A+    A-
(1,343) جار خوێندراوەتەوە

 فەرهەنگى نێگەتیڤ: تا چەمکى ٦٠

 

ئامادەکردنى: بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

ڤایرۆس

 

ڤایرۆس درمێکی بچووکی مایکرۆسکۆبییە، کە پێویستی بە خانەخوێیەکە بۆ ئەوەی گەشەی تیدا بکات. ڤایرۆس دەتوانێت ببێت بە تووشی هەموو زیندەوەرەکانەوە، هەر لە ئاژەڵانەوە تا مرۆڤ و بوونەوەرە مایکرۆسکۆبییەکانی تر[بەکتریا، ئارکیا و هتد...]. ڕیشەی وشەی ڤایرۆس دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتین، کە دەکاتە virus[هەمان ڕێنووسی زمانی ئینگلیزی هەیە]، لە سەرەتادا ئاماژەبوو بە ژەهر کە لە زمانی هیندۆ- ئەورووپیشدا هەمان مانای هەبوو. ناونانی ئەم درمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٢٨، پێش دۆزینەوەکانی دیمیتری ئیڤانۆڤسکی لە ساڵی ١٨٩٢. پاش کەشفەکانی ئیڤانۆڤسکی کە باسیان لە درمی نا- بەکتریایی دەکرد، و پاش دۆزینەوەی ڤایرۆسی تۆباکۆ مۆزاییک، نزیکەی ٥٠٠٠ چەشنی ڤایرۆسی تر خرانە ڕوو. ڤایرۆس لە هەموو چین و بەشەکانی هەسارەی زەوییدا دەدۆزرێتەوە و لە هەر بوونێکی تری بایۆلۆژی زیاترن. زانستی ڤایرۆس پێیدەوترێت ڤایرۆلۆژی و ڤایرۆلۆژیش بەشێکە لە مایکرۆبایۆلۆژی. ڤایرۆسەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پەرەسەندندا هەیە، بەجۆرێک کە ئەرکیان گواستنەوەی جینەکانە لە چەشنێکەوە بۆ چەشنێکی تر و هۆکارێکی گرنگن بۆ هەمەجۆری ژێنێتیکیی.

سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جیا لە کاریگەرییە فیزیکی و بایۆلۆژییەکانی، دەکرێت کاریگەریی لە کۆی ئایدۆلۆژیای سیاسی و ئابووری جیهان بکات. سەرنجێک لە وتارەکەی سلاڤۆی ژیژەک بدەن بە ناوی "بەخێربێن بۆ بیابانی ڤایرۆسی".

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

بەکتریا

بەکتریاکان خانەی بایۆلۆژیین، سەر بە مایکرۆئۆرگانیزمە بێ- ناوکەکانن. چەند شێوەیەکی جیاوازیان هەیە، گۆیی و پێچاوپێچ و تووڵی. بەکتریا لەو بوونەوەرانەیە کە لە سەرەتای درووستبوونی زەوییەوە بوونیان هەبووە، و لە زۆربەی ژینگەکاندا دەژی، وەک خاک، ئاو، و ناوچە ڕادیۆئەکتیڤەکان. شێوازی ژیانیان سیمبیۆتیک و مشەخۆرییە، پێویستیان بە ململانێی مانەوەیە بۆ بەردەوامیدان بە خۆیان. تەنها لە سەدا ٢٧ی ڤایرۆسەکان لە تاقیگەدا ناسراونەتەوە. زانستی بەکتریا پێی دەوترێت باکتریۆلۆژی و بەشێکە لە مایکرۆبایۆلۆژی.

مۆرفۆلۆژیا[ستراکتۆر و فۆڕم]ی بەکتریا

جیاوازی لە شێواز و قەبارەی بەکتریا پێی دەوترێت مۆرفۆلۆژیا. خانە بەکتریاییەکان یەک لەسەر دەی خانە ناوکییەکانن، کە ٠.٥ بۆ ٥ مایکرۆمەتر دەبن. زۆربەی بەکتریاکان یان گۆیین کە پێیان دەوترێت "کۆکسی"، یان پێچاوپێچن کە پێیان دەوترێت "باسیلی".

 

مێژووی باکتریۆلۆژی

سەرەتا بەکتریا لەلایەن زانای هۆڵەندی ئانتۆنی ڤان لیڤنهووکەوە دۆزرایەوە لە ساڵی ١٦٧٦. لە دۆزینەوەی بەکتریادا، لیڤنهووک مایکرۆسکۆبی بەکارهێنا کە خۆی دیزاینی کردبوو. دواتر هەموو تێست و تاقیکردنەوەکانی بە کۆمەڵگای شاهانەیی لەندەن بەخشی. دۆزینەوەی بەکتریا دیارترین دۆزینەوەی مایکرۆسکۆبیی لیڤنهووکە.

