A+    A-
(1,861) جار خوێندراوەتەوە

                        ڕۆحی مێژوو

 [نیگایەکى فیکرى لەمڕۆوە بۆ مێژوو بە یارمەتیى هیگڵ]

 

 

 

تێرى پینکارد

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

لەمڕۆدا مێژوو، یان لانیکەم توێژینەوە لەبارەیەوە، لە دۆخێکی خراپدایە. تاڕادەیەک هەموان لەسەر ئەوە کۆکن، کە زانینی مێژوو گرنگە، لێ لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، جیا لە چەند قوتابخانە و پەیمانگایەکی دەستەبژێر، توێژینەوە لەبارەی مێژووەوە، ڕووبەرەو نشێو و کەوتن ملدەنێت. پێدەچێت ئەم ڕۆژگارەی ئێمە، لەگەڵ شێوەڕوانینە گومانگەراکەی فەیلەسوفی ئەڵمانیی، ویلیام فریدریش هیگڵ (G W F Hegel_ ١٧٧٠-١٨٣١)دا، هاوئاوازبێت، کە دەیوت تاکە وانەی مێژوو بۆ ئێمە، ئەوەیە هیچکەس تاوەکو ئێستا هیچ وانەیەک لەمێژووەوە فێرنەبووە. بۆچی؟ دەمی ئێستا هەمیشە نوێیە و ئایندەش هەمیشە نەزانراوە، ئەم بابەتە زەمینە بۆ ئەوە خۆشدەکات کە زۆرکەس لەگەڵ ئەم دەربڕینەی هێنری فۆرد(Henry Ford_١٩٢١)ی بیزنیسمانی ئەمریکاییدا هاوڕابن: "مێژوو، تاڕادەیەک وڕێنە و قسەی بێمانایە". لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەر ئەم هیگڵە گومانگەرایە لە بەرگریکردن لەمێژوودا دەیوت: "گەرچی هەمیشە شتەکان و پرسەکان وەها دەردەکەون، کە هیچ پێشینەیەکیان نەبێت، لێ ڕاستی ئەوەیە مێژوو، کلیلی تێگەیشتن لە ئامانجە باڵاکانمان پێ دەبەخشێت.

ئێمەی مرۆڤ، پۆل و دەستەگەلی نامۆ و سەیرین. ئەوەی دەبێت چۆن بوونەوەرێک بین، هەردەم بۆ ئێمە ئارێشە و کێشە بووە. ئەمەش لەبەر دوو هۆکار، هەندێکجار بەهۆی ئەوەی خۆمان لەسیاقی ئەو هەموو جۆرەی "بوون"، کە دەبێت بەناسنامەی ئێمە، دادەڕێژینەوە. هەروا بەهۆی ئەوەی ئێمە بەژیانکردن لەسیاقی شێوازە جیاوازەکانی ژیاندا، هەم وەک تاک و هەم وەک کۆمەڵ، بەدووی ئەم پرسەدا کنەوپشکنین دەکەین. توێژینەوەی مێژوویی، بەتەنها گێڕانەوەی حەکایەت یان کەڵەکەکردنی فاکتەکان نییە. توێژینەوەی مێژوویی، لە ڕەهەندە بەرینەکەیدا، بەواتای تیشکخستنەسەر و ڕووکردنەوەی ماهییەتی مرۆڤایەتی دێت، ئەو مرۆڤایەتییەی، لە ڕێگەی ئەزموون و هەڵەکردنەوە، دەکارێت لەسیاقی جۆرە زۆروزەبەندەکانی شێوازی فۆرمبەخشێن بەخود لە ژیانی ڕۆژانەدا، لە خودی خۆی تێبگات. سەربار، ئەم جۆرە توێژینەوەیە تیشکخستنەسەر و ڕوونکردنەوەی ئەم پرسەیە، کە چۆنچۆنی گۆڕانی مێژوویی لەگەڵ گۆڕانی تێگەیشتنی بنەڕەتیی ئێمە لە خودی خۆمان، پێکەوە توندگرێدراون. هەروەک هیگڵ لەمیانی زنجیرە دەرسگوتارەکانی ساڵانی ١٨٢٢_١٨٣٠دا دەڵێت؛ "ئێمە" بە شێوەیەکی سەیر، بەرهەمی تایبەتی دەستی خۆمانین، و توێژینەوەی فەلسەفی لەمەڕ مێژوو، هیچ نیە جگە لە توێژینەوە دەربارەی ئەوەی داخۆ ئێمە بەدرێژایی کات، چۆنچۆنی شێوەمان گۆڕیوە.

تاوەکو ئێستا، جگە لە هیگڵ، کەس نەیتوانیوە بەم جۆرە ئاڵۆز و دینامیکییە، فەلسەفەی مێژوو بنووسێتەوە. سیستەمە فەلسەفییەکەی ئەو، بەدەوری سێ ئایدیای بنەڕەتییدا ڕۆنراوە. یەکەم، خودئاگایی، کلیلی تێگەیشتنە لە بکەرێتی و بریکارێتیی مرۆیی. لەدیدی خەڵکیدا، جێبەجێکردنی هەر چەشنە کارێک لەسیاقی هەرچ شێوە واقعێکی مرۆییدا، بەو مانایە دێت، کە لەئانوساتی ئەنجامدانی کارەکەدا، بزانین خەریکی چین. نمونەیەکی سادە بهێنینەوە، واىدانێن لە کاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتەدا، لە هاوڕێیەکەوە نامەیەکتان پێدەگات: "سەرقاڵی چیت؟"، ئێوەش دەمودەست لەوەڵامدا دەڵێن: "سەرقاڵی خوێندنەوەی بابەتێکم لەسەر هیگڵ". ئێوە دەتانزانی بە چ کارێکەوە سەرقاڵن، بەبێ ئەوەی پێوستبکات بەشێوازی دابڕاو بیر لە کارەکە بکەنەوە یان ئەنجامگیریی بۆ بکەن. ئێوە بەبێ ئەوەی تۆزقاڵێکیش بیربکەنەوە، دەتانزانی، کە ئەوەی دەیکەن، نە خۆهەڵدانە بە پەڕەشووت، نە حەمامکردنە و نە هەڵهێنجانی مەتەڵی خشتەیی وشەی یەکتربڕیشە. چاوتان بە دەوروبەردا نەگێڕا، تاوەکو لەسەر بنەمای بەڵگە و ئارگۆمێنتی بینراو، ئەنجامگیری بکەن. ئێوە پێویستیتان بە هیچ جۆرە ڕامانێکی تایبەتی نەبوو. ڕاستی ئەوەیە بە واتا هیگڵییەکەی، ئەگەر سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی کارێک بیت، و لەولاوە خۆشت نەزانی خەریکی چیت، ئەوا هەر بەڕاستییەوە تۆ هیچ کارێکت ڕانەپەڕاندووە. بەڵکو پێشهاتەکان تەنها ڕوودەدەن و هیچی تر. بێگوومان هەندێکجار ئێمە لەمەڕ ئەو کارانەی ئەنجامیاندەدەین، ئاگاییەکی ناڕوون و تەمومژاوییمان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، تەنانەت تێڕامانی خودئاگاییانەی قووڵی ئێمە، کە نێوەندگیریی نێوان ئێمە و دەوروبەرە، هیچ نیە مەگەر جۆرە پراکتیزبوونێکی پەیوەندیی لەگەڵ خود(self_reation)دا نەبێت. ئەم جۆرە پەیوەندییەش، پەیوەندییەکی قووڵ و هیگڵییانەیە: هەموو جۆرە ئاگایی‌ەک، هەر هەمان خودئاگاییە.

