ماركسیزم و هونه‌ر
ڕیچارد كلێرك
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
له‌وانه‌یه زۆربه‌ی ماركسییه‌كان بڵێن و پێیان وابێت كه به‌های كارێكی هونه‌ری، بۆ نموونه تابلۆیه‌ك یان ئه‌و چێژه‌ی لێیه‌وه به‌ده‌ستیده‌هێنن- جا كاره هونه‌رییه‌كه ئۆرگیناڵ یان كۆپییه‌كی نوسخه ئه‌سڵییه‌كه بێت- به‌ر له هه‌موو شتێك پرسێكی تاكه‌كه‌سییه، نه‌ك شتێك بێت كه " پسپۆڕه‌كان"( چ ماركسیست بن یان نا) بكرێت یان پێویست بێت داوه‌ریی لە‌ربارەوە بكه‌ن. [به‌ڵام] له هه‌مان كاتیش‌دا پسپۆڕه‌كان ده‌توانن ئه‌و چێژه باشتر بكه‌ن، بۆ نموونه له ڕێگه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌كنیك و میتۆدۆلۆژی تابلۆكه.
[به‌ڵام] دووباره ئه‌مه ڕووبه‌رێكی قۆرخكراو و تایبه‌ت نییه بۆ ماركسییەك زیاتر له (بۆ نموونه) ، لێدوان و كۆمێنتارییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و لێهاتووییه ته‌كنیكییانه‌ی كه له دیزاینكردن یان درووستكردنی جلشۆرێكدا به‌رجه‌سته‌كراون. به‌هه‌رحاڵ، ده‌كرێت میتۆدێكی ماركسی یارمه‌تیده‌ر بێت له قووڵكردنه‌وه‌ی [ توانای] نرخاندن یان تێگه‌یشتن له كارێكی هونه‌ری له‌ڕێگه‌ی ئاشكراكردنی سیاق و ناوكۆییه مێژووییه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی، و په‌یوه‌ندیی كاره هونه‌رییه‌كه یان هونه‌رمه‌نده‌كه به كۆمه‌ڵگاوه. هونه‌ر، وه‌ك هه‌ر چالاكییه‌كی تری مرۆیی، هه‌میشه له‌ناو ناوكۆییه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی‌دا به‌رهه‌مده‌هێنرێت، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خودی كاره هونه‌رییه‌كه داده‌نێت. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ماركسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كه‌سێك ته‌نیا ئه‌وكاته ده‌توانێت به ته‌واوی له كارێكی هونه‌ری تێبگات و بینرخێنێت كه په‌یوه‌ندیی كاره هونه‌رییه‌كه به هه‌لومه‌رجه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیه‌وه بپشكنێت.
لێره‌دا خاڵێكی ده‌ستپێكی به‌رهه‌مدار و گرنگ بۆ گفتوگۆكردن بریتییه له دیدێكی ما‌تریاڵیستی- سه‌رنجدان له به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنانی هونه‌ر، شوێنگه‌ی هونه‌رمه‌ندان له په‌یوه‌ست به چینه جیاوازه‌كانه‌وه، ئه‌و ململانێ و ناكۆكییانه‌ش كه له كارێكی هونه‌ری و ئه‌و مێژووه‌ش كه كاره هونه‌رییه‌كه به‌شێكه لێی به‌رجه‌سته‌كراون و هه‌ن. بۆ نموونه، وتاره گرنگ و كاریگه‌ره‌كه‌ی ئیرنست فیشه‌ر،" پێویستیی هونه‌ر"(1959)، لێكدانه‌وه‌یه‌كی ماركسییه بۆ ڕۆڵ و كاركرده سه‌ره‌كییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هونه‌ر هه‌ر له ڕه‌گوڕیشه‌كانییه‌وه له سرووته جادووییه‌كانه‌وه به تێپه‌ڕین به ئاینه ڕێكخراوه [ئیبراهیمییه‌كاندا] هه‌تا ڕۆڵه هه‌مه‌جۆر و دژبه‌یه‌كه‌كانی له‌ناو كه‌پیتاڵیزم و پۆتێنشاڵییه‌تی له بونیاتنانی سۆسیاڵیزمدا.
