عەباى خوێناویى ستەمکاران[1]
سلاڤۆى ژيژه‌ك
و: وهليد عومه‌ر
حەکایەتێکى کۆن هەیە دەربارەى کرێکارێک کە گومانى دزیى لێدەکرا: هه‌موو ئێواره‌يه‌ك کە کارگەکەى جێدەهێشت، ئەو عەرەبانە دەستییەیان بەوردى دەپشکنى کە دهيدايه پێش خۆى. پاسەوانەکان نەیاندەتوانى هیچ شتێکى پێوه بگرن؛ عەرەبانەكه هەمیشە بەتاڵ بوو. سەرەنجام ده‌رده‌كه‌وێت ئەوەى کرێکارهكه دزیویەتى، خودى عەرەبانە دەستییەکان بووە...
ئەم تێڕامانە ورد و گەورانەى کە دەربارەى توندوتیژى دەیخوێنیتەوە، گەر ناوەڕۆکێکى[2] يه‌كگرتوو و یەکانگیریان هەبێت، ئەوەیە کە پارادۆکسێکى هاوشێوە[ـى حهكايهتهكهش] دەربارەى توندوتیژی هەیە. لە پێشه‌وه‌ى زەینى ئێمەدا، کردەوە تاوانکارى و تیرۆریستييهكان، پشێوییە مەدەنییەکان و ململانێ نێودەوڵەتییەکان نیشانە ئاشكرا و دیاره‌كانى توندوتیژین. بەڵام دەبێت فێربین هەنگاوێک بچینە دواوە و خۆمان لە فريوى ئه‌فسوناويى ئەم توندوتیژییە «سوبێكتيڤ»ـە بينراوه ڕزگاربکەین- ئه‌و توندوتیژییەى کە له‌لايه‌ن بکەر و بريكارێکى دیار و ناسراوه‌وه جێبەجێدەکرێت. پێویستە چوارچێوه و سەروخوارى ئەو باگراوەندە بناسین کە ئەم لێشاوە توندوتیژییە بەرهەمدێنێت. هەنگاوێک چوونەدواوە، توانا‌مان پێده‌به‌خشێت ئەو توندوتیژییە بناسينهوه کە ڕاگرى ئەو هەوڵانەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى و پەرەپێدانى تۆلێرانس و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن دەیدەین.
پێده‌چێت خاڵى دەسپێک و تەنانەت بنەماى بەڵگەنەویستى[3] ئەم کتێبەش هەر ئەمە بێت: توندوتیژیى سوبێكتيڤ [و بينراو]، زەقترین گۆشەى ئەو سێگۆشەیەیە کە دوو گۆشە نادیارەکەى تر‌ى بریتیین لە هەردوو جۆر توندوتیژیى ئۆبێکتیڤ[و نه‌بينراو]. سەرەتا، توندوتیژیى «ڕەمزى»مان هەیە کە لە زمان و فۆرمه‌كانيدا(هەر ئەو شتەى کە هایدگەر پێى‌دەڵێت «ماڵى بوونمان») به‌رجه‌سته بووه-، وەک دواتریش دەیبینین ئەم توندوتیژییە تەنیا لە حاڵه‌ته به‌رچاو و زۆر لێکۆڵراوەکان و پەیوەندییەکانى هه‌يمه‌نه‌ى کۆمەڵایەتیدا بوونيان نيه کە لە كه‌وڵى گوفتارە عادهتييهكانماندا[4] بەرهەمدێنەوە: فۆرمێكى بنەڕەتیيترى توندوتیژى هەیە کە دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زمان وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌يه، واتە دەگەڕێتەوە بۆ سەپاندنى جیهانێکى دیاریکراوى مانا لە لایەن زمانەوە. دووەم، توندوتیژییەکى تر هەیە کە من ناوىدهنێم «سیستەمى»: ئەمەش ئەو پاشهات و دەرەنجامە کارەساتبارانەیە کە ڕۆڵ و فرمانى بێگرێوگۆڵى سیستەمە ئابورى و سیاسییەکانمان درووستده‌كات.