دووەم، بە باوەڕی هیگڵ، هەردەم خودئاگایی بەوەوە پەیوەستە، کە خۆ لەنێو جۆرە فەزایەکی کۆمەڵایەتیی بونیادنراو لەسەر پایەی "من" و "ئێمە"، جێکەوتبکەین. دەربڕینی واژەی "من"، یان واژەی "ئێمە"، بەو مانایە دێت، کە ئێمە لەبارەی دوو ڕووی یەک دراوی دیالەکتیکییەوە قساندەکەین. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، وا دەردەکەوێت ڕاناوی "ئێمە"، هێما بێت بۆ دۆخە جیاجیاکانی وەک "من بیردەکەمەوە" یان "من ئەنجامیدەدەم"، لێ "ئێمە" لە واتا هەرە بنەڕەتییەکەیدا، هەر هێندەی "من" ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. دەشێت "من"، وەک تاک، ڕۆڵی بکەرێتی و کردەیی بگێڕێت و "ئێمە"ش، وەک کۆیەکی بێ‌ڕووخسار بمێنێتەوە، لێ هەردووکیان لەدواجاردا دوو ڕووی یەک دراون. هەر جۆرە خودئاگاییەکی تاک، لەڕەگوڕیشەوە خودئاگاییەکی کۆمەڵایەتییە. "ئێمە" وەک گشت‌ێک، لە سیاقی کارە فەردییەکانی تاک بە تاکمانەوە خۆی ئاشکرادەکات، لێ خودی "ئێمە"ش بەبێ ئەم کار و ئاکتانەی تاک(singular)، هیچ نییە. ئەوی‌دەم، کە دەزانم بە ئەنجامدانی چی کارێکەوە سەرقاڵم، لەهەمان کاتدا بە ئاگام لەوەی، کە ئەو کارەی "من" پێوەی خەریکم، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەر بەو چەشنە ئەنجامیدەدەم، کە "ئێمە" ئەنجامیدەدات.

هەڵەیە، گەر پێمانوابێت تەنها یەک ڕووی ئەم دراوە، گرنگ و بەبایەخە. "من" تەنها خاڵێک یان شوێنێک نییە، کە هیچ ناواخن و کاکڵەیەکی تری نەبێت و لە هەناوی فەزای کۆمەڵایەتیی "ئێمە"دا، بەتەواوی بتوێتەوە، و "ئێمە"، واتە ئەم فەزا کۆمەڵایەتییەش، بەتەنها لە ژمارەیەکی زۆروزەبەندی "من"ی تاک پێکنەهاتووە. بەبێ بکەرێتی و بریکارێتی، هیچ کارێک لەگۆڕێدا نابێت و بەبێ بوونی کاریش، هیچ بکەرێتی و بریکارێتییەک بوونی نابێت. هەندێکجار تێگەیشتن لەم پرسە، سانا نییە. بەزۆری، "من" دەکارێت خۆی لە "ئێمە" جیابکاتەوە و لەدژی ڕابپەڕێت(بۆ نموونە؛ بوونخوازی لەبەرچاوبگرن). هەندێکجار، "من" دەکارێت خۆی لەناو "ئێمە"دا بتوێنێتەوە(بۆ نموونە؛ ڕژێمە تۆتالیتارێکان لەبەرچاوبگرن، کە چ خەونێکیان لەسەردا بوو). لەهەندێک حاڵەتی تریشدا، "من"، لەمیانی خۆنواندن و ژێستگرتنەوە، دەکارێت ددانپێدانانی "ئێمە" بەدەستبهێنێت(هونەرمەندانى ساختەچی لەبەرچاوبگرن). لەنێو پانتایی مێژوودا، هەموو ئەم جۆرە ناتەواوانەی "من" و "ئێمە"، شێوە جۆراوجۆرەکانی خۆیان دەنوێننەوە.

سێیەم، ڕێی‌تێدەچێت دۆخی مرۆڤەکان لەناو دەستە و جۆرەکانی خۆیاندا، بەخراپی بێت یان بەباشی،  بڕوات بەڕێوە، هەروەک چۆن ئەمە بۆ دەستە و جۆرەکانی تری بوونیش، هەر ڕاستە. ئەو درەختانەی لەنێو خاکێکی گونجاو و لەباردا ڕەگیان دانەکوتاوە، ناتوانن بەگوێرەی پێویست گەشەبکەن؛ ئەو گورگانەی لە ژینگەیەکی لەباردا ناژین، ناتوانن وەک پێویست گەشەبکەن. بەهەمان شێوە، مرۆڤی خاوەن خودئاگایی، ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و سیاسی دەئافرێنێت و ئەم ژینگانەش ئیمکانی ئەوە بە ئێمە دەبەخشن، تا بتوانین حەکایەتێکی جیاواز و باشتر یان وێنایەکی جیاواز و باشتر لەسەر خۆمان بەدەستەوەبدەین. لێ ئەوەی، کە دەشێت ئێمە ببین بە چی، بەو فاکتەوە بەستراوەتەوە، کە داخۆ ئێمە لە کوێی مێژوودا وەستاوین. باپیرە هەرە گەورەی ئێوە، هەرگیز خەونی بەوەوە نەبینیوە، کە ببێت بە کۆدنووسی کۆمپیوتەر. گوندنیشینانی سەدەکانی ناوین، ئەو ئارەزووەیان لەسەردا نەبووە، لەکۆمپانیایەکی جیهانیی کۆکردنەوەی خۆڵ‌وخاشاکدا، لەپلەی بەڕێوبەرانێکی ئاساییدا کاربکەن. ئەوەی "من" کێم، گرێدراوی ئەو کارانەیە، کە "ئێمە" ڕایدەپەڕێنین، لێ لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەیە ئەگەر کردار و ڕەفتارە تایبەتییەکانمان، تەنها وەک جێبەجێکردنێکی فەردییانەی یاسا گشتییەکان، لەبەرچاوبگرین. باشتر وایە بڵێین بۆ ئێمەومانان، کە لەسیاقی نمونەگەل و ڕووخساری جۆراوجۆردا بۆ "ئێمە" دەگۆڕدرێین، بەحەق بوون‌بە "ئێمە" چی واتایەکی هەیە. بۆ نموونە بوون‌بە ئێمە لەسیاقی هاوڕێیەتی، یاریی شەترەنج، وردکردن و پاککردنی سەوزە یان هاووڵاتییبووندا، چی دەگەیەنێت. هەمەکییبوونی کارەکان، هەلومەرجێک بەباردێنێت، کە تێیدا من دەتوانم لە قاڵبی هەریەک لەو شتانەدا گەشەبکەم. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ئەوە منم زەمینە خۆشدەکەم و تێیدا دەبم بە ڕووکاری دەرەکیی کارەکان. "ئێمە" هەموو لە پراکتیزەکردنی ئەو واقیعەی، کە ئەم دووانە (من_ئێمە)، چۆنچۆنی لەیەکتر جیادەبنەوە و چۆنچۆنی بەرەویەکتر کەمەندکێش دەبن، بەشداردەبین.

