A+    A-
(2,112) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

 

 

 

 

ئەپستمۆلۆژیا Epistemology

 

 

شکار وەفا

 

 

ئەپستمۆلۆژیا لقێکی فەلسەفەیە، بنەڕەتی وشەکە لە دوو وشەی تری یۆنانییەوە سەرچاوەیگرتووە، ئیپیستیم (Episteme) بە واتای "مەعریفە" یان "زانست" دێت، هەروەها لۆگیا (Logia) کە بەواتای "زانست" یان "ڕێبازی فێربوون" دێت، بۆیە لە چوارچێوە فەلسەفییەکەدا ئەپستمۆلۆژیا بەواتای "زانستی مەعریفە" و تێگەیشتن لە مەعریفە دێت. هەروەها سەروکاری لەگەڵ بەرهەمهێنانی مەعریفەدایە. ئەپستمۆلۆژیا لە ڕەهەندێکی تردا ئەو زانستەیە کە لە سەرچاوە و کێشە و مەرجەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە و بەکارهێنانی مەعریفە دەکۆڵێتەوە. تیۆرەکانی ئەپستمۆلۆژیا دەربارەی مەسەلەکانی هەستکردن، هۆشیاری، یادهاتنەوە، ڕاستی و گومان دەدوێن. هەروەها گرنگییەکی گەورە بە ئامرازەکانی بەرهەمێنانی مەعریفە دەدات کە بریتیین لە هەستەکانی مرۆڤ و عەقڵ. هەروەها ئەپستمۆلۆژیا یەکێکە لە ئاڵۆزترین ئەو زاراوانەی کە بەشێوەی جیاجیا و بەمانای هەمەجۆر لە فەلسەفە و زانستەکاندا لەلای بیرمەندانی ئەو بوارە بەکارهاتووە، وشەکە لە زمانی فەڕەنسییدا لە سەرەتای سەدەی بیستەم و بەدیاریکراوی لە ساڵانی ۱۹۰۷ و ۱۹۰۸ لەسەر دەستی زانای فەڕەنسی "ئیمیڵ مێریسن" بەکارهات، بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا پێشتر بەکارهێنراوە، لەوکاتەی کە فەیلەسوفی سکۆتلەندی (جەیمس فرێدریک) فەلسەفەی دابەشکرد بەسەر ئۆنتۆلۆژیا و ئەپستمۆلۆژیادا. ئەم زانستە تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، مەعریفە چییە؟ مەعریفە بە چی واتایەک دێت؟ سرووشتی مەعریفە چییە؟ چۆن کەسێک دەستی بگات بە مەعریفە؟ بەربەستەکانی گەیشتن بە مەعریفە چین؟ بنەڕەتەکانی مەعریفەیەکی ڕاستەقینە چین؟ دەتوانین چی بزانین؟ هەروەها جیاوازی چییە لەنێوان مەعریفە و بۆچوون یان بڕوایەکدا؟

سێ ڕێگای باو هەیە بۆ ئەوەی مەعریفەی پێ بناسینەوە و جێگەی بڕوابێت لەلامان، دەبێت حاشاهەڵنەگر بێت، ڕاستی بێت، هەروەها بڕواپێکەر بێت.

ڕاستی: هیچ گوتەیەک بە مەعریفە دانانرێت تاوەکو ڕاست و درووستییەکەی پشتڕاستنەکرێتەوە.

بڕوا: هیچ کەسێک ناتوانێت درک بە ڕاستێتیی مەعریفەیەک بکات تاوەکو بڕوای پێی نەبێت.

حاشاهەڵنەگربێت: دەبێت بەڵگەی پێویستی هەبێت بۆ سەلماندنی. دەبێت بپرسین ئایا مەعریفە چییە و لە چییەتییەکەی بکۆڵینەوە. مەعریفە واتە سەلماندنی بڕوایەکی درووست، کاتێک شتێک پێی دەگوترێت مەعریفە کە سەلمێنراو بێت و بڕوایەکی تەواو درووستبکات، هەروەها مەعریفە بریتییە لە ئاگایی و تێگەیشتن لە ڕووێکی واقیع، ڕوونە ئەم مەعریفەیەش لەڕێگەی کردار و بەجهێنانە عەقڵییەکانی پەیوەست بە واقیعەوە دێتەدی. وەک گوتمان ئەمە واتە، دەبێت ئەو کەسە توانای ئەوەی هەبێت و بیسەلمێنێت، بۆیە دەبێت ئەوەی کە پێی دەگوترێت مەعریفە ڕاست و درووست بێت، خودی کەسەکە بڕوای پێی هەبێت.

با بە نمونەیەک ڕوونیکەینەوە، وا دادەنێین کەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت "دەزانم ئەم کەسە ڕۆیشتووەتە سەر مانگ"، بۆ سەلماندنی ئەمە، دەبێت بایی ئەوەنە بەڵگە هەبێت کە قسەکەی پشتڕاستبکرێتەوە، ڕاستی بێت و ڕوویدابێت، لەکۆتاییدا دەبێت خودی کەسەکە بڕوای بەوە هەبێت کە گوتوویەتی. لێرەدا دەپرسین، چۆن "بڕوایەک" دەسەلمێنیت؟ ئەمەیان لەڕێگەی بەکارهێنانی بەڵگەوە دەبێت، هەروەها ئەو بەڵگەیە دەبێت لۆجیکی و عەقڵانی بێت.

لە مێژوودا دوو قوتابخانەی فەلسەفیی گرنگ و گەشەکردووی جیاوازی ئەپستمۆلۆژیا هەیە، ئیمپیریسیزم (Empiricism) و عەقڵگەرایی (Rationalism). بە بڕوای کەسانى ئەزموونگەری وەک (دەیڤد هیوم) و (جۆن ڵۆک)، ئێمە دەتوانین مەعریفەی ڕاستەقینە بنچینەییانە و لە بنەڕەتەوە لەڕێگەی هەستەکانمانەوە بەدەستبخەین، هەروەها دەتوانین سودیش لەو جیهانەی کە لە دەوروپشتمان هەیە ببینین و مەعریفەی لێ هەڵبچنین. بەلای ئەوانەوە گرنگە کاتێک مەعریفەیەک دەسەلمێنرێت یان بەڵگەی بۆ دەهێنرێتەوە سەرچاوەکەی لە ئەزموون و سەرنجدانەوە بێت. هەروەها ئایدیا و کەڵکوەرگرتن لە نەریتی باو لەلای ئەوان سەرچاوەیەکی سەرەکی و پشتپێستراوی مەعریفە نییە، بەڵام بە تەواوی وەلا نەنراون و زیاتر ئەزموون دەکەنە خاڵی بنەڕەت. بەڵام "عەقڵگەراکان"ی وەک (ڕێنێ دیکارت) بڕوایان وایە سەرچاوەی سەرەکیی مەعریفە لە عەقڵەوەیە، لەبری ئەوەی ئەزموون و سەرنجدان بکەنە بنەڕەتی مەعریفە و پشتڕاستکردنەوەی، کە لەمەدا پێچەوانەی "ئەزموونگەرا یان کەسانى سەر بە ئیمپریسیزم"ن. هەربۆیە، عەقڵی مرۆڤ سەرچاوەی سەرەکیی مەعریفەیە نەک ئەوەی لە دەوروبەرمان دەیبینین و بەرچاون. هەروەها هەر ئەنجامێک کە لێکۆڵینەوە و گەڕان بکەوێتەوە و عەقڵ پشتڕاستی بکاتەوە ئەوا وەردەگیرێت و پشتپێبەستراوە. کێشەیەک کە زۆرجار بەرۆکی ئەپستمۆلۆژیاکارەکانى گرتووە هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی وەڵامێک بۆ پرسیارى "چۆن بزانین و دڵنیابین لەوەی کە کەسێک شتێک دەزانێت؟" بۆ ماوەیەکی درێژ فەیلەسووفان وەڵامی ئەم پرسیارەیان بەوە دەدایەوە کە: بۆ زانین و پەیبردن بە شتێک، دەبێت بڕوات بەو شتە هەبێت، ڕاستێتی و حاشاهەڵنەگرێتی مەرجی سەرەکی بێت.

