A+    A-
(1,379) جار خوێندراوەتەوە

کۆڤید 19 شێوازەکانی چاودێریکردن دەگۆڕێت

 

 

 

گفتوگۆیەک لەگەڵ یۆڤال نوح هەراری

و. سەرکەوت جەلیل

 

 

 

پێشەکیی وەرگێڕ

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نزیکەی 100 بۆ 120 ملیۆن هەلی کار، تەنیا لە بواری گەشتیاریدا، لە مەترسیدان. کوشتنی دەیان هەزار کەس، تووشبوونی ملیۆنان کەسی تر، داخستنی فڕۆکەخانە

و ئوتێل و بازاڕەکان، ڕاوەستانی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و دەیان پرس و پرسیاری تر، لێکەوتەی کۆڤید 19ن. مەترسییش واتە نەمانی کار، نەمانی سەرچاوەی بژێوی، لەوێشەوە نەمانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک. پەتا نوێیەکە دنیای خستە بەردەم ڕستێک ئاڵنگاریی تاقەتپڕووکێنەوە: کورت و پوخت پێی وتین، کەموکوڕیی گەورەمان هەیە و هەرچی زووە دەبێت چارەیان بکەین. گەورەترین مەترسی کە دەمێکە، زیاتر لە دوو دەیەیە لە ئاستی جیهانیدا درک و باس کراوە، پەرتبوونی نیزامی جیهانییە.

لە 1945 و پاش جەنگی جیهانیی دووەم، نیزامێکی نوێی جیهانی(World Order) لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکی جیهانیدا، کە نەتەوە یەکگرتووەکان(United Nations)ە، درووست بوو. لەو بوارەدا دەوڵەتانی بەشدار چارتەر یان دەستوورێکیان داهێنا، کە لەسەر بەشداریی ئازاد و یەکسانیی دەوڵەتانی ئەندام بنیاتنراوە. سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتان، مسۆگەرکرا. هەرچەندە ڕێکخراوەکە بەدەر نییە لە هەندێک لاوازیی بنیاتی، لەوانەش شێوازی پێکهاتنی گەورەترین و کاریگەرترین دەزگای ڕێکخراوەکە، کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە. بەڵام ڕێکخراوەکە، هەرچۆنێک بێت، سەرکەوتوو بوو لەوەی ڕێگە لە جەنگی تری جیهانی بگرێت. لەوەتەی ڕێکخراوەکە درووستبووە، جەنگ و ماڵوێرانی کۆتایی نەهاتوون، برسێتی هەر ماوە، کۆلێرا و سارس هەر هەبوون، پێشێلکردنی مافەکانی تاکەکەس و گەلان بەردەوامە. بەڵام لای کەمی زەمینەیەکی هاوبەشی کارکردن بوو، کە دەکرا لەوە زیاتر سوودی هەبێت. لە ئێستادا(لە ڕۆژئاوا نزیکەی 20 بۆ 25 ساڵ دەبێت) باس لە وردە وردە داڕووخان و داتەپینی ئەو نیزامە جیهانییە دەکرێت.

