A+    A-
(397) جار خوێندراوەتەوە

 

 

ململانێ دژ بە کۆرۆناڤایرۆس، مرۆڤایەتی کەمایەسیی ڕابەرایەتیی هەیە

 

 

 

 

یۆڤال نوح هەراری

لە ئینگلیزییەوە: شاڵاو یاسین

 

 

 

 

خەڵکێکی زۆر لۆمەی پەتای کۆرۆناڤایرۆس دەکەن سەبارەت بە گڵۆباڵیزەبوونی جیهان، هەروەها دەڵێن تاکە ڕێگە بۆ ڕێگەگرتنی ئەم جۆرە کارەساتانە بریتییە لە داماڵینی جیهان لە گڵۆباڵیزەبوون(بەجیهانیبوون). هەروەها دەڵێن درووستکردنی دیوارە بەرزەکان، سنوردارکردنی گەشت، کەمکردنەوەی کاری بازرگانی، لەگەڵ کەرەنتینەکردنی کورتخایەن کارێکی بنچینیەییە بۆ ڕێگەگرتن لە پەتا، هەروەها گۆشگیرکردنی درێژخایەنیش بەرەو داڕووخانی کایەی ئابوری ملدەنێت بەبێ پێشکەشکردن و خستنەڕووی پاراستنێکی ڕاستەقینە دژ بە نەخۆشییە تەشەنەسەندووەکان. بە پێچەوانەوە، دژە-ژەهری نەخۆشییە درماوییەکان بریتی نیە لە جیاکردنەوە و هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەڵکو بریتییە لە ڕۆحی هاوکاری و بەدەمەوەچوون. پەتاکان مودەتێکی زۆر پێش سەردەم و چاخی بە جیهانیبوون، ژمارەیەکی بێشوومار خەڵکی کوشتووە. لە سەدەی چواردە(١٤)دا، کە ئەوکات هیچ فڕۆکە و کەشتییەکی دەریایی گەورە بوونی نەبوو، هێشتا مردن و تاعونی ڕەش لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ خۆرئاوای ئەورووپا تەشەنە دەسێنێت و بڵاودەبێتەوە تەنها لە ماوەی کەمتر لە دەساڵ. جۆرە نەخۆشییەکی وەها، بووەهۆی کوشتنی ٧٥ ملیۆن بۆ ٢٠٠ ملیۆن مرۆڤ – کە دەکاتە نیوەی زیاتری دانیشتوانی ئۆرۆ-ئاسیا.. لە ئینگلتەرا، لە دە کەسدا چواریان دەمردن. شاری فلۆرانس نزیکەی ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دانیشتوانی لە ناوچوون.

لە مانگی ئازار(مارچ)ی ١٥٢٠دا، نەخۆشیی ئاوڵە، لەڕێگەی بارهەڵگری فرانسیسکۆ دی ئیگۆلە، لە کەناراوەکانی مەکسیک لەنگەری گرت. لەو کات و زەمانەدا، ناوەندی ئەمریکا خاوەنی هیچ جۆرە شەمەندەفەرێک نەبوو، تەنانەت خاوەنی پاس و گوێدرێژیش نەبوو. بەڵام لە لە مانگی کانونی یەکەمدا پەتای ئاوڵە تەواوی خەڵکی ناوەندی ئەمریکا چۆڵ و وێران کرد، بەگوێرەی هەندێک خەمڵاندن سێ بەشی دانیشتوانی ئەمریکای ئەوکات دەکوژێت. لە ساڵی ١٩١٨دا، ئەنفلۆنزای جۆری پیس توانی لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا بە تەواوی گۆشەکانی جیهاندا بڵاوبێتەوە. ئەم پەتایە تووشی نیو بلیۆن خەڵکی بوو- کە دەکاتە زیاتر لە چارەکی هەموو ڕەگەزی مرۆڤ. پاشان مەزندە دەکرێت ئەم ئەنفلۆنزایە ٥%ی دانیشتوانی هیندیەکانی کوشتبێت. لە دورگەی تاهیتی ١٤%ی خەڵکەکەی کوشت، هەروەها ٢٠% خەڵکی سامواشی کوشت. هەموو بە یەکەوە ئەم پەتا جیهانییە دە(١٠) ملیۆن لە خەڵکی کوشت-بە تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا. واتا زیاتر لە قوربانییانی جەنگی جیهانیی یەکەم کە لە ماوەی چوارساڵدا لە شەڕێکی دڕندانەدا کوژران.

