گه‌ڕانه‌وه‌ی خودی فه‌لسه‌فه
ئالان بادیۆ
وه‌رگێڕانی له فەڕەنسییهوه: فازڵ مه‌حموود
1. ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه له په‌یوه‌ندی لەگه‌ڵ مێژووه‌كه‌ی خۆیدا ئیفلیج كراوه.
ئه‌م ئیفلیج بوونه له ئه‌نجامی ئه‌و شته‌یه كه به شێوه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی پشكنین بۆ مێژووی فه‌لسه‌فه ده‌كات، [فەیلەسوفه] هاوچهرخهكانمان تاڕاده‌یه‌ك هه‌موویان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌م مێژووه هاتووه‌ته نێو ئەم سه‌رده‌مه‌وه، ره‌نگه ناكۆتاش بێت له‌م كۆتاییهیدا. ئه‌مه ئه‌نجامی «نەخۆشییە له‌نێو فه‌لسه‌فه‌دا»، یان ئه‌و شته‌ی من ناوی لێده‌نێم جێگۆڕكێ(délocalisation). فه‌لسه‌فه هیچ شوێنێكی تایبه‌ت به خۆی ناناسێت. فه‌لسه‌فه له گه‌ڕاندایه بۆ خۆ_موتوربه‌كردن به چالاكییه بنچینه‌ییه‌كانی: هونه‌ر، شیعر، زانست، ئه‌كتی سیاسی، ده‌روونشیكاری.... ئینجا فه‌لسه‌فه له مێژووه‌كه‌ی خۆی زیاتر هیچ شتێكی تر نییه، فه‌لسه‌فه ده‌بێته مۆزەخانهی خۆی. باس له ئیفلیج بوونی فه‌لسه‌فه ده‌كه‌م له چوون ـ و ـ هاتن له نێوان جێگۆڕكێ و زانستی مێژوودا. دڵنیاییه‌ك هه‌یه كه ئه‌م ئیفلیج بوونه به شێوه‌یه‌كی توند په‌یوه‌سته به‌و په‌یوه‌ندییه جێگیر و رهشبینهی فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌و شكۆیه‌ی رابردووی میتافیزیكی خۆی. ئایدیای هه‌ژمووندار ئه‌وه‌یه كه میتافیزیك به شێوه‌یه‌كی مێژوویی كۆتایی پێهاتووه، به‌ڵام له سه‌رووی ئه‌م كۆتایی پێهاتنهدا، هێشتا نه‌دراوه به ئێمه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه من پشتڕاستكردنهوهكهیم له هایدیگه‌ر له وته‌یه‌كی وهسیهتنامهیی ئه‌ودا بیستووه: «ته‌نیا خودایه‌ك ده‌توانێت رزگارمان بكات». بێگومان هایدیگه‌ر چاوه‌ڕوانی ئاینێكی نوێ نه‌بوو. ئه‌و ده‌یه‌وێت بڵێت، رزگاری هزر ناتوانێت ببێته به‌رده‌وامییه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌وڵێكی فه‌لسه‌فیی ناوه‌كییدا. ده‌بێت چه‌ند شتێك رووبدات، وشه‌ی «خودا» ئه‌م رووداوه سه‌یره، ههژمارنهكراوه، تاقه توانا بۆ به‌دیهاتنی هزر له‌گه‌ڵ ئامانج و رێڕه‌وه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌ستنیشان ده‌كات. فه‌لسه‌فه ده‌كه‌وێته نێوان كۆتایی پێهاتوویی ئیمكانه مێژووییه‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی، بێ [هه‌ڵگرتنی] چه‌مكی گه‌ڕانه‌وه‌ی رزگاریكه‌ر(Salvateur). فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رابردووی خۆی تێكه‌ڵ به چاوه‌ڕوانییه‌كی پووچ ده‌كات بۆ داهاتووه‌كه‌ی.
هه‌موو پێشنیاره‌كانی من درزخستنه نێو ئەم دهستنیشانكردنهیه. ئه‌سته‌م بوونی ئه‌م پێشنیاره‌ش بریتییه له دووركه‌وتنه‌وه له ستایلی نیۆكلاسیك، له ستایلی ئاكادیمی به‌لاف و گه‌زاف، له‌و كه‌سانه‌ی كه به نیازن درزێك له رێگای سه‌رنجێكی لاواز له‌سه‌ر ئیتیك پڕ بكه‌نه‌وه.
ده‌بێت شته‌كان له ره‌گه‌وه وەربگرین، ره‌گ گرێیه‌كی فیكرییه، له‌نێوان فه‌لسه‌فه و زانستی مێژوودا تا راده‌یه‌ك بهكتریائاسایه. كه‌واته ئه‌و تێزه‌ی به‌رگری لێده‌كه‌م فۆرمی دووه‌م له خۆ ده‌گرێت. فۆرمێك له پچڕان و درزتێكهوتن. ئه‌مه ناو لێده‌نێن تێزی 2. ئه‌م تێزه ده‌ڵێـت:
2. فه‌لسه‌فه ده‌بێت له ناوه‌وه‌ی خۆیدا لەگه‌ڵ زانستی مێژوودا[1] درزی تێكه‌وێت.
