A+    A-
(1,759) جار خوێندراوەتەوە

جەنگی رۆژاوا؛ جەمسەربەندیی نوێ یا تاڵان

 

 

پژمان ئیبراهیمى

 

 

*  تێبینى: ئەم نوسراوە, هەر بەو جۆرەى کە نوسەر ناردوویەتى, بەبێ هیچ دەستکارییەک دانراوەتەوە و ڕێنوس و خاڵبەندى و داڕشتن و هتد تایبەتە بە نوسەر خۆى(نێگەتیڤ)

 

 

دەروازە

دەروازە یەک مانگ لە هێرشی دڕندانەی ئەرتەشی تورکیە بۆ رۆژئاوای کوردستان تێپەڕی و هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورک و چەتە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکانی لە پەنا بێدەنگی جیهانی بەردەوامە. ئەم شەڕە بەردەوامەی سەرمایە هەنگاو بە هەنگاو پێشڕەوی دەکات و تا دەڕوات ململانێ و ئاڵۆزییەکان ڕوو لە زیاد بوون دەکەن و هەرکام لە تێوەگلاوانی ئەم شەڕە بە چەشنێک پێناسەی بەشداربوونیان لەم ئاڵۆزییە ئەکەن جگە لە کوردەکان، کە مەیدانی شەڕ خاک و زێدی هەزاران ساڵەیانە و نەخوازراو کەوتوونەتە ئەم نێوانەوە. شەڕی سووریا کە لە کۆتاییەکانی ٢٠١٠ و سەرەتای ٢٠١١ دەستی پێکرد و هەتا ئێستا بەردەوامە، یەکلاکەرەوەی ململانێ نێوان نیولیبرالیزمی ئەمریکایی، ئەورووپیی، چینی و ڕووسی کە دووایی سەد ساڵ پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی کۆلۆنیاکان بەسەر زلهێزە جیهانییەکان، پێدڤی دیزاینی نوێ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین زیاتر کردووە و هەرکام لە هێزە سەرەکییەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی ڕووسیە، عوسمانی، فەرانسە و بەریتانیا و ئەمریکا لە پرسی سوریەدا وەبەریەک کەوتوون و هەریەک لەم هێزە کۆلۆنیالیستانە بەدووای پشکی خۆیانن لە دابەشکردنەکانی دووای جەنگ. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر رەهەندە مێژوویی، سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم شەڕە و دەروازەیەک ئەکەینەوە بەڕووی خوێنەردا تا بتوانێت لە سۆنگەیەکی فراوانترەوە لێکدانەوەی هەبێت بۆ ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە ناوچەکە هاتووەتە کایەوە.

 

