A+    A-
(2,483) جار خوێندراوەتەوە

 بۆچوونى هیگڵ دەربارەى «گەپە ئۆبێکتیڤەکە»ـى ترەمپ

 

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. وەلید عومەر

 

 

 

ژیژەک لەم نوسینەدا سود لە ڕەخنەکەى هیگڵ دەبینێت دژى بۆچوونى ڕۆمانتیکەکان دەربارەى گەپ و ئایرۆنى. ڕۆمانتیکەکان(ڕۆمانسیزم) لە سەدەى هەژدەدا هەم ژیانیان وەک ئایرۆنى دەبینی, هەم ئایرۆنیشیان وەک کەرەستەیەکى ڕەوانبێژى بەکاردەهێنا. ئایرۆنى, جۆرێکە لە ئاوەژووبوونەوە و ناکۆکى لە دەربڕیندا. جۆرێکە لە پێچلێدان و ناکۆکیى ئەنقەست لە دەربڕیندا کە ماناى بنچینەیى شتەکە ناڵێیت. ئایرۆنى لاى سوقرات, خۆنواندن بوو بەوەى نازانیت تاکو نەزانیى بەرامبەرەکەت بەرامبەر پرسێک دەرخەیت. لاى ڕۆمانتیکەکانى کۆتایى سەدەى هەژدەى هاوسەردەمى هیگڵ, ئایرۆنى بە ماناى ناکۆکى دەهات لەنێوان مرۆڤ و سرووشتدا کە بوونێکى کۆتادار کەوتووەتە بەرامبەر بوونێکى ناکۆتاوە و ناتوانن یەکبگرنەوە. لاى هیگڵیش ناکۆکى, یان نەفیى نەفى, بنەماى دیالەکتیکە و دیالەکتیک بە سرووشتى خۆى ئایرۆنییانە ئیشدەکات. گەپ و ئایرۆنى لاى هیگڵ لە سوبێکتەوە بەرەو ئۆبێکت و جیهان دەکشێت و دەکرێت جیهان لەڕێى فیگەرێکەوە بکەوێتە گەپکردن. لەم وەرگێڕانەدا گەپ بەرامبەر بە (humor)ـى ئینگڵیزی هاتووە و هاوکات ئاماژەشە بۆ چەمکە فیکرییەکەى ئایرۆنى(irony). گەر لەڕواڵەتدا گەپ ‌شتێکى ڕۆژانەیى و بەشەکى بێت ئەوا ئایرۆنى بنەڕەتییتر و تیۆرییتر و گشتەکییە. ژیژەک وەکو یەک وەریگرتوون و گەپى تا سەر چەمکى ئایرۆنى درێژکردووەتەوە و لەبرى یەکتر بەکاریهێناون. هەروەها ئاوەڵناوى (ئۆبێکتیڤ-Objective) لە ناونیشانى نوسینەکەدا واتە بابەتى, دەرەکى, ناشەخسى. سوبێکتیڤ ڕووبەرى شەخسیى مرۆڤ دەگرێتەوە و ئۆبێکتیڤ ئەو ڕووبەرەى دەرەوەیە کە شتەکان و دیاردەکان و جیهانى تیایە. ژیژەک دەیەوێت گاڵتەوگەپە سوبێکتیڤ و شەخسییەکانى ترەمپ وەک گوزارشتێک لە دۆخى بابەتى و دەرەکیى جیهان وەربگرێت و لە قۆشمەییەکى شەخسى دەریبکات. ژیژەک کە بەردەوام بایەخ بە ڕوانینێکى گشتگیرانەى هیگڵى دەدات بۆ بینینى شتەکان, لێرەشدا ترەمپ دەخاتەوە ناو ماترێسێکى گەردوونى و جیهان بە نێوانگریى ترەمپ خۆى دەنوێنێت. سەرنجێک کە بۆ سەر نوسینەکەى ژیژەک زیادیکەین ئەوەیە ئەو گەپجاڕییەى هەموان گرتوویانەتە بەر, هەرچەندە نواندنەوەى جیهان بێت بە ڕووى خۆیدا, ئەوا جۆرێک لە ناچارییش پیشاندەدات. هەموان کە نوکتە لەسەر ترەمپ درووستدەکەن, دەشزانن ئەمە جۆرێکە لە بێدەسەڵاتى. وەنەبێت خەڵک لەمە تێنەگات. بەڵام خەڵک عادەتەن لە شوێنێکدا و بۆ جارێک یان دووان ڕووى حەقیقیى شتێک دەبینن و ئەوە بیریار و تیۆریستە کە جیهان لە کۆدا و لە هەموو ساتە پێکەوەبەستراوەکاندا دەخوێنێتەوە. جیهان بەر جۆرێک لە نەفیى پووچەڵ دەکەوێت بەرامبەر بە خۆى و گەپ و ئایرۆنییش قوتبوونەوەى ئەم نەفییەیە. بەروارى بابەتەکە بۆ ٢٠١٨ دەگەڕێتەوە, بەڵام ترەمپ تادێت گەپوگاڵتەکانى خۆى کامڵدەکات و تادێت خۆى ڕۆڵى خۆى زیاتر دەنوێنێت. (و).