لە بواری قانونی و سیاسییەوە، گەرمترین دیاردە، پەرتبوون(Fragmentation)ی قانونی نێودەوڵەتییە. ئەم پەرتبوونە، کە تا ئێستا لە نێو کورددا نەبووەتە دیاردەی بەرباس، چەند شێوە و لێکەوتەیەکی هەیە. چیتر قانونی نێودەوڵەتی، قانونەکەی سەردەمی گرۆتیوس و کانت نییە، چیتر یەکەیەکی توندوتۆڵ و دامەزراوی وەک جاران نییە. بەڵکو کرۆکی پەرتبوونەکەی، وردوخاشبوونە، هەڵوەشانەوەیە بۆ کۆمەڵێک دیاردە و پارچەی بچووکتر. ڕاستە سەرجەمی بەشەکان لە بنەڕەتەکەوە ڕەوایەتی وەردەگرن، بەڵام سرک و یاخیشن. ئێستا ئیتر باسی قانونی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، قانونی پەنابەران، قانونی مرۆیی، قانونی جینائی، قانونی ئابووری و بازرگانی و چەندان لقەقانونی تری نێودەوڵەتی دەکرێت. لەم نێوانەدا هەندێک پرەنسیپی گرنگ و بەبایەخ هەر دەمێننەوە، بەڵام کار وا بڕوات، ئەوانیش دەکەونە بەر مەترسی. ئەم دیاردە قانونییە بەدەر نییە لە سیاقە گەورەکە، کە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. بەدەر نییە لە ئابوری، بەدەر نییە لە ئاسەوارەکانی جیهانگیری(Globalization) و لیبراڵیزم. تا 1945یش تەنیا دەوڵەت، ئەکتەری سەرەکی بوو لە قانونی نێودەوڵەتیدا. ئێستەش هەروایە، بەڵام بە هەمان ڕادەی پێشتر نا. ئێستا باسی تاکەکەس دەکرێت(بڕوانە بزووتنەوەی مافەکانی مرۆڤ، کە لە کرۆکدا بەرگرییە لە تاکەکەس)، باسی مافی ڕێکخراو و کۆمپانیا تایبەتەکانیش دەکرێت. بۆنمونە، نوێترین هەواڵی بواری قانونی نێودەوڵەتیی فەزا(Space Law) باس لە گۆڕانکارییەکانی قانونی ئەمەریکی و چەند وڵاتێکی تریش دەکات، بە جۆرێک کە لەمەودوا کۆمپانیا تایبەتەکان بتوانن بچنە فەزا و لەوێدا بۆ کانزا و کەرەستەی تری گرانبەها بگەڕێن و سوودەکەشی بۆ خۆیان بێت(ئەوەش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، کە ئایا لە قانونی فەزادا جێی دەبێتەوە یان نا؟). پەرتبوونی قانونی نێودەوڵەتی، دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرەلایەن و فرەڕەهەندە. لێرەدا بوار نابێت بە وردی باسی بکەم، بەڵام گرنگە بزانین وەها دیاردەیەک هەیە و کاریگەریی لەسەر ژیانی ئێمەش هەیە و دەشیبێت. دواجار لە هەناوی ئەم دینامیکیزمە ئاڵۆز و بەیەکداچووەدا، لەم سیاقە پێشتر-بارگاوییەدا ڤایرۆسێک دێت، کە هەمووان دەتۆقێنێت: کۆڤید 19 هات و ژیانی وەستاند، دەیان پرسیاری جدیی درووستکرد.

ڕەنگە گەورەترین پرسیار لە پەیوەست بەو پێشەکییەی سەرەوەدا، دەربارەی جۆر و ئاست و ڕادەی هاریکاریی نێودەوڵەتی بێت لە پێشگرتن و وەڵامدانەوەی پەتاکەدا. لە تەنگژەیەکی وا کوشندەدا، گومان لە چین دەکرێت زانیاری لە ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی شاردبێتەوە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بودجەی هەمان ڕێکخراو کەمتر دەکاتەوە. یەکێتیی ئەورووپا گلەیی ئەوەی لێ دەکرێت، کە وەک پێویست بەدەم ئیتاڵیاوە نەچووە. کۆڤید 19، بەو مانایەی سەرەوە، هێندەی تر پەرتی کردین، هێندەی تر دیاردەی پەرتبوونی زەق کردەوە؛ بگرە بردییە ئاست و بواری تریشەوە(لە خواوەرە یۆڤال باسی چاودێریی ناو-جەستەیی دەکات). ویستم ئەم چەند وشەیە بنووسم، تا خوێنەری ئازیز بزانێت، کە یۆڤال و ئەوانی تریشی باسی کۆڤید 19 دەکەن، لە چ سیاقێکدا قسە دەکەن. وەک هەمیشە، ڕەنگە هەندێک لە قسەکانی بە گوێچکە و زەینی ئێمەی کورد نامۆ بێت، بەڵام هەر دەبێت گوێ لە ڕیوایەتەکانی تریش بگرین، تا هیچ نەبێت بزانین لەو بەشەی تری دنیادا چ دەگوزەرێت. یۆڤال لەسەر چەند تەوەرێکی تریش قسە دەکات، بەڵام من لەم سەردەمی پەتایەدا، ئەوەم بە کرۆکی کێشە و پرسەکان بینی، بۆیە حەزمکرد ئاماژەیەکی پێ بدەم.

......................................................................................................................................

 

پرسیار: کاردانەوەی جیهان لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید 19دا چۆن دەبینیت لە ڕوانگەی ڕەفتاری مرۆییەوە، ئایا پێشبینیکراو بوو یان هەندەک سورپرایز هەبوون؟ مەبەستم لە کاردانەوە، چ لە ئاستی تاکەکەسدا و چ وەک حکومەتەکانیشە.

