A+    A-
(430) جار خوێندراوەتەوە

لە چاوەڕوانیی لەدایکبوونی جیهانێکی نوێدا

 

 

جاک ئاتالی

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

ئاماژەیەک:

جاک ئاتالی، بیرمەندی فەرەنسی و کۆمەڵناس و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی کۆچکردووی فەرەنسا فرانسوا میتران، وتارێکی لە پێگەکەی خۆی بڵاوکردۆتەوە دەربارەی ئاکامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تیایدا پێشبینیی ڕوودانی گۆڕانی ڕیشەیی دەکات لە سەرتاسەری جیهاندا. کۆمەڵە گۆڕانکارییەک، دەستکاری بونیادە کلاسیکییەکانی جیهانگیری دەکەن و بەهاکانی کۆمەڵگەی بەکاربەریی دادەڕێژنەوە. لەم وتارەدا باس لە لەدایکبوونی «دەسەڵاتێکی یاسایی نوێ» دەکات، دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی ئیمان یان هێز یان ئەقڵ بونیاد نەنراوە، بەڵکوو لەسەر بناغەی «هاوسۆزی» لە سەروەختی قەیراندا بونیادنراوە.

 

دەقی وتارەکە:

لە ئێستادا، هیچ شتێک هێندەی پرسی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوو تسۆنامییەی _تەندرووستیی گشتی و قەیرانی ئابوری_ ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە گەرموگوڕ نییە. بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ سەرکەوتنمان بەسەریاندا. گەر هات و شکستمان هێنا لە کۆنتڕۆڵکردنیان، ئەوکات ساڵانێکی تاریک و ترسناک چاوەڕێمانن. لە بەرامبەردا، ڕوودانی کارەسات هێشتا جێگەی دڵنیایی نییە. بەڵام بۆ ئەوەی خۆمانی لێ لادەین، پێویستە دوور بڕوانین، ئاوڕ لە دواوە بدەینەوە و سەیری پێشەوەش بکەین، تاوەکو بزانین بە ڕوونی چ دەگوزەرێت.

بەدرێژایی هەزاران ساڵی ڕابردوو، هەموو پەتایەکی گەورە بۆتەهۆی هێنانە کایەوەی گۆڕانی جەوهەری لە سیستەمی سیاسیی میللەتاندا، دەستکاریى ئەو کەلتورانەشی کردووە کە ئەم سیستەمانەی لەسەر بونیادنراون. ئەگەر تاعوونە گەورەکەی سەدەی چواردەهەمی کیشوەری ئەورووپا بە نموونە وەرگرین کە سێیەکی دانیشتووانەکەی لەناوبرد _ئەگەر ئاڵۆزیی ناو مێژوو نادیدە نەگرین_ دەتوانین بڵێین، ئەم پەتایە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پێداچوونەوەیەکی ڕادیکاڵ بە پێگەی سیاسیی پیاوانی ئایینیدا، دواتریش پەیدابوونی دەزگای پۆلیس، وەک تاکە پارێزەری کارای ژیانی خەڵک. هۆکاریش بوو بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی مۆدێرن، هاوزەمان تەشەنەکردنی ڕۆحی گەڕانی زانستی، وەک شەپۆلێکی شۆکئامێز، یان دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی ئەم تراژیدیا تەندرووستییە مەزنانە. ئەم پەیدابوونە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ هەمان سەرچاوە: چاوخشاندنەوە بە دەسەڵاتی ئایینی و سیاسیی کەنیسەدا، پاش ئەوەی نەیتوانی ژیانی خەڵک ڕزگاربکات یان مانایەک بە مردن ببەخشێت. دواتر پۆلیس بوو بە شوێنگرەوەی قەشە.

لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمیشدا هەمان شت ڕوویدا، کاتێک پزیشک بوو بە شوێنگرەوەی پۆلیس، چونکە ڕێگەی باشتری شک دەبرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەرگ.

