A+    A-
(1,739) جار خوێندراوەتەوە

«میر» و هەندێک تێبینیى دەروونشیكارییانە

 

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

 

كتێبی میر(The Prince)ـی ماكیاڤیلی، لە ساڵی 1513دا دەنوسرێت بەڵام ساڵی 1532چاپدەكرێت. ناوی «ماكیاڤیلی» بیرخەرەوەی ترسە، ترس لە مرۆڤ و دەسەڵات. واتە ئەوە بە بیر خەڵك دێتەوە كە دەسەڵاتدار یان پاشا، هەمیشە لە پیلاندایە و دیوێكی تەمومژاویی هەیە. یان بەپێی وتە باوەكە، «دەسەڵاتدار چۆن هەوڵبدات باش نەبێت». ماكیاڤیلی ئەم كتێبە بۆ بنەماڵەی "مەدیچی" دەنوسێت كە ئەوكات حوكمی فلۆرانس دەكەن(فلۆرانس ناوەندی سەرمایەداریی سەرەتایی ئەوكات دەبێت و مرۆڤ ڕەگە دەروونییە خراپەكارەكەی خۆی لە پارەدا چڕدەكاتەوە). هەر خودی ئەم پێشكەشكردنە، ڕەهەندێكی دەروونی لای خوێنەر درووستدەكات و هەستدەكات بەڵگەنامەیەکى نهێنی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوكات نوسراوە. بەڵام پێموایە خاڵێكی ناسكتر هەیە و زیاتر ڕووە دەروونشیكارییەكەی ماكیاڤیلی یان ماكیاڤیلیزم دەردەخات: ماكیاڤیلی ئەو شتانە دەڵێت و دەردەبڕێت، كە نابێت بوترێن و دەرببڕدرێن. ئەمەش لەبەر ئەوەی كە ژیانی دەروونیی مرۆڤەكان لەسەر كۆمەڵێك هاوكێشەی پێكداچوو دەڕواتەڕێوە كە دەشێت ئەنجامبدرێن بەڵام نابێت بگوترێن. واتە پێویستە مرۆڤەكان بەرمەبنای كۆمەڵێك پەیمانی شاراوە بژین كە هەمووكات لەبەردەم یەكتردا تەعبیری لێ نەكەن(چ بگات بەوەی وەك ماكیاڤیلی بیكاتە دەقێکی ڕاشكاو). لێرەوە جیاوازیى سیاسەتى مۆدێرن و پێشمۆدێرن لەوێوەیە کە پەیمانە شاراوەکە دەشکێت. بەر لە مۆدێرنە سیاسەت دیسان پاک و بێ‌خوێن و فێل نەبووە, بەڵام بەڕاشکاوى دەرنەدەبڕدرا. دیارە بۆ ئەمڕۆ، كە هەزاران بابەتی نوسراو لەسەر پاراستنی دەسەڵات هەیە و باس لە ملشكاندنی ئەوانیتر دەكات، مەسەلەكە زۆر جێی سەرنج و سەرزەنشت نیە. بەڵام بۆ سەرەتاكانی مۆدێرنە و سیاسەتی مۆدێرن، كتێبەكە دابڕان بوو لە سیاسەتی فەزیڵەت و جوامێری كە لە یۆنانی كۆنەوە بەردەوام بوو. ئێمە لە كۆمەڵگادا زۆرشت دەكەین، بەبێ ئەوەی پێشوەخت بیانڵێین. بەڵام ئەو كاتەی كە وترا و هاتە ناو فەزای گشتییەوە، ئیتر جۆرێك لە ترس و توندوتیژی درووستدەكات. سەرباری ئەمەش، ماكیاڤیلی كتێبێكی نەنوسیوەتەوە كە جۆرێك بێت لە «خراپەنامە»، بەڵكو ڕەهەندێكی ڕیالیستی بە سیاسەت دەدات كە هەركات گەیشتە بنبەست یان ئامانجێكی باڵای هەبوو، سڵ لە پاشقول و زەبروزەنگ نەكاتەوە(گەرچی بەشێكیشی تایبەتە بەو سیاقەی ئەو كاتەی ئیتالیا كە پارچەپارچە بوو). تەنانەت ماكیاڤیلی، لە فەسڵی هەشتەمی (میر)دا بەشاراوەیی ئەو توندوتیژی و فێڵانە ڕەخنەدەكات كە شكۆ و فەخری ئەخلاقی بە مرۆڤ نابەخشن وەك كوشتنی هاونیشتمانیان، ناپاكی لەگەڵ هاوڕێ، خاڵیبوونەوە لە ڕەحم و سۆز و دیانەت و هتد. بۆیە تێزەكانی ماكیاڤیلی، لەڕووی دەروونییەوە، بەكارهێنانی ڕووتی دەسەڵات نیە، بەڵكو فێڵێكە لەوانیتر تاكو لەبەردەمماندا لە چەك داماڵرێن(چ باشتر كە بەبێ چەك بێت!).
