A+    A-
(1,485) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

ئامادەکردنى: بۆتان بەختیار

 

 

 

 

میتۆدۆلۆژیا (methodology)

میتۆدناسى خۆى, کەرەستەى ناسینى هەر زانینێکە. وەکچۆن میتۆد خۆى کۆمەڵێک هەنگاوى ڕیزبەندانەیە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکى تایبەت. کۆمەڵێک ختووەیە بۆ ئاشکراکردنى مەجهولات و شتە نەزانراوەکان. میتۆدناسى, لە گرفتى میتۆدە جیاجیاکان دەکۆڵێتەوە کە چەندە بەکەڵکى فلان بوار دێن. ئەگەر میتۆد ڕێگاکە بێت, ئەوا میتۆدۆلۆژیا لێکۆڵینەوە لە ڕێگا جیاجیاکانى پشت میتۆدە جیاجیاکان. میتۆدی فەلسەفی [یان فەلسەفەی میتۆدۆلۆژیا] خوێندنەوەیە بۆ چۆنیەتيی کردنی فەلسەفە. دیدێکی هاوبەش و کۆمۆن لەنێوان فەیلەسوفاندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە فەلسەفە بە جیاوازيی شێوازی گەڕان بەدوای پرسە فەلسەفییەکاندا بەشبەشدەکرێت و جیاکاریی تیا دەکرێت. کەواتە میتۆدی جیاواز و هەمەچەشن هەن بۆ گەڕانی فەلسەفی. فەلسەفەی سیستماتیک، هەوڵی درووستکردنیی سیاق و کۆنتێکستێک دەدات کە هەموو ئەو پرسیارانە بورووژێنێت کە پەیوەستدەبنەوە بە ژیانی مرۆڤەوە. بەنمونە، فەلسەفەی ئەفلاتوون، ئەرستۆ، دیکارت و هیگڵ بەم چەشنە بوون. بە زۆر شێواز، هەر هەوڵێک بۆ فۆرمیولەکردنی میتۆدێکی فەلسەفی، کە سەروکاری لەگەڵ تەفسیری واقیع یان میتافیزیکدا هەبێت، دەچێتە ژێر باری فەلسەفەی سیستماتیک.[لێرەوە میتۆدۆلۆژیا بەشێکە لە فەلسەفەی سیستماتیک]. سەرەتای فەلسەفەی سیستماتیک لە فەلسەفەی مۆدێرندا، دەگەڕیتەوە بۆ سورێن کیرکەگارد و دواتر ڕیشەیکێشایە نێو بوونگەرایی و هێرمۆنۆتیک[تەئویل و ڕاڤەناسی] و هتد...

میتۆدەکان کۆمەڵێک خاسیەتی تایبەتییان هەیە، فەیلەسووفان پەیڕەویاندەکەن:-

  1. گومانی میتۆدی: پرۆسەیەکی سیستماتیکە کە گوومانگەر و سکێپتیکاڵە دەربارەی باوەڕی یەکێک.
  2. ئارگۆمێنت:  بەخشین و تەرحکردنی کۆمەڵێک ئارگۆمێتە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەیەک.

٣. دیالەکتیک: پێشکەشکردنی چارەسەر و ئارگۆمێنتەکانە بە فەیلەسوفانی دی، تاکو لەلایەن خۆیانەوە بڕیاربدەن.

 

 

تەکنۆلۆژیا(technology)

کۆکردنەوەی تەکنیکەکان، توانستەکان، میتۆدەکان و پرۆسەکانە کە بەکاردێن لە بەرهەمهێنانی شمەک یان خزمەتگوزارییەکان یان بەدیهێنانی ئامانجەکان، وەک لێکۆڵینەوەی زانستی. تەکنۆلۆژیا دەکرێت زانستی تەکنیک و پرۆسەکان بێت، یان دەکرێت بخرێنە مەکینەکان بۆ بزواندن بەبێ زانیاریی قووڵ بۆ ئیشکردنیان. سیستەمەکان(مەکینەکان) تەکنۆلۆژیا بە وەرگرتنی زانیاری بەکاردێنن، و دەیگۆڕن بەپێی بەکارهێنانی سیستەمەکە،  و دواتر بەرەنجامێکی دەبێت کە پێی‌دەوترێت سیستەمی تەکنۆلۆژیا یان سیستەمی تەکنۆلۆژی.

