A+    A-
(1,689) جار خوێندراوەتەوە

دۆخی ئاوارتەى کۆرۆنایی

 

 

 

جۆرجیۆ ئاگامبێن

و. سوورێن ئیبراهیم

 

 

بۆ ئەوەى بتوانین لەو ترس و دۆشدامان و دۆخە ناکاوەی لە سۆنگەى پەتای کرۆناوە سەری هەڵداوە، تێ بگەین. دەبێت لە ڕاگەیاندراوەکەى ناوەندی توێژینەوەى نەتەوەیی ئیـتاڵیا (NRC)ـەوە دەست پێ کەین، ئەوان ئەڵێن: «هیچ تووشبوویەکی پەتای SARS-CoV2 لە ئیتاڵیا نییە.»

لە درێژەی ئەم ڕاگەیاندراوەدا هاتووە: «لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە پەتاناسییانەى تا ئێستا بەردەستن، پاڵپشت بە دەیان هەزار نموونەی تاقیکاریی، ٨٠ تا ٩٠ %ـی ئەم پەتایە هاوشێوەى نیشانەکانی سووکەهەڵامەتە. ١٠ تا ١٥ % ـی ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی سییەکان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم پەتایە بە زۆریی سەر ناکێشێ بۆ دۆخێکی دژوار. پێشبینیی دەکرێ تەنیا ٤% ـی تووشبووان پێویستیان بە دەرمانی قورس بێ.»

ئەگەر ڕاستییەکە ئاوایە، ئەی بۆ ڕاگەیاندن و بەرپرسان هەوڵ دەدەن دڵەڕاوکێ درووست بکەن و بەم بیانووەش دۆخی ئاوارتە ڕابگەیەنن؟ ئەویش دۆخێکی ئاوارتەى وا کە تەگەرەی زۆر و شێلگیرانە بۆ گواستنەوە چێ دەکات و لە هەندێ ناوچە ژیانی ئاسایی و کاروکاسپیی پەک دەخات.

بۆ تیشکخستنە سەر ئەم کردە نامۆیە گەرەکە ئاماژە بە دوو هۆکار بدەین.

سەرەتا و پێش هەموو شتێک، ئەو خاڵەى دیسانەوە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە، سوودبینینە لەو دۆخە ئاوارتەیە وەک نەخشەڕێیەکی ئاسایی ڕێپێدراو بۆ فەرمانڕەوایی و ئیدارەدان. فەرماندان، ڕێپێدانی حکومەت، (بە پاساوی بابەتی تەندرووستیی و ئاساییشیی گشتیی) بووەتە هۆی درووستبوونی دۆخێکی بەرجەستەى سەربازیی. ناوەند و ناوچەى وا هەبوون کە لانیکەم پشکنینی یەک کەس پۆزەتیڤ بووە، ئەویش سەرچاوەى هەوکردنەکەى نادیار بووە. یان ناوچەى وا هەبووە تەنیا یەک حاڵەتی نەخۆشییەکەى لێ بووە، کە ئەمەش هیچ پەیوەندیی بەو گەشتیارانەوە نییە وا تازە لەو ناوچەى نەخۆشییەکەى لێ بڵاو بووەتەوە دەگەڕێنەوە.

دۆخێکی ئاوا نادیار و ئاڵۆز ڕێ بە حکومەت دەدات بەپەلە دۆخی ئاوارتە لە سەرپاکی ناوچەکان ڕابگەیەنێت. هەرچەندە بڵاوبوونەوەى حاڵەتی هاوشێوە لە ناوچەکانی تریشدا کردەنییە.

دەبێت تێ بگەین ئەم فەرمانە چ سنووربەندییەک بۆ هاووڵاتییان چێ دەکات:

وەک مانگی لای ئێوارێ ڕوونە کە ئەم سنووربەندییانە هیچ پەیوەندییەکییان بە هەڕەشەی ئەم نەخۆشییەوە نییە. ئەو هەڕەشەیەی کە بە قسەی ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی توێژینەوەى نەتەوەیی (NRC) بێت سووکەهەڵامەتێکە و جیاوازییەکی وای لەگەڵ ئەو پەتایەدا نییە وا ساڵانە دەیگرین.

