A+    A-
(2,007) جار خوێندراوەتەوە

کۆڕۆناڤایرۆس وەک شوێنگرەوەیەک بۆ جەنگی جیهانی

 

 

 

ئابووریناس، پڕۆفیسۆر ڤالەنتین کەتەسۆنەف

 لە ڕووسییەوە: هۆژدار و هێدی

 

 

 

 

نەوەد ساڵ بەر لە ئێستا، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٩، لە ترس و شۆکی ناو بازاڕی دارایی نیۆیۆرک قەیرانی ئابووریی جیهانی دەستی پێکرد. لە کۆتایی ساڵ، قەیرانەکە تەشەنەی کرد بۆ دەرەوەی بازاڕی دارایی نیۆیۆرک. کۆمپانیاکان لە کارکردن وەستان، دەیان و سەدان هەزار فەرمانبەر لە کارەکانیان دەرکران، نەک تەنیا کۆمپانیا بچووکەکان، بەڵکو کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش تووشی مایەپووچبوون هاتن.

 

لەساڵی ١٩٣٠ قەیرانەکە گەیشتە ئەورووپا، ئەمریکای لاتین و ئاسیا، دواتر بوو بە جیھانی. کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و داکشانەوە (الركود، recession) لە هەموو شوێنێک بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٣٣. داهاتی ناوخۆی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٩  لە  ٨٧,٨ ملیار دۆلارەوە تا ساڵی ١٩٣٣ دابەزی بۆ ٤٠٫٢ ملیار دۆلار. زیاتر لە ١٣٥٠٠٠ کۆمپانیای بازرگانی، پیشەسازی و دارایی توشی داتەپین بوون. لە ماوەی سێ ساڵی قەیرانەکەدا، بە نزیکەیی نیوەی بانکەکانی ئەمریکا  تووشی مایەپووچبوون هاتن.

 

هاتنەخوارەوەی بەرهەمهێنان کۆتاییهات، قۆناغی مەنگبوون (stagnation)ی ئابووری دەستیپێکرد. لەزۆربەی ووڵاتان، هەوڵێکی زۆر خرایە گەڕ بۆ دەرچواندنی ئابوورییەکەیان لەم مەنگبوونە. ئایدیاکانی ئابووریناسی بەریتانیی-جۆن ماینەرکینز(John Maynard Keynes) بوونە جێگەی بایەخ، کە لەگەڵ دەستێوەردانی چالاکانەی دەوڵەت بوو لە ژیانی ئابووری. سەرەکیترین هۆکاری قەیرانەکە بە بۆچوونی کینز، ناهاوسەنگی بوو لە نێوان بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری لە لایەک و سنورداری خواستی کارا (Effective demand) ی دانیشتوان لەلایەکەی ترەوە. بەر لە کینز، کارڵ مارکسیش لە شەستەکانی سەدەی نۆزدە، لە کتێبی «سەرمایە» دا، دەربارەی هەمان شتی نوسیبوو، پێیوابوو، لە چوارچێوەی مێتۆدی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییدا ئەم ناهاوسەنگییە کۆتایی ناهێت. کینز بەم شێوەیەی لێک نەدایەوە، ئەو پێشنیاری قەرەبووکردنەوەی نەبوونی خواستی کارا دانیشتوانی کرد لەلایەن دەوڵەتەوە، بە بەکارهێنانی بودجەی دەوڵەت بۆ کڕینی کاڵا و پڕکردنەوەی خواست. خەرجییە سەربازییەکانی دەوڵەت، بە بۆچوونی کینز، تەواو گونجاوبوون بۆ قەرەبووکردنەوەی خواستی کارا. کینز پێی وابوو، دەوڵەت لە پێناو فراوانکردن و زیادکردنی خەرجییەکانی، دەکرێت تا قۆناغی کورتهێنانی بودجە بڕوات، و پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانی بودجەیە لە ڕێگەی قەرزەوە. وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، لە کتێبی بەناوبانگی کینز هاتووە « تیۆری گشتیی کار، سوود و پارە The General Theory of Employment, Interest and Money » ١٩٣٦.

