A+    A-
(868) جار خوێندراوەتەوە

 

بۆچی دیدگاکانی فەیلەسوفێکی ڕۆمانی سەبارەت بە ترس لە مردن پەیوەندیدارە بە کێشەی کۆرۆناڤایرۆسەوە؟

 

 

 

 

تۆماس نەیڵ

لە ئینگلیزییەوە شاڵاو یاسین

 

 

 

 

 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆسی نوێ بە جیهاندا، ترس لە نەخۆشکەوتن و مردن، نیگەرانی و قورسایی خۆی لە سەر مێشکی بەشێکی زۆر لە خەڵک دادەنێت. ئەم فۆرمە لە ترس دەکرێت هەندێک جار ببێتە هۆی فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی ئەوانی دیکە بە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانیانەوە. بۆ نمونە، لە هەموو جیهان مادە و ئایتمە بنچینەییەکانی وەک کاغەزی تەوالێت و مادە پاکژکەرەوەکانی دیکەی دەست بە یەکجار فرۆشران، بە هۆی خەزنکردن و عەمبارکردنیانەوە لەلایەن خەڵکەوە.

لە سەدەی یەکەمی پێش زاینیدا، شاعیر و فەیلەسوفی ڕۆمانی، لۆکریتۆس نیگەران بوو لەوەی ترسی ئێمە لە مردن بەرەو ڕەفتار و باوەڕی نا-عەقڵانی ئاراستەمان بکات کە ڕەنگە لەدواییدا ببێتەهۆی زیانگەیاندن بە کۆمەڵگا. وەک فەلسەفەکارێک کە کتێبێکم سەبارەت بە لوکریتۆس بە ناوی (تیۆری ئیتیک) لەلای لوکریتۆس نوسیوە، لە کتێبەکەدا تێبینیی ئەوەم کردووە کە چۆن پێشبینیەکانی ئەو فەیلەسوفە لە دونیای ئەمڕۆدا هاتوونەتەدی و بە ڕاست گەڕاون.

 

 

لوکریتۆس و باوەڕەکەی

لوکریتۆس ماتریاڵیست بوو، ئەو باوەڕی بە خودا یان ڕۆح نەبوو. پێی وابوو سرووشت هەمووی لە مادەی بەردەوامی گۆڕاو دروستبووە. ئەو کاتەی هیچ شتێک لە سروشتدا جێگیر و سابت نیە، سەرەنجام هەموو شتێک لە ناو دەچێت و دوایی دێت. مردن بۆ لۆکریتۆس وابوو کە ڕێگەی دەدا ژیانێکی نوێ لە کۆنەوە بێتە دەرێ. لوکریتۆس لە کتێبی"سروشتی شتەکاندا" دەڵێت، کاتێک هیچ ترسێکی ڕاستەوخۆ لە مردن لە ئارادا نیە، خەڵک کەمتر لە ژیان و مردن ئەترسن. بەڵام کاتێک نەخۆشی و مەترسی هێرش دەکات، خەڵک دەست دەکەن بە ترسان و، بیرلەوە دەکەنەوە پاش مردن چی دێت. لوکریتۆس دەنوسێت هەندێک خەڵک ڕەنگە وا لە خۆیان بکەن هەست بە دۆخێکی باشتر بکەن کاتێک وێنای ئەوە دەکەن کە ڕۆحێکی نامادییان هەیە یان خودایەکی چاکەکار هەیە. هەندیکی تر ڕەنگە وێنای ژیانی پاش مردن وەک ژیانێکی نەمر و ئەبەدی بکەن، وەک فەیلەسوف تۆددی مەی لە کتێبەکەی"مردن" لە ٢٠١٤دا گفتوگۆی دەکات. ترس لە مردن ڕەنگە خەڵک بە ئاراستەی بیرۆکە و ئایدیایەکی ئاسودەئامێز ببات بەوەی ڕۆحێکی جاویدانی و نەمر هەیە  کە زۆر گرنگ و پڕ بایەخترە لە لەش و دونیای ماتریاڵ.

