A+    A-
(1,661) جار خوێندراوەتەوە

چاودێری و سزادان؟ بەڵی تکایە!

 

 

 

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. دێرسیم فایەق

 

 

 

 

ژیژەک لەم وتارەیدا دەپەرژێتە سەر ئەو پرسەی ئایا کۆرۆنا وەکو جۆرجۆ ئاگامبێن لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێکرد بەرەو جۆرێک لە کۆمەڵگەی دیسپلین و کۆنترۆل ڕاکێشمان دەکات؟ کە ئیتر پێویست نەکات هیچ شتێکی وا بکەین و ئەو ڕێکارانەی کە دەگیرێنەبەر تەنها ڕێکاری چاودێری و سزادان سەیریان بکەین؟ لێرەوە ژیژەک پێویستیی خستنەڕووی چەمکسازی و خوێندنەوەیەکی وردترانە دەخاتەڕوو. ئەوە دەخاتەڕوو کە ناکرێت واقیعیەتی دۆخەکە لەبەرچاو نەگیڕیت و ڕاستەوڕاست کۆی ڕووداوەکان کورتبکرێتە بۆ جیهانبینیی پارادایمى چاودێری و کۆنترۆڵ و ئەو ئەگەر و ئیمکانانە نادیدە بگرێت کە خودی ڕەوشەکە خولقاندوویەتی، ئەوەی کە چوونەوە ماڵەوە و کەرەنتینە دەکرێت مومکینترین جۆری سۆلیدارێتی و هاوپشتی بێت. هەر ئەوەها مەبەستی خۆی لەوەی کۆمۆنیزم بەچی مانایەک بەکاردەهێنێت دەخاتەڕوو و ئیمکانی و پێویستییەکان بە وەها دنیابینییەک دەخاتە بەرباس. بە سود وەرگرتن لە ئیلیزابێز کولبەر ئەوە دەخاتەڕوو چۆن کاردانەوە دەنوێین کاتێک ڕووبەڕوو و دەستەودامێنی ڕووداوێکی شۆکئاسا و تراومایی دەبینەوە؛ لەسەر پێنج ئاست کاردانەوە دەنوێنین کە ئەوانیش نکۆڵی و تووڕەیی و سەوداکردن و خەمۆکی و پەسەندکردنی کارەساتەکەیە. تا لەکۆتایشدا دەلێت بە جۆرێک لە جۆرەکان پێویستمان بە دووبارە ژیاندنەوەى لیۆ تۆلستۆی و تیۆرییە تاقانەکەیەتی. بە مانایەکى تر, نوسەرى وتارەکە دەیەوێت بڵێت دۆخەکە ئەوە نیە کە کۆنترۆڵ و چاودێرى بەتەنیا درووستبکات بەڵکو درێژکردنەوە درووستبکات مەترسییە چونکە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەستکاریى ئامارەکان و زیندانەکان و مردنەکانى پێشوو دەکەن و حیساباتى دوێنێ و ئەمڕۆ تێکەڵدەکەن- و

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

زۆرێک لە ڕەخنەگرە لیبراڵ و چەپەکان سەرنجی ئەوەیان داوە چۆن پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆتە خزمەت پاساودان و ڕەوایەتیدانەوە بە کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی خەلک بەوەها شێوەیەک کە تا ئێستا لە مێژووی کۆمەڵگەی دیمۆکراتیکی ڕۆژئاوادا بەخەیاڵی کەسدا نەهاتووە. ئایا هەڵپەساردنی تەواوەتيی ئیتالیا خەونە بەتامەزرۆکەی تۆتالیتاریزم نەبوو کە بەدیهات؟ هیچ جێی سەرسوڕمان نیە، چین (بەلای کەمەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان) کە پێشتر بە بەرفراوانی شێوازەکانی کۆنترۆڵی دیجیتاڵیی کۆمەڵگەی تاقیکردۆتەوە، سەلماندی کە بەباشترین شێوە ئامادەیە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ پەتا کارەساتبارەکاندا بکات. ئایا ئەمە، بەلای کەمەوە لە هەندێک لایەنەوە، بە مانای ئەوە دێت کە چین داهاتوومانە؟ ئایا بەرەو دۆخێکی ئاوارتەیی جیهانی دەچین؟ ئایا شیکارییەکانی جۆرجۆ ئاگامبێن کردەییبوونی نوێیان بەدەستهێناوە؟

مایەی سەرسوڕمان نیە، کە خودی جۆرجۆ ئاگامبێن ئەم دەرئەنجامانەی خستەڕوو: بە شێوەیەکی جیاوازی ڕادیکاڵانە لە زۆربەی ڕەخنەگرانی دیکە لەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاردانەوەی هەبوو. باسی لەوە کرد "ئەو ڕێکارە ئیمێرجێنسیە تۆقینەر و نائەقلانی و بەڕەهایی کەرەنتینەکراو کە خراونەتەڕوو لە هەمبەر پەتای گریمانەکراوە ڤایرۆسی کۆرۆنا" کە هەر جۆرێکی دیکەی هەڵامەتە، و پرسیاری ئەوەی کرد: "بۆچی میدیا و دەسەڵات هەموو توانای خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی تۆقینەرانە (panic) درووستبکەن، لێیەوە دۆخی ئاوارتەی راستەقینە بێننە ئاراوە لە ناوچەیەکی تەواوەتیدا، بە سنوردارکردنی توندی هاتوچۆ و هەڵپەساردنی ژیانی ڕۆژانە و  کاروبارەکان؟"

 ئاگامبێن هۆکاری سەرەکیی ئەم "وەڵامە نەگونجاوانە" لە "مەیل و خواستی ڕوولەزیادبووی بەکارهێنانی دۆخی ئاوارتەیی وەکو دنیابینی و پارادایمێکی حکومڕانی ئاساییانە"دا دەبینێتەوە. ئەو ڕێکارانەی خراونەتەگەڕ وا دەکات حکومەت لەڕێی یاساکانی بەڕێوەبردنەوە بەتوندی ئازادییەکانمان سنورداربکات: "زۆر ڕوونە کە ئەم سنووربەندییانە هیچ پەیوەندییەکییان بە هەڕەشەی ئەم نەخۆشییەوە نییە و هاوتا نایەنەوە لەگەڵیدا. ئەو هەڕەشەیەی کە بە قسەی ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی توێژینەوەى نەتەوەیی (NRC) بێت سووکەهەڵامەتێکە و جیاوازییەکی وای لەگەڵ ئەو پەتایەدا نییە وا ساڵانە دەیگرین/.../ دەتوانین بڵێین کاتێ تیرۆریزم شەکەت و ماندوو بوو لەوەی پاساوێک بێت تا دۆخی ئاوارتەى پێ ڕابگەیەنن. داهێنانی ئەم پەتایە پاساوێکی ناوازە بوو بۆ فراوانکرنی ئەم ڕێکارانە بەشێوەیەکى ئاوا بێسنوور." هۆکاری دووەم ئەوەیە "دۆخی ترس، کە لەم ساڵانەی دوایدا ئاگایی تاکەکانی تەنیوەتەوە هەروەها کە وەکو پێویستییەکی ڕاستەقینەی تۆقینى دەستەجەمعی لێکدەدرێتەوە، دیسانەوە پەتاکە پاساوێکی نموونەیی دەخاتە بەردەست."

