A+    A-
(1,949) جار خوێندراوەتەوە

                       «مەنع تەجەول»

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

لە ساتەکانى«مەنع تەجەول»دا شتەکان ڕوونتر دەبینین, هێواشتر, بەڵام «نائایدۆلۆژییتر» نا. کاتێک خێرایى و جووڵەى باو کەمدەبێتەوە, فریا دەکەوین حوکم و دابەشکارى بەسەر واقیعدا بدەین. لەم ساتانەدا زەینى مرۆڤ کەمتر داگیردەکرێت. ئیمکانێکى ترى ناو شار دەردەکەوێت, ئیمکانێک کە لە ساتەکانى تردا وێناکرنى کەمێک سەختە. «مەنع تەجەول» لابردنى کۆمەڵێک بار و خەسەڵەتە کە لە ڕۆژان و شەوانى تردا بەسەر واقیعدا دەدرێت, بۆیە لەبنەڕەتدا داخستنى واقیع نیە, کردنەوەى کۆمەڵێک ڕەهەندى ترى واقیعە بۆ ئەوەى واقیع باشتر ببینین. لە ڕۆژانى تردا, ئایدۆلۆژیا بە مانا بنەڕەتییەکەى, ژیانى بەجۆرێک ڕێکخستووە و ڕیتمەکانى دابەشکردووە, کە ناتوانین هەروا ئاسان کەلێن و سەرکردن و فریوەکانى ببینین. «مەنع تەجەول» فڕێدانى هەندێک دیوى مۆدێرنى ژیانکردنیشە لە فەزاى گشتییدا, گەرچى ئەم دیوە مۆدێرنانە دەباتەوە نێو ماڵ و لەوێدا گەمارۆى دەدات- تەکنۆلۆژیا و ماڵ پێکەوە فەزاى گشتى قوتدەدەن. بەڵام ئەمە بەس نیە و هێشتا پانتاییە شوێنەکییە چۆڵەکەى شار, جێى ڕامانە. ئەمڕۆ ئیدى نیشتەجێبوون و وەستان و ڕۆچوون ڕامان درووستدەکات, نەک کۆچەریبوون(گەرچى بیرۆکەى کۆچەرییبوون خۆى بەدەست نوقسانى و نیشتەجێبوونێکى جەوهەرییەوە دەناڵێنێت). «مەنع تەجەول» بەم فۆرمە گشتگیرەى دونیا, هاوماناى نیشتەجێبوونە بۆ ئەوەى کەمێک بیر لە خۆمان بکەینەوە(سەربارى ئەوەى کە جووڵە و کۆچەریبوونى تەکنۆلۆژى وایکردووە گاڕانى نمایشى و هەرزە و فرەوێژ درووست ببێت).

چۆڵیى شار, پڕە لە کۆمەڵێک ئاماژە. کەس نیە لەو چۆڵەوانییەدا شوێنەوارى یاسا نەبینێت, مۆتەکەى یاسا, جەبەرووتى یاسا(هەڵبەت لێرەدا یاسا فۆرمێکى کوردییانەى هەیە و دیوە نایاساییەکەش لەسەر ئایدیاى یاسا هەژمارە). تا شار چۆڵتر بێت, توندوتیژیى یاسا زیاتر دەبینرێت- سەرەنجامیش سایە و سێبەرى دەسەڵات. لە کارل شمیت(ـى تیۆریستى سیاسیى ئەڵمانى)ـەوە فێرى ئەوە بووین کە دەسەڵاتى مۆدێرن, هەر دەسەڵاتە تیۆلۆژییەکەیە و فلتەرێکى دونیایى وەرگرتووە. فەزاى چۆڵى شار, بەر لەوەى فەزایەکى ڤایرۆساوى دەرخات, سێبەرى نیشتووى دەسەڵات دەردەخات. لەو چۆڵەوانییەشدا, مرۆڤ دایم لە بۆسەدایە دەسەڵات بانگى بکات و ئەمیش ڕاچڵەکێت. دەسەڵات پێشوەخت لە تاکەکاندا نیشتەجێ بووە و ئەویان گۆڕیوە بۆ سوبێکتێکى سیاسیى ئاخنراو. گەر تا ئێستا خەڵکى ئێمە بەم ڕادەیەش ئاخنراو نەبووبێت لە سایکۆلۆژیاى دەسەڵات, ئەوا لەمە بەدواوە ئیشى لەسەر دەکرێت. واتە, بە ئەگەرى زۆر دیسپلینى سیاسى جێى بێ‌بەندوباریى پێشوو دەگرێتەوە کە بەسەر خەڵکى ئێمەدا زاڵ بوو. «مەنع تەجەول» ناوێکى سیاسییە بەر لەوەى سرووشتى بێت و ڕێگرى بێت لە بەڵاى سرووشتى. هیچ دەسەڵاتێک نیە لەم ساتانەى دونیادا کە کەیف بە ئۆتۆریتەى خۆیەوە نەکات, یان ژویسانس و چێژە جڵەوبڕەکانى خۆى تێکەڵ بە ڕەهەندە سرووشتییە سەروو-دونیاییەکان نەکات. وەک‌بڵێى پەیمانێکى شاراوە و ژێرەوانکێ لەنێوان «سرووشت»ـى سرووشتى و «سرووشت»ـى دەسەڵاتدا هەبێت: بەڵاکان دەچنە سەر حسێب و باڵانسى دەسەڵاتە سیاسییەکانى دونیا. ئێمە لەڕێگەى ئەوانەوە دەترسین. ئەمە وانەیەکە بۆ پاش بەڵاکان باشتر تێى دەگەین.

