A+    A-
(1,411) جار خوێندراوەتەوە

یوڤاڵ نوح هەراری :

جیهان پاش ڤایرۆسی کۆرۆنا

 

 

 

 

و. ڕێباز ڕێبوار

 

 

 

 

ئەم گەردەلولە بەردەوام نابێت، بەڵام ئەو بژاردانەی ئێستا دەیگرینەبەر بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ژیانی ساڵانی داهاتوومان دەبێت.

مرۆڤایەتی لەم ساتەدا ڕووبەڕووى قەیرانێکی جیهانی بووەتەوە، و ڕەنگە گەورەترین قەیرانی ئەم نەوەیەی مرۆڤایەتیمان بێت، سەرجەم ئەو بڕیارانەی کە حکومەتەکان و تاکەکان دەریدەکەن لەم هەفتانەی داهاتوودا زۆرینەیان هەڵدەستن بە دیاریکردنی شێوەی جیهان بۆ ساڵانی داهاتوومان. ئەم بڕیارانە تەنها شێوەی سیستمی تەندرووستییمان دیاری ناکات، بەڵکو شێوەی سیستمی ئابورییمان، سیاسەتمان، ڕۆشنبیریمان دیاریدەکات. بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی خێرا و یەکلاکەرەوە ڕەفتاربکەین. پێویستە لەسەرمان لەهەمان ئەم ساتەدا ڕەچاوی کاریگەریی دوورمەودای ڕەفتار و بڕیارەکانمان بکەین. کاتێك جێگرەوەکان هەڵدەبژێرین، پێویستە بپرسین نەك تەنها لەبارەی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە هەنوکەیەوە بەڵکو لەبارەی شێوەی ئەو جیهانەی کە دەمانەوێت تیا بین. پاش کۆتاییهاتنی ئەم گەردەلولە، بەڵێ ئەم گەردەلولە لا دەبرێت، مرۆڤایەتی ڕزگاری دەبێت، زۆرینەشمان بە زیندوویی دەمێنینەوە، بەڵام لە جیهانێکی جیاوازتردا دەژین.

ژمارەیەك لەو بڕیار و ڕێکارە لەناکاو و کاتییانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لە داهاتوودا دەبن بڕیار و ڕێکاری هەمیشەیی له ژیانماندا، ئەمە سرووشتی باردوخە لەناکاوەکانە، کە میکانیزم و کردارە مێژووییەکان خێراتر دەکات، ئەو بڕیارانەی لەم چەن ڕۆژەدا بەو ئاساییە و سادەیە دراون چەندین ساڵ ڕاوێژی پێویستە، وەك دەبینین لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا ئەو بڕیارە دراون، مەترسییەکان دەبنەهۆی فڕێدان و دوورخستنەوەی ئامێرە کۆن و کەم تواناکان و تەنانەت لە هەندێک شوێن بۆشایی جێبەجێکردن درووستدەکات، لەم ساتەدا هەموو وڵاتان لە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دووردەکەونەوە لە سنورێکی فروانتردا، چی ڕوودەدات کاتێك هەموان لەماڵەوە دەمێننەوە و لە دوورەوە پەیوەندی بە یەکترەوە دەکەن؟ چی ڕوودەدات کاتێك سەرجەم خوێندنگە و زانکۆکان دەگوازرێنەوە بۆ شێوەی خوێندنی ژمارەی(دیجیتاڵ)واتە ئۆنلاین؟ لە کاتە ئاساییەکاندا، حکومەتەکان و دەزگا دارایی و ناوەندەکانی خوێندن ڕازی نابن بەم بارودۆخە، بەڵام ئەمە کاتی ئاسایی نیە و لەناکاوە. لەم ساتە زۆردارەدا ئێمە ڕووبەڕووین لەگەڵ دوو هەڵبژاردەی گرنگ و (ئالێنگار):

 

یەکەم: هەڵبژاردن لەنێوان چاودێرییەکی (تۆتالیتاریانە) و گەرەنتیی مافی و پێدانی هێز و توانا بە هاوڵاتیان.

دووەم: هەڵبژاردن لەنێوان جیابوونەوە لە سیستمی نێودەوڵەتی و پێکەوەیی و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی.

