A+    A-
(1,189) جار خوێندراوەتەوە

 

تۆ دەتوانیت دەنگ بدەیت بەڵام ناتوانیت ئەوە هەڵبژێریت کە ڕاستە

 

 

 

یۆڤاڵ نوح هەراری

لە ئینگلیزییەوە: شاڵاو یاسین

 

 

 

وەرزی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی ئەمریکا، کە لە دووشەمەدا دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لە گەڵ کۆنگرە حیزبیە دیموکراتەکاندا، ڕەنگە یەکێک بێت لەو هەڵبژاردنانەی کە زۆرترین ناکۆکی و مشتومڕ دروست بکات لە مێژووی ئەمریکادا. ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی کە دێت ڕەنگە بە جۆرێک بێت تەواوی جیهان بهەژێنێت، و لەوانەشە نەزمی جیهانی بۆ چەند ساڵی داهاتوو نیگاربکات. کاتێک کە کەشوهەوای سیاسی تاکو ئاستی کۆتایی پلەی کوڵان بەرزدەبێتەوە، ئەوکات خەڵکی لە هەموو لایەکەوە پێویستە بیر لە چییەتی حەقیقەتی هەڵبژاردنی دیموکراتیک بکەنەوە.

هەڵبژاردن میتۆدێک نیە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. بەڵکو میتۆدێکە بۆ گەڕان بە دوای سازانێکی ئاشتیخوازنە لەنێوان ئارەزووە ناکۆکەکانی خەڵکە جیاوازەکە. ڕەنگە تۆ لە گەڵ خەڵکانێکدا لە هەندێک شتی وڵاتدا بەشدار بیت، خەڵکانێک کە ڕەنگە وایان ببینیت کە نەخوێندەوار و گەمژە و بەدخواز بن، لەوانەشە ئەوانی دیش هەمان دیدی تۆیان هەبێت. هێشتاش دەتەوێت لە گەڵ ئەم جۆرە خەڵکانەدا بگەیت بە سازان و تەباییەکی ئاشتیخوازانە، یان نەخێر دەەتەوێت جیاوازیەکانی خۆت بە چەک و بۆمبەکان بسەپێنیت و بخەیتە ڕوو؟

لەوکاتەوەی هەڵبژاردنەکان میتۆدێکن بۆ گەشتن بە سازانێکی ئاشتیخوازانە لە مەڕ ئارەزووەکانمان، لە وێستگەی دەنگداندا خەڵکی ناپرسێت"حەقیقەت چیە" بەڵکو دەپرسن"چیت دەوێت"؟ ئەمەش لەبەرئەوەیە کە هاوڵاتی مافی یەکسانی دەنگدانی هەیە. کاتێک ئێمە بە دوای حەقیقەتدا دەگەڕێین، ڕا و بۆچونی جیاوازی خەڵک ئاماژ و قورسایی جیاواز لە گەڵ خۆیدا دێنێت. بەڵام کاتێک شتەکە دەبێت بە ئارەزوو، ئەوکات هەموو کەس پێویستە بە هەمان شێوە مامەڵی لە گەڵدا بکرێت.  

لە سەرەتاکانی ڕیفراندۆمی ٢٠١٦ی برێکزتدا، بایۆلۆژیستی بەناوبانگ ڕیچارد داوکنیز ئەوەی خستەڕوو کە بەشی هەرە زۆرینەی خەڵکی بەڕیتانیا هەرگیز پێویستی بەوە نیە پرسی ئەوەی پێ بکرێت دەنگ بە ڕیفراندۆم بدەن، لە بەرئەوەی لە ڕووی زانستی سیاسی و باگراوەندی پێویستیی ئابورییەوە هەژارن. ئەو دەڵێت "بەو پێیە دەکرێت بە هەمان مانا لە سەر ئاستی نەتەوەییدا داوابکەیت  و ڕای گشتی گەڵ وەربگریت و بڕیاربدەیت  بەوەی ئایا زانستی ئەلجێبرای ئەنیشتاین ڕاستە یاخود نا".

