A+    A-
(1,715) جار خوێندراوەتەوە

دیوە پڕشنگدارەکەی ناسیۆنالیزم

 

 

 

یۆڤاڵ نوح هەراری

بۆ کوردیی ناویین: سوورێن ئیبراهیم  

 

 

 

ئەمڕۆ دەمەوێ سەبارەت بە ناسیۆنالیزم لە سەدەی بیستویەکدا قسەتان بۆ بکەم. زانکۆی بۆداپێست لە ناوەڕاستی ئەورووپا، جێیەکی فیتە بۆ شەنوکەوی پرسێکی ئاوا. چون بەداخەوە ئەم کۆڕەی زانکۆ ئێستا لە ڕیزی قوربانییانی شتێکدایە، یان ئەگەری هەیە ببێت، کە وادیارە شەپۆلێکی هەڵکشاوی ناسیۆنالیزمە و خەریکە ئەورووپا دادەپۆشێ. من پەیوەندییەکی تایبەتییشم بەم پنتەى جیهانەوە هەیە. دووان لە باوانی من خەڵکی ئیمپڕاتۆریای نەمسا- هەنگاریا بوون. نزیکەى هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان لە دەمەدەمی ئەو دواشەپۆلە ناسیۆنالیستییەی وا حەفتاوپێنج ساڵ لەمەوپێش ناوچەکەی داژەند، کوژران. بەڵام لەم وتاربێژییەدا، هەرچەندە گوێگرانم شێلگیرانە تەرێز لە ناسیۆنالیزم دەگرن، گەرەکمە خۆمان ڕاچڵەکێنم تا سەرچیخ نەچین و گشت پڕشنگەکانی ناسیۆنالیزم لە ڕیشەوە بە پەڕگیریی نەژمێرین. ئەمڕۆ دەمەوێ پی لەسەر ڕەهەندێکی پڕشنگداری ناسیۆنالیزم داگرم، ئەویش پاڵشتیی پانوپۆڕی لە مرۆڤایەتیی و گرنگیی نەپساوەیەتی لەم سەدەی بیستویەکەدا.

 

جیاوازیی نێوان خێڵ و نەتەوە:

کەواتە ڕێم بدەن با لە پێشینەى ناسیۆنالیزمەوە دەست پێ بکەین. ناسیۆنالیزم بۆ ڕابردوویەکی زۆر دوور دەگەڕێتەوە. مسۆگەر «دەوڵەتنەتەوە»ـکانی ئیمڕۆ بەشێکی هەمیشەیی نەبوون لە سرووشتی بایۆلۆژیی و کەڵکەڵەى مرۆیی. «دەوڵەتنەتەوە»ـکان گەشەسەندنێکی زۆر زۆر درەنگی پێچکەى پەرەسەندنی مرۆڤن. مرۆڤ بە واتای فیتاوفیتی وشەکە، بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. «وەفاداریی بۆ کۆمەڵ»، لە بۆهێڵ[1]ـەکانی ئێمەدا ڕەگئاژۆ بووە. بەڵام مرۆڤ ملیۆنان ساڵ لە کۆمەڵی بچکۆلە و پەیوەندیی فرە بەرتەسکدا پێکڕا ژیاون، نەک لە «دەوڵەتنەتەوە»ـکاندا. مرۆڤی باڵاڕاست، تەنانەت مرۆڤی ژیری کەوناریش، لەو دەستە و پێڕانەدا دەژیان وا ئەوپەڕەکەی سەت بۆ دووسەت کەسێک دەبوون.

لەگەڵ ئەمەش، نزیکەى حەوت هەزار ساڵێک پێش ئێستا، کە بە پێوەری پەرەسەندن ماوەیەکی زۆر کورتە، ئەوسا مرۆڤە ژیرەکان فێر بوون سوود لە فەرهەنگ وەربگرن؛ ئەویش وەک دەستاوێژێک بۆ هاوکاریی لە چێوەیەکی فراواندا. هەر ئەمەش هێمای سەرکەوتنمانە وەک ڕەگەزێکی گیانەوەریی. ئەوە ئێمەین ئەم ئەستێرەمان بەپێی لێوەشاوەیی خۆمان داهێناوەتەوە، نەک نیاندەرتاڵ و شەمپازیی و فیلەکان، چونکە ئێمە تاکە مەمکدارین بتوانین بە کۆمەڵی زۆروزەوەند پاڵپشتی یەک بین؛ سا بێ دابڕان ئەم کارە بکەین و بە تیپەڕینی کاتیش شێوەی پاڵپشتییەکەمان بگۆڕین. گەر دەهەزار شەمپازیی ڕادەیتە یاریگەیەکی توپێن یان بازاڕ و زانکۆ، دەبێتە گەڵەزەنگ و گێژاوێکی ڕووت، لێ گەر دەهەزار مرۆڤی ژیر بانگهێشتی هەمان شوێن بکەى، بەو مەرجەی فەرهەنگێکی هاوبەشیان هەبێ، ئەوا تانوپۆی تۆڕێکی ڕێکوپێکی پاڵپشتیی دەچنن.

بەڵام  چنینی ئەم تۆڕە پانوپۆڕە پاڵپشتییە دیاردەیەکی خلیچک و پلەڕیزە. کاتێ نزیکەى حەفتاهەزار ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا پێڕە بچکۆلانەکان تێکەڵ بوون و خێڵە سەرەتاییەکانی مرۆڤی ژیریان پێک هانی، ژمارەى ئەندامی ئەم خێڵانە چەن سەد کەس یان لەوانەیە چەن هەزار کەسێک پتر نەبووبێتن. تا سەردەمی «شۆڕشی کشتوکاڵیی»، ئاوا نزیکەى دەهەزار ساڵ لەمەوبەر، نیشانەی کۆبوونەوەى مرۆڤانەى لەمە گەورەتر نابینین. مسۆگەر ئەم خێڵە کۆنانەى وا دەیان هەزار ساڵ لەمەوپێش دەژیان، زۆر زۆر لە نەتەوە مۆدێڕنەکان جیاواز بوون. هەندێ کات نەتەوەخوازان پێیان وایە گوایە نەتەوە فیتاوفیتی خێڵە، لێ وا نییە. خێڵە کۆنەکان هیچ چەشنە ڕێکخستەیەکی بەڕێوەبردن و ئابووریی و خۆشگوزەرانییان نەبوو، هێزی سەربازیی و هێزی ئامادەی خزمەتیان نەبوو.

لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، خێڵە کۆنەکان کۆڕی تاڕادەیەک خۆمانە و پێکهاتوو لە هاوڕێ و خزمان بووە، نەک کۆمەڵەیەکی خەیاڵیی پێکهاتوو لە هاووڵاتیانی لێک نامۆ. خێڵێکی بۆ نموونە سێهەزار کەسیی، دەسەبەش دەبوو بۆ ئەو دەستە زۆرانەى وا هەماهەنگیی جۆراوجۆریان هەبوو. هەندێ کات پێکڕا دەچوونە ڕاو، یان پێکڕا جەژنیان دەگێڕا، یان هێزەکانیان یەکدەخست تا بەرانبەر دوژمنێکی هاوبەش بجەنگێن. گەر لە خێڵێکی وا ژیابای لەوانەیە ١٠%ـی پێکهاتەى خێڵەکە هاوڕێ و خزمانی زۆر نزیکی تۆ بن: خوشکەکانت، خزمەکانت، یان هاوڕێ گیانی بە گیانییەکانت، تەنانەت ئەو ٩٠%ــەکەشی ناسیار و نزیکت بوون. لەوانەیە یەکێکیان نزیکترین هاوڕێی خزمێکتان، یەکێکی تر برای مێردی خوشکەزا یان برازاکەتان بوایە، ئەوەى تر پێنج ساڵ پێش ئێستا لە جەژنێکدا شەونشینییەکتان پێکەوە ڕابواردبێ، لە هەموو ڕوانگەکانەوە نەناسی کەم لە خێڵەکەدا هەن.

