سێكسواڵیته‌ی مرۆڤ, بەشێوەیەکى خۆڕسكانه لاده‌ره
سلاڤۆی ژیژه‌ك
لە ئینگڵیزییەوە: ڕوشدی جه‌عفه‌ر
زۆرێك له‌و فێمینیستانه‌ی ڕه‌چاوی لیاقه‌تی سیاسی ده‌كه‌ن, به شێوه‌یه‌كی توند فرۆید و ده‌روونشیكاریش به گشتی وه‌ك شتانێكی به‌سه‌رچوو و كۆنباو ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. خۆم به‌م دواییانه له نه‌مسا وه‌ك پیره‌پیاوێكی سپی‌پێست كه ماوه‌ی 30 ساڵه كتێبێكی نه‌خوێندووەته‌وه، هێرشم كرایه سه‌ر. ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌فیعلی ده‌یكه‌ن بریتییه له سه‌ركوتكردنی دیدگا و قوڵبینییە بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی فرۆید، واته سوبێكتی له‌تله‌ت یان پارچه‌پارچه، و نه‌ست- ئه‌و فاكته‌ی کە خه‌ڵك به‌گشتی نازانن چی‌یان ده‌وێت و ئه‌وه‌شی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن له‌ڕاستیدا نایانه‌وێت.
له‌به‌ر ئه‌مه‌شه كه ڕازیبوون و ڕێككه‌وتنی ئازاد و ڕاشكاوی هه‌ردوو هاوبه‌شه‌كه له كرده‌یه‌كی جنسییانه‌دا بەس نیه بۆ ڕێگرتن له توندوتیژی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كۆنتراكتێكی نووسراو یان سێلفییه‌كی هه‌ردوو هاوبه‌شه جنسییه‌كه‌ش پێویست نه‌بێت، لانیكه‌می ئه‌و شته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نیگه‌رانن له‌باره‌ی توندوتیژی له سێكسدا، داوای ده‌كه‌ن، ڕازیبوونێكی زاره‌كیی ڕوون و ڕاشكاوه، وه‌كئه‌وه‌ی له لایه‌ن یاسایه‌كی نوێوە له new south wales ]له ئوستراڵیا[دا داواده‌كرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕوانگه‌یه پشتگوێی ده‌خات ئه‌وه‌یه کە توندوتیژی بریتییە لە ئیمانێنس و خۆنشینیی سێكس؛ سێكس "له خودی خۆیدا" بریتی نیه له بواری چێژه خۆشی‌به‌خشه‌كان كه له ده‌ره‌وه‌ڕا و له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی باڵاده‌ستی و توندونیژییه‌وه بشێوێنرێن، به‌ڵكو ڕه‌گه‌زه سادۆماسۆشییه‌كان پێكهێنه‌ری جه‌وهه‌رییانه‌ی سێكسن.
له كۆمێنتێكی كه‌مه‌ندكێشدا له‌باره‌ی ڕۆڵی ڕازیبوون و ڕێككه‌وتن له په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كاندا، ئێڤا وایزمان ئاماژه بۆ " ساته‌وه‌ختێك له The butterfly effect ، زنجیره پۆدكاسته‌كه‌ی جۆن ڕۆنسن سه‌باره‌ت به ئاسه‌واره‌كانی شۆكی پۆرنی ئەنته‌رنێت، ده‌كات. له میانه‌ی فیلمێكی پۆڕندا، ئه‌كته‌رێك له ناوه‌ڕاستی دیمه‌نه‌كهدا چووكی له ڕه‌پبوون ده‌كه‌وێت، تا ڕه‌پیدەكاته‌وه، له ژنه‌كه دوورده‌كه‌وێته‌وه كه به ڕووتوقوتی له‌ژێرییه‌وه كه‌وتووه، مۆبایله‌كه‌ی ده‌رده‌كێشته ده‌ره‌وه و سێرچ بۆ سایتی “پۆرن هه‌ب” ده‌كات. ئه‌مه‌شم وه‌ك شتێكی ته‌مومژانه ئه‌پۆكالیپتی و ئاخیرزه‌مانی دێته‌به‌رچاو. دواتریش ئه‌م ئەنجامگیرییه ده‌كات: " شتێكی داڕزیو و گه‌نیو له سێكسكردندا هه‌یه".