 

لە ڕۆژئاوا، هەوڵیاندا تێروانینەکانی کینز جێبەجێبکەن، بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە ئابوورییە قورسە. زۆربەی ئایدیاکانی کینز لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەمریکادا جێبەجێکران، و بە کرداریش ئەو کاتە لە ئەمریکا جێبەجێکران، کە فڕانکلین ڕۆزفێلت لە ساڵی ١٩٣٣ گەیشتە کۆشکی سپی  بە خۆی و پڕۆژەکەی، کە بە (New deal) ناسراوە، کە بووە هۆی هێورکردنەوەی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا. بەرنامەی کارە گشتییەکانی (درووستکردنی ڕێگاوبان، چاکسازیی زەوی و زار، لێدانی جۆگەلە، بەداروبارکردن، زۆر کاری تر، کە پێویستییان بە بەهرەی تایبەت نەبوو) لەسەر پارەی دەوڵەت جێبەجێکران. ئەم پڕۆژانە بوونە هۆی پێشکەشکردنی دەرفەتی کار و کەمترین ئاستی بژێوی بۆ ملیۆنان ئەمریکی، بەڵام نەیانتوانی ئەمریکا لە داکشانەوەی ئابووری دەربخەن، وە دەسەڵاتیش نەیتوانی زاڵ ببێت بەسەر هەژاریدا. ئەمریکییەکان دان بەوەدا دەنێن کە لە ساڵانی قەیراندا لە وڵاتەکەیان، بە گوێرەی مەزەندە جیاوازەکان، پێنج تا شەش ملیۆن کەس لە برساندا مردن. لە ئەورووپاش ئەو داکشانەوەیە بەردەوام بوو، وە خەڵکیش لە هەژاریدا بوو.

 

هەردوو وڵات، یەکێتیی سۆڤیێت و ئەڵمانیا ڕیزپەڕبوون لەو دۆخە. لە سییەکاندا گەشەسەندن لە یەکێتی سۆڤیێت بە شێوەیەکی دینامیکی بوو، پیشەسازی لە برەودابوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە لایەنە باشەکانی سیستەمی سۆسیالیستی بۆ جیهان دەربکەون. ئەڵمانیاش لە سەرەتادا وەک هەموو ئەورووپا دەیناڵاند بە دەست داکشانەوەی ئابورییەوە، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٣٣ هیتلەر گەیشتە دەسەڵات، لەوێش گەشەسەندنەکە بووە دینامیکی، پەرجووی ئابووری سەریهەڵدا. بەڵام ئەمە بە پاڵپشتی دارایی ئەمریکییەکان و بەشێک لە بانکەرە بەریتانییەکان بوو، ئەوانەی هیتلەریان ئامادە دەکرد و پاڵیان دەنا بەرەو ڕۆژهەڵات دژی یەکێتیی سۆڤیێت.

 

میتۆدەکانی کینز پەرجوویان نەخولقاند. لەو کاتەدا، هەموو میتۆدەکانی ئابووریی بەردەست بەکارهێنران بۆ ژیانەوەی ئابووری. بە لای ڕۆژئاواوە،  دیوی دواوەی ئەو دینامیکییەتە ئابوورییە بەرزەی یەکێتیی سۆڤیێت بە شێوەیەکی تایبەت، جێگای ترس بوو – ئەو دژێتییە لە دینامیکییەتیی ئابووریی نێوان سۆڤیێت و وڵاتانی سەرمایەداری، شیانی ئەوەی هەیە ببێتە سەرکەوتنی یەکجارەکیی سۆسیالیزم لە جیهاندا. ئەمە وای لە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژئاوا کرد، بگەنە ئەو ڕایەی؛ تاکە ڕێگە بۆ دەرچوون لە داکشانەوەی ئابووری، کە سەردەمێک بوو درێژەی دەکێشا، تەنها جەنگ بێت،  زیاتر لەوەش، جەنگێکی گەورە  و جیهانی.