یۆڤال: لەلایەکەوە، بەراورد بە قۆناغ و سەردەمەکانی تری پێشووی مێژوومان، ئێستە لە دۆسیەی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکاندا، لە دۆخێکی باشترداین. وەک دەزانن، ئێستە سەدەکانی ناوەڕاست نییە، ئەم پەتایەش تاعوونی ڕەش نییە. بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا دەکەین. لەلایەکی تریشەوە، سرووشتی مرۆیی هەروەک خۆیەتی. ئەمەش واتە دوژمنی ڕاستەقینەی ئێمە، خودی ڤایرۆسەکە نییە، بەڵکو شەیتانەکانی ناخمانە، کینە و چاوچنۆکی و نەزانی. خەڵک لە ڕێگەی لۆمەکردنی بیانییەکان و کەمینەکانەوە، باسی ڤایرۆسەکە دەکەن. کۆمپانیاکانیش تەنیا بە دوای چنینەوەی داهات و قازانجی زیاترەوەن لە دۆخەکە. خەڵکانێکیش لەبری باوەڕهێنان بە زانست، باوەڕ بە هەموو جۆرەکانی تیۆریای پیلانگێڕی دەهێنن و بڵاویشی دەکەنەوە. لەم سۆنگە و ئاستەوە، لە سەروەختی سەدەکانی ناوەڕاست و تاعوونی ڕەشەوە، شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕاوە.

 

 

پرسیار: ئەم پەتایە لە کاتێکدا یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە، کە مەیلی نەتەوەپەرستی لە زۆر ناوچەی دنیادا، هەڵدەکشێت. ئایا ئەم پەتایە گوڕێکی تر بەو مەیلانە دەدات؟ ئایا پەرە دەستێنێت و دەگۆڕێت بۆ شتێکی تر؟ ئایا ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ چەپەکان؟

یۆڤال: وای نابینم. مەسەلە پەیوەستە بە بژاردە و بڕیارەکانمانەوە. داهاتوو حەتمی نییە. بەڵام پێویستە پەتاکە لە مەترسییەکانی نەتەوەپەرستیی توندڕەوانە، ئاگادارمان بکاتەوە. چونکە ئەمە تەنگژە و پەتایەکی گەردوونییە، کە دەکرێت تەنیا لە ڕێی هاریکاریی جیهانییەوە بەرەنگاری ببینەوە. نەتەوەپەرستی بوغزاندنی بیانییەکان نییە، بەڵکو خۆشویستنی هاونیشتمانییەکانی خۆتە. لە زۆر حاڵەتی وەک بڵاوبوونەوەی پەتاشدا، دەبێت لەگەڵ بیانییەکاندا هاریکار بیت تا بتوانیت هاونیشتمانییەکانی خۆت بپارێزیت. تەنانەت گەر بتوانیت هاونیشتمانییەکانیشت بپارێزیت لە کاتێکدا پەتاکە لە وڵاتێکی تردا بەردەوام بڵاوببێتەوە، هێستا مەترسییە لەسەر هاونیشتمانییەکانت. چونکە پەتاکە لە باریدایە کە خراپتر بگەڕێتەوە نێو وڵاتەکەت.

 

 

پرسیار: گەر نا سەرکێشیی ئەوە دەکەیت کە پێت بوترێت جیا لە هەموو دنیا دەخوێنێت و لەگەڵ جیهاندا رووبەڕووی پەتاکە نابێتەوە.

یۆڤال: بێگومان. ئەوەی بتەوێت یەکجاری سنوورەکانت دابخەیت تا خۆت بپارێزیت، بە ڕاستی بێمانایە. هیچ ئابوورییەکی سەردەمییانە ناتوانێت لە سایەی داخستنی هەمیشەیی و بەردەوامی سنوورەوە، درێژەی هەبێت. وەک مێژوونووسێک دەتوانم جەخت بکەمەوە، کە پەتاکان لێکەوتەی جیهانگەرایی و بازرگانیی مۆدێرن نین. پەتاکان زۆر پێش داهێنانی فڕۆکە و شەمەندەفەر و کەشتییە گەشتیارییەکان هەبوون.

