A+    A-
(286) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگی نێگەتیڤ(تا چەمكی 30)

ئامادەكردنی: نێگەتیڤ

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

سوبێكت(subject)

هەر سەبجێكت(subject)ـی زمانی ئینگڵیزییە، بەڵام تاڕادەیەك فۆنەتیكە ئەڵمانییەكەی لە زمانی كوردییدا جێگیربووە(كە زوبێكت-یش دەوترێت). سوبێكت لەبنچینەدا لە ڕێزمان و لۆژیكدا بەكاردێت و لە ڕێزماندا بە مانای «بكەر» دێت، واتە ئەو كەسەی یان ئەو شتەی كە كارێك ئەنجامدەدات و ڕۆڵێك دەنوێنێت. كاتێكیش ئەم وشەیە دێتە ناو فیكر و فەلسەفە و سینەما و ئەدەبیات و زانستە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەبێتە جێگرەوەی وشەی «مرۆڤ». لەجیاتیی ئەوەی بڵێین مرۆڤ وایە و وای بەسەردێت و فڵانە شت ئەنجامدەدات، ئەوا دەڵێین سوبێكت ئەم شتانە دەكات. حیكمەتی بەكارهێنانی ئەم وشەیە، بە دیوێكدا بریتییە لە خۆپارێزی لە ڕەهەندە كۆنەكانی وشەی مرۆڤ كە دینەكان و كەلتورە جیاجیاكان و میتافیزیك بەسەر وشەی مرۆڤدا سەپاندوویانە و هاوكات زاراوەی «سوبێكت» بێگەردتر و پسپۆڕییتریشە. سوبێكت تاك و كۆش دەگرێتەوە: گەر نوسەرێك بریتی بێت لە سوبێكتێكی تاكەكەس، ئەوا گرووپێك یان حیزبێك دەتوانێت سوبێكتێكی كۆ بێت. هەندێ جار سوبێكت بكەرێكی نامرۆییە، پێدەچێت پرۆسەیەك بێت، ڕەوتێك بێت، یان كۆی مێژوو بێت. لە فەلسەفەی مۆدێرندا كە بە دیكارت دەستپێدەكات، سوبێكت بریتییە لە مرۆڤ لە پەتییترین دۆخی خۆیدا، واتە لەو ڕووەوە كە لە هەموو خەسڵەت و پێشگریمانەكان دادەماڵرێت. لای دیكارت، سوبێكت ئەو بكەرەیە كە دەرەوەی خۆی و جیهانی ئۆبێكتەكان دەناسێت و بیریان لێدەكاتەوە و لێرەشەوە بەشێوەیەكی یەقینی تێدەگات كە بوونی هەیە. واتە لە عەقڵانیەتی دیكارتدا، جیهان بۆ سوبێكت/ئۆبێكت دابەشدەبێت و سوبێكت بیر لە دەرەوەی خۆی دەكاتەوە و دەیناسێت و دەستی بەسەردا دەگرێت. ڕەنگە بشتوانین بڵێین سوبێكت لای ماركس بریتییە لە پرۆلیتاریا، واتە ئەو بكەرە بەرهەمهێنەرە مۆدێرنەی كە كاڵاكانی دونیای سەرمایەداری بەرهەمدەهێنێت. لە فەلسەفەی شیكاری(تەحلیلی)شدا زەین جێی سوبێكت دەگرێتەوە. لە تیۆرە هاوچەرخەكانیشدا، سوبێكت یەكەیەكی پتەو نیە لە خۆیدا، بەڵكو بەرهەمی كارلێكە لەگەڵ ئەوانیتردا. لە زمانی كوردییدا، پێشتر بۆ سوبێكت وشەی (خود) دانراوە بەڵام بەپێی ئەم نەریتە فەلسەفی و دەروونشیكارییەی كە ژیژەك كاری تیا دەكات، وشەیەكی دەقیق نیە. چونكە "خود" دەكاتە self كە لای لاكان بەشێكی سنورداری تەمەنی مناڵییە و سەرەتاكانی پێكهاتنی سوبێكتە، بەتایبەت ئەو قۆناغەیە كە مرۆڤ بەهۆی خەیاڵ و ئاوێنە و هاوشوناسبوونەوە درووستدەبێت. سوبێكت كۆی ئاڵۆزییەكانی دواترە كە مرۆڤی تیادەژی، بە هەردوو پانتایی ڕەمزی و ڕیاڵەوە. كاتێك سوبێكت لە شێوەی (سوبێكتیڤ) دێت ئەوە ئیتر بە مانای شەخسی/زاتی/زەینی/كەسی و تاكەكەسییانە دێت. سوبێكتیڤیتەش ئاماژەیە بۆ كۆی كەسایەتیی سوبێكت لە هەموو پرۆسە و ڕەهەندەكانیدا.

 

ئۆبێكت(object) & ئۆبێكتی بچوكی a

هاوتای زاراوەی سوبێكتە و لە مانا سەرەتاییەكەیدا بە مانای شت و بابەت دێت. گەر سوبێكت بكەر بێت، ئەوا ئۆبێكت جۆرێكە لە بەركار. ئۆبێكت دونیای دەرەوەی سوبێكتە، جیهانی بابەتییە، بەڵام نەك بەو مانا میكانییكەی كە بەتەواوی لە سوبێكت دابڕابێت. بەڵكو ئۆبێكت هەم مادە ڕەقوتەقەكان و هەم ئەو شوێنەوارە ناسك و وێنایی و دەلالییانەش دەگرێتەوە كە سوبێكت مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و زۆرجار بەناو سوبێكتدا شۆڕدەبنەوە و یەكانگیریی سوبێكت دەپارێزن. كاتێكیش بەر ئۆبێكتیڤ دەكەوین ئەوە بە مانای بابەتی/دەرەكی/ نا-سوبێكتیڤ دێت. ئۆبێكتیڤیتەش ئاماژەیە بۆ كۆی ئەو چوزارچێوەیەی كە دەكەوێتە دەرەوەی سوبێكتەوە. لەم كتێبەدا، زیاتر بەر زاراوەی ئۆبێكتی بچوكی (a)دەكەوین كە سەر بە دەروونشیكاریی ژاك لاكانە و جیایە لە ئۆبێكتە باوەكانی دەوروبەری مرۆڤ. واتە تەنیا تەنە مردووەكان نیە، دیاردە بینراوەكان نیە، بەڵكو ڕەهەندێكی تری ژیانی دەروونیی مرۆڤە كە ڕەنگە حسێبێكی ئەوتۆمان بۆ نەكردبێت و نەمانتوانیبێت گوزارشتی لێ بكەین. ئۆبێكتی a، تەعبیرە لەو بەشە بچوكەی ناو دیاردە گەورەكان  و پرۆسە گەورەكان كە بزوێنەری دیاردەكان و پرۆسە دەروونییەكانیشە. یان دەتوانین بڵێین ئۆبێكتێكی ونبووە بەر لەوەی ون بووبێت، ئێمە تەنیا مامەڵە لەگەڵ شوێنەوارەكانیدا دەكەین. بۆنمونە لە ئارەزووكردندا، ئێمە هەرگیز ناگەین بە ئۆبێكتی ئارەزوومان، وەك بڵێی بەر لەوەی ئارەزووی بكەین ونبووە. خودی گەڕانەكە بەدوای ئەم ئۆبێكتە ونبووەدا، بەشێوەیەكی پاشەوپاش و ڕیترۆئەكتیڤ، ئۆبێكتی بچوكی a درووستدەكات. ئەم ئۆبێكتە، ڕەهەندێكی خەیاڵیی هەیە و ناڕەمزێنرێت. واتە نایەتە ناو پانتایی ڕەمزییەوە، بەڵام یارمەتیی درووستبوونی پانتایی ڕەمزییش دەدات. ئۆبێكتی a، بەشێوەیەكی پڕ و پۆزەتیڤ ناگیرێت، كۆنترۆڵناكرێت، چونكە خۆی لەبنەڕەتدا بوونێكی گیراو و پۆزەتیڤی نیە. لە عەشقدا، ئێمە دەمانەوێت بگەین بەو ئۆبێكتە بچوكەی a، بەڵام هەرگیز پێی ناگەین و خودی نەگەیشتنەكە لە گەڕانەكەوە بەدەستهاتووە. ئۆبێكتی باڵا سەرەتا ئۆبێكتێكی ئاسایی و نزمە و بەهۆی ڕیاڵ و مەحاڵ و نەگەیشتنەكەوە وەرگەڕاوە بۆ ئۆبێكتێكی باڵا. ناونیشانی كتێبەكەی ژیژەك، ئۆبێكتی باڵا، بەجۆرێك لە جۆرەكان بریتییە لە ئۆبێكتی بچوكی a.

