A+    A-
(486) جار خوێندراوەتەوە

زستانی هیومانیزم و پرسی کۆتایی مرۆڤ لە وێرانەشاری تەکنۆلۆژیادا

 

 

 

 

 

"مرۆڤ داهێنراوێکی تازەیە، کە وردە وردە بەرەو مەرگ ملدەنێت"

میشێل فۆکۆ

 

 

 

نوسینى: وریا ئەحمەد

 

 

 

 

پەیامبەرانی دونیای تەکنۆلۆژیا

لە سیاقی کتێبی (لەبەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە پەرەسەندنی زەینەکان)ی دانیال دێنیت(Daniel Dennett)دا، بەر جۆرە دەربڕینێکی ڕووشێنەر دەکەوین. گوزارەی "مرۆڤ ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی ماوەبەسەرچووە"، دەشێت بریندارکەربێت. بەدێوێکی تردا، ئەم دەربڕینە بایۆلۆژییە هێمایە بۆ گریمانەی مەرگی مرۆڤ. یان ڕوونتر بدوێین، دەشێت هێمابێت بۆ ئەو گریمانە داتاییستیەی، کە باس لە نەمان و کاڵبوونەوەی ڕۆڵە مێژوویەکەی مرۆڤ دەکات. داتایستەکان و هەوادارانی ئینفۆتەکنەلۆژیی، بەتایبەت بیرمەندانی وەک ڕۆی کۆرزوێڵ(Ray Kurzweil) و جۆن گرای(John Gray)، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، گوایە لەسایەی پرۆژەی "بەئینتەرنێتکردنی هەموو شتەکان_internet of all things" و لەحزووری ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکاندا، ئەرک و بەرپرسیاریەتی مرۆڤ کۆتایی پێدێت. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ لەڕووی مەعریفیەوە، ڕێیتێدەچێت ئەم دەربڕینە بایۆلۆژیە بە پرسی "مەرگی مرۆڤی مۆدێرن" لای میشێل فۆکۆ، بەراوردبکەین؟ ئاشکرایە ڕیشەی "مەرگی مرۆڤ" لای فۆکۆ، دەچێتەوە ناو تێزی "مەرگی خودا"ی نیچە. لەدیدی فۆکۆدا، مەرگی خودا لەلای نیچە، نەفیکردن و سڕینەوەی ئاسۆ میتافزیکیەکان دەگەیەنێت، لەقۆناغی دوای ئەمەشدا، مەرگی خودی مرۆڤ وەک سوبێکت دێت. واتە فۆکۆ لەوباوەڕەدابوو، ئەوە خودا نیە، کە دەمرێت، بەڵکو ئەوە سوبێکتی مۆدێرنەیە، کە لەپێگەی بکوژی خودادا، دەمرێت و کۆتایی پیدێت. کاتێک نیچە و فەیلوسوفانی پۆستمۆدێرنە، "مەرگی خودا" و "مەرگی مرۆڤ" وەک کۆنسێپت داخڵ بە فیکری خۆرئاوادەکەن، بەدوایدا خۆبەخۆ ڕۆڵە مێژوویەکەی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرنیش نەفی دەکەن. بگرە مەرگی مرۆڤی مۆدێرن ڕادەگەیەنن و بۆ ئاواکردنی دونیای نوێ و ئافەراندنی مانای نوێ، چاو لە مرۆڤی مۆدێرن دەپۆشن. نیچە ئەم ئەرکە بە "مرۆڤی باڵا" دەبەخشێت. مرۆڤێک، کە مرۆڤبوونی بەمانا مۆدێرنەکە، تێپەڕاندووە. لەسیاقی ڕاڤە داروینیەکەشدا، کاتێک کەسانی وەک نیک بۆسترۆم(Nick Bosytrom) و یۆڤاڵ نوح هەراری لەمیانی کتێبی (ترانس هیومانیزم_transhumanism) و (هۆمۆدیۆس_homodeus)دا، گریمانەی هەلاهەلابوونی سوبێکت لەهەناوی تۆڕە مەجازیەکان باسدەکەن و پرسی توانەوەی تاکی ئازادی ئیرادەگەرا، لەچوارچێوەی تەکنۆلۆژیای نوێدا تاوتوێ دەکەن، خۆبەخۆ چاو لەوەدەپۆشن، کە بشێت لەئاواکردنی دونیای نوێ لەسەدەی بیستویەکدا، پشت بە مرۆڤی مۆدێرن ببەسترێت. بگرە گریمانەی کۆتایی پێهاتنی مرۆڤ وەک پرسێکی جدی دەوروژێنن و ئەرکی ڕاپەڕاندنی ئەرکە تازەکان لە دونیای نوێدا بە ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان و هۆمۆدیۆس(مرۆڤەخوا) دەسپێرن. هۆمۆدیۆس، بەشێوازی تەکنیکی و ئۆتۆماسیۆن، مرۆڤی ئاسایی تێپەڕاندووە و بۆ کاراکتەرێکی نوێ لە دونیای نوێدا گۆڕدراوە. لێرەدا دووبارە دەپرسینەوە، داخۆ لەڕووی مەعریفیەوە تا چەندێک ڕەوایە "مەرگی مرۆڤ" لەلای فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن، بە "کۆتایی مرۆڤ" لەلای بایۆلۆژیستەکان بەراوردبکەین؟ داخۆ دەشێت "مرۆڤی باڵا"ی نیچەیی، بە "هۆمۆدیۆس"ی نوح هەراری بەراوردبکرێت؟ تا چەندێک ڕەوایە، تێزی دژە_هیومانیزمی فۆکۆ_لاکانیی، بە چەمکی (ترانس هیومانیزم)ی نیک بۆسترۆم بەراوردبکرێت؟ نیچە و پۆستمۆدێرنیستەکان، پێشبینی مەرگی سوبێکتیڤیتە، یان بەواتایەکی تر پێشبینی مەرگی سوبێکتی مۆدێرنەیان کرد، بەجۆرێک ئەم مەرگە، کەوتنی هیومانیزم بەدوای خۆیدا دەهێنێت. کەوتنی هیومانیزمیش، بەواتای ئەوەی دڵی شارستانیەتی مۆدێرن لەلێدان دەکەوێت. هەموو ئەمانەش بەمانای ئاوابوونی دونیایەک دێت. بیرمەندانی ئەمڕۆ، بەتایبەت کەسانی وەک نوح هەراری و نیک بۆسترۆمیش، بەلەبەرچاوگرنتی ئەو ڕاستیەی، کە لەتاقیگەکانی بایۆتەکنیک و لەسایەی تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرددا، پەردە لەسەر ماهیەتی مرۆڤ هەڵدەماڵدرێت و خاڵی کۆتایی بۆ ئەرکە میژوویەکەی مرۆڤ دادەنرێت، پێشبینی ئەوە دەکەن، کە لەدونیای ئایندەدا، چیتر مرۆڤ و ئاگایەکەی بە هیچ دەردێک ناخۆن. بەدوای ئەمەدا حەکایەتی هیومانیزم و مرۆڤباوەڕیی دەکەوێت و دەرئەنجام، کۆمەڵگای چینایەتی مۆدێرن هەرەس دەهێنێت و زەمینە بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بونیادنراو لەسەر جیاوازی بایۆلۆژیی، دەڕەخسێت. تا چەندێک دەشێت لەنێوان ئەم دوو ڕاڤەیەی سەرەوە، ڕاڤەی پۆستمۆدێرنەکان بۆ ئاپۆکالیپۆسی مرۆڤ و ڕاڤەی بیرمەندە تازەکان بۆ قیامەتی مرۆڤ، بەراوردکاری ئەنجامبدەین؟

بەشێوازێکی تر بدوێین. کاتێک ماکینەی وزەی هەڵم و ماکینەی هایدرۆلیکیی، وەک گوڵی سەرسەبەتەی شۆڕشی تەکەنەلۆژیا دەرکەوتن، کاریگەری قوڵیان بەسەر تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و بۆ دونیای دەوروبەری بەجێهێشت. ئەمە لەسەرەتاکانی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و لەماوەی سەدەی نۆزدەدا ڕوویدا. دەشێت پاشماوەکانی ئەم کاریگەرییە لەهەناوی چەمکەکانی دەروونشیکاریی فرۆیدیدا ببینرێت. فرۆید، لەسایەی ئەم کاریگەرییەدا، ڕاڤەیەکی هایدرۆلیکیانەی بۆ شێوازی کارکردی دەروون و زەینی مرۆیی کرد. ئەم ڕاڤەیەی فرۆید، تێروانینی مرۆڤی خۆرئاوایی بۆ خۆی و بۆ دونیا گۆڕی. لەدونیای ئەمڕۆدا، کە نزیکەی حەفتا ساڵ بەسەر داهێنانی کۆمپیوتەر لەسەر دەستی ئالان تۆرینگ(Alan Turing)، تێدەپەڕێت، دانیال دێنیت لەسەر شێوازی چۆنیەتیی کارکردی کۆمپیوتەر و موبایلی زیرەک، ڕاڤەی شێوازی کارکردی زەین و دەروونی مرۆڤ دەکات. لەهەردوو ئەم ڕاڤەکردنەدا، ڕۆڵی ئاگایی لەکەدار کراوە. بگرە دانیال دێنیت ئاگایی بە وەهم و وڕێنە پێناسەدەکات. جۆن گرای لەمەش زیاتر دەڕوات و لەو باوڕەدایە وەک چۆن نەڕەنەڕی ماکینەی فڕۆکەی "جێت_Jet"، هیچ ڕۆڵێک لە فڕینی فڕۆکەکەدا ناگێڕێت، ئاگایی مرۆڤیش بەهەمان شێوە، تەنها جۆرە ئالودەکرددنێکی دەنگییە و ئەوەی کارەکان ڕادەپەڕێنێت، تۆڕە دەمارەخانەییەکان و شەپۆلە ئەلیکترۆکیمیایەکانی نێوان ئەم تۆڕانەیە. هەم ڕاڤەکەی فرۆید و هەم ئەم ڕاڤە بایۆلۆژییەی دانیال دێنیت و جۆن گرای، غروری مرۆڤ لەکەدار دەکەن و بەرزەفڕیی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن دەڕووشێنن. ئەم ڕووشاندنە، مرۆڤ لەوە دەخات بوونەوەرێکی خاوەن ئاگایی پەتی بێت یان لەوەی دەخات بوونەوەرێک بێت، کە ڕەفتارەکانی بەتەنها بەرئەنجامی ئاگایی بن. بەڵکو زیاتر وەک جۆرە ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی دەیخاتەڕوو. داخۆ ئەم تەفسیرە، رۆڵی لەوەدا گێڕا کە بانگەشە بۆ بەکۆتاهاتنی ڕۆڵە مێژوویەکەی مرۆڤی مۆدێرن بکرێت؟

 ئاخۆ دەشێت لەنێوان دەروونشیکاریی فرۆید و ڕاڤەی بایۆلۆژییانەی دانیال دێنیت بۆ کارکردی زەین و دەروون، بەراوردکاری بکەین؟ بێگومان لەسەر دەستی  لاکان، کە لەسایەی فێرکارییەکانی فرۆیدا قوتابخانەی دەروونشیکاریی، بۆ جۆرە ڕوانگەیەکی هەمەکیانە گۆڕی، سوبێکتی دیکارتی نەفیکرا. پرۆسەی لەدایکبوونی سوبێکت لەناو دەستگای فیکریی دیکارتدا، پرۆسەیەکی خۆسەر و دابڕاوە لەدونیای دەوروبەر. واتە مرۆڤ بەگەڕانەوە بۆ ناو خۆی، بە درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ قوڵایی وجودی خۆی، بەبێ ئەوەی نیازی بە هەبوون و ئامادەیی ئەوانیتر و کۆپەیوەندییەکان هەبێت، بەدۆخی خۆناسین دەگات و لە پنتێکی وجودی خۆیدا، خودی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە. واتە سوبێکتی دیکارتی سەربەخۆ و یەکپارچەیە و لە سوبێکتەکانی تر دابڕاوە. لێ لاکان ئەم جۆرە سوبێکتەی نەفیکرد[1]. سوبێکت لەڕاڤەی دەروونشیکاریی لاکانیدا، لەناو قەڵەمڕەوی زماندا لەدایکدەبێت. قەڵەمڕەوی زمان، کۆپەیوەندیەکی هێمایی هەمەکییە و هەمووان تێیدا بەشدارن. خۆناسین، پرۆسەیەکە بەئامادەیی ئەوانیتر دەستەبەردەبێت. تاکی خۆسەر و تاقانە بوونی نییە. خودی نەگۆڕ و جێگیر لەئارادانییە. خود، حەکایەتێکە، ناجێگیر و بەردەوام لەدۆخی خۆگێڕانەوەدایە. سوبێکت هەمیشە وابەستەی ئەوانیترە و لەسیاقی کۆپەیوەندییەکاندا دەئافرێنرێت. ئێستا ئەم ڕاڤەیەی لاکان بە ڕاڤەی یۆڤاڵ نوح هەراری لەمەڕ پرسی "خود" و "سوبێکت"، بەراوردبکەن. نوح هەراری لەوتاری (کاتێک دەڵێین من، مەبەستمان چییە؟)، نەفیی ئەوە دەکات، کە مرۆڤ خاوەنی منێکی تاقانە و هەمەکی و خۆسەربێت، خودی نەگۆڕ و جێگیر، کە لەپنتێکی دەرووندا کەوتبێت و ئێمە لەڕێگەی تێڕامانەوە کەشفی بکەین، بوونی نییە. خود، جۆرە حەکایەتێکی وەهمییە و لەسیاقی زماندا دەئافرێنرێت. نوح هەراری دەڵێت، لەناخی هەریەک لەئێمەدا، دوو جۆر خود بوونی هەیە. ئەوانیش بریتیین لە خودی ئەزمونگەرا و خودی پاساوهێن. لەڕاستیدا دەشێت خودی پاساوهێن، بەخودی "حەکایەتڕێس"یش ناوببەین. خودی ئەزمونگەرا، ئەو خودەی ناوەوەی ئێمەیە، کە لەدەمی ئێستادا و چرکە بە چرکە بەر ڕووداو و پێشهاتەکان دەکەوێت، لێ فەرامۆشکارە و یادەوەريی نییە. ئەوەی ئەم چرکانە ئەنباردەکات و دواتر لەسیاقی هێما زمانێکاندا لەشێوازی حەکایەتێک دایدەڕێژێتەوە، خودی پاساوهێنی ناوەوەی ئێمەیە. خودی پاساوهێن، بەردەوام لەدۆخی حەکایەتڕێسان و بیانوداتاشین و پاساوهێنانەوەدایە. بەبەردەوامی لەدۆخی خۆ هاوتاکردن و خۆهاوشوناسکردن بەئەویتر و خۆگێڕانەوەدایە. ئەم خودە، هەموو ئەوەی لەڕێگەی ئاوێنەی زمان و هێما زمانیيەکان و وشەکانەوە وەریدەگرێت، هەموو ئەو دیمەن و کاراکتەرە فەنتازی و کۆمەڵایەتیانەی لەیادەوەریدا ئەنبارکراون، لێکدەدات و حەکایەتێکیان لێدروستدەکات و لەسیاقی ئەم حەکایەتەوە، "خود"ێک بۆ ئێمە دەئافەرێنێت. ئێمە لەوباوەڕەداین، ئەم "خودە"، کتومت خودی ئێمەیە. کەواتە لەدیدی نوح هەراریشدا، خود، بوونەوەرێکی تاقانە و نەگۆڕ نییە. بەڵکو شوناسێکی خزاو و ناجێگیرە و لەسیاقی کۆپەیوەنديیە گشتیيەکاندا بە خزمەتی دەگەین. نوح هەراری لەو باوەڕەدایە زانستی دەمارەخانەناسی، ڕاستيی ئەم بابەتەی سەلماندووە. ئەگەر "خودی ڕەسەن و تاقانە" وەهم بێت و ئەگەر "خود" حەکایەتێکی وەهمی بێت و من لەسیاقی کۆپەیوەنديیەکاندا پێی بگەم، کەواتە ئەوی دەم ڕێیتێدەچێت هێزەکانی دەرەوەی من، خودی من لە من باشتر بناسن. لەم دۆخەدا پرسی "خۆت بناسە"ی هیومانیزم بۆ قسەی پوچ دەگۆڕدرێت. لەوەها هەلومەرجێکدا، ئەگەر "خود"، ئەو تاکە بزمارە بێت، کە لەبری خودا، هیومانیزم مانای جیهان و بوونی پێدا هەڵدەواسێت، ئەوی دەم بزمارێکی وەها مۆلەق و ناجێگیر بە چ دەردێک دەخوات؟ داخۆ ئەمە بەمانای کەوتنی حەکایەتی هیومانیزم و مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای دیکارتی نایەت؟ لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، تا چەندێک دەشێت لەنێوان ڕاڤەی دەروونشکاریی لاکان بۆ پرسی "سوبێکت" و ڕاڤەی نوح هەراری بۆ پرسی "خود"، بەراوردکاری بکەین؟ چۆنچۆنی دەشێت ئەم دوو پرسە بە پرسی "مەرگی مرۆڤی مۆدێرن"ەوە پەیوەست بکەین؟