 

 چاودێری لە ژێر پێستەوە

لەسەر سەرجەم دانیشتوان پێویستە گوێڕایەڵی هەندێك یاسا بن، لە پێناو وەستاندنی ئەم پەتایە، لێرەدا دوو ڕێگە هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەمە. ڕێگەی یەکەم نزیکبوونەوەی حکومەت و هاوڵاتیانە، ڕێگەی دووەم سزادانی ئەو کەسانەیە کە بەم بنەمایەوە پابەند نابن و سەرپێچی دەکەن، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەتوانرێت بەدرێژایی کات چاودێریی هەموان بکرێت بە پشتبەستن بە تواناکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، پێش پەنجا ساڵ ئێڵ کەی جی پی نەیدەتوانی چاودێریی 240 ملیۆن هاوڵاتیی ڕووسی بکات لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕۆژدا، تەنانەت نەشیاندەتوانی خەون بەوە ببینن کە چارەسەری ئەو هەمووە زانیارییە بکەن کە هەموان پێ هەڵدەستان و ئاڵوگۆڕیاندەکرد، ئێڵ کەی جی پی پشتی بە توانای بەکرێگیراوە ناخۆییەکان ئەبەست کە نەیاندەتوانی سیخوڕێکی بەکرێگیراو بۆ هەر هاوڵاتییەك دابنێن، بەڵام ئێستا حکومەتەکان دەتوانن پشت بە بڵاوکراوەی تەکنەلۆژیی سەردەم لە سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی ببەستن لەبری سیخوڕی مرۆیی کە ئەمەیان تێچوو و ئەرکێکی کەمتری پێویستە.

ژمارەیەك حکومەت هەستاوە بە کرداری بڵاوکردنەوەی ئامێر و ئامرازی نوێ لە چاودێریکردن لە چوارچێوەی ئەو جەنگەی دژی پەتای کۆرۆنا بەرپایان کردووە. ئەم بارودۆخەش زیاتر لە چین بەرچاو دەکەوێت، لەڕێگەی چاودێرییەکی وردی مۆبایلە زیرەکەکانەوە کە تایبەتە بە هاوڵاتیان، هەروەها لە ڕێی بەکارهێنانی ملیۆنان کامێرای چاودێرییەوە کە توانای ناسینەوەی ڕووخساریان هەیە، وە ناچارکردنی هاوڵاتیان بە دڵنیابوونەوە و لێکۆڵینەوەی لە پلەی گەرمی لەشیان و بارودۆخی تەندرووستییان، حکومەتی چینی تەنها بەخێرایی گومانلێکراوانی هەڵگری ڤایرۆسەکەی دیاری نەدەکرد بەڵکو هەستا بە چاودێر و شوێنکەوتنی جووڵەیان بۆ دیاریکردنی کەسی توشبوو کە لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵی، جیا لەوەی چین هەستا بە ئامادەکارییەکی گەورە و پێدانی زانیاری لەبارەی ڤایرۆسەکە تا هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن لە کەسانی نزیکیان کە تووشبووی ڤایرۆسەکەن.

 

"حکومەتەکان دەتوانن پشت بە بڵاوکراوەی تەکنەلۆژیی سەردەم لە سیستمی چاودێریی ئەلیکترۆنی ببەستن لەبری سیخوڕی مرۆیی کە ئەمەی یەکەمیان تێچوو ئەرکێکی کەمتری پێویستە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆرنا دا."

 

ئەم جۆرە لە تەکنەلۆژیایە تایبەت نیە بە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە. بەڵکو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) هەستا بە ڕاسپاردنی دەزگاکانی پاراستنی ئاسایشی ئیسرایل تا هەستن بە چالاککردنی تەکنەلۆژیای چاودێریکردن تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا پەتا تەشەنە نەکات و کەسانی تووشبوو جیابکرێنەوە. کاتێك لیژنەی  پەرلەمانی بەرپرس بەم بڕیار و ڕێگەپێدانە ڕەتیکردەوە بڕیاری ناتانیاهۆ جێبەجێبکات لە چالاککردنی سیستمی چاودێریی تەکنەلۆژی، بە ناچاری ناتانیاهۆ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەنای بۆ دەرکردنی "مەرسومی لەناکاو برد".

لەوانە بڵێیت شتێکی نوێ لەم پەتایەدا نیە، لەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەت و کۆمپانیاکان هەستان بە بەکارهێنانی ژمارەیەك ئامێری تەکنەلۆژی ئاڵۆز تا شوێن بکەون، چاودێری و یاری بە مرۆڤەکانی بکەن. بەڵام ئێمە لەمە وریا و ئاگادار نەبووین ئەم پەتایە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لە مێژووی چاودێریدا، ئەمەش تەنها لە پێکهاتە دا نیە بەڵکو بە شێوەیەکی سرووشتی دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی ئامێری چاودێری لە سنورێکی فراوانتردا لە نێو وڵاتان دا، بەڵام ئەم بارودۆخە نوێنەرایەتیی گۆڕانکارییەکی ترسناك دەکات لە چاودێریی سەر پێستەوە بۆ چاودێری ژێر پێست.

تاوەکو ئەم ساتە، کاتێك پەنجەت لەسەر لەمسی شاشەی مۆبایلی زیرەك دادەگریت لەسەر هەر جۆرە پەیوەندیەك بێ، حکومەت مەبەستێیەتی بزانێت بە دیاریکراوی پەنجەت لەسەر چی داگرتووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، چوارچێوەی گرنگیدانەکە دەگۆڕێت، ئێستا حکومەت دەیەوێت بزانێت پلەی گەرمی ئەو پەنجەیەت چەندە لەگەڵ زانینی فشاری خوێنت لەژێر پێستەوە.