ئێمە لە پێگەی تاکێکی کۆمەڵایەتیی خودئاگادا، سەرلەنوێ ژیانمان دادەڕێژینەوە و مانای نوێ بۆ پرسە دێرینەکان دادەتاشین (لە پەیوەندیی سێکسییەو بیگرە تا بە ئاداب و شێوازە ئاڵۆزەکانی نانخواردن دەگات). ئەم نوێکردنەوەیە بە چەشنێک ڕادەپەڕێنین، لەو سەرەوە ڕستێک نەریت و ڕێوڕەسمی نوێ فێردەبین، گەردوغوباری ڕۆژگار لەسەر ژیانی ئاژەڵییانەی خۆمان دەتەکێنین، خۆمان یەکلادەکەینەوە، و پاشان درێژە بە ڕێگاکەمان دەدەین. ئێمە، لەپێگەی تاکەکاندا و بە ناسنامەی کۆمەڵایەتییەوە، لە فەزای کۆمەڵایەتییدا ژیان بەسەردەبەین و هەموو ئەم ناسنامانەشمان، لەڕێگەی پەیوەندیی دوولایەنەوە هێناوەتەبوون و پایەداریان دەکەین. بەشێک لەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە، لەسەر بنەمای هێز، ملکەچی و شکاندنەوە بنیاتنراون(وەک پەیوەندیی نێوان ئاغاکان و کۆیلەکان). جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە، پرسێکی باو و بەربڵاوە. هیگڵ دەیوت، مێژوو وەک قەسابخانەیەکی گەورە وایە، کە تێیدا ژیان و خۆشبەختیی ملیۆنان مرڤ کراوەتەقوربانی.

مێژوو، وەک ڕاڤەکردن و ڕاڤەکردنەوەی ژیانی گرۆی مرۆیی "ژیانی خودئاگا[1]"، بەڕووکەش بێزارکەر دەردەکەوێت. هەموو شارستانییەتەکان و شێوازەکانی ژیان وردەوردە دەردەکەون و پلەپلە ئاوادەبن، و شێوازە دێرینەکانی ژیانیش لەناودەچن و نامێنن. وا دەردەکەوێت، هیچ شتێک پایەدار و هەمیشەیی نەبێت.  هیگڵ بوێرانە و لەسیاقی فەلسەفەکەیدا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، ئەم ڕێپێوانە گەورەیەی مێژوو و ئەم جووڵە بەکۆمەڵە لەدیدی ئێمەوە، مانیفیستۆی شێوەگەلێکی ژیانن، کە تێیدا یەکەیەکەی شێوازە فەردییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، تەنگژە و باوبژ لە هەناوی خۆیاندا بەباردێنن. ئەوی‌دەم ئەم تەنگژانە، بەئاستێک بەگووڕ دەبن، کە چیتر ئەم شێوە ژیانە بۆ مرۆڤەکان هیچ مانایەکی نامێنێت و لەدواجاردا بەخێرایی ژیان کەڵکی ئەوەی نامێنێت، کە تێیدا نیشتەجێ ببین. هەر ئەوەندەی ژیان کەڵکی نەما تێیدا نیشتەجێ ببین، بەخێرایی هەرەسدێنێت و لەبەریەکهەڵدەوەشێتەوە، سەرئەنجام گۆڕەپانەکە بۆ شێوازێکی تری ژیان چۆڵدەکات. شێوەی نوێی ژیان ئەوی‌دەم دەستپێدەکات، کە خەڵکانی نیشتەجێی ناو پاشماوەی کەلتورە هەڵوەشاوەکە، لێرەولەوێ چەند پارچەیەکی ژیانی ڕابردوو، کە هێشتا بەدەردێک دەخۆن، کۆبکەنەوە، و ئەو بەش و پارچانەش، کە چیتر سودێکیان نابێت، بخەنەلاوە، بەم جۆرە لە هەناوی ئەو وێرانەیەدا، دونیایەکی نوێ بئافرێنن. ئەوان کۆمەڵگایەک بنیاتدەنێن، کە بەردەوام لەدۆخی خۆگۆڕین و گەشەسەندندایە، تا ئەوەی ئەم کۆمەڵگایەش بەهۆی فشار و تەنگژە ناوەکییەکانییەوە، لەبەریەکهەڵدەوەشێتەوە و بەدوای ئەمەدا شێوەیەکی تازەتری ژیان، لەهەناوی ئەم وێرانەیەوە سەردەردێنێت. کەواتە، ئەم ڕەهەندەی مێژوو، شێوە گۆڕاو و دەرەکییەکەی ژیانی خودئاگا پێکدەهێنێت. ڕوونتر بدوێین، مێژوو لەم ڕەهەندەیدا، هەر هەمان شێوە هەمیشە گۆڕاوەکەی ژیانی خودئاگایە. هیگڵ بۆ سەلماندنی ئەم لایەنە، چەمکی (Geist)ی ئەڵمانیی هەڵبژارد(ئەم چەمکە لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەیدا، بەخواستی وەرگێڕەکانەوە پەیوەستە و "زەین" یان "ڕۆح"یان بۆ داناوە). هەر ئەوەندەی (Geist) لەهەناوی مێژوودا دەست بە جووڵە دەکات، شێوە و فۆرمی جۆراوجۆر بەخۆوە دەگرێت، چونکە خۆی لەسیاقی چەندان شێوەی جیاجیادا وێنادەکات، لەم ڕووەوە بۆ کەسانێک، کە بیری لێدەکەنەوە، وەک ئامانجێکی بزۆک و جووڵاو دەردەکەوێت. ئەم بەسەرهاتی ئاوابوون و نوێبوونەوەیەی ژیان، هەر هەمان دیالەکتیکی مێژووە لە سیاقی فەلسەفەی هیگڵ‌دا.