پرسی "مەرگی مرۆڤی مۆدێرن"، یان مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای_ئۆدێسایی دیکارت، لەلای ژان بۆدریار، لەحزوری داتاییزم و تەکنۆلۆژیای نوێ و فەزای مەجازدا ڕوودەدات. تەکنیکاڵکردن و ئۆتۆماسیۆن، هارمۆنیای کۆپەیوەندیەکان تێکدەدەن و سیحر و جادووی شتەکان بەتاڵدەکەوەنەوە. تەکنۆلۆژیای نوێ و دیاردەیەکی وەکو (سایبەربانک_cyberbank)، ئاسۆی مەرگ دەسڕنەوە و قوتاربوونی مرۆڤ و پەڕینەوەی بەرەو دونیای نەمەریی ناو قەڵەمڕەویی میتافیزیکا، نەفی دەکەن. تۆڕە شاشەیەکان، مانای ڕووداو هەڵدەلوشن. سوبێکتی مۆدێرن بۆ ناو فەزای تۆڕئاسای مەجاز پەرتدەبێت و لەهەناوی ئەو فەزا شوشەبەندەدا، سنوری حەرەمی شەخسیی خۆی نەفی دەکات و بەهای تاکگەرایی لیبراڵ هەڵدەوەشێتەوە. لەوێدا، مرۆڤ لەبەردەم خوداوەند (بیگ داتا-bigdata)دا، بۆ وردەپۆینتێکی ناچیز دەگۆڕێت، کە بەردەوام لەدۆخی لەبەرخۆگرتنەوە و خۆ نواندنەوەدایە. جوڵەی ئەم وردە پۆینتە ئاماردەرانەی ناو فەزای مەجاز، کە سەردەمانێک مرۆڤ بوون، جوڵەیەکی هیستریی و شێواو و ناخودئاگاییانە دەبێت. ئەم وردە پۆینتانە، بۆ خودهاوشووناسکردن بەئەویتری نادیار، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەژدیها هەسار سەر و هەزارچاوەکەی ناو فەزاکەوە ببنرێن، بەردەوام لەدۆخی پەچەکردار و خۆنمایشکردندادەبن. هەریەک لەم وردە پۆینتانە، کە فەزای تاککەسی خۆیان ژێرپێخستووە و سنوری حەرەمی شەخسی خۆیان هەڵتەکاندووە، لەئاست "خود"ی واقعیی خۆیاندا بۆستەمکارێک دەگۆڕدرێن. ئەم ڕووتبوونەوە مەترسیدارە، ئەم خۆشەفافکردنە تائاستی خۆ نەفیکردن، لەپێناو ئەوەدا ڕوودەدات، تاوەکو چاوی هەمووانێکی ون، ئەم وردەپۆینتە ببینێت. کۆی ئەم پێشهاتە، سەرجەم بەهاکانی لیبراڵیزم دەباتە ژێر پرسیارەوە و پرسی مافی ئازادی تاکەکەس پایەماڵدەکات و حەکایەتی مرۆڤباوەڕیی هیومانیزم پوچەڵدەکاتەوە. داخۆ ئەمە بوو مرۆڤ؟ ئەمە بوو ئەو کائینە تازەیەی کە وەک بکوژی خودا لەسەر سەکۆی مۆدێرنە دەرکەوت و بڕیاربوو دونیای نوێ بئافەرێنێت؟ ڕاستی ئەوەیە، ئەم ڕاڤەیەی بۆدریار، کتومت توانەوە و مەرگی مرۆڤی مۆدێرنە لەهەناوی فەزای مەجازدا. دەشێت ئەم ڕاڤەیەی بۆدریار، کە لەهەردوو کتێبی (چۆنە تا ئێستا هەموو شت ئاوا نەبووە) و (وەهمی کۆتایی)دا دەیخاتەڕوو، بە ڕاڤەی (قەفەسی شوشەیی)ی نیکۆلاس کار(Nicholas Carr)، بەراوردبکرێت. نیکۆلاس کاری نووسەری ئەمریکایی، کە یەکێکە لەڕەخنەگرە سەرسەختەکانی دیاردەی تەکنۆلۆژیای نوێ، لەمیانی کتێبی (قەفەسی شوشەیی_The Glass cage)دا، لەبارەی شەفافبوونی مەترسیداری مرۆڤ، لەهەناوی تۆڕە سمارتیەکاندا قسەدەکات. مرۆڤ لەناو قەفەسێکی شوشەیی بەریندا گیردەخوات. ڕوانینەکان بۆیەکتر بەناو هیچ بەربەستێکی نەریتیدا ناڕۆن و لە سیاقی هیچ جۆرە سانسۆرێکی ئاکاریدا پاڵفتەناکرێن. ئامادەیی مرۆڤ لەم قەفەسەدا، تەنها ئامادەییەکی مەجازییە و سنور و حەرەمی کەسیی لەنێوان هەڵگیراوە. هەمووان لەم قەفەسەدا بۆ پارچە ئاوێنەی تیشک پێدەرەوە گۆڕاون و شەپۆلی تیشکەکانی داتاوزانیاریەکانی ناو فەزاکە ئاڵوگۆڕپێدەکەن. دێوانەئاسا دەخوازن زۆرترین بڕی تیشک لەشەپۆلی داتاوزانیاری بەدەوروبەردا پەخشبکەنەوە، تاوەکو زۆرترین بڕی سەرنج بەلای خۆدا ڕابکێشن. لەوەها هەلومەرجێکدا، دەشێت ئەم قەتیسبوونەی مرۆڤ، لەناو فەزای شوشەیی مەجازدا، بەمەرگی گاڵتەجاڕانەی سوبێکتی مۆدێرن ئەژماربکەین و هاوکات، بەتوانەوەی مرۆڤ لەناو تۆڕی سۆپەر ئالگۆریتمە سمارتەکانی وەک فەیسبوک و تویتەر لەقەڵەمی بدەین. لەم دۆخەدا، ئەوە مرۆڤەکان نین، کۆی فەزاکە کۆنترۆڵ و ئاڕاستەدەکەن، بەڵکو ئەوە ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکانن، کە چرکە بەچرکەی حزوری مرۆڤەکان لەناو فەزاکەدا ئەنباردەکەن و کۆی جوڵەکان کۆنترۆڵ و چاودێریدەکەن. وێڕای ئەمە، دەشێت ڕاڤەکەی بۆدریار بۆ پرسی "مەرگی سوبێکتی مۆدێرن"، بە ڕاڤەی ڕۆی کۆرزوێڵ لەمەڕ پرسی (کۆتایی مرۆڤ) بەراوردبکەین. ڕۆی کۆرزوێڵ، کاتێک باس لە پرۆسەی (بەئینتەرنێتکردنی هەموو شتەکان دەکات)، ئەوە دەڵێت، کە گوایە یەکانگیربوون نزیکە. لێ ئەم یەکانگیربوونە، هەمان (وەحدەتولوجود) یان هەمان یەکانگیربوونی عیرفانی و ئیشراقی نییە. بەڵکو یەکانگیربوونێکی ئەلیکترۆسمارتیانەیە و لەناو فەزای تۆڕە مەجازیەکاندا ڕوودەدات. لەم دۆخەدا، کاتێک ئالگۆریتمەکانی (بیگ داتا_bigdata)، لەڕێگەی وردە ئامێرە هەستەوەرەکانەوە دەستیان بەهەموو شوێنێک ڕادەگات و تای لەش، بڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا، ئاماری تواشبوانی کۆرۆنا و شەکرەی ناو خوێن دەپێون، ئەوی دەم مرۆڤیش تەنها وەک شمەکێک، کە دەشێت پێوانەبکرێت و لەپاڵ شتەکانی تردا پۆلێن بکرێت، وێنادەکرێت. لەم دۆخەدا، کاتێک ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان، لەهەست و سۆز و ئەزمونی مرۆیی، وردتر و خێراتر دەجوڵێنەوە و بە زوویی لێشاوی داتاوزانیاریەکان ئاڵوگۆڕپێدەکەن، بەڕەسمی مرۆڤ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەستدەدات. کاتێک ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکانی (بیگ داتا_bigdata) بەو دۆخە دەگەن، کە هەموو داتاوزانیاریەکان لەسەر تۆ بزانن، چیتر تەنها بەتۆ ناڵێن تۆ کێیت، بەڵکو ڕێوشوێنی ژیانیشت بۆ دەستنیشاندەکەن و بڕیاردەدەن کە ببیت بەچی! لەسەروبەندی شەڕی دەوڵەتی چین لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئێمە بینەری ئەم بەسەرهاتەبووین. کەواتە لەحزووری (بیگ داتا_bigdata) و تەکنۆلۆژیای داتاوزانیاریدا، (سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن) و بانگەشەی هیومانیزم بۆ تاقانەیی و ناوازەیی مرۆڤ، پوچەڵدەبنەوە. ئاخر لەوەها هەلومەرجێکدا، ئالگۆریتمەکان لەدەرەوەی ئێمە، خودی ئێمە باشتر دەناسنەوە و دەزانن چ جۆرە ڕێوشوێنێکی پێویستمان بۆ دەستنیشانبکەن. پێدەێت ئەمە یەکەمینجار بێت لە مێژووی نووسراو و نەنووسراودا، بوونەوەرێکی جیا لەمرۆڤ، ڕێوشوێن بۆ هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ دابنێت و لە مرۆڤ باشتر، پەی بە کرۆکی کێشەکان ببات. لەم دۆخەدا پرسی "خۆناسین" و سوبێکتیڤیتە، چی بەسەردێت؟ من چیتر ئەو بوونەوەرە ناوازە و بێوێنەیە نیم، کە لەقوڵایی وجودی خۆمدا، پرۆسەی خۆناسین ئەنجامبدەم، ئالگۆریتمەکانی (بیگ داتا_bigdata) خودی من لەمن باشتر دەناسنەوە و پێوانەی تەوژمە ئەلیکترۆکیمیاییەکانی نێوان تۆڕە دەمارەخانەیەکانی مێشکی من دەکەن، پلەی گەرمای لەشم دەپێون، لێدانی دڵم ئەندازەدەکەن، بڕی ئادەرنالینی دەردراو بۆ ناو سوڕی خوێنم پێدەزانن و لەم ڕێگەیەوە هەست و سۆزەکانی من دەناسنەوە. پێدەچێت لەبەر ئەم دۆخە جەهەنمیە بێت، کە نوح هەراری باوەڕی وایە ئێمە لەسەردەمی هاککردنی مرۆڤەکاندا دەژین.

لێگەڕێن ئەم بابەتە نەختێک زیاتر ڕوونبکەینەوە. جۆن گرای لە وتارێکدا، بەناونیشانی (ئەو بەهەشتانەی لە دۆزەخ ناخۆشتر دەرچوون)، پرسێکی جدی باسدەکات. بێگومان بەهەشتەکانی ناو وتارەکەی جۆن گرای، هێمان بۆ گریمانەی ئافەراندنی وێرانەشار و دیستۆپیا لەلایەن ئەهریمەنی تەکنۆلۆژیای تازەوە. جۆن گرای لەم وتارەدا دەپرسێت، داخۆ ڕێیتێدەچێت مرۆڤ بەیەکجاری بۆ ژمارەی (سفر و یەک) بگۆڕێت؟ ئایا ئەو ڕۆژە دادێت، کە مرۆڤایەتی لەبەرەهوتی ناکۆتای (سفر و یەک)ی دونیای کۆمپیوتەری و ئەلیکترۆسمارتدا بزرببێت؟ سیستەمی عەقڵی ناوەکی کۆمپیوتەر لەسەر بنەمای (سفر و یەک) هەڵدەسوڕێت. شاشە سمارتەکان و تەواوی ئاکتەکانی سەر ئەم شاشانە لەسەر هەمان بنەما کۆدڕێژکراون. دونیای ئەلیکترۆسمارت و فەزای مەجاز و شارستانیەتە فەنتازیەکەی ناو ئەم فەزایەش، لەسەر بنەمای ژمارەیی و کۆدەکان داڕێژراون. هەر ناوێک و هەر وێنەیەک، هەر بابەت و کەسێک لەهەناوی ئەم دونیایەدا، ڕستێک هێما و ژمارە و کۆدە. گرنگ نییە ئێمە لەسەر ڕووپەڕە شاشەیەکەی ئەم فەزایەدا، چی دەبینین و لەمسی چی دەکەین، ئەوەی گرنگە، ئەوەیە  سیستەمی جووت ژمارەیی هەناوی ئالگۆریتمەکان و کۆد و هێما ئەلیکترۆسمارتیەکان، کۆی جوڵە و ئاکت و دیمەنەکانی سەر ڕووپەڕی شاشەکان دەئافەرێنن. ئەم سیستەمە تەنها لەڕێگەی ئەم کۆد و ژمارانەوە ئێمە دەناسێت. وەک بڵێی لەپاش ئەوەی پێنج هەزارساڵ بەرلەئێستا، کاهینەکانی سۆمەر هێما بزماریەکانیان دا‌هێنا و لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگا و شار و شارستانەیەتی چینایەتیی موڵکداریان ئاواکرد، لەمڕۆدا ئەندازیاران و دیزاینەرانی سلیکۆن ڤۆلیی لەڕێگەی داهێنانی سۆفتوێر و هێما و کۆدی جووت ژمارەییەوە، فۆرمێکی تر لەشارستانیەتی بئافرێنن. ئەم فۆرمە لەئێستادا لەدۆخی سەرەتایی خۆیدایەتی. لێ ڕۆژگارێک دێت، کە بەتەواوی گەمارۆماندەدات. دانیال دێنیت، لەوباوڕەدایە، سیستەمی دەمارەخانەکانی مێشک و کاروکاردانەوە ئەلیکترۆکیمیایەکانی نێوان تۆڕە دەمارە خانەیەکانیش، هەر هاوتای سیستەمی ناوەکی کۆمپیوتەر کاردەکەن. ئەمە ڕاڤەی بایۆلۆژیای نوێیە بۆ مرۆڤ. زەین دەریایەکە لەهەناوی ملیاران دەمارەخانە و لێشاوی ئەلیکترۆکیمیایی نێوان ئەم دەمارەخانانەدا هەڵکەوتووە. ئاگایی تەنها بەرئەنجامی زنجیرەی کاروکاردانەوەی نێوان ئەم دەمارەخانانەیە و هیچی تر. کۆی ئەم سیستەمە لەدەرەوەی دەستتێوەردانی ئێمە، کارایە. تۆ هەرگیز ناتوانیت بەئیرادەی خۆت، بۆساتێکیش چالاکیی مێشک ڕابگریت، یان بۆ چەند چرکەیەکیش بووە، ناتوانیت ئەندێشە و خەیاڵەکانی ناو زەینت ڕابگریت. ڕاستی ئەوەیە، بەشی هەرە زۆری چالاکییە فیسۆلۆژیەکانی ئێمە، بەشێوازی خودکار و ئۆتۆمات ڕوودەدەن و ئێمە هیچ دەستتێوەردانێک لەمەدا ناکەین. دەەستگای زمان، لەدیدی بایۆلۆژیای نوێ و کەسانی وەک دانیال دێنیتدا، ئالگۆریتمێکی زەبەلاحە و لە هەزاران کۆد و هێما و جفرە پێکهاتووە. وشەکان، وێنەی ئەو دەنگەن کە مرۆڤ بۆ ناساندنی شتەکانی دەوروبەر دەریدەبڕێت. هەر وشەیەک، هێمایەکە و (داخڵ_ئینپوت)ی ئالگۆریتمی دەمارەخانەکانی بەشی چەپی مێشک دەبێت و لەوێدا بۆ زانیاری دەگۆڕێت. هەمیشە پرۆسەی خۆناسین و ئەویترناسین و دونیای دەوروبەرناسین، پرۆسەیەکە لەهەناوی ئالگۆریتمی زمان و کاروکاردانەوەکانی دەمارەخانەکانی مێشکدا ڕوودەدات. وەک چۆن کاتێک ئێمە، ئاکتێک بە کۆمپیوتەر دەدەین، خێرا کۆمپوتەر لەسەربنەمای ئەو ئاکتە، کاردانەوە دەنوێنێت، وشەکانیش لەدەرەوە و وەک هێما ڕەوانەی مێشک دەکرێن و تۆڕی دەمارەخانەکان ناچار بەنواندنی ئاکت دەکەن. کەواتە بەدیدی دانیال دێنیت، ئاگایی و خودئاگایی من وەهمن، ئەمانە تەنها لەهەناوی زماندا ڕوودەدەن. لەم جۆرە راڤەیدا، تاک، خودی راستەقینە، ئاگایی و خودئاگایی لەمرۆڤ داماڵدراون. دەشێت ئەم ڕاڤەیە لەئاستێکدا ڕاگرین و لەبەرانبەردا بۆ ڕاڤەی دەروونشیکاریانەی ژاک لاکان لەمەڕ پرسی زمان و قەڵەمڕەوی زمان بڕوانین. لاکان باوەڕی وایە هیچ شتێک لە سەرووی زمانەوە بوونی نییە. زمان پانتایی دال و مەدلولەکانە. لەزماندا مرۆڤ و سوبێکت و ئاگایی و خۆناسین ڕوودەدەن. زمان پانتاییەکی هاوبەش و هەمەکییە. لێرەدا دەمەوێت بڵێم لەهەردوو ڕاڤەکەدا، سوبێکتی دیکارتی، پرسی تاقانەیی و ناوازەیی مرۆڤ و ئیرادەی ئازاد، غیابن. هەرچەندێک کەلتوری مۆدێرن، بانگەشە بۆ ئیرادەی ئازادی مرۆڤ بکات، هەرچەندێک هیومانیزم مرۆڤ وەک تاکێکی ناوازە، کە سەنتەری مانا و دەسەڵاتە، وێنابکات، لەسیاقی ئەو ڕاڤەیەی سەرەوەدا ،مرۆڤ ئەو ئەستوورە دەگمەنە نییە، کە بە خەرمانەیەکی جادوویی دەورەدرابێت. زمان، شار، کۆمەڵگا، کۆپەیوەندیەکان، ئایدۆلۆژیا، نەریت و پانتاییە ڕەمزیەکان و زەینی ئێمە، هەموویان ڕستێک ئالگۆریتمن و ئێمە لەهەناوی ئەم ئالگۆریتمانەدا، لە ئیرادەی ئازاد داماڵدراوین و لەسیاقی فەزایەکی گشتیدا و لەهەناوی قەڵەمڕەوی زماندا، خۆمان و ئەویتر دەناسین. لەم دۆخەدا هیچ دەنگێک، هیچ هزرێک، هیچ وشە و ئایدیایەک، کە بەتەنها هی خودی راستەقینەی من بن، بوونیان نییە. ئاخر "خود"یش وەهمێکە و بەشیوازی ڕۆژانە، من لەڕێگەی زمان و لەحزوری ئەوانیتر و لەتەرازوی یاسای ددانپێدانانمدا، ڕیوایەتی دەکەم.

ئەم ڕاڤەیە، سەرەتایەکە بۆ ئەو زریانە مەترسیدارەی، کە لەئایندەدا بایۆتەکینیک و ئینفۆتەکنیک سەرپێیدەخەن. ئەم دوو زانستە، لەپاڵ ڕاڤەی دەروونشیکاریی_هایدرۆلیکیی فرۆیدیدا، سندوقی ڕەشی مرۆڤیان کردووەتەوە و لەهەناوی ئەو سندوقەدا، هیچ شتێکی ئاسمانی و میتافیزیکی بەدی ناکرێت. بە وتەی سلاڤۆی ژیژەک، لەوێدا تەنها پاتاڵیەک بوونی هەیە. بەوتەی نیک بۆسترۆمیش، لەوێدا تەنها ملیاران خانە و جووت شریتی (DNA) دۆزرانەوە. ئەمە بەمانا بۆدریارییەکەی، تا ئەو پەڕی هەموو ئیمکانەکانی مرۆڤبوون ڕۆیشتنە. بەتاڵکردنەوەی مرۆڤە لەهەموو جۆرە جادوویەک. لێرەدایە، کە مرۆڤی مۆدێرن بەکۆتا دەگات و هەموو ئیمکانەکانی خۆی بەتاڵدەکاتەوە و بەکۆمەکی تەکنۆلۆژیا تەنها خۆی دووبارەدەکاتەوە و تا ناکۆتا لەبەرخۆی دەگرێتەوە.

