A+    A-
(1,486) جار خوێندراوەتەوە

        

 

               ئەزموون و هەژارى

     [تێڕامان لە هەژارکەوتنى ئەزموون لە ژیانى ئەمڕۆماندا]

 

 

 

 

 

 

واڵتەر بنیامین

و. وەلید عومەر

 

 

 

 

لە کتێبى گوڵبژێرى حەکایەتەکانى مناڵی‌ماندا چیرۆکى پیرەپیاوێک هەبوو کە لە ساتى گیانەڵادا کوڕەکانى خۆى بەوە دەخافڵاند گوایە گەنجینەیەک لەژێر ڕەزومێوەکەدا نوستووە. ئەوەى لەسەر وان بوو, دەبوو زەوییەکە بدێرنەوە و هیچى تر. زەوییەکەیان هەڵکەند, بەڵام گەنجینە و شتى وایان نەدۆزییەوە. بەڵام لەگەڵ داهاتنى پاییزدا, باخەمێوەکە بەروبومێکى واى دایەدەستەوە کە لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕى ئەو دەڤەرە وێنەى نەبوو. ئەودەم کوڕەکان تێگەیشتن بابیان ئەزموونێکى بەنرخى بۆ جێهێشتوون: فەڕوبەرەکەت[1] لە زێڕدا نیە, بەڵکو لە کارى پڕڕەنجدا نوستووە. لە دەمەدەمى گەورەبوونماندا, ئەم عیبرەتانەى سەر بە "ئەزموون"يان وەک هەڕەشەیەک یان وەکو کۆمەڵێک ئامۆژگاریى میهرەبانانە بەڕووماندا دەدایەوە: «هێشتا بۆنى شیرى خاو لە دەمى دێت, کەچى ئەو بە ئێمە دەڵێت ئەمە چیە و ئەوە چیە!», «خۆت بەزوویى بۆت دەردەکەوێت!». ئەوسا, گشتى باش دەیزانى ئەزموون چیە: خەڵکە بەساڵاچووەکە "ئەزموون"یان بۆ خەڵکانى جحێل‌تر دەگواستەوە. ئەو ئۆتۆریتەیەى تەمەن هەیبوو, وایدەکرد ئەزموون لە فۆرمى کورتوپوختى پەند یان بە زمانپاراوییەکى تێروتەسەل لە چیرۆکەکاندا بۆ کوڕوکاڵ و نەوەکان بە میرات بمێنێتەوە- جاروباریش لە شێوەى کۆمەڵێک چیرۆکى مەملەکەتە دوور و نەناسراوەکاندا لە گوێى ئاگرداندا دەگێڕدرایەوە. ئەو داب‌ودەستوورە چیى بەسەرهات؟ ئاخۆ هێشتاش هەر کەسانێک هەن بەڕاستى بزانن چیرۆک و هەقایەت بگێڕنەوە؟ ئیتر لەکوێ هەنێ وشە لە زارى مرۆیەکى سەرەمەرگەوە دەبیستن کە هەروەکو مستیلەیەکى گرانبایى لەم نەوەوە بۆ ئەو نەوەى تر دەگێڕدرێتەوە؟ ئەوە کێیە لە کاتى پێویستى‌دا, پەنا بۆ پەندێک دەبات؟ چ کەسێکیش تازە ئەو زەحمەتە وەبەر خۆى دەنێت گەنجەکان لە ئەزموونەکەى خۆى سودمەندبکات؟