جۆن بێرگه‌ر، ڕه‌خنه‌گری هونه‌ریی ماركسی، له " شێوزەکانى بینین"دا،( كه زنجیره به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیی چوار به‌شی ساڵی 1972 بوو و دواتر كرا به كتێبێك)، و خه‌ڵكانێكی زۆریش ستایشیان كردووه به‌وه‌ی كۆمه‌كی كردوون له قووڵكردنه‌وه‌ی توانای تێگه‌یشتنیان له هونه‌ر. بێرگه‌ر باسی له‌وه ده‌كرد كه ئه‌سته‌م بووه وه‌ها ته‌ماشای به‌رهه‌هێنانه‌وه یان كۆپیی كاره هونه‌رییه‌كانی " هونه‌رمه‌نده گه‌وره كۆنه‌كان"( به گشتی تابلۆكانی هونه‌رمه‌نده ئه‌وروپییه‌كان به‌ر له 1800) بكرێت، وه‌ك ئه‌وەی له سه‌رده‌می به‌رهه‌مهێنانیاندا، له سه‌رده‌می خۆیاندا، ته‌ماشا كراون؛ كه [ئه‌وكات] وێنه‌ی ژنه ڕووته‌كان جۆرێك بوو له به‌ئه‌بستراكتكردن و شێواندن و تێكدانی واقیع، كه ئایدیاڵه نێرانه هاوچه‌رخه‌كان ده‌نوێننه‌وه، كه ئه‌وسا تابلۆی ڕۆنی(oil painting) ئامرازێك بوو بۆ ده‌رخستنی پێگه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی پاڵپشتی و پارێزگاری له هونه‌رمه‌ند ده‌كرد؛ كه ڕیكلامه هاوچه‌رخه‌كانیش تواناكانی هونه‌رمه‌ندان و دوایین ته‌كنیكه هونه‌رییه‌كان ته‌نها بۆ فرۆشتن و سه‌رفكردنی شته‌كانیان له بازاڕێكی كه‌پیتاڵیستیدا به‌كارده‌هێنن.
به‌رهه‌مه‌كه‌ی بێرگه‌ر مشتومڕئامێزانه ده‌مێنێته‌وه و زۆرجاریش، به تایبه‌ت له دوای مردنی له كانوونی دووه‌می 2017دا، پێداچوونه‌وه و سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه. زۆر كه‌س باسیان له‌وه كردووه كه ئه‌و زۆر ساده‌گۆیه و تێگه‌یشتنه قووڵتره‌كانی كه‌سانی وه‌كو واڵته‌ر بنیامینی ئاخنیوەتە به‌رهه‌مه‌كه‌ی خۆی، و له میانه‌یه‌ك له‌نێوان ماركسیزم و تیۆری كه‌لتوریدا ده‌نوسێت. هه‌ندێكی تر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان گرتووه كه بۆچی بێرگه‌ر له‌و فه‌سڵه‌ی كتێبه‌كه‌یدا كه ده‌رباره‌ی "نیگای نێرانه"یه بۆ هیچ یه‌كێك له تیۆریسته فێمینیسته‌كان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟ به‌هه‌رحاڵ، پێویسته كتێبه‌كه‌ی بێرگه‌ر له‌و ناوكۆییه‌دا بخوێنرێته‌وه كه وەڵامدانه‌وه‌یه‌كی توند و كاردانه‌وه‌ئامێز بوو به‌رامبه‌ر به میتۆدی "هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان" كه زۆربه‌ی هونه‌ری زاڵی مێژوویی و هه‌ڵسه‌نگاندنی هونه‌ر ده‌كه‌وێته ناو ئه‌و خانه‌یه‌وه، ئه‌مه‌ش به شێوه‌یه‌كی نموونه‌یی له زنجیره به‌رنامه ته‌له‌فیزیۆنییه‌كه‌ی كێنیس كلاركدا به ناونیشانی شارستانیه‌ت(1969) نیشاندراوه.
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ده‌ربڕینه كه‌لتورییه (هونه‌ر، مه‌سه‌له‌یه‌كی له‌خوارتره) تایبه‌تمه‌ندیی تێكڕای كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كانه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا هونه‌ر و كۆمه‌ڵگا به توندی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراون، هونه‌ر ته‌نیا ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ناچالاك و پاسیڤی كۆمه‌ڵگا نییه. [به‌ڵكو] په‌یوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكی له نێوانیاندایه. وه‌كئه‌وه‌ی ماركسیش له كتێبی " به‌شداریكردنێك له ڕه‌خنه‌ی ئابوریی سیاسی"دا نوسیویەتی: «ئۆبێكتی هونه‌ر، وه‌كو هه‌ر به‌رهه‌مێكی تر، چێژبینین له جوانی و هونه‌ریه‌تی گشتی ده‌خوڵقێنێت. به‌م جۆره به‌رهه‌مهێنان ته‌نیا ئۆبێكتێك بۆ تاكه‌كه‌س ناخوڵقێنێت، به‌ڵكو تاكه‌كه‌سێكیش بۆ ئۆبێكت ده‌خوڵقێنێت».
