«هێشتاش هەر دەسووڕێتەوە»
پێشەکیى کتێبى “کەمتر لە هیچ”
(٤) کۆتابەش
سلاڤۆى ژیژەک
و. وەلید عومەر
سرووشت خۆى له‌خۆيدا چاكەیە، كه بنكى خراپه تيايدا به‌پێى پێناسه‌كه هه‌ميشه ملكه‌چى چاكه‌يه: «له هه‌ر قۆناغێكى سرووشتدا، به‌ر له ده‌ركه‌وتنى مرۆڤ، بنكه‌كه ملكه‌چى بوون‌ه؛ به ده‌ربڕينێكى تر: خودئیرادە[1]ی بەش (particular) بەزەروورەت ملکەچی ئیرادەی کۆ(whole)یە. لەم ڕووەوە، خودئیرادەی هەر تاکە گیانەوەرێک بەزەروورەت ملکەچە بۆ ئیرادەی جۆر(species)ەکەی خۆی کە ئەویش ڕۆڵی هەیە لە هارمۆنیەتی کۆی سرووشتدا[2]». ئەوکاتەی، لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤدا، بنکی بوون ڕێگەی پێدەدرێت بەتەنیا بجووڵێتەوە، ئەوا بەشێوەیەکی خۆپەرستانە جەخت لەسەر خۆی دەکاتەوە، ئەمە تەنیا بەو مانایە نایەت دژ بە عەشق [و چاکە]ی ئیلاهی جەخت لەسەر خۆی دەکاتەوە، واتە دژ بە هارمۆنیەتی کۆ[ـی سرووشت] و ئیرادەی گشتەکیی (نا-خۆپەرستانە). بەو مانایە[ش] دێت ڕێک لە فۆرمی دژەکەی خۆی‌دا جەخت لەسەر خۆی دەکاتەوە: ترسی مرۆڤ ئەوەیە کە لەودا، [واتە لە سرووشتدا]، خراپە ڕوویەکی ڕیشەیی دەگرێتەخۆى: چیتر خراپەیەکی خۆپەرستانەی سادە نیە، بەڵکو خراپەیەکە وەک گشت و گەردوونیبوون دەمامکی پۆشیوە (دەردەکەوێت)، وەک لە کەیسە نمونەییەکەى تۆتاليتاريزمى سياسى هەیە كه وه‌كيلێكى به‌شه‌كيى سياسى خۆى وه‌ك به‌رجه‌سته‌بوونى ڕاسته‌وخۆى ئيراده‌يه‌كى گشته‌كى و ئازاديى مرۆڤايه‌تى پيشانده‌دات.
لە هیچکوێ‌دا جیاوازیی نێوان فیکری هیگڵ و فەلسەفەی دوایینی شیڵینگ هێند ڕوون و ئاشکرا نیە، وەک لەوێدا کە پەیوەندیى بە پرسی دەستپێک(the beginning)ـەوە هەستی پێدەکرێت: لەکاتێکدا هیگڵ بە هەژارترین و ناچیزترین تێگە سەبارەت بە بوون دەستپێدەکات (کە ئەم تێگەیەش، لە داڕنین و ئەبستراکتکردنەکەیدا، لە نوقسانیی خەسڵەتپێدانەکانیدا، هاوتاى هیچ (nothing)ـە)، "فەلسەفەی نێگەتیڤ"ـی شیڵینگیش(کە وەک بەشێک لە سیستەمە [فەلسەفییەکەی وی] هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی فەلسەفەیەکی "پۆزەتیڤ"ـەوە سەربار و کامڵدەکرێت) بە تۆخکردنەوە و جەختکردنەوە لەسەر نەفی و بۆشایی دەستپێدەکات، بەڵام ئەم بۆشاییە هێزێکی بەڵێگۆ و جەختکەرەوە (affirmative)ـی ئارەزووی ویستە: «هەر دەستپێکێک کەوتووەتە غیاب‌ێکەوە؛ قووڵترین توانست کە بەتوندی بە هەموو شتێکەوە دەلکێت بریتییە لە نا-بوون (non-being) و تاسە و برسێتیى بۆ بوون». له كايه‌ى لۆژيك و تێگە پێشینييه‌كانيه‌وه، ده‌په‌ڕينه‌وه بۆ پانتايى ژيانى واقیعى(و فیعلى)، كه خاڵى ده‌سپێكه‌كه‌ى بريتييه له تامەزرۆییەک ، "تاسه و برسێتی"ـى بۆشاييه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى له‌لايه‌ن بوونێكى فيعليی پۆزه‌تيڤه‌وه پڕببێته‌وه. بەم جۆرە، ڕه‌خنه‌ى شيڵينگ له هيگڵ ئەوەیە کە له‌پێناوى تێپه‌ڕينێكى ڕاسته‌قينه له بوون/هيچێتى (یان نەبوون)ـەوە به‌ره‌و صه‌يرووره‌یەکی فیعلى[3] كه دەبێتەهۆی هێنانەئارای "شتێك"ـى پۆزه‌تيڤ، بۆیە ئه‌و "هيچ"ـه‌ى كه به‌هۆيه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌ين پێويسته "هيچێكى زيندوو" بێت، بۆشايى ئه‌و ئاره‌زووه‌ى كه گوزارشت لە ئيراده‌ى بەرهەمهێنان یان بەدەستهێنان و هێشتنەوەی ناوەڕۆکێک دەکات.