پچڕان و درزتێكهوتن له‌گه‌ڵ زانستی مێژوودا، واتای ئه‌م حوكمه یهكلاكهرهوەیه چییه؟ ده‌مانه‌وێت بڵێین كه خستنهڕوویهكیی فه‌لسه‌فی ده‌بێت له سه‌ره‌تادا سه‌ربه‌خۆخوازانه بێت، بێ ئاماژه‌كردن به مێژووه‌كه‌ی خۆی. فه‌لسه‌فه ده‌بێت بوێر بێت بۆ خستنه‌ڕووی چهمكهكانیی پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تادا ئه‌م چه‌مكانه له به‌رده‌م دادگای ساته مێژووییەكانی خۆیاندا ئاماده بكات. له بنه‌مادا هێشتا هاوكێشه‌یه‌كی به‌ناوبانگی هایدیگه‌ر قورسایی لەسه‌ر ئێمه هه‌یه:
«مێژووی جیهان دادگای جیهانیشه«. مێژووی فه‌لسه‌فه هه‌رگیز وەکو ئه‌مڕۆ نه‌بووه‌ته دادگای فه‌لسه‌فه، ئه‌م دادگایه‌ش تا راده‌یه‌ك به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام حوكمی سزایهكیی سه‌ره‌كییه: ئه‌م حوكمەش كۆتایی پێهاتن یان زهروورهتیی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رابردوو و ئێستای میتافیزیكه. ده‌كرێت بوترێت (میتۆدی جینالۆجیای) نیچه هاوشێوه‌ی میتۆدی هێرمۆنۆتیكی هایدیگه‌ر ته‌نیا لەسەر ئه‌م خاڵه گۆڕاوانه‌ی ده‌زگای فه‌لسه‌فیی هیگڵ خراوه‌ته‌ڕوو. چونكه بۆ نیچه، بههەمانشێوه بۆ هایدیگه‌ریش، ئه‌وه راسته هه‌موو هزرێك كه خۆیان وەکو فه‌لسه‌فه راده‌گه‌یه‌نن ده‌بێت سه‌ره‌تا له نێو مۆنتاژێكی مێژوویی‌دا ههڵبسهنگێرێن. بۆ نیچه هاوشێوه‌ی هایدیگه‌ر، ئه‌م مۆنتاژه مێژووییه گه‌ڕانه‌وه‌یانه بۆ لای یۆنانییه‌كان. بۆ هایدیگه‌ر هاوشێوه‌ی نیچه، به‌شێكی ئه‌م دهسخهڕۆییه، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و شته‌ی كه له‌نێوان پێش سوکراتییهكان و ئەفلاتون دا روویداوه. یه‌كه‌م ڕێڕه‌وی هزر له‌وێدا له كیسچووهو و هه‌ژموونی هه‌بووه، ئه‌م له كیسچوونهیان زاڵ بووه به‌سه‌ر چاره‌نووسی ئێمه‌دا.
من ده‌مه‌وێت فه‌لسه‌فه له‌م جینالۆجیا زاڵه داببڕم. هایدیگه‌ر وابیرده‌كاته‌وه كه ئێمه به شێوەیه‌كی مێژوویی لەلایه‌ن (له‌بیرچوونی بوون)ەوه بهڕێوهدهبرێین. ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن له‌بیرچوونی ئه‌م له‌بیرچوونه. من به‌ش به حاڵی خۆم لهبیركردنێكی توندوتیژی مێژووی فه‌لسه‌فه ده‌خه‌مه‌ڕوو، كه‌واته توندوتیژییه‌كی له‌بیرچوون بۆ هه‌موو مونتاژێكی مێژوویی له‌بیرچوونی بوون. «له‌بیرچوونی له‌بیرچوون له بیربكه‌ن». ئه‌م حوكمه زاڵه‌ی له‌بیرچوون بریتییه له میتۆدێك و هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی راشكاو نه‌زانیی نییه. له‌بیركردنی مێژوو به‌و واتایه دێت كه سه‌ره‌تا بڕیارێكی هزری بدرێت به بێ گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و گریمانه‌یه‌كی مێژوویی سه‌پێنراو بۆ ئه‌م بڕیارانه. واته پچڕان له‌گه‌ڵ زانستی مێژوو بۆ چوونه ناوه‌وه، بههەمانشێوه كه دیكارت و سپینۆزا وایان كرد له ره‌وایه‌تیدان به سه‌ربه‌خۆبوونی دیسكۆرسدا. فه‌لسه‌فه ده‌بێت به‌رانبه‌ر به‌م بنه‌ما ئاشكرایانه‌ی هزر به‌رپرسیار بێت و له‌وانه‌دا به‌ره‌نجامه‌كان ده‌ربهێنێت. ته‌نیا به‌مشێوه‌یه له ڕێگای ده‌ستنیشانكردنێكی ناوهكیدا فه‌لسه‌فه مێژووی خۆی پێك ده‌هێنێت. فه‌لسه‌فه ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت به شێوه‌یه‌ك كه خۆی داده‌وه‌ری لەسەر مێژووی خۆی بكات، نه‌ك مێژووه‌كه‌ی داده‌وه‌ری لەسەر ئه‌و بكات.
ئه‌م چالاكیی له بیركردنی مێژووه و ئافراندنی بنه‌ما ئاشكراكان، ئه‌مڕۆ په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه واتای فه‌لسه‌فه قبوڵ بكرێت. پێناسه‌كردنی فه‌لسه‌فه، به شێوه‌یه‌كی دروست. به شێوه‌یه‌كی تر تاکو به پێی مێژووه‌كه‌ی، به واتایهكیی تر تاکو به پێی چاره‌نووسی یان كۆتایی پێهاتنی مێتافیزیكی رۆژئاوایی. هه‌ربۆیه سێیه‌م تێزی خۆم ده‌خه‌مه‌ڕوو، ئه‌مجاره‌یان به شێوه‌یه‌كی بوێرانه‌و پێداگرانه:
3. پێناسه‌یه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه بوونی هه‌یه.
وەک خۆم ئەمەشی بۆ زیاد ده‌كه‌م كه ئه‌م پێناسه‌یه بریتییە لە نهگۆڕییهكی مێژوویی، واتە لە مێژوودا گۆڕانی بەسەردا نایەت؛ مێژوو ناتوانێت جەوهەرەکەی بگۆڕێت. له رووی ئه‌نجامه‌وه ئه‌مه پێناسه‌یه‌ك نییه، یان به‌رهه‌مهێنانی ناواتایی، بەڵکو پێناسه‌یه‌كی جه‌وهه‌رییه، كه وا ده‌كات فه‌لسه‌فه له‌و شته جیابكه‌ینه‌وه كه فه‌لسه‌فه نییه، ئه‌مه‌ش له ئه‌فلاتونه‌وه ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆكاری جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی فه‌لسه‌فه نییه، به‌ڵام له فه‌لسه‌فه ده‌چێت، زۆریش له‌و ده‌چێت و لەسەرده‌می ئەفلاتونهوه ئه‌م شته ناونراوه سۆفستاییه‌كان.
