A+    A-
(1,623) جار خوێندراوەتەوە

 

تیرۆری دەستى "پۆزەتیڤیتە[1]"

 

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ بیونگ چوول هان

لە ئینگلیزییەوە شاڵاو یاسین

 

 

 

 

هیچ کەسێک ڕاستگۆیانە ناتوانێت بڵێت، دەتوانین بە سەیرکردنێکی گشتی یان نیگایەکی سەرتاسەریمان هەبێت بە سەر بڕى شاخی داتا جیهانییەکان لە ئەنتەرنێتدا. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشووی ئەنتەرنێتدا، کەلتوری سایبەری بە ئایدیا داهاتووگەرەکان زیندوو بوو. ئەمڕۆ مەیل و میزاجی تۆڕی جیهانیی وێب زیاتر لە هەر کات پراگماتیک و دوودڵ و ڕاڕا بووە بە ئێستا. ئەمڕۆ بەشێکی زۆری بەکاربەران لەلایەن بەشە پشکی بازاڕ و خود-مارکێتینگ و تەکنیکەکانی دیکەی خود[2]ەوە ئاراستە دەکرێن. پانتایى شەخسى و تایبەت، نەک بە مانای سیاسی بەڵکو گشتی بووەتەوە. بەشێکی کەم لە دەزگا زەبەلاحە دیارەکانی وەک ئەپڵ، فەیسبووک، گووگڵ و وویبۆ هەوڵی بۆند و بەستنى پەیوەندی دەدەن لەگەڵ بەکاربەران بە تەواوی سیستەمی خۆ-ڕاوەستاوەوە. هەستی کۆمەڵگا لە جیهانێکی داخراوی دیجیتاڵی وادا چۆنە؟ ئەلگۆریتمە نەبینراوەکان ئەنجامی گەڕانە کەسییەکان ئاراستەدەکەن و ڕیکلامەکان بەرهەمدەهێنن. هەندێکی کەم لە هاککەرە بەئەزموونەکان هەڕەشە لە هەموو ئەم شەپۆل و مافی کۆپی ڕایتە دەکەن. ڕەنگە زیاد لە پێویست ئەنتەرنێت وەک شوێنی ڕێکخستنی دیجیتاڵی دەرکەوێت، شوێنێک بۆ هەڵگرتنی ئەرشیڤی فیلم و تیڤییەکان، بەشی فرۆشگای گەورە، وێستگەی کافێ و پەیوەندی. هەرکە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی دابەزێنرا، دەمودەست خەڵکی دەکەونە پەیەوەندی و دوودڵیش نین دووبارە لە گەڵ تۆڕێکی دی دەستپێنەکەنەوە. خەڵک کە دەیەوێت سود لە تازەترین تۆڕی کۆمەڵایەتی وەرگرێت و بەکاریبێنێت یانی(گووگڵ+) دەبێت لە ژێر ناوی ڕاستەقینەی خۆیدا ناوی تۆماربکات. دەزگا گەورەکان دەیانەوێت بەکاربەران نەک چالاکەوانە بلۆگەرەکان، بە لانی کەمەوە ئاڤاتار[3] و بونەوەری تەمەنکورت و ڕەمزی و بەد بن.

بیونگ چوول هانی فەیلەسوف گەیشتووە بە جۆرێک لە تازەکردنەوەی مۆدێلەکانی ڕاڤەکردن بۆ ئەم گۆڕانەی کە لە شادییە گەشبینیەکانەوە دەستپێدەکات تاکو سود و قازانجە پراگماتییەکانی بەکاربەر. کتێبەکەی کە لە ٢٠٠٦دا نوسیویەتی زێدە-کەلتورایەتی(Hyperculturality) تێیدا وەسفی ئەوە دەکات کە چۆن کەلتور لە ژێر بارودۆخی گلۆباڵدا دەگۆڕێت. زەمەن جیاوازەکان و  دۆخە جیاوازەکان شان بە شانی یەک لە زێدەکەلتور(هایپەرکەلچەر)دا  دەوەستن. هەر لە بەرئەوەیە کە هان ناویدەنێت دەڤەری جیهان یان گەردوونی مۆزایک. (هاوڕێیەتی و دڵسۆزی بناغەی گشتی زێدەکەلتورە). ئەوە کەموکورتیی زۆری یاساکانی زێدەکەلتورە وادەکات کاریگەرییەکی بەرفراوانی هەبێت. زێدەکەلتور زۆرترین ئاستی سۆڵیدارێتی درووستدەکات لەگەڵ کەمترین ئاستی هاوپەیوەندی. تێیدا ئاسۆ هاوبەشەکان لە شوناس و ئایدیا جۆربەجۆر و جیاوازەکان دەردەکەوێت، زێدەکەلتور دەبێتەهۆی درووستبوونی دەرگیربوون و ناکۆکیی فەردی. زنجیرەیەکی نەپچڕاو و پەیوەست بە زنجیرەیەکی پچڕپچڕ. (کۆمەڵگای پڕتوکاو) کە هاوینی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، سوپرایزێک بوو بۆ بەشیکی زۆری کۆمەڵگا جیاوزەکان، هەمووان وەک دیاگنۆزێکی ڕاست و گونجاو بەخێرهاتنیان لێکرد. لە کاتێکدا بیونگ چول هان گەمەی داهێنەرانە لە گەڵ شوناسی فەنتازی و خەیاڵیدا لەژێر ناوی زێدەکەلتور یان ڕاڤەکردبوو. زێدەکەلتوور دەرئەنجام و بەرهەمی کۆمەڵگایەکی پڕتووکاو و ماندووە-زیادەی پۆزەتیڤیتە[4]-ئەمە هەر لەبەرئەوەیە کە چارەنوسی ئەم وزە و ئینێرژییانە کەمن! ئەم پۆزەتیڤیتەیە لە  فەزایەکی جاڕسکەردا نیشتەجێیە کە خاڵییە لە هەر کردەیەکی نەرێنی(نێگەتیڤیتە)، کە تێیدا هیچ جەمسەرگیرێتیەک لە نێوان هاوڕێ و دوژمندا، ناوەوە دژ بە دەرەوە، یان خود بەرامبەر ئەوەی بێگانەیە نیە. ئەمەش هەر ئەوەیە کە تێیدا تازەترین کتێبی خۆی سەردەردێنێت تۆپۆلۆژیای توندوتیژی(The Topology of Violence) کە کتێبەکە دەربارەی شەفافیەت وەک ئاکام و شوێنەواری پرۆسەی ئابورییە.