 

 

ترس و ترازانی کۆمەڵایەتی  

هەرچەندە ترسێکی ئەخلاقی لە جۆرە باوەڕێکی وەهادا، وەک لوکریتۆس گەنگەشەی دەکات، ڕەنگە ئەوە بێت خەڵک بە گشتی سەرقاڵ و مژوڵی کۆمەڵیک شت بن کە بە مانایەک لە ماناکان کێشەیەکی ئەوتۆ نەبێت. ئەم ترس و نیگەرانییە، هەموو شتێک لە ژیاندا پیس دەکات. وا دەکات کە هیچ چێژێکی ڕوون و پاک نەمێنێت، و تەنانەت ڕقێکی زۆر ئاراستەی ژیان و بوون دەکات، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نیگەرانی سەبارەت بە مردن دەتوانێت سیستەمی بەرگریی لەش نزم یان لاواز بکات و وا دەکات زۆر گونجاو و لەبار بێت بۆ تووش بوون بە پەتاکان.

هەروەک لوکریتۆس دەڵێت، ترسان لە مردن دەتوانێت خەڵک بەرەو ترازان و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی ڕادەپێچێت. کاتێک خەڵکی دەترسن لەوەی بمرن، ڕەنگە بیرلەوە بکەنەوە دوورکەوتنەوە و کشانەوە لە ئەوانیدی یارمەتیان بدات لە پاراستنیان لە مەترسی و نەخۆشکەوتن و مردن. ئەمە هەر ئەوەیە کە خەڵکی لە لایەن ترس و ئارەزووە ساختەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، بۆیە دوور هەڵدێن و خۆیان دەکشێننەوە. ئەم دیاردەیە بە جوانی لە توێژینەوە تیرۆرییەکاندا دیکومێنتکراوە. ترس لە مردن لە ئارەزویەکەوە ئەنجامگیر دەبێت، هەروەها بۆ ئەوەیە لە گروپە بێ سوود و کێماسیەکان هەڵبێیت. لە چیندا بۆ نمونە، کرێکارە کۆچبەرە لادێنشینەکان لە شارە کەرەنتینکراوەکاندا بلۆککراون یان ڕاگیراون. یان لە باڵەخانەکان کراونەتەدەرەوە و لەلایەن خاوەن کارگەکانەوە دەرکراون. هەر وەک دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کۆرۆناڤایرۆس دەدەن. لە ئەمریکاش، کرێکارە زۆر هەژارەکان ناتوانن لە ماڵەوە بێمننەوە و ژیانێکی تا ئەندازەیەک خۆشنود بژین و هەروەها ناتوانن ئەو پارەیە دابین بکەن دوای نەخۆشکەوتن سەردانی دکتۆر بکەن. بۆیە ئەمانە زۆرتر هەڕەشەی تووشبوونیان لێ دەکرێت تاکو ئەوانەی دەتوانن خۆیان لە ماڵەکاندا گۆشەگیربکەن. ئاسیاییە-ئەمریکییەکان ڕۆژانە تووشی جیاکاری دەبنەوە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس. خەڵکێکی کەم دەچن بۆ چێشتخانە چینییەکان لە بەر ترسی توشبوون بە پەتاکە. خوێندکاری خوێندنگە ئاسیاییە-ئەمریکییەکان بەردەوام لە ڕێگەی کۆمێنت و تانەی ڕەگەزپەرستانەوە بە ئامانج دەگیرێن.

 

 

تەرکیزخستنەسەر سەر تەندرووستی

بە گوێرەی تیۆرەکەی لوکریتۆس، "ترسان لە مردن کاریکی ناعەقڵانییە، لە بەرئەوەی یەکجار کەسێک کە مرد غەمبار نابێت، لە لایەن خودایەکەوە حوکم نادرێت و غەم بۆ خێزانەکەی ناخوات. بە گشتی هیچ شتێک ڕوونادات. مردن بۆ ئێمە هیچە". نەترسان لە مردن ئاسانترە وەک لەوەی بترسیت. بۆ لوکریتۆس ئەمە هەموو شتێک بوو، بۆیە ئەمە گرنگترین ئاڵنگارى و چاڵنجی ئیتیکی و ئەخلاقییە لە پێناو ژیانماندا بیکەین. لەجیاتیی ئەوەی نیگەرانی ئەوە بین پاش مردن چی ڕوودەدات، لوکریتۆس ئامۆژگاری خەڵک دەکات فۆکەس بخەنە سەر لەش و جەستەیان بە شێوەیەکی تەندرووست خۆیان بپارێزن و لە ئەنجامدانی هەمان شتدا، یارمەتیی یەکدی بدەن.

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://theconversation.com/why-a-roman-philosophers-views-on-the-fear-of-death-matter-as-coronavirus-spreads-132951?fbclid=IwAR3c1AVRmfhlmefBO1vTZPM5log8mCwI1pjbLiAJPY6euN17kIjPT75Cgv8