لەبارەی فەلسەفەی زمانەوە
مجدی عزالدین حسین
وەرگێڕانی: هیوا جەلال (به‌شی یه‌كه‌م)
فەلسەفەی زمان چییە؟، ئەو کێشە و گرفت و بابەتانە چین، کە دەیانخاتەڕوو پاشان چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە؟ بەها و گرنگیی فەلسەفەی زمان لە مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخدا چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە، بابەتی ئەم وتارە پێكده‌هێنێت.
یەکەم: بەهای فەلسەفەی زمان و گرنگییەکەی لە مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخدا:
فەلسەفەیە لە سەدەی بیسته‌م دا بەرەو زمان ئاراسته‌یگرت، تەنانەت بووه فەلسەفەیه‌كی زمانەوانی، به‌ڵام ئەم ئاراستەگرتنه‌ش بەو مانایە نییە کە فەلسەفە لە ساتی پەیدابوونییەوە و بەدرێژایی مێژووەکەی گرنگی بە زمان نەدابێت، لە فەیلەسوفە پێشەنگەکانی گریکەوە گرنگیدان بە زمان دەردەکەوێت، تا ئەو ڕادەیەی بۆچوونێكی هاوچەرخ هەیە پێیوایە کە یەکێک لە دیالۆگەکانی (ئەفلاتوون) بە ناوی (دیالۆگی کراتیلۆس)، بە پلەی یەکەم بۆ باسی زمان تەرخانکراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی دەکرێت، کە بارگۆڕینێکی جێبابەخ لە فەلسەفەی هاوچەرخدا بەرەو ئاراستەی زمانە و دەبێتە بابەتێکی بنەڕەتی لە تێڕوانینی فەلسەفەدا و یه‌كێك له گرنگترین وه‌رچه‌رخانه‌كانیشی پێكهێناوه. له‌م كۆنتێكسته دا، دەبێت جەخت لەوە بکەینەوە، کە فەلسەفەی مۆدێرن لە وەرچەرخانه زمانەوانییه‌كه‌یدا، تەنها یەک شێوەی له‌خۆنەگرتووە، بەڵکو چەندین شێوه و شێوازی جیاجیای لەخۆگرتووە، بۆنمونە: ئاراستەی شیکاری، ئاراستەی هێرمۆنۆتیکی، ئاراستەی زمانەوانی، ئاراستەی لێکهەڵوەشانسازیی(التفكیكی)، ڕاستەی په‌یوەندییگەرایی(التواصلي).
لەلایەکی ترەوە، پەیوەستبوونێکی پێویست لە نێوان فەلسەفەی هاوچەرخ و فەلسەفەی زماندا هەیە ، لێرەوە پێگە و گرنگیی فەلسەفەی زمان و سەرهەڵدانی لە مێژووی فەلسەفەی مۆدێرندا دەردەکەوێت، تا ئەو ڕادەیەی کە دەتوانین لەم هەقیقەتەی خوارە وە دا ڕوونبکەینەوە: له توانای هیچ کەسێک دا نیه، هه‌ركه‌سێك بێت، له‌بنەما سەرەکییەکانی پرۆژەی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە تێبگات، به‌بێ تێگه‌یشتنێكی قووڵی ئه‌و ئیمكانه چه‌مكی و ڕه‌خنه‌ییانه‌ی كه فه‌لسه‌فه‌ی زمان بۆمان فه‌رهه‌م ده‌كات. ئەم ڕاستییەش وامان لێدەکات، بەو شێوازە وەسفی فەلسەفەی زمان بکەین، کە پردێكی هاریكاریه، بە دیاریکراوی بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت تێگەیشتنی فراوان و قووڵی بۆ تەوژمەکانی فەلسەفەی مۆدێرن هەبێت.