 

ئاگامبێن باس لە لایەنێکی گرنگی کارکردی کۆنترۆڵی دەوڵەتی دەکات لە کاتی پەتایەکی بەردەوامدا. بەڵام هەندێک پرسیار هەن کە بە وەڵامنەدراوەیی بەجێهێڵراون: بۆچی دەبێت هێزی دەوڵەتی حەزی لە خستنەوەی وەها تۆقینێک بێت، کە بێ‌متمانەیی بەرامبەر بە دەوڵەتی بەدواوە دەبێت ("هیچیان لە دەستنایەت، بەپێی پێویست شتەکان ناکەن..") و هەروەها کە بەرهەمهێنانی بێ بەربەستی سەرمایە بشێوێنێت؟ ئایا هەر بەراستی بەرژەوەندیی سەرمایە و هێزی دەوڵەتی لەوەدایە کە قەیرانی ئابوری بخولقێنێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارێتیان بژێننەوە؟ ئایا نیشانە ڕوونەکان ئەوە نین کە نەک هەر خەڵکی ئاسایی بەڵکو هێزی دەوڵەتیش خۆی لە پانیک و تۆقاندان، بە تەواوەتی ئاگاداری ئەوەن کە ناتوانن دۆخەکە کۆنترۆلبکەن-  ئایا ئەم نیشانانە هەر بە تەنیا تاکتیک و فرتوفێڵێکن؟

 

کاردانەوەکەی ئاگامبێن تووندترین فۆرمی پێگەی بەرفراوانی چەپ بوو لە خوێنەوە بۆ ئەم "تۆقینە گەورەکراوە"دا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە وەک تێكەڵەیەک لە پیادەکردنی دەسەڵاتی کۆنترۆلی کۆمەڵایەتی و توخمە هەڵتۆقیوەکانی ڕەگەزپەرستی(" لۆمەی سرووشت یا چین بکرێت")هاتبووە ئاراوە. سەرەرای ئەوە، وەها لێکدانەوەیەکی کۆمەڵایەتیانە وا ناکات واقیعیەتی هەرەشە نەمێنێت. ئایا ئەمە ناچارماندەکات ئازادییەکانمان کۆتوبەند بکات؟ بەدڵیناییەوە کەرەنتینە و ڕێکارە هاوشێوەکانی ئازادییەکانمان سنورداردەکەن؛ و لێرەدا [جولیان] ئاسانژێکی نوێ پێویستە بۆ ئەوەی خراپبەکارهێنانە ڕێتێچووەکانیان بخاتەڕوو. بەڵام هەروەها هەڕەشە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە  یارمەتی و کۆمەکێکی لە ڕادەبەدەری بەخشییە شێوازی نوێی هاوپشتیی ناوخۆیی و جیهانی و هەروەها بەڕوونی پێویستیی کۆنترۆڵکردنی دەسەلات خۆشی خستەڕوو. خەڵک لەسەر هەقن هێز دەوڵەت بە بەپرسیار ببینن: تۆ هێزت هەیە، ئێستا پیشانمانبدە دەتوانیت چی بکەیت! ئەو ئاڵنگارییەی کە ئەورووپا ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەوەیە بیسەلمێنێت ئەوەی چین کردی دەکرێت بە شێوەیەکی زۆر شەفافانەتر و دیموکراتیانەتر بکرێت:

 

"ئەو ڕێکارانەی چین خستییەڕوو زەحمەتە ئەورووپا و ئەمریکا بەرگەی بگرن، لەوانەیە ببێتەهۆی زیانگەیشتن بە خۆیانەوە. بە ڕاشکاوانە بڵێین، ئەوە هەڵەیەک دەبێت گەر ڕوولەخۆیانە هەموو فۆرمەکانی هەستپێکردن و ڕێکخستنەوە وەک "چاودێری" هەروەها حکومڕانی وەک "کۆنترۆلێ کۆمەڵگە" لێکبدەینەوە. پێویستمان بە وشەسازی جیاواز و وردترە بۆ لێکدانەوە."

 

هەموو شتێک دەوەستێتە سەر ئەم "وشەسازییە وردترە": ئەو ڕێکارانەی کە پەتاکە دەیکاتە پێویستی نابێت یەکسەری کورتبکرێتە بۆ جیهانبینیی پارادایمی چاودێری و کۆنترۆڵ کە بیرمەندی وەک فۆکۆ دەیخاتەڕوو. ئەوەی لەمڕۆدا زیاتر لەو ڕێکارانەی چین (و ئیتالیا و…) گرتوویەتە بەر لێی دەترسم، ئەوەیە کە ئەم ڕێکارانە بەشێوەیەک بگرنەبەر کە نەتوانێت پەتاکە دامرکێنێتەوە و لەهەمانکاتدا دەسەڵاتداران دەستکاریی داتاکان بکەن و بیشارنەوە.

هەردوو ڕاستیی کۆن و چەپی ساختە ڕەتیدەکەنەوە واقیعیەتی تەواوەتیی پەتاکە قبووڵبکەن، هەریەکەیان بە شێوەیەک کاریگەرییەکانی لەڕێی پیادەکردنی کورتکردنەوەیەکی پێکهاتەگەری-کۆمەڵایەتییەوە دادەشۆرن؛ بەواتەیەکی تر، بە بیانووی مانا کۆمەڵایەتییەکانی نکۆڵی لێبکەن. ترەمپ و دەستوپێوەندەکەی بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پەتایە پیلانگێڕییەکە لەلایەن دیموکراتەکان و چینەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بیدۆڕێنێت، لەهەمان کاتدا هەندێک لە چەپەکان نکۆڵی لەو ڕێکارانە دەکەن کە دەوڵەت و دەزگای تەندرووستی خستوونیەتەڕوو لەبەرئەوەی لێوڕێژ بە ترس لە بێگانە و هەروەها لەبەرئەوە پێداگری لە تۆقەکردن و هتد دەکەن. ئەم هەڵووێستە ئەو پارادۆکسە نابینێت: تۆقەنەکردن و خۆبەدوورگرتن کاتێک پێوسیتە فۆرمی ئەمڕۆکەی هاوپشتی و سۆلیدارێتین.