 

باری لەناکاو:

یەکێك لەوبارە لەناکاوانەی کە ڕووبەڕوماندەبێتەوە لە چاودێریکردن ئەوەیە کە هیچکام لە ئێمە نازانێت بەدیاریکراوی چۆن چاودێری دەکرێین، ئەوەی بەدڵنیایەوە لە ساڵانی داهاتوودا ڕوودەدات، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای چاودێری بەخێرایەکی نایاب، ئەوەی پێش10ساڵ خەیاڵێکی زانستی بووە ئێستا ئیدى دەبێتە هەواڵێکی کۆن. وەك ئەزموونی فکری، بێهێنە پێشچاوی خۆت وەك گریمانەیەك حکومەت داوا لە گشت هاوڵاتیان بکات کە پشتوێنێکی بایۆلۆژی لەبەر بکەن کە چاودێریی پلەی گەرمی لەشی و ڕێژەی گشتی لێدانی دڵیان بکات بە درێژایی 24 کاتژمێری ڕۆژ، سەرجەم ئەو زانیارییە بەدەستهاتووانەی لەم کارەوە بەدەستدێن کۆدەکرێنەوە پاشان بە گوێرەی ئالگۆریتمێکی حکومی شیکردنەوەیان بۆ دەکرێت.(ئالگۆریتم واتە کۆمەڵێك هەنگاوی بیرکاری و لۆژیکیانەی زنجیرەی بە مەبەست دۆزینەوە چارەسەر بۆ کێشەیەکی دیاریکراو-و) .

ئەم ئالگۆریتمە حکومییە لە توانایدایە بوونی نەخۆشی و جۆرەکەی لە تۆدا دیاریبکات پێش ئەوەی خۆت پێی بزانیت، هەروا دەتوانێت ئەوە بزانیت لە کوێ بوویت و کێت بینوە، لەسەر ئەم شێوازە دەتوانرێت زنجیرە هەوکردنەکان کورتبکرێنەوە تەنانەت بنڕیش بکرێن بەتەواوی، ئەم سیستمە نمونەیە دەتوانێت پەتاکە بوەستێنێت لەڕێگەی کاریگەرییەکانیەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەمە نایابە وانیە؟ ڕووی نەرێنی ئەم بابەتە:

بێگومان ئەم شێوازە لە چاودێری ڕەوایەتی دەدات بە سیستمێکی چاودێریى نوێی "ترسێنەر". بە نمونە گەر تۆ بزانیت، من کلیکم کردووە لەسەر پێگەی فۆکس نیوز لەبری پێگەی سی ئێن ئێن، ڕەنگە زانیاریت پێبدات لەسەر ڕا و بۆچوونی سیاسی و تەنانەت کەسایەتیم، بەڵام گەر تۆ بتوانی چاودێریی پلەی گەرمی جەستەم و فشاری خوێن و ڕێژیلێدانی دڵم بکەیت لە کاتی سەیرکردنی گرتەیەکی ڤیدۆییدا، ئەتوانیت بزانیت چی وام لێ دەکات پێبکەنم، یان چی وام لێ دەکات بێزارببم، یان چی زۆر توڕەی کردووم.

 

گرنگە ئەوە وە بیر خۆمان بهێنینەوە کە توڕەبوون و ئاسودەیی، بێ ئومێدی، خۆشەویستی دیاردەگەلێکی بایۆلۆژیین وەك تا و کۆکە، دەگونجێ هەمان ئەو تەکنەلۆژیایەی کە هۆکارى کۆکە دیاریدەکات هۆکاری پێکەنینیش دیاری بکات، بۆیە کۆمپانیا و حکومەتەکان دەستیانداوەتە چنینەوەی زانیاریی بایۆمەتریی هەموان،‌ بەوەش دەتوانن زانیارییان لەسەرمان هەبێ باشتر لەو زانیارییەی کە ئێمە لەسەر خۆمان هەمانە، بەوەش تەنها ئاگاداری هەست و بارۆدۆخمانین بەڵکو یاریشی پێ دەکەن بەوەش ئێمە هەموو ئەوانەمان پێ فرۆشتوون کە ویستوویانە لە بەرهەم و سیاسەتمان.چاودێریی بایۆمەتری ڕەنگە ڕێگا بکاتەوە بۆ  (Cambridge Analytica) تا داهێنانی گەورە لە داتاکان دا بکات، بیهێنە پێشچاوی خۆت کۆریای باکور لە ساڵی 2030دا، کاتێك هەمووان ناچاردەکات بە بەستنی پشتێنی بایۆمەتری بە درێژای 24 کاتژمێری ڕۆژ، کاتێك ئەوانە پێشتنی بایۆمەترییان بەستوە و گوێیان لە وتاری سەرۆكی مەزن گرتووە پشتوێنەکە نیشانەی توڕەییان دەربخات لە قسەکانی سەرۆك ئەوە ڕۆژیان کۆتاییهاتووە.