ئەم تەنگەژەیە یەخەى نەتەوەى مۆدێڕن دەگرێ: لە نەتەوەی مۆدێڕندا ٩٩%ـی کۆمەڵەکە لەو خەڵکانە پێکهاتوون وا لە هەموو ڕووەکانەوە یەکتری ناناسن. بۆ نموونە، نیشتیمانەکەى خۆم، ئیسرایڵ، نەتەوەیەکی زۆر بچکۆلانەیە و وڵاتێکی بچووک، تەنیا هەشت ملیۆن دانیشتوانێتی. بەڵام ئەم ژمارەیەش بە کەم مەگرن. من تەنانەت یەک لە سەدی ئەم هەشت ملیۆنەش ناناسم، ڕاستییەکەى من هەشتاهەزار کەسیش ناناسم؛ تەنانەت هەشتهەزار کەسیش ناناسم. ٩٩٠٩٩%ـی خەڵکی وەک من لەم وڵاتەدا لە سەرپاکی ڕوانگەکانەوە بە من نامۆن. ڕەنگە لە زهنی خۆمدا وەک برا و هاوڕێی خۆم وێنایان بکەم، لێ ئەمە تەنیا وێنایەکی زهنییە. قەت لەگەڵ زۆربەیان دانەنیشتووم. ئەگەرێکی لاوازە ڕۆژێک بتوانم زۆربەی ئەوانە ببینم. هیچ نەبێ بە شێوەی دیدەنیی. ڕەنگە لە وێستگەى شەمەندەفەر لە تەنیشت زۆر کەسەوە تێپەڕیبێتم، بەڵام ڕاستییەکەى هەرگیز لەگەڵیان دانەنیشتووم، ئەوان هاوڕێی نزیک و خزمی من نین، هاوسەر و خوشکەزا و برازای من نین؛ یان ئەوانە نین وا پێشتر شەونشینییەکم لەگەڵیان ڕابواردووە.

هەمان خاڵ بۆ قەڵەمڕەویش دەست دەدات: خێڵێکی سەرەتایی ڕاوچیی- کۆکەرەوە لە قەڵەمڕەوێکی بۆ نموونە چەند سەت کیلۆمەتریی چوارگۆشە بارگەوبنەى خستووە، گەر لە خێڵێکی وادا ژیابای، مسۆگەر گشت کانیی و گابەرد و درەختەکانی ئەو بوومەت لە نزیکەوە دەناسی. لە بەرانبەردا ئیسرایڵ، پانتاییەکەی نزیکەى بیست هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. هەنگاریا پانتاییەکەی نەوەتوسێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ڕووبەری ڕووسیا حەڤە ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، بەڵام زۆربەی ڕووسەکان تێکڕای ناوچەکانی ڕووسیایان نەدیوە. تەنانەت ئیسرایڵیش بەو بچووکییە بۆ زۆربەی دانیشتووانەکەى پتر ڕووبەرێکی نەناسراوە. گەر یەکڕا لە چۆڵەوانییەکانی نەقەب[2] یا کوێستانەکانی جەلیل، بگرە لە دەوروپشتی تەلئەبیب، جێبم بهێڵن، ناتوانم پێشبینیی بکەم لە کوێ جێهێڵراوم: منیش هەرێم و وڵات و نیشتیمانەکەم ناناسم.

خەڵک بە زۆریی نەتەوەگەرایی هاوتای خێڵگەرایی دەزانن، لێ ئەمە ڕەپوڕاست هەڵەیە. بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێشی نەتەوە مۆدێڕنەکان ئەوەیە کۆمەڵیک دەرچەیان دۆزیوەتەوە تا هاووڵاتییان ناچار بکەن گرنگیی بەو نەناسانە بدەن وا هەرگیز چاویان بە چاویان نەکەوتووە، هەروەتر هاووڵاتییان ناچار بکەن تا گرنگیی بە شوێنی وا بدەن کە هەرگیز بۆی نەچوون، کاری وا، گردەبڕ، لە بڕستی هەر خێڵێکی سەرەتایی بەدەرە. هەر بۆیە لە کۆندا کاتێ خێڵەکان فراوانتر و فراوانتر دەبن، سەرەنجام ڕێژەی بێگانە بێئەندازە زیاد دەبن. ئیتر خێڵەکان دووچاری پارچەپارچەیەتیی دێن، بۆ نموونە، نزیکەى پەنجا هەزار ساڵ پێش ئێستا ئوستراڵیا لە وای خێڵێک یا چەن خێڵێکەوە بوو بە هەوارێک بۆ نیشتەجێبوون، لێ کاتێ ئەورووپاییەکان لە سەدەى حەڤدەدا ڕوویان لەوێ نا، ڕووبەڕووی نەتەوەیەکی یەکگرتووی ئوستراڵیایی، یان چەن نەتەوەیەک نەبوونەوە: بەڵکوو ڕووبەڕووی سەدان خێڵی چەشناوچەشن و بگرە دژبەرەوە بوو، چونکە خێڵەکان بە تێپەڕینی کات پارچە بووبوون.  

کەواتە، یەکێ لەو خاڵانەی گەرەکە پشتگوێی بخەین ئەوەیە کە، نەتەوە وەک خێڵ نییە و نەتەوەگەراییش هاوتای خێڵگەرایی نییە. ئەو نەتەوەخوازانەى وا دەیانەوێ نەتەوەگەریی زۆر کەونار و سرووشتیی نیشان بدەن، جەخت لە سەر کاڵکردنەوەى ئەم جیاوازییە دەکەنەوە، بەڵام ئەمە هەڵەیە. تەنانەت گەر هاوتایی نەتەوە و خێڵ بپەژرێنین، ئەوا ئەم کارە نەتەوەگەرایی بۆ پلەی هەربوو و سرووشتیی بایۆلۆژیی مرۆڤ ناگەڕێنێتەوە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، پێشینەى خێڵەکان ئەوپەڕەکەى نزیکەى حەفتاهەزار ساڵیک  دەبێ. لە کاتێکدا مرۆڤ دووملیۆن ساڵی تەمەنە، کەواتە خێڵگەراییش گەشەیەکی درەنگی پەرەسەندنی مرۆڤایەتییە، جا چ بە نەتەوەگەراییدا بگات.

هەندێ لە نەتەوەگەراکان بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە سۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هێندەى پەیوەندیی و سۆزی دایک و منداڵ کەونار و سرووشتییە. شتێکی سرووشتییە گەر «نەتەوە» و «نیشتیمان» بە «دایک» بزانین، وەک چۆن لە دەستەواژەی «دایکەڕووسیا[3]» دەیبینین. بەڵام بەراوردێکی وا لە بەراوردەکەى پێشوو باوەڕپێنەکراوترە. بانگەشەی وا خەیەڵپڵاوییە. سۆزی هاوبەش بۆ ڕێکخراوێکی وەک «دایکەڕووسیا» (با دەستبڵاو بم) تۆ بڵێ بۆ حەفتاهەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە بەرانبەردا سۆزی نێوان دایک و منداڵی مەمکداران لانیکەم حەفتا ملیۆن ساڵ تەمەنێتێ. پێشینەى ئەمە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژی بەر لە پەیدابوونی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

کەواتە، با ئەو قسانەى تا ئێستا کردوومن پوختی بکەمەوە. ملیۆنان ساڵ مرۆڤ لەو دەستە بچووکانەدا دەژیا وا ژمارەی ئەندامەکانی لە پەنجەى دەست تێ نەدەپەڕین. پاشان بۆ دەیان هەزار ساڵ مرۆڤ لەو خیڵانەدا دەژیا وا ژمارەی ئەندامەکانی ئەوپەڕەکەى چەند هەزار کەسێک بووە. ئەوە پاش «شۆڕشی کشتوکاڵیی» و داهێنانی نووسین و پارەیە نزیکەى پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر ئیتر گۆڤانی دەرکەوتنی پاشایەتییی گەورە و ئیمپڕاتۆریی و نەتەوەکانین، بارگۆڕانی خێڵە جیاوازەکان بۆ نەتەوەیەکی یەکگرتوو نە لە سەردەمی کەونار و نە لە سەردەمی ئێمەدا، ڕووداوێکی هەر وا سادە نەبووە. چون مژاری سەرەکیی- وەک پێشتر هێمامان بۆ کرد- ئەوەیە، خێڵی کەونار کۆمەڵەی خۆمانە بوون و لەو کەسانە پێک هاتبوون وا تەختونەخت یەکیان دەناسی، ئەمە لە کاتێکدا نەتەوە ئەو لەو کەسانە پێک هاتووە وا نامۆن بە یەکتری.