 

پرسیار: دەڵێیت داهاتوو هی ئەوانەیە کە زانیارییان هەیە. ڕاستییەکەی، لە ئێستای جیهان و حکومەتەکاندا، بەتایبەت حکومەتە تۆتالیتارییەکان، زانیاری دەربارەی هەموومان کۆ دەکەنەوە. ئێمە خۆیشمان خۆبەخشانە ئەو زانیارییانە دەبەخشینە حکومەتەکان لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا. ئایا ئەمە هێندەی پەیوەستە بە ئازادییە تاکەکەسییەکان و ژیانی تایبەتمانەوە، مەترسیدار نییە؟

یۆڤال: کۆڤید 19 ئەکرێت خاڵی وەرچەرخان بێت، ساتی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بێت لە مێژووی چاودێریکردندا. چونکە شۆڕش و گۆڕینێکی گەورە بەسەر چاودێرییدا هاتووە: لە چاودێرییەکی دەرەکی(دەرە-جەستەیی)ەوە  گۆڕاوە بۆ چاودێرییەکی ناوەکی(ناو-جەستەیی). پێشتر حکومەتەکان دەربارەی کار و کردەوەمان زانیارییان کۆ دەکردەوە؛ کێ دەبینین، بۆ کوێ دەچین، سەیری کام بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی دەکەین. بەڵام ئێستا هاوکات بەم پەتایە، باری سەرنج گۆڕاوە بۆ گۆڕانکارییەکانی ناو جەستەشمان، وەک فشاری خوێن، پلەی گەرمیی لەش، ترپەی دڵ. دەکرێت ئەو زانیارییانە بۆ زانینی ئەوەی نەخۆشین یان نا، یان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی چاودێریی تەندروستیی باشتر، بەکار بهێنرێن. بەڵام گەر وریا نەبین، دەکرێت بە مەبەستی چەسپاندنی خراپترین ڕژێمی تۆتالیتارییش لە مێژوودا، بەکار بهێنرێن. ڕژێمێک کە نەک تەنیا چی دەکەین، بەڵکو دەزانێت هەست بە چییش دەکەین. ئەگەر تۆ زانیاریی پێویستت دەربارەی ناوەوەی جەستەی کەسێک هەبێت، دەکرێت ئەو کەسە باشتر لە دایک و هاوسەرەکەی، یان تەنانەت باشتر لە خۆیشی، بناسیت. ستەمکاران بە درێژایی مێژوو خەونیان بە وەها شتێکەوە بینیوە، بەڵام هەرگیز بۆیان نەچووەتە سەر(کۆڤید 19 ئەو خەونەی ستەمکارانیش بەدیدەهێنێت، کە هیوادارین وا نەبێت - وەرگێڕ).

 

 

پرسیار: تۆ خۆت مۆبایلی زیرەک بەکارناهێنیت. ئایا ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتیمان؟

یۆڤال: هێندەش کاریگەر نییە. من لەبەر کەمیی کات مۆبایلی زیرەک بەکارناهێنم. چونکە مۆبایلی زیرەک کاتی زۆرت لێ دەگرێت. منیش هەمیشە مێردەکەم مۆبایلە زیرەکەکەم بۆ هەڵدەگرێت و بەکاردەهێنێت، بۆیە هێندەش لە مۆبایلەکەوە دوور نیم. بەڵام سەرباری مۆبایلی زیرەکیش، هێشتا ئەگەری چاودێریکردنم هەیە. لە ئاستی کەسیدا خۆپاراستن زۆر قورسە، بۆیە پێویستە هەڵوێست و کاری بەکۆمەڵ(Collective)مان هەبێت. لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە و پەتاکانی داهاتووشدا، پێویستیمان بە ئامرازە نوێیەکانی چاودێری هەیە، بەڵام نابێت ئەرکی چاودێرییەکە بدرێتە دەست پۆلیس یان سوپا. چاودێری هەمیشە دەکرێت دووسەرە بێت: گەر چاودێرییەکی زیاتری خەڵک بکرێت، دەبێت بە هەمان شیوە چاودێریی حکومەتیش بکرێت، تا بۆ نموونە، گەندەڵی کەمتر بکرێتەوە. بەم شێوەیە بێت، هاوسەنگییەکمان دەبێت و لە مەترسیی هەر جۆرە تۆتالیتاریزمێکیش دوور دەبین.