گرێى شته‌کە لێرەدایە کە ناتوانین لە هه‌مان گۆشهنيگاوه لە توندوتیژیى سوبێكتيڤ و ئۆبێكتيڤ(بينراو و نه‌بينراو) تێبگەین، توندوتیژیى سوبێكتيڤ بە ماناى تەواوى وشەکە، لە بەرامبەر باگراوەندى پله‌ى سفرى ناتوندوتیژیدا ئەزمووندەکرێت. توندوتیژیى سوبێكتيڤ وه‌ك تێکچوونى دۆخى «ئاسايى» و ئارامى شتەکان سهيردەكهن. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، توندوتيژيى ئۆبێكتيڤ به‌ته‌واوى توندوتيژييه‌كى زاتى و جه‌وهه‌رييه بۆ ئه‌م دۆخه ئاساييه‌ى شته‌كان. توندوتیژیى ئۆبێکتیڤ ناديار و نه‌بينراوه، چونكه ڕاگرى ئه‌و پێوەرى پله‌ى سفرەيه کە بەهۆيهوه، توندوتيژى سوبێكتيڤانه و بينراو ده‌ناسينه‌وه. بۆيه توندوتیژیى "سیستەمى"، هاوشێوەى «مادە ڕەش»[5]ـه بەناوبانگەكهيه لە فیزیادا: واته جه‌مسه‌رى تەواو پێچەوانەى توندوتیژیى سوبێكتيڤ. ڕەنگە توندوتیژیى "سیستەمى"، نه‌بينراو بێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن له‌وه‌ى وه‌ك ته‌قينه‌وه و هه‌ڵقوڵانى "ناعه‌قڵانى"ـى توندوتيژيى سوبێكتيڤ ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌بێت له‌به‌رچاوى بگرين.
کاتێک میدیاکان بەو «قەیرانە مرۆییانە» بۆردوومانمان دەکەن کە گوايا بەردەوام لە سەرتاپاى جیهاندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن، پێويسته هه‌ميشه ئەوەمان لەبیربێت کە هەر قەیرانێکى تایبەت تەنیا لە ئەنجامى هەوڵ و زه‌حمه‌تێکى ئاڵۆزدا دەکەوێتە بەر چاوى میدیاکان. لێرەدا به‌ته‌واوى ڕۆڵى چاودێرييه مرۆڤدۆستييهكان کەمبایەخترە لە چاودێرييه کەلتورى و ئایدۆلۆژىسیاسى و ئابورییەکان. بۆنمونە، سه‌ردێڕى سەرەکیى بەروارى "5"ـى حوزەیرانى "2006"ـى گۆڤارى تایم ئەمە بوو: «خوێناويترين جەنگ له جیهاندا». ئەم بابەتە ڕاپۆرتێکى دۆکیۆمێنتارى و درێژ بوو دەربارەى چۆنیەتیى گیانلەدەستدانى نزیکەى 4 ملیۆن مرۆڤ لە کۆمارى دیموکراتیى کۆنگۆ، کە لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوودا و لەئەنجامى توندوتیژیى سیاسییەوە کوژرابوون. پاش چاپکردنى ئەم بابەتە، هیچ هەرا و هەڵايهكى مرۆڤدۆستانەى باو درووستنهبوو و تەنیا چەند نامەیەکى نوسەران بڵاوکرانەوە- وەک بڵێى جۆرێک لە میکانیزمى سانسۆر ببووە ڕێگر کە ئەم هەواڵە کاریگەریى تەواوى خۆى لە فەزاى [كۆمه‌ڵايه‌تى] و ڕەمزیماندا جێبهێڵێت. گەر ڕەشبین بين، ئەوا پێویستە بڵێین گۆڤارى تایم لە ههوڵوتێكۆشانيدا بۆ خستنەڕووى باڵاترين ئازارچەشتنى ئینسانەکان، قوربانییەکى هه‌ڵه و نادرووستى هەڵبژاردبوو! ئەم گۆڤارە دەبوو دواى پێڕستى [ئەو کێشانە] بکەوتایە کە هەمیشە چاوەڕواندەکرێت: ژنانى مسوڵمان و چهرمهسهرييهكانيان، یان خێزانى قوربانییانى 11ـى سێپتەمبەر و ئەوەى کە چۆنچۆنى لەگەڵ مردنى ئازیزەکانیاندا ڕاهاتوون. ئەمڕۆ به‌فيعلى بارودۆخى کۆنگۆ بە وتەى کۆنڕاد لە شێوەى «دڵى تاریکى»دا سەريهەڵداوەتەوە. هیچ کەسێک ناوێرێت ڕووبەڕووى ببێتەوە. مردنى مناڵێکى فەلەستینیى دانیشتووى کەنارى ڕۆژئاوا، یان بەدڵنیاییەوە مەرگى ئیسرائیلییەک یان ئەمریکییەک هەزاران جار بەهاى زیاترە لە مردنى کەسێکى گومناو و بێناونیشانى کۆنگۆ.