حزووری تەکنۆلۆژیای نوێ، دەشێت لەهەناوی خۆیدا هێندەی تیزی دژەهیومانیزمیی فۆکۆ_لاکانیی، مەترسی بۆسەر هیومانیزم، سوبێکتی مۆدێرن و لیبراڵیزم هەڵگرتبێت. بۆیەش نوح هەراری دەڵێت، ئەمجارە هیومانیزم و حەکایەتی تاکگەرایی، لەناو تاقیگە زانستیەکانەوە لێیاندەدرێت. سەربار، حزووری ئەم تەکنۆلۆژیایە، دیدگای مرۆڤ بۆخۆی و بۆ جیهان دووچاری بارگۆڕانی ڕیشەیی دەکاتەوە. بۆیە دەشێت بەمانا هایدگەریەکەی، بڵێین تەکنۆلۆژیای نوێ، سرووشتێکی دەستدرێژیکاری بۆسەر ماهیەتی مرۆڤ هەیە. لێرەدا سەرنجتان بۆ ئەو وتارەی مارتین هایدگەر رادەکێشم، کە لەمەڕ پرسی تەکنۆلۆژیای نوێ نووسی. لەسیاقی ئەم وتارەیدا، مارتین هایدگەر ڕوونکردنەوەیەکی فەلسەفیی چڕ و پوخت لەسەر ماهییەتی ڕاستینی تەکنۆلۆژیای نوێ بەدەستەوەدەدات. هایدگەر سەرەتای وتارەکەی بەپرسیارکردن دەستپێدەکات. مەگەر ئەرکی فەلسەفە هەر ئەمە نییە؟ نابێت دیاردەی تەکنۆلۆژیای نوێ، بە بێ هیچ پرسیارێک تێپەڕببێت. ئەم دیاردەیە، شتێک نییە لەوێدا دەرکەوتبێت و بەسانایی لەپاڵیدا بژین. حەقیقەتێک نییە دەمێک بێت بەتەنیشتمانەوە بووبێت و ئێستا پەردەمان لەسەری هەڵدابێتەوە. تەکنۆلۆژیای نوێ دیاردەیەکی سەیر و سەمەرە و ئاسۆکانی ئایندەی داگیرکردووە.  هایدگەر، سەرەتا بۆ بەچنگ خستی وەڵام، پەنا بۆ هەردوو چەمکی "تەخنە" و "پۆیسیس"ی یۆنانی کۆن دەبات. بەڵام ئەم دوو چەمکە لەدیدی هایدگەردا، ناتوانن بۆ ڕوونکردنەوەی ماهییەتی ڕاستینی تەکنۆلۆژیای نوێ، کۆمەکمان بکەن. ئاخر ئەم دوو چەمکە کلاسیکییەی ناو فیکری یۆنان، بەدەوری مانایەکی تردا هەڵدەسوڕێن. ئافەڕاندنی ئامرازێک، هێنانە بوونی شتێک، کە لەوێدا دایدەنێین و دواتر بۆ مەبەستێک بەکاریدەهێنین و ئەم بەکارهێنانەی، ئامانج و مانای ئەو ئامرازە یان ئەو شتە ڕووندەکاتەوە، یاخۆ پەردەلادان لەسەر حەقیقەتی شتێک یان دیاردەیەک، کە لەنیهاندا ماوەتەوە و بەم پەردەلەسەرلادانە، بۆناو دونیای دیاردەکان پەلکێشی دەکەین. هەردوو چەمکە یۆنانیەکە، پەیوەندیان بەم ئافەڕاندن و پەردەلەسەرلادانەوە هەیە و ناکرێت ماهییەتی تەکنۆلۆژیای نوێیان پێ بخوێنرێتەوە. ئاخر تەکنۆلۆژیای نوێ دیاردە یان شتێک نییە، کە ئێمە ئافەراندبێتمان و لەڕێگەی کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانیەوە مانا و ئامانجەکەی دیاریبکەین. بۆ نموونە دیاردەیەکی وەک موبایلی زیرەک و تۆڕە مەجازییەکان لەبەرچاوبگرن. دانیال دێنیت دەپرسێت، ئایا مرۆڤ کاتێک پەنجە لەسەر شاشە زیرەکەکەی ئەم ئامێرانە دەبزوێنێت، کۆنترۆڵیاندەکات یان کۆنترۆڵدەکرێت؟ بەکاریاندەهێنێت یان بەکاردەهێنرێت؟ نوح هەراریش بە ئایرۆنێتییەکەوە دەپرسێت: ئەوە زۆمبییە سەرشۆڕەکانی سەر موبایلی زیرەکن، کە ئەو ئامێرە کۆنترۆڵدەکەن، یان ئەوە ئامێرەکەیە کۆنترۆڵی کردوون؟ هایدگەر، باوەڕیوایە تەکنۆلۆژیای نوێ، نە "ئامراز" و نە "چالاکی"ی مرۆییشە. لێرەوە هەردوو چەمکی "ئامراز" و "چالاکی مرۆیی" بۆ خوێندندەوەی دیاردەی تەکنۆلۆژیای نوێ ڕەتدەکاتەوە. هەڵبەت هایدگەر ئەوەش دەڵێت، کە پێناسەکردنی تەکنۆلۆژیای نوێ وەک ئامراز و وەک چالاکییەکی مرۆیی، کارێکی ڕاست و دروستە، لێ ئەم پێناسەیە ناتوانێت حەقیقەت و ماهییەتی تەکنۆلۆژیامان بۆ ڕوونبکاتەوە. ئاخر تەکنۆلۆژیای نوێ، دیاردەیەک نییە ئێمە ئامانج و ماناکەی دەستنیشان بکەین. بوونێک نییە ئێمە کۆنترۆڵ و ئاڕاستەی بکەین. ئامادەییەک نییە لێرەدا بەبێ هیچ چالاکییەک دانرابێت و چاوەڕێی مرۆڤ بکات بەگەڕی بخات. کەواتە زات و ماهییەتی تەکنۆلۆژیای نوێ چییە؟

مارتین هایدگەر، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ماهییەت و زاتە، چەمکی "گشتێڵ_Gestell"ی ئەڵمانیی بەکاردەهێنێت. گشتێڵ بەمانای لەقاڵبدان و چوارچێوەپێبەخشین و پۆلێنبەندکردن و کۆنترۆڵکردن دێت. ئایا تەکنۆلۆژیای نوێ، لەقاڵبدەر و چوارچێوەپێدەر و پۆلێنکار و کۆنترۆڵکەرە؟ تەکنۆلۆژیای نوێ چی لەقاڵبدەدات؟ چوارچێوە بە چی دەبەخشێت و چی کۆنترۆڵ و ئاڕاستەدەکات و چی شتێک بۆناو دونیای پۆلێنکاری پەلکێشدەکات؟ بەپشت بەستن بە چەمکی گشتێڵ، هایدگەر دەبێژێت کە تەکنۆلۆژیای نوێ چوارچێوەپێدەر و لەقاڵبدەرە و ئامادەییەکی ڕوشێنەر و دەستدرێژیکاری بۆسەر سرووشت و مرۆڤایەتی هەیە. کەواتە تەکنۆلۆژیای نوێ دیاردەیەکی ڕوشێنەر، دەستدرێژیکار، چوارچێوەپێدەر و کۆنترۆكەرە و دونیای شتەکان پۆلێندەکات و دەستکاری ماهییەتی شتەکان و دیاردەکانی تر دەکات. تەکنۆلۆژیای نوێ، لەڕوانگەی مارتن هایدگەرەوە، هەم سرووشت کۆنترۆڵدەکات، هەم بوونەکانی ناو سرووشت بۆ کاڵایەک، کە بشێت مەسرەفبکرێن، دەگۆڕێت. لەسایەی ئامادەیی تەکنۆلۆژیای نوێدا، ڕووبارەکان کۆنترۆڵ و ئاڕاستەدەکرێن و لەچوارچێوەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا پۆلێنبەندی دەکرێن. دارستان و درەختەکان لە حزووری تەکنۆلۆژیای نوێدا، چیتر دیاردەیەکی سرووشتیی پەتی نین، بەڵکو لەماهییەتی خۆیان ڕووتدەکرێنەوە و بۆ کاڵایەکی شیاوی سەرفکردن دەگۆڕدرێن. دەشێت دارستانەکان لەچاویلکەی تەکنۆلۆژیای نوێدا، کاغەز و تەختە و لاستیک و کورسی و مێزی گریمانەیی بن. هەوا، ئاو، ئاگر، خەڵوز و تەنانەت زەوی و هەسارەکانی تریش، لە حزووری تەکنۆلۆژیادا، سەرچاوەی وزەن و دەشێت بەکاربهێنرێن. کەواتە گێتی لە حزوری تەکنۆلۆژیادا، ماهییەتی خۆی لەدەستدەدات و بۆ وزەی شیاوی سەرفکردن دەگۆڕێت. تەکنۆلۆژیای نانۆ و ئەندازیاری جینات، کۆد و داتاوزانیارییەکانی ناو جیناتی مرۆڤ، وەک سەرچاوەی وزە و سەرچاوەی زانیاری مامەڵەدەکەن! نوح هەراری کە دەپرسێت، داخۆ مرۆڤ بەو دەسەڵاتە خوداییەی زانستی بایۆتەکنیک و ئینفۆتەکنیک بۆی دەستبەردەکەن، چیی دەکات؟ لەدرێژەی وەڵامەکەیدا، دەڵێت لەسەدەی بیستویەکدا، جەستە و ئەندامە ئۆرگانییەکانی جەستە و تواناکانی مێشک، وەک کاڵا کڕینوفرۆشتنیان پێوە دەکرێت! تەکنۆلۆژیای نوێ تەنها لەم سنورەدا ناوەستێت، بەڵکو دەستکارییەکی گەورەی پەیوەندییەکانی مرۆڤ بەخۆی و بەجیهانەوە دەکات. کۆی پەیوەندییەکان تەکنیکاڵ و ئۆتۆمات دەکاتەوە. کەواتە دەشێت تەکنۆلۆژیای نوێ بەمانا هایدگەرییەکەی، مرۆڤیش بۆ کاڵایەکی شیاوی سەرفکردن و فڕێدان بگۆڕێت.  

لەدونیای ئەمڕۆدا گرنگە ئاگامان لە سەرنج و بۆچوونەکانی بیرمەندانی وەک نیک بۆسترۆم، ڕۆی کۆرزوێڵ، یۆڤاڵ نوح هەراری، جارید دایمۆن(Jared Diamond)، دانیال دێنیت، ڕیچارد داوکینز(Rechad Dawkins)، نیکۆلاس کار، ماکس تگمارگ(Max Tegmark) و جۆن گرای هەبێت. هەرچەندێک زۆرینەی ئەمانە بە پایەمبەرێتی کردن بۆ دونیای تەکنۆلۆژیا، تۆمەتبارکراون و ڕەخنەگرانیان، تۆمەتی فاڵگرەوەیان داونتەپاڵ. هەرچەندێک زۆرینەی ئەمانە، هەوڵدەدەن لەسیاقی تیۆرەی پەرەسەندندا، بەجۆرێک ڕاڤەی دەرکەوتن و پەرەسەندنی مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانس بکەن، کە خوێنەر لەو سەرەوە وا تێدەگات تاکە ئامانجی پەرەسەندن لەخوڵقاندنی مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانس، ئەوەبووە بە دونیای تەکنۆلۆژیای نوێی بگەیەنێت. وەک بڵێی کۆی پرۆسەی پەرەسەندن بەدەوری مێشکی مرۆڤدا هەڵسوڕابێت و ئێستا بەکۆمەکی تەکنۆلۆژیای نوێ، مێشک بتوانێت زیرەکی و هۆشمەندی خۆی بۆ سەر ئالگۆریتمەکان دابەزێنێت و لێرەوە بەشێوازی تەکنیکاڵ، چوارچێوەکانی ژیانی ئۆرگانیکی ببەزێنێت و لەناو قەڵەمڕەوی دونیا بەرینەکەی مەجاز و سایبەریکدا، بەئەبەدیەتی تەکنەلۆژی شادببێت. ڕاستە، دەشێت بەشێک لەڕەخنەکان، لە هەندێک لەم بیرمەندانە لەجێگەی خۆیدابن. دەشێت هەندێکیان وەک پەیامبەری زانست و هەندێکیشیان وەک بانگەشەکاری قەشەنومای دونیای تەکنۆلۆژیا ڕەفتاربکەن. دەشێت لەسیاقی نووسینی هەندێکی دیکەشیاندا، جۆرە فاڵگرتنەوەیەک بۆ قیامەتێکی نزیک، کە بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرێت، ببینین، لێ هەموو ئەم ڕەخنانە، لە گرنگی و بایەخی نووسینەکانیان کەمناکاتەوە. ئەوان لەسیاقی ڕاڤەی بایۆلۆژی و لەحزووری تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرددا، پرسی مەرگی مرۆڤی مۆدێرن، کەوتنی هیومانیزم و ئاوابوونی شارستانیەتی مۆدێرنە تاوتوێ دەکەن. ئەمە هەر هەمان ئەو پرسانەیە کە نیچە و فۆکۆ و فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرنە، لەسیاقی فەلسەفەدا تاوتوێیانکرد. یۆڤاڵ نوح هەراری لەنێوان ئەو بیرمەندانەی دونیای ئەمڕۆدا، پێگەیەکی جیاوازی هەیە. دەشێت نوح هەراری وەک سەنتێزی نێوان ڕاڤەی فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن و ڕاڤەی بایۆلۆژیست و هەوادارانی تەکنۆلۆژیای نوێ ئەژماربکرێت. جیالەمە، نوح هەراری، لەژێر کاریگەری جارید دایمۆندا، لەسیاقی زانستە مرۆڤایەتیەکاندا ڕەخنەی تەکنۆلۆژیای نوێ، ئابووری مۆدێرن و ناعەقڵانی سیستەم دەکات. لەمەش زیاتر، نوح هەراری چەندین و چەندجار ئەوەی وتووە، کە ئەو پێشبینی بۆ ئایندە ناکات، چونکە ئەمە کاری پەیامبەرانە و ڕۆژگاری پەیامبەرانیش بەسەرچووە. بەڵکو ئەو تەنها گریمانەکان تاوتوێ دەکات و هەوڵدەدات مرۆڤایەتی لەمەترسی و ئاڵەنگاریەکانی بەردەمی ئاگاداربکاتەوە. نوح هەراری لەسیاقی کتێبی (هۆمۆدیۆس)دا، بەڕوونی پرسی داوەشانی هیومانیزم، کەوتنی لیبراڵیزم و پوچیەتی بانگەشەی ئیرادەی ئازاد و تاکگەرایی تاوتوێ دەکات و سەرنجەکان لەسەر مەرگ و کۆتایی مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانس چڕدەکاتەوە.

بەکورتی، دەشێت لەسیاقی ئەم خاڵبەندیەی لای خوارەوەدا، ڕاڤەی نوح هەراری بۆ پرسی کۆتایی مرۆڤ، کەوتنی مانا هیومانیزمییەکەی سوبێکت و داڕووخانی لیبراڵیزم، بخەینەڕوو. دەبێت ئەوەش بزانین، نوح هەراری لەوباوەڕەدایە ئەمجارە هیومانیزم، مرۆڤباوەڕیی و دونیای سوبێکت_میحوەریی لەلایەن تاقیگەکانی بایۆتەکنیک و تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکردەوە لێیاندەدرێت و لەبەریەک هەڵدەوەشێنرێنەوە.

هیومانیزم لەسەر بنەمای باوەڕی پتەوی بە مرۆڤ و بەگوێرەی ئەو لۆژیکەی، کە خودای لەئاسۆی ڕووداوەکاندا سڕیەوە و مرۆڤی لەجێگەی دانا، بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە گوایە:

یەکەم: مرۆڤ تاقانەیەکی دەگمەنە و لەقوڵایەکانی خودی خۆیدا، خاوەنی ویژدان و خودی ڕەسەنە. ئەم ویژدان و خودە ڕەسەنەش خۆی لەخۆیدا بێوێنەیە و لەهیچ ویژدان و خودێکی تر ناچێت. دەشێت لەڕێگەی قوڵبوونەوە و میدیتەیشنەوە، بەناسینی ئەم خودە ڕەسەنە بگەین. کەواتە هەست و سۆز و ئەزمونە ناوەکیەکانی مرۆڤ، بنەمای هەموو مانا و هێز و دەسەڵاتێکن.

دووە: لەبەر ئەوەی مرۆڤ تاقانەیەکی دەگمەن و بێوێنە و جادووییە، لەبەرئەوەی خود و ویژدانی من، لەقوڵایی وجودی مندا هەڵکەوتون و موڵکی منن بەتەنها، کەواتە جگە لەمن، کەس نازانێت من کێم و کەس ناتوانێت پەی بەناواخنی من بەرێت و لە هەست و سۆزەکانم تێبگات.

سێیەم: لەسەر بنەمای ئەو دوو خاڵەی پێشوو، بەو دەرئەنجامە دەگەین، کە من خاوەنداریەتی لەئیرادەی ئازادی خۆم دەکەم و دەبێت سنوری ئازادی تاککەسی من بپارێزرێت و ڕێز بۆ حەرەمی شەخسیم دابنرێت. من دونیایەکی داخراوی پڕ لەڕەمز و ڕاز و جادوم لەناوخۆمدا و جگە لەمن، کەس ناتوانێت ئەم دونیا ناوەکیەم داگیربکات.

لێرەوە کەلتوری مۆدێرن و لۆژیکی هیومانیزم و حەکایەتی لیبراڵیزم، بەو دەرئەنجامە کۆتاییە دەگەن، کە مرۆڤ لەڕێگەی ڕوانینە ناخی خۆی، بە کردەی خۆناسین دەگات و لەبەرانبەر دونیای بە بابەت کراودا، دەبێت بە سوبێکت. لیبراڵیزم بەهاکانی خۆی بەدەوری تاکەکەسدا، لەسەر بنەمای ئەم دەرئەنجامە هەڵچنی.

بەڵام، لۆژیکی بایۆتەکنیک و پەرەسەندنەکانی تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد، لەپاڵ دەروونشیکاریی_هایدرۆلیکیدا، کۆی ئەم بانگەشەیەی سەرەوە بەتاڵدەکەنەوە:

یەکەم: مرۆڤی تاقانەیەکی دەگەمەن و ناوازە نییە. ویژدان و خود، لەقوڵایی وجودی مرۆڤدا هەڵنەکەوتوون. مرۆڤ خاوەنی خود یان ویژدانێکی ڕەسەن و بێوێنە نییە. خود، جۆرە حەکایەتێکی خزاو و شل و ناجێگیرە و لەفەزای زماندا و لەپەیوەندی بە ئەوانیترەوە، لەدایکدەبێت. من، بەڕوانینە ناخی خۆم، تەنها بۆشاییەک دەدۆزمەوە. بەمانا ژیژەکیەکەی، لەوێدا پاتاڵیەکی بۆش و فیسۆلۆژیی چاوەڕێمە. هیچ ناواخنێکی جادوویی لەوێدا بوونی نییە. من بەمانا نیچەیەکەی، لەچەندان توێکڵی یەک لەسەر یەک چنراو پێکهاتووم. هەرتوێکڵێکیش لەپەیوەندیدا بە ئەوانیترەوە دروستبووە. بۆ هەڵهاتن لە دۆزەخی بۆشایی ناوەوەم و بۆ خۆ قوتارکردن لە پاتاڵیەتی ناواخنم، ناچارم لەڕێگەی هاوشووناسبوون بە سۆپەرئیگۆی کۆمەڵگا، بەدۆخی جێگیربوونی دەروونی بگەم. خۆناسین و دونیاناسین لەناو قەڵەمڕەوی زماندا ڕوودەدەن. زمان پانتاییەکی گشتیی و هاوبەشە لەنێوان هەموواندا. من و هەموو منەکانی تر، تا ئەبەد دیلی زمان و ئالگۆریتمی زمانین. کەواتە ڕوون نییە کام توێکڵ و کام خود، خودی منن. ڕوون نیە کامە ورتە ورت، ورتە ورتی ویژدانی گوایە ڕەسەنی منە. لەم هەلومەرجەدا چۆن دەشێت تاک بکرێت بەناوەندی مانا و هێز و دەسەڵات؟

دووەم: لەبەرئەوەی مرۆڤ تاقانەیەکی دەگمەن و ناوازە نییە، لەبەرئەوەی خود جۆرە حەکایەتێکی وەهمیی ناجێگیرە و لەفەزای کۆپەیوەندیەکاندا بونیاددەنرێت، لەبەرئەوەی من جگە لەم خود و توێکڵە وەهمییانەی سەر ڕووخسارم، لەهەناوی ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی خودکاردا گیرمخواردووە، کەواتە ڕێیتێدەچێت دەوڵەت، پارت یان هەر ئۆرگانیەکی دەرەوەی من، خودی من لە من باشتر بناسنەوە. ڕێیتێدەچێت ئالگۆریتمەکانی هۆشی دەستکرد، لە خودی خۆم باشتر و وردتر لە هەستوسۆز و ویستەکانم تێبگەن. کەواتە گریمانەی ئەوە لەئارادایە من لەهەر چرکەساتێکدا لەلایەن بانگەشەکارانی ئایدۆلۆژیەوە و لەڕێگەی کردەی مێشک شۆرینەوە و گەوجاندنەوە، هاکبکرێم. دەشێت ئالگۆریتمەکانی ناو دونیای تۆڕە مەجازیەکان بەسانایی من و هەست و سۆزەکانم هاک بکەن.