 

نامۆ لە بەرانبەر بێگانەدا:

ئێستاش دەبێ ڕەچاوی ئەو خاڵە بکەین کە لە «نامۆ» و «بێگانە» یان «دەرەکیی» لێک جیاوازن، بێگانە ئەو کەسەیە بە زمانێکی جیاواز دەدوێ. سەروسەکوتی لێل سەروسەکوتی من جیاوازە. فەرهەنگی لە فەرهەنگی من جیاواز بێ. لە بەرانبەردا ڕەنگە نامۆ هاوزمانی من بێت، سەروسەکوتی وەک من بێ، دەکرێ لێکچوونی فەرهەنگیی لەگەڵم هەبێ. لێ دیسانەوە نامۆیە. چون هەرگیز نەمدیوە و ڕووبەڕوو نایناسم. نەتەوە گەورەکان کاتێ ڕەنگڕێژ بوون کە گۆڕان و پەرەسەندنی مینا کشتوکاڵ و نووسین و هۆیەکانی پەیوەندیی کاریگەرتر ئەم شوێنەیان هێنایە بوون، تا بێهەژمار نامۆ، ملیۆنان نامۆ، لە فەرهەنگێکی هاوبەشدا بەشدار بن.

گۆڕانێکی ئاوا، جا ناچارانە بێ یان ئازادانە، چێ بووە، لێ هەر ئەوە بەس نەبوو کە ملیۆنان نامۆ لە فەرهەنگێکی هاوبەشدا بەشدار بن تا نەتەوەیەکی یەکگرتوو فرچک بگرێ. کەس هازی ئەوەی نییە پەیوەندیی نزیک و خۆمانەى لێل ملیۆنان کەس هەبێ، لەو سۆنگەوە بۆ ئەوەى فەرهەنگ بگۆڕین بۆ نەتەوە، هەمیشە پێویست بووە تاکەکان ناچار بکرێن تا پەیوەندیی لەگەڵ نامۆکان بگرن. متمانەیان پێ بکەن، ئەمەش هەمان نەخشەڕێ و شاڕێبازی نەتەوەگەراییە تا مرۆڤ ناچاری هاوبەشێتیی لەگەڵ نامۆکان بکرێن. ئەم نەخشەڕێ و شاڕێبازە دوو ئەرکی لە ئەستۆیە، یەکێکیان ئاسان و ئەوی تریان فرە فرە گران.

یەکەم کاری نەتەوەگەرایی ئەوەیە هاونیشتیمانییانی ناچار بکات کەسی وەک خۆیان لە بێگانە لا پەسەندتر بێ. ئەمەش کارێکی ئاسانە، چون ملیۆنان ساڵە مرۆڤ ئەم کارە دەکات. بەداخەوە دژەبێگانەیەتیی بە ڕێژەیەکی زۆر لە بۆهێڵەکانماندا پەروار کراوە. بۆ نموونە من دوو کەس دەبینم، تا ئێستاش بە دیداری کەسیان شاد نەبوومە، لە نزیکەوە نایانناسم. لەم ڕوانگەیەوە هەردووکیان پێم نامۆن. لێ یەکێکیان ڕووخساری لە من دەچێت و بە زمانی من دەدوێ و هاوبەشێتیی فەرهەنگیی لەگەڵم هەیە. ئەمە لە کاتێکدا ئەوەى تریان سەروسەکوتی جیاوازە و بە زمانێکی بێگانە دەدوێ: بەزۆریی ئەو نامۆی وا لە من دەچێ لەوى تریانم پێ پەسەندترە. ئەمە کارە ئاسانەکەى نەتەوەگەراییە، بەڵام کارێکی زۆر تووش و گرنگتری نەتەوەگەرایی چییە؟

پرسی نەتەوەگەرایی ڕقلێبوونەوە نییە لە بێگانەکان. چونکە نەتەوەگەرایی ڕەگەزێکی زۆر گرنگتر و تێکەڵتری هەیە، ئەو ڕەگەزەش ئەوەیە هەندێ کات نامۆمان لە هاوڕێ و خزمەکانی خۆمان پێ ئەوبەرتر بێ. بۆ نموونە: گریمان من بەرپرسێکی حکومییم و لە وەزارەتی دەوڵەت، هەلێکی کار ڕەخساوە، منیش خەریکم چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانێک دەکەم تا بزانم کارەکە بە کێ بدەم. من بڕیار دەدەم ئەو کارە بدرێتە کێ. ئێستاش دەبێ لە نێوان دوو بژاردەدا تەڵبژێر بکەم: بژاردەی یەکەم ژنێکی لێوەشاوەیە و پێشتر هەر نەمدیوە، بژاردەکەى تر ژنێکی ئاساییە و خزمی خۆشمە، ئێستا من چی بکەم؟ پرسیارێکی دژوارە! ملیۆنان ساڵ پەرەسەندن و گەشەسەندن لە کەللەمدا دەنەڕێنێ: «گەمژە مەبە! ئەم کارە بدەرە خزمەکەى خۆت! منجەنجی پێ ناوێ!» لێ نەتەوەگەرایی پێم دەڵێت: «نا، نا، نا! تۆ دەبێ کارەکە بدەیتە ئەو ژنە لێوەشاوەیە! چونکە نیشتیمانپەروەری ژیر خزمەتی بەرژەوەندییەکانی نیشتیمانیی لە پەیوەندییە خێزانییەکان لا ئەوبەرترە، نیشتیمان و نەتەوە پێویستیان بە کارگێڕە لێوەشاوەکانە. پێدانی ئەم کارە بە خزمەکەی خۆت، گەندەڵیی و ناپاکییە لە نیشتیمان.»

نموونەیەکی تر، وای دانێن دوو منداڵ نەخۆش دەکەون، یەکێکیان منداڵێکی بێگانەی نەناسە و لە شارۆچکەیەکی دوور دەژی کە بە هەموو تەمەنم ڕێم تێی نەکەوتووە، مناڵەکەی تریش کچی خۆمە. دەرامەتیی مانگانەی منیش بۆ نموونە دووهەزار یۆرۆیە و لە دۆخی ناکاودا گریمان دەتوانم هەزار یۆرۆ بۆ چاودێریی تەندرووستیی و خزمەتگوزاریی پزیشکیی خەرج بکەم. دیسانەوە هەمان پرسیار: من چی بکەم؟ پەرەسەندن پێم دەڵێ: «دەی، بیرکردنەوەى بۆچییە، دوودڵیی پێ ناوێ! هەزار یۆرۆکە بنێ بان کچەکەت! بیبە بۆ باشترین دەرمانخانەى تایبەتیی و باشترین چارەسەریی سەردەمیشی بخە بەردەست.» لێ نەتەوەگەرایی پێم دەڵێ: «نا! بێگومان نیشتیمانپەروەری ژیر چاودێریی خێزانەکەى دەکات، بەڵام سەرپاکی هاوشارییەکانت بەشێکن لە خێزانەکەت. کەواتە، پێنجسەت یۆرۆ بنێ بان کچەکەت و پێنجسەت یوررۆکەی تریش بە باج بدە، چونکە دەوڵەت ئەم باجە بۆ دەستەبەری ئابووریی خزمەتی تەندرووستیی و پزیشکیی گشتیی بەکار دێنێ، ئەویش بۆ منداڵە دەستکورتە دوورنشینەکانی وڵات.» کەواتە دیسانەوە پەرەسەندن پێم دەڵێت: «هەرگیز! کورە دەوڵەت هەڵفریوێنە. کونێ بدۆزەوە و خۆت لە باجدان بدزەوە!» ئینجا دیسانەوە نەتەوەگەرایی زمان هەڵدێنێ: «ئەمە گەندەڵییە و بگرە لە هەندێ دۆخیشدا ناپاکیی.»