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

دەتوانین لە هیگڵەوە چى دەربارەى ترەمپ و ڕەخنەگرە لیبراڵەکانى, فێربین؟ ڕەنگە سەیر دەرکەوێت, بەڵام زۆر شت. هیگڵ لە شرۆڤە ڕەخنەییەکەى خۆیدا دەربارەى «ئایرۆنی»ـی ڕۆمانتیک, بەتوندى ئایرۆنى وەک مەشقى نەفییەکى بەتاڵ ڕەتدەکاتەوە؛ وەک سوبێکتیڤیتەیەکى پووچ کە خۆى بە باڵاتر دەزانێت لە هەر جۆرە ناوەڕۆکێکى دەرەکى و ئۆبێکتیڤ, و گاڵتە بە هەموو شتیش دەکات [وەک بکەرێک کە سنورەکانى خۆى نابڕێت و جیهان بابەتێکە بۆ تەوس و توانج]. جۆرێک لە «گەپ کە لێرەولەوێ هەموو شت بۆ خۆى دەخاتەگەڕ تاکو قۆشمەیى شەخسیى قسەکەرەکە پشتڕاستبکاتەوە». «هونەرمەندەکە خۆى دەبێتە کەرەستەى سەرەکیى بەرهەمە هونەرییەکە و سەرەنجامیش چالاکییە سەرەکییەکەى ئەو دەبێتە ئەوەى کە, بەیارمەتیى هێزى چەمکە زەینییەکان و درەوشانەوە فیکرییەکان و شێوازە بەرچاوەکانى تەفسیرکردن, هەر شتێک کە دەیەوێت دەرەکى‌ببێتەوە و هەوڵدەدات فۆرم و شێوەیەکى[1] تۆکمە لە واقیعەوە بۆ خۆی بەدەستبێنێت یان وادەردەکەوێت پێشوەخت خاوەنى شێوەیەکى لەم جۆرەیە لە دونیاى دەرەوەدا, وێرانبکات و هەڵوەشێنێتەوە[2]».