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا هاوڕام. به‌ڵام وانه ده‌روونشیكارییه‌كه‌ش بۆ ئه‌مه سەربار ده‌كه‌م: شتێكی به شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری و خۆڕسكانه داڕزیو و گه‌نیو له سێكسكردندا هه‌یه، سێكسواڵیته‌ی مرۆیی له خودی خۆیدا لاده‌رانه‌یه، ئاوه‌ڵایه له به‌رده‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه سادۆماسۆشییه‌كان، و به تایبه‌ت تێكه‌ڵه‌ی واقیع و فه‌نتازیادا. ته‌نانه‌ت كاتێك له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه جنسییه‌كه‌مدا ته‌نیام، په‌یوه‌ندییه(سێكسییه‌كه‌م) له‌گه‌ڵیدا به‌شێوه‌یه‌كی توندوتۆڵ و دانه‌بڕاو په‌یوه‌سته به فه‌نتازیاكانمه‌وه، واته، تێكڕای په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كان بەشێوەیەکى نوستوو وه‌ك "ده‌ستپه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شێكی واقیعی"دا ڕسكاون، من گۆشت و جه‌سته‌ی هاوبه‌شه‌كه‌م وه‌ك پاڵپشتێك بۆ ڕاییكردن و به‌دیهێنانی فه‌نتازیاكانم به‌كارده‌هێنم. ئێمه ناتوانین ئه‌م كه‌لێنه‌ی نێوان واقیعی جه‌سته‌یی هاوبه‌شه‌كه‌م و فه‌زای فه‌نتازیاكان بۆ ئه‌و شێواندنه‌ی له لایه‌ن باوكسالاری و هه‌یمه‌نه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌وه هاتۆته ئاراوه، كورتبكه‌ینه‌وه- ئه‌م كه‌لێنه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئا لێره‌دایه.
بۆیه به ته‌واوه‌تی له ئه‌كته‌ره‌كه تێده‌گه‌م كه به مه‌به‌ستی ڕه‌پكردنه‌وه‌ی چووكی، سێرچی سایتی پۆرن هه‌ب ده‌كات- ئه‌و به دوای پشتگیرییه‌كی فه‌نتازی بۆ پێرفۆرمانسه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت. ڕێك له‌به‌ر هه‌مان هۆكاریشه، وه‌ك به‌شێكی سێكسكردن، یه‌كێك له هاوبه‌شه‌كان داوا له‌ویتریان ده‌كات درێژه به قسه‌كردن بدات، عاده‌ته‌ن شتێكی "قێزه‌ون" بگێڕێته‌وه- ته‌نانه‌ت كاتێك "خودی شت"ـه‌كه ( جه‌سته‌ی ڕووتوقوتی هاوبه‌شه خۆشه‌ویسته‌كه) له‌نێو ده‌سته‌كانتدا هه‌ڵده‌گریت، ئه‌م حزووره ده‌بێت به‌هۆی فه‌نتازیاكردنی زاره‌كییه‌وه ته‌واوکرێت و پشتگیریشی بكرێت.
كه‌واته، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ وایزمان، كه به‌م جۆره لێدوانه‌كه‌ی كۆتایی پێدێنێت: " به هه‌وڵدن بۆ تێگه‌یشتن له دیمه‌نه تاریك و ناڕوونه نوێیه‌كانی پۆرن، ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندرووست له‌گه‌ڵ سێكسواڵیته‌ی خۆماندا به‌ده‌ستبێنین". به‌ڵام چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر بێت‌و سێكسواڵیته له خودی خۆیدا به ته‌واوه‌تی ته‌ندرووست نه‌بێت، چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر دیوه تاریك و ناڕوونه‌كانی پۆرن نه‌ك ته‌نیا له سێكسواڵیته‌ی ته‌ندرووستی ده‌ره‌كییه‌وه لایاننه‌دابێت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی دیوه ناته‌ندرووسته‌كه‌یه‌وه ئیمكانی بوونیان بۆ ڕه‌خسابێت؟ [بە دەربڕینێکى تر, ژیژەک لە قووڵاییەوە پۆرن وەک ئایدیاڵى سێکس وەردەگرێت نەک ئەوەى پۆرن لادانێکى ڕووت بێت لە سێکسدا. وەک‌بڵێى سێکس خۆى ئەو لادانەیە کە لادانەکەى خۆى دەشارێتەوە و لە پۆرندا ژێستەکەى دەکەوێت].
