A+    A-
(518) جار خوێندراوەتەوە

نەریتی ونبوون (ژێسکار)

 

 

 

 سێرژ دێنەی

و. ڕاڤین کامەران

 

 

 

ڤیدیۆى یەکەم(تێبینى: دەبێت خوێنەر هەردوو ڤیدیۆکە بکاتەوە تا پەیوەندى لەگەڵ نوسینەکەدا درووستبکات)

https://www.youtube.com/watch?v=5PS0gY1juCE

 

 

 

هەندێ شتی دەگمەن لە تەلەڤیزیۆنەکاندا ڕوو دەدەن. سەرۆکێکی پێشوو [دوای خوێندنەوەی وتاری ماڵئاوایی] کاتێ لە ژوورەکە دەڕواتە دەرێ فیلمی خۆی دەگرێت، ئەمە دەگمەنە. گرتەیەکی بەتاڵ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن، دەگمەنە. گرتەیەکی بۆش و بێدەنگ، ئەمە لە تەلەفزیۆندا زۆر زیاتر دەگمەنە. ئێوارەی سێشەمە کەمێک پاش کاتژمێر هەشتی ئێوارە، لە نێوان ساتی جێهێشتنی فرەیم[1]ـە درێژەکەی ژێسکار[2](لە چەپەوە بەرەو سەرەوە) و سروودی پڕشکۆی لا مارسێلا، ساتێکی مەزن بەرجەستە بوو. دیمەنێکی تەلەفزیۆنیی چاوەڕواننەکراو و بە باشی نوێنراو، نوێ و سەرنجڕاکێش، لە نووسین و نواندنی ژیسکار. ژیسکار ئەوە بەسەر تۆ و لانیکەم بەسەر تەلەفزیۆندا دەسەپێنێت کە پێشتر تەلەفززیۆن ڕەتی دەکردەوە: بێدەنگیی، بۆشێتیی و بەتاڵێتیی. دەبێت درک بە هێزی سەرۆکێکی پێشوو بکەیت، تەنانەت ئەگەر بۆ چەند چرکەیەکیش بێت، هەوڵێک بۆ دروستکردنی نەریتێک لەبەردەم چاوە سەراسیمە و ئەبڵەقبووەکانی فەڕەنسا. نەریتی ونبوون، کەمتر لە هیچ.

لە فیلمێکی کۆنی سیسیل بی. دیمایڵ[3]، گاری کووپەر سوورپێستێکی سادە و ساویلکە بە لەناکاو دەرکەوتن لە چڕەدووکەڵێکدا سەرسام دەکات. ژێسکار دەیەوێت شتێکی وا بکات، بەڵام پێچەوانەکەی.

ئەوەی گرنگ و کاریگەر بوو قسەکانی نەبوون. دواقسەی ''بەختێکی باش فەڕەنسا'' لاوازیی ئەو نەبوو، کە کاریگەریی لەسەر بینەران دەبێت، بەڵکوو ئەوەی گرنگ و کاریگەر بوو ئەم گرتە بۆش و دڵڕەق و بۆش و هەڵۆڵەیە، کە تێیدا ئەم پیاوە هێواش بۆ قووڵایی مەودای مەجازیی لێژ دەبێتەوە، لە لێوار نزیکتر دەبێتەوە و پاشان ون دەبێت، یاخود 'ئۆف-سکرین'[4] وەک ئێمە لە زمانی سینەفیلیا[5]ییدا وای پێ دەڵێین.

لە ١٠ـی ئایارەوە تەنیا ''ژیسکاری شکستخواردوو!'' هەبوو، بەڵام لەناکاو دەبێت بە ''ژیسکاری ئۆف-سکرین/ لەسەر شاشە ڕۆیشتوو.'' ژیسکار ئیتر تەواو دۆڕابوو. کاتژمێر هەشتی ئێوارە ژنە پێشکەشکارەکە هێشتا دوودڵ بوو لە گوتنی ''بەڕێز ژیسکار دیستن، سەرۆککۆمار''، بەڵام لە کاتژمێر ٨:٠٥ خولەکدا، ئیتر دوودڵییەکەی ڕەوییەوە.