سادەترین فۆرمی تەکنۆلۆژیا گەشەپێدان و بەکارهێنانی ئامێرە سەرەتاییەکانە. دۆزینەوە پێش‌مێژووییەکەی چۆنیەتیی کۆنترۆڵکردنی ئاگر و دواتر شۆڕشەکانی چاخی بەردین، سەرچاوەکانی خواردنیان زیادکرد, و داهێنانی تایە و تەگەر یارمەتیی مرۆڤەکانی دا لە گەشتکردن و کۆنترۆڵکردنی ژینگەدا. پێشکەوتنەکانی مێژوو، وەک چاپەمەنی، تەلەفۆن و ئەنتەرنێت، ڕێگرییە فیزیکییەکانی لەبەردەم پەیوەندیگرتندا کەمکردووەتەوە و ڕێی بە مرۆڤەکان داوە لە ئاسێکی جیهانیدا بە ئازادی کارلێک بکەن.

تەکنۆلۆژیا چەندین کاریگەریی هەیە. یارمەتیی گەشەسەندنی ئابورییەکی سەرکەوتووتری داوە(وەک ئابوریی جیهانی) و چینێکی خۆشگوزەران درووستکردووە. زۆرێک لە پرۆسە تەکنۆلۆژییەکان پاشماوەی نەخوازراو بەرهەمدێنن کە (پیسبوون) ناویان دەرکردووە و سامانە سرووشتیەکانیان کەمکردووەتەوە بۆ ئازاری ژینگەی زەوی. داهێنانەکان هەمیشە کاریگەرییان لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگا هەبووە و پرسیاری نوێیان کردووە لە ئیتیک و ئەخلاقی تەکنۆلۆژیا. بۆنمونە هاتنەئارای بیرۆکەی کارامەیی لە بەرهەمهێنانی مرۆڤدا و بەرەنگاری بایۆ-ئێتیکی. دیبەیتی فەلسەفی لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا درووستبوون. بە ناڕازیبوونی ئەوەی کە ئایا تەکنۆلۆژیا بارودۆخی مرۆڤ دەباتەپێش یان خراپتری دەکات. نوێ-لودیزم، ئانارشی-پۆزەتیڤیستی و بزووتنەوە هاوشێوەکان ڕەخنەی بڵاوی تەکنۆلۆژیا دەکەن. دەڵێن زیانی بۆ ژینگە هەیە و خەڵک ئاوارەدەکات. ئایدۆلۆژیا هاوڕا و پاڵپشتیکەرانی تەکنۆلۆژیا وەک ترانس-هیومانیزم و تەکنۆ-پڕۆگرێسیڤیزم،  پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا بە قازانجی کۆمەڵگا و بارودۆخی مرۆڤ دەزانن.

 

کۆمەڵگای مەدەنی(civil society)

کۆمەڵگای مەدەنی، ئاماژەیە بۆ فەزایەک لە کردەی دەستەجەمعی کە لە دەوری کۆمەڵێک خواست، ئامانج و بەهادا دەسووڕێتەوە. کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێکخراوی خێرخوازی، ڕێکخراوی ژنان، ڕێکخراوی ئاینی، کۆمەڵەی پیشەگەری و سەندیکا و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی پێکدێت. کۆمەڵگاى مەدەنى نایەوێت هەروا سادە دەسەڵات بگرێتەدەست, بەڵکو چاودێریى دەسەڵاتى باو دەکات لە بەرژەوەندیى خەڵک و هاوڵاتى. زۆرجاریش چاودێرى دەوڵەتە تا دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانى, بەتەواوى پیادەنەکات. عادەتەن کۆمەڵگای مەدەنی بە سێکتەری سێیەمی کۆمەڵگا دادەنرێت، ئەویش دوای حکومەت و کاروباری بازرگانی؛ [واتە کۆمەڵگای مەدەنیی مانیفێستۆی خواست و داواکاری هاوڵاتییە]. زۆرجاریش وەک بونیادی کۆمەڵگای دیموکراتی سەیردەکرێت. چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەرستۆ، کە ئاماژە بوو بە کۆمەڵگایەکی سیاسی. ئەرستۆ پێی‌وابوو ئەم کۆمەڵگا مەدەنییە لەگەڵ دەوڵەت-شاری یۆنانیی هاوتەریب و چونیەکن. چەمکەکە لەلایەن نوسەرە ڕۆمانییەکانی وەک سیسێرۆوە بەکارهاتوو و دواتر چووەتە ناو گووتاری ڕۆژئاوایییەوە. کۆمەڵگاى مەدەنى, بەو مانایەى ئێستا بەکاردێت, کۆمەڵگایەکى مۆدێرنە.