 

لە مەکۆ گفتوگۆ دیجیتاڵییەکاندا، دەستەیەکی گشتی لە یاسای قەبوڵکراوی هاوبەش بەشێکی گرنگی ئەتەکێتی نێو گفتوگۆ باشەکان بوو، لە لایەکی دیکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەبێت هەوڵی ئەوە بدەیت هەر جۆرە کۆمێنت یاخود بەیاننامەیەکی نێگەتیڤ یاساغ بکەیت کە بیەوێت هەر جۆرە پەنجەرەیەکی تەسکی کارلێککردن بکاتەوە. کەمتر لە پێنج ملیۆن بەکارهێنەر پشتگیریی دوگمەی دیسلایکیان کرد لە فەیسبووک. بەراورد بە ٧٥٠ ملیۆن بەکارهێنەر، ئەم ژمارەیەش شتێک نیە لە یاد بکرێت. دەکرێت هاوڕێیەتی هێشتا پەیوەندیی بە جۆرە کۆنتکستێکی وەهاوە هەبێت؟ پاشان ئەی بەها نا-ماتریاڵەکانی هاوڕێیەتی چیە؟

 

ڤێرا تۆڵمانن: لە کتێبەکەتدا٢٠٠٦ کە لەژێر ناونیشانی(زێدەکەلتورایەتى)دا بڵاوکراوەتەوە، تۆ زیادەکەلتورت وا نەخشاندووە کە تێیدا ئەنتەرنێت تێرم و بڕگەی دیاریکراوی خۆی هەیە وەک لینکەکان و تۆڕەکان... کاتێک تۆ دەڵێیت هایپەر سپەیس(زیادە فەزا) زیاتر مەبەستت لە ئەنتەرنێتە یان چی شتی دیکە.. یان دەکرێت بە جۆریکی تر بپرسین ئایا زیادەکەلتوور لە شوێنی دیکەدا دەردەکەوێت؟

بیونگ چوول هان: زیادە-فەزا بە تەواوی فەزایەکی جووتڕەگ و تێکەڵاوە، فەزایەکە تێیدا هەموو شتێک تێکەڵاو دەبێت و بە تۆڕێک لە گەڵ هەموو شتێکی تردا پەیوەست دەبێت، فەزایەک کە بە نەبوونی مەودای گشتی نیشانەدەکرێت. زێدەکەلتورايەتى هەر لە بەرئەوەشە جیاوازە لە فرە-کەلتوری و نێو-کەلتوری چونکە هەموو نیشانەیەکی کەلتوری و قەڵەمڕەوی(تێریتۆریاڵ) تێدا دەسڕێتەوە، فەزایەک کە هێشتا دەکرێت پڕ بێت لە نێگەتیڤیتەی گرژییە کەلتورییەکان و، هەروەها جیاوازیش بێت لە ترانسکەلتور(ئاڵوگۆڕە کەلتورییەکان) کە دەکرێت پارێزگاری لە نیشانە کەلتوری و مەودا شوێنەکى و فەزاییەکان بکات. ئەنتەرنێت بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک توخمی زێدەفەزا[5]ـی هەیە کە دەکرێت هایپەرکەلتوری گلۆباڵ خێراتربکات. کەلتور لە مانا کلاسیکیەکەیدا بە جۆریک لە جۆرەکان وندەبێت وەک ئەوەی کە هەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین هەندێک جار وا دەردەکەوێت کەلتور زیاتر بێت لە کەلتور، بە تایبەتی لە زێدەکەلتور و لە واقیع دا، هەروەک بۆدریار وتویەتی، ئەو کاتە شتەکان ئاوادەبن کە زیاتر لە واقیع واقیعیتر بن, بەتایبەت لە زێدەواقیع(hyper-reality)دا.

