ڕووى دزێوى مافەکانى مرۆڤ
«توندوتيژى وهك نيشانهى نهخۆشى، (وهك سهمپتۆم)»
سلاڤۆى ژيژهك به فايلى pdf بيخوێنهوه
و. وهليد عومهر
ئەو چاوەڕوانییە نیگەرانكهرەى کە گوايا هیچ شتێک ڕوونادات، کە سەرمایەدارى درێژە بە ڕەوتى ناکۆتاى خۆى دەدات، ئەو داواكارييه نائومێدانهيهى كه بۆ کردنى کارێک و سەرەوژێرکردنى سەرمایەدارى دەخرێتەڕوو، تێکڕا ساختە و درۆیینەن. ویستى گۆڕانى شۆڕشگێڕانە هەروەکو جەبر و ناچارییەک خۆى دەردەخات، وەکو «من جگە لەمە هیچ کارێکى ترم لهدهستنايهت»ێک، یاخود ئەم گۆڕانە شتێكى بێنرخه. بە سهرنجدان لەو جیاکارییەى کە "بێرنارد ویڵیامز" خستويهتيه نێوان هەردوو وشەى «must»[پێويسته] و ««ought[دەبێت]ـهوه[1]، شۆڕشێکى ڕهسهن و ڕاستهقينه، وەک ئەوەى کە باسدەکرێت، وەکو «پێويسته»يهک ئەنجامدەدرێت -شۆڕش شتێک نیە کە ئێمە «دەبێت» وەکو شتێکى ئایدیاڵى خەباتى بۆ بکەین، بەڵکو شتێکە ناتوانین بيكهين و لە هەمان کاتیشدا ناتوانین جگە لەوە هيچى تر بکەین. هەر بەم هۆیەوە ئەمڕۆ خەمى چەپەکان لەسەر ئەو بنەمایەى کە شۆڕش ڕوونادات، کە سەرمایەداریى جیهانى درێژە بە ڕێکردنى ناکۆتاى خۆى دەدات، تا ئەو جێیە ساختە و درۆیینەیە کە شۆڕش دەکەنە جەبرێکى ئەخلاقى، بەو شتەى کە «دەبێت» ئێمە لە ناوەوە ئەنجامى بدەین، ئهويش لەکاتێكدا كه لەگەڵ چهقبهستويى و بێجووڵهيى ئهم چركه سهرمايهدارييهدا دهجەنگین.
بەهەرحاڵ دوا ئهرگۆمێنت دژى دەستێوەردانە سیاسییە (گەورەکان) کە ئامانجەکەى بریتییە لە وهرچهرخانێكى جیهانى، هەمان ئهزموون و دەرکەوتە ترسناکەکانى سەدەى بیستەمه، کارەساتگەلێک کە بووە هۆى چەندین شێوازى بێپێشینەى توندوتیژى. لە تیۆریزەکردنى ئەم کارەساتانەدا، سێ لێکدانەوە و تێگەیشتنى جیاواز هەیە: 1) یەکێک لەم لێکدانەوانە پەیوەستە بە هابەرماسەوە: ڕۆشنگەرى خۆى لە خۆیدا پرۆسەیەکى ئهرێنيى ڕزگارکەرە کە خۆى بەدەرە لە هەر جۆرە ماتهوزهيهكى ملهوڕی و تۆتاليتاريزم، ئەم کارەساتانە دەرخەرى ئەو خاڵەن کە ڕۆشنگەرى وەکو پرۆژەیەکى تهواونهكراو ماوەتەوە، بۆیە ئەرکى ئێمە ئەوەيه ئەم پرۆژەیە تەواوبکەین. 2)تێگەیشتنێکى تر پەیوەستە بە ئهدۆرنۆ و هۆرکهایمەرەوە لە کتێبى دیالەکتیکى ڕۆشنگەریدا، کە ئەمڕۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە لایەن ئاگامبێنەوە دووبارەدەکرێتەوە: وزه ناوەکییە تۆتاليتارييهكانى ڕۆشنگەرى، شتێكى جهههرى و حاشاهەڵنەگرن؛ "جیهانى بەڕێوەبراو"[2] حەقیقەتى ڕۆشنگەرییە، كامپ و ئۆردوگا زۆرەملێیەکانى سەدەى بیستەم و جينۆسايدهكان بەجۆرێک لە جۆرەکان دواخاڵى "تیۆلۆژیاى نهرێنى"[3]ـى کۆى مێژووى ڕۆژئاوان. 3)تێگەیشتنى سێیەمیش لە هەموان زياتر، لە بەرهەمەکانى "ئيتین بالیبار"[4]دا گەشهى سهندووه و پهرهى پێدراوه: مۆدێرنە پانتاییەکى لە ئازادییە نوێیەکان کردۆتەوە، بەڵام هاوکات ڕووبهرێكى لە مەترسى [و زیانیش] لەگەڵ خۆیدا هێناوە و بۆیە هیچ گەرەنتییەکى تیلۆلۆژى سهبارهت به عاقيبهت[5] بوونى نیە، شەڕەکە کراوە و نادیارە.
خاڵى دەسپێکى بالیبار بۆ ناو باسى "توندوتیژى"[6]، بریتییە لە بەسنەبوونى[7] ئایدیا باوه هیگڵى/مارکسیيهكه دەربارەى گۆڕينى توندوتیژى بۆ ئامرازێكى عەقڵى مێژوویی، هێزێک کە فۆرمولهبهندييهكى کۆمەڵایەتیى نوێ دێنێتە کایەوە: بۆیە دڕندەیى ناعەقڵانیى توندوتیژى، بە مانا پڕاوپڕه هیگڵییەکەى بريتييه له نەفيكردن/بڵندكردنەوە[8]، و کورتبۆتەوە بۆ پەڵەیەکى تایبەت کە پشكى لە ههموو هارمۆنيهت و ڕێکيى مێژووى پێشکەوتندا ههيه. سەدەى بیستەم لەگەڵ ژمارەیەک کارەساتدا ڕووبەڕووىکردینەوە، هەندێکیان دژى هێزە سیاسییە مارکسییەکان بەکارهێنران و هەندێکیشیان لەلایەن بەرپرسیارى و دەرگیریى سیاسیى خودى هێزە مارکسییەکانەوە بهرههمهێنران. کارەساتگەلێک کە ناتوانرێت بەم جۆرە «بهعەقڵانى» بكرێت: بهئامرازکردنى[9] كهرهستهكانى فێڵى عەقڵ(Cunning of Reason) نەک تەنیا لە ڕووى ئەخلاقییەوە جێى قبوڵکردن نیە، بەڵکو لە ڕووى تیۆرییشەوە هەڵەیە و به ماناى تهواوى وشهكهش کارێکى ئایدۆلۆژیيە. لەگەڵ ئەمەشدا بالیبار لە خوێندنەوە زۆر وردهكهیدا بۆ مارکس، لە دەقەکانیدا، هەڵبهز و دابهزى نێوان تیۆرى «گۆڕين»ـى غايهتگهرايانهى توندوتیژى و بيرۆكهى سەرنجڕاکێشى مێژوو وەک پرۆسەيهكى کراوە و ڕاڕاى ململانێکان دهستنیشاندەکات کە دوادەسکەوتى "پۆزەتیڤ"یان، گەرەنتیى هیچ زەروورەتێکى مێژوویى گشتگیر ناکات (وهك کۆمەڵگاى داهاتووى کۆمۆنیزم، بەربەرییەت و هتد).