بێگومان دەتوانیت بابەتی چاودێریی بایۆمەتری پابەندی بارودۆخە لەناکاوەکە بکەیت کە لەگەڵ ئیجرائاتەکانی تر گیراونەتەبەر، هەرکە بارودۆخە لەناکاوەکە کۆتاییهات چاودێری بایۆمەتری لاببرێت، بەڵام ڕێکار و پێوانە کاتییەکان سرووشتێکی بێزراویان هەیە ئەویش ئەوەیە بەردەوامدەبن پاش نەمانی بارودۆخی لەناکاویش، بە تایبەت کاتێك کە باری لەناکاوی تر لە ڕێ بێت، بە نمونە شارەوانیی ئیسرائیل بارودۆخی لەناکاوی ڕاگەیاند لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا لە ساڵی 1948، کە تێدا کۆمەڵێك ڕێکار و بڕیاری کاتی گیرانەبەر لەوانە چاودێری لەسەر ڕۆژنامەکان، پاش ئەوەی ماوەیەکی زۆر بەسەر کۆتایی هاتن و سەرکەوتن لە جەنگی سەربەخۆی دا تێپەڕیوە کەچی هەرگیز تا ئێستاش ئیسرائیل کۆتاییهاتنی بارودۆخی لەناکاوی ڕانەگەیاند، و شکستیهێنا لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێك لەو ڕێکارە کاتییانەی کە لە کاتی بارودۆخی لە ناکاوەکەدا گیرابوونەبەر.

هەتا ئەگەر ڕێژەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دابەزێت بۆ سفر، هەندێك لە حکومەتەکان کە تینووی زانیاریین لەسەر هاوڵاتیانیان دەتوانن پێداگری بکەن لەسەر مانەوەی سیستمی چاودێریی بایۆمەتری بە بیانووی ئەوەی ڕەنگە ڕووبەڕووی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینەوە، یان ڕەنگە زنجیرەیەکی تر نوێی ڤایرۆسی ئیبۆلا پەرەیسەندووە لە ئەفریقا، یان لەبەر ....، ئێستا تێگەشتنی لە بیرۆکەکە. لەم چەند ساڵەی دواییدا جەنگێکی گەورە لەبارەی تایبەتمەندییە کەسییەکانمان بەرپابووە، دەگونجێ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خاڵی وەرچەرخان بێت لە جەنگەکە، کاتێك کەسەکانی ناچاردەبن یەکێك لەمانە تایبەتمەندییە کەسییەکانیان یان بە تەندرووست مانەوەیان هەڵبژێرن، بێگومان مانەوەیان بە تەندرووستی هەڵدەبژێرن لەبری پاراستنی تایبەتمەندییە کەسییەکانیان.

 

پۆلیسی دەستشۆردن:

گەر خەڵکی ناچاربکرێن بە هەڵبژاردن لە نێوان جیابوونەوە لەوانیتر تەندرووست مانەوەیان یان بە پێچەوانەوە دڵگراندەبن و دەبێتە کێشە لێیان، هەروەك لەڕاستییدا ئەوە هەڵبژاردنێکی زۆر هەڵەیە، چوون لە ڕاستیدا ئێمە دەتوانین هەردووکیانمان هەبێت، لە کاتدا، بەبێ ئەوە ناچار بکرێین بە هەڵبژاردن. ئێمە لە تواناماندایە تەندرووستیمان بپارێزین و ئەم پەتا گشتگیرە دوور بخەینەوە و بوەستێنین لە بەردەوام بوون بەبێ ئەوە پێویست بەو چاودێرییە توندەی سیستمی تۆتالیتاری بکات. بەڵکو پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەیە لە شێوازی خۆپاراستن، لەم چەند هەفتە کەمەی ڕابردوودا، چەند نمونەیەکی سەرکەوتوومان هەن لەو وڵاتانەى کە ڕووبەڕووى ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، لەوانەش کۆریای باشور، تایوان، سەنگافورە، وێڕای ئەوە پشتیان بە هەندێک ڕێکاری چاودێری بەستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتیان بەستووە بە بڕێکی زۆر لە پشکنینی پزیشکی و بوونی ڕاستگۆیی لەلایەن کەسانی تووشبوو، ئامادەیی هاوڵاتیانی خاوەن هۆشیارییەکی گەورە بە سرووشتی ڤایرۆس، بەمەش تاڕادەیەکی زۆرباش توانیویانە زیانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمبکەنەوە.

