A+    A-
(1,235) جار خوێندراوەتەوە

پاراستنی بیرە نەوتییەکانی کورد؛ نیۆ-ميرکانتيلیزم  یا کۆیلایەتیی کلاسیک

 

 

 

پژمان ئیبراهیمی

 

 

 

مێرکانتیلیزم یان مەکتەبی سەوداگەری لەراستیدا فەلسەفەیەکی فەرهەنگی-ئێکۆنۆمیکێک بوو کە تیۆریگەلێکی لەسەر چۆنیەتی بازرگانیی نێودەوڵەتی پێشکەشکرد. ئەم بۆچوونە سەرچاوەکانی زێڕ و زیوی وەک بنەماکانی سەروەتی نەتەوەیی و فاکتی چارەنووسساز لە دان و ستاندنەکانی دەرەکی وڵاتان دەزانی و بنەمای ئابووی کۆلۆنیالیستی وڵاتانی ئەورووپایی بوو. بە پێی ئەم تیۆرییە دۆخێکی خوازیار و باشی وڵاتێک لە سۆنگەی بازەرگانی دەرەکی دەستەبەردەکرا کە لە ئەنجامدا ئەو وڵاتە دەیتوانی هەناردەکردن بباتە سەرەوە و هاوەردەکردنی کالا کەم بکاتەوە تا بتوانێت هاوسەنگی بازەرگانی لەو وڵاتە لە ڕێڕەوێکی پۆزەتیڤدا ئاراستە بکات کە ئابووری ئەو وڵاتانە گەشە بکات و پەرە بستێنێت. بە زاراوەیەکی دیکە مێرکانتالیستەکان پێیان وابوو بە زیاد بوونی ڕێژەی زێڕ لە وڵاتێکدا، سەروەتی ئەو وڵاتە گەشە دەکات. گرینگترین بنەمای ئابووری مێرکانتیلیزم بریتی بوو لە: تێکەڵ کردنی ناوەندەکانی هێزە ناوچەییەکانی سەردەمی فیۆداڵی لە ڕێگەی دەوڵەت-نەتەوە گەورەکانەوە و داگیرکردنی سەرمایە فەرهەنگی و ئابوورییەکانیان، درووست کردنی کۆلۆنیاگەلێک لە دەرەوەی ئەورووپا، گەشەی بازەرگانی و پیشەسازی لەم کیشوەرەدا لە قیاس لەگەڵ جووتیارییەکەیان، پەرەدان و گەورەکردنی بەکار هێنانی پارەی ئاسنی (فلزی) بە تایبەت زێڕ و زیو و جێگۆڕکێکردنی لەگەڵ گۆڕینەوەی دەستاودەستی باو.

زورینەی سیاسەتە مێرکانتیلیستییەکان دەرەنجامی سرووشتی پێوەندیی نێوان دەوڵەت-نەتەوەکان لەگەڵ گرووپە تاجرکانی ناوخۆ و دەرەوە بوو. ئەم گرووپە بازەرگان و و تاجرانە لە بری پێدانی خەراج (ماڵیات) بۆ پشتیوانی لە ئەرتەشی دەوڵەت-نەتەوەکان، حکومەتەکانیان ناچاردەکرد کە سیاسەتگەلێک پەیڕەو بکەن کە لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەکییاندا پارێزەری بەرژەوەندییە بازەرگانییەکانی ئەوان بێت. بە زاراوەیەکی دیکە بازەرگانەکان هانی حکومەتەکانیان دەدا بۆ داگیرکاری ناوچەکان و لە ڕێگەی پێدانی باج بە دەوڵەتەکان، ئەوانیان لە خزمەت بەژوەندییە ئابوورییەکانیان دەکڕی و بەکاریان دەهێنان. لە سەردەمی مێرکانتیلیدا هات و چوو گرینگییەکی زوری هەبوو. هاوکات لەگەڵ پەرەسەندی مەودای کلۆنیاکان، کۆنترۆڵی ئۆقیانووسەکان ڕۆڵێکی گەوهەری دەگێڕا لە پاراستنی هێزی نەتەوەیی (دەوڵەت-نەتەوەکان) دا. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا کەشتیسازیی پیشەیەکی یەکجار گرینگ بوو و بەهایەکی زوری پێ درابوو