لە مێرکانتیلیزمەوە بۆ ئەمپریالیزمی نوێ

وڵاتانی ئەورووپایی توانیان لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٦ زایینی بە مێتۆدێکی ئابووریی نوێیەوە کە بە مێرکانتیلیزم دەناسرا پرۆژە ئابوورییەکانیان کە پشت ئەستور بوو بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستییەکەیان پیش بخەن و لەو سۆنگەیەوە ڕێگە لەبەر سیاسەتی ئەمپریالیستییەک بکەنەوە کە هەتا ئێستا بەردەوامە و لێنین بە دووایین قۆناغی سەرمایەداریی ناوی لێ دەبات کە بێگومان چەندین پێستی خستووە و پێدەچێت لە سەدەی بیست و یەک و دووای شەڕی سوریە بچێتە قاڵبێکی نوێیەوە. ئەم قاڵبە نوێیە هەڵقۆڵاوی ئاڵۆزییەکانی سیاسەتی بازاڕە و لەسەر بنەمای هەمان مێنتاڵیتە دیزاین دەکرێت، لێ بەپێی ڕەکابەرایەتی نێوان نیولیبرالیزمی جیهانی و هەرێمییەکانەوە وێدەچێت سیمایەکی دیکە لە مێرکانتیلیزممان پێشان بدەن کە فۆرمێکی مودرێن و بازاڕی دەبێت کە ئێمە بە نیومێرکانتیلیزم ناوی لێ دەهێنین. لە سەردەمی مێرکانتیلیزمەوە تا دەگاتە شەڕی یەکەمی جیهانی وڵاتانی ئەورووپایی سەردەمداریەتیی ئەمپریالیزمی نوێ دەکەن کە دەستی بەسەر ئەو مێتۆدە لە داگیرکاری سیاسیی و ئابووریدا گرتبوو کە سەردەمانێک ئەمپراتوورییەکانی ئێران، رۆم و پاشان عوسمانی سەرکێشیان دەکرد. مێتۆدی کلاسیکی داگیرکاری کە ئێمپراتوری و پاشا بەهێزەکان پەیڕەویان دەکرد لە بوواری فۆرمەوە نزیک بوو لە ئەمپریالیزمی ئەرووپی بەڵام ناوەڕۆکێکی جیاوازیان هەبوو و ئەو شێوازە لە داگیرکاری کە بە مێرکانتیلیزم دەستی پێکرد بنەماکەی نە خاک، کە سەرچاوەی سرووشتی بوو. پاش سەردەمی مێرکانتیلیزم فۆرمێکی دیکەی داگیرکاری دێتە گۆڕەپانی کۆلۆنیالیزمی جیهانییەوە کە بریتییە لە داگیرکردنی خاک و سەرمایەیە لە یەک دەمدا؛ نموونەی هێندستان کە ساڵیانێکی زور لە لایەن بەریتانیاەوە داگیر کرابوو لای هەمووان ئاشکرایە. بەڵام دیسان ئەم شێوازە لە کۆلۆنیالیزم بە پێی پێکهاتەی جوگرافی و مرۆیی ناوچەکان گورانکاری بەسەردا هات و ئاراستەیەکی دیکەی بەخۆوە گرت. ئەوەی ئاشکرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ناوچەی نیوەمانگی (هیلال) بەپیت هیچکات بە ئاسانی ملی نەداوە بە هێزە کۆلۆنیالیستەکان و هەردەم بە راوەستان لەبەرامبەریاندا ئاستەنگ بوون لە بەرامبەر مانەوەیان لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەوانیش بۆ پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکانیان و دووای شەڕی یەکەمی جیهانی بە درووست کردنی کۆمەڵێک دەوڵەت-نەتەوەی سازێندراوی دەستی خۆیان، نوێنەرەکانیان ڕاسپارد کە سیاسەتەکانی وان بەڕیوە ببەن و فۆرمێکی نوێیان بەخشییە سیاسەتە ئەمپریالیستییەکانیان. ئەو فۆرمەی دەستنیشانیان کرابوو بۆ ناوچەکە وەک خۆی ماوەتەوە، لێ ئەم باڵانسی هێزە لە دووایی شەڕی سوریە دەگوڕدرێت. ئەو دیزاینە کە بە سازاندنی دەوڵەت-نەتەوە بۆ عەرەب و تورک و فارس و پاشان یەهوودی خۆی دەستی پێکرد و مافی بەڕێوەبەری لە نەتەوەکانی دیکەی زەوت کرد دەتوانین بە ئەمپریالزیمی نوێ ناوزەد بکەین. لەبەر ئەوەی باڵادەستی ئەو نەتەوانە لەو ناوچەیەدا هۆکاری سەرکوتی زیاتر نەتەوەکان و تەنانەت پاکتاوی نەتەوەیی نەتەوەگەلێکی وەک کورد، ئەرمەنی، ئاسووری، سوریانی، کەلدانی، لوڕ، بەلووچ، گیلەک و هتد بەدووای خۆیدا هێنا. ڕۆڵی  سەرەکی ئەم نەتەوە باڵادەستانە، ژاندارمیەتی (پولیس) ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هێزە کۆلۆنیالیستەکان بوو.   

 