ئایا بۆ ئه‌وه‌ى بسه‌لمێنين هەستى خێرا و دهمودهستيى مرۆڤدۆستى له‌لايه‌ن چاودێرييه سیاسییەکانهوه هەموار و تەواو دەستنیشاندەكرێت، پێویستمان بە بەڵگە و بورهانی زیاتر دەبێت؟ هەر بەڕاستى ئەم چاودێرى و شيكردنهوه سیاسییانە چین؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە دەبێت هەنگاوێک بچینە دواوە و لە پێگه و ڕوانگەیەکى جیاوازەوە سه‌يرى كێشه‌كه بكه‌ين. کاتێک میدیاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان خەڵکى وڵاتانى تریان سەرزەنشتدەکرد کە بۆچى هاوخەمیى پێویست پیشاننادەن بەرامبەر بە قوربانییانى 11ـى سێپتەمبەر، ئيدى ئه‌و ڕاڕايى و وهسوهسهيه ده‌كه‌وته ناو مرۆڤه‌وه کە هەمان وەڵامى "ڕۆبسپێر"یان بداتەوە، وەڵام بەوانەى کە گله‌يى و گازنده‌يان هه‌بوو ده‌رهه‌ق به قوربانيبوونى خەڵکى بێگوناهى سەردەمى تیرۆر و تۆقانى شۆڕش[ـى فەڕەنسا]: «دەست لە ڕاوەشاندنى عەباى خوێناویى ستەمکاران هەڵگرن لە ڕووى مندا، ئەگینا قه‌ناعه‌ت به‌وه دێنم ده‌تانه‌وێت کۆتوزنجير بکەنه پێى وڵاته‌كه»[6]، [7].
ئەم کتێبەى بەردەستتان، لە جیاتیى ڕوو بە ڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ توندوتیژیدا، شەش قنگچاو[8]ـى خێراى پیا دەخشێنێت. هۆکارى خۆى هەیە کە نيگايه‌كى خێچ و ژێره‌وانكێ بە کێشەى توندوتیژیدا دەخشێنین. گریمانەى بنچینەیى من ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ توندوتیژیدا خۆى بۆ خۆى ته‌مومژ و لوغز درووستدەکات: دەربڕینى توڕەیى زۆر دژى كرده‌وه توندوتیژەکان و هاوخەمى لەگەڵ قوربانییەکاندا، بەردەوام و بێچه‌ندوچوون وەکو له‌خشته‌چوون و لههۆشچوونێك ڕێ لە بیرکردنەوەمان دەگرێت. بۆ ئەوەى بتوانین خوێنساردانه و بێلایەنانە دەست بۆ فراوانکردنى تیۆریى چەشنناسیى[9] توندوتیژى ببەین، ئەوا دەبێت بە پێى پێناسەکە، چاو لە کاریگەرییە تراوماییەکەى (شۆکە دەرونییەکەى) بپۆشين. بەڵام بە مانایەک، شیکردنەوەى خوێنساردانەى توندوتیژى، بە جۆرێک توڕەیى دەرهەق بە توندوتیژی بەرهەمدێنێتەوە و بەشداریى تیادەکات. بەدەر لەمە، دەبێت «فاكت و واقيع»[10] لە «حه‌قيقه‌ت و ڕاستگۆبوون» جیا بکەینەوە: ئەوەى دەبێتە مایەى ڕاستبوون و ڕاستدەرچوونى ڕاپۆرتى ژنێکى لاقه‌كراو(یان هەر چيرۆكێكى تر‌ى شۆك و تراوماى ده‌روونى)، بریتییە لە نادڵنیایى ئەو ژنە لە دەربڕینى ڕاستییەکان و بە یەکداچوونیان و تێکەڵوپێکەڵییان[ڕاستیى ڕووداوێک، پێويستى به بڕێک پشێوى و تێکەڵوپێکەڵى هه‌يه لە گێڕانەوەکەیدا]. گەر