بەمەش، لە ماوەی چەند سەدەیەکدا، لە دەسەڵاتێکەوە کە لەسەر ئیمان بونیادنراوە، تێپەڕین بۆ دەسەڵاتێک کە لەسەر هێز بونیادنراوە، پێش ئەوەی بگەین بە دەسەڵاتێکی دیکە کە لەسەر یاسا بونیادنراوە. 

ئەگەر پشت بە نموونەی دیکە ببەستین، دەبینین هەرکاتێک بەڵایەک بەرۆکی کیشوەرێکی گرتبێت، پووچەڵی و ساختەیی ئەو سیستەمانەی سەلماندووە کە بناغەکەیان ئیمان و کۆنتڕۆڵ بووە، سیستەمگەلێک نەیانتوانیوە چارەسەر بدۆزنەوە، تا ئەوکاتەی ژمارەیەکی بێشومار لە مرۆڤ لەناوچوون، دواتر ڕزگاربووەکان تۆڵە لە گەورەکانیان دەکەنەوە، پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەشێوێنن.

ئەمڕۆش، ئەگەر سەلما دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا ناتوانن کۆنتڕۆڵی ئەم تراژیدیایە بکەن وا لەئارادایە، ئەوا هەموو سیستەمی دەسەڵات و بناغە ئایدۆلۆژییەکانی دەکەونە ژێر پرسیاری ڕیشەییەوە. دواتر و پاش تێپەڕینی قۆناغی تاریک و ترسناک، ئارەزووی گۆڕینی ئەم سیستەمانە دێتە پێشەوە، بۆ مۆدێل و پارادایمی نوێ لەسەر بناغەیەکی نوێی دەسەڵات، لەسەر بنەمای متمانەکردن بە سیستەمی بەهایی (system of values) نوێ.

بە مانایەکی دیکە، ئەو سیستەمی دەسەڵاتەی لەسەر پاراستنی مافی تاک بەندە، ڕەنگە هەرەس بهێنێت. لەگەڵ خۆشیدا ئەو دوو میکانیزمە بەرەو ئاوابوون دەبات کە پشتیان پێ دەبەستێت: مەبەست لە بازاڕ و دیموکراسییە. ئەو دوو میکانیزمەی پشتی پێدەبەست بۆ دابەشکردنی سەرچاوە دەگمەنەکان، بە ڕەچاوکردن و ڕێزگرتن لە مافی تاک.

ئەگەر سیستەمەکانی ڕۆژئاوا هەرەس بهێنن، ئەوا لە داهاتوودا لە جێگەی ئەم سیستەمانە، تەنها دەرگیر نابین لەگەڵ ڕژێمی خۆسەپێندا، کە پشت بە هۆشى دەستکرد و تەکنەلۆژیا دەبەستێت بۆ چاودێریکردن. بەڵکوو دەشێت کۆمەڵە ڕژێمێک دەرکەون کە زۆر ستەمکارانە داهات و سەرچاوەکان کۆنتڕۆڵ بکەن (ئەمەش لەو شوێنانەدا خەریکە دەردەکەون کە چاوەڕاوننەکراون، کەس بڕوای نەبوو لەو شوێنانەدا ڕووبدات: دوێنێ و پێرێ بوو لە مانهاتن، ڕێگە نەدەدرا کەس زیاتر لە یەک پاکەتە برنج بەدەست بخات).

خۆشبەختانە، وانەیەک لەم قەیرانانەوە فێر دەبین، ئەویش ئەوەیە ئارەزووی ژیان و مانەوە بەردەوام بەهێزترە لە هەموو ئارەزووەکانی دیکە. لە کۆتاییدا مرۆڤ هەموو ئەو بەربەستانە تێدەپەڕێنێت کە ڕێگرە لە بەردەم گەیشتنیان بە خۆشگوزەرانی.

