A+    A-
(437) جار خوێندراوەتەوە

                        

                                    چەمکى « گوتار»

 

 

 

 

 

 

 

زاراوەی گوتار-discourse لەو زاراوانەیە کە لاى خوێنەوارى ئێمە زۆر بەکارهێنراوە, بەڵام مانایەکى زۆر ڕوونیشى نەبووە. دالێک بووە مەدلولێکى یەکتا و جێگیرى نەبووە, و هەرکەس بە خەیاڵى خۆى مانا و مەدلولێکى پێ بەخشیوە کە جار هەیە پێچەوانە بووە. گوتار پتر لە بوارە سیاسییەکەدا بەکارهاتووە و دواتریش بۆ ناو دین و ڕۆشنبیرى و هتد. پێدەچێت وشەکە کەم کەم جێى خۆى بۆ هەندێ وشەى تر چۆڵ بکات کە بریتیین لە «سیستەم, پارادایم, هتد»ـە. ئەویش بەو مانایەى کە وشەى گوتار پاشەکشەبکات و هەندێک جێگرەوەى ترى بۆ درووست ببن کە دیسان ناڕوون بن. بەڵام بەراورد بە کۆجیتۆ یان تێزە بەناوبانگەکەى دیکارت, وشەى گوتار هێشتا بەختێکى باشترى هەبووە و تۆزێک ماناى وەرگرتووە. بەڵام کۆجیتۆکەى دیکارت کە دەڵێت, من بیردەکەمەوە کەواتە هەم, تووشى بەدحاڵیبوونێکى بنەڕەتى هاتووە. هەر بەڕاست گوتار چیە؟

سەرەتا ێيویستە بڵيین گوتار (discourse) هەروا بەسادەیى بە ماناى وتار(مەقالە) و خیتاب(وتاردان) نایەت بۆیە کە دەوترێت گوتارێکى خوێندەوە ئەوا شتێکى درووست نیە. گوتار چەمکێکى فەلسەفییە و لە زۆر کایە و بوارى تریشدا بەکاردێت. گوتار بەتەنیا بریتى نیە لە وشە, ڕستە, چەمک, گوزارە, وتار, پەیام, قسە, وتە, وتووێژ بەتەنها- بەڵکو کۆکردنەوەى هەموو ئەمانەیە پێکەوە بۆ درووستکردنى نەخشەیەکى تایبەت کە ئامانج و ئاراستەى خۆى هەیە. گوزارەش کە پێکهێنەرێکى سەرەکیى گوتارە, «تەنیا بریتى نین لە ڕستە, چونکە دەتوانین نەخشەیەک یان وێنەیەکیش بە گوزارە دابنێین». گوزارە وتنى شتێکە, کە مەرج نیە تەنیا لەڕێگەى ڕستەوە بێت. وێنەش دەتوانێت هەم گوزارە بێت و هەم کۆمەڵێک گوزارە کە دەکاتە دەق(تێکست). ڕستەش تەنیا وتنێکى تیۆرى نیە بەڵکو کردنى شتێکیشە. بۆیە گوتار بە ماهیەتى خۆى ڕەهەندێکى پراکتیکیى هەیە. گوزارەش «هەیە لە گوزارەیەکى تر موعتەبەرترە و لە دەزگاکانى دەسەڵاتەوە نزیکترە و قووڵتر و جدیتر سەرچاوەیانگرتووە». گوزارەکان کە کۆندەبن وەک کڵێشەیان لێ دێت و کە هى تازەش دێتەبوون ئەوا ڕیزبەندیى هەندێک لە گوزارەکانى تر دەشڵەژێنن. گوتار کە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەوە, بەکارهێنانى زۆر دەبێت, وەک چەمکێک جێى خۆى دەگرێت کە ڕەهەندێکى کۆمەڵایەتیى هەیە. یان وەک دەوترێت لە زمانناسییەوە هاتە ناو کۆمەڵناسییەوە و ڕەهەندى ئاڵۆزترى وەرگرت. گوتار بە نێو زماندا دەڕوات کە دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە و ئاشکراشە زمان خۆى پێکهێنەرێکى سەرەکیى گوتارە. گوتار زۆرجار لە چەمکى سەرخانى مارکس, یان هەژموونى گرامشییەوە نزیکە؛ ئەویش بەو مانایەى کە هێز و دەسەڵاتێکى ڕەمزییە, نەرمە, بەهۆى زمان و کەشى زمانەوە ڕێساکان لەناو خەڵکدا دادەڕێژیت. لە سەرخان و ھەژمووندا، کۆمەڵێک دامودەزگا هەن کە بەشاراوەیى پانتایى کۆمەڵایەتى و زەینى خەڵک دەکەنە ئامانج و بە کۆمەڵێک گوزارەى قەناعەتپێکەر! ژیانى ڕۆژانەیان بۆ دیاریدەکەن. فۆکۆ کە ناوێکى دیارى تیۆریزەکردنى ئەم چەمکەیە, پێى وایە گوتار ڕیزێک حوکم و گوزارەیە کە درووست و نادرووست بۆ ئەوانیتر دیاریدەکات. ئەم دیاریکردنەش لەلایەن زمان و ناونانەوە دەبێت و پاشان ڕەهەندێکى مەیلەو سرووشتى وەردەگرێت و دەبێتە سایکۆلۆژیاش لاى پیادەکارانى نێو گوتارەکە. گوتار یاسا و ڕێسا و وشەسازیى تایبەت بە خۆى هەیە و بەسەر کەسى قسەکەرى ناو گوتارەکەدا دەیسەپێنێت. بۆنمونە, واى دابنێین لەدواى ڕاپەڕینەوە گوتارى (ئۆپۆزسیۆنى) پەیدابووە. ئەم گوتارە درووشم و ڕستە و گوزارە و حوکمى خۆى هەیە. یەک لە گوزارەکانى بریتییە لەوەى لە دەسەڵاتدا نەتوێیتەوە یان تایبەتییتر سەیریبکەین: ئۆپۆزسیۆن نابێت لاسایى دەسەڵات بکاتەوە. ئیتر ئەوانەى کە بڕوایان بە گوتارى ئۆپۆزسیۆنى هەیە, ئەوا بەشێکن لە کەسانى ناو ئەو گوتارە. یان لە گوتارى چەپى کلاسیکدا وشەى چینایەتى بەکارهێنانى زۆر بوو بەڵام لە پەنجاکان بەدواوە و چەپى نوێى ئەورووپییدا وشەى سیستەم زۆرتر بەرگوێدەکەوێت.