لە سەدەی پێشوودا بە تایبەت لە دوای ساڵانی ١٩١٨دا، ڕەگەزی مرۆڤایەتی زیاتر لاواز یان  لەبارن بۆ توشبوون بە پەتا، ئەمەش بە هۆی چڕی و گەشەی لەڕادەبەدەری دانیشتوان و ئامرازی گواستنەوەی باشترەوە. میترۆپۆلە مۆدێرنەکان وەک تۆکیۆ و ماکسیکۆ-سیتی، تێیدا زۆر خێراتر پاسۆجین و هۆکاری نەخۆشییەکان دەگەن و بڵاودەبنەوە وەک زیاتر لە سەردەمی فلۆرانسی سەدەکانی ناوەڕاست، ئەمە لەکاتتێکدا تۆڕەکانی گواستنەوەی جیهانی لەمڕۆدا زۆر خێراترە لە سەدەکانی پێشوو بە تایبەت ساڵانی ١٩١٨دا. بۆیە ڤایرۆسێک دەتوانێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە مەکسیکۆسیتی بۆ تۆکیۆ و لەوێشەوە بۆ پاریس بە ئاسانی بگوێزرێتەوە. هەموو ئەمانە وا دەکات پێشبینیی ئەوە بکەین کە لە جەهەنمێکی درماوی دا دەژین، لە بەرئەوە لە گەڵ توشبوونی یەک کەس بە پەتا و تاعون هەموو ئەوانی دیکە دەبنە جێگەی مەترسی. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێژە و کاریگەریی پەتاکان وردەوردە و بە شێوەیەکی دراماتیکی کەمدەبنەوە و نامێنن. سەرەڕای ئەوەش، نەهامەتی و کارەساتی وەک ئایدز و ئیبۆلا، لە سەدەی بیستویەکدا وەک پەتا-گەلێک ڕێژەیەکی کەمتر لە خەڵک بە بەراورد بە زەمەنەکانی پێشووی چاخی بەردیندا دەکوژێت. ئەمەش لە بەرئەوەی باشترین بەرگریی مرۆڤ دژ بە پاسۆجینەکان(ڤایرۆس و بەکتریا و مایکرۆئۆرگانیزمەکانی دی) بە تەنها بریتی نەبووە لە گۆشەگیری-بەڵکو زانیاری بووە. لەمڕۆدا ڕەگەزی مرۆڤ براوەی جەنگێکیی هەمەگیرە دژ بە پەتا و درمەکان، ئەمەش لە بەر پێشبڕکێیەکی جەنگئاسای نێوان پاسۆجینەکان و دکتۆرەکان، پاسۆجینەکان پشت بە بازدانێکی کوێرانە دەبەستن لەکاتێکدا دکتۆرەکان پشت بە شیکاریی زانستیی زانیارییەکان دەبەستن.

 

 

 