تا ئێستا، شائامانج، گرەوەکە بریتی بووە لە داگیرکردنی تەلەڤیزیۆن، وەک ئەوانەى وا ناوچەیەک داگیر دەکەن، وەک خاوەنداریکردن لە شتێک، بڵاوکردنەوەی کەمتری پەیام نەک ڕێبەندکردنی بڵاوبوونەوەی هەر پەیام و مەسجێک. ڕێگری و بەربەست نەک پەیوەندیی. چەند ساڵێک لەمەوبەر گۆدار درکی بەوە کرد کە تەنیا سەرۆکەکان دەتوانن بە درێژیی کاتژمێرێک لەسەر تەلەڤیزیۆن قسە بکەن، ئەمەش ڕوونترین و هەستپێکراوترین نیشانەی هێز و دەسەڵاتەکەیتی. هەر بۆیە چیرۆکبێژ و حیکایەتخوانەکان کەسانێکی بێزراو و خۆشەویست نین لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان: ئەوان هەڕەشەن، ڕەنگە هێزی درککردن و چێژوەرگرتنمان لە ماوە و کات بۆ بگەڕێننەوە.

چونکە تەلەڤیزیۆن وەک دیسکۆ، وەک مێشکمان دەبێت ئەو هەستەمان پێ ببەخشێت کە هەرگیز ناوەستێ و تەواو نابێت، بەبێ ئەوەی هەستی ماوە و کاتمان پێ ببەخشێت. لە تەلەڤیزیۆندا هیچ ماوەیەک بوونی نییە. بەتاڵی، بەتاڵییەکی درێژکراوە، بێدەنگی، بێدەنگییەک کە نیشتەجێی بیت، ڕەنگدانەوەی ترسێکی ڕووتە، ڕق و نەفرەتێک. کەواتە ژیسکار بە فرەیمە بەتاڵەکەی، ئەو ڕێسایەی وا بۆ باشیی و ڕێکوپێکیی تەلەڤیزیۆن دانراوە، تێکوپێک دەشکێنێت.

ئەم گرتەیە – کە دەبێت وای ناو بنێین – زۆر جوانە. جێهێشتنی نووسینگە و پەردە پیرۆزییەکە دڵڕفێنن. ئێمەی سینەفیلیاکانی کۆتایی سەدەی بیستەم، یادەوەرییەکی زۆرمان لەگەڵ ئەم جۆرە میزانسانە[6] هەیە. لای ئەو دەرهێنەرانەی شێتی 'ئۆف-سکرین'ـن زۆرمان لەم گرتانە بینیووە، ئەوانەی سووچ و لێوارەکانی فرەیم بە ئیرۆتیکی دەکەن، ئەو دەرهێنەرانەی وا لە ئۆبێکتێک دەکەن، شاد یاخود ترسناک بنوێنن. لەناوەوە؟ لە دەرەوە؟ ڕۆیشتن؟ نەڕۆیشتن؟ شاشەی بەتاڵ، بەتاڵکراوە، هێشتا پڕە لە زایەڵەی بوونی ئەکتەر، وەک دیمەنێکی تاوانکاریی کە تێیدا تاوانبارەکە ڕۆیشتووە، بەڵام لە هەموو ئەو شتانەدا ئێمە دەتوانین هەست بە فێڵی دەرهێنەرەکە بکەین.