نەخێر, مەسەلەکە زۆر ڕوونترە: بۆ ئەو نەوەیەى کە ناچاربوو لە ساڵانى ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ یەکێک لە جەرگبڕترین ڕووداوەکانى نێو مێژووى جیهان ئەزموونبکات, بەهاى [پشکەکانى] ئەزموون هاڕەیکردووە. ڕەنگە ئەم مەسەلەیە بەو جۆرەى دەردەکەوێت, جێى سەرسوڕمان نەبێت. مەگەر ئەودەم هەموان نەیاندەزانى زۆرینەى کەسەکان بەنێو بێدەنگی‌دا لە بەرەکان دەگەڕانەوە؟ دەوڵەمەندتریش نا, بەڵکو هەژارتر لە دەربڕینى ئەزموونى گوێزراوەدا؟ ئەوەشى کە دە ساڵ دواتر لە لێشاوى کتێبەکانى تایبەت بە جەنگدا هەڵدەڕێژرا, هەموو شت بوو جگە لە ئەزموونێک کە دەماودەم بگێڕدرێتەوە. نەخێر, هیچ شتێکى سەرسوڕهێنەرى تیا نەبوو. چونکە قەت ئەزموون بەم ڕادەیە, هێند تەواوەتى هەڵنەوەشابووەوە: جەنگ, سەنگەر بە سەنگەر, ئەزموونى ستراتیژیى[2] پووچەڵکردبووەوە, هەڵاوسانى ئەزموونى ئابورى, برسێتیى ئەزموونى جەستەیى, دەسەڵاتە فەرمانڕەواکانیش ئەزموونە ئەخلاقییەکان. ئەو جیلەى وا بەسەر ئەسپ و گالیسکەوە دەچووە قوتابخانە, خۆى لەژێر ئاسمانێکى کراوە و دیمەنێکدا دەبینیەوە کە هیچ شتێک وەک خۆى نەمابووەوە هەورەکان نەبێت؛ لە چەقى هەموو ئەمانەشدا و  لە پانتایى هێزێکى پڕ لە تەقینەوە و شەپۆلى خاپوورکەردا لەشى لەڕ و لەرزیوى مرۆڤ وەستابوو.

هاوشان بەم گەشە زەبەلاح و سەرسامهێنەى تەکنۆلۆژیا, هەژارییەکى یەکجار نوێ بەسەر مرۆڤایەتییدا داباریوە. ڕووەکەى ترى ئەم هەژارییە, ئەو قوڵپدانە قورس و تاقەتپڕووکێنەى ئایدیاکانە کە لەناو خەڵکدا بڵاوە, یان بە دەربڕینێکى باشتر, تەواو نوقم‌ونغرۆى خۆى کردوون: ئەو ئایدیایانەى وا لەگەڵ زیندووکردنەوە و بڵاوکردنەوەى سەرلەنوێى فاڵگرتنەوە و حیکمەتى یۆگا و زانستى مەسیحى و لەپخوێنى و ڕووەکیبوون و گنۆسیس و حیکمەتى مەدرەسى و ڕۆحگەرىدا گەیشتوونەتەجێ. ئەمە زیندووکردنەوەیەکى ڕەسەن و ڕاستەقینە نیە, بەڵکو گاڵڤاڵینەیشنێکە [واتە جۆرێک لە ڕووپۆشکارى و بریقەپێدانە]. تابلۆ شکۆمەندەکانى جیمز ئینسۆ(ـى وێنەکێشى بەلجیکى) بێننە بەرچاوى خۆتان کە تێیدا شەقامى شارە گەورەکان پڕن لە خێو و تارمایى: کۆمەڵێکى زۆروبۆر وردەبۆرژواى خۆشگوزەران لە بەرگى ساختەى کەڕنەڤاڵدا کە پەیتاپەیتا بە شەقامەکاندا شۆڕدەبنەوە, ماسکى خواروخێچى بەئارد داپۆشراویان لەسەرکردووە و کۆمەڵێک تاجیشیان بەسەرەوەیە کە لە مقەبا درووستکراوە. ڕەنگە ئەم تابلۆیانە لە هەر شتێکى تر زیاتر ڕەنگدانەوەى ئەو ڕێنیسانسە تۆقێنەر و پڕئاژاوەیە بن کە خەڵکێکى زۆر هیواى پیا هەڵواسیوە. بەڵام لێرەدا دەتوانین کەمتازۆر ئەوە بەڕوونى ببینین کە هەژارییەکەمان لە ئەزمووندا تەنیا بەشێکە لە هەژارییەکى گەورەتر کە جارێکى تر بە هەمان ڕوونى‌و‌‌ڕەوانییەوە سیماى سواڵکەرێکى سەدەکانى ناوەڕاستى وەرگرتووە. ڕاستییەکەى کۆى کەلتورەکەمان چ نرخێکى هەیە گەر پەیوەندیى بە ئەزموونەوە پچڕابێت؟ پاشهاتى بەرهەمهاتووى ئەزموونێکى ساختە و لەبەرگیراوە, کە تێکەڵەیەکە لە ستایل و ئایدۆلۆژیا بەرهەمهێنراوەکانى سەدەى ڕابردوو, بۆ ئێمە ئاشکرایە. هێند ڕوون و ئاشکرایە کە بە زەینماندا نایەت مایەپووچیى خۆمان ڕاگەیەنین. با دانى پیابنێین هەژارییەکەمان لە ئەزمووندا تەنیا هەژارییەک نیە لە ئاستى کەسی‌دا, بەڵکو هەژارییەکە لە ئەزموونى مرۆڤدا بەگشتى. لێرەوەیە کە ئەم [هەژارکەوتنەى ئەزموون] جۆرێکى نوێیە لە بەربەریەت.