دەتوانین بێژین کاتێ تیرۆریزم ئەو گرنگییەى پووکایەوە تا دۆخی ئاوارتەى پێ ڕابگەیەنن. داهێنانی ئەم پەتایە پاساوێکی ناوازە بوو بۆ فراوانکرنی کردەى ئاوا بێسنوور.

هۆکاری دووەم بە هەمان ئەندازە ترسناکە، ئەویش ترسە، ئەو دۆخەى لەم ساڵانەى دواییدا لە وشیاریى تاکەکەى خەڵکدا دەچێنرێ سوکوئاسان بۆ پێویستییەکی ئێستایی کۆترسی کۆمەڵ دەگۆڕێ. کەواتە ئەم پەتایە پاساوێکی ناوازەى بۆ دەوڵەت ڕەخساندووە.

بەم تەرزە، ئەو سنووربەندییانەى دەوڵەت بۆ ئازادی درووستی کردوون- لە بازنەى بەتاڵى دۆخێکی لادەرانەدا- پەسەند دەکرێ، ئەویش بە ناوی خواستی گشتیی بۆ ئاسایش. ئەم خواستە دروستکراوی دەستی دەوڵەتانە، وا بۆ بەدەستهێنانی دەستبەکار دەبن.

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

                              کۆرۆنا: ئایا دۆخێکی ئاوارتە و نائاساییە؟

                             وەڵامێک بۆ وتارەکەی جۆرجیۆ ئاگامبێن

 

 

                                         مەهتاب دەهقان

                                        و. ڕاڤین کامەران

 

 

لە ڕاست و چەپەوە تیۆرییە پیلانگێڕییەکان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو دەکرێنەوە. هەندێکیان کۆرۆنای نوێ - کە چەند هەنگاوێک دوورە لەوەی ببێتە دۆخێکی سەرتاپاگیریی جیهانی – زۆر زیاتر لەوەی کە هەیە سادەتر تەماشای دەکەن. هەندێکی دیکەش، کە دەگوترێت لە سەد کەس دوو کەس دەکوژێت، زۆر ترسناکتر لەو وێنانەی بۆی دەکرێت، باس لە ڤایرۆسەکە دەکەن. کەسانێکی دیکەش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا وەکو بەهانەیەک بە دەسیسەى دەوڵەتان دەبینن بۆ سەرکوتی نەیارە سیاسییەکان، کۆمەڵەیەکی دیکە وەک یارییەکی میدیا و ئۆپۆزیسیۆنی دەزانن بۆ خستنەڕووی پرسیار سەبارەت بە هێز و توانای دەوڵەتان. کەسانێکی دیکەش ئەم ڤایرۆسە وەک وەهمێکی درووستکراوی دەستی ئیمپڕالیستەکانی دەبینن، هەندێکی تریش وەک چەکێکی کوشندەی تاقیگە بیۆلۆژییەکانی دەسەڵاتی ئیمپڕالیستیی دەبینن.

بنچینەی هەموو ئەم گوتارانەش بیرهاتنەوەی (ترس)ـە و نیگەرانیی ئەوەی (دوژمنی گریمانەکراو) ئەم کێشەیەی درووست کردووە و ئێستاش دەیەوێت بە کودەتایەک جڵەوی بارودۆخەکە بگرێتە دەست. زۆرێک لەم گوتارانە، کە لەژێر کاریگەریی میراتی دەیەیەک بڵاوکراوەی ئاساییشن لە میدیاکاندا و گۆڕینی هەموو شتێکی سیاسەت بۆ ئاساییش، لەبری شیکردنەوەی پاشکۆی بارودۆخەکە (شتێک کە زۆر پێویستمانە)، پەنا دەبردرێتە بەر تیۆری پیلانگێڕی. ڕاستییەکەى سەرهەڵدانی ڤایرۆسێکی نەناسراو و بڵاوبوونەوەی بە خێرایی، بووە هۆی ئەم لێشاوە گوتارە ئاساییشیانە.