 

 

(Prejudice)پێشداوەرى  

پێشداوەرى, یان حوکمى پێشوەخت, یان کەلەڕەقى لە حوکم و بۆچووندا. پێشداوەری, کەفوکوڵێکی عاتفییە بەرامبەر کەسێک بە هۆکاری پێگە و پلە و ڕەمزییەتەوە. واتە هەڵسەنگاندنی پێشوەختانە و عادەتەن ناباوە لە بەرانبەر پێگەی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، نەژاد، ئایین، سێکسواڵیتە و هتد تایبەتمەندیی کەسێتییدا. هەندێک کات ئاماژەیە بۆ باوەڕێکی دانەمەزراو، خز و پڕ لە درز و کەلێن. [وەک ''گواستنەوەی ڕەمزی''یش پێناسە کراوە]. یەکەمین توێژینەوەی سایکۆلۆژی لەسەر پێشداوەری، لە ساڵی ١٩٢٠ ئەنجامدرا. هەوڵێک بوو بۆ سەلماندنی باڵابوونی سپیپێستەکان { White supremacy}. بەڵام لە سییەکان و چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم تێڕوانین و دەلاقەیە گۆڕا، بەهۆی زیادبوونی هزریی دژەسامیبوون{Anti-Semitism} لەنێو ئایدۆلۆژیای نازیزمدا. لە هەمان کاتدا، تیۆریستەکان پێیانوابوو پێشداوەریی شتێکی پاتۆلۆژیک و نەخۆشخەرە. تیۆدۆر ئادۆرنۆ پێیوابوو پێشداوەری خەسڵەتی کەسایەتییەکی زۆردار و زاڵمە. ئادۆرنۆ بڕوای وابوو ئەو کەسەنەی خاوەن کەسایەتییەکی زۆردارن، زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە ببن بە تووشی پێشداوەرییەوە لە ئاست ئەو کەسانەی بارودۆخیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییان نالەبارە.

 

فاکت(Fact)

فاکت شتێکە کە سەروکاری لەگەڵ واقعێکی دەرەکییدا هەیە و ڕاستی و درووستیی هەر فاکتێک بە هەبوونی بەڵگە دەسەلمێنرێت. بۆ نمونە، کە دەڵێین هەر ڕستەیەک لە کۆمەڵیک وشە پێکدێت، ئەمە فاکتێکی زمانەوانییە {Linguistic fact} و کە دەشڵێین خۆر هەسارەیەکە، ئەمە فاکتێکی گەردوونناسییە{Cosmological fact}. کەواتە فاکت کوالیتییەکی مەعریفیی باڵاتری لە بیروڕا یان تەفسیر هەیە لەڕووی ئۆنتۆلۆژیی و بوونناسییەوە. لە میانەی کاری فەلسەفیشدا، فاکت دەبێتە چەمکێک کە پرسیار لە واقعێکی تەواو ئۆبێکتیڤ[دەرەکی] دەکات.

 

 

سوریالیزم(surrealism)

بزووتنەوەیەکی کەلتوری بوو کە دوابەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ئەورووپادا سەریهەڵدا. سوریالیزم بە کاری هونەریی بینراو و نوسین بەناوبانگن. هونەرمەندە سوریالیستەکان لە ڕێگەی تەن و بابەتە ڕۆژانەییەکانەوە، هونەرێکی خەمناک و دیمەنی نالۆژیکییان درووستدەکرد. تەشەنەیان بە کۆمەڵێک تەکنیکی هونەرییدا، کە لەڕێگەیانەوە نەست[نائاگایی] خۆی دەردەبڕیی. ئامانج لە سوریالیزم بە گوێرەی ئاندرێ بریتن، بریتییە لە: چارەکردنی ئەو دژبەریی و ناکۆکییانەیە کە لە نێوان خەون و واقعدا هەیە. واتە گۆڕینی دژبەرییەکان بۆ واقعێکی تەواو. ئاندرێ بریتۆن زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێت، سوریالیزم شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە. وەک دیارە لە سەدەی ڕابردوودا، بزووتنەوە سوریالییەکان دەچوونە پاڵ کۆمەڵێک ڕەوت و لایەنی تر، وەک کۆمۆنیزم و ئانارشیزم. دەوترێت چەمکی سوریالیزم بۆ یەکەم جار گیۆم ئەپۆلینێر بەکاریهێناوە، بەڵام سەرەتای سەرهەڵدانیی بزووتنەوەی سوریالی دەگەڕێتەوە بۆ پاش نووسینی مانیفێستۆی سوریالی لەلایەن بریتۆنەوە. سەنتەری بزووتنەوەکە شاری پاریس بوو، دواتر و لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە. کاریگەریکرد لە هونەر، ئەدەب، فەلسەفە، سیاسەت، فیلم و مۆسیقای زۆر لە وڵاتان.