 

 

تیۆری فۆڕمەکانی ئەفلاتوون  Plato's Theory of Forms

 

 

تیۆری فۆڕمەکان یان تیۆری ئایدیاکان، بریتییە لە تیۆرێکی فەلسەفی، هەروەها چەمێکە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕوانین و تێگەیشتنێکە بۆ جیهان، دانەرەکەی (ئەفلاتوون)ە، بە ڕێگەیەک دانراوە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتی مەعریفەی مرۆڤ بۆ شتەکان. (ئەفلاتوون) تێگەیشتبوو کە حەقیقەت بۆ ئەوەی حەقیقەت بێت، دەبێت شتێک بێت نەگۆڕ بێت. ئەم تیۆرە یەکێکە لە گرنگترینەکانی فەلسەفەکەی (ئەفلاتوون)، تیۆرەکە دەڵێت ئەو ئایدیایانەی کە فیزیکی نین، فۆڕمەکان (یان ئایدیاکان) حەقیقەتمان بە وردییەکی زۆرەوە نیشاندەدەن. ئەمە بۆ زۆرێک لە فەیلەسوفە مۆدێرنەکان سەخت بووە کە بیر لەم "فۆڕمانە" بکەیتەوە لەکاتێکدا ناپەیوەستە بە جیهانی ماددەوە و حەقیقەتیشمان نیشاندەدات، هەروەها نمونەیەکی پڕ و پێرفێکتیش نییە بۆ هیچ فۆڕمێک کە لە جیهانی مادییدا بوونی هەبێت. بەپێی تێگەیشتنی (ئەفلاتوون) فۆڕمەکان تەنها ئایدیای شتەکانن کە هەن. تاکەکانمان بەو شێوەیە نیشاندەدەن کە دەبێت هەبن و هەروەها بەو شێوەیە بن، بەو ئامانجەی کە ببێتە ئەو شتە تایبەتەی وا بەرچاوە و دەبینرێت. بۆنمونە، فۆرمی مرۆڤ ئەو کوالێتییانەمان نیشاندەدات بۆ ئەوەی مرۆڤێکی پێ بناسینەوە یان بۆ ئەوەی ببێتە مرۆڤ، کە ئەمەش نیشاندانی مرۆڤێتیی مرۆڤە. بەڵام هیچ مرۆڤێک نمونەیەکی پێرفێکی فۆڕمی مرۆڤ نییە. چوونیەکن، بەڵام هەموو مرۆڤێک جیاوازە لە مرۆڤێکی تر، هیچ کەسێکیش مرۆڤێکی پێرفێکت نییە. بەپێی (ئەفلاتوون) هەموو شتێک لەنێو جیهاندا فۆڕمێکی تایبەت بە خۆی هەیە، سەگ، پشیلە، مرۆڤ، زەریاکان، ڕەنگەکان، جوانی، ئەوین، هەموو ئەمانە فۆڕمێکیان هەیە. فۆڕم دەپرسێت "ئەوە چییە؟" بەڵام ئەفلاتوون دێت و هەنگاوێک دەچێتە پێشەوە و دەپرسێت "باشە فۆڕم خۆی چییە؟"، (ئەفلاتوون) پێی وابووە کە بە شێوەیەکی بنچینەیی هەموو شتێک نمایشێکی فۆڕمە، هەروەها دەرکەوتەی شتەکان بایی هێندە نین و سادەترن لەوەی کە فۆڕمەکەمان نیشان بدەن بەڵکو سێبەرەکەی دەبینین. ئەمەش واتە شتەکان (Objects)ی نێو واقیع تەنها وێنەیەکی فۆڕمەکانن لە دۆخی گۆڕاو و جیاوازدا.

کێشەیەک هەبوو بەناوی (کێشەی گەردوونەکان)، کە تێیدا پرسیارێک بەرباس خرابوو کە دەیگوت "چۆن یەک فۆڕم بە گشتی دەتوانێت ببێتە ئەو هەموو شتە؟"

ئەم کێشەیەش بەوە چارەسەرکرا کە دەڵێت، فۆڕم شتێکی تاکی ڕوونە و دەبێتەهۆی نیشاندانی چەند شتێکی جیاواز و هەمەجۆر لەنێو شتە جیاواز و فرەکاندا و لە یەک کاتدا. بەپێی تیۆری فۆڕمەکانی (ئەفلاتوون)، مادە بە شتێکی سەربەخۆ دانراوە. بۆ (ئەفلاتوون) حەقیقەتی فۆڕمەکان زیاتر و گەورەترە لە هەر شتێک (Objects) کە لەگەڵی یەکانگیردەبێت و نیشانیدەدات. هەرچەندە فۆڕمەکان لەنێو کاتدا نین و نەگۆڕن، بەڵام لایەنی فیزیکی فۆڕمەکان لە دۆخی "گۆڕانێکی جێگیردان". لەو شوێنەی کە فۆڕمەکان پێرفێکتییەکی بێسنووردان، لەو شوێنەدا شتە فیزیکییەکان ساز و گونجاون. بە تێگەیشتنی (ئەفلاتوون) فۆڕمەکان بوونی شتە جیاوازەکانن. فۆڕمەکان ئەو کوالێتییانەن کە هەر شتێک دەبێت هەیبێت تاوەکو بە شت دابنرێت.

 

 

 

 

مێتافیزیک Metaphysics

 

مێتافیزیک لقێکی فەلسەفەیە کە سەرنج و سەرووکاری لەگەڵ بنەڕەتی سرووشتی بوون و جیهاندایە.