لە سەرەتای سەدەی شانزدە لە ئەورووپا تا ناوەڕاستی سەدەی هەژدە سیاسەتێکی ئابوری باڵی بەسەر هەموو ئەورووپادا گرتبوو. سیاسەتێک کە بنەما سەرەکییەکەی لەسەر سیاسەتی کۆلۆنیالیستی وڵاتانی ئەورووپایی و لە پێوەندی لەگەڵ تاڵانکردنی ئاڵتوون (زێڕ) وەک پڕبەهاترین کەرەستەى سەردەم پەیڕەودەکرا. ئەم شێوازە لە سیاسەتی ئابوری هاوکات وەک یەکێک لە شادەمارەکانی ئابوریی سەرمایەداری لەقەڵەم دەدرێت و بەردی بناغەی سیستەمی سەرمایەداریی پیشەیی (سەنعەتی) هەژمار دەکرێت. مێرکانتیلیستەکان(mercantilist) دەستپێشخەری کێبڕکێی سیاسەتی داگیرکەرانە بوون و ئامادەبوون لەپێناو دەستکەوتێکی زیاتر شەڕ لەگەڵ هەموو لایەک بکەن و ئەمە ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ جەنگی نێوان وڵاتانی ئەورووپایی لەو چاخەدا. یەکێک لە بەرجەستەترین پێناسەکانی سیاسەتی مێرکانتیلیستی ئەوە بوو کە سەرچاوە خاوەکانیان لە وڵاتانی داگیرکراو تاڵاندەکرد و لە وڵاتی خۆیان دەیانکرد بە بەرهەمێکی ئامادەکراو و دەیانفرۆشتەوە بەو وڵاتانەی خاوەن هەمان سەرچاوەی خاو بوون. هاوکات ئیزنیان بە هاوردەکردنی کالای ئامادەکراو نەدەدا بۆ وڵاتەکەیان لەبەر ئەوەی بێکاری بەدوای خۆیدا دەهێنا و بە پێچەوانە بە هاوردەکردنی سەرچاوە خاوەکان، هەلی کاریان بۆ کرێکارانی ناوخۆیی دەکردەوە و لەگەڵ بەهێز بوونی کەرتی ئابوریی پیشەسازی، قەیرانی ئابوریی وڵاتەکانیانیان چارەسەردەکرد.