جەنگی ڕۆژاوا و ڕۆڵی تورکیە

ئامانجی سەرەکی تورکیا بەستنەوەی ئەو ڕێگا بازەرگانییەیە کە لە ڕۆژاوای کوردستانەوە تێپەڕ دەبێت و پەیوەست دەبێت بە بەندەری لازقییەی سوریاوە. کێشەی نێوان تورکیە و سوریا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە ساڵی ۱۹٥۷ و چەند ساڵ دووایی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سوریا لە فەرانسە یەکەم هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر خاکی سوریا دەستی پێکرد. دەوڵەتی تورکیا کە ئەوسا تەمەنێکی کەمی هەبوو، لە خولیای زیندوو کردنەوەی فەرمانڕەوایی عوسمانی و بەمەبەستی داگیرکردنی خەتی بازەرگانی سوریا کە لە ناوچە کوردنیشنەکانی ئەو وڵاتەوە پەیوەست دەبێت بە دەریا مێدیترانەوە (دەریای سپی) هەڕەشەی هێرش کردنە سەر تورکیەی کرد و بەتەمابوو جارێکی دیکە بیخاتە سەر خاکی خۆی، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت و هێزی میسری بە سەرکردایەتی جەماڵ عەبدولناسر هەوڵەکە شکستی هێنا. تورکیا بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو هەوڵیداوە لە پێگەی ژیوستراتێژیکی خۆی وەک کارتێک بەرامبەر زلهێزە جیهانییەکان کەڵک وەربگرێت و بەو هۆیەشەوە بە پەیوەست بوونی بە پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور ڕۆڵێکی کاریگەری لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە پەیداکرد. ڕۆڵێک کە تەنیا بۆ پێشگیری لە فراواننەبوونی سێبەری کۆمۆنیزم پێی درابوو، لێ تورکیە ئەو هەلەی قۆاستەوە و بۆ زیندووکردنەوەی خەونی باپیرانی بەکاری هێنا. لە دووای ڕووداوەکانی پاییزی عەرەبی، تورکیا بۆ جارێکی دیکە ویستی خۆی لە هاوکێشەکانی سوریا بەشدار بکات و بە پڕچەککردنی ئۆپۆزوسیونی جیهادی سوری، پێگەی خۆی لەو وڵاتە بەهێزبکات و بیکاتەوە بە یەکێک لە ئەیالەتەکانی، بەڵام ئەم هەوڵەی تورکیا تووشی شکست هات و نەیتوانی بە ئامانجەکەی بگات. هەر بە مەبەستی داگیرکردنی ئەو خەتە بازەرگانییە و بۆ ئەوەی دەستی کوردەکان لە موعادلاتی ناوچەکە کەم بکاتەوە شاری عەفرینی لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۸ داگیر کرد تا کەلێنێک بخاتە نێوان ئەو ڕێگە بازەرگانییەوە و هاوکات خەونی کوردەکان بۆ گەیشتن بە دەریای سپی بۆ هەتایە بسڕێتەوە، لێ دووای دان و ستاندنێکی زۆر لەگەڵ نوێنەرانی سوریا و ڕووسیە و ئێران کە بە دانیشتنەکانی ئاستانە دەناسرێت بۆ ماوەیەکی کاتی هێرشەکەی ڕاگرت. دووا هەنگاوی داگیرکاری تورکیە لە ۹ ئۆکتوبری ئەمساڵ و بە هێرش کردنە سەر سەرێکانی و گرێسپی دەستی پێکرد. ئەو هەرێمەی ڕووبەڕووی داگیرکاری تورکەکان بووەوە هەمان خەتی بازەرگانیە کە بە دەریای سپی خەتم دەبێت. ئەمجارەش بە دەستێوەردانی ڕووسیە و ئامریکا و ئەورووپا و ڕازی نەبوونی ئەوان لە داگیرکردنی ئەو ناوچە، تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە پلانەکەیدا. تورکیا دەمێکە بەدووای دەرفەتێکی زێڕینی وەهاوە دەگەڕێ و بێگومان وا بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو پلانەی نابێت کە هاوکات چەن ئامانج دەپێکێت؛ یەکەم) بۆ هەتایە پرسی سەرکوتی کوردەکان و خەونی سەربەخۆییان لە گوڕ دەنێت و پێش لە پارچەبوونی وڵاتەکەی دەگرێت کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە سەرکوتی شۆڕشی سەید ڕەزای دێرسیم و پاشان شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشەکانی دیکەی کوردەکان لەو ناوچەیە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردەکانی دەدا کە هاوشێوەی ئەرمەنییەکان ئەو وڵاتە بەجێ بێڵن. لێ کوردەکان ڕووبەڕووی پاکتاوی نژادیان بوونەوە و ئەو بەرخوەدانە هەتا ئێستاش بەردەوامە. دووهەم) بە داگیرکردنی خاکی کوردەکان لە سوریە و پاشان ئێراق دەست بگرێت بەسەر پڕبەهاترین سەرچاوەی سرووشتی کە نەوتە و قورخ کردنی هەموو ڕێگاکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و بەو پێیە بەهێزتر کردنی پێگەی ژێۆپولیتیکی خۆی لە ناوچەکە. هاوکات بە لکاندنەوەی باکووری ئێراق و سوریا بە خاکەکەیەوە تۆڵەی شەڕی یەکەمی جیهانی لە وڵاتانی ئەورووپی و بە تایبەت بەریتانیا بکاتەوە.