هەر بەم بۆنەیەوە جۆرجیۆ ئاگامبێنـی فیلەسوفی چەپ لەم بارەیەوە بەتوندی دژ بە هەموو پڕوپاگەندەکانی ئاساییشە و بە پێداگرییەوە دەڵێت: ''بارودۆخەکە ئارامە، بەڵام نائاسایی کراوە.''

 

خوێندنەوەی ئاساییشی کۆرۆنا

پاولۆ ڤیرنۆی فەیلەسوفی چەپ جارێکیان لە گفتوگۆیەکدا گوتبووی: ''ترسی من لە (بەمۆدێل‌بوونی) وشە   فیتیشییەکانەFetish  لەناو سیاسەتدا،  چونکە وەک گریانی ئەو مناڵەیە وا لە تاریکیی دەترسێت... ئەو مناڵەى هاوار دەکات: ''دایە، دایە!''، ''بایۆسیاسی، بایۆسیاسی!''

بایۆسیاسی   پێناسەی سیاسەتە لەگەڵ دەسەڵاتی بایۆلۆژیی مرۆڤ. بەو جۆرەی کە دەردەکەوێت بایۆسیاسی لەو شوێنەوە سەرهەڵدەدات وا سیاسەت لە کایەی بەڕێوبردنی بایۆلۆژی کاردەکات و کۆمەڵگا و مەرگ و دەسەڵات و پزیشکی دەخاتە نێولەپی خۆی. ڕەخنەی ئەوە لە ئاگامبێن دەگیرێت کە بیرۆکەی زیاد لە ڕادە گەورەکراوەی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی بایۆسیاسی هەیە. بە بڕوای ڤیرنۆ سوودوەرگرتن لەم چەمکی بایۆسیاسییە وەک گریانی منداڵێکە، کردارێکی هێمنکەرەوە، لە کاتێکدا ئەوەی پێویستمانە بۆ ڕەخنەی سیاسی میکانیزمی کارە نەک پروپاڵانتە.

ئەم بیریارە چەپە لە هەمان چاوپێکەوتندا جۆرجیۆ ئاگامبێنی وەک فەیلەسوفێکی بێ‌پەیامی سیاسی وەسف کردبوو کە دەسەڵاتی بایۆسیاسیی بۆ چەمکێکی بوونگەراییانە گۆڕیوە. بەڵام ڤیرنۆ بڕوای وایە بایۆسیاسی بەرئەنجامی هێزی کارە، کاتێک دەڵێین هێزی کار بە کاڵا کراوە، واتا لە (دەسەڵات بەسەر ژیاندا) هاوکات و لە بوونی خۆیشیدا بوونی هەیە.

دوایین وتاری جۆرجیۆ ئاگامبێن دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵگەی ڕاستی و دروستیی ڕەخنەکەی ڤیرنۆیە [سەبارەت بە ئاگامێن]. فیلەسوفە ئیتاڵییەکە - کە ئێستا وڵاتەکەی لە سەرەوەی لیستی تووشبووانە بە ڤایرۆسە نوێیەکە - دەوڵەتان بە (درووستکەر و داهێنەری ئێپیدێمییەک) تاوانبار دەکات، تا بەم ڕێگەیە دووبارە دەرفەتی درووستکردنەوەی دۆخی ئاوارتە و نائاساییان بۆ بلوێت. ئەو کۆرۆنا وەک هەر ڤایرۆسێکی ئەنفلۆنزای سادە باس دەکات و دەڵێت دەوڵەتان لەم ڕێگەیەوە ترسی دەستەجەمعی پەرە پێ دەدەن. بە گوتەی ئەو دەوڵەتان لەم دۆخەدا وەک وەڵامێک بۆ ئارەزووی گشتیی بەرانبەر تەناهیی و ئاساییش، جارێکی تر دۆخەکەیان نائاسایی کردۆتەوە و ئازادیی گشتیان لە خەڵک وەرگرتۆتەوە.

چەند کێشەیەکی گەورە لەم وتارەی فەیلەسوفە ئیتاڵییەدا هەیە کە سەردەمانێک ڤیرنۆ ئەوی بە کەسێکی ناسیاسیی لە قەڵەم دابوو.