گوتار عادەتەن ئەو نەزم و چوارچێوەیەیە کە بە نێوانگریى زمان و پێکهێنەرە بچوکەکانى, شێوازى تێگەیشتنمان بۆ واقیع دیاریدەکات. ئەمە بەو مانایە نایەت کە واقیع بەرامبەرمان وەستاوە و ئێمە دەیکەینە بابەتى تێگەیشتن بەڵکو ئێمە بەهۆى گوتارەوە بەشێک لە تێگەیشتنمان بۆ واقیع دەسەپێنین. گوتار دەورى سەر و چاو و بیرکردنەوەى داوین و کەوتووەتە سەر زارمان و ئاراستەماندەکات چۆن شتەکان پێناسەبکەین. گوتار جۆرێکە لە گوشین, قاڵبدانان. فۆکۆ پێى وایە گوتار جۆرێکیشە لە توندوتیژى دەرهەق بە شتەکان, ئەمە لانیکەم بەو مانایەى کە شتەکان خۆیان لە خۆیاندا کرچوکاڵن, بۆیە ئەوە گوتارە دێت و مانایەکى پیا دەئاڵێنێت و قسەکەرى ناو گوتارەکەش قبوڵیدەکات. بۆنمونە, جگەرە لە گوتارى کۆنى سەرەتاى سەدەى بیستدا مانایەکى ئەخلاقیى خراپى هەبوو, بەڵام لە گوتارى نوێى تەندرووستیدا زیانێکى خراپى جەستەیى هەیە. گوتار دەتوانێت ڕۆڵى مادەیەک لە ئەخلاقەوە بۆ بایۆلۆژیا بگێڕێت. بەم پێیە گوتار ئەو چوارچێوە ڕەمزییەیە کە مانا بە شتەکان دەدات و ماناى نوێش درووستدەکات. گوتار وەک هێزێکى ڕاکێشان وایە کە هەوڵدەدات شتەکانى دەرەوەى خۆى بۆلاى خۆى ڕاکێشێت و مەدلولیان لێ باربکات. سنوریان بۆ دابنێت.