 

کوردەکان و جەنگی سەپێندراو

کوردستان ئەو ناوچەیەیە بە درێژایی مێژوو مەیدانی ململانێ هێزە جیهانیی و هەرێمییەکان بووە و لەو نێوانەدا کوردەکان هەردەم پارێزگاریان لە دەستکەوت و بەها مرۆیی و دیمۆکراتیکەکانی ناوچەکە کردووە. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و لە ئەنجامی ڕێکەوتنی هێزە کۆلۆنیالیستەکانی فەرانسە و بەریتانیا، کوردستان دابەشکرا بەسەر ئەو دەوڵەتانەی پارێزبەندی جوگرافییان دەکرد بۆ دەستکەوتەکانی کۆلۆنیالیزمی سەردەم و بەو هۆیە کوردەکان کران بە قوربانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمپریالیزیمی ئەرووپایی لە ناوچەکەدا. هەر لە سەرتای ئالۆزییەکانی سوریە کوردەکان توانیان لە بۆشایی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کەڵک وەربگرن و کۆنترۆڵی ناوچەکانی خویان بکەن و بە دامەزراندنی هێزی بەرگری، خۆیان بپارێزن لە دەستدرێژی و هەڕەشەی هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکان کە لە لایەن تورکییەوە پۆشتە دەکران. هێزە کوردییەکان کە توانیبوویان سیستەمێکی دیموکراتیک بونیاد بنێن هەر لە سەرەتایی ئەم جەنگەوە لە ڕێگەی دەستنیشاندەکانی سیستەمی سەرمایە ڕوبەڕووی هێرشی دڕندانە بوونەوە و سیستەمە دیموکراتیکە کۆرپەکەیان بەر شاڵاوی هێرشی دڕندانەی جیهادیستە ئیسلامییەکان بە پشتیوانی راستەوخۆی تورکیە بووەوە. هەموو بەڵگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون کە تورکیە هاوکاری لوجستیکی و تەنانەت سەربازی داعشە و دەیهەوێ لە ڕێگەی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لەو جوگرافیایە، ناوچەکانی باکووری سوریە و ئێراق ناراستەوخۆ بلکێنێت بە جوگرافیاکەی خۆیەوە. بەڵام ئەم پلانەی دەوڵەتی تورکیە لە بەرخوەدانی کۆبانیدا ڕوبەڕوی یەکەم شکستی جدی بووەوە و لەوکاتەوە گلۆڵەی داعش و تورکیە کەوتە لێژی و پلانەکانیان لەسەردەستی کوردەکان لە باکووری سوریە و ئێراق تێکشکێندرا و کوردەکان بوون کە خەلافەتی داعشیان لە شانۆی رووداوەکانی ناوچەکە سڕییەوە. ئەم جەنگە سەپێندراوە کە ئامانج لێی سڕینەوەی کوردەکان بوو لە ڕێگەی توندڕەوە ئیسلامییەکان و تورکیە، بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کوردەکان و وێدەچێت دووایی سەد ساڵ پاش دابەشکردنیان و هەوڵە یەک لە دووایی یەکەکانی توواندنەوەیان، کورد ببێت بە خاوەن کیانی خۆی کە مافێکی زەوتکراوی هەزاران ساڵەیە.

 