١- ڤیرنۆ گوتبووی کیشەی ئاگامبێن لەو شوێنەدایە کە هێزی کار وەک بزووتنەوەیەکی بایۆسیاسی و بایۆسیاسیش لە هەموو شتێکدا دەبینێت. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت ئاگامبێن لە کاردانەوە تایبەتییەکەیدا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەجیاتی شیکاری دۆخ و پیشاندانی داینامیکی هێزی کار/سەرمایەداریی، تەنیا سەمپتۆم و دەردەنیشانەکانی بایۆسیاسی دەبینێت. لێرەوە دەسەڵاتدارانی ئاساییش-کۆنترۆڵی دەوڵەت لە بەرەنگاریی بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، فەیلەسوفە ئیتاڵییەکە بە جۆرێک دەترسێنێت کە وەک منداڵێکی ترساو هاوار دەکات: ''بایۆسیاسی، بایۆسیاسی!''

٢- ئەو کە لە هەمان کاتدا ترساوە، بە بیرهێنانەوە و بە لێکچواندنی کۆرۆنا لەگەڵ (ئەنفلۆنزایەکی سادە) خۆی ئارام دەکاتەوە - هەڵبەتە هەموومان ئەوەمان قبووڵە کە نابێ لە کۆرۆنا بترسێت -. ئاگامبێن بە جۆرێک لە جۆرەکان کاتێک دەڵێت کۆرۆنا هاوشێوەی تایەکی ئاساییە ڕاست دەکات، بەڵام ئەگەر ١- بە ئەندازەی پەتایەکی سادە پێداویستییەکانی دیاریکردن[ـی نەخۆشییەکە] لە ئارادا بن و هەموو کەس دەستی بە دەرمان ڕابگات. ٢- هەر وەک پەتا و ئەنفلۆنزایەکی سادە ژمارەی قووربانییەکانی نزیکەی لە سەدا پەنجا یاخود کەمتر با. بەڵام هیچ کام لەو دوو مەرجە نەهاتوونەتە ئاراوە. ئایا ئەم فەیلەسوفە ئەورووپانشینە دەزانێت ئەگەر ئەم (جۆرە ئەنفلۆنزایە) بگاتە ئەو ناوچە قەرەباڵغ و هەژارنشینانەی  بێ پێداویستیی تەندرووستین - وەک ئیدلیب، غەززە، موسڵ و زۆر ناوچەی دیکە لە باشووری جیهان - چ کارەساتێکی مرۆیی ڕوو دەدات؟

٣- ئاگامبێن هیچ ئاماژەیەک بە گرنگیی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ بنیاتنانەوەی هیزی کار ناکات. بە تایبەت لە وڵاتێکی وەک ئیتاڵیا کە بە ڕوونی دەبینین کۆرۆنا هەڕەشەیە بۆ سەر سەرمایەداریی و دەیخاتە بەردەم هەڕەشەی مایەپووچیی. کۆمپانیاکان لەگەڵ هاتنەکایەی قازانجی کەم و سەرمایەگوزاریی دیسان جێبەجێکردنی مەرج و یاسا سنووردارکردنەوەکانی دەوڵەتانی لێ بترازێ دیسان هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە ، چونکە ئەم مەرجانە بۆ بنیاتنانەوەی هێزی کار پێویستین. ئەم دۆخە نوێیە لە دژیەکیی دەروونی کاپیتاڵیزم بۆخۆی کارەساتە، کە لەپێناو قازانجی زیاتر بە کەمیی توانای بەدەستهێنانی سەرچاوە پزیشکی و چارەسەر و دەرمانی گشتی ، قەیرانسازی هێزی کار و تێکشکانی خۆی دروست دەکات. بەڵام ئەم گوتەیەی ئاگامبێن کە دەڵێت حکومەتەکان سوودیان لەم دەرفەتەی کە وا سەریهەڵداوە وەرگرتووە، بۆ وەرگرتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگا و گواستنەوە و ڕاگواستن و کۆکردنەوە (بەبێ ئاماژەکردن بۆ هەر جۆرە پێویستییەکی ماددی). ئاگامبێن دەگاتە ئەو میکانیزمەی کە  دەوڵەت سوود لە دۆخی چینۆفۆبیا وەردەگرێت و کۆرۆنا وەک دەرفەت بەکار دەهێنێت. هەڵبەت دەکرێت کۆرۆنا بۆ هەندێک لە دەوڵەتەکان یان کۆمپانییاکان قازانج و سوودێکی کاتی فەراهەم بکات، بەڵام لە درێژەی کاتدا، زۆر زیاترە لەوەی دەگوترا ناپێویستیی کەرەنتینە (کەنارخستن) و دروستکردنی (دۆخی ئاوارتە و نائاسایی.)