 

 

پرسیار: ئێستە زۆر باسی دۆخی سروشتیی نوێ دەکرێت. ئایا منداڵانی ئێستە کە گەورە دەبن، بەفیعلی ڕەفتاریان جیاواز دەبێت لەوەی ئێستەی ئێمە؟ ئایا ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو؟

یۆڤال: منداڵانی ئەمڕۆ بە شێوەی جیاواز و لە کۆمەڵگەیەکی جیاوازیشدا، گەورە دەکرێن، بەڵام پێم وانییە هۆکارەکە کۆڤید 19 بێت. پێم وایە پەتاکە لە ئاستی دامەزراوەییدا، لە ئابووری و سیاسەتدا، زۆر گۆڕانکاریی گرنگ دەهێنێت. بەڵام لەلایەنی ڕەمەکی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەوە، پێم وانییە دۆخەکە زۆر بگۆڕێت. مرۆڤایەتی پێشتر پەتای زۆر لەمە خراپتری دیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی مرۆیی بە شێوەی جەوهەری، نەگۆڕا.

 

 

پرسیار: ئایا دەکرێت مرۆڤ ڕۆژێک بێت و بەبێ دین بژی؟

یۆڤال: وەڵامەکە پەیوەستە بەوەی چۆن دین دەناسێنین. دین مرۆڤەکان دایانناوە. بۆ خزمەتی خۆیشیان دایانناوە، بە درێژایی مێژووش لێیان گۆڕیوە. مرۆڤی وەک ئێمە نزیکەی پەنجا هەزار ساڵێکە هەین، هەموو دینە گەورەکانی ئەمڕۆشمان لە سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا سەریان هەڵداوە. ئەمەش واتە لە ڕوانگەی مێژووییەوە زۆر نوێن. مرۆڤەکان زۆر پێش دینەکان هەبوون و گەشەیان سەندووە، بۆیە هێندەش پێویستییان بە دین نییە. بەڵام پێویستییان بە جۆرێک سیستەمی ئیمانی یان ئەفسانەیی هەیە. چونکە هاریکاریی مرۆیی مەودا فراوان، لەسەر ئەفسانەیل یان چیرۆکەیلی هاوبەش بەندە. هەمان شت بۆ دین و بۆ ئابوورییش ڕاستە. ئابووریی سەردەمیش لەسەر کۆمەڵێک چیرۆک دەربارەی پارە یان کۆمپانیاکان، بنیاتنراوە. کۆمپانیاکان درووستکراوی خەیاڵیین، کۆمەڵێک چیرۆکن کە باوەڕیان پێ دەکەین. خۆ تۆ ناتوانیت دەست لە "گووگڵ" بدەیت، بۆنی بکەیت، تامی بکەیت، چونکە لە بنەڕەتەوە هیچ تامێکی نییە. ڕێک هەروەک خوداکان، ئەمانیش کۆمەڵێک چیرۆکی داهێنراوی خۆمانن. هەمان شت بۆ پارەش ڕاستە. وەها شتێکیش شەمپانزی ناتوانێت بیکات؛ شەمپانزی پارەی نییە. مەحاڵیشە بتوانیت گرووپێک شەمپانزی باوەڕ پێ بهێنیت کە دژی گرووپێکی تر بجەنگن، بەوەی بەڵێنیان پێ بدەیت گەر بجەنگن و بمرن، دەچنە بەهەشتی شەمپانزییەکانەوە کە مۆزێکی زۆری تێدایە. هیچ شەمپانزییەک باوەڕ بەم شتانە ناکات، ڕازیش نابێت لەسەر بنەمای چیرۆکەیلی لەو شێوەیە، ژیانی بکاتە قوربانی. کەچی مرۆڤەکان باوەڕ بەم چیرۆکانە دەکەن، بۆیە دەتوانن سوپا و ئیمپراتۆریا بنیات بنێن. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمەین حوکمی دنیا دەکەین، نەک شەمپانزییەکان.

 

 

پرسیار: دەڵێی کە مرۆڤی ئێستا دەیەوێت خەسڵەتی خودای هەبێت. بەڵام باوەڕ ناکەم مەبەستی تۆ خودا بێت بە مانا دینییەکەی، وەک ئەوەی مەسیحییەت باسی دەکات، کە هەموو شت بتوانێت و بخوڵقێنێت. بەڵکو مەبەستی تۆ بەدەستهێنانی زانیاری و زیرەکبوونی زیاتری مرۆڤە، لەگەڵ ئەوەی لە ڕێی زانستەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر بژی.