 

ڕەمزی(the symbolic)

بەر لە هەر شتێك ڕەمزی، بە مانای پانتایی كۆمەڵایەتی و كاركردەكانی دێت. ڕەمزی لە دەقەكەدا كورتكراوەی پانتایی ڕەمزی و نەزمی ڕەمزییە و لەبری ئەوەی وەك سیفەت و «ئاوەڵناو» هاتبێت، وەك «ناو» هاتووە. واتە ڕەمزی لێرەدا بە مانا باوە دەقاودەقەكەی سیمبوڵی نایەت و بۆ سیمبوڵ هەر سیمبوڵ یان هێمامان داناوە. پانتایی ڕەمزی بریتییە لە پانتایی كۆمەڵایەتی بە مانا بەرفراوان و فرەڕەهەندەكەی: ئیدی لە زمانەوە بیگرە تا یاسا و پەیوەندییەكان و كەلتور و ناونان و پێگەی ڕەمزی و خێزان و دیاردە فەرهەنگییەكان و هتد. بۆیەشە پێی دەوترێت ڕەمزی لای لاكان، چونكە گەر پانتایی كۆمەڵایەتی هەڵوەشێنینەوە و پارچەپارچەی بكەین ئەوا لە كۆمەڵێكی بێ شومار دەلالەت و ئاماژە و ڕەمز و هێما پێكهاتووە و جۆرێك لە زمان دەبەخشنە مرۆڤ و مرۆڤ و سوبێكتیان تیا درووستدەبێت. مرۆڤ بەجۆرێك ڕیشەی لەناو پانتایی ڕەمزییدایە كە بەشێكە لەو بەڵام هەمووشی نیە. واتە مرۆڤ بكەرێك نیە كە بەسەربەخۆیی لە دەرەوەی پانتایی ڕەمزییەوە وەستابێت و سەیری بكات، بەڵكو مرۆڤ بەنێوانگری پانتایی ڕەمزی درووستبووە و نیشتەجێی ناو ئەم پانتاییەیە. بە دەربڕینێكی تر، مرۆڤ خۆیشی پارچەیەكی پێكداچووی ناو پانتایی ڕەمزییە. تەنانەت مان و نەمانی مرۆڤ پەیوەستە بە پانتایی ڕەمزییەوە و ماناكانی ژیانی خۆی لەم پانتاییەوە وەردەگرێت. هەتا پرۆسە شەخسییەكانی وەك ئارەزووكردن، دەلالەتكردن، قوربانیدان، سێكس و خۆشەویستی ڕیشەیان لە نەزمی ڕەمزییدایە.

وەك بڵێی پانتایی ڕەمزی، ڕادیكاڵكردنەوە و ڕیشەییكردنەوەی ئەو ڕستە دێرینەی ئەرستۆیە كە دەڵێت مرۆڤ ئاژەڵێكی كۆمەڵایەتییە. ئێمە دەتوانین بڵێین، مرۆڤ ئاژەڵێكی ڕەمزییە و تانوپۆی بوونی خۆی بەرمەبنای كۆمەڵگا دادەڕێژێت. بەڵام پانتایی ڕەمزی زۆر لەوە زیاتر دەڕوات كە لەم وتەیەی ئەرستۆدا دەردەكەوێت. ژیژەك پێی وایە ئەرستۆ جیاكارییەك دەخاتە نێوان جەستە و ڕۆحەوە، بەڵام لاكان پانتایی ڕەمزی لەنێوان جەستە و ڕۆحی مرۆڤیشدا نیشتەجێدەكات(جیا لەوەی ڕۆح بە چ مانایەك دێت). واتە چ جەستەی مرۆڤ و چ ئەو شتەشی كە پێی دەوترێت ناوەوە، بەرەنجامی پێوەرەكانی پانتایی ڕەمزیین و بەهۆی پانتایی ڕەمزی و كۆمەڵایەتییەوە پێناسەدەكرێن و نرخیان پێدەدرێت و تەنانەت ئارەزوو و فەنتازیا و چاوەڕوانییەكانیشی درووستدەكرێن. پانتایی ڕەمزی هەموو شتەكانی چواردەورمان دەگرێتەوە، هەڵبەت بە دەركردنی ئەو شتەی كە ناوی «ڕیاڵ»ـە. مرۆڤ گەر سەیرێكی خۆی و چواردەوری بكات، لە لێشاوێكی بێشوماری نیشانە و هێما و ناونان و ڕێكخستن و حوكم و دال پێكهاتووە. بۆنمونە ڕێكخستنی ناو ماڵ، جۆرێكە لە ڕێكخستنی ڕەمزی و هەر شمەكێك گوزارشتە لە ئاماژەیەك. تەنانەت ئەو كاتەی كە مرۆڤ ماڵیش جێدەهێڵێت، هێشتا بەپێی پێوەرەكانی پانتایی ڕەمزی جێی دەهێڵێت و دەرگاكە دادەخات و نەزمی ماڵەكە ڕێكدەخات و هتد(نەك هەر لەبەر دزی). واتە نەزمی ڕەمزی وەك جۆرێك لە ڕێسای نائاگایانەی لێهاتووە و لێرەشەوەیە لاكان دەڵێت «نەست بونیادێكی وەك زمانی هەیە یان نەست وەك زمان ڕسكاوە». واتە نەست عەمبارێكی تاریك و قووڵ نیە، بەڵكو ئەو بەشە ڕۆتینی و ناخودئاگا و مەسرەفكراوەی پانتایی ڕەمزییە كە كەڵەكەدەبێت و بونیادی خۆی درووستدەكات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە سوبێكت دەسەڵاتی تەواوی بەسەر نەستدا هەبێت، بەپێچەوانەوە لاكان خۆی دەڵێت ئەوە زمانە لەڕێگەی ئێمەوە دەدوێت، ئەوە پانتایی ڕەمزییە لەڕێگەی ئێمەوە قسەدەكات، لێرەشەوە ئەوە نەستە كە لە ئێمەی تاكەكەس فراوانترە و ناتوانین وەك ئۆبێكتێك مامەڵەی لەگەڵ بكەین. لە دەقەكەدا چاوگێك بۆ ڕەمزی درووستكراوە كە دەكاتە "ڕەمزان/بەڕەمزیبوون" و "ڕەمزاندن" و لە وردكردنەوەكانیدا دەكاتە "ناڕەمزێت، ناڕەمزێنرێت و هتد". ڕەمزاندن بەو مانایەی كە ملكەچی زمان و ماناپێدان و ئاماژەكاری دەبێت و پێچەوانەكەشی واتە لە دۆخی ڕیاڵدا دەمێنێتەوە و ملكەچی زمان و كەرتكردنی زمانی و پێناسەكردن نابێت و هتد.