پێناسە کردنی مێرکانتیلیزم(mercantilism) وەک مودێلێکی ئابوری مژاری باسەکەی ئێمە نییە و ئەم سەرەتایەش بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر بوو و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەسپێرین بە خوێنەری هێژا لەمەڕ ئەو بابەتە. ئەم بازنەیە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیک ساڵانێکی زۆرە خۆی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا سەپاندووە و هەر ئەمەش بوەتە هۆی لاوازیی کۆمەڵگای کوردی لە بواری ئابوری و چۆکدادانی کوردەکان لە بەرامبەر چین-نەتەوەی باڵادەست لە وڵاتەکەیاندا. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان سەرچاوە خاوەکانی کوردستان تاڵاندەکەن و دەیکەن بە بەرهەمی ئامادەکراو و دیسان دەینێرنەوە بۆ بازاڕەکانی کوردستان کە بێکاری، گرێدانی (پاشکۆیەتى) ئابوری و خەساندنی بەرهەمی خۆماڵی بەدوای خۆیدا دێنێت. ئەم شێوازە لە سیاسەتی داگیرکاریی کلاسیک بە چەشنێک پەرەیسەندووە کە بەشێک لە کوردستان (باشوور) کە نزیک بە سێ دەیەیە هەلەکانی گەشەکردنی تێدا ڕەخساوە، لەبەر نەبوونی زانستی ئابووری و خوێندنەوەیەکی نادرووست لەمەڕ چۆنیەتیی رزگاری و سەربەخۆیی ئابوری کە رزگاری و سەربەخۆیی سیاسی و جڤاکیش بەدوای خۆیدا دێنێت، نەک نەیتوانیوە بەرەنگاری سیاسەتی مێرکانتالیستیی کلاسیک ببێتەوە، وەک کۆیلەیەکی کلاسیک خۆی سپاردووەتە ئەو سیاسەتە و کۆمەڵگایەکی بەرخۆر و مەسرەفیی بەرهەمهێناوە. ئەم خۆبەدەستەوەدانەی دەسەڵاتی کوردی تەنیا لە باشوور نییە و ڕۆژاوای کوردستانیش سەرەڕای ئەو هەلە زێڕینەی بۆی ڕەخساوە لە هەمان بازنەی کۆیلایەتیی کلاسیکدا سیاسەتی ئابوریی خۆی پەیڕەودەکات کە بنەماکەی کەرتی نەوتە! ئەو نەوتەی لە وڵاتانی دیکە جیهان خاڵی بەهێز و پێشکەوتنیانە و لە وڵاتی ئێمە خاڵی لاواز و هۆکاری شەرعیەتدان بە داگیرکاری وڵاتەکەمان. دۆناڵد ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا لەسەر رۆژاوا باس لەوە دەکات کە ئەوان هەموو سەربازەکانیان ئەکێشنەوە بێجگە لەو شوێنانەی بیری نەوتی لێیە، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لێ بکەن کە ئێران و سوریا دەستی بەسەردا نەگرن، ئەم لێدوانەی ترامپ سیگناڵێکی گشتییە لەمەڕ سیاسەتی ئەمپریالیستی نوێی ئەمریکا کە ترامپ مشکی پشکنینەکەیەتی. جێگەی ئاماژەیە کە زۆرترین بیری نەوتی سوریە لە ناوچەی رۆژاوای کوردستانە کە بەگوێرەی ئامارەکان لە سەدا حەفتای کۆی بیرە نەوتییەکانی سوریە لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەوەی ناڕوونە کورد نەیتوانیوە ئەم سامانە و هەروەها کارتەکانی دیکەی لە گەمە سیاسییەکانی رۆژدا بەکار بێنێت، سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی بونیادنانی سیستەمێکی نوێ دەکەین لە ناوچەکەدا، لە کاتێدا خاوەنی زانستی مودێلەکەش نیین!