مێژووی مێتافیزیک درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییەکان، هاوڕێ لەگەڵ ئیتیک، ئەپستمۆلۆژیا و لۆجیک، مێتافیزیک یەکێکە لە گرنگترین لقەکانی فەلسەفە. لە سەدەی چواری پێش زایین فەیلەسووفی یۆنانی (ئەرستۆ) کتێبێکی نووسی کە خۆی چەند ناوێکی جیاواز و هەمەجۆری لێنابوو، پێی دەگوت "فەلسەفەی یەکەم"، "زانستی یەکەم"، حیکمەت"، "تیۆلۆژیا"، پاش مەرگی (ئەرستۆ)، کاتێک فەیلەسووفەکانی تر ویستوویانە بەرهەمەکانی پۆڵێن بکەن، ڕێک لە دوای کتێبی سرووشتەوە، کتێبی فەلسەفەی یەکەم هاتووە، ماوەیە نەیانزانیوە چی ناوێکی لێ بنێن، گوایە (ئەندرۆنیکۆس) پێشنیاری وشەی "مێتافیزیک"ی کردووە، مێتا Meta لە زمانی یۆنانیدا بەواتای ئەودیو یان لە سەروو دێت، فیزیک Physics بەواتای سرووشت دێت، پێکەوە وشەکە واتای "ئەودیوی سرووشت" دەگەیەنێت و بابەتەکەش خۆی لە دواو لەسەروو سرووشتەوە دێت، کەرەستەشی هەر بابەتی سەروو سرووشتییە.

(ئەرستۆ) پێیوایە کە مێتافیزیک بنەڕەتی فەلسەفەیە، بە "فەلسەفەی یەکەم" ناوی هێناوە، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە مێتافیزیک سەروکاری لەگەڵ "یەکەمین هۆکار و پڕەنسیپی شتەکان"دا هەیە.

دوو پێناسەی "فەلسەفەی یەکەم"ی کردووە: زانستی تێگەیشتنە لە بوون [وەک سرووشتی بوون، بۆ ئەوەی شتێک بوونی هەبێت پێویستە چی تایبەتمەندێتییەکی تێدابێت] پێناسەی دووەمیشی: یەکەمین هۆکاری شتەکانە [هۆکارە بنەڕەتیی و ڕەسەنەکان].

پرسیارە گرنگەکانی تری مێتافیزیک ئەمانەن، "سرووشتی واقیع چییە"، "جیهان چۆن درووستبووە، هەروەها بنەڕەت و سەرچاوەی خەلق چییە؟"، "ئایا جیهان لەدەرەوەی مێشکی مرۆڤدا بوونی هەیە؟"، "گەر شتەکان بوونیان هەیە، ئایا سرووشتی ئەو شتانە چۆنە؟" ئەمانە و کۆمەڵێک پرسی گرنگی تر، کە قورسترینیان ئەوەیە کە "ئایا مێتافیزیک خۆی چییە؟".

ئەوەی کە ئەم بابەت قورستر دەکات ئەوەیە کە مێتافیزیک گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ڕێبازی فێربوون و تێگەیشتن بووە لە "یەکەمین هۆکار" و "شتە هەمیشەیی و نەمرەکان"، کە لەمەدا پێچەوانەی زانستی فیزیایە، چونکە فیزیا زانستی تێگەیشتنە لە هۆکارە سادە ئاساییەکان و لێکۆڵینەوەیە لە شتە سادە و ئاساییەکان. بەڵام لە پاش سەدەکانی ناوەڕاستەوە مێتافیزیک گەشەکەیەکی گەورەتری کرد و فراوانتربوو، هەموو پرسیارەکانی تر گرتە خۆی، وەڵامی ئەو پرسیارانەش بوونە باسی مێتافیزیک و سەرچاوەی زانینەکەشیان هەر مێتافیزیک بوو، هێندە گەشەی کرد کە هەندێک پێیان وابوو مێتافیزیک شان بە شانی زانست دەتوانێت لێکدانەوە بۆ سرووشت و دەرەوەی سرووشت بکەن و وڵامی پرسیارە گرنگەکان بدەنەوە.

(ئەرستۆ) مێتافیزیکی دابەشکردووە بەسەر سێ بەشدا و وەک سێ لقە سەرەکییەکەی مێتافیزیک ماونەتەوە:

1- ئۆنتۆلۆژیا؛ زانستی بوون یان بوونناسى، سەروکاری لەگەڵ بووندا هەیە، تێیدا پێناسە دراوە بە شتەکانی نێو بوون و پۆلێنبەندییان بۆ کراوە.

2- تیۆلۆژیای سرووشت؛ زانستی دیراسەی خودایە، هەروەها تێیدا دیراسەی سرووشتی ئاین و جیهان و وەحدانییەت دەکرێت، وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە خەڵقی تێدا دەدرێتەوە، لەگەڵ بەرباسخستنی کێشەی ئاین هەمەجۆرەکانی تر.

3- زانستی گەردوونی؛ زانست و دیراسەی یەکەم پڕەنسیپەکانی لۆجیک و عەقڵانییەت و تێگەیشتن لێیانە. لە مێژوودا لە چەندین کاتی جیاوازدا مێتافیزیک هێرشی کراوەتەسەر، بەتایبەتی لەلایەن (دەیڤد هیوم) و (ئیمانوێل کانت)، کە زانستێکی زڕ و نەزۆک و بێسوود دانراوە.

 

 

 

سەگباوەڕی Cynicism

 