 

میکرۆب[مایکرۆئۆرگایزم]

میکرۆب کۆی بەکتریا و ڤایرۆس و کەڕووەکانیش دەگرێتەوە، کە زیندەوەری زۆر بچووکن لە خاک، ئاو و هەوا و لەشى مرۆڤدا دەژین. لەشى مرۆڤ ماڵی ملیۆنان لە میکرۆبەکانە کە هەندێکیان سوودبەخشن و بە پێچەوانەشەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

تیرۆری بایۆلۆژی[bioterrorism]

هێرشی بایۆلۆژی یاخۆ تیرۆری بایۆلۆژی، واتە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس، بەکتریا و درمەکانی تر بە ئەنقەست کە دەتوانێت ببێتە هۆی کوشتن یان نەخۆشخستن. زیانی تیرۆری بایۆلۆژی تەنها بۆ مرۆڤەکان نیە، بەڵکو ئاژەڵان و ڕووەکەکانیش دەگرێتەوە. بۆ نموونە، هێرشێکی بایۆلۆژی دەکرێت زیان بە بازرگانی کشتووکاڵیی مۆدێرن بگەیەنێت. هۆکارەکانی ئەنجامدانی تیرۆری بایۆلۆژیی لە سرووشتدا دەدۆزرێنەوە[بەکتریا، ڤایرۆس، ژەهر، هتد...]،و دەکرێت ئەم هۆکارانە ببرێنە تاقیگە و پێکهاتە بایۆلۆژییەکەیان بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بگەیەنن. لە پشت زیانە فیزیکی و جەستەییەکانەوە، تیرۆری بایۆلۆژی ترس و پانیکێکی زۆر لە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤەکاندا درووستدەکات[واتە هۆکارە بۆ دروستکردنی تراوما و شۆکی دەروونی، کە ڕیگەیەکە بۆ لێدان لە لەلایەنی بەرامبەر]. لەم حاڵەتەدا، چەکی بایۆلۆژی پتر قازانج بە ڕێکخراوە ئیرهابییەکان دەگەیەنێت، چونکە ئاماجی ئەوان لێدانە لە کۆی دەوڵەتەکە کە دۆستی تێدا نیە و هامووی نەیارە. درووستکردنی هۆکار و چەکێک کە زیانی مرۆیی ناگەیەنێت، لەلایەن دەوڵەتانەوە باسکراوە. ئەم چەکە تەنها دەبێتە هۆی گەیاندنی زیان ئابووریی. بۆ نموونە، ڤایرۆسی FMD کە بووە هۆی زیانگەیاندنی ئابووریی بە بەڕیتانیا لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٧.

مێژووی تیرۆری بایۆلۆژی

لە کاتی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هەوڵی بەکارهێنانی ئەنتراکس[anthrax] لەناو ئاژەڵاندا درا، بەڵام تا ڕادەیەک کاریگەر نەبوو. بە ماوەیەکی کەم دوای دەستپێکی جەنگەکە، ئەڵمانیا کەمپینی هەوڵی تێکدانی لە ئەمریکا و روسیا و ڕۆمانیا و فەڕەنسا درووستکرد. لە ساڵی ١٩١٥دا ئانتۆن دیلجەر لە ئەڵمانیاوە بەرەو ئەمریکا نێردرا، کە هەڵگری مقاو[glanders] بوو.  دیلجەر لە ماڵەکەی خۆیدا لە ماریلاند تاقیگەیەکی درووستکرد، لە ڕیگەی ئەم تاقیگەوە هەوڵیدا تەشەنە بە ڤایرۆسەکە بدات و بیخاتە ناو کۆمەڵێک ئەسپەوە کە لە ئەمریکاوە بەرەو بەڕیتانیا دەبران. دیلجەر گوومانی لێدەکرا، بەڵام هەرگیز دەسگیر نەکرا تا هەڵهات بەرەو ئیسپانیا و لەوێ بە پەتا مرد. بە هەمان شێوە ئەژەڵانی وڵاتانی ڕوسیا و فەڕەنسا بەهۆی ئەڵمانییەکانەوە تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون. لە چەند ساڵێکی جیاوازدا و لە چەند شوێنێکی جیاواز هەوڵی تیرۆری بایۆلۆژی دراوە.

سیناریۆکان

چەند سیناریۆیەکی جیاواز هەن بۆ ئەنجامدانی هێرشی بایۆلۆژی. لە ساڵی ٢٠٠٠دا، دەزگا ئەمریکییەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆژی لە شوێنە داخراوە قەرەبالخەکاندا مەترسی زیاترە وەک لە شوێنە کراوەکان، یان دەکرێت لە ڕێگەی پیسکردنی سیستەمی دابەشکاری ئاوەوە ڤایرۆس و پەتا بڵاوبکرێنەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٣دا لە ویلایەتی ویسکەنسنی ئەمریکادا ڕوویدا، بووە هۆی تووشکردنی ٤٠٠٠٠٠ کەس بە ڤایرۆس. دەکرێت زۆرجار بێئەوەی ڤایرۆس بڵاوبکرێتەوە خەڵک تووسی ترس و دڵەراوکێ بکرێت، وەک بڵاکردنەوەی پڕوپاگەندە کە پێت دەڵێن بەم نزیکانە تووشی نەخۆشی دەبیت.!