قوربانییەکە بیتوانیایە ڕاپۆرتێکى ڕوونوڕەوان سەبارەت بە ئەزموونە ناخۆش و سوكايهتيئامێزهكهى بداتە دەستەوە و هەموو زانیارییەکان به‌شێوه‌يه‌كى لۆژیکى و يه‌كانگير چنرابێت، ئەوا ئێمەى دەرهەق بە حه‌قيقه‌تى ڕووداوەکە دەخستە گومانەوە. لێرەدا كێشه‌كه خۆى بەشێکە لە چاره‌سه‌ره‌كه: خودى ئەو خه‌له‌ل و كهموكورتييانهى لە دەربڕینى ڕاستییەکاندا لە ڕاپۆرتى کەسه توشبووه‌كه‌دا هەیە دەربارەى ئەزمونەکەى، بەڵگەی ڕاستبوونى ڕاپۆرتەکەیەتى، چونکە ئەم كهموكورتييانه نیشانەى ئەوەن کە ناوەڕۆکى ڕاپۆرتەکە و شێوازى گێڕانەوەکەى، ئەوەى «تێک و پێکداوه». بە دڵنیاییەوە، هەمان وتە سەبارەت بە بێمتمانهيى ڕاپۆرتە زارەکییەکانى پاشماوەکانى هۆڵۆکۆستیش هەر ڕاستە. گەر شایەتێک بتوانێت بە ڕوونى ئەزموونەکانى لە كه‌مپ و ئۆردوگادا بگێڕێتەوە، هەر بە هۆى ئەم "ڕوون‌بوون"ـەوە، گێڕانەوەى شایەتەکە متمانەى خۆى لەدەست دەدات[11]. ئیدى وا دێتە بەر چاو تاکە تێڕوانینى درووست بۆ هەر بابەتێک كه بمانەوێت لێى بکۆڵینەوە، ئەو تێڕوانینەیە کە بوار بدات بە هۆى ڕێزگرتنى قوربانییەکانى توندوتیژییەوە، مەودامان لەگەڵ جۆرەکانى توندوتیژیدا بپارێزین[ڕێزگرتنى ڕاستەقینەى قوربانییەکان ئەوەیە تاکو دواى لێکۆڵینەوەکە لێیان دوور بکەوینەوە].
وادیارە دەبێت قسە بەناوبانگەکەى ئەدۆرنۆ ڕاستبکەینەوە: ئەوەى پاش ئاوشڤیتز (هۆڵۆکۆست) مەحاڵ و كارى نهكردهيه، پەخشانە نەک شیعر[12]. پەخشانى ڕياليستى و واقیعبینانە شکستدەخوات، لە کاتێکدا هێنانه‌وه و بەرجەستەکردنى شاعیرانەى فەزا تەحەمولنەکراوەکەى ئۆردوگا سه‌رده‌كه‌وێت. بە دەربڕینێکى تر، کاتێک ئەدۆرنۆ لە دواى ئاوشڤیتز، شیعر بە مەحاڵ (یان بهربهييانه) داده‌نێت، ئەم مەحاڵبوونە جۆرە مەحاڵبوونێکى توانابەخشە [بۆ شیعر]: شیعر وەک ئەوەى دیارە، هەمیشە «دەربارەى» شتێکە کە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ دەستى بدەیتێ و تەنیا دەبێت بە شێوەیەکى ناڕاسته‌وخۆ و ئاماژەدار[13] قسەى لەبارەوە بکەیت. نابێت لەوە بترسین کە ئەم بابەتە هەنگاوێک ببەینە پێشەوە و ئاماژە بەم وتە کلاسیکییە بدەین: مۆسیقا ئه‌وكاته دێتە ناوه‌وه، کە وشەکان شكستخواردوو و دەستەوەساو بمێننەوە[ئەوەى بە وشە ناوترێت، مۆسیقا هەوڵدەدات بیڵێت]. ئەگەرى زۆرە ئەو قسە حیکمەتئامێزە باوە بەشى خۆى ڕاستیى تیا بێت کە دەڵێت: مۆسیقاى شۆنبێرگ وەکو جۆرێک لە پێشئاگایی مێژوویى، بەر لەوەى ئاوشڤیتز ڕووبدات، دڵەخورپێ و کابوسەکانى ئەم ئۆردوگایەى دەربڕیوە.