کێ ئەمڕۆ بۆی دەڕەخسێت تۆقە بکات و خەلک لە هەمبێز بگرێت؟ ئیمتیازدارەکان. چیرۆکەکانی دێکامێرۆنی Boccaccio پێکهاتووە لەو چیرۆکانەی لە لایەن گرووپێکی 7 کەسی ژن و سێ کەسی پیاوە دەگێڕێدرێنەوە لە یەکێک لە ڤێللا پەراوێزەکانی دەرەوەی فلۆرێنسیا [ـی ئیتالیا] دەمێننەوە بۆ ئەوەی لەو تاعونە ڕزگاریان ببێت کە شارەکەی گرتۆتەوە. نوخبەکە خۆیان دەکێشنەوە ناو ناوچە دوورەدەستەکان و خۆیان بە گێڕانەوەی چیرۆکی هاوشێوەی ستایلی دێکامیرۆنەوە سەرقاڵ دەکەن. (لەڕادەبەدەر دەوڵەمەندەکان بە فرۆکەی تایبەت جمەیان دێت بەرەو دوورگە بچووکەکانی دوورگەی کاریبی ڕەو بکەن.) ئێمەی خەلکی ئاسایی، کە دەبێت لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا بژین، کەوتووینەتە بەر شاڵاوی دووبارە و لە کۆتانەهاتووی فۆرمولای "هیچ تۆقینێک [پێویست ناکات]" … هەمووی ئەو داتایانەی بەدەستمان دەکەوێت ناتوانن هیچی تر بخنەوە لە تۆقین زیاتر. دۆخەکە لەو سەردەمە دەچێت کاتێک کە گەنج بووم لە یەکێک لە دەوڵەتە کۆمۆنیستییەکاندا: کاتێک دەسەڵاتدارانی حکومەت دڵنیایان دەدایە خەلک کە هیچ هۆکارێک نیە لێی بتۆقن، هەموومان ئەم دڵنیاکردنەوەیامان وەک و نیشانەیەکی ڕوون دەبینی بۆ ئەوەی کە خۆیان تۆقاون.

بەڵام تۆقین ڕیگایەکی گونجاو نیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی راستەقینە ببیتەوە، ئەو کاتە هەڕەشەکە بە جدی وەرناگرین و بە پێچەوانەوە پشتگوێی دەخەن. تەنها بیر  لە گاڵتەجاڕیی کڕینی کلینکس بکەنەوە: وەک بڵێی کلێنکس هەبێت شتێکی گرنگە لەم ناوەڕاستی پەتا کوشندەیەدا… بۆیە، چی کاردانەوەیەک گونجاوە دەبێت لەهەمبەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا؟ دەبێت چی فێربین و چیبکەین بۆ ئەوەی جدیانە ڕووبەڕووی بینەوە؟

کاتێک من ئەوە دەخەمەڕوو کە ڤایرۆسی کۆرۆنا  دەکرێت ژیان بکاتەوە بە بەری کۆمۆنیزم‌دا [بە مانایەکى تایبەت نەک باو و بەسەرچوو]، قسەکەی من، هەر وەکو چاوەڕواندەکرا، کەوتە بەر گاڵتە. هەرچەندە واپێدەچێت کە مامەڵەی توندی دەوڵەتی چین بۆ قەیرانەکە سەرکەوتووبووە - بەلای کەمە باشتر بوو لەوەی ئێستا لە ئیتالیا دەگوزەرێت- لۆژیکە کۆنە ئۆتۆریتخوازە کۆمۆنیستییە دەسەڵاتدارەکە بە هەمان شێوە بەڕوونی سنوردارییەکەی خۆی خستەڕوو. یەکێک لەوانە ترس لەوە بوو لە گەیاندنی هەواڵی خراپ بە کەسانی دەسەڵاتدار (و خەلکیش) ئەنجامەکان بنپێ‌دەخات. لەبەر ئەم هۆکارەبوو ئەوانەی یەکەمجار ڤایرۆسە نوێیەکەیان ڕاگەیاند دەستگیرکران، هەروەها باس لەوە دەکرێت هێشتا ئەمە بەردەوام بێت.

"فشار بۆ ئەوەی چین بگەڕێتەوە سەر کار لەدوای دامرکانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیندووکردنەوەی مەیلە کۆنەکەیە: داتاکان وا ڕێکبخرێتەوە بە شێوەیەک ئەوە پیشانی‌بدات کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت. ئەم دیاردەیە  لە هەرێمی ژیانژانگ، کە ناوچەیەکی پیشەسازیی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتە، لە فۆرمی بەکارهێنانی کارەبادا پەرەی پێدەدرێت. بەپیی قسەی خەلکانی شارەزابەلای کەمەوە سێ شار  بۆ ئامانجیان کارگە ناوخۆییەکان داناوە بۆ ئەوەی وزە بەکاربهێنن، لەبەرئەوەی داتاکان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان ببوژێننەوە. ئەمە بۆتە هۆی هاندانی هەندێک لە بازرگانەکان بۆ ئەوەی ماکینەکانیان هیچ پێبکەن  هەرچەندە کارخانەکانیان هەر بەتالە، ئەمە بەپیی قسەی خەلەکە لۆکالەکە."