سەگباوەڕی یان سینیسیزم قوتابخانەیەکی فکری یۆنانییە، بنەچەی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییە کۆنەکان (دروستتر سەردەمی سوقرات)، لەلایەن سەگباوەڕەکانەوە پەیڕەوی کراوە. بۆ سەگباوەڕەکان ئامانجی ژیان ئەوەیە بە ڕێکەوتن لەگەڵ سرووشتدا لەنێو چاکە و لەگەڵ چاکەدا بژیت. وەک مەخلوقێکی بەهۆش، مرۆڤەکان دەتوانن بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی قورس و ژیانکردن بەو شێوەیەی کە سرووشتییە بۆیان و لەگەڵیان دەگونجێت دڵخۆش و کامەران بن، بە ڕەتکردنەوەی هەموو ویست و خواستێک بۆ دەوڵەمەندبوون و هێز و ناوبانگ. لەبری ئەوە دەتوانن ژیانێکی سادە هەڵبژێرن بەبێ هیچ خواستێکی قەبە. دامەزرێنەری سەگباوەڕی وەک بزوتنەوە و ڕێبازێکی فەلسەفی (ئانتیسنس)ە، کە یەکێک بوو لە قوتابی و شوێنکەوتە گرنگەکانی (سوقرات). ئامۆژگارییەکانی شێوازی ژیانکردنێکی هەژارانەی دەگوتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وانەکانی زمان و ئاخاوتن و ئەدەبی دەگوتەوە، هەروەها ئەخلاقیاتی دەگوتەوە کە دواتر سەگباوەڕەکان تەرکیزی زۆریان کردەسەری. (ئانتیسنس) کەسێک بووە شوێنکەوتەی بەناوی (دیۆگینیسی سینۆپی)، لە (ئەسینا) لەنێو بەرمیلێکدا دەژیا و گۆشتی کاڵی دەخوارد، (دیۆگینیس) ڕێبازەکەی بە ئاقارێکی لۆجیکی توند و جددیدا برد. وشەی "سینیسیزم" لە "کینیکۆس"ی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە بە واتای "سەگشێوە" دێت. گێڕانەوەیەکی کۆن هەیە دەربارەی ئەوەیە بۆچی بە شوێنکەوتوانی ئەم ڕێبازە گوتراوە "سەگەکان"، بەپێی گێڕانەوەیەک گوایە (ئانتیسنس) لە (کینۆسارگێس) وانەی دەخوێند، وشەی (کینۆسارگێس) بە واتای "شوێنی سەگە سپییەکان" دێت. هەروەها گێڕانەوەیەکی تریش هەیە کە ئاماژە بەوەدەدات وشەی سەگ بەرامبەر یەکەم شوێنکەوتەی ئەم ڕێبازە بەکارهێنراوە، کە بەبێ شەرمانە و هەژارانە لەسەر شەقامەکان ژیانی دەکرد. هەروەها وشەی سەگ بەرامبەر (دیۆگینیس)یش بەکارهاتووە.

(دیۆگینیس) دەڵێت: سەگەکانی تر گاز لە دووژمنەکانیان دەگرن، بەڵام من گاز لە هاوڕێکانم دەگرم تا بیانپارێزم".

بۆچوونێکی تریش هەیە ئاماژە بەوە دەدات کە لەبەر ئەوە ئەو ناوەیان لێنراوە چونکە شێوازی ژیانکردنیان جیاوازبووە لە خەڵکی و وەک سەگ بوونە، خواردنیان پیس بووە، لەنێو خەڵکیدا و بەبەرچاوی خەڵکییەوە سێکسیان کردووە و بە پێی پەتی گەڕاون و لەنێو بەرمیلدا خەوتوون. پڕەنسیپە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی سەگباوەڕەکان ئەمانەیە:

1: "ئیودایمۆنیا- بەختەوەری و گەشاوەیی مرۆڤ" ئامانجی ژیان دەلالی و ڕوونی دەروونە، کە ئەمەش بە دوورکەوتنە لە گەمژەیی و بڕوای هەڵە و لەخۆبایبوون دێتەدی.

2: هەروەها بەختەوەری بە هاوتابوون و هاوڕێبوون لەگەڵ سرووشت و تێگەیشتن لێی دێتەدی.

3:لووتبەرزی و لەخۆباییبوون کە هۆکارە بۆ بڕیاردان و نرخاندنی هەڵە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی بۆ سەر هەستەکان دروستدەکات و کەسێتییەکی بەد و ناچیز دروستدەکات.

4:گەشاوەیی مرۆڤ پەیوەستە چووستی و چالاکییە خودییەکان، ژیری، خۆشویستنی مرۆڤەکان، بەخشندەیی، کەمتەرخەمی.

5:کەسی سەگباوەڕ دەبێت ڕاهێنان بکات لەسەر ئەوەی نەریت و نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگە ڕەتبکاتەوە و بێ شەرمانە ڕووبەڕووی ئەو یاسایانە ببێتەوە کە جێبەجێ دەکرێن. سەگباوەڕەکان کەم قایلبوون و چاویان لە دەسەڵات و سەرمایە و خۆشگوزەرانی نەبوو، ھەروەھا ھەمیشە وەک سەگ دەیانویست گاز بگرن لە ماسکە درۆزنەکان و دەمووچاوەکان بپچڕێنن، سەگباوەڕەکان ھەمیشە لەناو کۆمەڵگە و دەرەوەی ئەکادیمیای ئەفلاتوون ئامادەگییان ھەبووە، ھەمیشە لە پێناو ڕۆشنکردنەوەی دونیای مرۆڤەکان کاریان کردووە، بەوەی لە نائاگایی ژیان دەکەن، بەنجکراون بە شتی ماتریال و کۆپیکراو، ھیچ کاتێک چاویان لە ستایشکردن نەبووە لەلایەن کۆمەڵگەوە، ئەوان ھەمیشە وەک گەڕیدەیەک بە شوێن ھەقیقەت دا وێڵبوون، ھەمیشە بەشوێن ھەڵگرتنەوەی پارچە شکاوەکانی ھەقیقەت بوون، لە کۆڵان و سەر شۆستەکان و شوێنە گشتییەکان بە شوێن لێکردنەوەی ماسکی درۆزنانە بوون کەوا کۆمەڵگە لە رێگەی نەریتگەری خۆیەوە دەیڕوواند و بەسەر دەمووچاوەکانی دەیبەخشیەوە، ھەمیشە گازی تانەیان لە مرۆڤە سەرلێشێواو و چەقبەستووەکان دەدا، ئەو مرۆڤانەی بە دەرزی نەریت و بەھا سواوەکانی کۆمەڵگە بەنجکرابوون، بەوەی بەھۆش خۆ بێنەوە

(پیتەر سلۆتەردایک) لە کتێبی "ڕەخنەی ئەقڵی سینیزم" هۆشیاری سینیزم وەکو هۆشیارییەکی ڕۆشنگەری ساختە پێناسەدەکات، واتە هۆشیارییەکە ڕۆشنمان دەکاتەوە بەڵام بە درۆ. دەڵێت: سینیزم ئەو جۆرە هۆشیارییە ڕەخنەییەیە کاتیەیە کە تا ئەو جێگایە ڕەخنەدەگرێت کە داواکانی دێننە دی، ئەو سەگەیە تا ئەوکاتە دەوەڕێت کە پارچە ئێسقانەکەی پێ نییە، هەرکات مەرامی هاتەدی ئیتر خامۆش دەبێت.