یۆڤال: سەرباری خەونی بەخودابوون، ئێمەی مرۆڤ گەرەکمانە لە ڕێی ئەندازیاریی جینەتیکی و زیرەکیی دەستکردەوە، هێزی خوڵقاندنمان هەبێت. چیتر تەنیا بە دوای بەدەستهێنانی هێزی خوڵقاندنی جۆری نوێی بوونەوەری زیندوو، یان داڕشتنەوەی ئەندازەی بوونەوەرە زێندووەکانەوە نین، بەڵکو ئەو هێزە بەدەست دەهێنین. لە هەموو ئەفسانەکاندا، کارێکی وا بە توانایی ئیلاهی دادەنرا.

 

 

پرسیار: لە کتێبی "هۆمۆدیۆس(مرۆڤەخوا)"دا باسی مەرگ و نەمری دەکەیت، کە چۆن زانایانی ئێستا وەک هەڵەیەکی تەکنیکی باسیدەکەن کە دەکرێت بەسەریدا زاڵ بن. ئەوان پێیان وایە کە مرۆڤ دەکرێت نەمر بێت. باسی فشار و ئاڵنگارییەکانم بۆ بکە لە حاڵەتێکدا ئەمە بەفیعلی بەدیبێت.

یۆڤال: نەمریی مرۆڤ لە چەند ساڵی داهاتوودا بەدی نایەت، بۆیە پێویست ناکات لێی بتۆقین. بەڵام گۆڕانی بیرکردنەوەمان لەو بارەیەوە، ڕاستەقینەیە. لە بەشێکی زۆری مێژوودا، مەرگ چارەنووسی مرۆڤ و بەشێک لە پرۆژەیەکی ئیلاهی بوو. بۆیە داناکان هەوڵیان نەدەدەدا بەسەریدا زاڵ ببن، بەڵکو دەیانویست لێی تێبگەن و تەفسیری بکەن. وەک هەمیشە مانای ژیان پاش مردن ڕوون دەبێتەوە. لە هەندێک ئاینی وەک مەسیحییەت یان هیندۆیزمدا، بەبێ بوونی مەرگ، ئاینەکە چ مانایەکی نابێت. لە چەند سەدەی ڕابردوودا، ئایدیاڵی کۆمەڵگە نوێیەکان گۆڕاوە. خەڵک وردەوردە زیاتر وەک کێشەیەکی تەکنیکی لە مەرگ دەڕوانن، کە مرۆڤەکان بتوانن چارەسەری بکەن. چیتر مرۆڤەکان نامرن چونکە ڕێسا سرووشتی و ئیلاهییەکان وا دەخوازن، بەڵکو بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە دەمرن، وەک ئەوەی ڤایرۆسێک لە سییەکاندا تەشەنە بسێنێت. بەپێی زانستیش، هەموو کێشەیەکی تەکنیکی، چارەیەکی تەکنیکیی گریمانکراوی هەیە. ئەمەش هاوکات بوو بە شۆڕشێکی ئایدیۆلۆجی. ڕستێک ئایدیۆلۆژیای نوێی وەک سۆسیالیزم، لیبراڵیزم، فێمینیزم سەریانهەڵدا، کە ڕووداو و وردەکارییەکانی پاش مەرگیان هیچ بۆ گرنگ نییە. پاش پەنجا، سەد یان دووسەد ساڵ، ڕەنگە زانست بگاتە ئاستێکی هێندە پێشکەوتوو، کە مەرگ چارەنووسێکی حەتمیی هەموو مرۆڤەکان نا، بەڵکو تەنیا چارەنووسێکی گریمانکراو بێت. ئەمەش ڕەنگە شتێکی زۆر باش نەبێت، چونکە زۆرینەی خەڵک لێی بێبەش دەبن، بۆیە زۆریش تووڕە دەبن. چونکە دەزانین بە درێژایی مێژوو، مەرگ دۆستێکی خۆشەویست بووە، چونکە بەرۆکی دەوڵەمەندەکانیشی گرتووە. ئەگەر دەوڵەمەندیش بیت و هەلی ژیانی هەتاهەتاییت هەبێت، ئاستی دڕدۆنگییت زیاتر هەڵدەکشێت.

 

 

پرسیار: باسی هەستەکانی وەک تووڕەیی و ڕقم بۆ بکە. پێت وایە ڕیشەی هەموویان بایۆلۆجییە؟ ئەی خۆشەویستی چی؟ ئایا هیچی تایبەت دەربارەی خۆشەویستی هەیە، یان ئەویش هەر پرسێکی بایۆلۆجیی ڕووتە؟ چونکە دەزانم خۆت هاوسەرت هەیە و بەختەوەریشیت.