 

ڕیاڵ(the Real)

پێش هەمووشت دەبێت بزانین ڕیاڵ(لای لاكان و ژیژەك و هتد) بە مانای واقیع نایەت، بەڵكو شتێكە ڕاستەوخۆ ملكەچی واقیع نابێت. كە دەڵێین ملكەچی واقیع نابێت، هاوكات مەبەستمان ئەوەشە كە ملكەچی زمانیش نابێت چونكە واقیع واتە پانتایی ڕەمزی، پانتایی ڕەمزییش لە زمان و شوێنەوارە بەرفراوانەكانی پێكهاتووە. لەم كتێبەدا چەند تەوەرێكی تێروتەسەل لەسەر ڕیاڵ هاتووە، بەڵام ئەوەی جێی بیرخستنەوەیە ئەوەیە كە ڕیاڵ ئەو پنتە خزەی ناو نەزمی ڕەمزییە كە ڕەمزی بۆی ناگیرێت، هەر سەر بە ڕەمزییە بەڵام لەگەڵ ڕەمزییدا جووتنابێت. لاكان لە جێیەكدا باسی دەسەڵاتە تۆتالیتار و هەمەگیرەكەی نەزمی ڕەمزی دەكات و وەك جیهانێك و گشتێك باسیدەكات، بۆیە ڕیاڵ ئەم توخمە سركەی ناو ڕەمزییە كە ناڕەمزێنرێت. بە دەربڕینێكی تر، ڕەمزی پانتاییەكی پڕ و پۆزەتیڤ نیە. ڕیاڵ هاوتای مەحاڵە، واتە بەنیسبەت بە دونیای مومكیناتەوە ڕۆڵی مەحاڵ دەگێڕێت. شوێنەوارەكانیشی، شوێنەواری تراومایی و شۆكهێنەرن. بەو مانایەی كە ئەگەرەكانی دەركەوتنی ڕیاڵ، تراومایین و زەربەی دەروونی و هەژێنەر جێدێڵن. دیارە مرۆڤ وا ڕاهاتووە كە بوونەوەرێكی ڕەمزی بێت، بۆیە پاش ئەم زەربانە لەگەڵ تراوماكاندا هەڵدەكاتەوە. ڕیاڵ هەمیشە دەگەڕێتەوە جێگەی خۆی و چاوەڕێ ناكات بڕەمزێنرێت. ئێمە عادەتەن مامەڵە لەگەڵ شوێنەوارەكانی ڕیاڵدا دەكەین نەك خودی ڕیاڵ. كاریگەرییە كەلتوری و فیكرییەكانی ئەم چەمكە بۆ مرۆڤی كورد، زۆرن. ڕەنگە یەكێك لەوانە ئەوە بێت كە دژی كەماڵ و پێرفێكتیزم و ڕوانینە دەمارگیرەكان بێت. هەموو پانتاییەك ڕیاڵی خۆی هەیە و ناتوانێت كامڵ بێت. ئەمە بە ئایدیا و گوتن و قسە ئاسانە، بەڵام جێگیركردنەكەی پێویستی بە زەمەنێكی درێژ و ماندووكەر هەیە، چونكە لەگەڵ خۆیدا پێویستی بە وەرچەرخانێكی ئەخلاقی و تەنانەت ئۆنتۆلۆژییش هەیە. ڕیاڵ چۆن بیرخەرەوەی شۆكی شۆڕشە، هاوكات بیرخەرەوەی دیموكراسییشە بۆ ئێمە. هەر ئەوەی كە شتەكان هەڵگری توخمێكی نەگیراو و خودهەڵوەشێنەرەوەن، ئەوا زەمینە بۆ فەرهەنگێكی دیموكراسییانەش خۆشدەكات. بە دیوێكی تردا، ڕیاڵ گوزارشتە لە كۆكنەبوون و ناتەبایی شتەكانی جیهان لەگەڵ یەكتردا. ئەم ناتەباییە، پتر بزوێنەری جیهان و جیهانی ڕەمزییە نەك ئەو ناتەباییە پاتۆلۆژی و نەخۆشەی ناو كۆمەڵگای ئێمە. گەر بە زمانە ڕۆشنگەرەكە قسەبكەین، ڕیاڵ ناكۆكیی ناو عەقڵ خۆیەتی، جا ئەو عەقڵە عەقڵی تاكەكەسی بێت یان عەقڵی دەستەجەمعی. ڕەنگە هەر لێرەوە بێت كە لاكان تیزەكەی هیگڵ بەم جۆرە دادەڕێژێتەوە: ئەوەی ڕیاڵە عەقڵانییە، ئەوەی عەقڵانییشە ڕیاڵە. دیارە گەمەیەكی زمانەوانی لەم دەربڕینەدا هەیە، بەو مانایەی كە ڕیاڵ هەرچەندە خۆی لە خۆیدا كتوپڕ و ناعەقڵانی و نەناسراو بێت ئەوا لەكۆدا و لە پانتایی ڕەمزییدا ڕۆڵێكی عەقڵانی دەگێڕێت. ڕۆڵەكەشی ئەوە نیە دەقاودەق دەست بخەینە سەر خۆی، بەڵكو هەمیشە لەڕێگەی زنجیرەیەك شوێنەوارەوە دەردەكەوێت كە لەم كتێبەدا ژیژەك لەسەری دەوەستێت. بۆنمونە، لە پێشەكییەكەدا دەیەوێت دەربارەی ڕیاڵ بڵێت: ڕیاڵ لە شێوەی مەحاڵێكدا بوونی هەیە و ئەم مەحاڵەش لە پانتایی كۆمەڵایەتییدا ئامادەیی هەیە كە بەهۆیەوە جۆرەها گوتاری ئایدۆلۆژی و خەباتی جیاجیا(بەشەكی) درووستدەكات و ناتوانین لانیكەم لەڕووی لۆژیكییەوە سەركوتیان بكەین و وەك یەكێك لە ئەنجامەكانی ئەم مەحاڵە وەریاننەگرین. هەروەها گەر پانتایی ڕەمزی، جۆرێك لە عەقڵی دەستەجەمعی دەستەبەربكات ئەوا ڕیاڵ هێشتنەوەی ئەگەرێكی ناكۆكە لەناو ئەم پانتاییەدا. لە قەسیدەی "عەشق"ـى بەختیار عەلییدا كۆپلەیەك هەیە كە تەعبیر لەم ناتەباییە دەكات(واتە ڕەهەندێكی دیاری ڕیاڵ دەگوازێتەوە):

«بەیانی دێت و مەرگ دێت و پایز دێت و تۆ دێیت و عەشق نایەت

عەشق دێت و بەیانی نایەت و پایز نایەت و تۆ نایەیت و مەرگ نایەت

تۆ دێیت و عەشق دێت و بەیانی نایەت و پایز نایەت و مەرگ نایەت

تۆ دێیت و عەشق دێت و بەیانی دێت و پایز نایەت و مەرگ نایەت

مەرگ دێت و بەیانی نایەت و عەشق نایەت و پایز نایەت و تۆ نایەیت

سەیركە هەرگیز لەگەڵ موعجیزەكاندا كۆنابینەوە»

گەر لەم كۆپلەیەی سەرەوەدا وشەی ڕیاڵ بخەینە جێی وشەی موعجیزە، ئەوا وێنەكە باشتر دەگات: سەیركە هەرگیز لەگەڵ ڕیاڵدا كۆنابینەوە. ڕیاڵ خۆی ناوی ئەو ناتەباییە و هیچی تر. ڕیاڵ بوونێكی پۆزەتیڤی نیە بیخەینە پاڵ توخمەكانی تر، بەڵكو خۆی بزوێنەری ناكۆكییەكانە. بە مانایەكی تر، ئەو نە-هاتنە خۆی ڕیاڵە، كۆنەبوونەوەكە خۆی ڕیاڵە، ئەم نەهاتن و كۆنەبوونەوەیەش پێشوەخت لەناو پانتایی ڕەمزی و دونیای مرۆڤدا ئامادەیە و پەیوەندیی بە شتانی سەروو دونیاییەوە نیە.

 

خەیاڵی(The Imaginary)

پانتایی خەیاڵی یەكێكە لە سێ چەمكە سەرەكییەكەی لاكان و سێ پێكهێنەرە سەرەكییەكەی ژیانی مرۆڤیش. نابێت خەیاڵی وەك شتی خەیاڵی و پڕوپوچ وەربگرین بەڵكو بەشێكی ژیانی مرۆڤ لەسەر بنەمای ئەم نەزمە درووستبووە. نەزمی خەیاڵی هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە پەیوەندییان بە وێنە و خەیاڵكاری و خۆهاوشێوەكردن و توانەوەی وێنەییەوە هەیە. سەرەتاكانی ژیانی مرۆڤ لە مناڵییدا، بە قۆناغی ئاوێنەیی دەستپێدەكات كە بەشێكە لە پانتایی خەیاڵی. مناڵ وێنەی خۆی لە دایكیدا دەبینێتەوە و پێی وایە هەردووكیان یەك پێكهاتەی تۆكمەن. واتە بەر لەوەی ڕەمزی و زمان كاری خۆیان بكەن، مرۆڤ بەركەوتنێكی وێنەیی و خەیاڵیی لەگەڵ جیهاندا هەیە. پانتایی خەیاڵی، بە ئامرازەكانی ڕەمزی دەوردراوە و لە دەسەڵاتی پانتایی ڕەمزی بەدەر نیە. واتە دەبێت وێنەكان وەرگێڕینە سەر زمانی وشە. هەر ئەمەشە كە مناڵ لەپاش جیابوونەوەی لە وێنە گەورەكەی دایك، لەلایەن باوكەوە تووشی خەسان دەبێت و لەوێوە دێتە ناو پانتایی ڕەمزی و یاساكانی كۆمەڵگاوە. لاساییكردنەوەكان و لێكچواندنە خەیاڵییەكانی ئەمڕۆ بەشێكن لە پانتایی خەیاڵی. كاتێك كەسێك حەزدەكات، یان نائاگایانە حەزدەكات لە كەسێكی تر بچێت ئەوە لەناو پانتایی خەیاڵییدا دەسوڕێتەوە. كاتێك بینەرێك تووشی هاوشوناسی دەبێت لەگەڵ ئەستێرەیەكی سینەمایی و هونەرییدا، ئەوە لەناو پانتایی خەیاڵییدایە. تەنانەت كۆمەڵگای نمایشیی ئەمڕۆمان، تەعبیرە لە كێبڕكێی پانتایی خەیاڵی بەسەر ڕیاڵ و ڕەمزییدا. ئەم هەموو وێنە و وێنا و ئایكۆنسازییەی ئەمڕۆ، جۆرێكە لە فیچقەكردنی پانتایی خەیاڵی. 

 

شت(the Thing)

شت لێرەدا هەمان شتە باوەكە نیە، بەڵكو لەودیوی شتە باوەكانەوەیە. گەر شتە باوەكان وێنابكرێن و ئەزموونبكرێن و مامەڵەی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بكەین و ناوبنرێن، ئەوا شت لێرەدا و بە مانا لاكانییەكەی، وێنا ناكرێت و بەردەست نیە. وەك چۆن لە زماندا، ڕەهەندێك هەیە و ناڕەمزێنرێت؛ ئەوا لە كۆی جیهانی شتەكانیشدا ڕەهەندێك هەیە كە ناڕەمزێنرێت و مانایەكی ڕوونی نیە. ڕەنگە چەمكی شت، چەمكی شت لە خۆیدای كانتمان بیربخاتەوە، یان چەمكی نۆمینە؛ بەڵام وەك ژیژەك لەم كتێبەدا تیۆریزەی كردووە، نۆمینە شتێك نیە بكەوێتە دەرەوەی پانتایی فینۆمیناڵیتە و نواندنەوەوە. شتیش بە هەمان شێوە ناكەوێتە دەرەوەی زەین و جیهانەوە، بەڵكو بەشێوەیەكی ناونشین لە بەردەم ئەزموونی زەین و چواردەورماندایە. لێرەشەوەیە كە دەوترێت لاكان ئەم چەمكەی لە غەریبەی فرۆیدییەوە درووستكردووە، بەو پێیەی كە غەریبە لای فرۆید هەر شتێكی ئاشنایە بەڵام لە گەڕانەوەیدا دەبێتە غەریبە، جا ئەو ئاشنایە شتانی سەركوتكراو بێت یان نا. شت لە كۆی پانتاییەكانی مرۆڤدا كاردەكات، بۆنمونە لە پرۆسەی ئارەزووكردندا، شت ئەو ئۆبێكتەی ئارەزووە كە پێی ناگەین، چونكە لەبنەڕەتدا بەشێوەیەكی پۆزەتیڤ بوونی نیە. وەك دێلن ئیڤانز لە فەرهەنگەكەیدا دەربارەی لاكان باسیدەكات، شت سەر بە ڕیاڵە نەك پانتایی خەیاڵی، واتە وێناكراو نیە و ناتوانین خۆمانی لەگەڵدا هاوشوناس بكەین. دەبێت ئاگامان لە زەینی خوێنەری كورد بێت و شت وەك شتێكی میتافیزیكی وەرنەگرێت بەڵكو ڕەهەندێكی تەواو دنیاییە و لە كۆنترۆڵی ئێمە و سوبێكتیڤیتەمان بەدەرە. زۆرجار لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەر ئەم ڕەهەندە نەناسراو و ترسناكەی شت دەكەوین و ڕەنگە نەزمی ژیانی ڕۆژانەمان تێكبدات. وەك ژیژەك لە چەند شوێنێكدا بە نمونە هێناویەتیەوە، دراوسێ دەتوانێت ڕۆڵی شت ببینێت، واتە هەركەس جا هاوڕێ بێت یان هاوسەر یان هاوپۆل و هاوحیزب ئەوا دەتوانێت وەرگەڕێت بۆ شت، وەرگەڕێت بۆ تەنێكی نەناسراو و ترسناك كە هەموو ئەو ڕێسایانە تێكدەدات كە پیادەیكردووە. لە كتێبەكەدا لە چەند حاڵەتێكی كەمدا، شتی دایكانە هاتووە، كە دیسان گوزارشت لەو شتە پێشڕەمزییە غەریبەیە دەكات: هاتنی وشەی "دایك"یش لەگەڵ شت، ئاماژەیە بۆ پانتایی دووردەست و مەحاڵی دایك لە سێكسواڵیتەی مرۆڤدا.  

