برینی ئه‌نترۆپۆلۆژی: شۆكی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ خۆرئاوا
جۆرج ته‌رابیشی
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
فرۆید، دامه‌زرێنه‌ری زانستی نه‌ست، له وتارێكدا به ناونیشانی "ئاسته‌نگێك له به‌رده‌م ده‌روونشیكاری" (1917)، ده‌رباره‌ی جۆره برینێكی نه‌رجسیی ناوازه ده‌دوێت، ده‌كرێت به "برینی نه‌رجسیی گه‌ردوونییانه" ناوبنرێت، چونكه ئه‌م برینه له به‌ره‌نجامی ئه‌و ڕیسواكردن و تڕۆكردنه‌وه سه‌ریهه‌ڵدا كه غروور و له‌خۆڕازیبوون و عیزه‌تی مرۆڤایه‌تی، به‌هۆی دۆزینه‌وه زانستییه به‌رده‌وامه‌كانەوە، سێ جاری له‌سه‌ریه‌ك به‌ریكه‌وت.
یه‌كه‌م برین كه به‌ر نه‌رجسییه‌تی گه‌ردوونیی مرۆڤ كه‌وت، برینێكی كۆسمۆلۆژی بوو. ئه‌مه‌ش له سۆنگه‌ی تیۆره‌كه‌ی كۆپه‌رنیكۆسه‌وه هاته‌ئاراوه، كاتێك هاوكێشه‌ی هێزی ڕاكێشانی گه‌ردوونی هه‌ڵگه‌ڕانده‌وه و چه‌قی سیسته‌می خۆری (فه‌له‌كی) گۆڕی، و شكۆ و گه‌وره‌یی مرۆڤایه‌تی خسته ژێر باری ئه‌م حه‌قیقه‌ته تاڵ و ئازاربه‌خشه: ئه‌وه زه‌وییه كه به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
برینی دواتر، برینێكی بایۆلۆژی بوو. ئه‌م برینه‌ش له به‌ره‌نجامی تیۆرێكی شۆڕشگێرانه‌ی تر، تیۆره‌كه‌ی داروین، هاته ئاراوه. ئیڤه‌ڵوشن(پەرەسەندن) حه‌قیقه‌تێكی تاڵ و برینداركه‌ری تری ڕووبه‌ڕووی نه‌رجسییه‌تی گه‌ردوونی مرۆڤایه‌تی كرده‌وه: مرۆڤ كه ڕۆژگارێكی دوور و درێژ لاف و گه‌زافی به ڕه‌گوڕیشه ئاسمانییه‌كه‌یه‌وه لێده‌دا، وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی درووستبوو له ڕۆحی خودا و هاو-شێوه‌ی ئه‌و خۆی وێناده‌كرد، بۆی ده‌ركه‌وت ناچاره، له‌ژێر فشاری به‌ڵگه زانستییه‌كان، دان به‌وه‌دابنێت كه ئه‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌ی لێیه‌وه په‌یدا بووه، ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی ئاژه‌ڵانه‌یه.
به‌ڵام سێیه‌م برینی نه‌رجسی زیاتر سرووشتێكی سایكۆلۆژیی هه‌بوو. ئه‌وه خودی فرۆید، دامه‌زرێنه‌ری زانستی ده‌روونناسیی قووڵ [ده‌روونشیكاری] بوو، ئه‌م برینه‌ی هێنایه ئاراوه. ده‌روونشیكاری به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌م سێیه‌م برینه نه‌رجسییه‌یه. وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ كۆپه‌رنیكۆس زه‌وی وه‌ك چه‌قی گه‌ردوون نه‌مایه‌وه، و له‌گه‌ڵ داروین مرۆڤی "خودایی" وه‌ك چه‌قی ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌كه‌ی نه‌ما، به هه‌مانشێوه له‌گه‌ڵ فرۆیدیشدا چیتر ده‌روون [ئاگایی] وه‌ك چه‌قی خۆی نه‌ما [و "ده‌ركه‌وت مرۆڤ له جه‌سته‌ی خۆیشیدا ساحێب ماڵ نییه"]. له‌ژێر ڕووكه‌شی ئاگاییدا ئۆقیانوسی نه‌ست شاراوه‌ته‌وه. ئه‌و بڕیارانه‌ی مرۆڤ به به‌رده‌وامی لافی خاوه‌ندارێتی ئاگایانه‌ی به‌سه‌ریاندا لێده‌دا، زۆرجار ئه‌وه قووڵایی ناخودئاگایانه‌یه نه‌ك ڕووكه‌شی ئاگایانه كه دیاریان ده‌كات.
ئێمه برینێكی تر بۆ ئه‌م برینانه زیاد ده‌كه‌ین، به بێ سێ و دوو لێكردنیش وه‌ك برینێك كه سرووشتێكی ئه‌نترۆپۆلۆژی( مرۆڤناسی) هه‌یه وه‌سفی ده‌كه‌ین.
تا ئه‌م وه‌سفكردنه‌ش مانا كامڵه‌كه‌ی خۆی وه‌ربگرێت، پێویسته ئه‌وه بیر خۆمان بهێنینه‌وه كه خاوه‌نی تیۆری برینی نه‌رجسیی گه‌ردوونی، واته فرۆید، كوڕێكی نموونه‌یی شارستانیه‌تی خۆرئاوایی بوو. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه به شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خۆ ، به‌ڵكو ناخودئاگایانه، گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ئه‌و مرۆڤه‌ی شۆڕشی زانستی مۆدێرن به‌م برینه سیانه‌ییه داغانی كردووه، بریتییه له مرۆڤ به مانا موتڵه‌قه‌كه‌ی، واته مرۆڤ وه‌ك مرۆڤ. فرۆید هه‌ر به بیریشیدا نه‌ده‌هات بابه‌تیتر و مێژووی‌تر بێت، ئه‌وه ده‌ستنیشان بكات كه ئه‌و مرۆڤه‌ی ئه‌م سێ برینه‌ی به‌ركه‌وتووه به زه‌رووره‌ت و به دیاریكراوی مرۆڤی خۆرئاواییه كه، له‌پاڵ هه‌ندێ شتی تردا، خۆی بۆ غه‌زو و كۆنتڕۆڵكردنی جیهان و دروستكردن و ناساندنی خۆی وه‌ك مرۆڤێكی گه‌ردوونی ساز و ته‌یار ده‌كرد. شتێكی تریش كه فرۆید هه‌ستی پێنه‌كرد ئه‌وه‌یه مرۆڤی خۆرئاوایی له دوای كه‌شفكردنی ئه‌وه‌ی زه‌وی چه‌قی گه‌ردوون نییه، به زوویی، وه‌ك قه‌ره‌بوویه‌ك بۆ ئه‌م ڕیسواكردنه نه‌رجسییه، خۆی كرد به چه‌قی زه‌وی. به‌ڵام، به پێچه‌وانه‌وه، كۆپه‌رنیكۆسی مرۆڤی ناخۆرئاوایی خودی خۆرئاوا بوو: له ئاوێنه پێشكه‌وتووه‌كه‌ی خۆرئاوا په‌ی به دواكه‌وتووویی خۆی برد.
له لای عه‌ره‌به‌كان ئه‌م برینه ئه‌نترۆپۆلۆژییه برینێكی چه‌ندهێنده و به‌سوێتر بوو. به نیسبه‌ت نه‌ته‌وه و كه‌لتوره‌كانی تر مه‌سه‌له‌كه له‌وه تێنه‌په‌ڕی كه په‌ییان به پێشكه‌وتنی خۆرئاوا و چه‌قبه‌ستنی خۆیان برد. به‌ڵام له لای عه‌ره‌به‌كان پرسیاری بۆچی خۆرئاوا پێشكه‌وت؟ په‌یوه‌ستكرا به پرسیارێكی دانه‌بڕاوی تر: ئه‌ی بۆچی ئێمه‌ی عه‌ره‌به موسڵمانه‌كان دواكه‌وتین ؟
له حاڵه‌ته‌كانی تر،[واته لای نه‌ته‌وه غه‌یره عه‌ره‌به‌كان]- یان هه‌ر چۆنێك بێت له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كان- پرسیاره‌كه وه‌ك پرسیارێكی دراماتیكی مایه‌وه. به‌ڵام له لای عه‌ره‌به‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاوه مه‌یلی بوون به پرسیارێكی تراژیدی هه‌ڵگرتبوو. ده‌كرێت درككردن به پێشكه‌وتنی "ئه‌ویتر" له‌خۆیدا شتێكی كاره‌ستبار بێت بۆ "سوبێكت"( زات)، به‌ڵام كه‌شفكردنی دواكه‌وتوویی سوبێكت، كه‌شفكردنێكی تراژیدیائاسایه.
بۆیه ده‌كرێت ئه‌م برینه له په‌یوه‌ند به عه‌ره‌به‌كانه‌وه، به برینێكی ئێجگار قووڵ و به‌سوێ وه‌سفبكه‌ین. برینێكی چه‌ندهێنده[ زیاتر له سێ برینه نه‌رجسییه‌كه‌ی خۆرئاوا و برینی ئه‌نترۆپۆلۆژی له لای نه‌ته‌وه غه‌یره عه‌ره‌به‌كان]. برینی [درككردن ] به پێشكه‌وتنی ئه‌ویتر، له كاتێكدا له عه‌قڵی باو (الوعی السائد)، ساته‌وه‌ختی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ خۆرئاوا، واداده‌نرا ئه‌ویتر دواكه‌وتووه، و برینی دواكه‌وتوویی " زات" كه له وه‌هم و خه‌یاڵاتی خۆیدا پێشكه‌وتوو بوو.
ڕوون و ئاشكرایه ئه‌م برینه چه‌ندباره‌یه، یه‌كه‌مجار له ناخی نوخبه‌ی ڕۆشنبیریی ئه‌وسای ئه‌زهه‌ردا هه‌ستی پێكرا و ڕه‌گاژۆ بوو. زانكۆی ئه‌زهه‌ر كه ناپلیۆن له هێڕشی 1798 وه‌ك " سۆربۆنی فه‌ره‌نسا" ناویده‌برد، دواهه‌مین گه‌نجینه و په‌ناگه‌ی كه‌لتوری عه‌ره‌بی-ئیسلامی بوو له ڕۆژگاری نامۆبوونی ئه‌م كه‌لتوره، له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عوسمانییه‌كان و فه‌رمانڕه‌وایی مه‌ملوكه‌كان، له خۆی و ته‌نانه‌ت له زمانه‌كه‌یشی. له ڕاستیدا، ئه‌م كه‌لتوره كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده له‌ناو زۆنگاو و بۆگه‌نێتی [چه‌قبه‌ستن]دا داڕزابوو، ته‌نانه‌ت بێ‌ئاگا بوو له‌وه‌ی كه‌لتوریشه. وشه‌ی " كه‌لتور" (ثقافة) تا هێڕشی ناپلیۆن بۆ سه‌ر میسر وشه‌یه‌كی باو و به‌ربڵاو نه‌بوو. هیچ مانایه‌كی بێجگه له‌و مانا قاموسییه‌ی كه "لسان العرب" وه‌ك " زوو فێربوون و لێهاتوویی"(الحذق) دیاریكردووه ، نه‌بوو.[ته‌رابیشی لێره‌دا مانای وشه‌ی "ثقف"ی وه‌كئه‌وه‌ی له "لسان العرب"دا هاتووه نووسیوه‌ته‌وه، به پێویستمان نه‌زانی دایبنێینه‌وه]...
به دڵنیاییه‌وه گۆڕانی ده‌لالی وشه‌ی "كه‌لتور" له مانای" زووفێربوون و لێهاتوویی" بۆ مانای " كۆی زانسته ده‌ستكه‌وتووه‌كان" یان " كۆی به‌رهه‌مه فیكری و هونه‌رییه‌كان"ی شارستانیه‌تێك، شایه‌نی ئه‌وه‌یه ببێته بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی. به بێ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه توانای هه‌ڵسان به كارێكی وه‌هامان هه‌یه، مه‌سه‌له‌كه به‌وه ده‌بڕێنینه‌وه كه سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین ئه‌م گۆڕانه ده‌لالییه له مانای " كه‌لتور" له‌ژێر كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆی "به‌كه‌لتوركردن"( مثاقفة ،acculturation) به‌د‌یهاتووه. ئه‌گه‌ر به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌ی خۆرئاوایی نه‌بووایه، به ئه‌گه‌رێكی زۆره، وشه‌ی " كه‌لتور" هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌گه‌یاند كه له سه‌ده‌ی هەشت هه‌یبوو...
پارادۆكسه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كاركردی ئه‌م به‌كه‌لتوركردنه، واته كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی كه‌لتوری خۆرئاوایی، ڕێگه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتنی چه‌مك/تێگه‌یه‌ك خۆشكرد كه له یه‌كه‌م نیگادا وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت، له هه‌ر مه‌فهومێكی تر زیاتر، هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی كه‌له‌پووریانه‌ی ڕه‌سه‌ن بێت، واته خودی وشه‌ی " نه‌ریت"(تراث). (به‌ڵام) لانیكه‌م تا هێڕشه‌كانی ناپلیۆن بۆ سه‌ر میسر، وشه‌ی " نه‌ریت"، به هیچ جۆرێك، ئه‌م مانایه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌یه‌تی، نه‌یبوو. به گه‌ڕانه‌وه، وه‌ك هه‌میشه، بۆ قاموسی " لسان العرب" ده‌بینین كه وشه‌ی " نه‌ریت" بێجگه له مانای "بۆماوه" و " میرات"، به مانا مادییه‌كه‌ی ئه‌م وشه‌یه، هیچ مانایه‌كی تری نه‌بووه...
به‌م پێیه مه‌فهومی "نه‌ریت"، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت هوشیاری به بوونی " نه‌ریت"، به مانای "كه‌لتوری پێشینان" له به‌ره‌نجامی " شۆكی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خۆرئاوا" و به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ "كه‌لتوری ئه‌ویتر" به‌ده‌ركه‌وت.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تێگه‌ی " برینی ئه‌نترپۆلۆژی"، ده‌توانین بڵێین مه‌فهومی " نه‌ریت" ته‌نها له سۆنگه‌ی جۆره كاردانه‌وه و هه‌وڵێكی ئاگایانه بۆ برینپێچكردن و تیماركردن ئه‌م برینه توانی به هێزێكی وه‌ها خۆی به‌سه‌ر كه‌لتور و ڕۆشنبیریی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی بسه‌پێنێت. " نه‌ریت"، به مانای ئه‌و چۆنێتییه وه‌زیفییه‌ی دراوه‌ته پاڵی، بریتییه له كاردانه‌وه‌ی كه‌لتوری "سوبێكت "ێك ، كتوپڕ، له به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ كه‌لتوری ئه‌ویتر، په‌ی به‌وه ده‌بات كه‌لتورێكی بێ كه‌لتوره. یان ، با بڵێین، كاردانه‌وه‌ی كه‌لتوری سوبێكتێكه كه له به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ كه‌لتوری ئێستا و هاوچه‌رخی ئه‌ویتر، بۆیده‌رده‌كه‌وێت خۆی بێ ئێستایه[و حزوورێكی فیعلی نییه]، و بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌وه‌ی له ده‌ستچووه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕابردووه‌كه‌ی. به‌م پێیه، برینی ئه‌نترۆپۆلۆژی له دوو دابڕان‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت : دابڕانی عه‌ره‌ب له خۆرئاوای هاوچه‌رخ و دابڕانیان له ڕابردووی خۆیشیان. هه‌ر به‌م جۆره‌ش، دوو مه‌فهومی نوێ و دامه‌زرێنه‌ر مه‌یدانی هوشیاری عه‌ره‌بییان داگیركرد: كه‌لتور به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ویتر، و نه‌ریت به گه‌ڕانه‌وه بۆ زات. نزیكه‌ی دوو سه‌ده‌یه هوشیاریی عه‌ره‌بی له‌ناو كه‌ڵبه تیژه‌كانی ئه‌م دوو مه‌فهومه‌دا په‌لده‌كوتێت و هه‌ڵبه‌زودابه‌زێتی. ده‌یه‌وێت ببێته به‌شێك له كه‌لتوری هاوچه‌رخ به بێ ئه‌وه‌ی له نه‌ریت داببڕێت، ده‌شیه‌وێت كه‌له‌پور و ڕابردووی زیندووبكاته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی له كه‌لتوری هاوچه‌رخ جیاببێته‌وه.
پێویست ناكات بڵێن، هه‌ر له دوالیزمی نه‌ریت/كه‌لتور كه باڵی به‌سه‌ر سه‌ده‌ی نۆزده كێشابوو، و له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌پستمۆلۆژیای ئه‌وه‌ی ناونراوه "سه‌رده‌می بوژانه‌وه" پێكده‌هێنێت، به درێژایی سه‌ده‌ی بیست چه‌نده‌ها دوالیزمی تری په‌یوه‌ست سه‌ریانهه‌ڵدا، له دوالیزمی كۆن/نوێ، به تێپه‌ڕین به دوالیزمی لاسایكردنه‌وه/داهێنان تا دوالیزمی ڕه‌سه‌نایه‌تی/تازه‌گه‌ریی.
به‌هۆی به‌شداری نه‌وه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان له‌م دوالیزمانه‌دا، واقیعێكی كه‌لتوری تازه سه‌ریهه‌ڵدا: ئه‌و كه‌لتوره مۆدێرنه عه‌ره‌بییه‌ی هه‌موومان له‌ژێر سایه‌یدا ده‌ژین و ده‌شكرێت- سه‌ڕه‌رای بانگه‌شه‌كارانی كۆپیكردن له هه‌ر دوو به‌ره‌كه- وه‌ها وه‌سفی بكه‌ین كه نه كۆپییه‌كی كتومتی نه‌ریتی ڕه‌سه‌ن و نه نوسخه‌یه‌كی ده‌قاوده‌قی كه‌لتوری تازه‌گه‌یشتووه، به‌ڵكو تێكه‌ڵه‌یه‌كی كه‌متازۆر سه‌ركه‌وتوو- یان كه‌متازۆر شكستخواردوو-ی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو مه‌فهومه تازه هاتووه‌یه.
ئاگامان له‌وه هه‌یه كه‌سانێك هه‌ن نه‌ریت، وه‌ك دژێك له هه‌مبه‌ر دژێكی تر، ده‌خه‌نه به‌رامبه‌ر تازه‌گه‌ری. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ركه‌وته‌كانی شه‌له‌لی و ناكۆكی نه‌زۆكانه‌ی ڕۆشنبیری مۆدێرنی عه‌ره‌بی. به پێچه‌وانه‌وه، گۆڕینی ئه‌م په‌یوه‌ندییه دژیه‌كه له‌نێوان نه‌ریت و تازه‌گه‌ری بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی هاوكارانه و ته‌واو‌كه‌ر ده‌كرێت ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داهێنان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به مه‌رجێك دێته‌دی: وه‌ها سه‌یری نه‌ریت بكه‌ین كه بزوێنه‌ر نه‌ك سه‌ركوتكه‌ری ئیراده‌ی مۆدێرنه‌یه. ڕاسته عەره‌به‌كان نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن نه‌ریتێكی گه‌وره و ڕه‌سه‌ن و دێرینن، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن نه‌ریت ئاماده‌سازییه‌كی زیاتری له نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆ به‌رخوردێكی داهێنه‌رانه نه‌ك ته‌نها لاساییكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌ی جیهانیدا تێدایه. ئه‌گه‌ر بێت‌و وه‌ك ئاوزه‌نگی[ و بزوێنه‌ر]ێك نه‌ك لغاو [و سه‌ركوتكه‌ر]ێك سه‌یری نه‌ریت بكه‌ین، و له‌و ڕه‌گوڕیشانه‌ی ده‌مانبه‌ستنه‌وه به سه‌رزه‌مینی ڕابردوو باڵگه‌لێك بڕوێنین كه به‌ره‌و ئاسمانی داهاتوو پێیان بفڕین، ئه‌وا ڕه‌نگه بتوانین په‌یوه‌ندیی خۆمان له‌گه‌ڵ مۆدێرنه‌ی جیهانی له په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رخۆرانه‌وە به‌ره‌و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌رانه بگوێزینه‌وه، و سه‌ركه‌وتووش بین له كۆتایهێنان به ئیزدیواجییه‌تی بارودۆخی نه‌رێنی كه‌لتوری هاوچه‌رخمان كه هاوكات وه‌ك مشه‌خۆرێك له‌سه‌ر نه‌ریت و مۆدێرنه‌ی جیهانی ده‌ژی.
سه‌رچاوه:
هرطقات: عن الدیموقراطیة و العلمانیة و الحداثة و الممانعة العربیة/ جورج طرابیشی/ ص 93-97 pdf .