ئانا ئەخماتوڤ لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە لە لوتكه‌ى پاكسازييه ستالینييهكاندا، كاتێك لە ڕیزێکى درێژ و لە بەرامبەر زیندانى لینینیگراددا چاوەڕوان بووە تاکو هەواڵى کوڕە گیراوەکەى بزانێت، لەوێدا چیى هاتۆتەپێش:
ڕۆژێک کەسێک لەو قەرەباڵغییەدا منى ناسییەوە. ژنێکى گەنج لەپشتمەوە بوو کە لێوى له‌سه‌رمادا شینهەڵگەڕابوو و وەکو "ناو" منى نەدەناسییەوە. دواى بیستنى ناوى من، لەو خهواڵوييه مهرگاوييه دەرچوو کە باڵى به‌سه‌ر هه‌مووماندا كێشابوو و بە چپەوە پرسى (دیارە لەوێ هەمووى هەر بە چپە قسەى دەکرد): «دەتوانیت وەسفێکى ئەم دۆخە بکەیت؟». منیش وتم«بەڵێ دەتوانم». لێرەدا بوو کە بزەیەکى كورت و ڕاگوزه‌ر کەوتە سەر ڕووخسارى، ئەو ڕوخسارەى کە لە ڕووخسارى بەشەر دەرچووبوو[14].
هه‌ڵبه‌ت پرسیاره سهرهكييهكه ئەوەیە کە لێرەدا مەبەست لە "وەسف" چ وەسفێکە؟ بێگومان مەبەست لە وەسفکردنێکى واقیعیانەى دۆخەکە نەبووە، بەڵکو ئەو شتە بووە کە "واڵاس ستیڤنز"[ـى شاعير] ناوىدەنێت «وەسفكردنى بێشوێن يان به‌بێ شوێن»[15] و تایبەتە بە هونەر و [ئەدەب]. لە وەسفێکى وەهادا، ناوەڕۆکى وەسفەکە لە شوێنوکاتى مێژوویى خۆیدا ڕوونناکرێتەوە، بەڵکو وەک باگراوەندى دیاردەیەک کە دەمانەوێت وەسفىبکەین، ئەو شوێنە (مەجازی)ـه تایبەتە دەخولقێنێت کە نیەتى، ئەویش بە جۆرێک ئەو شتەى تیایدا ده‌رده‌كه‌وێت ڕواڵه‌تێك نیە کە له‌لايه‌ن قوڵایى واقیعه‌كه‌ى پشتيه‌وه ڕاگيرابێت، بەڵکو ڕواڵه‌ت و ده‌ركه‌وته‌يه‌كى لهسياقهەڵکەنراوە، ڕواڵه‌ت و دهركهوتهيهك کە به‌ته‌واوى لەگەڵ واقیعه ڕاستهقينهكهدا جووتده‌بێت و وێكدێتهوه. بە وتەى ستیڤنز، «ئه‌وه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ر ئه‌وه‌يه و شتهكانيش هه‌ر ئه‌وه‌ن كه ده‌رده‌كه‌ون». ئەم وەسفە هونەرییە «ئاماژه نيه بۆ شتێک کە کەوتبێتە دەرەوەى فۆرمى شتە وەسفکراوەکەوە»[16]، بەڵکو بەو جۆرەى کە شۆنبێرگ فۆرمى ناوه‌كيى تیرۆرى تۆتالیتاریى «دهركێشايه ده‌ره‌وه»، ئه‌ميش فۆرمى ناوه‌كيى تایبەتیى خۆى لە واقیعه ئاڵۆز و شێواوهكهى خۆيه‌وه دەردەكێشێت. شۆنبێرگ ئەوەى پیشانداین کە ئەم تیرۆرە چۆنچۆنى کاریگەرى دەخاتە سەر سوبێكتيڤيته[ـى مرۆڤ].