لوغزى خوێندنه‌وه‌كه‌ى "هێنريش" بۆ ئايدياليزمى ئه‌ڵمانى ئه‌وه‌يه بۆچى به‌شێوه‌يه‌كى سيسته‌ماتيكى له ڕۆڵ و بايه‌خى شيڵينگ كه‌مده‌كاته‌وه، بەتایبەت شیڵینگی ناوەند هەردوو کتێبی نامەیەک دەربارەی ئازادیی مرۆیی و سەردەمەکانی جیهان. [واتە شیڵینگی نێوان دوو قۆناغە سەرەکییە باسکراوەکەی پێشوو]. ئەمە شتێکی تەمومژاوییە، چونکە ئەوە ڕێک شیڵینگی ناوەند بوو گه‌وره‌ترين قووڵايى ئه‌و شته‌ى دۆزييه‌وه وا هێنریش وەک کێشەی سەرەکیى فیختە (و بگرە ئایدیاڵیزمی ئەڵمانییش) دەستنیشانیدەکرد، ئه‌وه‌ى كه سه‌باره‌ت به "ئازاديى سپێنۆزايى[4]"ـه: چۆنچۆنی بیر لە بنکوزەمینەی ئازادی بکەینەوە، بنکێکی ترانس‌سوبێکتیڤی سوبێکتیڤیتە کە نەک هەر ئازادیی مرۆیی کۆتوبەندناکات بەڵکو کتومت زەمینەی بۆ خۆشدەکات و دەشبێتە ڕاگری؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى شيڵينگ له نامه‌ى ئازادی‌دا، ده‌قاوده‌ق بريتييه له بنك[5] خۆی: ئازاديى مرۆڤ له‌لايه‌ن مه‌ودا و جياكردنه‌وه‌وه ڕه‌خساوه، ئەویش له‌ناو خودا خۆي‌دا؛ له‌نێوان خوداى مەوجود و بنكه‌كه‌يدا، واته ئه‌وه‌ى له خودادا هێشتا به‌ته‌واوى نه‌بووەته خودا. ئەمە تاقانەیی شیڵینگ ڕووندەکاتەوە، هەروەها لە پەیوەند بە نوسراوی "سەبارەت بە حکومدان و بوون"(on judgement and being)ەکەی هۆڵدەرلینیش: هەروەکو فیختەی دوایین (گەرچی بە شێوازێکی سەرتاپا جیاواز، هەڵبەت)، شیڵینگیش دەگاتە بنکێکی ترانس‌سوبێکتیڤی ئازادیی سوبێکتیڤ، بەڵام بە لای هۆڵدەرلین (و فیختەشەوە)، ئەم نەزمە ترانس‌سوبێکتیڤەی بوون (یان ژیانی ئیلاهییانە) بە تەواوەتی بریتییە لە یەک (one)، پێش‌ڕوولەخۆ و ڕەنگدەرەوە، و دابەشنەبووه، تەنانەت لەگەڵ خۆیشیدا یەکناگرێتەوە(چونکە لەگەڵ‌خۆدایەک‌بوون پێشوەختە مەودایەکی فۆرماڵی تیایە دەرهەق بە خۆت). ئەوە تەنیا شیڵینگ بوو کە کەلێن، ناسەقامگیری و ناتەباییەکی ڕیشەیی هێنایەناو خودی ئەم بنک‌ە پێش‌سوبێکتیڤ/پێش‌ڕەنگدەرەوەیی‌ەوە. له بوێرانه‌ترين هه‌وڵى تيۆرى و تێڕامانكاريى خۆي‌دا له كتێبى "سه‌رده‌مه‌كانى جيهان"دا، شیڵینگ هەوڵدەدات بەم شێوازە سەرهەڵدانی لۆگۆس خۆی، سەرهەڵدانی گوتاری دەربڕدراو، لە بنکی پێش‌لۆژیکی‌یەوە داڕێژێتەوە ("بگێڕێتەوە"): لۆگۆس هەوڵێکه بۆ حەلکردنی بنبەستە لاوازکەر [و خنکێنەر]ەکەی ئەم بنک‌ە: لەبەر ئەمەیە دوو خاڵی باڵای ڕاستەقینە لە ئایدیاڵیزمی ئەڵمانیدا بریتین لە شیڵینگی ناوەند و هیگڵی پێگەیشتوو: ئەوان شتێکیان کرد کە هیچ کەسێکی دی بوێریی نەبوو بیکات- ئەوان درزێکیان لە هەناوی "بنک" خۆی‌دا قوتکردەوە.
"سەبارەت بە حوکمدان و بوون"، فراگمێنتە ناودارەکەی هۆڵدەرلین، شیاوی ئاماژەپێدانی زیاترە، چونکە ئەم فراگمێنتە زۆرجار وەک نیشانەیەک بۆ جۆرە "واقیعێکی جێگرەوە" دادەنرێت، واتە وەک نیشانەیەک بۆ ڕێگایەکی جیاواز کە دەکرا ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی بیگرتایەتەبەر بۆ ئەوەی لە نایەکانگیرییە کانتییەکان دەرچێت. ئەوە پێشگریمانە بنچینەییەکەی خودئاگاییەکی سوبێکتیڤە کە هەوڵدەدات بەسەر یەکێتیی لەدەستچووی بوون/موتڵەق/خودادا زاڵ‌بێت، کە لەوەوە بە شێوەیەکی بنجبڕ بەهۆی "دابەشبوونێکی سەرەتایی"(Ur-Theilung)ـەوە جیابووەتەوە، چالاکیی گوتارخوازی "حوکمدان" (Urteil).