 

هەروەها دەتوانین بیخەمڵێنین چی ڕوودەدات کاتێک دەسەڵاتداران سەرنجی ئەم فێڵە دەدەن. بەڕێوبەرە ناوچەییەکان بە تێکدان و سابۆتاژ تۆمەتبار دەکرێن و بە توندی سزا دەدرێن، بۆیە بازنەیەکی بەتاڵی بێ متمانەیی درووستدەبێتەوە… جولیان ئاسانژێکی چینی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو لایەنە شارەوەیە بخاتەڕوو کە چۆن چین مامەلە لەگەڵ ئەم پەتایەدا دەکات. بۆیە، گەر ئەمە مەبەستەکەم نەبێت لە کۆمۆنیزم، ئەبێ چیتر بێت؟ بۆ ئەوەی لێی تێبگەن، پێویستدەکات ڕاگەیەنراوی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی بخوێننەوە. ئەمە دواهەمینیانە:

 

"سەرۆکی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی د.تێدرۆس ئادهانۆم پێنجشەمە ڕایگەیاند کە هەرچەندە دەسەلاتە تەندرووستییە گشتییەکانی جیهان توانایان هەیە بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ببنەوە، ڕیکخراوەکە نیگەرانە لەوەی لە هەندێک لە وڵاتدا ئاستی بەدەمەوەچوونی سیاسی لە ئاستی هەڕەشەکەدا نیە. 'ئەمە ڕاهێاننێک نیە. ئێستا کاتی ئەوە نیە کۆڵبدەین. ئێستا کاتی پاساوهێنانەوە نیە. ئێستا کاتی لابردنی هەموو بەربەستەکانە. زۆرێک لە وڵاتان خۆیان بۆ دەیان ساڵ دەبێت خۆیان بۆ سیناریۆی بەم شیوەیە ئامادەکردووە. ئێستا کاتی ئەوە ئەو پلانانە جێبەجی بکەین،' تێدرۆس هەروەها ڕایگەیاند 'ئەم پەتایە دەتوانرێت لەناوببرێت، بەڵام تەنها لەڕێی هەوڵێکی کۆلێکتیڤ و هەماهەنگ و گشتگیرەوە، کە هەموو ماکینەی و دەزگاکانی دەولەت بگرێتەوە.'"

 

دەکرێت ئەوە زیاد بکرێت، کە ئەم هەوڵە گشتگیرە دەبێت لە ئاستی دامودەزگاکانی یەک دەوڵەتدا نەمێنێتەوە: دەبێت هەموو جووڵانەوە ناوخۆییەکانی خەڵکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و هەروەهاهەماهەنگی و هاریکارییەکی بەهێزی چالاکانی نێودەوڵەتی لەخۆدا کۆبکاتەوە. گەر هەزاران کەس لەبەر کێشەکانی بۆڕی هەناسە خەوێنراون، ئەوا پێوستی بە زۆر زیادکردنی ژمارەی ئامێرەکانی هەناسەدانە و دەوڵەت دەبێت بەو شێوە ڕاستەوخۆیە بە تەنگ بێت کە بە تەنگەوە دێت کاتێک هەزاران چەک پێویست دەبن. هەروەها دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی دیکەشدا هەبێت. زانیاری ئاڵوگۆڕ بکرێت و پلانەکان بە تەواوەتی هەماهەنگ بن هەر وەک و کامپینێکی سەربازی - ئەمە مەبستەکەمە لە و "کۆمۆنیزم"ـەی ئەمڕۆ پێویستە؛ یاخود وەک ئەوەی ول هتۆن ئاماژەی پێدەکات: "ئێستا، شێوازێک لە جیهانگیری ڕێکنەخراو [لەلایەن دەوڵەتەوە] و بازاری ئازاد بە ئاراستەداری و مەیلدارییەکەیەوە بەرەو قەیران بەدڵنیاییەوە لە سەرە مەرگدایە. بەڵام شێوازێکی تر کە نێوسەربەخۆیی و پێشینەی  کردەی کۆلێکتیڤی بە بنەماگرتووی بەڵگە وا خەریکە لەدایکدەبێت." ئەوەی ئێستا باڵادەستە ئەو هەڵوێستەیەیە کە دەڵێت" هەرکەسێک بۆ خۆی": قەدەغەی نیشتمانی هەیە لەسەر هەناردەکردنی بەرهەمی سەرەکی وەک پێداویستییە پزیشکییەکان لەگەڵ وڵاتانەی کە کورتیانهێناوە لە شیکارییەکانیاندا بۆ قەیرانەکە و لەناو کەمهێنانی ناوخۆیی و هەوڵی خێرا و هەڕەمەکی و سەرەتاییانە بۆ لە خۆگرتنیدان".

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر تەنها ئاماژە بۆ سنورداریی بازاری جیهانی ناکات بەتەنها، بەڵکو هەروەها ئاماژەش بۆ سنوردارێتییەکى کوشندەتری پۆپۆلیزمی نەتەوەیەش دەکات، کە پێداگری لەسەر سەروەرێتیی دەوڵەت دەکات. ئیتر "ئەمریکا (یا هەر جێیەکەیتر) لە پیشینەیە" تەواو بوو! چونکە ئەمریکا تەنها لەڕێی هەماهەنگی و هاوکاری جیهانییەوە دەکرێت ڕزگارببێت. من لێرەدا یۆتۆپی نیم؛ من بانگەشەی هاوپشتی و سۆلیدارێتییەکی ئایدیالیزەکراو ناکەم لە نێوان خەڵكی دا. بە پێچەوانەوە، قەیرانە هەنووکەییەکە بە ڕوونی پێشانی دەدات کە چۆن هاوپشتی و هەماهەنگیی نێوان لە بەرژەوەندی مانەوەی هەمووان و هەریەکەماندایە، و چۆن تاکە شتی خۆپەرستانەی ئەقلانییە کە بیکەین. هەروەها ئەوە تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە: چین مانگی پێشوو ڕووبەڕووی ئەنفلۆزایەکی گەورەی بەراز بوویەوە، و ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی ئەگەری شەپۆلێکی کولەدایە. هەروەها، هەروەک ئۆین جۆنس سەرنجیدا، قەیرانی کەشوهەوا زۆر خەڵکی زیاتر لە جیهاندا دەکوژێت وەک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام هیچ تۆقینێک نیە لەوبارەیەوە…

