"له نێو گێژاوێكی مێژووییدان"
دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی گۆڤاری Le pointله گه‌ڵ یۆڤال نوح هه‌راری
و. له فەڕهنسییهوه: فازڵ مه‌حموود
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م، به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه به یه‌كه‌م به‌جیهانیبوون ناوده‌برێت، په‌تای تاعوون له چینه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و بازرگانانه‌وه گوازرایه‌وه كه به‌و ڕێگایه‌دا تێده‌په‌ڕین و سه‌ره‌تا گه‌یشتنه ئیتالیا و پاشان فەره‌نسا، و پێش ئه‌وه‌ی به هه‌موو ئه‌وروپادا بڵاوببێته‌وه‌و بگاته به‌ریتانیا، نیوه‌ی دانیشتوانی ئه‌وروپای له‌م كیشوه‌ره‌دا له ڕێگای خۆیدا كوشت. به‌رئه‌نجامه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ئه‌م پاندێمییه دراماتیكییه بووه هۆكاری گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رچاو كه ڕێگه‌ی بۆ سه‌ره‌تاكانی ڕێنیسانس خۆشكرد. به تایبه‌ت له ئه‌وروپای رۆژئاوا، كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌ستی كار له ئه‌نجامی تاعوون بووه هۆكاری دروستبوونی یه‌كه‌م مووچه‌ی جێگیر، و مافه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و هۆكارێك بوو بۆ كۆتایی سیستمی فیۆداڵی. ئه‌گه‌ر واز له ڕێژه‌ی مردن بێنین، ئه‌م شته ئایا هیچ لێكچوونێكی له گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا هه‌یه؟ ئایا ئه‌و جیهانه‌ی كه له‌م كاره‌ساته‌ی ئێستا ده‌رده‌چێت ، ئه‌ویش پێشبنیی نه‌كراو ده‌بێت، گه‌ر وایه ، به چ شێوه‌یه‌ك؟
هه‌راری: قه‌یرانی كۆڤیدی ـ نۆزده خه‌ریكه ده‌بێته هه‌ستیارترین قۆناغی ئه‌م سهردهمهیهی ئێمه. ئه‌وه‌ی كه ئه‌م قه‌یرانه ده‌كاته شتێكی ڕاشكاو ئه‌وه‌یه كه خه‌ریكه زاڵده‌بێت به سه‌ر هه‌موو شتێك دا. مێژوو خێرابووهتهوه. ڕێسا كۆنه‌كان خه‌ریكه پارچه پارچه‌ده‌بن له كاتێكدا ڕێسا نوێیه‌كان وا خه‌ریكن ده‌نووسرێنه‌وه. له ماوه‌ی مانگێك یان دوو، حكوومه‌ته‌كان و دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له نێو بارودۆخه ڕاسته‌قینه‌كاندا به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی مه‌زنی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چن كه بۆ ده‌یان ساڵ فۆرم ده‌به‌خشێته جیهان. بۆ نموونه ئه‌و شتانه له‌به‌رچاوبگرن كه له زانكۆكه‌ی من له ئۆرشه‌لیم خه‌ریكی روودانه، بۆ نموونه مشتوومڕ له سه‌ر هه‌لی وانه‌وتنه‌وه له ڕێگای دووره‌وه، به شێوه‌ی ئۆنلاین، نه‌ك له نێو هۆڵه‌كان كه چه‌ندین ساڵه ئه‌و شێوازه به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌م بابه‌ته كه‌وتووه‌ته‌وه گه‌وره‌یه، هه‌روه‌ها ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش زۆرن، به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م پرسه هێشتا كۆتایی نه‌هاتوون. به هه‌ر حاڵ، حكوومه‌تی ئیسرائیل بۆ وه‌ڵامێك به‌رانبه‌ر به‌م په‌تایه سێ هه‌فته‌یه كه هه‌موو زانكۆكانی داخستووه، هه‌ربۆیه زانكۆ ناچار بوو سیستمێك بۆ به‌كارهێنانی هه‌موو وانه‌كان به شێوه‌ی ئۆنلاین بهكاربهێنێنت. من سێ وانه‌م به‌م شێوه‌یه له‌م هه‌فته‌یه‌دا پێشكه‌شكرد، هه‌موو شتێك به‌ره‌و باشی به‌رو پێشه‌وه چووه، بڕوایش ناكه‌م زانكۆ پاش زاڵبوون به سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخی پێشووی. نموونه‌یه‌كی