لە سەد ساڵی ڕابردوودا نولیبرالیزم ڕۆلی مێرکانتیلیزمی لە سیاسەتی ئابوری سیستەمی سەرمایە پڕ کردووەتەوە و سیاسەتە ئابورییەکانی جیهان لە گۆڕانکاریگەلێکی خێرا خۆیان وێنادەکەن کە دەرگای لەبەر سەرهڵدانی نیولیبرالیزمگەلێکی ناوچەیی کردووەتەوە کە وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە سەرپەرشتی ئەو ڕەوتە نوێیە لە جیهانبینیی سەرمایە دەکەن. ئامریکا، یەکێتیی ئەورووپا، ڕووسیا و چین و لە ئایندەیەکی نزیکدا هێند ئەو جەمسەرە ئابورییانەن کە جیهانی سەرمایەیان قۆرخکردووە و بەو پێیە بەدوای کۆلۆنیای نوێ و پاراستنی دەستکەوتەکانیان لە کۆلۆنیاکانی پێشوویان دەگەڕێن تا بتوانن نیوئیمپریالیزمێکی مودێڕنتر لەوەی هەیە پیادە بکەن. خەزانی عەرەبی کە بە هەڵە بە بەهاری عەرەبی ناوزەد دەکرێت، کودەتای نێولیبرالیزمی ئەمریکی بوو بەسەر ئەورووپیدا. دوای شەڕی یەکی جیهانی و بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەورووپییەکان پشکی شێریان بەرکەوت و توانیان زورترین دەستکەوتیان هەبێت لە ناوچەکەدا و هەر ئەو هۆیەش بوو کوردستانی کرد بە چوار بەش، بەڵام پاش جەنگی دووی جیهانی ئەوە ئەمریکییەکان بوون کە زاڵ بوون بەسەر دونیادا و توانیان لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوەندگەلێکی سیاسی-ئابوری هەژموونی خۆیان بەسەر جیهاندا مسۆگەربکەن. سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، بانکی جیهانی و ڕێکخراوەی بازرگانیی جیهانی لە کۆنفرانسی بێرتۆن وودز و ڕێکراوەی نەتەوە (دەوڵەتە) یەکگرتووەکان کە لە هەمان ساڵ دامەزرا ئەو ناوەندانە بوون کە هەژموونی ئەمریکایان بەسەر دونیادا مسۆگەرکرد. لە هەموو ئەو ناوەندانەی دامەزران ئامریکا و پاشان ئەورووپا حەقی ڤیتۆیان هەیە و بڕیاردەری کۆتایی بڕیارەکانن کە دیارە دوو هۆکاری سەرەکی بووە هۆی ئەوەی ئامریکا قبوڵبکات ئەورووپاش خاوەن دەسەڵاتی باڵا بێت: یەکیان بوونی هێزێکی گەورەی وەک یەکێتیی سوڤییەت و ئەوەی دیکەش خاوەن هەژموون بوونی ئەورووپا لە بەشێکی زور لە ناوچە داگیرکراوەکان. ئەم ڕێککەوتنە ستراتێژیکییەی ئەرووپا و ئەمریکا کە بۆ پاراستنی هەژموونی نەژادی سپی ئەنجامدرا، وادەردەکەوێت کە وادەکەی بەرەو تەواوبوون بچێت. لەڕاستیدا سیاسەتی ئابوریی جیهان پاش ئەو قوناغانە لە شەڕ بنیاتنراوە و دەنرێت کە لەلایەن دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستەوە بۆ قۆرخکردنی جیهانی سەرمایە و لەو سۆنگەیەوە زاڵبوونی هەژموونیان بەسەر کۆمەڵگای جیهانیدا دیزاینێکی نوێ دەبەخشن بەو ناوچانەی وەبەر شاڵاوی تاڵان کەوتوون یا دەکەون .

ئەو ململانێیەی ئەمڕۆی دنیای سەرمایەداری نیولیبراڵ کە دابەشیکردوون بەسەر چەند جەمسەرێکی سەرەکییدا، خەریکە لە شەڕی سێیەمی جیهانیدا پێ دەنێتە قوناغێکی نوێیەوە کە دەتوانین بە نیو-مێرکانتيلیزم ناوی لێ بنێین. لەم قوناغە نوێیە کە دیارە ستارتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەدرێت، کۆلۆنیالیستەکان نەک هەموو سەرچاوەی سرووشتی، کەلتور و خاک کە تەنیا سەرچاوە سرووشتییەکان دەکەنە ئامانج و بەو پێیە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی خۆیان دەستنیشاندەکەن. هۆکار زورن بۆ ئەوەی پێشبینییەکی وەها بکەن بەڵام یەکێک لە سەرەکیترین هۆەکان ڕەنگە نەگونجان و تەسلیمنەبوونی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێت لە بەرامبەر سیاسەتی داگیرکاریی فەرهەنگی و جوگرافی ئەوانەوە. ئەمریکا بە داگیرکردنی ئەفغانستان و پاشان عێراق ئەو راستییەی بۆ سەلمێندراوە کە ناتوانێت ئەو تەراتێنەی بکات کە لە لاتین ئەمەریکا (بۆنمونە) دەیکات. لە لایەکی دیکەوە ئەو سێ قوتبە بەهێزە ئابوورییەکە کلکیان بەدەستی ئامریکاوەیە بەهۆی ئەندامبوون یا خود وابەستەبوونیان بەو ناوەندانە ئەمریکییانەی دووای شەڕی دووی جیهانی سازێندراونی، مەجبوورن بە پەیرەویکردن لە سیاسەتی وان وەک مودێلێکی نوێی کلۆنیالیسم لە ناوچە بێ دەسەڵاتەکانی جیهان.

