A+    A-
(3,097) جار خوێندراوەتەوە

پەلەقاژەی کۆمەڵگەی کوردی لەنێوان بەرداشی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمدا

 

 

 

ئاسۆس ساڵەح

 

 

 

لە سەدەی پێشوودا مشتومڕی زۆر لەسەر ئەم دوو چەمکە کراوە. بەڵام، دەشێت بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئەم دوو چەمکە نەک هەر کۆن نەبێت، بەڵکو مشتومڕ و قسە لەسەرکردن وەک پێویستییەک بێت، چونکە کورد ئەم دوو قۆناغەی بە پرۆسێسێکی تەواوەتی نەبڕیوە و وەک پڕۆژەیەکی ناتەواو ماوەتەوە. مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم، دوو چەمکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندن. جگە لەوەی بیروڕای جیاواز هەیە لە کات و شوێنی سەرهەڵدانیان و تایبەتمەنییەکانیان. مۆدێرنیزم لەسەرەتای سەتەی بیستەمدا دوای ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری بەتەواوەتی دەچەسپێت، بە لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانییەوە. دوای شەستەکان قۆناغی پۆستمۆدێنیزم دێت، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆیەوە. بەمەش مشتومڕی زۆر لەنێوان بیریاران دەستپێدەکات، هەندێکیان ئەم قۆناغە بەتەواوکەری مۆدێرنیزم دادەنێن، هەندێکیشیان بە قۆناغی پاش مۆدێرنیزم دایدەنێن.

ئەم وتارە، هەوڵدەدات پڕۆسێسی مێژوویی ئەم دوو چەمکە ڕوونبکاتەوە و پەیوەستی بکات بەو قۆناغ و دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی باشوور کە تێیدا دەهاڕێت.

 

ڕێنیسانس، زەمینەیەک بۆ مۆدێرنیزم:

دوای ئەوەی ئەوڕوپا چەند سەتەیەک لەناو تاریکیدا مایەوە، ئیدی پێویست بوو دووبارە باوەش بۆ هزر بکاتەوە و ڕووناکی بدۆزێتەوە. ئەمەش بە ڕێنیسانس دەستپێدەکات.   بەگشتی دەتوانین ڕێنیسانس دابەشی سەر سێ قۆناغ بکەین. ''قۆناغی یەکەم: لە دوای سەدەی چواردەهەمەوە دەستپێدەکات تا سەرەتای سەدەی پازدەهەم. قۆناغی دووەم: واتە قۆناغی پێگەیشتن و نەشونماکردنی کە دەگاتە سەدەی پازدەهەم و سەرەتای سەدەی شازدەهەم. قۆناغی سێیەم: واتە سەرانسەری سەدەی شازدەهەم.'' (د. کەمال مەزهەر، ٢٠٠٧؛ ل٤٣). لە قۆناغی یەکەمدا سەرەتای دەرکەوتنی ڕێنیسانس بوو لە قۆناغی دووەمدا گەشەی کرد و توانی دەستبکات بەگۆڕانکارییەکان، لە قۆناغی سێیەم ڕێنیسانس گەیشتە ترۆپک و گۆڕانی لە هزری ئەوڕوپا هێنایەکایەوە. ئەم سێ قۆناغە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە هەمان کاتدا وابەستەی یەکترن و پرۆسێسەکە دەگەیەنێتە ئەنجام. ڕێنیسانسی ئەوڕوپا چییە؟ ''مەبەستمان لە ڕێنیسانسی ئەوڕوپا، ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و فیکرییانەن کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست و بە درووستی لە سەدەی یازدەیەم تا سەدەی شازدەیەم لە ئەوڕوپا ڕوویاندا. بەڵام بزووتنەوەی ژیاندنەوە یان زیندووکردنەوەی ژیاری کلاسیکی یۆنان و ڕۆمانی پیرۆز، کە پێی دەوترێت ڕێنیسانس Renaissance، بەدڵنیاییەوە لە ئیتاڵیاوە دەستی پێکرد لە ئەدەب و هونەر و ڕوانین بۆ مرۆڤ و ئەو گۆڕانکارییانەی لەو بوارانەدا ڕوویدا لە سەدەی چواردەم و پازدەیەم و شازدەیەمدا، لەڕاستیدا ئەو سەدانە، سەردەمی گواستنەوە بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ سەدەکانی نوێ.'' (د. محەمەد محمەد ساڵح، ٢٠١٢؛ ل٥٧). ئەوەی وایکرد ڕێنیسانس لە ئەوڕووپا، سەتە تاریکەکان لەبار ببات و هزری نوێ زیاتر بڵاوببێتەوە و جێبگرێت هاتنەپێش و گۆڕانکاریی نوێ بوو. لە هەمانکاتدا دەتوانین وەکو تایبەتمەندیی ڕێنیسانسیش ناوزەدی بکەین. گرینگترین خاڵەکان ئەمانەن: سەرهەڵدانی زمانە ناوچەیییەکان. بێباوڕبوونی خەڵک بە کەنیسە. سەرهەڵدانی هزری هیومانیزم (مرۆڤخوازیی)، وەک ڕەوتێکی پێچەوانەی سەدەکانی ناوەڕاست، کە گرنگیی بە مرۆڤ و تواناکانی مرۆڤ دەدا. سەرهەڵدانی چاکسازیی ئایینی. هەروەها، بێهێزبوونی سیستەمی فیوداڵی و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دەرەبەگەکان. لەگەڵیشیدا گەشەسەندنی بازرگانی لە ناوچەکانی تر و دۆزینەوەی جوگرافیای نوێ. جگە لەمانە چەند دیاردەیەکی تری هزریی ئەوڕوپی دەرکەوتن کە گەشەی بەڕێنیسانسدا، وەک: دۆزینەوەی ئامێری چاپ و بڵاوکردنەوەی زانیاری و مەعریفە. زیندووکردنەوەی و گەڕانەوە بۆ کلاسیکی کۆن بەتایبەت بۆ یۆنان و ڕۆما. بوژانەوەی ئادابی نیشتیمانی و نەتەوایەتی. هەروەها پێشکەوتنی زانستە سرووشتییەکان و ڕەخنەی ئەدەبی، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیتاڵیا بووە لانکەی زۆربەی ئەو نووسەر و شارەزایانی ئەدەب و هزر و فەلسەفەی یۆنانی و ڕۆمانی، پاش ئەوەی قوستەنتینییە لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا. ئەم هۆکارانە و زیاتریش ڕێگەخۆشکەر بوون، کە قۆناغی ڕێنیسانس گەشە بکات و بووژانەوەک بە ئەوڕوپای دوای سەتە تاریکەکان بدات. لەم سەردەمەدا، ئەدەب و فەلسەفە و هونەر بەگشتی پێشوەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینی. هاوکات، گرنگیی زۆر بەزانست درا. ڕیفۆرمی ئاینی جێگەی خۆی گرت و کڵێسای کاتۆلیکی و دەسەڵاتی پاپای لە ئەوڕوپا نەهێشت. دواتریش بەهۆی سەپاندنی سیکۆلاریزم، دەسەڵاتی کێسا و ئاین لە ئۆرگانەکانی دەوڵەت جیاکرایەوە. واتە کلێسا بۆی نەبوو دەست لە کاروباری دەوڵەت وەربدات، بەمەش دەسەڵاتی پاشا پەرەی سەند. ئەمانە هەمووی بوونە هۆکاری زیاتر بووژانەوەی لایەنی ئابوری، بازرگانی پەرەی سەند و دەرەبەگایەتی بایەخی لەدەستدا. بەمەش سەرەتای سیستەمێکی نوێی ئابوری لە ئەوڕوپا دەرکەوت. کە سەرمایەداری بوو. ئیدی ئەوڕوپا بەرەو سەردەم و قۆناغێکی نوێ ڕۆیشت، بەناوی ڕۆشنگەری.