هەندێک کەس، لە پێگەیەکی ڤیتالیتى و مانەوەگەرایى(vitalist)ـى سەگباوەڕانەوە، سەردەکێشن بۆ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو نەخۆشییەکی سوودمەند ببینن، کە دەبێتەهۆی ئەوەی مرۆڤایەتی لە پیر و پەککەوتە و نەخۆشەکان نەجاتبدات، هەر وەکو بژارکردنی گژوگیا، بۆیە یارمەتیی تەندرووستیی جیهانی دەدات. ئەو تێڕوانینە فراوانە کۆمۆنیستییەی کە من بانگەشەی بۆ دەکەم تاکە ڕێگا چارەیە بۆ ئەوەی ئەم پێگە سەرەتاییە مانەوەگەراییە تێپەڕێنین. نیشانەکانی سنوردارکردنی هاوپشتی بێ‌مەرج پێشوەختە لە مشتومڕە بەردەوامەکاندا بەرجەستەبووە، وەکو لەم سەرنجەدا لەسەر ڕۆڵی "سێ پیاوە داناکە" تێبینی دەکەین گەر هاتوو پەتاکە لە بەریتانیادا زۆر کارەساتبارتر بوو : " نەخۆشانی سیستەمی تەندرووستی نیشتمانی (NHS) دەکرێت لە چارەسەر بێ بەش بکرێن لە کاتی بڵاوبوونەوەی زۆر تووندی ڤایرۆسەکەدا لە بەریتانیا گەر هاتوو یەکەکانی چاودێریی ورد بەرگەی دۆخەکەیان نەگرت، ئەمە ئاگادارکردنەوەی دکتۆرێک بوو، ئەوا لەژێر سەرپەرشتیی بەناو پرۆتۆکۆڵی 'سێ پیاوە داناکە'دا، سێ دکتۆری ڕاوێژکاری پێشکەوتوو لە هەر نەخۆشخانەیەکدا ناچار  بڕیار لەسەر دابەشکردنەوەی چاودێریکردنەکە بدەن کە خۆی لە ئامێری هەناسەدان و قەرەوێڵەکاندا دەبینێتەوە، گەر هاتوو نەخۆشخانەکان پڕبوون لە نەخۆش[بۆیان هەیە بڕیاری لەسەر کۆتاییهێنان لسەر ژیانی نەخۆشەکان بدەن]." 'سێ پیاوە داناکە' پشت بەچی پۆلێنبەندییەک دەبەستن؟ بەقوربانیکردنی لاوازترین و بەتەمەنترینەکان؟ ئەی ئایا ئەم دۆخە نابێتە هۆی هێنانە ئارای گەندەڵییەکی زەبەلاح؟ ئایا وەها پرۆسەیەک دەرخەری ئەوە نابن کە ئێمە ئامادە دەبین لە جێبەجێکردنی دڕندانەترین لۆژیکی مانەوەی گونجاوترینەکان؟ بۆیە دووبارە، دواهەمین بژاردە یا ئەمە دەبێت یا جۆریک لە کۆمۆنیزمی دووبارە داهێنراو.

بەڵام شتەکان زۆر لەوە قووڵترن. زۆر بەوە بێزار دەبم کاتێک میدیاکانمان داخستن یا هەڵوەشانەوەی بۆنەیەک ڕادەگەیەنن؛ وەک یاسایەک سنوربەندییەکی چەسپاو و کاتیانە زیاد دەکەن: فۆرمولی "قوتابخانەکان تا چوارى نیسان دادەخرێن". چاوەڕوانییە گەورەکە ئەوەیە کە لە دوای ترۆپکی [ڤایرۆسەکە] کە دەبێت زوو بگات، شتەکان دەگەڕێنەوەی دۆخی ئاسایی. لەم تێگەیشتنەوە، پێشتر ئاگادارکرامەوە کە سیمپۆزیۆمێکی زانکۆ دواخراوە بۆ ئەیلول… خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە، گەر تەنانەت ژیانیش بگەڕێتەوە بۆ شێوە نۆرمالەکەی، بەهەمان شێوەی پێش پەتاکەی لێ نایەتەوە: ئەو شتانەی بەشێک بوون لە ژیانی ڕۆژانەمان هەروا بەشێک نابن لێمان؛ دەبێت فێربین ژیانێکی زۆر ناهەموارتر و ناسکتر و لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامیی حازرەوە بژین.

لەبەر ئەم هۆکارە، دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین ئەم پەتای ڤایرۆسە کاریگەری بخاتە سەر کارلێکە سەرەتاییەکانمان لەگەڵ کەسانی دیکە و شتەکان و  هەموو لەشی خۆماندا: خۆت بە دوور بگرە لە شتانەی کە (بە نادیاری) "پیس"ـن؛ مەچۆرە تەوالێتی گشتیەوە یا سەر کورسی شوێنە گشتییەکان دامەنیشە؛ دوورکەوەرەوە لە باوەشکردن و تۆقەکردن لەگەڵ کەسانی تر… تەنانەت وریابە چۆن کۆنترۆڵی جەستەکەی خۆت و دەستبردنەکانت دەکەیت: دەست مەدە لە لووتت یا چاوت مەسرە - بە کورتی، گەمە لەگەڵ خۆتدا مەکە. لەبەرئەوە، ئەوە تەنها دەوڵەت و دەزگاکانی تر نیە کە کۆنترۆڵمان دەکەن؛ دەبێت فێربین چۆن کۆنترۆڵ و دیسپلینی خۆمان بکەین! لەوانەیە تەنها واقیعی مەجازی پارێزراو بێت؛ هاوتوچۆی ئازادانە تەنها بۆ ئەوانە حجزکراوە کە زۆر دەوڵەمەندن و لە دوورگەکاندان.

 

بەڵام تەنانەت لێرەدا و لە ئاستی واقیعی مەجازی و ئینتەرنێتدا، دەبێت ئەوە بیری خۆمان بێنینەوە کە لە دەیەکانی ڕابردوودا دەستەواژەی "ڤایرۆس" و "ڤایرۆسی" بەزۆری بۆ دەسنیشانکردنی ڤایرۆسی دیجیتاڵ بەکاردەهاتن کە کە فەزای ئینتەرنێتیمانیان توووشدەکرد هەروەها کە ئاگامان لێیان نەبوو بەلای کەمە تا ئەو کاتە هێزە تێکدەرەکەیان (جا چی تێکدانی داتاکانمان بوایە یا هارد-درایڤەکە) دەردەکەوت. ئەوەی ئێستا دەبینین گەڕانەوەی قەبە و ئاشکرایە بۆ واتا حەرفییەکەی دەستەەواژەکە: پەتای ڤایرۆسی دەست لەناو دەست لە هەردوو ڕەهەندەکەدا ئیش دەکات، ڕەهەندی واقیعی و مەجازی.