ئەمڕۆ بەئاسانى دەتوانین هەمان هێڵ لەو ڕۆشنبیرە پۆستمۆدێرنانەشدا بەدیبکەین کە بە وەسواسەوە خەریکن هەر جۆرە دەزگا یان بەهایەکى جێگیرى کۆمەڵایەتى هەڵدەوەشێننەوە[3]. کەواتە هیگڵ چ شتێک دەخاتە بەرامبەر ئەم ئایرۆنییە پووچەوە؟ وەک باوە دیدى هیگڵ بە دیدێکى کۆنەپارێزانە سەیردەکرێت: لەجیاتیى ئایرۆنیى ئەنارشییانەى هەڵتەکێنەرى ڕۆمانتیکەکان, دەبێت جەخت لەسەر پرسى چاکە[4] و پرسى حەقیقەت[5]ـی نوستووى ناو دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان بکرێتەوە, واتە جەخت لەسەر ناوکە عەقڵانییەکەى [ناو ئادابە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگاى مرۆیى بکرێتەوە]. بەڵام هیگڵ زۆر لەوەش تەمومژاویترە کە لێرەدا دەردەکەوێت. بنەماى سەرزەنشتکردنەکەى هیگڵ دەرهەق بە "گەپى شەخسى و سوبيکتیڤ[6]" ئەوە نیە کە گوایە ئەم گەپە بەهۆى بە ھەند وەرنەگرتن و ڕێژەییکردنەوەى ناوەڕۆکە ئۆبێکتیڤەکەوە لەناویدەبات, بەڵکو بە دیدى ئەو ئەم پێگە ئایرۆنییە هەڵتەکێنەرە خۆى لەڕاستییدا تەواو بێ‌توانا و خەسیوە. ڕاستییەکەى هەڕەشە لە هیچ ناکات, ئیشەکەى تەنیا ئەوەیە وەهمى ئازادییەکى ناوەکى و باڵادەستى ببەخشێتە کەسى گەپجا‌‌ڕ. کاتێک مرۆڤەکان لە تۆڕى کۆن و دزەتێنەکراوى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا گیردەخۆن, ئەوا تاکە ڕێگە بۆ دەربڕینى بکەرێتى و سوبێکتیڤیتەیان بریتییە لە پەنا و قوژبنى ئەو نوکتانەى کە بەحسێب باڵادەستییە ناوەکییەکەیان پیشاندەدات دەرهەق بە دۆخەکە.

پیشنیارى هیگڵ لەبەرامبەر ئایرۆنیى شەخسیی ڕۆمانتیک‌دا, ئایرۆنییەکى ئۆنتۆلۆژیى چەندقات ڕادیکاڵترە, ئایرۆنییەک کە ئاماژەیە بۆ قووڵایى "دیالەکتیک". هیگڵ لەبارەى "دیالەکتیکى سوقراتى"یەوە دەڵێت: «ئایرۆنى و [خۆگێلکردن]ـى سوقراتییانە, وەک هەموو دیالەکتیکەکانى تر, هێز بەو شتە دەبەخشێت کە هەیە(لە ئاستى ڕاستەوخۆدا), بەڵام تەنیا لەو پێناوەدا کە ئەو هەڵوەشانەوە ناوەکییەى تێیدایە ‌ڕووبدات و بێتەدەرەوە, ڕەنگە بتوانین بەم ئایرۆنییە بڵێین ئایرۆنى گشتەکى و گشتگیرى جیهان[7]». ئامانجى دیدى دیالەکتیکى کە دژایەتى و ئەنتاگۆنیزم بە زاتى واقیع دادەنێت, بریتى نیە لە نەفیکردنى کارکردى واقیع؛ بەڵکو لێدەگەڕێت واقیع هەر ئەوە بێت کە هەیە(یان هەر ئەوە بێت کە بانگەشەى بۆ دەکات), لێرەوە لە خودى خۆى جدیتر وەریدەگرێت و لێدەگەڕێت واقیع خۆى خۆى‌لەناوببات. ئەم ئایرۆنییە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئایرۆنییەکى ئۆبێکتیڤ و دەرەکییە, بۆیە جێى سەرسوڕمان نیە کە لە پارچەنوسینێکى کورتدا(بەداخیشەوە پەرەپێنەدراو) هیگڵ لەبەرامبەر «گەپی سوبێکتیڤ»دا ئەو شتە پێشنیاردەکات کە پێى‌دەوترێت «گەپى ئۆبێکتیڤ».

کاتێک «ئەو شتەى لە گەپدا گرنگە ئۆبێکتى گەپەکە و پێکهاتەبەندییەکەیەتى لە ڕەنگدانەوە شەخسییەکەیدا, ئیدى ئەوسا ئێمە لەم ڕێگەیەوە وردەوردە دەستمان بە جۆرێک لە ئولفەتى هەڵکشاو دەگات لەگەڵ ئۆبێکت‌دا, جۆرێک لە گەپى ئۆبێکتیڤ [و ناشەخسى]...فۆرمى مەبەست لێرەدا تەنیا ئەو کاتە خۆى دەردەخات کە قسەکردن دەربارەى ئۆبێکت لە ناوهێنانەکەیدا کورتنەبێتەوە, وەک نوسراو یان وتەیەکى وەرگیراو نەبێت کە دەربارەى ئەو ئۆبێکتە شتى گشتى بڵێت. فۆرمى مەبەست تەنیا ئەو کاتە دەردەکەوێت کە سەرەڕاى ئەمانە هەستێکى قووڵ, قۆشمەییەکى دڵنشین, تێڕامانێکى داهێنەرانە, و بزووتنێکى هۆشمەندانەى خەیاڵکردن لەئارادا بێت کە هەروەکو شیعر گیان بە بەر وردترین وردەکارییەکاندا بکاتەوە و فراوانیشى‌بکاتەوە[8]».