بردنەوەی جەنگ لە گەڵ پاسۆجینەکاندا

کاتێک مردنی ڕەش(تاعوون) لە سەدەی ١٤دا سەریهەڵدا، خەڵک هیچ ئایدیا و بیرۆکەیەکی سەبارەت بە سەرهەڵدانی نەبوو، تەنانەت نەیاندەتوانی چۆنچۆنی خۆیانی لێ قوتار بکەن. تاکو چاخ و سەردەمی مۆدێرن، مرۆڤ هەمیشە هۆکاری پەتا و نەخۆشییەکانی دەگەڕاندەوە بۆ توڕەیی خودا، هەوای خراپ و شەیتانی بەدکار و پیس، تەنانەت هەرگیز پێشبینی و گومانی لە بوونی بەکتریا و ڤایرۆسەکان نەدەکرد. خەڵک ئەو کات بە گشتی باوەڕی بە کاری دەستی فریشتە و جنۆکەکان دەکرد، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا وێنای ئەوەی نەدەکرد کە دڵۆپێک ئاو ڕەنگە یەک گروپی کەشتیوانی کامل بە تەواوی و بە شێوەیەکی کوشندە لەناوبەرێت. لەبەرئەوە کاتێک مردنی ڕەش یاخود پەتای ئاوڵە پێیان گەشت و سەردانیکردن، لە بەرئەوە باشترین شت کە دەسەڵاتداران بیانتوانیایە ئەنجامی بدەن ڕێکخستنی نوێژخوێنانی بە کۆمەڵ بوو بۆ خودا و قەشە هەمەجۆرەکان. هەرچەندە ئەم کردەیە یارمەتیی نەدەدان. لەڕاستیدا کاتێک خەڵکی پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ پاڕانەوە و خوێندنی نوێژی بەکۆمەڵ، ئەوکات ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتەهۆی توشبوونی بەکۆمەڵ و بڵاوبوونەوەی پەتای بەکۆمەڵ. لە ماوەی سەدەی پێشوودا، زاناکان، دکتۆرەکان و پەرستارەکان لە تەواوی دونیادا پێکەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان کرد لەپێناو تێگەشتن لە میکانیزمەکانی پشت پەتاکان و هۆکارەکانی بەرگری و چارەسەکردنی. تیۆری پەرەسەندن ڕوونیدەکاتەوە کە بۆچی و چۆن نەخۆشییە نوێکان دێنەکایەوە هەروەها نەخۆشییە کۆنەکانیش بۆچی و چۆن دژوار و زیانبارتر دەبن. جێنەتیکەکان توانا بە زاناکان دەبەخشێت بۆ تێگەشتن و سیخوڕیکردن بە سەر پاسۆجینەکان، بە جۆرێکی تر توانای تێگەشتن سەبارەت بە زانیاری و دەلیلە تایبەتییەکانی پاسۆجین دەبەخشێت. لەکاتێکدا خەڵکی سەدەکانی ناوەڕاست هەرگیز هۆکاری سەرەکیی مردنی ڕەشیان نەدۆزییەوە، بەڵام زاناکانی ئەمڕۆ تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا توانیان حەکایەتی کۆرۆناڤایرۆس بزانن و دەستنیشانی بکەن. بە شێوەیەک توانییان زنجیرە جینۆمە تایبەتییەکانی ڤایرۆسەکە و تاقیکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو لەمەڕ ڤایرۆسەکە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی خەڵکە توشبووەکە بناسنەوە.

یەکجار کە زاناکان تێگەشتن لەوەی چی دەبێتەهۆی دروستبوونی پەتا و درمەکان، ئیتر زۆر ئاسانتر دەبێت بۆ شەڕکردن لەگەڵیاندا. بوونی ڤاکسینەکان، ئەنتی بایۆتیکەکان و هایجینە پێشکەوتووەکان، لەگەڵ ژێرخانێکی ئابوريی پزیشکی باشتر ڕێگەی بە مرۆڤ دا دەستێکی باڵای هەبێت بۆ ئەوەی بە سەر دڕندە نەبینراوەکاندا زاڵ بێت. لە ساڵی ١٩٦٧دا، نەخۆشيی ئاوڵە ١٥ ملیۆن مرۆڤی تووشکرد و ٢ ملیۆن خەڵکیشی کوشت. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا هەڵمەتی جیهانيی ڤاکسینی ئاوڵە سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕێکخراوی تەندرووستيی جیهانی ئەم ڤاکسینەی بڵاوکردەوە بەمەش مرۆڤایەتی بە سەر نەخۆشيی کوشندەی ئاوڵەدا زاڵ بوو و بەجۆرێک جەنگەکەی بردەوە، دوا بە دوای ئەوە، پەتای ئاوڵە بە یەکجاری سڕدرایەوە و لەنێوبرا. لە ساڵی ٢٠١٩دا بە تەنها یەک کەسیش بە نەخۆشيی ئاوڵە نەمرد و توشیش نەبوو.