 

لە نموونەی یەکەم جەنگی جیهانییەوە ئەمریکا لەوە تێگەیشت، دەشێت ناکۆکی و پێکدادانە سەربازییە جیهانییەکان، ببنە هۆی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ئابووریی وڵاتدا. بەر لە یەکەم جەنگی جیهانییەوە، ئەمریکا گەورەترین قەرزوەرگربوو لە جیهاندا (ئەوە لەڕووی قەرزی کەرتی تایبەتەوە، بەڵام لەڕووی قەرزی کەرتی گشتییەوە، ڕووسیای قەیسەری پلەی یەکەمی هەبوو). بەڵام لە کۆتایی جەنگەکەدا، ئەمریکا بووە گەورەترین قەرزدەر، وە هاوشانی جونەهی بەریتانی،  دۆلاریش بووە دراوێکی جیهانیی.

 

وڵاتانی ئەمریکا، ئینگلیز، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یابان و وڵاتانی دیکەی سەرمایەداری ئامادەکارییان دەکرد بۆ دووەم جەنگی جیهانی. پێیان وابوو؛ جەنگ قەرزەکان دەسڕێتەوە، ناهاوسەنگییە ئابوورییەکان دەشاردرێنەوە، گەشەی خێرا لەگەڵ دووبارە ڕێکخستنەوەی تەرازووی پێدانی ئابووریی نیشتمانی، دەست پێدەکاتەوە. وڵاتە قەرزوەرگرەکان خەونیان بەوەوە دەبینی کە سەردەکەون، و قەرزدەرەکانیشیان وێراندەبن. وەلێ وڵاتە قەرزدەرەکان خەونیان بەوەوە دەبینی کە دەستبگرن بەسەر بازاڕەکاندا، و دەرامەتە سروشتییەکانی قەرزوەرگرەکان، و ملیارات دۆلار وەک قەرەبوو بە دۆڕاوەکان دەبژێرن. لە نێوان وڵاتە شەڕکەرەکاندا، یاسا باوەکانی بازاڕی ئابووری سڕکران، دەوڵەتیش بە دەستە پۆڵایینەکەی خۆی ناهاوسەنگییە کەڵەکەبووەکانی هاوسەنگ دەکردەوە (داواکارییەکان و ئەرکەکان requirements and obligations)، ئەمەش ئاماژەبوو بۆ سەردەمی جەنگ.  جەنگ بەهانەیەکی بەهێزە بۆ دەوڵەتەکان، بۆ سەپاندنی سیستەمی پۆڵایین (ئاسنین) لە ئابووریی سەرمایەداری بە بەکارهێنانی ئامرازە کارگێڕی و ڕابەرییەکان. هیچ کینزییێکیش لەوەدا توانای نەبوو. لە یەکی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٩ دووەم جەنگی جیهانیی دەستی پێکرد، بووە ئامرازێک بۆ دەرچوونی سەرمایەداریی جیهانی لەو داکشانەوە ئابوورییەی، کە دەمێک بوو بەشێوەیەکی ترسناک هەبوو.

 

هەنگاومان نایە سەدەی ٢١. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ جیهان قەیرانێکی دارایی و ئابووریی جیهانیی بەخۆیەوە بینی. ئەم قەیرانە نەبووە هۆی سڕینەوەی هەموو ناهاوسەنگییە کەڵەکەبووە ئابوورییەکان. لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ قۆناغی داکشانەوە (recession) پەڕییەوە بۆ بێبازاڕی (depression)، کە دەبوو بووژانەوە ڕوویدابووایە. ساڵێک، دوان و سیان چاوەڕوانی بووژانەوەبوون، بەڵام پێشبینییەکان وەڕاست نەگەڕان، ئێستا ساڵی ٢٠٢٠ ەو هێشتاش بووژانەوە نییە.