بە درێژایی هەزاران ساڵ نەتەوەگەراییش وەک ئایدۆلۆژیا و ئایینەکانی تر توانیویەتی تا سنوورێک ئارەزووە سرووشتییەکانمان بۆ دەمچەورکردن و خۆدزینەوە لە باج هەوسار بکات. سا باوەڕمان پێ بێنێ کە هیچ نەبێ لە هەندێ دۆخدا بەرژەوەندیی هاونیشتیمانە نامۆکانمان بە ئەوبەرتر لە بەرژەوەندیی هاوڕێ و خێزانەکانمان بزانین. بەم ڕەنگە نەتەوەگەرایی وای لێ کردووین متمانە بە نامۆکان بکەین، ئەمەش ئەرێنیترین گۆڕانی مێژووی مرۆڤایەتییە: هەڵەیەکی ترسناک دەکەین پێمان وابێ، گوایە گەر ناسۆنالیزم نەبێت ئێمە لە بەهەشتی لیبراڵیزمدا شانی بۆ دادەهێڵین، بە ئەگەری زۆرتر ئەوکات لە گێژاوێکی خێڵەکییدا دەژین و هاوڕێ و خزموخوێشی لێ بترازێ کەس متمانەى بە کەس نییە. لەم گێژاوەشدا پێمان ناکرێ نەخشەڕێیەکی پانوپۆڕ بۆ تەندرووستیی و پەروەردە و ئاساییش مشتوماڵ بدەین.

تەنانەت دیموکراتییش بە ئەستەم دەتوانێت بەبێ (لانیکەم) نەختێ نەتەوەگەرایی کار بکات. ئەو خاڵەى زۆربەی خەڵک لەمەڕ هەڵبژاردنەکان هەڵوەستەى لە سەر ناکەن ئەوەیە، هەڵبژاردنی دیموکراتیک دەستاوێژێکە بۆ تواندنەوەى دژبەریی نێوان ئەو خەڵکانەى لەگەڵ ڕاجیایی، بەڵام بەزۆریی لە سەر ڕێسا بنەڕەتییەکە گەشتوون بە خاڵێکی هاوبەش و چاک چاکێ متمانە بە یەکتری دەکەن، بۆ هەندێ لە بەها بنەڕەتییەکانیش هاوڕان. هەڵبژاردن تەنیا ئەو کاتە کارا دەبێ کە من پێم وابێ بەرانبەرە سیاسییەکانم چەوت دەنواڕن و تەنانەت لەوانەیە پێم وابێ گەمژەن. بەڵام ڕقم لێیان نییە و ئەوانیش ڕقیان لێم نییە.

کاتێک خەڵک ڕقیان لێک بێتەوە، کاتێک کۆمەڵ بۆ خێڵی پەڕتەوازە دابەش بووبێ، ئەوکات دیموکراتیی لەرزۆک دەبێت. چون لەو کاتەدا خەڵک پێییان وایە قۆستنەوەى هەموو هەلێک بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا، ڕێپێدراوە. چونکە گەر بدۆڕێین خێڵەکەمان دەکەوێتە بن مەترسیی: هەرکێ براوەی هەڵبژاردنەکە بێت تەنیا متمانە بە خێڵەکەى خۆی دەکات. هەرکەس لە هەڵبژاردندا بدۆڕێ، ئارەزووی ئەوە ناکات ئەنجامی هەڵبژاردەنەکە بپەژرێنێ: بۆچ متمانە بەو کەسانە بکەم وا متمانەیان بە من نییە؟ کاتێ وڵاتێک هەستی هاوبەشی  تیا نەبێ، ڕەنگە بتوانێ لە چێوەیەکی چەپۆکسالاردا کاروباری خۆی ڕاپەڕێنێ، یان بۆ خەرەندی شەڕی ناوخۆ سەرەولێژ بێتەوە، لێ بەڕێوەبردنی ئەمە لە چێوەیەکی دیموکراتییدا تا بێت دژوارتر دەبێت. ئەمەش ئەو دۆخەیە ئیمڕۆکە لە وڵاتانی کۆنگۆ و ئەفغانستان و باشووری سوودان دەیبینین.

بە هەڵکەوت نییە کە یەکەمجار دیموکراسیی لە وڵاتانێکی وەک بەریتانیا و دانیمارک گەڵاڵە بووە. چون پێشتر کەڵکەڵەیەکی پتەوی نەتەوەیی لێ بووە. تەنانەت ئیمڕۆکەش دیموکراسیی بە دژواریی دەتوانێ بە بێ نەتەوەگەرایی بژی. بە پێچەوانەى باوەڕی باو، پەیوەندییەکی ئەرێنیی و پتەو لە نێوان نەتەوەگەرایی و دیموکراسییدا هەیە؛ دیسانەوە پێچەوانەى باوەڕی باو، ئەو گێژاوەى ئەمڕۆ دووچاری سیستمە دیموکراتییەکان بووە، پێش ئەوەی بەرهەمی کڵاشەی نەتەوەگەرایی بێت، فیتاوفیت بەرهەمی سستبوونی ڕیشە نەتەوەییەکانە. هەینێ نەتەوەگەرایی زیاد لە پێویست بەهێز بێت، زۆر جار خۆی پەرە پێ دەدات (وەک نیشانەى ئاشکرابوون و دەربازبوون لە نەخۆشییەک) کە دەبینە گۆڤانی چڵەپۆپەی ئەو ملەجەڕە دڵڕەقانەى وا وڵات و نەتەوەکان دادەگرێ- وەک چۆن سەدەیەک پێش ئێستا لە ئەرووپای داگرت، لێ ئیمڕۆکە ململانێی وا لە نێوان وڵات و نەتەوەکاندا دەگمەنە. زۆرینەى ململانێکان هیی ناوخۆی وڵات و نەتەوەکان خۆیانن. ئەمەش نیشانی دەدات کە نەتەوەگەرایی- شێوە باشەکەی نەتەوەگەرایی- فیتاوفیت شێوەیەکی زۆر سست و لاوازی لێ چێ بووە.

مسۆگەر بیرۆکەى دژەبێگانەیی دانەکشاوە بۆ کەمیی! لێ بنەڕەتیی نەتەوەگەرایی ڕقلێبوونەوەى بێگانە نییە. بنەڕەتیی نەتەوەگەرایی خۆشویستنی هاونیشتیمانییانی خۆتانە، ئێستا، گەواهیدەری داکشانی ئەم خۆشەویستییەین. لە وڵاتانێکی وەک ئێراق و سووریا و یەمەن ڕقسازییە ناوخۆییەکان و لاوازیی هەستی نەتەوەیی بووەتە هۆی هەڕۆژانی سەرپاکی وڵات و شەڕی ناوخۆیی خوێناوڵ. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا لاوازبوونی هەستی نیشتیمانیی بووەتە هۆی دڕانی درزەکانی ناواخنی کۆمەڵ و بووژاندنەوەى ڕوانگەى «هەموو شتێ بۆ براوەیە.» ئەو ڕقەی ئیمڕۆ لە کۆمەڵی ئەمریکاییدا پاوەجێ بووە، گەیشتووەتە پلەیەک کە ئەمریکاییەکان لەبری ئەوەی زۆرتر لە چینیی و ڕووسیی و مەکسیکییەکان بترسن، ڕقیان لە هاونیشتیمانییانی خۆیان بێت.