 

دەوڵەت-شار(city-state- polis)

سیستمێکی سیاسییە کە تێیدا شارێک وەک سەنتەر و چەقی کاروباری سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیری خزمەتدەکات. لە مێژوودا، شارەکانی ڕۆما، ئەسینا و شارە ئیتاڵییەکانی سەردەمی ڕێنیسانس، دەوڵەت- شاربوون. لە ئێستاشدا، مۆناکۆ، سەنگافوورە و ڤاتیکان بە دەوڵەت- شاری مۆدێرن هەژماردەکرێن، سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک کێشە. لەناویاندا تەنها سەنگافوورە دەتوانێت بێ دەستتێکەڵکردنی دەرەکیی خۆی بەڕێوەبەرێت. سەنگافوورە خاوەنی دراو و سیستەمی میلیتاریی تەکنەلۆژیی خۆیەتی و دانیشتوانەکەی ٥.٧ کەسن.

 

دەوڵەت- شارە مێژووییەکان

دەوڵەت- شارە مێژووییەکان بریتین لە: شارە سۆمەرییەکانی وەک ئور و ئوروک، شارە میسرییەکانی وەک تیبس و مەمفیس، شارە یۆنانییەکانی وەک ئەسینا و سپارتا. ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیش سەرەتا وەک دەوڵەت- ساریک گەشەیکرد.

 

 

 

دەوڵەت-نەتەوە(nation-state)

سیستمێکی سیاسییە کە خەڵکانێکی زۆر لە دەوری ئاگایی[هۆشیاریی]، زمان و کەلتورێکی هاوبەشدا کۆدەبنەوە. دەوڵەت- نەتەوە ئایدیال[وێنەی باڵا]ی یەکبوونەوە و توانەوەی سنوری کەلتوری و سیاسییە. چەمکێکی تا ڕادەیەک لە چەمکی "وڵات" درووستترە، ئەویش لەبەرئەوەی وڵات پێویستی بە ڕەگەزێکی زاڵ نیە. نەتەوە وەک قەوارە و پێکبەستێکی نەژادی، دەکرێت گرووپی جیاواز و پەنابەری تێدابێت کە لە دەرەوەی دەوڵەت- نەتەوەدا دەژین.[بۆ نموونە کورد؛ نەتەوەیە بەڵام دەوڵەتی نیە، لە هەمان کاتدا ناوچەی جوگرافیی کوردان پەنابەری تێدادەژی].

 

 

 

پۆیسیس Poiesis

پۆیسیس لە فەلسەفەدا، بە مانای چالاکی کەشفکردن و پەردەلادانە لەسەر شتێک کە نەبووە و تۆ دەیهێنیتە بوون. بۆ نموونە، داهێنانی نووسین لەلایەن سۆمەرییەکانەوە پۆیسیسە، چونکە پەردەلادانە لەسەر فۆڕمێکی نوێی شارستانیەت. ڕیشەی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانیی و لەوێوە سەرهەڵدەدات.[بە واتای درووستکردن دێت To make]. لە ڕووی زمانەوانییەوە، هەندێکجار وەک پاشگر بەکاردێت و بە مانای فۆرمولەبوون و پێکهاتن دێت. وەک Hematopoiesis[درووستبوونی خانەی خوێن]. لە سیمپۆزیەمەکەی ئەفڵاتووندا، لە زاری دیۆتیماوە باس لە چۆنیەتی گەڕان بە دوای نەمریدا کراوە لەڕێی پۆیسیسەوە.[واتە، لەڕێی درووستکردنی نوێ و وەچەخستنەوەوە-کە جۆرێکە لە پۆیسیس- ویستویانە بە نەمریی بمێننەوە]. ئەفڵاتوون، سرووشت Physis بە بەرەنجامی پۆیسیس دادەنێت، لە کاتێکدا ئەرستۆ پێی وایە پۆیسیس لاساییکردنەوەی سرووشتە.