 تۆڵمان: ئاراز ئۆزگۆنی سۆسیۆلۆژیست هەیمەنەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەراوردکردووە بە مۆدێرنیزەبوونی سەدەی نۆزدەی پاریس. وەک ئەو دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شەقامی گەورەی ئەنتەرنێتن. ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن تەلاری زێدەکەلتور بنیات بنێن، یان هیچ فۆرمێکی دیکەی ڕێکخستن دەبینیتەوە لە تۆڕەکان؟

هان: تێرمی(شەقام) لە بۆڵوارکەوە هاتووە کە بە مانای دیواری بەرگری دێت، لە بنچینەشدا بۆڵوارک بەشێکی سەرەکیی قەڵایە کە لە ڕێگەی شورا و کەندەڵانەوە پتەو و مەحکەمکراوە. شەقامەکانی پاریس لە ڕاستیدا لەم بۆڵوارکانە دەچێت، واتا لەم دیوارانە دەچێت. بەڵام نێتۆرک یان تۆڕی نێت وەک بەڵوارک نیە، ڕیزۆم یان(ڕەگەتۆڕ) دەکرێت میتافۆرێکی زۆر فیت و گونجاوتر بێت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەکاتێکدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕیزۆم، کراوە و جڵەونەگیراو نیە. بەڵکو لەجیاتیی ئەوە جۆرێک لە پانۆپتیکۆنێکی[6] ئەلیکترۆنی پێکدەهێنێت.

ئەنتەرنێت فەزایەک نیە بە تەنیا  ئازادی ببەخشێت، بەڵکو لە خۆیدا جۆرێکە لە پانۆپتیکۆنی مەجازی کە دەتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی هەبێت بە سەر خەڵکدا. دەتوانێت جۆرێک لە سەرەتاتکێ و دزەنیگای ترسناک بە سەرخەڵکەوە ببینێت و پێشەکەش یان خزمەت بە چەوساندنەوەی سەرمایەداری بکات. بە پێچەوانەی پانۆپتیکۆنیشەوە لە کۆمەڵگا هەیمەنە بە سەرکراوەکاندا، کرداری کۆنترۆڵکردن لەڕێگەی گۆشەگیری و دوورەپەرێزییەوە بەدەستنایەت بەڵکو لەڕێگەی پەیوەندی و پێکەوەبەسترانەوە فۆرمەڵەدەبێت. بەندییە گەمارۆدراوەکان ڕێگە بۆ بەکارهێنەرە ئازادەکان-یان بە لایەنی کەمەوە ئەو بەکارهێنەرانەی کە باوەڕیان وایە ئازادن خۆشدەکەن. بەڵام هەردوولا لە ژێر ڕەحم و بەزەیی دزەنیگا و چاودێریکردنی پانۆپتیکۆندان.

 

تۆڵمان: ئەنتەرنیت دەتوانێت چ تێگەیەکی ئازادی لە خۆیدا بنوێنێتەوە؟ ئایا ئەو ئازادییەی لە ئەنتەرنێتدا دەنوێنریتەوە بریتیە لە "ئازادیی بژاردەکان" کە ئەمە لە خۆیدا فۆمۆڵایەکی نیولیبراڵانەیە؟

هان: ئازادی مانیفێستی سنوردارکردنی لە ڕادەبەدەرە، دەرخستن و پیشاندانی ئەو شتەیە هەر وەک ڕووتێتیی پۆرنۆگرافی دەریدەخات و پیشانیدەدات، وەک سەما و ئاهەنگی بە کۆمەڵی پەیوەندی و زانیاری و بەرهەمهێنانانەکانە. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە ئەم ئازادییە بەسەر دوژمنە ئەسڵەکەی خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و پێچەوانەدەبێتەوە. لە یەکێک لە کارەکانمدا ئەوە دەڵێم کە ئەم ئازادییە لە دواجاردا بەرەو توندوتیژیی "خود" هەڵدەگەڕێتەوە. بۆیە ئازادیی بێ سنوور و بێ کۆسپ دەبێتە هۆی درووستبوونی چەپەڵی و بەرەڵایی. ئەمەش ئەوە دەردەخات جیهان بە بێ حەکایەت، سرووت و دیمەنێکی گشتی دەبێت بە شوێنێکی چەپەڵ و ناپەسەند. جیهانێک کە چیدی پێویستی بە پۆرنۆگرافی و سیناریۆگرافی نابێت.