زۆرجار جیاوازییه‌ك لەنێوان هونه‌ره نمایشییه‌كان[1](له نێوانیاندا مۆسیقا، شانۆ و سه‌ما) و هونه‌ره دیده‌كییه‌كاندا وه‌كو ( وێنه‌كێشان یان هێڵكاری، نیگاركێشان، فۆتۆگرافی، فیلم و ڤیدیۆ)دا ده‌كرێت. هونه‌ره نمایشییه‌كان به سرووشتی خۆیان كاتی و تێپه‌ڕن و وه‌كئه‌وه‌ی ڕۆبه‌رت وایتیش، پێركسیۆنیستی گروپی "ئامێری نه‌رم"(soft machine)، كه گرووپێكی ڕۆكی ساڵانی شه‌سته‌كان بوو، وتوێتی: «له هه‌موو كاتێكدا جیاوازن و ده‌گۆڕێن». نواندن(performance)، به‌رهه‌مێكی سه‌ره‌تایی و یه‌كه‌مینییه ئه‌گه‌رچی ده‌كرێت تۆماربكرێت و به‌رهه‌مبهێنرێته‌وه و دواتر بشفرۆشرێت.
هونه‌ر( وه‌كو وێنه‌كێشان له‌سه‌ر كانڤاس) هه‌ندێك جار به لوتكه‌ی پێشكه‌وتنی كه‌لتوری" شارستانی" داده‌نرێت. ژان گیمپڵ، مێژوونووس، بازرگانی ئه‌ڵماس و پسپۆڕ له هونه‌ری ساخته و دزراو، له كتێبه‌كه‌یدا "كه‌ڵت یان نه‌ریتی هونه‌ر"(cult of art) (كه ناونیشانێكی لاوه‌كیشی هه‌یه: دژ به هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان) تیایدا هێرشیكردووەته سه‌ر چه‌مكی " هونه‌ری باڵا" و باس له‌وه ده‌كات كه چه‌مكی هونه‌ر- به تایبه‌ت ئه‌و تابلۆ زەیتى و ڕۆنی‌یانه‌ی كه له‌سه‌ر چێوه‌یه‌كی گوازراوه‌ی كانڤاسن- ڕێكوڕاست به‌رهه‌مێكی كه‌پیتاڵیزمن، كه له " جۆتۆ"، هونه‌رمه‌ندی فلۆرینتایی ، "یه‌كه‌مین هونه‌رمه‌ندی بۆرژوازی " ڕێنسانس و میراتگره‌كانیدا به‌رجه‌سته‌بووه.
له‌ژێر چاودێری و پاڵپشتیی بنه‌ماڵه‌ی مەدیچى و بنه‌ماڵه تازه ده‌وڵه‌مه‌ندبوو و ئه‌ریستۆكراتییه ئیتاڵییه‌كانی تردا كاره ده‌ستییه فریسكۆكانی " پیشه‌گه‌ران" له‌سه‌ر دیواری كڵێسه یان ڕازاندنه‌وه‌ی میحراب، به كانڤاسی گوزراوه( و قابیلی فرۆشتن) جێگه‌یان گیرایه‌وه. به كورتی، به‌شت‌كرا. خه‌ڵكی چیتر مادۆنایه‌ك یان ئه‌و تابلۆیانه‌ی كه وێنه‌ی مه‌سیحیان له‌كاتی هێنانه‌خواره‌وه له‌سه‌ر خاچدا نیشانده‌دا، نه‌ده‌ویست، به‌ڵكو لیۆناردۆ داڤینشییه‌ك، مایكڵ ئه‌نجلۆیه‌ك یان بێلینییه‌كیان ده‌ویست. [ئیتر به‌م جۆره] نه‌ریتی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند له‌دایكبوو.