هێشتا بەراوردکارییەکە کەمایەسی و کەموکورتیی خۆی هەیە. وەرگرتنی ڕای گشتی گەل بۆ قەبوڵکردنی تیۆری ڕێژەیی ئەلجێبرای ئەنیشتاین ئایدیایەکی بێمانا و کۆمیدییە، لە بەرئەوەی ئەمە پرسی حەقیقەتێکە کە پێویستە بۆ پسپۆرەکان بە جێی بێڵین نەوەک خەڵکی. کاتێک قسە لە سەر تیۆری ڕێژەیی دەکرێت، بیروبۆچونی یەک پرۆفیسۆری فیزیا زۆر بەرزتر و قبوڵکراوترە لە بیروبۆچونی هەزاران پرۆفیسۆری مێژوو یاخود پارێزەر. بەڵام ئەو پرسیارەی کە لە دەنگدان و ڕاپرسیەکە دەرکەوت واتا لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٦دا پرسیارێک نەبوو دەربارەی حەقیقەت. بەڵکو ئەوە بوو" ئایا دەکرێت شانیشینی یەکگرتوو وەک ئەندامێک لە یەکێتی ئەوروپادا بمێنێتەوە یاخود دەرچێت لێی" خۆی ئەمە پرسیارە دەربارەی ئارەزوو، بۆیە هیچ هۆکارێک نیە بۆ سەپاندن و پیرۆزکردنی ئارەزووی پسپۆرەکان بە سەر هەموو ئەوانی دیدا.

تۆ دەتوانیت بەڵگەی ئەوە بێنیتەوە و بڵێیت کە ئارەزووەکان لە سەر بنەمای فاکتەکان فۆرمەڵەکراوە، لە گەڵ ئەوەشدا بڵێی گفتوگۆکان دەربارەی برێکزت لە سەر گەڵاڵە و بەڵگەگەلێکی درۆ و دەلەسەی تیۆری ئابوری وەستاوە. بۆ نمونە، ئایا ئەنجامی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەبێتە هۆی زۆربوون یان کەمبوونی بەرهەمە خۆماڵیەکان؟ زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک ئامادەییەکی ئەوتۆی مەعریفی نیە بۆ وڵامدانەوەی پرسیاریکی ئاڵۆزی وەهای ئابوری. لە بەرئەوە، لەوانەیە بگەیت بەو ئەنجامەی بڵێی پێویستە برێکزت بۆ زانا و پسپۆرەکان بە جێبهێلرێت.

ئەگەر بەرهەمی خاوی ناوخۆ بە تەنها پەیوەندیدار بێت بە بابەتەکەوە، ئەوە ئەو کات پێویستە لە لایەن گروپێکی بچوکی پسپۆرەوە بڕیار لە سەر بابەتێکی وەها بدرێت. وە هەروەها، ڕەنگە خەڵک ئارەزووی ئەوە بکەن لە یەکێتی ئەوروپا دەرچن لە بەر هەندێک هۆکاری تایبەتی، تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوە بەرەو کارەساتی ئابوری ئاراستەیان بکات. هەرچەندە لە دیموکراسیشدا دەنگدەران بە شێوەیەکی تەواو قەتعی هەست و خولیای ناسیۆنالیستی و ئایدیاڵی ئاینیی بە سەر بەرژەوەندیی ئابورییاندا زاڵە.

پسپۆر و زاناکان لەوانەیە ڕەخنەیەکی توندی ئەم جۆرە مافەی هەڵبژاردن وەک هەڵبژاردنێکی "ناعەقڵانی"بکەن ، بەڵام ڕێگە پێدانی پسپۆرەکان بۆ سەپاندنی ئەوەی خەڵکی چیان بوێت ڕێگەیەکی تولانی و درێژە بەرەو تۆتالیتاریزم. نوکتەیەک هەیە، کە چالاکوانێکی کۆمۆنیست جارێکیان بەڵێن بە  گرووپێکی کرێکار دەدات و دەڵێت" هەرکات شۆڕش هات، هەمووتان  ئەتوانن هەم شلک و هەم کرێمەکەش بخۆن!" یەکێک لە کرێکارەکان دەستی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت" بەڵام من حەزم نە لە کرێمەکەیە و نە لە شلکەکەش" کۆمۆنیستەکە دەسبەجێ بە تۆنێکى کەمێک هەڕەشەئامێزەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێت"  کاتێک شۆڕش بێت، تۆ حەزت هەم لە شلکەکە و هەم لە کرێمەکەش دەبێت"..