 

 

 

پاسەوانی سنورەکانمان

ئەم مێژووە چ شتێکمان فێر دەکات سەبارەت بە پەتای کۆرۆناڤایرۆسی هەنووکە؟

 

یەکەم، وا دەردەکەوێت تۆ ناتوانیت پارێزگاری لە خۆت بکەیت بە داخستنی یەکجارەکیی سنورەکان. لە بیرت بێت پەتاکان زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا وابوو، هەروها تاکو پێش سەردەم و چاخی بەجیهانیبوون بە هەمان شێوە بوو. بۆیە تەنانەت ئەگەر تۆ بێیت پەیوەندییە گلۆباڵییەکانت کەمبکەیتەوە تا ئاستی ساڵانی ١٣٤٨ی ئینگلتەرا-هێشتا ئەمە بە تەواوی کافی نیە. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جدی پارێزگاری لە خۆت بکەیت لە ڕێگەی خۆ-گۆشگیرکردنەوە و پاشان بگەڕێیتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاستیش هێشتا ناتوانیت. پێویستە بەتەواوی بگەڕێیتەوە بۆ چاخی بەردین، بەڵام ئایا دەتوانیت شتی وا بکەیت؟

دووەم، مێژوو دەریخستووە کە پارێزگاریی ڕاستەقینە لە خود، لەڕێگەی ئاڵوگۆڕ و بەشکردنی زانیاری باوەڕپێکراوی زانستی و هاوپشتیى جیهانییەوە دێت. کاتێک وڵاتێک لەنێو پەتایەکدا دەچەقێت، پێویستە ویستیکی ڕاستگۆیانە هەبێت بۆ بەشکردنی زانیاری دەربارەی کارەساتەکە بەبێ ترسان لە داڕووخان و کارەساتی ئابوری-لەکاتێکدا دەبێت وڵاتانی دیکە باوەڕ و متمانە بەو زانیارییانە بکەن، هەروەها دەبێت ویست و ئامادەییەکی باش هەبێت بۆ فراوانکردنەوەی یارمەتی و هاوپشتی، نەوەک بێیت هەر بە تەنها قوربانییەکان دووربخەیتەوە لە کۆمەڵ و بە کەرەنتینەیان بکەیت. ئەمڕۆ، چین دەرس و وانەیەک بە هەموو وڵاتانی دونیا دەدات، دەرس و وانەگەلێکی گرنگ دەربارەی کۆرۆناڤایرۆس، بەڵام ئەمە پێویستی بە هاوکاری و متمانەیەکی بەرزی نێونەتەوەیی هەیە. هەروەها هەماهەنگیی نێونەتەوەییش پێویستی بە تەقەلای جدی بە کەرەنتینکردن هەیە. کەرەنتینکردن و گەمارۆدان کارێکی جەوهەرییە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتا و درمەکان. بەڵام کاتێک وڵاتێک هیچ متمانەیەکی بە وڵاتێکی دیکە نیە و هەر وڵاتێکیش وا بیردەکاتەوە کە بە تەنها باوەڕی بە خۆیەتی و بەس، ئەو کات حوکمەتەکانیش دوودڵ دەبن بۆ گرتنەبەری ئەم جۆرە هەوڵ و کردارە توندانە. گەر تۆ ١٠٠ حاڵەتی کۆرۆناڤایرۆس بدۆزیتەوە لە وڵاتەکەتدا، ئایا دەستبەجێ هەموو شار و هەرێمەکان دادەخەیت و گەمارۆ دەدەیت؟ تا ئەندازەیەکی زۆر، ئەمە پشت بە، "چ پێشبینییەک لە وڵاتانی دیکە دەبەستیت" دەبەستێت. لە ڕاستیدا داخستنی تەواوەتیی شارەکەت بەرەو داڕووخانی ئابوری ملدەنێت. گەر تۆ باوەڕت وابێت وڵاتانی دیکە دێن و یارمەتیت دەدەن-ڕەنگە ئەوکات زۆر بە توندی ئەم هەنگاو و کردارانە بگریتەبەر. بەڵام گەر پێت وابێت وڵاتانی تر فەرامۆش و پشتگوێت دەخەن، لەوانەیە ئەو کات تاکو مودەیەک کە هێشتا درەنگ نەبووە دوودڵ بیت و هەنگاوی کرداری نەنێیت.