بوون (seyn) گوزارشت لە پێکەوەنوسانی سوبێکت و ئۆبێکت دەکات. ئەویش لەو جێیەدا کە سوبێکت و ئۆبێکت نەک بە شێوەیەکی بەشەکى و لاوەکی بەڵکو بەڕەهایی یەکگرتوون، لێرەشەوە هێند یەکگرتوون کە بە هیچ جۆرێک دابەشنابێت، بەبێ لەناوبردنی ماهیەت (Wesen)ی ئەو شتەی کە دەپچڕدرێت، لێرەدا نەک بە جۆرێکی تر دەتوانین لەبارەی بوونێکی موتڵەقەوە بدوێین، وەک ئەوەی لە حاڵەتی شهودى فیکرىدا هەیە. بەڵام نابێت ئەم بوونە بە یەکسان وەربگیرێت لەگەڵ شوناسدا. کاتێک من دەڵێم: من منم (I am I)، ئەوا سوبێکت (ئیگۆ) و ئۆبێکت (ئیگۆ)[ـی ڕستەکە] هێند یەکگرتوو نین کە بەڕەهایی نەکرێت دابەشبکرێن، بەبێ لەناوبردنی ماهیەتی ئەو شتەی کە دەبێت بپچڕدرێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئيگۆ به‌هۆى پچڕانى ئيگۆ له ئيگۆوە ده‌ڕه‌خسێت و درووستده‌بێت: چۆن ده‌توانم به‌بێ خودئاگايى بڵێم "من"؟ ئه‌ى خودئاگايى چۆن ده‌ڕه‌خسێت و درووستده‌بێت؟ ڕێك به‌و هۆيه‌وه كه خۆم دژى خۆم ده‌وه‌ستمه‌وه، كه خۆم له خۆم داده‌بڕم. به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌م پچڕانه، من خۆم وه‌ك هه‌مان كه‌سى نێو دژه‌كانى دەناسێنم؛ به‌ڵام تا چه‌نده هه‌مان كه‌سم؟ ده‌توانم ئه‌م پرسياره گه‌ڵاڵه‌بكه‌م و دەبێت بیشیکەم؛ چونکە لە لایەکی ترەوە ئیگۆ دژی خۆی دەوەستێتەوە. کەواتە شوناس بریتی نیە لە یەکبوونی سوبێکت و ئۆبێکت کە بەڕەهایی ڕوودەدات [و یەکدەگرن]، بەم جۆرەش شوناس یەکسان نیە بە بوونی موتڵەق. حوکمدان (داوەری): بە باڵاترین و پڕاوپڕترین مانا، دابڕانێکی بنچینەیی سوبێکت و ئۆبێکتە لە یەکتر کە بە شێوەیەکی هەرە توندوتۆڵ لە شهوودى فیکرىدا یەکیانگرتووە، هەمان ئەو دابڕانەی کە لە سەرەتادا ئۆبێکت و سوبێکت دەڕەخسێنێت [و درووستیدەکات]، واتە، دابەشبوونە سەرەتاییەکەیان. له چه‌مكى دابه‌شبووندا پێشوه‌خت چه‌مكى په‌يوه‌نديى دوولايه‌نه‌ى سوبێكت و ئۆبێكت بۆ يه‌كترى نوستووه. هەروەها پێشگریمانەی زەرووریی کۆیەک کە ئۆبێکت و سوبێکت بەشەکانی وىن. «من منم» گونجاوترین نمونەیە بۆ چەمکی "دابەشبوونی سەرەتایی" لە فۆرمە تیۆرییەکەیدا، بەڵام لە "دابەشبوونی سەرەتایی" پراکتیکی، وی [[ئيگۆ]] پێشگریمانەی خۆی دەکات وەک دژێک لەبەرامبەر نا-ئیگۆدا، نەک لەبەرامبەر خۆی‌دا. ده‌بێت ئه‌كچواڵێتى و ئيمكان وه‌ك ئاگاييه‌كى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ جيابكرێته‌وه، يان ميديۆمدار و بێ‌ميديۆم. كاتێك وه‌ك شتێكى ڕه‌خساو بير له ئۆبێكتێك ده‌كه‌مه‌وه، ئەوا تەنیا ئاگاییەکەى پێشوو بەفەزڵی ئەو شتەی وا فیعلییە دووبارەدەکەمەوە. هیچ ئیمکانێکی بیرلێکراوە بۆ ئێمە لەئارادا نیە کە ئەکچواڵیتەیەک نەبووبێت. به‌م هۆيه‌وه، چه‌مكى ئيمكان(ڕه‌خسان)، به‌ڕه‌هايى هيچ به‌كارهێنانێكى موعته‌به‌رى بۆ ئۆبێكته‌كانى عه‌قڵ نيه، چونکە وەک "هیچ" داخڵی ناو ئاگایی دەبن نەک ئەوەی پێویستە هەر وابن، بەڵام ئەوە تەنیا چەمکی زەروورەتە [[كه پياده ببێت به‌سه‌رياندا]]. چەمکی ئیمکان بەکارهێنانێکی ڕەوا و موعتەبەری هەیە بۆ ئۆبێکتەکانی تێگەیشتن، واتە لە ئەکچواڵیتەوە بۆ ئۆبێکتەکانی درک و شهوود[6].
خاڵى ده‌سپێكى هۆڵده‌رلين بريتييه له كه‌لێنى نێوان(گه‌ڕانه‌وه‌ى مه‌حاڵ بۆ) يه‌كێتییە ئۆرگانيیە ته‌قليدییەکە و ئازاديى ڕووله‌خۆى مۆدێرن: ئێمە وەک سوبێکتی خودئاگا و گوتارمەند و کۆتادار دەرکراوین لە یەکتایی (oneness) لەگەڵ کۆی بوون‌دا، کە وێڕای ئەمەش ئارەزووى گەڕانەوە دەکەین بۆی، بەڵام بەبێ ئەوەی قوربانی بە سەربەخۆیی خۆمان بدەین: چۆن بەسەر ئەم کەلێنەدا زاڵ دەبین؟ وەڵامەکەی وی ئەو شتەیە وا ناویدەنێت "ڕێگای بێ‌سەنتەر": درزی نێوان جەوهەر و سوبێکتیڤیتە، نێوان بوون و ڕەنگدانەوە، درزێکی دزەتێنەکراوە، تاکە ئاشتبوونەوەی مومکینیش ئاشتبوونەوەیەکی گێڕانەوەیی‌یە، ئەوەی کە سوبێکت حەکایەتی هەڵبەزودابەزی نەبڕاوەی خۆی لەنێوان هەردوو جەمسەرەکەدا دەگێڕێتەوە. لەکاتێکدا ناوەڕۆکەکە بە ڕێکنەکەوتوویی و ئاشتنەبووەوەیی دەمێنێتەوە، ئاشتبوونەوە لە فۆرمی حەکایەتەکە خۆی‌دا دێتەدی: ئاوەژووکردنەوەیەکی کتومت لە جەختکردنەوەی لۆژیکیی شوناسی سوبێکت (من=من)، لەوێ کە خودی فۆرم(دابەشبوون و دووقاتکردنەوەی من "I") ناوەڕۆک (شوناس) بنکۆڵدەکات.