ئەمریکا؛ سەد ساڵ دووایی سایکس-پیکۆ

ئەمریکا وەک گەورەترین هێزی جیهانی و هەروەها گەورە پولیس و بازەرگان کە توانیویەتی دووای شەڕی دووهەمی جیهانی باڵانسی هێز بە ئاراستەی خۆی بگۆڕێت ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری نیومانگی بەپیت بێت و ڕادەستی خواستەکانی تورکیە، ئەورووپا، چین یا ڕووسیەی ببێت. پرۆسەی گواستنەوە یا خود کۆنتڕۆڵ کردنی کۆلۆنیا پێشووەکانی ئەورووپا لەگەڵ پرۆژەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی نوێ کەوتە بوواری جێبەجێ کردنەوە و بە دەستپێکردنی پاییزی عەرەبی کە لە ڕاستیدا کودەتای نیۆلیبڕالیزمی ئەمریکی بوو بەسەر هاوتا ئەورووپییەکەی قۆناغێکی دیکەی بڕی و لە سووریا گەیشتە لووتکەی ئاڵۆزییەکانی سیستەمی کۆلۆنیالیستی-سەرمایەداری مودێڕن و وێدەچێت ئەم ئاڵۆزییانە سەرمایەداری بەرەو ڕێڕەوێکی دیکە پاڵ پێوە بنێت کە باڵانسی هێزکان تێک بدات. ئەمریکا کە سەرەڕای بەشداربوونی لە جەنگی یەکەمی جیهانی لە ڕیزی براوەکانی شەڕ، هیچ پشکێکی لە سامانەکانی ناوچەکە وەبەر نەکەوت. ڕەنگە هۆکاری سەرەکی نا ئاشنایی ئەوان و مەودای دوور و درێژی جوگرافی و هەروەها باڵادەستی ئەورووپییەکان بوو کە ڕیگری کرد لە خۆش بوونی ئەمریکییەکان لەم ناوچە زێڕاوییەی لە ناوەڕاستی زەوی جێگر بووە. مانەوە و چوونی ئەمریکییەکان لە سوریە وەک تەنیا ناوچەیەک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی واندایە و تەنیا گەرەنتی پشکداربوونیانە لە دەستکەوتە داگیرکارانەکەیان نە پەیوەستە بە بوونی کورد، نە مافی مروڤ و نە باوەڕی بە چەسپاندنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا. لە ڕاستیدا سەرمایەداری پێویستی بە شەڕی بەردەوامە کە بتوانێ بژی، شەڕ ئۆکسیژێنی سەرمایە و سیستەمەکەیەتی. هەر بۆیە مانەوەی ئەمریکا لە سوریە بۆ بەردەوام بوونی شەڕ و لەو چوارچێوەیەدا بردنەوەی شەڕەکەیە لە ڕکابەرەکانی دیکەی. ئەمریکا ئامادە نییە جارێکی دیکە ئەو ناوچە بەپیتە بە ڕەکابەرە ئابوورییەکانی بدۆڕێنێت و ڕێگە لەبەر باڵادەستی ڕووسیە، چین و یاخود هێند بکاتەوە.

 

ڕووسیە؛ خەونەکانی تێزاری نوێ پووتین

ڕووسیە تەنیا هێزێکە کە تا ئێستا براوەی ئەم شەڕە بووە، بەڵام بێگومان ئەم شەڕە لێرەدا کۆتایی نایەت و نە ئەمریکا و نە ئەورووپا ڕازی نابن بەوەی بە دەستی بەتاڵ لە ناوچە بەپیتەکە بگەڕێنەوە. پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی دەستکەوتەکانی شەڕ، ڕووسیە نەیتوانی ببێت بە یەکێک لە میراتگرانی شەڕ و ئەوەش بە دەرەجەی یەکەم پەیوەستە بە شۆڕشی ئۆکتوبری ئەو وڵاتە و باڵادەستی کۆمونیستەکان و پاشەکشەیان لەو شەڕە. ئەم هەنگاوەی کە بە پێشەنگایەتی لێنین ئەنجامدرا، ڕەنگە مێژووییترین زەربە بوو کە وەبەر بۆرژوازی ڕووس و میراتە نەتەوەییەکەیان کەوت. چونکە بە پێی نزیکی رووسیە بەو ناوچەیە و هەروەها بەشداربوونی ڕووسیەی تێزاری کە لەو سەردەمەدا بەهێزترین هێزی چەکداریان هەبوو لە بەرەی موتەفێقین کە براوەی شەڕەکە بوون، دەیتوانی ڕێگە لەبەر کۆلۆنیالیزمی ڕووسی بکاتەوە و ئەوان کوێخایەتی ناوچەکە بکەن. دووایی تێکچوونی یەکێتی سوڤیەت، بۆڕژوازی ڕووس لە خەونی زیندووکردنەوەی ڕووسیەی تێزاری و بوون بە هێزێکی تۆکمە کە ڕکابەرایەتی سەرمایەداری نوێ بکات، خۆی خستە نێوان گەمەی نیولیبرالیزمەوە و وردە وردە خۆی وەک باڵێکی بەهێزی سەرمایەداری نیشاندا. (هەڵبەت ئەم باسە ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و لەگەڵ بەهێزبوونی ڕێڤیزیوونیستەکان لە یەکێتی سوڤیەت پەرەی سەند، لێ ئەو باسە مژاری نووسینەکەی ئێمە نییە). جەمسەربەندی نوێی سەرمایە کە لە لایەکەوە ڕووسیە و چین و لەو لاشەوە ئەورووپا و ئەمریکا سەرپەرشتی دەکەن، ڕێک سەد ساڵ دووای شەڕی یەکەمی جیهانی پێی ناوەتە قۆناغێکەوە کە لە سەردەمی مێرکانتیلیزمەوە زۆر نزیکە. سەردەمێک کە زلهێزەکان بۆ بەدەست هێنانی باڵادەستی لە ناوچە بە کۆلۆنی کراوەکانی وەک ئەمریکای باکوور و باشوور و هەروەها ئافریقا ڕووبەڕووی یەک ببوونەوە و شەڕی بەرژەوەندیان ئەنجام دەدا. لێ جیاوازی بەرچاوی ئەو سەردەمە لەگەڵ ئێستادا ئەوەیەکە ئەوسا نە ڕووسیەیەکی بەهێز و نە چینێکی سەرکەش و نە ئەمریکایەکی زلهێز بوونیان هەبوو، ئەوەی بوو شەڕی هەژموونی وڵاتانی ئەوڕووپی بوو. ڕووسیە باش دەزانێت کە ئەگەر تورکیە، ئەورووپا یا ئەمریکا، سوریە کونتڕۆڵ بکەن ئەوا نزیکترین تڕانزیتی نێودەوڵەتی بەرەو ئەورووپا لەدەست دەدەن و دەبێ خەونی بە ئێمپراتووری بوونی بۆ هەتایە لەگڵ بنێن. بۆیە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سووریە گەورەترین ئاکتۆر و تا هەنووکەش براوەی شەڕەکە بووە و پێ ناچێت بە هیچ شێوازێک ڕازی بێت بە باڵادەستی ڕەکابەرەکانی لە ناوچەکەدا.