بۆیە ئەو هۆشیارییەی بتوانێت بەرەنگاری سینیزم ببێتەوە بریتییە لە کینیزم. کینیزم ڕەخنەیەکە کە سەنگەری خۆی ناگوازێتەوە. کینیزم ئازادت دەکات، ڕووناکبیری ئازاد بەرهەمدەهێنێت، بەڵام سینیزم فشار درووستدەکات. کینیزم هەر بە دزێوی دەتهێڵێتەوە، ناڕازییە بەرامبەر بە شتە باوەکان، بەڵام فێری دزێوکاری و بەدکاریت ناکات. کینیزم ڕەخنەدۆستە، بەڵام گازناگرێت، ئارام و هێورە، بەڵام تەوەزەل نییە، چەماوەتەوە بەڵام نەشکاوە. کەسی کینکار تاوانکار نییە. یەکەمین هەنگاوی کینیزم بریتییە لە خودناسین، ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ پەسەنکاری و گەورەیی. کینکار ئەو مرۆڤە نوێیەیە کە سەردەمی نوێ دروستدەکات. خزمایەتییەکی زۆر هەیە لەنێوان سینیزم و کینیزم دا، تا ئەو ئاستەی هەردووکیان وەک یەک ڕەخنە دەگرن، بەڵام دواتر سینکار دەیەوێت زیاتر بڕوات و هەڵپەی شتی ترییەتی، بەڵام کینکار نا. کینیزم تووڕەبوونە لە سینیزم بەوەی سەنگەری خۆی گۆڕیوە، ڕەخنەیە لێی بەوەی کە بەدرۆوە مەشق بە ڕەخنە دەکات. کینیزم فەلسەفەی ژیانە لە کاتی قەیراندا. کینیزم شێوە ژیانێکی وجوودیانەیە. کینیزم ئەوەیە بەرجەستەی باوەڕەکانت بکەیت، زانین و بیرۆکەکانت بە ڕەفتارەکانتەوە دیاربن، بەڵام سینیزم دوورکەتبونی هۆشە. ژیژەک سودى لەم جیاکارییەى سڵۆتەردایک وەرگرتووە بۆ ڕەخنەکردنى دیوە ئایدۆلۆژییەکەى ئەمڕۆى دونیا.

 

 

پۆزەتیڤیزم Positivism

 

پۆزیتیڤیزم ڕەوتێکی فەلسەفی و زانستی و فیکرییە و لە سەدەی نۆزدە لەلایەن فەیلەسووفی فەڕەنسی (ئۆگەست کۆنت) سەریهەڵداوە، کە دامەزرێنەری ئەم زاراوەیە و دواتر بووە فیکری باوی سەدەی نۆزدە و کاریگەری لەسەر هەموو زانستەکانی تر جێهێشت بەتایبەت زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان.

ئەم فەلسەفەیە پێی وایە هەموو شتێکی واقیعی و بینراو و هەستپێکراو ڕەوایی (بوون) پەیدا دەکات. هەر شتێکیش عەقڵ پەی پێ نەبات و چاو نەیبینێت و تێبینی نەکرێت ئەوا بوونی نییە. ئەم وێناکردنە بۆ دونیا و گەردوون پێچەوانەی وێناکردنی میتافیزیکی و تیۆلۆجییە. ئەم فەلسەفەیە وای دەبینێت کە دەبێت عەقڵ و زانست مرۆڤایەتی بەرەو پێشکەوتن ئاڕاستە بکەن، دەبێت زانست جێگەی ئاین بگرێتەوە.

پۆزەتیڤیزم لە یەکێک لە ماناکانیدا واتە "بوونێکی حەقیقی یان فیعلی" ئەم مانایە زۆر نزیکە لەو چەمکەی (ئۆگەست کۆنت) بۆ پۆزیتیڤیزمی دایڕشتووە. ئەم وشەیە لە مانایەکی تردا واتە ئیجابی، لە ئەخلاقناسیشدا وشەی ئیجابی واتە ئەو شتەی کە ناوەڕۆکێکی ڕاستەقینەی هەیە.

(ئۆگەست کۆنت) هەوڵی دا میتۆدی Emprisism/تەجریبی لە مەیدانی زانستی فیزیکەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام دواتر زاراوەی پۆزیتیڤیزم لەلای (کۆنت) بە تەنها تیۆرێک نەبوو بۆ مەعریفە یان تیۆرێک بۆ زانست بەڵکو بریتی بوو لە جوڵەیەکی مێژوویش کە ڕیفۆڕمی کۆمەڵایەتیشی دەگرتەوە. (کۆنت) وای دەبینێت پێشکەوتنی مەعریفی دەبێتە مەرجێک بۆ سەرجەم پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان. ئیتر پۆزیتیڤیزم لە سەدەی نۆزدە بوو بە بزووتنەوەیەکی فیکری ئازاد و ڕادیکاڵ، لەگەڵ ئەوەشی کە بزووتنەوەیەکی زانستیش بوو، مانای سەرەکی پۆزیتیڤیزم بوو بە "ئەنتی دۆگماتیزم".

(ئۆگەست کۆنت) لە کتێبی (چەند لێکچەرێک دەربارەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم) پێی وایە زانست سەلماندوویەتی هەر شتێک بە ڕێگەی زانستی نەسەلمێنرێت دەچێتە خانەی وەهمەوە، وشەی پۆزیتیڤیست واتە بابەتی ڕاستەقینە کە پێچەوانە و دژی وشەی وەهمییە، لێرەدا ئەم فەلسەفەیە باوەڕێکی گەورەی بە زانست هەیە و وەک ئاینێکی ڕاستەقینە سەیری دەکات و دەیگەیەنێتە ئاستی پیرۆزی. هەموو شتێکی زانستی ئەگەری هەیە بەدی بێت، بەڵام مێتافیزیک و تیۆلۆژیا بە حکومی سرووشتی ڕەهاگەریان مومکین نییە بەدی بێن.

لە (کارڵ مارکس)ەوە تا فڕانکفۆرتییەکان و تا (یۆرگن هابەرماس) ڕەخنەیەکی توندیان لە پۆزیتیڤزم گرتووە و بە ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەو ناویان بردووە، بەو پێیەی بەشێوەیەکی توندڕەوانە بەرگری لە زانست دەکات. ئەنتی پۆزیتڤیزم Antipositivism، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا، یەکەم شەپۆلی سۆسیۆلۆگەکانی ئەڵمانیا بوون، لەنێویاندا (ماکس وێبەر) و (جۆرج سیمێڵ) کە ڕەوت و ڕێبازی پۆزیتڤیزمیان ڕەتکردەوە. ئەنتپۆزیتڤیستەکانی و تیۆریستە ڕەخنەگرەکان پۆزتیڤیزمیان لکاند بە "ساینتیزم"ەوە، واتە زانست وەک ئایدۆلۆژیا. دواتر و لە ساڵی 1969 فیزیازانی تیۆری ئەڵمانی (وارنەر هایزنبێرگ) براوەی خەڵاتی نۆبڵ و یەکێک لە پێشەنگەکانی فیزیای کوانتەم، دووربوونی خۆی لە ڕەوتی پۆزیتیڤیزم ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: "پۆزیتیڤیستەکان چارەسەرێکی سادەیان هەیە: جیهان دەبێت دابەش ببێت بۆ ئەوانەی کە بە ڕوونی دەڵێن، ئەوانەشی کە باشترە لە بێدەنگیدا بمێننەوە."