 

سەرپێچیکردنی حەقیقەت 

لەو کاتەوەی کە هەڵبژاردن دەربارەی ئارەزووە وەک لەوەی دەربارەی حەقیقەت بێت، پسپۆرەکان نابێت مافەکانی دەنگدانی تایبەت ببەخشن. بەڵکو لە بەر هەمان هۆ، حوکمەتە هەڵبژێرداوەکان پێویستە ڕێز لە سەربەخۆبوونی زانست، دادگا و میدیاکان بگرن. حوکمەت نوێنەری یان نوێنەروەی ئیرادە و ویستی زۆرینەی خەڵکە، بەڵام حەقیقەت نابێت ملکەچبکرێت بۆ ئیرادەی خەڵک، لەبەرئەوەی خەڵک کەمجار ویستی حەقیقەتیان هەیە، یان زۆرجار ویستی شتی دیەکیان هەیە وەک لەوەی ویستی حەقیقەتیان هەبێت. بۆ نمونە، فەندەمێنتالیستە مەسیحیەکان بێشومار ئارەزوی ڕاستبوونی کتێبی پیرۆز و هەڵەبوونی تیۆری پەرەسەندنیان هەیە. لە گەڵ ئەوەشدا، تەنانەت ئەگەر ٩٠ لە سەدی دەنگدەران بریتی بن لە مەسیحە فەندەمێنتالیستەکان، ئەو کات پێویست ناکات دەسەڵاتی ئەوەیان هەبێت کە حەقیقەتی زانستی بسەپێنن، یان زانستکارەکان لە بڵاوکردنە و گەڕانیان بۆ حەقیقەتە بێزارکەرکان یاساغ بکەن. بە پێچەوانەی کۆنگرێسەوە، بەشی بایۆلۆژی نابێت پەرچی ویست و ئیرادەی خەڵک بدەنەوە. کۆنگرێس بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ئەو یاسایە تێپەڕێنێت یان جێبەجێی بکات کە دەڵێت تیۆری پەرەسەندن هەڵەیە. بەڵام جۆرە یاسایەکی وەها ناتوانێت واقع یان حەقیقەت بگۆڕێت.

 

 

بە هەمان شێوە، کاتێک سەرکردەیەکی کارێزماتیک تاوانبار دەکرێت بە گەندەڵی، هاوکارە بەوەفاکانی وەک هەمیشە ئومێد دەکەن ئەم تاوانبارکردنە هەڵە بێت. بەڵام گەر تەنانەت زۆربەی دەنگدەران پشتگیری سەرۆکەکە بکەن، ئەوە ئارەزوەکانیان ناتوانێت ڕێگری لە ڕۆژنامەنوسان و دادوەرەکان بکات لە لێکۆڵینەوە و تاوانابارکردنەکە بۆ ئەوەی بگەیت بە حيقیقەتەکە. تەنانەت ئەگەر پارلەمان یاسایەک تێپەڕێنێت و لە یاساکەدا ئەوە بەیان کرابێت کە هەموو تاوانبارکردنەکە دژ بە سەرۆکەکە هەڵە بێت، ئەوە ئەو کات جۆرە یاسایەکی وەها ناتوانێت فاکت و حەقیقەتەکان بگۆڕێت. بە دڵنیاییەوە زانستکارەکان و ڕۆژنامەنوسەکان ودادوەرەکان کێشەی خۆیان هەیە، وە ناتوانن هەمیشە متمانەیان پێ بکرێت بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت یان وتنی حەقیقەت. هەندێک کات دامەزراوە ئەکادیمیەکان، میدیا و دادگاکانیش لەوانەیە توشی لادان و هەڵە و گەندەڵی ببن. بەڵام ملکەچپێکردنیان بۆ وەزارەتی حەقیقەتی دەوڵەت لەوانەیە شتەکان خراپتر بکات. دەوڵەت هەمیشە بەهێزترین دامەزراوەی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگادا، هەروەها دەوڵەت زۆرجار سود و قازانجێکی مەزن دەبینێت لە شێواندن و شاردنەوەی حەقیقەتە نا-ئاسودەگیەکان یان حەقیقەتە بێزارکەرەکان. ڕێگەدان بە دەوڵەت بۆ سەپەرشتیکردن و چاودێریکردن و گەڕان بە دوای حەقیقەتدا وەک دەستنیشانکردنی ڕێویەک وایە بۆ ئەوەی پاسەوانی هێلانەی مریشکەکان بکات.