کاتێک بەڵاکە دامرکایەوە، پاش چاوخشاندنەوەیەکی قووڵ بە چەمکی دەسەڵاتدا، پاش هەوڵێک بۆ هشێتنەوە و پارێزگاری لە دەسەڵاتی باڵادەست، پاش بوژاندنەوە و وردەگۆڕانی ترسنۆکانە؛ دەسەڵاتێکی نوێ دێتە بەرهەم. دەسەڵاتێک لەسەر ئیمان و هێز و تەنانەت ئەقڵ بونیاد نەنراوە (بێگومان لەسەر پارەش بونیاد نەنراوە، چونکە پارە بەرجەستەکردنی کۆتایی دەسەڵاتی ئەقڵە). بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی دەبێتە موڵکی ئەوانەی کە هاوسۆزبوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا، هەژموون دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەرتە ئابوورییانەی هاوسۆزبوون لەگەڵ خەڵکدا، وەک کەرتی تەندرووستی، نەخۆشخانەکان، خۆراک، پەروەردە و ژینگە. بە دڵنیاییەوە، ئەم کەرتانە پشت دەبەستن بە تۆڕی گەورەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وزە و زانیاری، کە لە هەموو حاڵەتەکاندا پێویستن.

دواتر، چیتر کاڵای ناپێویست ناکڕین. دەگەڕێینەوە و بایەخ بە شتە بنەڕەتییەکانی ژیان دەدەین. بە باشترین شێوە کەڵک لەو کاتە وەردەگرین کە لەسەر ئەم هەسارەیە بەسەری دەبەین، هەسارەیەک تێدەگەین چەند بەنرخ و دەگمەنە. دواتر ڕۆڵی ئێمە دێتە پێشەوە تا بە نەرمترین شێوە ئەم گۆڕانکارییانە بە ئەنجام بگەیەنین، بەبێ ئەوەی هەسارەکە بگۆڕین بۆ کێڵگەیەکی وێران.

تا خێراتر ئەم ستراتیژە پیادە بکەین، باشتر لەم بەڵا و کارەساتە دوور دەکەوینەوە، لەو قەیرانە ئابوورییەش ڕزگارمان دەبێت وا ئەم بەڵایە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت.

 

 

سەرچاوە

١- http://www.chakchouka-times.com/ar/%D8%AC%D8%A7%D9%83_%D8%A3%D8%AA%D8%A7%D9%84%D9%8A_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8F_%D9%84%D9%86_%D9%8A%D8%B9%D9%88%D8%AF_%D9%83%D9%85%D8%A7_%D9%83%D8%A7%D9%86

٢- http://www.attali.com/en/society/what-will-covid-19-give-birth-to/

  

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

سەرمایەداری, سنووری خۆی هەیە

 

جوديت بەتڵەر باس لە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کەڵەکەبووەکانی لە ئەمریکادا دەکات

 

 

و. ڤیەننا سەلام

 

 

پێویستی بۆ دابڕان لە یەکدی هاوکاتە لەگەڵ درککردنێکی نوێ بە هاوپشتیی جیهانی لەمیانەی کات و شوێنی نوێی پەتاکەدا. لە لایەکەوە، داوامان لێ دەکرێت کە لە یەکەی خێزان، شوێنی نیشتەجێبونی هاوبەش یانیش جێی مانەوەی تەنهادا، بێ هیچ بەرکەوتنێکی کۆمەڵایەتی و دابەزین بۆ ناوچەکانی دابڕانی ڕێژەیی خۆمان جیا بکەینەوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، ئێمە ڕوبەڕووی ڤایرۆسێک دەبینەوە کە زۆر خێرایانە و بێئاگا لە بابەتی خاکی نیشتیمانی، سنوورەکان تێدەپەڕێنێت. ئاکامەکانی ئەم پەتا بۆ بیرکردنەوەمان لەبارەی یەکسانی، هاوپشتیی جیهانی و و ئەرکمان بەرامبەر یەکدی چین؟ ئەم ڤایرۆسە جیاکاری ناکات. دەتوانین بڵێین کە بە یەکسانی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات، بە یەکسانی دەمانخاتە بەردەم مەترسیی نەخۆشکەوتن، لەدەستدانی کەسێکی نزیک و ژیان لە جیهانی هەڕەشەیەکی نزیکدا.