 بەربەریەت؟ بەڵێ بێگومان. ئەمە دەڵێین تاکو تێگەیەکى نوێ و پۆزەتیڤى بەربەریەت بخەینەڕوو. هەژاریى ئەزموون, چ کارێک بە بەربەرى دەکات؟ ناچاریدەکات دەسپێکێکى نوێى هەبێت, هەموو شت لە سفرەوە دەستپێبکات, لەگەڵ کەمترینەکاندا هەڵکات, لەتەک کەمترینەکاندا دەستپێبکات و بێ ئەوەى ئاوڕ لە ڕاست‌وچەپى خۆى بداتەوە لەوێوە بسازێت و بەرەوپێش بچێت. لەنێو ڕۆحە گەورە ئەفرێنەرەکاندا, هەردەم ڕۆحگەلێکى سەرسەخت و پێداگر هەبوون بە تابولاڕاسا (یان لەوحێکى سپى) دەستیانپێکردووە. پێویستیان بە تەختەى وێنەکێشان هەبوو؛ ئەوان بنیاتنەر بوون. یەک لەوانە دیکارت بوو کە بۆ دەسپێکى کۆى فەلسەفەکەى تەنیا پێویستى بە یەک یەقین هەبوو, «من بیردەکەمەوە کەواتە هەم», و لەوێشەوە درێژەى بە هزرى خۆی دا. ئەنیشتاینیش هەر جۆرێک بوو لەم بنیاتنەرانە, خولیاى بۆ هیچ شتێکى نێو ئەم دونیا بەرینەى زانستى فیزیا نەبوو جگە لە گۆڕانکارییەکى چکۆلە لەنێوان هاوکێشەکانى نیوتن و تێبینیکردنە ئەستێرەناسییەکاندا. هەمان پێداگرى و ئارەزوو بوو بۆ دەسپێکردنى سەرلەنوێ کە تایبەتمەندیى هونەرمەندانیشە, وێنەکێشى وەک کوبیستەکان کە بە شوێنکەوتنى ماتماتیکزانەکان جیهانیان بە شێوە ئەندازەییە فەزاییەکان بنیاتنا, یان وەکو پاول کلێ کە ئەندازیارەکانى کردە سەرمەشقى خۆى. چونکە هەروەکو ئۆتۆمبێلێکى باش کە بەشەکانى و بگرە لەشوپەیکەرەکەشى لەسەروو هەمووشتەوە پەیڕەوى لە یاساکانى مۆتۆڕەکە دەکات؛ فیگەرەگانى کلێ‌ش هەردەڵێى بەسەر تەختەى نیگارکێشانەوە کێشراون و تەنانەت لە ئاستى دەرکەوتە گشتییەکەیاندا ڕێسا و بونیادە ناوەکییەکەى خۆیان پەیڕەودەکەن. بونیادە ناوەکییەکەیان نەک هەناو[3]ـەکەیان: ئەمەیە دەیانکاتە بەربەرى.