سێیەم: لەسەر بنەمای ئەو دوو خاڵەی سەرەوە، ئیرادەی ئازاد وەهمە و بەدوای ئەمەدا، بەهاکانی لیبراڵیزم و بانگەشەکانی هیومانیزم لەسەر پرسی ئازادی تاکەکەس و سنور و حەرەمی شەخسیی، مایەپوچ دەردەچن.

نوح هەراری لەسیاقی ئەم ڕاڤەیەدا، ناتوانێت بێلایەن بوەستێت و بەرگری لە مرۆڤ و کۆزەینی مرۆڤایەتی و حەکایەتە هەمەکەیەکانی مرۆڤ نەکات. ڕاستە ئەو، پرسی (مەرگی مرۆڤی مۆدێرن)، کەوتنی دونیای (سوبێکت میحوەری) و گریمانەی داڕووخانی هیومانیزم تاوتوێ دەکات و لەم سیاقەدا هێما بۆ ئاڵەنگاریەکی جدی دەکات. نوح هەراری باوەڕی وایە، لەحزوری مەترسیی بایۆتەکنیک و پەرەسەندنەکانی تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرددا، دەشێت ڕۆڵە مێژوویەکەی مرۆڤ کۆتایی بێت. بەڵام ئەو ناتوانێت سەرسوڕمانی خۆی بەم بوونەوەرە تازەیەی، کە لە مۆدێرنەدا خۆی دۆزیەوە، بشارێتەوە. مرۆڤ، ئەو بوونەوەرە تازەیەیە، کە لەهەناوی پرۆسەی مۆدێرنەدا بۆیەکەمینجار خۆی کەشفکرد و توانی لەسەر تەختەی شانۆی ژیان، خوداکان بسڕێتەوە و لەبری ئەوان، عەقڵانیەتی خۆی جێکەوتبکات. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین مەبەست لەم دەربڕینە چییە: "مرۆڤ داهێنراوێکی نوێیە و وردە وردە ڕووبەرەو مەرگ ملدەنێت؟". ئەم پرسیارەش بەرەو لای نیچە و فۆکۆ و پۆستمۆدێرنەکان دەمانباتەوە.           

 

 

فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن

و

پرسی کۆتایی مرۆڤ

میشێل فۆکۆ لەکتێبی "وشەکان و شتەکان_the order of things" و لەسیاقی دەربڕینێکی فەلسەفیی جێگاتێڕاماندا، پرسی "کۆتایی مرۆڤ" بەیاندەکات. فۆکۆ دەڵێت: ''مرۆڤ داهێنراوێکی تازەیە، داهێنراوێک هێدی هێدی لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە''! ئەم دەربڕینەی فۆکۆ ئێجگار ڕوون و ڕەوانە. سێبەری تێزی "مەرگی خودا"ی نیچەی بەسەرەوە دیارە. بۆچی فۆکۆ وەک فەیلەسوفێک، کە پێگەی لەنێوان مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەدایە، ئەم گوتەیە بەیاندەکات؟ ئاخۆ ئێمە لەسەروبەندی تێپەڕاندنی مرۆڤ و دونیای مۆدێرنیەتەداین؟ لەوسەری ئەم تێپەڕاندنەوە چیمان دەستدەکەوێت؟ داخۆ مۆدێرنە وەک کارخانەی دروستکردنی "مرۆڤی نوێ"، ئاوادەبێت و دونیایەکی تر لەرۆژەفدا دەردەکەوێت؟ ئایا ئێمە "دونیای سوبێکت میحوەری" بەجێدەهێڵین؟ ئایا هیومانیزم تێدەپەڕێنین؟ ئاخۆ بە وتەی نیک بۆسترۆم، ئێمە لەچاخی "ترانس هیومانیزم"دا دەژین؟

مرۆڤ داهێنراوێکی تازەیە. داهێنراوێک کەم کەم لەکۆتایی نزیک دەبێتەوە و ماوەکەی بەسەردەچێت! پێشتر پرسیمان و ئێستاش دەپرسینەوە، تا چەندێک دەتوانین و مافی ئەوەمان هەیە ئەم دەربڕینەی فۆکۆ، بە گوزارەی "مرۆڤ ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی ماوەبەسەرچوو"ی داتاییست و بایۆلۆژیستەکان بەراودبکەین؟ داتایستەکان بۆیە وادەڵێن، چونکە گوایە ئالگۆریتمی بایۆی مرۆڤ فریای کۆنترۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی لێشاوی داتاوزانیارییە بەگوڕ و خێراکانی دونیای ئەمڕۆ ناکەوێت و پێدەچێت ڕۆڵە میژوویەکەی بەسەرچووبێت. فۆکۆ لە چ ڕوانگەیەکەوە وا دەڵێت؟ دەربڕینەکەی فۆکۆ چ واتا و دەلالەتێک لەخۆ دەگرێت؟ مەگەر دەشێت مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تازە دەرکەوتوو یان جۆرە داهێنانێک ئەژماربکەین؟ ئەگەر مرۆڤ داهێنانێکی تازەیە بۆچی و چۆن لەناودەچێت؟ ژان بۆدریار لەکتێبی "وەهمی کۆتایی"دا گوزارەی "مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن" بەکاردەهێنێت، تا چەندێک ئەو مافەمان هەیە لەنێوان ئەم گوزارەیەی بۆدریار و دەربڕینەکەی فۆکۆدا بەراوردبکەین؟ ئایا "مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن"، "هەڵوەشانەوەی حەریمی تاکەکەسی لەلایەن تەکنۆلۆژیای مەجاز" و "کۆتایی تاکی ئازاد"، هەر هەمان دەربڕینی "مرۆڤ داهێنراوێکی تازەیە و لەکۆتایی خۆی نزیک بووەتەوە"ی فۆکۆ نین؟ جۆن گرای لەسیاقی وتاری "ئەو بەهەشتانەی لەدۆزەخ ناخۆشتر دەرچوون"دا، ئەوە باسدەکات، کە چۆنچۆنی حەکایەتە وەهمیەکانمان لەسیاقی دیستۆپیای تەکنۆلۆژیادا هەرەسدەهێنن و چۆنچۆنی تەکنۆلۆژیا بە تەکنیکاڵکرندەوەی پرسی "مەرگ"، ئاسۆی میتافیزیکا دەسڕێتەوە. لێرەدا پرسەکە ئەوەیە، تاوەکو چەندێك گریمانەی "کۆتایی مرۆڤ" بەمانا فۆکۆیەکەی، لەگەڵ ئەم "ئاپۆکالیپۆس" و وێناکردنە قیامەتئاسایەی جۆن گرایدا یەکدەگرێتەوە؟ پێشتر ئەوەمان باسکرد، نیکۆلاس کۆری ڕەخنەگری دیاری دونیای تەکنۆلۆژیا، لە وتاری "قەفەسی شوشەیی"دا، باس لە نقومبوونی مرۆڤایەتی لەنێو فەزای مەجاز دەکات و ئەو پرسە دەوروژێنیت، کە گوایە ئالگۆریتمەکان لەکایەی ئابووری و سەربازیدا پێگەی مرۆڤ داگیردەکەن و فەزای مەجازیش واقیع هەڵدەلوشێت، لێرەدا دەپرسین، ئەم ئاپۆکالیپۆسە شوشەییەی، کە مرۆڤ هەڵدەلوشێت و لەوەی دەخات خاوەنی ئیرادەی ئازادی خۆی بێت، تا چەندێک لەڕووی ماناییەوە، لە دەربڕینی "کۆتایی مرۆڤ"ی فۆکۆیی نزیکە؟

ڕاستی ئەوەیە دەربڕینە فۆکۆیەکە، پێویستی بە لێکدانەوە و ڕاڤەکردن هەیە. بۆ ئەوەی لێکدانەوە و ڕاڤەیەکی دروست بەدەستەوەبدەین، ناچارین نەختێک بۆ دواوە و بۆ سەرەتاکانی دەستپێکی شارستانەیەتی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی بگەڕێینەوە. ئاخر ئەوەی فۆکۆ باسی دەکات، ڕێک و ڕاست بە مۆدێرنەوە پەیوەستە. فۆکۆ لەڕێگەی ئەم دەربڕینە فەلسەفیەوە، دڵی مۆدێرنەی بەئامانج کردووە. ڕووتر بدوێین، فۆکۆ گریمانەی کەوتنی دونیای مۆدێرن دەخاتەبەرباس. دەبێت ئەوە بڵێین، هابەرماس نەقدی ئەمجۆرە باسوخواسانەی دەکرد و باوەڕی وابوو کەلتوری مۆدێرن، بەهێزترین کەلتوری مرۆڤایەتیە و هەمیشە لەدۆخی بەردەوامی و خۆ جێبەجێکردندایە. هامبەرماس بە ئایرۆنێتێکەوە دەڵێت؛ پاش نیچە، فەیلەسوفان شیوەنی کۆتاییگەری و ئاپۆکالیپۆسیی فەلسەفەییان دەستپێکرد. هەمووان لەبارەی کۆتاییەوە دەدوان، کۆتایی خودا، کۆتایی مۆرڤ، کۆتایی ئایدۆلۆژیا و کۆتایی مێژوو.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ لەسایەی ئەم ڕەخنەیەی هابەرماسدا، تاچەندێک پرسی "کۆتایی مرۆڤ"، لۆژیکیانە دەردەکەوێت. گومانی تێدا نییە مرۆڤی پاش مۆدێرن و بەتایبەت مرۆڤی سەدەی بیستویەک، لەناو گەمارۆی دونیای تەکنۆلۆژیای نوێ و دیاردەی تازە و سەیروسەمەردایە، بەدڵنیاییەوە هەموو ئەمانە پەیوەندی مرۆڤ بەخۆی و بەدەوروبەریەوە دەگۆڕن. کەواتە ئەم گۆڕانە چۆنچۆنی ڕوودەدات؟ مرۆڤ لە "سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن"ەوە بەرەو چی جۆرە بوونەوەرێک قەڵەمبازدەکات؟ ئەگەر مرۆڤی مۆدێرنە دووچاری بارگۆڕان ببێت، لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ ئایا بۆ "هۆمۆدیۆس"ەکەی نوح هەراری دەگۆڕێت؟ داخۆ دەبێت بە سامسایەکی شێوە قالۆنجەیی ناو دونیای مەجازیی؟ یان دەشێت بۆ "مرۆڤی باڵا"ی نیچەیی بگۆڕێت؟

بەهەرحاڵ، فۆکۆ لەسایەی گوزارەی "مرۆڤ داهێنراوێکی تازەی ڕوو بەرەو لەناوچوونە"، دەیەوێت پێمان بڵێت مۆدێرنە چییە؟ کاتێک فەلسەفەی فۆکۆ، پرسی "مەرگی مرۆڤ"ی مۆدێرن دەخاتەبەرباس، مەبەست ئەوە نییە مرۆڤایەتی بەیەکجاری کۆتایی پێدێت. بەڵکو مەبەست ئاواکردنی پێناسەیەکی نوێیە بۆ ماهیەتی مرۆڤبوون. ڕاستی ئەوەیە، لەهەناوی ئەم دەربڕینەی فۆکۆدا، پرسی پێناسەی نوێ بۆ مرۆڤ لەچاخی مۆدێرندا، پەنهانە. فۆکۆ بەمجۆرە مێژووی نوێی خۆرئاوا پۆلێنبەندی دەکات؛ ئەو تاوەکو دەوروبەری ساڵی ١٦٥٠ز، بەقۆناغی ڕێنیسانس ئەژماردەکات. لەساڵی ١٦٥٠ەوە تاوکەو ساڵی ١٨٠٠ز، بە قۆناغی کلاسیک ناودەبات. لەساڵی ١٨٠٠ەوە تاوەکو ساڵی ١٩٥٠ بە قۆناغی مۆدێرنە لەقەڵەمدەدات. لەم ساڵەش بەدواوە، کە قۆناغێکە خودی فۆکۆ تێیدا ژیاوە، بە قۆناغی هاوچەرخ ناویدەهێنیت. ئەم پۆلێنبەندیەی فۆکۆ بۆ مێژووی نوێی خۆرئاوا، تاڕادەیەک لەپۆلێنبەندی ئەوانیتر، بۆ نموونە لەپۆلێنبەندی هایدگەر و نیچە جیاوازە. ئاخر فۆکۆ ڕێنیسانس بە دەستپێکی مۆدێرنە ئەژمارناکات. لەدیدی فۆکۆدا نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە، سەرەتا و دەستپیکی مۆدێرنەیە. لەنێوان قۆناغی ڕێنیسانس و قۆناغی مۆدێرنەدا، فۆکۆ باس لە قۆناغێک بەناوی قۆناغی "کلاسیک" دەکات. لێ بەشی هەرە زۆری مێژوونووسان و فەیلەسوفان و کەسانی وەک هایدگەر و نیچە، ڕێنیسانس و بەتایبەت سەرەتای سەدەی شانزەیەم، بەدەستپێکی مۆدێرنە ئەژماردەکەن. ئەم دەستە لەبیرمەندان لەوباوەڕەدان، لەسەدەی پانزە و شانزەدا، ڕێنیسانس و کەلتوری مۆدێرنی خۆرئاوای تازە دەستپیدەکات. کەلتوری مۆدێرنی خۆرئاواش بەچەند تایبەتمەندیەکی گرنگ دەناسرێتەوە. یەکێک لەهەرە تایبەتمەندیە گرنگەکانی کەلتوری مۆدێرنی خۆرئاوا، بەسوبێکت کردنی مرۆڤ بوو. واتە کەلتوری مۆدیرن، مرۆڤی بۆ سوبێکتی ئیرادەگەرا گۆڕی و تەواوی جیهان و شتەکان و سرووشتی بە دەوری ئەم سوبێکتەدا، وەک بابەت، هەڵچنی. ئەمەش بەو واتایە دێت، کاتێک ئێوە لەناو فەزای کەلتوری مۆدێرندا دەژین، ناتوانن لەوەی کە پەیوەندییەکی سوبێکتیڤیتە لەگەڵ شتەکان و دونیای دەوروبەردا درووستبکەن، خۆتان ڕزگاربکەن. پەیوەندیی سوبێکتیڤیتە بەو مانایە دێت، کاتێک تاکێک خۆی وەک سوبێکت وێنادەکات، لەڕاستیدا خۆی وەک ناوەندی دونیا ئەژمارکردووە و لەبەرانبەردا هەموو بوونەوەرانی تر، سرووشت و مرۆڤەکانی تر تەنها ڕستێک ئوبێکتن و دەبێت ئەم داگیریانبکات و بەجۆرێک لەجۆرەکان لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیدا بەکاریانبهێنێت. ئەمە مانای فەلسەفیی سوبێکتە. کەلتوری مۆدێرن و دونیابینیی هیومانیزم، ئەم جۆرە کارەکتەرە ئیرادەگەرا لوتبەرزەیان بۆ تاکەکانی مرۆڤایەتی داتاشی. بەمەش مرۆڤ لەسیاقی چەمکی سوبێکتی مۆدێرنەوە، بۆ ناوەندی مانا و دەسەڵات لەسەراپای گێتیدا گۆڕدرا. بەمانا نوح هەراریەکەی، کەلتوری مۆدێرن و دەرکەوتنی هیومانیزم، زەمینەی ئەوەیان ڕەخساند تاوەکو مرۆڤایەتی لەسیاقی سوبێکتدا، گرێبەستێکی سیکۆلار لەگەڵ خودی خۆیدا ببەستێت و ناوەندی مانا و دەسەڵات لەئاسمانەوە بۆسەر زەوی بگوازێتەوە.

لەماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی پانزەیەم، لۆرێنزۆڤالا و لەسەدەی شانزەیەمیشدا تۆماس مۆر و نیکۆلای مێکیاڤیللی، یەکەمین پایەکانی دونیابینی مۆدێرنیان داڕشت. لۆرێنزۆ ڤالا یەکەمین مێژووناسێک بوو، کە دەسەڵاتی تیۆکراسیی پاپای بردە ژیر پرسیارەوە و لەدڵی مرۆڤی خۆرئاواییدا، تۆی گومانی لەمەڕ پرسی پیرۆزی دەسەڵاتی کەنیسا چاند. پاپاکان هەمیشە بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی خۆیان، پەنایان بۆ "بەخششەکەی کۆستانتین" دەبرد. بەگوێرەی ئەم بەخششە، گوایە ئیمپراتۆر کۆستانتین، لەمیانەی نووسراوێکی پیرۆزدا بەشی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆریەتەکەی بە پاپاکان بەخشیوە. لێ لۆرێنزۆ ڤالا، سەلماندی ئەو ڕێنووسەی "بەخششەکەی کۆستانتین"ی پێ نووسراوە، هیچ پەیوەندیەکی بە زمانی باڵادەستی سەردەمی ئیمپراتۆر کۆستانتینەوە نییە. لۆرێنزۆ دەریخست، کە ئەم نووسراوە مێژووەکەی نوێیە و لەلایەن کەنیساوە تەزویرکراوە. بەمجۆرە لۆرێنزۆڤالا، بەلۆژیکی مێژووگەرایی و زمانناسیی، دەسەڵاتی پیرۆزی پاپاکانی لەکەدارکرد. لەسەدەی شانزەشدا تۆماس مۆر و نیکۆلای مێکیاڤێلی دوو نەخشەی تیۆریی سیکۆلاریانەیان بۆ شێوازی دەسەڵاتداریی و سیاسەتکردن، داڕشت. لێرەوە وردە وردە هیومانیزم سەریهەڵدەدا و زەمینە بۆ لەدایکبوونی فۆرمێکی تازە لەمرۆڤ دەڕەخسا. کەواتە زۆر پێش ڕێنییە دیکارت، نەخشەی تیۆریی بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ داڕێژراوە. لە قۆناغی ڕێنیسانسدا، شانبەشانی لۆرینزۆ ڤالا و تۆماس مۆر و نیکۆلای مێکیاڤێللی، چەندان بیرمەند و پەیکەرتاش و شانۆنامەنووس دەردەکەون و ڕوانگە و ڕاڤەی نوێ بۆ ماهیەتی مرۆڤ دەخەنەڕوو. ئەو ڕوانگە و ڕاڤە تازانەی لەمیانەی قۆناغی ڕێنیسانسدا خرانەڕوو، سەرەتایەکی تیۆریان بۆ لەدایکبوونی سوبێکت ڕەخساند. ڕوونتر بدوێین، لەهەناوی ڕێنیسانسدا، وردە وردە ئەو داهێنراوە تازەیەی فۆکۆ باسی دەکات، واتە سوبێکت، نەشونومایدەکرد. ڕاستی ئەوەیە فۆکۆ لەوباوەڕەدابوو سەرەتای ئەم نەشونوماکردنە، بۆ سەدەی هەژدەیەم دەگەڕێتەوە، لێ گرنگ ئەوەیە لێرەدا ئێمە باس لە لەدایکبوونی مرۆڤێکی تازە دەکەین، مرۆڤێک کە فۆکۆ پێیوایە لەمەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە. بەڵێ لەڕوانگەی فۆکۆدا، مۆدێرنە چیتر نەرمی و مرونەتی نەماوە و وزە پێکهێنەرەکانی هەناوی خۆی بەفیڕۆداوە و بە کۆتا شێوە و بیچمی خۆی گەیشتووە، هەرەوەک ئەستێرەیەک کە تا دوا فۆرمی مومکینی خۆی دەکشێت و دواتر دەتەقێتەوە و کۆتایی پێدێت. فۆکۆ ئەم زستانەی فیکری مۆدێرنەمان بۆ ڕیوایەت دەکات و لەهەناوی ئەم زستانەدا، پەنجە لەسەر سەرەکی ترین چەمکی مۆدێرن دادەنێت، ئەویش چەمکی سوبێکت، یان بابڵێین مانای نوێی مرۆڤە.