بۆ پاراستنی حەقیقەت، باشترە پشت بە دوو میتۆدی دیکە ببەسترێت.

یەکەم، دامەزراوە ئەکادیمیيەکان و سیستەمی میدیایی و دادوەری، میکانیزمی ناوەکی خۆیان هەیە بۆ شەڕکردن و جەنگین لە گەڵ گەندەڵی، ڕاستکردنەوەی چەوتیەکان و نەهێشتنی هەڵەکان. لە ناوەندە ئەکادیمیەکاندا، ئەوانەی پێداچونەوە بە بڵاوکراوەکان دەکەن زۆر باشتر و دەقیقتر لە سەر هەڵەکان دەوەستن وەک لەوەی لە لایەن چاودێریکردنی دەوڵەتی فەرمیەوە بێت، وە گەشەکردنی ئەکادیمیا زۆرجار پشت بە کەشفکردنی هەڵەکانی ڕابردوو و دۆزینەوەی فاکتە نەزانراوەکان دەبەستێت. لە میدیادا، کێبڕکێی ئازاد مانای ئەوە ئەدات ئەگەر ڕۆژنامەیەک خۆی لە بڵاوکردنەوەی سکانداڵ و ئابڕوچونێک لادا، ئەوە ئەو کات خودی کێبڕکێکارەکە یان نەیارەکە لەوانەیە باز بۆ شوێنی ڕۆژنامەنوسەکە بدات. لە سیستەمی دادوەریشدا، دادوەرێک کە بەرتیل وەردەگرێت لەوانەیە وەک هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی دیکە سزا بدرێت.

دووەم، بوونی چەندین دامەزراوەی سەربەخۆ کە بە چەندین ڕێگەی جیاواز بە دوای حەقیقەتدا دەگەڕێن، ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی هەستن بە پشکنین و ڕاستکردنەوەی یەکتری. بۆ نمونە، گەر دەزگا بەهێزەکان بتوانن میکانیزمی توێژینەوەی دەقیق یان توێژینەوەی هاوتا، تێکبشکێنن ئەویش بە پێدانی بەرتیل بە ژمارەیەکی ئێجگار زۆری زانا و زانستکارەکان، ئەوە لێکۆڵەرە ژورناڵیستەکان و دادگاکان دەتوانن ئاشکرا یان سزای تاوانبارەکان بدەن. ئەگەر میدیا یان دادگاکان توشی لادانێکی سیستەماتیکی ڕەگەزپەرەستی ببن، ئەوە ئیشی سۆسیۆلۆگەکان، مێژوونوسەکان و فەیلەسوفەکان دەبێت ئەم چەوتی و لادانە ئاشکرا و دیاگنۆس بکەن. هیچ یەکێک لە میکانیزمە ئەمنی و دڵنیاییەکان نیە بتوانێت بە تەواوەتی خاڵی نەبێت لە شکست و فەشەل، بە دڵنیاییەوە هیچ دەزگایەکی مرۆیی و تەنانەت دەوڵەتیش بوونی نیە بتوانێت شکست نەهێنێت.

چەند هۆکارێکی گرنگی دیکە هەیە بۆ پاراستنی دەزگا و دامەزراوە ئەکادیمیە سەربەخۆکان، هەروەها لە گەڵ میدیا و بە تایبەتیش دادگاکان. هەڵبژاردنە دیموکراتیەکان هەمیشە بە دەوری ئارەزووە مرۆییەکان دەخولێتەوە، وە ئارەزوویەک کە هەمووان بەشداری دەبەن ئارەزویەکە لە پێناو بردنەوەدا. باشە چۆن ئێمە بتوانین دڵنیا بین لەوەی کە پارتە سیاسیە بەهێزەکان یاریەکی باش و تەندروست ئەکەن یان بە لای خۆیاندا یاریەکە ناشکێننەوە؟

 