ئایا ئەم پەنابردنە بۆ وەسفى هونەرى، بە شێوەیەکى ناوەکى و شاراوە نیشانەى ئەوەیە کە ئێمە لەبەرده‌م مەترسیى پاشەکشێداین بۆ دۆخ و دیدێکى قووڵبوونەوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هەموو لایەکەوە زه‌رووره‌تى خێراى «ده‌ستدانه كار» سەبارەت بە ترسە وەسفکراوەکان دەداتە ده‌سته‌وه؟
وەرن بیر لە هەستى دەمودەست و درۆیینەى گوتارى مرۆڤدۆستانەى لیبراڵە چەپەکان بکەینەوە دەربارەى توندوتیژى، کە پڕن لەو شتانە: لەم گوتارەدا، ئەبستراکتبوون و کۆنکرێتبوونى (ساخته) و ئاشكرا بۆ نمایشکردنى هەستى توندوتیژى(دژى ژنان، ڕەشپێستهكان، ئاوارە و بێلانە و ماڵه‌كان، هاوڕەگەزبازان...)ده‌چنه پاڵ يه‌كترى. ئەمانە دوو نمونەن لەوە: «لەم وڵاتەدا هەر شەش خولەک و ژنێک ڕووبه‌ڕووى ئه‌تك و لاقه‌كردن ده‌بێته‌وه» و «لەم چرکەساتەشدا کە ئێوە ئه‌م په‌ره‌گرافه ده‌خوێننه‌وه، وا دە مناڵ لە برساندا دەمرن». جۆرە هەستێکى ڕیاکارانەى هه‌ڵچوونى ئەخلاقى، هێڵى سەرەکیى هەموو ئەمانە پێکدێنێت. فرۆشگاى زنجیرەیى "ستارباکس" چەند ساڵێک له‌مه‌و پێش ڕێک هەمان دەمودەستیى "مرۆڤدۆستانە"ـى درۆیینەى بەکارهێنا. لەو کاتەدا بە سەر دەرگاى چوونە ژوورەوەى ئەم فرۆشگایەوە هەندێک پۆستەر داکوترابوون کە لەگەڵ بەخێرهێنانى کڕیارەکاندا، ئاماژه‌شيان به‌وه كردبوو بەشێک لە قازانجى ئەم فرۆشگایانە بۆ چاودێریى تەندرووستیى مناڵانى گواتیمالا خه‌رجدەکرێت، واته ئه‌و وڵاته‌ى کە ئەو قاوەیەى بەرهەم دەهێنا کە لەو فرۆشگایانەدا دەفرۆشران. ئەم ڕیکلامە ئەوەى بە زەیندا دەهێناین: بە خواردنەوەى كوپێك قاوە، گیانى مناڵێک له مردن ڕزگار دەکەن!
ئەم جۆرە بەزەینداهێنانە دەمودەستە، لە بنەڕەتەوە تۆنێکى دژەتیۆریى هەیە. هیچ دەرفەتێک بۆ تێڕامان بوونى نیە: دەبێت هەر ئێستا دەستبهكار بين! لە ڕێگەى ئەم هەستە دەمودەستە درۆیینەوە، ساماندارە پۆستپیشەسازییەکان کە لە دونیا دابڕاوه مەجازیيهكهى خۆیاندا دەژین، نەک تەنیا نکۆڵى لە واقیعى توندوتیژ و ناخۆشى دەرەوەى خۆیان ناکەن بەڵکو چالاکانە ئاماژەى بۆ دەکەن و په‌نجه‌ى بۆ ڕاده‌كێشن. وەک ئەوەى بیل گیتس بەو زووانە وتویەتى «کۆمپیوتەرەکان چ بایەخێکیان هەیە، کە هێشتا ملیۆنان کەس لە خۆڕا بە سکچوونى خوێناوى دەمرن؟».
ڕەنگە بمانەوێت نامە سەرسوڕهێنهكهى مارکس بۆ ئەنگڵس کە لە 1870دا نوسیویەتى، وەک خاڵى پێچەوانەى ئەم دەمودەستییە ساخته و درۆیینەیە سه‌يربكه‌ين. لەو کاتەدا و بۆ ماوەیەکى کورت وا دەهاتە بەر چاو کە جارێکى تر شۆڕش گەیشتۆتە پشت دەروازەکانى ئەوروپا. نامەکەى مارکس دەرخەرى ترسى ته‌واوه‌تيى ئەوە: ئایا شۆڕشگێڕەکان نەیاندەتوانى چەند ساڵێک دان بە خۆيان‌دا بگرن؟ ئەو هێشتا لە نوسینى سەرمایە نەببووەوە.