زۆرێک لەو ڕێبەرانەى وا ئیمڕۆکە خۆیان بە نەتەوەگەرا دەنوێنن، ڕەپوڕاست پێچەوانەکەین. ئەوان لەبری پتەوکردنی یەکێتیی نەتەوەیی، بە ئەنقەست درزەکانی نێو کۆمەڵ گەورە دەکەن: ئەویش لە ڕێی زمانێکی ئاگریین و فێڵی پەرتکردن. لەم ڕێگەیەوە هەرکێ لێیان ڕاست ببێتەوە، وەک دوژمنێکی ڕێپێدراو نا، بەڵکوو وەک ناپاکێکی ترسناک ناودێری دەکەن. ئیمڕۆکە ئەمە بۆ سەرکۆماری ئەمریکا و ئیسڕایلەکەى خۆم و زۆر وڵاتی تری جیهانیش ڕاستە. ئەم جۆرە ڕێبەرانە کاتێک برینێک لە جەستەی نیشتیماندا دەبینن، مەرهەمێکی لێ نانێن، بەڵکوو چنگ لەو هەوکردنە وەردەدەن. بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن قووڵی بکەنەوە و کارێک دەکەن زامەکە تازە ببێتەوە.

کەواتە، زانیمان نەتەوەگەرایی گرنگە، لێ کوشندەشە. تێگەشتن لە گرنگیی و کوشندەیی نەتەوەگەرایی پرسێکە پەیوەندیی بە زۆربەی ڕۆژەڤ و پرسەکانی  ئەمڕۆوە هەیە، بە تایبەت مژار و پرسی گەرمی لێشاوی پەنابەران لە هەنگاریا و ئەورووپا و شوێنەیلی تری جیهان. تێگەشتنی ئەوەی کە نەتەوەگەرایی هەم گرنگ و هەمیش کوشندەیە، هەندێ لە پاساوەکانی ئەم دوو پرسە دەباتە ژێر پرسیار. لە لایەکەوە ئەوانەى وا دژی هاتنی پەنابەرانن زۆرینەى نەتەوە وەک بوونێکی هەمیشەیی وێنا دەکەن، گوایە لە ڕۆژگارێکی زۆر دوورەوە هەر هەبووە. سا نابێت لە ڕێی بێگانە و دزەکردن و کاریگەریی بێگانەوە چەپەڵ بێت.

لێ ئەمە سەرومڕ خەیاڵپڵاوییە. گشت ئەو نەتەوانەى ئیمڕۆ هەن دیاردەیەلێکن لە سەردەمێکی تاڕادەیەک درەنگدا گەڵاڵە بوونە. پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا تاکە یەک هەنگاریی و هۆڵەندیی و ئیتاڵیی و ئیسڕایلیی نەبوون. زۆربەى نەتەوە ئەورووپیەکانی ئێستا با بڵێن هەزار ساڵێک تەمەنیانە. هەندێکیشیان فرە فرە تازەترن. گشت ئەم نەتەوانە بە تێکەڵکردنی ئەو تاکانە گەڵاڵە بوونە وا پێشتر ئەندامی خێڵ و تیرەى دژبەر و جیاواز بوون. بۆ نموونە ئەڵمانییەکانی ئیمڕۆ لە یەکگرتنی ساکسۆنەکان و پرووسییەکان و شەوابییەکان و باڤارییەکان بیچمی گرتووە. ئەوانیش تا پێش ئەوە هیچ سۆز و خۆشەویستییەکیان بۆ یەکتر نەدەنواند. بە درێژایی جەنگی سیساڵەی سەدەی حەڤدە پرووسییە پرۆتستانەکان و باڤارییە کاتۆلیکەکان لە دوژمنایەتییەکی خوێناوڵدا لێک هەڵدەپژان؛ لەو جەنگەش خوێناوڵتر وا ئیمڕۆ لە نێوان شیعە و سونەکانی ئێراقدا دەیبینیت. دەڵێن بسمارکی یەکخەری گەورەی ئەڵمانیا، پاش خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی چەشنەکانـی داروین وتویەتی، گوایە باڤارییەکان زنجیرەى ونبووی نێوان هۆڵەندییەکان و مرۆڤن! بێگومان مەبەستی لە مرۆڤ پرووسییەکان بووە!

بەدەر لەمەش گەرچی نەتەوەی مۆدێڕنیش بەرهەمی یەکێتیی ناوخۆییە، لێ گەر خۆتان بۆ بەرهەم و داهێنان و بیری نەتەوەکەى خۆتان سنووردار کرد، ئەوا ژیانتان زۆر کڵۆڵتر دەبێ. ئاخۆ پێتان خۆشە بە درێژایی ژیانتان تەنیا خواردنی هەنگاریی بخۆن و هەرگیز لێو لە خواردنی دەرەکیی وەک سووشیی و کاریی نەدەن؟ لە بنەڕەتەوە خۆراکیی هەنگاریی چییە؟ بۆ نموونە پاپریکا گردەبڕ هەنگاریی نییە. هەنگارییەکانی چەن سەدە پێش ئێستا هەرگیز بەهاراتی پاپریکایان لە خۆراک نەدەپرژاند. چونکە لە بنەڕەتدا پاپریکا لە مەکسیک دۆزراوەتەوە و سوورپێستەکانی مەکسیک درووستیان دەکرد و بەکاریان دێنا. ئیسپانییەکان درەنگێک ئەم بەهاراتەیان بۆ ئەورووپا هانی. درەنگێک ئاوا دوو-سێ سەدە پێش ئێستا بوو بە بەشێکی سەرەکیی چێشتلێنانی هەنگاریی. واتە دەبێ هەنگارییە نیشتیمانپەروەرەکان بەکارهێنانی پاپریکا ڕێبەند بکەن، لەو سۆنگەوە گوایە ئەم بەرهەمە لەسەرەنیی هێرشیی بێگانەکانەوە بوو بە ئامڕازێکی بنەڕەتیی چێشتلێنانی هەنگاریی؟ بەم ڕەنگە دەبێ هەنگارییەکان تۆپێن کەلا بخەن، چونکە بەریتانییەکان ئەم یارییەیان داهێناوە؟ ئایا دەبێ دەست لە خوێندنەوەی وێژەی بێگانە، لە تۆڵستۆیەوە تا هاری پۆتەر، هەڵبگرن و تەنیا دەقی پاڵفتەى هەنگاریی بخوێننەوە، گەر وایان کرد دەبێ «پەڕتووکی پیرۆز»ـیش وەلا بنێن، چونکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناویین تۆماریان کردووە و گەشتیاران لە ڕۆژهەڵاتی ناویینەوە بۆ ئێرەیان هێناوە. کردەیەکی ئاوا بەڕاستیی گاڵتەجاڕە.