ستیڤ مارتین، له كانونی یه‌كه‌می 2016دا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی مردنی كتوپڕی "كاری فیشه‌ر"ی پێده‌گات، ئه‌م تویته‌ی كرد: " له گه‌نجیمدا، كاری فیشه‌ر جوانترین مه‌خلوقێك بوو كه بینیبێتم. هه‌روه‌ها، دواتر بوو به كه‌سێكی زیره‌ك و قسه‌خۆش و دره‌وشاوه‌ش". ئه‌مه كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌ستبه‌جێی به‌دوادا هات- مارتین تۆمه‌تباركرا به "به‌شتكردن"ی فیشه‌ر، ته‌ركیز خستنه‌سه‌ر له‌شولاری له‌جیاتیی به‌هره‌كانی یان كاریگه‌رییه‌كه‌ی- به‌كارهێنه‌رێكی تویته‌ر وه‌ڵامی دایه‌وه: "پێموایه، ئه‌و ئاگادار بوو زۆر باڵاتره له‌وه‌ی ته‌نیا كه‌سێكی جوان بێت. تۆ ده‌ته‌وێت چۆن یادبكرێته‌وه؟"، بۆیه مارتین تویته‌كه‌ی سڕییه‌وه. ئه‌م تۆمه‌تباركردنه‌م وه‌ك شتێكی گاڵته‌جاڕانه دێته‌به‌رچاو، به‌و پێیه‌ی مارتین به ڕاشكاوی سه‌رسوڕمانی خۆی له‌باره‌ی جوانیی فیشه‌ره‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌ركه‌وتنه سه‌ره‌تاكانی، دواتر ده‌موده‌ست به‌ره‌و هەندێک سیفەتى وەک "زیره‌ك و قسه‌خۆش و دره‌وشاوه" هەڵدەگەڕێتەوە- كرۆكی مه‌به‌ستی تویته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه فیشه‌ر زیاتر بوو له‌وه‌ی ته‌نیا كه‌سێكی قه‌شه‌نگ بووبێت. به‌هه‌رحاڵ، له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه له كۆمه‌ڵگای ئێمه ( و تێكڕای كۆمه‌ڵگاكانی تریشدا) كۆمه‌لێك تێگه‌ی، له ڕووی مێژووییه‌وه تایبه‌ت و باڵاده‌ست، له‌باره‌ی جوانییه‌وه هه‌ن، و ژنێك ( یان پیاوێك!)یش به ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م پێوه‌رانه‌دا ده‌گونجێت، ئه‌و ژن/ یان پیاوه وه‌ك كه‌سێكی جوان و قۆز یان (دیاره، ئه‌مه هه‌میشه هه‌مان شت نیه) له ڕووی سێكسییه‌وه كه‌مه‌ندكێش سه‌یرده‌كرێت.
قه‌ده‌غه‌كردنی قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌مه، نه‌ك ته‌نیا مانای هه‌ڵپه‌ساردنی "به‌شتكردن"، به‌ڵكو هی خودی سێكسواڵیته‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. به‌م پێیه، تراومای غه‌مگینانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی " ناشیرین"ن و به‌قورسی ده‌توانن هاوبه‌شێكی جنسیی كه‌مه‌ندكێش به‌ده‌ستبهێنن، نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌رناكرێت، به‌ڵكو پشتگوێده‌خرێت، به‌م شێوازه‌ش له كاره نهێنى و ژێرزه‌مینییه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌رده‌كێشێت بۆ ته‌قینه‌وه ڕێتێچووەکانى ئیره‌یی و بێ‌ئەمەلبوون و هتد. زگورده بێ‌ئیشتیا و ناچارییه‌كان (incels) زۆر سه‌رڕاستترن: ئه‌وان به ئاشكرایی دان به ناشرینییه‌كه‌یاندا داده‌نێن و هه‌وڵیشده‌ده‌ن سه‌رمه‌ست و قۆشمانه وه‌ك خه‌سڵه‌تێكی پڕ و پۆزه‌تیڤ به‌كاریبهێنن [بە دەربڕینێکى تر, "ناشیرینەکان!" بەشێوەیەکى سەرڕاست و نادیالەکتیکى تراوماکەى ناو سێکس دەردەخەن و لەڕووى گریمانەى تیۆرییەوە هەمان ڕۆڵى نێو پۆرن دەگێڕن].
سەرچاوە:
https://life.spectator.co.uk/articles/human-sexuality-is-innately-perverse/