 

تۆڵمان: نوسیوتە هاوڕێیەتی دەتوانێت جۆرێک بێت لە پەنجەرە، دەتوانێت بە سەر پەیوەندیی جیاواز و کەلتوری جیاوازدا بکرێتەوە. پەنجەرە هەر ئەوەیە کە ناویدەنێیت مۆدێلی تێکستی باڵای ئەزموون، کاتێک هەموو کەسێک دەبێت بە ئاوێنە بۆ ئەوانی دیکە، یان با هەموو کەس ببێتە هۆی دەرخستنی خود. هاوڕێیەتی چەمکێکی ماندووکەرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان بە جۆرێکی دی چەمکێکە باجی زۆر لە سەرە. ئەوەی پێی دەڵێن هاوڕێیەتی هەر ئەوەیە کە تۆ پێی دەڵێیت دۆستایەتى[7]؟

هان: ماوەیەک پێش ئێستا، کۆمپانیای بێرگەر کینگ پرۆژەیەکی بە ناوی" قوربانیی گەورە" خستەڕوو. ئەم پرۆژەیەش ئەوە بوو، گەر تۆ دە کەس لە هاوڕێیانی فەیسبووکت سڕییەوە، ئەوە دەتوانیت چەند بێرگرێکی بەلاش وەرگریت. دواتر ئەو فرێند و هاوڕێیانە ئاگادارکرابوونەوە لەوەی دەکرێن بە قوربانی لەپێناو چەند ساندویچێکدا. هاوڕێیەتی لە فەیسبووک پێدەچێت شایەنی چەند گرامێکی کەمی گۆشت و خۆراک بێت، یان لە ئاستی چەند گرامیکی کەمی ساندویچێک بێت. نیۆلیبراڵیزم تاکەکانی گۆڕیوەتە سەر کۆنتەراتبازیی بچوک‌بچوک کە تەنها چاوی لەوەیە بچێتە نێو ئەو مامەڵە و سەودا بازرگانیانەوە کە بەڵێنی قازانجی پێ دەبەخشێت. هاوڕێیەتی ئاوارتە نیە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت قازانجبەخشیش بێت. هاوڕێیەتی بە گوێرەی ئەرستۆ خودێکی ترە. بەڵام ئەمڕۆ هاوڕێیەتی جۆرێکە لە کاڵا و بەرهەم. تۆ ناتوانیت فەیسبووک بە شێوەیەک ئایدیاڵیزە بکەیت بەوەی فەزایەکی هاوڕێیانەیە، فەیسبووک لە کۆتاییدا، فەزایەکە تێیدا پاڵنەرێکی بێویژدانانە و نیگایەکی نا-مۆراڵیانەی تدا روودەدات. هەروەها لەڕوانگەی ئابورییشەوە فەیسبوک فەزایەکە بۆ وەبەرهێنان.

 

تۆڵمان: چ جۆرە کاڵا و بەرهەمێک لەنێوان هاوڕێیاندا ئاڵوێر و مامەڵەی پێوە دەکرێت؟ ئایا ئەوەی مامەڵەی پێوە دەکرێت زانیارییە یاخود سەرنجدان و چاودێریکردنە؟ سود و قازانجی ئەمەش لە چیدایە، ئایا سەرمایەی ڕەمزییە؟

هان: هاوڕێکان دەکرێت ببن بە مشتەری و هاوڕێیانی نوێش دەکرێت ببن بە مشتەریی نوێ. ئەوان هەستی خودئەڤینییانەى ئیگۆیان بەهێزدەکەن. ئەنتەرنێت فەزایەکە تێیدا ڕووبەڕووی خۆتان دەبنەوە. ئەویتر مودەیەکی زۆرە ڕۆیشتووە. خەمۆکی نیشانەی نەخۆشیی نەرجسییانەى خودە، کە لەنێو پەیوەندییەکاندا پێچدەکاتەوە و سەرئاودەکەوێت. بۆیە دواجار تەواوی هەست و وێنای جیاوازیبوون لە فەیسبووکدا لەدەستدەدرێت. فەزای مەجازی جەهەنمێکی یەکنەوا و دۆزەخى هەمانێتى[8] و چوونیەکبوونە.

 

تۆڵمان: گەر ئەمڕۆ دوبارە سەیری زێدەکەلتور بکەیت، ئایا پێت وا نیە کە وێنای تۆ بۆ ئایندە بێئەندازە گەشبینانە بووە؟ بە ئاوڕدانەوە لە "کۆمەڵگای پڕتووکاو[9]" کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە ئایا دەکرێت وەک ڕاڤەکردنێکی گونجاو و ئاگایانەی ئەمڕۆی بزانین دەربارەی ئایندە؟

هان: کتێبی زێدەکەلتورایەتى بە یەک نیشانەی پرسیار کۆتاییدێت، یان بە جۆرێکی دی بڵێم بە ئیقتیباسێکی هاندکە کۆتایی پێ دێت" گەر تۆ هەست بە ئازار و دەردێکی سەرەتایی بکەیت، گەشتیارێک نیت و گواستنەوە مومکینە". کتێبی"کۆمەڵگای پڕتووکاو" بە هەمان شێوە بە چاپتەرێک دەربارەی هاندکە کۆتاییدێت "وتارێک دەربارەیی ماندووێتى". بەڵام ڕاستە، ئەو دەرکەوتنەی کە تیشک خراوە سەری بێمەبستانە ساویلکانە.