لە گۆشەنیگایەکی ترەوە گرنگیی و کوشندەیی نەتەوەخوازیی، فەلسەفەی سەرنجڕاکێشانی بێئەندازەی پەنابەران بە خێراییەکی زۆر لە ڕەهەندی جیاوازەوە دەباتە بن پرسیار. ئەوانەى لەگەڵ هاتنی پەنابەرانن زۆربەى ئەو پرس و کێشە سەرومڕ واقعییەکانیان پێ هیچە وا لە سۆنگەى لێشاوی پەنابەرانەوە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی وڵات چێ دەبێت. یان هەڕەشەی داکشانی سۆزی نەتەوەیی بە کەم دەگرن. بۆیە زۆربە ناتوانن ئەو پەیوەندییە ڕەگئاژۆ مێژووییەی نێوان نەتەوەخوازیی و دیموکراسیی ببینن، سا ئاگایان لەوە نییە کە لە نەبوونی نەتەوەخوازییدا دیموکراسیی لە ژێر هەڕەشەی گلاندایە بۆ زۆنگاوی خێڵگەرایی. کەواتە لەوانەیە گرنگترین مژار لەمەڕ پەنابەرانی ئەورووپاوە ئەوە بێ کە هەردوولا بۆچوونی بەجێ و ڕەوایان هەیە. ئەوانەى وا لەگەڵ هاتنەژوورەوەى پەنابەرانن، هەڵەن گەر دژبەرەکانی خۆیان بە نەژادپەرەستی چڵیت ناودێر بکەن. ئەوانەشی وا دژی هاتنەژوورەوەی پەنابەرانن، هەڵەن گەر هەموو دژبەرەکانی خۆیان بە ناپاکی گەلۆر ناودێر بکەن.

ئەمە شەڕی نێوان چاکە و خراپە نییە. بەڵکوو مشتومڕی نێوان دوو ڕوانینی بەجێ و ڕەوایە و دەکرێ لەڕێی ڕێسا کاراکانی دیموکراسییەوە ئاسۆیەکی لێ هەڵبێ. بە باوەڕی من کارێکی چەوتە گەر دەوڵەت بیەوێ لێشاوی پەنابەران بخاتە ئەستۆی کۆمەڵگەیەکی ناڕازیی: ڕەگداکوتانی پەنابەران کردەیەکی دوورودرێژ و دژوارە، بۆ سەرکەوتن لەم کارەدا پێویستمان بە پشتگیریی ناوخۆییە. لەلایەکی ترەوە ئەوەش ترسناکە گەر سیستەمێکی دیموکرات لەبار ببەین تا بتوانین گوایە پاڵفتەیی و تەڵبژێریی نەتەوەکەمان لە ژەهری بێگانان بپارێزین. ڕووداوێکی خەمگینە کاتێ دەبینین لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی و هەروەها لە چەند شوێنێکی تری جیهانیشدا، سەرکردە نەژادپەرەستەکان خەریکی گەشاندنەوەى ئاگری ترس و تۆقینن لە بێگانەکان، تا بەم ڕەنگە پایەکانی دیموکراسیی لەرۆزک بکەن.

 

ناسیۆنالیزم لە بەرانبەر فاشیزمدا:

ئێ، تا ئێرە پەرژاینە سەر دیوە پڕشنگدارەکەی نەتەوەخوازیی. لێ سەرومڕ هەڵەیە گەر چاو لە ئاست دیوە تاریکەکەى نەتەوەخوازیی بنوقێنین. کاتێ نەتەوەخوازیی سەردەکێشێ بۆ توندڕەویی، گردەبڕ دەتوانێ ببێتە هۆی جەنگ و گەلکوژیی و گەرای چەپۆکسالاریی و فاشیزم خڕ بکات. لەوانەیە خراپ نەبێ نەختێ سەبارەت بە چییەتی فاشییزم و جیاوازییەکانی لەگەڵ نەتەوەخوازیی بدوێم، چونکە هەندێ خەڵک ئەم دووانەیان لێ چەواشە بووە و پێیان وایە هەموو نەتەوەخوازێک فاشیستە و هەر نیشانەیەکی نەتەوەخوازییش نیشانەیەکە لە نیشانەکانی فاشیزم. بە کورتیی دەبێ بێژین ئەوەی نەتەوەخوازیی فێرم دەکات ئەوەیە نەتەوەکەی من تاکە و من هەندێ ئەرکم بەرانبەر نەتەوەکەم لە ئەستۆیە. لە بەرانبەردا فاشیزم فێرم دەکات نەتەوەکەی من باڵاترینە و منیش ئەرکی تایبەتم بەرانبەری لە ئەستۆیە.

لە گۆشەنیگای فاشیزمەوە نەتەوەکەى من تاکە هەڵاواردەى گرنگی جیهانە. سا نابێ نەتەوەکەى خۆمی لێ بترازێ متمانە بە هیچ کەس و شتێ بکەم. گەر پێیوستی کرد خێزانەکەم بۆ نەتەوەکەم بکەمە قوربانیی، ئەوا گەرەکە ئەم کارە بکەم. گەر پێویستی کرد ملیۆنان کەس بۆ ئەم نەتەوەیە گەلکوژ بکەم، ئەوا دەبێ ئەم کارە بکەم. گەر پێویستی کرد بۆ نەتەوەکەم ناپاکیی لە ڕاستیی و جوانیی بکەم، نابێ هیچ دوودڵییەکم هەبێ. بۆ نموونە کەسی فاشیست چۆن کاری هونەریی هەڵدەسەنگێنێ؟ کەسی فاشیست چۆن ئەگاتە ئەو ئەنجامەى ئەم فیلمە فیلمێکی باشە؟ زۆر سادەیە! تەنیا یەک پێوەرمان هەیە. گەر ئەم فیلمە چووە خزمەت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە، ئەوا فیلمی چاکە. گەر ئەم فیلمە نەچووە خزمەت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە، ئەوا ئەم فیلمە فیلمێکی خراپە. بەم ڕەنگە کەسی فاشیست چۆن ئەنجامگیریی دەکات کە چ وانەیەک لە پەڕتووکەمێژووییەکاندا بە منداڵی خوێندنگەکان بدرێتەوە؟ دیسانەوە یەک پێوەرمان هەیە، ڕاستیی نا، بەڵکوو بەرژەوەندیی نەتەوەیی. دەبێت ئەو وانانە بە منداڵان بدرێنەوە وا دەچنە خزمەت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە. ڕاستییەکەش چۆنە، گرنگ نییە.

ڕووداوە سامناکەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و هۆڵۆکۆست دەرەنجامە ترسناکەکانی ئەم جۆرە بیروباوەڕەمان بیر دێننەوە. لێ ئەمڕۆکە فاشیزم و جۆرەکانی تری پەپڕگیریی نەتەوەیی، ترسناکترن لە شێوازی ١٩٣٠ـیان، چون ئیمڕۆ ئەمانە نەک لەوانەیە ببنە هۆی جەنگ و گەلکوژیی، بەڵکوو لەوانەیە ببنە کۆسپ تا نەژادی مرۆڤ نەتوانێ ڕووبەڕووی ئەو سێ مەترسییە ببێتەوە وا هەڕەشە لە بوونی دەکەن. ئەو پرسانەى وا تەنیا لە ڕێی هاوکاریی جیهانییەوە چارە دەبن. ئەو هەڕەشانەش بریتین لە: جەنگی ئەتۆمیی، گۆڕانی کەشوهەوا و گێژاوی تەکنەلۆژیی. ئەم سێ مەترسییە هەڕەشە لە ژین و ئاسوودەیی سەرپاکی وڵات و نەتەوەکان دەکەن. هیچ نەتەوە و دەوڵەتێک تەنیاباڵ ناتوانێ شەڕەقۆچ لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا بکات. بە شەکاندنەوەى ئاڵا و دیواردرووستکردن پێشیان پێ ناگیرێ. ناتوانیت هیچ دیوارێک لە پێش «گێژاوی ئەتۆمیی» هەڵچنیت. ناتوانیت هیچ دیوارێک لە پێش «گەرمداهاتنی زەویی» هەڵچنیت. هیچ نەتەوە و دەوڵەتێک تەنیاباڵ ناتوانێ هۆشی دەستکرد و بۆهێڵکاریی[4] بەڕێوە بەرێت. چون هیچ دەوڵەتێک ژیریی گشت زانایان و ئەندازیارانی جیهانی لە چنگدا نیییە.