دەشێت گرنگترین شت کە خەڵک بتوانێت درکی پێ بکات دەربارەی ئەم پەتایانە، بریتی بێت لەوەی تەشەنەسەندی ئەم پەتایە لە هەر وڵاتێکدا، بە تەواوی ڕەگەزی مرۆڤ بخاتە مەترسییەوە. ئەمەش لە بەرئەوەیە کە ڤایرۆسەکان وەک سرووشتی خۆیان بە پێی کات گەشەدەکەن و پەرەدەسێنن. ڤایرۆسەکانی وەک کۆرۆنا، بنەچەی درووستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ئاژەڵەکان، بە تایبەتیش وەک شەمشەمەکوێرەکان. کاتێک ڤایرۆسەکان بازدەدەن بۆ نێو مرۆڤ، لە سەرەتادا هەوڵدەدەن خۆیان لە سەر خانەخوێى مرۆڤ بگونجێنن (یان ئەداپتەیشن بکەن). لە پرۆسەی زۆربوون و دووکەرتبوونیدا لە نێو مرۆڤدا بە ڕێکەوت یان هەندێکجار تووشی بازدان دەبن. زۆربەی بازدانەکان بێ زیانن. بەڵام ناو بە ناو بازدانەکان وا لە ڤایرۆسەکە دەکات زۆر کاریگەر و دوژمنکارانە هەڵسوکەوت بکەن یاخود بەتوندی بەرەنگاری سیستەمی بەرگریی مرۆڤ ببێتەوە-هەروەها بازدانی جینی ئەم ڤایرۆسانە بە شێوەیەکی خێرا بە نێو دانیشتوانی مرۆڤدا بڵاودەبێتەوە. کاتێک تاکەکەسێک دەبێتە خانەخوێی تریلیۆن ڤایرۆسی پارتیکڵ و بەشەکی کە بە پرۆسەیەکی دووکەرتبوونی نەگۆڕ تێدەپەڕێت، ئەوکات هەر کەسێکی تووش بوو تریلیۆن بوار و هەلی نوێ بە ڤایرۆسەکە دەبەخشێت بۆ ئەوەی لەگەڵ مرۆڤدا ئەداپتەیشن بکات و خۆی بگونجێنێت. هەموو مرۆڤێکی هەڵگری ڤایرۆس وەک ئامێری قومار وایە، کە بە تریلیۆنان بلیت یان تکتی پشکهاویشتن(یانسیب) دەبەخشێت بە ڤایرۆسەکە-هەروەها ڤایرۆسەکەش پێویستی بە ڕاکێشانی یەک تکتی براوە هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوێت یان گەشەبکات.