لە نێوان سینەما و تەلەڤیزیۆن و ڕیکلامدا، چەندین شەپۆل و تەوژم بە بێدەنگی ئاڵوگۆڕ و کەمێک هاوبەشیی ڕەوانبێژیی هاوبەش لە ئارادایە.  پێویستە تا بێت زیاتر و زیاتر ئەمانە تێکەڵ بە یەکتر بکەین. تا ئێستا ئێمە پێویستیمان بە ئاگادارکردنەوەی تیۆریزانە گەورەکان بووە (لە واڵتەر بنیامینەوە بۆ مارشاڵ مەکلوهان، لە ئایزنشتاینەوە بۆ گۆدار)، تا ئەم ئایدیایە بسەلمێنین، ئێستاکە دووبارە ئایدیاکان بە باشی هێنراونەتەوە بەر باس: بابەتی میزانس، ئەستێرەیەک یاخود بەرهەمهێنێک بێت، هیچ نییە جگە لە بابەتێکی ڕەوانبێژی.

لە ساڵی ١٩٨١ـدا، ژیسکار لە نماییشی سیاسیدا ئارەزووی گەڕانەوەی نەختێک لە شکۆی خۆی دەکات، میتران ئەکتەرێکی ترسناکە، لە مێزگردەکەى  لەگەڵ ژیسکار لە تەلەڤیزیۆن، میتران توانی هەموو شتێک بخاتە ژێر جڵەوی خۆی، هۆکاری ئەوەش بۆ مەرجەکانی بوو کە بەسەر لایەنی تەکنیکیی بەرنامەکەی داسەپاندبوو، لایەنی ئێستاتیکا کاریگەریی لەسەر مێزگردەکە هەبوو. بەهۆی سەپاندنی فۆڕمی مێزگردەکە، میتران بردییەوە. بردنەوەکەی لەبەر ئەو قسانە نەبوو وا کردنی، بەڵکوو لەبەر هەڵبژاردەکانی بوو وەک دەرهێنەرێک، دیمەنی پێچەوانەی تێدا نەبوو، کامێرا هەمیشە لەسەر ئەو کەسە بوو کە قسەی دەکرد، هیچ 'ئۆف-سکرین'ێکی تێدا نەبوو.

بە بەراورد لەگەڵ ئەم ئارەزووە بۆ دوورینەوەی هەموو شتێک، ژیسکار وەک پیاوێکی بچووک دەینواند نەک کەسێکی هۆشیار. وەک کەسێک کە بڵێت: ''ئەگەر بەم جۆرەیە، من دەڕۆم، بە ئارەزووی خۆم''، بەڵام ئەوەی دەبێت بە مێژوو ئەم 'بە ئارەزووی خۆمە'ـەیە.

 

 

 

نەریتی دەرکەوتن (میتران)

 

 

ڤیدیۆى دووەم:

https://www.youtube.com/watch?v=uOcgxowATQg&feature=youtu.be

 

 

یەکەم دەستپێکی[7] زنجیرەڕووداوەکە: پیاوێک قەرەباڵغی جێدەهێڵێ و بەرەو ئێمە ڕێ دەکات. ئەو کاتەی ئەو بەسەر پلیکانەکانی باڵەخانەیەکی شکۆدار سەردەکەوێت کامێراکە وێنەی دەگرێت. کامێرا بە شێوازی زاویەی نزم[8] فیلمی دەگرێت، تەنیایە، زۆر تەنیا. پۆشتەوپەرداخ خۆی گۆڕیوە، کەمێک ڕەق ڕێدەکات، بەڵام دەزانێت بەرەو کوێ دەڕوات. [پاشان لە دیمەنی دواتر] کامێرا لە جێیەکی دوور جێگیر دەکرێ و چاوەڕێی ئەکتەرەکەیە بێت بەرەو لای کامێرا: ئەمەش وا دەکات بەردەوام ئەو ببینرێت کە لە دوورەوە دێت. هەنگاوەکانی دەنگ دەدەنەوە، مۆسیقایەکی کلاسیک دەبیسترێت: لە زایەڵەکەدا جۆرێک لە لەرینەوە هەیە و وامان لێ دەکات بیر لە کۆشک و تەلارێکی مەزن بکەینەوە. پیاوەکە نزیکتر دەبێتەوە. ئایا دەزانێت فیلمی دەگیرێت؟ ئایا کەس پێی دەڵێت کامێرایەک بە شاراوەیی دانراوە؟ ڕوون نییە. دەئاخڤێت؟ زیاتر ناڕوونە. هەرچۆنێک بێت، ئەو چەپکێک گوڵی بەدەستەوەیە.


