A+    A-
(1,763) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

ئامادەکردنى بۆتان بەختیار

 

 

 

 

ئۆنتۆلۆژیا(بوونناسى, Ontology)

ئۆنتۆلۆژیا خوێندنەوەی فەلسەفییانەی "بوون"ە.  بە مانا فراوانەکەی، خوێندنەوەیە بۆ ئەو ئایدیا و چەمکانەی ڕاستەوڕاست پەیوەستدەبنەوە بە بوونەوە. شتەکان بۆ هەن لەجیاتیى ئەوەى نەبن؟ بوونى شتێک بە ماناى چى دێت؟ بوون بەسەر چەند کاتیگۆرییدا دابەشدەبێت؟ لەو چەمک و دوالیزمانەش کە لە ئۆنتۆلۆژیادا وەک چەمکى بنەڕەتى بەکاردێن بریتیین لە: بەش و گشت, ئایدیالیزم و ماتریالیزم, جەوهەر و عەرەز(ڕووخسار), بوون و ماهیەت, ئەبستراکت و کۆنکرێت, جەبر و ئیختیار و هتد. لە سەدەى بیستدا, بوون پەیوەستدەکرێت بە دەرکەوتن و فینۆمینەبوونەوە. [بۆنمونە خوێندنەوەیەکی فینۆمینۆلۆژییانەیە بۆ بوون. ڕاستەوخۆ لە بوون خۆی دەکۆڵێتەوە. مارتن هایدگەر ئەم میتۆدەی بەکارهێنا و ناوینا "ئۆنتۆلۆژیای بنەڕەتیی". و]. ئۆنتۆلۆژیا, بە مانا تەقلیدییەکەی دەچێتە ژێر باری یەکێک لە لقە گەورەکانی فەلسەفە، کە میتافیزیکە. چەمکەکە لەبنەڕەتدا لە دوو وشە پێکدێت، ontos و logos کە ڕیشەیان دەگەڕیتەوە بۆ زمانی یۆنانی. ئۆنتۆس واتە بوون و لۆگۆس واتە زانست. پێکەوە هەردووکیان دەبنە بوونناسی. هەرچەندە ئێتیمۆلۆژیا و ڕیشەی چەمکەکە یۆنانییە، بەڵام سەرەتا لە زمانی لاتینیدا دەرکەوت. لە ساڵی ١٦٠٦دا لە کارەکانی یاکۆب لۆرهارددا دەرکەوت. سەرەتای دەرکەوتنی چەمکەکە لە زمانی ئینگلیزییدا[بەپێی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد؛ چاپی ٢٠٠٨]، دەگەڕیتەوە بۆ جیدیۆن هارڤی. فەیلەسوف هەیە بوون بۆ یەکێتى و کۆیەکى یەکانگیر دەگەڕێنێتەوە و هەشە بوون بۆ فرەیى دەگەڕێنێتەوە. هەیە بۆ جووڵە و هەشە بۆ نەگۆڕان دەیگەڕێنێتەوە.

 

 

 

 

 

 

تیۆلۆژیا(یەزدانناسى, لاهوت, theology)

تیۆلۆژیا خوێندنەوەیەکی سیستماتیکیی سرووشتی پیرۆزە. کنە و پشکنینى بەڵگە و بورهانە لەمەڕ خوا و پرسەکانى تایبەت بە خوا. بە مانایەکی فراوانتر، خوێندنەوەی باوەڕی ئایینییە. وەک نەزمێکی ئەکادیمیی دەوترێتەوە لە زانکۆ و سیمینارەکاندا. تیۆلۆژیا خۆی لە شیکاری سەروو-سرووشت پڕدەکات، بەڵام لەگەڵ ئەپستمۆلۆژیای ئایینی و بەدوای وەڵامی پرسیاری وەحی بۆ هاتندا دەگەڕێت. لە کاتێکدا تیۆلۆژیا وەرگەڕاوەتە سەر پانتاییەکی سیکۆلار، بەڵام هێشتا پیاوانی ئایینی تیۆلۆژیا وەک نەزمێک دەبینن کە هاوکاریان دەبێت لە تێگەیشتن لە چەمکەکانی وەک ژیان و عەشق و گوێڕایەڵی بۆ فەرمانی ئیلاهی. تیۆلۆژیا لە زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە. لە دوو بەش پێکدێت: ثیۆس و لۆگۆس. ثیۆس واتە خوا و لۆگۆس واتە زانست. سەرەتای بەکارهێنانی چەمکەکە لە زمانی ئینگلیزییدا دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١٣٦٢. مانای چەمکەکە لە زمانی ئینگلیزییدا هەمای مانای چەمکە یۆنانییەکەی هەیە. زیاتر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و لە سەردەمی دەسەڵاتی کاتۆلیکیدا بەکاردەهات.