ئەگەرچی فەیلەسوفی فەرامۆشکراوی ئەڵمانیی، هاینریش مۆریتس چالیباوس[2](١٧٩٦-١٨٦٢) کاتی خۆی توانیی زۆرکەس بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە سیانەی "تێز_ئەنتی‌تێز_سەنتێز"، دەرخەری دیالەکتیکی مێژوون لە فەلسەفەی هیگڵدا، لێ هیچکات هیگڵ خۆی شتێکی وەهای نەدرکاندبوو. سەربار، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم کێوماڵە گشتی و خێرایەشدا، دەشێت هەست بەوە بکەین دیدگاکانی هیگڵ زۆر لەو سنوورکێشانەی چالیباوس فراوانترن.    

هیگڵ دەیویست لەڕێگەی هەڵسەنگاندن و کنەوپشکنینی مێژووی جیهانەوە، ئەم واقیعیەتە تێبگات: داخۆ هیچ لۆژیکێک بەسەر ئەو شێوازانەدا زاڵ نییە، کە "من" و "ئێمە" لە ڕێگەیانەوە و بەدرێژایی کات، خۆمان مانیفێست دەکەین. ئایا (Geist) دەکرا لەسیاقی چی‌دا و چۆن ڕووبەرەو باشتربوون بڕوات؟ هیگڵ، وەک ئەورووپییەکی سەدەی نۆزدە، لەمەڕ شارستانییەتەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکا، شتێکی ئەوتۆی بۆ وتن پێ نەبوو. بەباوەڕی ئەو، ئەم شارستانییەتانە لەئاستێکی دیاریکراوی گەشەسەندندا، چەقیانبەستووە. ئەو بەم دیاردەیەی دەووت "ئیلحادی سیاسی_political atheism". لەڕوانگەی هیگڵەوە، "ئیلحادی سیاسی" بەو مانایە دەهات، کە لەسەرووی فەرمایشتەکانی سەرۆکی هۆز یان پادشا یاخۆ ئیمپراتۆرەوە، ناتوانرێت خاوەندارییەتی لە هیچ جۆرە دادگایەکی تێهەڵچوونەوەی جیاواز بکرێت. هیچ جۆرە دادگایەک بوونی نییە، کە بشێت تێیدا فەرمایشت و ڕاسپاردە و بڕیارەکانی پادشا، تێهەڵچوونەوەیان بۆ بکرێت. تەنانەت ئەگەر ئیمپراتۆر ڕستێک یاسا دەرچێنێت و بیانخاتە بواری جێبەجیکردنەوە، هێشتا ئەمە فەرمانڕەواییکردن و لێخوڕینە لەژێر پەردەی یاساوە، کە ئەمەش واتای فەرمانڕەوایی کەسی دەگەیەنێت، نەوەک فەرمانڕەوایی یاسا، کە فەرمانڕەوایەتییەکی ناکەسییە. بەگوێرەی لۆژیکی "ئیلحادی سیاسی"، ڕاسپاردەی هەرە باو ئەوەیە، کە بەتەنها یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا ئازادە (سەرۆکی هۆز، ئیمپراتۆر و...). بەتەنها ئەو دەتوانێت ئازادانە یاسا دابنێت و ئەوانیتر دەبێت ملکەچ و گوێڕایەڵی بن، و هیچ بنەمایەکی باڵاتر لەئارادا نییە، کە لەسیاقیدا فەرمانەکانی هەڵبسەنگێنرێت. کەواتە دەتوانرێت بگوترێت تەنها "یەک کەس" (سەرۆکی هۆز، ئیمپراتۆر و...) ئازادە. هەڵبەت ئەم دیدگا کاریکاتێرە هێندەی بۆ حوکمە پێشوەخت و فەرمانە هەوەنتەکانی ئەورووپای سەدەی نۆزدە دەگونجێت، هێندە بۆ کۆمەڵگاکانی تر ناگونجێت، لێ ئەوەی هیگڵ هێمای بۆ دەکات، لەسەرووی ئەم بابەتانەوەیە.

هیگڵ باوەڕی وابوو، تەنها لە دونیای یۆنانی کۆندایە، مرۆڤایەتی بۆ یەکەمینجار دەستبەرداری ئەو باوەڕە دەبێت کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات لە کۆمەڵگادا تەنها یەک کەس بۆی هەیە ئازاد بێت و لێبخوڕێت، لەبری ئەمە، مرۆڤایەتی دەستی بە ئەم باوەڕە بوێرانەیە ڕاگەیشت، کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دەستەیەکی دیاریکراو(پیاوانی پێگەیشتووی شار) دەتوانن پێکەوە فەرمانڕەوایی بکەن. ئەوان لەگەڵ یەکتردا، وەک ژمارەیەک کەسی هاوئاست دەجووڵێنەوە و کەس لە ئەویتر سەرووتر نییە. سەربار، بەگوێرەی پێوابوونی هیگڵ، لەڕوانگەی ئەم یۆنانییانەوە، هەموان دەیانزانی لە چوارچێوەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەیاندا، چ جۆرە پێگە و مەکانەتێکیان هەیە و ئەرک و بەرپرسیارییان چییە. ئەوان وا وێنایان دەکرد، ئەگەر بێتو لە چوارچێوەی ئەم نەزمە کۆمەڵایەتییەدا، هەریەکەیان پێویستی و زەروورەتی پێگە و مەکانەتی خۆی بسەلمێنێت، هەماهەنگیی و هارمۆنییەت لەکۆمەڵگادا جێکەوت دەبێت. وا دەردەکەوت، ئەم تێهەڵکێشکردنەی تایبەتمەندییە کەسییەکانی تاک بە ژیانی کۆمەڵایەتی، لەمە باشتر ناکرێت و نابێت: ئازادیی تاکگەرایی لە شێوە باڵا و کامڵەکەیدا، بە تەنها لە سیاقی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی یەکسانخوازی پێکهاتوو لە هاوڵاتیانی ئازاد، دەستەبەردەبێت.