ڕاستی ئەوەیە فۆکۆ لەبارەی مانای هیومانیستیانەی مرۆڤ و کۆتایی پێهاتنی ئەم مانایە قسەدەکات. لێرەوە دەشێت خاڵەهاوبەشەکانی فیکری دژە هیومانیستی لەنیوان فۆکۆ و ژاک لاکان و لویی ئاڵتۆسێردا بدۆزینەوە. ئەم سیانە، سێکچوکەی هزری دەروونشیکاریی پاش فرۆیدیی و هزری پۆست_مارکسیستیان داڕشت و دەریچەیەکی تازەیان بەسەر مانای مرۆڤبووندا کردەوە.

ڕێگەبدەن بگەڕێنەوە بۆ گوزارەی "مرۆڤ داهێنراوێکی تازەیە"ی فۆکۆ. ئەم گوزارەیە هێما بۆ پرۆسەیەکی ماوەدرێژیی مێژوویی دەکات. پرۆسەیەک، کە لەهەناوی کۆمەڵگای خۆرئاوادا ڕوویداوە. لەمنداڵدانی ئەم پرۆسەیەوە، ، مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە قاوغێکی نوێ و لەسیاقی چەمکی تازەدا لەدایکدەبێتەوە. ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی مۆدێرنەکردنی خۆرئاوایە. کەلتوری مۆدێرن، بەتەنها ئاسمانی وەک ناوەندی مانا و دەسەڵات، لێنەسەندینەوە، بەڵکو ئەم کەلتورە مانا ئاسمانیەکانی مرۆڤبوونیشی وێران کرد. لەبەرانبەردا، ئەم کەلتورە لەسەر هەسارەی زەوی، بەمانایەکی تەواو دونیایی، مامانیی بۆ لەدایکبوونێکی تازەی مرۆڤ کرد. وێڵ دۆرانت، لەوباوەڕەدایە پێناسەی نوێ بۆ مانای مرۆڤبوون، لەسەدەی پانزەیەم و لەنووسینەکانی لۆرێنزۆ ڤالا، ڤێچینۆ، کاڤانلا و فرانچسکۆ بۆکاتیۆدا خرایەڕوو. وێڵ دۆرانت پێیوایە، فرانچسکۆ بۆکاتیۆ، بەتەنها یەکەمین ڕستەکانی لەمەڕ مرۆڤی تازە نەنووسی، بەڵکو خودی بۆکاتیۆ دەشێت وەک یەکەمین مرۆڤی نوێ و وەک یەکەمین مرۆڤی مۆدێرن ئەژماربکەین. بۆچی بۆکاتیۆ؟ بۆکاتیۆ شاعیرێکی ئیتاڵیایی بوو. ئەو لە سەردەمێکدا، کە زمانی لاتین باڵادەستی بێ چەندوچوونی خۆی بەسەر هەموو کایەکاندا سەپاندبوو، بەزمانی ڕۆمیی هۆنراوەی دەنووسیی. بۆکاتیۆ بەم کارە شێوەزارە ناوچەیەکانی زیندوودەکردەوە و لەهەموو ئەمانەش گرنگتر، ڕاڤەی نوێی بۆ مانای مرۆڤبوون دەکرد. بۆکاتیۆ لەمیانی هۆنراوەکانیدا، ڕەهەندە زەمینیی و فانیەکەی مرۆڤی بەهەند وەردەگرت و مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی ئاسمانیی وێنانەدەکرد. ئەمەش تایبەتمەندی ڕوانینی کەلتوری مۆدێرنە بۆ مرۆڤ.

شاعیران، فەیلەسوفان، وێنەکێشان و شانۆنامەنووسان، نوێنەرایەتی ڕۆحی نوێخوازیی ڕێنیسانسیان دەکرد. ئەم ڕۆحە، کە گیان دەکات بە بەر دونیای مۆدێرندا، لەڕێگەی نەوەی سەردەمی بۆکاتیۆوە خۆی نمایشدەکرد. ئەم ڕۆحە چییە و چۆن دەهزرێت؟ ڕاستی ئەوەیە ئەم ڕۆحە، جۆرە ژیانەوەیەکی گیانی کۆنی ڕۆمایی و فیکری یۆنانیی جاران بوو. گەڕانەوەی دیۆنیسیۆس و ڤێرجل بوو بۆ سەر سەکۆی ژیان. هەڵگەڕانەوەبوو لە شێوەڕوانینی میتافیزیکیانەی کەنیسا و دەسەڵاتە تیۆکراسیەکەی. ئەم ڕۆحە لەڕێگەی بۆکاتیۆ و هاوئاوازەکانیەوە دەیووت؛ دەبێت مرۆڤ سەروەری جیهان بێت. مرۆڤ تاقانە پێوەری بوونە و گرنگترین ڕەگەزی ناو گەردوونە. ئەم ڕۆحە هەر هەمان ئەو وتەیەی پرۆتاگۆراسی بەیاندەکردەوە: مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە، پێوەری ئەوەی هەیە و ئەوەی نییە. ڕوونتربدوێن، ئەم ڕۆحە جۆرە دیدگایەکی پەرەپێدەدا، کە سەرلەبەری هەبوونی بە هەبوونی مرۆڤەوە گرێدەدا. هەرئەم بابەتەش بۆخی دەرگا لەسەر ڕێژەگەرایی دەکاتەوە و زۆرێک لە کۆسیستەمە ئاکاریەکانی ڕابردوو دادەڕوخێنێت.

ڕێنیسانس تاڕادەیەک بەم ئەرکە هەستا. ڕێنیسانس نەفی باوەڕی ڕەهاگەرایی کەنیسا و کۆسیستەمە ئاکاریەکەی بوو. لێ پرسیارەکە ئەوەیە هیچ جۆرە شارستانیەتێەک ناتوانێت تەنها لەڕێگەی نەفی کردن و سڕینەوەوە بێتەبوون. دەبێت جێگرەوەیەک بۆ ئەو شتەی کە نەفی کراوە، دابتاشرێت. ئەوەی شاعیرانی قۆناغی ڕێنیساس کردیان، نەفیکردنێکی ڕەهابوو. ئەوان تەنها جۆرە خەیاڵێکیان لەسەر گریمانەی لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ هەڵچنی. هێشتا ئەم خەیاڵە بۆ فیکر و فەلسەفە دانەکشابوو. لەقۆناغی دوای ئەم نەوەیەدا، کەسانێکی وەک فرانسیس بایکۆن، جۆن لۆک، تۆماس مۆر، نیکۆلای مێکیاڤێللی و تۆماس هۆبز، باڵەخانەی هزری مۆدێرنیان بونیادنا.

ئەوەی لەئاسۆکانی فیکریی ڕێنیسانس و ماوەی سەدەی شانزەهەمدا بوونی هەبوو، گریمانەیەکی فەنتازیی و تاڕادەیەک فەلسەفیی بوو، بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی تازە. ڕوونتر بدوێین، لەهەناوی ڕێنیسانس و لەماوەی سەدەی شانزەهەمدا، تۆی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن دەچێنرێت. لێ هێشتا پرۆسەی لەدایکبوونی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن، بە ڕەهایی ڕوونادات. ڕێنییە دیکارت، مامانی ڕاستەقینەی ئەم لەدایکبوونەیە.

 

 

لە دیکارتەوە تا فۆکۆ

ڕاڤەی فەلسەفیی بۆ مرۆڤی مۆدێرن، لەسیاقی دەزگایەکی فیکریی تۆکمەدا، بۆ یەکەمینجار لەلایەن ڕێنییە دیکارتەوە خرایەڕوو. لەمیانەی دیکارتەوە، خەون و فەنتازیا تازەکان لەمەڕ مانای نوێ بۆ مرۆڤی نوێ، لەقاڵبی لۆژیکی فەلسەفیدا ڕێکدەخرێن. لێرەدا ڕێگە بدەن شتێک بڵێم، گەرچی کەوتن و ‌هاڕەکردنی بونیادی فیکریی کەنیسا و کۆسیستەمە ئاکاریەکەی، ڕووداوێکی ئێجگار گەورە و گرنگە، لێ هێشتا دونیای سەردەمی ڕێنییە دیکارت هێندەی ئەم دونیایەی ئێستا، خێرا و ئاڵۆز و بەتین و تاو نەبوو. پرۆسەکە وەک دانیال دێنیت و نوح هەراری باسی لێوە دەکەن، بەمجۆرە بووە. خودا و دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی نەفی دەکرێن، مرۆڤ و دەسەڵاتە زەمینییەکەی لەبری ئەوان دادەنرێن. ئەم لەجێگەدانانە، زەمینە بۆ لەدایکبوونی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن دەڕەخسێنێت. بەمانا نوح هەراریەکەی، مرۆڤی کۆن لەسەر سەکۆی ژیان دەسڕێتەوە، لەگەڵ ئەم سڕینەوەیەدا، گرێبەستی نێوان مرۆڤ و خوداش کۆتایی پێدێت و زەمینە بۆ گرێبەستێکی تاکلاینە، لەنێوان مرۆڤ و خۆیدا دەڕەخسێت. گرێبەستی مۆدێرن، یان بەمانا ژان ژاک ڕۆسۆیەکەی، گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتی، هیچ نییە جگە لە پەیمانێک نەبێت، کە مرۆڤایەتی بەخودی خۆی دەدات. لەوسەری ئەم گرێبەستە نوێیەدا، جگە لەمرۆڤ خۆی، هیچ هێزێک بوونی نییە لێپێچینەوە لەگەڵ مرۆڤدا بکات. ئەمەش بەدروستی واتە، لەدایکبوونی سوبێکتی ئازاد و ئیرادەگەرای مۆدێرن، سوبێکتێک، کە پێدەچێت لە دونیا کایۆس_ئاساکەی سەدەی بیستویەکدا و لەسایەی تەکنۆلۆژیای نوێدا، شایەتی مردنی بین. بەدیدی دانیال دێنیت، هۆکاری ئەم مەرگە تاڕادەیەک روونە. دانیال دێنیت لەوباوەڕەدایە دونیای ڕۆژگاری ڕۆشنگەریی و ماوەی دواتر، هێشتا دونیایەکی خاو بووە و بەئاسانی وەک بابەت خۆی ڕادەستی سوبێکتی ئیرادەگەراکردووە، لێ دونیای ئەمڕۆ لەناو پانتایی چەندین فەزادا پەرتبووە و بەگوڕ و تینەوە بەرەو پێشەوە تاودەستێنێت و خۆی ڕادەستی لێکدانەوە فەلسەفەیەکانی مرۆڤ ناکات. لێرەوەیە نوح هەراری دەڵێت، داتایستەکان بانگەواز بۆ ئەوە دەکەن گوایە، ڕۆڵە مێژوویەکەی مرۆڤی مۆدێرن کۆتایی پێهاتووە و دەبێت پێگەی خۆی بۆ ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان و "بیگ داتا_bigdata" چۆڵبکات. ئەگەر پشت بەو ڕاڤە ئالگۆریتم_میکانیکیەی دەروونشیکارییش ببەستین، دەشێت بەناچاری لەگەڵ بانگەشەی داتایستەکانی وەک ڕۆی کۆرزوێڵدا، لەوەدا هاوڕابین، کە ڕۆڵی سوبێکت دەشێت بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆشتبێت. ڕوانگەی کەسانی وەک دانیال دێنیت و نوح هەراری ئەوەیە، گوایە دونیای سەردەمی ڕۆشنگەریی، بەر زەینی سوبێکتی ئەوی دەم دەکەوت. ئەم زەینە، پاشخانی فەرهەنگی ئاوەزیی دەچووەسەر عەقڵانیەتی باوی سەردەمەکە و فەلسەفەی یۆنانیی کۆن، لێ لەمڕۆدا زەینی مرۆڤ چیتر هەمان زەینی سوبێکتە ئیرادەگەراکەی مۆدێرن نییە. ئەم زەینە، بە حوکمی ڕاڤەکانی بایۆتەکنیک و داتاگەریی بۆ ژیان، و لەسایەی حزووری ڕووشێنەرانەی تەکنۆلۆژیایی نوێدا، بەمانا هایدگەریەکەی، هەم خۆی وەک ئالگۆریتمێک وێنادەکات و هەم دونیاش وەک سەرچاوەی وزەی شیاوی سەرفکردن دەبینێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم، ئەوەیە، داخۆ دەشیت مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن، بەناو ڕاڤەی بایۆتەکنیک و داتاگەریی و دونیای تەکنۆلۆژیای نوێدا بکشێت؟ واتە ئاخۆ ڕێیتێدەچێت ئەم مەرگە لەشێوەی کۆتا کشانی ئەستێرەیەک لەپێش مەرگی، لەناو ئاسمانی تەکنۆلۆژیای نوێدا ڕووبدات؟

بەهەرحاڵ، بواربدەن بۆسەر فۆکۆ و دیکارت بگەڕێینەوە و لە ماهیەتی لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ و گریمانەی مەرگی ئەم مرۆڤە ڕابمێنین. ئەو سوبێکتەی، کە فۆکۆ باس لەمەرگ و کۆتایەکەی دەکات، لەدایکبوون و سەرەتاکەی بۆ ڕێنییە دیکارت دەگەڕێتەوە. دیکارت لەساڵی ١٦٥٠ز کۆچی دوای دەکات و فۆکۆ لەساڵی ١٩٨٤دا کۆچی دوای دەکات. مەودایەکی تاڕادەیەک چوارسەد ساڵیی لەنێوان ئەم دوو فەیلەسوفە فەڕەنسیەدا بوونی هەیە. بڕیاروایە لەم مەودا زەمەنیەدا، ئێمە بینەری لەدایکبوونی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن و مەرگی ئەم سوبێکتە بین. بەواتایەکی تر، دەشێت ئەم مەودایە بە خودی مۆدێرنە ئەژماربکەین؛ سەرهەڵدانی ئەم کەلتورە سەیر و سەمەرەیە و گەشانەوە و پەرەسەندنی و پاشان و داکشان و بەرەو کۆتایی و بەرەو مەرگ ملنانی. فۆکۆ حەکایەتخوانی ئەم ئاپۆکالیپۆسەیە. لێرەوە دەشێت بوترێت، فۆکۆ هەرەوەک نیچە، بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت مرۆڤێکی نوێ و جیهانێکی نوێ لەبری مرۆڤ و جیهانی مۆدێرن دابنێن، جێگاستایش و پیاهەڵدانە. فۆکۆ یەکێکە لەوانەی، حەکایەتی مەرگی مرۆڤی مۆدێرن دەگێڕێتەوە. کەواتە ئەم حەکایەتە فەلسەفییە، لەهەناوی خۆیدا گریمانەی سەرهەڵدانی مرۆڤێکی نوێ و دونیایەکی نوێی هەڵگرتووە. ئەگەر لەهەناوی پرۆسەی مۆدێرنەدا، سوبێکتی ئیرادەگەرا، پێگەی خودای مەسیحەیەتی بەدەستهێنا، ئەوا لە پاش مەرگی ئەم سوبێکتە، چی شتێک پێگەی سوبێکت داگیردەکات؟ بە واتایەکی تر، پرۆسەی مۆدێرنە گەشتێکی ئۆدێسایی مرۆڤ بوو لەئاسمانەوە بەرەو زەوی، دەرئەنجامی ئەم گەشتە، لەدایکبوونی مرۆڤی مۆدێرن بوو، کە خۆی وەک ناوەندی دونیا وێناکرد، بەڵام ئەم مرۆڤە نوێیە بەرەو کۆتایی و مەرگ ملدەنێت، لەبری مرۆڤ چیتر و کێی تر دەبێت بەسەرچاوەی هێز و دەسەڵات و مانا؟ کاتێک نیکۆلاس کۆر لەکتێبی "قەفەسی شوشەیی"، باس لەوە دەکات چۆن ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان لەکایەی ئابووری و لەفەزای بانک و بۆرسەدا، پێگەی مرۆڤ داگیردەکەن، ناڕاستەوخۆ هێما بۆ ئەوە دەکات کە ئەگەر بەم جۆرە بەرەو پێشەوە ملبنێین، ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان بۆ سەرچاوەی نوێی مانا و هێز و دەسەڵات دەگۆڕدرێن. لێ نوح هەراری بەئاشکرا و بەبێ پەردە ئەم مەترسیە ڕادەگەیەنێت و باوەڕی وایە لۆژیکی ئابووری سەرمایەداریی بەرەو ئەوە ملدەنێت، کە بەهای مرۆڤ لەکەداربکات و لەبری مرۆڤ، ئالگۆریتم و ڕۆبۆتەکان جێگیربکات. کێشەی بنەڕەتی لێرەدا ئەوە نییە، ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکان و ڕۆبۆتەکان جێگای مرۆڤ دەگرنەوە، بەڵکو کێشەی سەرەکی لەوەدایە، ئەم ڕووداو و پێشهاتانە ڕوانگەی مرۆڤ لەسەر خۆی و لەسەر دونیا دەگۆڕن. ئەوی دەم چی ڕوودەدات؟ داخۆ دەشێت بیر لەو پرسیارەی ژان بۆدریار بکەینەوە، کە لەکتێبی "چۆنە تا ئێستا هەمووشت ئاوانەبووە" خستوویەتیەڕوو؛ ئایا دونیای سوبێکت_میحوەریی لەهەناوی دونیای ئۆبێکت میحوەردیدا کۆتایی دێت؟ یان داخۆ ڕێتێدەچێت ئەم ئاگادارییەی نوح هەراری بەهەند وەربگرین کە دەڵێت، ئاینێکی نوێ بەناوی تەکنۆهیومانیزم لەسەرهەڵداندایە، تەکنۆهیومانیزم، هیومانزیمی مۆدێرن تێدەپەڕێنێت. بەمەش بە وتەی نیک بۆسترۆم، بەفەرمی داخڵی چاخی ترانس هیومانیزم دەبین. لەم چاخەدا مرۆڤەکان لەئاست هەست و سۆز و ئەزمونە دەروونیەکانی خۆیان، کە سەردەمانێک سەرچاوەی مانا و هێز و دەسەڵات بوو، دەکەونە گومانەوە و بیر لەدەستکاریکردنی تەکنیکیانەی خۆیان دەکەنەوە. ئەم بیرکردنەوەیە، لەسایەی بانگەشەکانی داتاییزمدا ڕوودەدات، کە هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوەدەکات، گوایە مرۆڤ ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی ماوەبەسەرچووە. کەواتە ئاینی تەکنۆهیومانیزم بواردەدات مرۆڤ بوێری بنوێنێت و سەرکێشی ئەوە بکات دەست بۆ پەرەپێدانی تەکنیکییانەی خۆی بەرێت. هەموو ئەمانە چی بە ئێمە دەڵێن؟ سەرنجتان بۆ بۆدریار ڕادەکێشم. بۆدریار لەکتێبی "وەهمی کۆتایی"دا، باس لەوە دەکات تا ئەو پەڕی هەموو ئیمکان و گریمانەکان ڕۆیشتن، هەڵەیە. هەڵەکە لەوەدایە، کاتێک مرۆڤ لەسایەی ڕاڤەکانی زانستی بایۆلۆژیا و لەدونیای داتاییزم و تەکنۆلۆژیای نوێدا، تاوەکو ئەوپەڕی هەموو گریمانەکانی خۆی دەچێت، بەمانایەکی تر سیحر و جادووی خۆی بەتاڵکردووەتەوە. ڕوونتر بدوێین، کاتێک مرۆڤ وەک سندوقی ڕەش، نهێنیەکانی خۆی دەکاتەوە، بەفەرمی کۆتایی بە خۆی دەهێنێت.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بۆ پرسێک بکەین. پێناچێت کاتێک نیچە "مەرگی خودا"ی ڕاگەیاند و گریمانەی دەرکەوتنی "مرۆڤی باڵا"ی باسکرد، مەبەستی ئەوەبووبێت، کە مرۆڤ بە شێوازی ئۆتۆماسیۆن و لەڕێگەی دەستکاریکردنی تەکنیکاڵیانەی خۆیەوە، خودی خۆی تێپەڕێنێت. بەهەمان شێوە ڕێتێدەچێت کاتێک فۆکۆ گریمانەی مەرگی مرۆڤی مۆدێرن، وەک داهێنراوێکی نوێ دەخاتەبەرباس، چاوی لەوە نەبووبێت مرۆڤایەتی لەسایەی بایۆتەکنیک و زانستی بۆهێڵکاریی و تەکنۆلۆژیای زانیاریدا، شێوازێکی نوێ لە مانا بۆ مرۆڤێکی تازە بخوڵقێنێت. مەبەستی نیچە و فۆکۆی نیچەیی هەرچیەک بووبێت، لەمڕۆدا مەرگی مرۆڤی مۆدێرن، پرۆسەیەکە لەناو داوی ئینفۆتەکنەلۆژیی و بایۆتەکنەلۆژییدا، لەدۆخی ڕووداندایە. ڕەنگە هەر ئەم پێشهاتەش زەمینەی ئەوەی ڕەخساندبێت، حەکایەتخوانی داروینیی وەک دانیال دێنیت و نوح هەراری و نیک بۆسترۆم بۆ ئەم شێوە مردنە، سەریهەڵدابێت. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە فۆکۆ لەشێوازی سەرددا، زستانی مۆدێرنە و گریمانەی بەبونبەست گەیشتنی مرۆڤ باسدەکات. پێشتریش، بیرمەندانی چاخی ڕێنیسانس، لەشێوازی سەرددا، گریمانەی دەرکەوتنی فۆرمێکی تازەیان لەمرۆڤ باسدەکرد. فۆرمێک، کە بەتەواوی پێناسە میتافیزیکیەکەی سەدەکانی ناوین بەجێدەهێڵێت و لەو مۆدێلە لەمرۆڤ دادەبڕێت، کە کەنیسا وێنای دەکرد. ئەم بەسەرهاتە تازەیەی ڕێنیسانس لەمەڕ ماهییەتی مرۆڤ، لەسەردەستی ڕێنیە دیکارت، لەقاڵبی دەستگای فیکریی و فەلسەفیدا داڕێژرایەوە. بەواتایەکی ڕوونتر، ئەو شێوە تازەیەی مرۆڤ، کە لەمنداڵدانی ڕێنیسانسدا خەمڵێنرا و لەدەرەوەی حەسارە میتافیزیکیەکانی ئایندا بەرەو کەشفی دونیا لەشەقەی باڵیدا، بۆ یەکەمینجار لەلایەن ڕێنییە دیکارتەوە بەشێوازی فەلسەفیی و لەسیاقیی دەستگای فیکرییدا، بیر لەماهیەتەکەی کرایەوە. ئەم مرۆڤە تازەیە چییە و چۆنە؟