لەبەر ئەوە خەبێت هەڵوێستمان بەرامبەر ژیان و بوونمان وەک بوونێکی زیندوو لە نێو فۆرمەکانی دیکەی ژیاندا بگۆڕێن. بە واتایەکی دیکە، گەر تێگەیشتنمان بۆ "فەلسەفە" وەکو  ناونانی دنیابینییە بنچینەییەکەمان بێت، ئەو دەبێت شۆرشێکی فەلسەفیی ڕاستەقینە ئەزموون بکەین.  لەوانەیە بتوانی لە Elisabeth Kübler-Rossـوە شتێک لەبارەی کاردانەوەکانمان بەرامبەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا فێربین، کە لە کتێبی دەربارەی مەرگ و مرددا خشتەی بەناوبانگی  پێنج قۆناخی چۆنیەتیی کاردانەوەمان دەخاتەڕوو کاتێک دەزانین دەردێکی بێدەرمانمان هەیە: نکۆڵی (کاتێک هەروا بە سادەیی ڕاستییەکە ڕەتبکەینەوە: "ناکرێت ئەمە ڕووبدات، بەسەر مندا نایەت")؛ تووڕەیی (دەتەقێتەوە کاتێک چیتر ناتوانین نکۆڵی لە ڕاستییەکە بکەین: "چۆن ئەبێت ئەمەم بەسەردا بێت")؛ سەوداکردن (هیوای ئەوەی بە جۆرێک ڕاستیە دوابخرێت یا کەریگەری کەمبکرێتەوە: "تەنها دەخوازم منداڵەکانم ببینم خوێندن تەواو بکەن")؛ خەمۆکی (لێکهەڵوەشانەوەی ئابووری لیبیدۆیی: "من هەر دەمرم، بۆچی خۆم بە هیچ شتێکەوە سەرقاڵکەم؟")؛ پەسەنکردن (ناتوانم بەرەنگاری ببمەوە، ڕەنگە خۆمی بۆ حازربکەم). دواتر Kübler-Ross ئەم قۆناغانەی بەسەر هەر لەدەستدانێکی تاکەکەسی کارەساتباردا جێبەجێکرد (بێ‌کاری، مەردنی کەسێکی خۆشەویست، جیابوونەوە، و ئاڵوودەبوون) هەروەها جەختی لەوە دەکردەوە هەروا بە ڕەهایی ئەم ڕیزبەندییە بەدوای یەکدا نایەن و مەرج نیە هەموو قۆناغەکان لە هەموو نەخۆشەکاندا دەرکەوێت.

دەکرێت هەمان ئەم پێنج قۆناخە لەهەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کۆمەڵگەدا لەگەڵ هەندێک دابڕانی تراوماییدا پێی پییببرێت. با بۆ نموونە هەڕەشەی کارەساتی ژینگەیی وەربگرین: یەکەمجار نکۆڵی لێدەکەین (ئەمە تەنها پارانۆیایەکە، ئەوەی ڕوودەدات هەڵبەز و دابەزی هەمیشەییە لە بیچمی کەشوهەوادا)؛ دواتر تووڕەیی دێت (لە دامەزراوە زەبەلاحەکان کە ژینگەکەمان پیس دەکەن، و حکومتیش مەترسییەکانی نادیدەکردووە) دواتر سەوداکردن دێت (گەر پاشەڕۆکانمان ریسایکل بکەین، هەندێک کاتمان دەستدەکەوێت؛ دواتریش هەندێک لایەنی باشیشی هەیە: دەتوانین لە گرینلاندا سەوزە بچێنین؛ کەشتییەکان لەڕێگەی باکورەوە زۆر بە خێراییتر لە چینەوە دەگەنە ئەمریکا؛ خاکی بەپیتی نوێ لە باوکوری سیبریا فەراهەم دەبێت بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکی پێرماوە…)؛ خەمۆکی (زۆر درەنگە، خەیاڵ‌پڵاو بووین)؛ و لە کۆتاییدا، پەسەندکردنی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەیەکی جدیدا دەکەین و دەبێت شێوازی ژیانمان بە تەواوەتی بگۆڕین!

هەرمان‌شتیش بەسەر هەڕەشەی کۆنترۆلکردنی دیجیتاڵی سەر ژیانماندا تەتبیق دەکرێت: یەکەمجار، هەوڵدەدەین نکۆڵی لێبکەین (ئەمە تەنها قەبەکردنەوەیەکەم پارانۆیایەکی چەپە، هیچ ئاژانسێک ناتوانێت چالاکیەکانی ژیانمان کۆنترۆڵ بکات…)، دواتر هەڵچوون لە تووڕەیدا (لەو کۆمپانیا و دەزگا نهێنیانەی دەوڵەت لە خۆمان زیاتر خۆمان دەناسن و ئەم زانیارییە بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی جڵەوگیرمان بکەن)، دواتر سەوداکردن دێت (دەسەلاتدارن مافی ئەوەیان هەیە بەدوای تیرۆستەکاندا بگەڕێن، بەڵام تایبەتمنەدییەکانی ئێمە کۆتوبەند نەکەن…) خەمۆکی (درەنگ بووە، تایبەتمەندییەکانمان لەدەستچووە، سەردەمی ئازادی تاکە کەسی تەواو بوو) و لە کۆتایدا، پەسەندکردنی: کۆنترۆلی دیجیتاڵی هەرەشە بۆسەر ژیانمان؛ دەبێت ڕای گشتی  لە هەموو ڕەهەندەکانی ئاگادار بکەینەوە و تەڤلی خەبات ببین لە دژی!

لە تەنانەت لە پانتای سیاسەتیشدا، هەمان شت ڕاست دەردەچێت بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی ترەمپەوە تووشی تراومابوون: یەکەمجار، نکۆڵی (ترەمپ تەنها خۆی دەنوێنێت، هیچ شتێک ناگۆرێت کاتێک دەسەڵات بگرێتە دەست)، دواتر تووڕەیی (لەو هێزە ڕەشانەی کە توانایی ئەوەیان دایە هەڵبژێردرێت؛ لەو پۆپۆلیستانەی کە پشتگیری دەکەن و هەڕەشە دەخەنە سەر جەوهرە ئەخلاقییەکەمان…)؛ سەوداکردن (لەسەر ڕێچکەکەین بەرەو فاشیزم، دیموکراسی لە ئەمریکادا شکستی هێنا)؛ و پەسەندکردنی: ڕژێمێکی سیاسی نوێ لە ئەمریکادا هەیە، ڕۆژە چاکە کۆنەکانی دیموکراسی ئەمریکی رۆیشت، با بەهێمنی ڕووبەڕووی مەترسییەکە بینەوە و پلان بۆ ئەوە دابنێین بەسەر پۆپۆلیسمی ترەمپدا سەرکەوین…

 