 

تۆڵمان: ئایا زێدەکەلتور پێشەکییەکە بۆ کۆمەڵگای ماندوو و پڕتووکاو؟ ئایا ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە تۆ لە ژێر ناونیشانی"زێدە پۆزەتیڤیتە" ڕاڤەتکردووە؟

هان: زێدەکەلتور کەلتورێکە بەبێ هیچ دەرکە و سنورێک. ئەمڕۆ، لە ڕاستیدا چیدی ئێمە هەست بە ئازاری سنور ناکەین. جوڵەی گشتی و هۆگربوون وا لە گواستنەوە دەکات لە هەستێکی دووپاتکراودا ونبێت. کۆمەڵگای هەنووکە هەر جۆرە نەفیکردنێک تێکدەشکێنێت. سنور جۆرێکە لە نەفیکردن. کاتێک هەموو سنورەکان، جیاوازییەکان و مەرزەکان تێکدەشکێن، ئەنجامەکەی دەبێتە زنجیرەیەکی گشتیی تەشەنەکردن و فراونبوونی زانیاریی زۆر و پەیوەندیی زۆر بەرهەمهێنانی زۆر. کۆمەڵگای پڕتوکاو، ڕستەی کۆتایی زێدەکەلتور کەمێک زیاتر دەباتە پێشەوە، بەڵام بە  نیگایەکی نوێوە.

 

تۆڵمان: لە فەیسبووکدا تەنها دەتوانیت بە کلیککردنی نیشانەی"لایک" ڕازیبوونی خۆت لە سەر هەندێک شت دەرببڕیت، بەڵام لە هەمان کاتتدا هیچ جۆرە دژێکی نیە یان هاوشێوەیەکی نەفیکردنی نیە. نەبونی نەفیکردن و ڕەخنەکردن چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت پاشان چۆن پەیوەندی درووستدەبێت؟

هان: کاتێک شتێکی جیاواز بە تەواوی بوونی هەبێت، شۆک و توڕەیی بە تەنها شتگەلێکی مومکین نین. بەڵکو بەپێی زەروورەت دەگۆڕێن. کۆمەڵگای ئێستای ئێمە لە لایەن زیادەی پۆزەتیڤیتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. تەنانەت ماڵە کاریگەرەکانی خودیش لەلایەن زیادەی پۆزەتیڤیتەوە گەمارۆدراوە. لەوانەشە هەستە نێگەتیڤەکان تەگەرە و لەمپەرێک بن لەبەردەم خێراکردنەوەی پرۆسەکە. ئەوپەڕی خێرایی کاتێک بەدەستدێت کە هەمان وەڵام بۆ هەمان وەڵام بێت. نێگەتیڤیتە و سالبێتى ڕێگری لە کاردانەوەی زنجیرە لە یەکچوونەکە دەکات و هێواشی دەکاتەوە یان خێراییەکەی کەمدەکاتەوە.  

 

تۆڵمان: خۆرهەڵاتی دوور پەیوەندییەکی زۆر سرووشتیی بە تۆڕی تەکنیکییەوە هەیە. مەبەستی سەرەکیی ئێوە لەمە چیە؟ ئایا پەیوەندیی ڕۆژئاوا لە گەڵ تۆڕی تەکنیکیدا سارد و نامۆیە؟

هان: خۆرهەڵاتی دوور ڕۆشنبیریی ناسنامەیان نیە[10]، بەرامبەر ئەوە خەڵک هەست بەوە ناکەن کە کەلتوریان لەلایەن نێتۆرک و تۆڕەکانەوە کەوتووەتە بەر مەترسی. بێ ئەندازە نێتۆرک و تۆڕەکان هەن، بۆ نمونە، یارییە ئۆنلاینەکان ڕەچاو بکە. وا پێدەچێت کە ئاسیاییەکان بەراورد بە ئەورووپییەکان زۆر هەست بە ئاسودەیی بکەن لە ئەنتەرنێتدا. پاشان زۆر کەمتر ئەو ڕەخنانە دەبینن کە سەبارەت بە ئەنتەرنێت دەگیرێت. لەوانەیە مەفهومی زیندووبونەوە(نەسخ)ی بودیست جۆرێک لە پەیوەندی و پێکەوە بەسترانی گشتی، بوونە زیندووەکان بگرێتەخۆ. فەیلەسوفی چینی لاوزۆ دەڵێت، گەڕیدەی بلیمەت هەرگیز شوێنەوار و شوێنپێی خۆی بەجێناهێڵێت. گەشتکردن بەنێو فەزای مەجازیدا هاوجووت ویەکسانە لە گەڵ ئەو ئایدیاڵەی سەرەوەدا. 