چاودێریی ناوەندی و سەپاندنی سزای قورس تاکە ڕێگە نین بۆ گەرەنتیکردنی وەڵامدانەوەی هۆشیارانە لەلای هاوڵاتیان لەبارەی ڤایرۆسەکەوە، بەڵکو کاتێك ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدرێت کە بەو پەڕی شەفافیەتەوە دەستیان بە هەر زانیارییەکی کردارەکیی گرنگ بگات لە شێوازی خۆپاراستن و ناسینی ڤایرۆسەکەوە، ئەمە وا دەکات هاوڵاتیان متمانەیان بەو ڕێکارانە هەبێ کە دەسەڵات ئەیگرتەبەر لـە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، لێرەوە هاوڵاتیان ئەوە ئەنجام ئەدەن کە لەسەریانە بەبێ ئەوەی پێویستیان بە چاودێریی "براگەورەیەك" هەبێ کە بەوردی ئاگاداری گشت جووڵەکەنیان بێت، تۆ تەنها ئەوەت لەسەرە ورد بیت لە جووڵەیەکی بچوك ئەویش: شۆردنی دەستەکانە بە سابون، کە بە جوڵەیەکی بچوك و کەمبایەخ هەژمارکراوە، لەکاتێکدا مەزنترین پەرەسەندنی مرۆڤایەتییە کە پەیوەندیدارە بە پاک و خاوێنی کەسییەوە، ئەو جووڵە بچوکەیە کە ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ ڕزگاردەکات، بەڵام ئەم جوڵە بچوکە لەم چەند سەدەی دوایدا دۆزراویەوە بەدیاریکرای لە سەدەی حەڤدە دا و لەلایەن زاناکانەوە، پێشتر دکتۆرەکان و نەخۆشەکان پاش کردارەکانی چارەسەر دەستیان نەدەشۆرد، بەڵام ئەمڕۆ ملیاران مرۆڤ ڕۆژانە پشت بە دەستشۆردن دەبەستن بۆ پاکڕاگرتنی خۆیان و تەندرووست مانەوەیان، لەبەر ئەوە نا بترسن لە پۆلیسی دەستشۆردن، بەڵکو لەبەر ئەوە باش ئاگاداری ڕاستییەکانن، من دەستەکانم دەشۆرم چوون لەبارەی ڤایرۆسی و بەکتریاکانەوەم بیستوە و هۆشیارییەکی تەواوم هەیە لەبارەی ئەو نەخۆشییانەی کە دەکرێت توشیان ببم بەهۆی ئەو بونەوەرە بچوکانەوە، و دەشزانم کە دەستشۆردن لەو بونەوەرانەم ڕزگاردەکات.

هەوەها هەستا بە درووستکردنی ئابڕووچوونێك بۆ ئەڵمانیا لەڕێگەی بانگەشەی ئەوەی کە کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هەستاوە بە ئەندازەی یەك ملیارد قۆرخکاری کردووە تا دەست بەسەر مافی پێکوتەی ڤایرۆسەکەدا بگرێت، لەڕاستیدا تەنانەت گەر بێتو ئەمریکا هەستێ بە گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی خۆی پلانی نێودەوڵەتیش پێشنیاربکات زۆر کەم دەبن ئەوانەی ملکەچی بڕیارەکانی پێشەوایەک ببن کە بەرپرسیاریەتیی کارەکانی خۆی هەڵنەگرێت، و دان بەو هەڵەیانە دا نەنێت کە کردوونی و بەردەوام خۆی پێ خاوەن ماف بێ و ئەوای تر پێ هەڵە بێ هەمیشە گلەی لەوانیتر بکات.

 گەر بێت و ئەو بۆشاییەی کە حکومەتی ئەمریکی درووستیکردووە لە ڕابەرایەتیکردنی جیهاندا پڕنەکرێتەوە بە دەوڵەتانی تر، ئەوا ئەوکات کاریگەری و کاردانەوەی زیانەکانی ڤایرۆسەکە سنوردار نابن، بەڵکو دەبێتە مایەی کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر پەیوەندیی نێودەوڵەتی بۆ ساڵانی داهاتوومان بەڵام وێڕای هەموو ئەمانە، لەسەرمان پێوستە باش ئاگادار بین کە لەگەڵ هەر قەیرانێکدا دەرفەتێكیش هەیە بۆ سەرکەوتن بە سەریدا، ئومێدەوارین کە ئەم پەتا و قەیرانە توانای تێگەشتنمان پێدات لەو مەترس و قەیرانانەی کە دەگونجێ ڕووبەڕوومان ببێتەوە بەهۆی لێکترازانی نێودەوڵەتیی دەوڵەتانەوە.