بەراورد بکەن: داکشانەوە بۆ ماوەی شەش سال لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٣-١٩٣٩ بەردەوام بوو. وە ئەم پوکانەوە درێژە بەئازارە بەهۆی جەنگەوە تێپەڕێندرا! قەیرانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ یازدە ساڵە درێژە دەکێشێت، کە بە نزیکەیی، ماوەکەی دوو ئەوەندی پێشووە، وە جارێکی تریش پوکانەوە بە ئازارەکە بەردەوامە. بە مانایەک دەتوانین بڵێین: ئەو داکشانەوە ئابوورییەی سەدەی بیست و یەک لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ ڕۆژئاوا باشترە، چونکە ئێستا یەکێتیی سۆڤیێت و دینامیکی ئابوورییە گەشەکردووەکەی لە گۆڕێدا نییە. بۆ ڕۆژئاوا سۆڤیێت وەک ڕکابەر نەماوە، بەڵام لە پاڵ ئەوەدا، چین بە گەشەیێکی ئابووریی بەهێزەوە لە گۆڕەپانەکەیە، کە نموونەی نەبووە. بەدڵنیاییەوە دەتوانین دینامیکییەتی ئابووریی چین لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بە قۆناغی ''گەشە'' ی ناوبنێین. هەروەها لە مێژووی سەرمایەداریى هیچ وڵاتێکی ڕۆژئاواییدا، ئەو گەشە بەدرەوامە نەبووە. بۆیە لەسەر ڕۆژئاوا پێویستە شتێک بکات.

 

بەدڵنیاییەوە، زیاتر لە چەند جارێک، بیرۆکەی بەرپاکردنی جەنگێکی گەورە بە مێشکی سەرانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوادا هاتووە، بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییە نەفرەتلێکراوە باوەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. بیرۆکەکە تاڕادەیەکی زۆر فریودەرانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ترسناک و کوژەرە. لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، هەردوو جەنگی پێشوو بەبێ چەکی کیمیایی و جۆرەکانی تری چەکە کۆمەڵکوژەکان بەرپابوون. بێگومان لە سێیەم جەنگی جیهانیدا، بەکارهێنانی چەکە کۆماڵکوژەکان دەبنە پێویستی. بۆیە پێویستە شتێک هەبێت شوێنی جەنگی جیهانی بگرێتەوە، کە پەرجووئاسا یارمەتی هاوسەنگکردنەوەی ناهاوسەنگییەکانی ئابووریی سەرمایەداریی و گەشەسەندنەوەی بدات، وە ببێتە  هۆی پارێزگاری لە بارودۆخی دڵنیا (status quo) ی چینی دەسەڵاتدار.

 

شوێنگرەوەی جەنگی گەرم، لەوانەیە جەنگی سارد بێت، کە لە ئێستادا بە جەنگی دووڕەگ (hybrid war) ناوی دەبەن. ئەم جەنگە پشت بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی دارایی، بازرگانیی، ئابووری، دەروونی، زانیاری، چەکی ئەلیکترۆنی و ئامرازی تایبەتی تر دەبەستێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن، بەڵام هەموو ئەمانە، دەسەڵاتی گواستنەوەی مێتۆدەکانی بازاڕ لە بەڕێوەبردنی ئابووری بۆ ڕابەرایەتیی کارگێڕیی بە حکومەتەکان نابەخشێت. بە بێ یارمەتی ئەو ڕابەرایەتییە، شیانی ئەوە لە ئارادا نییە ناهاوسەنگییە کەڵەکەبووەکانی ئابووری تێبپەڕێندرێن.

 

لێرەدا کۆڕۆناڤایرۆس سەریهەڵدا، دەسەڵاتداران دەستیانکرد بە فووتێکردنی مەترسییەکە، ئەتمۆسفێرێکی ترسناکیان لە کۆمەڵگا درووستکرد. بە بەکارهێنانی ترس، دەسەڵاتداران دەتوانن دەسەڵاتێکی بێسنوور بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی چالاکانە دەستێوەردان لە ئابووری بکەن. ئەم میتۆدانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی سەرمایەدارییە، بەڵام وەک ئەوەی دەڵێن: ڕابەرایەتی کارگێڕیی، هەمیشەیی نییە. هەر کە هاوسەنگی ئابووری گەڕایەوە، هەموو شتێک دێتەوە ناودەستی خۆمان، دووبارە مێتۆدەکانی بەڕێوەبردنی بازاڕ دەگەڕێنەوە، دووبارە سەرمایەداریی شارستانی (civilized capitalism) خۆی جێگیر دەکاتەوە، بوژانەوە دەستپێدەکات و دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی گەشەی ئابووری.