ئەمە بە تەنها قەبڵاندن نیە بەڵکو لەوەش زیاترە. ڕیچارد پریستۆن لە کتێبی"قەیران لە زۆنی سووردا". ئەم زنجیرە ڕووداوانەی بەدیاریکراوی لە ٢٠١٤دا لە باسکردنی کارەساتی ئیبۆلادا بەم شێوەیە وەسفدەکات. کارەساتەکە لەو کاتەدا دەستیپێکرد کە هەندێک ڤایرۆسی ئیبۆلا لە شەمشەمەکوێرەوە بازیاندا بۆ نێو مرۆڤ. ئەم ڤایرۆسانە وا لە مرۆڤ دەکەن توشی نەخۆشییەکی تووند بێت، بەڵام خودی ڤایرۆسەکان زۆر بە باشی لە ناوەوەی شەمشەمەکوێرەدا خۆ-گونجاندنیان کردووە بۆ ئەوەی بژین، وەک زیاتر لە لەشی مرۆڤدا. ئەوەی وایکرد ئیبۆلا لە نەخۆشییەکی تا ڕادەیەک دەگمەنەوە بگۆڕێت بۆ پەتایەکی تووڕە، بریتی بوو لە تاکە بازدانێک لە تاکە یەک جیندا، هەروەها لە تاکە یەک ڤایرۆسی ئیبۆلا کە توشی یەک مرۆڤ بووبوو، ئەویش لە هەندێک شوێنی ناوچەی ماکۆنای باکوری ئەفریقا سەریهەڵدا بوو. بازدان توانا و قودرەت بە جۆری ئیبۆلای بازدەر دەدات-کە پێی دەوترێت جۆری ماکۆنا-بە کۆڵیسترۆڵە گوێزەرەوەکانی خانەی مرۆڤ بلکێت و پەیوەندی درووستبکات. ئێستا، لەجیاتیی کۆڵیسترۆڵ، گوێزەرەوەکان ئیبۆلا ڕادەکێشنە نێو خانەکانەوە. ئەم جۆرەی ماکۆنا نوێیانە چوارجار تەشەنەسەندووتر و دوژمنکارانەترە بۆ مرۆڤ. وەک لە سەرەوە خوێندتەوە، لەوانەیە هەمان بازدان لە یەک جیندا لە کۆرۆناڤایرۆسیشدا ڕووبدات کە هەندێک کەسی لە تاران و میلان و ووهاندا توشکرد. ئەگەر بە ڕاستی ئەمە ڕووبدات، ئەوە ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشەیەکی ترسناک نەک تەنها بۆ ئێرانییەکان و ئیتالییەکان و چینییەکان بەڵکو تەنانەت هەڕەشەیەکی جدیشە بۆ سەر ژیانی تۆ و هەموومان. خەڵکی لە سەرانسەری دونیادا بەشدارن لە بەرژەوەندیی ژیان و مردندا نەک بە تەنها بۆ ئەوەی هەل و دەرفەت بە کۆرۆناڤایرۆس ببەخشن، بەڵکو بە مانای ئەوەی کە ئێمە پێویستمان بە پاراستنی هەرکەسێکە لە هەر وڵاتێکدا.

لە ساڵی ١٩٧٠دا مرۆڤایەتی هەموو هەوڵی خۆی لەپێناو بەزاندنی ڤایرۆسی ئاوڵەدا خستەگەڕ، لە بەرئەوە هەموو کەسێک لە هەموو وڵاتێکدا دژ بە ڤایرۆسی ئاوڵە لە ڕێگەی ڤاکسینەوە دەکوترا. ئەگەر تەنانەت یەک وڵات شکستی بهێنایە لە کوتانی دانیشتوانەکەیەوە لەڕێگەی ڤاکسینەوە، لەوانە بوو ئەوکات هەموو ڕەگەزی مرۆڤ لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا بوایە. بۆیە هەتاوەکو ڤایرۆسی ئاوڵە بوونی هەبێت و لە هەرشوێنێکیشدا گەشەبکات، ئەوە ئەوکات سەرلەنوێ لە هەموو شوێنێک تەشەنە دەکات و بڵاودەبێتەوە.

شەڕکردنی مرۆڤ لە گەڵ ڤایرۆسەکاندا، پێویستی بە پاسەوانیکردنی سنورەکان هەیە لە نزیکەوە. بەڵام نەک سنوری نێوان وڵاتان. بەڵکو پێویستی بە پاسەوانیکردنی سنورەکانی نێوان دونیای مرۆڤ و ناوچەی ڤایرۆسەکانە. هەسارەی زەوی تێک-ئاڵۆزکاوە لەگەڵ بێشومار لە ڤایرۆسەکاندا، هەروەها ڤایرۆسە نوێکان بە بەردەوامی بە هۆی بازدانی جێنێتیکەوە گەشەدەکەن. هێڵی-سنوریی کە ناوچەی ڤایرۆس لە گەڵ دونیای مرۆڤدا جیادەکاتەوە بریتییە لە لەشی مرۆڤ خۆی کە لێیەوە ڤایرۆسەکان دەتوانن داخڵ بن. گەر ڤایرۆسێکی ترسناک هەوڵ بدات ئەم سنورە لە هەر شوێنێکی سەر زەویدا ببڕێت و بچێتە ناوییەوە، ئەوکات هەموو ڕەگەز و جۆری مرۆڤ دەخاتە ژێر مەترسییەوە. لە سەدەی ڕابردوودا، مرۆڤ ئەم سنوورەی لە هەرکاتێکی تر قایمتر و تۆکمەتر کرد. سیستەمی تەندرووستیی مۆدێرن وەک دیوارێک لە سەر ئەم سنورەدا لە پێناو خزمەتکردندا بیناکرد، پەرستار، دکتۆر و زاناکان ئەو پاسەوانە ئێشکگرانەن کە هەمیشە بەرپەرچی هەر مشەخۆر و ڤایرۆسێک دەدەنەوە. لەگەڵ ئەوەشذا، بەشێکی درێژی ئەم سنورە بە داخەوە لە ئێستادا مەکشوف و کراوەتەوە..