بەو شێوەیەی ڤایرۆسەکە دەجوڵێت و لێدەدات، ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وڵات و ناوچەی وان کە ئامادەکاریی پێشتریان بۆ دۆخێکی وا لە هەمان ئاستدایە( لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەندامێکی بەدناوی ئەو کۆمەڵەیەیە، (زۆرجاریش ترس و تۆقینێکی لە بێگانە لەگەڵدایە)، و دەرکەوتنی بازرگانان کە پەرۆشی ئەوەن قازانج لە ئازارکێشانی جیهانی بکەن، هەموو ئەمانە گەواهیی ئەو خێراییە دەدەن کە نایەکسانیی ڕیشەیی وەکو ناسیۆنالیزم، باڵادەستیی سپیپێستان، توندوتیژی دژی ژنان،  کویر و ڕەگەزگۆڕان و چەوسانەوەی ژێر دەستی سەرمایەداران ڕێگای خۆیان  بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە و بەهێزکردنی دەستەڵاتیان لە نێو ناوچەکانی پەندامیکەکە دەکەنەوە. ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە.

سیاسەتی چاودێریی تەندرووستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆی ئەمە دەردەخات. سیناریۆیەک کە لە پێش چاومانە بەرهەمهێنان و خستنەبازاڕی ڤاکسینێکی کاریگەرە لە دژی کۆڤید ١٩. ترامپ کە پەرۆشی زیادکردنی خاڵی سیاسییە بۆ بەهێزکردنی ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی، سەودای کڕینی مافی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە ڤاکسینێکی کۆمپانیایەکی ئەڵمانی دەکرد بە ناوی کیورڤاک کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە پارەی بۆ تەرخانکراوە. وەزیری تەندرووستیی ئەڵمانیا کە بە دڵنیاییەوە دڵخۆش نەبوو بەمە، ئەوەی بۆ ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا پشتڕاستکردەوە کە ئۆفەرەکە پێشکەش کراوە. کارڵ لۆتەرباخ کە سیاسەتمەدارێکی ئەڵمانییە بەم جۆرە لێدوانی دا: "پێویستە لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە فرۆشتنی ڤاکسینەکە بکرێت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرمایەداری سنوری خۆی هەیە." وای دادەنێم کە ناڕازی بوو لە بڕگەی " بەکارهێنانی قۆرخکراو" و بەوەش دڵخۆش نابێت گەر هەمان بڕگە تەنها بەسەر ئەڵمانیەکاندا جێبەجێ بکرێت. با ئومێدی ئەوە بخوازین، چونکە دەتوانین وێنەی دونیایەک بهێنینە پێش چاومان کە تێیدا ژیانی ئەورووپییەکان لە سەروو هەمووانەوە بنرخێندرێت- دەبینین کە ئەم نرخاندنە لە سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپادا بە شێوەیەکی توندوتیژانە ڕوودەدات.        