ده‌بێت چاره‌سه‌ره‌كه‌ى هۆڵده‌رلين بخرێتە نێو سياقى خۆی و وه‌ك يه‌كێك له‌و سێ نوسخه‌يه وەرگیرێت كه چۆنچۆنى هه‌مان كێشه چاره‌سه‌ر ده‌كەین- كه‌لێنى نێوان ئۆتۆنۆميى سوبێكتيڤ و ئه‌و كۆ(whole)يه ئۆرگانييه‌ش كه خه‌سڵه‌تی جیاکەرەوەی مۆدێرنه‌یە؛ دوو نوسخه‌كه‌ى تر هى شيله‌ر و شلێگڵ‌ه. لاى شيله‌ر ژيانى ئازادانەى مرۆیى له‌ناو سرووشت و كه‌لتوردا ده‌ڕه‌خسێت، به‌و مه‌رجه‌ى جۆرێك له ڕێكخستن و ئۆرگانيزه‌يشنى ناوه‌كى به‌ده‌ستبێنێت، خه‌سڵه‌تپێدان له ناخه‌وه، يان هارمۆنيه‌تى نێوان به‌شه‌كان كه خه‌سڵه‌تى هه‌ريه‌كه له جوانیى سرووشتى و جوانيى هونه‌رييه. له ئۆبێكتێكى سرووشتيى جوان‌دا، وەک‌بڵێى، "پرسى کەس[7]ـى سەر بە شته‌كه" ده‌دۆزينه‌وه؛ هه‌ستێكمان هه‌يه سه‌باره‌ت به"ڕازيبوونى ئازادانه‌ى شته‌كه له ته‌كنيكه‌كه‌ى" و هه‌روه‌ها "ڕێسايه‌كیش كه له ساته‌وه‌ختێكدا دراوه و شتەکەش ملکەچى بووە"، ئه‌مه‌ش مۆدێلێكه بۆ ڕازيبوونى ئازادانه‌ى كه‌سێك له ليستى به‌ها كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى خۆى يان شێوازى ژيان. بەپێچەوانەوە، فريدريك شلێگڵ، لە چالاكيى خۆساز، ناسك و زیرەکانە، ئايرۆنى و به‌رده‌وامدا به‌دواى کاراکردنەوەی جۆرێك له ئازاديى نوقسان بەڵام هەمیشە پڕ وزەدا ده‌گه‌ڕێت، کە ئەمەش خەسڵەتی جیاکەرەوەی شیعری ڕۆمانتیکە: پابه‌ندبوون به جۆرێك له بێ‌قه‌راريى ئه‌به‌دييه‌وه. ئاسانه سه‌رنجى ئه‌وه بده‌ين كه ئه‌م سێ پێگه‌یه، جۆرێك له سێکوچکە پێكدێنن: شيله‌ر-شلێگڵ-هۆڵده‌رلين. شيله‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دايه كه پێكداچوون و تێهه‌ڵكێشبوونى سوبێكته‌كان ڕووى له نه‌زمى جه‌وهه‌ريى ئۆرگانييه. خودمەندیى ئازاد(free selfhood) به‌ته‌واوى ده‌توانێت له سرووشتى جوان و هونه‌ردا ده‌ربكه‌وێت؛ شلێگڵ جه‌خت له‌سه‌ر هێز‌ى سوبێكتيڤيته ده‌كاته‌وه وه‌ك تێكده‌رێكى نەگۆڕی هەر هارمۆنیەتێکی جەوهەری (دەتوانین بانگەشەی ئەوەش بکەین کە ئەم لێکدژییە لە ئایدیالیزمی ئەڵمانیدا لەژێر دەمامکی شیڵینگ بەرامبەر بە فیختەدا خۆی دووبارەدەکاتەوە- واتە پۆزەتیڤیتەی بنکی سەرەتایی بەر لە ڕەنگدانەوە بەرامبەر "بێ‌قه‌راريى ئه‌به‌دى"ـى سوبێكتيڤيته).
هيگڵ لێره‌دا پێگه‌ى چواره‌م داگيرده‌كات- ئه‌وه‌ى ئه‌و بۆ هۆڵده‌رلينى زيادده‌كات گۆڕانێكى ته‌واو فۆرماڵه له جێگۆڕكێى ئه‌و درزه تراژيدييه‌دا كه سوبێكتى ڕه‌نگده‌ره‌وه له بوونى پێشڕه‌نگدانه‌وه جياده‌كاته‌وه به‌ره‌و ئه‌م بوون‌ه خۆى. هەرکە ئەمە ئەنجامدەدەین، ئیدى کێشەکە دەبێتە چارەسەری خۆی: ئەوە ڕێک دابەشبوون [و جیابوونەوە]مانە لە بوونی موتڵەق کە یەکماندەخات لەگەڵیدا، چونکە ئەم دابەشبوونە خۆنشینى و ئیمانێنتی بوونە. پێشوەختە لای هۆڵدەرلین دابەشبوون دووقاتکراوەتەوە، خۆ-گرێدەر(self-relating)ـە: دابەشبوونی دوایین، دابەشبوونی سوبێکت-ئۆبێکت نیە، بەڵکو دابەشبوونی نێوان دابەشبوون(ی سوبێکت-ئۆبێکت) و یەکێتییە. بەم جۆرە، دەبێت هاوکێشەی "یەکبوونی یەکبوون و نا-یەکبوون" بەهۆی هاوکێشەی "دابەشبوونی نێوان دابەشبوون و دابەشنەبوون"ـه‌وه تەواوبکرێت. هەرکە ئەم هەنگاوە هەڵدەگرین، ئیدى بوون وەک بنکی پێش‌ڕەنگدەرەوەی دوورەدەست دیارنامێنێت؛ دەقیقتر بیڵێین، وەک کاتیگۆریی دوایینی ڕەنگدەرەوە خۆی دەردەخات، وەک بەرەنجامی دابەشبوونی خۆ-گرێدەر: بوون ئەوکاتە دەردەکەوێت کە دابەشبوون خۆی لە خۆی دابەش [و جیا] دەکاتەوە. یان گەر بیخەینە ناو زاراوەکانی هۆڵدەرلین خۆیەوە، ئەوا حەکایەتەکە بەتەنیا بریتی نیە لە مامەڵەی سوبێکت لەگەڵ دابەشبوونەکەی لە بوون، بەڵکو هاوکات ئەو حەکایەتەشە کە بوون" خۆی لەبارەی خۆیەوە دەیگێڕێتەوە"، ونبوون و لەدەستدانە تەواوکراوەکە لەلایەن حەکایەتەکەوە دەخرێتە ناو بوون خۆیەوە، کە ئەمەش بەو مانایە دێت ئەو دوایین مەودا و جیاکردنەوەیەی وا هۆڵدەرلین پێداگریی لەسەر دەکات، ئەوەی نێوان شهوودی فیکری (ده‌سگه‌يشتنى