شیکار و تەفسیرى ڕەخنەیى دۆخ و مهنزوومهكهى ئێستاى جیهان-کە هیچ ڕێگاچارەیەکى ڕوون و هیچ جۆرە ڕێنماییەکى "پراکتیکى" نادات بە دەستەوە سەبارەت بەوەى کە چ بکەین و هیچ تروسکاییەکیش لەو سەرى تونێلەکەوە نابینرێت و ئەگەریش هەبێت ئەوا باش دەزانین کە دەشێت ڕووناکیى لایتەکانى شەمەندەفەرێک بێت کە دەمانکاتە ژێرەوە- زۆرجار ڕووبەڕووى سەرزەنشت دەبینەوە: «ئایا مەبەستتان ئەوەیە کە دەبێت هیچ کارێک نەکەین؟ هەروا دانیشین و چاوەڕوان بین؟». لێرەدایە کە پێویستە هەموو بوێريى خۆمان کۆبکەینەوە و لە وەڵامدا بڵێین: «بەڵێ دەبێت ڕێک وا بکەین». هەندێک بارودۆخ هەن کە تاکە هەنگاوى ڕاستەقینە و "پراکتیکى" ئەوەیە کە تووشى هەڵوێستى دەمودەست و خێرا نەبین و بە پشت بەستن بە شیکارى ڕەخنەیى و ئارامگرانە «لە چاوەڕوانیدا دابنیشین و بزانین چى دێتە پێشێ». دیارە لە هەموو لایەکەوە کەوتووینەتە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەى تووش ببین. سارتەر لە پارچهيهكى به‌ناوبانگى کتێبى بوونگەرایى و مرۆگەرایىدا دۆخى گەنجێک دەگێڕێتەوە کە لە فەڕەنسادا و لە ساڵى 1942دا لە دووڕیانێکدا دوودڵ مابووەوە: ئایا دەبێت یارمەتیى دایکە تەنیا و نەخۆشەکەى بدات یان بڕواتە ناو بزووتنەوەى بەرگریی وڵاتەوە و لەگەڵ ئەڵمانییەکاندا شەڕ بکات؟ دیارە وەڵامى سارتەر ئەوەیە کە بۆ ئەم مەتەڵە هیچ جۆرە وەڵامێکى پێشئەزموونى و هیچ گریمانەیەکى بونیادى بوونى نیە. دەبێت ئەو گەنجە تەنیا بە هۆى ئازادیى قووڵ و ناکۆتاى خۆیەوە بڕیاربدات و بەرپرسیارێتییەکەشى بەتەواوى بگرێتە ئەستۆ[17]. سێیەمین ڕێگاى دەرچوون لەو بنبەستە ڕێگەیەکى قێزه‌ونه و بریتییە لەوەى کە ڕێنمایى گەنجەکە بکەین بەوەى لاى دایکى بڵێت دەڕۆم بۆ ناو بزووتنەوەى بەرگرى و لاى هاوڕێکانی بزووتنەوەى بەرگرییش بڵێت دەمەوێت یارمەتیى دایکم بدەم، بەڵام [هیچیان نەکات] و بخزێتە کونجێکى ته‌نيا و ته‌ريكه‌وه و بخوێنێته‌وه...