قسەکانی ئاگامبێن بە شێوەیەکی دژوازانە هاوشێوە و بیرهێنانەوەی قسەکانی ڕاش لیمبۆ، بێژەری ڕادیۆییەکی بناژۆخوازی لایەنگری دۆناڵد ترمپە. ئەویش ڤایرۆسی کۆرۆنای وەک (ئەنفلۆنزایەکی سادە)ـی ناو بردبوو، بڵاوبوونەوەی کۆرۆناشی بە لێکۆڵینەوەیەکی تاقیگەی دەست (هاوڕێ چینییەکان[1]) دەزانی. لیمبۆ بڕوای وایە کە میدیاکاران دەیانەوێت بە بیانووی ڤایرۆسە تازەکەوە سەرمایەداران بترسێنن و کاروکاسپیی سەرمایەداران لە لە پەلوپۆ بخەن و لە شکۆی ترەمپ بهێننە خوارێ.

خاڵی هاوبەشی هەردوو گوتارەکە لەوەدایە ئەوان بارودۆخی ئێستا لەسەر بنچینەی ترس لە کۆرۆنا شیتەڵ دەکەن، نەک نەخۆشییەکە و مەترسییەکانی لەسەر بەشێکی کۆمەڵگەی جیهان. هەر دوو گوتارەکە بەهۆی بابەتی سۆزی گشتی، ڕەخنەی سیاسییان پەل کیشکردۆتە ناو کایەی چیرۆکە زانستی-خەیاڵییەکان. لەم نێوەندەدا ترسی سەرەکی بۆسەر (بەشێک) لە بزووتنەوەی چەپەکان لەوەدایە ئامرازەکانی (کار) لەدەست بدەیت و بە دۆخێک بگەیت کە جیاوازیت لەگەڵ هێڵی فیکریی ڕاستڕەو، لە زیادەڕەویکردن لە سەرچیخچوونی ڕەوانبێژیدا بێت.

 

تێپەڕین لە ئاساییشەوە بۆ سیاسەت

لە سەرتاسەری دنیادا هەشتا هەزار کەس تووشی ئەم ڤایرۆسە هاتوون و دووهەزار‌وحەوت‌سەت کەسیش بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە. ئەو کەسانەی گیانیان لە دەست داوە، زیاتر لە هەژاریی خۆراک، ئاساییش، پزیشکی و ئیمکاناتی پەیداکردنی دەرمان ئازاریان دەچێژت. کێشەی وڵاتێکی وەک ئێران و هەڵبەتە چینیش بەهەمان شێوە، کۆریای باشوور و ئیتاڵیا (بە ڕێژەیەکی کەمتر)، تەنیا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نەناسراو نییە. کێشەی هەموو [ئەو وڵاتانە] و بەتایبەتی ئێران کەڵەکەبوونی ساڵانێک و دەیەیەکە لە کەمخۆراکیی و دەست پێڕانەگەیشتنی زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگا بە پێداویستییە پزیشکییەکان. واتا لە یەک ناوچەی چڕیی هەژارنشین سەدان کەس گیان لە دەست دەدەن و ڕێژەکەش هەروا هەڵدەکشێ.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ئەم هەڕەشەیە، نە پێویست بە درووستکردنی دۆخی نائاسایی و نە بە داخستنی سنوورەکان و بە قەدەغەکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان دەکات. پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هەر مەترسییەکی دیکە تەنیا پیویستی بە ڕێکخستنەوەیەک هەیە لە خوارەوە، هەروەتر هاوکاریی زیاتری نێودەوڵەتی. شێوە ڕێخستنەوەیەک لە هاوبەشیکردنی ماددی و توانای بەدەستهێنانی سەرچاوە پزیشکیی و خۆراکییەکان.

