A+    A-
(316) جار خوێندراوەتەوە

     

 

 

 

پاش سەدان لاپەڕە گەیشتوویت بە کۆتایى ئەم کتێبە, بە ئەگەرى زۆریشەوە نیگات بۆ زۆرێک لە شتەکانى سەردەمەکە و خودى سەردەمەکە گۆڕاوە. پاش ئەم کتێبە, هەستدەکەین دونیا زۆر لەوە پەشێوتر و خێراتر دەجووڵێت کە ڕۆژانە وێناى دەکەین. ئەمەش عادەتەن جۆرێک لە نائومێدى و دەستەپاچەیى درووستدەکات. نائومێدییەکە تا ئەو جێیە دەڕوات کە چەمکى مرۆڤ-سوبێکتیش بەلاوەبنرێت: بەڵام ئاخۆ شتێک ماوە جێى ئومێد بێت؟ بەڵێ ماوە.

لەگەڵ ئەو گۆڕانە خێرایانەى کە بەسەر مرۆڤ و جیهانەکەیدا دێن, ئیشى فیکر و بیرکردنەوە ئەوەیە کەمێک خاوتر بێت. ناکرێت بیرکردنەوە بە هەمان خێرایى گۆڕانەکان بڕواتەپێشێ. ڕەنگە پێویست بکات هەوڵى خێرا بۆ دۆزینەوە و درووستکردنى ڤاکسینێک بدرێت, بەڵام بیرکردنەوەى خێرا لە جیهان سەردەکێشێت بۆ ژۆرنالیزم کە ناچارە شەووڕۆژ هەواڵى بەپەلە بەرهەمبێنێت. دیارە نوسەرى ئەم کتێبە لەم ڕاستییە تێدەگات و خەم بۆ خاووخلیچکیى سرووشتى بیرکردنەوە دەخوات, بەڵام مەرامێکى ترى لەمە هەیە و دەیەوێت لەڕێگەى کۆمەڵێک دەسەڵاتى باڵاى پراکتیکییەوە ڕێ لە زیانە گەورەکانى ئەم خێراییە بگرێت. ڕاستە ئێمە بەراورد بە هەندێک قۆناغى ناو مێژوو دەبینە هۆمۆدیۆس و مرۆڤەخوا, بەڵام لە ڕووە تیۆرییەکەوە ئێمە بەدەست نوقسانییەکى ناوەکییشەوە دەناڵێنین. ئێمە خاوەنى ئەو سوبێکتیڤیتەیەین کە لەگەڵ بەرەوپێشچوون و گۆڕانەکانیشدا, جۆرێک لە جێگیریى زاتییمان تیایە کە هەروا ئاسان وەرناگەڕێین بۆ شتێکى ترى جیا لە مرۆڤ. ئێمە لەم ساتانەشدا هەر خاوەنى هەست و کەفوکوڵ و چاوەڕوانى و پرۆژە زاتییەکانى خۆمانین. ژیژەک وتەنى ئێمە چەشنى تۆم و جێرى لەژێر کارەساتەکان و هەڵبەزودابەزەکان دەردەچین و بەیەکجارى نابینە تۆز و هەڵم و ڕابردوو. ڕاستە سوبێکتیڤیتە و پێگەى مرۆڤ هەستیارە, بەڵام هەر ئەم هەستیاربوونەشە وادەکات لە گۆڕانە ناقۆڵاکان تێپەڕێت و یەکسان نەبێتەوە بەوان. هەتا گەر ئێمە بخرێینە نێو پرۆسەى کۆپى و کلۆنینگیشەوە, ئەوا ئەوەى بەرهەمدێت بریتییە لە نوسخە نامۆکەمان نەک خۆمان. ژیژەک هاوکێشەى «ڕۆح, ئێسقانە» بۆ ئەم دۆخە بەکاردێنێت و ئێمە ئەودەم لەبەردەم نوسخە کۆپیکراوەکەى خۆماندا دەوەستین و دەڵێین: تۆ من نیت, تۆ ئێسقانەکەیت, پارچە ترازاو و نایەکانگیرەکەى منیت. بەم پێیە, گۆڕانەکانى سەر مرۆڤ شتێکى زاتى لە مرۆڤدا ناگۆڕن بەڵکو خەسڵەت و بارە ڕەمزییەکانى دەگۆڕن, توانست و ئیمکانە مێژوییەکانى دەگۆڕن, دەسەڵات و سنورى خەیاڵکردنەکانى دەگۆڕن...ئەوەى دەمێنێتەوە چاڵى سوبێکتیڤیتەى ئێمەیە و بەڕەهایى تایبەتە بە خۆمان. هەتا گەر جەنگى ئەتۆم هەڵگیرسێت و دوو کەس لەنێو خۆڵەمێشەکەدا بمێننەوە و سەیرى یەکتر بکەن ئەوا ئەو سەیرکردن و نیگایە چالاکییەکى سوبێکتیڤانەیە و ئەتۆم نەیتوانیوە لەناوى ببات. سوبێکتیڤیتە, بنکى بوونمانە و شتێک نیە هەروا ئاسان لەدەستبچێت. ڕەنگە بەشێک لە ویست و ئیرادەمان تیابچێت, بەشێک لە ئایدیاڵەکانمان بفەوتێت, بەشێک لە شارستانیەت بسڕدرێتەوە؛ بەڵام ئەوەى وەک ناوکێکى ڕەق دەمێنێتەوە سوبێکتیڤیتەمانە. سوبێکتیڤیتە بەو مانایەى کە جیهان لە چاوى مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ماناى هەیە. ئەم چاوە شتێک نیە لەژێر گۆڕانکارییە بێشومار و خێراکاندا کوێرببێتەوە. باشە بەڵام دیسان ئەمەش بەس نیە, چونکە کاتێک خەسڵەتە بارکراوەکان و کەلتورە کەڵەکەکراوەکان و بەرهەمە مرۆییەکانمان گۆڕانى بەسەردا هات, چى لە سوبێکتیڤیتەیەکى هەژار و بەتاڵ بکەین؟