دەمێکە لێرەولەوێ کۆمەڵێک لە باشترین عەقڵ‌وزەینەکان دەستیانکردووە بە بیرکردنەوە لەم پرسانە. غیابى تەواوەتیى هەر جۆرە وەهمێک دەرهەق بەم سەردەمە و هاوشان بەوەش دەروەستبوونێکى بێسنوور لەبەرامبەریدا- ئەمەیە تایبەتمەندییە زەقەکەى وى. ڕێک بە هەمان شێوە, کە بێرتۆڵت برێختى شاعیر ڕایدەگەیەنێت کۆمۆنیزم دابەشکردنى دادپەروەرانەى هەژارییە نەک سەروەت. ئادۆڵف لوس, پێشەنگى بیناسازیى مۆدێرنیش دەنوسێت: «من تەنیا بۆ ئەو کەسانە دەنوسم کە هەستیارییەکى مۆدێرنیان هەیە...بۆ ئەوانە نانوسم نوقمى نۆستالیژیاى سەردەمى ڕێنیسانس یان ستایلى ڕۆکۆکۆن». نیگارکێشێکى ئاڵۆزى وەک پاول کلێ و هونەرمەندێکى بەبەرنامەى وەک "لوس" هەردووکیان وێنە تەقلیدییە بەویقار و شەریفەکەى مرۆڤ ڕەتدەکەنەوە, وێنەیەک کە بە گوڵەنەخشانێ و قوربانییە پێشکەشکراوەکانى ڕابردوو ڕازێنراوەتەوە. ئەوان لەبرى ئەوە سەرنجیان لەسەر مرۆڤى ڕووتوقووتى دونیاى هاوچەرخە کە چەشنى ساوایەک لەنێو پەڕۆوپاڵەى پیسى سەردەمى هاوچەرخدا دەشیڕێنێت. کەس ئەوەندەى پاوڵ شیربارت بە شادومانى و خەندەوە و نەچووەتە پیریى سەردەمى ئێستاوە. ڕۆمانەکانى وى لە دوورەوە هەر لە بەرهەمەکانى ژول ڤێرن[4] دەچن. بەڵام بەپێچەوانەى ژول ڤێرنەوە کە کەسایەتییەکانى هەمیشە جێنتڵمانێکى ئاسایى فەڕەنسى یان ئینگڵیزیین و بە سەیرترین ئامرازى هاتوچۆ گەشت بە گەردووندا دەکەن, شیربارت خولیاى بە لاى ئەو مەسەلەیەدا هەیە کە تەلیسکۆبەکان و فڕۆکەکان و موشەکەکانمان چۆناوچۆن دەتوانن مرۆڤەکان بگۆڕن بۆ بوونەوەرگەلى تەواو تازە و خۆشویستراو و سەرنجڕاکێش. وێڕاى ئەمەش, ئەم بوونەوەرانە بە زمانێکى تەواو نوێ دەدوێن. تایبەتمەندیى بەرچاوى ئەم زمانە, لەبەرامبەر زمانە ئاسایى و ئۆرگانییەکاندا, ماهیەتە خۆبەخۆ و سازکراوەکەیەتى. ئەم دیوە جیاکەرەوەیەى زمانى مرۆڤ, یان بە دەربڕینێکى باشتر, زمانى "خەڵک"ـەکەى شیربارتە, چونکە ئەوان هەر جۆرە لێکچوونێک لەگەڵ مرۆڤدا دەخەنەلاوە-کە پرەنسیپێکى سەر بە هیومانیزمە-. تەنانەت دەتوانین ئەم تایبەتمەندییە لە ناوە تایبەتەکانیشیاندا بەدیبکەین: پێکا(peka), لابو(labu), سۆفانتى(sofanti) و هتد ناوى کەسایەتییەکانى ڕۆمانى لیسابیندیۆیە, کە ناونیشانێکى وەرگیراوە لە پاڵەوانى سەرەکیى ڕۆمانەکەوە. ڕووسەکان حەزیان لێیە ناوى «نامرۆڤانە[5]» لە مناڵەکانیان بنێن: لەبەر خاترى بەرزڕاگرتنى مانگى شۆڕشە گەورەکەیان, ناوى مناڵەکانیان دەنێن «ئۆکتۆبەر» یاخود پیتلى‌یەتکا, یان بە یادى بەرنامە پێنج‌ساڵییەکە یان "ئاویاخیم" بە یادى کۆمپانیایەکى فڕۆکەوانى. نەک نوێگەریى تەکنیکیى زمان, بەڵکو سازوئامادەکردنێتى لە بەرژەوەندیى بەربەرەکانێ یان کار: هەرچۆنێ بێت, لە بەرژەوەندیى گۆڕینى واقیع, لەبرى وەسفکردنى.