 

ئەورووپا؛ مێژووێک لە داگیرکاری

ئەورووپا وەک گەورەترین کۆلۆنیالیستی مێژووی مروڤ براوەی بێ ڕەکابەری شەڕی یەکەمی جیهانی، ئەو بەشە لە نێتوۆرکی کۆلۆنیالیزمی جیهانییە کە زۆرترین پشکی هەبووە لە داگیرکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەریتانیا و فەرانسە کە براوەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی بوون و پاشماوەکانی ئێمپراتووری عوسمانیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد، دووایی دووهەم شەڕی جیهانی زۆرێک لە مەیدانەکانیان بە ئەمریکا دۆڕاند، لێ لەبەر ترسی کۆمۆنیزم و یەکێتی سۆڤیەت چوونە باوەشی ئەمریکا و هەر بەو بۆنەشەوە یەکێتییەکی شاراوەیان پێکهێنا کە بنەماکەی لەسەر پرسی ئابووری و چۆنیەتی مامەڵە کردنیان بوو لە ناوچە بە کۆلۆنی کراوەکانیان. پاش ئەوەی ئامریکا بە کوودەتایەک ڕەزا خانی میرپەنجی وەلانا و کوڕەکەی لە جێگەی دانا، ململانێ نێوان ئەمپریالیزمی ئەورووپی و ئەمریکی پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە. ئەو هەوڵەی ئامریکا دوواتر لە هەمان جوگرافیا و بە کوودەتایەکی هاوشێوەی ئەوەی ئامریکا، خومەینی هێنایە سەر کار و یەکێک لە هەستیارترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە چنگی ئەمریکا دەرهێنا و لەولاشەوە ئەمریکا بە نزیکبوونەوەی زیاتر لە تورکیە پێگەی خۆی لەو ناوچەیە بەهێز کردەوە، بەڵام ئەم موعادەلەیە لە سەرەتای ڕووداوەکانی پاییزی عەرەبی ئاوەژوو بووەوە و تورکیە ئیتر ئەو مۆرە باوەڕپێکراوەی ئەوان نەما. ڕۆڵێکی دیکەی ئەورووپا لە هاوکێشە جیهانییەکان، دەم و چاوێکی ئاشتی خوازی مافی مروڤ پەسەنده و ئەو ڕۆڵەش بەربەستی ساز کردووە لەبەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە ناوچە بەکۆلۆنی کراوەکان و ئەمەش خاڵی لاوازی ئەورووپایە کە ناتوانێ ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئەمپریالیستی نوێ بکات. بەڵام ئەم هۆکارانەش ناتوانێ ڕێگر بێت لە بەشدارنەبوونی ئەورووپییەکان و خۆش بوونیان لە سەروەت و سامانی نووستووی ئەم ناوچەیە. کۆمەڵگای پیشەیی (سەنعەتی) ئەورووپا پێویستیێکی لە ڕادە بەدەری بە مادەی خاۆە بۆ ئەوەی بتوانێ هەژموونی پیشەسازیی خۆی وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستەمی سەرمایەداری بپارێزێت، هاوکات ئەورووپا ئیتر لە چوارچێوەی بەریتانیا و فەرانسەدا نەماوە کە دوو زلهێزی کۆلۆنیالیست بوون و زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپی لەم کۆنسێپتەدا بەشدارن. ئەورووپییەکان کە سەردەمداری شارستانی مودێڕن دەکەن، خاوەن کۆمەڵگایەکی پیرن و بەردەوام پێویستییان دەبێت بە هێزی کاری جەوان کە ئەتوانن لە ناوچە بە کۆلۆنی کراوەکانیان دابینی بکەن، ڕێک هەمان کۆنسێپت کە ساڵانێکی دوور و درێژ لەبەرامبەر ئافریقاییەکان بەکاریان دەهێنا و وەک بەردەی کاری بەدکەڵک گیریان لێ دەکردن و پاشان لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشتن. هەروەها ئەورووپاییەکان پێویستیان بە بازاڕی ساغکردنەوە کالاکانیانە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەی مانەوەیان دەبێت لەو ناوچەیە، بۆیە هەوڵەکانیان کە زیاتر خۆی لە دەم و چاوێکی ئاشتیخوازانەدا وێنا دەکات، نە پەیوەستە بە مافی مروڤ و دیموکراسیەوە، بەڵکوو کارتێکی ڕازێندراوی مانەوەی بەردەوامیانە.