 

تۆڵمان: بەڵام بەکارهێنەران شوێنەوار بەجێدێڵن، بۆنمونە، داتاکانیان. لەئێستادا گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر هەیە لە سەر ئەوەی بەکارهێنەران چەند کاریگەرییان هەیە و ئەم داتایانە چۆن سودی لێدەبینرێت و بەکاردێت. کەمێک سەخت و دژوارە وێنای ئەوەی بکەین پاش ڕیکلامی تایبەت بە بەکارهێنەران چی شتێک دێت.

هان: ڕستەی "گەڕیدەی زیرەک و وریا شوێنەوار بەجێناهێڵێت" لەگەڵ زێدەکەلتوردا زۆر گونجاوە، ڕاستە بەکارهێنەران شوێنەر بە جێدێڵن. بۆیە ئەوان دەبن بە بەندی یان زیندانیانی پانۆپتیکۆنی ئەلیکترۆنی و لەسەرەوە چاودێریکراو. ئەوەی بۆ من زۆر سەرنجڕاکیشە ئەوەیە، تۆ هەست بە ئازدی دەکەیت لە پانۆپتیکۆندا.

 

تۆڵمان: نوسیوتە، پرۆسەی بەجیهانیبوون کە لەلایەن تەکنەلۆژیا نوێکانەوە تاودەدرێت و خێرادەکرێت، مەودا و دورییەکی زۆری بۆ فەزای کەلتوری درووستکردووە. ئەم نزیکێتییەش کە جیهانگیری لە خۆیدا درووستدەکات، جۆرێک لە فرەیی بەرهەمهێناوە, و حەوزێکە لە پراکتیکی ژیانی کەلتوری و فۆرمی تەعبیر و دەربڕین. ئایا زێدەکەلتور بە سەر جیاوازییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا زاڵدەبێت، بەو پێیەی ڕۆژئاوا دەبێت تایبەتمەندییەکانی خۆی وەک حەکایەت، کەسێتی و شوناس لە زێدەکەلتوری(فرە کەلتور) بکاتە دەرەوە؟

هان:  زێدە-فەزای کەلتوری نە ڕۆژئاوای هەیە نە ڕۆژهەڵات. لەڕاستیدا، زێدەکەلتور یان فرە کەلتور بانگەشەی کاڵبوونەوە و نەمانی کات و فەزا دەکات. ئەمڕۆ، ئێمە لێرە و لە ئێستادا دەژین. لە هەمان کاتدا، هەتا  ئەو مەودا و مەسافانەش کە لە درووشمە کۆنەکانی مایکرۆسۆفت هەبوون و دەیپرسی، دەتەوێت بۆ کوێ بڕۆیت؟ چیدی ونبووە و نەماون. ئێمە لە زەمەنی کەمی و نەبوونی کامڵی کات و فەزادا دەژین. زەمانێک کە بێ مەودا و بێ نهێنییە.

 

تۆڵمان: لە کتێبی"کۆمەڵگای پڕتوکاو"دا ئاماژە بە "مێڵڤل"ی بارتلبی دەکەیت وەک مۆدێلێکی دێرینی ناڕەزایەتی دژ بە کۆمەڵگای زەبت و ڕەبت و بە دیسپلین. لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئەمڕۆ، کە تاکەکانی گەیاندووە بە خاڵێک خۆی بەرهەمبهێنێتەوە، پێشنیاردەکەم نەک، چیتر کار و چالاکیيەکان وەک فۆرمۆلایەک ڕەتکرێتەوە. ئایا ئەمە مانای ئەوەیە نیە کە دەشێت چیتر فۆرمی کاریگەر بۆ ڕەتکردنەوە بوونی نەبێت؟

هان: لە ڕاستیدا، ڕەتکردنەوە تەنها لە پەیوەندیدا به زۆرەملێی دەرەکییەوە مومکین دەبێت کە من دەتوانم تێیدا شتێک ڕەتبکەمەوە. بەرهەمهێنانەوەی خود شتێکە تا ئەندازەیەکی زۆر کوشندەیە بەراورد بە بەرهەمهێناوەی خود لە دەرەوە،  لەبەرئەوەی ئەمە لینکێکی پێکەوەبەستراوی هەیە لەگەڵ هەستی ئازادییدا. لە هەمان کاتدا، ئەم جۆرە بەرهەمهێنانەوەیە کارامەتر و بەبەرهەمترە لە بەرهەمهێنانەوە لە دەرەوەدا، ئەمەش لە بەر بژاردە و ئارەزووی تایبەتیی خۆتاندایە کە بەردەوامی دەدەیت بە بەرهەمهێناوەی خود تاکو ئاستی تێکشکان. ئەمەش لە خۆیدا وەک فێڵی سیستەم وایە. ئەمڕۆ حاکم یان سەروەرێک کە بمانەوێت دژ بە ئەویتر بڵێن نا بوونی نیە. ئێمە جۆریک لە سوبێکتی ملکەچی زۆرەملێی سیستەماتیکین، دەسەڵاتی سیستەماتیک، کە سوبێکت لە دۆخی گەشەکردندا فریودەدات و ناچاریدەکات خۆی بەرهەمبێنێتەوە. ستفان هەسڵس، لە بەرهەمی"شورەیی"دا دەڵێت، چیدی لەم ڕوانگەیەوە هیچ کۆمەکێکمان ناکات. فریوی بۆماوەیی و سەرەکیی سیستەم ئەوەیە کە بریتییە لە وێرانکردنی هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت شۆڕشی بەرامبەر بکەیت. زۆر ئەستەمە بتەوێت دەست بۆ چەک ببەیت، ئەویش گەر هەر یەک لە بەشداربووانی تاوان و قوربانیان لە یەک کاتدا چەوسێنەر و چەوساوە بن.