لێرەدا سەروکارمان لەگەڵ گەپێکدایە کە لەڕێگەى تەرکیزەوە لەسەر ئەو وردەکارییە گرنگانەى تەعبیرن لە نیشانەى نەخۆشییەکە(سەمپتۆمەکە), نایەکانگیرى و ناکۆکیى ناوەکیى سیستەمە باڵادەستەکەى ئێستا دەردەهاوێژێت. بۆچى نەشێت لەم ئاماژانەوە بگەینە سەر ئەو ئایدیایەى کە ‌ڕێگەى تێپەڕین بەناو کۆیەتیى کۆمەڵایەتی[9]دا بریتییە لەو ئەنتاگۆنیزمانەى کە ئاوەژووبوونەوەى هەزەلى[10] بەرهەمدێنێت؟ ئازادى وەردەگەڕێت بۆ تیرۆر, سەرڕاستى وەردەگەڕێت بۆ مەرایى: ئاخۆ ئەم ئاوەژووبوونەوانە سەر بە فێڵى عەقڵ[11] نین؟ ئاخۆ دەتوانین نمونەیەکى ترسناکتر لە «گەپە ئۆبێکتیڤەکە»ـى ستالینیزم وێنابکەین, لە ئاوەژووبوونەوەى هەزەلیى هیوا ڕزگاریبەخشە گەورەکانەوە بۆ تیرۆرى توندوتیژانەى خۆوێرانکردن؟ ئاخۆ بەم مانایە, ستالین بە جۆرێک لە جۆرەکان گەورەترین "گەپجاڕ"ـى سەدەى بیست نەبوو؟ لە سەردەمى خۆیشماندا, ئازادیى تاکەکەسییانەى هەڵبژاردن(ـى کاڵا و بژاردە وەهمییەکان), لە گەپێک زیاتر چیى ترە کە حەقیقەتەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دۆخى کڵۆڵى کرێکارە بێ‌گەرەنتی‌یەکان؟ [ئازادییەکەمان, گەپ و نوکتە و ناکۆکییەکە لە جیهانەکەماندا]. بەو پێیەى کە گەورەترین دەسکەوتى کەلتوریى سەردەمى ستالین نوکتەى سیاسى بوو, مرۆڤ ڕاڕا دەبێت جارێکى تر قسە بەناوبانگەکەى برێخت داڕێژێتەوە: کاتێک سیاسەتى ستالینى خۆى نوکتەیەکە, ئیتر باشترین نوکتەى دژەستالینى توورێکى قوڕاوى دێنێت؟ یان, ئا لەم سەردەمەى خۆمانەوە ڕەنگە بتوانین بڵێین: کاتێک سیاسەتى واقیعیى ترەمپ خۆى نوکتەیەکە, باشترین نوکتەى دژەترەمپ توورێکى قوڕاوى ناهێنێت. بیهێننەوە بیرى خۆتان کە چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆمیدیکارێک دەیویست لەسەر بنەماى وتە و تویت و بڕیارەکانى ترەمپ بەرنامەکەى خۆى بەسەر سەکۆوە پێشکەشبکات. ئەودەم ئەم گەپە وەک شتێکى ناواقیعى و زیادەڕۆ دەردەکەوت [بەڵام دواتر خۆى پەرەى بە گەپەکانى خۆى دا و وەک ڕێسایەکى لێ هات]. هەر لەبەر ئەمەیە کە ترەمپ پێشوەخت خۆى لاسایى هەزەلییانەى خۆیەتى. چونکە واقیعى زۆرێک لە کارەکانى, چەندقات پێکەنیناویتر و قێزەونترە لە لاساییکردنەوەى کارەکانى لەلایەن ئەوانیترەوە.