به‌ڵام تاوه‌كو سه‌ده‌ی هه‌ژده جیاوازیی نێوان پیشه‌گه‌ر(artisan) و هونه‌رمه‌ند(artist) نه‌چه‌سپا و جێگیر نه‌بوو. ته‌نانه‌ت له‌مڕۆشدا گوێبیستی خه‌ڵك ده‌بن پرسیار ده‌كه‌ن- ده‌رباره‌ی هه‌موو شت هه‌ر له تابلۆكانی ئه‌شكه‌وتی لاوسكۆوه تا هه‌ندێك له هه‌ڵپاچین و ده‌ستڕه‌نگیینیه هونه‌رییه‌كانی كه‌نارشاره‌كان- " به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه هونه‌ره". دیاره، هونه‌ری باڵا ئه‌نتی‌تێزه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌یشی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رهه‌مده‌هێنێت- هونه‌رمه‌ند له ژووره‌كه‌ی خۆیدا( هونه‌رمه‌نده ژنه‌كان تاڕاده‌یه‌ك له‌م هاوكێشه‌یه كرابوونه ده‌ره‌وه) ئازار ده‌كێشێت، هه‌ندێجار، به‌هۆی خه‌ریكبوون به هونه‌ره‌وه، له برسێتیشدا ده‌مرێت مه‌گه‌ر ئه‌و به‌خته‌یان هه‌بێت كه "كه‌شفبكرێن"، زۆربه‌ی جاریش ته‌نیا له‌دوای مردنیان. له‌گه‌ڵ كه‌پیتاڵیزمدا، بۆ یه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند بووه هونه‌رمه‌ندێكی "ئازاد" و كه‌سایه‌تییه‌كی " ئازاد"، ئازاد تا پله‌ی پووچێتی، تا ته‌نیاییه‌كی زوقمئاسا. هونه‌ر بووه پیشه‌یه‌كی نیوه-ڕۆمانتیكی و نیوه-بازرگانی.
گۆرانی له‌ناو گه‌له‌ریدا(in the gallery)ی دایه‌ر ستره‌یت گۆرانییه‌كه ده‌رباره‌ی گۆڕانی به‌های به‌كارهێنان(ئه‌و گرنگییه‌ی كه هونه‌رمه‌ند یان جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له كارێكی هونه‌ریدا ده‌بینن یان ئه‌و چێژه‌ی لێیه‌وه به‌ده‌ستیده‌هێنن) بۆ به‌های ئاڵوگۆڕ. هاری كۆنه‌كرێكارێكی كانگه و په‌یكه‌رتاشه، "كه تێكڕای كوڕه تازه‌باو و سه‌رده‌مییه‌كانی له‌نده‌ن فه‌رامۆشیان كردووه"، تاوه‌كو دوای مردنی كه ئه‌وسا له‌ناكاو " كه‌شفده‌كرێت"(بێگومان ئیتر زۆر دره‌نگه بۆ هاری)، [ئینجا] كه‌سه چڵێس و ته‌ماحكاره داڵئاساکان داده‌به‌زن و دێن بۆ ئه‌وه‌ی قازانج له كاره‌كه‌ی بچنننه‌وه.
گۆرانیی " شه‌وی پڕ له ئه‌ستێره"( starry starry night) دۆن مه‌كلاینیش په‌یامێكی هاوشێوه‌ی هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام جیاوازیی بنچه‌ینه‌ییان(بێجگه له تێمپۆی گۆرانییه‌كان) ئه‌وه‌یه كه هاری له سیاسه‌ته‌وه تێوه‌گلاوه، كه ئه‌مه‌ش زۆره بۆ ئه‌و جیهانه‌ی كه ڤان كوخی ئازاردراو "لێی دووره‌په‌رێز بوو"- به پێچه‌وانه‌ی پاول گۆگان، كۆنه‌هاوڕی پۆست- ئیمپریۆنیسته‌كه‌ی، كه داوای له بریكاره‌كه‌ی كرد پێی بڵێت كه "كڕیاره گه‌مژه‌كان" زۆرترین پاره به چی ده‌ده‌ن و دواتریش به گوێره‌ی ئه‌وه به‌رهه‌مه‌كه‌ی درووستكرد.