گوتار تێهەڵکێشێکە لەنێوان ئێمە و واقیعدا. واقیع ئەو ڕووبەرەیە کە کۆمەڵێک گوتار دەوریانداوە و ئەم گوتارانە لە ملامێندان زاڵ ببن و ببنە خاوەنى سیستەمە زاراوەییە بەکارهێنراوەکەى واقیع. لەڕواڵەتدا وادەردەکەوێت زمانى ئێمە زمانێکى بێسنوورە(با ئەو درووشمە سادانەى ئەمڕۆ بێنینەوە بیرى خۆمان کە دەڵێن هەموو شت بێ‌سنورە), بەڵام گوتار پێشوەخت سنورێکى بۆ زمان و دەربڕینمان داناوە و ئێمە وەک قسەکەرانى ناو گوتار درکمان نەکردووە. گوتار زمانە, کۆمەڵێکى بێشومار گوزارەیە, ئەم گوزارانە جاروبار ناکۆکن بەیەکترى و یەکترییش بەدرۆ دەخەنەوە بەڵام بەهۆى ئەو چوارچێوەیەوە کە گوتار دەستنیشانیکردووە ئەوا ناکۆکییەکەیان قابیلى هەرس و تێپەڕاندنە. کە دەڵێین زمان, تەنیا مەبەستمان زمان نیە وەک ئامراز, بەڵکو زمانە وەک فەزایەکى بەکۆمەڵایەتیکراویش. بۆنمونە جار هەیە ئێمە پێمان لەناو چەند گوتارێکدایە. بۆنمونە, بەر لەوەى سەر تاکسى بکەوین سڵاوێک دەکەین بەڵام لە سەرکەوتنى میترۆ و پاسدا ئەم سڵاوە نیە. ڕەنگە لە ئادابى یەکەمدا گوتارى دینى زاڵ بێت, بەڵام لە دووەمیاندا گوتارى فەردانى و لیبراڵى کە پێویستى بەو سڵاوەى ناو پاس نیە و پێدەچێت شتەکەش وەک عەیبە و نامۆیى بکەوێتەوە. فۆکۆ پێى‌وایە گوتارى پاک و مەعسووم بوونى نیە, بۆیە گوتار ئایدۆلۆژیایەکى ناواخنکراوەى هەیە و لەژێر گوزارەکانیەوە ئیشدەکات. ھەر فۆکۆ پێى‌وایە گوتار خاڵى بەرکەوتن و یەکتربڕینى دەسەڵات و زانینە. لێرەوە هەر گوتارێک خزمەت بە ئایدۆلۆژیایەک دەکات و هاوکات ئەو زانینەى بەهۆى گوتارەوە بەرهەمدێن زانینێکى بێلایەن نیە. مرۆڤەکان بەئاسانى واز لەو گوتارانە ناهێنن کە مانایان بۆ درووستدەکەن, بۆیە ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین لێرەوەیە کە فۆکۆ پێى‌وایە گوتار جۆرێکە لە سەروەت و دارایى. شتێکە قابیلى بەرگرى و داکۆکییە لاى پیادەکارانى. سەرەنجام گوتار دیوێکى نائاگایانەشى هەیە و بەشێوەیەکى تەلقینکراو دەرخواردى گوێگرەکانى دەدرێت بەبێ ئەوەى خۆیان لێى وردببنەوە. 