بابەتە هەنووکەییەکە ئەوە نییە کە ئایا کۆرۆنا لە پەتا ترسناکترە یا نا. بابەتە گرنگەکە درووستکردنی ئاگاییە سەبارەت بە کەمدەرامەت و هەناسەساردەکانی هەژارترین چینی ئەم کۆمەڵگایەی تووشی نەخۆشییەکە هاتوون، لاونەوازان، سواڵکەران، بەساڵاچووان و هەموو ئەو کەسانەی ساڵانێکە کەمخۆراکیی و کاری زۆرەملێیان خراوەتە سەر شان.         دەکرێت هاوڵاتییەکی ئاسایی ئیتاڵی زەرەر و زیان و ترسناکیی ئەم نەخۆشییە بە شتێکی بێبەها ببینێ، بەڵام ئەم نەخۆشییە کە هیشتا پێکوتەیەکی تایبەتیی لە دژ نەدۆزراوەتەوە بۆ کەسێک کە دووچاری کەمخۆراکیی و کاری زۆر بووە ترسناکترە.

کەواتە ئایا ئێستا کاتی ئەوە نییە لەبری خوێندنەوەیەکی ئاساییشی ڤایرۆسەکە، نەخۆشییەکە لەژێر ڕۆشنایی دەسەڵاتی سیاسی بخوێنینەوە؟

دەبێت ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک ئەرکێکی ماڵەوە   چاو لێ بکەین: ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە نوێیە و بەخێرایی بڵاوبوونەوەی ڕاهێنانی یەکەمە بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرێک لە مەترسییەکانی دیکەی تەندروستیی و ژینگەیی وەک گەرمبوونی زەوی، لەناوچوونی نەژادی ئاژەڵ و کارەساتە سرووشتییەکانی دیکە. لەگەڵ ئەوەش هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا توانای ڕیشەکێشکردنی ئەم چەشنە چەڵەمانەى نییە و پێویستیی بەجۆرێک هاوکاریی جیهانی هەیە. هەروها کێشەیەکە تەنیا تێپەڕین نییە لە گوتاری ئاساییشی نەتەوەییەوە بۆ ململانێی سیاسی، ململانێیەک کە چالاکییە خۆبەخشییەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی بگۆڕدرێت بۆ کاری زۆرەملێ و دەستکەوتی سەرمایەداری.

ئەگەر لەگەڵ ئەمەدا هاوڕا بین،  ڕەنگە لەبری ئەوەی ڤایرۆسەکە بمانکوژێت (تەنانەت ئەگەر بشمان کوژێت)، هاتنە ئارای دۆخی جووڵەی بە کۆمەڵ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی فەراهەم بکات. لە وڵاتێکدا کە نە پشکنینی نەخۆش بە دروستی ئەنجام دەدرێت و نە بڵاوکراوەی هۆشیاریی لەوبارەیەوە هەیە، هەنگاوی یەکەم بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئەوەیە خۆمان کۆنترۆڵی خۆمان بگرینە دەست و بە بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەم نەخۆشییە و شێوازەکانی خۆپاراستنی کۆمەڵگا لەم دۆخە درووست بکەین. جووڵەی خۆبەخشانە و بڵاوکردنەوەی زانیاری و توانای دەستڕاگەیشتن بە دەرمان دەتوانێت یەکەمین ئەزموونی جیهانی بێت بەرەو ئاڕاستەی (جیهانێکی تر.)

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، وا دەرناکەوێت کاتی ئەوە هاتبێت مرۆڤە بێ دەوڵەتەکان، دۆخەکە بگرنە دەست. ئایا ئەمە ئەو شتە نییە کە هەموومان دەمانەوێت؟

 

 

 


[1]. ChiCom لە زمانى ئینگڵیزییدا دەربڕینێکى سوکایەتى‌پێکەرە بە چین-ى کۆمۆنیستى- و

 

 

سەرچاوە: 

radio zamaneh