تر: «داهاتی گشتیی جیهانی»، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سی پسپۆڕه‌وه باسی لێوه ده‌كرێت. نیوه‌ی كه‌سه سیاسییه‌كان به شێوه‌یه‌كی ساویلكانه و یۆتۆپیایی دادوه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه ده‌كه‌ن به‌وه‌ی كه ئه‌زموونه‌كان سه‌باره‌ت به‌م هه‌ساره‌یه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌زموونه سنووردارهكانیش. به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌م پاندێمییه ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ته ئۆڵتراـ كۆنزهرڤاتیڤهكهی ئێستای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌دا كه بۆ هه‌ر ئهمریکییهك مووچه‌یه‌كی تایبه‌ت و بنه‌ڕه‌تی له‌ماوه‌ی ئه‌م قه‌یرانه بنێرن. ئه‌نجامی ئه‌م ئه‌زموونه چی ده‌بێت؟ هه‌نووكه كه‌س هیچ نازانێت. به‌ڵام چه‌ند وانه‌یه‌كى لێوه‌رده‌گیرێت كه ئه‌م وانانه خێرا گۆڕانكاری به سه‌ر سیستمی سۆسیۆـئابوریی نه‌ته‌وه‌كان له بنه‌ماوه بۆ سه‌ره‌وه ده‌هێنێت. نموونه‌یه‌كی تر: به‌كارهێنانی ڕۆبۆتهكانه بۆ چاره‌سه‌ركردن و چاودێرێكردنی كه‌سه به‌ته‌مه‌ن و نه‌خۆشه‌كان. هه‌ربۆیه لێره‌دا جارێكی تر دانانی به‌ربه‌سته‌كان له سه‌ر ئه‌زموونه سنوورداره‌كان و زاڵبوون به سه‌ریاندا ئه‌سته‌م ده‌بێت. به‌ڵام له گه‌ڵ پێویستیی له‌ناكاو و جیهانی بۆ كه‌سانی په‌رستار و پزیشك، تێده‌گه‌ین كه ئه‌و رۆبۆتانه‌ی ماندوونابن و به‌ر ڤایرۆسه‌كان ناكه‌ون و به‌شێكن له‌م وه‌ڵامه. هه‌ربۆیه هه‌ندێك له دامه‌زاروه پزیشكییه‌كان ده‌ستده‌كه‌ن به به‌كارهێنانی ئه‌م رۆبۆتانه بۆ هه‌ندێك ئه‌ركی زۆر. ئایا به تێپه‌ڕینی ئه‌م قه‌یرانه، ئه‌م ماشێنانه دووباره ده‌خرێنه‌وه نێو دۆڵابهكانهوه؟ من گومانم هه‌یه. ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یه لانیكه‌م هه‌ندێكیان به‌كاربهێنرێنه‌وه، و ئه‌م قه‌یرانه ببێته هۆكاری خێراتركردنی به ڕۆبۆتكردنی هه‌ندێك پیشه. ئه‌م بابه‌ته له نێو هه‌ندێك سێكته‌ری تریشدا رووده‌دات. ئه‌سته‌مه پێشبینیی ئه‌وه بكرێت كه له نێو ئه‌م ئه‌زموونانه‌دا كامه‌یان سه‌رده‌كه‌ون و یان كاریگه‌ریی وردیان له سه‌ر كۆمه‌ڵگا چی ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت پێداگری له سه‌ر بكه‌م، ئه‌وه‌یه كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه ته‌ندرووستییه هاتووینه‌ته نێو گێژهڵووكهیەکى مێژووییه‌وه. یاسا ئاساییه‌كانی مێژوو تووشی هه‌ڵپه‌ساردن هاتوون. بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك مه‌حاڵه‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه. ئه‌مه به‌و واتایه دێت له‌لایه‌ك ئێمه ده‌بێت وریا بین، به‌ڵام له لاكه‌ی تر ده‌بێت ئێمه خۆیان ئاماده‌بكه‌ین خه‌ون ببینین. له وڵاتێكی دیموكراتیدا، له چه‌ند سه‌رده‌مێك وه‌ك ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه، سته‌مكاره‌كان توانیویانه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و دیستۆپیا Dystopiesبسه‌پێنن، هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌و چاكسازییانه‌ی كه چهنێكه چاوه‌ڕوانیان ده‌كرێت رووبده‌ن و یان سیستمه نادادپه‌روه‌رییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه. له ئێستاوه تا كۆتایی ساڵ ئێمه له نێو جیهانێكی نوێ‌دا ده‌ژین. ده‌بێت هیوا بخوازین به‌ره‌و باشی بڕوات.