لە لای چەپی فرەیمەکەوە دێتە ژوور، بە شێوەیەکی لۆجیکیش بەرەو لای ڕاست دەڕوات، کامێراکە بە شێوەی تەکنیکی پان سکانس بەرەو ڕاست دەجووڵێت، تا چەند ستوونێکی مەڕمەڕی و چەند پەیکەرێکمان نیشان بدات لەگەڵ چەند وشەیەکی سادە: کۆنڤانسیۆنی نیشتیمانی. پیاوەکە چاو دەبڕێتە وشەکان. ئایا دوودڵە؟ نا، بەڵام دوور دەکەوێتەوە و لە وێنەکەدا ون دەبێت. زیرەکانەیە، کامێراکە بەرەو ئەو دەڕوات و لە چوارچێوەی گرتەکە ڕووناکییەکی کزی ئاڵتوونی هەڵکراوە و لەناکاو ئەکتەرەکەمان بەدیار دەکەوێت.

گرتەی داهاتوو ئەومان لە نزیکەوە بە وەستاوی پیشان دەدات، بیردەکاتەوە و تێڕاماوە. ئەم دیمەنە درێژکراوەیە وەڕزکەر دەبوو ئەگەر لەناکاو شتێک ڕووی نەدابا: پیاوەکە هەنگاوێک دەنێ و گوڵەکە - گوڵەباخێکی سوورە – لەسەر کێلێک دادەنێت، کەم ئەم وشانەی لەسەر نووسراوە: ژان مۆلین.  بە ژێستێکی بوێرانەوە، هەمان کار لەسەر گۆڕی دوو کەسی دیکە ئەنجام دەدات: ڤیکتۆر شۆیلشیر (ئەو کەسەی لە ساڵی ١٨٤١ سیستەمی کۆیلایەتیی هەڵوەشاندەوە) و ژوریس[9]. ئێمە لە پانتیۆنێکین[10]. کاتێک کامێراکە دەچێتە سەر هەر پێنج پیتەکەی "ژوریس" دەنگی مۆسیقاکە بەرزتر دەبێتەوە. کاریگەرییەکە بەهێزە. بەبێ هیچ گوڵێک، پیاوەکە هەر بەو جۆرەی هاتبوو، دەڕوات: بە تەنیا. کۆتایی دەستپێکی زنجیرەڕووداوەکە، فیلمەکە دەستپێدەکات. حەوت ساڵ سەرۆککۆمارێتی.
 

ئەم کورتەفیلمە بێ بەها نییە، ئەگەر واش بێ ئەوا بە شێوازە مەزنەکەی شکۆدارکراوە، ئەمە نە فیلمی ئیڤانی تۆقینەر[11]ە و نە فیلمی سەرزەمینی فیرعەونەکان[12]. دەزانین فیلمەکە سێرژ مۆاتی[13] نووسەرەکەیەتی و میتران[14] ئەکتەرە بێهاوتاکەی. فیلمێکی ڕاستەقینەیە، پڕۆڤەلەسەرکراو، ئەکتەری جێگرەوە[15]، یاریدەدەری بەڕێوبەر[16](بۆ گوڵەکە) و هەموو شتەکانی ناوی فیلمێکی تەواون. میتران لەم کورتەفیلمەدا وەڵامی ئالێنگارییەکەی ژیسکار دەداتەوە.