 

شارەزایان دەڵێن: دۆخی فریاگوزاریی ئابووری (state of emergency) تا کۆتایی ساڵ یان ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو بەردەوام دەبێت. « جەنگی ڤایرۆس» دەبێت بە سەرکەوتنێکی خێرا و برووسکئاسا. لەم ماوەیەدا، مایەپووچبوونێکی لە ڕادەبەدەر درووستدەبێت، لەگەڵ سڕانەوەی چەندین قەرزی قەبارە تریلیۆن دۆلاری. بڵقی گەورە ڕوودەدەن لە بازاڕی دارایی، بازرگانی و زەویوزار. ڕەسمەلە (الرسملة Capitalization) ی کۆمپانیاکان تووشی داتەپین دەبن بە قەبارەی چەندین تریلیۆن دۆلار. ئابووری دووبارە هەناسەیەک وەردەگرێتەوە، بوژاندنەوە دەستپێدەکات و دواتر گەشەیەکی درێژخایەن.

 

تێبینیی ئەوە دەکەم: «جەنگی ڤایرۆس» ئەوکاتە کۆتایی نایەت کە ئامارە پزیشکییەکان ئەوە نیشاندەدەن کە ژمارەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسەکە کەمی کردووە، بەڵکو ئەو کاتە دەبێت، کە بازاڕە داراییەکان و بازاڕەکانی تر دەگەنە سەر ساغەی خۆیان (bottom). خاوەن پارەکان هەموو هەبوو (أصول asset) ە نرخ داشکاوەکان دەکڕن و دەچنەوە ئاستی کۆنتڕۆڵکردن بەسەر ئابووریی جیهانی. بڕیاری کۆتاییهاتنی « جەنگی ڤایرۆس» پەتاناسەکان نایدەن، بەڵکو خاوەن پارەکان ئەم بڕیارە دەدەن.

 

دوای ئەوە گەشەی ئابووری دەستپێدەکات. کاتێک گەشەکردنەکە دەوەستێت، ئابووری دەڕواتەوە قۆناغی داکشانەوە، دیسانەوە حاکمە بەڕێوەبەرەکانی خۆرئاوا بیر لە ڤایرۆسێکی تر دەکەنەوە. دووبارە نمایشەکە دەستپێدەکاتەوە بەناوی «جەنگ لەگەڵ درم و نەخۆشی». ئەمە پرەنسیپە نوێیەکەی چوارچێوەی سوڕی ئابوورییە، کە دەتوانرێت ناوبرێت بە: سوڕی ڤایرۆسی ئابووری.

 

خاوەن پارەکان، درووستکەرانی ئەم پەتا تازەیە، سوڕی ناکۆتای گەشەی ئابوورییان پێویست نیە، هەروەک ئەوەی پێویستی زۆریشیان بە سەرمایەداری نییە. مەرامی ئەوان دەسەڵاتی کۆتاییە-دەسەڵات بەسەر جیهاندا. ئەوان خەون بە درووستکردنی جیهانێکی نوێ دەبینن، کە دەوڵەتی نەتەوەیی تێدا نەبێت و حکومەتی جیهانی بێتە کایەوە. ئەم میتۆدەش هیچ شتێکی هاوبەشی لەگەڵ سەرمایەداریی کلاسیک نییە، دەکرێت ناوی بنرێت سیستەمی نوێی کۆیلایەتیی یان فیوداڵیزمی نوێ.

 

ئەم جەنگی ڤایرۆسەی کە دەستپێکراوە، پلانی ئەو چینە جیهانییەی ئاشکراکرد، پەردەی لەسەر بکەرەکانی هەڵماڵی، کارە تێکدەرەکانیانی نیشاندا. ئەم پەتایە ملیۆنان خەڵک ناچاردەکات بیر لەو شتانە بکەنەوە کە بەر لە پەتاکە بیریان لێنەکردبووەوە، باوەڕیان وایە کە پڕۆژەی میتۆدە نوێیە جیهانییەکە، فەنتازیای دەستەی پیلانگێڕانە. دەرەنجامەکە بەم شێوەیە دەبێت؛ ملیۆنان خەڵک لە سەرتاسەری جیھان، ئامادە دەکات بۆ جەنگ بەرپاکردن، هەڵبەتە نەک لەگەڵ کۆڕۆناڤایرۆس، ئەمە با پزیشک و پڕۆفێشناڵەکان بیکەن، بەڵکو لەگەڵ خاوەن پارەکان.