پرسی سۆفستایی زۆر گرنگه. سۆفستایی هه‌ر له بنهچهكانیانهوه برا دوژمنن، جمكێكی بێڕه‌حمی فه‌لسه‌فه‌ن. فه‌لسه‌فه ئه‌مڕۆ كه‌وتووه‌ته نێو نه‌هامه‌تییه مێژووییه‌كه‌یه‌وه، به‌رانبه‌ر به سۆفستاییه مۆدێرنه‌كان زۆر لاوازه. ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی كاتیش، فه‌لسه‌فه سه‌رنج ده‌داته سۆفستاییه مه‌زنه‌كان ــ چونكه سۆفستایی مه‌زن بوونی هه‌یه ــ وه‌ك سۆفستاییه مه‌زنه‌كان سه‌یریان ده‌كات. رێك هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه ره‌چاوی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه سۆفستاییه مه‌زنه‌كان له كۆندا ئەفلاتون و ئه‌ریستۆ نین، بەڵکو گۆرگیاس و پرۆتاگۆراسن. ئه‌و تێزه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه‌و زۆر به‌رگری لێكراوه، زۆرجاریش به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان، له لایه‌ی مێژوونووسه مۆدێرنه‌كانی سه‌رده‌می كۆندا هەبووه.
سۆفستاییه مۆدێرنه‌كان كێن؟ سۆفستاییه مۆدێرنه‌كان ئه‌وانه‌ن كه سه‌ر به قوتابخانه‌ی ڤیتگنشتاینی گه‌وره‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م شتانه بكه‌ن به به‌دیل بۆ هزر: كاریگه‌رییه‌كانی دیسكۆرس، یارییهكانیی زمان، یان نیشانه بێده‌نگه‌كان، "پیشاندانێكی" په‌تی ئه‌و شته‌ی كه له داوی زمان ده‌رچووه. بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دژایه‌تی سه‌ره‌كییان له نێوان راستی و هه‌ڵه، یان سهرلێشێواوییدا نییه، به‌ڵكو له‌نێوان گوته و بێده‌نگیی دایه، له‌نێوان ئه‌و شته‌ی كه ده‌توانرێت بوترێت و ئه‌و شته‌ی كه وتنی مه‌حاڵه. یان له‌نێوان ئه‌و وتانه‌ی كه ده‌رده‌بڕێن یان ئه‌وانه‌ی كه دهرنابڕێن. له‌م روانگانه‌وه ئه‌و شته‌ی كه وەکو فهلسهفهیهكیی زۆر هاوچه‌رخ ده‌خرێته‌ڕوو هێزێكی سۆفستاییه. فه‌لسه‌فه ئه‌م وته كۆتاییه‌ی كتێبی تراكتاتۆس[2] پشتڕاست ده‌كاته‌وه: «ئه‌و شته‌ی كه ناتوانین بیڵێن، ده‌بێت له به‌رانبه‌ریدا بێده‌نگ بین» له كاتێكدا فه‌لسه‌فه ته‌نیا بۆ پشتگیری له‌و شته‌ی كه ناتوانین بیڵێن بوونی هه‌یه، تاوەکو به‌رپرسیار بێت به‌رانبه‌ر به وتنی. ده‌بێت ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ش بگیرێت كه دیسكۆرسی فه‌لسه‌فیی هاوچه‌رخ له جووڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌یدا، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات درزێكی له نێو زانستی مێژوودا دروست كردووه، لانیكه‌م له ژێر فۆرمی ماركسی و هۆمانیستی دا. دیسكۆرسێك كه ئایدیا پێشكه‌وتنخواز و پێشه‌نگه‌كان ده‌سه‌په‌نێت و لەگه‌ڵ لیۆتاردا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه سه‌رده‌می حیكاته گه‌وره‌كان كۆتایی پێهاتووه. به‌دڵنیاییه‌وه، به‌ڵام ئه‌م دیسكۆرسه له ره‌تكردنه‌وه‌ی "پۆست‌مۆدێرن"ه‌وه ده‌رنه‌هێنراوه كه جۆره پارسه‌نگییه‌كی گشتییه بۆ دیسكۆرسهكان، ڕێسایهكیی به‌هره‌مه‌ندانه و خوازراوە. هه‌روه‌ها ئه‌م دیسكۆرسه هه‌وڵده‌دات ته‌نانه‌ت ئایدیای هه‌قیقه‌تیش بخاته به‌رمه‌ترسی رووخانی حیكاته مێژووییه‌كانه‌وه. ره‌خنه‌یان له هیگڵ له راستیدا ره‌خنه‌یه له خودی فه‌لسه‌فه، له سوودی هونه‌ر، یان له ماف، یان له یاسا له بیرچووهكان و ئه‌وانه‌ی دهرنابڕێن.
هه‌ربۆیه ده‌بێت بوترێت ئه‌م دیسكۆرسه، كه به‌رهه‌مه فره واتاییه‌كانی په‌یوه‌ست كردووه به هه‌ندێك شتی په‌یوه‌ندیدار به بێده‌نگییه‌وه، هیچ نییه جگه له سۆفستاییهكی مۆدێرن. ئه‌م دیسكۆرسه به ته‌واوه‌تی بهرهمهێنهر و به‌هره‌مه‌ندانه‌یه، وەکو فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه نه‌توانایی فه‌لسه‌فه پیشان ده‌دات و ئه‌مڕۆ بووه‌ته هۆی دروستبوونی بازنه‌یه‌كی پته‌وی دامه‌زراو له‌نێوان خۆیی و سۆفستاییدا.
