A+    A-
(2,342) جار خوێندراوەتەوە

شوناس(identity)

 

 

شوشە عەلى

 

 

شوناس لە وشەی (identitas)ـی لاتینییەوە وەرگیراوە، کە بە مانای(sameness) چوونیەکی یان(idem) بە واتای(the same) ھەمان شت دێت. لەسەر ئەو گریمانەیەی ئەگەر (x و y ھاوبەش بن لە خاسیەتێکدا، ئەوا ھەمان شوناسیان ھەیە). واتا ئەوەی y دەناسێنێت ئەو شوناسەیە کە x پێی دەدات و دەیسەلمێنێت. ھەروەھا لە زمانی عەرەبیدا بە(ھوية) ھاتووە،  بەمانای ئەوێتی(هو +یة). کە تاڕادەیەک واتا بریتییە لە دانپێدانانی ئەویتر. لە زمانى کوردیدا بە واتای  شوناس یان پێناس یان ناسنامە دێت، کە بۆ ڕوونکردنەوەی شتێک و دانپێدانان بە بوونی دێت. شوناس پرسیارە لەوەى من کێم, چۆن و بە چیدا دەناسرێمەوە. ناسنامەکەم بە شاراوەیی گوزارشت لەوە دەکات کە چەندە دانم پێدا نراوە و چەندیش نەنراوە. بەکارھێنانی ئەم چەمکە وەک دانپێدانانی ئەویتر، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی ھەژدە.

ئەرستۆ ئاماژەی بە  شوناس کردووە، کە بۆ دۆزینەوەی شتێکە و درکپێکردنییەتی و وەڵامی پرسیاری(چیبوون و چیەتى و ماهیەت) دەداتەوە کە دەبێت وەڵامەکەمان شتێکی جێگیر بێت، نەک کاتێک کە ھێشتا قسەمان لەسەر نەکردووە، لەناوبچێت و نەمێنێت. ھەروەھا ھیگڵ یەکەم کەس بوو، کە ئاماژەی بە چەمکیدانپێدانان کرد، ئەويش وەک چەمکێکی سەرەکی  لەپێناو کۆمەڵگەی مرۆیی. کە ئەم چەمکە لە بەرامبەر چەمکی پەیمانی کۆمەڵایەتی(ـى ڕۆسۆ) دادەنێت، و لەبارەی ململانێ لەپێناو دانپێداناندا دەدوێت. دانپێدانانیش بریتییە لەوەی کە ھەمیشە ھەوڵدەدەین تا ئەویتر ناچاربکەین، بەو جۆرە دانمانپێدابنێت کە خۆمان دەمانەوێت. هاوکێشەى کۆیلە و ئاغا لاى هیگڵ بەجوانى ئەم ململانێیە ڕووندەکاتەوە. شوناس لەدوو  ئاستدا درووست دەبێت:

ئاستی شوناسی کەسێتی و ئاستی شوناسی دەستەجەمعی. شوناسی تاکەکەسی دەروونییە و بە خودەوە بەستراوە. بۆ نموونە لە کورتە فلیمی(identity)، باسی ئەم جۆرە شوناسە دەکات و ئەو ھەستە دەروونییە ئاڵۆزەی بە تاکی دەبەخشێت, و پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئازاردانی خۆ؛ لەگەڵ ھەبوونی کار و ژیانی باش. لەبەرئەوە ھەندێک ئەم پرسە بە ھۆیەک دادەنێن، بۆ زیادبوونی ڕێژەی تاوان و درووستبوونی ئاڵۆزیی دەروونی لە تاکەکاندا. زیاتر ئەمە تاکێک بەرەوڕووی دەبێتەوە لە کاتی کۆچکردن بۆ وڵاتێک یان شوێنێکی تر، کە ھەست بە ونبوونی خۆی و شوناسەکەى دەکات. لەقبوون و ونبوونى شوناس سوبێکت تووشى بێ‌ئاراستەیى دەکات.

بەڵام شوناسی دەستەجەمعی ئەو شوناسەیە کە لەلایەن ئەوانیترەوە دیاریدەکرێت و پێمان دەبەخشرێت. بۆنمونە شوناسە ئاینی و کەلتوری و نەژادییەکان، کە ھەر کۆمەڵەیەک ھەوڵدەدات، بوونی خۆی بھێڵێتەوە. بۆنمونە لە سەرانسەری جیھاندا چەندین کۆمەڵە ھەن کە پێیاندەوترێت قەرەچەکان، کە ئەم کۆمەڵانە سەر بە ھیچ شوناس و وڵاتێکی تایبەت نین، کە بەبێ شوناس ناویان دەبرێت، و ھەمیشە ھەوڵدراوە بیانخەنە چوارچێوەی شوناسێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە. یاخود شوناسی کورد، کە تا چەندێک دانپێدانراوی لای ئەویترە، کە پرسێکە ھێشتا یەکلانەبووەتەوە!