لە یادمانە کە پێشووتر هەوڵی دروستکردنی کەشێکی ونبوون و دیارنەمان درا: میتران دەبوایە ئەم ئاڵانگارییە بکات و نەریتێکی تر دروست بکات: ئەویش بێگومان نەریتی دەرکەوتنە. نەریتی هاتنە ناو چاورچێوەی کامێرا و مێژووەوە. کاتێک ژیسکار لە ستۆدیۆی تەلەڤیزیۆنەوە بە فەڕەنسییەکانی گوت "ماڵئاوا"، فەڕەنسییەکانی لە تەلەڤیزیۆنی فەڕەنسادا تواندەوە. هەڵەی ژیسکار لەوەدا بوو لەگەڵ بینەران کەوتە قسەکردن و گوتی "بینەرانی ئازیزم". ئەوە ئایدیای ئەو بوو بۆ فەڕەنسا، ئایدیایەکی سنووردار و گاڵتەجاڕانە، ئایدیایەک بەبێ یادەوەری و بەڵام پڕ لە تەنز. ئەگەر میتران خۆی لە نێوان ئەم دیکۆرەدا بەند بکردبایە و ڕێک بچووبایە سەر کورسییە جێهێڵدراوەکەی ژیسکار، ئەوا میتران هەڵەیەکی گەورەی ئەنجام دەدا. هەر بۆیە ئەویش هەوڵی شتێکی دیکەی دا: دۆخێک بەسەر تەلەڤیزیۆن بسەپێنێت کە تەلەڤیزیۆن بڕوات بۆ لای ئەو، وێنەی بگرێت لەو شوێنەی هەرگیز لە پانتیۆنەکەدا ناڕوات، لەوەش زیاتر: لەنێوان مردووەکاندا.

پەیامەکە ڕوونە و هیچ گومانێکیش لە گەیشتن و بیستنی پەیامەکەدا نییە. پێویستیی شەرعیەتدان، ئارەزوویەک بۆ چوونە ناو مێژووی فەڕەنسا (مێژووییەکی دوانەیی: مێژووەی براوەکان و مێژووی دۆڕاوەکان)، ئارەزووی هەڵبژاردنی ڕەگوڕەچەڵەکی خۆی بە هەڵبژاردنی مردووەکانی "خۆی"، بڕوات و ئاماژەیان پێبکات، بە دەستەکانی نا (ئەمە جوان نییە) بەڵکو بە گوڵ. لە تەواوی میتۆلۆژی و ئەفسانەکاندا پێویستە پاڵەوانەکان هەمیشە بە تەنیا لەبەردەم مردووەکاندا ئامادە بن، بەڵام لەژێر چاوی تاساو و سەرسووڕماوی زیندووەکاندا. پێویستە لەوێ بیت، تا ڕووداوێکی سیمبوولی دروست بکەیت. فیلمەکەی مۆواتی بە تەنیاییەکی کاتی و زووتێپەڕی میتران دروستکراوە، تەنیاییەکی دزراو لە زیندووەکان و دواتر پاش گەشتەکەی بۆ لای مردووەکان لەژێر چاوی کارەبایی کامێرا، تەنیاییەکەی بۆ زیندووەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەمە لەبیرچوونەوەکەی ژیسکار دەگۆڕێت بۆ نەبوونی هاوسۆزییەک لەگەڵ ژیسکار. ئەم زیندووکردنەوەیەی کۆماری ئەفسانەییە پڕە لە جۆشوخرۆش و هاوکات دەکرێت بەخێراییش ببێت بە ئێستاتیکایەکی پڕشکۆی ڕاستەقینە (کە فیلمەکە ئەم ئارەزوو و زەوقە دەبەخشێت).

بەڵام بۆچی ئێمە کەمێکیش بێت ئەم شێوازە ئەکادیمییە قبوڵ ناکەین؟ بۆ ساتێک، هەستێکی سۆزداری هەیە، لانیکەم لە تەواوی تایبەتمەندێتیی مەراسیمەکەدا ئارەزوویەک بۆ کاریگەری و لەمسکردن لە ئارادایە. دواتر دەبێت تەماشای ئەو ئایدیایە بکەین کە ئایا تەلەڤیزیۆن واقیع، نەریت و پیرۆزی لە بەهای خۆیان دەخات. ئەمە ئاڵانگارییە نوێیەکەی میترانە بۆ مەکلوهان[17]. بەردەوامیش دەبێت.