با ڕوونتر بدوێین؛ دیکارت مرۆڤی چۆن بینی و چۆنچۆنی مرۆڤی ناسی و چۆن پێناسەی کرد؟ ئەو مرۆڤەی لەمڕۆدا و لەسایەی ڕاڤەی بایۆلۆژیی و داتاییزمدا، وەک ئالگۆریتمێکی ماوەبەسەرچوو وێنادەکرێت و بۆ ناو فەزای شل و شێواوی دونیای مەجاز پەرتبووە، دیکارت چۆنی دەبینی و چ جۆرە ماهیەتێکی فەلسەفیی بۆ لەبەرچاودەگرت؟ شان و شکۆ و هەیبەتی مرۆڤ و ناواخنە ئیرادەگەراکەی لەزەینی دیکارت و فەیلەسوفانی مۆدێرنەدا چۆن بوو؟ ئەو مرۆڤەی لەمڕۆدا، بە وتەی نیکۆلاس کۆر، لەناو قەفەسی شوشەیی فەزای مەجازدا ئیرادەی پایەماڵکراوە و بەدیدی نوح هەراریش لەهەناوی تۆڕە بەرینەکانی داتاوزانیاریدا، بۆ ئەڵقەیەکی ناچیزی ئاڵۆگۆڕی زنجیری داتاوزانیاری گۆڕاوە، لەدیدی دیکارتدا چۆن بوو؟ هەڵەبەت دانیال دێنیت ئەوە دەڵێت، کە دیکارت ناتوانێت لەکاریگەری قوڵی تەکنۆلۆژیای نوێ بەسەر ماهیەتی مرۆڤەوە، تێبگات. چونکە وەک دانیال دێنێت دەڵێت؛ تەکنۆلۆژیای سەردەمی دیکارت، بەمانای چەرخ و ڕەوڕەوی دانەدار دەهات. لێ لەمڕۆدا ئەو مرۆڤە مۆدێرنەی، کە دیکارت لەقاڵبی سوبێکتدا پەروەردەی کرد، خۆی لەبەردەم لێشاوی داهێنانی سەیروسەمەری تەکنۆلۆژیای نوێدا دەبینێتەوە. بەجۆرێک، وەک دانیال دێنیت دەڵێت، مرۆڤی مۆدێرن، ناتوانێت و فریای ئەوەش ناکەوێت بتوانێت، کە لە لێکەوتەکانی داهێنراوە تەکنەلۆژیی و بایۆکان تێبگات. لێگەڕێن بۆ پرسیارەکەی خۆمان بگەڕێینەوە. دیکارت مرۆڤی چۆن دەبینی و چ جۆر پێناسەیەکی بۆ مرۆڤ لەبەرچاوگرت؟

گەر خۆمان لەدرێژدادڕیی بپارێزین، دەمودەست دێژین، دیکارت مرۆڤی وەک سوبێکت ناساند. سوبێکتێک، کە ناوەندی هەموو شتێکە. ڕوونتر بدوێین، سوبێکتی دیکارتی، کە بەدڵنیایەوە لەسوبیکتی لاکانی جودایە و ناچێتەوە سەر ئەو سوبێکتەی لەهەناوی دەروونشیکاری پاش فرۆیدیدا قسەی لەسەر کرا، سوبێکتێکی خۆسەرە و خۆی لەخۆیدا مانادارە و بەگەڕانەوە بۆ ناو قەڵەمڕەوی دەروون، دەدۆزرێتەوە. ئەم سوبێکتە، مانا و هێزی خۆی لە دونیای دەوروبەرەوە وەرناگرێت، بەڵکو لەهەناوی خۆیەوە مانا بەباردێنێت. لەکاتێکدا سوبێکتی لاکانی، لەپەیوەندیدا بە ئەوانیتر و لەفەزای کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەکاندا لەدایکدەبێت، سوبێکتی دیکارتی پێویستی بەم بەستەرە گشتیانە نییە و خاوەنی ئیرادەی ئازاد و خۆسەری خۆیەتی و خۆی لەخۆیدا مانادارە. ڕێنییە دیکارت، چۆن پەی بەم ناوەندە تازەیەی مانا و دەسەڵات برد؟ ڕوونتر بدوێین، سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن، لەپاش دیکارتەوە بۆ ناوەندی مانا و هێز و دەسەڵات دەگۆڕێت، دیکارت چۆنچۆنی ئەم ناوەندەی دۆزیەوە؟ بۆ دەبێت مانا تازەکەی مرۆڤ، ئەو لوتفە دەرحەق بە ئێمە بکات، کە وەکو ناوەندی جیهان بمانناسێنێت؟ دیکارت، باس لەوە دەکات گوایە زستانێکی سارد و شەختەبەند لەهۆڵەندا ژیاوە. لەوێدا جۆرە ساوناوێک بوونی هەبووە، کە مرۆڤەکان بەکاریان هێناوە و خۆیان پێ گەرم کردووەتەوە. جارێکیان دیکارت لەتاو سەرمادا، خۆی دەئاخنێتە ناو یەکێک لەم جۆرە ساوناوانەوە. لەناو ئەم شوێنە گەرمەوە، دیکارت بۆ یەکەمینجار بیر لەوەدەکاتەوە، کە مرۆڤ و جیهان پێویستیان بە نەخشە و پلانێکی تازە هەیە. هەر لێرەوە دیکارت پەی بە ڕۆحی سەردەمەکەی خۆی برد و تێگەیشت، کە دەبێت ڕوانینێکی تازە پێشکەش بە دونیا بکات. دیکارت ئەرکی فەلسەفاندنی ئەم ڕوانینەی خستە سەرشانی خۆی. لەهەناوی ئەمجۆرە ڕوانینەوە، سوبیکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن، بەشێوازی فەلسەفی لەدایکدەبێت.

 

 

 

                         

                                                                                        تابلۆیەکى پیکاسۆ- 1938

 

 

 

داهێنانی مرۆڤی نوێ

بێگومان مەبەست لەداهێنان، یان ئافەراندنی مرۆڤی نوێ، ئەوە نییە لەڕووی فیزیکیەوە مرۆڤی کۆن بکوژرێت و مرۆڤێکی تازە لەبری دابنرێت. بەڵکو مەبەست ئەوەیە کەلتوری مۆدێرن، لەسیاقی چەمکی تازەدا مرۆڤی پێناسەکردەوە و مانا و واتای نوێی بەدەوری ماهیەتی مرۆڤدا هەڵچنی و ئەرک و بەرپرسیاریەتی نوێی بۆ لەبەرچاوگرت. گەر نیچەویانە بدوێین، مرۆڤی مۆدێرن ناچاربوو بەوەی ئیتر مێژوو بە بێ خودا و بەبێ دەسەڵاتی تیۆکراسیی ئاسمان، بەڕێوەبەرێت. ئەمەش واتە مرۆڤی مۆدێرن، خۆی وەک تاقانە ئەکتەری سەرەکی سەر تەختەی شانۆ مایەوە و خوداکان و دێو و ئەهریمەن و فریشتەکان، لەسەر ئەم تەختەیە سڕدرانەوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، کێ بوون ئەوانەی ئەرکی پێناسەکرندوەی مانای مرۆڤبوونیان ڕاپەڕاند؟

ئاشکرایە مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانس، لەپاش شۆڕشی درکپێکردنەوە، کە مێژووەکەی بۆ حەفتاهەزارساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە، پێی لەسەر سەکۆی ژیان دانا. لەو سەرەتایانەدا، دەرکی مرۆڤ بۆ خۆی و بۆ دونیای دەروبەر، مانای مرۆڤبوون و مانای دونیای یەکلادەکردەوە. بەمجۆرە مرۆڤی ئەوی دەم، لەناو وڕێنە وەهمئالودەکانی ئاینی ئەنیمیزمدا، کە شەماخ و کائین و جادوگەرانی قەبیلە دەیانسازاند، خۆی دەبینیەوە. واتە مانای مرۆڤ لەو دەمە دێرینانەدا، لەهەناوی کۆمەڵە بچوکەکانی ڕاووشکار و ئاینی ئەنیمزم و گرێبەستی مەسەلۆتیکدا پەنهانبوو. کە شۆڕشی کشتوکاڵی ڕوویدا و ئاینە خوداپەرەستیەکان دەرکەوتن، مرۆڤ لەسیاقی کۆمەڵگای لادێ نشین و دەوڵەت شارەکانی سۆمەریدا، مانا و واتای خۆی و دونیای ڕێکخستەوە. لەم چاخەدا، پەیامبەران مانا و پێگەی مرۆڤیان لەدونیایەکدا، کە گوایە خودای پایەبڵند ئافەراندوویەتی، یەکلادەکردەوە. لەپاش شۆڕشی پیشەسازی و سەرهەڵدانی پرۆسیسی مۆدێرنە، کۆی ئاڕاستەی مێژوو گۆڕدرا. هانا ئارنێت بە ڕوونی ئەوە دەڵێت، کە مۆدێرنە بڕیاردانبوو لەسەر ئەوەی کە دەستکاری جیهان بکرێت. سوبێکتی مرۆڤی مۆدێرن، ئەو خوداوەندە نوێیەبوو، کە دەستکاری جیهانی کرد. ڕۆح و خودا و میتافیزیکا بەرەو پەراوێز ڕاماڵدران. عەقڵانیەت وەک سەنگی مەحەک جێکەوتکرا و مرۆڤ لەسیاقی هیومانیزم و گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتیدا مانای نوێی بۆ پێناسەکردنی خۆی دۆزیەوە. نوح هەراری دەڵێت چەندێك چەمکاندن و ئاواکردنی دەستگای نوێی فەلسەفیی، ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی مانای نوێ بۆ مرۆڤ هەبوو، هێندەش دەرکەوتنی دا‌هێنانە تەکنەلۆژیەکان و سەرهەڵدانی شۆڕشی ماکینەی هایدرۆلیکیی ڕۆڵیان لەوەدا هەبوو، کە تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و بۆ دونیا بگۆڕێت. بە ڕێکەوت نییە، چەمکە میکانیکیەکانی کایەی پیشەسازیی، کاریگەری بەسەر دەروونشیکاری مۆدێرنەوە بەجێدەهێڵن. داخۆ لەمڕۆدا شۆڕشی ئینفۆتەکنەلۆژی و بایۆتەکنەلۆژی لەپاڵ گەشەی خێرای ئابووری مۆدێرن و تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان و ئامادەیی کاریگەری فەزای شاشەدا، زەمینەساز دەبن لەوەی مانا مرۆڤ سەرلەنوێ دووچاری بارگۆڕانی ڕیشەیی ببێتەوە؟

بگەڕێنەوە سەر پرسیارەکەی پێشوو. کێ بوون ئەوانەی ئەرکی پێناسەکرندوەی مانای مرۆڤبوونیان ڕاپەڕاند؟ هەڵبەت وەک پێشتوتریش وتمان، داڕشتنەوەی مانای نوێ بۆ مرۆڤ، لەچاخی ڕێنیسانسەوە دەستی پێکرد. لێ لەماوەی قۆناغی گەشانەوەی مۆدێرنەدا، ئەم کارە بەشێوازێکی جدیتر جێبەجێکرا. ماوەی نێوان ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٩٠٠، بە قۆناغی گەشانەوەی مۆدێرنە ئەژماردەکرێت. ئەم ماوەیە ژمارەیەک فەیلەسوفی تایبەت بەخۆی هەیە. ڤۆڵتێر، یەکێکە لەناودارترینی فەیلەسوفانی ئەم قۆناغە. هەڵبەت دەشێت ڤۆڵتێر زیاتر وەک ژۆرنالیستێکی هەڵاساز ئەژماربکەین. ئەو هێندەش قوڵ و فەلەسەفیی نەبوو. لێ لەمیانەی زمانی تەنز و ڕەخنەی گاڵتەئامێزدا، پیرۆزی کەنیسا و دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی ڕووشاند. ڤۆڵتێر توانی لەڕێگەی ئایرۆنیەتەوە، کۆمەک بە مرۆڤی ئەوکات بکات، بەجۆرێکی تر لەخۆی و لەدەوروبەری بڕوانێت. ئەم بیرمەندە فەڕەنسیە، لەساڵی ١٧٦٨ کۆچی دوای دەکات. ژان ژاک ڕۆسۆ، یەکێکترە لە فەیلەسوفانی ئەم قۆناغە. ڕۆسۆ کەسایەتی و ژیانێکی سەیر و نامۆی هەبوو. ئەو، بەیەکێک لە بونیادنەرە سەرەکییەکانی هزری دیموکراسیی و سیاسەتی لیبراڵ لەخۆرئاوا دادەنرێت. ڕۆسۆ لەپاڵ مۆنتسکیۆ و جۆن لۆک و بێنتهام و ستیوارد میلدا، رۆڵی گەورەی لە گەشەپێدانی هزری لیبراڵیزم بینی و دەسەڵات و سیاسەتی خۆرئاوای لەسیاقی ماهەیەتێکی سیکۆلاردا داڕشتەوە.

