنشیەنەکان: سەرەتا، وێنای ئەو خوردوخۆراکە جۆراوجۆرانە بکەن، کە تامەزرۆی خواردنیانین، یان دەمانەوێت بەجۆرێک لەجۆرەکان، لەورگی خۆمانیان ڕۆبکەین. وەک دەستپێک، بۆنموونە تەنیا بیر لە چەوری، خواردنەوە کحوولییەکان، کافایین، شۆکۆلات، نیکۆتین، ماریجوانا و تریاک بکەنەوە. لەپێوەندیدا بەو ماددانەی هێمایان بۆکرا، لەهەناوی لەشی ئادەمیزاددا، سیستەمێکی پەرەسەندووی ناسینەوە بوونی هەیە، ئەم سیستەمە، ئەو ماددانە دەناسێتەوە، کە بەشێکی زۆر لەو تایبەتمەندییەیان تێدایە، ئێمە تامەزرۆیانین. بەگشتی مرۆڤ، یان لەڕێگەی خواردنەوە ئەم ماددانە بەدەست دەهێنێت، یان لەلەشی خۆیدا دروستیاندەکات، بۆنموونە ئەندرۆفییەنەکان(Endrophins) یان هەمان ئارامکەرەوە سرووشتییەکانی ناو لەش، ئەمانە لەلایەن سیستەمی بایۆکیمیایی لەشەوە بەرهەمدەهێنرێن، یاخود ئەو ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرانەی بە بەکارهێنانی مۆرفین تیایاندا و بەشێوازی دەستکردو لەدەرەوەی لەش، دروستدەکرێن. بەدرێژایی هەموو سەدەکان، ڕەگەزی هۆشیاری ئێمە، کەموزۆر کێوماڵی هەموو دیاردەو دەرکەوتەکانی سرووشتی کردووەو لەبەری گرتوونەتەوە، پاش هەزاران جار لە ئەزموونو هەڵەکردن، لەوەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە بتوانێت ڕێگا و شێوازەکانی کۆکردنەوەو چڕکردنەوەی ماددە تایبەتەکان، بدۆزێتەوە، تاوەکو ئێمە لەڕێگەی ئەم ماددە چڕکراوانەوە، سیستەمە ناوەکییەکانی لەشمان بورووژێنین، یان زیاد لەڕادە بیانورووژێنین. دەشیت لێرەدا مەریخییەکان بپرسن، داخۆ لە لەشی ئێمەدا سیستەمێکی جێنەتیکیی پەرەسەندو بوونی هەیە، کە ئەرکەکەی نواندنی پەچەکرداربێت لەئاست دیاردە یان شتێکدا، کە ئایینەکان ئەو دیاردەیە یان ئەو شتە بەشێوازی چڕکراوە، دەستەبەربکەن؟ زۆرێک لەسەر هەمان باوەڕ بوونو پێیانوابوو ئایین، جۆرە هێورکەرەوەیەکی دەرکییەو سیستەمی ناوەکی ئێمە دووچاری ورووژاندن دەکات. سەروەختێک کارل مارکس، ئایینی وەک تلیاکی خەڵکی ڕەشۆک وێناکرد، دەشێت ئەمە ڕاست بێتو زۆر لەوەش ڕاستتر بێت، کە خودی مارکس چاوەڕوانی دەکرد.
6
سەرهەڵدانی ئایینەکان
لەنێو هیندۆسەکاندا، لەمەڕ ئەوەی شیڤا(Shiva) و ڤیشنۆ(Vishnu) کامیان باڵاترن، بیروڕای جیاواز هەیە، زۆرێک لەسەر ئەم جیاوازییە کوژراون. کتێبی پیرۆزی لینگاپۆرانا(Lingapurana) بەڵێنی بەهەشتی شیڤا بەو کەسە دەدات، هەستێت بە کوشتن یان بڕینی زمانی