یۆڤال: هێندەی دەزانین، خۆشەویستی بابەتێکی بایۆلۆجییە و هیچی تر. ئەوەش نکۆڵیی لە بوونی هۆش و هەست و سۆز ناکات، چونکە ئەوانەش بەشێکن لە بایۆلۆجیمان و لەوەشدا لەگەڵ ئاژەڵەکانی تردا هاوبەشین. بێگومان خۆشەویستی هەیە، بەڵام خەسڵەتێکی تەنیا مرۆڤەکان نییە، بەڵکو ئاژەڵەکانی تریش هەمان هەستیان هەیە.

 

 

پرسیار: با بینە سەر باسی سیاسەت. پێت وایە کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان چارەسەر ببێت؟

یۆڤال: ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیلی-فەلەستینی هەیە. بابەتەکە پەیوەستە بە هەبوونی هاندەرێکی مرۆییەوە. پرسەکە وەک کێشەیەکی بیرکارییانە نییە، کە بیرکاریزان بێژێت هەوڵی چارەسەرکردنی داوە و شکستیهێناوە. هەندێک کێشەی ئاوا بێ چارەسەر لە بیرکاریدا هەن، بەڵام وەها شتێک لە سیاسەتدا مەحاڵە. دەکرێت هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن، تەنیا ئەگەر هاندەرێک هەبێت بۆ ئەوە. ناکۆکیی مرۆڤەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، پەیوەندیی بە خاک و خۆراکەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە چیرۆکەکانەوە. ئەو چیرۆکانەی خۆمان دامانهێناون و باوەڕیان پێ دەکەین و دەبنە ناسنامەشمان. بە مەبەستی بەراوردکاری، نموونەیەک دەهێنمەوە. پێش سەد ساڵ، ئەوروپییەکان لە هەردوو جەنگە جیهانییەکەدا بە ملیۆنان لە یەکتریان دەکوشت. ئێستا بە ئاشتی دەژین. ئەمەش بۆچی؟ ئایا بەهۆی بەدەستهێنانی خاکی زیاترەوەیە کە دەوڵەتان بتوانن لە نێو خۆیاندا بەشی بکەن، بەوەی بۆ نموونە هەندێک خاکی زیاتر بدەنە ئەڵمانەکان یان فەرەنسییەکان تا بە خۆشی بژین؟ نا، ڕێک بەپێچەوانەوە. ڕاستییەکەی، لەمڕۆدا ئەوروپییەکان بەراورد بە سەد ساڵ پێشتر، خاکێکی زۆر کەمتریان لە ژێر دەستە. چیتر ئیمپراتۆریایان نییە، کەچی بە ئاشتی دەژین. بۆچی؟ چونکە توانییان چیرۆکێکی هاوبەش دابهێنن، کە لە باریدا بێت هەموو گەلانی ئەوروپی (ئەڵمانی و فەرەنسی و بەریتانی و ئیتاڵی و...) کۆبکاتەوە تا بتوانن بە ئاشتی بژین. وەک خۆم هیوادارم شتێکی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکانیشدا بێتە ئاراوە. پێم وانییە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەها داهێنانێک ببینین.

 

 

پرسیار: ڕات لەسەر بردنی خاکی زیاتری کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە، چیە؟