تیۆلۆژیای مەسیحی:

خوێندنەوەیە بۆ باوەڕ و پڕاکتیکی مەسیحیی, بیرۆکەى سیانى(تثلیث), مەسیحناسى. ئەم خوێندنەوە زیاتر پشت بە پەیماننامەی کۆن و تازە دەبەستێت.

تیۆلۆژیای ئیسلامی

ئارگۆمێنتسازی تیۆلۆژیای ئیسلامی هاوشانی تیۆلۆژیای مەسیحییە، باڵام پەیدەوترێت زانستی کەلام. تیۆلۆژیای ئیسلامی زیاتر بەراوردکاریی و لەکۆڵینەوەیە لە شەریعە و فیقهه.

 

 

 

 

 

تیلۆلۆژیا(teleology)

تێلۆلۆژیا(غایەتناسى), هۆکار یان تەسنیفی شتێکە وەکو کارکردی ئامانجەکەی. چەمکی تیلۆلۆژیا لە دوو بەش پێکدێت: تێلۆس لەگەڵ لۆگۆس،کە ڕیشەیان دەگەڕیتەوە بۆ زمانی یۆنانیی. تێلۆس واتە ئامانج و لۆگۆس واتە تەسنیف و شەرح. تێلۆلۆژیای سرووشتی،- کە باوبوو لە فەلسەفەی کلاسیکدا، بەڵام ئێستا بابەتێکی مشتومئامێزە-، مشتومری ئەوە دەکای کە قەوارە سرووشتییەکان ئامانجی زەینی و ناوەکییان هەیە، بێ گەڕانەوە بۆ بەکارهێنان یان دیدی مرۆڤەکان. بۆ وێنە، ئەرستۆ دەڵیت: ئامانج[تێلۆس]ی تۆوی دار بەڕوو ئەوەیە کە ببێتە داربەڕوویەکی گەورە و پێگەیشتوو. هەرچەندە دواتر تێلۆلۆژیای سرووشتی لەلایەن ئەتۆمیستەکانەوە ڕەتکرایەوە. هەژمارە تێلۆلۆژییەکانی سرووشتیی نامرۆیی، لە فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەدوداچوونی بۆ کرا، بەڵام لە مۆدێرنەدا وەلاخران. تێلۆلۆژیا لەلایەن هەردوو فەیلەسووف  ، ئیمانوێل کانت و هیگڵەوە بەکاربران.

دەرکەوتنی تێلۆلۆژیا دەگەڕیتەوە بۆ نەریتیی فەلسەفەی ئەرستۆیی. بەڵام دواتر لەلایەن کانتەوە گەڕان بە دوای حیکمەتی تێلۆلۆژیا دەستیپێکرد و دواتر بووە بەشێک لە فەلسەفەی هیگڵ و قووتابخانە هیگڵییە نوێیەکان. بەڵام هەندێک پێیان وایە جیاوازیان لەگەڵ تیۆرەکەی داروین، ماتریاڵیزمی دیالەکتیکی مارکس و ئەنگڵس و فەلسەفەی شیکاریدا هەیە. ئاگایی تاک، لە پڕۆسێسی گەیشتن بە ئۆتۆنۆمی و ئازادی، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعێکی ڕووت: شوناسە دەستەجەمعییەکان.