سەرباری ئەوەش، سەدان ملیۆن خەڵک لە تەواوی دونیادا بێبەشن لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان. ئەمەش بۆخۆی هەموومان دەخاتە ژێر مەترسی و هەڕەشەوە. هەمیشە وا ڕاهاتووین بیر لە تەندرووستی لە ڕووی نەتەوەییەوە بکەینەوە، بەڵام دابینکردنی کەرەستە و خزمەتگوزاریی تەندرووستی بۆ ئێرانییەکان و چینییەکان یارمەتیی پاراستنی بۆ نمونە ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەدات لە درم و پەتاکان. ئەم حەقیقەتە سادەیە پێویستە بۆ هەموو کەسێک ڕوون بێت، بەڵام بە داخەوە تەنانەت هەندێک لە گرنگترین کەسەکان لە دونیادا لێی هەڵدێن.

 

 

جیهانێک بەبێ ڕابەر

جیهانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی توشی قەیرانیکی توند و ترسناک بوەتەوە نەک بە تەنها بە هۆی کۆرۆناڤایرۆسەوە، بەلکو هەروەها بە هۆی نەبوونی متمانە لەنێوان مرۆڤەکانیشدا. بۆ ڕووبەڕووبەنەوە و بەزاندنی پەتایەک، خەڵک پێویستی بە متمانەی زانستیی زاناکانە، هاوڵاتیان پێویستیان بە متمانەی دەسەڵاتە گشتییەکانە، هەروەها وڵاتەکان پێویستیان بە متمانەی یەکترییە. نزیکی چەند ساڵێکی کەم پێش ئێستا، سیاسیە نا-بەرپرسیارەکان بە ئەنقەست متمانەی زانستییان لەنێو دەسەڵاتە گشتییەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا لاواز و بنکەن کرد. وەک دەرئەنجامی هەموو ئەمانە، هەنووکە ئێمە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە غەمبزوێنە بووینەتەوە، قەیرانی سەرکردەکانی جیهان کە دەتوانێت وەڵامی گرنگ لە ئاستی ڕێکخستن و سرووش و فینانسکردنی هاوکاریی جیهانی بداتەوە. لە سەروبەندی ساڵی ٢٠١٤دا سەبارەت بە پەتای ئیبۆلا، ئەمریکا وەک جۆرێک لە لیدەر و لە ڕابەرایەتیکردن خزمەتی کرد. ئەمریکا هەمان ڕۆڵی قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ی جێبەجێکرد و بینی، کاتێک لە پشتی کۆکردنەوەی وڵاتاندا بوو بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنی ئابوریی جیهان. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەمریکا دەستبەرداری ڕۆڵی مێژوویی خۆی وەک ڕابەرایەتیکردنی جیهان بوو. ئیدارەی ئەمریکای هەنووکە پشتگیرییەکانی خۆی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەستاند لە نمونەی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی، ئەمەش پەیامێکی ڕوون بوو بۆ جیهان بەوەی چیتر ئەمریکا هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نیە-لە ئێستادا تەنها و تەنها بەرژەوەندییەکانی دەبینێت. کاتێک قەیرانی کۆرۆناڤایرۆس تەقییەوە و سەریهەڵدا، ئەمریکا لە دوورەوە وەک تەماشاکەر وەستا و، خۆی لە ڕۆڵی ڕابەرایەتیکردن دوورەپەرێزگرت. تەنانەت ئەگەر لە دواجاریشدا هەوڵی گرتنە ئەستۆی ڕابەرایەتیکردنی جیهان بدات، ئەوە متمانەکردن لە ئیدارەی ئێستایدا تە ئەندازەیەک داخوراوە و لەدەستچووە، تەنانەت ئەوکات چەند وڵاتیکی کەم ویستی ئەوەیان دەبێت شوێنی بکەون. ئایا تۆ شوێن سەرکردەیەک دەکەویت هەموو دروشمەکانی بریتیە لە"من یەکەمم".