 

 

فینۆمینۆلۆژیا Phenomenology

 

فینۆمینۆلۆژیا واتە دیاردەگەری یان دیاردەناسی. ئەم وشەیە یۆنانییە و لە دوو بەش پێکهاتووە، فینۆمینۆن Phainómenon و لۆگۆس Lógos، فینۆمینۆن بە واتای ئەو شتە دێت کە خۆی دەردەخات و بوونی ئاشکرا بووە و ئێمەش دەتوانین لەڕێگەی ئەزموونی هەستەکییەوە بیناسین و پێویستناکات بیری لێ بکەینەوە. فینۆمینۆلۆژیا قوتابخانەیەکی فەلسەفیی نوێیە پشت بە شارەزایی هەست و شعوور دەبەستێت بۆ ناسینی دیاردەکان و شتەکان، فینۆمینۆلۆژیا فەلسەفەی ئەزموونە. بایەخ بە لێکۆڵینەوە لە دیاردەکان دەدات بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و ماهیەتی ئەو دیاردانە. (ئەفلاتوون) ئەم وشەیەی بۆ جیاکردنەوەی دیاردە هەستپێکراوەکانی دونیای ماتریاڵ لە حەقیقەتە ئەقڵییەکان بەکارهێناوە. لە سەدەی نۆزدەدا (کانت)ٚ و (هیگڵ) وشەی "Phenomena"یان بە واتای دیاردەکان بەکارهێناوە، یەکێک لە کتێبە ناودارەکانی (هیگڵ)یش بەناوی "فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح"ە.

بۆ فینۆمینۆلۆژیا سەرچاوەی بنچینەیی هەموو واتا و بەهاکان بریتییە لە ژیان و بوونی مرۆڤ.

فینۆمینۆلۆژیا لە ڕووی فەلسەفییەوە ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی دەرککردندا خۆبەخۆ ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. فەیلەسووفی ئەڵمانی (ئێدمۆند هۆسرڵ) دامەزرێنەری ئەم میتۆدە فەلسەفییەیە و هەروەها دامەزرێنەری فینۆمینۆلۆژیای مۆدێرنەیە. وشەی فینۆمینا لەگەڵ (هۆسرڵ)دا واتایەکی تری وەرگرت، جیاواز لەو واتایەی فەیلەسووفەکانی پێش خۆی بەکاریان هێناوە.

(هۆسرڵ) دەیویست فەلسەفە بکاتە "زانستێکی ورد و ڕێک"، ئەمەش بە "گەڕانەوە بۆ خودی شتەکان". ئەو بەمە مەبەستی لەوە نەبوو کە بیەوێت فەلسەفە ببێتە شتێکی ئەزموونی Empirical، بەڵکو "فاکتەکان" خۆیان دەتوانن شتێتی و ڕەهایی خۆیان بسەپێنن.

بایەخدانی میتۆدی فینۆمینۆلۆژی بە دیاردەکان ‌لەپێناوی ئەوەیە تا ماهیەت و جەوهەری ئەو دیاردانە ئاشکرا بکات و لەڕووی زانستییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەربکات، ئەمە ئەو دیاردانەش دەگرێتەوە کە لە ماهیەتی شعووری ئینساندا هەن.

وەک چۆن فینۆمینۆلۆژیا هەوڵدەدات خاڵی بەیەک گەیشتن لەنێوان ئایدیالیزم و ماتریالیزمدا دروستبکات، بە هەمان شێوە دەیەوێت گونجانێک لەنێوان خود و بابەتدا دروستبکاتو لێرەدا شعور لەیەک کاتدا هەم خودە و هەم بابەت. یەکێک لە بنەماکانی میتۆدی فینۆمینۆلۆژیا بریتییە لەوەی کە وڵامی کۆتایی و حکومدانی کۆتایی بە هەڵواسراوی دەهێڵێتەوە، ئەمەش واتە بارودۆخی دونیا یان بوون لەنێوان دوو کەوانەدا دابنرێت و هیچ حوکمێکی ڕاستەوخۆی بەسەردا نەدەین تا ئەوکاتەی بۆمان دەڕەخسێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە دونیا و بوون بناسین و لێی تێبگەین. واتە ئەم میتۆدە، چ لە مێتافیزیک و چ لە زانستدا باوەڕی بە حەقیقەتی ڕەها نییە.

دواتر فینۆمینۆلۆژیا هەوڵیدا سنووری فەلسەفەکانی پێشووی جێبهێڵێت و فەلسەفەی خودی و بابەتی دابمەزرێنێت، بەڵام دواتر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە بوویەوە، لەوانە: ئەم ئەزموونە زیاتر پشت بە ئەزموونی تاکە کەسی دەبەستێت، واتە بە شێوەیەکی ڕەها متمانە بە خودی تاکە کەس دەبەخشێت لە پێناوی دۆزینەوەی ماهیەتی شتەکان و دیاردەکان.

یەکێک لە ڕەخنەکانی تر ئەوەیە کە فینۆمینۆلۆژیا دیلی تیۆریزەکانی خۆیەتی و هەژارە لەوەی بتوانێت نموونەی واقیعی بهێنێتەوە و پەیڕەوی بکات تاوەکو توێژەران بتوانن لە بیروباوەڕەکانی تێبگەن. زۆربەی ئەو تێزانەی (هۆسرڵ) پێشکەشی کردوون ناتەواو و نیوەناچڵن پێویستیان بە ڕوونکردنەوە هەیە.

 

 

 

نۆستۆلیژیا (nostalgia)

 

 

شوشە عەلى

 

 