جار هەیە دەوترێت پرۆژەکەى یۆڤال نوح, "کۆتایى مێژوو لەڕێگەى ئالگۆریتمەکانەوە ڕادەگەیەنێت". سوبێکت و ژیان تێکڕا وەردەگەڕێت بۆ ڕیزێک ختوە و هەنگاو و ئالگۆریتم و شتێک نامێنێتەوە بەناوى تەمومژ. یۆڤال بەو مێژوونوسە دادەنێن کە مێژوو بەهۆى ئالگۆریتمەکانەوە کۆتا پێ دێنێت. یان بەشێوەیەکى گشتى باس لەوە دەکرێت «مرۆڤ ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیاییە، سرووشت ئالگۆریتمە، دیاردە سرووشتییەکان ئالگۆریتمن و دەزگا و ڕێکخراوە حوکمی و ناحوکمییەکان و بگرە ژیانی مرۆڤەکانیش ئالگۆریتمن! ئەم وتانە و دەیان وتەی تری ھاوشێوە، لەلایەن کەسانی وەک ئیلیان ماسک و ڕۆیی کۆرزوێڵ و بیرمەندانی وەک دانیال دێنیت و نیک بۆسترۆم و ماکس تیمارگ و یۆڤاڵ نوح ھەرارییەوە دەھێنرێنەسەر زمان و پەرەیان پێ دەدرێت. دانیال دێنیت، لەکتێبی (لەبەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە؛ پەرەسەندنی زەینەکان) مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایۆکیمیایی کە لەچەند ئالگۆریتمێکی ئاڵۆز و وردی بایۆلۆژی پێکھاتووە وێنادەکات. لە دیدی دانیال دێنیتدا ھەستەکان، سۆزەکان، ئارەزووەکان، زمان، کارکردی کیمیاییانەی مێشک و کارکردی جەستە، ڕستێک ھەنگاوی یەک بەدوای یەکن و وەک ئالگۆریتمێک کاردەکەن و داتا و زانیارییەکان شیدەکەنەوە. دانیال دێنیت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بانگەشەیەی کە دەیکات، شێوازی کارکردی مێشکی مرۆڤ بە شێوازی کارکردی شاشەی موبایلی زیرەک یان شاشەی کۆمپیوتەر بەراورددەکات. دێنیت دەیەوێیت بڵێت کاتێک ئێمە بۆ نمونە بۆ گوڵێک دەڕوانین، لەڕاستیدا ئەوەی لەم کردەیەدا گرنگە و حەقیقەتی ھەیە و واقیعییە، بریتییە لە شێوازی کارکردی ھەنگاوبەھەنگاوی ئالگۆریتم - ئاسای ھەستەکان و مێشک». پرسیارێکى ڕادیکاڵ بشێت لێرەدا بیخەینەڕوو ئەوەیە: ئاخۆ مرۆڤ بەدرێژایى مێژوو بەپێى ئالگۆریتمێکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى کارى نەکردووە؟ ژاک لاکان دەیوت پانتایى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى, خۆى ماشێنێکە. مرۆڤەکانیش بەردەوام وەڵام بەم ماشێنە دەدەنەوە و لەژێر نیگا و ڕیزبەندیی دالەکان و یاساکانیدا دەژین. واتە کاتێک دونیایەکى بەناو ئالگۆریتمکراو دێت, ئەوا بیرماندەکەوێتەوە مرۆڤ خۆى لەناو کەلتور و کۆمەڵگا و شارستانیەتدا داشێکى ڕەمزى بووە, مۆرە و زارێکى جووڵێنراو بووە.