سۆفستایی مۆدێرن هه‌وڵده‌دات ئایدیای هه‌قیقه‌ت بۆ ئایدیای رێسا(Le régle) بگۆڕێت. یه‌كێك له واتا قووڵهكانیی ئه‌م هه‌نگاوه، ڤیتگنشتاینه. ڤیتگنشتاین گۆرگیاسی ئێمه‌یه، ئێمه به‌م ناونیشانه‌وه ڕێزی لێده‌گرین. پێشتر سۆفستاییهكانی سه‌رده‌می دێرین هه‌قیقه‌تیان به تێكه‌ڵكردنی هێز(la force) و په‌یماننامه(la convention) جێگۆڕكێ پێكردبوو. سۆفستایی مۆدێرن ده‌یه‌وێت هێزی رێسای له به‌رانبه‌ر دابنێت، به شێوه‌یه‌كی زۆر گشتیش مهرجهكانیی هه‌ژموونی یاسای زمانی، به‌رانبه‌ر كه‌شف یان به‌رهه‌مهێنانی هه‌قیقه‌ت دابنێت.
وێنه‌ی ره‌مزی ئه‌م ئیراده‌یه برییتییه له ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی (داستانی حه‌ماسی جووله‌كه)، كه بۆ چه‌ند ساڵێك ببووه پارادایمێك كه هه‌ژموونی له‌سه‌رووی بواری سیاسی دا هەبوو، كه ده‌بێت ئه‌مڕۆ وه‌ك دیسكۆرسێكی راسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فیی سه‌یر بكرێت.
دڵنیا نین له‌وه‌ی مه‌زنیی و تراژیدی ئه‌م داستانه حه‌ماسییه ڕێك ته‌رخان كرابێت بۆ ئه‌و ئامانجانه‌ی كه دیسكۆرسی سۆفستایی دوای كه‌وتووه. به‌ڵام "جووله‌كه‌كان" قه‌زر ده‌ده‌نه دیسكۆرسی مۆدێرن، ئه‌و شته‌ی كه بێ "ئه‌وان" قووڵیی مێژووـ وه‌ك هه‌موو سۆفستاییه فراگمنتێرهكان[3] ــ کەموکورتی ده‌بوو. پۆستمۆدێرنه گه‌ڕاوه‌ته‌وە بۆ غرور و گهزافێكی دیسكۆرسی پێشكه‌وتنخواز، وه‌ك هاوده‌ست دادوه‌ری لەسەر ده‌كات، نه‌ك به بێ هۆكار، چه‌مكیی رزگاریبه‌خش، له به‌رانبه‌ر مه‌یلی تاراوگه‌یی جووله‌كه داده‌نێن، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌كیی یاسا، له به‌رانبه‌ر مه‌سیحییه‌ت كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات به ته‌واوه‌تی هاتووه. ده‌زگای جووله‌كه، به گریمانەی ئه‌وه‌ی، هه‌ر شتێك كه ترسناكه، پێكهاتنێكی ترادیسیۆنییه، ده‌وترێت به‌مه یاسا و راڤه تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌ی ده‌زگای مه‌سیحییه‌ت، كه ئیمان و وه‌حی تێكه‌ڵ ده‌كات.
به‌دڵنیاییه‌وه ناڵێم كه ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه‌ی پچڕان له‌نێوان مه‌سیحییه‌ت و یه‌هوودییه‌ت به ته‌واوه‌تیی راسته. سه‌ره‌تا چونكه ده‌لاله‌تیی جیهانی بۆ دالی "جووله‌كه" ناهێڵێت ئه‌وه له‌لایه‌ن حیكایه‌ته ئاینییه‌كانه‌وه پیشان بدرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری ئهبستراكتیهتێكی زۆریش بێت. پاشان له‌به‌رئه‌وه‌ی كه لە بیری پاوڵدا جووله‌كه ده‌كه‌وێته خاڵێكی ڕێكه‌وه له‌و شوێنه‌ی كه ده‌بێت بڕیار بدرێت كه گرێی نێوان ئیمان و یاسا به واتایهكیی تر زۆر ئاڵۆزه. ئه‌وه‌ی كه سه‌رنجڕاكێش بێت بۆ من له‌م نموونهیەدا، ستراتیژی سۆفستایی مۆدێرنه: پشت ده‌به‌ستێت به شیكاری زمانیی بۆ بابه‌تێكی مێژوویی، بۆ ئه‌وله‌ویه‌تێكی پاردۆكساڵ، بۆ (لاساریی سۆفستایی)، دەبێت فه‌لسه‌فه بتوانێت سوود له بڕواپێكراوهییه مۆدێرنه‌كانی زانستی مێژوو وه‌ربگرێت.
ده‌بێت ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه بناسرێته‌وه و وزه كۆكراوه‌كانی هایپه‌ر ـ كریتیك[4] ببخشێته دیسكۆرسی هاوچه‌رخ چ له فۆرمه‌كانیدا چ له شكۆی چاره‌نووسیدا.
ئەم نەرمی نواندنەی سۆفستاییە پۆستمۆدێرنەکان بۆ فەلسەفە ئەنجامێکی ناچارییە، چونكه له‌لایه‌ن له‌بیركردنی مێژووه‌كه‌ی خۆیه‌وه فه‌لسه‌فه بۆ سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته به شێوه‌یه‌ك دیسانه‌وه چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كی پێده‌به‌خشین، بۆ دژایه‌تیكردنێكی ئاشكرای فه‌لسه‌فه به‌رانبه‌ر سۆفستایی. من ئه‌م شته له ژێر فۆرمی چواره‌م تێزدا باس ده‌كه‌م:
4. دەبێت هەموو پێناسەیەکی فەلسەفە، ئەو لە سۆفستایی جیابکاتەوە.