ھەربۆیە ھەر یەکێک لە ئێمە بەدوای چارەسەری شوناسی خۆیدا دەگەڕێت، ئەو چارەسەرەش، واتە ئەو گرووپ و کۆمەڵانەی کە دانمان پێدا دەنێن، بەردەوامی لەم دانپێدانانەی ئەوانیتر کە لە کۆمەڵگەکاندا بەرجەستەدەبێت, و دەبێتە ڕەمز بۆ ناسینی شوناسمان.

ئه‌لیساندرۆ پیزۆرنۆ پێی‌وایە، كه‌ له‌ پشت سه‌رجه‌م شێوه‌كانی تێكه‌ڵبوونه‌ هه‌مه‌جۆره‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ (خۆپیشاندانه‌كان، مانگرتنه‌كان، به‌حیزبیبوون، ده‌نگدان، گه‌نده‌ڵی) دیارده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بوونی هه‌یه‌، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ گه‌ڕان به‌دوای شوناس و به‌ده‌ستهێنانی دانپێدانانی ئه‌وانی دیكه‌دا.

بەشێوەیەکی گشتی لە مۆدێرنەدا شوناس بەستراوە بە چەمکی دەوڵەتەوە، کە بوونی دەوڵەت مەرجە بۆ پێدانی شوناس. واتا دەوڵەتە شوناس و  دانپێدانانی ئەوی ترت پێدەبەخشێت. بەبێ بوونی شوناس ئەویتر ناتوانێ درکت پێبکات و ماف و ئەرکت بداتێ، چاوی ئەویتر وەک سوبێکت ناتبینێت و بوونێکی حەقیقییت پێ نابەخشێت؛ کە ئەمەش پرسی (بوون)  و چەندین پرسیار دەوروژێنێت.  ئایا بەبێ شوناس کاتێ ئەویتر نامبینێت  هەبووم  یان نەبوو؟  من کێم  و چیم؟

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

هۆکارێتی(causality)

 

 

شکار وەفا

 

 

 لە فەلسەفەدا, پەیوەندییەکە لەنێوان "هۆکار" و ئەنجام"دا. لە کوردییدا ھۆمەندى و هۆکردییش دەوترێت. دەستپێک و جیاوازی لە هۆکارەوەیە, کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی شتێکی نوێ(وەک درووستبوونی پەپوولەی بچووک لە کرمۆکەوە). جۆرێکی دیکەش بەهۆی مادەیەکی دیاریکراوە کە لەڕێیەوە گۆڕانکاریی پێدەکرێت و شتێکی نوێی پێ دەخولقێندرێت(وەک درووستکردنی پەیکەرێک بەهۆی پارچەیەک لە بەردی مەڕمەڕەوە). (ئەرستۆ) چوار جۆر هۆکارمان پێ دەناسێنێت: هۆى مادى(Matter), فۆرماڵ(Form), بکەر(Agent), ئامانج و غایى(End or purpose). لەم نموونەوە بەرچاوڕوونیی زیاتر لەمەڕ ئەو بابەتە دەدرێت. پەیکەرێک لەلایەن پەیکەرتاشێکەوە درووستدەکرێت کە وزە و چووستییەکەیە, ئەوەی کە ئەم کارەی پێ دەکرێت و لەڕێیەوە گۆڕانی لێوە دێتە کایەوە پارچەیەک مەڕمەڕە کە مادەکەیە، لەمەوە شتێکی شتێکی جوان درووستدەکرێت کە فۆرم و شێوەکەیە، ئەمانە پێکڕا دەگەنە کۆتا و تایبەتمەندییەک بە پەیکەرەکە دەدرێت کە بەرەنجامی کارەکەیە(واتە غایەت و ئامانجێکى پێ دەدرێت). فەیلەسووفەکانی دواتر گەشەیان بەم بابەتە دا, بەڵام جیاواز لە "ئەرستۆ", ئەمان بەشێوەی دوالیستى و دووانەیی گەشەیان پێدا. ئەو چەمک و شێوازە زانستییانەی کە لە دۆخێکی دیاریکراودا و لەژێر چاودێرییدا ئەنجامێک دەدەن بەدەستەوە، شێواز و پەیڕەوییەکە زیاتر قبوڵکراوە لەلای فەیلەسوفەکان.