بۆ نموونە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەى بۆهێڵکاریی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن. هەموو وڵاتان دەڵێن ئێمە نیازی ئەنجامدانی تاقیکاریی وامان نیییە. ئێمە لە مرۆڤە خاسەکانین، لێ متمانە بە دژبەرەکانی خۆمان ناکەین. دەبێت دڵنیا بین ئەوانیش ئەم کارە ناکەن: کەواتە دەبێ ئێمە پێش بەوان بدەینەوە. ناتوانین بوار بدەین لە دوای ئەوانەوە جێ بمێنین. بەم ڕەنگە تەماشای درووستکردنی سیستەمی چەکی ئەلکترۆنیی بکەن: ڕۆبۆتە کوشندەکان. دیسانەوە وڵاتان دووپاتی دەکەنەوە گوایە ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر ترسناکە و دەبێت پەیمانی ڕوون بۆ ئەم دۆخە ببەسترێ. بەڵام ئێمە متمانەمان بە دژبەرەکانمان نییە تا بچین پەیمانیان لەگەڵ مۆر بکەین: کەواتە دەبێت ئێمە پێش هەمووان دەستمان بەو تەکنەلۆژیایەدا ڕابگات.

گەر بوار بدەین ململانێی سیستەمی هۆشی دەستکرد و پێشبڕکێی سیستەمی بۆهێڵکاریی سەر بگرێت. بەدەر لەوەى چ وڵاتێک براوەى ئەم پێشبڕکێیەى ئامڕازەکانە، لێ دۆڕاوەکە نەژادی مرۆڤە. تاکە شتێک کە بتوانێت ببێتە کۆسپی سەرەڕێی پێشبڕکێی ئامڕازی ئاوا وێرانکەر، دیوارکێشانی نێوان وڵاتان نییە، بەڵکوو چاندنی تۆوی متمانەیە لە نێوان وڵاتاندا. کاری وا نەکردەنیی نییە. گەر ئەمڕۆ ئەڵمانییەکان فەڕەنسییەکان دڵنیا بکەنەوە، گوایە: «متمانەمان پێ بکەن، ئێمە لە تاقیگەیەکی نهێنیی لەژێر چیاکانی ئەڵپ خەریکی درووستکردنی ڕۆبۆتیی کوشندە  نین.» پێچەوانەى ئەو ڕووداوە تۆقێنەرانەى وا ئەم دوو وڵاتە تێیان پەڕاند، لەوانەیە فەڕەنسییەکان متمانە بە ئەڵمانییەکان بکەن. پێویستە متمانەیەکی ئاوا لە سەر ئاستێکی جیهانیی چێ بکەین. بۆ مانەوەى نەژادی مرۆڤ پێویستە بگەینە ئاسۆیەک کە ئەمریکیی و چینییەکانیش بتوانن مینا ئەڵمانیی و فەڕەنسییەکان متمانە بە یەکتری بکەن.

هەر بەم ڕەنگە پێویستە ئێمە تۆڕێکی ئاسایشی جیهانیی درووست بکەین، تا سەرپاکی مرۆڤەکان لەو ساکانە ئابوورییانەى بانەڕۆژ بپارێزین. ئەو ساکانانەى کە شۆڕشی هۆشی دەستکرد درووستی دەکات. تەکنەلۆژیای «ڕۆبۆتسازیی» سامانێکی بێهەژمار بۆ جەمسەرە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکانی سلیکۆن ڤاڵی[5] و ڕۆژهەڵاتی چین دەبەخشێ. لەم دۆخەدا کاریگەرییە خراپەکەی بۆ ئەو وڵاتە تازەپیاکەوتووانەیە وا ئابوورییان گرێدراوی کرێکاری هەرزانە. کاری زۆرتر بۆ ئەندازیارانی نەرمەئامێری سان فرانسیسکۆ و شەنگەهای دەڕەخسێنێ، لێ کاری کەم بۆ کرێکاری کارگە و لێخوڕی کامیۆنەکانی مەکسیک و بەنگلادش دەدۆزێتەوە. گەر لە سەر ئاستی جیهانیی ڕێچارەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پاشاگەردانیی هۆشی دەستکرد نەدۆزینەوە، لەوانەیە هەموو وڵاتان هەرەس بهێنن و سەرەنجام ئاژاوە و توندوتیژیی و لێشاوی پەنابەران سەرپاکی جیهان بۆ هەڵدێرێک ڕاماڵێ.

 

نەتەوەگەرایی لە بەرانبەر جیهانگەراییدا:

کەواتە، بۆ پاراستنی ژیان و نوێبوونەوە لە سەدەى بیستویەکدا، ڕەگەزی مرۆڤیی پێویستیی بە هەماهەنگییەکی بەرهەمدارتری جیهانیی هەیە. نەتەوەخوازییش نابێ ببێتە کۆسپی سەرەڕێی ئەم هەماهەنگییە. من ئەوە دەزانم هەندێ لە سیاسەتمەدارانی وەک سەرکۆماری ئەمریکا بانگەشەى ئەوە دەکەن گوایە ناودژیی و دژوازییەکی خودیی لە نێوان نەتەوەگەرایی و جیهانگەراییدا هەیە و دەبێ ئێمە لە جیهانگەرایی هەڵدەین و نەتەوەگەرایی هەڵبژێرین. بەڵام ئەمە هەڵەیە، لەو سۆنگەوە نا بۆ ئەوەی جیهانگەرایی هەڵبژێرین، بەڵکوو لەو سۆنگەوە کە هیچ ناودژیی و دژوازییەک لە نێوان نەتەوەگەرایی و جیهانگەراییدا نییە. چونکە نەتەوەگەرایی چاندنی تۆوی دژەبێگانەیی نییە، بەڵکوو چاکەنواندنە لێل هاونیشتیمانیانی خۆمان و چاودێرییانە. لە سەدەی بیستویەکدا تاکەڕێی دەستەبەریی ئاساییش و خۆشگوزەرانی هاونیشتیمانییەکانتان، هاوکاریی بێگانەکانە. کەواتە ئیمڕۆکە دەبێ نەتەوەگەرا ژیرەکان جیهانگەرا بن.

جیهانگەرایی بە واتای دەستبەردان لە گشت دابونەرتە نەتەوەییەکان نییە، گردەبڕ واتای کردنەوەى سنوورەکان نییە بە ڕووی لێشاوی پەنابەراندا. من ئاگام لەوەیە کە ئەو «مۆتەکەى پیلانگێڕیی»ـە بڵاو بووەتەوە گوایە جیهانگەراکان دەیانەوێ گشت کۆتوبەندەکانی سەرەڕێی پەنابەران هەڵگرن و دەیان ملیۆن بێگانە بە لێشاو بڕژێنە ئەورووپا؛ لێ ئەم قسەیە تەواوێک هەڵۆڵە. بەو بۆنەیەوە هەر خۆم چەن کەسێکی جبهانگەرا دەناسم هیچیان شتی وایان ناوێت. ڕاستییەکەى جیهانگەرایی بە واتای شتەیلێکی زۆر پتەوتر و پەسەندترە. یەکەمیان ئەوەیە کە جیهانگەرایی ژمارەیەک یاسای جیهانیی دەستەبەر دەکات. ئەم یاسایانە هیچ نەتەوەیەک کەلا ناخەن، یان نەتەوەکان بچن سۆزی نەتەوەییان کەلا بخەن: یاسا جیهانییەکە تەنیاوتەنیا پەیوەندیی نێوان نەتەوە و وڵاتان دەستەبەر و ڕێکخستە دەکات.