ئه‌م پێناسه‌یه به شێوه‌یه‌كی زه‌روور به‌سه‌ریه‌كه‌وه واتای فه‌لسه‌فه له چه‌مكی هه‌قیقه‌ت نزیك ده‌كاته‌وه. چونكه هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یه كه سۆفستاییه كۆنه‌كان و مۆدێرنه‌كان بانگه‌شه‌ی سه‌پاندنی ده‌كه‌ن: واته هه‌قیقه‌تێك بوونی نییه، چه‌مكی هه‌قیقه‌ت به‌كه‌ڵك نایه‌و ناڕوونه، چونكه ته‌نیا ڕێسا و رێكه‌وتنه‌كان بوونی هه‌یه، جۆره‌كانی دیسكۆرس و یارییه‌كانی زمان. بۆیه نه‌گۆڕی تێزی چوارم ده‌خه‌مه‌ڕوو، ناوی لێده‌نێم 4 دووبارە[5]:
4 دووباره: كاتیگۆری هه‌قیقه‌ت كاتیگۆرییهكیی سه‌ره‌كییه، ده‌كرێت له ژێر ناوێكی تر بووبێت، له هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مومكین دا.
هه‌ربۆیه ئه‌و زهروورەته سه‌پێنراوه‌ی تێزی 2 بۆ پێناسه‌كردنی فه‌لسه‌فه، له ژێر رۆشنایی ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ سۆفستایی مۆدێرن، ده‌بێته زه‌رووره‌تێكی ئاشكراكه‌ری حاڵه‌تی نێو ـ فه‌لسه‌فیی كاتیگۆری هه‌قیقه‌ت.
ئه‌م ئاشكراكردنه خۆی (له ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئاشكرایهتیی هزرێك كه به شێوه‌یه‌كی فراوان چالاك بووە) وه‌ك نوێكردنه‌وه‌ی حوكمێكی یه‌كلایی سه‌باره‌ت به‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پارمێندس و ئەفلاتون.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، فه‌لسه‌فه ده‌بێته دژه باوێكی سه‌یروره‌ی سه‌رده‌م هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی له‌خۆگرتنی هه‌موو پێدراوه‌كانی كردبێت. چ رێگرییه‌ك بۆ ئه‌م كه‌وتنه‌ی فه‌لسه‌فه بوونی هه‌یه؟ له كاتێكدا وەکو فڕینی باڵنده‌یه‌ك سه‌رنجیی ده‌ده‌ین؟ بێگومان، سێ ره‌وتیی مێژوو، سێ شوێن، سێ پێكهاته‌ی ئایدۆلۆجی له ره‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فیی یاخود بۆ بانگه‌شه‌كردن هه‌یه.
ئه‌و سێ ره‌وته‌ش بریتین له: سۆسیالیزمی بیرۆكراتیكی ستالینی، سه‌ركێشی فاشیزمه‌كان و له‌خۆگرتنی ته‌واوی "رۆژئاوا" بۆ سیسته‌می په‌رله‌مانتاری.
سێ شوێنه‌كه‌ش بریتین له روسیا، ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكا. سێ ئاڵۆزییهكهش بریتییه له ماتریاڵیستیی دیالێكتیكی، فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی ستالینی، هزری هایدیگه‌ر له نێو ره‌هه‌نده جه‌نگاوه‌رییه نه‌ته‌وه‌یی ـ سۆسیالیستییهكهیدا، فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌كادیمی ئه‌مریكی و گه‌شه‌كردنی لەسەروهختیی پۆزەتیڤیزمی لۆجیكی ئه‌نجوومه‌نیی ڤییه‌نادا.
ماركسیزمی ستالینی تێكه‌ڵكردنی ماتریاڵیستیی دیالێكتیكی و جووڵه‌ی ریاڵی مێژووی راگه‌یاندووه. هایدیگه‌ر له كاتی ده‌ركه‌وتنی هیتله‌ردا بڕوای وابوو له‌و ساته تێگه‌یشتووه كه هزر و فه‌لسه‌فه ده‌توانێت به‌رانبه‌ر به حوكمی جیهانی ته‌كنه‌لۆجیا بوه‌ستێت، بههەمانشێوه كه خۆی له دیسكۆرسهكهیدا ده‌یڵێت، له‌وێدا «ئێمه خه‌ریكین خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و حوكمه دووره‌ده‌سته سه‌ره‌تایه‌ی بوونی مێژوویی رۆحیمان ده‌گونجێنین». ئینجا، فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری ئانگلۆساكسۆن له نێو تاقیكردنه‌وه‌ی زمان و رێساكانیدا فۆرمێكی بیركردنه‌وه‌ی دۆزییه‌وه كه سازگار بێت لەگەڵ دیالۆگی دیموكراتیك دا.
خاڵێكی هاوبه‌شی به‌رچاوی ئه‌م سێ هه‌وڵه رۆشنبیرییه بریتییه له وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێكی دژایه‌تیی توندوتیژی بۆ بنه‌مای میتافیزیكی ئەفلاتونی.
بۆ ماركسیزمی ستالینی، ئەفلاتون وەکو له‌دایكبوونی ئایدیالیزم ناوی لێنراوه، سیمایهكیی تا راده‌یه‌ك نه‌گۆڕی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سته‌مكارانه‌یه. بۆ هایدیگه‌ر ئەفلاتون وەکو ساتی هه‌ناردەکردنی میتافیزك وایه. لای پێش سوکراتییهكان "بوون" وەکو "سروشت"( (phusis به كار ده‌به‌ن. لەگەڵ ئه‌فلاتون، ئه‌و خۆی له نێو تیۆری ئایدیا نوقم ده‌كات و ده‌یهێنێته ژێر ركێفی خۆیه‌وه، كه له لایه‌ن خۆیەوە ئاماده‌كراوه‌و پرسی سه‌ره‌كیی و خه‌میی "بوون" ده‌بێته به‌دیلی پرۆبلۆماتیكی درزێكی باڵا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه له‌وپه‌ڕی نیگه‌رانیی و قه‌له‌قیی ده‌توانێت جارێكی تر به‌ره‌و هزر بكرێته‌وه ده‌بێت ئێمه له نێردراوی ئەفلاتونی لابدات.