بالیبار بڕواى وایە لەبەر هەندێک هۆکارى بونیادیى زەرووری، مارکسیزم ناتوانێت بیر لە زیادە و پاشماوه(excess)ـى ئەو توندوتیژییە بکاتەوە کە ناكرێت بلكێنرێته حەکایەتى پێشکەوتنى مێژوویيهوه– لەوەش سەیرتر و سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە مارکسیزم ناتوانێت تیۆرێکى تێر و کافيى وەک فاشیزم و ستالینیزم و دوا "عاقيبهت"ـهكهیان بهرههمبێنێت، واتە كۆمهڵكوژيى جولهكهكان و [كارى زۆرهملێى] گۆلاگ. بۆیە ئهركهكهمان دووجا و دووقاتە: سەرەتا بەکارهێنانى تیۆرى توندوتیژیى مێژوویى وەک شتێک کە هیچ بکەر و بريكارێکى سیاسى ناتوانێت ڕایکێشێتە دەسەڵات و بیکاتە ئامراز، شتێک کە خودى ئەم بکەرە لە ناوەوەى بازنهيهكى ئههريمهنيى خۆوێرانکەردا گەمارۆ بدات و، دووەمیش-ڕوویەکى ترى ئهركهکەمان- خستنەڕووى پرسیارى "شۆڕشى شارستانییانە"يه، ["يان بەشارستانيکردنى شۆڕشە"]، ئەوەى کە چۆنچۆنى خودى پرۆسەى شۆڕشەکە بگۆڕین بۆ هێزێکى "شارستانیانە". قەسابخانەکەى ڕۆژى "سان بارتێلمى" بێننەوە بیرى خۆتان- چ هەڵەیەک لەو ڕۆژەدا ڕوویدا؟ ئامانجى کاترین دۆمدیسى، ورد و سنوردار بوو: ئامانجى ئەو پلانێکى ماکیاڤیلييانه بوو بۆ تیرۆرکردنى ئادمیرال دۆکلینى[10]، واتە ئەو پرۆتیستانتە خاوەن دەسەڵاتەى کە بە دواى شهڕدا دهگهڕا لەگەڵ ئیسپانیادا لەناو هۆڵەندا، و هاوکاتیش گواستنهوهى گوناهى ئەم تیرۆرە بۆ ئهستۆى خانەوادەى گیز (Guise) کە كۆمهڵێك کاتۆلیکى زۆر بەهێز بوون. بەم شێوەیە کاترین بە هیواى ئەوەوه بوو ئەنجامى کۆتایى بریتى بێت لە کەوتنى ههردوو خانەوادەكه کە هەڕەشە بوون بۆ سەر یەکێتى و یەکپارچەیى فەڕەنسا. بەڵام ئەم پلانە ڕاستگۆیانە کە مەبەستەکەى بریتىبوو لە بەردانەگیانى یەکترى دوژمنانى کاترین، کەچى گۆڕا بۆ گۆمێك خوێنى کۆنترۆڵنەکراو: کاترین لە پلان و پراگماتيزمه دڵڕهقهكهى خۆيدا، چاوى لەو جۆش و خرۆشە پۆشيبوو کە مرۆڤ بەهۆیەوە واز لە بیروباوەڕەکانى خۆى ناهێنێت.
لێرەدا ئاماژەكردن بۆ تێڕوانينى هانا ئارێنت زۆر گرنگ دهردهكهوێت: ئەو جەخت لەسەر جیاوازیى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و پيادهكردنى ڕووتوقووتى توندوتیژى(کۆمەڵایەتى) دەکاتهوه: ئەو ڕێکخراوانەى کە لەلایەن دەسەڵاتى ناسیاسیی ڕاستەوخۆوە کۆنترۆڵدەکرێن-واتە لەلایەن جۆرە سیستەمێکى فەرماندەرەوە کە شەرعیەتەکەى بەدەرە لە هەر بنەمایەکى سیاسى (وەکو قوتابخانە، کڵێسا، سوپا- كۆمهڵێك نمونهى توندوتیژى(Gewalt) پيشاندهدهن، نەک نمونەگەلێکى دەسەڵاتى سیاسى بە ماناى تەواوى وشەکە. بەهەرحاڵ لێرەدا پیشاندانى جیاوازیى نێوان یاساى ڕەمزیى گشتى و تەواوکەرە قێزەونەکەى زۆرگرنگە: چهمكى تەواوکەرى دووقاتى سوپەرئیگۆى قێزەونى دەسەڵات، دەرخەرى ئەو خاڵەیە کە هیچ دەسەڵاتێک نیە توندوتیژ نەبێت. دەسەڵات دەبێت هەمیشە پشت بە پەڵەى دزێو و قێزەونى توندوتیژی ببهستێت، فەزاى سیاسى هەرگیز فەزایەکى «پەتى و بێگەرد» نیە، بەڵکو هەمیشە پێویستى بە جۆرێکى تایبەت لە توندوتیژیى پێشسیاسى هەیە. هەڵبەت پەیوەندیى نێوان دەسەڵاتى سیاسى و توندوتیژیى پێشسیاسى گوزارشتە لە ناچارییەکى دوولایەنە: واتە نەک تەنیا توندوتیژى تەواوکەرى ناچارييانهى دەسەڵاتە، بەڵکو خودى دەسەڵاتى(سیاسى)یش لە ڕابردوو و ئێستا و ئايندهشدا، سهرچاوهى هەموو پەیوەندییەکى بەڕواڵهت ناسیاسیی توندوتیژییە.