 

چین و هێند، لە کۆلۆنیایەکی جیهانییەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی نوێ

چین یەکێک لە فاکتۆرە هەرە سەرەکییەکانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو وڵاتە بە هۆی هێزی مرۆیی مەزن کە لە ئێختیاریدایە و بە پرۆژە ئابوورییە هەژێنەرەکانی گەورەترین مەترسییە و هەروەها ناڕاستەوخۆ یەکێک لە بەشدارانی ئەو شەڕە. پرۆژەی ڕێگای هەورێشمی نوێ کە چین ڕاستەوخۆ گرێدەداتەوە بە ئەورووپاوە، ئەو مەترسییە مەزنەیە کە ناهێڵێ شەڕ لە ناوچەکەدا دا بمرکێت. ڕێگەی هەورێشمی نوێ بەو جادەیەدا تێپەڕ دەبێت کە ئەمڕۆ مەیدانی شەڕی جیهانی سەرمایەیە و سوریا یەکێک لە ستراتێژیکیترین بەشەکانی ئەم پرۆژە ئابووریەیە، واتا ئەو رێگەیەی دەگاتەوە بە کەنارەکانی دەریای مێدیترانە. ڕەنگە ئەو ڕێکەوتنە تاکتیکیانەی ڕووسیە و ئەمریکا لە سوریە و پێکهاتنیان لەسەر کۆمەڵێک مژار هەڵگەڕێتەوە بۆ مەترسیی پرۆژەکانی چین!

ئێران وەک وڵاتێکی ژیۆستراتێژیک لە ناوچەکەدا زۆرترین مەیلی بەلای چیندا هەیە و وەک هەمووان دەزانن یەکێکە لە ئاکتۆرە سەرەکییەکانی جەنگی سوریە، بۆیە ئەتوانین ئاوای لێکبدەینەوە کە ئێران ڕۆڵی چین دەگێڕێت لە ململانێیەکانی سوریەدا. جارێ قسەکردن لەسەر ڕۆڵی چین لە ناوچەکەدا تەم و مژاوییە، لێ نزیکایەتی لەگەڵ ئێران و پشکداربوونی ئەو وڵاتە لە پرۆژەی ڕێگەی هەورێشمی نوێ ڕێگە لەبەر لێکدانەوەیەکی وەهامان بۆ دەکاتەوە. سەرمایەداری مودێڕن کە خۆی لە چوارچیوەی نیۆلیبرالیزمدا وێنا دەکات چیتر سنوورەکانی بەزاندووە و ئەمپریالیزمی نوێش تەنیا لە بازنەی وڵاتە زلهێزەکاندا ناخولێتەوە.