 

 

                                            

 

با بگەڕێینەوە لاى شیربارت: ئەو زۆرترین نرخى بۆ نشینگەى "خەڵک"ـەکەى دادەنا-و بە چاولێکەرى لە هەمان مۆدێل, بۆ هاوڵاتییەکانیشى- لە کۆمەڵێک باڵەخانەدا کە بارتەقاى شان‌وشکۆى وان بوو: لە چەشنى ئەو نشینگانەى کە قابیلى هەموارکردنن, دەگونجێنرێن و بە شوشە داپۆشراون و هەریەکە لە "لوس" و "لۆکۆربۆزیە"ش درووستیاندەکرد. شتێکى ڕێکەوت نیە شوشەکە هێند ڕەق و تەختە و ناتوانرێت هیچ شتێکى پێوە ببەسترێت و هیچیشى بەسەرەوە ڕاگیربکرێت. مادەیەک کە سەرەڕاى هەر شت, سارد و پتەویشە. شمەکە شوشەییەکان, هیچ "خەرمانە"یەکیان نیە. بەگشتى شوشە دوژمنى شاردنەوەیە و دوژمنى خاوەندارێتییش. جارێکیان ئەندرێ ژیدى نوسەرى گەورە وتى: «ئەوەى حەزدەکەم ببێتە هى من, لەبەرچاوم مات و تاریک دادێت». ئاخۆ کەسانى وەک شیربارت لەبەر ئەوە خەون بە باڵەخانە شوشەییەکانەوە دەبینن کە وتەبێژى هەژارییەکى نوێن؟ ڕەنگە لێرەدا بەراوردێکى باشترى تیۆرەکە, بابەتەکە ڕوونترکاتەوە. کاتێک دەچنە نێو ژوورێکى میوانى بۆرژوازییەوە کە لە ساڵى ١٨٨٠ درووستکراوە, سەربارى ئەو هەمووە ڕەحەتى و ئاسودەییەى لە سەروڕووى دەبارێت, قووڵترین هەست ڕووتان‌تێبکات ئەمەیە: «ئێوە هیچ مافێکتان  بەسەر ئێرەوە نیە». بەڕاستییش هیچ مافێکتان بەسەر ئەم ژوورەوە نیە, چونکە هیچ پنتێکى تیا نیە خاوەنەکەى نیشانەیەکى واى لەمەڕ خۆى جێنەهێشتبێت: نەخش‌ە ڕازاوەکانى سەر ئاگردانەکە, چەرچەفى سەر کورسییە خۆش‌دانیشەکان, وێنەى شەفافى لکێنراوى سەر پەنجەرەکان, بەربەستى بەر ئاگرەکە. دەربڕینێکى دەقاودەقى برێخت لێرەدا یارمەتیماندەدات: «هەموو شوێنپێکان بسڕنەوە!», کە تەرجیعبەندى شیعرى یەکەمێتى لە کۆمەڵەشیعرەکەى بە ناونیشانى «ڕێبەرێک بۆ شارنشینان». لە ژوورى پێشوازیى بۆرژوازىدا, ڕەفتارە پێچەوانەکەى ئەم دەربڕینە بووەتە باو. بەپێچەوانەشەوە, فەزاى ناوەکیى ماڵەکە, نیشتەجێکەى ئەوێ ناچاردەکات زۆرترین عادەتى مومکین پیادەبکات, کۆمەڵێک عادەت کە پتر لەگەڵ ئەو فەزا ناوەکییەدا دەگونجێت وا تیادا دەژى نەک ئەوەى لەگەڵ کەسەکە خۆیدا بگونجێت. هەمووکەس حاڵەتێکى گاڵتەجاڕى واى بینیوە کە ڕوودەکاتە خەڵکانى نیشتەجێى ئەم باڵەخانە شکۆدارانە کاتێک کە یەکێک لە شمەکەکانى ئەم ماڵە دەشکێت, بەجوانى لەم خاڵە تێدەگات. تەنانەت ئەو شێوازەى وا تووڕەییەکەیانى دەردەخست-ئەم سۆزەش کە وردەوردە خەریکە لەناودەچێت سۆزێک بوو دەیانتوانى بە جڵەوێکى زۆرەوە بەرهەمیبێنن- لێکچوونێکى زۆرى لەگەڵ ئەو کاردانەوە شەخسییەدا هەبوو کە هەستیدەکرد «شوێنپێى ڕۆژانى ژیانى بەسەر زەوىیەوە» سڕیوەتەوە. هەنوکە ئەمە لەسەر دەستى شیربارت و شوشەکەى و باوهاوس و پۆڵاکەى بەدەستهاتووە. ئەوان هەندێ ژووریان درووستکردووە کە قورس بتوانیت شوێنپێیەکى تیا جێبهێڵیت. شیربارت نزیکەى بیست ساڵێک لەوەوبەر ڕایگەیاند «لەوەى باسکرا ئەو ئەنجامگیرییە دەکەین کە بەهەقەت دەتوانین باسى "کەلتورى شوشەیى[6]" بکەین. کەشە شوشەییە نوێکە بەگشتى گۆڕان بەسەر مرۆڤایەتییدا دێنێت. ئێستاش تەنیا دەتوانین هیوامان بەوە هەبێت کەلتورە شوشەییە نوێکە ڕووبەڕووى دوژمنى زۆر نەبێتەوە».