 

 

 

"Me First"

ئەو بۆشاییەی کە لەلایەن ئەمریکاوە درووستکراوە تاکو ئێستا هیچ کەسێک نەیتوانیوە پڕیبکاتەوە. بەپێچەوانە ئێستا ترسان لە بێگانە و گۆشەگیرگەرایی و بێ متمانەیی تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی داپۆشیوە یان بە جۆرێک دیاریى کردووە. بەبێ متمانەکردن و سۆڵیدارێتیی جیهانی ناتوانین پەتایەکی وەک پەتای کۆرۆناڤایرۆس بوەستێنین، ڕەنگە ئێمە لە داهاتوودا چەندین جۆری دیکەی پەتای وەک کۆرۆناڤایرۆس ببینین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر قەیرانێک لەخۆیدا بریتییە لە دەرفەتێک. خۆشبەختانە پەتای هەنووکە دەتوانێت یارمەتیی مرۆڤ بدات لە تێگەیشتن و درککردن بە مەترسییەکی توند، کە لە ڕێی دووبەرەکی و دابەشبوونی جیهانەوە درووستیکردووە. بۆ ئەوەی نمونەیەکی دیار و گونجاو بێنمەوە، پەتا دەتوانێت ببێت بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ یەکیتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی پشتگیریی خەڵک بەدەستبێنێتەوە کە ساڵانێکە لەدەستیداوە. گەر ئەندامەکانی یەکێتیی ئەوروپا بتوانن بە شێوەیەکی خێرا و میهرەبانانە هەوڵی ناردنی پارە، کەرەستە و ئامێری پزیشکی تایبەت بدەن بۆ یارمەتیدانی هاوکارە زیانپێگەیشتووەکانی، ئەوکات ئەمە دەبێتە سەلمێنەری نرخ و بەهای ئایدیاڵە ئەورووپییەکان خۆیان، باشتر لە هەر ئەندامێکی دیکە کە تەنها لێدوان دەدات. گەر لە لایەکی دیکەوە، هەر وڵاتێک وازی لە پارێگاریکردن لە خۆی هێنا، ئەوە ئەوکات لەوانەیە پەتاکە دەنگی زەنگی مردن بە یەکێتییەکەدا بڵاوکاتەوە.

لەم چرکەساتەی قەیراندا، خەباتی سەرەکی و گرنگ تەنها لەڕێگەی مرۆڤ خۆیەوە دەکرێت. گەر ئەم پەتایە ئەنجامەکەی بریتی بێت لە دابەشبوونی گەورەتر و نا-متمانەیی زۆر لە نێو خەڵکدا، ئەوە دەبێت بە سەرکەوتنێکی گەورەی ڤایرۆس بە سەر مرۆڤدا. بەڵام کاتێک مرۆڤ لە سەر شتی پووچ بە شەڕ دێت-ڤایرۆسەکان دووجا یان دووبەرابەر دەبنەوە. بە پێچەوانەشەوە، گەر دەرئەنجامی پەتاکە بریتی بێت لە نزیکبوونەوەی هاوپشتی و هاوکاریی جیهان لە یەکتر، ئەوە ئەوکات دەبێت بە سەرکەوتن نەک تەنها دژ بە کرۆناڤایرۆس بەڵکو دژ بە هەموو پاسۆجینەکانی داهاتووش.

 

 

 

 

 

لەم لینکەوە کراوە بە کوردی:

 

https://time.com/5803225/yuval-noah-harari-coronavirus-humanity-leadership/?fbclid=IwAR2d-q5T-xcMBBQgqlgI8dYH-M2Ka4jlyd6r5kAkj-fNu-2xWYQcp9VLtEQ