 سیستەمەکان جیاوازن و دەگۆڕێن, هەرچەندە, دەتوانرێت بە کردە و جەختکردنەوە دۆخ و شێوازەکان بگۆڕدرێن و دۆخێکی نوێ بهێنرێتە کایەوە. (دەیڤد هیوم) مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە بە گەڕان و وردبوونەوە و شیکردنەوە بۆ ئۆبێکتێک یان ڕووداوێک, بەڵگەیەکمان وەچنگ دەکەوێت لەسەر ئەو ئۆبێکتە یان ئەو ڕووداوە، بەڵام بەڵگەیەکی بەرجەستە و مەلموسمان لەسەر ئەوە وەچنگ ناکەوێت کە ئەمە تاکە هۆی ڕووداوەکە و بەرهەمهێن و کارتێکەری سەرەکی بێت. بە مانایەکى تر, پەیوەندیى هۆ و ئەنجام پەیوەندییەکى ڕێکەوتن و ئەوە زەینى ئێمەیە بەو ڕێکەوتبوونە ڕاهاتووە. ئیمانوێل کانت, وەک بنەڕەتێکی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە (تێگەیشتن) و مەرجێکی حەتمی بۆ ئەزموون دەڕوانێتە بیرۆکەی هۆکرد. هەندێکی دیکەش مشتومڕ و بەڵگەسازییەکانیان لەبارەی هۆکارێتییەوە تەنها لە ئاستی بیردۆزە میکانیکییەکاندا دەبیننەوە. "پرەنسیپی نادڵنیایی" لەنێو فیزیای نوێدا دەستپێکی هاتنە کایەی کەلتورێکی نوێ بوو بۆ ڕوانینێکی جیاوازتر لە پێشوو بۆ چەمکی "هۆکارێتی". لە کتێبی "نامەیەک دەربارەی سرووشتی مرۆڤ"دا "دەیڤد هیوم" بەشێکی تایبەت کردووە بە پەیوەندیی نێوان هۆکار و ئەنجام, بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە چەند نموونەیەکی هێناوەتەوە, وەک نموونەی تۆپێکی بلیارد کاتێک دەجوڵێت و بەر تۆپەکانی دیکە دەکەوێت و بەم شێوە تۆپەکان یەک یەک دەبنە هۆی جوڵەی یەکتر هیوم کەمێک دوورتر دەڕوات و دەیهەوێت بیسەلمێنێت, ئاماژە بەوە دەدات کە ئێمە هیچ بیرۆکەیەکی ورد و یەقینییمان نییە لەسەر ئەوەی بۆچی جووڵە و ڕووداوێک دەبێتە "هۆ" بۆ جوڵە و ڕووداوێکی دیکە, هەموو ئەوەی دەیزانین ئەوەیە ڕووداوەکان زنجیرەیین و دوابەدوای یەکتریدا دێن. هیوم لەو بەشەی کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات ئێمە نازانین پەیوەندیی هۆ چییە بە ئەنجامەوە و چ شتێک بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. دەپرسێت, چۆن گەرمی لە کڵپە و گڕی ئاگرەوە سەرچاوە دەگرێت و پەیوەندیی کڵپەی ئاگر و گەرمی چییە؟ چۆن ئەندامەکانی جەستەمان دەجووڵێت و ویستی ئێمە بۆ جووڵەیان چییە و چ پەیوەندییەکی بەو ئەندامەوە هەیە کە دەمانەوێت بیجووڵێنین؟ کاتێک ژێیەک دەلەرێتەوە گوێمان لە دەنگێک دەبێت, نازانین بۆ گوێمان لەو دەنگە دەبێت, بەڵام ژێیەکان یەک‌یەک دەلەرنەوە و ئێمەش گوێمان لە لەرەی ژێیەکان دەبێت. هیوم دەڵێت: "تەنانەت لە ڕوونترین دۆخەکانیشدا وزە و سەرچاوەی هۆیەکە لێڵ و ناڕوونە, ئێمە تەنها لەڕێگای ئەزموونەوە لە پەیوەندییە چەندبارەبووەکانی ئۆبێکتەکان تێدەگەین, بەبێ ئەوەی توانای ئەوەمان هەبێت لە هۆکارەکان و پەیوەندیی نێوان هۆکارەکان تێبگەین و بەراوردییان بکەین". هیوم زۆر چاوی لەوە بوو ئەو پەیوەندییە بدۆزێتەوە و لە جیاوازییەکە تێبگات. هەرچەندە, هیوم بەگوومان و سەرلێشێواو بوو لەوەی ئایا دەتوانین لەو پەیوەندییە تێبگەین و پەیوەندی و ڕەگی "هۆ" بە "ئەنجام"ەوە بسەلمێنین؟ بەڵێ, ئێمە لەڕێی دووبارەبوونەوەی ڕووداو و دیاردەکانەوە لە لە "هۆ" و "ئەنجام" تێدەگەین. مەرج نییە و ڕاست نییە کە ئێمە بە تەواوی بێ توانابین و هەموو ئەنجامەکان لەلامان نهێنی بێت و لە بنەڕەتەکەی تێنەگەین، کاتێک دەگەینە ئەنجامێک یان ڕووبەڕووی دەبینەوە, ڕەنگە ئەمە بمانگرێت و تێبگەین کە ڕەگ و هۆی ئەنجامەکە چییە و چۆن هاتووە.