لە یاریی تۆپی پێدا، ئەوە ڕوونە کە داوەرەکە ناتوانێت سەر بە یەکێک لە تیمەکان بێت و پشتگیری یەکێک لە تیپە پێشبڕکێکارەکان بکات. کاتێک یەکێک لە یاریچیەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕێت بەوەی ئایا ئەوە فاوڵ بوو یاخود نا، ئەوە ئەو کات پێویستیان بە داوەرێکی سەربەخۆو بێلایەن هەیە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات. بۆ دیموکراسیش هەمان شتە. دیموکراسیش هەر یاریە بەڵام بە یاسا تایبەتیەکانی خۆی، بۆیە بەشێکی زۆری دەنگدەران نابێت ڕێگەیان پێبدرێت ئەم یاسایانە پێشێل بکەن و بشکێنن. بۆ نمونە، ئەگەر ٥١%ی دەنگدەران یاسایەک تێپەڕێنن بەوەی ٤٩%ی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بێبەشبکرێت لە بەشداریکردندا، ئەوە ئەوکات هەندێک داوەری سەربەخۆ پێویستە بڵێن"فاوڵ"! پاشان یاسا تێپەڕێنراوەکە پەکبخەن و فەشەلی پێنن-تەنانەت گەر زۆرینەی دەنگدەرانیش پشتگیری بکەن. لە زۆربەی حاڵەتە دیموکراسیەکاندا، داوەری سەربەخۆ و بێلایەن بۆ خۆی دادگایەکی باڵا و دادوەرێکی پایەبەرزە، وە ئەگەر دادگای باڵای سەربەخۆ ڕوبەڕوی هەڕەشە و سازشکردن بویەوە، ئەوە ئەو کات یاریە دیموکراسیەکە بەرەو دیکتارۆیەتی زۆرینە دەگۆڕێت.

 

 

ورچەکان بە نەفرەت بکەن

 وەک نمونەیەک، با کەیسێکی گرنگی وەک گۆڕانی کەشوهەوا ڕەچاو بکەین و بێنینەوە. پرسیارەکە ئەوەیە" ئایا کردارەکانی مرۆڤ دەبێتە هۆی گەرمبوونی کەش و هەوای زەوی؟" ئایا دەکرێت بڵێین ئەم پرسیارە، پرسیارە دەربارەی حەقیقەت. حەز و ئارەزووی زۆرینەی خەڵک بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە"نەخێرە" بەڵام ئارەزوەکانی خەڵک هیچ شتێک لە حەقیقەت ناگۆڕێت. بۆیە کەمێک گاڵتەجاڕ دەبێت گەر ئەم پرسیارە بخەیتە بەردەم ڕای گشتی خەڵک کە لە کاتێکدا هەموو خەڵک چێژ لە مافی یەکسان دەبینن بۆ دەنگدان. لە جیاتی ئەوە، ئەم پرسیارە پێویستە لە لایەن پسپۆر و شارەزا تایبەتەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. گەر بەشی هەرە زۆری پسپۆر و شارەزاکانی کەشوهەوا وەڵام بدەنەوە دەڵێن"بەڵێ"  لە کاتێکدا زۆرینەی دەنگدەران دەڵێن"نەخێر".. ئێمە پێویستە باوەڕمان بە پسپۆر و شارەزاکان هەبێت. زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەران دەسەڵاتی ئەوەیان نیە بتوانن بەشە ئەکادیمیەکان و دەریچەکانی میدیا لە توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی حەقیقەتی نەویستراو بوەستێنن. بێگومان سەرەوەختێک کە ساتی ئەوە دێتە پێشێ بڕیاری سیاسی بدرێت دەربارەی قەیرانی کەش و هەوا، ئەوە لە سێبەری دیموکراسیدا ویستی دەنگدەران هێشتا پێناچێت باش و بەسود بێت. دانپێدانان بە حەقیقەتی گۆڕانی کەش و هەوا پێمان ناڵێت ئایا دەشێت چی شتێک بکەیت لە پێناو چارەسەرکردنیدا. هەمیشە ئێمە بژاردەی زۆرمان هەیە و، هەڵبژاردنی هەر یەکێک لەو بژاردانە تەنها پرسی ئارەزووە و بەس. یەک بژاردە لەوانەیە ڕاستەوخۆ کار بکاتە سەر کەمکردنەوەی دەرپەڕاندنی گازی ژەهراوی بۆ نێو سروشت، تەنانەت گەر لە سەر حسابی هێواشکردنە و کەمکردنەوەی گەشەی ئابوری بێت. هەرچەند ئەمە ڕەنگە مانای چەشتنی هەندێک سەختی و ناڕەحەتی بێت لەمڕۆدا بەڵام ڕزگارکردنی مرۆڤ لە ٢٠٥٠دا زۆر لەوە سەختر و دژوارترە، یان ڕزگارکردنی بنگلادیش لە خنکان و ڕزگارکردنی ورچە جەمسەریەکان لە مردن و لە ناوچوون. دووەم بژاردە ڕەنگە ئەوە بێت کە ئیش و کارەکان وەک دۆخی ئاسایی خۆیان بەردەوام بن. ئەمەش مانای ئەوەی ژیانێکی ئاسانتر وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، بەڵام ئەمە لە خۆیدا ژیان زۆر دژوارتر و سەختتر دەکات بۆ نەوەکانی داهاتوو، واتای خنکان و ژێر ئاوکەوتنی بەشی زۆری بنگلادیش، واتای لە ناوچوون و ڕاماڵینی ورچە جەمسەریەکان- وە هەروەها لە ناوچوونی چەندین چەشن و جۆری دیکەی زیندەوەران. لە دیاریکردنی یەکێک لەم دوو بژاردەیە، ئارەزووی پسپۆر و زاناکان پێویست ناکات زاڵ بێت بە سەر ئارەزووی خەڵکی تر.