وەک نموونەیەکی زیندوو دەتوانین بیر لە «جامی جیهانیی توپی پێ» بکەینەوە. جامی جیهانیی تۆپی پێ ململانێی نێوان نەتەوەکانە. بە زۆریی خەڵک سۆزێکی بەتینیان بۆ هەڵبژاردەى وڵاتەکەیان هەیە. لێ هاوکات هەر ئەم «جامی جیهانیی» ـە دەرکەوتەیەکی سەیرویەمەرەی هەماهەنگیی جیهانییە. گەر فەڕەنسیی و کرواتییەکان لە قۆناغی یەکەمدا سەبارەت بە یاسای یارییەکە ڕێک نەکەون، ئەوا ناتوانن ململانێی بکەن. هەزار ساڵ پێش ئێستا سەرومڕ نەکردەنیی بوو فەڕەنسیی و کرواتیی و ژاپۆنیی و ئەرژەنتینییەکان بۆ پێشبڕکێی وەرزشی لە ڕووسیا کۆ بکەینەوە. تەنانەت گەر پێشمان کرابا کۆیان بکەینەوە، هەرگیز لەسەر یاسای یارییەکە ڕێک نەدەکەوتین. لێ ئەمڕۆ ڕایەمان دەکەوێ شتێکی وا بکەین، ئەمەش بەرهەمی چالاکیی جیهانگەراییە. گەر جامی جیهانییت حەز لێیە، کەواتە تۆ جیهانگەرایت!

یاسای دووەمی جیهانگەرایی ئەوەیە کە هەندێ کات وا پێویستە بەرژەوەندیی جیهانیی بدەین بەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەییدا- هەمیشە نا، بەڵکوو هەندێ کات. بۆ نموونە: جامی جیهانیی تۆپی پێ هەموو تیپەکان ڕێک دەکەون تا سوودوەرگرتن لە دەرمانی وزەبەخش بۆ چالاکیی وەرزشوانان ڕێبەند بکەن. تەنانەت گەر لە سۆنگەى پێدانی ئەم دەرمانەوە بە یاریزانەکانت ببیتە براوەى جامەکە، نابێ هەنگاوی وا بنێیت، چونکە لەوانەیە هەرزوو وڵات و تیمەکانی تریش پەیڕەوى لەم کارەى تۆ بکەن. ئیتر «جامی جیهانی تۆپی پێ» دەگۆڕی بۆ جەنگی دژبەرە بایۆکیمیاوییەکان و وەرزشیش گەندەڵ دەبێ! هەمان دۆخ بۆ ئابوورییش ڕاستە: دەبێت لەوێش هاوسەنگییەک لە نێوان بەرژەوەندیی جیهانیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی ڕابگرین. تەنانەت لە دۆخێکی بەجیهانیبووشدا بەشێکی زۆری ئەو باجەى وا دەیدەیت، دیسانەوە دەچێتە خزمەت خزمەتگوزاریی تەندرووستیی و پەروەردەیی وڵاتەکەى خۆت. بەڵام هەندێ کاتیش نەتەوەکان ڕێک دەکەون تا خێرایی گەشەی ئابووریی و فراوانیی تەکنەلۆژیی داکشێنن، بۆ ئەوەى ڕێگریی لە درووستبوونی گەرمداهاتنی کارەساتباری زەویی بکەن و لەمپەر بۆ فراوانبوونی تەکنەلۆژیای ترسناک چێ بکەن.

ئاشکرایە مرۆڤ لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە هاوکارییەکی جیهانیی بەرهەمدار بێننە کایە. لێ مرۆڤ دەتوانێت ڕێبازی تازە فێر بێت. نەتەوەکانیش هەروەها. پێنجهەزار ساڵ پێش ئێستا ڕێبازێکی تازە ڕسکا، ژمارەیک خێڵ یەکیان گرت تا یەکەمین نەتەوەکان بڕسکێنن. لەوانەیە ئەوکاتەش پەڕگیری زۆر هەبووبن وتبێتیان: ئەم کارە نەکردەنیی و نەخوازراو و ناسرووشتییە بێین و نەتەوە بسازێنین. ئێمە دەمانەوێ هەر لە چێوەى خێڵدا بمێنینەوە. لەم ڕێ دوورودرێژەی لە نێوان پێڕە بچووکە ڕاوکەرە-کۆکەرەوەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتیی، ناسیۆنالیزم پتر لە پلەیەکی نێودەوڵەتییەوە نزیکترە.

سەرەتا تا ملیۆنان ساڵ ئەوپەڕەکەی دەمانتوانی هەماهەنگییەکی بەرهەمدارمان لێل تەنها هەشتا کەس لە هاوڕێ و خزمی خۆماندا پێ بکرێ. بەڵام ئێستا لە سەرەنی نەتەوەگەراییەوە خەڵک دەتوانن لەگەڵ هەشتا تۆ بڵێ هەشتسەد ملییۆن نامۆ هەماهەنگ بن. ئەوەندەى نەماوە تا ئەو هاوکارییە لەگەڵ هەشت ملیارد نامۆ چێ ببێت، بەڵام ئەمە بە واتای بانگەوازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیهانیی نییە. بۆچوونی وا ترسناک و نەکردەنییە. بە باوەڕی من دەبێ ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی هاوکارییەکی جیهانیی بێت بەبێ چوونیەکیی. وەک ئۆرکێسترا، کە هەر ئامێرەو لێل ئامێرەکەى تر جیاوازە. بەڵام بە هاوکاریی یەکتری دەژەنن. گەر تێکڕای ئامێرەکان وەک یەک بن ئەوا چوونیەکیی دێتە کایە و مۆسیقاکە بێگیان دەردەچێ. گەر هەر ئامێرەو بێ گوێدانە ئامێرەکانی تر لای خۆیەوە بژەنێ. ئەوا دەنگێکی تۆقێنەر دەردەچێ. ئێمە دەبێ هێڵی سێیەم و هاوسەنگ بدۆزینەوە.

لە کۆتاییدا دەبێ بێژم قسەی سەرەکیی من، یان یەکێک لە قسە سەرەکییەکانی من ئەوەیە، ئێمە ناچار نین لە نێوان نەتەوەگەرایی و جیهانگەراییدا هەڵبژێرین. چون هیچ ناودژیی و دژوازییەک لە نێوانیاندا نییە. بێ نەتەوە باوەڕبەخۆبووەکان زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤایەتیی بۆ خێڵی دژبەر دابەش بێ نەک ئەوەى هاوکارییەکی جیهانیی ڕەنگڕێژ بێت. لە گۆشەنیگایەکی تریشەوە بەبێ هاوکاریی جیهانیی هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ ملەجەڕێ لەگەڵ گێژاوەکانی سەدەی بیستویەکەمدا بکات. ئەمەش لە ئاستی کردەییدا واتای چییە؟ واتای ئەوەیە کە لە هەمان چوارچێوەى دەوڵەتنەتەوەکاندا سەنگ و بەهایەکى زیاتر بدەینە پرس و بەرژەوەندییە جیهانییەکان.

هەینێ بەشداریی هەڵبژاردنەکانی دواتر دێتە کایە، سیاسەتمەداران داواتان لێ دەکەن دەنگیان بدەنێ، دەبێ کاغەزی چوار پرسیاریان لێ هەڵبگێڕنەوە: گەر هەڵبژێردرای چ هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەى مەترسیی ڕوودانی جەنگی ئەتۆمیی دەنێی؟ چ هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەى مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوا دەنێی؟ چ هەنگاوێک بۆ سازدانی پەیماننامەی وابەستە بە تەکنەلۆژیای ئاژاوەگێڕی وەک هۆشی دەستکرد و بۆهێڵکاریی دەنێی؟ هەروەتر لە کۆتاییدا پێشبینییت بۆ ساڵێ ٢٠٢٠ چییە؟ خراپترین گریمانەى ئەو ساڵە لە ڕوانگەى تۆوە چییە. گۆشەنیگای تۆوە لەمەڕ باشترین گریمانەى ئەو ساڵەوە چییە؟ گەر سیاسەتمەدارانی وا هەن کە لە پرسیارەکا