ئەم ڕێنمایيه شتێکى له هه‌ناوى خۆي‌دا هه‌ڵگرتووه، كه لە گاڵتەجاڕیيهكى سووك و تڕۆهات زیاتره. ڕێنماییەکەى سەرەوە دەمانخاتە بیرى یەکێک لە نوکتە بەناوبانگەکان کە لە سۆڤیەتدا دربارەى لینین دەوترا. لە سەردەمانى سۆسیالیزمدا، ڕێنمایى لینین بۆ ئەو گەنجانەى کە لەویان دەپرسى چى بکەين، ئەمە بوو «فێربن، فێربن، فێربن». ئەم ڕێنماییە هەمیشە لە بەر چاوى هەموواندا بوو و بە سەر دار و دیوارى قوتابخانەكانهوە نەخشىبەستبوو. نوكته‌كه بەم جۆرەیە: لە مارکس و ئەنگڵس و لینین دەپرسن کە ئایا هاوسەرێک بۆ خۆیان هەڵبژێرن باشترە یان مەعشوقەیەک. مارکس، کە لە شتە شەخسییەکاندا تا ڕادەیەک کۆنەپارێز بوو، دەڵێت «هاوسەر». بەڵام ئەنگڵس کە لەو خۆشگوزەرانتر بوو، مەعشوقە هەڵدەبژێرێت. کەچى لەوپەڕى سەرسوڕماندا، لینین دەڵێت «هەردووکیان». بۆچى؟ ئایا لە پشتى وێنەى وشكى شۆڕشگێڕانەى ئەوەوە، ڕیشەیەکى خۆشگوزەرانیى نزم و بۆگه‌ن خۆى حەشارداوە؟ نەخێر. ئەو ڕوونى دەکاتەوە کە: «چونکە بەم جۆرە دەتوانم بە هاوسەرەکەم بڵێم دەڕۆم بۆ لاى مەعشوقەکەم و لاى مەعشوقەکەشم بڵێم دەڕۆم بۆ لاى هاوسەرەکەم...»، «ئەى دواتر چى دەکەیت؟»: «گۆشەیەکى چۆڵ دەدۆزمەوە و خۆم فێردەکەم و فێردەکەم و فێردەکەم!».
ئایا ئەمە هه‌ر ئەو کارە نیە کە لینین پاش کارەساتى 1914 کردى؟ لە سویسرا چووە گۆشەیەکى تەنیا و ته‌ريكه‌وه و لەوێ بە خوێندنەوەى لۆژیکى هیگڵ «فێربوو و فێربو و فێربوو». ئەمڕۆ ئێمەش کاتێک خۆمان لە ژێر ڕێژنەى ئەو وێنانەدا دەبینینەوە کە میدیاکان دەربارەى دیمەنە توندوتیژەکان دەیخەنە ڕوو، دەبێت هەمان کار ئەنجام بدەین. دەبێت «فێر بین و فێر بین و فێر بین» کە هۆکاره‌كانى ئەم توندوتیژییانە چین.
[1]. ئه‌مه پێشه‌كيى كتێبى (violence-توندوتيژى)ـى ژيژه‌كه. ئه‌م پێشه‌كييه و به‌شى يه‌كه‌مى كتێبه‌كه به‌ر له دوو ساڵ و له گۆڤارى ڕۆشنگه‌رى بڵاوبووه‌وه. ئه‌مه‌ى ئێره ئيديت و پياچوونهوهى پێشهكييهكهيه و پاش به‌راوردى هه‌ردوو ده‌قه فارسى و ئينگڵيزييهكه ديسان بڵاومانكرده‌وه-و
[2] . thesis
[3] . axiom
[4] . habitual
[5] . dark matter
[6]. Maximilien Robespierre, Virtue and Terrorm (London: versom 2007)p. 47.
[7]. مه‌به‌ستى ڕۆبسپێر لهوهيه كه گه‌ر ته‌نيا ئه‌م توندوتيژييه سوبێكتيڤ و بينراوهى ئێمه ببيينن، ئه‌وا چاوتان له‌و توندوتيژييه شاراوه و نه‌بينراوه پۆشيوه كه توندوتيژييهكهى به‌رهه‌م هێناوه و به‌شێوه‌يه‌كى سيستهماتيكييش به‌رهه‌مى دێنێته‌وه-و
[8] . sideway glance
[9]. typology
[10]. factual
[11]. Primo levi, The Periodic Table(New York: Schockenm 1984.[…].
[12] . Theodor W.adorno, "Cultural Criticism and society" in Neil Levi and Michail Rothberg(eds.), The holocaust: Theoritical Readings, (New Brunswick: Rutgers University Press, 2003), p. 281.
- ئه‌دۆرنۆ لێره‌دا ده‌ڵێت: «شيعروتن له‌دواى ئاوشڤيتزهوه، دڕندانه‌يه و دووره له كه‌لتور و شارستانيهتهوه».
[13]. alluded
[14]. Elaine Feinstien, Anna of all the Russians(New York: Knopf, 2005), p.170.
[15] . "description without place"
[16] . Alain badiou, "Drwaing", lacanian ink 28(Autumn 2006), p.45.
[17]. Jean paul Sartre, Existentialism and Humanism, (London, Methuen, 1974)