به‌بێ ڕه‌چاوكردنی پێگه و ناوبانگییان، زۆرجار هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان وه‌ك به‌شێكی جیا له كۆمه‌ڵگا و هه‌ندێجاریش له سه‌رووی كۆمه‌ڵگاوه نیشانده‌درێن، [به‌ڵام] بۆ ماركسییه‌كان ئه‌وه ڕوون و ئاشكرایه كه هونه‌ره‌كان به‌شێكی دانه‌بڕاوی كۆمه‌ڵگان. به زمانی سیاسه‌ت و جوانیناسی، ماركسییه‌كان مه‌ترسی و ئاگادارییه‌ك ڕاده‌گه‌یەنن- مێژووی هونه‌ر له سۆسیالیزمدا، مێژوویه‌كی تێكه‌ڵ و وابه‌سته[ به كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه] ده‌بێت. سه‌ره‌تای گه‌شه‌كردنی هونه‌ری ئاڤانگاردی پاش شۆڕشی سۆڤیه‌ت بۆ هه‌مووان ئاشكرایه. پێكهاته‌خوازی[2] هه‌وڵیدا هونه‌ر بخاته خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی دواتری ڕیاڵیزمی سۆسیالیست وه هونه‌رێكی "ڕه‌سمی" هه‌وڵێك تا خه‌ڵك زیاتر ده‌ستیان به هونه‌ردا ڕابگات(له پاڵ ئه‌ویشدا چه‌ندان فۆرمی تری هونه‌ری ناڕه‌سمی گه‌شه‌كردوویش هه‌بوون).
له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاشدا هونه‌ری مۆدێرن وه‌ك چه‌كێك له شه‌ڕی ساردی كه‌لتوریدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و "فۆرمه سۆسیالیست ڕیالیسته‌كانیدا" بره‌وی پێ ده‌درا. له په‌نجاكان و شه‌سته‌كاندا، سی.ئای.ئه‌ی له‌ڕێگه‌ی كۆنگرێسی ئازادیی كه‌لتوری و دامه‌زراوه‌ی فارفیلد و...به شێوه‌یه‌كی نهێنی بره‌وی به كاری هونه‌رمه‌نده ئه‌بستراكته ئێكسپریۆنیسته‌كان، وه‌كو جاكسۆن پۆلاك و ویلیا‌م دی كوونینگ و مارك ڕۆتكۆ، ده‌دا- به‌مه‌به‌ستی نیشاندانی ئازادیی هزریانه‌ی گریمانه‌كراو و داهێنه‌رێتی كه‌لتوری ئه‌مریكا دژ به ئیلتیزام و هاوچه‌شنی ئایدیۆلۆژییانه‌ی هونه‌ری سۆڤیه‌تی.
هونه‌ر ته‌نانه‌ت له‌وكاتانه‌شدا كه به‌رهه‌ڵستكاره، كه‌پیتاڵیزم قودره‌ت و به‌هره‌یه‌كی سه‌رووئاسایی هه‌یه تا له‌ناوخۆیدا بیگونجینێت و بیتوێنێته‌وه. پێشانگای 2017ی ئه‌كادیمیای شاهانه له‌سه‌ر هونه‌ری شۆڕشگێری ڕووسی، به بژارده‌كاری و خۆپارێزییه‌كی به‌د و گه‌مژانه به‌ڕێوه‌چوو، له‌وانه‌یه بۆ په‌شیمانكردنه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك كه ده‌كرا، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه، ئه‌و كارانه‌ی كه نیشاندرابوون بۆی ببنه جێگه‌ی ئیلهام و سه‌رسامی. كاره گرافیتییه‌كانی بانكسی، كه فۆرمێكی هونه‌ری له ڕه‌گوڕیشه‌وه نابازرگانی "هونه‌ر له پێناو خه‌ڵك"ـه (ڕه‌نگه هاوتایه‌كی مۆدێرنی وێنه‌كانی ئه‌شكه‌وتی لاوسكۆ بێت؟) له ئێستادا له" گه‌له‌رییه"- حه‌تمه‌ن وه‌ك توحفه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بیتاقه‌ی نرخه‌كه‌یدا تا بچێته پێشبڕكێی فرۆشتنه‌وه. نموونه‌یه‌كی تر، تابلۆی كه‌لله‌سه‌ر(1981)ی هونه‌رمه‌ندی گرافیتی (كۆچكردوو) ژان- مایكل باسكوییه، كه له ئایاری ئه‌م ساڵه‌دا(2017) به زیاتر له 100 ملیۆن دۆلار مه‌زاتكرا. كۆمێنتی بانكسی خۆیشی له‌سه‌ر دیوارێكی باربیكاندا هه‌ڵواسراوه، كه له‌وێدا پێشانگای پاشمه‌رگه‌ی كاره‌كه‌ی باسكوی تا كانوونی دووه‌می 2018 به‌رده‌وام ده‌بێت (و نرخی چوونه‌ژووره‌وه‌ش 16 پاوه‌نده). دامه‌زراوه‌كانی شاری له‌نده‌ن له ئێستادا خه‌ریكی ئه‌وه‌ن كه ئایا ده‌بێت( وه چۆنیش) ئه‌م گرافیتییه تازه‌یه بپارێزن.