لە فەسڵی حەوتیشدا، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە نابێت ئەوانیتر لەژێرەوە لێمان بترسن. چونكە دوور نیە سەرەنجام ئەم ترسە، لە ترسێكی دەروونییەوە وەرگەڕێتە سەر ترسێكی ستراتیژی و ئەوانیتر هەوڵدەن بەسەرماندا ڕاپەڕن. گەر ترسێكیش هەبێت، دەبێت لەڕێگەی هێزەوە یەكلابكرێتەوە و دۆخی بوغزاوی لە ژێردەستەكانت یان خەڵكی ئەو ناوچە تازانەدا درووستنەكەیت كە داگیرتكردوون. ڕەنگە ئەمە خاڵێكی فێركاری بێت بۆ هێزە كوردییەكان كە لە ناوچە جێناكۆكەكانن یاخود نزیك لەو ناوچانەن و مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ئەو شوێنانەدا دەكەن. گەرچی بەراورد بە سەردەمی ماكیاڤیلی، یاسای نێودەوڵەتی درووستبووە و پرسی سنور و داگیركاری جۆرێكی ترە، بەڵام هێشتا لە ئاستی گشت(كلیات)دا ماكیاڤیلی وانەی دەروونیی سەرنجڕاكێشی هەیە. تەنانەت بۆ ئەوانەشی كە خۆیان بە ڕیفۆرمیستی كۆمەڵگا دەزانن، ئەو مەترسییە لە كۆمەڵگادا هەیە كە شكست بێنن چونكە لە دەروونی مرۆڤدا بێ متمانەیی و بێ باوەڕی بە شتە تازەكان لەئارادایە و گەر كەسێك دواتر بەپراكتیكی ئەو شتانە نەسەلمێنێت ئەوا بەر قەهری كۆمەڵگا دەكەوێت. لە فەسڵی شەشدا، ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئاكامی ئەم شكستە دەكات و پێی وایە گەر چەكت نەبوو ئەوا لە پرۆسەكەدا دەدۆڕێیت. بۆیە پەیامبەرە چەكدارەكانی وەك موسا سەركەوتن و پەیامبەرە بێ چەكەكانی وەك عیساش شكستیانخوارد(ڕەنگە شکستى بزووتنەوە ڕیفۆرمیستییەکان لێرەوە بێت). چەك لە ئاستی دەروونی‌دا، تەنیا بە مانای چەك نایەت، بەڵكو بەو مانایە دێت كە «شتێكت هەیە بیكەیت و نەتكردووە»- بۆنمونە ڕەنگە بایکۆتى کاڵا لەئێستادا جۆرە چەکێکى تاقینەکراوە بێت بۆ خەڵک/دەسەڵاتى لاى ئێمە.
وەك بەشێك لە لێكۆڵەران باسیدەكەن، پاش ئەوەی یەقینی سەدەكانی ناوەڕاست ڕووی لە كزی كرد، مرۆڤ بەگشتی تووشی ڕەشبینی و ترسێكی دەروونی هات و چیتر نەیدەتوانی پشت بە میتافیزیك و سەرووی زەوی ببەستێت. لێرەوە دەبوو شتێك هەبێت گەرەنتیی دەروونی لەسەر زەوی بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێت. ئەمەش سەقامگیری و پاراستنی وڵات یان دەوڵەت بوو. سەقامگیری جۆرێكە لە فەزیڵەتی سیاسی لای ماكیاڤیلی. دەوڵەت، یان وڵات(كە تۆزێك جیاوازن)، جۆرێكە لە ئامێزی دەروونی بۆ ئەوەی تاكەكەسی دنیایی، پەنای بۆ ببات و لەو تەنهاییە سایكۆلۆژییە دەرچێت كە دنیاییبوونەوەی سیاسەت درووستیكردووە. بۆ ئەمەش پێویستت بە میرێكی بەهێزە كە ئەو ناهاوسەنگییە دەروونییەی نێوان مرۆڤەكان بەلایەكدا بخات كە خۆی لە حەسودی و خراپەكاری و شەڕەنگێزییدا دەبینێتەوە. واتە پێویستە میر، شەڕەنگێزییە پەرتەوازەكان، لە یەك دەسەڵاتی پۆڵاییندا پوختبكاتەوە. كاتێك دەوڵەت لە ئیرادەی خوداوە دەكەوێتە دەست ئیرادەی مرۆڤە خراپەكار و حەسودەكان، ئەوا پێویستە پاشایەك هەبێت بە مشتێكی پۆڵایین مرۆڤەكان یەكخات و بواری حەسادەتیان بۆ نەمێنێتەوە. وەك‌بڵێی، دەسەڵاتی ئاسنین، بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوتای چاكەیە و بۆ ڕێكخستنی خراپەكارییەكانی «مرۆڤە بودەڵەكانە». بەڵام میریش، كۆمەڵێك خەڵكی لەچواردەوردایە و هەریەك لەمانە ئیمكانی سەركەوتنیان تیایە و لە ئانی سەركەوتندا حەسادەت لای میر درووستدەكەن و سایكۆلۆژیای میر تووشی نائارامی دەبێت. بۆیە دیسان داوا لە سەركردەكان دەكات كە پاش سەركەوتنێكی ڕێژەیی فەرماندەكان، لەو پێگەیە لایانبدات كە هەیانە(كە ئەمەش بۆ دونیای مۆدێرنی ئێستا گرفتدارە و پێدەچێت تەنیا لەڕێگەی كوشتن و ئیغتیالاتەوە بڕەخسێت، گەرنا سەركەوتن لە جێیەكدا، دەبێتە هۆكار بۆ سەركەوتن لە جێیەكی تریشدا و بە میدیاكانی مۆدێرنەدا بڵاودەبێتەوە).