بێ‌میدیۆم به بوون‌دا، يه‌كبوونى(one-ness) ڕاسته‌وخۆى سوبێكت له‌گه‌ڵيدا) و ڕێگای "بێ‌سەنتەر"ی گێڕانەوەیی (کە لەڕێگەی ئاشتبوونەوەی گێڕانەوەیی دەستگەیشتن بە بوون دەڕەخسێنێت [یان، ئاشتبوونەوەی گێڕانەوەیی دەکاتە میدیۆم و نێوانگر])، دەبێت شکستبهێنێت: حه‌كايه‌ت پێشوه‌خت ئيشه‌كه‌ى شهوودی فيكرى ده‌كات، كه له‌گه‌ڵ بوون‌دا يه‌كمانده‌خات. یان بە دەربڕینێکی پارادۆکسانەتر: دەبێت پەیوەندیی ستانداردی نێوان ئەم دووانە هەڵگەڕێنرێتەوە"، ئەوە شهوودی فیکرییە کە تەنیا کاتیگۆرییەکی ڕەنگدەرەوەیە، ڕێک بەهۆی دەستەبەرکردنی یەکبوونی بێ‌نێوانگری سوبێکت لەگەڵ بوون‌دا جیاماندەکاتەوە لە بوون (Being)، ئەوە ڕێگای گێڕانەوەشە کە ڕاستەوخۆ ژیانی بوون خۆی پیشاندەدات:
[گوزاره‌ى] «حە‌قيقه‌ت كۆيه» بەو مانایە دێت نابێت وەک بێبەشبوون لە بوونی بنچینەیی سەیری پرۆسەی خۆ-مانیفێستکردن بکەین. نابێت ته‌نيا وه‌ك هه‌ڵكشانێكيش سه‌يرى بكه‌ين بۆ سه‌ره‌وه و بۆ به‌رزترين ئاست. پرۆسه‌كه پێشوه‌خت باڵاترينه... سوبێکت لای هیگڵ... هیچ نیە جگە لە پەیوەندییە چالاکەکەى بە خۆیەوە. لە سوبێکتدا هیچ شتێکی بنچینەیی و ژێرەوانکێ لە خودمەرجەعییەکەیدا لەئارادا نیە، تەنیا خودمەرجەعی هەیە. هەر لەبەر ئەمە، تەنیا پرۆسەکە هەیە بەبێ هیچ شتێکی ژێرەوانکێ و بنچینەیی. مۆدێلە فەلسەفی و میتافۆرییەکانی وەکو "تەجەلا" (ئەفلاتونیزمی نوێ) یان "دەربڕین" (سپینۆزاگەرایی) بەجۆرێکی وەها پەیوەندیی نێوان کۆتا و ناکۆتا دەخەنەڕوو کە لە دەستنیشانکردن و وەسفکردنی چیەتیی پرۆسەکە (خۆ-مانیفێستکردن)دا شکستدێنێت[8].
کەواتە ئەوە هۆڵدەرلینە نەک هیگڵ کە ئالێرەدا وەک کەسێکی میتافیزیکی دەمێنێتەوە، دەلکێت بە تێگەی بنکی پێش‌ڕەنگدەرەوەی بەردەست لەڕێگەی شهوودى فیکرییەوە- ئەوەی بەتەواوی میتا-فیزیکییە ڕێک بریتییە لە پێشگریمانەکردنی بوونێکی جەوهەری و بنەڕەتی لەودیوی پرۆسەی (خۆ)جیاکردنەوەوه. (هەر لەبەر ئەم هۆیەش، وه‌ك ده‌توانين له دوايين په‌ره‌گرافى فراگمێنته‌كه‌شدا بيبينين- هۆڵدەرلین ئیمکان دەکاتە ملکەچی ئەکچواڵیتە) هەر بۆیەشە هیگڵ چارەسەرەکەی "هایپرۆین"ی هۆڵدەرلین (واتە ئەوەی، لەڕاستیدا، ئاشتناکرێتەوە دواتر لەڕێگەی ڕۆنانەوە گێڕانەوەییەکەیەوە ئاشتدەکرێتەوە) دژی هۆڵدەرلین خۆی دەقۆزێتەوە لە هاوته‌ريبییەکی ئاشكرا لەگەڵ فينۆمينۆلۆژياى ڕۆحی هیگڵدا، هۆڵده‌رلين چاره‌سه‌ره‌كه له‌و حه‌كايه‌ته‌دا ده‌بينێته‌وه كه به‌شێوه‌ى ڕيترۆئه‌كتيڤ و پاشه‌وپاش "ڕێگا بێ‌سه‌نته‌ره‌كه" بنياتده‌نێتەوە (ڕێگای هه‌ڵبه‌زودابه‌زى به‌رده‌وامى نێوان له‌ده‌ستدانى سه‌نته‌ر و هه‌وڵه شكستخواردووه دووباره‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى بێ‌میدیۆمیی سه‌نته‌ر) وه‌ك پرۆسه‌ى پێگه‌يشتن، و په‌روه‌رده‌ى ڕۆحى. ئه‌م چاره‌سه‌ره كه‌نستراكتيڤيزمى گوتارخواز ناگرێته‌وه(يه‌كانگيريى واقيعه‌كه‌مان بريتييه له حه‌كايه‌تێكى پاشه‌وپاش و پاشكه‌وتوو)، بەڵکو پێگەیەکی هیگڵییانەی زۆر ڕادیکاڵترە: لەکاتێکدا دەکرێت کەنستراکتیڤیزمی گوتارخواز وەک ترانسدێنتاڵیزم-زمانێکی نوێ‌کانتی بخوێنرێتەوە (وەک گادامێر لە ڕاڤە پوختەکەی خۆی لەبارەی تێزەکەی هایدگەر «زمان وەک ماڵی بوون»، «کە هەبیت, درکدەکرێیت» خستوویەتیەڕوو؛ واتە، ئاسۆی تێگەیشتنی ڕاگیراو و پارێزراو لەلایەن زمانەوە ئاسۆی ترانسێندێنتاڵی دوایینمانە بۆ نزیکبوونەوە لە بوون, ئەمەش واتە، لەکاتێکدا ترانسێندێنتاڵیزمی گوتاخواز تەرکیزدەخاتە سەر ئەوەی چۆنچۆنی ئەو شتەی ئێمە وەک "واقیع" ئەزموونیدەکەین هەمیشە‌پێشوەخت لەلایەن زمانەوە نێوانگری کراوە/درووستکراوە، بۆیە ڕێگەچارەکەی هۆڵدەرلین تەرکیزەکە دەگوازێتەوە سەر ئەوەی کە چۆنچۆنی (بە وتەی لاکان) دال خۆی دەکەوێتە ناو ڕیاڵ‌ەوە، بە دەربڕینێکی تر، چۆنچۆنی دەستێوەردان (بەحەکایەتکردن)ی دەلالی دەستوەردەداتە ناو ڕیاڵ، چۆن چارەسەرێک لەبارەی ئەنتاگۆنیزمی ڕیاڵ دەهێنێتەئاراوە.