له‌ناو كه‌پیتاڵیزمدا كه قه‌یرانه‌كانی قووڵتر ده‌بنه‌وه، "هونه‌ری باڵا"(كه سه‌لماندبێتی قابیلی گواستنه‌وه و فرۆشتن و به وشه‌یه‌ك نامۆكردنه)- ئه‌وا له‌پاڵ زه‌وی و موڵكه‌كانی تردا- یه‌كێكه له باشترین سه‌رمایه‌گوزارییه‌كان كه له ئارادا بێت. نموونه‌یه‌كی نزیك، تابلۆی" پاشای گلێن"ـی به‌رهه‌می سێر ئه‌دوین لاندسیره، كه له ئازاری ئه‌م ساڵه‌دا(2017)، به بڕی 4 ملیۆن پاوه‌ند، كه پاره‌كه به‌هۆی سندوقێكی خۆبه‌خشانه‌ی پاره‌كۆكرنه‌وه‌وه كۆكرایه‌وه، بۆ كڕینه‌وه‌ی له خاوه‌نی ئێستای به‌رهه‌مه‌كه، كۆمپانیای دیاگۆ، و بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئینگڵیز" پارێزرا". دیاگۆ، ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحه فره‌نه‌ته‌وه‌ییه‌ی خواردنه‌وه‌كان(ساڵی ڕابردوو(2016) به بڕی 3 ملیار پاوه‌ند له كۆی 10.8ملیار پاوه‌ندی تێكڕای فرۆشه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئەنته‌رنێت قازانجی كرد، له %15 زیاتر له ساڵی پێشووتر(2015)، مووچه‌ی ئیڤان مینێزی سه‌رۆكی جیبه‌جیكاریش 4.4 ملیۆن پاوه‌نده) به دڵفراوانییه‌وه ڕازی بوو كه هه‌ر ته‌نیا به نیوه‌ی "نرخی خه‌مڵێنراو"ی تابلۆكه، كه 8 ملیۆن پاوه‌نده، قه‌بووڵی فرۆشتنی بكات. زیاتر له نیوه‌ی ئه‌م پاره‌یه‌ش له National Lottery ـه‌وه هاتووه كه ئه‌میش له خۆیدا زۆرجار وه‌ك " باجێكی شاراوه به‌سه‌ر هه‌ژاراندا" وه‌سفده‌كرێت.
تابلۆی " كه‌ی هاوسه‌رگیری ده‌كه‌یت؟"ـی گۆگانیش كه له ساڵی 1881دا كێشراوه و وه‌كو تابلۆكانی تری گۆگان دیمه‌نێكی ڕۆمانتیكی تاهیتی نیشانده‌دات، به بڕی 300 ملیۆن دۆلار له 2015 دا فرۆشرا- ته‌نیا تابلۆی "ئاڵوگۆڕ" به‌رهه‌می دو كوونینگ ساڵی دواتر پێشیكه‌وت. بازنه‌یه‌كی له زێڕی عه‌یاره 24 دروستكراو كه ئای وای وه‌ی، "ڕه‌خنه‌گری چینی" و "پاڵه‌وانی دیموكراسی" ، دیزاینی كردبوو، و ئیلهامی له زه‌مینله‌رزه‌كه‌ی ساڵی 2008ی سێچوان وه‌رگرتبوو( كوشنده‌ترین زه‌مینله‌رزه‌یه‌ك كه ڕوویدابێت، 90000 مردوو، 5 بۆ 11 ملیۆن بێ‌ماڵ) به نرخێكی مامناوه‌ندی 455000 پاوه‌ند به Elizabeth Cipirani فرۆشرا، زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندان و كاره هونه‌رییه‌كانیان هه‌رگیز به‌م به‌م به‌رزاییه سه‌رسوڕهێنانه ناگه‌ن.