ئەگەر فەلسەفەی نوێ له په‌ره‌سه‌ندنی خۆی دا پەیوەست بووبێت بەو ده‌رئه‌نجامانه‌ی کە لەم دواییانەدا لە زانستە سرووشتییەکان و بەتایبەتی فیزیا پێیگەیشتووە ،ئەمەیش شتێكه كه به‌داخین بۆی، وه‌ك له توێژینه‌وه‌یه‌كی پێشووتر دا ئاماژه‌مان پێكردووه. به‌ڵام فەیلەسوفانی ئەو قۆناغە، بازدانێكی زانستی و پێشکەونتێکی مەزنیان بینی، کە لەسەر ئاستی زانستە سرووشتییەکان ڕوویدا، كه دەستکەوته‌كانی كاریگه‌ریه‌كی گرنگ و سەرنجڕاکێشی بۆ زۆرینەی فه‌یله‌سوفانی سه‌رده‌می مۆدێرن هه‌بوو. كارێك كه وایلێكردن بیربكه‌نه‌وه له هه‌وڵی دامه‌زراندنی هه‌موو زانینه‌كانی مرڤ له‌سه‌ر بنەمایه‌كی یه‌قینی و جێگیر، وه‌ك جێگیری زانستی سروشتی و زانستی بیركاری. سەرەتاش لە فرانسیس بیکۆنەوە بوو، که بانگەشەی ئەوەی کرد میتۆدی ئیستقرائی ئه‌زموونی بەکاربهێنرێ بۆ شرۆڤه‌کردنی دیاردەکان و لەم ڕێگەیەوە بتوانین کۆنتڕۆڵی زانستەکان بکەین و بیانخەینە خزمەت بەژەوەندیی مرۆڤەوە. به دیكارت دا ده‌ڕوات كه ویستی کۆی مەعریفەی مرۆڤایەتی لەسەر بنامەیەکی یەقینیی بونیادبنێتەوە، بۆ پیشاندانی ئەمەیش ڕوویکردە بیرکاریی، کاتێک ویستی ڕیزبەندییەک بکات بۆ بابەتە مەعریفییەکانی سەردەمی خۆی، ئەو دەرئەنجامەی لێکەوتەوە کە تاکە مەعریفەی یەقینبەخش بریتییە لە بیرکاری، هەر ئه‌وه‌ش پرۆژه‌كه‌ی كانته كه له سه‌رپێخستنی ڕه‌وایه‌تیی فه‌لسه‌فی و میتافیزیكی دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت.
لە بەرانبەردا فەلسەفەی مۆدێرن ته‌نها به بناغەدانانی ده‌رئه‌نجامه فەلسەفیه‌كانی لەسەر پێشگریمانە و پره‌نسیپه‌كانی زانستی زمان و ئیپستمۆلۆژیا و نیشانه‌ناسی و هێرمۆنۆتیکا، کە ئەمەیش جێكەوتی بەرچاو و هەستپێکراوی لەسەر فەلسەفەی هاوچەرخ هه‌بووه. به‌شێوه‌یه‌ك فه‌یله‌سووفه‌كانی زۆر خاكیتر بوون و باوه‌ڕێكی مه‌زنتریان به ڕێژه‌گه‌رایی و شیمانه‌یی هه‌قیقه‌تی مرۆیی هێنا. چیتر فەلسەفەی مۆدێرن نەدەگەڕایەوە بۆ ئەو جۆشوخرۆشە بەهێزەی کە پێشتر بەرانبەر بە (وەهمی یەقین) هه‌یبوو.
لەگه‌ڵ فەلسەفەی هاوچەرخدا و لە سایه‌ی کۆی ئه‌م پەرەسەندنانه‌دا، قسه‌كردن له‌سه‌ر نمونه‌ی ئه‌و زانینه‌ی كه له‌سه‌ر (هێرمۆنتیكا) ده‌وه‌ستێت بوو به نمونه‌یه‌ك به‌هیچ بارێك له باره‌كان بانگه‌شه‌ی یه‌قین ناكات. بەڵکو لەسەر (تێگەیشتێك)ی گریمانەیەکی ڕێژەیی کە شایەنی گۆڕانکاریی بێت و دەکرێ کەمکردن و زیادکردن تێیاندا ڕووبدات داده‌مه‌زرا، بەکورتی دەتوانین بڵێین (تێگەیشتن) بانگه‌شه‌ی (پیرۆزیی) نه‌ده‌كرد، بەڵکو بە بەردەوامی شایەنی لێکدانەوە و دووبارەکردنەوەی لێکدانەوەیە.