 

ڕۆشنگەری، سەرەتای دەرکەوتنی مۆدێرنە:

دوای ڕێنیسانس، ڕۆشنگەری دێت، کە بزاڤێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی بەربڵاو بوو لە  ئەوڕوپادا. ئەم قۆناغە لە سەرەتای سەتەی هەڤدەیەمەوە دەستپێدەکات، تاوەکو کۆتایی سەدەی هەژدەیەم. ڕۆشنگەری بزاڤێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریی بوو لە ئەوڕوپا و بووەتە ناسنامەی سەتەی هەژدەیەم. ئەم بزاڤە فرەلایەنە، سەرەتا لە ئینگڵتەڕا سەری هەڵدا، بەڵام لە فەڕانسا گەشەی سەند. بەگشتی ڕۆشنگەری ویستی لە ڕێگەی بە بنەماکردنی ئەقڵ و تواناکانی ئەقڵ بۆ زانست و مەعریفە، خۆی لە هزری داتەپیوی دینی و سەتەکانی ناوەڕاست ڕزگار بکات. بەمەش ئەقڵ و لۆژیک، جێگەی هزری دینی و خوڕافیات گرتەوە. ئیمانوێڵ کانت ئاوا لە بارەی پرسیاری سەردەمی ڕۆشنگەری چییە؟ دەدوێت: ''بریتییە لە دەرچوونی مرۆڤ لە حاڵەتی ناکامیی خود. کە خۆی بەرپرسیارە لە مانەوە تێیدا. کەمتەرخەمی، بریتییە لە حاڵەتی نەبوونی توانای بەکارهێنانی عەقڵ لە لای مرۆڤ، دوور لە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتیی خەڵکی تر. مرۆڤی ناکام خۆی بەرپرسیارە لە ناکامییەکەی خۆی، چونکە هۆکاری ئەم ناکامییە، ئەوە نییە، کە هزری ئامادەیی نەبێت، بەڵکو لە نەبوونی توانای بڕیاردان و لەدەستدانی ئازایەتیی بەکارهێنانیەتی، بەبێ ئەوەی کەسانی تر سەرکردایەتی بکەن. با ئازایەتیی ئەوەت هەبێت هزری خۆت بەکاربهێنیت: ئەوە دروشمی سەردەمی ڕۆشنگەرییە.'' (ئیمانوێل کانت، ٢٠١٧؛ ل٢٦). لە ڕۆشنگەریی گوتاری ئەقڵانییبوون، دژی نەریت و خوڕافیاتیی دینیی دەبێت، بۆ ئەوەی ئازادیی تاک بسەپێنن و لەژێر هەژموونی گوتاری دینیی و نەریتیی دەربازی بکەن. سەردەمی ڕۆشنگەریی بەرهەمهێنەری کۆمەڵێک فەلسەفە، هزر، ڕێبازی ئەدەبی، سیاسی و کولتوورییە. واتە سەردەمی فرەهزری و جیاوازی بوو. چونکە لەسەر بنەمای عەقڵ و ئازادیی مرۆڤ دامەزرا بوو. لەماوەی سەدەکانی حەڤدەیەم و هەژدەیەم بنچینەی هزری فەلسەفیی و سیاسیی مۆدێرنیزم داڕێژرا، ئەم بنچینانە بریتیبوون لە: ''ئەندێشەی تاکخوازانە و مۆدێرنی راسیۆنالیزم، کە دیکارت و فەلسەفەی ڕۆشنگەری نوێنەرەکانیان بوون، دەوڵەتی پاشایەتی لەگەڵ تەکنیکە ئیدارییەکانی کە بەدوایی سیستەمی فیوداڵی سەگامگیر بوو، داڕێژرانی زانستی فیزیکی و سروشتی کە بوونە هۆی دەرکەوتنی یەکەم بەرهەمەکانی تەکنەلۆژیی بەکارهێنەر (ئەنسکلۆپیدیای دیدرو). لە ڕوانگەی کولتووورییەوە، لەم سەردەمەدا هونەر و زانستەکان بە تەواویی لەژێر دەسهەڵاتی ئایین هاتنە ڕزگار بوون.'' (ژان بودریار، تۆنی پیکنی و ئەوانیتر، ٢٠٠٩؛ ل١٠-١١) هەروها ئەوڕوپا لە سەتەکانی هەژدەیەم و نۆزدەیەم بەکۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە تێپەڕی، بەتایبەت سێ ڕووداوی گەورەی بەخۆیەوە بینی کە هەریەکەی لە بوارێکی جیاوازدا بوون، بەڵام بەیەکەوە توانیان گۆڕانکاریی هزریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بێننەکایەوە. ئەم سێ ڕووداوە هەم وەک کردەوە و هەم وەک چەمک دەتوانین بە شۆڕش ناوزەندی بکەین. کە لە هەرسێ وڵاتی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بوون. لە سەتەی هەژدەیەمدا شۆڕشی فەرەنسی ڕویدا. ئەم شۆڕشە بنەما تەقڵیدییەکانی دەسهەڵاتی بەرە و پێناسە و گۆڕانکاری برد، لە گەڵیشیدا پێناسەیەکی نوێ لەبارەی مافەکانی مرۆڤ و تاک هێنایەکایەوە. ئەم شۆڕشە کاریگەریی لەسەر جیهانبینیی بیرمەندان هەبوو، هەر ئەمەش ویکرد تێڕوانینی جیاوا لە پێشوتر بێتەکایەوە. لە ئەڵمانیا هزر و فەلسەفەی نوێ هاتەکایەوە، کە دەتوانین بە دووەم شۆڕش ناوزەندی بکەین، بەتایبەتیش لەسەردەستی هیگڵ. لە ڕونگەی فەلسەفیی سیاسیی نوێوە، دەوڵەت دەبێتە قەوارەیەک کە نەتەوە لە خۆدەگرێت، پاشاش ئەرک و مافی هەیە. هەروەها پاشا دەسهەڵات لە نەتەوەکان وەردەگرێت و سنووری دەسهەڵاتی دیاریکراوە. بەمەش کۆمەڵگە چیتر دابڕاو نەبوو لە دەسهەڵات و ئەم ئەقڵیەتە وردە وردە پەرەی زیاتری سەند. جگە لەمە، هەستی ناسیۆنالیزم گەشەی کرد. لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا، لە سەتەی نۆزدەیەم کۆمەڵێک هەلومەرجی ئابووری هاتەپێشەوە، کە وایکرد بازرگانی زیاد بکات و شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا ڕووبدات. ئەم شۆڕشە وایکرد، بوونیادی ئابووری فیوداڵیی هەڵبتەکێنێت، کە زیاتر پشتی بەکشتوکاڵ دەبەست. شۆڕشی پیشەسازیی هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی نوێی هێنایە کایەوە و چینی نوێ دروست بوو. بۆرژوازیی سەرکردایەتیی دەکرد و چینی پرۆلیتاریش هەلسوڕێنەری ئەم سیستەمە بوون. ئەم سیستەمە ئابووریە نوێیە کاڵای زۆری بەرهەم دەهێنا، لەگەڵیشیدا بازاڕی ئازاد دروست بوو. بازرگانیی پێشوەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ئەم گۆڕانکاریانە وایکرد ئەوڕوپا لە ڕۆشنگەرییەوە بڕواتە نێو قۆناغێکی نوێوە بەناوی مۆدێرنە. ''ئەم پێداچوونەوە خێرایە بەڕەوت و پرۆسەی گۆڕانکاریی-مۆدێرنە لە ئەوڕوپادا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گۆڕانکارییەکانی ئەوڕوپا گۆرانکاریی تۆڕ-ئاسا بوون. واتە گۆڕانکاریەک کە وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە گشت ڕەهەندەکانی پێکەوە گرێدراو بوون. گشت ئەم گۆڕانکاریانە چەمکگەلی وەک پێشکەوتن، بوژانەوە، گۆڕان، نوێبوونەوە، تەقلیدیی، کۆن و نویی هێنایە ناو کایەی توێژینەوەدا. وەچەرخان لەگشت کەرتەکانی کۆمەڵگە ئەوە دەخاتەڕوو کە مۆدێرنە لە ئەوڕوپا لە قۆناغەکانی دەسپێکردنیدا پڕۆژەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبوو، بەڵکوو پڕۆسەیەک بوو کە گشت کەرتەکانی کۆمەڵگەی لەخۆ گرت و گۆڕانکاری لە هەر کەرتێک کاریگەریی لەسەر کەرتێکی تر دانا.'' (هیوا مەجید خەلیل، ٢٠١٩؛ ل٢٩) لەمە بەدوا ئیدی قۆناغی ڕۆشنگەریی کۆتایی دێت و مۆدێرنە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دادەکوتێت.