 لەسەر مرۆڤایەتی پێویستە کە هەڵبژێرێت: ئایا وەک ڕابردوو ڕێگەی لێکترازانی نێودەوڵەتی هەڵدەبژێرین یان ڕێگەی هەماهەنگی و یەکێتیی نێودەوڵەتی هەڵدەبژێرین، گەر یەکەم هەڵبژێرین ئەمە تەنها نابێتە مایەی درێژ بوونەوە ماوەی پەتا و قەیرانەکە بەڵکو دەبێتە مایەی کاریگەرى و کاردانەوەی نەرێنیی توندتر لەسەر داهاتوومان، بەڵام گەر دووەممان هەڵبژارد ئەوکات ئەمە تەنها نابێتە مایەی سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دا بەڵکو دەبێتە هۆی سەرکەوتن بەسەر هەر پەتا و قەیرانێکی تردا کە ڕەنگە لە داهاتوومان دا ڕووبەڕوی ببینەوە بەتایبەت لە سەدەی 21 یەکدا.

لەسەر گشت دەوڵەتان پێویستە ئامادەیان تێدا بێت کە بەشداریی زانیارییەکان بکەن لەمەڕ ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کراوەییەکی تەواوەوە، پێویستە هەموان بە ڕوون وئاشکرای ئامۆژگاری یەکدی بکەن و لەهەمان کاتدا متمانەییان بە یەك هەبێ و بەو زانیاری و ئامۆژگاریانەشی پێیان دەدرێت، لەسەرمان پێویستە هەوڵی جدیی جیهانی بدەین لە پێناو درووستکردن و دابەشکردنی ئامێری پزیشکی، بەتایبەت ئامێری پشکنین و هەناسەدان، بەمەش هەماهەنگیی جیهانی بە شێوەیەکی مەزن خێرا دەبێ لە درووستکردنی ئامێری پێویست بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە و سەرئەنجام دەبێتە مایەی ڕزگارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی و بە شێوەیەکی دادپەروەرانەش دابەشدەکرێت، هەروەك چۆن دەوڵەتان لەماوەى جەنگدا هەڵدەستن بە خۆماڵیکردنی کەرتە گرنگەکانی پیشەسازی، جەنگی مرۆڤایەتی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەنگی پێویستی بە پلانی درووستکردنی بەرەی مرۆیی هەبێت، و ئەو دەوڵەتانەی دەوڵەمەندن و  بە ڕێژەیەکی کەمتر ڕووبەڕوی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە ئامێری پێشکەوتوو بنێرێن بۆ ئەو دەوڵەتە هەژارانەی کە بە قەبارەیەکی گەورەتر ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە. پێویستیشە متمانەیان لە نێواندا هەبێت، بەمەش هەر دەوڵەتێك کەموکوڕیی هەبێت لە ئامێرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە و چارەسەری تووشبووان دەوڵەتانی دیکە هاوکاری بکەن.

ڕەنگە ئەم هەماهەنگییە نێودەوڵەتییە کارێك بکات تیمی پزیشکی بۆ هاوکاریی یەکدی بنێرن، ئەو دەوڵەتانەی کە ڕێژەی تووشبوویان کەمترە دەتوانن تیمی پزیشکیی خۆیان بنێرن بۆ ئەو دەوڵەتانەی توشبوویان زیاترە و زیانی زۆرتریان بەرکەوتووە، ئەمەش لەبەر دوو هۆ: یەك بۆ ئەوەی ئەو تیمانە هاوکاریی پێیوست بگەیەنن بەو دەوڵەتانەی زیانى زۆرتریان کردووە دووەم بۆئەوەی شارەزایی زیاتر چنگ بخەن لەسەر ڤایرۆسەکە، هەر کاتێک پەتاکە ڕووی لەو دەوڵەتانە کرد کە بە تیمی پزیشکی هاوکاریی دەوڵەتانی تریان کردووە لەسەر ئەو دەوڵەتانە هاوکاریکراون ئەوانیش هاوکاریی پێویستیان پێبگەیەنن.