دووەم: فەلسەفەی زمان چییە؟
دەبێت لەسەرەتادا جیاكاری لەنێوان وەرچەرخانی زمانى لە فەلسەفەی هاوچەرخ و فەلسەفەی زماندا بکەین، لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەین کە فەلسەفەی زمان جێگرەوەیەکی گونجاو بوو بۆ ئه‌و وەرچەرخانه زمانەوانه‌ی كه (فەلسەفەی زمانەوانی) ده‌ینواندنه‌وه، بەناونیشانی جێگرەوەیەک بۆ فەلسەفە و داخرانی بە ڕووی زماندا. ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌ی كه هه‌وڵێك بوو بۆ كۆتایهێنان به فه‌لسه‌فه، ئه‌وه‌ش به‌ڕوونی لەگەڵ فەیلەسوفانی زمانشرۆڤەیی دەرکەوت، سەرەتا لە (جۆرج مۆر)و (بێرتراند ڕاسڵ)ـەوە ده‌ستیپێکرد، تا دەگات بە (ڤتگنشتاین) و پێشکەوتنەکانی دواتر دا كه له پۆزه‌تیڤیزمی لۆژیكی دا به‌رجه‌سته‌بوو، تا دواتر فەلسەفەی زمان بوو بە بابەتێک لە بابەتەکانی فەلسەفە، ئەو گرفتە زمانییانە دەخرانەڕوو، کە فەلسەفەی هاوچەرخ به تەوژمە جیاوازەکانیه‌وه باسی لێوەدەکرد.
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه (زەواوی بغورە) لە کتێبی فەلسەفەی زماندا باسیده‌كات، فەیلەسوفی ئیتاڵی (بیندیتۆ کرۆتچە)(1952 مردووه) یەکەم کەس بووە زاراوەی (فەلسەفەی زمان)ی بەکارهێناوە، لە کتێبێکیدا بە ناوی (هەوڵەکان لەبارەی ئێستاتیکاوە)، کە لەساڵی (١٩١٩) بڵاوبووەتەوە، بەشێک لە بەشەکانی ئەم کتێبەی ناوناوە (فەلسەفەی زمان)، پێیوابوو کە خوێندنی (فەلسەفەی زمان) پێویستە لە چوارچێوەی ئێستاتیکادا بێت، به‌ربنه‌مای ئه‌وه فەلسەفەی زمانی لە بواری هونەر و جوانیناسیدا قه‌تیسكرد، به‌شێوه‌یه‌ك زمان وه‌ك توێژینه‌وه‌یه‌كی جوانیناسانه ده‌توێژرێته‌وه. ئەمەش وامان لێدەکات کە تێبگەین بۆچی (بیندیتۆ) جەختی دەکردەوە سەر پێشنیارەکەی لەبارەی سروشتی جوانیناسیانەی زمانەوە، به‌شێوه‌یه‌ك پێیوابوو كه زمان ڕۆڵێكی ئاراسته‌كه‌ر ده‌گێڕێت له پرۆسه‌ی گه‌ڕانی جوانیناسانه دا، وه‌ك کردەیەکی فیکریی و داهێنەرانە له زمانی ده‌ڕوانی، ئەوە گرنگ نەبوو کە زمان پەیوەندی بە فیکرەوە هەیە یان نا، بەڵکو ئەوە گرنگ بوو کە پەیوەندی بە سۆز و هەستەوە هەیە، باشترین نواندنه‌وه‌ی ڕاستینه‌كه‌شی له شیعر دایه. فەیلەسوفی مارکسی ئەنتینۆ گرامشی بەتوندی ڕەخنەی لەم تێڕوانینە گرت، پێیوابوو دەبێت جەخت لە لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی زمان بکرێتەوە.
یەکەم کتێب کە بەتەواوی تەرخانکرابێت بۆ فەلسەفەی زمان، کتێبێکی (ئەلبێرت دۆزیە)یە لە ساڵی ١٩٢٠، تێیدا تابەتمەندییە گشتییەکانی زمان و ڕێساکانی گەشەسەندنی زمان و میتۆدە جیاوازەکانی زمانی شیکردووەتەوە. فەلسەفەی زمان لەگەڵ هاتنی قۆناغی فەلسەفەی شیکارییدا درەوشایەوە، بەتایبەت لەگەڵ کارەکانی (گڵۆتۆب فرێگە) لە بواری لۆژیکدا و پاشان کارە فەلسەفییەکانی نیچە، هەروەها لەگەڵ بارگۆڕینەکانی بوونگەرایی و شرۆڤەکاریی و زمانەوانیدا گەشەیکرد.