گوتار نەرمە پۆڵێنکردنێکى پێشوەختەیە  و تایبەتە بە مرۆڤ. تایبەتە بە مرۆڤ یانى چى؟ بۆنمونە, حەیوان لەنێو گوتارى مرۆییدا دەبێتەوە بە حەیوان و خۆى لەخۆیدا شتێکى ترە. هەتا تەنە بێگیانەکان خۆیان لە خۆیتندا شتێکن و کە دێنە نێو گوتارەوە, مانا و پێناسەى دیکە وەردەگرن بۆ ئێمە- ئەوان دەبنە ئەو شتەى کە بۆ ئێمە خۆیان دەردەخەن و بەو جۆرەش خۆیان دەردەخەن کە ئێمە پێناسەیان بەسەردا دەبڕین. بەپێى تیۆریستانى گوتار, تەنانەت بۆ ئەوەى بگەینە سەر دونیاى دەرەوە و واقیع, ئەوا سیستەمێکى مانایى لە نیگامان دەئاڵێت و بەنێو ئەو سیستەمە ماناییەدا لە واقیع تێدەگەین. ئەم سیستەمە ماناییە بریتییە لە گوتار و گوتارەکان. گوتار کۆى ئەو تێڕوانینانە لە خۆى کۆدەکاتەوە کە واقیع شتێکى تەواو دەرەکى و ئۆبێکتیڤ نیە و لەڕێگەى زمان و کاتیگۆرى و چەمک و پۆڵێنە ڕەمزییەکانەوە دەستمان پیایدا دەگات. دونیا پڕە لە شتى فیزیکى و مادى بەڵام بە فلتەرى گوتاردا تێیاندەگەین. وەک تێزێکى گشتیى تیۆرستانى گوتار دەیخەنەڕوو, گوتار ملکەچکردنى سرووشتە بۆ ناو کەلتور, بانگهێشتى سرووشت و دونیاى فیزیکە بۆ ئەوەى لە دیدى سوبێکتە مرۆییەکانەوە پێناسەبکرێن, بخرێنە ژێر حوکم, بەر نەشتەرى زمان بکەون و هتد. بەتایبەت ئەو کاتەى کە سرووشت ڕیاڵێکە-مەحاڵێکە و هێشتا داخڵى گوتار و پانتایى ڕەمزى نەبووە. ھەتا چەمکە مەعنەوییەکان بە نێوانگریى ئەو گوتارەدا دەگەنە لاى ئێمە کە تێیدا دەژین: بۆنمونە ئێش و عەشق و چاکە بە نێوانگریى گوتار ڕوودەدەن. چاکە لە گوتارێکەوە بۆ گوتارێکى تر ماناى دیکە وەردەرگرێت. بەم پێیە تیۆرى گوتار تێکڕا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەژموون شتێکى داخراو نیە, مانا هەمیشە جێگیر نیە, دونیا ڕووبەرێکى مەنگ و وەستاو نیە. یان نمونەیەکى تر: ڕووداوێکى ئۆتۆمبێل ڕوودەدات یەکەم کاردانەوەمان گوتارییە بەڕوویدا- وەڵام و دۆعا و بەهاناوەچوون و جنێوى یەکەمین بەپێى گوتارەکە خۆى دەردەخات. گوتار, ئاکارى تایبەت بە خۆیشى هەیە. ئاکارەکانى ئەبەدى نین, چونکە گوتار خۆى ئەبەدى نیە بەڵام گوتار کە ڕەقهەڵدێت ئەوا تەمەنیشى درێژدەبێتەوە. بۆ وێنە: قبوڵنەکردنى ڕەخنە لە گوتارى ڕۆشنبیریى کوردییدا لەبەر ئەوەیە کە گوزارەکانى ناو ئەم گوتارە بریتیین لە: ڕەخنە کەسەکە بێ ئیعتیباردەکات, دەیشکێنێتەوە, دەیسڕێتەوە و هتد. يان وەرگێڕ دەنوسێت لە کەموکورتییمان ببورن- بەرهەمى گوتارە و ڕەنگە لە گوتارێکى ڕۆشنبیریى تردا بوونى نەبێت. گوتار بارگاوییە بە دیوى ئوستورەیى و خورافییش, ئوستورە بەو مانایەى کە هەستدەکەین شتەکان هەر بەو جۆرەن کە هەن و قابیلى کشان و گۆڕین نین. بە دەربڕینێکى تر, هەموان بەبێ ئەوەى گۆى بکەن کەچى پێیانوایە "شتەکان بۆیە هەن چونکە لەنێو گوتاردا هەن". گوتار فشار و بچوککردنەوە و ڕێکخستن و لێدەرکردنى خۆى هەیە. گوتار دیاریى دەکات چى بڵێین و چى نەڵێین بەڵام لەمڕۆدا ژۆرنالیزم و تەکنۆلۆژیا خەریکن بەخێرایى سنورەکانى گوتار تەمومژاوى دەکەن و بەزۆر ئەو شتانە دێننە نێو گوتارى باوەوە کە نەدەبوو بگوترێن(بەرنامەگەلى وەک بێ‌سنور لەو بەرنامە زۆرانەى ئەمڕۆیە کە دەیانەوێت سنورە سرووشتى و دێرینەکانى گوتار بلەقێنن و گوزارەى خێراى ترى بۆ زیادبکەن). لە گوتارى نوێى ژۆرنالیستییدا دەوترێت: ئەمە زانیارییە, ڕا نیە. واتە زانیارى حەقیقەتە و بۆچوون شتێکى وەک مەزەنە و تەمومژاویترە. بەپێى ئەم گوتارە, بۆچوون سەر لەبنەڕەتدا بە گوتارى ڕۆشنبیریى-فەلسەفییە کە واقیع نادرکێنێت بەڵکو شتێک لەبارەى واقیعەوە دەدرکێنێت. واتە حەقیقەت لە گوتارى ژۆرنالیستییدا لەڕێگەى زانیارى و فاکتەوە خۆى دەردەخات نەک بۆچوون. بەپێى تیۆرى لاکلاو و مۆفە, حەقیقەت ئەو خاڵى داکوتانەیە کە گوزارە و چەمکەکانى گوتارى ژۆرنالیزمى بەدەوردا درووستدەبێت و شەڕى گوتارى ڕۆشنبیرى و فەلسەفیى پێ دەکات. بۆنمونە لە فەلسەفەدا حەقیقەت هەمیشە لەڕێى زانیارییەوە درووستنابێت و ڕووننابێتەوە بەڵکو شتێکى زیاترى دەوێت. حەقیقەت خۆى دالێکى خز و مەلۆکى نێوان گوتارەکانە و هەر گوتارێک لە هەڵپەدایە بیخزێنێتە نێو پۆڵێنى خۆیەوە. خاڵى داکوتان سنورى گوتارەکانیش دیاریدەکات و بەشێوەیەکى ڕێژەیى دەتوانین تخوبەکەیان جیابکەینەوە. خۆشبەختانە لەگەڵ ئەمەشدا, گوتار تەنیا نواندنەوەى جیهان نیە بەڵکو لەگەڵ نواندنەوە و دەربڕینیدا دەسکارى کردنیشێتى. سوبێکت بەهۆى گوتارەوە سوبێکتیڤیتەى خۆى درووستدەکات و گۆڕانیش بەسەر گوتاردا دێنێت.