ڕەخنەکەى هیگڵ دەرهەق بە گەپى شەخسى و سوبێکتیڤ, ئەمڕۆ لە هەر کاتێکى تر ڕاستتر دەردەچێت. یەکێک لە خورافەتە باوەکان سەبارەت بە ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانى پێشووى ئەورووپاى خۆرهەڵات, بریتى بوو لەوەى گوایە فەرمانگەیەکى سەر بە پۆلیسى نهێنى هەیە ئیشى درووستکردن(نەک کۆکردنەوە)ـى نوکتە و ڕەواج‌پێدانى نوکتەى سیاسییە دژى سیستەمى کۆمۆنیستى و نوێنەرەکانى, وەک‌بڵێى ئاگایان لە کاریگەریى ئەرێنى و سەقامگیرکەرى نوکتەکان بووبێت(نوکتە سیاسییەکان ڕێیەکى ئاسان و بەرگەگیراو دەخەنە بەردەم خەڵکە ئاساییەکە بۆ ئەوەى خۆیان بەتاڵبکەنەوە و نائومێدییەکەیان کەمبکەنەوە).

لە ئاستێکى تریشدا, ئەمە دەرهەق بە ترەمپ ڕاست دەردەچێت. بیهێننەوە بیرى خۆتان چەند جار هەبووە میدیا لیبراڵەکان ڕایانگەیاندووە ترەمپیان لە قافا گرتووە و ئابڕوویان پێوە نەهێشتووە(بۆنمونە ئەو کاتەى کە گاڵتەى بە دایکوباوکى ئەو سەربازە قارەمانە کرد کە لە جەنگدا کوژرابوو, یان ئەو کاتەى شانازیى بەوەوە دەکرد چیى کردووە بە ژنان و هتد). چاودێرە لوتبەرزە لیبراڵەکان تووشى شۆک هاتوون لەوەى کە هێرشە توانجدارە بەردەوامەکانیان بۆ سەر قسە بازاڕى و ڕەگەزپەرستانە و دژەژنەکانى ترەمپ, بۆ سەر قسە نادرووست و ناواقیعییەکانى, بۆ سەر هەڵیت‌وپڵیتە ئابورییەکانى و هتد, نەک هەر زیانێکى پێ نەگەیاندووە بەڵکو بگرە تۆزێک خۆشەویستتریشى کردووە. ئەوان نازانن هاوشوناسبوون[12] چۆن کاردەکات: ڕێساکە ئەوەیە ئێمە نەک تەنیا لەگەڵ خاڵى بەهێزى ئەوانیتردا هاوشوناسدەبین بەڵکو دەکرێت لەگەڵ خاڵە لاوازەکانیشیاندا هاوشوناس ببین(ڕەنگە لەسەرەتاشەوە هەروا بین). ماناى شتەکە ئەوەیە تا زیاتر گاڵتە بە لاوازییەکانى ترەمپ بکەین, ئەوا خەڵکە ئاساییەکە زیاتر لەگەڵ ترەمپدا هاوشوناسدەبن (و لەڕووى دەروونییەوە دەبنەیەکێک و لەقووڵایى ناخودئاگادا) پەلامار بۆ سەر ئەو وەک پەلامار بۆ سەر خۆیان وەریدەگرن.