هەماهەنگیی جیهانی دژ بە پەتاکە  لەسەر ئاستی ئابوریش پێویستە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوە سرووشتیی ئابوریی جیهان زنجیرەیەکی درێژکراوەی دابینکردنە، گەر حکومەتێك تاكلایەنە هەڵسوکەوت بکات لەڕووی ئابورییەوە و بە هیچ شێوەیەك بارودۆخی دەوڵەتانی تر لەبەرچاو نەگرێت ئەوا ئەمە دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی بێسەروبەرەیی و قوڵکردنەوەی زیاتری قەیرانەکە، بۆیە ئێمە بەخێرایی پێویستمان بە پلانێکی یەکگرتووی جیهانی هەیە. لەم ساتەدا پێویستییەکی تری بە پەلە هەیە تا هیوابڕاو نەبین ئەویش گەشتنە بە ڕێکەوتنامەیەکی جیهانیی تایبەت بە گەشتکردن، ئەویش دواخستنی زۆرینەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ماوەی مانگێك کە ئەمە دەبێتەهۆی سەرکەونتمان بەسەر کۆسپەکان و بردنەوەی جەنگەکەمان لەدژی ڤایرۆسەکە، پێویستە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لە ڕاگرتنی گەشتەکان، ئاسانکار بێ بۆ کۆمەڵێك لە گەشتیارە گرنگەکان و ڕێگەی گەشتیان پێبدات تا سنورەکان ببڕن ئەوانیش وەک زاناکان و دکتۆرەکان، ڕۆژنامەنوسەکان و سیاسییەکان، پیاوانی کار، دەکرێت ئەمە ڕووبدات لەڕێگەی گەیشتن بە ڕێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی بۆ پشکنینی پزیشکیی ئەو گەشتیارانە لە دەوڵەتەکانی خۆیاندا پێش گەشت، کاتێك زانرا ئەو کەسانەی کە گەشتدەکەن پشکنینان بۆکراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین پاشتر پێشوازییان لێ دەکرێت لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی بۆی دەچن.

 

بەڵام بەداخەوە، ئێستا هیچ کام لە دەوڵەتان ئەم ڕێکارانەی باسکران نەیانگرتووتە بەر، بێگومان ئێستا پێکهاتەی نێودەوڵەتی دوچاری ئیفلیجییەکى هاوبەش بووەتەوە، و هیچ وەڵامدانەوە و پەرچەکردارێک له مرۆڤە خاوەن عەقڵەکانەوە نابینرێت. پشێبینیی ئەوەم کرد ببینم لەم هەفتانەی دواییدا گۆنگرەی لەناکاو لەنێوان سەکردەی دەوڵەتان ببەسترێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنامەیەکی یەکگرتوو ئەوانەی باسمان کرد لەسەر ئاستی نێودەڵەتی بگرێتەبەر.

لە قەیرانەکانی ڕابردوودا(قەیرانی ئابوری ساڵی 2008و بڵاوبوونەوەی پەتای ئیبۆڵا ساڵی 2014) ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەك پێشەوایەکی نێودەڵەتی خۆی نیشان دا بەڵام لە ئێستا دا دەسەڵاتی ئەمریکی  بەتەواوی وازی لەوە هێناوە کە وەک پێشەوا و خاوەن سیادەکی گشتی نێودەوڵەتی هەڵسوکەوت بکات، و بەڕاشکاوی دانی بەوە دا ناوە کە گرنگی بە مەزن مانەوەی ئەمریکا زیاتر و زیاتر دەدات وەك لەوەی گرنگی بە داهاتووی مرۆڤایەتی بدات. ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ئەمریکا وازی لەنزیکترین دۆستەکانیش هێناوە،بۆیە زۆر بە وریایەوە چاودێری گەشتەکانی نێوان خۆی و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات، تەنانەت هیچ ڕاوێژێکی لەگەڵ نەکردوون لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە.

بەڵام تەنانەت وێڕای گەیشتنی هاوکاری و هۆشیاریی گشتی بە ئاستێکی بەرز لە مامەڵە کردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە لەسەر هەموان پێویستە سەرەتا متمانەیان هەبێ، خەڵکی تا ئاستێکی بەرز پێویستیان بەوەیە متمانەیان بە زانست، دەسەڵاتی گشتی، ڕاگەیاندنەکان هەبێ، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، سیاسییەکان ڕۆڵێکی خراپ و نابەرپرسیارانەیان هەبووە لە شێواندنی متمانەی خەڵکی بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و ڕاگەیاندنەکان [و کۆى تیۆرە قووڵە مرۆییەکان].

 

 ئەو متمانەیە کە بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەناوبراوە بێگومان گەڕاندنەوەی کارێکی قورس و گرانە، بەڵام ئەم ساتانەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین هەرگیز وەک ساتە ئاساییەکان نیە، لە ساتی قەیرانی لەم جۆرەدا، دەگونجێت ڕا و بۆچونەکان بەخێرایی بگۆڕێن، بە نمونە گەر کەسێک پێشتر موناقەشەیەکی ناکۆتای لەگەڵ براکانی هەبووبێ، دیسان لە کاتێك ژیانیان دەکەوێتە بارێکی لە ناکاوەوە، ئەو ساتە وەك گەڵاڕێزان متمانە و خۆشەویستی و برایەتیتان بۆ یەك دەردەکەوێت، بەخێرایی هاوکاریی یەکدی دەکەن، کاتێك سیستمێکی چاودێری توند پێڕەودەکرێت لە ماوەی باری لەناکاودا، متمانەی هاوڵاتیان بە زانست و دەسەڵاتی گشتی و ڕاگەیاندنەکان دەگێڕێتەوە، بۆیە لەسەرمان پێویستە هەرچی لە تواناماندایە لە تەکنەلۆژیا سودی لێ ببینین و بەکاریبێنین، بەو مەرجەی هاوڵاتیان بتواننن ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببنەوە، من لەو بەرەیەم کە پێی وایە پێویستە چاودێریی پلەی گەرمی لەشم و فشار خوێنم بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەودا نیم ئەم زانیارییانەی تایبەت بە جەستەی من خراپ سودی لێ ببینرێت بۆ درووستکردنی دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر و هێزخواز.