 

ئەوە هەموو ئەو شتانە بوو کە پێرێ شەو لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن بینیمان. دواتر و لەهەمان کەناڵ، هەستم کرد هەمان فیلم، هەمان گەشت بۆ سەرزەمینی مردووەکان دووبارە دەبێتەوە: پیاوێک گەنج، وەک ئەوەی خەواندنی موگناتیزیی بۆ کرابێت، لە دیکۆرێکی چۆڵ و تارکیدا بەرەو پێشەوە دەڕوات، هاوڕێیەکی دەبینێت کە پێی وابووە ماوەیەکی زۆر لەوەو بەر ونی کردووە و بە دەنگێکی سەیر دەست بە قسەکردن دەکەن "[وەک ئەوەی] لە شوێنێکی ترەوە بێت".

- ڕەنگ زەرد هەڵگەڕاوە... و بۆنی خاکت لێ دێت...

- هەروەها تۆش...

- بۆ ماوەیەکی زۆر لێرە دەمێنیتەوە؟

- بۆ هەمیشە...

ئێمە دەزانین ئەوە خەونێکە. یەکێکە لەو خەونانەی لویس بونوێل کە بەشێكی لەو ئێوارەیەدا لە کەنالی دوو پەخشکرا: [فیلمی] جوانییە شاراوەکانی بۆرژوازی.[18]

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] چوارچێوەى گرتەیەک

[2] ڤالیری ژێسکار دیستن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤-١٩٨١

[3] فیلمی Unconquered

[4] “off-screen”

[5] ئەڤیندارانی سینەما

[6] mise-en-scène

[7] دەستپێک لێرەدا بەرامبەر بە وشەی pre-credit دانراوە، کە لە سینەمادا بەو بەشەی فیلم دەوترێت کە فیلمێک دەست پێدەکات و ناوی ئەکتەرەکان لەسەر شاشە دەنووسرێن و ڕووداوی فیلمەکە ڕوو دەدات. لە زۆرێک لە فیلمەکاندا ڕووداوی سەرەکی لەم دە خوولەکەی یەکەمەدا ڕوو دەدات و پاشان زنجیرە ڕووداوەکانی دیکەی بەدوادا دێت.

[8] low angle

[9] ژان ژوریس (١٨٥٩-١٩١٤) سەرۆکی حیزبی سۆسیالیستیی فەڕەنسی.

[10] Pantheon

[11] ئیڤانی تۆقێنەر/ دەرهێنانی سێرگی ئایزنشتاین (١٩٤٤).

[12] سەرزەمینی فیرعەونەکان/ دەرهێنانی هاوارد هاوکس (١٩٥٥)

[13] ڕۆژنامەنووس، پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی و دەرهێنەری فەڕەنسی.

[14] فرانسوا میتران سەرۆککۆماری فەڕەسا لەنێوان ساڵانی ١٩٨١-١٩٩٥.

[15] ئەکتەری جێگرەوە مەبەست لە چەمکی Body doubleـە لە فیلمسازیدا. لەو شوێنانەی ئەکتەری سەرەکی ناتوانێت هەندێک دیمەن ئەنجام بدات، ئەکتەرێکی جێگرەوە ئەو کارە ئەنجام دەدات بەبێ دەرکەوتنی ڕووخساری.

[16] Property master: ئەو کەسەی لە فیلمسازی و تەلەڤیزیۆندا بەرپرسی دیکۆر و کەلوپەلەکانە لە شوێنی گونجاودا.

[17] مارشاڵ مەکلوهان، فەیلەسووفی کەنەدی کە زیاتر بە تیۆرییەکانی لەبارەی میدیاوە ناسراوە.

[18] The discreet charm of the Bourgeoisie by Luis Bunuel 1972

 

سەرچاوە:

https://sergedaney.blogspot.com/2011/01/ritual-of-appearance-mitterrand.html?m=1