بێ مانایە کە دووبارە بپرسینەوە، ترامپ بیری لە چی دەکردەوە؟ پرسیارەکە چەندین جار لە دۆخی نەڕاندنی پەتیدا ئاڕاستە کرا بە جۆرێک کە ناکرێت سەرمان سوڕ بمێنێت. ئەمە مانای ئەوە نییە کە توڕەییمان لەگەڵ هەر نمونەیەکی نوێی خۆدێواندنی نائەخلاقی و تاوانکاریدا کەم دەبێتەوە. گەر لە هەوڵەکانی بۆ کڕینی ڤاکسینە چاوەڕوانکراوەکە و کورت کردنەوەی بەکارهێنانی تەنها بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکا سەرکەوتوو بووایە، ئایا باوەڕی وایە کە هاوڵاتیانی ئەمریکا ئافەرینیان لە هەوڵەکانی دەکرد، شاگەشکە دەبوون بە بیرکردنەوە لەوەی ئەوان لە هەڕەشەیەکی کوشندە ڕزگاریان بووە لە کاتێکدا خەڵکانی دی ڕزگاریان نەبووە؟ ئایا هەر بە ڕاستی ئەم نایەکسانییە کۆمەڵایەتییە ڕیشەییەیان پێ خۆشە، ئەم هەڵاوێردنە ئەمریکییە، کە جەخت لەسەر شێوازە "ناوازە"کەی وەک ئەوەی خۆی وەسفی دەکات، دەکاتەوە بۆ مامەڵەکە؟ ئایا وا خەیاڵ دەکات زۆربەی خەڵکی وا بیر بکەنەوە کە ئەوە بازاڕە بڕیار لەسەر گەشەسەندنی ڤاکسینەکە و دابەشکردنی دەدات؟ ئایا لە نێو جیهانەکەی ئەودا شوێنێک هەیە بۆ بیرکردنەوە لە پێداگری لەسەر نیگەرانییەکانی تەندرووستیی جیهانی کە دەبێت لە کاتی ئێستادا عەقڵیەتی بازاڕ تێبپەڕێنێت؟ ئایا مافی ئەوەی هەیە وای دابنێت کە ئێمەش لە نێو پێوەرەکانی وەها جیهانێکی خەیاڵیدا دەژین؟  تەنانەت گەر ئەم کورت کردنەوەیە لەسەر بنەمای ناسنامەی نیشیمانی جێبەجێ بکرێن، بە دڵنیاییەوە هەڵپەی سەرمایەدار و ئەوانەی دڵنیان لە پێگەیشتنی ڤاکسینەکە پێیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هەر جۆرە ڤاکسینێکی وا دەبینین کاتێک دێتە بەر دەست، تەنانەت گەر شێوەی دابەشکردنەکەشی گەرەنتیی ئەوە بکات کە تەنها هەندێک کەس دەستی پێ ڕابگات و ئەوانیدی جێ بهێڵرێن بۆ بەردەوامبوون لە خەستبوونەوەی ناجێگیریی دۆخەکەیان. نایەکسانیی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەموو هەوڵی خۆی دەدات تا ڤایرۆسەکە جیاکاری بکات. ڤایرۆسەکە خۆی جیاکاری ناکات، بەڵام ئێمەی مرۆڤ بە دڵنیاییەوە دەیکەین، ڤایرۆسەکەش هەروەکو خۆمان بە پێکەوەگرێدانی هێزی ناسیۆنالیزم و نەژادپەرستی و زینۆفۆبیا(ترس لە بیانى) و سەرمایەداری پێکدەهێنین و دەیجوڵینین. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ساڵی داهاتوو سیناریۆیەکی ئازاربەخش دەبینین کە تێیدا هەندێک بونەوەری مرۆڤ سوور دەبن لەسەر مافی خۆیان بۆ ژیان لەسەر حیسابی ئەوانی دیکە، داڕشتنەوەی جیاوازیی ساختەی نێوان ژیانی غەمگین و ژیانی ناغەمگین کە بریتییە لەوانەی بە هەر نرخێک بێت دەبێت ژیانیان لەبەرامبەر مردندا بپارێزرێت و ئەوانەش کە ژیانیان بە شایستەی پاراستن نازانرێت لە بەرامبەر نەخۆشی و مردندا.