  • نزیکترین شتى ئێمە, کە جەستە یان دەروونمانە, دیسان بەپێى گوتار ڕێکخراوە. سەیرنەبێت بەپێى گوتار دەروون شتێکە لە پەیوەندییە نێوکەسیەکاندا درووستدەبێت. هەر دەروونێک, سەربارى تاقانەییە مەنگەکەى خۆى, کەچى لەژێر ڕێساکانى گوتاردا بەخشراوەتەوە بە خاوەنەکەى و بکەرەکەى. بۆیە شێتى شتێک نیە تەنیا تێکچوونێکى بایۆلۆژى بێت, بەڵکو دەرچوون لە گوتار شێتییە وەکچۆن دەرچوون لە پانتایى کۆمەڵایەتى و ئەویترى گەورە شێتییە. دەروونى مرۆڤەکان بەردەوام بەپێى ڕیتمى گوتار ئیشدەکات, خۆشحاڵ و کەساسدەبێت, نامەکانى خۆى دەخەمڵێنێت کە بۆى دێتەوە. بەر لەوەى دەروون خۆى بۆخۆى, زبر و ناڕەحەت بێت ئەوا گوتار خۆى جۆرە توندوتیژییەکى خۆشەکراوە, نەبینراوە, پەیامدەرە. کە دەوترێت سوبێکت بۆشاییە(یان مرۆڤ نوقسانە) یان کەلێنى تیایە ئەوا بەو مانایەش دێت کە گوتار دێتو سوبێکت لەتدەکات, سوبێکت چوارچێوەیەکى داخراوى ئەمین نیە کە بەرامبەر بە گوتار و پانتایى کۆمەڵایەتى و هتد وەستابێت. ئێمەى مرۆڤ, بەپێى تیۆرەکانى سەر بە گوتار, بوونەوەرێکین لەژێر جەبرى حوکم و پێناسەکان و گوزارە بێشومارەکاندا دەرزیئاژن کراوین.  

 

 

 

    وەلید عومەر