یه‌كێك له جیاوازییه‌كانی نێوان تاعوونی سه‌ده‌ی چوارده و سه‌رده‌می ئێمه ی زانیارییه‌كان، مه‌سه‌له‌ی خێراییه. له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م چه‌مكی باری له ناكاو به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌مڕۆوه بوونی نه‌بووه. باری له ناكاو دونیایه‌ك دروستده‌كات كه پێشتر بیری لێنه‌كراوه‌ته‌وه. ئێوه له فاینشال تایمز نووسیوتانه «ڕێگهوشوێنهكانی باری له‌ناكاوی ماوه كورت ده‌گۆڕێت بۆ میكانیزمێكی هه‌میشه‌یی». «وڵاتانی جیهان مشكی تاقیگه بۆ ئه‌زموونه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له پێوه‌رێكی به‌رفراوان تردا به كار ده‌به‌ن». ئایا كه‌سێك ئه‌م ئه‌زموونانه كۆنترۆڵ ده‌كات؟ ئایا به‌ره‌نجامێكی ساده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌یه كه ماوهیهكیی زۆره به‌رده‌وام كه‌وتووه‌ته به‌ر ته‌وژمی زانیارییه نوێیه‌كان؟
هه‌راری: هه‌ندێك له‌م ئه‌زموونه كۆمه‌ڵایه‌تییانه به شێوه‌یه‌كی خۆڕسك له ژێر گوشاری بارودۆخه‌كاندا بۆ چاره‌سه‌ره‌كردنی كێشهیهكیی نوێ ده‌رده‌كه‌ون. به‌ڵام ئه‌وانی تر به ورده‌كارییه‌وه له سه‌ره‌وه ده‌كرێن. كه‌سێك ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه كه كام تاقیكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌بێت بكرێت و له ژێر چ باروودۆخێكدا. هه‌ربۆیه سیاسه‌ت له ئیستادا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه له جاران و له نێو واقعی ئه‌م قه‌یرانه، سیاسییه‌كان ده‌توانن هێزی خۆیان بۆ شتێك بخه‌نه گه‌ڕ و ئه‌م شته له چه‌ند ڕۆژێك به كۆتایی بهێنن كه له كاتی ئاسایی دا چه‌ند ساڵێكی ده‌ویست دهستووپهنجهی له‌گه‌ڵ نه‌رم بكه‌ن..
له ئه‌وروپادا، هه‌شت كۆمپانیای تهلهفوونی بڕیارندا زانیاری و شوێنی به‌كارهێنه‌ره‌كانیان بده‌ن به حكوومه‌ت، هه‌ڵبه‌ت بێ هیچ باسكردن و مشتوومڕێك.