بۆچوونی جیاواز هەیە، سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری فەلسەفەی زمان، دەکرێ کۆی ئەو بۆچوونانە لەم چوار خاڵەدا کۆبکەینەوە:
1 - فەلسەفەی زمان، یەکێکە لە بابەتەکانی فەلسەفەی نوێ، کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت، بەڵام ئەم بۆچوونە پێیوایە، کە ڕیشەی فەلسەفەی زمان دەگەڕێتەوە بۆ هەنگاوە سەرەتاییەکانی فەلسەفه، كه سه‌باره‌ت بە سروشتی زمان و پەیوەندیی زمان بە فیکر و واقیعەوە خراوەتەڕوو، کە لە دەقەکانی (ئەفلاتوون و ئەرستۆ و فارابی و دیکارت و جۆن لۆک و نیچە و ڤتگنشتاین و گادامێر و درێدا و مێشێل فۆکۆ و کواوین...هتد)دەردەکەوێت، یان به دەربڕینێکی تر جیاوازی بۆچوونی فەیلەسوفانە لەبارەی زمانەوە، ڕوونتر بڵێین ئەم بۆچوونە پێیوایە کە فەلسەفەی زمان بەشێکە لە فەلسەفەی گشتی بۆ فەیلسوفەکان، ناتوانین پێگەیەکی تایبەتی پێببەخشین، کە توێژینەوە فەلسەفیە هاوچەرخەکانی پێیدا تێپەڕیوه.
٢- هه‌یه فەلسەفەی زمان کورتدەکاتەوە لە دەرکەوتنی فەیلەسوفانی زمان شرۆڤەیی، کە بە (جۆرج مۆر و بێرتراند ڕاسڵ و ڤتگنشاین) دەستپێدەکات، پێیوایە کە فەلسەفەی زمان بەهێزتر دەرکەوت لەگەڵ تەوژمی فەیلەسوفانی پۆزەتیڤیزمی لۆژیکی، هەروەها لەگەڵ تەوژمی قوتابخانەی ئۆکسفۆرد.
٣- هه‌شه فەلسەفەی زمان سنوورداردەکات لە تەوژمی هێرمۆنۆتیکادا، کە بە دەرکەوتنی (شلایەر ماخەر) بونیادنەری هێرمۆنۆتیکای نۆی دەستپێدەکات، تا دەگاتە (ولیەم دێلتای و هۆسرەل و هایدگەر و گادامێر و پۆل ڕیکور و درێدا). ئەم ئاراستەیە فەلسەفەی زمان لە کردەی تێگەیشتن و لێکدانەوە و هێرمۆنۆتیکا و مانادا قه‌تیسده‌كات.
٤- بۆچوونی چوارەمیش فەلسەفەی زمان کورتدەکاتەوە لە زمانەوانی نوێ‌دا، کە بونیادنەرەکەی (فردیناد دی سوسێر)ە و تا دەگاتە بینفێنست لەکۆتاییدا نەوام چۆمکسی، لەگەڵ وردبوونەوە لە میتۆدەکان و چەمکە زمانەوانییەکان.
بە تێڕوانیێکی فروانتر زاراوەی فەلسەفەی زمان وا دادەنرێ که ئەم دوو واتایەی هەیە:
واتای دەرەکی، زمان گوزراشتە لە بابەتێکی دیاریکراو، دادەڕێژرێ لەسەر بنەمای پەیوەندی زمان به باتەکانی ترەوە، وەکو؛ پەیوەندی زمان بە فیکرەوە، پەوەندی زمان بە جیهانەوە، پەیوەندی زمان بە واقیعەوه، په‌یوەندی زمان بە بوونەوە، پەیوەندی زمان بە کۆمەڵگا و دەسەڵات و ئایینەوە...هتد.
مانای ناوەکی، ئەم ئاراستەیە بۆ زمان، دەروازەیەکە بۆ لێکۆلینەوە لە خودی زمان ، یان کردنی زمان بە بابەتەتی خوێندن و لێکۆڵینەوە و لێوردبوونەوە.
سه‌رچاوه: