A+    A-
(180) جار خوێندراوەتەوە

        

                      

 

 

 

حەقیقەت بەشێکى ڕاگیراو و جیانەکراوەیە لە زمان و بیرکردنەوە. ئێمە هەمیشە بەو گریمانەیە دەستپێدەکەین کە حەقیقەت لە زمانى ئێمە و بیرکردنەوە و هەموو ژیانى مرۆییدا جێى خۆى گرتووە. کەچى مەسەلەى حەقیقەت فراوان و بێ‌سنورە و گەر بمانەوێت دەستى بۆ ببەین، ڕەنگە چەندین هەفتە و چەندین مانگ بتوانین قسەى لێوە بکەین.

من لێرەدا هەوڵدەدەم باسى ئەو دیوە بکەم کە پەیوەستە بە پەیوەندیى نێوان "حەقیقەت" و "فەلسەفە"وە. خاڵى دەسپێکى من، خودى فەلسەفە و نەریتە فەلسەفییەکان و کێشەکانیان دەبێت. دەزانین کە کێشەى سەنتراڵى هەموو نەریتە فەلسەفییەکان (وەکو واقیعى فەلسەفە)، هیچ نیە جگە لە کێشەى «مانا». لەڕاستیدا واقیعیبوون و کردەکیبوونەوە(actuality)ـى فەلسەفە لە سەردەمى خۆماندا ئەوەیە کە بە هەر ڕێیەکدا بڕۆین، ڕووبەڕووى کێشەى مانا دەبینەوە.

بۆ نمونە لە نەریتى فەلسەفەى شیکاری(تەحلیلى)دا، هەموو باس و مشتومڕەکان لە دەورى ناڕوونیى مانا دەسوڕێنەوە لە زمانە سرووشتییەکاندا.(زمانە سرووشتییەکان هەر هەمان ئەو زمانانەن کە کۆمەڵگاکان ڕۆژانە قسەى پێدەکەن و پێى دەنوسن-و). نمونەی بەناوبانگى «پاشاى ئەمڕۆى فەڕەنسا، کەچەڵە» کە لە دەقە فەلسەفییەکاندا دەکەوێتە بەرچاو, و مەسەلەى ئەوەى کە ئەم ڕستەیە ڕاستە یان درۆ(هەڵە)، مانادارە یان نا، لەو نمونانە بوو دەریخست کە شیکارى لۆژیکیى زمان، شتێکى پێویستە و دەبێت زمانێکى لۆژیکى بخەینە شوێنى زمانى سرووشتى. ئەمە ئەو کارە بوو کە ڕاسل و فرێگە و ڤیتگنشتاین شوێنی‌کەوتن. هەوڵى ئەو نەریتە فەلسەفییەى ئەوان ئەوە بوو کە کێشە فەلسەفییەکان لە بەکارهێنانى نالۆژیکیانە و تەمومژسازى زمانى سرووشتییەوە سەرچاوەدەگرن و ئیشى فەلسەفە ئەوەیە ئەم بەکارهێنانە نادرووستە چارەسەربکات. بۆیە لەم نەریتە فەلسەفییەدا، ژمارەیەک مەسەلەى هەڵەمان هەیە و دەبوو لە ڕێى زمانى لۆژیکییەوە چارە بکرانایە, و ماناداربوونى ئەم مەسەلانە و ڕوونکردنەوەى سنورى مانا و دواتریش شتێک بەناوى حەقیقەتەوە کە هەر لە بنەڕەتەوە لە دەرەوەى زمانەوە سەیر دەکرا(کە بەپێى دوایین ڕستەى تراکتاتۆسى ڤیتگنشتاین دەبوو لەبارەیەوە بێدەنگ بین: ئەو شتەى ناتوانین قسەى لەبارەوە بکەین ئەوا دەبێت لێى بێدەنگ بین) خرایە بەر باس. بۆیە لێرەدا هەموو کێشەکان دەربارەى «مانا»یە و «حەقیقەت»یش لە بازنەى بێدەنگی‌دا دەمێنێتەوە. زمان و مانا لە لایەکن و، حەقیقەتیش لە لایەکى تر.

نەریتێکى تر، نەریتى هێرمۆنۆتیکى ئەڵمانیى سەدەى بیستە کە ڕەوتى کانتیزمى نوێ و فینۆمینۆلۆژیاى هۆسرێڵ و تەنانەت ئۆنتۆلۆژیا بنەڕەتییەکەى هایدگەریش دەگرێتەوە(یان لانیکەم بەشێکى دەگرێتەوە). لەم نەریتەشدا دیسان کێشەى مانا ئامادەیە –بەڵام ئەمجارەیان دۆزینەوە و دەستخستنەوەى مانا و زیندووکردنەوەى مانا و مانا لەدەستدەرچووەکان و مانا لە ئەنجامى ڕۆشنگەریدا کە (بەهۆى دیالەکتیکى ناوەکیى نیهیڵیزمەوە، ئەم مانایانە خاڵى و پوچەڵبوونەتەوە). بۆڵتمان لە لاهوت(تیۆلۆژیا)دا، پۆڵ ڕیکۆر هەم لە لاهوت و هەم لە فەلسەفەشدا، هۆسرێڵ لە فەلسەفەدا، هایدگەریش بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵدەدات کە بە زیندووکردنەوەى مانا لە زمانى شیعری‌دا، جۆرە ئۆنتۆلۆژیایەکى نوێ دامەزرێنێت...

 نەریتى سێیەم لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستدا، لەژێر ناونیشانى «بونیادگەرى» و «پاش‌بونیادگەرى» و «هەڵوەشانەوەگەرایى دێرێدایى»دا دەرکەوت...گرفتى هاوبەشى ئەمانە بریتى‌بوو لە «فرەیى مانا» یان فرەمانایى. (مانا وەک دەرکەوتە و خۆدەرخستنى بونیاد، وەک جیاوازیى نێوان دالەکان، وەک هاتوچۆى نێوان سەنتەر و پەراوێزى دەق لاى دێرێدا، لێوڕێژبوونى مانا لاى لیڤى شتراوس، جێگیربوون و فراوانبوونى مانا لە قاڵبى نیشانەناسییەکەى ڕۆلان بارتدا...).

دەتوانین بەرهەمى ئەم سێ نەریتە فەلسەفییە لاى کەسانى وەک هابەرماس ببینین، کە هەم بەشێک لە زمانى لۆژیکیى فەلسەفەى "شیکارى" دێنێت و هەم هەندێ لە ڕووکارەکانى لەخۆڕامان و خودئاگایى و نرخاندنى مانا و مێژووییبوونى مانا دێنێت کە لە هێرمۆنۆتیکدا هەیە...و هەوڵدەدات تەنانەت هەندێ ڕووکارى ترى وەک سڕینەوەى وەهم لە مانا یاخود بەدگومانى دەرهەق بە مانا و جۆرە ڕەخنەکردنێکى مانا جێگیربووەکان لە ئاستى کۆمەڵگەدا لە سیستمە فەلسەفییەکەى خۆیدا کۆبکاتەوە(کە تێکەڵیکردووە بە ناوى فیگەرەکانى وەک مارکس و نیچە و فرۆید).

لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین لە کانت بەدواوە تاکو هیگڵ، هەموان دەرگیرى کێشەى سوبێکت و ئاگایی‌ن. دواى ئەوە –وەرچەرخانێکى زمانى- ڕوودەدات و کێشەى ئاگایى جێى خۆى بۆ زمان چۆڵدەکات و سوبێکتیش جێى خۆى بۆ مانا چۆڵدەکات. هەر لەبەر ئەمەیە کە هابەرماس باس لە فەلسەفەى «پۆست‌میتافیزیکى» دەکات: سەدەى نۆزدە کە باسوخواس لەسەر ئاگایى و خودئاگاییە و لە فەلسەفەى هیگڵدا دەگاتە لوتکە، شوێنى زمان لە سوبێکتێکى ̎بەجەوهەرىکراو̎دا دەدۆزێتەوە، وەک‌بڵێى هەریەک لە ئێمە جەوهەرێکین و مانا بەرهەمدەهێنین؛ خەزێنە و خەزێنەى ماناین, و سوبێکت سەرچاوەى ئەم مانایانەیە.

ئاشکرایە ڕەخنە وێرانکەرەکانى نیچە و کێرکگارد و مارکس ڕوو لە سوبێکت دەکەن وەک بەرهەمهێنەرى مانا, و فیکرى سەدەى نۆزدە کێشەى گەورەى تێدەکەوێت؛ واتە فەلسەفە ناتوانێت شان داداتە سەر کێشەى سوبێکت و ئاگایی‌, و پیشاندانى مانا لە کایەى ڕەمزی(کەلتور و کۆمەڵگە)دا ژێر پێى فشۆڵ دەبێت و ناتوانرێت هیچ فەلسەفەیەکى لەسەر بنیاتبنرێت. بەم شێوەیە بنەما و بنچینەیەکى تر دەخرێتەڕوو. بەکورتییەکەى، هابەرماس باس لە پۆست‌میتافیزیک و پۆست‌سوبێکت دەکات و فەلسەفە بریتى دەبێت لە فەلسەفەى زمان و سوبێکتى نێوبەینى یان نێوکەسى(intersubjectivity). بەم جۆرە زمان دەبێتە ماڵى مانا, و هەر بەم هۆیەشەوە زمان بۆ هایدگەر دەبێتە ماڵى «بوون».

هاوکات  کەڵکەڵە بۆ مانا، لە سەدەى بیستدا و لەم سێ نەریتە فەلسەفییەدا، دواجار تووشى هەندێ پارادۆکس دەبێت کە قابیلى چارە و تێپەڕاندن نیە. بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووى بنبەست دەبنەوە. هەڵبەت ئەم بنبەستە تەنیا تایبەت نیە بە فەلسەفە, و لە هەموو کەلتورى سەدەى بیستدا دەبینرێت. بۆ نمونە هونەر و کێشەى دەربڕینى هونەرییش ڕووبەڕووى ئەم دۆخە دەبێتەوە. واتە وەکچۆن مانا دەبێتە کێشە بۆ فەلسەفە، دەربڕینیش بۆ هونەر و ئەدەب دەبێتە خەم و کەڵکەڵە.

ئێستا وا دێتە بەرچاو کە کارەکەمان ئاسان بووە و دەتوانین کورتەمێژوویەک یان گێڕانەوەیەکى ڕاستەهێڵئاسا لە کێشەى سەدەى نۆزدە و بیست درووستبکەین و بگەینە ئەمڕۆ، کە دەربارەى کێشەى حەقیقەت دەدوێین و هەردەڵێى لە بەرامبەر سەردەمێکى نوێداین بەڵام: کێشەکە ئەوەیە کە لەڕاستیدا بیرکردنەوەیەکى نوێى ئەوروپى لە ئارادا نیە تاکو بڵێین لە سەدەى بیست و یەکدا، مۆدێلێکى نوێى پاریسى هاتووە کە لەجیاتیى مانا سەروکارى لەگەڵ حەقیقەتدایە...دواییش ئەم حەقیقەتە لەگەڵ هەندێ ناوى نوێدا گرێبدەین. دەرەنجامى ئەم تێڕوانینە، ڕستەیەکە کە بێکێت دەیگێڕێتەوە: «بۆ پێشەوە چوون بەسەر هەمان ڕێ‌وبانى کۆندا.». ئەمە هەر ئەو کارەیە کە «دەمەوێت نەیکەم». بەپێچەوانەوە: دەمەوێت بڵێم کە فەلسەفە هەرگیز هیچ نەبووە و هیچیش نابێت جگە لە بیرکردنەوەیەک کە تاکە خەموخولیاى بریتییە لە حەقیقەت. کەواتە ئێمە هەرگیز ڕووبەڕووى دابڕانێک یاخود پشێوییەکى سەدەى بیستویەکی‌یانە نەوەستاوین. بۆ سەلماندنى ئەم خاڵە، هێندە بەسە کە بەکورتى چاوێک بخشێنین بە لەدایکبوونى فەلسەفەدا لە یۆنانى کۆندا...کە فەلسەفە «گەڕانێکە و دەکەوێتە بەرامبەر ئوستورە و دین و عادەت و ژیانى ڕۆژانە و ڕێوڕەسم و خێزانەوە...لەڕاستیدا گەڕانێکە لە هەمبەر هەموو دیوەکانى ژیاندا و ژیانکردنە وەکو گیانەوەرێک. شتێکە کە بە هەڵکەندنى لە ژیان، دەستپێدەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کارێکى سەختە و هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووى بەرهەڵستیى توند دەبێتەوە. دواجار هەر لەبەر ئەمەشە هەرکەسێک جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە، دادگایى دەکەن و دەیکوژن. لەبەرچـى؟ چونکە: ماناکانى خستۆتە ژێر پرسیارەوە. لێرەدا باسکردنى دوو خاڵ بەسودە. یەکەمیان، فەلسەفە هەر لە سەرەتاوە پەیوەست دەبێت بە بەرهەمهێنانى حەقیقەتەوە لە ڕەهەندە جیاجیاکاندا...لە زانست و سیاسەتەوە بیگرە تاکو هونەر و ئەدەب...لە ئەدەبدا دەبینین کە ئەدەب لە بەرهەمهێنانى حەقیقەتدا دەلکێت بە تراژیدیاوە (مەبەست لە تراژیدیا ئەو ژانرە ئەدەبییەى سەردەمى یۆنانە-و). پاڵەوانانى تراژیدیا مانا بەرهەمناهێنن. بۆیە ئامانجى تراژیدیا گەیشتنە بە جۆرێک لە بێ‌مانایى و درز. دووەمیان، فەلسەفە لە ساتەوەختێکدا دەستپێدەکات کە ئەم مانایانە لەق بوونە و سەبارەت بە ململانێیان لەگەڵ ئەم نیهیڵیزمەدا دوو وەڵام دەدرێتەوە. یەکیان بیرکردنەوەى فەلسەفییە و ئەوى تریش ئامادەیى سۆفستاییەکانە. لەبەر ئەمەشە هیچ سەیر نیە لە لوتکەى نیهیڵیزمى سەردەمى خۆماندا، لە لوتکەى ڕێژەگەراییدا، دیسان حەقیقەت دەبێتەوە بە کێشە. واتە قەیران لە کایەى ڕەمزییدا، کەوتنەژێر پرسیارى ماناکانى ئەم کایەیە لە لایەن دوو گرووپەوە: گرووپێکیان کە ئەهلى فەلسەفەن و ئەوانەشى کە ئەهلى سەفسەتەن. کەواتە ئەوە ئەمڕۆیە لە بەرامبەر جۆرە بیرکردنەوەیەکى ڕوو لە حەقیقەتدا وەستاوین [و پێویستمان بە داهێنان و دۆزینەوەى تێگەیەکى نوێى حەقیقەتە].

 

 

 

موراد فەرهادپور

وەرگێڕانى: وەلید عومەر- ٢٠١٣ پاشکۆى (كاکێشان)ـى کوردستانى نوێ