دیارە دەروونشیكاری باسی ئەوەش دەكات كە دەروون شتێك نیە پەیوەندیی بە كۆمەڵگا و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە نەبێت(ماکیاڤیلى وەک تاکەکەس, هەڵگرى هەمان دەروون نەبووە کە بۆچوونەکانى هەڵیگرتووە. بگرە, وەک باسیش دەکرێت, کەسێکى نەرم و شیعرى بووە). بەپێچەوانەی دەروونناسییەوە، دەروونشیكاری دەروون دەخاتە ناو كۆنتێكستی كۆمەڵایەتییەوە. بۆیە سەرباری ئەوەی كە دەروون پێدراوێكی كۆمەڵایەتییشە، كەچی مرۆڤ تا ئەم چركەیەش نەیتوانیوە خۆی لە حەسودی و گرژییە دەروونییەكانی دەسەڵات ڕزگاربكات. دەروون چەندە عەقڵانییە و بەسیستەم دەكرێت، هێندەش ناعەقڵانییە و لە پرۆسەی دەسەڵاتدا ئاڵۆزتر ئیشدەكات. ئەویش لە ناوچەیەكی وەك خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كە پڕە لە سەركووتی مێژووییانەی دەروونی و گرێی دەروونیی ناو مێژوو كە لە خێڵ و حیزب و بنەماڵەكاندا ڕەنگیداوەتەوە. ڕەنگە وانەى ماكیاڤیلی لە كتێبی (میر)یشدا هەر ئەوە بێت كە: چۆن بتوانین ئەم دەروونە دەستەجەمعییە ناعەقڵانییە جڵەوبكەین و ئەوانیتر قەدری خۆمان و هەنگاوە سیاسییەكانمان بزانن(چونكە بێمنەتی و بەدكاریی ناو مرۆڤ، زۆرجار ڕێ لەم قەدرزانییە دەگرێت).