بێگومان, بەم هزر و هۆشەی مرۆڤەوە ڕەنگە هەرگیز بە تەواوی لە هەموو شێوە و بارەکانی "هۆکار" تێنەگەین, بەڵام مەرجیش نییە لە یەک ڕێگای دیاریکراوەوە لە پەیوەندیی نێوان "هۆ" و "ئەنجام" تێبگەین. لە نمونەی تۆپی بلیاردەکەوە دەتوانین تێبگەین و شیکردنەوەیەکی فیزیایی بۆ ئۆبێکت و جووڵە بکەین. "ئیسحاق نیوتن" بە یاساکانی توانیی پەیوەندیی نێوان ئۆبێکت و کێشمان بۆ ڕوونبکاتەوە, کاتێک تەنێک دەجووڵێت و بەر تەنێکی دیکە دەکەوێت بەشێک لە وزەکەی لەدەستدەدات. دەزانین کە بۆچی تۆپی دووهەم دەجوڵێت, چونکە دەزانین کە سرووشت و یاساکانی زاڵن بەسەر ئۆبێکت و جوڵەدا و ڕۆڵیان هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی جووڵەی تۆپی دووەم. لە لۆجیکی هیومدا, پێویستە شتەکان پێکەوە گرێبدەین, کەڵەشێرێک کە لەکاتی خۆرهەڵاتندا دەقوقێنێت دەبێت هۆکار و ئەنجامەکەی گرێبدرێت بە پێکدادان و جوڵەی تۆپە بلیاردەکانەوە. تەنانەت گەر لە هۆکارێکی دیاریکراویش تێنەگەین گرنگ نییە, بەڵکو وەک هیوم ئاماژەی پێدەکات ئێمە لە پەیوەندییەکان تێناگەین و بیرۆکەیەکمان لەبارەیانەوە نییە, تەنانەت لە جیاوازیی ئەو بیرۆکانەش تێناگەین کە ئارەزوومانە لێیان تێبگەین, بەڵام هەوڵدەدەین زاڵ ببین و تێی بگەین بێگوومان هیوم لەوبارەیەوە ڕاستە, کاتێک ئاماژە بەوە دەدات، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار شتێک دەبینین کە پێشتر نەماندیوە, هیچی لەبارەوە نازانین لە ڕەوشتی ئەو شتەش تێناگەین, تەنانەت ناشتوانین پێشبینیی بکەین کە ئەم ئۆبێکتە چ کارێک دەکات و چۆنە. هەروەها لەوبارەیەشەوە ڕاستە کاتێک ئاماژە بەوە دەدات بۆ ئەوەی لە هۆ و ئەنجامی شتەکان تێبگەین پێویستە بەردەوام کردەکانی پەیوەست بەو ئۆبێکتە دووبارە بکەینەوە، کاتێکيش ئەم دووبارەکردنەوەیە ئەنجامدەدەین تێدەگەین چۆن تۆپی بلیاردەکان و لەرینەوەی ژێیەکانی کەمانێک هۆیە بۆ چەند ئەنجامێکی جیاواز و لە بنەڕەتەکەی تێدەگەین و دەزانین چۆن کار دەکات.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