 

توڵمان: ئایا لەسەستچوونی سودە بێکەڵکەکان، وەک کلیلێکی نیشاندەر بۆ هاوڕێیەتی، هۆکار و دەلیلێک نیە بۆ شورەیی؟ یان بە تەنیشت شێوە ژیانی دیجیتاڵییەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش گەشە ناکەن؟

هان: زانستی سۆسیۆلۆژیا و کەلتور ئەرکێکی گرنگیان هەیە لە وەسفکردن و خستنە بەر باسی فۆرمە نوێکانی پەیوەندی، پەیوەندییەک کە بە نێو میدیای دیجیتاڵیدا گەشەدەکات. بۆ نمونە، نەبوونی تەواوەتیی مەودا، کە لەلایەن میدیای دیجیتاڵییەوە بەرهەمدێت و درووستدەبێت، ڕێگەی کردۆتەوە کە فۆرمێکی نوێ لە عەشق درووست ببێت کە چیتر ناکرێت وەک عەشق سەیری بکەین، عەشقێک کە هیچ مەودایەکی تیا نیە، هیچ پەرۆشییەک، هیچ بەربەستێک، عەشقێک کە نە مێژوویەکی هەیە نە بە چارەنووسێکەوە پەیوەستە. عەشقێک کە چیدی توانای کردنەوە و نوسینی لیریکی نیە. زیادەی پۆزەتیڤیتە (و پڕێتى) جۆرێک لە بێ‌بەڵینی یان بێ ئیلتزامیی گشتی درووست ەکات کە گرێدراوی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینە نیە. لەڕاستیدا، عەشق دیاردەیەکی نەفیکارانە و نێگەتیڤیتەیە. ڕەنگە باشترین شتی مومکین بێت...کەسێک کە کێشە و دژێتیی فۆرمە جیاوازەکانی پەیوەندی لەگەڵ یەکدا بەراوردبکات یان دژ بە یەکدی بەکاریانبێنێت. ئەمڕۆ ئێمە، لەجیاتیی عەشق، دوگمەی لایکمان هەیە، شتێک کە هیچ چارەنووسێکی نیە.

 

تۆڵمان: لە کۆتایی کتێبی "کۆمەڵگای پڕتووکاو"دا ئاماژە بە فۆرمە پڕ و پۆزەتیڤەکانى ماندوێتی دەکەیت. لە گۆشەنیگای هاندکەدا، ماندووبونی بنچینەیی جۆرێک لە (ئارامیی ناچالاک) مومکیندەکەیت. دەڵێیت ئەم بەشەی حەکایەت لە کۆمەڵگای چالاک کراوەتە دەرێ یان سڕاوەتەوە. لە هەمان کاتدا، نوسیوتە ماندووێتی وێنای کۆمەڵگایەک دەکات کە لە خۆیدا چیدی نە پێویستی بە پەیوەندییەکان هەیە نە بە پابەندبوونیش. هاندکە سود لە جۆرێک لە ژیانی هێمنی ئەڵمان وەردەگرێت بۆ ڕونکردنەوەی ئەم بابەتە. تۆ ئەم فۆرمە جیاوازانەی کۆمەڵگا لەمڕۆدا لە کوێدا دەبینی؟

هان: ئەم وەرگرتنەی من لە هاندکە بەم شێوەیە بەردەوامە" وێنایەکم هەیە هەموو پێکەوە:  ژیانی سەدەی حەڤدە پڕ بوو لە گوڵ و گوڵزار و بێدەنگیی ئەڵمانی کە تێیدا قالۆنچە، هێلکە شەیتانۆکە و پەپوولە و هەنگ لە سەر ڕووی گوڵەکان بە گوێرەی حەقیقەتی ژیانیان دەنیشتنەوە و هیچ یەکێکیانیش شک و گومانیان دەربارەی وجودی ئەوانیدی نەبوو." هەموویان تاکو ئەم چرکەساتە پێکەوەن، چرکەساتی من". ئەوەی من لە مێشک و بیرکردنەوەی خۆمدا هەمبوو بریتی بوو لە کۆمەڵگایەکی یۆتۆپی، کۆمەڵگایەک کە هاوڕێیەتی  تێیدا دەتوانێت بەبێ خزم و نزیکەکان و بە بێ هەستە باوەکان پێشکەوێت و نوێ بێتەوە. ئەم جۆرە هاوڕێیەتییە بە تەنها لە کاتێکدا بێداردەبێتەوە کە ئێمە لە چاو یان نیگای غەریبەیەک بڕوانین. هەرچەندێک جیاوازیی ئەم غەریبەیە لە ئێمە گەورەتر بێت، هەستی هاوڕێیەتی کە بە یەکدی دەبەخشین گەورەتر دەبێت. هاوڕێیەتی بەرەو  وەک یەکبوون و چونیەکبوون نامومکینە.