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

فەندەمێنتالیزم

تایپێکە لە بزووتنەوەیەکی ئایینیی موحافیزکار، کە عادەتەن بانگەشەی پەیڕەوکردنی دەقە پیرۆزە ئایینییەکان وەک خۆی دەکەن. کاتی خۆی ئەم چەمکە بۆ پرۆتێستانتە ئەمریکییەکان بەکاردەهات، کە سووربوون لەسەر ئەوەی ئینجیل هەڵەی تێدا نیە. لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠دا، بەکارهێنانی چەمکەکە زیادبوونی بەخۆوە بینی و گرووپە جیهادی و تووندڕەوە ئایینییەکان پێیان دەوترا فەندەمێنتالیست. لە ڕاستییدا، بە واتای فراوانی چەمکەکە، زۆربەی ئایینە گەوەرەکان گرووپی فەندەمێنتالیستیان هەبووە.

 

خوێندنەوە بۆ فەندەمێنتالیزم

لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠دا، دیارترین و کاریگەرترین خوێندنەوە بۆ فەندەمێنتالیزم لەلایەن مارتن مارتی و سکۆت ئەپڵبایەوە کرا بە ناوی "پرۆژەی فەندەمێنتالیزم". مارتن و سکۆت فەندەمێنتالیزمیان وەک ڕەتکردنەوەی مۆدێرنەیەکی سیکۆلار ناساند، و پێیان وابوو کە فەندەمێنتالیزم تەنها ئاییندارییەکی نەریتیی نیە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییشە، هەرچەندە ئەمەی دووەمیان دەکرێت زۆرجار خەفەکراو و دامرکاوە بێت.

فەندەمێنتالیزمی مەسیحییەت

بریتییە لە چەسپان و جێبەجێکردنی دەقە مەسیحییەکان و قبووڵکردنی تیۆلۆژیای پێش-مۆدێرنە و ڕەتکردنەوەی تیۆلۆژیای مۆدێرنە.  چەمکەکە سەرەتا لای مەسیحییەکان بەو مانایە بەکاردەهات کە پێنج ڕێبازی سەرەکی تیۆلۆژی هەن، مەسیحییەکان ئیش بە دەقەکانیان دەکەن کە هەڵەیان تێدا نیە. ئەم مەسیحییانە دواتر لەگەڵ پرۆتێستانتە ئەمریکییەکان یەکیانگرت و بزووتنەوەی فەندەمێنتالیستی مەسیحییان دامەزراند. ڕیشەی چەمکی فەندەمێنتالیزم دەگەڕێتەوە بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی ئینجیلی نیاگارا کە لە ساڵانی ١٨٧٨ بۆ ١٨٩٨ دەبەسترا.

فەندمێنتالیزمی ئیسلامی

ڕیشەی فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەواریجەکان. لە پێگە سیاسییەکەیانەوە کۆمەڵێک ڕێبازی تووند فیچقەیان کرد، کە بە شێوەیەکی دیار لە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننەیان جیادەکەنەوە. خەواریجەکان پتر بە تەکفیرکردن دەناسرێنەوە، ئەوانەی باوەڕیان بە قسەیان نەدەهێنا بە بێباوەڕ لە قەلەمیان دەدان.

فەندەمێنتالیزمی نا-ئایینی

دەککرێت فەندەمێنتالیزم بۆ مەبەستی سیاسی بەکاربێت، بەو مەبەستەی کە لایەنی بەرامبەر و نەیارەکانی پێ لەکەداربکەیت. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٩٨٠دا و لە شەڕی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و موجاهیدینی ئەفغانی، ئەمریکا موجاهیدەکانی بە "شەڕکەری ئازادی" ناوبرد، بەڵام طاڵیبان و ئوسامە بن لادنیان بە فەندەمێنتالیست ناوبرد، چونکە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئەمریکا و هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١یان ئەنجامدا.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

مردنى ڕەش( Black Death): ناوێکى ترە بۆ تاعوون کە لە ناوەڕاستى سەدەى سیانزەدا ملیۆنان قوربانیى جێهێشتووە لە ئەودەمى ئەورووپادا. زۆرجار ڕیشەى ئەم مەرگە-پەتایە دەبرایەوە سەر کۆمەڵێک پێکهاتەى کۆمەڵایەتى وەک جوولەکەکان و کاولییەکان و بیانییەکان و کڵێساش مرۆڤەکانى بە گوناهبار دەزانى کە ئەم نەخۆشییە وەک نامەیەکى بەد لە ئاسمانەوە وەردەگرن. ئەودەم خەڵک شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیانیان جێدەهێشت و شوێنەکانیان وەردەگەڕان بۆ دارستان و هەقدەستیش زۆر بەرزدەبووەوە چونکە هێزى کار زۆر دادەکشا.