کاتێک لایەنگرانى ترەمپ بەردەوام لەلاى سەرەوە و نوخبە لیبراڵەکانەوە هەست بە دیدى سوکایەتیئامێز دەکەن دەرهەق بە خۆیان, ئیدى پەیامە هەستپێنەکراوەکەى قسە بازاڕییەکانى ترەمپ بۆ خەڵکە ئاساییەکە بەم جۆرەیە: «منیش یەکێکم لە ئێوە». هەر بەو جۆرەشى کە ئالێنکا زۆپانچیچ [ـى ژنە فەیلەسوفى سلۆڤینى]یش بەپوختى دەریبڕیوە: «هەڵبژاردنى ترەمپ بەڕوونى دەریخست ئەوانەى زۆر بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن, لەپێناوى ئەوانەدا شەڕدەکەن کە زۆر دەوڵەمەندن. چەپیش هیچى لەدەستنایەت سەرکۆنە و سوکایەتى پێکردنیان نەبێت[13]». ‌‌ڕەنگە پێویستبکات ئەوەشى بۆ زیادبکەین کە چەپ خراپترین شتى کرد: «تێگەیشتن»ـەکەى بۆ پشێوى و نابینایى هەژاران "لەسەرەوە و سوکایەتیئامێز" بوو...پەتیترین فۆرمى ئەم غروورەى چەپى لیبراڵ خۆى لە کەوڵى ژانرێکى نوێى تۆکشۆ[14]سیاسى/شیکارى/کۆمیدییەکاندا پیشاندەدات(جۆن ستیوارت و جۆن ئۆلیڤەر...), ئەو بەرنامانەى کە پەتیترین دەرکەوتەى لوتبەرزیى نوخبە لیبراڵەکانن:

«بەگاڵتەگرتنى ترەمپ لە باشترین حاڵەتدا هەر ئەوەى لێدەکەوێتەوە هۆشمان لاى سیاسەتە واقیعییەکانى ئەو نەمێنێت, و لە خراپترین حاڵەتیشدا ئیشى ئەوەیە سەرلەبەرى سیاسەت بگۆڕێت بۆ مەخسەرە. ئەم پرۆسەیە هیچ پەیوەندییەکى بە پێشکەشکارى بەرنامەکە یان نوسەرەکان و هەڵبژێردراوەکەیانەوە نیە. ترەمپ کاندیدبوونەکەى خۆى لەسەر بنەماى ڕۆڵى مرۆڤێکى گەن بنیاتنا- ڕۆڵێک کە چەندین دەیە لە ئەستۆى کەلتورى عەوامدا بووە. هەر لەبنەڕەتەوە ناکرێت لاسایى هەزەلییانەى کەسێک بکەیتەوە کە خۆى لاسایى خۆیەتى و لەسەر ئەم بنەمایەش بووەتە سەرۆک کۆمارى ئەمریکا[15]».

لە بەرھەمى پێشوومدا نوکتەیەکم هێنابووەوە...نوکتەیەکى سەردەمانى خۆشى سۆسیالیزمى بنیاتنراو: «لە سەدەى پانزەدا کە ڕووسیا لەلایەن مەغۆلەکانەوە داگیرکرابوو, جووتیارێک و ژنەکەى بەسەر ڕێیەکى پڕ تەپوتۆزى ناوچەکەدا ڕێدەکەن. جەنگاوەرێکى مەغۆل بە ئەسپێکەوە لە لایاندا دەوەستێت و بە کابراى جووتیار دەڵێت هەر ئێستا ژنەکەت ئەتکدەکەم. دەشڵێت: مادام زەوییەکە یەکپارچە خۆڵە, دەبێت ئەو کاتەى ژنەکەت لاقەدەکەم نەهێڵیت گەڵ و گونم تۆزاوى ببن. دواى ئەوەى کابراى مەغۆل ئیشى خۆى دەکات و تێى دەتەقێنێت, جووتیارەکە دەستدەکاتە قاقالێدان و لەخۆشیدا هەڵدەبەزێتەوە. ژنەکەشى بە سەرسوڕمانەوە دەپرسێت: چۆن دەتوانیت ئاوەها هەڵپەڕیت و داپەڕیت کە جانەوەرئاسا بە بەرچاوتەوە ئەتکیانکردم؟ پیاوەکەش وەڵامدەداتەوە: بەڵام من لەوم بردەوە! جووتەى گونى بوون بە خۆڵەوە! [و نەشیزانى]». ڕەنگە لەڕووى سیاسییەوە درووست دەرنەکەوێت, بەڵام ئەم نوکتەیە ڕاستییەکى غەمبزوێنمان پیشاندەدات[...]. ئاخۆ ناتوانین هەمان شت سەبارەت بە [توانجدەرانى گەپجاڕى دژەترەمپى] وەک جۆن ستیوارت و جۆن ئۆلیڤەریش بڵێین؟ گاڵتە بە ترەمپ دەکەن؟ ناھێڵن تۆزى پێوە ببێت یان لە باشترین حاڵەتدا بۆى دەخورێنن؟

 

 

 

تێبینى: خوێنەرى بابەتەکە بە کلیک لەسەر ژمارەى ناو دەقەکە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بێتە سەر پەراوێزەکان و لەسەر پەراوێزەکانیش بە کلیکێک بچێتەوە سەر شوێنى مەبەست.                 