 

مۆدێرنیزم، قۆناغی گۆڕانکاری گەورە و بەعەقڵانییکردن:

دوای ڕۆشنگەریی، قۆناغی مۆدێرنە دەستپێدەکات. دەتوانین مۆدێرنە لە سەتەی نۆزدەیەمەوە دەستنیشان بکەین. پرۆسێسی مۆدێرنە پرۆسێسێکی ئاڵۆز و فرە لایەن و گشتگیر و نوێخواز بوو. لە ئاستی هزریی لە دیکارتەوە دەستپێدەکات، لە ئاستی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لە پاش شۆڕشی فەرەنسی دەچێتە قۆناغی کردەیی/پراکتیکی. لە ئاستی دەسهەڵات و بەڕێوەبردندا، دەسهەڵاتی پاشایەتی بیۆکراتییانە دەستپێدەکات، کە تێیدا دەسهەڵات بۆ شێوازی دامودەزگا و سیستەمی بیۆکراتییەت و جیاکردنەوەی دەسهەڵاتەکان لە یەکتری و دەرکەوتنی دەوڵەت نەتەوە دێتەکایەوە. لەئاستی ئابوورییدا، سیستەمی فیوداڵیی دەکەوێت، سیستەمی مۆدێرنەی سەرمایەداریی جێگەی دەگرێتەوە و پیشەسازیی جێگەی کشتوکاڵ دەگرێتەوە. بەم جۆرە کۆمەڵگەی مۆدێرنەی ئەوڕوپیی لەدایک دەبێت. عەقڵ دەبێتە چەق و بەها کۆنەکان دەکەون. ململانێ لەسەر بازاڕ و کاڵا و کەرستەی خاو زیاددەکات، بەمەش داگیرکاریی بۆ مەبەستی بەدەست هێنانی کەرستی خاو زیاددەکات.

چەمکی مۆدێرنە لە وشەی مۆدێرنوس(Modernus) ی لاتینییەوە هاتووە. ئەم چەمکە بەواتای ئەوە دێت کە کەسێت لە ئیستادا بژیت. واتە بەمانی لە ئێستادابوون دێت. هەروها، ''حەقیقەت شتێک نییە لای مۆدێرنیتی جگەلەوەی عەقڵ ددانی پێدادەنێت، ئەمەش لەدایک بوونی حەقیقەتی عەقڵ بوو'' (نیهاد جامی، ٢٠٠٦؛ ل١٠) ئەگەر بێت کۆمەڵگە لە ئێستادا نەژیت و دژە نەریتی کۆنەخواز نەبێت و عەقڵ چەقی سەرەکی نەبێت، شتێک نییە بەناوی مۆدێرنیزم. دەکرێت بەم شێوەیە وەسفی سەردەمی مۆدێرن بکەین، ''مۆدێرنە بەباشترین شێوە دەکرێت بە سەردەمێک وەسف بکرێت، کە خەسڵەتی سەرەکی بریتییە لە گۆڕانی هەمیشەیی. بەڵام سەردەمێک کە هۆشیارە بەم خەسڵەتەی خۆی، سەردەمێک کە شێوەی یاساکانی خۆی، داهێنانە ماددی و مەعنەوییەکانی خۆی، زانست و بڕواکانی خۆی بە ڕووداوێکی دینامیکی و تێپەڕ، گۆڕاو، ناسەقامگیر و نەبڕاوە دادەنێت، ڕوداوگەلێک کە دەبێت تا ئاگاداریی دوایی بڕوایان پێبهێندرێت و کاریان پێبکرێت، ڕووداو گەلێک کە دواجار بایەخ و بەهای خۆیان لەدەست دەدەن و جێگەی خۆیان بە ڕووداوی تازە و باشتر دەسپێرن'' (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٧؛ ل٧-٩) بۆ ئەوەی بەسادەتر لە مۆدێرنە تێبگەین، دابەشی سەر سێ چەمک دەبێت کە هەریەکەیان پرۆسێسی مۆدێنیەتە دەگەیەنە ئەنجام. یەکەمیان مۆدێنیتەیە، کە مەبەستی لە هزر و پڕۆژەکەیە لایەنی سیاسەت و دەسهەڵات و ئابووریی دەگرێتەوە. دووەمیان مۆدێرنیزمە، ئەم چەمکە لایەنی کولتووریی و هزریی و فەلسەفیی و ئەدەبیی و ئایینیی دەگرێتەوە. سێیەمیان مۆدێرنیزەیشنە، کە ئەرکی بە مۆدێرنکردنی کۆمەڵگایە واتە هزری مۆدێنیتە دەچەسپێنێت لەناو کایەکانی کۆمەڵگەدا. ''دەکرێت سادەترین پێناسەی مۆدێرنیزاسیۆن بریتی بێت لە گواستنەوەی لە کۆمەڵگەی تەقلیدی بەرەو کۆمەڵگەی مۆدێرن.'' (هیوا مەجید خەلیل، ٢٠١٩؛ ل٥١)

بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ببێتە مۆدێرن دبێت سوود لە هەرسێ چەمکەکە وەربگرێت، ناکرێت تەنها لایەنەکی وەربگیرێت، کە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ئەمە بوونە و پڕۆژەی مۆدێرنیزمبوون بە نیوەچڵی و ناتەواوی ماوەتەوە. هاشم ساڵح دەڵێت: ''مۆدێرنیزم بەشیوەیەکی هاوئاهەنگ لەسەر چەند ئاستێک هەنگاوی نا: ئاستی زانستی-تەکنەلۆژی، ئاستی ئایینی-خوداناسی، ئاستی فەلسەفی، ئاستی پیشەسازی-ئابووری، ئاستی سیاسی-قانوونی و تادوایی. کەواتە مۆدێڕنیزم بریتییە لە ڕاستییەکی گشتگیر و کامڵ: واتە تۆ یان مۆدێرنیت، یان مۆدێرن نیت. ناکرێت ببینە خاوەنی هەندێک لە ڕواڵەتەکانی، یان وەکو گوتمان هەندێک لە بەرهەم و ئامێرەکانی وەربگرین و ئیتر وا بزانین بەوە دەبینە مۆدێرن.'' (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٧؛ ل٣٧-٣٨) لە کۆمەڵگەی مۆدێرنیزمدا، عەقڵانییەت جێگەی ئەقڵیەتیی سونەتیی لەقدەکات و نایهێڵت، جگە لەوەی مۆدێرنە بەبێ سیکۆلاریزم/عەلمانییەت مۆدێرنە نییە. هەرەها، یاسا سەروەرە و بەسەر هەموو تاکەکان بەبێ جیاوازیی دەسەپێندرێت. مرۆڤ ئازادە و مافی پارێزراوە. ''گرینگترین کاریگەریی مۆدێرنە لەسەر مرۆڤ، خستنە ڕووی گوزارشتێکی نوێ بۆ خود و چەمکی نوێ لە بواری بابەت و دەق و تاکگەرایی بوو. مرۆڤ لە هەمان کاتدا خودێکی سەربەخۆ و خاوەن توانایە، لە لایەکی ترەوە هەر خودی مرۆڤیش بابەتی شرۆڤە و لێکۆڵینەوەیە.'' (چارلز تایلەر، ئەلێکس کالینیکۆس و ئەوانیتر، ٢٠١٨؛ ل٢٢٢)

مۆدێرنیزم، بایەخ و پێگەی تایبەتیی هەیە لە داهێنان و دۆزینەوەی و دروستکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەوڕوپا و گەیاندنی بەئاستێکی بەرزی زانستیی، ئەدەبیی، فەلسەفیی و وشیاری تاک و کۆمەڵگە. بەڵام، مۆدێرنیزم لە خاڵ و بارودۆخی نێگەتیڤ بەدەرنییە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەوڕوپیی بزواو بوو، هەمیشە هەوڵی بەرەوپێشوەچوون و داهێنانی زیاتری دەدا، گرینگی زۆر بە تەکنەلۆژیا درا، لە نێویشیدا بەرهەم هێنانی چەک. لە ئانجامی هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی زیاتر بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکان، هەژموونی وڵاتانی ئەوڕپاش لە ڕێگەی ئیمپریالیزم و پەل هاوێشتنی بۆ وڵاتانی تر زیادی کرد، و ویستیان لەم ڕێگەیەوە دەست بەسەر زۆرترین کەرستەی خاو بگرن، چونکە پیشەسازیی بەبێ کەرستەی خاو و سامانی ژێر زەوی نەیدەتوانی بەردەوام بێت. ئەم هەژموونخوازیییە لە ناو ئەوڕوپا و وڵاتانی دەرەوەی ئەم کیشوەرە، دوو جەنگی جیهانیی لێکەوتەوە، ئەمەش بووە هۆی ماڵوێرانی و کوشتاری زۆر. هاوکات ئەوڕوپای تووشی قەیران کرد لە ڕووی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەندروستیی و پەروەردەیییەوە. نەک تانها ئەوڕوپا بەڵکو جیهانیشی توشی گێژاو و ناسەقامگیریی کرد. دوابەدوای ئەم قەیرانانە قۆناغێکی نوێ دەتەکایەوە، بەناوی پۆستمۆدێرنیزم، کە بەشێک لە بیرمەند و فەیلەسوفەکان وەک قۆناغی پاش مۆدێرنیزم ناوزەندی دەکەن و هەنێکیشیان بە تەواوکەری قۆناغی مۆدێرنیزم ناوی دەبەن.

 

پۆستمۆدێرنیزم، کۆتایی حەکایەتە گەورەکان:

دوابەدوای ئەو دۆخە شلۆق و ناجێگیرەی ئەوڕوپا و جیهانى تێکەوت، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، قۆناغێکی نوێ هاتەکایەوە، ئەویش قۆناغی پۆستمۆدێرنەیە. کە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم وردە وردە دەرکەوت و سەری هەڵدا، تا گەیشتە شۆڕشی ١٩٦٨ی خوێندکارانی فەڕەنسا. دواتریش، ژان فرانسوا لیوتار کتێبێک دەنووسێت بەناوی ڕەوشى پۆستمۆدێرنیزم' لەم کتێبەدا لیوتار تەواوی پرۆژەی ڕۆشنگەریی و هزری مۆدێرنە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەڕووی سیستەمیی سیاسیی، ئابووری، تەکنەلۆژیا و ئیدارەدانی دەوڵەتەکانی ئەوڕپا کە پێیوایە لە قەیراندایە. واتە مۆدێرنیزەشنەکەی لە قیراندایە. لە بارەی پۆستمۆدێرنیزم، بیرمەندان و فەیلەسوفانەکانی ئەوڕوپا دابەش بوونە سەر دووبەرە، هەندکیان پێیان وابوو، مۆدێرنیزم پەرچەکردارێکە یان وڵامێکە بەرامبەر بزوتنەوەکانی مۆدیرنیزم. پێیان وابوو، دۆخی مۆدێرنیزم، سیاسەت، ئابووری، زانست ..هتد لە قەیراندایە. بەشێکیتر لە بیریاران پێیان وابوو، پۆستمۆدێرنیزم بەردەوامیێکە لە مۆدێرنیزم. هەروەها پێیان وابوو هێشا پرۆسەی مۆدێرنیزم کۆتایی نەهاتووە، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بەهای گەردوونیی، پێشکەوتن، دیموکراتیی، گفتوگۆ، ماف و ئازادیی ...هتد. بەڵام، پۆستمۆدێرنیزم گۆڕانی جیاوازیی بەسەر سیاسەت و ئابووری و بیرکردنەوەی مرۆڤ داهێنا، کە تەواو جیاواز بوو، لە قۆناغی پێش خۆی.

گۆڕانکاریی پۆستمۆدێرنە ئەوە بوو، کە سیستەمی سەرمایەداری، سەرکەوت بەسەر سیستەمی سۆسیالیزم، هەروەها، لیبڕالیزم، گۆڕا بۆ نیولیبڕالیزم. لەم قۆناغەدا نەتەوەکان، وڵاتی سەربەخۆی نەتەوەییان بوونیادنابوو. جگە لەوەی ئیمپریالیزم چووە قۆناغ و فۆڕمی نوێوە. هەروەها، تێڕوانینێکی نوێ بۆ ژیانکردنی مرۆڤ دروست بوو. تاکایەتیی، جێگەی کۆمەڵگە و دەستەجەمعی گرتەوە. خەونی گەورە و گۆڕانکاریی گەورە و شۆڕش کە باها و تێگەیشتنێکی مۆدێرنیزم بوو، نەما، ئیدا خەونی بچکۆڵە و تاکەکەسی جێگەی گرتەوە. هاوکات، بەهایەکی گشتی نەما، کە هەموویان لە پێناوی دابژین، بەڵکوو هەرکەسەی بۆخۆی بەهایەکی دەکردە پێوەر بۆ ژیان. پێشتر لە مۆدێرنیزم، ئایدۆلۆژیا و سیستەم پەروەردە و بەها و چۆنییەتی ژیانکردنی دادەنا، بەڵام ئیدا ئەمە لە پۆستمۆدێرنیزم کۆتایی دێت و هەرکەسی حەقیقت و بەها بە جۆرێک دەبینێت. هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی کۆدەکرێتەوە، ئایا من چەند قازانج دەکەم، چەند خۆش دەژیم، لەم کارە من چەند بەشم بەردەکەوێت ...هتد. ئایینیش دەچێتە هەمان دۆخەوە، واتە بەشێکی پەیوەندی بە بەرژەوەندیی هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئایین دەبێتە شێکی ڕواڵەتیی و فرە ڕەنگ و فرە کردار، مرۆڤ بۆ ئارەز و مەیلە تاکەکەسییەکان بەکاری دێنێت و سوودی لێوەردەگرێت. ''لە ڕوانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە ئاینێکی تایبەت نییە، بەڵکو چەندان ئایین دەترنجێنرێنە ناو یەکتر، بۆ ئەوەی مەیل و ئارەزووەکانی مرۆڤی پۆستمۆدێرن تێر بکەن. لێرەوە مرۆڤ وەک جاران پابەند نییە بە ئەرکێکی ئەخلاقی کە هەتا ئەمرێ خۆی بۆ تاکە ئایینێک تەرخان بکات، بەڵکو مرۆڤی ئەمڕۆی پۆستمۆدێرن، وەک کەسێکی کۆچەریی لەو ئایینەوە کۆچدەکا بۆ ئایینێکی تر. بە واتایەکی سادەتر، بۆ ئەوەی مرۆڤی پۆستمۆدێرن شەپۆڵی مەیلەکانی تاقی بکاتەوە، رەنگە بۆ ماوەیەک وەک شتێکی خۆش و سەرنجکێش ئایین تاقیبکاتەوە. چونکە لەڕوانگەی پۆستمۆدێرنیزمەوە هەموو شتێک تێکهەڵکێشە؛ واتا هیچ شتێک خاوەنی بنەما و جەوهەرێکی نەگۆڕ نییە، بۆیە مرۆڤیش دەیەوێت وەک بوونەوەرێک لە مەیل و حەزی بێسنوور هەموو شت بجەڕبێنێت.'' (هەندرێن، ٢٠١٧؛ ل١٧٨) دەتوانین بڵێین: پۆستمۆدێرنیزم بە پێچەوانەی مۆدێرنیزم بڕوای بە بەهایەکی نەگۆڕ، حەقیقەت و منێکی ڕەها نییە. بەڵکوو، بڕوای بەداستانی تاکەکەسەکان و فرە حەقیقەت، بەهای گۆڕاو و خودی بزواو هەیە، بۆیە پۆستمۆدێرنیزم گوماناوییە.

مرۆڤی پۆستمۆدێرن پەیوەست نابێت بەجێگایەک، حەزی لە گەڕانە و جێگیر نییە. جگە لەمە، مرۆڤێکە زۆربەی شتەکان بە فشقیات وەرەگرێت، بەمانایەک هەمووشتی لا گرینگە، لە هەمانکاتدا هیچیشی لا گرینگ نییە. هەروەها، مرۆڤێکی ڕووکەشییە. واتە بەقوڵی ناچێتە ناو شتەکان و لێیان تێبگات و زۆر خۆی پێیەوە سەرقاڵ ناکات. هەوەها، مرۆڤێکی تەقلیدییە بێ ئەوەی ئاگادار بێت، واتە خۆی سەرچاوەی هەڵبژاردنی خۆی نییە بەڵکوو بۆی هەڵبژێردراوە. مرۆڤی لە سەردەمی پۆستمۆدێرنیزم مرۆڤێکی مەجازیییە، هەردەمە و جۆرێکە و دەرونێکی ڕاڕاو شڵەژاوی هەیە. هاوکات، ڕووحێکی گەمەبازی هەیە، بە جەستە لە شوێنێکە و بە ڕووح و خەیاڵ لە شوێنێکی ترە. جگە لەوەی مرۆڤێکی زۆر دیجیتاڵیییە و گرینگی زۆر بە واقیعی مەجازیی  و شاشەکان دەدات، زۆربەی سەرچاوەی ئاراستە کردن و جێژ بینینی لە وێوەیە.

پۆستمۆدێرنیستەکان ڕەخنە لە ئایدیای جیهانخوازیی دەگرن پێیان وایە ''پۆستمۆدێرن لە بەرامبەر گەردوونگەراییدا جەخت لەسەر تایبەتمەندییەتی و لۆکاڵێتی دەکاتەوە، پێی وایە گەردوونگەرایی دەیەوێت هەمەڕەنگی و پلورالیزم نەهێڵێت و جیهان یەک بخات، بەمەش دونیا دەکاتە جێگەیەکی پەست و بێزراو، لەبری ئەوەی کار بۆ قبوڵکردنەوەی جیاوازی و تایبەتمەندییەکان بکات لە چوارچێوەی گەردونگەراییدا، پۆستمۆدێرن لە دژی گەندەڵیی گەردوونگەرایی و گەندەڵیی بەجیهانیبوون، تایبەتمەندی وەکو چەکێک بەکار دەێنێت و تەئکیدی لەسەر دەکاتەوە.'' (کۆمەڵێک نووسەر، ٢٠١٧؛ ل٦٧)

 

تێدامانی کۆمەڵگەی کوردیی لەناو مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم:

دوای ئەوەی بۆمان ڕوونبووەوە پڕۆژەی ڕۆشنگەریی لە مۆدێرنەدا دەچەسپیت و کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە دێنێتەکایەوە، لە پاشانیش پۆستمۆدێرنیزم دێت و جێگەی دەگرێتەوە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆیەوە و حیکایەتی بچکۆڵانە و تاکەکەسیی دێتە پێشەوە. وەک ڕوونە ئەمە بەکۆمەڵێک پرۆسێس دێتەبەرهەم و ڕوودەدات. پاشخانێکی تۆکمەی لە پشتە. بەڵام، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی کورد ئەم پڕۆژەی بە مۆدێرنبوونە چۆنە و ئێستا لە چ قۆناغێکدایە، ئایا پرۆسێسەکانی بەتەواوی بڕیوە؟ ئەمانە و چەندان پرسیاری تر ئەم وتارە هەوڵدەدت لەم بەشە تیشکی بخاتەسەر و وڵامیان بداتەوە.

 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەگشتی پڕۆژەی مۆدرنیتە شکستی هێنا. چونکە هزری مۆدێرنیزم کۆمەڵە بەها و گۆڕانکاریین دەبێت ڕووبدەن و بچەسپێن. وەک: بەعەقڵانیکردن و دوورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی خێڵەکی و دینی و نەریتی، جیاکردنەوەی دیین و دەسەڵات، هاوکات چەسپاندنی سیکۆلاریزم، دیموکراسیی، مافی تاکەکەس و ئازادیی، شۆڕش و ڕاستی ڕەها ...هتد ئەمانە بەتەواویی نەگەیشت و نەچەسپین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرەک ئاشکرایە دەسهەڵات و حوکمڕانی بە ئەقڵیەتێکی تاکڕەوانە و دیکتاتۆرانە دەکرێت. دین و دەسەڵات لە یەکتر جیانەکراوەتەوە، یاسایەکی سیکۆلار نییە تاوەکوو مافی تاکەکانی تێدا پاریزروا بێت و یەکسانی جێندەریی هەبێت. جگە لەمە خێڵ، دیین و نەریت هێشتا ماوە و پانتایەکی فراوانی لە گوتا و هزری کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگرتووە. هەر ئەمەشە وایکردووە دۆخێکی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت.

ئەمە ڕوونە کە پرۆژەی مۆدێرنە لە ڕێگەی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمەوە هاتە ئەم ناوچەیە. بەریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ داگیرکارییەکانیان هەوڵی بەمۆدێرنکردنی وڵاتەکانیان دەدا، بەڵام بە دوو تێڕوانینی جیاواز کە پەیوەندی بەمێژوو و پاشخانی ئەم دوو دەوڵەتەوە هەیە. فەرەنسا، بەهۆی شۆڕشی فەرەنسیی و کولتوورەکەیەوە لەگەڵ داگیرکارییەکانی کولتوور و هزری فەرەنسیی لەناو وڵاتەکە بڵاودەکاتەوە، بەڵام بەریتانیا زیاتر گرینگی بەسەرمایە و پرۆژە ئابوورییەکان دەدات. بۆیە جیاوازی لەنێوان ئەم وڵاتانە هەیە کە فەڕەنسا و بەریتانیا داگیری کردوون. ئەو وڵاتانەی بەریتانیا داگیری کردوون ململانێ و ناسەقامگیریی تێدا کۆتایی نایەت، چونکە خێل و نەریت دەهێڵتەوە و لەناویان نابات. عێڕاق وەک وڵاتێکی ژێردەستەی بەریتانیی زیاتر پرۆژە مۆدێرنەکەی بۆ گوازتراوەتەوە، نەوەک مۆدێرنیزمەکەی. 

کوردستان بەهۆی داگیرکراوی و نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ دۆخی لە وڵاتانی ناوچەکە جیابوو، دەکریت ئەمەش بەهۆکارێک دابنێین لە هۆکارەکانی تەواو نەگەیشتنی پرۆژەی مۆدێرنە. شۆڕش و دەوڵەتی سەربەخۆ و نەتەوەیی وەک پرەنسیپێکی مۆدێرنە هەژماردەکرێت، کورد هەوڵی سەربەخۆیی دەدا لە ڕێگەی بزوتنەوە و پارتە سیاسیییەکان، بەڵام نەتوانی دەوڵەت دروست بکات. شۆڕش و بزافە کوردییەکان لە ژێرکاریگەریی هزری مارکسیزمدا هەوڵی سەربەخۆییان دەدا، بەتایبەت دوای ساڵانی پەنجاکانی سەتەی ڕابردوو. دوای شکستی هزری مارکسیزم بەتایبەت دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەم پرۆژەیەش تووشی نوشووستی هات. دەوڵەتی کوردیی دانەمەزرا، کوردستان بە چوار بەشیی مایەوە پرۆسە بەمۆدێرنبوون و گۆڕانکارییەکانی لە چوارچێوەی هەر یەک لە دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق مایەوە.

سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردیی باشوور، وەک بەشێک لە عێڕاق و ژێردەستەی بەریتانیا مامەڵەی لەگەڵ کراوە، مۆدێرنیزەیشنەکەی لایەنی ئابوری و سەرمایە بوو، بۆهۆی ئەوەی بەریتانیا وڵاتێکی پیشەسازی بوو هەوڵی دروستکردنی ڕێگا و بەیەکتر بەستنەوەی ناوچەکانی دەدا بۆ بازرگانی کردنی زیارتر. ئیمپریالیزمی بەریتانیی گۆڕانکاریی کولتووری و هرزیی ناهێنێتەکایەوە و گرنگی پێنادات، ئەمەش وادەکات پرۆژەی مۆدیرنیتە تەنها لە لایەنە ماددیییەکەی بمێنێتەوە و جەوهەرەکەی کە مۆدێرنیزمە بەدینەهێت. چونکە خێڵ و دیین و نەریت دەهێڵێتەوە ئەمانەش نامۆ و دژیەکن بە مۆدێرنە، بەمەش ناسەقامگیری درووستدەکات.   

لە ساڵی ١٩٩٢ دوای ڕاپەڕینی کورد و دامەزراندنی پەرلەمان و حوکمەتی کوردی، دەستپێکردن و گواستنەوەی قۆناغی مۆدێرنە بوو بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم، تا دەگاتە ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس. لە پاش ڕاپەڕین لە ساڵی ١٩٩٢ قۆناغی مۆدێرنەی لە کۆمەڵگەی کوردیی دەستپێدەکات کە دروستکردنی حوکمەت و دامودەزگە یاسایییەکانە بە پەرلەمان، دائرەکان، دادگە و زانکۆکان ...هتد. ئەم بەدامەزراوەیی و یاسایی کردنە کە پرۆژەی مۆدێرنەیە، بەدوایدا مۆدێرنیزم دێت کە هزرە کۆنەکان گۆڕانکاریی بەسەردادێنێت لە جێگەی خێل و نەریت و کولتووری کۆنەخواز، عەقڵخوازیی و یاسا و ماف و دیموکارسیی ..هتد جێگەیان دەگرێتەوە. ئەگەر هاتوو ئەمانە نەبوو شتێک نییە بەناوی مۆدێرنیزم. بەڵکوو ئەم پرۆسێسە تانها لە لایەنە ڕواڵەتیی و ماددیییەکایدا دەمێنیتەوە. کۆمەڵگەی کوردیی، نەیتوانی ئەمە بکات. ئەم ئەقڵیەتە پاوانخواز و دەسهەڵاتخوازە پارتە کوردیییەکان، وایکرد کوردستانی باشور بکەوێتە شەڕێکی ناوخۆی و چەند ساڵێکی خایاند ئەمەش ڕێگر بوو لە بەرەوپێش وەچوون و کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردیی، چونکە شەڕ و ئاژاوە هەبوو، دەسهەڵاتێکی یاسایی نەبوو، ئابوورێکی ڕووخا و هەرێمێکی خاپوور بوو. دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی ئەم هەرێمە بۆ دوو زۆنی زەرد و سەوز هۆکارێکی تر بوو کە پرۆژەکەی مۆدێرنە تەنها لە لایەنە ڕوڵەتییەکەی و ئابوورییەکەی بمێنێتەوە. چونکە نەیتوانی تەواوی پرەنسیپ و بەهاکانی مۆدێرنیزم بچەسپێنێت.

لە ٢٠٠٣وە تا ٢٠٠٧ لەم سێ چوار ساڵەدا کۆمەڵگەی کوردیی بە قوڵیی کەوتە ناو پۆستمۆدێرنەوە. بەهۆی ئەو خێرا هاتنەی بەلێشاوەی تەکنەلۆژیا و ئامێر و کاڵا و گشت شتومەکەکانی بەرهەمهێنەری پۆستمۆدێرنەی ئەوڕوپیی لە گشت بوارەکاندا، وایکرد کورد بەبێتێپەڕبوونی بەناو پرۆسێسی قۆناغی مۆدێرنیزم بکەوێت ناوەڕستی پۆستمۆدێرنیزم. پاش ڕوخانی بەعس، ئیمپریالیزمی نوێی سەرمایەداریی بە نوێنەرایەتی ئەمریکا چنگی خۆی لە عێڕق گیرکرد. بازاڕی نیولیبڕلیزمی جیهانی عێڕاقی گرتەوە و وایکرد بەلێشاو کاڵا بهێندێتە عێڕاق و هەرێمی کوردستان. نیولیبڕالیزم گرینگی بە بازاڕی ئازاد و ساغکردنەو و فرۆشتنی کاڵاکانی دەدات، ئەوەی بەلای ئەم سیستەمە سیاسیی و ئابووریییەوە گرینگە بازاڕ و ماددەیە. هەر ئەمەش وایکرد هەرێمی کوردستان بکەوێتە بەر لێشاوی بەکاڵاکردن و دانانی ماددە وەک بەهایەکی موتڵەک و ماددەپەرستیی ببێتە کولتوور. سەگڕەفتاریی بڵاوببێتەوە کەس هیچی بەلاوە گرینگ نەبێت لە کۆکردنەوەی پارە و ماددە زیاتر.

هاتنە پێشی ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوانە بۆ کورد سەخت بوو، چونکە تانها پڕۆژەی مۆدێرنەی گواستبووەوە ئەوش بەشێوە ڕوڵەتیی ونیوەچڵیی، نەیتوانیبوو هزر و کولتووری مۆدێرنیزم بهێنێت کە بریتییە لە وەچەرخان و گۆڕانکاریی لە هزر، کولتوور، نەریت، دیین، ئەدەب، فەلسەفە ...هتد. وەرگرتنی ڕواڵەتی مۆدێرنە بەبێ ناوەڕک دۆخێکی ناجێگیر دروستدەکات. ئەمەش وای کردوووە کۆمەڵگەی کوردیی تاوەکو ئێستاش لە پەلەقاژێ و ناسەقامگیریی ئەو دژییەکەیی دابێت کە لەگەڵ هزر و پرۆژەی مۆدێرنیزمدا هەیەتی. دوای گواستنەوەشی بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم پاشخانێکی نەبوو تا لەم دۆخەدا خۆی پێبگرێت و سەقامگیریی بەخۆیەوە ببینێت. لە ئەنجامدا، کۆمەڵگەیەکی بێسیستەمی جێگیر و بێسەروبەر و بێیاسا و بێبەرپرسیاریەتیی تاک و بێماف هاتەکایەوە، بەهۆی ئەوەی تەنها لایەنی رواڵەتیی مۆدێرن و کاڵاکانی پۆستمۆدێرنەی وەرگرتووە، ئەم قۆناغ و دۆخە بەرژەوەندی تاک و چێژ و ویستی تاکەکەسیی و ماددەپەرستیی دێنێتەکایەوە، کە بەلای تاکەکانەوە بەدەر لەمە هیچ شتێکی تر گرینگ نییە. تاک لەم قۆناغەدا هەموو شتەکان و بەهاکان دەخاتە پێناو بەدەستهێنانی لایەنی ماددیی و پارە، ڕواڵەت بەهایە و لای ئەو گرینگە. هەموو ئەمانە دۆخی سەگڕەفتاریی دێننەکایەوە، وەک ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردییدا هەیە.

لە دۆخی پۆستمۆدێرنیزم، بەهایەکی گشیی و خەونێکی گشتیی نامێنت، ئەوەی هەیە خەونی بچکۆڵە و تاکە کەسین. واتە کۆمەڵگە پرەنسیپ و بەها و مەبدەێکی گشتیی نییە تاوەکو لەسەری بێت و بەپێی ئەم بەها و پرەنسیپانە هەوڵی بەروپێشوەچوون بدات و تاکەکانی لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشنە گشتیییە ژیان بکەن و ڕەنگدانەوەی بەسەریانەوە هەبێت. کۆمەڵگەی کوردیی باشوور ئێستا لەم دۆخەدایە، خەونێکی هاوبەش لەناو کۆمەڵگەکەدا نەماوە، کە لە پێشتر هەبوو. وەکوو: سەربەخۆیی، ئازادبوون لەدەست دکتاتۆرییەت، بەدەست هێنانی دیموکراسیی، گۆڕینی سیستەمی سیاسیی و ئابوور و تەنانەت گۆڕانکاری لە ئەدەبی و کولتووریش. لە ساڵەکانی شەست و حەفتاکان و دوتریش، چەندان کۆمەڵە و ڕەوتی ئەدەبیی لە ناو نووسەرانی کورد سەریهەڵدا و کاریگەریان بەسەر ئەدەبی کوردییدا هەبوو، بیرکردنەوەیەکی گشتیش لەبارەی ئەرک و بەهای نووسین لەو کاتدا هەبوو. نووسینەکان زیاتر ڕیالیزمی سۆسیالستیی بوون و پێویست بوو بەم ڕێبازە ئەدەبییە بنووسرێت. ئەمەش پەیوەست بوو بەقۆناغەی ئەو کاتی کوردستان چونکە هزری مارکسیزم و سۆسیالستیی کاریگەری بەسەر هزری حیزبەکان و بزاڤی ئازادیخوازیی کوردییەوە هەبوو. زانکۆکانیش لە قۆناغی پێش پۆستمۆدێرنیزمی کوردیدا کاریگەر بوون و خاوەنی ئایدیا و جوڵانەوە و قسەی خۆیان بوو، بەڵام لەم قۆناغەی ئستادا زانکۆ بووەتە شوێنێکی ناچاڵاک و ڕواڵەتییی و زانکۆ وەک شوێنێکی باڵای ئەکادیمیی نابیندرێت و ئومێدی گەورەی لێ بەدیناکرێت. خوێنکارانی بۆ پسپۆڕی و بەوەوپێشبردنی کۆمەڵگە ناچن، تەنها وەک شێکی ڕۆتینیی و نابەدڵ لەم قۆناغی خوێندنە دەڕوانن و ئەنجامەکەشی دەچوونی چەندان شەهادەداری بێئەزموون و بێزانیارییە. ئەم ڕواڵەتخوازییە هەموو موئەسەساتەکانی حووکمەتی گرتووەتە، بە پەرلامان و دادگاکانیشەوە. پەرلەمان و حیزب وەک بەرهەمێکی مۆدێرنە، لەناو حوکمڕانی کوردی باشووردا هێشتا ئەقڵیەتی خێڵەکیی و فیوداڵیی بەسەردا زاڵە. هەرکاتێک ئەم پەرلەمانە بەدڵی دەسهەڵاتداران و حیزبە فەرمانڕەواکان نەبوو لەکاریدەخەن. زۆربەی حیزبەکانی باشوور جگە لەوەی بنەماڵەیین گوتاری خێڵکی و کۆنزەرڤاتیڤانە بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان و چەواشەکاریی خەڵک، هیچ هەنگاوێکیش نانێن بۆ کرانەوەی کۆمەڵگە، کولتوور و چەسپاندنی یاسا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی موئەسەساتی دەوڵەت بچەسپێت و هەر لە ڕوڵەتدا خولنەخواتەوە. دادگاکان ناتوانن لە چواچیەوەی گوتاری خێڵ دەربچن و زۆرجار پێیان باشە کەیسەکان بەشێوەی سوڵحی عەشایریی چارەسەر بکرێن، بۆ ئەمەش زەمینە دەسازێنن و زۆرکات خۆیان وا پێشنیاز بۆ خاوەن کەیسەکان دەکەن. جگەلەوەی دەسهەڵات کاریگەریی بەسەر بڕیارەکانی دادگاوە هەیە و دەتوانن لەهەرکاتێک بیانەوێت تەداخول بکەن و ئاراستی کەیسەکە بگۆڕن بە ویستی خۆیان.

دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەموو ئەو بەرهەمانەی کە هی عەقڵ و پڕۆژەی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە بوون هێنامان، بە سیستەم، پەرلەمان، زانکۆ، نەخۆشخانە، تەکنەلۆژیا، کاڵا و شمەکەکانی ...هتد. بەڵام، بەبێ هزری مۆدێرنیزم. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی کوردیی بەکارهێنەری بەرهەمەکانی مۆدێرنەیە، لەناو قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم بە ئەقڵیەت و هزری پێش مۆدێرنیزم. کەواتە کۆمەڵگەی کوردیی، کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن نییە. لەبەر ئەوەی پرۆسێسی بە مۆدێرنبوونی نەبڕیوە، جگە لەوەی تەنها لایەنی ڕواڵەت و ماددەی مۆدێرنەی وەرگرتووە. هاوکات، هێشتا گوتاری خێڵ و دیین زاڵە، نەریت هەرماوە. لە کۆمەڵگەی مۆدێرن ئەمانە نامێنن و لەناو دەچن، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردییدا ئەمانە هەر ماون و ڕەگی خۆیان لەناو هزر و یاسا و دامودەزگە حوکمییەکانیش داکوتیوە.  هەروەها لە کۆمەڵگای کوردیی ئەقڵانییبوون نیییە، خوڕافیاتی دینیی و کولتووری ماوە. یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی مۆدێرنیزمش بەئەقڵانی بوونە، ئەگەر ئەقڵ سەروەر نەبێت شتێک نییە بەناوی تاک و کۆمەڵگەی مۆدێرن. ئازادیی تاک و یەکسانیی جێندەریی نییە، ئەقڵیەتی باوکسالاریی و پیاوسالاریی زاڵە، ئەگەر کۆمەڵگەیەک تاک تێیدا مافی پارێزرو نەبوو، ئازادیی تاکەکەسیی و ڕادەربڕینی نەبوو، ناکرێت بە مۆدێرن ناوی ببەین بەڵکوو ئەم کۆمەڵگەیە هێشتا لە قۆناغی بیرکردنەوەی فیوداڵیزمدایە. لە ناو کۆمەڵگەی کوردییدا، ئازادیی هەڵبژاردن، دیموکراسیی، یەکسانیی لە ماف و چەسپاندنی یاسادا نییە ...هتد. بەها و پرەنسیپی کۆمەڵگەی بەمۆدێرنبوو دەبێت ئەمانەی تێدا فەراهەمکرابێت، بەڵام ئەم بەها و پرەنسیپانە تا ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیی باشوور بەدی ناکرێن، بۆیە کۆمەڵگەی کوردیی باشوور کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن نییە.