هەژاریى ئەزموون: نابێت ئەمە بەو مانایە وەرگرین کە خەڵک بە تاسەى ئەزموونى تازەوە دەسوتێن. نەخێر, ئەوان بەتاسەوەن خۆیان لە کۆتوبەندى ئەزموون ڕاوەشێنن, تامەزرۆى جیهانێکن بتوانن بەشێوەیەکى پەتى و بێ‌چەندوچوون هەژارییەکەیان بەکاربێنن-هەژارییە دەرەکییەکەیان و سەرەنجامیش هەژارییە ناوەکییەکەیان- تا سەرکێشێت بۆ شتێکى ئابڕوومەندانە. ئەوان نە بێئاگان و نە کرچوکاڵیش. بگرە زۆرجار دەتوانین دژەکەشى بڵێین: ئەوان هەموو شتیان «قووتداوە», هەریەکە لە «کەلتور و خەڵک»یش, بەجۆرێکیش زیادەڕەوییانکردووە کە سەرلەبەر پەکیانکەوتووە. هیچکەس لەوان زیاتر هەست بەم قسە چزێنەرانەى شیربارت ناکات: «ئێوە هەمووتان زۆر ماندوون, تەنیا لەبەر ئەوەى نەتانتوانیوە بیروباوەڕتان لەسەر بەرنامەیەکى سادە و بەرزەفڕانە چڕکەنەوە». خەو بەدواى ئەم ماندوێتییەدا دێت و ئەوسا ئیتر جێى سەرسوڕمان نیە خەون خەم‌ودڵساردیى ڕۆژ قەرەبووبکاتەوە: ئەو خەونەى لە ساتى بەدیهاتنی خۆیدا, بوونێکى سادە بەڵام شکۆدارمان پیشاندەدات کە وزەى بەدیهاتنەکەى لە واقیع‌دا نیە. بوون و ژیانى میکى‌ماوس, خەونێکى لەم جۆرەیە بۆ مرۆڤى هاوچەرخ. ژیانى میکى‌ماوس لێوانلێوە لە پەڕجوو, پەڕجووگەلێک کە نەک هەر دەکەونە ئەودیوى عاجباتییە تەکنۆلۆژییەکانەوە بەڵکو دەشیانکەنە جێى گاڵتەجاڕى. چونکە سەیرترین خەسڵەتى ئەم پەڕجووانە ئەوەیە وادەردەکەوێت هەموویان, کەمتازۆر بەبێ یارمەتیى هیچ دامودەزگایەک, لەخۆوە لە لەشى میکى‌ماوسەوە دەردەپەڕن و دێنەبوون, لە هەناوى دۆست و دوژمنانیەوە, لە دڵى ئاساییترین کەلوپەل و لە ناخى دارەکان و هەورەکان و دەریاکانەوە. سرووشت و تەکنۆلۆژیا, بەدەویەت[7] و ئاسایش, لێرەدا تێکڕا تێهەڵکێشدەبن بەیەکترى. بۆ خەڵکانێک کە ئەو هەمووە چەرمەسەرییەى ژیانى ڕۆژانە تەنگى پێ‌هەڵچنیوە و لە دیدى وانەوە غایەتى بوون و ژیان کورتبووەتەوە بۆ خاڵێکى ونبووى ناو ئاسۆیەکى ناکۆتا, دەبێت بینینى شێوازێکى ژیان کە هەمووشت تێیدا بە سادەترین و ئاسانترین شێوە حەلدەبێت مایەى ئارامییەکى بێ‌وێنە بێت, ژیانێک کە ئۆتۆمبیلێک تێیدا هێند سووکەڵەیى کڵاوێکى حەسیرچنە و میوەى سەر درەختێکیش بە خێرایى باڵۆنێک هەڵدەئاوسێت و دێتەبەر. حاڵى حازر پێویستدەکات هەنگاوێک بچینەدواوە و مەوداى خۆمان بپارێزین.