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، دانیشتوانی شارێکی تووشبوو بەهەمان‌شێوە کاردانەوەیان دەنواند بەرامبەر نیشانەکانی تاعوون: یەکەجار نکۆلێ دوای تووڕەی (لەو شێوە ژیانە گوناهبارانەیان کە لەسەری سزا دەدرێن، یاخود تەنانەت لەو خودا دڵڕەقەی کە هێشتوویەتی ڕووبدات)، دواتر سەوداکردن (زۆریش خراپ نیە، با لەوانە دوورکەوینەوە کە نەخۆشن...)؛ دواتر خەمۆکی (ژیانمان کۆتای پێهات...)؛ دواتر، کە جێی سەرنجە. ئۆرجی (چونکە ژیانمان کۆتای هات، با هەرچی چێژە مومکینەکانی کە ماوە ببینین- خواردنەوە، سێکس... ) و لەکۆتایدا، پەسەندکردن: ئا ئەوەتا لێرەداین، با تا دەکرێت وا ڕەفتار بکەین وەک بڵیی ژیان ئاسایی بەردەوامە…

 

ئایا ئەمە ئەو شێوەی مامەڵەکردنەمان نەبوو لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا کاتێک لە کۆتاییەکانی 2019دا تەقییەوە. یەکەمجار، نکۆڵیکردن (هیچ شتێک نیە بە جدی بگیرێت، هەندێک کەسی نابەرپرسیار تەنها دەمانتۆقێن)؛ دواتر، تووڕەیی (عادەتەن لەشێوەی ڕەگەزپەرستی یا فۆرمی دژە-دەوڵەتی دایە: چینییە پیسەکان تاوانبارن، دەوڵەتەکەمان بەپێی پێویست نیە…)؛ دواتر سەوداکردن دێت (باشە، هەندێک قوربانی هەن، بەڵام ئەمە بەقەدەر سارس مەترسیدار نیە، دەتوانین زیانەکان یسنوردار بکەین…)؛ گەر ئەمەش نەیخوارد، خەمۆکی سەرهەڵدەدات (با گاڵتە بە خۆمان نەکەین، هەموومان تیاچووین). بەڵام ئەی لێرەدا پەسەندکردنەکەی چی دەبێت؟ ئەوە راستییەکی سەیرە کە پەتاکە خاسیەتی هاوبەشی هەیە لەگەڵ دواهەمین ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی (لەفەرانسا و هۆنکۆنگ…)دا: ناتەقێنەوە و داوتر دابمرکێنەوە، بەڵکو دەمێتنەوە و بەرگە دەگرن، کە دەبنە هۆی هێنانی ترس و ناسکێتی هەمیشە بۆ ژیانمان. بەڵام ئەم پەسەندکردنە دەکرێت دوو ئاڕاستە بگرێت. دەکرێت تەنیا بە مانای دووبارە-نۆرماڵبوونەوەی نەخۆشییەکە بێت:ئۆکەی، خەڵک دەمرن، بەڵام ژیان بەردەوامە، لەوانەش تەنانەت هەندێ لایەن و شوێنەواریی ئەرێنی هەبێت… یاخود پەسەندکردن بەو ئاڕاستەی کە دەتوانێت (یا دەبێت) بەبێ ترس و وەهمەوە گوڕبدەینە بەر خۆمان و بجووڵێن و لە هاوپشتییەکی کۆلێکتیڤ و دەستەجەمعی‌دا ئاکت بنوێنین.

ئەوەی دەبێت پەسەندی بکەین و لەگەڵیدا ئاشتبینەوە ئەو بنە-توێژەی ژیانە، کە نامردووە و بێتامانە دووبارەبووەیە و ژیانی پێش-سێکسوالی ڤایرۆسەکانە، کە هەمیشە لێرەدا بووە و هەمیشە هەر وەک و سێبەرێکی تاریک لێرە دەبێت؛ و هەڕەشە دەخاتە سەر خودی مانەوەمان؛ و لەو کاتانەدا دەتەقیتەوە کە هیچ پێشبینی ناکەین.  هەروەها لە ئاستێکی گشتیتردا، پەتای ڤایرۆسی بیرخەرەوەی دوا هەڵکەوتەیی(contingency) و بێمانایی ژیانمانە: گرنگ نیە ئێمەی مرۆڤایەتی هەرچەندێک تەونە ڕۆحیەکە مەزن دەکەین، هەڵکەوتەییەکی سرووشتی گەمژەی وەک ڤایرۆسێک یا هەسارەیەک دەواتنێت کۆتای بە هەمووی بێنێت… هەروەها گەر باسی ئەو وانە ژینگەیەش نەکەین کە ئێمەی مرۆڤایەتی نائاگایەنە دەکرێت بەشدار بین لەم کۆتاییەدا.

بۆ ئەوە مەبەستەکە ڕوونتر بکەیەنەوە، با من بێ‌ئابڕوویانە پێناسەیەکی بەربڵاو ئیقتیباس بکەم: ڤیرۆسەکان "هەر یەک لە جۆرە جیاوازەکانی هۆکاری نەخۆشین، کە زۆر کات زۆر لەژێر مایکرۆسکۆپیشدا نابینرێن  و لە ترشە ناوکێک و DNAیەک یاخود RNAیەک پێکهاتوون، لە قاوخێکی پرۆتینیدا: ئاژەڵ و ڕووەک ون باکتریا تووشدەکەن و تەنها لە خانەی زیندوودا زیاد دەکەن: ڤایرۆسەکان وەکو بوونێکی نازیندووی یەکەیەکی کیمییاین یا هەندێ جار وەک خانەیەکی زیندوو سەیر دەکرێن." ئەم هەڵبەز و دابەزە لە نێوان ژیان و مردندا زۆر گرنگە: ڤایرۆس لە مانا عادەتییەکەی وشەکەدا نەمردوو و نە زیندووشە. ئەوان مردووی زیندوون: ڤایرۆس بەهۆی پاڵنەرەکەیەوە بۆ زیادبوون و زۆربوون زیندووە، بەڵام جۆرێک لە ژیانی ئاستی-سفر، کاریکاتێریکی بایۆلۆژی ژیان لە ئاستە زۆر گەمژانەکەی زۆربوون و وەچەخستنەوەدا وەک لەوەی زۆر پەیوەندی بە پاڵنەری-مەرگەوە هەبێت. سەرەڕای ئەوە، ڤایرۆسەکان فۆرمێکی سەرەتایی ژیان نین کە فۆرمە ئاڵۆزەکان لێیەوە گەشەیان کردبێت. بە تەواوەتی مشەخۆرانەن: زۆربوونەکەیان لەڕێی تووشکردنی زیندەوەرەی گەشەسەندووترەوەیە (کاتێک ڤایرۆسێک ئێمە تووشدەکات، ئەوا مرۆڤەکان تەنها وەک ماکینەیەکی کۆپیکردن دەبن بۆی). ئەوە لە ئەم بەیەکداچوونەی نێوان دژەکان دایە - سەرەتایی و مشەخۆری - کە نهێنی ڤایرۆسەکە جێدەگرێت: ئەو حالەتانەن کە شێلینگ پێی دەوتن "der nie aufhebbare Rest," پاشماوەیەکی نزمترین فۆرمی ژیان کە لە دەرئەنجامی خراپ-کارکردنی میکانیزمێکی باڵاتری زۆربووونەوە دێنەگۆڕێ و بەردەوام دەبێت لەوەی وەک تارماییەک بەسەریاندا بێت و بچێت (تووشیان بکات)؛ پاشماوەیەک کە هەرگیز ناتوانرێت هەمدیسان وەکو چرکەساتێکی ملکەچ بۆ ئاستێکی باڵاتری ژیان یەکانگیر و ناواخن بکرێتەوە.