 

گواستنەوە(transference)

گواستنەوە، چەمكێكی سەرەكیی ناو ئەم كتێبەیە. بەبێ ڕاوەستان لەسەر گواستنەوە، سەرەداوی زۆرێك لە ئایدیاكان وندەبێت. گواستنەوە لە مانا هەرە سادەكەیدا، واتە گواستنەوەی ئەركێك لە سوبێكتەوە بۆ سوبێكتێكی تر، بۆنمونە لە نەخۆشەوە بۆ دەروونشیكار، لە قوتابییەوە بۆ مامۆستا، لە خوێنەرەوە بۆ نوسەر و هتد. ناوەڕۆكی ئەم پرۆسەیە، فرەڕەنگە و شتەكە هەروا میكانیكی نیە. گواستنەوە كە لە دەروونشیكاریی فرۆیدەوە وەرگیراوە، جۆرێكە لە گریمانە و وەهم و وادانان، وەهم و گریمانەیەك كە ژیانی سوبێكت ڕادەگرێت. لە گواستنەوەدا، یان عاشقی ئەویتر دەبین یان وای دادەنێین ئەویتر لەجێی ئێمە ئەركێك ڕادەپەڕێنێت یاخود لەبری ئێمە باوەڕدێنێت یان گوناهـ و نوقسانییەكانی خۆمانی دەدەینەپاڵ و شوناسی ئێمە دەڕەخسێنێت. گواستنەوە، شیرازەی پچڕاوی سوبێكت پێكدەهێنێتەوە و ناهێڵێت سەمپتۆم و نیشانەی نەخۆشییەكەی هەڵوەشێتەوە. گواستنەوە ئەو ڕاستییەی ژیانی مرۆڤمان پیشاندەدات كە مرۆڤ دوورگەیەكی دابڕاو نیە، بەڵكو گەر بەشێوەیەكی وەهماوییش بووبێت ئەوێكی تر درووستدەكات و پەیوەندییەكی نێوكەسی و نێوسوبێكتییانەی لەگەڵ دەبەستێت. سەیر لەوەدایە ئەم ئەویترە بەتەواوی بریتی نیە لە كەسێكی لەگۆشت و خوێن درووستبوو، بەڵكو ئەوێكی تری گریمانەییە كە یان بە شێوەی تاكەكەسی درووستیدەكەین یاخود بەشێوەی دەستەجەمعی. لە گوزارەكانی وەك «ئەو سوبێكتەی كە وای دادەنێین...»، فرمانی «وای دادەنێین» گوزارشتە لە ڕەهەندە گریمانەییەكەی ئەویتر. گواستنەوە دەشتوانێت ڕۆڵی فەنتازیا بگێڕێت و كەلێنێك بشارێتەوە.

 

ئەنتاگۆنیزم(antagonism)

بەگشتی بە مانای دژایەتی و دوژمنایەتی دێت، بەڵام لەبەر پاراستنی دیوە چەمكایەتییەكەی، وا باشترە چەمكەكە وەك خۆی دابنرێتەوە. ئەمە جگە لەوەی دژایەتی و دوژمنایەتی لە زەینی ئێمەی كورددا، وێنایەكی بەرتەسكتر و خوێنی و خێڵەكییانەی هەیە. وشەكە لە هەردوو بەشی anti و agonisma پێكدێت كە لە زمانی یۆنانییەوە وەرگیراوە و بەشی یەكەم بە مانای دژ دێت و بەشی دووەمیش ململانێ و بەربەرەكانێ. ئەنتاگۆنیزم دوژمنایەتی و ناتەبایی و هەڵنەكردنی بنەڕەتیی نێوان دوو دیاردە، دوو بەرەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، دوو ڕێبازی ئایدۆلۆژی دەگرێتەوە. لە ماركسیزمدا، ئەنتاگۆنیزم بۆ دوژمنایەتیی ئاشتیهەڵنەگری نێوان هەردوو چینی پرۆلیتاریا و سەرمایەدار بەكاردێت. بەپێی ماركسیزم ئەم ئەنتاگۆنیزمەش ئەو كاتە نامێنێت، كە كۆمەڵگای كۆمۆنیستی بێتەدی. لەم كتێبەدا، ئەنتاگۆنیزم نەك هەر لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیا، بەڵكو لەنێوان كۆی ئایدۆلۆژیاكانی كۆمەڵگادا درووستدەبێت و بنبەستێك درووستدەبێت كە بە ئەرگۆمێنتی عەقڵانی و باو یەكلانابێتەوە. لێرەوەیە كە لاكلاو و شانتاڵ مۆفە، باسی دیموكراسیی ڕادیكاڵ دەكەن تاكو ئەم ئەنتاگۆنیزمانە بتوانن پێكەوە بژین بەبێ ئەوەی سازشێكی ئۆنتۆلۆژی بكەن. 

 

پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ(positive and negative)

ئەم دوو زاراوەیە، لەمڕۆدا وەك دوو وشەی ئاسایی بەكاردەهێنرێن كە زۆرجار بارێكی مانایی ئەخلاقییان هەیە و بە مانای باش و خراپ دێن. كاتێك دەڵێین، فڵان شت پۆزەتیڤە واتە باشە، كاتێكیش دەڵێین نێگەتیڤ بیرمەكەوە واتە خراپ و سەلبی بیرمەكەوە. لە كوردییدا بۆ هەردووكیان ئەرێنی و نەرێنی دانراون كە لە سیاقی ئاساییدا دوو وشەی سادە و جوانن بەڵام لە سیاقە فەلسەفییەكاندا بەكارهێنانەكەیان ئاڵۆزتر دەبێت. لەم كتێبەدا، بەر بەكارهێنانە ئاڵۆزەكەیان دەكەوین بۆیە وا باشترە خوێنەر كەمێك خۆی لە بەركارهێنانە ڕۆژانەییەكەی پاكبكاتەوە و لانیكەم هەڵیانپەسێرێت. پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ لێرەدا بە مانای پڕ و بەتاڵ، یان پێدراو پێنەدراو یاخود شوێندار و ناشوێندار بەكارهاتوون. بۆنمونە كاتێك دەڵێین ڕیاڵ بوونێكی پۆزەتیڤی نیە، واتە ڕیاڵ خۆی گوزارشتە لە بەتاڵی، شتێكی پڕ و پێدراو و بەردەست نیە بیبینین. وشەی پۆزەتیڤ(positive)، هاوڕیشەی وشەی (position-جێگە)ـی ئینگڵیزییە و گوزارشتە لە شوێن و جێگە و پێگە. واتە هەرشتێك كە پۆزەتیڤ بوو، جێگە و پێگەیەكیشی داگیركردووە و دەتوانین بەشێوەیەكی تەجریبی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین(جێگە لێرەدا هەر جێگەیەكی فیزیایی نیە بەڵكو دەكرێت پێگەیەكی وێناكراوی زەینییش بێت). نێگەتیڤیش جۆرە بوونێكە كە لەڕێگەی نەبوون و نوقسانییەوە خۆی دەردەخات و جێیەكی جێگیری نیە. گەر پۆزەتیڤ، بۆشایی ڕووت نەبێت، ئەوا نێگەتیڤ بۆشایی ڕووتە، ئەو بۆشاییەی كە دۆخێكی وجودی و پڕ و پۆزەتیڤ بۆ ڕەگەزەكانی تر فەراهەمدەكات.

 

ڕیترۆئەكتیڤ(Retroactive)

بە مانای ئاوڕدانەوەی پاشەوپاش و ڕوولەدوا دێت. واتە بۆ ئەوەی كۆی دیاردەیەك خۆی دەربخات، پێویستی بەوەیە بكەوێتە ڕابردووەوە. واتە ئەو كاتەی كە لەناویداین، بەتەواوی لێی تێناگەین. تەنانەت ئەو كاتەی لەگەڵیداین و هاوكات بە دیاردەكە دەژین، مانایەكی ترمان بۆ دیاردەكە هەیە. بەر لەوەی پرۆسەی ڕیترۆئەكتیڤ ڕووبدات، شتەكان جۆرێكی تر دەردەكەون. تەنیا لەگەڵ تێپەڕینی هەندێك قۆناغدایە كە زیادەی تر دەچێتە سەر شتەكە و وێنەیەكی دیكە وەردەگرێت. بە مانایەكی تر، ڕیترۆئەكتیڤ نیگایەكی میكانیكی و مەنگ نیە بۆ سەر ڕابردوو، بەڵكو لەگەڵ ئاوڕدانەوەكەدا گۆڕان بەسەر وێنای ڕابردووشدا دێت. زۆرجار شتێك وەك ڕێكەوت ڕوودەدات، بەڵام پاش تێپەڕینی كات، دەبێتە زەروورەت. واتە گەر ڕیترۆئەكتیڤانە و پاشەوپاش سەیری بكەین ئەوا بووە بە زەروورەت و یاسا و ڕێسای خۆی درووستكردووە. ئەمە لە پانتایی ڕەمزیی مرۆڤدا زۆر ڕوودەدات، سەرەتا شتانێك وەك هەڵە و خەلەل و ڕێكەوت ڕوودەدەن بەڵام دواتر گەر ڕیترۆئەكتیڤانە لێی بڕوانین ئەوا شتەكە بووەتە خاوەنی جۆرێك لە لۆژیكی خۆی كە پانتایی ڕەمزی پێی بەخشیوە. ئێمە لەئێستادا نازانین چ كاریگەرییەكمان لەسەر ڕابردوو یان داهاتوو هەیە، چونكە لەناو بوونبە و صەیروورە و گەشتێكی ڕەمزییداین. ئەوە دواتر كە ئەم ساتانەی ئێستا مانای تر وەردەگرن و لەكۆدا دەخوێنرێنەوە. وەك بڵێی هەنوكە ئێمە لەناو سیناریۆیەكی گەورەترداین و بكەرێكی نا-بكەرین.

 

سەمپتۆم(Symptom)

وشەكە لە نەریتی پزیشیكییدا بە مانای نیشانەی نەخۆشی دێت. واتە هەر نەخۆشییەك نیشانەیەكی نەخۆشیی هەیە بۆ ئەوەی بناسرێتەوە. بەڵام لەم كـتێبە و لە زۆرێك لە بەرهەمەكانی لاكانیشدا لەم مانایە تێدەپەڕێت. پێشتر بەرامبەر بە سەمپتۆم، «نیشانەی نەخۆشی»مان داناوە؛ بەڵام لێرەدا سەمپتۆممان داناوە كە ئەویش كۆمەڵێك هۆكاری هەیە لەوانە: لێرەدا چەمكەكە ڕەهەندی تر وەردەگرێت و لەو وێنە باوە تێدەپەڕێت كە (نیشانەی نەخۆشی) هەڵگرێتی. دانانی «نیشانەی نەخۆشی» لەم دەقەدا ئەو كێشەیە درووستدەكات كە ڕەنگە وێنەیەكی تر درووستبكات و خوێنەر خەیاڵی بەلای نیشانە باوەكەی نەخۆشییدا بڕوات(ئەوەی كە بۆ نمونە ڕەنگی زەرد نیشانەی نەخۆشیی زەردووییە). سەمپتۆم هەم نیشانەی نەخۆشی دەگەیەنێت، هەم میتافۆرە بۆ جێگۆڕكێی شتەكان لەگەڵ یەكتردا. سەمپتۆم هەم ڕوویەكی چەمكییانەی هەیە، چونكە وشەكە لە زمانە خۆرئاواییەكاندا ڕیشەی هەیە؛ هەم كورت و تەمومژاوییە و دەتوانێت ئەو هەموو ڕەهەندە لە خۆبگرێت كە پێی بەخشراوە. لاكان لە ژیانی فیكریی خۆیدا دوو ئەرك بەم چەمكە دەدات. لە یەكەمیاندا سەمپتۆم دەبەستێتەوە بە نەزمی ڕەمزییەوە، لە دووەمیشیاندا دەیبەستێتەوە بە ڕیاڵەوە و فۆنەتیكی وشەكە دەگۆڕێت بۆ سینتۆم. گەر سەمپتۆم لە یەكەمیاندا قابیلی تەفسیر بێت و دەلالەت لە شتێك بكات، ئەوا لە دووەمیاندا و لە سینتۆمدا دەلالەت لە هیچ ناكات. گەر سەمپتۆم خۆی جۆرێك لە ڕەمز و زمان و دەلالەت بێت، ئەوا سینتۆم ڕاستەوخۆ زمان و دەلالەتی نیە بەڵام بزوێنەری زمان و دەلالەتە. سەمپتۆم بە مانا پزیشكییە تەقلیدییەكە ئاماژە بۆ نەخۆشییەكی شاراوە و قووڵ ناكات، بەڵكو لە فۆرمی خۆیدا نەخۆشییەكەشی هەڵگرتووە. واتە نەخۆشی و نیشانەی نەخۆشییەكە دوو شتی لێكدابڕاو نین بەڵكو هەردووكیان لە سەمپتۆمدا كۆدەبنەوە و دەلالەت لە پێكهاتەیەكی گرنگی سوبێكت دەكەن. سەمپتۆم(سینتۆمیش) بریتییە لە حەقیقەتی سوبێكت، حەقیقەتی نەخۆشەكە. چونكە ئەگەر سوبێكت و نەخۆشەكە بە گشت(كل) دابنێین، ئەوا سەمپتۆم ڕۆڵی بەش(جزء) دەگێڕێت. بەش وەك سەروەتێكی گرنگی سوبێكت وایە. واتە كاتێك سەیری سەمپتۆمەكەمان دەكەین، ئەوا بۆ ئەوە نیە نەخۆشییەك بدۆزینەوە بەڵكو خودی بوونمان لەو سەمپتۆمەدا چڕبووەتەوە. گەرچی سەمپتۆم وەك نامەیەك وایە و دەبێت بیكەینەوە و بوونی خۆمانی تیا ئەزموونبكەین، هاوكات چێژێكیشی تیایە. هەركات سەمپتۆم داشكێنرا، سوبێكت یان دیاردەكەش تیادەچێت.

 

دیالەكتیك(dialectics)&ئاوفهیبونگ(aufhebung)

نابێت ئەم زاراوەیە تێكەڵ بە دیالێكت(شێوەزار) بكرێت بەڵكو مانایەكی فەلسەفیی درێژخایەنی هەیە لە مێژووی فەلسەفەدا. دیالەكتیك هەر لە فەلسەفەی كۆنی یۆنانەوە باسكراوە و گەشەی پێدراوە، بەڵام لە هیگڵدا لەوە دەردەچێت میتۆدێكی ڕووتی فەلسەفی بێت و لەڕووی ناوەڕۆكەوە ئاڵۆزیی تایبەت بە خۆی وەردەگرێت و پێی وایە بونیادی مێژوو خۆی دیالەكتیكییە. لە فەلسەفەی یۆناندا، كارەكتەری سوقرات لەڕێگەی دەرخستنی ناكۆكیی قسەكانی بەرامبەرەوە، دەگاتە ئەنجام/حەقیقەت. واتە دیالەكتیك هونەرێكی گفتوگۆ و دیبەیت بووە، دواتر لاكان ئەم دایالۆگە لێڵ و پڕگرژییە وەردەگرێت بۆ پەیوەندیی نێوان نەخۆش/دەروونشیكار تاكو لەڕێگەی قسەكردنی ئازادەوە نەخۆشییەكە بناسێت. عادەتەن لە دیالەكتیكیدا سێگۆشەیەك هەیە كە بریتییە لە تێز و ئەنتی تێز و سەنتێز. یەكەم و دووەم دژی یەكتر دەوەستنەوە تاكو سەنتێزی سێیەم یان تێهەڵكێشێك درووستكەن و دوو دژەكە یەكبگرن. ئەدۆرنۆ چەمكی دیالەكتیكی نێگەتیڤ زەقدەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەم سەنتێزە بەردەوام بێت و دیالەكتیك لە دۆخێكی پڕ و پۆزەتیڤدا نەوەستێت. پێش هیگڵ ئەو بۆچوونە زاڵبوو كە دوو شتی دژ كۆنابنەوە، بەڵام لەپاش هیگڵەوە دوو دژ دەتوانن لە سەنتێزێكدا كۆببنەوە، گەرچی ئەم كۆبوونەوەیە هەڵگری گرژیی تایبەت بەخۆیەتی و ڕەنگە سەربكێشێت بۆ تێز و ئەنتی تێزی نوێتر.