هەموو ئەوانە لە دژی کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ڕوودەدات کە تێیدا بێرنی ساندەرس ئەگەر لە ڕووی ئاماریشەوە شتێکی ئەستەم نەبێت بەڵام چانسەکانی بۆ دەستەبەرکردنی کاندیدی دیموکراتەکان لە ئێستادا لە ئەگەرێکی دوور دەچێت. پێشبینییە نوێیەکان کە بایدن وەک کاندیدێکی بێ ڕکابەر دەردەخەن، لەم کاتانەدا وێرانکەرن بە دیاریکراویش بە هۆی ئەوەی هەریەک لە ساندەرس و وارن لە ڕێگەی بەرنامەیەکی چاودێریی تەندرووستیی گشتییەوە کە گەرەنتیی چاودێریی تەندرووستی سەرەتایی دەکات بۆ هەموو کەسێک لە وڵاتدا، پاڵپشتی لە چاودێریی تەندرووستی بۆ هەموان دەکەن. بەرنامەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت سنوورێک بۆ کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمەی تەندرووستی دابنێت کە بازاڕ دەیانجوڵێنێت وبە شێوەیەکی بەردەوام پشت لە نەخۆش دەکەن، نرخی خەیاڵی وا دەسەپێنن کە زۆر بە سادەیی لە توانای خەڵکیدا نییە و درێژە بەو هەڕەمە دڕندانەیەی نێوان بێ بیمە و بیمەدار و ئەوانەی بیمەیان پێ نادرێت دەدەن.

دەکرێت ڕێبازە سۆسیالیستییەکەی ساندەرس بۆ چاودێری تەندروستی درووستتر وەکو دیدێکی سۆشیال دیموکراتانە وەسف بکرێت کە  جیاوازیەکی جەوهەری لەگەڵ ئەوەی ئەلیزابێس وارندا نییە کە لە قۆناغەکانی سەرەتای کەمپەینەکەدا لێی دوا. لە دیدی ئەودا، گشتگیریی تەندرووستی مافێکی مرۆڤە کە مەبەستی ساندەرس ئەوەیە هەموو مرۆڤێک مافی وەرگرتنی ئەو جۆرە لە چاودێری تەندرووستی هەیە کە پێویستی پێیەتی. بەڵام بۆچی وەک پابەندییەکی کۆمەڵایەتی لەمە تێ ناگەین، پابەندییەک کە لە ژیان لە کۆمەڵگایەک و لەگەڵ یەکدیدا دێتە بوون؟ بۆ قایلکردنی ڕای گشتی لەسەر بیرۆکەیەکی وەها، هەریەک لە ساندەرس و وارن دەبێت خەڵکی ئەمریکا بەوە قایل بکەن کە ئێمە دەمانەوێت لە جیهانێکدا بژین تیایدا هیچ یەکێکمان چاودێری تەندرووستی بۆ ئەوی دیکەمان ڕەت نەکاتەوە. بە دەربڕینێکی دی، دەبێت بە جیهانێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی وا ڕازی بین کە تێیدا ئەوە زۆر بە توندی قبوڵنەکراو بێت هەندێک دەستیان بە ڤاکسینێکدا ڕابگات بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان لە کاتێکدا ئەوانیدی دەستڕاگەیشتنیان پێی بە هۆی ئەوەی ناتوانن نرخەکەی بدەن یاخود نەیانتوانیوە بیمەیەکی تەندرووستی وا بەدەستبخەن کە نرخەکەیان بۆ بدات، ڕەت بکرێتەوە.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کرد لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی کالیفۆرنیادا سەرەڕای بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کاندیدانی دیموکراتەکان، دەنگ بۆ ساندەرس بدەم ئەوە بوو کە ئەو لەگەڵ وارندا ڕێگەیەکی بۆ دووبارە هێنانە پێشچاوی جیهانەکەمان کردەوە وەک ئەوەی تەواو لە ئارەزوویەکی بەکۆمەڵەوە هاتبێت بۆ یەکسانی ، جیهانێک تێیدا پێکەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئەو کەرەستانەی پێویستن بۆ ژیان بە چاودێریی تەندرووستییشەوە، بە یەکسانی بەردەست بێت ئیدی گرنگ نییە ئێمە کێین و ئایا توانای داراییمان هەیە یان نا. ئەم سیاسەتە هاوپشتی لەگەڵ ئەو وڵاتانەشدا پێکدەهێنا کە پابەندی چاودێریی تەندرووستیی جیهانیین و ئەمەش سیاسەتێکی چاودێریی تەندرووستی وای پێکدە‌هێنا کە نەتەوە تێبپەڕێنێت و پابەندی درککردن بێت بە ئایدیاڵەکانی یەکسانییەوە. 