به‌م جۆره، هيگڵ له لوتكه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ئايدياليزمى ئه‌ڵمانيدا ده‌مێنێته‌وه: ئه‌و چواره هه‌موويان يه‌كسان نين، ئه‌وان سێ كۆى يه‌كن [3 + 1]. به‌ڵام بۆ؟ ئەوە چیە کە هیگڵ دەکاتە کەسێکی تاقانە؟ یەکێک لە ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی ئەم تاقانەییەی هیگڵ بریتییە لە بەکارهێنانی تێگە لاکانییەکەی "نوقسانی ناو ئەویتر"، کە لە دۆسیییەکەى هیگڵدا، ئاماژەیە بۆ نێوانگری و هەڵقەیەکی تاقانەی ئۆنتۆلۆژی/ئەپستمۆلۆژی کە لای سێ ئایدیاڵیستەکەی تر ونە: سەرەتاییترین فیگەری ئاوەژووکردنەوەی دیالەکتیکی کەوتووەتە جێگۆڕکێی ڕێگرێکی ئەپستمۆلۆژی بەرەو ناو شت لە خۆی‌دا، وەک شکستە ئۆنتۆلۆژییەکەی خۆی(ئەوەی وەک بێ‌توانایی ئێمە لە ناسینی شت [لە خۆی‌دا] دەردەکەوێت، ئاماژەیە بۆ درزێک لە هەناوی شت [لەخۆیدا] خۆی، بە چەشنێک ڕێک شکستەکەمان بۆ دەستڕاگەیشتن بە حەقیقەتی تەواوەتی، ئاماژەیە بۆ حەقیقەت).
پێشگريمانه‌كه‌ى ئه‌م كتێبه‌ى به‌رده‌ست ئه‌مه‌يه كه "قووڵبينيیە بنچينه‌يى" یەکەى هيگڵ له‌مڕۆدا بە هیچ جۆرێک هێز و گوڕى خۆى له‌ده‌ستنه‌داوه؛ لەو هەموو باسوخواسە پەیوەستە ئەنتی (هیترۆجینی) تۆتاڵیتەیە سەبارەت بە ئیحتیمال/ئەویترێتی/ ناچوونیەکی ڕادیکاڵترە (هەروەها هەڕەشەیەکی زۆر گەورەتریشە بۆ سەر فیکری میتافیزیکی)[9]. ئێستا ده‌توانين به‌جوانى نوسخه‌يه‌كى ته‌واو قێزه‌ونى نوكتەی به‌ناوبانگی "ئه‌رستۆكراتەکان" بێنینەوە بەرچاوى خۆمان كه به‌ئاسانى هه‌موو پاتاڵییەکی ئه‌ندامانى خێزان ده‌گرێته‌وه و دەشارێتەوە: ڕشانه‌وه، ده‌ردانى پاشه‌ڕۆ، داوێنپیسی، سوكايه‌تيكردن بە یەکتر هەرچۆن ڕێى تێبچێت: كاتێك داوایان لێ دەکرێت نمایشبکەن، ئەوان شەرحێکی کورت لەبارەی هزری هیگڵی بۆ بریکارە بەهرەمەندەکە دەخەنەڕوو، مشتومڕدەکەن سەبارەت بە مانای ڕاستەقینەی نێگەتیڤیتە، نەفیکردن و بڵندكردنه‌وه(sublation)، زانينى موتڵه‌ق و هتد، كاتێكیش بریکارە حه‌په‌ساوه‌كه ناوى نمايشه سه‌يره‌كه‌يان لێ ده‌پرسێت، ئيدى ئه‌وانيش به جۆش‌وخرۆشه‌وه وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه: "لادەرەکان!". [بە مانایەکى تر, دەسپێکى نوێ و جدى لە قێزەونیى دەسپێکەوە دەستپێدەکات]. لەڕاستییدا، گەر درووشمه جوانە كۆنه برێختييه‌كه "بڕينى بانقێك بەراورد بە بنیاتنانی بانقێکی نوێ چیە؟" [بگرە هەر هیچ نیە!]داڕێژینەوە: ئه‌و شۆكه وه‌ڕزكه‌ره چيه ده‌رهه‌ق به ئه‌ندامانى خێزانه‌كه، كه پيسايى ده‌كه‌نه ده‌مى يه‌كتره‌وه [واتە، لادەرانە دەژین]، به‌راورد به شۆكى ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌یەکی دياله‌كتيكیی شیاو؟[10]
به‌هه‌رحاڵ، ئامانجى كه‌متر له هيچ هه‌روا به‌ساده‌يى(يان نه‌ك زۆر به‌ساده‌يى) گه‌ڕانه‌وه نيه بۆ هيگڵ، به‌ڵكو له‌برى ئه‌وه، دووباره‌كردنه‌وه‌ى هيگڵه(به مانا ڕاديكاڵه كيركه‌گاردييه‌كه‌ى [واته هێنانى هيگڵ بۆ ناو سه‌رده‌م و مه‌نزوومه‌يه‌كى مێژوويى تر، كه به‌شێوه‌يه‌كى خۆبه‌خۆ هيگڵێكى تازه‌ى ديكه درووستده‌بێت]). لەو دەیەیەی دواییدا، کارە تیۆرییەکانی تاقمە سێ‌کەسییەکە(party Troika) کە خۆم سەر بەوەم (هاوشان لەگەڵ ملادن دۆلار و ئەلێنکا زوپانچیچ) تەوەرەی هیگڵ-لاکانی وەک خاڵی مەرجەعی "هەڵوەشانەوەهەڵنەگر" (undeconstructible)خۆی داناوە: هەرچییەکمان کردبێت، ئەکسیۆمە ژێرەوانکێ و بنەڕەتییەکەمان خوێندنەوەی هیگڵ بووە لەڕێگەی لاکانەوە (و بە پێچەوانەشەوە) وەک ئاسۆ تێنەپەڕێنراوەکەمان.
بەهەرحاڵ، لەم دواییانەدا بەرتەسکییەکانی ئەم ئاسۆیە دەرکەوتن: لەگەڵ هیگڵدا، بێ‌تواناییەکەی بۆ بیرکردنەوە لە دووبارەکردنەوەی پەتی، هەروەها خستنەڕووی بابەتییانەى تاقانەیی ئەو شتەی لاکان پێی‌دەوت ئۆبێکتی a؛ لەگەڵ لاکانیشدا، ئەو ڕاستییەی کە کارەکەی لە نایەکانگیرییەکی کراوەدا کۆتاییدێت؛ سیمیناری بیستەم (Encore) بە دەسکەوتی دوایین و بنبەستەکەی ویش ئەژماردەکرێت- لە ساڵانی دواتردا، لاکان بەشێوازێکی نائومێدانە کۆمەڵێک ڕێگای جیاوازی داهێنا بۆ دەرچوون لەم بنبەستە (سینتۆم، گرێکان...)، هەموویان شکستیانهێنا. کەواتە ئێمە ئێستا لە کوێدا وەستاوین؟ [و پێگە فەلسەفییەکەمان، وێڕای ئەوەی وترا، چیە؟].