توندوتیژیى قبوڵکراو و پەیوەندیى ڕاستەوخۆى بەجێهێنانى فەرمان لە سوپا، کڵێسا، خێزان و فۆرمە کۆمەڵایەتییە ناسیاسییەکانى تردا، خۆىلەخۆیدا جۆرە "بهشتبوون"[11]ێکى فۆرمێكى دیاریکراوە لە بڕیار و ململانێى سیاسى و ئەخلاقى. ئەرکى شیکردنەوەیەکى ڕەخنەیى ئەوەیە کە ئەو پرۆسە سیاسییە شاراوەیە دەستنیشانبکات کە کۆى ئەم پەیوەندییە "پێشسیاسی" و "ناسیاسییانە"ـى پاراستووە و بەردەوامییان پێدەدات. لە کۆمەڵگەى مرۆڤايهتیدا، سیاسەت ئهو پرهنسيپهيه کە بونياد دەبەخشێتە هەموو شتێك و ههموو لایەک، بە شێوەیەک کە هەر جۆرە پوچەڵکردنەوەیەکى ناوەڕۆکى سیاسى بە ئەندازەى شتێکى "ناسیاسى"، نمونهى كۆتايى و باڵاى ئاماژه و ژێستێکى سیاسییە.
ئەم قبوڵکردنەى توندوتیژى، ئەم «هەڵپهساردنه سیاسییەى مەسەلە ئەخلاقیەکان»، سنورى ئەو شتەیە کە تەنانەت لێبوردەترین ژێست و هەڵوێستى لیبراڵیش ناتوانێت بيبهزێنێت- شایەتى ئەم بانگەشەیەش ناڕەزایەتى و زوویربوونى توێژینەوە ئەمریکی/ئەفریقییە پۆستئیمپریالیستییە "ڕادیکاڵ"ـەكانه سەبارەت بە تێڕوانینى بنەڕەتیى "فرانز فانون" دهربارهى حهتميهتى توندوتیژی كه لە پرۆسەى سڕینەوەى ئیمپریالیزمدا كارا و کاریگەره. دەشێت لێرەدا فریدریک جیمسن بێنینەوە بیرى خۆمان کە بڕواى وایە توندوتیژى لە پرۆسەى شۆڕشدا هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت کە ماڵوموڵكى دونیا لە لۆژیکى کالڤینیستىدا دەیگێڕێت سەبارەت بە قەدەر[12]: واتە گەرچى توندوتیژى هەڵگرى هیچ بەهایەکى خۆبەخۆ و خۆڕسك نیە، بەڵام نیشانەى ڕەسەنايهتيى پرۆسەيهكى شۆڕشگێڕانەيه، نیشانەى ئەو ڕاستییەى کە ئەم پرۆسەیە هەر بەفيعلى پەیوەندییەکانى دەسەڵاتى ئێستا تێکوپێکدەدات. بە دەربڕینێکى تر، خەونى شۆڕش بەبێ توندوتیژى، ڕێک هەمان خەونى "شۆڕشى بێشۆڕش"ـى "ڕۆبسپێر"ـە. لە لایەکى ترەوە، ڕۆڵى نمایشى فاشیستيى توندوتیژى ڕێک خاڵه پێچهوانهكهيهتى: واتە توندوتیژیى فاشیستى توندوتیژییەکە کە ئامانجەکەى خۆدوورگرتنە لە گۆڕانى ڕاستەقینە- شتێکى نمایشييه و دهبێت لە هەموو حاڵەتەکاندا ڕووبدات بۆ ئەوەى لەڕاستیدا هیچ شتێک ڕوونەدات.
بەڵام جارێکى تر ئهرگۆمێنتى کۆتایى دژى ئەم تێڕوانينه، ڕووبەڕووبوونەوەى تەواوە لەگەڵ ئازارى زیادهڕۆيانهدا کە بەرهەمى توندوتیژیى سیاسییە. هەندێ جار کەسمان ناتوانین نەکەوینە ژێر کاریگەریى گرنگینەدان و بێباکیى زیادلەڕادەوه دهرههق بە ئازارى ئەوانيتر، تەنانەت و بەتایبەتیش ئەو کاتەى کە ئەم ئێشوئازارە بە شێوەیەکى بهربڵاو لە میدیاکانەوە دەخرێتەڕوو و مەحکومدەکرێت، وەک بڵێى ئهو توڕەیيهى دەرهەق بە ئازارەکەیە کە دەمانکاتە بینەرى لهخشتهبراو و نەگۆڕى خۆى. با سەرەتاکانى دەیەى 1990 بێنينەوە بیرى خۆمان، گەمارۆى سێ ساڵەى سارایەڤۆ، لەگەڵ خهڵكێكى برسييدا كه هاوکات لە ژێر ڕەحمەتى بۆردومان و گڕى بهردهوامى گوللەدا بوون. پرسیاره گرنگهكه لێرەدا ئەوەیە: گەرچى میدیاکان پڕبوون لە وێنە و ڕاپۆرتى ئەم ڕووداوە، بەڵام بۆچى هێزەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ یان ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ کارێکى بچووکیان بۆ شکاندنى ئەم گەمارۆیەى سارایەڤۆ نەدەکرد؟ یان ئەوەى کە ڕێڕەوێک درووست بکەن تاکو خەڵک و کەرەستە خۆراکییەکانى بە شێوەیەکى ئازادانە پیا تێپەڕێت؟ ئەم کارە بوجەيهكی ئهوتۆى نەدەویست، واتە بە کەمێک فشارخستنە سەر هێزەکانى سرب، نمایشى درێژخایەنى سارایەڤۆى گەمارۆدراو دەبووە نمایشێکى ترسناکى گاڵتەجاڕ کە دەبوو زۆر زووتر کۆتایى هاتبا. ئەم پرسیارە تەنیا یەک وەڵامى هەیە، وەڵامێک کە "ڕۆنى براومهن" ئەو کاتەى لە ڕێگەى خاچى سوورەوە کۆمەکى سارایەڤۆى دەکرد خستیەڕوو: تەواوى نمایشکردنى قەیرانەکەى سارایەڤۆ وەکو "پرسێكى مرۆڤدۆستانە"، گۆڕینى پارادۆکسى سیاسى/سەربازى بۆ چەمکگەلى مرۆڤدۆستانە، لەلایەن هەڵبژاردنێکى تەواو سیاسییەوە پاڵپشتىدەکرا: واتە ههر لهبنچينهوه و لهم كێشمهكێشهدا لایەنى سربەکان بگريت. بەتایبەت ڕۆڵى "میتران" لێرەدا زۆر چهواشهكارانه و شووم بوو:
ڕێزگرتن لە "دەستێوەردانى مرۆڤدۆستانە" لە یۆگۆسلاڤیا، سودى لە پێگەى گوتارێکى سیاسى وەرگرت و پێشوەختیش بهها و بايهخى لە هەموو گفتوگۆ ناکۆکەکان سهندهوه. /.../ بۆ فرانسوا میتران ئەستەم دیاربوو تا شیکارى خۆى دەربارەى جەنگى یۆگۆسلاڤیا بخاتەڕوو. میتران بە کاردانەوەیەکى تەواو مرۆڤدۆستانەوه سهرچاوهيهكى چاوەڕواننەکراوى پەیوەندى، یان درووستتر بڵێین، ئارايشتكردنى دۆزییەوە کە تا ڕادەیەک هەمان ڕۆڵ و دهرهنجامى هەبوو. میتران لایەنگرى ئەوە بوو کە یۆگۆسلاڤیا لە ناو سنورەکانى خۆیدا بمێنێتەوە و گەیشتبووە ئەو قەناعەتەى کە تەنیا دەسەڵاتێکى بەهێزى "سربى" دەتوانێت ئارامى لەم ناوچە پڕ شەڕوشۆڕەدا مسۆگەربکات. ئەم هەڵوێستەى میتران زۆر بەزوویى متمانەى لاى هاوڵاتیانى فەڕەنسا لەدەستدا. هەموو چالاكييه پڕههڵپه و گوتارە مرۆڤدۆستييەکان ئەو مۆڵەتەیان بەو دا تاکو ديسان پابهندبوون و بەرپرسیارێتیى هەمیشەیى فەڕەنسا بە مافەکانى مرۆڤەوە پشڕاستبکاتەوە و دژيهكييه ڕووکەشەکەى لەگەڵ فاشیزمى گەورەترى سربەکاندا پیشان بدات، ئهويش بەهۆى ئازاد هێشتنەوەى تەواويانهوه بۆ ئەنجامدانى هەر کارێک [کە بیانەوێت بيكهن].
لەم ڕوانگه تایبەتەوە، دەبێت بچینە ئاستێکى گشتیتر و کێشە بخەینە ناو ئهو سیاسەته مرۆڤگهرا لەسیاسەتداماڵراوهى "مافەکانى مرۆڤ"ـەوە وەک ئایدۆلۆژیایەکى دەست تێوەردەرى سەربازى، ئایدۆلۆژیایەک کە لە خزمەتى مەرامە سیاسى و ئابورییە تایبەتەکاندایە. هەر بەو جۆرەى کە "ڤوندى براون" سەبارەت بە "مایکڵ ئیگناتیڤ" ڕوونيدەکاتەوە، ئەم جۆرە مرۆڤدۆستى و هیومانیزمە «خۆى وەکو شتێکى دژەسیاسەت دەناسێنێت و دەخاتەڕوو، [وهك] بەرگرییەکى ڕووت لە خهڵكى بێديفاع و بێدهسهڵات دژى دەسەڵات، بەرگریيهكى ڕووت لە تاک لەبەرامبهر تواناى زهبهلاح و شاراوه و بێڕهحمى دەزگا سەرکوتکەرهكانى کەلتور، دەوڵەت، جەنگ، ململانێى ئهتنى، خێڵگهرايى باوکسالارى و ئامادەسازی و پڕچەککردنەکانى دەسەڵاتى کۆ دژى تاکهكان»[13]. بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: " ئەوانەى کە لەلایەن مافەکانى مرۆڤەوە دەستتێوەردان دهنوێنن، چ جۆرە بەسیاسىبوونێک درووستدەکەن لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتانەى کە بە ڕوویاندا دەوەستنەوە. ئایا ئەوانە ئەڵتەرناتیڤى فۆرمهلهبهندييهكى جیاوازى عەدالەتن یان دژى پرۆژەکانى عەدالەتى دەستەجەمعی دەوەستنهوه؟"[14]. بۆنمونە ئاشکرایە کە لەناوبردنى ڕژێمەکەى "سەدام حسێن" لەلایەن ئەمریکاوە، کە لەژێر ڕۆشنایى ههندێك ناونیشانى وەک کۆتاییهێنان بە ئێشوئازارى عێراقیەکان شەرعیەتى خۆى وەردهگرت، نەک تەنیا لە ڕێگەى بەرژەوەندییە سیاسى و ئابورییەکانى ترەوە (نەوت) پاساودەدرايهوه، بهڵکو لەسەر بيرۆكهيهكى تایبەتى هەلومەرجى سیاسى و ئابورى بهندبوو کە بڕیاربوو پەنجەرەى ئازادى بە ڕووى خەڵکى عێراقدا بکاتەوە(لیبراڵدیموکراسیى ڕۆژئاوا، مسۆگهركردنى خاوهندارێتيى تایبەت، چوونەناوەوە بۆ بازاڕى ئابوریى جیهانى و هتد). بۆیە سیاسەتى دژەسیاسەتى مرۆڤگهرايى ڕووتوقووت کە ئامانجەکەى بریتییە لە بەرگرتن بە ئازارى عێراقییەکان، بەفیعلى هاومانا دهبێتەوە لەگەڵ قەدەغەکردنى شاراوە و ناوەکیى پەرەپێدانى پرۆژەیەکى دەستەجەمعیى پۆزەتیڤدا بۆ گۆڕانى سیاسى/کۆمەڵایەتی.
تەنانەت لە ئاستێکى گشتیتریشدا دەبێت کێشە بخەینە دژيهكيى نێوان ئەو مافە مرۆڤە جیهانى و پێشسیاسيیەى کە پەیوەستە بە هەموو مرۆڤەکانەوە بە ماناى تەواوى وشەکە، و مافە سیاسییەکانى هاوڵاتیەکدا، واتە ئەندامى کۆمەڵگایەکى سیاسیى تایبەت؛ بەم مانایە بالیبار لهبهرژهوهنديى "هەڵگێڕانەوەى پەیوەندیى مێژوویى و تیۆریى نێوان مرۆڤ(man) و هاوڵاتى(citizen) شتەکە باسدەکات، پەیوەندییەک کە بە ڕوونکردنەوەى ئەو خاڵە دەستپێدەکات کە چۆنچۆنى "مرۆڤ" لەلایەن چەمکى هاوڵاتیبوونەوە درووستدەبێت نەک هاوڵاتیبوون لەلایەن "مرۆڤ"ـەوە[15]. لێرەدا بالیبار ئاماژە بۆ بۆچوونى هانا ئارێنت دەکات دەربارەى دیاردەى پەنابەران لە سەدەى بیستەمدا:
وێناکردنى مافەکانى مرۆڤ لەسەر بوونى مرۆڤێکى گريمانهكراو و گشتى، هەر لەو کاتەدا هەرەسى هێنا کە ئهوانهى بانگهشهى ئهوهيان دهكرد بڕوایان پێيهتى، [كهچى] بۆ یەکەمجار ڕووبهڕووى مرۆڤگەلێک بوونەوە کە بەڕاستى هەموو تایبەتمەندى و پەیوەندییە تایبەتیەکانیان لەدهستدابوو- جگە لەوەى هێشتاش هەر مرۆڤ بوون[16].