بەڵام، ئەم سێوەی یۆنان کرمێکی تێدابوو، ئەم ماستە بێ‌موو نەبوو. یۆنانییەکان مانای ئازادی(freedom)يان لەگەڵ سەربەخۆیی(independent)دا تێکەڵکردبوو. مرۆڤ تەنها ئەوی‌دەم دەتوانێت لە کار و کردە و داوەرییەکانی خۆیدا سەربەخۆ بێت، کە ئەوانیتر ئەرکی دەستبەرکردنی نیاز و پێداویستییەکانی ژیان ڕابپەڕێنن، هەروەتر ئەم یۆنانییانە پێیانوابوو مەحکومن بەوەی لە جیهانێکدا بژین کە پشتی بە کۆیلەداری و سەرکوتی ژنان بەستووە. هەرچەندە بەشێک لە یۆنانییەکان، لەئاست ئەم ستەم و زۆردارییەدا نیگەران بوون، لێ زۆرینەی دانیشتووانی یۆنان وەک بەشێک لە نەریت و ڕێوڕەسمی ناچاریی جیهان، بۆ ئەم بابەتەیان دەڕوانی. لەگەڵ ئەوەشدا، هیگڵ سەرنجی بەلای ئەم خاڵەدا ڕۆیشت و باوەڕی وابوو تەنگژە و کیشمەکێشی ناوەکیی یۆنانییەکان لەگەڵ دەروونی خۆیاندا، بەشێوەیەکی دراماتیک لە هونەردا دەردەکەوێتەوە.

بە لای هیگڵەوە، تراژیدیای ئەنتیگۆنە(Antigone)ـی سۆفۆکڵیس(Sophocles)، نمونەیەکی سەرنجڕاکێش بوو. لەم شانۆنامەیەدا، کچ و کوڕەکانی ئۆدیب، خۆیان لە بارودۆخێکی ناجێگیردا دەبیننەوە. هەردوو کوڕەکەی ئۆدیب، لەسەر میراتی فەرمانڕەوایی بابیان، پێکدا هەڵدەشاخێن. هەردووکیان لەم نێوەندەدا گیان لەدەستدەدەن و خاڵیان، واتە کریۆن(Creon), کاروبارەکان بەدەستەوە دەگرێت. کریۆن، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن بۆ یەکێک لە برازاکانی قەدەغەدەکات، لێ ئانتیگۆنە بەوەی بەنهێنییەوە ئەم ڕێوڕەسمە ئەنجامدەدات، سەرپێچی لە فەرمانی خاڵی دەکات. بۆیەشە دەست بۆ ئەم کارە درێژدەکات، چونکە پێگەی ئەو وەک خوشکێک ئەمە دەخوازێت، لێ لەهەمان کاتدا، زۆرباش ئەوە دەزانێت، کە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانی کریۆنی خاڵیشی، زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێت لە پێگە و بەرپرسیاریەتیی خۆی لەئاست ئەم زەروورەتە تێبگات(بەتایبەت لەو ڕووەوە، کە ئەنتیگۆنە لە خاڵی بچووکتر بوو). ئەنتیگۆنە خۆی لە هەلومەرجێکدا دەبینێتەوە، کە تێیدا حەق و حەق لێکدژن. هەروەتر، پێگەی ئەنتیگۆنە، زەروورەتی ئەوە بە ڕەهایی دێنێتە پێشەوە، کە لە بابەت و بژاردەکانی بەردەمیدا، بڕیاری بنجبڕ و یەکلاکەرەوە نەدات(پێگەی دیاریکراوی ئەنتیگۆنە لەژیاندا، هانیدەدات لەنێوان پێویستییە بەردەستەکاندا، یەکێکیان هەڵبژێرێت) و دواتر ئەنتیگۆنە تاوانبارکرا بەوەی کە گوایە هەوڵیداوە جۆرە ڕێوڕەسمێکی خۆسەرانە دامەزرێنێت.

ئەنتیگۆنە بەتوندی شەیدای بابەتێک دەبێت، کە بەشێوەیەکی گشتی بۆ ژنان یاساغ بووە: ئەو خوازیاری ئازادی بوو. ئەم پرسەش خۆبەخۆ پێویستی بەوەیە ئەوانیتر هاوتەرازبوونی ئەو بسەلمێنن و ددانی پێدابنێن. لێ کێ دەیتوانی ددان بەوەدا بنێت، کە ژن و پیاو هاوتەراز و هاوشانن؟ چ کەسێک دەیتوانی هاوتەرازیی ئەنتیگۆنە بسەلمێنێت؟ نە مێرد(ئەویش لە یۆنانی کۆندا)، نە منداڵ(هەڵبەت ئەگەر لەبنەڕەتەوە منداڵێکی هەبووبێت)، نە دایکوباوکی، نە خوشکەکەی، کەسیان نەیاندەتوانی. بەتەنها براکانی دەیانتوانی هاوتەرازیی ئەنتیگۆنە و دادخوازیی ئەو بسەلمێنن و ددانی پێدابنێن، لێ ئەوانیش مردن. ئەنتیگۆنە کە لەناو ئاگری تامەزرۆیی بۆ ئازادییدا دەسوتا، هەوڵدەدات ئەم ددانپێدانانە لە برا مردووەکەی خۆی بخوازێت. هەروەک لە سیاقی تێکستی شانۆنامەکەدا دیارە، ئەم بەسەرهاتە کۆتاییەکی تاڵی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنتیگۆنە لەڕێگەی یاخیبوونەکەیەوە، ئەوەمان پیشاندەدات، کە ئایدیاڵەکانی یۆنانی، لەگەڵ چ جۆرە ئارێشە و گرفتێکدا ڕووبەڕوو بوون: بنیاتنانی جۆرە سیستەمێک، کە یەکسانی و هاوتەرازی بۆ بەشێک لەپیاوان بەدیدێنێت و لەو سەرەوە هەموو کۆمەڵگا لەم هاوتەرازی و یەکسانییە بێبەشدەکات. بەم‌جۆرە ئەنتیگۆنە بووە دەنگی پەراوێزخراوانی کۆمەڵگا و لێرەوە دەبێت لە ناو کۆمەڵگادا بەهەند وەرگیرێت و وەک یەکێک لە ئێمە ددان بە بوونی‌دا بنرێت، وەک ئەندامێکی هاوتەراز و هاوشانی ئەندامانی تری کۆمەڵگا، پەسەندبکرێت و لێرەوە وەک ئەندامێکی هاوتای ئەندامە ئازادەکانی تر، ددانی‌پێدابنرێت. ئەو لە خۆی دەپرسێت، کە ئەگەر "هەندێک ئازادن"، کەواتە بۆچی من ئازاد نەبم؟ ئەم پرسیارە لە زەینی یۆنانییەکاندا ئەو ئایدیا هەژێنەرەی دەچاند، کەوا پێدەچێت سەرلەبەری بەرنامەی ژیانیان بێ‌مانا بێت.