هەموو ئەم فەیلەسوفانە، لەسەردەمی داهێنانی مرۆڤی نوێدا ژیاون. فۆکۆ کاتێک مەرگی ئەم داهێنراوە نوێیە باسدەکات، لەڕاستیدا لەبەرانبەر ئەم فەیلەسوفانەدا "نا"یەکی گەورە دەهێنێتەسەرزمان. یەکێکی تر لەگەورە فەیلەسوفانی ئەو قۆناغە، ئیمانوێڵ کانتی ئەڵمانیە. کانت، ئەو فەیلەسوفەیە، کەدەشێت بوترێت لەپاش ئەوەوە، هەرکەس هەرچیەکی وتبێت، تەنها لەگەڵ فەلسەفەی کانتدا دایالۆگی کردووە. ئیتر یان ڕەتی کانتی داوەتەوە، یان هاوڕای بووە. کانت و دیکارت و هیگڵ، سێ کوچکەی گەورەی فەیلەسوفانی مۆدێرن پێکدەهێنن. دەشێت بڵێین، مانای فەلسەفیانەی مرۆڤی مۆدێرن، لەهەناوی فیکری ئەم سیانەدا شاردراوەتەوە. ڕوونتربدوێین، مرۆڤ بەواتا سوبێکتیڤیتەکەی، بە سێ خاڵی گرنگی وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت. ئەم سێ خاڵەش، یەکێکیان فیکری دیکارتە، دووەمیان فیکری کانت و ئەوەی کۆتاییش فیکری هیگڵە، کە کۆتا گەورە فەیلەسوفی مۆدێرنەبوو. دەمانەوێت بڵێین، مانای سوبێکتیڤیتە، سێجاران بە چڕی لەبارەیەوە قسانکراو و سێجاران دەستی چاکسازیی پێداهێنرا. دیکارت،کانت و هیگڵ ئەم ئەرکەیان ڕاپەڕاند. بەدوای هیگڵدا، ژمارەیەک فەیلەسوف و بیرمەند دەردەکەون، کە هێندە پرۆسەی مۆدێرنەیان بەلاوە پەسەند نەبووە. دەشێت بوترێت لەپاش هیگڵ، ڕۆشنگەری بەرەو ئاوابوون ملدەنێت. مەرگی هیگڵ، کە لەساڵی ١٨٣١دا ڕوودەدات، دەشێت وەک کۆتا خاڵ بۆ حەکایەتی مۆدێرنە ئەژماریبکەین. لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، فەلسەفە ئاڕاستەیەکی تر بەخۆوە دەگرێت. بۆیە سەیر نییە، شۆپنهاوەر، کە یەکێکە لە نوێنەرە هەرە دیارەکانی ئەم ماوەیە، بەتوندی ڕەخنەی عەقڵانیەتی مۆدێرن دەکات و داوادەکات "حیکمەتی خۆرهەڵاتی"ی لەبری عەقڵانیەتی خۆرئاوایی دابنرێت. لەپاش هیگڵ، هەر فەیلەسوفێکی نوێ، کە سەرهەڵدەدات، لایەنگری لە مۆدێرنە ناکات. ئەمە تایبەتمەندیەکی ناوازەی فیکری خۆرئاوایە. لەکاتێکدا عەقڵانیەتی مۆدێرن لەلوتکەی هێز و دەسەڵاتی خۆیدا دەبێت، هێرشی پێچەوانە بۆسەر ئەم عەقڵانیەتە دەستپێدەکات. دەشێت لەپاش مەرگی هیگڵەوە تا بە دەرکەوتنی نیچە دەگەین، بە قۆناغی گواستنەوە لە مۆدێرنە بەرەو پۆستمۆدێرنە، ئەژماربکەین. ڕاستی ئەوەیە دەتوانین بڵێین، بەجۆرێک لەجۆرەکان فۆکۆ، دووبارە خوێندنەوەی هزری پۆستمۆدێرنانەی نیچەیە. لەپاش ئەوەی قۆناغی گەشەی مۆدێرنە دەوەستێت، ماوەی پاش مۆدێرن یان پۆستمۆدێرنە سەرهەڵدەدات. دەشێت پۆستمۆدێرنە هەر بەدرێژکراوەی کەلتوری مۆدێرن ئەژماربکرێت. لەم ماوەیەدا فەیلەسوفانی دژە هیگڵ و دژە مۆدێرنە، هەوڵدەدەن گومان لەسەر شێوازی دونیابینی مۆدێرن دروستبکەن. سۆرێن کیرگەگارد، یەکێکە لەو فەیلەسوفە دژە هیگڵیانە. ناتوانرێت بوترێت کیرگەگارد فەیلەسوفێکی پۆستمۆدێرنەیە، لێ ناشتوانرێت وەک فەیلەسوفی مۆدێرن ئەژماربکرێت. لەڕاستیدا کیرگەگارد لەو جۆرە بوونەوەرە ناجێگرانەیە، کە لەقۆناغی گواستنەوەدا سەرهەڵدەدەن. بوونەوەرێک نە بەتەواوی سەر بەو لایە و نە بەتەواوی سەر بە ئەم لایە. ئارتور شۆپنهاوەر، ئێجگار دژە هیگڵیی بوو. دەرکەوتنی شۆپنهاوەر، زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی گەوەرە فەیلەسوفی دژە مۆدێرن، واتە نیچە ڕەخساند. لێرەوە کۆی عەقڵانیەتی ئەوروپا خۆی لەبەردەم زەمین لەرزەیەکی گەورەدا بینیەوە. مانا و واتای مرۆڤی نوێ، جارێکی تر بەئاڕاستەی گەورە_بارگۆڕانێکی ڕیشەییدا هەنگاوی دەنا. دیکارت و کەلتوری مۆدێرن، سوبێکتی مرۆڤیان لەبری خودا و عەقڵانیەتی مرۆڤایەتیان لەبری ئیرادەی خودا، لەسەر تەختی حاکمیەتی دونیا دانیشاند. کەلتوری مۆدێرن و دونیابینی هیومانیزم، لەفەزای سیاسەتی لیبراڵ و جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ لە فەڕەنسادا، مرۆڤێکی تازەیان هێنایە سەر سەکۆی شانۆ. ئەم مرۆڤە، لەلایەن دیکارتەوە، وەک سوبێکت پێناسەکرا. دیکارت لەوباوەڕدابوو مرۆڤ خۆی لەخۆیدا خاوەن زاتێکی تاقانەیی دەگمەنە و لەقوڵایی بوونی خۆیدا، بەشێوازی خۆسەر، پرۆسەی هزرین ڕوودەدات و ئەم پرۆسەیە لەژێر کۆنترۆڵی ئاگایی مرۆڤدایە. لێ دەروونشیکاری ئەم تێزەی هەڵتەکاند. مرۆڤ زاتێکی تاقانە و یەکپارچەی دەگمەن نییە. ئاگایی تەنها ئاستێکی زەینیی مرۆڤە و کاریگەری لەسەر کۆی ڕەفتارەکان نییە. سوبێکت، بوونەوەرێکی خۆسەر و خاوەن ئیرادە نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی وابەستەیە و لەناو پانتایی زمان و کۆپەیوەندیەکان بە ئەوانیترەوە، دروستدەبێت. دەشێت بوترێت سێکچوکەی (ئید، ئیگۆ و سۆپەرئیگۆ)ی فرۆید، لەپاڵ چەمکی نەستدا، گورزێکی گەورەی لە مانای مرۆڤی مۆدێرن وەشاند. بەڵام سەرەتاکانی بەسەرهاتی مەرگی مرۆڤی مۆدێرن، دەچێتەوە لای هزری نیچە. نیچە مرۆڤ بوون، بەمانا مۆدێرنەکەی، بە پرسێک ئەژماردەکات، کە دەبێت تێپەڕێنرێت.

 

 

نیچە، یەکەمین حەکایەتخوانی مەرگی مرۆڤ

ئەگەر بمانەوێت بۆ مێژووی پۆستمۆدێرنە بڕوانین و سەرەتاکانی دەستنیشان بکەین. دەشێت بڵێین شۆپنهاوەر دەروازەی پۆستمۆدێرنەیە. لێ ناتوانرێت شۆپنهاوەر وەک خاڵی یەکلاکەرەوە لەنێوان کەلتوری مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەدا ئەژماربکرێت. هەروا شۆپنهاوەر خاڵی وەرچەرخانی ناو هزری مۆدێرنیش نییە. ئەو تەنها دەستپێکە، لێ دەستپێکێک کە لەڕووی هێز و گووڕەوە بەئاستی، بۆ نمونە دیکارت ناگات. لەپاش شۆپنهاوەر، نیچە دەردەکەوێت. ئەو دیاردە زریان ئاسایەی کە لەساڵی ١٨٤٤ هاتەبوون و لەساڵی ١٩٠٠ ڕۆیشت. ئەم دیاردەیە، خاڵی وەرچەرخان بوو لە فیکری خۆرئاوادا. یەکەمین فەیلەسوفی پۆستمۆدێرنە بوو. نیچە یەکەمین کەسێک بوو، بە ڕوونی لەبارەی مەرگی مرۆڤی مۆدێرن و ئاوابوونی شارستانیەتی مۆدێرنەوە قسەی کرد.  نیچە یەکەمین کەسێکە، لەسەر پرسی کۆتایی مرۆڤ، وەک داهێنراوێکی نوێ، دەرگای قسەوباسی کردەوە. نیچە گوزارەی "مەرگی خودا"ی هێنایە ناو پانتایی فیکری خۆرئاواوە. مەرگی خودای نیچە، بەمانای سڕینەوەی ئاسۆکانی میتافیزیکا دێت، بەمانای نەفیکردنی ئامادەیی دەسەڵاتێکی پیرۆز لەهەموو کایەکاندا دێت. نیچە پاش ئەوەی لەبارەی مەرگی خوداوە قسەیکرد، هێندەی نەخایاند پرسی "مەرگی مرۆڤی مۆدێرن"یشی وروژاند. نیچە بەم گورزانەی، ک لەپەیکەری فیکری مۆدێرنە وەشاندی، هێز و دەسەڵاتی مرۆڤی مۆدێرنی بردە ژێر پرسیارەوە. ئەو مەرگی مرۆڤی مۆدێرنی ڕاگەیاند، تاوکو بڵێت، ئەگەر چاوەڕێی دەرکەوتنی "مرۆڤی باڵا" دەکەم، بێگومان هاوڕێیان ئەو مرۆڤە باڵایە بەهیچ جۆرێک مرۆڤی مۆدێرن نییە. فۆکۆ لە کتێبی "وشەکان و شتەکان"دا، دەڵێت: '' ئەوەی نیچە دەیخاتەڕوو، مەرگی خودا نییە، بەڵکو سڕینەوەی بکوژی خودایە. لە کەلتوری فیکریی مۆدێرنەدا، مرۆڤ بە بکوژی خودا ئەژماردەکرێت. مرۆڤی نوێ و مرۆڤی مۆدێرن، هەرهەمان مرۆڤی سوبێکتیڤیستەیە کە خۆی بە سوبێکت دادەنێت. هەمان ئەو مرۆڤەی ڕاڤە فەلسەفیەکەی لەدیکارتەوە دەستپێدەکات و لە کانتدا بە لوتکەدەگات و لە هیگڵدا بە کۆتادێت. مانای مرۆڤی نوێ، بە ئێمە دەڵێت، ئەوەی ڕوودەدات مەرگی خودا نیە. ئەوەی نیچە دەیڵێت و دەیگێڕێتەوە، مەرگی مرۆڤە، مەرگی بکوژی خودایە''. نیچە گەرچی لەسەدەی نۆزدەدا ژیا، لێ ئاسۆ غەمگینەکانی سەدەی بیستی بۆ وێناکردین. ئەو لەساڵی ١٨٧٠دا، بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد، کە شارستانیەتی خۆرئاوا ڕووبەرەو کۆتایی ملدەنێت. مرۆڤی مۆدێرن لەسەرەمەرگدایە. لێ ئەوی دەم کەس لەنیچە تێنەدەگەیشت. لەساڵی ١٩١٤ تا ١٩١٨مرۆڤی مۆدێرن جەنگێکی ماڵوێرانکەری سەرپێخست و وا دەردەکەوت کە بیەوێت کۆتایی بە هەموو شت بهێنێت. لەماوەی ئەم جەنگەدا ئەوانەی ئومێدیان لەسەر عەقڵانیەتی مرۆڤی مۆدێرن هەڵچنیبوو، ئەوانەی ڕۆژگارێک بانگەشەیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی جیهانی دەکرد، نزیکەی بیست ملیۆن مرۆڤیان کوشت. لەهەموو لایەکەوە توندوتیژی هەڵدەقوڵا و مەرگ گەمارۆی مرۆڤایەتی دابوو. سیگمۆند فرۆید لەپاش جەنگ، لەمیانەی وتاری "ئەو دیوی پرەسیپی چێژ"دا، بەنائومێدییەوە باس لەشکستی مرۆڤی مۆدێرن دەکات، لەوەی بتوانێت دونیایەکی داماڵدراو لەتوندوتیژی ئاوابکات. سەردەمانێک شارستانیەتی مۆدێرنی خۆرئاوا گرەوی لەسەر ئەوە دەکرد، گوایە دەتوانێت ئاشتی گەردوونی بەرقەراربکات و مرۆڤێکی عەقڵانی و ناتوندوتیژ بەرهەمبهێنێت. لیبراڵیزم و هیومانیزم، کە لەسەر مێزی فەلسەفەی مۆدێرن، گرەویان لەسەر ئیرادەی ئازادی تاکەکەس کردبوو، بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد، گوایە دەشێت مرۆڤێکی ئاشتیخواز و دونیایەکی لێوانلێو لە لێبوردەیی ئاوابکرێت. لێ جەنگی یەکەمی جیهانی، هەموو ئەم خەیاڵپڵاویانەی بەتاڵکردەوە. مرۆڤ وەک سوبێکت، بوونەوەرێکی ناجێگیر و وابەستەیە و ناتوانرێت لەسیاقی تاکێکی ئازادی عەقڵانیدا، دیلبکرێت. مانا و واتا نوێکان، کە فەلسەفەی مۆدیرن بۆ مرۆڤیان داتاشیبوو، لەماوەی جەنگی یەکەمی جیهاندا هاڕەیان کرد. ئەمە ئەو بابەتە بوو، نیچە زۆر زووتر دەرکی پێکردبوو. نیچە لەدەیەی ١٨٧٠دا ئەم ئاپۆکالیپۆسەی دەبینی و دەیزانی کۆی بانگەشەکانی مۆدێرنە دەشێت ناوبۆش بن. ئەو دەرکی بەوە کردبوو، کە ڕێتێدەچێت مرۆڤی مۆدێرن، ئەم قاتیلەی خودا، لەسەرەمەرگدابێت. لێ مرۆڤی خۆرئاوایی ئەمەی نەدەزانی، مەگەر ئەوەی بە واقعی بەر کایۆسی جەنگی یەکەمی جیهانی بکەوتبایە. لەپاش ساڵی ١٩٢٠، ئیتر مرۆڤی خۆرئاوایی بەر تەنگەژە و دژبەریە ناوەکیەکانی کەلتوری مۆدێرن کەوت. لەمیانی جەنگی دووەمی جیهانیدا، ئەم مرۆڤە بەشێوازێکی تۆختر، هەستی بە تەنگەژە ناوەکیەکانی کەلتوری مۆدێرن کرد. سروشتی فیکر خۆی بەو جۆرەیە. نیچە هەڵسەنگاندنی بۆ چەمک و واتا تازەکانی مۆدێرن کرد. دەیزانی ئەم چەمک و واتایانە ڕووبەرەو مەرگ و هەڵوەشاندنەوە دەڕۆن. لێ بە دەیان ساڵ دواتر، ئینجا مرۆڤایەتی پەی بەم پێشهاتەبرد. ئەوەی کۆمەکی زەینی گشتی کرد، لە تەنگەژە ناوەکیەکانی مۆدێرنە تێبگات، جەنگە جیهانیەکان و قەیرانە ئابووریە گەورەکانی ئەوروپا بوون. لەدەمی ئێستادا، بە وتەی نوح هەراری مرۆڤایەتی لەناو تەنگەژەیەکی گەوەرەی مێژوویدا دەژیت. شۆکی تەکنۆلۆژیای نوێ و پەرەسەندنە خێراکانی بایۆتەکنیک و زاڵبوونی لۆژیکی داتاییزم بەسەر ڕوانینی ناوەندە زانستی و داراییەکانی دونیادا، پێدەچێت مرۆڤایەتی دووچاری بارگۆڕانێکی تر بکەنەوە. پێدەچێت بەجارێ هیومانیزم و حەکایەتی لیبراڵیزم دابڕوخێن و بەهای تاکگەرایی ببێت بە هەڵم و بچێت بە ئاسماندا. پێدەچێت ئەمجارە بەیەکجاری تەرمی مرۆڤی مۆدێرن، کە دەمێکە مردووە، بنێژرێت. چونکە بەدیدی داتایستەکان، ئەم تەرمە، کە ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی ماوەبەسەرچووە، چیتر بەدەرد ناخوات. ئەوەی لەبەسەرهاتی ئەمجارەدا جیاوازدەبێت، ئەوەیە نیچە لەبۆ دەرکەوتنی مرۆڤی باڵا، چاوی لەمرۆڤی مۆدێرن پۆشی و پێیوابوو دەبێت ئەم جۆرە مرۆڤە تێپەڕێنرێت، لێ تێپەڕاندێکی فیکریی و هەڵکشان بەرەو باڵایی رۆحیی. بەڵام نوح هەراری دەڵێت، داتایستەکان و تەکنۆهیومانیستەکان زۆر لە چەمکی "مرۆڤی باڵا"ی نیچە تێناگەن. دروستە ئەوانیش چاو لەمرۆڤی مۆدێرن دەپۆشن. لێ دەیانەوێت لەڕێگەی پەرەپێدانی دەستکردەوە، بەشێوازی تەکنیکاڵیانە، فۆرمێکی تر لە مرۆڤ بئافەرێنن.

بەمجۆرە دەشێت نیچە و ساڵی ١٩٠٠، کە دەکاتە ساڵی مەرگی نیچە، بەدەستپێکی ئاپۆکالیپۆس_گەرایی یان کۆتایی خوازیی پۆستمۆدێرن ئەژماربکەین. لەو دەمەدا و لە قۆناغەکانی دواتریشدا، چەندین فەیلەسوف دەرکەوتن و لەژێر کاریگەریی هزری نیچەدا، بەشێوازی جۆراوجۆر بەسەرهاتی کۆتایی مرۆڤیان دەگێڕایەوە. مارتن هایدگەر، یەکێک بوو لەو فەیلەسوفانە. ئەو لەژێر کاریگەریی نیچەدایە. هەڵبەت نە بەئەندازەی فۆکۆ. فۆکۆ دەشێت وەک یەکەمین فەیلەسوفێک ئەژمار بکرێت، کە بە گوزارەی "مرۆڤ داهێنراوێکی نوێیە، کە لەسەرەمەرگ نزیک بووەتەوە"، دەچێت بە گژ سوبێکتی دیکارتیدا. ڕاستی ئەوەیە، فۆکۆ بەوەی مەرگی مرۆڤی ڕاگەیاند، گۆرزێکی کوشندەی لە سوبێکتیڤیتە وەشاند. ئەگەر سوبێکتیڤیتە بمرێت، واتە هیومانیزمیش دەمرێت. ئەگەر هیومانیزم بمرێت، واتە دڵی شارستانیەتی مۆدێرن لەکاردەکەوێت. ئەمانە ڕستێک پێشبینیی گەورەبوون، کە دەمێک بوو نیچە ڕایگەیاندبوون. گریمانەی کەوتنی سوبێکتیڤیتە و مەرگی هیومانیزم و ئاوابوونی شارستانیەتی مۆدێرن، لەدەیەکانی حەفتا و هەشتای سەدەی بیستدا بەجدی قسەیان لەبارەوە کرا. لەکاتێکدا نیچە دەمێک بوو هێڵە گشتییەکانی ئەم ئاپۆکالیپۆسەی کێشابوو.    