 

تاکە بژاردەیەک کە پێویست ناکات بکرێت بە ئۆفەر و پێشنیار بریتیە لە شاردنەوە و شێواندنی حەقیقەت. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ڕێگا ئاسانترەکە پەسەند بکەین و بگرینە بەر، هەروەها نەفرەت لە بەنگلادشییەکان و ورچە جەمسەرییەکانیش بکەین، ئەوە مانای وایە لە دیموکراسیدا ئێمە دەستنیشان کراوین لە پێناو ئەوەدا دەنگ بدەین. بەڵام ئێمە دەستنیشان نەکراوین بۆ ئەوەی یاسایەک تێپەڕێنین کە دەڵێت گۆڕانی کەشوهەوا تەنها فێڵ و تەڵەیە. ئێمە دەتوانین ئەوە هەڵبژێرین کە دەمانەوێت، بەڵام ناتوانین نکۆڵی لە مانای ڕاستەقینەی بژاردەکەمان بکەین.

 

 

یاسای شلک

جیاکردنەوەی ئارەزوو لە حەقیقەت بە گشتی ئایدیایەکی نوێ نیە. هەمیشەش ئەم ئایدیایە شتێکی گرنگ بووە بۆ باش ئیشکردنی دیموکراسی. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا زۆر گرنگتر دەبێت لە هەر کاتێکی دیکەدا، لە بەرئەوەی تەکنەلۆژیای نوێ ڕێگاکە ئاسانتر دەکات بۆ مۆنۆپۆڵکردن و کۆنترۆڵکردنی ئارەزوەکانی مرۆڤ. 

تێکەڵکردن و کۆکردنەوەی هەردوو کایەی بایۆتەکنەلۆژی و ئینفۆتەکنیک توانا و قوردەت بە دەسەڵات و دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان دەدات بە شێوەیەکی سیستەماتیک ملیۆنان مرۆڤ هاک بکەن. ئێمە لەو پنتەوە زۆر نزیکین کاتێک کە هەندێک لە کۆمپانیاکەن و دەسەڵات شارەزایەکی باشی بایۆلۆژیان هەبێت و داتای پێویستیان لە بەردەستدا بێت هەروەها دەسەڵاتێکی ژمارەیی و کۆمپیوتەری کافیان لە بەردەستدا بێت بۆ ئەوەی لە خۆمان باشتر بمانناسن. بە هاوکاری ئەلگۆریتمە نوێیە قودرەتمەندەکان، حوکمەت و کۆمپانیاکان لە داهاتودا دەتوانن نەک تەنها پێشبینی و کەشفی بژاردەکانمان بکەن، بەڵکو هەروەها دەتوانن مۆنۆپۆڵی ئارەزوەکانمان بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، وە هەر شتێکمان پێ بفرۆشن کە دەیانەوێت-جا شتەکە بەرهەمێک بێت یان سیاسیەک ئەو کات بە ئاسانی دەتوانن پێمانی بفرۆشن. کاتێک کە ئەم شۆڕشە کۆتایی دێت، ئەلگۆریتمەکان دەتوان دڵنیا بن نەک بە تەنها لەوەی تۆ حەزت لە شلیکە یاخود لە کرێم، بەڵکو هەروەها حەزت لە دەسەڵاتی حاکمیش بێت. لە دیموکراسیدا، دەسەڵات و حوکمەت نوێنەری ئیرادەی خەڵکن. بەڵام چی ڕوودەدات کاتێک دەسەڵات و حوکمەت قودرەت و توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی سیستەماتیک مۆنۆپۆڵی ئیرادەی خەڵک بکەن؟ ئەو کات کێ نوێنەری کێیە؟