لەم ساتانەشدا, مرۆڤەکان یەکسان نین. ڕاستە چەمکى ژیان وەک داراییەکى هاوبەش دەکەوێتە مەترسییەوە, بەڵام ژیان هەمیشە بەهۆى ژیانێکى کۆنکرێتى و بەرجەستەترەوە ماناوەردەگرێت. ژیانى کۆنکرێتى و واقیعیى مرۆڤەکان جیان لە یەک. ئیدى لەڕووى مادییەوە بیگرە تا مەعنەوى و کەلتورى و شەخسى و هتد. بەڵاکان عەدالەت نین وەک باسدەکرێت, بەڵکو کەمێک لە عەدالەت تیژترن. هەموان لە ساتێکى ئارامدا نین کە یەکسانیى خۆیان بە یەکتر بپێون, بەڵکو ژیانە کۆنکرێتییەکە لەولاوە دادەنێین و دەستکاریى ناکەین تا بەڵاکە تێدەپەڕێت. بۆیە بەم مانایە, بەڵاکان دەستکارییەکى ئەوتۆى پرسى عەدالەت ناکەن. هاوکێشەکان هەروا دەمێننەوە(مەگەر لە حاڵەتێکدا کە تراوماى ڕاستەقینە لە بەڵاکە بکەوێتەوە). هێندە بەسە هەرکەسە لە ژیانى خۆى وردبێتەوە کە چۆن پێوەر و پارامەترە دێرینەکان لەژێرەوە هەر ئیشدەکەن. بەجۆرێک ئیشدەکەن کە سنورەکانى ژیان و مانەوەش تێدەپەڕێنێت: هەموومان (ئاگایانە بێت یان نائاگایانە) ئامادەین بمرین و دەست لە کۆمەڵێک هێڵى داڕێژراوى نێو ژیانمان هەڵنەگرین- وێناکردنى مردن ئاسانترە لە زۆرێکیان.

«مەنع تەجەول» بیرماندەخاتەوە کە ئیمکانى ترى ژیانکردن هەیە, بەڵام سەرکوتکراوە. مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ ئەو هەمووە جەنجاڵییەش بژین, کە هەیە. ئەمە بەو مانایە نا نەجووڵان ببێتە ستایلى ژیان, بەڵکو بەو مانایەى کە چۆنچۆنى ئەگەرەکانى ژیانکردن دەشارینەوە و لەسەر ڕیتمى باوى ئایدۆلۆژیا باڵادەستەکان دەڕۆینەڕێوە و پێمانوایە دونیا هەر بەو جۆرە بووە کە هەیە. بەپێى ئاماژەکانى «مەنع تەجەول», ژیان دەکرێت بەو شێوەیەش نەبێت کە هەیە- لانیکەم لە کۆمەڵێک ڕووەوە. ئاگامان لەوەیە کە ئایدیاى «مەنع تەجەول» دەتوانێت کۆمەڵێک سرووتى کۆن و قێزەون لە کۆمەڵگاى ئێمەدا زیندووبکاتەوە, بەڵام هاوکات دەشتوانێت ڕووبەرێکى تر بکاتەوە بۆ بیرکردنەوە لە تێپەڕاندنیان.

لە ساتەوەختى «مەنع تەجەول»دا جموجووڵەکانى فەزاى گشتى دەوەستێت, بەڵام حیساب‌وکیتابە بنەڕەتییەکان ناوەستێت. پۆڵینى باش و خراپ, دۆست و دوژمن, من و ئەویتر کۆتایینایەت. هەڵپەساردنى ئەم پۆڵێنانە هەم کاتى‌ن و هەم ئەو شتەش کە کورد لە دەربڕینێکى نەخوازراو و زارەکییدا پێى‌دەڵێت حیزفرسەتانە. بەشێوەیەکى دیالەکتیکى, وتنى ئەوەى کە هەموومان مرۆڤین, دەمانەوێت جیاوازییەکانمان لەگەڵ یەکتردا بشارینەوە و دۆخێکى مەستانە و نابیناکەر درووستکەین. ئەمە دیوە ئایدۆلۆژییە قووڵەکەى ئەم دۆخەیە. دەتوانین تێستێکى زەینى بکەین و بڵێین گەر هەموو مرۆڤایەتییش بەم دۆخە لەناوبچن, ئەوا ئەو دونیایەى لە پاش ئەوان بەجێماوە دونیایەکى ناڕێک و نادادپەروەرانە بووە. واتە دونیایە بابەتى و دەرەکییەکە بە خۆى و هاوکێشەکانیەوە وەک خۆى جێهێڵراوە.

گەر لە «مەنع تەجەول»دا دونیا وەک خۆى جێبهێڵین ئەوا واتە هەرگیز دۆخەکە «مەنع تەجەول» نیە و پێشوەختە هەموو ئاماژە و سیگناڵە ئایدۆلۆژییەکانمان لەخۆماندا نیشتەجێکردووە و چوون کاتژمێر پیادەى دەکەین. دەبێت لە «مەنع تەجەول»دا دەسەڵاتەکان ترسى زیاتریان لەسەر بنیشێت. لەوەش زیاتر, دەبێت هیستریا بۆ ڕێسا کۆنەکانى سەر زەینمان درووستکەین و تێبگەین شارستانیەت بەپێى پێویست شارستانى نەبووە.