هەڵبەت ئەم ڕاستەهێڵە دەگاتە سهر ئایدیاى هۆمۆساکەر لاى ئاگامبێن، ئەو جێیەى کە مرۆڤى تیا کورتدەبێتەوە بۆ "ژیانێکى ڕووت"[17]: لە دیالەکتیکێکى پارادۆکسانەى هیگڵیى بەش و گشت(جزء و کل)دا، کاتێک مرۆڤ لە شوناسه کۆمەڵایەتييه/سیاسییە تایبەتییەکەى خۆى بێبەش دەکرێت؛ شوناسێک کە بەڵگەى هاوڵاتیبوونێتى-، لە چرکەساتێکدا ئیدى وەکو مرۆڤێک مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێت و چیتر وەکو مرۆڤێک نایناسن و دانىپيانانێن. بەکورتى، پارادۆکسەکە ئەوەیە كاتێك مرۆڤ لە "مافەکانى مرۆڤ" بێبەشدەکرێت لە واقیعیى کۆمەڵایەتیى خۆیدا، ئیدى کورت دەبێتەوە بۆ مرۆڤێک بە "مانا گشتى"یەکەى، بەبێ مافى هاوڵاتیبوون، بەبێ ئیشوکار و هتد. بە دەربڕینێکى تر، ڕێک ئەو کاتەى کە مرۆڤ بەفیعلى دەبێتە هەڵگرى ئایدیاڵى مافەکانى مرۆڤ لە جیهاندا (ئەو مافى مرۆڤەى کە جیا لە پیشە، ڕەگەز، هاوڵاتیبوون، دین، شوناسى ئهتنى و....هتد، پەیوەندیى بە منەوە هەیە).
کەواتە لێرەوە دەگەینە هەڵوێست و پێگهيهكى "دژە جهوههرگەرا" و "پۆستمۆدێرن"ـى باو، جۆرە حەکایەتێکى فۆکۆییانە دەربارەى سێکس وەکو بەرهەمى فرەييهك له ئەزموونى سێکسى: ئەو "مرۆڤ"ـەى کە هەڵگرى مافەکانى مرۆڤ"ـە لە لایەن کۆمەڵێک پراكتيكى سیاسییەوە بەرهەمدێت و چەمکى هاوڵاتیبوون بەرجەستە دەکات- بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟ ژاک ڕانسێر[18]، ڕێگاچارەیەکى زۆر ورد و سەرنجڕاکێش پێشنیاردەکات بۆ ناکۆکیى نێوان مافەکانى مرۆڤ (پەیوەست بە "مرۆڤ بە مانا گشتییەکەى") و بەسیاسیبوونى هاوڵاتیان: لە کاتێکدا ناتوانيت مافەکانى مرۆڤ بە لەبەرچاوگرتنى فهزاى ههڵكهوتووى ململانێ سیاسییەکان، وەکو ئهوديوێكى جهوههرگهراى نامێژوويى گریمانە بکەیت، واتە وەکو "مافە سرووشتییەکانى مرۆڤ"ـى گەردوونگەراى بهخشراو له مێژوو، کەواتە نابێت وەکو بت یان فیتیشى کاڵایى بیخەینە لاوە کە بەرهەمى پرۆسە مێژووییە کۆنکرێتەکانى بەسیاسیبوونى هاوڵاتیانە. بۆیە درزى نێوان "گشت" یان گەردوونێتيى مافەکانى مرۆڤ و مافە سیاسییەکانى هاوڵاتیان، هەمان درزى نێوان گشتێتيى مرۆڤ و پانتاییەکى سیاسیى تایبەت نیە: بەڵکو وەک چۆن ڕانسێر بە شێوازێکى هیگڵیانەى ورد دەریخستووە، "ئەم درزە کۆى کۆمەڵ لە خۆى جیا دەکاتەوە"[19]. "مافە مرۆڤە گەردونییەکان" بەدەر لە پێشسیاسیبوون، فەزاى وردى بەسیاسیبوونى ڕاستەقینە نەخشەڕێژ و ئاشکرا دەکات: ئەم مافانە هاوماناى تەواوى مافى گەردوونییە بە ماناى تەواوى وشەکە، ماف وەکو بريكارێكى سیاسى بۆ دەربڕینى نهگونجانى ڕیشەیى لەگەڵ خۆیدا(لەگەڵ شوناسى تایبەتیى خۆیدا)، واتە خۆخستنە شوێنى خۆت–ڕێک تا ئەو جێیەى کە ئەمە خودى هەمان «بەش یان بەشى زیادە»[20]، هەمان "بەشى بێبەش"، یان هەمان ئەو شتەیە کە پێگەیەکى گونجاوى لە بیناى کۆمەڵایەتیدا نیە-وهك بكهر و بريكارى گهردوونێتيى خودى پرسىکۆمەڵایەتى. بۆیە ئەم پارادۆکسە، زۆر ورد و تەواوە و هاوشێوەى پارادۆکسى مافە مرۆییە گەردوونییەکەیە کاتێک دەبێتە مافى ئەوانەى کە کورتبوونەتەوە بۆ نامرۆڤ: ڕێک لەوکاتەدا کە ئێمە هەوڵ دەدەین لە مافەکانى مرۆڤى هاوڵاتیان تێبگەین بەبێ گەڕانەوە بۆ مافەکانى مرۆڤى "سەرووسیاسى"ـى گەردوونى، ئەوا خۆمان خودى سیاسەت لەدەستدەدەین، واتە ئێمە سیاسەتمان کورتکردۆتەوە بۆ یارییەکى پاشسیاسى، یاریی دانوستان لەسەر خولیا و بەرژەوەندییە تایبەتەکان. کەواتە کاتێک مافەکانى مرۆڤ کورتدەبێتەوە بۆ مافەکانى هۆمۆساکەر، بزانە چيى بەسەردێت؟ واتە مافى ئەوانەى کە لە کۆمەڵگاى سیاسى دەرکراون و کورتکراونەتەوە بۆ "ژیانى ڕووت"- واتە ئەو کاتەى كه ئەم مافانە بەکارناهێنرێن، چونکە پەیوەستە بە کەسانێکەوە کە ڕێک بێمافن و وەکو نامرۆڤ هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت؟ ڕانسێر لێرەدا خاڵێكى ئاوهژووى دیالەکتیکیى زۆرگرنگ دەخاتەڕوو:
/.../کاتێک ئەم مافانە بە هیچ كلۆجێك بەکارناهێنرێن، ئەوا ئێوە هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن کە مرۆڤە خێرخوازەکان لەگەڵ جلوبەرگە شڕ و کۆنەکانیاندا دەیکەن. ئێوە ئەوانە دەبەخشنە مرۆڤە هەژارەکان. ئەو مافانەى کە بەڕواڵهت لە جێى خۆیاندا بێکەڵک دێنەبەرچاو دەنێردرێنە دەرەوە، لەگەڵ داودەرمان و جلوبەرگەکاندا دەنێردرێن بۆ ئەو خەڵکانەى کە بێبەشن لە جلوبەرگ و دەرمان و مافەکانى تر. بەم جۆرەیە کە لە ئەنجامى ئەم پرۆسەیەدا، مافەکانى مرۆڤ دەگۆڕدرێت بۆ مافى ئەو کەسانەى کە هیچ مافێکیان نیە، مافەکانى مرۆڤى ڕووت، مرۆڤێک لەبەردەم مەترسیى سەرکوتى نامرۆڤانه و هەلومەرجیى نامرۆڤانهى ژیاندایە. ئەم مافانە دەبنە مافى مرۆڤدۆستانە (هیومانیستى)، مافى ئەو کەسانەى کە ناتوانن ئەم مافانە داڕێژن، واتە قوربانییانى نکۆڵیکارى ڕەهاى ماف. هەر لەبەر ئەمەش، ئەم مافانە شوێنگەلى بەتاڵ و خاڵى نین. ناوە سیاسییەکان و پێگە سیاسییەکان هەرگیز فەزاى تەواو خاڵی نین. ئەم فەزا خاڵییە بە کەسێک یان شتێک پڕ دەبێتەوە. /.../گەر کەسانێک هەن و بە دەست سەرکوتکردنى نامرۆڤانەوە ئازار دەچێژن و ناتوانن مافەکانى مرۆڤ بنوسنەوە کە دوایین ڕێگەى ڕزگاربوونیانە، کەواتە دەبێت کەسێکى تر مافەکانیان بکاتە هى خۆى بۆ ئەوەى مافەکانى مرۆڤ داڕێژێتهوه. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە ناونراوە "مافى دەستێوەردانى مرۆڤدۆستانە"-مافێک کە هەندێک میلەت بە قبوڵکردنى لایەنە باشەکانى، ئەوەش قبوڵدەکەن ببنە بەشێک لە دانیشتوانە قوربانییەکانى و هەندێکى تریش دژى ڕاسپاردەى ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دهوهستنهوه. ڕەنگە "مافى دەستێوەردانى مرۆڤدۆستانە" وەکو جۆرێک لە "گەڕانەوە بۆ نێرەر"[21] باسبکرێت: مافگەلێکى بێکەڵک کە دەنێردرێت بۆ مرۆڤگەلێکى بێماف، دەنێردرێتەوە بۆ خودى نێرەرەکان[22].
هەر بۆیەشە، بهپێى لێكدانهوه لینینیهكه شتهكه واى لێدێت: ئەمڕۆ گوتارى باوى ڕۆژئاوا، واتە "مافەکانى مرۆییەکانى قوربانیان لە ئازارى جیهانى سێیەمدا" بەفیعلى بە ماناى مافى خودى دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکان بۆ دەستێوەردانى سیاسى، ئابورى و کەلتورى لە وڵاتانى جیهانى سێیەمدایە، ئەویش بە بیانووى بەرگرییەوەیە لە مافەکانى مرۆڤ. لێرەدا هاوکێشەكهى لاکان دهربارهى پهيوهندى و كۆمۆنيكاسيۆن دێته ناو باسهكهوه(کە تیایدا، نێرەر لە لایەن وەرگرەوە، نامەکەى خۆی بە شێوهيهكى ئاوهژوو، واتە شێوە ڕاستەقینەکەى، وەردەگرێتەوە): لە گوتارى باوى دەستێوەردەرانەى مرۆڤدۆستانەدا، ڕۆژئاواى پەرەسەندوو ههر بەفیعلى نامەکەى خۆى لە جیهانى سێیەمى قوربانی بە شێوە ڕاستەقینەکەى وەردەگرێتەوە. بۆیە ئەو کاتەى کە مافەکانى مرۆڤ ناسیاسىدەبێتەوە، ئیدى ئەو گوتارەش کە دێتە سەر ئەم گوتەزایە، دەبێت ئەخلاقی بێت: دەبێت گەڕانەوە بۆ بهرامبهركێى پێشسیاسییانەى چاکە و خراپە فەراهەم بکرێت. بۆیە ئەمڕۆ «فەرمانڕەوایى نوێى ئەخلاق»[23] کە بۆ نمونە بەڕوونى لە بەرهەمەکانى مایکڵ ئیگناتیڤدا دیارە، پشتى بە ئاماژه و ژێستێکى "توندوتیژ" بەستووە لە ناسیاسيبوون. بەو جۆرەش کە ڕانسێر ئاماژەى بۆ دەکات، مرۆڤدۆستیى لیبراڵ لە بەرهەمەکانى ئیگناتیڤدا، بە سەرنجدان لەم ناسیاسیبوونە، بە جۆرێکى چاوەڕواننەکراو لە هەڵوێستى "ڕادیکاڵانە"ـى فۆکۆ و ئاگامبێن نزیکدەبێتەوە: ئایدیا فۆکۆیيه/ئاگامبێنييهكهى "بایۆ-پۆلەتیک"[24]، هەروەکو دوائەنجامى کۆى فیکرى ڕۆژئاوایى، لە جۆرە «"داوێکى ئۆنتۆلۆژییانە"دا گيردهخوات کە تیایدا ئۆردوگاى زۆرەملێ وەکو "قەدەرێکى ئۆنتۆلۆژییانە دەردەکەوێت: هەریەکەمان دەچینە پێگەى پەنابەرێکى ئۆردوگاوە. هەموو جۆرە جیاوازییەک لەنێوان دیموکراسى و تۆتاليتاريزمدا لەناودەچێت، و دهردهكهوێت ههر کارێکى سیاسى، پێشوەخت لەم داوە بایۆپۆلەتیکەدا گيرى خواردووه»[25].