بۆیە دیسان لەبنەڕەتدا نیگەرانى ئەوەش نین کە ئالگۆریتمسازى کۆتاییمان پێ بێنێت. لە مێژووى بیرکردنەوە و بەتایبەت فەلسەفەدا, پرسى هۆ و ئەنجام(Causality), شتێکى نزیکتر و دەوڵەمەندتر بووە لە پرسى ئالگۆریتم. کاتێک بیر لە هۆکارى شتێک کراوەتەوە و حوکم لەسەر ئەنجامەکەى دراوە, ئەوا بیرخەرەوەى ڕیزبەندیى ئالگۆریتمەکان بووە. ڕاستە ئالگۆریتم لە پرسى هۆ و ئەنجامدا مرۆییانە و ناڕێک و تەئویلئامێز ئیشیانکردووە, بەڵام دەریشیدەخەن دیوێکى ماشێنى لە مێژوودا کاریکردووە. گەر ئالگۆریتم پەیوەندیى داتاکان و هۆ و ئەنجامەکانیان بپشکنێت, ئەوا ئالگۆریتمە سرووشتى و مێژوویى و مرۆییەکە خاوەنى دەوڵەمەندییەکى زیاترە و تا ئەمڕۆش درێژەى هەیە. ئایا ئەمڕۆ ئێمە لە پانتایى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورییدا, ئالگۆریتمە دێرینەکانى خۆمان پیادەناکەین؟ گەر بیشیسەلمێنین مرۆڤ بەپێى کۆمەڵێک ئالگۆریتم هەڵدەسێت و دادەنیشێت, ئەوا نابێت ئەو زیادە(surplus)ـەیەى مرۆڤ لەبیرکەین کە ڕیزبەندییەکە دەشێوێنێت و ڕەنگە ئەنجامێکمان هەبێت هۆى لەپشتەوە نەبێت و ڕیزبەندییەکە بقرتێنین(نمونە بۆ ئەمە زۆرە: ڕووداوى سیاسى و کۆمەڵایەتى و شەخسى بریتین لەو ئەنجامانەى کە هۆیەکى میکانیکى و بەئالگۆریتمکراویان نیە. یان نیگەرانییە وجودییەکان هیچ هۆیەکى ڕوونیان لەپشتەوە نیە کە مرۆڤ دەرهەق بە بوونى خۆى هەیەتى. یاخود پرسى وەهم ناچێتە ژێر قاڵبى ئالگۆریتمەوە و پرسێکى دەروونیى وەک ئیرەیى بریتییە لەو وەهمە بڵندەى کە مرۆڤ خۆیشى بۆى پۆڵێن ناکرێت).