عەقڵانییەت(Rationality)

 

 

بۆتان بەختیار

 

 

چەمکەکە ئاماژەیە بە گەڕانەوە بۆ عەقڵ و فرمانەکانى عەقڵ لە ژیاندا. بەکارهێنانی بیرکردنەوەی لۆژیکییە لە شیکاری کێشەکاندا. وەک چەمکە بنەڕەتییەکانی تر، لە یەکەم نیگادا دەکرێت مانای چەمکەکە ناڕوون و ئاڵۆز بێت. عەقڵانیبوون لە ئاستە گشتییەکەیدا داڕشتنی هاوئاهەنگییەک و دەرەنجامێکى لۆژیکییە. عەقڵانییەت گونجاندنێکە لەنێوان کردە و ئاکتی یەکێک لەگەڵ هۆکارەکانی ئەو کردەیە. بە دەربڕینێکى تر, عەقڵانیەت یەک پێناسە و یەک جەوهەرى نیە بۆ هەموو سەردەمەکان, بەڵکو هەر سەردەم و سیاقێک هەندێک لە پێوەرەکانى بۆ عەقڵانیەت دەگۆڕێت.

عەقڵانییەت مانا و مەدلوولی جیاواز لە سیاقە فەلسەفی، ئابوری، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. بنەڕەت و ڕیشەی چەمکی عەقڵانییەت دەگەڕێتەوە بۆ هۆکار(Reason)، واتە هەموو بڕیارێکی عەقڵانی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارێک و لەوێوە سەرچاوەدەگرێت. بە جۆرێک بە گوێماندا چرپێنراوە کە عەقڵانییەت بەشێکی دانەبڕاوی مۆدێرنەیە، مۆدێرنە بە گەشەیەکی بێ‌وێنەی زانستی دادەنرێت و بە تێکشکێنەری زۆر لە تابۆ و حەرامکراوەکان تەماشادەکرێت. کەسی مۆدێرن بە پێچەوانەی پێش-مۆدێرنەکانەوە دەتوانێت پرسیار لە هەمووشت بکات، خۆی ڕێبەرێک هەڵبژێرێت و ڕێژەیەکی وێنانەکراو لە زانست و زانیاری کۆبکاتەوە، لەبەر ئەمەیە زۆرکەس بەچەشنێک بیردەکەنەوە کە مۆدێرنە شتێکە دەبێت بپارێزرێت. عەقڵانییەت بەتەنها هۆکارێک نەبووە بۆ وەدەستخستنی زانست، بەڵکو کۆی بنیاد و ستراکتۆری کۆمەڵایەتیی بەندە بە <<عەقڵانییەتی کۆمەڵایەتی>>یەوە، ئەم تایپە لە عەقڵانییەت چوونیەکییەکی تەواوی لەگەڵ ڕێکارە ماتماتیکییەکان و زانستییەکان هەیە، بۆ نموونە، مارکێتەکان بە کۆمەڵێک بنەما و پرەنسیپی ماتماتیکییانەی هاوتاوە ڕێکخراون: بڕی پارە و شتومەک. هاوشێوەی ئەمە، بیرۆکراتەکان بە کۆمەڵێک پۆلێن و کارکردی سیستماتیکیی یاسای جیهانی کاردەکەن. کۆی ئەم سیستەم و ڕێکارە ئاڵۆزانە لە شیکردنەوە مارکسییەکەیدا دەربارەی فۆرمە مۆدێرنەکانی عەقڵانییەت، جۆرج لۆکاچ ناویدەنێت بەشتبوون
(reification). بەکورتییەکەى, عەقڵانیەتى مۆدێرن عەقڵانیەتێکى زانستیى بیرۆکراسیى ژمێرەییە.

 

چەشنەکانی عەقڵانییەت

چوار جۆری عەقڵانییەتمان هەیە:

پراکتیکی، تیۆری، فەرمی و سەرەکی. تەنها عەقڵانییەتی ئێتیکی سەرەکی, ڕێگا میتۆدییەکانی ژیانمان پێ دەناسێنێت. هەر چوار چەشنەکەی عەقڵانییەت خۆیان لە کۆمەڵێک پرۆسەی شارستانی و کۆمەڵایەتی مانیفێستدەکەنەوە.

عەقڵانییەتی پراکتیکی: بڕیاردانە لەسەر باشترین ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامگیرییەکی خوازراو

عەقڵانییەتی تیۆری: تێگەیشتنە لە جیهان لە ڕێگەی چەمکە پەتى و ئەبستراکتەکانەوە.