ئۆپه‌راسیۆنی شیكاری و كۆنترۆڵكراوی فه‌لسه‌فه‌ی ئهنگلۆساكسۆن وەکو به‌رانبه‌ركردنی تێفكرینی ئیتمۆلۆجی و مێژوویی هایدیگه‌ر دێته پێش چاو. به شێوه‌یه‌ك كه ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه دونیابینییه‌كی ریالیست و میتافیزیكێكی زیاد له ئاستێکی ماقووڵ بۆ بابه‌ته ماتماتیكییه‌كانی تایبه‌ت كردووه، کە له ژێر هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ فۆرمه زمانییه‌كاندا سه‌باره‌ت به هزر، بە واتایەکی دیکە هایدیگه‌ر و رۆدڵف كارناپ[6] هه‌ر كامه‌یان هه‌نگاوێكیان هه‌یه بۆ تێكشكاندن یان ره‌نگڕێژكردنی میتافیزیك و پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه رهخنهییهكانیان ئه‌گه‌رچی له میتۆدیش له یه‌كه‌وه دوور بن، هەریەکەیان ئەفلاتون كه‌متر له ره‌مزێك وه‌ك كه‌سێك كه ده‌بێت فه‌لسه‌فه‌ی تێپه‌ڕاندبێت پیشان ناده‌ن. نیچه له به‌ر چه‌ند هۆكارێك لەسەر هه‌ق بوو كه رایگه‌یاندبوو ئه‌وروپا به‌ره‌و ساڕێژبوونه‌وه‌ی ئه‌و شته ده‌چێت كه ئه‌و ناوی لێنابوو «نه‌خۆشی ئەفلاتونی». چونكه ئه‌م شته ناوه‌ڕۆكی راسته‌قینه‌ی گوتاره‌كانی هاوچه‌رخ بوو لەسەر كۆتایی فه‌لسه‌فه، یان كۆتایی میتافیزیك. ئه‌م ناوه‌ڕۆكه بریتی بوو له: ئه‌و شته‌ی كه به شێوه‌یه‌كیی مێژوویی له لایه‌ن ئەفلاتونهوه هاتوو چوون بووه، له نێو كۆتایی كاریگه‌رییه‌كانی خۆی. به‌ش به حاڵی خۆم به پێویستی ده‌زانم كه كۆتایی ئه‌م كۆتاییه رابگه‌یه‌نم یان ده‌ریببڕم.
راگه‌یاندنی كۆتایی كۆتایی، ئه‌م كۆتایییه، به شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سهرلهنوێكردنهوهی پرسی ئەفلاتون. نه‌ك له به‌ر گۆڕبهخشین به فیگه‌رێكی ناچاری كه مۆدێرنه ده‌یه‌وێت خۆی لێ رزگاربكات، بەڵکو بۆ شیكاری ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر ژێستێكی تری ئەفلاتونی نه‌بێت جگه له داهاتووی هزرمان، ئه‌وا ده‌بێت به‌رگری لێبكه‌ین. له ئەفلاتون دا ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له مێژه زۆر كاریگه‌ری كردووه‌تە سه‌ر من، بریتییه له‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه كه ئه‌و له نێوان ئاپۆلۆجی سوکرات[7] و به‌شی پێنجه‌می یاساكان ده‌یكات. چونكه نێوه‌ندگیرییه‌كی ئەفلاتونی له نێو ئه‌م پرسیاره‌دا ره‌گی داكوتاوه: بۆچی سوکرات كوژرا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ی له نێو جۆره تیرۆریزمێكی شه‌وانه كۆتایی پێبهێنایه، یان سه‌باره‌ت به ده‌زگایه‌كی سه‌ركوتكه‌ر كه هێرش ده‌كاته سه‌ر بێ ئیمانی و ده‌مارگیری گه‌نجان ــ دوو تۆمه‌تی سه‌ره‌كی كه بوونه هۆكاری كوشتنی سوکرات. به هەمانشێوه وه‌ك پێویست له كۆتاییدا ده‌وترێت كوشتنی ره‌وا بوو! ئه‌م شته به راستی ده‌لاله‌تێكی زۆری هه‌یه، واته ئه‌وه‌ی له نێو یاساكانیان پێی ده‌وترێت ئه‌سینایی باس له‌مه ده‌كرێت. پاش سوکرات، وێنای ژیانی له نێو بیركردنهوهكانیی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رۆكی گشتی شار، كه‌سێك كه سه‌رله‌نوێ دژ به سوکرات له به‌ر توندی و نه‌گۆڕی یاسای تاوانه‌كان ده‌كه‌وێته قسه.
ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه به من ده‌به‌خشێت كه هیچ بنه‌ما و دامهزراوهیهكیی ئەفلاتونی فه‌لسه‌فیی بوونی نییه، یان ژێستێكی ده‌ستپێك، بۆ نموونه ژێستێكی میتافیزیكی. به‌ڵام دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌كی فه‌لسه‌فه بوونی هه‌یه، لەگەڵ هه‌وڵێكی زۆر ناوازه‌ی قۆناغ به قۆناغ كه ئه‌م ده‌زگایه‌ی وه‌ك جۆری كاره‌ساتێك خسته‌ڕوو.