گەر بێت و لە توانامدا بێت ئاگاداری باری تەندرووستيی خۆم بم بەدرێژايی کات، لە هەمان کاتدا دەتوانم بزانم کەی دەبمە جێگای مەترسی بۆ تەندرووستيی خەڵکی دەوروبەرم، وێڕای ئەمەش، کاتێك لە توانام دابێ زانیاریيم لەسەر شیکردنەوەی ئامارە جیاوازەکان لەبارەی قەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێ، لێرەوە من دەتوانم حوكم بدەم داخۆ دەسەڵاتدارەكان ڕاستيیەکان بە من دەڵێن یان داخۆ ئەوان بە ڕێکاری  پێويست ڕووبەڕووی پەتا گشتگيرەکە دەبنەوە، بەزۆرى کاتێك قسە دێتە سەر ئەم جۆرە لە چاودێریکردن، پێویستە ئەوە وەبیرى خۆمان بهێنینەوە کە وەك چۆن حکومەتەکان تەکنەلۆژیای چاودێری بەکاردەهێنن لە چاودێریکردنی تاکەکان دا، تاکەکانیش لە توانایاندا هەیە هەمان کار بکەن و چاودێريی حکومەت بکەن، دەکرێت ئێمە ئەم پەتایە بە تەحەدا(ئاڵنگاری)یەکی گەورە دابنێین کە ڕووی لە مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەسەر سەرجەم تاکەکان پێویستە متمانە بە داتا زانستییەکانی و کەسانی شارەزا لە سیستەمی تەندرووستی بکات لەبری ئەوەی تەسلیم بە "تیۆری پیلانگێڕى" ببێت کە هیچ بنەمایەکی نیە، گەر بێت و شکست بهێنین لە بڕیاردانێکی درووست، دەبینین ئێمە وازمان هێناوە لە زۆریەك لە مافەکانمان و باوەڕیشمان وایە بەو کارە تەندرووستیی خۆمانمان پاراستووە.

 

 

پێویستمان بە پلانێکی جیهانی هەیە:

 

بژاردەی دووەم کە گرنگیەکی زیاتری هەیە و پێویستە لەسەرمان بڕیاری لەبارەوە بدەین ئەوەیە  لەنێوان سیاسەتی جودابوونەوەی نێودەوڵەتی کە ئێستا دەوڵەتان شوێن ئەم سیاسەتە کەوتوون و پێکەوەبوونی نێودەڵەتیدا لەسەر ئاستی دەوڵەتان هەڵبژێرین، گەر وا دابنێین کە ئەم پەتایە و ئەو قەیرانە ئابورییەی درووستیکردووە پەتا و قەیرانێکی جیهانییە ئەوا گرفتەکە جیهانییە بۆیە پێویستە لەسەرمان لەڕێگەی یەکبوون و پێکەوەبوونێکی نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووی ئەو پەتا و قەیرانە ببینەوە و جگە لەوە چارەسەرێکی ترمان نیە.

پێش هەموو شتێك، لەسەرمان پێویستە هەستین بە بڵاوکردنەوە زانیارییەکی زۆر و درووست لە تەواوی جیهان، ئەمە وا دەکات مرۆڤایەتی زاڵ ببێت بەسەر ڤایرۆسەکەدا، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا ناتوانن هاوبەشی بکەن پێکەوە کە چۆن وەك دوژمنێك خۆیان بگوازنەوە بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام لەبەرامبەردا، چین لە توانایدایە هاوکاریی خۆی درێژبکاتەوە بۆ ئەمریکا و زانیاریی گرنگ بدات بە ئەمریکا لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە و دانانی سنورێك بۆ بڵاوبوونەوەی، ئەو زانیارییەی دکتۆرێك لە میلان بەیانی دەیدۆزێتەوە دەتوانێت بۆ ئێوارە ژیان ببەخشێتەوە بە ئێرانییەکان لە تاران، هەروەها کاتێك بەریتانیا دەیەوێت بڕیار یان ڕێکارێکی دیاریکراو بگرێتەبەر دەکرێت ڕاوێژ بە کۆریا بکات کە لە هەمان مانگدا ڕووبەڕوو ڤایرۆسەکە بووتەوە، و بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات پێویستە، ڕۆحی پێکەوەبوون و متمانە و هاوکاریی جیهان بەتەواوی بگرێتەوە.