لێرەدا بەر  ئەوە دەکەوین کە هیگڵ پێى دەوت "حکومدانە تەئەمولییەکان[1]" داسەپاندنێکی هاوشوناسییانەی نێوان بەرزترین و نزمترین . کە باشترین/ناسراوترین نموونەی هیگڵ بۆ ئەمە لە شیکارییەکانیدایە لەبارەى کەلەسەرناسییوە (phrenology) لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا کە دەڵێت "ڕۆح ئێسقانە"؛ و نموونەکەی ئێمەش دەبێت بە "ڕۆح ڤایرۆسە". یا ڕۆحی مرۆییش جۆرە مشەخۆرێک نیە کە ئاژەڵی مرۆڤی داگیرکردووە و بۆ خۆ-زیادکردنەوەی خۆی دەیچەوسێنێتەوە و هەندێک جاریش هەڕەشەی تێکدانی لێدەکات؟ هەروەها، تا ئەو کاتەی ناوەندی ڕۆح زمان بێت، نابێت ئەوەمان بیربچێت، زمان لە سەرەتایترین ئاستی خۆیدا شتێکی میکانیکی و حسابکردنی هەندێک یاسایە کە دەبێت فێریبین و جێبەجێی بکەین.

ڕیچارد داوکینز ڕایدەگەیەنێت کە عادەت و خووەکان [کە نا-بۆماوەیین و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە] (memes) "ڤایرۆسەکانی زەین"ـن، ئەو بوونە مشەخۆرانەن کە زەینی مرۆڤ "داگیر" دەکەن و بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان زیاد بکەن. ئەم ئایدیایە خاوەنە ڕەسەنەکەی هیچ کەسێک نیە لە لیۆ تۆلستۆی زیاتر. تۆلستۆی عادەتەن وەکو نوسەرێکی کەمتر جێ سەرج دەبینرێت بە بەراورد بە دیستۆڤسکی - ڕیالیستێکی بێهیوای بەسەرچوو کە لە مۆدێرنەدا هێچ جێگایەکی بۆ شک نابرێت، لەبەرامبەر ناسۆرییە بوونگەراییەکەی دیستۆڤسکی‌دا. لەوانەیە ئیتر کاتی ئەوەبێت کە بەتەواوەتی تۆلستۆی و تیۆرییە تاقانەکەی دەربارەی هونەر و مرۆڤایەتی بە گشتی زیندووبکەینەوە، کە دەتوانین دەنگ و  سەداکەی لە تێگەیشتنی داوکینزدا بۆ عادەت و خووەکان ببینین. "هەر کەسێک هۆمینۆید (hominid)ـە بە مێشکێکی تووشبووە، کە خانەخوێی ملیۆنان هاوژیانی (symbionts) کۆمەڵایەتییە و سەرەکیترین فەراهەمکەری ئەمانەش ئەو سیستەمی هاوژیانییە کە ناوی زمانە" -  ئایا ئەم پەرەگرافەی دانیاڵ دینێت تەواو تۆڵستۆیی نیە؟ سەرەتاییترین کاتیگۆری و پۆلێنبەندی ئەنترۆپۆلۆژیا و مرۆڤناسی تۆڵستۆی تووشبوون/دەردە (infection): سوبێکتی مرۆیی ناوەندێکی ناچالاکی خاڵییە کە شوێنەوار-بار[مەحموول]ـی توخمە کۆمەڵایەتییەکان تووشی (infect) دەکەن، وەک باسیللییە تەشەنەکەرەکان[جۆرە بەکتریایەکە]، لە تاکێکەوە دەگوازرێنەوە بۆ تاکێکی تر.

 

لێرەدا تۆڵستۆی تا ئەوپەڕەکەی دەڕوات و  درێژی دەکاتەوە: لەبەرامبەر ئەم بڵاوبوونەوەیەی دەرد/تووشبوونە سۆزدارانەیەدا دژایەتیی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆییەکی ڕۆحی ناکات؛ ئەو نوسخەیەکی قارەمانەی پەروەردەکردنی تاکەکان بۆ ئەوەی ببن بە سوبێکتی ئەخلاقی سەربەخۆی پێشگەیشتوو، لەڕێی ڕزگاربوونیانەوە لە باسیللای[شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکان]، ناخاتەڕوو. تاکە خەباتێک خەباتی نێوان دەردی باش و خراپە: مەسیحییەت لەخۆی‌دا دەردێکە، گەر - بە تۆڵستۆی بێت - دەردێکی باشە.

 

لەوانەیە، ئەمە خەمناکترین شت بێت کە بتوانین لە پەتا بەردەوامە ڤایرۆسییەوە فێری بین: کاتێک سرووشت لەڕێی ڤایرۆسەکانەوە هێرشمان دەکاتەسەر، ئەوا بەشێوەیەک پەیامەکەی خۆمان دەگەڕێنێتەوە بۆ خۆمان: ئەوەی تۆ بەرامبەر من کردت، ئێستا من بەرامبەر تۆ دەیکەم.

 

 

 

 

 

 

 


[1] Speculative judgement

 

سەرچاوە:

 Monitor and Punish? Yes, Please! - The Philosophical Salon

15.3.2020