بەپێی دیالەكتیك دیاردەكان لە دەرەوەی مێژووەوە نین، بەڵكو ملكەچی كات و مێژوون. واتە دیاردەكان دەجووڵێن و دەگوزەرێن. هەروەها دیاردەكان دەتوانن دژی خۆیان بوەستنەوە و بگۆڕێن، یان هەر دیاردەیەك ڕەگەزێكی دژبەخۆی تیایە و لەڕێگەی ئەو دژایەتییەوە بەسەر خۆیدا زاڵدەبێت و وەردەچەرخێت. لێرەشەوە بازدەدەن و دەچنەسەرەوە كە هاوكات گەڕانەوە و ڕیترۆئەكتیڤ و پچڕانیشی تیایە. لە ماركسیزمدا دیالەكتیك لەشێوەی چینی پرۆلیتار/سەرمایەداردا ئیشدەكات و وەك دوو دژ ململانێكە دەچێتەسەرەوە بۆ كۆمەڵگای كۆمۆنیستی و لەوێدا ململانێكە كۆتاییدێت(چونكە پێشتر چینی پرۆلیتاریا وەك دژێك لەهەناوی سەرمایەدارییەوە هاتووەتە دەرەوە). لە دیالەكتیدا قۆناغی پێشوو بەتەواوی ناسڕدرێتەوە بەڵكو بەشێوەیەكی نوستوو و ناتەواو لە قۆناغی دواتریشدا ئامادەگیی دەبێت. بۆیە هەر قۆناغێكی دیالەكتیكی لە یەك كاتدا هەم نەفییە هەم بڵندبوونەوە و چوونەسەرەوەش. هیگڵ بۆ ئەمە چەمكی ئاوفهیبونگ بەكاردەهێنێت كە لەم كتێبەشدا چەندجارێك بەریدەكەوین. گەر هیگڵ دیالەكتیكی لە مێژوودا دۆزیبێتەوە، ئەوا لاكان لە پرسی ئارەزوو و ئەویتری گەورەدا ئیشی لەسەر كردووە. لای ژیژەك گەرچی دیالەكتیك ڕەهەندی زۆری وەرگرتووە، بەڵام بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر نەشێوێت ئەوا وا باشترە بە مانا سادەكەی وەربگیرێت. ژیژەك زۆرجار دیالەكتیك وەك پەیوەندیی دوولایەنە و دژكارانەی دووشت وەردەگرێت كە لە نیگای یەكەمدا بۆ ئێمە دەرناكەوێت. واتە دووشت كە ئێمە هەستناكەین پەیوەندییان بەیەكترەوە هەبێت بەڵام ژیژەك ئەو پەیوەندییە و چۆنیەتیی پەیوەندییەكەشیان دەدۆزێتەوە.

 

میدیۆم(medium)

بە مانای نێوانگر و ناوەندگیر دێت، ئەو شتەی كە دوو شت یان چەند شتێكی تر دەگەیەنێت بەیەكتری. مەرج نیە میدیۆم هەمیشە لە دەرەوەی دیاردەكانەوە بێت، بەڵكو دیاردەكان خۆیشیان دەتوانن ببنە میدیۆم و نێوانگری خۆیان. نێوانگر بەشێكە لە پرۆسەی دیالەكتیك و گەر ئەم نێوانگرە هەڵبگرین ئەوا تووشی فیكری میتافیزیكی دەبین. چونكە لە میتافیزیكدا نواندنەوە و ئاوێنەیەكی ڕاستەوخۆ هەیە، نەك میدیۆمداری و نێوانگری. بۆنمونە لە ئاستە سادەكەدا، خودا ناتوانێت ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ مرۆڤدا بكات و پەیامبەرێك بۆ ئەم ئەركە دیاریدەكات. واتە پەیامبەر، جۆرێكە لە میدیۆم. لە كتێبەكەدا، جاروبار لەپاڵ دەربڕینی بێ-میدیۆم و بێ-نێوانگردا، وشەی "ڕاستەوخۆ"ش دانراوە تاكو وێنەكە زووتر بگات. هەركات میدیۆم نەبێت ئەوا ڕاستەوخۆ ئەزموونی شتەكان دەكەین. هیگڵ كە سەرچاوەیەكی سەرەكیی فیكری ژیژەكە، نێوانگری بە مەرجێكی سرەكیی فیكر و بیركردنەوە دەزانێت.

 

پارادۆكس(paradox)

كۆبوونەوەی دوو شت یان دوو خەسڵەتی ناكۆك یان كۆبوونەوەی دژیەكییەك لە چركەساتێكدا. پارادۆكس، لە بیركاری و زانستەكان و لۆژیكدا بەكاردێت. پارادۆكس جۆرێكە لە لادان لە دەربڕین و گوزارە باوەكاندا. ڕەهەندێكە گرفت بۆ وێناكردن درووستدەكات، بەڵام قابیلی وێناكردنیشە. بۆنمونە پۆشتەی ڕووت، بارانی وشك، تاریكییەكانی ناو ڕووناكی و هتد. لە كتێبەكەدا، پارادۆكس هەر بەو مانا سادەیە بەكارهاتووە كە لە نوسیندا بەگشتی بەكاردێت. كاتێكیش وشەكە بووە بە ئاوەڵناو(سیفەت) ئەوا بە دوو شێوە بەكارهاتووە: پارادۆكسانە، پارادۆكسیكاڵ. پارادۆكس، شتێكی پووچ نیە بەڵكو زۆرجار مەرجیی ناوەكیی ڕاستی و حەقیقەتیشە.

 

بەش و گشت (Universal&particular)