ڕۆڵی هونه‌رمه‌ند له كۆمه‌ڵگادا وه‌كو بابه‌تێكی مشتومرئامێز ده‌مێنێته‌وه. له هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه ئاشكرایه كه هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌توانن ڕۆڵێكی گه‌وره و گرنگ بگێڕن، له‌مه‌شدا ئازادی و شه‌رعیه‌تی هونه‌رمه‌ند یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن. پێده‌چێت مۆدێلێكی باش ئه‌وه بێت كه له یۆگسلاڤیای پێشوو و وڵاته سۆسیالیستییه‌كانی تردا( وه‌ك كوبای ئه‌مڕۆش) په‌یڕه‌و ده‌كرا. هونه‌رمه‌ندان نه پاره‌یان پێده‌درا و نه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تیشه‌وه به كرێ گیرابوون، ئه‌گه‌رچی هونه‌ره‌كان به گشتی پاڵپشتییه‌كی گه‌وره و به‌خشندانه‌ی ده‌وڵه‌تیان پێده‌درا و پێده‌دریت. وه‌كئه‌وه‌ی له ده‌وڵه‌ته كه‌پیتاڵیستییه‌كانیشدا هونه‌رمه‌ندان ده‌بووایه بژێویان له‌ڕیگه‌ی كۆمیسیۆنه‌كانه‌وه په‌یدا بكردایه، ئه‌مه‌ش وه‌كئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵاتییه‌كان و یه‌كێتیه بازرگانییه‌كان و ئه‌نجوومه‌نه ناوچه‌ییه‌كان و... دابینیبكه‌ن، نه‌ك به كۆمه‌كی پاڵپشتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند یان به‌رهه‌مهێنێكه‌وه. زۆرێكیان ده‌بووایه داهاتیان به‌هۆی وانه‌وتنه‌وه یان كردنی كاری تره‌وه باشتر بكه‌ن، به‌ڵام پێگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان دانیپیانرابوو، و ئه‌و پاره‌یه‌ش كه بۆ سه‌لامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی پێیانده‌درا به ڕاده‌یه‌ك بوو تا له كای نه‌خۆشی یان خانه‌نشینیدا ئازار نه‌كێشن و چاو له ده‌ستی كه‌س نه‌بن.
هه‌م له نرخاندن و تێگه‌یشتن و له‌ڕاستیدا به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ریشدا پێداگری و تێزه‌یه‌ك كه به دڵنیاییه‌وه هه‌موو سۆسیالیسته‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی ، تێزه‌كه‌ی ویلیا‌م مۆریسی كۆمۆنیسته، جا چ حه‌زت به دیزاین و كاره‌كانی ئه‌و هه‌بێت یان نا، كه وتوێتی: «من هونه‌رم ته‌نیا بۆ كه‌مینه‌یه‌ك ناوێت، وه‌كچۆن په‌روه‌رده و فێركردنم ته‌نیا بۆ كه‌مینه‌یه‌ك و ئازادیشم ته‌نیا بۆ كه‌مینه‌یه‌ك ناوێت...». شتێك كه گومانی تیادا نییه ئه‌وه‌یه كه هونه‌ر- به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه- ده‌كرێت ژیانمان ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و ببێته پاڵنه‌ر و هێزێك بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاشكرایه ئه‌و هونه‌ره‌ی كه ملكه‌چی هێزه‌كانی بازاڕی كه‌پیتالیستییه، تووشی شێوانێكی به‌رده‌وام و درێژخایه‌نی به‌رهه‌م و پرۆسه‌ی هونه‌رییانه ده‌بێت، كه تیایدا كاره هونه‌رییه‌كان به هۆی نرخی سه‌ر بیتاقه‌كه‌یانه‌وه نه‌وه‌كو كواڵیتی جه‌وهه‌رییانه‌وه سه‌نگێنراون. میتۆدێكی ماركسی ده‌توانێت تێگه‌یشتنمان له هونه‌ر قووڵتربكاته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی كه دووربكه‌وینه‌وه له دۆگماتیزم و ئه‌وه قبوڵبكه‌ین كه ئه‌مه ڕووبه‌ڕێكه بۆ گقتوگۆ- گفتوگۆیه‌ك كه هه‌موومان ده‌توانین به‌شداری تیادا بكه‌ین.
سه‌رچاوه
What Do Marxists Have To Say About Art? https://www.culturematters.org.uk/index.php/culture/theory/item/2626-what%20-do-marxists-have-to-say-about-art