گره‌وەکە‌ى من ئه‌وه بوو (ئێستاش هەر وايه) كه له‌ڕێگه‌ى پێکداچوون و كارتێكردنيان له‌سه‌ر يه‌كتره‌وه (خوێندنه‌وه‌ى هیگڵ له‌ڕێگه‌ى لاکان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه)، ده‌روونشيكارى و دياله‌كتيكى هيگڵى بە دووقۆڵی خۆیان ڕزگاردەکەن، کاژە كۆنەکەیان فڕێدەدەن و له شێوە و كه‌وڵێكى تازه‌ى چاوه‌ڕواننه‌كراودا دەردەکەونەوە. ده‌كرێت درووشمى ئه‌م كتێبه بانگه‌شه‌كه‌ى ئالان باديۆ بێت: «دژه‌فه‌لسه‌فه‌بوونه‌كه‌ى لاكان، هه‌لومه‌رجێكه بۆ له‌دايكبوونه‌وه‌ى فه‌لسه‌فه. تاكه فه‌لسه‌فه‌يه‌ك كه له‌مڕۆدا بڕه‌خسێت، ئه‌وه‌يه له‌گه‌ڵ لاكان‌دا كۆك بيت»[11]. گای لادریۆش پەنجە بۆ هەمان خاڵ ڕادەکێشێت لە پەیوەند بە فەزای ئەخلاقی/سیاسییەوە، ئەویش ئەوکاتەی ده‌نوسێت لاكان «تاكه كه‌سێكه ئه‌مڕۆ بيرده‌كاته‌وه، تاكه كه‌سێكه هەرگیز درۆ ناكات، هەی لات‌ولوتینە [!]»- "لات‌ولوته‌كان" لێره‌دا ئه‌و كه‌سانه ده‌گرێته‌وه وا برەو بە بڵاوکردنەوەی ڕواڵه‌ته‌كانى ئازادی دەدەن كه ئەمەش ته‌نيا واقيعى به‌لاڕێداچووى سه‌رمايه‌دارى پەردەپۆشدەکات؛ به‌لاى لادريۆوه، لاتولووتەکان كۆمه‌ڵێك بيريارى وه‌كو ليوتار و دۆڵۆز دەگرێتەوە، لای ئێمە کۆمەڵێک بیریاری زۆر زیاتریش دەگرێتەوە. ئه‌وه‌ى باديۆ له‌گه‌ڵ لادريۆدا كۆده‌كاته‌وه ئه‌و ئايديايه‌يه وا پێويسته له‌ڕێگه‌ى لاكانه‌وه بيربكه‌ينه‌وه، بگره له‌وه زياتريش كه ئه‌و كردى، به‌ڵام ئيدى ته‌نيا له‌ڕێگه‌ى لاكانيشه‌وه‌يه كه ده‌توانين لاكان تێپه‌ڕێنين. ڕیسکەکانی ئەم دەستنیشانکردن و دیاگنۆسەش شتانێکی سیاسیی ڕوونن: لاکان پەردەی لەسەر ئەو وەهمانە هەڵدایەوە کە واقیعی سەرمایەداری و سەرپێچییە [دژە-سەرمایەدارییە] درۆیینەکانیش لەسەری ڕۆنراون، بەڵام بەرەنجامە کۆتاییەکەی وی ئەوەیە کە ئێمە مەحکومین بە هەیمەنە[ی ئاغا]: ئاغا (the Master) ڕەگەزی پێکهێنەری نەزمی ڕەمزی‌یە، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم هەیمەنەیەدا، تەنیا سەردەکێشێت بۆ هێنانەئارای کۆمەڵێک فیگەری نوێی ئاغا. بەم جۆرە، ئەرکی گەورەی ئەوانەی ئامادەن لە لاکان بکۆڵنەوە ئەوەیە فەزایەک بکەنەوە بۆ شۆڕشێک کە لەلایەن ئەم یان ئەو نوسخەی گوتاری ئاغاوە دەستی بەسەردا نەگیرێتەوە. لادريۆ، هاوشان له‌گه‌ڵ كريستيان جامبێت(Christian Jambet)دا، لەسەرەتادا هه‌وڵياندا په‌ره به‌م كرانه‌وه‌يه بدەن، ئەمەش له‌ڕێگه‌ى سەرنج‌خستنه سه‌ر په‌يوه‌نديى نێوان هەیمەنە و سێكسواڵيتەوە: مادام هيچ سێكسواڵيته‌يه‌ك "به‌بێ په‌يوه‌نديى هەیمەنە" لەئارادا نيه، ئه‌وا هه‌ر پرۆژه‌يه‌ك له‌مه‌ڕ "ئازادیى سێکسی" به بەرهەمهێنانی كۆمه‌ڵێك فۆرمى نوێى هەیمەنە كۆتايیدێت- يان خۆ دەکرا بەو جۆرەش بێت کە كافكاش هێماى بۆ کردووە، شۆڕش قه‌فه‌زێك نيه به‌دواى باڵنده‌دا بگه‌ڕێت به‌ڵكو باڵنده‌يه‌كه به‌دواى قه‌فه‌زدا ده‌گه‌ڕێت. بەرمەبنای ئەو قووڵبینییەی کە شۆڕش دەبێت بەتەواوەتی لە سێکس داماڵرێت (دی‌سێکسواڵیزەبکرێت)، لادریۆ و جامبێت فیگەری زاهیدانە- ماوی- لاکانییانەی "فریشتە"یان وەک بریکاری ڕزگارییەکی ڕادیکاڵ پوختکردەوە. بەهەرحاڵ، لەهەمبەر توندوتیژیی وێرانکەری شۆڕشی کەلتوری و بەتایبەتییش ڕژێمی خمێرە سوورەکان لە کەمبۆدیا[ی سەردەمی پۆل پۆت]دا وازیان لە هەر جۆرە تێگەیەک سەبارەت بە ڕزگاريى ڕاديكاڵانه له په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا هێنا، و سەرەنجامیش کەوتنە نێو ئەم پێگەیەوە: جەختکردنەوە لەسەر خراپەی کەمتر لەسیاسەتدا و پێویستی بە شۆڕشێکی ناوەکیی ڕۆحانی[12]: گوایا له سياسه‌تدا، ده‌بێت خاكه‌ڕا بين و بەسادەیی ئه‌و ئاغايانە قبوڵكه‌ين كه له‌وانيتر باشترن، و تاكه شۆڕشى مومکینیش شۆڕشێکی ناوه‌كيى ڕۆحانییە. ئه‌م كتێبه‌ى به‌رده‌ستتان، ئه‌و به‌ڕۆحانيكردنه‌ى شۆڕش ڕه‌تده‌كاته‌وه و ده‌رهه‌ق به پرۆژه بنچينه‌ييه‌كه‌ى باديۆ وه‌فادار ده‌مێنێته‌وه سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه ڕزگاريخوازه ڕاديكاڵه‌ى وا به‌ناو لاكان‌دا تێده‌په‌ڕێت.