یۆڤال: دەبێت چاوەڕێ بین و بزانین ئایا بە ڕاستی ئیسرائیل خاکی زیاتری کەرتی ڕۆژئاوا داگیر دەکات یان نا. بەڵام گەر ڕاست بێت، بە هەنگاوێکی ترسناکی دەبینم. نیزامی جیهانی لە 1945ەوە لەسەر کۆمەڵێک قانونی بنەڕەتی بنیات نراوە. یەکێک لەو قانونانە، ڕەنگە گرنگترینیشیان بێت، قەدەغەکردنی گۆڕینی سنوور یان داگیرکردنی خاکە لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە. هەرچەندە لە 1945ەوە چەند جارێک ئەو قانونە پێشێل کراوە، بەڵام کەمتر لە هەر قۆناغێکی تری مێژوومان. هەندێک وڵات ڕووخان یان دابەش بوون، وەک یەکێتیی سۆڤیەتی یان یوگۆسلاڤیا، بەڵام ئەوەیان بە هەڵوەشانەوەی وڵات بوو بەسەر بەش و پارچەکانیدا، نەک لە ڕێی داگیرکردنی بیانییەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، مەیلێکی زۆر نیگەرانکەرمان لە پشتگوێخستن یان پێشێلکردنی ئەو قانونە بنەڕەتییەدا، بینی. جا لەلایەن ڕوسیاوە بێت لە کرێمیا(ئۆکرانیا)، یان ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان(ی فەلەستین)دا (یان لەلایەن تورکیاوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا-ڕۆژاڤادا- وەرگێڕ). مەترسییەکە ئەوەیە، گەر زیاتر و زیاتر ئەو قانونە پێشێل بکرێت، جیهان دەگەڕێتەوە قۆناغی پشێویی. دەترسێم جووڵە تاکلایەنەکان، وەک بردنی بەشی زیاتری خاکە داگیرکراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەشدار بن لە سەرلەنوێ خزانی مرۆڤایەتیدا بۆ دۆخی جەنگەڵ. ئەوەش نەک تەنیا بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی جێی داخ دەبێت.

 

 

پرسیار: کتێبی "سەیپێنز" کە بۆ چەندان زمانی دنیا وەرگێڕدراوە، ئێستە بە عەرەبی هەیە. چاوەڕێی چ جۆرە پێشوازییەکیت؟

یۆڤال: ڕاستی، کۆمەڵێک فیدباک و کۆمێنتم لەلایەن خوێنەرانی جیهانی عەرەبی و وڵاتانی تری ئیسلامیی وەک ئێران و تورکیاوە پێ گەیشتووە، کە تا ئێستە زۆر ئیجابیین. خەڵکی لە سەرانسەری دنیاوە بایەخ بەم پرسانە دەدەن. من هەوڵدەدەم تێڕوانینێکی مێژوویی پێشکەش بکەم، کە تایبەت نەبێت بە وڵات، گەل یان کەلتوورێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو بە هەموو مرۆڤایەتییەوە. لە زۆربەی وڵاتاندا، خەڵک تەنیا دەربارەی مێژوو و کەلتووری خۆیان فێر دەکرێن. ئەوەش کێشە نییە، بەڵام بەسیش نییە، چونکە ئێستە هەموومان لە یەک جیهاندا دەژین. چارەنووسیشمان بەندە بە ڕووداوەکانی بەشەکانی تری ئەو جیهانەوە، لە چین و ئەمەریکاوە تا وڵاتانی تریش. بۆیە خەڵک پێویستییان بەوەیە بە باشی لە مێژووی جیهان تێبگەن، نەک تەنیا مێژووی لۆکاڵی یان نەتەوەیی خۆیان. هیوادارم عەرەبەکانیش هەروەک چینی و ئەوروپییەکان، بایەخ بەو پرسە بدەن، چونکە کاریگەریی ئەوان لە جیهاندا، هیچی لە گەلانی تر کەمتر نییە.

 

 

پرسیار: وەک خۆم پێم سەیر بوو کە زانیم لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا هەیە. ئایا بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی ئاسان بوو؟

یۆڤال: چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانم لە جیهانی عەرەبیدا، ئاسان نییە. تیمەکەمان نزیکەی حەوت هەشت ساڵ بە دوای چاپخانەیەکی عەرەبیدا گەڕان. دۆزینەوە و پەیداکردنی چاپخانە لە چەند وڵاتێکی تری ئیسلامی، وەک تورکیا، ئیندۆنیسیا، ئازەربایجان ئاسان بوو. بەڵام لە جیهانی عەرەبیدا، لە چەند وڵاتێکدا وەک لوبنان، کوەیت، سعودیە گەڕاین. بۆیان گرنگ بوو، بەڵام کاتێک زانییان نووسەرەکە ئیسرائیلییە و خۆیشی لە قەرەی بابەتەیلی هەستیاری وەک دین و پەرەسەندن دەدات، ڕەتیان کردەوە. بۆیە ناچار بووین لەگەڵ چاپخانەیەک لە هندستاندا، ڕێک بکەوین. واتە کتێبەکە لە هندستان چاپ دەکرێت، بەڵام دەهێنرێت و لە جیهانی عەرەبیدا دەفرۆشرێت.

 

 

 

 

سەرچاوە: کەناڵی بی.بی.سی لە یوتیوب

https://www.youtube.com/watch?v=5MtYb6etIP8&app=desktop