هه‌راری: نموونه‌یه‌كی تر كوولتووره. له وڵاته‌كه‌ی مندا ئیسرائیل، تا راده‌یه‌ك هه‌موو دامه‌زراوه كولتوورییه‌كان به‌ره‌و رووی شكست بوونه‌ته‌وه. شانۆكان، گه‌له‌رییه‌كان، مۆزه‌خانه‌كان، ده‌وڵه‌ت ده‌بێت به‌ره‌و رزگاركردنیان هه‌نگاو بنێت، به‌هه‌مانشێوه كه هوتێله‌كان، و چێشتخانه‌كان و كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی رزگاركرد. ئه‌گه‌ر هاتوو یارمه‌تی ئه‌و دامه‌زراوانه نه‌دا كه خۆیه‌ی ده‌یه‌وێ ، به ئه‌گه‌ری زۆر هه‌موو دیمه‌نه كولتوورییه‌كانی وڵات به چه‌ند مانگێك ده‌بێته چۆڵه‌وانیی. به شێوه‌یه‌كی گشتی، پرسی كات و باری له ناكاو په‌یوه‌سته به پارادۆكسێكی ئایرۆنییه‌وه: تاكوو بارودۆخی مرۆیی به‌ره‌و باشی بڕوا، باره لهناكاوهكان له هه‌ڵكشاندا ده‌بن. با بیر له‌و شته بكه‌ینه‌وه وه‌ك شتێكی "نۆرماڵ" له فره‌نسای سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م ڕوویداوه. نه‌توانرا حساب له سه‌ر هیچ سیستمێكی ته‌ندروستی بكرێـته‌وه، كه‌س له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه قه‌ره‌بوو نه‌كرایه‌وه، توندوتیژی ههموولایهكیی گرتبووه، گه‌نده‌ڵییه‌كی بڕواپێنه‌كراو زاڵبوو به سه‌ر دهستووپێوهندهكانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكی له به‌ر قڕوقاتیی ئازاریان ده‌كێشا. ئه‌گه‌ر له باتی تاعوون ئه‌م په‌تای كرۆناڤایرۆسه هه‌بوایه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كێ خه‌می بۆ ده‌خوارد. كه‌س. یه‌ك له‌سه‌دی دانیشتوان به په‌تا ده‌مرن؟ زۆر ئاساییه. چه‌مكی باری له‌ناكاوی گشتی به ته‌واوه‌تی نه‌ناسراو بوو. به پێچه‌وانه‌وه دونیای مۆدێرن كه له رێگای تۆڕێك دامه‌زراوه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو ده‌ناسرێته‌وه ــ نه‌خۆشخانه‌كان ، قوتابخانه‌كان ــ ، كه ئه‌مانه بارودۆخی ژیانی دانیشتووانیان به شێوه‌یه‌كی وێنانهكراو باش كردووه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵگایان زۆر له‌رزۆك كردووه. له ئه‌مڕۆدا په‌تای زۆر بچووكتریش ده‌توانێـت زۆر شتمان لێ وه‌رگرێته‌وه. چه‌مكی باری له‌ناكاو له نێو ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م پێشكه‌وتن و لهرزۆكییهدا گه‌شه ده‌كات.
ئێوه ده‌ڵێن كه داهاتوومان په‌یوه‌سته به‌و وه‌ڵامانه‌ی كه ئێمه به شێوه‌یه‌كه‌ی جه‌معی ده‌یده‌نه‌وه به‌و دوو پرسیاره سه‌ره‌كییه‌ی كه له لایه‌ن ئه‌م قه‌یرانه‌وه دروستبووه. یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنێكه كه ده‌بێت زۆر به‌خێرایی بكرێت، له ئاستێكی جیهانی، له نێوان كۆمه‌ڵگایه‌ك كه «سه‌ربه‌خۆییه‌كی زیاتر به خه‌ڵكه‌كه‌ی» ده‌دا له گه‌ڵ «كۆمه‌ڵگایه‌كی چاودێری و تۆتالیتا‌ر». ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ی له‌م كۆمه‌ڵگای تۆتالیتاره به بۆچوونی تۆ ده‌بێته: سیاسه‌تی كۆنترۆڵكردنی خه‌ڵك كه له چین دا ئه‌م حاڵه‌ته به‌رانبه‌ر به نه‌خۆشه‌كان گیرایه به‌ر، ئه‌ویش له ڕێگای ئه‌پێكی مۆبایله‌وه كه به تایبه‌ت ڕچه‌ی هه‌ر هاوڵاتییه‌كی هه‌ڵده‌گرت كه گومانی تووشبوونی به ڤایرۆسه‌كه هه‌بوایه، و ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌ته‌نیاهۆ ، بۆ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای دژه تیرۆریزم له پێناو چاودێریكردنی نه‌خۆشه‌كان. ئایا له راستیدا ده‌توانین به‌راوردی سیاسه‌تی ئایدۆلۆژی پارتی كۆمۆنیستی چین له گه‌ڵ تاكتیكه هاكهزاییهكانی سه‌ره‌ك وه‌زیرانی ئیسرائیل بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر وایه، ئایا ده‌بێت نموونه‌ی ئه‌و «ئه‌زموونه كۆمه‌ڵایه‌تییه« زۆر ترسناكانهش لێره به‌دی بكه‌ین كه باست ده‌كرد؟