 

 

پەراوێز و ڕوونکردنەوەکان:


[1]. shape

[2]. ئەم وتەیەی ھیگڵم لەم سەرچاوەیەوە وەرگرتووە:

 https://www.marxists.org/reference/archive/hegel/works/ae/part2-section3.htm#c3-3-b.

 

[3]. Deconstruct, ئەم فرمانە کە بە ماناى هەڵوەشاندنەوە و ترازاندنیش دێت, ئاماژەیە بۆ هەڵوەشانەوەگەرایی(Deconstruction) کە میتۆدێکى ناو فەلسەفەى پۆستمۆدێرنە و بەتایبەتتیر ژاک دێرێدا کارى لەسەر کردووە. ژیژەک لە ئاستە سەرەتاییەکەیدا پێى وایە مادم سەردەمەکە خۆى لە هەڵوەشانەوەى بەردەوامدایە ئەوا درووشمى هەڵوەشاندنەوە خۆى کێشەدارە- و

[4]. the Good

[5]. the True

[6]. subjective humor

[7]. universal irony of the world

لەمەوە وەرمگرتووە:

https://www.marxists.org/reference/archive/hegel/works/hp/hpsocrates.htm.

[9]. social totality

[10]. comical reversal

[11] . Cunning of Reason، فيڵى عەقڵ لاى هیگڵ بەسادەیى واتە فێڵى مێژوو, مێژوو شتانێک یان کەسانێکى دیار دەکاتە دەسکەلا تاکو خۆى پێ بباتە پێشەوە و لە بزووتن نەکەوێت. لەم سیاقەدا, ئاوەژووبوونەوەى کۆمەڵێک ئایدیا ئەو ڕۆڵە بۆ مێژوو دەگێڕن- و

[12]. Identification, هاوشوناسى یان هاوشوناسبوون یاخود بەئەوبوون پرۆسەیەکى دەروونیى کۆمەڵایەتییە و کەسێک لەگەڵ پێگەى کەسێکى تردا تووشى یەکبوون و توانەوە دێت. ڕةنگە کەسێک لەگەڵ سیاسییەکى باشدا تووشى هاوشوناسى ببێت و هەوڵبدات لەو بچێت و خۆى وەک سوبێکتێک ونبکات. لەم کۆنتێکستەى سەرەوەى ژیژەکدا, هاوشوناسى لەگەڵ پێگە نەرێنییەکەى ترەمپدا ڕوودەدات و ئەمەش داهێنانێکى دەروونشیکارییە کە دەریدەخات مرۆڤ هەندێجار لەگەڵ ئایدیاڵێکى خراپدا یەکدەگرێت نەک باش, و خۆیشى ئاگاى لەمە نیە- و

[13]. Alenka Zupančič, “Back to the Future of Europe” (unpublished manuscript).

[14] . Talk show, عادەتەن بەو بەرنامانە دەوترێت کە گفتوگۆى هەڕەمەکى و بەناو ئازادیان تیا دەکرێت لەسەر بابەتى ناپسپۆڕیى جیاجیا. لاى خۆمان ئەڤین ژن و ژیان نمونەیەکى تۆکشۆیە. خەڵکە بەناو زانستى و مولحید و تەنانەت ئیسلامییەکە وزەى نوستووى بەرنامەکانى تۆکشۆن- و

 

سەرچاوەکان:

 https://thephilosophicalsalon.com/hegel-on-donal-trumps-objective-humor/#_edn5

 

http://farhangemrooz.com/news/53534/%D8%A7%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%88%DB%8C-%DA%98%DB%8C%DA%98%DA%A9-%D9%86%D8%B8%D8%B1-%D9%87%DA%AF%D9%84-%D8%AF%D8%B1%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D9%87-%D8%B7%D9%86%D8%B2-%D8%B9%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%85%D9%BE