کاتێک ئاگامبێن ڕوو لە فۆکۆ وەردەگێڕیت، و دەسەڵاتى حاكم[26] و بایۆپۆلەتیک بە یەک شت دەزانێت (لە دۆخى نائاسایى گشتگیربووى ئەمڕۆدا، ئەم دووانە لهگهڵ یەکتردا جووتدهبن)، ئیدى هەمان دەرفەتى سەرهەڵدانى سوبێکتیڤیتەى سیاسى نادیدە دەگرێت-بە هەرحاڵ سەرهەڵدانى سوبێکتیڤیتەى سیاسى لە باگراوەندى پانتاییەکى تایبەتى "نامرۆڤانه"دا ڕوودەدات، بە جۆرێک کە دەبێت درێژە بدەین بە جەختکردنەوە لەسەر پارادۆکسى نامرۆڤانهبوونى مرۆڤى بێبەش لە مافى هاوڵاتیبوون، و مرۆڤى پەتى یان "نامرۆڤ" وەک زیادەیەکى پێویستى خودى مرۆڤايهتى گریمانەبکەین. واتە زياده و پاشماوە لهناونهچوو و جیانەبووەوەکەى، یان هەمان چەمکى «ڕاده و سنور»[27]ـى کانتيى ئایدیاى فينۆمينهيى مرۆڤايهتى؟ کەواتە ڕێک وەک ئەوەى کە لە فەلسەفەى کانتدا، كاتێك ئێمه له نۆمینە(شت لە خۆیدا)ـى باڵا زۆر نزیکدەبینەوە، وەکو ترس و تۆقينێكى ڕووت دەردەکەوێت، مرۆڤيش «بە ماناى تەواوى وشەکە»، بێبەش لە هەموو تایبەتمەندییە فینۆمینهییەکان، وەک دێوێکى نامرۆڤانه دەردەکەوێت، شتێكى وەک ئۆدرادێکەکەى کافکا (Odradek). كێشهى مرۆڤگهرايى له مافەکانى مرۆڤدا ئەوەیە کە ئەم دێو و دهعبابوونەى "مرۆڤ بە مانا تەواوەکەى" دادەپۆشێت و وەکو جهوههرى مرۆڤێكى باڵا پیشانيدەدات.
ئەى کەواتە ڕێگەى دەرچوون لەم بنبەستە چیە؟ بالیبار باسەکەى بە ئاماژەیەکى تەمومژاوى بۆ مههاتما گاندى تەواو دەکات. ئەوه درووستە کە هاوكێشهكهى گاندى «خۆت ببە بەو گۆڕانەى کە پێت خۆشە لە جیهاندا ڕووبدات»، بەتەواوى تێڕوانینى بنەڕەتیى گۆڕانى ڕزگاریخواز لە خۆیدا چڕدەکاتەوە: چاوەڕوانى "پرۆسەى دەرەکى و بابەتیانە" مەبە بۆ ئەوەى گۆڕانى دڵخوازانە/چاوهڕوانكراو درووستببێت، چونکە گەر ههر چاوەڕوانى بیت ئەوا هەرگیز ڕوونادات، بۆیە لە جیاتیى ئەوە، تۆ خۆت ههڵدهره ناوى، خۆت خودى ئەم گۆڕانە بە، ڕاستەوخۆ مەترسیى ئەنجامدانەکەى قبوڵبکە. بەڵام ئایا کەموکورتیى کۆتایى ستراتیژى گاندى ئەوە نیە کە تەنیا وەڵامێکە لە بەرامبەر سیستەمێکى لیبراڵدیموکراتدا، سیستەمێک کە وەفادارە بە لانیکەمى پێوهرە ئەخلاقييه/سیاسییەکان؟ یان گەر بمانەوێت تەفسیرە باوەکان بەکاربێنین، ئەوانەى کە لە سەرەوەى دەسەڵاتن "ویژدانیان هەیە". با وەڵامى گاندى لە دەیەى 1930دا دەرهەق بەو پرسیارەى کە (جولەکەکانى ئەڵمانیا پێویستە لە بەرامبەر هیتلەردا چى بکەن؟) بیرى خۆمان بخەینەوە: «پێویستە هەموویان بە دەستەجەمعى خۆیان بکوژن تاکو ویژدانى هەموان لە سەرتاپاى جیهاندا بجوڵێنن...». دەتوانین بەئاسانى ئەوە بێنینە پێش چاوى خۆمان کە کاردانەوەى نازییەکان دەرهەق بەم کارە چى دەبوو: زۆرباشه، ئێمەش یارمەتیتان دەدەین، له كام جێ ژەهرەکان بگهيهنينه دهستتان؟
بەڵام ڕێگایەکى تر هەیە کە تیایدا داواکەى بالیبار بۆ رەخنەکردنى توندوتیژى دەتوانێت ببێتە هۆى درووستکردنى وەرچەرخانێکى تایبەت-ڕێگایەک کە دەکرێت وەسوەسە داتگرێت و ناوى بنێیت سیاسەتى بارتلبى. دوو حاڵەتى لێکچوو و هاوکات لێکدژى وەک "مردووە زیندووەکان" بێننەوە بیرى خۆتان، حاڵەتێک کە تیایدا خۆمان لە پێگەیەکى سەیروسەمەرەى "نێوان دوو مردن"دا دەبینینەوە: یان کەسەکە لە ڕووى بایۆلۆژییەوە مردووە و لە ڕووى ڕەمزییەوە زیندووە(وەک چۆن ڕزگاربوون لە مەرگى بایۆلۆژییانە خۆى لە شێوەى جۆرێک تارمایى، یان دەسەڵات و سەرچاوەى ڕەمزیى ناودا دەردەخات). یاخود کەسەکە لە ڕووى ڕەمزییەوە مردووە، بەڵام لە ڕووى بایۆلۆژییەوە زیندووە (وەکو هەموو ئەوانەى کە لە نهزمى ڕەمزی/کۆمەڵایەتى خراونەتە دهرێ[ئهوانهى كه تووشى ئابڕووچوون و تاوان بوونهتهوه]، لە ئانتیگونەوە بیگرە تا دەگاتە هۆمۆساکەر). چى دەبێت گەر هەمان لۆژیک بەکاربێنین بۆ بهرامبهريهكدانانى توندوتیژى و ناتوندوتیژى و، هەردوو ڕووە یەکتربڕەکەیان بکەینە یەکێک؟ هەموومان ئاگادارى چەمکێکى سایکۆلۆژیى عەوامانەى وەک "ڕەفتارى پاسیڤانەى شەڕەنگێزانە"[28]ین، ڕەفتارێک کە زۆرجار دەدرێته پاڵ ئەو ژنانەى ماڵەوە کە لە جیاتیى ئەوەى چالاکانە ڕووبەڕووى مێردهكانيان ببنەوە، بە شێوەیەکى ناچالاک و پاسیڤ زیانیان پێدەگەیەنن. ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵى سەرەتاى باسەکە: دەکرێت ئەم تێڕوانینە شەڕەنگێزە پاسیڤە وەکو ژێستێکى سیاسیى ڕادیکاڵى ڕاستەقینە ڕابگەیەنرێت، ئەویش پێچەوانە لەگەڵ چالاکیى شەڕەنگێزانەدا، واتە هەمان شێوەى "چالاکیى ناچالاک"ـى باو لە بەشدارییە کۆمەڵایەتييه/ئایدۆلۆژییەکاندا کە هەموومان هەموو کاتێک بەو مەبەستەوە دڵنیا بین لەوەى کە هیچ شتێک ڕوونادات و هیچ شتێکیش بەڕاستى ناگۆڕدرێت، چالاک دهبین. لە مهنزوومهيهكى وههادا، یەکەمین هەنگاوى ڕەخنەیى ڕاستەقینە ("شەڕەنگێزانە" و توندوتیژ) بریتییە لە پاشەکشێ بهرهو ناچالاکى، بەرگرتن بە بەشدارى-ڕستەى « پێم باشترە نەیکەم»ـى بارتلبى، یەکەمین هەنگاوى پێویستە کە زەمینە بۆ ئهكتێكى ڕاستەقینە خۆشدەکات، بۆ ئهكت و چالاكييهك کە بەفیعلى خهسڵهتهكانى ئەم مهنزوومهيه دەگۆڕێت.
Must [1] له زمانى ئينگڵيزيدا فهرمان و داخوازييهكه كه لهدهرهوهوه دهدرێت و دهسهپێنرێت، بهڵام ought to فهرمانێكه كه لهلايهن سوبێكت خۆيهوه و لهناوهوه دهدرێت-و
[2] . "administered world"
[3]. بهپێى تيۆلۆژياى نهڕێنى(نێگهتيڤ)، دهركردنى حوكم و وهسفى ڕاستهوخۆ لهبارهى خوداوه شتێكى مهحاڵ و نامومكينه، بۆيه تهنيا لهڕێگهى حوكم و وهسفى ناڕاستهوخۆ ونهرێنييهوه دهتوانين باس له زات و جهوههرى خودا بكهين. بهم پێيه، خودا دهرهخهسڵهت و نهناسراوه و دهكهوێته سهرووى ههموو پێناسه و خهسڵهتهكانهوه. واته تهنيا خودا ههيه و بهس، ناتوانين دهست بخهينه سهر ماهيهت و چييهتييهكهى. لهم دهقهدا تيۆلۆژياى ئهرێنى و ڕزگاريخوازانهى مێژووى ڕۆژئاوا له كۆمهڵێك خراپه و شهڕ و كاولكاريى نهرێنيدا بهرجهسته دهبێت-و.
[4]. Etienne Balibar
[5] . outcome
[6]. Etienne Balibar, "Gewalt," in Historisch-Kritisches Wüsrterbuch des Marxismus, forthcoming.
[7] . insufficiency
[8]. نهفيكردن/بڵندكردنهوه(sublation) يان به ئهڵمانى(aufgehoben) بريتييه له ناواخنى پرۆسهى ديالهكتيكى لاى هيگڵ. ههر دياردهيهك بۆخۆى نهفيكردنى دياردهيهكى تره و له ههمان كاتدا بهشێك لهو دياردهيه لهگهڵ خۆيدا دهباته سهرهوه و بڵندى دهكاتهوه و دهيپارێزێت. ديالهكتيكى هيگڵى سڕينهوهى تهواوهتى نيه، بهڵكو جۆرێكه لهم نهفى و پاراستنه. بۆنمونه، درهخت ههم سڕينهوهى تۆوه و ههم ههڵگرى تۆويشه له قۆناغێكى پهرهسهندوودا-و
[9]. instrumentalization
.[10] دۆكلينى(1519-1572) كاربهدهستى پرۆتيستانى فهڕهنسى و ڕاوێژكارى گهورهى شارلى نۆيهم، پادشاى فهڕهنسا بوو كه له كۆمهڵكوژيى پرۆتيستانهكانى فهڕهنسادا له جهژنى سان بارتێلمىدا كوژرا.
[11] . reification
[12] . predestination
[13] .Wendy Brown, "Human Rights as the Politics Of. Fatalism," in South Atlantic Quaterly 2/3, Spring 2004.
[14] . ibid.
[15] .Etienne Balibar, "Is a Philosophy Of. Human Rights Possible," in South Atlantic Quaterly 2/3, Spring 2004.
[16] .Hannah Arendt, i.e. Origins Of. Totalitarianism, New York: Meridian, 1958.
[17] . "bare life"
[18]. Jacques Rancière, "Who is the Subject of Human Rights," in South Atlantic Quaterly 2/3, Spring 2004
[19] . ibid.
[20] . supernumerary
[21]. "return to sender"
[22]. ibid.
[23]. ibid.
Biopolitics [24].: بهپێى ئهم چهمكه لاى فۆكۆ و ئاگامبێن، دهوڵهت چيتر بريتى نيه له دهسهڵاته تهقليدييهكان و ياسا و هتد، بهڵكو بهستراوهتهوه به ژين و ژيانى مرۆڤ و سوبێكتهوه، ژيانى مرۆڤ لهڕووى جهسته و شێوازى ژيان و خۆراكهوه-و
[25]. ibid.
[26]. Sovereign power
[27] . limit
[28] . "passive-aggressive behavior"
سهرچاوهكان:
- وجه وقيح حقوق بشر، اسلاوى ژيژك، ترجمه مازيار اسلامى(در كتاب نقد خشونت)، چاپ سوم، 1392.
2. The Obscenity of Human Rights: Violence as Symptom, Slavoj Zizek, in: www.lacan.com.