جەنگی نێوان دونیابینیەکانی هیومانیزم، واتە جەنگ و ململانێ کوشندەکانی نێوان لیبراڵیزم و کۆمۆنیزم و فاشیزم، لەپاڵ گەشەی خێرای ئابووری مۆدێرن و قەیرانە قوڵە داراییەکانی ئەم ئابووریەدا، زەمینەی ئەوەیان ڕەخساند پۆستمۆدێرنە و فەیلەسوفانی دونیای پاش مۆدێرن، بەشێوازێکی جدی پەلاماری عەقڵانیەتی مۆدێرن و سوبێکتی مۆدێرن بدەن. سیستەمی مۆڵەکان، کۆمپانیاکان و زمانە ڕیکلامیەکەی سیستەم، هەر زوو دەرگای بۆ بیرمەندانی وەک هێربێرت مارکۆزە و فرانکفۆرتیەکان خستەسەرپشت، تاوەکو باس لە سەرهەڵدانی مۆدێلێک لە مرۆڤی مەسرەفکەری تاکڕەهەند بکەن. ئامادەیی تەکنۆلۆژیا و پرۆسەی ئۆتۆماسیۆن و تەکنیکاڵکردنی کایەکانی ئابووری، پرسی سەرهەڵدانی کۆمەڵگا غەمگینە دیجیتاڵیەکانی خستەڕۆژەفەوە. مارتین هایدگەر، لەسەرەتای پەنجاکاندا، وتاری "پرسیار لەتەکنۆلۆژیا"ی نووسی. لەم وتارەدا لەڕێگەی چەمکی "گشتێڵ'ەوە، تەکنۆلۆژیای وەک دیاردەیەکی ڕووشێنەری دەستدرێژی کار و لەقاڵبدەر پێناسەکرد. بۆدریار باوەڕی وابوو، لەحزوری تەکنۆلۆژیای نوێدا و بەتایبەت لە حزووری فەزای مەجاز و ئینفۆیەکنەلۆژیدا، مرۆڤی ئیرادەگەرای مۆدێرن کۆتایی پێدێت. ئاخر گەر سەرنجی چەمکی "گشتێڵ"ی هایدگەر بدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە تەکنۆلۆژیای نوێ دەشێت دەستکاری ماهیەتی مرۆڤ بکات. فەزای مەجاز و دونیای تۆڕئاسای ناو ئەم فەزایە، بەها مۆدێرنەکانی وەک سنوری ژیانی تاک کەسی، ئازادی مرۆڤ، حەرەمی شەخسی، ئیرادەی ئازاد و عەقڵانیەت پایەماڵدەکەن. سوبێکت لەناو ئەم فەزایەدا، لەمانا مۆدێرنەکەی خۆی بەتاڵدەبێتەوە و بۆ وردە پۆینتێک، کە بەردەوام لەدۆخی پەچەکردارنواندن و لەبەرخۆگرتنەوە و هاوشووناسبوون بە ئەویتری نادیار و خۆسەرفکردندایە، دەگۆڕێت. ئەم جوڵانەی سوبێکتی ناو فەزای مەجاز، هەم لەکۆنترۆڵی خۆیدا نییە و هەم لەسیاقی پانتاییە ڕەمزیەکاندا ئەنجام نادرێت. بۆیە ئاساییە لەمیانی ئەم جوڵانەدا، حەقیقەت و حەرەمی شەخسیی پێشێلبکرێن. نوح هەراری دەڵێت مرۆڤ لەحزووری تۆڕە مەجازیەکاندا، چیتر بوونەوەرێکی کۆنترۆڵکار و خاوەن ئیرادە نییە، بەڵکو کۆنترۆڵدەکرێت و ویست و ئارەزووەکانی دەوروژێنرێت و وەک داتا، لەکۆگای ئالگۆریتمەکانی ناو دونیای مەجازدا ئەنباردەکرێن. دەروونشیکاری پاش فرۆیدیی، بەڕابەرایەتی ژاک لاکان، نەفی سوبێکتی ئیرادەگەرای دیکارتیی کرد. لەم دەروونشیکاریەدا، خود پنتێکی شاراوەی ناو قوڵایی بوونی من نییە، کە بەمانا دیکارتیەکەی لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ ناخی خۆم، پێی بگەم. خود، حەکایەتێکە من لەڕێگەی زمانەوە دەیگێڕمەوە. زمان ئەو قەڵەمڕەوەیە، کە هەمووان تێیدا هاوبەشن. کەواتە لەم دۆخەدا، سوبێکت لەپەیوەندیدا بە ئەوانیتر و لەفەزای وابەستەیی بە حزوری ئەوانیتر و لە ناو قەڵەمڕەوی زماندا درووستدەبێت. لەم دۆخەدا، کە نەستیش پێش زمان ناکەوێت و بەڵکو زمان نەست دەئافەرێنێت، ئیرادەی ئازاد لە وەهمێک زیاتر هیچی تر نییە. شەپۆلە بایۆلۆژیەکەی داروین و شەپۆلە تەکنەلۆژییە سمارتەکەی ئالان تۆرینگ، لەپاڵ کۆی ئەو پێشهاتانەی سەرەوە، زەمینەیەکیان ڕەخساند تاوەکو لەدەیەی شەستەکان بەملاوە، بەگەرمی لەبارەی پرسی کۆتایی سوبێکتیڤیتە، مەرگی هیومانیزم و کەوتنی شارستانیەتی مۆدێرن قسان بکرێت. ئێستا لەپاش شەست ساڵ، لەحزووری تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد، بایۆتەکنیک، ئینفۆتەکنیک، نانۆتەکنیک و داتاییزمدا، داروینیستەکانی وەک نیک بۆسترۆم، دانیال دێنیت و نوح هەراری، ئەم داوەشان و ئاپۆکالیپۆسە ڕوونتر تاووتوێ دەکەن. ئەوەی لەم میانەیەدا جێگای تێڕامانە، ئەوەیە ئێمە شایەتی ئاوابوونی دونیایەک و دەرکەوتنی دونیایەکی تازە دەبین. وەکچۆن ڕێنیسانس، قۆناغی ڕاگوزەر بوو لە سەدەکانی ناوینەوە بەرەو ڕۆشنگەری و مۆدێرنە، دەشێت پۆستمۆدێرنەش ماوەی ڕاگوزەربێت لە مۆدێرنەوە بەرەو فۆرمێکی تر لەشارستانیەتی. لێ وەکچۆن عەقڵانیەتی مۆدێرنە، هیومانیزم و سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن لەئاواکردنی بەهشتی بەڵێنپێدراودا سەرکەوتوونەبوون، دەشێت تەکنۆهیومانیزم و داتاییزمیش لەبری بەهەشتی تەکنۆلۆژیا، وێرانەشار ئاوابکەن. ئەوەی نیک بۆسترۆم و نوح هەراری دەیڵێن، ئەوەیە کە بەهۆی پەرەسەندنە خێراکانی تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد، ئاگایی لە زیرەکی جیادەبێتەوە. زیرەکیی بۆسەر ئالگۆریتمەکانی کۆمپیوتەری دادەبەزێنرێت. لەبەرئەوەی ئەم ئالگۆریتمانە لەمرۆڤ و ئاگاییەکەی مرۆڤ وردتر و خێراتر ئەرکەکان ڕادەپەڕێنن، بۆیە مرۆڤ و ئاگایی مرۆیی بەرەو زبڵدانی مێژوو فڕێدەدرێن. لانیکەم تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد، داتاییزم، ئینفۆتەکنەلۆژیی و ئالگۆریتمەکان، لەشەڕی دژبە پەتای کۆڤید١٩دا سەلماندیان لەمرۆڤ و ئاگایی و هەست و سۆزەکانی مرۆڤ خێراتر و وردتر ئەرکەکان ڕادەپڕێنن. بەمەش بۆ یەکەمینجار لەپاش مۆدێرنەوە، هۆشێکی تری جیا لەهۆشی مرۆڤ، وردتر و کاریگەرتر کاروبارەکان جێبەجێدەکات. لەوەها دونیایەکدا، پێدەچێت بەناچاری لەئایندەدا مرۆڤەکان دەست بۆ دەستکاریکردنی تەکنیکیانەی خۆیان درێژبکەن، بەمەش پێدەچێت بینەری سەرهەڵدانی کۆمەڵگایەکی ئەهریمەنی بین، کە لەبری جیاوازی چینایەتی، جیاوازی بایۆلۆژیی گرنگترین تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگایە بێت. گەر ئەم پێشهاتانە بەم خێراییە بەرەو پێشەوە بڕۆن، ئێمە بەتەنها بینەری مەرگی سوبێکتی ئیرادەگەرای مۆدێرن نابین، بگرە بینەری کۆتایی دراماتیکیانەی مرۆڤی تایپی هۆمۆسایپیانسیش دەبین. ئەوی دەم چ جۆرە بوونەوەرێک دەردەکەوێت و جێگای بەتاڵی مرۆڤ پڕ دەکاتەوە؟

هەڵبەت پێدانی ڕەهەندی ڕۆبۆتیکیانە بەمرۆڤ و پێناسەکردنی مرۆڤ، وەک ئالگۆریتمێکی فیسۆلۆژیی، دیاردەیەکی نوێ نییە و نابێت لەم کارەدا سەرکۆنەی کەسانی وەک دانیال دێنیت یان ڕیچارد داوکینز بکەین. خودی کەلتوری مۆدێرن ئەم جۆرە پێناسەیە بۆ مرۆڤ دەخاتەڕوو. بەڕوونی کاتێک دەروونشیکاریی فرۆید، لەسیاقی لۆژیکی دەرونشیکاریی هایدرۆلیکیدا ڕاڤەی دەروون و زەینی مرۆڤی دەکرد و جەستەی مرۆڤی وەک ناوەندی وزە و (لیبیدۆ) پێناسەدەکرد، ئەم جۆرە ڕوانینە ڕۆبۆتیکەی بۆ ماهیەتی مرۆڤ پەرەپێدا. لێ جیاوازییەکە لەوەدایە، کە دانیال دێنیت لەکتێبی (لەبەکتریاوە بۆ باخ و بەپێچەوانەوە) باسی دەکات، گوایە تەکنۆلۆژیای سەردەمی مۆدێرنە، بەراورد بە تەکنۆلۆژیای نوێ، ئێجگار سادە و سەرەتایی بووە. ئەمە واتا ئەگەر فرۆید لەژێر کاریگەریی ماکینەی هایدرۆلیکیدا ڕاڤەی شێوازی کارکردنی مرۆڤی کردبێت، ئەوا دەشێت دەروونشیکاریی نوێ و بایۆلۆژیستەکان لەژێر کاریگەریی ئالگۆریتمەکانی هۆشی دەستکرد و کۆمپیوتەر و ماتۆرە زەبەلاحەکانی سێرچینگی گۆگڵدا، دەروونی مرۆڤ ڕاڤەبکەن و لێکدانەوە بۆ زەینی مرۆڤ ئەنجامبدەن(وێڕاى هەندێک هەوڵى تاکەکەسیى وردتر کە زیادەیەک دەخەنە سەر مرۆڤ و ناهێڵن بەتەواوى یەکسان ببێتەوە بە ماشێن). دەرئەنجامی ئەم کارە، بەدڵی مرۆڤ نابێت. چونکە لەسەرەتاکانی شۆڕشی تەکنۆلۆژیادا، بەمێشکی دیکارت یان هیچ بیرمەندێکی ئەوی دەم نەدەهات، چەرخ و ڕەوڕەوە دانەدارەکان، یان ماکینە هایدرۆلیکیەکان لەمەیدانی زیرەکیی و هۆشدا بەسەر مرۆڤدا سەربکەون، یان بتوانن بەدەر لەدەستتێوردانی مرۆیی، کارەکان ڕابپەڕێنن. لێ لەساڵی ١٩٩٦دا و بەبەرچاوی مرۆڤایەتیەوە، کۆمپیوتەرێک یاری شەترەنج لە گرای کاسپارۆڤی ڕووسیی دەباتەوە و هەمووان دووچاری شۆک دەکات. دانیال دێنیت دەیەوێت بڵێت، لەڕاستیدا ئێمە سەرقاڵی زنجیرەیەک داهێنانی تەکنەلۆژیین، کە بەهیچ جۆرێک لە لێکەوتەکانیان تێناگەین. دەشێت لێکەوتە دوورمەوداکانی ئەم داهێنانانە، لەڕەگ و ڕیشەوە مانا و واتای مرۆڤبوون بگۆڕن. واتە کاتێک نوح هەراری باس لەگریمانەی دەرکەوتنی کۆمەڵگای بونیادنراو لەسەر پایەی جیاوازیی بایۆلۆژیی دەکات و لەگریمانەی دەرکەوتنی (هۆمۆدیۆس) و سەرهەڵدانی چینێکی بێکەڵک ئاگادارمان دەکاتەوە، دەیەوێت بە ئێمە بڵێت، ئەم هەلومەرجە شێوە کایۆسەی دونیای ئەمڕۆ، ئێجگار لە هەلومەرجی سەردەمی نیچە و بگرە فۆکۆش جیاوازترە. لانیکەم نیچە و فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرن، دەیانتوانی بە چاوپۆشی لە مرۆڤی مۆدێرن، هیوای ئەوە بخوازن مرۆڤێکی نوێ لەدایکببێت و دونیایەکی نوێ ئاوابکات. ئەم هیوایە هێشتا لەسەر ئیرادەی مرۆڤ بونیادنراوە، لێ لەدونیای ئەمڕۆدا، کە کەس نازانێت بە دروستی لەناو تاقیگەی کۆمپانیاکانی بایۆتەکنەلۆژی و ناوەندەکانی تەکنۆلۆژیای هۆشی دەستکرد لە سلیکۆن ڤۆلی چی دەگۆزەرێت، دەشێت چاو لەمرۆڤی مۆدێرن بپۆشین و گریمانەی مەرگی ئەم مرۆڤە پەسەند بکەین، بەڵام ناتوانین هیوا لەسەر ئەوە هەڵبچنین، کە ئەوەی دونیای ئایندە ئاوادەکات، مرۆڤێکی نوێ دەبێت. چونکە لێرەدا کاتێک داتایست و بایۆلۆژیستەکان، مرۆڤ وەک ئالگۆریتمێکی بایۆکیمیایی ماوە بەسەرچوو وێنادەکەن، چیتر پرسی ماکینەی هایدرۆلیکی لەگۆڕێدا نییە، بەڵکو پرسی ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکانی دونیای مەجاز لەگۆڕێدایە. لەم نێوەندەدا، پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ بەڕاستی هەست و سۆزی مرۆیی، کە سەردەمانێک تاقانە پێوەری هەڵسەنگاندن بوون، لەبەها دەکەون؟ داخۆ ئاگاییش وەک ڕۆح و خودای لێبەسەردێت و بۆ پەراوێزی مێژوو ڕادەماڵدرێت؟ داخۆ ئالگۆریتمە هەمووشتزانە لە ئاگایی داماڵدراوەکان کۆنترۆڵی کایەکانی ژیان دەکەن؟ ئەگەر ئەم گریمانانە ڕاست بن، ئەوا تەنها پرسی ئەوە لەگۆڕێدا نییە، کە مرۆڤی مۆدێرن ئاوادەبێت و فۆرمێکی تر لەمرۆڤ دەردەکەوێت و مانای نوێ بە دونیای نوێ دەبەخشێت، بەڵکو پرسی مەرگی یەکجارەکی مرۆڤ دەکەوێتە ڕۆژەفەوە. ئەم ئالگۆریتمانە، چاودێریمان دەکەن، خواست و نیازەکانمان دەپێون و ئەنباری دەکەن، وردە ئامێرە بایۆمەتریەکان لێدانەکانی دڵمان دەپێون، بڕی ڤیتامینەکانی ناو لەشمان پێوانەدەکەن، بایۆتەکنیک و بۆهێڵکاری نوێ تا ناو قەڵەمڕەوی جیناتمان ڕۆدەچن، هیچکات مرۆڤ بەم ئەندازەیە لەبەردەم هیچ خودایەکی مێژووی کۆندا ڕووت نەبووەتەوە. ئەم شەفاف بوونە لەڕادەبەدەرەی مرۆڤ لەبەردەم تەکنۆلۆژیای نوێدا، بەمانا بۆدریاریەکەی، هەرهەمان پرسی بەکۆتا گەیشتنی مرۆڤایەتیە. مرۆڤایەتی تەواوی ئیمکانەکانی خۆی بەفیڕۆداوە و هەموو سیحر و جادووی خۆی بەتاڵکردووەتەوە. پێدەچێت لەوەدا داتایستەکان ڕاست بکەن، کە دەڵێن گوایە ڕۆڵە مێژوویەکەی مرۆڤ کۆتایی پێهاتووە.

بەهەرحاڵ، دەشێت جۆرە جیاوازیەک لەنێوان "مەرگی مرۆڤ" بەمانا فۆکۆیی و نیچەیەکەی، لەگەڵ "کۆتایی مرۆڤ" بەمانا نوح هەراریەکەی بوونی هەبێت. هۆکاری ئەم جیاوازیە دەشێت بە حزووری تۆخی تەکنۆلۆژیای نوێ لەژیانی مرۆڤی ئەمڕۆیدا ببستینەوە.

فۆکۆ بەتەنها گوزارەی "مەرگی مرۆڤ"ی لەسیاقی فیکردا پەرەپێنەدا، بەڵکو لەڕێگەی مەرگی نووسەرەوە، ئەم گوزارەیەی بۆ ناو پانتایی ئەدەبیش گواستەوە[2]. بۆچی دەبێت نووسەر، کە دەقێک دادەهێنێت، بمرێت؟ چونکە سوبێکت مردووە. لەم سیاقەدا چیتر مانا لەلای نووسەر نییە، بەڵکو مانا لەلای خوێنەردایە. لێرەدا دەق ئەوە مانایە نیە کە نووسەر دەینووسێت، بەڵکو ئەو مانایەیە کە خوێنەر دەیخوێنێتەوە. لەکۆتاییدا دەشێت هێڵەگشتیەکانی هزرینی فۆکۆ لەمەڕ "مەرگی مرۆڤ" لە سێ خاڵدا دابڕێژینەوە.

یەکەم: فۆکۆ سوبێکتی دیکارتیی نەفی دەکات. لەمڕۆدا ئەم سوبێکتە بەتەواوی نەفیکراوە. وەک نیکۆلاس کار لەکتێبی "قەفەسی شوشەیی"دا دەڵێت، ڕەنگە هەلاهەلابوونی ئەم سوبێکتە ئیردەگەرایە لەناو فەزای شل و شێواوی مەجازدا، مەرگی گاڵتەجاڕانەی ئەم سوبێکتە بێت.

دووەم: فۆکۆ ڕەخنەی ڕیشەیی لە عەقڵانیەتی مۆدێرن دەگرێت. بەدیدی دانیال دێنیت، دونیای ئەمڕ چیتر شوێنی عەقڵانیەتی مۆدێرنی تێدا نابێتەوە و وا دەردەکەوێت کە ڕۆژگاری فەیلەسوفە هەمووشتزانەکان بەسەرچووە و لەئێستادا لەڕۆژگاری دیجیتاڵیی ئالگۆریتمە هەمووشتزانەکاندا دەژین.

سێیەم: فۆکۆ تیۆرەی پێشکەوتنی مێژوویی مۆدێرنەی ڕەتکردەوە. واتا فۆکۆ نکۆڵی لەو لۆژیکەی مۆدێرنە کرد، کە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات گوایە تا بەرەو ئایندە بچین، زیاتر بەهێز دەبین و زیاتر پێشدەکەوین و هەل و دەرفەتەکانی بەردەمان زیاتر دەبێت. بەدیدی نوح هەراری، لەدونیای ئەمڕۆدا مرۆڤایەتی لەڕووی ئابووری و سەربازی و تەکنەلۆژیەوە، لەلوتکەی هێزدایە، بەڵام ئەمە هیچ کات بەو مانایە نایەت کە مرۆڤایەتی لەهەلومەرجێکی شیاو و گونجاوی مرۆیانەدا دەژیت. بەڵکو مرۆڤایەتی بەهۆی ئەم دەسەڵاتە زۆرەی، کە ئابووری و تەکنۆلۆژیا بۆیان ڕەخساندووە، خەریکە خۆی و ژینگەی هەسارەکە و هەزاران جۆر گیاندار بەرەو لەناوچوونی یەکجارەکی دەبات.  

 

    

 


[1] هاوکات هەندێک نزیککردنەوەى نوێ لەنێوان سوبێکتى دیکارتى و لاکانیدا هەن کە هەردووکیان درووستبوونى سوبیکتیڤیتەن لە دەورى چاڵێک و بارکردنى خەسڵەتن لەم چاڵە.

[2] ڕۆلان بارتیش زیاتر ئەم مەرگەى تیۆریزەکردووە و وتارەناودارەکەى بە زمانى کوردى بەردەستە.