 

 

 

 

 


[1] . پۆزەتیڤیتە ئاماژەیە بۆ پڕى و حزوورى بەردەوام کە جێگا بۆ نەفى و غیاب ناهێڵێتەوە و بەپێچەوانەى وشە باوەکەى پۆزەتیڤ و ئەرێنییەوە کە ئەمڕۆ لەلایەن دەروونناسیى باوەوە دەدرێتەوە بە ڕووماندا, زاراوەیەکى تیۆرییە و هەموو شت لێرەدا و لەئێستادا حازردەکات و ئەمەش لە مێژووى هزردا هەم لایەنگرى هەبووە و هەم ڕەخنەگریش. نوسەرى ئەم گفتوگۆیە لە ڕەخنەگرانى پۆزەتیڤیتەیە کە ڕاى وایە ئیمکانى نیگەتیڤیتە و غیاب نەماوەتەوە و شتەکان بەردەوام جێ(پۆزیشن- کە ڕیشەى پۆزەتیڤیتەیە)دەگرن و  قولپدەدەن و مەوداى سەلبى و نێگەتیڤ ناهێڵنەوە تابزانین چ شتێک دەڕنین و کام شتەش دەهێڵینەوە- و

[2] techniques of the self

[3] . وێنەیەکى چکۆلەى ئەنتەرنێتییە کە لەپاڵ بۆچوون و لێدوان و کۆمێنتى بەکاربەرانى ئەنتەرنێتدا دەردەکەوێت و وشەکەش لە هندۆسییدا بە ماناى حەلبوونى خواوەندێک دێت لە جەستەى مرۆڤێکدا. بەم پێیە, مرۆڤى واقیعى لە ئەنتەرنێتدا شێوەیەکى تیۆلۆژى-کۆمپیوتەرى دەگرێتەخۆى- و

[4] surplus of positivity

[5] Hyperspace

[6]. panopticon چەمکێکی دیاری نێو چەمکە زۆرەکانی سیستەمی فیکری فۆکۆیە. بە کورتی مەبەست لەم وشەیە ئەوەیە، بریتییە لە شێوازێکی هەیمەنەکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەوانەی لە زینداندان، کۆنترۆڵکردنەکە بە جۆرێک دەبێت کە لە تاوەرێکی چاودێریکردنی بەرزەوە لە کۆی دەوروبەر دەڕوانرێت. واتا لە سەنتەرەوە بۆ دەوروبەر، پاسەوانی نێو بینای پانۆپتیکۆن دەتوانێت لە پەنجەرەکەیەوە هەموو کەسێکی نێو خانە بچوکەکانی زیندان ببینێت، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی نیشتەجێی نێو خانە بچوکەکانی زیندانن ناتوانن پاساوانی نێو بینای پانۆپتیکۆن ببینن. لێرەوە بەندیەکان هەرگیز نازان ئاخۆ چاودێری دەکرێن یان نا بۆیە بەردەوام لە دۆخێکدان وا دەزانن کە چاودێری دەکرێن بە بێ ئەوەی بزانن ئایا پاساوان لە ناو بینای پانۆپتیکۆنەکەیە یان نا . لە سەرەتا ئەم چەمکە لە لایەن جێرمی بێنتامەوە بە کارهێنراوە، پاشان فۆکۆش لە خوێندنەوەی بۆ زیندان لە سەردەمی مۆدێرندا بە کاریهێناوە- و

 

[7] Friendliness

[8] Sameness

[9] The Burnout Society

[10] . دەکرێت ئەم قسەیە وەهاش لێکبدەینەوە کە خۆرهەڵاتییەکان بەگشتى شوناسى خۆیان نادەنە دەم زەمەنەوە و ئەو شتانەى لە خۆرئاوا گۆڕانى بەسەردا دێت لێرە لێى وردنابنەوە و دەست لە کۆمەڵێک کۆڵەکەى گشتى و بنەڕەتى و دەرەمێژووییەوە نادەن. ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت ڕەخنەکردنى ئەنتەرنێت نەبووە بە پرسێکى تیۆرى- و

 

سەرچاوە:

https://arkadijski.blogspot.com/2017/02/byung-chul-han-terror-of-positivity_19.html?fbclid=IwAR0hyFG1evRtrpUd-F0sr3W46PsCU31SwvfoY6il0FkASypFQw9AjyZH4vo