ئەوی‌دەم ڕۆمای دێرین هەژموونی بەسەر یۆناندا سەپاند، لەسەرەتادا وا دەردەکەوت، کە شێوازێکی مانادارتری ژیان دەرکەوتووە و جێگەی یۆنانی کەوتوو دەگرێتەوە، لێ ڕۆماش بەناو خۆیدا داڕما. لە کۆتاییەکانی چاخی کەوناراندا، ئەوی‌دەم مەسیحیەت وردەوردە وەک ئاینی ئیمپراتۆریەت جێ‌پێی خۆی تونددەکرد، لەولاوە لەهەناوی ئامانجی جووڵەی ژیانی خودئاگادا، پایەکانی ئایدیایەکی نوێ داڕێژرا: ئەگەر هەموو خەڵقی منداڵی تاقانە خودایەکن، کەواتە ئێمە هەموو برای ئاینیی یەکترن، ئەگەرچی کۆیلەداری و ستەم باڵ بەسەر زەویدا بکێشێت، لێ لە ژیانەکەی تردا یەکسانی و بەرابەری حکومڕانی دەکەن. هەرچەندێک لەسەرەتاوە لێکدژییەکانی ناو ئەم ئایدییایە، ئاشکرا و دیار نەبوون، لێ زەمینەی دەرکەوتنی لێکەوتەکانی ئەو لێکدژییانە، لە ئاستی جیهانیدا ڕەخسابوو. داواکارییەکەی ئەنتیگۆنە، وردەوردە فۆرمێکی جیهانیی بەخۆوەدەگرت.

لەڕوانینی هیگڵدا، لەپاش نەمانی دیموکراسیەتی یۆنانی، ژیانی ئەورووپایی بەرەو هەڵدێر ڕۆیشت. کەلتورە تێکەڵ و هەمەڕەنگەکەی ڕۆما، یاساکانی ڕۆما و لەهەمووی گرنگتر، هێزی توندوتیژیی لەشکری ڕۆمی، سەکۆی ژیانیان بۆ دونیایەکی نامۆ و بێگانە چۆڵکرد. خەڵکان هەستیاندەکرد لەناو ئەو دونیا نامۆیەدا، ناچارن ڕەچاوی ڕستێک هاوکێشە بکەن، کە بەدژواریی خۆیان لە سیاقی ئەو هاوکێشانەدا دەبینیەوە. دونیایەک، کە لەنێوان جۆرە سەقامگیرییەکی ناسک و فۆبیای بێ‌مانایی‌دا، جۆلانێی دەکرد و بەم هۆیەشەوە لە لێواری کەوتندا بوو. ناوبەناو ئەو دونیا نامۆیە لە زەلکاوی دێوانەییەکی پەتییدا دەگەوزایەوە. نمونەیەکی ئەم دێوانەییە، جەنگی خاچ‌درووشمەکان بوو. نمونەیەکی تریش، دەرکەوتنی دیاردەی جادووگەری بوو، کە کوشتنی سەدان ژنی لەلایەن یاساوە لێکەوتەوە! هەموو ئەم پێشهاتانە لە باگراوەندێکدا دەقەومان، کە لێوەی بە وتەی هیگڵ، "هەستی عەدەمگەرایی جیهانی و هەست بە بەتاڵی، بەرەوناو دونیا سەرڕێژ دەبوو". جیهان لەناو جۆرە ترس و فۆبیایەکدا نقووم ببوو، کە دواجار هیچ مانایەکی نەبوو.

ئەم بورکانە، کە ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی لە "عەدەمگەرایی" و "لەخۆنامۆبوون" و تووڕەیی لەدەست نادادی ڕژێمی باڵادەست، پێکهاتبوو، لەساڵی ١٧٨٩ و لەگەڵ ڕوودانی شۆڕشی فەڕەنسادا تەقییەوە. دواجار لە میانی ئەم شۆڕشەدا، ئەو پایانەی کە شێوە و فۆرمە دێرین و نامۆکەی ژیانیان ڕاگرتبوو، هەرەسیانهێنا. ئەم شۆڕشە بەدووی خۆیدا، جۆرە ئازادییەکی هێنایەبوون، کە لە کۆتوبەندی ڕابردوو داماڵراوبوو، ئەم ئازادییە لەلایەن سرووشتەوە تەگەرەی کەمی لەبەردەمدابوو، لەلایەن ئایینیشەوە هیچ بەربەستێکی لەڕێگادا نەبوو. دەرئەنجام، یان بەگوێرەی ئەنجامگیریی هیگڵ، ئەم ئازادییە لەسەرەتادا شتێکی ئەوتۆی لەهەگبەدا نەبوو، تاوەکو جیهانێکی نوێی پێ بنیاتبنێت. هەڵبەت لەم هەگبەیەدا، ئایدیا پەتییەکانی وەکو ئازادیی بێ‌قەیدوشەرت و بەهاکانی هاووڵاتییبوون بوونی هەبوو، کە دواتر بەهۆی پاڵپشتیی هاووڵاتیان لە دەسەڵاتی شۆڕش، ئەم ئایدیایانەش کۆتوبەندکران. لێ لەپاش ئەو ماوە کورتەی سەرڕێژبوونی تووڕەیی لە سەروبەندی دەسەڵاتی تیرۆر و تۆقاندن(١٧٩٣_١٧٩٤)دا، دۆخەکە ئارامبووەوە، و پاش ساڵی ١٨١٥ جۆرە نەزمێکی نوێ جێکەوت دەبوو، کە لەمیانەیدا، بەرهەم و دەستکەوتەکانی شۆڕش وردەوردە ڕەنگ‌وبۆی واقیعییان بە خۆیانەوە دەدیت، یان لانیکەم هیگڵ هیوای دەخواست بەم‌جۆرە بێت.