هه‌راری: هیچ گومانم له‌وه‌دا نییه كه مرۆڤایه‌تیی شكست به كرۆناڤایرۆس ده‌هێنێت، به‌ڵام ترسم له‌وه‌یه كه له‌م كاره‌دا ، ئێمه ته‌سلیمی شه‌یتانه ناوهكییهكی خۆمان ببین . ته‌نانه‌ت كه‌سه دیموكراته‌كانیش به ناوی پاراستنی ته‌ندروستییه‌وه ده‌توانن زۆر به ئاسانی ببن به كه‌سێكی دیكتاتۆر، ئه‌مه‌ش ههڕهشهیهكیی بێ زیان نابێت، من جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه له پێش چاوی خۆمدا له ئیسرائیل به‌دی ده‌كه‌م. له فره‌نسا، كاتێك ئیمانۆئیل ماكرۆن بڕیار له سه‌ر باری لهناكاوێكی پێویست ده‌دات، ئه‌و گشت شه‌رعیه‌تێكی بۆ ئه‌م شته هه‌یه چونكه به شێوه‌یه‌كی دیموكراتیك هه‌ڵبژێردراوه. له ئیسرائیل دا نه‌ته‌نیاهۆ له نێو ئه‌م بارودۆخه‌دا نییه. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دۆڕاندووه، و ته‌نیا سه‌رۆكی ئیتلافێكی نا ههڵهبژێرداوه، گروپێكی كار به‌ڕێكه‌ر. هه‌ربۆیه به‌ناوی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌وه، نه‌ته‌نیاهۆ هه‌وڵیدا په‌رله‌مان دابخات تا بتوانێت هه‌موو بڕیاره لهناكاوهكان بدات بێ هیچ كۆنترۆڵكردنێ دیموكراتیك. به‌ره‌نگارییه‌ك بوونی هه‌یه، به‌ڵام له ئێستا دا كه‌س نازانێـت مێژوو به چ ئاراسته‌یه‌ك بۆ پێشه‌وه ده‌چێت. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌نیاهۆ بگاته ئامانجه‌كانی، ئیسرائیل له وڵاتێكی دیموكراتی ده‌رده‌چێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیكتاتۆریییهش چه‌ند مانگێك زیاتر نه‌خایه‌نێت، كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه، چونكه هه‌ر چه‌ند مانگ به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار دۆلار به دڵی خۆی سه‌رف بكات، بۆ گۆڕینی بازارێ كار و سیسته‌میی خۆیندن و دیمه‌نی كه‌لتووری به شێوه‌یه‌كی یه‌كلاییكه‌ره‌وه.
نووسیووتانه له داهاتوو كه «ئه‌لگۆریتمه حكوومییه‌كان» حاڵه‌تی ته‌ندروستی ئێمه پێش خۆمان ده‌ناسنه‌وه، ئه‌وه‌ی كێمان دیوه بۆ كوێ رۆشتووین. هه‌ربۆیه زنجیره‌ی نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن. پێشكه‌وتن له‌وه‌ی كه جگه له‌وه‌ی ئه‌لگۆریتمه‌كان توانای شیكاری پله‌ی گه‌رمیی ئێمه‌و، لێدانی دڵمانی هه‌یه، بتوانن كاردانه‌وه عاتیفییهكانیشمان له كاتی گوتارێكی سیاسی یان دیبه‌یتێكی ته‌له‌فزیۆنی شیكاری بكه‌ن. نرخی پاره‌دان بۆ ئاسایشی ده‌رمان ده‌بێته هۆكاری ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌كان ئیداره‌ی ئه‌م ئهلگۆرێتمه بگۆڕن بۆ شێوازێك زیاتر له‌وه‌ی خۆمان ده‌ناسین، بمانناسن، و له هه‌مانكاتدا ببنه هۆكاری شێواندنی هه‌ست و سۆزه‌كانمان به شێوه‌یه‌كی زۆر ورد كه ته‌كنیه‌كانی شیكاری كه‌مبریج به‌لاوه بنرێن، به‌هامنشێوه له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی دوایی ئه‌مریكا به كار هات. بۆ خۆپارێزی له‌م لادانانه، ئایا به بۆچوونی تۆ خه‌ڵكانێكی سه‌ربه‌خۆ پێویستن، واته به باشی ڕێكخرابن و خاوه‌نی پاڵنه‌ری سیڤیل بن، خه‌ڵكانێك كه بتوانن بڕوایان به میدیاكانی خۆیان و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كانی هه‌بێت. به‌ڵام له سه‌رده‌می زانیاری واته ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه، له‌وێدا كه پێداروه دژوازییه‌كان بێ وه‌ستان له كهڵهكهبووندان، و سیاسییه‌كان بێ به‌هان، ئایا ده‌كرێت بڕوا به میدیاكان بكرێت، ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی باس له بڕوابوون به خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ین؟