ئێمە هەژارکەوتووین. یەکلەدواى‌یەک میراتە مرۆییەکانمانمان لەدەستداوە و زۆرجار لەبەرامبەر سەدا یەکى بەها ڕاستەقینەکەى و لەجیاتیى پارەى وردەى "پرسى هاوچەرخ", بە بارمتەمان داناوە. لەبەر دەرکى قەیرانى ئابورىداین و لەپشتەوەشمان هەست بە سایەى جەنگێکى نێزیک دەکەین. باوەشکردن بە شتەکاندا لەلایەن ژمارەیەکى کەم دەسەڵاتدارەوە قۆرخکراوە, کەسانێک کە خودا خۆیشى دەزانێت لەو خەڵکە مرۆییتر نین. لە کۆى گشتی‌دا ئەوان بەربەرترن بەڵام بە مانا باشەکەى نا. باقییەکەى دەبێت خۆ لەگەڵ دۆخەکە بگونجێنن و بە کەمەکێک سەرچاوەوە سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. ئەوان پشت بە کەسانێک دەبەستن کە خۆیان تەرخانکردووە بۆ ئایدیاڵێکى تەواو نوێ و ئەوەشیان لەسەر بنەماى قووڵبینى و پاشگەزبوونەوە داڕشتووە. مرۆڤایەتى خۆى ئامادەدەکات لە کاتى پێویستدا کەلتور لە بیناکان و تابلۆکان و چیرۆکەکانی خۆیدا زیندووڕاگرێت. مەسەلە سەرەکییەکەش ئەوەیە ئەم کارە بە پێکەنینەوە ئەنجامدەدات. ڕەنگە ئەم پێکەنینە وەخت و ناوەخت هەر بەربەرییانە دەرکەوێت. دەى زۆریش باشە. وەرن هیوامان بەوە هەبێت تاکێک هەبێت تۆزێک مرۆڤبوون[8] ببەخشێتە کۆمەڵانى خەڵک و کۆمەڵانى خەڵکیش ڕۆژێک‌لەڕۆژان لەگەڵ قازانجى قازانج[9]دا شتەکەى بۆ دەگەڕێننەوە.

 

 


[1] Blessing

[2] strategic experience

[3] Inwardness

[4] Jules Verne

[5] Dehumanized

[6] culture of glass

[7] Primitiveness

[8] humanity 

[9] compound interest

چەمکێکى ئابورییە و بۆ گەیاندنى مەبەستەکە بەم جۆرە وەرمانگێڕا- و

 

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

Walter Benjamin, Experience and Poverty, 1933: https://www.atlasofplaces.com

تجربه و فقر, والتر بنیامین - ترجمه: فرید دبیرمقدم- تز یازدهم