حەسودى, سەر بە دەروونى تاکەکەسە بەڵام دەشکرێت کۆمەڵایەتى ببێتەوە و لە تۆڕێک پەیوەندییدا فرمانەکەى بگۆڕێت. تاک بەپێى دۆخەکان حەسودە, بەڵام دەشکرێت باس لە پەیوەندیى میر و حەسودى یان سیاسەت و حەسودى بکرێتەوە. حەسودى لەڕووى دەروونشیکارییەوە پێناسەیەکى ئەبستراکتى هەیە. وەهمى ترانسێندێنتاڵى ئارەزوو. واتە ئارەزووکردن وەهمێکى باڵاى نەبڕاوەى هەیە بۆ گەیشتن بە شتێک, بەڵام لەبنەڕەتدا خودى شتەکە مەبەست نیە بەڵکو نیگاى ئەویتر مەبەستە. هیچ شتێک لەخۆیدا بەبێ نیگاى ئەویتر و ئەوانیتر نرخێکى نیە. ماکیاڤیلى خۆى پێى وایە مرۆڤەکان بە سرووشت و فیترەتى خۆیان حەسودن, و پتر ڕووەو سەرزەنشتن تا ستایش: هەر بۆیەشە دانانى ڕێساى نوێ و سیستەمى سیاسیى نوێ لە ڕوانگەى ئەوەوە هێندەى کەشفکردنى دەریا و هەرێمى نوێ ترسناک و نادیار و نەناسراوە. لەمڕۆشدا ئەمە ئاسانتر دەسەلمێت: هەر بەدیلێکى سیاسى, بەر خیانەت و کرم و جیابوونەوە ناوخۆییەکانى خۆى دەکەوێت و لە چاوپۆشى و فەزیلەت خاڵیبووەتەوە. پێموایە ئەوەى لە سیاسەتى نوێدا پێى دەوترێت ئینشیقاق, لە بنەڕەتدا هەمان پێناسەکەى حەسودییە: وەهمى ترانسێندێنتاڵى ئارەزوو.

میرەکەى ماکیاڤیلى خراپەدەکات لەپێناوى چاکەدا. ئەمڕۆ دواسنورى ئەم شتە لە چەمکى “بەرژەوەندى”دا دەبینینەوە. بەرژەوەندى ئەو ئادیاڵەیە کە سیاسییەک هەموو ئامرازێکى خراپ دەگرێتەبەر تا بە ئامانج بگات. سیاسەتیش بەراورد بە ناخ و دەروونى مرۆڤ, دەرەکیتر و ئاڵۆزترە و ناتوانیت هەر ڕێسایەکى سیاسى یەکسانبکەیتەوە بە ڕەچاوێکى دەروونى. زەقبوونەوەى ماکیاڤیلى وەک فیگەرێکى خراپەکار, پەیوەندیى بەو مێژووەوە هەیە کە پاش خۆى بەسەریدا تێپەڕیوە. بمانەوێت یان نا, هەر دیاردەیەک کتومت وەک سەردەمى خۆى نامێنێتەوە و زیادەیەکى تەمومژاوى دەچێتە سەرى. ناکرێت پاش زنجیرەیەک شەڕى جیهانى و ناوخۆیى و کۆمەڵکوژى و گزى و فزى, ماکیاڤیلى وەک فیگەرێک بمێنێتەوە کە بەئینسافەوە هەڵسەنگێنرێت- مێژوو لەڕێگەى چەمکى ڕیترۆئەکتیڤەوە داوەرییەکان وەک خۆى ناگەیەنێت.