لێرەدا ڕۆلی نەتەوە بندەستەکان یەکجار گرینگ دەبێت لە سەرخستنی پرۆژەکانی ئەمپریالیستەکان یا شکست خواردنیان. لێرەدا بە گێڕانەوەی چیرۆکێک لە سەردەمی مێرکانتیلیزم مەبەستەکەم ڕوونتردەکەمەوە: ئیسپانیا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی بناغەداڕێژەری کۆلۆنیالیزمی ئەرووپایی بوو بەدوای زێڕدا ڕوویکردە لاتین ئامریکا و لە پیرۆ-وە سەری دەرهێنا. لەگەڵ گەیشتنی هێزێکی کەمی ئیسپانییەکان بۆ پیرۆ، خەڵکی ئەوێ کە خاوەن شارستانییەتێک و سیستەمی حوکمڕانیی خۆیان بوون ڕووبەڕووی هێزی ئیسپانی دەبنەوە. ئەورووپییەکان قەشە بە نوێنەرایەتیی خۆیان دەنێرن بۆلای پاشای پیرۆ و داوای لێدەکەن شایەتومان بە دینی عیسا بێنێت و ببێتە مەسیحی، ئەویش کە لاتین نازانێت سەیرێکی کتێبەکە دەکات و فڕێی دەدات. قەشەکە کە زور تووڕەیە لە بێڕێزیکردنی پاشای "بەڕبەڕەکان" دەستووری هێرش دەدات. بە هەر فرت و فێڵێک بێت ئیسپانییەکان دەتوانن پاشا دەستبەسەربکەن کە هاوکات خودای سوورپێستە پیرۆییەکانە ؛ داوادەکەن ئاڵتوونیان بۆ بهێنن تا پاشاکەیان تەسلیم بکەنەوە، ئەوانیش هەموو زێڕی ئەو ناوچەیە کۆدەکەنەوە و دەیدەن بە ئیسپانییەکان کە پاشاکەیان نەکوژن و بیاندەنەوە. دووای ئەوەی زێڕەکانیان گرت، پاشاکەشیان کوشتن و هەڵاتن و لەبەر ئەوەی خاوەن کەشتی و قایەقی باش بوون، پیرۆییەکان دەستیان پێڕا نەگەیشت و بە کوردییەکەی هەم دنیایان چوو و هەم دونیایان!

ئەم چیرۆکە ئەتوانێت دەقاودەق بۆ رۆژی ئیمرۆی ئێمە ڕووبداتەوە گەر ئێمە خۆمان بسپێرینە دەستی ئیمپریالیزم بۆ پاراستنی بیرە نەوتییەکانمان تا بەڵکوو لەو تاڵانەی دەیکەن بەشێکیشی وەربەر ئێمە بکەوێت! کە لە کۆتاییدا نەوتەکەمان ببەن و پاشان بمانهاوێنە بەردەم گورگ و چەقەڵەکان هەڵماندڕن و لە میدییاکانیان شینی "مافی مروڤمان" بۆ بگێڕن. ئەم تابلۆە ناشیرینەی ئێستاکە دەبیندرێت ژیانەوەی مێرکانتیلیسم و کۆیلایەتی کلاسیکمان پێشان دەدەنەوە کە پاشماوەیەکی کوشندە و مەترسیداری بەدوواوە دەهێنێت. بۆیە خەڵکی کورد و سەرجەم گەلانی بندەست مەحکوومن بە دۆزینەوەی مێتۆدی نوێی گەمە لە دەرەوەی بازنەی گەمە سیاسییەکانی ئەوانەوە کە لە ناوەندە هزرییەکانی بازاڕ و بە پێی هەمان مێنتاڵیتە دێتە دەرەوە کە هیچ جێگە متمانە نین و هەر ئان و سات ئەگەر فرۆشتنمان لە پێناو دەستکەوتێکی باشتردا لە ئارادایە.