هیگڵ هیچکات لە پێداهەڵگوتن و ستایشکردنی شۆڕشی فەڕەنسی‌دا، دوودڵ نەبوو. هەمیشە لە چواردەی جۆلایدا، یادی ساڵوەگەڕی ئەو شۆڕشەی دەکردەوە، چونکە بەباوەڕی ئەو، ئەم ڕووداوە دەرخەری چرکەساتێکی چارەنووسسازە لە مۆدێرنەی ئەورووپی‌دا. شۆڕشی فەڕەنسا ڕێگای بۆ مێژوو خۆشکرد، تاوەکو لە ئایدیای "هەندێک لەمرۆڤەکان ئازادن"(وەک لەیۆنان و ڕۆمادا باوبوو)، بەرەو ئایدیای "هەموان ئازادن" ببزوێت. بە دەربڕینێکی تر، شۆڕش ئەو ئایدیایەی پراکتیزەکرد، کە هیچ کەسێک ملکەچ و ئەڵقەلەگوێی هیچ کەسێکی دەسەڵاتخواز و هەژمونگەر نییە. هیچ کەس لەویتر باڵاتر نییە، دەرەنجام ڕەگەزێک لەڕەگەزێکی تر، پیاو لە ژن، خاوەن‌زەوییەکان لە جووتیاران، ئەشرافزادەکان لە ڕەشەخەڵک، باڵاتر نین. هەر ئەوەندەی ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە ئازادی و یەکسانی، سەرنجی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، چیتر ناتوانرێت ئەم دێوە دەرپەڕیوە بۆناو فانۆسەکەی بگەڕێنرێتەوە. ئەمێستاکە، نەزمی دێرینی ئاواکراو لەسەر پایەی کۆتوبەند و ملکەچیی سرووشتی، لانیکەم لەئاستی تیۆری‌دا لەناوچووبوو، چونکە شانبەشانی گۆڕانی (Geist)، ئا ئەم ئایدیای کۆتوبەندە سرووشتییەش، خۆبەخۆ لەهەناوی ویدا بە یەکجاری لەمانا بەتاڵ ببوویەوە.

هاوتەراز لەگەڵ ئەم گۆڕانەدا، هەموو پرس و کایەکانی تر، لەژیانی خێزانییەوە بیگرە تا بە چوارچێوە گشتییەکانی دەوڵەت دەگات، دەبوو گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.(ئەم بابەتە بەدڵنیاییەوە، پێویستیی بەوەیە شێوازە سونەتییەکانی ژیان زیاتر و زیاتر ببردرێنە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت لەئاستی چاوەڕوانیی هیگڵیش زیاتر). لەهەمان کاتدا، نەدەتوانرا هیچ نمونەیەکی واقیعی و ڕاستەوخۆی ئەم گۆڕانە مێژووییە، لە سیاقی ڕێوڕەسم و ئەزموونی ئەورووپای سەدەی نۆزدەیەمدا ببینرێت. ئایدیای "هەموان ئازادن"، بە مانای ئەوە نەدەهات، کە گوایە لەچاوتروکانێکدا، ستەم و زۆرداری لەناوچووبن، بەڵکو ئەم ئایدیایە هێمابوو بۆ ئەوەی، وێنەیەکی نوێ لەمەڕ پرسی بکەرێتیی مرۆ، بۆ یەکەمینجار لەسەر سەکۆی شانۆی جیهاندا دەردەکەوێت. لەمەش گرنگتر، ئەم ئایدیایە، هێمایە بۆ گۆڕانی تێڕوانینی ئێمە لەمەڕ پرسی دادپەروەری. چیتر دادپەروەری ڕەگەزێکی میتافیزیکیی ناو نەزمێکی جیهانی ئەبەدی نەبوو، بەڵکو بۆ بەهایەکی بنەڕەتیی ناو پانتایی ئازادی و هاوڵاتیی هاوتەراز گۆڕدرا.

بە کردنەوەی گرێی شانۆی شۆڕش، جییهانی مۆدێرن سیمایەکی نوێی بەخۆوەگرت و بۆ جۆرە "شێوازێکی ژیان" گۆڕدرا. ئەم شێوازە نوێیەی ژیان توانیی پرسی مافی گشتی، لە قاڵبە پەتییەکەی بهێنێتەدەرەوە و دووچاری بارگۆڕانی بکاتەوە. ئەم پرسە لەسەدەی حەڤدە و لەسەردەستی فەیلەسوفی ئینگلیزی، جۆن لۆک سەرپێخرا. هەروەتر، شێوازی نوێی ژیان توانی (مافی ژیان، ئازادی و خاوەندارییەتی)ی، لەمەش گرنگتر، ژیانی ئەخلاقیشی(بەوەدا کە دەبوو ژیانکردن لەسەر بنەمای ڕستێک ئارگۆمێنت ڕێکبخرێت، کە لەلای هەموان، نەوەک تەنها گرووپ و دەستەیەک، جێگای پەسەندکردن بێت) بۆ بەشێکی بنەڕەتی لە ڕەفتار و خووی دەروونیی ئێمە، لەسەردەمی مۆدێرندا، گۆڕی. کۆی ئەم ئەدگار و تایبەتمەندییانە، بەوەی لەچوارچێوەی نەریت و دەزگاکاندا جێکەوتکران، زیاتر ڕەنگ‌وڕووی واقیعیان بەخۆیانەوە بینی. نمونەی ئەم واقیعە، دەشێت لەوەدا ببینرێت، کە چۆن پەیوەندیی هاوڕێیەتی و خۆشەویستی برەوێکی نائاسایی پەیداکرد و چۆن خێزانەکان خوازیاربوون بەجۆرێک منداڵەکانیان بەباربهێنن، کە لەسەر پێی خۆیان بوەستن و تاکێکی سەربەخۆیان لێدەربچێت و ببن بە هاوڵاتییەکی باش. ئەم گۆڕانکارییە، سەروەریی یاسای وەک مەرجێکی پێشوەخت، سەپاند و خەڵکانی لە ڕەعیەتی ژێر ساباتی تاکڕەویی پادشاوە، بۆ هاوڵاتیانی دەوڵەتی یاسا، گۆڕی. هاوکات، ئەم گۆڕانکارییە، جۆرە فەزایەکی ئەمنیی لە ژیاندا فەراهەمکرد، کە هیگڵ ناوی "کۆمەڵگای مەدەنی"ی بەسەردا دابڕی و لەم نێوەندەدا، ئەم گۆڕانکارییە، هێزە بەرهەمهێنەرە تازە دەرکەوتووەکانی بازاڕی، لەگەڵ ڕستێک لە دەزگاکانی ناو هەناوی ئەم فەزایە، لێکگرێدا. ئەم لێکگرێدانە، دەبوو هێزە وێرانکارەکانی سیستەمی سەرمایەداری ڕێککاتەوە و کۆنترۆڵیانبکات.    