نۆستۆلۆژیا یان نۆستالیژیا بەمانای سۆز دێت بۆ ڕابردوو، بەتایبەت بۆ ماوەیەک  لە ژیان یاخود شوێنێک یان کەسێک؛ تیایدا  ھەست بەدڵخۆشی و شادی کراوە. چەمکی نۆستۆلۆژیا  لە وشەی ھۆمیرۆسی یۆنانی ( nóstos) بە مانای ( homecoming) گەڕانەوە بۆ ماڵ و بیرکردنی  یاخود ( longing) بەمانای  پەرۆشی؛ ھەروەھا وشەی ( álgos) کە بەمانای ( pain- ache ) ئازار دێت. واتا ھەستکردن بە ئازار و دڵتەنگی بۆ ڕووداو یان کەسێک لە ڕابردوودا، و ھەستکردن بەخۆشی دەربارەی ئەم ڕووداوانە. نۆستۆلۆژیا لە سەدەی حەڤدەیەمدا خوینکاری پزیشکی جۆھانس ھۆفێر ئاماژەی  پێکرد وەک نەخۆشییەک کە لەسەربازەکاندا دەرکەوتبوو. ئەویش   بەھۆی ئەو پەژارەو پەرێشانییەی  سەربازە سویسرییەکان تووشی ببوون، لەکاتی جەنگداو کاتێک لە ماڵ دوورکەوتبوونەوە. چەبند سەپتۆمێکی نەخۆشییان  لێدەرکەوت، وەک دڵەڕاوکێ و تا و ئازاری بەردەوام و مردن؛ بێ ئەوەی ھۆیەکی فیزیکی لە پشتەوە بێت.  ھەر بۆیە ھۆفێر ھەستا بە داڕشتنی ئەم چەمکە ، کە دەلالەتی لەو ئازارانە دەکرد مرۆڤ  تووشی دەبێت بەھۆی حەزکردن و پەرۆشی بۆ شتێک و دووری لێیەوە. سەرەتا پێان وابوو ئەم نەخۆشییە  بەشێکە لە ماخولیا. لەسەردەمی ڕۆمانتیکدا ئەم چەمکە لە لوتکەی گرنگی پێداندا بوو.  پێناسەی ئەم چەمکە بەپێی سەردەمەکان گۆراوە، لەسەرەدەمی مۆدێرندا نۆستۆلۆژیا سەربەخۆ بووەو مانای ھەستی پۆزەتیڤ و ئەزموونەکانی خەڵکی دەگەیاند.  ئاماژەیان کردووە بەوەی  سوودی  بە ڕەفتاری مرۆڤ و بەپرسیارانە مامەڵە کردنیان داوەو  ، یارمەتی مرۆڤ دەدات لەو بابەتانەی پەیوەندیدار بوون بە فێربوون و بیرھێنانەوە؛ و وا لە کەسەکان دەکات ھەستێکی باشتریان لە بارەی خۆیان ھەبێت.  بالدوین ولاندو لە 2014 دا، ئەوەیان دۆزییەوە کە نۆستۆلۆژیا ڕابەرایەتی خەڵک دەکات،  و تێکڕای بەرزتر بەخۆیان بدەن.  بۆ نمونە   " من لەو جۆرە  مرۆڤانەم  کە قایل دەبم و دەگونجێم لەگەڵ ھەر بارودۆخ( ڕووداو) و شوێنێک".

نۆستۆلیژیا  بەستراوە بە پێنج ھەستەوەرەکان،  لە بینین و بۆنکردن و بیستن و ھەستپێکردن و تامکردن. و ئەم ھەست و حاڵەتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و بە پێی بارودۆخەکانیش جیاوازە. کاتێک ھۆفر ئەم نەخۆشییەی دۆزییەوە لە سەربازە سویسرییەکاندا، ھەنێکیان بۆ  گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان و گوێگرتن لە موزیک  و دوور لە جەنگ. دواتر لە خەڵکی ئاسایی ئەم دیاردە دەرکەوت، ھەنێک کەس بۆ ڕۆژانی منداڵی یاخود بۆ کتێبێک و شوێنێک و ڕووداوێکی گرنگی ژیان دەگەڕایەوە.

بەکارھێنانی وشەی نۆستۆلۆژیا لە زمانی کوردیدا،   تاکو ئەم ساڵانەی دوایی بەکارھێنانێکی  بەرچاوی نەبووە لە نووسینەکاندا. دواتریش ئەم چەمکە، زیاتر لای ئەو کەسانەی لە تاراوگەو دوور لە نیشتمانن بەکاردەھات. بۆ ئەو ڕابردووەی لە وڵاتی نوێ نەیان بوو، لەگەڵ بیرکردنی  نیشتمان و خەڵک و دیمەنەکانی. 

 

 

ئایدیا (idea)

 

لە زمانى کوردییدا بیرۆکە و هزرۆکەشى پێ دەوترێت.  ئایدیا لە وشەی ( eidie)ی یۆنانی وەرگیراوە،  لە ڕەگی(idein ) ەوە ھاتووە بە  واتای بینین؛ کە بۆ پیشاندان و خستنەڕووی وێنەیەکی(imagine ) ھۆشەکییە بۆ ئۆبێکتێک یاخود شتێک.  ئایدیا چەمێکێکی ئەبستراکتە و وێنەیەکی جیگیرو نەگۆڕ نانوێنێت،   بەڵکو بەردەوام بە پێی ھزری مرۆڤ دەگۆڕێت. بۆ نمونە کاتێک  ئێمە بەر ئایدیای کوانتام،  دەکەوین جیاوازە لە ھەمان ئەو ئایدیایە کوانتامیەی  بیست ساڵ پێش ئێستا بەری کەوتووین؛  لەبەرئەوەی بەبەردەوامی ماناکەی گەشەدەکات و فراوانتر دەبێت.  فەیلەسوفەکان پێیان وایە ئایدیا بنچینەی ئۆنتۆلۆجی و کاتیگۆری بوونە.  کە بریتییە لە توانای دروستکردن و تێگەیشتنی واتای  ئایدیا بەڕەچاوکردنی ناوەڕۆک و شیکردنەوەی داھاتووی بوونی مرۆڤ.  بە پێی ئاوازو ئەقڵی مرۆڤ  لەو تەنگەژانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

  یەکەم کەس  ئاماژەی بەم چەمکە و وردەکارییەکانی کرد، ئەفلاتوون بوو لە یۆنانی کۆندا.  لە دیالۆگەکانیدا گفتوگۆی لەبارەوە کردووە ھەم لەکۆڕەکانی و لە کتێبی کۆماردا؛ باسی  فۆرمەکانی ئەم  چەمکە و شێوازەکانی بیرکردنەوەی کردووە.  ئەفلاتوون لە بارەی ئەم چەمکەوە وتویەتی " ئێمە دەڵێین وێنەکان( شكڵەکان) بینراون ، بەڵام تێگەیشتنمان بۆیان نییە، لە کاتێکدا ئایدیا تێگەیشتنمان بۆی ھەیە  و بەڵام نابینرێت".

دواتر دیکارت و جۆن لۆک وکانت و چەند فەیلەسوفێک گرنگییان بەم چەمکەدا و ئاماژەیان پێکرد. 

جۆن لۆک بە فۆرمێکی جیاواز لە ئەفلاتوون ئەم چەمکەی بەکارھێنا،   پێی وابوو ئایدیا پێشەکییەکیە بۆ ئاسان تێگەیشتن دەربارەی مرۆڤ.  پێناسەی کردووە بەوەی " ئەم چەمکە باشترین خزمەت(یارمەتی)  بە بیری  مرۆڤ دەکات بۆ تێگەیشتنی لە ئۆبێکت، و بۆ خێرا ماناپێدانی لەلایەن فانتازیاو فیکرە جۆراوجۆرەکان؛ یاخود ھەر شێوازێک  کە مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا بەکاریدەھێنێت، بە جۆرێک ناتوانین ڕێگەبگرین لە دووبارە بەکارھێنانەوەی بەبەردەوامی".  جۆن لۆک خوێندنەوەی بۆ مرۆڤ کردووە لە کارەکانیدا، پرسیارێکی  بنەڕەتیی دەربارەی ئایدیا و زانین ھەبوو. ئەوەش بریتی بوو لەوەی کاتێک ئێمە لەبارەی شتێک گفتوگۆ دەکەین دڵنیا نین لە زانینەکانمان!  ئەو یاساو پێوەرە ستاندارانە چین کە دەبێت پەیڕەویان بکەین، بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی بۆچوونەکانمان؟!