كه‌واته ده‌مه‌وێت تێڕامانێك لەسەر ئه‌م پرسیاره بكه‌م: كێ له سه‌ره‌تادا فه‌لسه‌فه‌ی به‌م پێوه‌ره كارهساتئامێزه خسته‌ڕوو، كێ له فه‌لسه‌فه‌دا گه‌ڕایه‌وه بۆ بنەما یه‌كه‌مینه‌كان؟
هه‌روه‌ها پرسیارێك خۆی ده‌خاته‌ڕوو: ئەفلاتون له‌سه‌ر چ شتێك له نێو رێڕه‌وه‌ی ئه‌و دیالۆگه ئه‌سته‌مانه‌ی كه به‌ره‌و حوكمی تاوانه‌كان ده‌چێت تووشی شكست هات؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت ئه‌و ره‌گه‌زه به جێبهێڵی كه له‌وێدا فه‌لسه‌فه خۆی وه‌ك شوێنێك بۆ دامه‌زراندنی هزری تاقانه دروست ده‌كات. كاتیگۆری سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه‌ی "كلاسیك" بریتییه له هه‌قیقه‌ت. به‌ڵام پێگه‌ی ئه‌م كاتیگۆرییه چییه؟ پشكنینێكی دروستی ئەفلاتون كه ناتوانم لێره‌دا بیخه‌مه‌ڕوو[8]، ئه‌م تێزانه‌ی خواره‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه:
1. پێش فه‌لسه‌فه، مه‌به‌ست "پێش"ێكه كه ناكرێت وەکو زه‌مه‌ن ماوه‌ی بۆ دیاری بكرێت، هه‌قیقه‌ته‌كان بوونیان هه‌بووه. ئه‌م هه‌قیقه‌تانه چوونیه‌ك نین، له نێو واقیعی سه‌ربه‌خۆی فه‌لسه‌فه‌دا ده‌رده‌كه‌ون. ئەفلاتون ئه‌مانه‌ی ناولێناوه «بیروبۆچوونه راسته‌كان»، یان پێیان ده‌ڵێـت «له گریمانهكانهوه« له نێو هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تی ماتماتیك دا. ئه‌م هه‌قیقه‌تانه له نێو چوار به‌رهه‌می مومكین دا ده‌رده‌كه‌ون، كه ئەفلاتون به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك شییانی كردووه‌ته‌وه. چوار شوێنی كۆ كه له‌وێدا پێداگری لەسەر چه‌ند هه‌قیقه‌تێكی پته‌و ده‌كرێت بریتین له (ماتماتیك، هونه‌ر، سیاسه‌ت و به‌ركه‌وتنی عاشقانه). ئه‌مانه بارودۆخه راسته‌قینه و خۆئاگایی و مێژووییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌یه.
2. فه‌لسه‌فه دروستكه‌ری هزره و له‌و شوێنه‌دا كه رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌قیقه‌ته‌كان بوونیان هه‌یه دژ به سۆفستایی ده‌وەستێت. به‌ڵام ئه‌م راگه‌یاندنه سه‌ره‌كییه په‌یوه‌سته به كاتیگۆرییه‌كی ته‌واو فه‌لسه‌فییه‌وه، ئه‌ویش هه‌قیقه‌ته. له رێگای ئه‌م كاتیگۆرییه‌وه به جارێك ده‌وترێت هه‌قیقه‌ته‌كان "بوونیان" هه‌یه، موومكینیهتیی كۆیهتییان، ئه‌وه‌یه كه فه‌لسه‌فه بیانگرێته ئه‌ستۆ یان په‌نایان بدات. هه‌قیقه‌ت هاوكات ده‌ستنیشانی بارۆدخی كۆی شته‌كان ده‌كات (هه‌قیقه‌ته ناچوونیهكهكان بوونیان هه‌یه) هه‌روه‌ها یه‌كێتی هزر. راگه‌یاندنی «هه‌قیقه‌ته‌كان بوونیان هه‌یه« فه‌لسه‌فه ده‌به‌ستێته‌وه به هزرێك لەسەر بوون.
راگه‌یاندنی «هه‌قیقه‌ته‌كان بۆ هزر، به شێوه‌یه‌كی مومكین» فه‌لسه‌فه ده‌به‌ستێته‌وه به هزرێك لەسەر كاتێكی تاقانه لەسەر هزر. یان ئه‌وه‌ی ئەفلاتون ناوی لێده‌نێت «به‌رده‌وامی و هه‌میشه‌یی كات»[9]، یان ئه‌به‌دییه‌ت، چه‌مكێكی ته‌واو فه‌لسه‌فیی كه به شێوه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر هاوڕێ بووه لەگەڵ دامه‌زراندنیی هه‌قیقه‌ت دا. به‌م بۆنه‌یه‌وه: چاوپۆشی هاوچه‌رخ بۆ چه‌مكی فه‌لسه‌فیی ئه‌به‌دییه‌ت و په‌رستنی كات، بوون ـ له پێناو ـ مه‌رگ و كۆتایی، له كاریگه‌رییه ئاشكراكانی زانستی مێژوون. چاوپۆشین له ئه‌به‌دییه‌ت، كه به هیچ شێوه‌یه‌ك چه‌مكێكی ئاینی نییه، بەڵکو یه‌كێكه له چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی فه‌لسه‌فه، به تایبه‌ت چه‌مکێكی ئاتهئیستییه، له‌به‌رئه‌وه بووه كه ئه‌م چه‌مكه به ته‌نیا ده‌توانێت له ژێر بارودۆخی ماتماتیكی، جێگۆڕكێ به فه‌لسه‌فه بكات، وە ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆئاماده‌كردنی سۆفستایی بۆ سه‌ركه‌وتن، هه‌ربۆیه هیچ به‌هایه‌ك بوونی نییه جگه له ئه‌كتی ده‌ربڕین، ئه‌وه‌ی له نێو جیاوازیدا ده‌رده‌كه‌وێت بێ نۆرمی دیسكۆرس.