بەش(جزء) لە گشت(كل) بچوكترە، و هەر گشتێك لە كۆمەڵێك بەش پێكدێت. واتە بەش سادە و ساكارە و گشت ئاڵۆزە و لە كۆمەڵێك بەش پێكدێت. بۆنمونە ئەگەر مرۆڤ بریتی بێت لە گشت، ئەوا من و تۆ و ئەو بریتیین لە بەش" واتە بەش بریتییە لە یەكە كۆنكرێتییە جیاجیاكان. گەر حیزب گشت بێت، ئەوا ئەندامەكانی بریتیین لە بەش. بەش ناتوانێت گشت هەڵبگرێت، بەڵام گشت دەتوانێت بەش هەڵبگرێت. بۆنمونە، حیزب ئەندامە، درووست نیە؛ بەڵام ئازاد مرۆڤە درووستە، چونكە ئازاد «بەش»ێكە لە «گشت»ـی مرۆڤ. پەیوەندیی نێوان بەش و گشت هەمەڕەنگ و جۆراوجۆرە. بەش لە فیكری نوێدا ڕۆڵێكی زیاتر و كاریگەرتری هەیە بەراورد بە گشت. بۆنمونە، شتە بەشەكی و پارچەكییەكان دەتوانن چارەنووسی گشت بگۆڕن. تەنانەت لە دەروونشیكارییدا، ئەندامێكی بەشەكی دەتوانێت وەك ئۆبێكتێكی پارچەكی، ڕۆڵێكی سەنتراڵ ببینێت. بەشێك لە لەشی بەرامبەر، گشتێتییە سێكسییەكەی بەرامبەر پێناسەدەكات. زۆرجار بەش دەتوانێت گشت بنوێنێتەوە. یان بەشێك لە بەشەكان دەتوانێت ئاراستەی گشت دیاریبكات. ژیژەك لە شوێنی دیكەدا بەپێی هاوكێشەی بەش و گشت، جیاكاری دەخاتە نێوان ڕوانینی ماركسیزم و لیبراڵیزمەوە بۆ كۆمەڵگا. لای ماركسیزم(بەتایبەت بەپێی ژاك ڕانسێر)، بەش دەتوانێت گشت بنوێنێتەوە و پیشانیبداتەوە. بۆنمونە سواڵكەرەكان دەتوانن وەك بەشێك، نوێنەرەوەی گشت كۆمەڵگا بن. واتە سواڵكەر وەك بەشێك لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، كۆی نەخۆشی و نوقسانی و ناعەدالەتییەكانی كۆمەڵگاكە و سیستەمەكە دەنوێنێتەوە. سواڵكەر لێرەدا پاشماوەیەكی پاسیڤ و بچوك نیە بەڵكو چڕبوونەوەی كۆی كێشەكانی كۆمەڵگایە و لەماندا دەركەوتووە. بەڵام لە تێڕوانینی لیبراڵیزمدا، بەش ئەم ڕۆڵەی نیە و بریتییە لە پارچەیەكی ناچیز و بچوك و پشتگوێخراوی كۆمەڵگا و گرفتەكە لە بەشەكە خۆیدایە نەك كۆی كۆمەڵگاكە و گشتەكە و سیستەمەكە. هاوكێشەی بەش و گشت لە زانستەكاندا، بەتایبەت لە فیزیادا ئیشی زۆری لەسەر كراوە.  

 

به‌شت‌بوون(reification)

واتە ببیت بە شت، پەیوەندییەكان و كۆپەیوەندییەكانت وەك مرۆڤ دابەزێت بۆ ئاستی شت و شمەك. واتە كاڵا و شت و شمەك تەنیا بابەتی مادی نین بەڵكو بەناو پەیوەندییە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگادا پەخشدەبنەوە و بەهاكانی كۆمەڵگا دەبنە بەهای شتئاسا. هەمووشت دەكەوێتە ژێر كاریگەریی پەیوەندییە شتئاسا و كاڵاییەكانەوە و جەوهەرێكی پارێزراو لە كاڵایان بۆ نامێنێتەوە. ماركس ئەم ئایدیایەی داڕشتووە و جۆرج لۆكاچ پەرەی پێداوە. لە پرۆسەی بەشتبووندا كە تەواوی كۆمەڵگا دەگرێتەوە. هەموو چالاكییە مرۆییەكان دەكەونە دوای بەهای كاڵاییەوە و لە مرۆڤ نامۆدەبن و ناواخنەكەیان پڕدەبێت لە بەهای پارە. وەك دەوترێت، بەشتبوون پرۆسەیەكی گەشەسەندووتری نامۆبوونە كە ماركس پێشتر باسیكردووە. بە دەربڕینێكی تر، هەموو چالاكییە مرۆییەكان، بە نێوانگری پارە درووستدەبێت و لەناو تۆڕی سەرمایەدا درووستدەبێت. لە سیاقی ئەم كتێبەدا، ژیژەك بە كۆمەكی دەروونشیكاریی لاكانی، پێی وایە تەنانەت شتەكان لەجێی ئێمە باوەڕدێنن و ئێمە بەپێی ئەو گریمانە دەروونییە ئایدۆلۆژییە دەجووڵێینەوە كە شتەكان لەجیاتیی ئێمە باوەڕیان هەیە.

 

پەرەسەندنگەرایی(Evolutionism)

ئەم تیۆرە لە داروینیزمەوە هاتە ناو كایەكانی تر و بەتایبەت فەلسەفە و فەلسەفەی سیاسییشەوە. لای داروین، بوونەوەران لە پەرەسەندن و ئاڵۆزبووندان و هەر بوونەوەرێك بتوانێت زیاتر خۆی لەگەڵ ژینگەكەیدا بگونجێنێت ئەوا چانسی مانەوەی زیاترە. بەپێی پەرەسەندن، گەشەی ئۆرگانی لەسەر ڕاستەهێڵێك دەڕواتەپێشەوە. لە تیۆری ماركسیزمیشدا، پەرەسەندنگەرایی بەو ڕاستەهێڵە مێژووییە دەوترێت كە گوایا مێژووی لەسەر دەڕوات. واتە مێژوو وەك پەرەسەندن و پێشكەوتن سەیردەكرێت نەك لادان و گەڕانەوە و دابڕان. لە كتێبەكەدا لەڕێگەی هەندێك تێزی بنیامینەوە دەربارەی مێژوو، ژیژەك ڕەخنەی تیۆری پەرەسەندنگەرایی ستالینی دەكات و پێی وایە مێژوو ئەو گەشە میكانیكییە ڕاستەهێڵە نیە و پەیوەندییەكی پێچاوپێچ لەنێوان ئێستا و ڕابردوو و داهاتوودا هەیە.

 

بیرۆكراسیەت(bureaucracy)

لەو چەمكە زۆر بەكارهاتووانەیە كە لە فیكری مۆدێرن و بەتایبەتیش چەپدا ئاماژەی بۆ دەكرێت. هەر زاراوەیەك سەرەتایەكی كرچوكاڵی هەیە و پاشان ڕەهەندی دیكە وەردەگرێت و مانا و مەدلولەكانی دەوڵەمەند دەبێت. بیرۆكراسیەت سەرەتا وەك لە وشەكەشدا دیارە، بە مانای ئۆفیس و مێزی كاركردن و زاڵبوونی ئەم ئیدارە و ئۆفیسە دێت لە دونیای مۆدێرندا. واتە ئیدارەكردنی ژیانی مرۆڤ لەڕێگەی دەزگا و ماشێنەوە ئاڵۆزكراوە و ئەمەش شوێنەواری سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژیی لەسەر كۆمەڵگا دەبێت و مرۆڤ وەك مرۆڤ/تاكەكەسێكی كۆنكرێتی تاڕادەیەك كۆتاییدێت. لە بیرۆكراسیەتدا، جۆرێك لە عەقڵانیەتی ئامرازی زاڵە و پسپۆڕییەكان جیاكراونەتەوە و پێگە و شوێنگە جێی مرۆڤە «ڕاستەقینەكە» دەگرنەوە كە لەپێش مۆدێرنەدا هەبوو. لە بیرۆكراسیەتی مۆدێرندا، مرۆڤ تووشی بەشتبوون دێت و لە خۆی نامۆدەبێت. مرۆڤ دەبێت ئەو ماشێنە زلە بباتەڕێوە كە ناوی ئیدارەی بیرۆكراسییە و كاتێكیش مەسەلەكە دێتە سەر بەرپرسیاری ئەوا بەرپرسیارییە ئەخلاقییە كلاسیكەكە لەناودەچێت. بۆنمونە لە پرۆسەی كیمیاباراندا، عەلی كیمیایی بەشێك بوو لە بیرۆكراسیەتی دەوڵەتی عێراقی. كاتێك ڕادەسپێردرێت خەڵكی كورد كیمیاباران بكات، وەك تاكەكەسێك نایكات بەڵكو خۆی بە فەرمانبەرێكی ناو ئەو بیرۆكراسییە دەزانێت بۆ ئەوەی ئەركەكە ئەنجامبدات. هەر لەبەر ئەمەشە كە لە دادگاییەكانی ئەنفالدا، نكۆڵییان لەوە دەكرد تاوانێكی شەخسییان ئەنجامدابێت و تاوانەكەیان وەك فەرمانێكی ئاسایی دەوڵەت باسدەكرد.