هه‌راری: خاڵی گرنگ فێركاری زانستی و دامه‌زراوه سه‌ربه‌خۆكان و به‌هێزه‌كانه وه‌ك زانكۆكان، نه‌خۆشخانه‌كان، رۆژنامه‌كان. ئاشكرایه كه ئێمه له هه‌ناوی قه‌یران دا ناتوانین به شه‌و رۆژێك ئه‌مه دروست بكه‌ین. پێویستی به وه‌به‌رهێنان و كات هه‌یه. به‌ڵام كۆمه‌ڵگایه‌ك كه فێركاری زانستی به‌هێز و دامه‌زاروه‌ی به‌هێز بخاته خزمه‌تی هاوڵاتییه‌كانی، زۆر باشتر له دیكاتۆرییهك په‌تایه‌ك كۆنترۆڵ ده‌كات، و مه‌حكوومه به چاودێرێكردنی خه‌ڵكانێكی كاڵفام. به دڵنیاییه‌وه كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه له زۆربه‌ی وڵاتان سیاسییه پۆپۆلیسته‌كان هه‌وڵی لاوازكردنی متمانه‌ی خه‌ڵكیان بۆ زانست و میدیاكان و ده‌سه‌ڵاتی گشتی داوه. بێ ئه‌م متمانه‌یه، خه‌ڵكی نازانن چیتر چی بكه‌ن. به‌ڵام پێم وانییه كه چاره‌سه‌ره‌كه له نێو رژێمێكی ده‌سه‌ڵاتخواز دابێت. به‌ڵكوو چاره‌سه‌ره‌كه به پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌سته به گه‌ڕان به‌دوای دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌م متمانه‌یه.
دووه‌م پرسی بنه‌ڕه‌تی كه ئێمه ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، له ئاستێكی جیهانی، به بۆچوونی ئێوه بۆ زاڵبوون به سه‌ر ئه‌م قه‌یرانه پێویستیمان به سۆلیداریهتییهكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. وه‌ڵامتان چی ده‌بێت بۆ ئه‌وانه‌ی كه پێیان وایه پانێدێمییهكهی ئێستا به پێچه‌وانه‌وه به‌ره‌نجامی كرانه‌وه‌ی جیهانیبوونه؟ ئایا له راستیدا ده‌بێت ئێمه به‌رده‌وام بین له په‌یوه‌ستبوونمان به چین بۆ نموونه. ئایا ده‌توانین له گه‌ڵ روسیای پۆتین و ئه‌مریكای ترامپ هاوكاری بكه‌ین؟
هه‌راری: چه‌ند ده‌نگێك هه‌یه كه ده‌ڵێن چاره‌سه‌ره‌كه له‌وه‌دایه به دوای دیوێكی «له‌جیهانی كه‌وتن» دا بگه‌ڕێین. به بۆچوونی من ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی گشتی یه. ئه‌وه‌تان بیردێنمه‌وه كه په‌تاكان پێش له به‌جیهانیبوونی ئه‌مڕۆ بوونیان هه‌بووه. جیاوازییه‌كه‌ی ، ئه‌وه‌یه كه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست دا ڤایرۆسه‌كه به خێرایی ئه‌سپێكی باربه‌ر سه‌فه‌ری كردووه. زۆربه‌ی كات شاره بچووكه‌كان و گونده‌كانیان تووش كردووه، به هه‌ر حاڵ به‌ڵاكان وه‌ك تاعوونی ڕه‌ش سه‌لماندوویانه زۆر كوشندهتربوونه تاكوو ئه‌مه ڤایرۆسه‌ی ئه‌مڕۆ. گه‌ر بمانه‌وێ بۆ پارێزگاری له په‌تاكان خۆمان داببڕین، ئه‌وا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست به‌ڵام بۆ چاخی به‌ردین. ئه‌مه دوایین ئیش بوو كه مرۆڤه‌كان تا ئه‌و شوێنه‌ی توانیویانه به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێمه ئێستا ئه‌یزانین خۆیان پاراستووه. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بووه كه رێژه‌یان كه‌م بووه، و به‌ركه‌وتنی نێوانیان زۆر كه‌م بووه. ژاربڕی په‌تاكان نه خۆدابڕانه و نهخۆجیاكردنهوه، به‌ڵكوو زانیاری و هاوكارییه. گه‌وره‌ترین باشی مرۆڤه‌كان له سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه توانای هاوكاریكردنیانه به شێویه‌كی كاریگه‌ر. كرۆناڤایرۆسێك له چین و كرۆناڤایرۆسێك له ئه‌مریكا ناتوانن چه‌ند ڕێڕه‌وێك له سه‌ر شێوازی تووشكردن له نێوان تووشبووه‌كاندا ئاڵووگۆڕ بكه‌ن. به‌ڵام چین ده‌توانێت چه‌ند خاڵێكی باش له سه‌ر ئه‌م ڤایرۆسه و هه‌روه‌ها شێوازی كۆنترۆڵكردنی فێری ئه‌مریكا بكات ، ده‌توانێـت به ناردنی پسپۆر و كه‌ره‌سته یارمه‌تییان بدات، ڤایرۆس به هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت دژ به‌مه بوه‌ستێته‌وه. به‌داخه‌وه، نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانی له ئه‌مڕۆدا به‌و واتایه دێت كه ئێمه ناتوانین سوودی ته‌واو له باشییه‌كانی ئه‌م هاوكارییه وه‌رگرین. سیاسییه‌كان كه متمانه‌ی خه‌ڵكیان بۆ داموودهزگاكان لاواز كردووه، به ئه‌نقسه‌ت بڕوابوون به هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان لاواز كردووه و ئێمه ئه‌مڕۆ به‌هاكه‌ی ده‌ده‌ین. ئایا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك نابێت كه ده‌بێت ببینین سه‌ركرده جیهانییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه تاكوو كاردانه‌وه‌یه‌كی جیهانی هاوبه‌ش له به‌رانبه‌ر ئه‌م قه‌یرانه دووقاته بده‌نه‌وه، واته قه‌یرانی ته‌ندروستی و ئابووری، كه خه‌ریكه جیهان له‌ناو ده‌بات؟ هێشتا ئه‌م شته نه‌كراوه. ئایا ده‌توانین متمانه به تره‌مپ یان پۆتین بكه‌ین؟ نه‌خێر. ئه‌مه هه‌موو كێشه‌كه‌یه. ئێمه له گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده هاتووینه‌ته نێو ئه‌م قه‌یرانه‌وه كه به ئاشكرا له ئاستی گرتنه ئه‌ستۆی ئه‌م ئه‌ركه به‌رز دا نین. ده‌بێت هیواخواز بین كه سه‌ركرده‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌وتی له شوێنێكی تر و له وڵاتانی تر و له نێو ئه‌نجوومه‌نه ناحكوومییه‌كان دا ده‌ركه‌وێت. هیواخوازین كه له نێو وڵاته دیموكراته‌كان دا ده‌نگده‌ران ئه‌م شتانه‌یان له بیر بێت كه ڕوویداوه، و هه‌ست به‌و مه‌ترسییه بكه‌ن كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه ترسیان له كه‌سانی بێگانه هه‌یه نهتوانان له ڕێكخستنی ئه‌و هاوكارییه جیهانییه‌ی كه ئێمه پێویستیمان پێی هه‌یه.
له شێوازه چینییهكهیدا ـ به‌و پێیه‌ی كه دیسپلینی كۆمۆنیستی باشترین ڕێگری دژ به‌م قه‌یرانه دروست كرد، ئایا ده‌كرێت ئه‌م شته له دونیادا وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤێكی لیبراڵیزمی جیهانی ـ یان بۆ شێوازه ناسیۆنالیستییهكهی ــ دابڕاندن به‌كار ببرێت، ئه‌و حیكایه‌ته‌ی كه واده‌رده‌كه‌وێت له‌م قه‌یرانه دا هاتووه‌ته دی ئاشكراكردنی خاڵه لاوازه بنچینه‌ییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كانه، ده‌بێت ئێمه به شێوه‌یه‌كی جه‌معی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شێوازێكی وه‌ها یان شێوازێكی تری ده‌وڵه‌تی به‌هێز؟
هه‌راری: هه‌موو ئه‌م شتانه په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه مه‌به‌ستمان له "ده‌وڵه‌تی به‌هێز" چییه. ئه‌گه‌ر به واتای ده‌وڵه‌تێكی پۆلیسی ناسیۆنالیست دێت، به دڵنییایه‌وه نه‌خێر. ئه‌وه‌ی كه پێویسته سیستمێكی ته‌ندروستی گشتی به‌هێزه، دامه‌زراوه‌ی زانستی به‌هێزه، كۆمه‌ڵگایه‌كی به باش ڕێكخراوه، و سۆلیداریهتییهكی جیهانییه. ئه‌مانه ئه‌و خاڵانه‌ن كه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ زاڵبوون به سه‌ر ئه‌م په‌تایه. ئه‌مه ئه‌و كاته‌یه كه ئه‌وان ئه‌و خه‌ڵكانه له ده‌ست ده‌ده‌ن كه خه‌ون به دیكتاتۆرییه ده‌بینن و ئه‌و مرۆڤانه‌ش كه له كاتی پێویست توانای پاراستنی ئه‌وانیان هه‌بێت.