جۆن لۆک خوێندنەوەی بۆ ئایدیا کردووە و دابەشیکردووە بۆ دوو جۆر، ئایدیای سادە و ئاوێتە(یان لێکدراو)، ئایدیای سادە کۆمەڵێک زانیاری و زانین بنیاتدەنێت و ئایدیای ئاوێتە پێکدەھێنێت. بە شێوەیەکی گشتی ئەم چەمکە یاریدەمان دەدات بۆ تێگەیشتن و وردبوونەوە لە زانیارییە ھۆشەکییەکان وئەو زانست و زانیارییانەی پێویستی بە درکپێکردن و وێناکردنە بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەیان.

 

 

 

سیاسەت ( politics)

 

( spolitic) لە ئینگلیزییدا لە وشەی یۆنانی ( politiká) وەرگیراوە، بە واتای " کاروباری شارەکان" دێت. سەرەتا ئەم ناوە ئەرستۆ لە کارەکانیدا بەکاریھێناوە، و پاشان لە ناوەڕاستی سەدەی پازدەھەمدا ئەرستۆ ئەم وشەی پوختەکرد و کردی بە ( polettiques ) دواتر ئەم وشە لە ئینگلیزی نوێدا گۆڕانکاری بەسەردا ھات و بووبە (politics). (Politicus) لە وشەی (politikos) وەرگیراوە  کە لە ( polities ,citizen) یان ( polis,  city ) ھاتووە، بەمانای دەوڵەت شار  دێت کە لە یۆنانی کۆندا ھەبووە. لە عەرەبیدا   زاراوەی( السیاسة) ھاتووە بە  مانای چاوەدێری کردنی ئەوەی ڕوودەدات .  لە ڕووی زاراوەیەوە لە فعلی ( ساس و یسوس) ەوە  لەسەر وەزنی ( الفعالة) ھاتووە.  لە ڕووی ماناوە بە واتای سەرپەرشتی کاروبارەکانی ناوخۆ و  دەرەکی دەوڵەت دێت.  یاخود سیاسەت پێناسە دەکرێت بەوەی بریتییە لە پەیوەندی نێوان ( الحکام والمحکومین) لە دەوڵەتدا.

ئەدریان لێفویچ پرۆفیسۆری بواری سیاسەت  پێناسەی ئەم چەمکەی کردووە بەوەی " سیاسەت ھەموو ئەو چالاکی و ھاریکاری و دانووستان و ملاملانێیانەی ناو کۆمەڵگاکان دەگرێتەوە،  و خەڵک ھەڵدەستێت بە ڕێکخستنی بەکارھێنانی بەرھەمەکان و دابەشکردنیان بەسەر کۆمەڵگەی بەشەریدا. جا لە سەرچاوەی سروشتییەوە بێت یاخود سەرچاوەی تر. بۆ بەرھەمھێنانی کەرەستەی بایۆلۆجی بێت یان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی".

لە کۆندا سیاسەت نەبووە یاخود بەم شێوەی ئێستا نەبووە ، مرۆڤەکان پێشتر بە شێوەی خێزان و پاشان خێڵ و عەشیرەت ژیاون،  لەم سەردەمانەدا زیاتر خەریکی  شەرو تاڵانکردنی قەبیلەکانی تر بوون، نەک گیانی ھاوکاری و ئاشتی. دواتر خەڵک بە شێوەی کۆمەڵی گەورە دەژیاو گەشەکردن و گیانی ھاوکاری دەستی پێکرد. پاشان شارستانییەتی  دەوڵەتە شار و کۆمارەکان دەستی پێکرد،   وەک دەوڵەت شاری یۆنان و کۆماری ڕۆما؛  کە دوو شارستانییەتی دێرینن لە جیھاندا. ژمارەیەک مافیان بۆ دانیشتووان فەراھەم کرد. دەوڵەتێکی دیموکراسیان پێک ھێنا.  سەردەمانی دواتر دەوڵەتی  مۆدێرن دروست بوو؛ کە بریتی بوو لە دەوڵەت نەتەوە لەم سەردەمانەدا زانستی سیاسی دروست بوو دەستی بەگەشەکردن و فراوان بوون کرد و چەندین دەوڵەت نەتەوە دروست بوون بەتایبەت لە  دەوروبەری سەدەی ھەژدەیەمدا.  دواتر قۆناغی بەجیھانی بوونی( globalization) سیاسەت بوو کە لە سەدەی بیستەم دەستی پێکرد، بە تایبەت دوای ھەردوو جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم.  بووە ھۆی دروستبوونی یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانکاری جیھانی و ...ھتد.

 

سیاسەت چەند جۆرێکەو بە پێی وڵاتەکان دەگۆرێت، بە شێوەیەکی گشتی دابەشدەکرێت بەم چوار جۆرە:-

 

ڕامیاریی نەتەوەیی: وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیەت، اکە پشتدەبەستێت بە تەوژمی ئابوری و کاری دیبلۆماسی و ھەواڵگری. ئەو وڵاتانەی لەم ڕێکەوتنە نەتەوەییانە بەشداربن، پێویستە ڕەچاوی دەوڵەتانی تری ئەندام بکەن.

 

ڕامیاریی کۆمەڵ : ئەو جۆرە سیاسەتەیە ھەوڵدەدات ھەر وڵاتێک و دەوڵەتێک کە ئەندامن لە کۆمەڵەیەک ، یارمەتی یەکتری بدەن لە بواری ستراتیژی و کاری سەربازی و ئابووری.

 

ڕامیاریی ئابوری :  کۆمەڵێک ڕێوشوێنە دەوڵەت دەیگرێتە بەر، بۆ کاریگەری خستنەسەر ڕێڕەو و ئاستی ئابوری وڵات. خۆی دەبینێتەوە لە بودجەی دەوڵەت و باج و دەستی کار.

 

ڕامیاریی ئایدۆلۆژی :  کۆمەڵێک ڕێوشوێنە دەوڵەت دەیگرێتە بەر، لە وڵاتێکدا بۆ یەکێتی خەڵک و خزمەتی مرۆڤایەتی،  جا ئایدۆلۆژی ئاینی یان ئەکادیمی یاخود تەکنەلۆژی بێت.

 

 

 

 

زانست (science)

 

بۆتان بەختيار

 

هەر سیستمێکی مەعریفی کنە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دنیای فیزیکی و دیاردەکانیی بکات، پێیدەگوترێت زانست. لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکان پێویستە بێلایەن بن. بەگشتی، پیشەی زانست، پەردەهەڵماڵینە لەسەر ڕاستی و فاکتەکان ی