دەرکەوتنی ئەنجامی ڕاپرسییە نوێیەکان هەڵبژاردەی نەتەوەیی بۆ ترامپ و بایدن تەسک دەکاتەوە بە تایبەتییش لەکاتێکدا کە پەتاکە ژیانی ڕۆژانە دادەخات و ناجێگیریی دۆخی بێلانە و بێ بیمە و هەژارەکان خەستتر دەکاتەوە. ئەو بیرۆکەیەی کە دەکرێت ببین بە کەسانی وا کە ئومێدەواری بینینی جیهانێکن تێیدا سیاسەتی تەندروستی بە یەکسانی بەرپرسی ژیانی هەموان بێت، بۆ لە یەخە کردنەوەی دەستی بازاڕ لە چاودێری تەندرووستی کە جیاوازی لە نێوان پارەدار و ئەوانەدا دەکات کە زۆر ئاسان دەکرێت بۆ نەخۆشی و مەرگ جێ بهێڵدرێن، کورتخایەن بوو. کاتێک ساندەرس و وارن ئەم ئەگەرەی دیکەیان خستە بەر باس، وای کرد بە جۆرێکی جیاواز لە خۆمان تێبگەین. لەوە تێگەیشتین کە دەکرێت لە دەرەوەی ئەو چەمکانەی سەرمایەداری بۆمان دادەنێت، دەست بە بیرکردنەوە و نرخاندن بکەین. ئەگەرچی وارن چیدی کاندید نییە و ساندەرسیش ڕێگەی تێ ناچێت گوڕی خۆی بێنێتەوە کار، هێشتا و بە تایبەتی لە ئێستادا دەبێت بپرسین، هۆکار چییە کە ئێمە وەکو هاوڵاتی تا ئێستا دژی ئەوەین کە ژیانی هەموان بە هەمان نرخ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ بۆچی هێشتا هەندێک کەس شاگەشکەن بەوەی ترامپ سەودای ڤاکسینێک دەکات(بەو جۆرەی خۆی پێناسەی دەکات) کە ژیانی ئەمریکییەکان لە پێش ژیانی ئەوانی دییەوە بپارێزێت؟ پێشنیارەکانی تەندرووستيی گشتی و جیهانی ئەندێشەیەکی سۆسیالیستی لە ئەمریکا چالاکدەکات، ئەندێشەیەک کە لە ئێستادا چاوەڕێ دەکرێت ببێتە سیاسەتی کۆمەڵایەتی و پابەندیی گشتی لەم وڵاتەدا. جێگەی داخە، لە کاتی پەتاکەدا، کەسمان ناتوانین چاوەڕێ بکەین. ئەم ئایدیاڵە پێویستە لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەدا زیندوو بهێڵرێتەوە کە بە بەراورد بەو کێشمەکێشمە دوورمەودایەی لە پێشمانەوەیە کەمتر خۆی لە کەمپەینی سەرۆکایەتیدا قایم کردووە.  ئەم تێڕوانینە بوێر و بەسۆزانە کە لە لایەن کەپیتاڵیستە "واقیعبینەکان"ـەوە کەوتە بەر گاڵتەجاڕی و ڕەتکرایەوە، کاتی باشی بۆ دەرکەوتن هەبوو و سەرنجی باشی ڕاکێشا و وای کرد کەسانێکی زیاتر-هەندێکیان بۆ یەکەمجار-ئارەزووی گۆڕانی جیهان بکەن.

                       بەو ئومێدەی بتوانین ئەم ئارەزووە بە زیندوویی بهێڵێنەوە.

 

 

 

سەرچاوە:

https://www.versobooks.com/blogs/4603-capitalism-has-its-limits