3. كاتیگۆری فه‌لسه‌فیی هه‌قیقه‌ت له‌لایه‌ن خۆیه‌وه بریتییه له كه‌لێن. ئه‌م كاتیگۆرییه جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ڵام هیچ شتێك ناخاته‌ڕوو. فه‌لسه‌فه به‌رهه‌مهێنانی هه‌قیقه‌ت نییه، بەڵکو ئۆپه‌راسیۆنێكه پاش هه‌قیقه‌ته‌كان، ئۆپه‌راسیۆنێك كه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو هه‌قیقه‌ت "هه‌یه" له مومكینیهتیی سه‌ده‌یی دا. له كتێبی (بوون و رووداو)، من هێڵێكی سه‌ره‌كیم له نێوان كه‌لێن[10] و بوون دا داناوه، وەکو بوون، كه كاتیگۆری فه‌لسه‌فیی هه‌قیقه‌ت، وەکو كه‌لێنێك (پێكهوهدوورانێكی) سه‌ره‌كی له‌نێوان فه‌لسه‌فه و ئۆنتۆلۆجیادا شیده‌كاته‌وه، واته دیالێكتیكێكی ناڕوونه له‌نێوان فه‌لسه‌فه و ماتماتیكهكاندا. زۆر گرنگه كه ئاماژه به‌وه بكرێت كه كه‌لێنی كاتیگۆری هه‌قیقه‌ت، ئه‌گه‌ر له نێو كه‌وانه‌دا بوو به‌مشێوه‌یه "كه‌لێنی هه‌قیقه‌ت" ئه‌وا مه‌به‌ست لێی كه‌لێنی "بوون" نییه. چونكه كه‌لێنه‌كه په‌یوه‌سته به پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه‌وه نه‌ك خرابێته‌ڕوو. ته‌نیا كه‌لێنێك كه خراوه‌ته‌ڕوو بۆ هزر بریتییه له بۆشاییه‌ك بۆ كۆی بۆشایی ماتماتیكزانهكان. كه‌لێنی هه‌قیقه‌ت به هەمانشێوە كه ده‌یبینین، درزێكی ساده‌یه، كه فه‌لسه‌فه لەسەر ئه‌و ههقیقەتانه جێبه‌جێی ده‌كات كه كه‌وتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌وه. بۆیه ئه‌م بۆشاییه ئۆنتۆلۆجی نییه، بەڵکو به ته‌واوه‌تیی لۆجیكه.
4. ستراكچه‌ری ئه‌م (ئۆپه‌راسیۆنه) چییه؟
فه‌لسه‌فه هه‌وڵێكی گشتییه، بۆ تێپه‌ڕاندنیی كاتیگۆرییه ئۆرگانیكهكهی ــ به دوو شێوازی جیاواز و داپۆشراو. فه‌لسه‌فه پشت ده‌به‌ستێت به پارادایمه پێكهوهبهستراوهكان، ستایله ئهرگۆمێنتهێنهرهكان، واتاكان، به‌درۆخستنه‌وه، سه‌لماندن و به‌هێزی ئه‌نجام وه‌رگرتن. با بڵێین، له‌م بواره‌دا، سه‌رده‌كه‌وێت به سه‌ر كه‌لێنی كاتیگۆری هه‌قیقه‌تدا وه‌ك لایه‌نێكی پێچه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتنێكی رێسادار. لای ئەفلاتون، ئه‌مه رژێمی (پێچه‌وانه درێژه) كه به شێوه‌یه‌كی دیالێكتیكی په‌ره ده‌سێنێت، به‌ڵام شێوازه‌كانی ڕێك هه‌مان ئه‌و شتانه‌یه كە سۆفستاییه‌كان بۆی جه‌نگاون. ئه‌م به‌لاغه‌تی میراتییه هه‌ڵگری زانین نییه، پاشان ئێمه به شێوه‌یه‌كی زۆر باش ده‌زانین كه هیچكام له‌م «به‌ڵگانه« هه‌رگیز سهلێمنراوێكی(théoréme) فه‌لسه‌فیی به‌ناوبانگی له هیچ شوێنێكدا دانه‌مه‌زراندووه. به‌ڵام ئه‌م به‌لاغه‌ته له زانین ده‌چێت، هه‌رچه‌ند ئامانجه‌كه‌ی له راستیشدا دروستكه‌ر بێت. له راستیدا ئه‌مە به واتای بنیاتنان یان "زانین نایه‌ت"، به‌ڵام كاتیگۆرییهكه كه له ژێر رووناكیی مۆنتاژهكهی خۆیدا رووده‌دا و دروست ده‌بێت. زانین لێره‌دا لاساییكردنه‌وه‌ی ئامانجه دروستكهرهكانه. هه‌ربۆیه ئێمه ئه‌م شێوازه به هه‌مانشێوه‌ی (نه‌زمی ئه‌رگۆمێنته‌كانی) دیكارت ناوی لێده‌نێین، یان وەکو كتێبی (ئیتیك)ی سپینۆزا، ناوی لێده‌نێین (وێنای زانین). هه‌قیقه‌ت نه ـ زانراوی ئه‌م وێنایه‌یه.
ــ پاشان فه‌لسه‌فه له لایه‌ن میتافۆرهكان، وێنهبههێزهكان، به‌لاغه‌ته قه‌ناعه‌ت پێكهرهكانهوه هه‌نگاو ده‌نێت. واته ئه‌مجاره‌یان كه‌لێنی كاتیگۆری هه‌قیقه‌ت وه‌ك خاڵێكی سنووردار پیشان ده‌دات. هه‌قیقه‌ت ئه‌م زنجیره بهدواییهكانه ده‌بڕێت و له سه‌روو خۆیه‌وه [بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی] كورتی ده‌كاته‌وه. لای ئەفلاتون ئه‌مانه وێنه‌كان و ئوستوورهكانن، به‌راوردكارییه‌كان، كه ئه‌مانه هه‌مان ئه‌و شێوازانه‌ن كه شاعیره‌كانیش پێی جه‌نگاون. هونه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا بانگهێشتكراوه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌و به‌هایه‌ی خۆی، یان هه‌رجۆره لاساییكردنه‌وه‌یه‌ك، به‌ڵكو بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی هه‌قیقه‌ت تاکو ئەو خاڵی زنجیره‌ی دیالێكتیكی راده‌وستێت. لێره‌دا هێشتا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به واتای «دروستكردنی به‌رهه‌می هونه‌ری» نییه، بەڵکو ده‌ق لهودهچێت و ته‌نانه‌ت گوازراوه ده‌بێت و هاوشێوه‌ی ئه‌و هه‌ست پێده‌كرێت، ئه‌گه‌رچی ئامانجه‌كه‌شی شتێكی تر بێت. ده‌توانین بڵێین له روانگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی دیمه‌نێكی زه‌ینی هه‌قیقه‌ته‌وه هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌یه له نێو شێوازه‌كانی خۆیدا.
ده‌توانین ئه‌م به‌ركه‌وتنه ناوبنێین سنوورداری خه‌یاڵ یان وێنای هونه‌ر. هه‌قیقه‌ت به‌م وێنا و خه&zwn