یۆڤال باسى ئەوە دەکات کە دیزاین و پەرەسەندنى زیرەک, جێى پەرەسەندنى سرووشتى دەگرێتەوە. گەشەیەکى خێرا, جێى گەشەیەکى هێجگار هێواش دەگرێتەوە. ئاخۆ لە دۆخێکى وەهادا, ئێمە لەناو چەمکە کۆنەکاندا گیردەخۆین و ڕەقهەڵدێین, یاخود شتێکى وەک بەرەوپێشچوون ئەزمووندەکەین؟ چى دەبێت گەر ئەم گۆڕانکارییانە, بمانگەڕێننەوە بۆ نێو کاتیگۆرییە کۆنەکان و جۆرێک لە دووانەى شەڕ و خێر دووبارەکەینەوە؟ کاتێک دیوى نائۆرگانى و تەکنیکى, تێکەڵ بە دیوە ڕەمزى و مرۆییەکان دەبێت چى بەرهەمدێت؟ مناڵێکى کورد کە بەرهەمى پێشینەیەکى کەلتورى و مێژوویى درێژخایەنى پێش خۆیەتى, چۆن ئەم دیوە تەکنیکیى و سمارتە بۆ سەر خۆى زیاددەکات و چ جۆرە سوبێکتێکى لێ دەردەچێت؟ واتە گەر دیدگامان بۆ مرۆڤ, دیدێکى ئالگۆریتمییانە بێت, ئەوا پرسیارێکى لۆکاڵى دێتەکایەوە: گەر مرۆڤەخوا چارەنووسى مرۆڤ بێت لە ئاستى گشت و گەردووندا, ئەوا چارەنووسى ئەم مرۆڤە لۆکاڵییەى ئێمە چیى لێدێت کە سەرەنجام خاوەنى مێژوو و فەرهەنگى ناوەکیى خۆیەتى؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لەڕێگەى وردبینى و زانیارییەکانى نوسەرەوە دەتوانین بیرى تیابکەینەوە. پرسیارێک کە سنورى ئەم کتێبە و ئاسۆکانى تێدەپەڕێنێت. بەڵام هاوکات نابێت دیوە ڕۆشنگەر و هەڵتەکێنەرەکەى ئەم کتێبە بۆ کەلتورێکى کۆنەپارێز و ترسنۆکى وەک ئێمە لەبیرکەین. ئەو هەموو ڕازە ئایدیالیستییەى لە چەمکى مرۆڤ لاى ئێمە ئاڵاوە, بەشێکى زۆرى زیادەیە و تەنیا غروورێکى تڕۆهاتى بەرهەمهێناوە. مرۆڤى ئێمە خۆى بە جۆرێک لە مرۆڤەخوا زانیوە کە جیا بووە لەم مرۆڤەخوایەى کە یۆڤال نوح تەرحیدەکات. بۆیە ئەم ئایدیایە یارمەتیماندەدات لە مرۆڤەخوایەکى ئاسمانییەوە بۆ مرۆڤەخوایەکى ساکار و زەمینى هەنگاوبنێین. لە فیکرى خۆرئاواییشدا و بەپێى فەلسەفەى نیچە, بڕیار بوو پاش مردنى خودا, مرۆڤى باڵا بێتەکایەوە و جێى خودا مردووەکە بگرێتەوە و ئەو خەسارەتە قەرەبووبکاتەوە. بەڵام لەوێش هەر بەپێى نیچە, دوامرۆڤ پتر سەرى دەرهێناوە کە چێژ و ئایدیاڵەکانى خۆى لە تەکنیکەوە وەردەگرێت. مرۆڤێک کە ڕاڕا و بێ‌شەرم و نزمەئایدیاڵ‌ە. بڕیار نەبوو مرۆڤى باڵا پەڕینەوەیەکى بایۆلۆژى و تەکنیکی بێت, بەڵکو پەڕینەوەیە لە کۆمەڵێک بەهاوە بۆ کۆمەڵێک بەهاى تر. لەنێوان دوامرۆڤى خۆرئاوایى و مرۆڤە کوردییەکەدا, خاڵى هاوبەش هەیە و لە ئاستە گەردوونییەکەیدا سەر بە یەک کات و زەمەنین. بەڵام هاوکات پچڕانێک لەنێوان ئاستە گەردوونى و لۆکاڵییەکەدا هەیە و زانست بۆ دونیاى ئێمە کارکردى دیکەى هەیە.

ئەم بەرهەمە گرنگە یەکێکە لە بەرهەمە تیۆرییەکانى پرۆژەى نێگەتیڤ, لەو ڕووەوە بە گرنگى دەزانێت کە زانست لەڕێگەى زانستە مرۆییەکانەوە ڕەخنەبکات. زانستە مرۆییەکان, زمانێکى تیۆرى و ڕەمزى بۆ ڕەخنەکردنى زانست خۆى بەکاردەهێنن لە چاپە سرووشتى و تەکنۆلۆژییەکەیدا. ئەمەش بەشێکە لەو ئەرکەى کە عادەتەن پێشتر فەلسەفە لە ئەستۆى گرتووە. سەرەنجام بایەخى یۆڤال نوح هەراریش, لەوێدایە کە مەترسییەکانى داهاتووى سەر مرۆڤ لە پرۆژەیەکدا کۆدەکاتەوە و جۆرێک لە سەنتێزیش دەخاتەڕوو. سەنتێز بەو مانایەى کە شوێنپێى مێژوو هەڵدەگرێت و ئێستا و ڕابردوو و گریمانەکانى داهاتووش تێهەڵکێش بەیەکتر دەکات تا بەرچاومان ڕوونتر بێت. پرۆژەکەى یۆڤال جۆرێکە لە ببوون(بوون بە...), واتە جۆرێکە لە پرۆسە و صەیروورە و کۆتاییەکى کراوەى هەیە.  

 

 

 

 

* وەلید عومەر

 وتەى پاشەکى بۆ کتێبى هۆمۆدیۆس(مرۆڤەخوا)