هیگڵ، لە دەیەی کۆتایی تەمەنیدا، لەهەموو شت زیاتر نیگەرانی دیدگاکانی خۆی لەمەڕ پرسی کردنەوەی گرێی سەرئەنجامی مێژوو، بوو. هەرچەند بە فێرخوازەکانی خۆی وتبوو، کە لەئێستادا شەڕفرۆشتن بەیەکتر، بۆ وڵاتانی ئەورووپایی، کردەیەکی تەواو ناعەقڵانییە(دیدگای ئەو لەم‌بارەیەوە درووستبوو، لێ دەربارەی گریمانەی ڕوودانی جەنگ لەئایندەدا، بەهەڵەداچوو). لەگەڵ ئەوەشدا، لەئاست ئەو پرسەی، کە داخۆ هەر بەڕاستییەوە دەشێت بازاڕی سەرمایەداری بە کۆمەکی دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕیفۆرم بکرێت، تادەهات نیگەران و ڕەشبینتر دەبوو(هەڵبەت هیچکات گریمانەی ڕیفۆرمێکی وەهای نەخستەلاوە). هاوکات لەو بابەتەش نیگەران بوو، کە مەبادا ئەو تاکگەراییە پەڕگیرەی بازاڕی سەرمایەداری دەیسەپێنێت، سەرلەبەری ئەم بەرنامەی چاکسازییە هەڵوەشێنێتەوە. ڕاستی ئەوەیە، هەروەک لەساڵی ١٨٣١، لە وانەی فەلسەفەی مێژوودا، ڕووەو فێرخوازەکانی وتی، ئەم لێکدژییەی نێوان تاکگەراییە پەڕگیرەکەی دونیای مۆدێرن و پێویستییەکانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەبار و سەقامگیر، جۆرە بەرخوورد و بە وتەی خۆی، جۆرە گرێیەکی درووستکرد، کە بە باوەڕی هیگڵ، ئەم گرێیە هەلومەرجی مێژووی پاش ساڵی ١٨٣٠، دەنوێنێتەوە. کاتێک بازاڕی پێشبڕکێ و ململانێ، کۆمەڵگایەکی پڕ لە پێشبڕکێ و ململانێی لێدەکەوێتەوە، نەوەک کۆمەڵگای هەماهەنگ و هاوسۆز، ئەوی‌دەم زۆرینەی خەڵکی بەسەر گرووپ و لایەن و جەمسەری جیاوازدا دابەشدەبن، ئەم بابەتەش تەگەرە و کۆسپ لەبەردەم هەر جۆرە حکومەتێکدا درووستدەکات، چونکە هەردەم وا دەردەکەوێت حکومەت بە تەنها لە یەک لایەن پێکهاتبێت و بەسەر لایەن و جەمسەرەکانی تردا فەرمانڕەوایی دەکات. هیگڵ بە فێرخوازەکانی خۆی وت، دەبێت ئایندە ڕێگاچارەیەک بۆ کردنەوەی ئەم گرێیە بدۆزێتەوە. پاش چەند مانگێک لە وتنی ئەم قسەیە، هیگڵ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین.

لەهەناوی داروپەردووی شێوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕابردوودا، دواجار ئێمە سەرنجمان بەلای تێڕوانینێکی فەلسەفیی تاڕادەیەک کامڵ، لەمەڕ بریکارێتیی مرۆڤ، وەرچەرخا. بکەرێتیی مرۆڤ خاوەنی خودئاگاییە. ئەم خودئاگاییەی بەشێوازێکی میتافیزیکییانە، کۆمەڵایەتییە. ئەم بکەرە مرۆییانە بەکۆمەکی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژیان، ئەم بریکارێتییە ئەپستراکتە، لەبەرگی واقیعییەتی بەرهەستدا دەنوێننەوە. ئەم شێوازە جۆراوجۆرانەی ژیانیش، بەشێوازی پلەپلە، خۆیان لەناو پرۆسەی مێژوودا سەرفدەکەن. بە مانایەکی میتافۆرییانە، Geist یان "ئێمە"، کاتێک بەناچاری خۆی دەرککرد و لەمیانی سەلماندنی ئازادی و یەکسانی بۆ هەموان، بەفۆرمی باڵای خۆی گەیشت، ئەو ئەنجامەی لای سەرەوە بەدەستهات، کەواتە چیتر  Geist بەشێوەیەکی عەقڵانی ناتوانێت بەڕێگای هاتوودا بگەڕێتەوە. بەوەدا کە هەموو پردەکانی پشتەسەری "ئێمە" ڕووخاون و هەموو شتەکان لەڕابردوودا هەڵوەشاونەتەوە، ئەمێستاکە "ئێمە" ناچارین هزری خۆمان لەسەر ئەو بابەتە چڕکەینەوە، کە داخۆ تا چەندێک توانیومانە ئەو ئایدیایە (بەرەو باشتر و بەرەو باڵایی ڕۆیشتن) لەواقیعدا پراکتیزبکەین. بەوەدا کە "ئێمە" بایەخ و ڕێزێکی نوێ بۆ حەقیقەتی دادگەرانە لەبەرچاودەگرین، بۆیە داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی و سێکسگەرایی و بێباکییمان دەرحەق بە زەمینەی سرووشتیی خۆمان، بە دژ و پێچەوانەی هەموو خەون و گومانەکانمان دەبینین.

ئەوەی "ئێمە" هەنووکە بەشێوازێکی فەلسەفی و کردەیی فێریبووین، ئەمەیە: لە شێوەی بکەرێتییە گریمانەییەکانی ناو دەوڵەتە شارە دیموکراسییەکانی یۆنانی کۆنەوە بیگرە، تا بە زاتە لەخۆنامۆکانی سەرەتای چاخی مۆدێرن لە ئەورووپا دەگات و لێرەشەوە تا بە ئەم دیدگا پاش‌شۆڕشگێڕییەی"هەموان ئازادن" دەگات، سەراپای مێژووی جیهان هیچ نییە، جگە لەوە نەبێت کە تێیدا "ئێمە" بەدەستی خۆمان ئایدیای ئازادی و بەرابەرییمان بەسەر خۆماندا سەپاند و لەئێستادا ئەم ئایدیایە دەخوازێت لە سەرزەمینی واقیعدا جێبەجێ‌ببێت. کەواتە سەرئەنجامی کاری "ئێمە"، سەر لەکوێوە دەردەکات؟ بە گوێرەی ڕێنمایی هیگڵ، فەلسەفە وەڵامێک بۆ ئەم پرسە ناخاتەڕوو. مینێرڤا(Minerva)ی کوندەپەپوو (خوداوەندی ژیرى‌وحیکمەت[3])، تەنها لەپاش ئاوابوونی خۆر، دەفڕێت. ئازادی و بەرابەری، جێگای مشتومڕ نین، ئەمێستاکە هەموان خوازیاری بەدیهاتنیانن، لێ گرێیەک کەوتۆتە ناو پرۆسەی پراکتیزەبوونیانەوە و بە نەکراوی دەمێنێتەوە.   

 

 

 

 

 


[1] self-conscious life

[2] H M Chalybaus

[3] the goddess of wisdom

 

 

 

 

سەرچاوەکان:


www.thesis11.com

//aeon.co/essays/what-is-history-nobody-gave-a-deeper-answer-than-hegel