"مرۆڤ له باتی واقیع له ڕێگای حیكایه‌ته‌كانه‌وه بیر ده‌كاته‌وه": ئه‌مه یه‌كێكه له‌و ئایدیا به‌هێزانه‌ی كه بناغه‌ی كتێبه‌كانته واته ساپیهنهكان و هۆمۆدیۆس. تیرۆریزمی به‌رده‌وام، پاندێمییه كاریگه‌ر و چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان، گه‌رمبوونی كه‌شوهه‌وا: ئایا ئێمه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه وا هه‌ستبكرێت له لایه‌ن سروشته‌وه وێراندهكرێت، شوێنێك كه ئێستا مه‌حاڵبوونی پێشبینی، و شته چاوه‌ڕوانكراوه‌كان وه‌ك تاقه ڕێسا و تاقه شتی پێشبینیكراو ده‌رده‌كه‌وێت. ئایا ده‌توانین چ حیكایه‌تێكی دةستەجهمعی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌شه له‌ناكاوه جیهانییه ههمیشییه درووستبكه‌ین؟
هه‌راری: سه‌ره‌تا، نابێت بڕوامان به‌و شته هه‌بێت كه ئێوه پێی ده‌ڵێن باری له‌ناكاوی جیهانی هه‌میشه‌یی. شتی وا بوونی نییه. بێ گومان مرۆڤایه‌تیی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ڕووبه‌رووی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی وجوودی بووه‌ته‌وه ـ له نێوانیاندا، جه‌نگی ئه‌تۆمی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیكۆلۆژی، گۆڕانكاری ته‌كنه‌لۆژی ـ به‌ڵام هیستریا یارمه‌تی ئه‌وه‌مان نادا به دروستی ئه‌مانه كۆنترۆڵ بكه‌ین. باشترین بناغه بۆ دروستكردنی حیكایه‌تێكی جه‌معی له لایه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنێكی دروستی سه‌ركه‌وتنه‌كانی ڕابرودوومانه ـ ڕێزلێنان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی پێشوو له بواری نه‌خۆشخانه و فێركارییه‌وه، و په‌ره‌سه‌ندنی زانیارییه‌كان پێشكهشمانیان كردووه. پاشان، به هه‌ند وهرگرتێكی ڕاستگۆیانه‌ی ڕێژه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌یه كه ڕووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه و ڕۆڵی ئێمه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی. ئه‌مه نه‌وه‌ی ئێمه‌یه كه نه‌ك له گه‌ڵ كرۆناڤایرۆس به‌ڵكوو ده‌بێت له گه‌ڵ قه‌یرانی ئیكلۆژیش دا رووبه‌ڕووبێته‌وه. نابێت ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه له كۆڵ خۆمان بكه‌ینه‌وه. پاشان ده‌بێت بڕوامان به سۆلیدارێتی جیهانی هه‌بێت. هیچكام له‌م كێشه سه‌ره‌كییانه كه ڕووبه‌ڕووی ئێمه بووه‌ته‌وه له ئه‌مڕۆدا به تاقه وڵاتێك چاره‌سه‌ر نابێت. كێشه جیهانییه‌كان پێویستییان به چاره‌سه‌ره جیهانییه‌كان هه‌یه.
سه‌رچاوه:
magazine le point, N° 2484 - 2 Avril 2020, pp. 54 ـــ 59.