 

ئەنجامگیری:

ئەوڕوپا تا قۆناغی پۆستمۆدێرنە بەچەندین پرۆسێسدا تێپەڕی و گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دیت، هەر لەدوای سەتە تاریکەکانەوە لە ڕێنیسانس، ڕۆشنگەریی، مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەوە گۆڕانکاریی و بزاڤی نوێخواز سەری هەڵداوە. هەرقۆناغەو هەوڵیداوە قۆناغی پێش خۆی تێبپەڕێنێت و گۆڕانکاریی لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووریی، کولتووریی، ئایینیی، ئەدەبیی و فەلسەفیی بکات. ئەم گۆرانکاریانە کاریگەریان بەسەر ئەوڕوپا و جیهانەوە هەبوو، ئەم بەمۆدێرنکردنە لەلایەن ئەوڕوپییەکانەوە بۆ ناوچەکانیتر کاریگەری بەسەر ناوچەکانەوەوە هەبوو. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕۆژەی بەمۆدێرنکردن وەک پێوست نەچەسپی و هەر لەڕوڵەتدا مایەوە و مۆدێرنیزم نەگەیشت و تانها ڕوڵەتەکەی مۆدێرن لە ڕێگەی ئیمپریالیزمەوە هات. کۆمەڵگەی کوردیش بەهەمان شێوە مۆدێرنە لە ڕواڵەتدا مایەوە، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری تایبەتی کوردستان وەک نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ و داگیرکارو لە نێوان چوار وڵات. کۆمەڵگەی کوردیی باشوور دوای ١٩٩٢ و حوکمەتی کوردی قۆناغی بەمۆدێرنکردنی کورد بوو، بەڵام دوایی تەگەرکەوتە بەر ئەم پرۆژەیەوە، بەمەش تانها فۆڕمی مۆدێرنە چەسپی و هزری مۆدێرنیزم نەیتوانی جێگەی خۆی بکاتەوە هێشتا هزری مۆدێرنیزم بەتەواوی نەگەیشتبوو، کەچی دوای ٢٠٠٣ و ڕووخانی بەعس کورد کەوتە ناو قۆناغی پۆستمۆدێنیزم، بەمەش کورد کەوتە ناو سەرگەردانی و پەلەقاژێ لەنێوان هزری مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم. ئەم تێدامانە لەنێو کاڵاکانی مۆدێرنە و سەگڕەفتاری و نامۆبوون هێناوەتەکایەوە، نابەرپرسیارییەتی باڵی بەسەر تاکەکان کێشاوە. بەرژەوەندی و خەونی بچکۆڵەی تاکایەتیی بواری لەبەردەم هزر و پرەنسیپ و بەهای گشتیی و دەستەجەمعی نەهێشتووە. لە قۆناغی پۆستمۆدێرنیزمی کورد هێشتا خێڵ ماوە و تاکایەتیی لە بازنەی خێڵدا کپکراوە. نەریت و کولتووری دیینیی، باوکسالاریی و پیاوسالاریی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵە. یاسا و سیکۆلاریزم و یەکسانی جێندەریی بوونی نییە، جگە لەوەی عەقڵخوازیی نییە و هێشتا خوڕافیات بەشێکی زۆری لە هزری کۆمەڵگەدا داگرتووە. لە هەر کۆمەڵگەیەکیش عەقڵخوازیی، تاکایەتیی، ئازادیی و دیموکراسیی ..هتد نەبوو شتێک نییە بەناوەی کۆمەڵگەی مۆدێرن. هەربۆیە کۆمەڵگەی کوردیی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن نییە و تاوەکوو ئێستا پەلەقاژەیەتی لەنێو بەردشی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم.

 

 

 

-------------------

_ مۆدێرنە / پۆستمۆدێرنە: ئەم دوو چەمکە زیاتر بۆ لایەنی ئابووریی، سیاسەت، دەسهەڵات ..هتد بەکاردەهێندرێت.

_ مۆدێرنیزم / پۆستمۆدێرنیزم: ئەم دوو چەمکە بۆ لایەنی کولتوور، هزر، فەلسەفە، ئەدەب و دیین ..هتد بەکاردەهێندێت.

_ سوپاس بۆ م. هەندێن، بە سەرنج و تێبینییەکانی وتارەکەی بەپێزترکرد و سوودم لە سەرنجەکانی وەرگرتووە.

لیستی سەرچاوەکان:

_ ئیمانوێل کانت، ڕۆشنگەری چییە؟، و. ڕێبین ڕەسوڵ، ساڵی چاپی ٢٠١٧، چاپخانەی حەمدی.

_ د. کەمال مەزهەر، رێنیسانس، لەگەڵ باسێکی تر بەناونیشانی ئەدیب و ئەرکەکانی قۆناغ، و. فوئاد مەجید میسری، چاپی سێیەم ساڵی ٢٠٠٦، چاپ: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

_ محەمەد محەمەد ساڵح، مێژووی ئەوڕوپا لەسەردەمی ڕێنیسانسەوە تاوەکو شۆڕشی فەرنسا (١٥٠٠ - ١٧٨٩)ز، و. مستەفا سەعید عەلی، ساڵی چاپ ٢٠١٢، لە چاپ و بڵاوکراوەی چوارچرا.

_ ژان بودریار، تۆنی پیکنی، کریشان کۆمار و ئەوانیتر، پرسەکانی مۆدێرنیزم، و. ئیسماعیل ئیسماعیل زادە، ساڵی چاپ ٢٠٠٩، چاپخانەی هاوسەر  (هەولێر).

_ چارلز تالەر، ئەلێکس کالینیکۆس و ئەوانیتر، مۆدێرنیزم، و. کارزان کاوسێن، ڕەسوڵ سوڵتانی و ئەوانیتر، ساڵی چاپ ٢٠١٨، چاپخانەی حەمدی.

_ کۆمەڵێک نووسەر، مۆدێرنە؛ سەردەمی گۆڕانی هەمیشەیی، و. چەند وەڕگێڕێک، ساڵی چاپ ٢٠١٧، چاپخانەی سەردەم، زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم ژمارە (١٠).

_ کۆمەڵێک نووسەر، پۆست مۆدێرنە: سەردەمی گۆڕانی هەڵنبژارنە بێشومارەکان، چەند وەڕگێڕێک، ساڵی چاپ ٢٠١٧، چاپخانەی سەردەم، زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم ژمارە(١١).

_ هیوا مەجید خەلیل، مۆدێرنە و مۆدێرنیزاسۆن، ساڵی چاپ ٢٠١٩، چاپخانەی هێڤی.

_ نیهاد جامی، رەخنەگرتن لە مۆدێرنێت