جەمسەربەندی هێزەکان لە دنیای ئەمڕۆدا کە پشت ئەستوورە بە بنەما ئابوورییەکانی بازار، حازر نییە مل بە تاکڕەویی هێزێک یان دووان بدات، بەڵکوو خۆی لە چوارچێوەی یەکێتی و گرووپی جیاوازدا پولێن کردووە. یەکێک لەو جەمسەرانە کە سەنگ و قورسایێکی زۆری درووست کردووە هێند و وڵاتانی هاوپەیمانین کە بە پەیمانی (IOR-ARC) ناسراوە. هێندێک کە خۆی یەکێک بوو لە کۆلۆنیە گەورەکانی ئەورووپا، ئەمڕۆ یەکێکە لە تەهدیدە گەورەکان بۆ وڵاتانی ئەورووپایی و ئەورووپا و چین و تەنانەت ڕووسیەش. ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە گۆڕینی هاوکێشەکاندا یەکجار گرینگە و وا وێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە ئەگەری دەست بەسەردا نەگرتنی ڕۆژاوا بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆاڵسیۆنی چین-ڕووسیە-هێند لە بەرامبەر کۆاڵێسیۆنی ئەورووپا-ئەمریکادا بوەستێت و ڕێڕەوی ئەمپریالیزم و سەرمایەداری مودێڕن بگوڕێت. ڕەنگە هێند ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو شەڕە نەبێت، بەڵام بێگومان یەکێک لەو وڵاتانە دەبێت کە ئاراستەی شەڕەکە دیاری دەکات و لە ماوەکانی پێشماندا دێتە ناو گەمەکەوە.

 

 

وتەی کۆتایی

ئەوەی ئاشکرایە جەنگی هەمیشەیی سیستەمیی سەرمایەداری کە لە ئێستادا لە جوگرافیای سوریە گەیشتووەتە لووتکەی ئاڵۆزییەکانی خۆی، دووا شەڕی هەژموونی سیاسی-ئابووری ئەم سیستەمە نییە و کۆتا مامەڵەی ئابووری نییە بە خاک، خەڵک و نەتەوە جیاوازەکانی ناوچە بەکۆلۆنی کراوەکانیان. بێگومان لە ماوەی دەستپێکردنی ئەم شەڕە هەمە لایەنە کە ماوەی زیاتر لە ٩ ساڵە بەردەوامە، خەتێکی بەرخوەدان و خۆڕاگری بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە رۆژاوای کوردستان دەستی پێکردووە و تەنیا ناوچەی ئارام و جیاوازیان لە جەهەنەمی سوریەیان بونیاد ناوە. بەڵام مانەوە لە چوارچێوەی ئەو دەستکەوتە و ڕازی بوون بە مانەوە لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیا دیزاین کراوەی سیستەمی جیهانی سەرمایە هەڵەیەکی گەورەیە کە نابێ ڕووبدات. پێویستە کورد وەک یەکێک لە گەورەترین گەلانی ناوچەکە و سەرجەم نەتەوە بندەستەکانی دیکە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەزمەی سەرمایە و بونیادنانی دەوڵەتگەلێکی دیموکراتیکی خۆجێیی، چارەنووس و هەروەها مەودای فەرمانڕەوایی خۆیان دیاری بکەن. پێویستە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە بزانن کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و دەربازبوون لەو قەیرانەی تێ کەوتوون، لە سۆنگەی بەشداریان لەو دیزاینە نوێیە دەبێت کە بۆ ناوچەکە دەستنیشان دەکرێت، ئەویش بە بەشداری و پرۆژەی سەربەخۆی خۆیانەوە کە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداری ڕەچاو نەکات و باوەڕێ بە سەربەخۆیی ئابووری-سیاسیی خۆی بێت. هەروەها پێویستە ئەوە بزاندرێت کە تێکدانی سەروەری نەتەوەیی تورک، فارس و عەرەب لەو ناوچەیە و هەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی ئێران، ئێراق، تورکیە و سوریە شەڕێکی ئانتی کاپیتالیستییە کە ئەرکەکەی وە ئەستۆی گەلی کورد کەوتووە و ئەتوانێت ڕێڕەوی گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکی دیکەدا هەدایەت بکات.