عەقڵانییەتی سەرەکی: بڕیاردانە لەسەر باشترین هەڵبژاردەی ماناکان لە ڕێگەی بەها دەستەجەمعییەکانەوە. بە مانایەکی تر، هەوڵە بۆ هاوئاهەنگکردنی سیستمی بەها و کردەکان بە یەکتر(کە چەندەش ناعەقڵانى بێت ئەوا بەپێى ئەو کۆمەڵگایە عەقڵانییە).

عەقڵانییەتی فەرمی: درووستکردنی هەڵبژاردەکانە لەسەر بنەمای یاسا گەردوونییەکان، ڕێکخستنەکان و بونیاد و ستراکتۆری کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا.

 

بەعەقڵانیکردن " "rationalization

بەعەقڵانیکردن یان عەقڵانیکردنەوە بە مانا دەروونی و لۆژیکییەکەی و بەپێی تیۆرە کلاسیکەکەی فرۆید، میکانیزمی بەرگرییە کە هەڵسوکەوت و هەستە مشتومڕئامێزەکان بەچەشنێکی گۆڕدراو و بە ئەقڵانیکراو و لۆژیکی دەخرێنەڕوو. واتە بۆ ئەوەى واقیع و کۆمەڵگا قبوڵمان بکات بڕێک چەپاندن و گۆڕینى ئاراستەى غەریزەکان پێویستە. بەعەقڵانیکردن زۆرجار هاوکاریی تاک دەکات لە پاراستنی ڕێزی ئەو کەسە یاخۆ لە خۆلادان لە هەستی گوناهباری. لە زۆر دۆز و بابەتدا، بەعەقڵانیکردن زیانبەخش و خراپ نییە، بەڵام هۆکارێکە بۆ خەڵەتاندنێکی بەردەوامی خود. مانا کۆمەڵناسییەکەی، ئاڵوگۆڕپێکردنی نۆرمەکان، بەهاکان و سۆزوعەتفەکان(Emotions)ە لەگەڵ هەردوو چەمکی ئەقڵانییەت و هۆکار. بۆ وێنە، جێبەجێکردنی ڕێکارە بیرۆکراسییەکان لە حکومەتدا جۆرێکە لە بەعەقڵانیکردن. جیهانگیری هۆکارێکی مات و پۆتانشێڵە کە بەعەقڵانیکردنی کەلتور دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێرنە. وڵاتەکان تا دێت زیاتر پەیوەستی یەکدی دەبن، و شان بە شانی گەشەی تەکنەلۆژی، ئاسانترە کە وڵاتەکان کاریگەری لە یەکتر بکەن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میدیا و سیاسەتەوە. زۆر لە کۆمەڵناسەکان، تیۆریستە ڕەخنەگرەکان و فەیلەسووفە هاوچەرخەکان مقۆمقۆی ئەوەیانە کە بەعەقڵانیکردن، بە شێوەیەکی هەڵە لێکدانەوەی بۆ کراوە و تەماشا کراوە، کە کاریگەریی خراپ و نێگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی هەبووە و مۆدێرنەی لە باوەڕە سەنتڕاڵەکانی ڕۆشنگەڕی دورخستۆتەوە و داماڵیوە. ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر لە کتێبى دیالەکتیکى ڕۆشنگەرییدا, عەقڵانیەتى مۆدێرن بە ئوستورەیەک دەزانن کە کارەساتى لێ کەوتووەتەوە. بۆ مارکس و ئەنگڵس، پەیدابوونی کۆمەڵگای مۆدێرنر بە پلەی یەک دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی سەرمایەداری. سەبارەت بە دۆرکهایم، دەگەڕیتەوە بۆ سەرهەڵدانی پیشەسازی و دابەشکاریی نوێی کۆمەڵایەتیی کرێکاران. لای ماکس ڤێبەر، کۆمەڵگای مۆدێرن زادەی سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی جیاواز و حساباتیی ئەقڵانی کە پەیوەستە بە ئەخلاقی پرۆتێستانتى. زۆرجار بۆ کۆمەڵگاى کوردى دەوترێت کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ناعەقڵانیە چونکە بە عەقڵ بیر لە هۆکارى ڕ,ونى شتەکان ناکاتەوە- بابەتێک کە توێژینەوەى وردى دەوێت.