تێبینى: لە داهاتوودا بە شێوازى تر, دریژەى پرۆژەى ئەم کتێبە بڵاودەکرێتەوە (و).
پەراوێزەکان:
[1] self-will
[2] Bret W. Davis, Heidegger and the Will: On the Way to the Ge1assenheit, Evanston: Northwestern University Press 2007, p. 107.
[3] actual becoming
[4] spinozism of freedom
[5] Ground
[6] . Friedrich Holderlin, "Uber UrtheU und Seyn" (1795), as translated in H. S. Harris, Hegel's Development: Toward the Sunlight 1770-1801, Oxford: Clarendon Press 1972, PP· 515-16.
[7] the person of the thing
[8] . Henrich, Between Kant and Hegel, pp. 289-90.
[9]. من لێره‌دا هێجگار قه‌رزارى كاترين مالابۆم
(Catherine Malabou, Lavenir de Hegel, Paris: J. Vrin 1996)، (availaI am here deeply indebted to Catherine Malabou, Lavenir de Hegel, Paris: J. Vrin 1996 (available in English as The Future of Hegel, trans. Lisabeth During, London: Routledg2005). [درێژه‌ى په‌راوێزه‌كه...چه‌ند سه‌رچاوه‌يه‌كى تر].
[10]. سه‌باره‌ت به "ئه‌رستۆكراته‌كان" سه‌يرى ويكيپيديا بكه و ئه‌م وشه‌يه سێرچ بكه: "The Aristocrats (joke)". وێڕای ئەمەش، دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە نوکتە باشەکان لەبری پشتبەستن بە ئاوەژووکردنەوەی پاکێتی و بێگوناهیی ڕووکەشانە بۆناو پەیامێکی قێزەون (سێکسواڵیزەکراو)، زۆربەیجار ئاوەژووکردنەوە پێچەوانەکە ئەنجامدەدەن: قێزەونیی پاتاڵانە وەردەگێڕنە سەر پاکی و بێگوناهی، وه‌ك ئه‌وه‌ى لە نوكته‌يه‌كى سەرنجڕاکێشی گه‌مژانه (و ناسياسى!)ـى ڕووسی، له سه‌رده‌مى يه‌كێتيى سۆڤيه‌تدا، هاتووە: دوو پياوى نه‌ناس و غه‌ريب، له‌ناو كابينه‌يه‌كى شه‌مه‌نده‌فه‌ردا دانيشتوون، پاش بێده‌نگييه‌كى دوورودرێژ يه‌كيان كتوپڕ له‌ويتريان ده‌پرسێت: "تا ئێستا سه‌گت گاوه؟" ئه‌ويتريشيان به سه‌رسوڕمانه‌وه وەڵامدەداتەوە: "نه‌ء، ئه‌ى تۆ؟" كابراش وه‌ڵامده‌داته‌وه: "نه‌خێر منيش نه‌مگاوه. هه‌ر ويستم سه‌رى ده‌مه‌ته‌قێ دامه‌زرێنم!"
[11]. Alain Badiou, Manifesto of Philosophy, London: Verso Books 1999, p.84.
کێ دژەفەیلەسوفی کێیە؟ بادیۆ لە جێیەکدا پێی وایە هیراکلیتۆس دژە فەیلەسوفی پارمێندیسە، سۆفستاییەکان دژەفەیلەسوفی ئەفلاتونن( گەرچی ئەوان لەڕووی زەمەنی و لۆژیکیشەوە کەوتوونەتە پێشی ئەوەوە)، پاسکال دژەفەیلەسوفی دیکارتە، هیوم هی لایبنزە، کیرکگارد (و مارکس؟) دژە فەیلەسوفی هیگڵن، تەنانەت لاکانیش دژەفەیلەسوفی هایدگەرە. بەهەرحاڵ، دەبێت ئەم وێنەیە ئاڵۆزتربکرێتەوە: ئایا هزری کانت - و بگرە تێکڕای ئایدیاڵیزمی ئەڵمانیش بە مۆتیفە سەنتڕاڵەکەیەوە: ئەولەویەتی عەقڵی پراکتیکی بەسەر عەقڵی تیۆری- دژەفەلسەفەی میتافیزیکی کلاسیک نیە له دوایین مۆد و شکڵی گەورەی خۆی‌دا (واتە، سپینۆزا و لایبنیز)؟ یان مارکیز دی ساد -بەپێی خوێندنەوە لاکانییەکە- دژەفەیلەسوفی کانت نیە، بەجۆرێک "avec"ی لاکان [واتە وتارەکەی بەناوی کانت "لەگەڵ" ساد] مانای خوێندنەوەی فەیلەسوفێک لەگەڵ دژەفەیلەسوفەکەی دەگەیەنێت؟ ئەی ئاخۆ دژەفەیلەسوفی ڕاستەقینەی هیگڵ پێشوەخت بریتی نیە لە شێڵینگی دوایین؟ یان ، تەنانەت هەنگاوێکیش واوەتر، ئاخۆ تاقانەیی هیگڵ ئەوە نیە کە ئەو خۆی دژەفەیلەسوفی خۆیەتی؟
[12] بە شوێنکەوتنی ئەم ڕێگایە، جامبێت ڕۆدەچێتە ناو فیکری مەلا صەدراى شیرازى، بيريارى گه‌وره‌ى ئێرانى له سه‌ده‌ى حه‌ڤده‌يه‌مدا- پێگە و پۆزیشنێک کە هێند غەریب نیە بە نیسبەت پێچ و وەرچەرخانی گنۆستیکانەی بیریارە ئەوروپییەکانی وەکو پیتەر سڵۆتەردایکەوە. بڕوانە، Christian Jambet, The Act of Being, New York: Zone books 2006.