 بۆ ئەوەی بزانین کێشەکان بەرەو خراپتر دەچن، هەنوکە سەرهەڵدانی ڕژێمە پۆپۆلیستیەکان دەبینین کە سەرەتا ئەیانەوێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرن ئەویش لە ڕێگەی وروژاندنی ڕق و کینە دژ بە غەریبە و کەمینەکان، هەروەها دواتر بە شێوەیەکی سیستەماتیک هێرش دەکەنە سەر هەر دەزگا و دامەزراوەیەک کە بیەوێت دەسەڵاتیان سنوردار بکات. ئامانجی سەرەتایان بە دەقیقی بریتیە لەو دەزگا و دامەزراوانەی کە دەیانەوێت پارێزگاری لە حەقیقەت بکەن، هەروەها لە میدیا و دادگا و ناوەندە ئەکادیمیەکان. ڕژێمە پۆپۆلیستیەکان هەمیشە لە حەقیقەت ترساون و دەترسن لە بەرئەوەی حەقیقەت گوێڕایەڵیان نابێت، هەر بۆیە هەمیشە بانگەشەی نەبوونی حەقیقەت دەکەن. سەرکردە پۆپۆلیستە نمونەییەکان هەمیشە مەرایی و ستایشی خەڵک دەکەن، پێیان دەڵێن تەنها شتێک کە دەبێتە کێشە بریتیە لە ئارەزوەکانیان. زانا و پسپۆرەکان کە زۆرجار ئاماژە بۆحەقیقەتە بێزارکەرەکان دەکەن و نیشانی دەدەن، بەو هۆیەوە هەمیشە وەک خیانەتکاران دەبینرێن و سەیر دەکرێن چونکە ڕوبەڕوی ویست و ئیرادەی خەڵک دەبنەوە.  

بۆ پاراستنی داهاتووی دیموکراسی، پێویستە حەقیقەتی سەربەخۆی ئارەزووەکان بپارێزین. ئەوە بە تەنها بەس نیە وەفا و سۆز بۆ ئایدیاڵە ئەبستراکتەکانی حەقیقەت دەربڕین. بەڵکو کلیلی بنەڕەتی دامەزراوەکانن، هەرچەندە کەموکورتیش بن، بەڵام تەنها دامەزراوەکان(موئەسەساتەکان) دەتوانن ئایدیاڵەکان بگۆڕن بۆ پراکتیکی کۆمەڵایەتی.

کێشە نیە تۆ لە چ وڵاتێکدا دەژیت، گەر دەتەوێت پارێزگاری لە دیموکراسی بکەیت، دەنگ بەو لایەنە بدە کە ڕێز لە دامەزراوەکان(موئەسەساتەکان) دەگرێت لایەنێک کە هەمیشە حەقیقەت بڵاودەکاتەوە و لێکۆڵینەوە لە حەقیقەت دەکات بە جۆرێکی تر حيقیقەت دەپشکنێت. دەنگ بە پارتێک بدە کە بە خەڵکی دەڵێت مافی ئەوەیان هەیە هەر حوکمەتێک هەڵبژێرن کە حەزیان لێیە، نەک ناتوانن هەر حەقیقەتێک هەڵبژێن کە حەزیان لێیە.

 

 

 

 

سەرچاوە:  

https://www.nytimes.com